۱۴۰۰/۱۰/۱۲


کتێب: زەردە قاقا
مژار: چیرۆک
نووسەر : مراد ئۆزیاشار
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار
 

کۆمەڵە چیرۆکی زەردە قاقا (٢٠١٥، وەشانێن دۆغان کیتاب) دووهەم کتێبی نووسەری کورد مراد ئۆزیاشارە کە ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی نێونەتەوەیی باڵکانیکای پێ بەخشراوە و تا ئێستا وەرگێڕدراوەتە سەر زیاتر لە پێنج زمان. ئۆزیاشار هەر بە یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی سرنجی ڕەخنەگرانی ئەدەبیات و خوێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بە وەرگرتنی خەڵاتە بەناوبانگەکانی هالدون تانەر و یوونس نادی چووەتە ڕیزی نووسەرە بەبڕشت و خاوەن بەهرەکان.
چیرۆکەکانی مراد ئۆزیاشار، ڕاکێشی نێو ژینگە و فەزایەکمان دەکەن کە ئەدەبیات بە گشتی تا ئێستا کەمتر پڕژاوەتە سەری. یەکە بە یەکەی ڕستەکانی دەمانبەنە دیاربەکر، زێدی نووسەر خۆی. دیاربەکری بریندار، ماندوو و پڕ لە تراژیدیا، دیاربەکرێک کە سەرەڕای ئەمانەش خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە و ژیان تێیدا جمەی دێ.

مراد ئۆزیاشار

مراد ئۆزیاشار ساڵی ١٩٧٩ لە دیاربەکر لەدایک بووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیدا کە وەبەر خوێندن نراوە، فێری زمانی تورکی بووە. لە زانکۆی دیجلە بەشی زمان و وێژەی تورکی خوێندووە. تا ئێستا سێ کۆمەڵە چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە و سەلماندوویەتی کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە تواناکانی وێژەی هاوچەرخیی تورکیا. چیرۆکەکانی لە گۆڤارە بەناوبانگەکانی تورکیا و باکووری کوردستان، بە هەر دوو زمانی کوردی و تورکی بڵاو بوونەتەوە. یەکەم کتێبی بەناوی لێدانی ئاوێنە، ساڵی ٢٠٠٨ خەڵاتی چیرۆکیی هالدون تانەر و ساڵی ٢٠٠٩ خەڵاتی چیرۆکی یونس نادی وەرگرتووە. کۆمەڵە چیرۆکی زەردە قاقای ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی نێونەتەوەیی بالکانیکای بۆ ئەدەبیات پێ بەخشراوە.

۱۴۰۰/۰۸/۱۶

لالەنگیی پەرجووئاسا



لالەنگیی پەرجووئاسا
مژار: ڕۆمان
نووسەر : ئاسلی ئەردۆغان
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار

لالەنگییەکی پیر و ناحەز دەڕواتە لای سۆزانییەکی شۆخ و دڵڕەق بۆ ئەوەی بە پێدانی پارە شەوێکی خۆش ڕابوێرێ.

بەرەبەری بەیانی، ژنە گەنجەکە کە دەبینێ پیرەمێردەکە لە خەوێکی قووڵ ڕۆچووە، هەلەکە دەقۆزێتەوە و دۆستە تاڵانکەرەکانی بانگ دەکا. لالەنگی بەرەنگاریان دەبێتەوە و دەست دەکاتەوە. ڕێگرەکان بە ئاسانی لە گۆشەیەکی دەپەستێون. بەڵام تیژترین چەقۆ و ببڕترین خەنجەرەکانیش هیچ شوێنەوارێک لەسەر لالەنگی دانانێن.

لالەنگیی پەرجووئاسا دووهەم کتێبی ژنە نووسەری تورک ئاسلی ئەردۆغانە کە ساڵی ١٩٩٦ بڵاو کراوەتەوە. کتێبەکە دەستبەجێ لە سوید دەنگی داوتەوە و لەگەڵ سێ کتێبی دیکەدا کەوتووەتە ڕیزی باشترین کتێبەکانی ساڵەوە. 

نووسەر لەم کتێبەدا بەسەرهاتی ژنە گەنجێکی تورک لە غەریبایەتی دەگێڕێتەوە کە لە کۆڵانە بەرتەسکەکانی ژنێڤ و لەو شوێنانەی ناوبانگیان بە خراو دەرچووە، وێڵ و عەوداڵ دەگەڕێ. لەوەتەی دڵدارەکەی ڕۆیشتووە، شەوانە لە قاوەخانەکان مل لە نووسین دەنێ و بیر لە ساڵانی لە کیسچووی لاوێتیی دەکاتەوە.

گفتوگۆی بن شووراکان شه‌ڕێک هه‌رگیز کۆتایی نایه‌ت



رەوەز جەبار

یه‌کێک له‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ نێو ئه‌و بارە ناخۆشەی تورکیادا داوای تورکیایه‌ک ده‌کات کورد و تورک وه‌ک هاووڵاتی پله‌ یه‌ک سه‌یر بکرێن، ئۆیا بایداره‌. ئه‌و خانمه‌ رۆماننووسه‌ تورکه‌ له‌ رۆمانه‌کانیدا په‌نجه‌ ده‌خاته‌ سه‌ر برینه‌کانی تورکیا. تازه‌ترین رۆمانی ئۆیا بایدار، رۆمانی گفتوگۆی بن شووراکانه‌. ئه‌م رۆمانه‌ سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی وه‌ریگێڕاوه‌ بۆ کوردی و له‌ بڵاوکراوه‌کانی وه‌شانخانه‌ی مادیاره‌ له‌ سنه‌. له‌ دوو توێی 183 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوبۆته‌وه‌. رۆمانه‌که‌ چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ له‌ خه‌م و مه‌راق و شه‌ڕ ده‌گێڕێته‌وه‌. تورکیایه‌ک که‌ هه‌میشه‌ پڕه‌ له‌ شه‌ڕ و ململانێ. شه‌ڕێک له‌ دوای روخانی ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانی و له‌ سه‌ره‌تای دروستبوونی کۆماره‌که‌ی ئه‌تاتورکه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئه‌م رۆمانه‌ چیرۆکی چالاکوانێکی تورکه‌ له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی خه‌نده‌قدا ده‌چێته‌ شاری ئامه‌د. له‌وێ هه‌وڵ ده‌دات به‌ دروشمی گرنگ ژیانه‌ به‌ر به‌و شه‌ڕه‌ ماڵوێرانکه‌ره‌ بگرێت. که‌ بووه‌ته‌ هۆی جه‌رگ سووتانی دایکان و بێوه‌ژن بوونی چه‌ندین ژن… هه‌ر وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا ئه‌و دیمه‌نانه‌ ده‌بینین که‌ چۆن دایکانی جه‌رگ سووتاو داوای ته‌رمی کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن. له‌ژێر شووراکان و به‌رامبه‌ر به‌ «سوور» که‌ ناوچه‌یه‌کی کوردنشینی ئامه‌ده‌ و زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی کوردی عه‌له‌وی و مه‌سیحین، ئه‌و چالاکوانه‌ له‌گه‌ڵ کوردێکدا ده‌که‌وێته‌ گفتوگۆی چه‌مکه‌کانی نه‌ته‌وه‌، ئازادی، شه‌ڕ، زمان، مه‌رگ، ویژدان… لێره‌وه‌ بابه‌تی سه‌ره‌کی ده‌بێت به‌ پرسی کوردستانی باکوور و مه‌سه‌له‌ی شوناس و مافی که‌مینه‌. شوێن له‌م رۆمانه‌دا ناوچه‌ی سووره‌ له‌ ئامه‌د. سوور، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی دڵی دیاربه‌کری کۆنه‌ و بناغه‌ی شاره‌که‌یه‌ و شوێنێکی که‌ونارایه‌. به‌ گشتی فه‌زای رۆمانه‌که‌ چیرۆکی تورکیایه‌کی پڕ کێشه‌ و شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌. نووسه‌ر له‌ رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سایه‌تییه‌وه‌ باسی ژیانی سه‌ختی تورکیا ده‌کات. ره‌خنه‌ له‌ ده‌سته‌ڵات ده‌گرێت، که‌ بۆچی بارودۆخی کورد له‌ تورکیادا ئاوا سه‌خت و دژواره‌. چیرۆکی شوناس و مه‌سه‌له‌ی کورد بوون و تورک بوونه‌. چیرۆکی شه‌ڕی نیو خه‌نده‌قه‌کانه‌.

وه‌ختێ تورکه‌کان ئاماده‌ نین ماف بده‌ن به‌ کورد، کوردیش ناچاره‌ چه‌ک هه‌ڵبگرێ و داوای مافی خۆی بکات. وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا هاتووه‌ تورکه‌کان ده‌ڵێن کوردی باش کوردی مردووه‌. ئه‌م رسته‌یه‌ زیاتر له‌ هه‌شتا ساڵه‌ وای کردووه‌ ئه‌و وڵاته‌ نه‌حه‌سێته‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌ شه‌ڕدابێ. چون کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک نایه‌وێت وه‌ک مردوو سه‌یر بکرێ و مافه‌کانی خۆی ده‌وێت. به‌شی زۆری ئه‌م رۆمانه‌ گفتوگۆی ئه‌و دوانه‌یه‌ و که‌متر په‌رژاوه‌ته‌ سه‌ر وێنه‌ و دیمه‌نی شوێن و که‌سه‌کان. زیاتر دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌یه‌. وه‌ک له‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌ به‌ ژیانی که‌سایه‌تییه‌کاندا رۆبچێ. به‌ گشتی له‌ رێگای دیالۆگی ئه‌و دوو که‌سه‌وه‌ ده‌چێته‌ نێو مێژووی خوێناوی تورکیاوه‌ و باسی کوشتاری ئه‌رمه‌ن و دێرسیم ده‌کات. وه‌ک له‌ رۆمانه‌که‌دا هاتووه‌: ئێستا له‌ سوور، له‌ جیزره‌، له‌ سلۆپی، له‌ هه‌زه‌خ و گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژاره‌کانی نووسه‌یبین، له‌و دیو خه‌نده‌قه‌ و مه‌ته‌رێزه‌کان، منداڵه‌ به‌رد هاوێژه‌کان کۆمه‌ڵێک ئامانجیان هه‌یه‌ که‌ له‌ یاخیبوون ئه‌ولاتر ده‌چێ: ئه‌وان داوای مافه‌کانی خۆیان و ئه‌و خاکانه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌ڵێنیان پێ درابوو. ئه‌وان بۆ که‌سانی تر شه‌ڕ ناکه‌ن، ئه‌و شه‌ڕه‌ی ده‌یکه‌ن هی خۆیانه‌. یان وه‌کو ده‌ڵێ: ئه‌و کاته‌ی گه‌لی کورد وتی کێشه‌ی سه‌ره‌کی من ئه‌وه‌یه‌ ته‌نیا له‌به‌ر کورد بوون ده‌چه‌وسێمه‌وه‌، زوڵمم لێ ده‌کرێ و وه‌ک شارۆمه‌ندی پله‌ دوو سه‌یر ده‌کرێم، خه‌باتی ناسێنه‌ تین و گۆڕی هاته‌ به‌ر. هه‌ر ئه‌و کاتیش چه‌پی تورکی که‌م که‌م له‌و مه‌یدانه‌ هاوبه‌شه‌ پاشه‌کشه‌ی کرد. یان له‌ به‌شێکی تری رۆمانه‌که‌دا ده‌ڵێ: باوکم له‌ به‌ندیخانه‌ی دیاربه‌کر به‌ ئه‌شکه‌نجه‌ مرد. دایکم بێجگه‌ له‌ کوردی زمانێکی تری نه‌ده‌زانی. باوکم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی به‌ کوردی قسه‌ی کردبوو. ئه‌شکه‌نجه‌کرا. باوکم نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ رێکخستنه‌وه‌ هه‌بوو. نه‌ به‌ چیا و نه‌ به‌ تیرۆره‌وه‌. ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد بوو، ئاماده‌ نه‌ببوو چه‌کی جاشایه‌تی بکاته‌ شان. خرابووه‌ گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌وه‌…

به‌گشتی ئه‌و سێ نموونه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌ فه‌زای گێڕانه‌وه‌ی رۆمانه‌که‌ن، ته‌واوی رۆمانه‌که‌ به‌و نه‌فه‌سه‌ ده‌ڕوات، رۆمانێکی وشک و برینگه‌، جگه‌ له‌و چیرۆکانه‌ هیچی دیکه‌ی تێدا نییه‌. وه‌ک باسی خۆشه‌ویستی، سێکس، ژیانی ئاسایی کاره‌کته‌ره‌کان… ته‌نیا و ته‌نیا دیالۆگێکی پڕه‌ له‌ باسی شه‌ڕ، ململانێ، دانپێدانه‌نان، چه‌وسانه‌وه‌… ته‌نانه‌ت خوێنه‌ر نازانێ ئه‌و دوو کاره‌کته‌ره‌ باکگراوندیان چییه‌ و چۆن ژیاون و سه‌ر به‌ چ چینێکن. ته‌نیا مه‌به‌ستی نووسه‌ر ئه‌وه‌بووه‌ له‌ رێگای ئه‌و دیالۆگه‌وه‌ باس له‌ ململانێی نه‌ته‌وه‌ی تورک و کورد و مه‌سه‌له‌ی شوناس ده‌کات.

ئۆیا له‌و نووسه‌ره‌ به‌ هه‌ڵوێستانه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر حه‌ق وتن زۆرجار تووشی کێشه‌ بووه‌ و رووبه‌ڕووی مه‌ترسی و زیندان بووه‌ته‌وه‌. به‌ هۆی نووسینی رۆمانی خودا منداڵانی فه‌رامۆش کردووه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌رکردنی لێ کراوه‌ له‌ قوتابخانه‌که‌ی. هه‌روه‌ها به‌ هۆی ئه‌وه‌ی تێزی دکتۆراکه‌ی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رهه‌ڵدانی چینی کرێکار له‌ تورکیا بوو له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ی پڕۆفیسۆره‌کانی زانکۆوه‌ ره‌ت کراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی پشێوی و ئاژاوه‌ له‌ ناو زانکۆدا و له‌ ساڵی 1971 قۆڵبه‌ست کراوه‌ و له‌ زانکۆ دوورخراوه‌ته‌وه‌. له‌ دوای کوده‌تای 1980 تورکیای به‌جێهێشتووه‌ و له‌ ساڵی 1992 گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

ئۆیا بایدار ساڵی 1940 له‌ ئه‌سته‌نبوڵ له‌ دایکبووه‌. به‌ده‌ر له‌ نووسینی رۆمان مامۆستای زانکۆیه‌ و ماوه‌یه‌کی زۆر به‌شداری له‌ سیاسه‌تدا کردووه‌ و وه‌ک نووسه‌رێکی چه‌پ رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌ و به‌ سه‌لامه‌تیش لێی ده‌رنه‌چووه‌ و زۆرجار رووبه‌ڕووی ئازاردان بووه‌ته‌وه‌. له‌ ژیانی ئه‌ده‌بی خۆیدا کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌می نووسیوه‌. له‌وانه‌ رۆمانی ده‌رگای یه‌هودا، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ر جێگایه‌ک، سه‌رده‌می ئازادی و سه‌رده‌می هیوا، گوتاری پشیله‌، گفتوگۆی بن شوراکان و…

له‌ پای ئه‌و کارانه‌ی چه‌ند خه‌ڵاتێکی پێبه‌خشراوه‌. له‌وانه‌ خه‌ڵاتی یونس نادی ساڵی 1992 له‌سه‌ر رۆمانی گوتاری پشیله‌. خه‌ڵاتی ئۆرهان که‌مال، ساڵی 2001. خه‌ڵاتی جه‌وده‌ت قودره‌ت، ساڵی 2004. خه‌ڵاتی ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست- رۆشنبیریی ساڵی 2011.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ

۱۴۰۰/۰۸/۱۲

محەممەد مبوگار سار، لاوترین بەرەوەی خەڵاتی گۆنکور لە مێژوودا


ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی نۆڤامبر، دەستەی دادوەرانی خەڵاتی وێژەیی گۆنکور، بە کۆی شەش لەسەر دە دەنگ، خەڵاتەکەی بە ڕۆمانی نهێنیترین یادەوەریی مرۆڤەکانی محەممەد مبوگار سار، نووسەری لاوی سێنێگالی بەخشی.

خەڵاتەکە لە چێشتخانەی دروان لە پاریس، بە بەشداریی ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان، لە لایەن سکرتێری گشتیی گۆنکور، فیلیپ کلۆودێلەوە ڕاگەیەندرا.

ئەمە یەکەم جارە نووسەرێکی ئەفریقی ئەم خەڵاتە وێژەییە دەباتەوە و بێجگە لەمەش، محەممەد مبوگار سار لاوترین نووسەری بەرەوەی ئەم خەڵاتەیە لە مێژوودا.

ئەم نووسەرە سێنێگالییە گوتی: "من هەست بە خۆشحاڵییەکی زۆر دەکەم. ئەدەبیات تەمەن ناناسێ."
 
نهێنیترین یادەوەریی مرۆڤەکان چوارەمین ڕۆمانی محەممەد مبوگار سارە، تا ئێستا چەند جار لەسەر یەک لە لایەن دەزگای فیلیپ ڕەی-ەوە چاپ کراوەتەوە و بە گشتی سی هەزار نوسخەی لێ بڵاو کراوەتەوە و ٢٣ داواکاریی وەرگێڕانیشی بۆ چووە.  

محەممەد مبوگار سار ساڵی ١٩٩٠ لە داکار لەدایک بووە، بۆ درێژەدان بە خوێندن لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووی کردووەتە فەرەنسا و ساڵی ٢٠١٤ یەکەم ڕۆمانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

بەرەوەکانی پێشوو کێ بوون؟

٢٠٢٠: ئێرڤێ لو تێلیێ
٢٠١٩: ژان – پۆل دووبوا
٢٠١٨: نیکۆلا ماتیۆ

۱۴۰۰/۰۵/۰۳

قەڵەمەکان


کتێب: قەڵەمەکان
مژار: چیرۆک بۆ گەنجان
نووسەر: یاشار کەمال
نیگارکێش: سەدات گیرگین
وەرگێر: سەلاحەدین بایەزیدی
وەشانخانە: مادیار «گەنجان»

نەریمان کۆڵێک قەڵەمی هەیە، قەڵەمەکان هەر بەڕاستی زۆرن؛ سوورن، سپین، ڕەشن، مۆرن؛ بچووک، گەورە و جۆرەوجۆرن. نەریمان ئەگەر قەڵەمەکانی لەسەر یەک کۆ بکاتەوە، دەبنە خەرمانێک. خەرمانێک لە ڕەنگی گەش و بریقەدار. نەریمان دەیەوێ ئەم قەڵەمانە بباتە قوتابخانە، بیانبا و نیشانی منداڵەکانی تریان بدا. خۆ بردنیان کێشە نییە، بێگومان دەتوانێ بیانبا، بەڵام ئەی ئەگەر لێیان پرسی ئەو قەڵەمانەت لە کوێ هێناوە؟  چۆنیان وەڵام بداتەوە؟   بشیکوژن، ناتوانێ لەناو ئەو هەمووە منداڵەدا بڵێ باوکم زبڵڕێژە و قەڵەمەکانی لەنێو زبڵوزاڵەکاندا کۆ کردووەتەوە…   لەگەڵ ئەوەشدا دەیەوێ ڕۆژێک قەڵەمەکان لەگەڵ خۆیدا ببا و نیشانی هاوپۆلەکانیی بدا....

قەڵەمەکان چیرۆکێکی یاشار کەمال، نووسەری بەناوبانگی بە ڕەچەڵەک کوردە، و سەدات گیرگین نیگاری بۆ کێشاوەتەوە.

۱۴۰۰/۰۵/۰۲

سانسۆڕی وشەی کوردستان لە ڕۆمانێکی سەلمان ڕوشدیدا

 


وەشانخانەی جان لە تورکیا وشەی کوردستانی لە ڕۆمانێکی سەلمان ڕوشدیدا سانسۆڕ کرد. 

 
ئەو ڕۆمانەی سەلمان ڕوشدی کە وەشانێن جان وشەی کوردستانی لێ سانسۆڕ کردووە ناوی ژنە سیحربازەکەی فلۆرانسە. ڕۆمانەکە بەگووم کۆڤولماز وەریگێڕاوە و پار لە تورکیا بۆ جاری دوانزەهەم چاپ کراوەتەوە و لە بری وشەی کوردستان کە لە دەقی سەرەکیدا هاتووە، لە وەرگێڕانی تورکیادا نووسراوە: "ئەو خاکانەی کوردەکان لێی دەژین."

 
ساڵی ٢٠٠٥، کاتێک کتێبەکە بۆ یەکەم جار چاپ بوو، گەلەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنەیان لە سانسۆڕکردنی وشەی کوردستان لە ڕۆمانەکە گرت. ئێستا جان ئۆز، خاوەنی وەشانخانەی جان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتێردا ڕایگەیاند کە کتێبەکە کۆدەکرێتەوە و ڕستەکە یەکسەر چاک دەکرێتەوە. 

 
ئەمە لە کاتێک دایە کە وەشانخانەی ناوهێنراو پێشتریش وشەی کوردستانی لە ڕۆمانێکی پاولۆ کۆیلۆدا گۆڕیبوو. یانزە خولەک ئەو ڕۆمانەی کۆیلۆ بوو کە سەعادەت ئۆزەن وەریگێڕابوو و وەشانخانەی جان چاپی کردبوو. ڕستەی "ڕۆیشتە قاوەنێتێک و بۆی دەرکەوت کە کوردەکان لە کوردستانەوە هاتوون، لە وڵاتێک کە نییە و ئێستا بەسەر تورکیا و عێراقدا دابەش کراوە" بەم جۆرە کرابووە تورکی: "نووسرابوو کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین دەژین".

 
دوای لەقاودرانی ئەم سانسۆڕە، وەشانخانەی جان داوای لێبوردنی کرد و خاوەنەکەی ڕایگەیاند کە کتێبەکە لە بازاڕ کۆ دەکەنەوە و چاپێکی نوێی بۆ دەکەن.

سەرچاوە: گازەتە دووڤار

۱۳۹۹/۱۱/۰۸

وتووێژێک لەگەڵ مستەفا ئیلخانی زادە




 سەلاحەدین بایەزیدی

کەمتر ناوەندێکی چاپ و پەخش هەیە گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵان بدا، نەخاسمە وەشانخانە ئەهلییەکان کە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرە نادەن. ئەوان باس کاری فەرهەنگی و خزمەت بە ئەدەبیات دەکەن، بەڵام وەک ئەوەی ئەدەبێ منداڵان نەکەوێتە خانەی کاری فەرهەنگییەوە، ئەو ژانرە گرنگەیان پشتگوێ خستووە. هۆکارەکان یەک و دوو نین. وەک بڵێی هەموو خۆیان بەوە قایل کردبێ کە کتێب خوێندنەوە لە کوردستان دەبێ لە تەمەنی بیست ساڵی بۆ سەرەوە دەست پێ بکا. مستەفا ئیلخانی زادە لەگەڵ ئەو کەندوکۆسپانە ئاشنایە، بەڵام پێداگرە لەسەر ئەوەی لەمبارەوە درێژە بە کارکردن بدا.

پێگه‌ی منداڵان لەنێو ئەدەبیاتی کوردیدا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئاخۆ شتێکمان هه‌یه‌ پێی بگوترێ ئه‌ده‌بی منداڵان؟
هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتێکى لاوازه‌ و کارێکی ئەوتۆی له‌سه‌ر نه‌کراوه‌، زۆر کتێبى منداڵان به‌م ساڵانه‌ى دوایى چاپ کراون، به‌ڵام ڕاژه‌ و خزمه‌تکردنى زیاترى ده‌وێ.

 وه‌ک که‌سێک که‌ له‌م بواره‌دا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان کارتان کردووە و هەروا بەردەوامن، بە ڕای ئێوە، منداڵانى ئه‌ودیو کتێبی کوردییان بۆ ده‌خوێندرێته‌وه‌، بەو پێیەی که‌ خوێندنى کوردى له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان "قەدەغە"یە.
 به‌داخه‌وه‌ له‌و بواره‌وە گرفتى جدى هه‌یه‌ و کتێبى منداڵان بەو شێوەیە باوی نییه‌، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌وڵى خۆمان چه‌ند ساڵێکه‌ فێرگه‌ى زمانی کوردیمان داناوه‌ که‌ ناوه‌ندێکى ئه‌هلییه‌ و بۆ نموونه‌ له‌ شارێکى وه‌ک بۆکان زیاتر له‌ سێ هه‌زار که‌س فێرى خوێندن و نووسینى زمانى کوردى کراون. له‌ شاره‌کانى دیکه‌ش وه‌ک دیوانده‌ره‌، زانکۆى هه‌مه‌دان و ته‌ورێز، شوعبه‌مان داناوه‌ .هه‌روه‌ها له‌ گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى بۆکان، شاهیندژ و سه‌قز فێرگه‌ى زمانی کوردیمان کردۆتەوە، دەتوانم بڵێم ئه‌مه‌ش تا  ڕاده‌یه‌ک بۆته‌ هۆى ئه‌وه‌ى منداڵه‌کان فێرى کوردى بن، هه‌ڵبه‌ت که‌م وا هه‌یه‌ منداڵان له‌ کۆرسه‌کاندا به‌شدارى بکه‌ن، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ى باوک و دایکیان و خوشک و براکانیانه‌وه‌ فێر ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشترین چاره‌ ئەوەیە له‌ قوتابخانه‌کاندا بە کوردی بخوێنرێ، ئه‌وکات تیراژی کتێبى منداڵان زۆر ده‌بێ و منداڵى کورد له‌برى خوێندنه‌وه‌ى چیرۆکى فارسى، هى کوردى ده‌خوێننەوە.

هه‌روه‌ک ده‌زانین پڕۆژه‌ى په‌روه‌رده‌ و فێرکارى پێویستى به‌ پشتگیرى و سەرمایەگوزاری گه‌وره‌ له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ هەیە، ئاخۆ که‌س هه‌یه‌ پشتیوانیتان بکا، بە تایبەت له‌ بوارى ئابوورییه‌؟
به‌و شێوەیە نا، ئێمه‌ به‌ پاره‌ى خۆمان ئه‌و کارانه‌ ده‌که‌ین، دیارە له‌ باشووری کوردستان، کۆمه‌ڵێک کتێبى منداڵانیان بۆ چاپ کردووم که‌ بۆ خۆى بۆته‌ یارمه‌تییه‌ک، ئه‌وانه‌ى به‌شدارى کۆرسه‌کانیشمان ده‌بن پاره‌یه‌کى زۆر که‌میان لێ وه‌رده‌گیرێ، بەڵام له‌ گونده‌کان ئێمە خۆبەخشانە ئیش ده‌که‌ین.

ئه‌ی بۆچى هه‌وڵتان نه‌داوه‌ له‌ قوتابخانه‌کاندا ئه‌م کاره‌ بکه‌ن؟      
من زۆر جار نووسیومه‌ کە ناوه‌ندێک هه‌یه‌ به‌ ناوى ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى کوردى، زۆر دوای که‌وتین، نوێنه‌رانى په‌رله‌مانیش دواى که‌وتوون، به‌ داخه‌وه‌ تا ئێستا له‌ قوتابخانەکان بە کوردی نه‌خوێندراوه‌، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌کى مه‌یدانى ڕێگه‌ی پێ دراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ زانکۆکانیش خوێندکاران بۆیان هه‌یه‌ کوردى بخوێنن، دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌شێک نییه‌ له‌ ده‌رسه‌کانیان و شتێکى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌.

بەڵام له‌ ئه‌سڵى پازده‌ى قانوونى بنچینەیی ئێراندا خوێندن به‌زمانى دایکی هه‌یه‌، ئایا ناتوانن گوشار بێنن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه‌ پیاده‌ بێ؟
تاکوو ئێستا به‌ داخه‌وه‌ پراکتیزه‌ نه‌کراوه‌ و که‌ وه‌دوى که‌وتووین، بیانووى جۆراوجۆر هێنراوه‌ته‌وه‌، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر کورده‌کان به‌ زمانى خۆیان بخوێنن، تورکه‌کان و بلووچه‌کانیش ئه‌و مافه‌یان ده‌وێ، یان ده‌ڵێن بوودجه‌ نییه‌، به‌ کورتى نایانه‌وێ پراکتیزه‌ى بکه‌ن، ده‌نا هه‌روه‌ک ئاماژه‌تان پێدا له‌ ئه‌سڵى پازده‌دا هاتووه‌ که‌ خوێندن و نووسینى زمانه‌ هەرێمییەکان له‌ ته‌نیشت زمانى فارسى له‌ قوتابخانه‌ و زانکۆکان ئازاده‌.

زۆربه‌ی هەرە زۆری ئەو کتێبانەی منداڵان که‌ ئێستا هه‌ن، له‌ زمانی فارسییه‌وه‌ کراون به‌ کوردی، بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له‌ فارسییه‌وه‌ وەردەگێڕدرێن، مه‌ترسى ئه‌وه‌ نایه‌ته‌ گۆڕێ که‌ بیرکردنەوەی فارسییان بەسەردا زاڵ بێ؟
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و کتێبانه‌ی له‌ فارسییەوە وه‌رده‌گێڕدرێن بۆ خۆیان له‌ زمانه‌کانى دیکه‌وه‌ کراونه‌ته‌ فارسى، که‌م وا هه‌یه‌ که‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ی فارسى بێ، وه‌رگێڕان له‌ هه‌موو زمانێکه‌وه‌ باشه‌، به‌ڵام من له‌ زمانی کوردیشه‌وه‌ به‌رهه‌مم کردۆته‌ فارسى، کتێبى "زه‌رده‌خه‌نه‌"ى فه‌رهاد شاکه‌لیم بۆ سەر زمانی فارسى وەرگێڕاوە، پێشوازییه‌کى باشى لێکرا و ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ى له‌ سه‌رده‌مى به‌عسدا له‌ منداڵێکى کورد کراوه‌، له‌ لایه‌ن فارسه‌کانیشه‌وه‌ ده‌خوێندرێته‌وه‌.

ئاخۆ له‌ چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ى کتێبدا توشى گرفت نابن، چونکه‌ دەبینم کە زۆربه‌ى کتێبه‌کانتان له‌ شاری سلێمانی چاپ کردووه‌، ئایا ناتوانن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان چاپیان بکه‌ن؟
به‌ داخه‌وه‌ بڵاوکه‌ره‌وه‌ى حکومى وامان نییه‌ که‌ کتێبى کوردى چاپ بکا، جاران ئینتشاراتى سه‌لاحه‌دینی ئەیووبی تاک و تەرا کتێبی چاپى ده‌کرد، ئێستا ئه‌ویش نه‌ماوه‌، ئه‌هلییه‌کانیش به‌ ڕاستى زۆر که‌مته‌رخه‌مى ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ بزانن کتێبه‌که‌ فرۆشى باشى ده‌بێ، ده‌نا ده‌بێ به‌ پاره‌ى خۆت چاپى بکه‌ى، ئه‌گه‌ر چاپیشى بکه‌ى له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یدا هاوکاریت ناکه‌ن و هه‌موو کتێبه‌کانت لەسەر ده‌ست ده‌مێنێته‌وه‌، بە واتایەک، مه‌سه‌له‌ى بڵاوکردنه‌وه‌ له‌ چاپکردنى ئه‌سته‌م تره‌.

بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب کارتێكەری لەسەر منداڵان هەبێ، بە ڕای ئێوە چى بکرێ باشه‌؟
به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و کەسانه‌ى پێیان وایه‌ ئه‌ده‌بى منداڵان شتێکى ئاسانه‌، من بە کارێکی ئێجگار ئه‌سته‌می دەزانم، چونکە ده‌بێ زۆر شت له‌به‌ر چاو بگیرێ، له‌وانه‌ قۆناغه‌کانى ته‌مه‌نى منداڵ، واته‌ نووسه‌ر ده‌بێ بزانێ بۆ چ قۆناغێک له‌ قۆناغه‌کانى منداڵێتی ده‌نووسێ، ئینجا له‌ ئه‌ده‌بیاتى منداڵاندا ده‌بێ زمانى منداڵانه‌ و ده‌رکى منداڵانه‌ له‌به‌ر چاو بگیرێ، ناکرێ هه‌موو شتێک بۆ منداڵ بنووسى چونکه‌ لێی تێ ناگا، ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌ى سایکۆلۆژیشه‌وه‌ ئاشناى ڕوحیه‌ى منداڵ بى و له‌ هه‌مووشى گرنگ تر، پێویستە مه‌سه‌له‌ى چێژ و حه‌زیش بگریته‌ به‌رچاو، پێویسته‌ شتێک بۆ منداڵ بنوسرێ که‌ دوابه‌دواى خوێندنه‌وه‌ى پرسیار له‌ مێشکى منداڵدا بوروژێنێ، لە زۆر شتدا، ئەوە بیرکردنه‌وه‌ى گه‌وره‌کانه‌ به‌سه‌رمنداڵدا ده‌سه‌پێ، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵانى سه‌ره‌تاى شۆڕشی ئێراندا توندوتیژى و ململانێى چینایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتى منداڵان تێکه‌ڵ ده‌کرد که‌ ئه‌مه‌ له‌بوارى ده‌رونناسییه‌وه‌ باش نییه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ى ڕق و کینه‌، پێویسته‌ خۆشه‌ویستی و سۆز له‌ به‌رهه‌مى منداڵاندا ڕه‌نگ بداته‌وه‌، ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاو بگیرێ کە منداڵ زۆر گه‌شبین نەکرێ. دیارە مەبەست ئەوە نییە هیچ ئاراسته‌یه‌کى نه‌بێ، به‌ڵام نه‌ک به‌ وێنه‌ى سى چل ساڵ له‌مه‌وپێش که‌ زیاتر له‌ ژێر کاریگه‌رى بیرى سۆسیالیستى و مارکسیستدا بوو.

ئه‌ى ئێستا هه‌ست ناکه‌ن مه‌زهه‌ب کاریگەری به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه‌ هەبێ؟
بۆچی، ئه‌ده‌بى منداڵانى فارسى و بڕێکیش کوردى، کاریگه‌رى ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى له‌ هه‌ندێک ڕوانگه‌وه‌، بە ڕای من باشه‌، به‌ڵام کۆمەڵێک شت که‌ به‌ ناوى ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه‌ ده‌نوسرێ، مه‌ترسیداره‌. وه‌ک ئازارى به‌رزه‌خ و به‌هه‌شت و به‌کارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژه‌ مه‌زهه‌بییانه‌. لە دواى شۆڕشى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، له‌نێو فارسه‌کاندا ئەمە زۆر باوه‌، بۆ نموونە چیرۆکى پێغه‌مبه‌ره‌کان و قه‌ومى لووت و شتی له‌و جۆره‌ بابەتە، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه‌ زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نییه‌.

ئایا لە ئێران له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی منداڵانیش سانسۆڕ پەیڕەو دەکرێ؟
بەڵێ سانسۆر هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێک بواردا.

وەک چی؟ وەک مەسەلەی نیشتیمانپەروەری و شتی وا؟
بڕوانن، نابێ له‌ ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە کار له‌سه‌ر ئەدەبی منداڵان بکه‌ین، جا هه‌ر جۆره‌ ئایدۆلۆژیایه‌ک بێ، گرنگ نییە. بۆ مه‌سه‌له‌ى نیشتیمانپه‌روه‌ریش هه‌روا. هەتا ته‌مه‌نى لاوه‌تى نابێ ئه‌م مژارانە ده‌رخواردی کەسێک بدرێن، چونکه‌ بیری منداڵ سنوردار ده‌کا و ئه‌گه‌ر خه‌تێکی بۆ دیاری بکه‌ی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بیرو باوه‌ڕه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ، تووشى جۆرێک له‌ دۆگماتیزم ده‌بێ و له‌ نەشونوما ده‌که‌وێ.

ده‌وروبه‌ر و به‌ تایبه‌ت دایک و باوکى منداڵ تا چه‌ند ده‌توانن ڕۆڵ ببینن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان زیاتر ڕوو بکه‌نه‌ خوێندنه‌وه‌ى کتێبی تایبه‌ت به‌خۆیان؟
باوکان و دایکان، به‌ تابیه‌ت له‌لای ئێمه‌، پێیان وایه‌ خوێندنه‌وه‌ى کتێب و چیرۆکى منداڵان، منداڵه‌کانیان دوا ده‌خا و لە کاتیان دەگرێ، منداڵ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کى ڕێکوپێکى بۆ دابین بکرێ، خوێندنه‌وه‌ نەک ڕێگری لێ ناکا به‌ڵکوو بە باشترین شێوە یارمه‌تى ده‌دا، منداڵ پێویسته‌ له‌ ڕۆژێکدا لانیکەم سه‌عاتێک بخوێنێته‌وه‌، چونکه‌ جیا له‌ خوێندنى وشک و فەرمی، پێویستى به‌ فه‌نتازیا و چێژ هه‌یه‌.

به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بایه‌خنه‌دان و کەمتەرخەمییانه‌ى ئاماژەتان پێدا، دەبینین که‌ فۆلکلۆرى کوردى گرنگییه‌کى تایبه‌تى به‌ منداڵان داوە، واته‌ پێشینان لەمبارەوە زیاتر له‌ ئێمە کاریان کردووە، ئاخۆ ئێوەش لەسەر ئەو بڕوایە نین؟
به‌ڵێ، ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر گرنگه‌. ئێمه‌ بناغه‌یه‌کى زۆر پته‌ومان هه‌یه‌، تازه‌ چیرۆکى "سه‌ندرێلا"م وه‌رگێڕاوه‌ و ده‌بینم له‌گه‌ڵ چیرۆکێکى کۆنى کوردەوارى زۆر لێک ده‌چن، گەلەک چیرۆکى ڕیالیزمى جادوویش وه‌ک "هیرى پۆتێر" له‌ ئه‌ده‌بى کۆنى خۆماندا نمونه‌یان هەیە، شتى زۆر گرنگیان تێدایه‌، نووسه‌رى منداڵان، تەنیا پاڵپشت به‌م چیرۆکانه‌ ده‌توانێ بەرهەمی نوێ بخوڵقێنێ، ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى نوێ دایانڕێژیته‌وه‌.

بە کورتی:
ــ مسته‌فا ئیلخانی زاده‌، له‌ شاری بۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بووه‌.
ــ به‌ کوردی و فارسی، له‌ بواری وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بی منداڵاندا، کتێبی چاپکراوی هەیە .
ــ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نووسه‌رانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانه‌ که‌ ناوه‌نده‌که‌ی له‌ شاری تارانه‌.

۱۳۹۹/۱۰/۲۴

مەرگێکی زۆر نیان

 

مەرگێکی زۆر نیان
سیمۆن دو بۆڤوار
بەسەرهات
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
چاپ: یەکەم-٢٠٢١
تیراژ: ١٠٠٠ دانە
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاوێر

 

۱۳۹۹/۰۹/۳۰

تسووباکی

 


ژیر دانا

(لەودیو دژەکانەو دژتر هەیە)
هەمیشە وا ڕاهاتووین و باوەڕمانکردووە کە هەموو شتێک پێویستە دژێکی هەبێت، واتە بۆ ئەوەی ڕەش هەبێت پێویستە سپیش هەبێت، بۆ ئەوەی پیاو هەبێت پێویستە ژنیش هەبێت، وە بۆ ئەوەی ئاشتی هەبێت پێویستە جەنگیش هەبێت، بەمە ئەڵێن دوالیزم، باوەڕبوون بە دوالیزم لە هەمان کاتدا زیان و سوودیشی هەیە، زیان بەو مانەیەی کە تەنها یەک ڕێگات پیشان ئەیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سوودیش بەو مانەیەی کە هەمیشە بوونی هیوایەکت بۆ دروست ئەکات بەرەو چارەسەر، بێگومان هەم زانست و هەم ئەزموونی مرۆڤایەتیش گەیشتوون بەوەی کە شتەکان تەنها لە ئاستێکی بینراو و ڕووکەشیدا بەو جۆرە دوالیزمیەن و لە ناوەڕۆکدا شتەکان هەر شتن بەبێ ئەوەی کە دژیشیان هەبێت، لەوانەیە بۆ کەسێکی ئاسایی باوەڕهێنان بەم نەبوونی دوالیزمییە قورس بێت بەڵام ڕێگا زۆرە تا بگەیت بەو ڕاستییە و یەکێکیش لە ڕێگاکان ئەوە بووە کە تۆ کەسێکی یابانی بیت، وە لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا ژیابیت.
هەر ئەم پووچەڵکردنەوەی دوالیزمیەشە کە لە سەرەتاکانی چیرۆکەکەوە خوێنەر بەری ئەکەوێت، بە جۆرێک کە لە سەرەتادا شتەکان و دژەکانیان واتە جەنگ و ئاشتی، جوانی و ناشرینی، خێزان و پەیوەندی تاکەکەسی، خۆشەویستی و هاوسەرگیری، یۆکیۆ و یۆکیکۆ لە ململانێیەکی بەردەوامدان بەرەو ئامانجێکی دیاریکراو بەڵام لە درێژ ماوەدا ئەم شتانە بە جۆرێک لەیەک دووردەکەونەوە کە ئەسڵەن بە دژ و هاوتای یەکتر دانانرێن و هەر یەکێکیان ڕووبەڕووی دژتر و دژتر و دژتر لە دژەکەی پێشووی ئەبێتەوە، ئەمەش ئەو ڕاستییە ناخۆشەمان بۆ دەردەخات کە هەموو شتێک بە بێ ئەنداز شتی ترەوە بەستراوەتەوە و بۆ گەیشتن بەو شتە لەجێی ئەوەی تەنها پشت بە دژەکەی یان هاوتاکەی ببەستی پێویستە پشت بە بێ ئەنداز شتی ترەوە ببەستی، بەو مانایەی کە بۆ ئەوەی یۆکیۆ بە یۆکیکۆ بگات جیا لەوەی کە پێویستە سنووری کلتوور و خێزان و مێژوو تێپەڕێنێت،  پێویستە لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕۆزڤێڵتی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری تەقاندنی بۆمبە ئەتۆمیەکەی نەدات.

(جەنگ و مرۆڤ وەکو مێتافۆری یەکتر)
یەکێک لەو نەگبەتییە گەورانەی کە مرۆڤ بە دەستیەوە ئەناڵێنێت ئەوەیە کە مەودای بیرکردنەوەی تەنها لە ٢ ڕەهەندی هەست پێکراودا خۆی ئەبینێتەوە لەجێی ئەوەی کە ٣ ڕەهەند بێت، واتە بیرکردنەوەی مرۆڤ هێڵییە و بۆ ئەوەی لە شتێک تێبگات تەنها بە جۆرێک تێی دەگات کە ئەو شتە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت، سەرەتاکەی ناودەنێت هۆکار و کۆتاییەکەش ئەنجام، بەڵام ئەگەر بیرکردنەوەی لە مەودایەکی سێ ڕەهەندیدا بوایە ئەوا ئەمانتوانی شتەکان بە جۆرێکی ناهێڵی ببینین بۆ نموونە بە بازنەیی، بۆ تێگەیشتن لەمە با ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە جەنگ چۆن دروست ئەبێت، ئەتوانین بڵێین کە مرۆڤێک ویستێکی خۆپەرستانەی هەیە و ئەیکات بە ئامانج بۆ خۆی، دواتر دێت و کەسانێکی تر کۆدەکەتەوە کە هەمان ویستییان هەبێت و پێکەوە هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی ئەنێن، دواتر ئەوەی ئەمێنێتەوە لە بەردەمییان تەنها زیان گەیاندنە بە مرۆڤایەتی و بەم جۆرە جەنگ دروست ئەبێت، ئێستاش ئەگەر پرسیار لە خۆمان بکەین کە خراپە چۆن دروست ئەبێت لەوانەیە هەڵە نەبیت ئەگەر هەمان شتی پێشوو پێچەوانە بکەینەوە، واتە جەنگ ڕوویداوە و مرۆڤەکانی بێهیوا کردووە لە ئاشتی، دواتر ڕێگایەک نامێنێتەوە بۆ درووستبوونی ویستی خۆنەویستانە و چاکەکارانە دواتریش تاکەکان ئەگەن بە خۆویستییەکی ڕەها و بەو هۆیەشەوە خراپە ئەکەن، کەواتە ئەتوانین بڵێین کە ئەکرێت خۆویستی تاک هۆکاری جەنگ بێت یان جەنگ هۆکاری خۆویستی تاک بێت، بەم جۆرە بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو شتێک ئەگەر هۆکارێکی هەبێت ئەوا هەر ئەو هۆکارە ئەکرێت ببێت بە شت و شتەکەش ببێت بە هۆکارەکەی، واتە لەجێی ئەوەی هێڵیک هەبێت کە سەرەتا و ناوەند و کۆتایی هەبێت ئەوا بازنەیەک هەیە کە هەموو شتەکان هەم سەرەتان و هەمیش کۆتایین بۆ یەکتر، ئەوەی وای لە یۆکیکۆ کرد کەسێک بکوژێت جەنگ بوو، بەڵام هەر ئەو کوشتنەش بوو کە جەنگەکەی دروست کرد، بۆیە لەم چیرۆکەدا تەنها کارەکتەرەکان و ڕووداوەکان مێتافۆری جەنگ نین بەڵکو جەنگیش لە هەمان کاتدا مێتافۆری کارەکتەر و ڕووداوەکانە، ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەم چیرۆکە خەیاڵی زانستی نیە تا دەستکاری کات و شوێن بکات بۆ ڕوودانی ئەو شتە بەڵکو خوودی ژیانی کردووە بە بازنەیەک کە کات و شوێن تیایدا لاوەکی ترین شتن نەک سەرەکیترین.

(ئەوەی ناوی چارەنووسە ئەگەر بوونیشی نەبێت هیشتا ئەبەدییە و بوونی هەیە)
ئەو شتانەی پێشتر باسمانکردن بۆی دەرخستین کە ئەگەر ئێمە شتێک بكەین یان شتێکمان بوێت ئەوا لە باشترین دۆخی خۆیدا ئەکرێت نەکرێت یان پووچەڵ بێتەوە بەوپێیەی کە بێ ئەنداز شتی تر هەن و کاریگەرییان لەسەرە یان لەناو بازنەیەکی داخراوی پڕ سەرەتا و کۆتایین کە شتەکەی ئێمە ناتوانێت هیچی لێ بگۆڕێت، کەواتە بۆ شت بکەین؟ بۆچی یۆکیکۆ کەسێکی خۆشبوێت کە لە دواییدا بەبێ ئەوەی بزانێت کەسێکی خۆش ئەوێت کەسێکی بۆ بکوژێت؟ کە دواییش کەسەکەی کوشت بژی بەبێ ئەوە بزانێت کە بۆ ئەژی و بە تەواوەتی خۆی دابێتە دەست چارەنووس کە چی بۆ داناوە بەوپەڕی ڕازیبوونەوە وەریبگرێت؟ هەر ئەمەیە کە وا ئەکات ئێمە بڕوامان بە چارەنووس هەبێت و خۆمان بە بکەری ئەو شتانە نەزانین کە ڕوودەدەن، وە تسووباکیش هەر ئەمەت پێ ئەڵێت کە چارەنووس بۆ تاک ئەکرێت بەبێ ئەوەی بوونێکی واقعی هەبێت لەناو مێشک و تەنانەت هەموو ژیانیشماندا بوونی هەبێت، بۆیە تاک چ ئاکتێک بکەن دواتر کاریگەری ئاکتی ئەوانی تری بەسەردا ئەسەپێت و ئاکتەکەی خۆی ون ئەبێت.
خۆشبەختانە من کتێبی دووەمیشم پێشتر خوێندووەتەوە و ئەزانم کە لەوێدا کاریگەری هەموو ئاکتەکانی یۆکیکۆ ئەبینم لەسەر ئەوانی تر، واتە ئاکت چەندێک بێ کاریگەر بێت بۆ خوودی ئاکتەرەکە و هەر زوو ون ببێت بەڵام لە ژیانی ئەوانی تردا خۆی ئەدۆزیتەوە، سەیر لەوەدایە ئاکتەکانی یۆکیکۆ پیش ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەر بێت لە ڕابردوودا کاریگەر بووە! هەر ئەمەشە بۆمان دەردەخات کە لەم زنجیرەیەی قورسایی ڕازەکان کات و شوێن هیچ مانەیەکی لەو شێوەیەی نییە کە پێشتر تێیگەیشتووین و تەنها لەڕێی دوو کتێبی یەکەمەوە تۆ ئەتوانیت بیبینێت کە ئەکرێت ئاکتەکانی داهاتوو کاریگەرییان هەبێت لەسەر ڕابردوو، لێرەشەوە لە خۆت ئەپرسی ئەبێت لە کتێبەکانی تردا چەند شتی ترت لەلا بگۆڕێت و بە جۆرێکی جیاواز دەرکەون وەک لەوەی کە هەن!

(تسووباکی وەک نۆستاڵژیای ئازارەکان)
بیرمە لە یەکەم پەڕەکاندا بەر ئەوە کەوتم کە گووڵێکی جوانی وەکو کامیڵیا چۆن بووە بە هەڵگری قورسترین و سەخترین ڕازەکانی یوکیکۆ، لە درێژایی خوێندنەوەشدا بەردەوام بەر هەمان شت ئەکەوێتەوە کە چۆن جوانترین شتەکانی وەک گووڵی کامیڵیا کە ناوە یابانیەکەی تسووباکییە چۆن ئەکرێت ببن بە ناشرینی و هەڵگری ناشرینی، وە چۆن شتە ناشرینەکانی وەک کوشتن و درۆکردن و خۆدان بەدەست چارەنووسەوە ئەکرێت شتێکی جوانی وەک نامیکۆ و کوڕەکەی دروست بکەن، کەواتە لە تەنها ساتێکی ژیاندا ئەکرێت شتەکان هەبن و بە هاوتای خۆشیان دژیان هەبێت بەڵام خۆ ژیان تەنها ساتێک نییە و لە جووڵەی بەردەوامدایە، هەر بۆیە شتەکان بە هیچ جۆرێک مانایەکی جێگیریان نیە لە ژیاندا و تەنها لە فۆڕمدا جێگیرن، کامیلیا کە جوانترین شتی چیرۆکەکە بوو لە پەرەی ١٢٠ ـدا هەموو مانای جوانیەکەی خۆی لەدەست ئەیات، دووریش نییە هەمان بۆمبی ئەتۆمی کە ناشرینترین شتی چیرۆکەکە بوو هۆکاری دروستبوونی هەموو ئەو جوانیانە بێت کە ئێستا لە یاباندا هەیە.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۹/۰۹/۱۱

ئێرڤێ لو تێلیێ بەرەوەی خەڵاتی گۆنکووری ٢٠٢٠



دووشەممە (٣٠ی نۆڤامبر)، ئێرڤێ لو تێلیێ بە هەشتەمین ڕۆمانی خۆی، ناڕێکی (وەشانخانەی گالیمار)، خەڵاتی گۆنکووری ٢٠٢٠ی بردەوە.

بەنرخترین خەڵاتی وێژەیی فەڕەنسا دەبوایە ڕۆژی ١٠ی نۆڤامبر ڕابگەیەنرێ، بەڵام لەبەر داخرانی کتێبفرۆشییەکان بە هۆی کۆڕۆناوە، ئاکادیمیای گۆنکوور بڕیاری دا کاتی بەخشینی خەڵاتەکە دوا بخا. هەر لەبەر ئەم ڕەوشە ئاوارتەیەش خەڵاتەکەی ئەمساڵ بە ڤیدیۆکۆنفڕانس ڕاگەیەنرا.

نووسەر دوای بردنەوەی خەڵاتەکە لەو ڤیدیۆکۆنفڕانسەدا ڕایگەیاند: "هەرگیز چاوەڕوانیی ئەوە نیت خەڵاتێکی وەک گۆنکوور وەربگریت. پێشان، بۆ ئەوە نانووسیت کە ئەو خەڵاتە وەربگریت و پاشانیش، ناتوانی بردنەوەی لە خەیاڵدا بگونجێنی." 

شایانی باسە، ناڕێکی لە مانگی سێپتامبرەوە لە لیستی زۆرفرۆشراوەکان دایە و تا ئێستا نزیکەی سی هەزاری لێ فرۆشراوە. بیستودوو وڵات لە ئێستاوە مافی وەرگێڕانی کتێبەکەیان کڕیوەتەوە. 

ڕۆمانەکەی لو تێلیێ کە لە سێ بەش پێک هاتووە، چارەنووسی سێ کەسایەتی دەگێڕێتەوە کە فڕینی پاریس – نیویۆرک لە مارسی ٢٠٢١ پێکەوەیان دەبەستێتەوە. 

ئێرڤێ لو تێلیێ ٢١ی ئاوریلی ساڵی ١٩٥٧ لەدایک بووە. ناوبراو پێش ئەوەی ڕوو لە کاری ڕۆژنامەوانی بکا، بە بیرکارییەوە سەرقاڵ بووە. ئینجا، ساڵی ١٩٨٤، یەکەمین ڕۆمانی خۆی چاپ و بڵاو کردووەتەوە. بە دوای ئەم یەکەمین ڕۆمانەیدا دەیان کتێبی دیکەی نووسیوە کە زۆربەیان کۆمەڵەوتار، سەفەرنامە، شیعر و کورتەچیرۆکن.


بەرەوەکانی پێشوو کێ بوون؟

٢٠١٩: ژان – پۆل دووبوا
٢٠١٨: نیکۆلا ماتیۆ

۱۳۹۹/۰۹/۰۹

چیرۆکەیلی منداڵانە لە زۆرفرۆشەکانی وەشانخانەی مادیار لە دووەمین پێشانگەی کتێبی سلێمانی


بە پێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ماڵی کتێبی کوردی، چیرۆکەیلی منداڵانە لە نووسینی پیتەر بیکسێل (وەشانخانەی مادیار، ٢٠٢٠) یەکێکە لە چوار زۆرفرۆشەکانی وەشانخانەی مادیار لە دووەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێبی سلێمانی.

چوار کتێبە پڕفرۆشەکەی وەشانخانەی مادیار بە ڕیز بریتین لە: 

١ - مێژووی وێژەی دوواوان، یورگن لەسووە، وەرگێڕانی ڕەند زارعی
۲- گێڕانەوەی مۆدێرنی کوردی، دوکتۆر فەرهاد شاکەلی، وەرگێرانی دوکتۆر محەمەد خزری ئەقدەم
۳-چیرۆکەیلی منداڵانە، پیتەر بیکسێل، وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی
۴- فەلسەفەی پێش سوکرات، ڕێبوار سیوەیلی.

۱۳۹۹/۰۹/۰۷

ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان

 


ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان 

فیلیپ کلۆودێل

ڕۆمان

وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ڕێنووس: شاڵاو حەبیبە

دیزاینی بەرگ: ڕاز کامەران

دیزاینی ناوەوە: ژیوار جەوهەر

زنجیرە بڵاوکراوەکانی پەیک: ١

سلێمانی، چاپی یەکەم - ٢٠٢٠

تیراژ: ١٠٠٠

نرخ: پێنج هەزار دینار

لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی (٨٧٦)ی ٢٠٢٠ی پێ دراوە.

۱۳۹۹/۰۹/۰۶

هەژدیها لەبەر دەرگە پاسەوانە



ژنە نووسەرێكی تورك لە كوردبوون دەدوێ

نەجات نوری

(من بەردەوام بۆ مافی ئەوانی تر تێكۆشاوم: چونكە ویژدانم دژ بەو ناهەقییەی بەرامبەر ئەوانی دی پەیڕەو كراوە، ڕاپەڕیوە) ئۆیا بایدار

زمان، نیشتیمانی مرۆڤە، هێرش كردنە سەر خاك ‌و هێرش كردنە سەر زمان یەك شتن... ئۆیا بایدار

(ئەو ئەشكەنجانەی بە بیستن ‌و بیركردنەوە لێیان شەرم لە مرۆڤایەتیی خۆم دەكەم، یەكێك لە دە گرتووخانە هەرە سامناكەكانی دونیا. ئەو هەمووە كەسە بە ئەشكەنجە مردن ‌و سەقەت بوون. لەوێ، لەسەردەمی كودەتاكاندا ئەشكەنجە بۆ ئەوە نەبوو وەك ئێمە بەقسە بهێنرێن ‌و ناچاری ڕاپۆرتدان بكرێن تا وەكوو سەرەدەر لە ڕێكخستن دەربكرێ، لە گرتووخانەی دیاربەكر ئەشكەنجە بۆ ئەوە پەیڕەو دەكرا مرۆڤ كەرامەت ‌و شەرەف ‌و ڕێزگرتن لە خۆی بیر بچێتەوە. ئەوانە مرۆ نەبوون، كورد بوون، شایانی ئەمە بوون، پیساسییان دەرخوارد دەدرا، دەخرانە ناو قووڵكەیەكی پڕ لە گەناو ‌و هاورێیانیان ناچار دەكردن جەستەی گواووییان بلێسنەوە، مەجبووریان دەكردن یەكتری لاقە بكەن.... لا 62)

(باوكم لە بەندیخانەی دیاربەكر بە ئەشكەنجە مرد. دایكم بێجگە لە كوردی زمانێكی تری نەدەزانی، باوكم بە هۆی ئەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەی بە كوردی قسەی كردبوو، ئەشكەنجە كرا، باوكم نە پەیوەندیی بە رێكخستنەوە هەبوو، نە بە چیا ‌و نە بە تیرۆرەوە، تەنیا لەبەرئەوەی كوردبوو ‌و ئامادەنەببوو چەكی جاشایەتی بكاتە شان، خرابووە گۆشەی بەندیخانەوە... بەڵام باوكم لەوێ مرد، ئەمەیە ڕاستی من لا 63)

ئەمە چەند دێڕێكی ناو ڕۆمانی (گفتوگۆی بن شووراكان)ە، ئەم ڕۆمانە هی ژنێكی توركە، خانمە (ئۆیا بایدار) كە ئێستا تەمەنی هەشتا ساڵە، ساڵی 1940 لە توركیا لە دایك بووە، ژنە نووسەرێك كە هەر لە تەمەنی لاوییەوە دەبێتە هەڵگری بیری سۆشیالیزم، بەو بیروباوەڕەوە تا ئێستا درێژە بە ژیان دەدات، لەژێر ئەو باوەڕدا چەندین ڕۆمانی نووسیوە ‌و بۆ گەلێك زمان بەرهەمەكانی وەرگێردڕاون، ڕۆمانێكی هەیە بەناوی باجچەی چاوەڕوانی زیاتر لە سەد جار چاپکراوەتەوە، ژنێكە كە دواجار دەقێك بە منی ناساند، ئەو دەقەی كە ناوی (گفتوگۆی بن شووراكان)ە زۆركات ئاوا ڕۆمانێك درەنگ بە ڕۆحی كەسانێكت ئاشنادەكەن كە لە قووڵایی دەسەڵاتە شوومەكانەوە دێن هەموو چەپە توركەكان ‌و كورد ‌و ئەرمەن ‌و ئێزیدیەكان قڕدەكەن، ئۆیا خۆی لەم دەقەدا ئاوا دەنووسێت (هەق بە تۆیە. لەناوبردن  سانایە، دەسەڵاتدارەكان ڕێگە ئاسانەكە هەڵدەبژێرن. ئەم قسە شەرماوییە كە دەڵێ: كوردی باش، كوردی مردووە... لا 60 ) لێرەوە ئەم ژنە نووسەرە توركە لەژێر باوەڕی چەپایەتیدا دێت دەقێك بۆ هەڵدانەوەی ژیانە پڕ لە مەینەتیەكەی كوردەكانی باكور ‌و ‌و چەپەكانی توركیا دەنوسێت، ئەو ڕێگە بە خۆی دەدات لەڕێگەی باوەڕەكەیەوە كە جگە لە خۆی ‌و نەتەوەكەی، زمان ‌و بیرتریش هەبێت، ئەمەی لانابێتە شەرم ‌و بەدئەخلاقی، وەكو نەتەوەپەرستێك بیرناكاتەوە، وەكو ئەوەی كە خۆی هەیە دەیەوێت كەسانی تریش بە ئازادانە هەبن، ئاوا دەنووسێت (نابینە یەك. بەڕێزگرتنی دوولایەنە ‌و هاوڕێیەتی، هەركامە ‌و بە بیروباوەڕی تایبەت بە خۆمان، زمان ‌و فەرهەنگی تایبەت بە خۆمان دەژین، ئەمە هیوا ‌و خەونی ئێمەیە، بەداخەوە ئەمڕۆ لە هەمیشە زیاتر لەو خەونە دوورین... لا 57)  

ئەم ژنە توركە كاتێك دێتە سەر فاشیەتی تورك بۆ نەمانی زمانی كوردی لەناو گێڕانەوەیەكی جواندا ئاوا دەنوسێت:

( زمان، نیشتیمانی مرۆڤە، هێرش كردنە سەر خاك ‌و هێرش كردنە سەر زمان یەك شتن. زمان، وشیاریی بۆ ناسێنەی گەلەكەت ‌و هەستی سەربەخۆبوونت بەهێزتردەكا، بۆیە لەگشت سووچ ‌و قوژبنێكی دونیا، سەرجەم دەسەڵاتدارەكان لە پێناو تواندنەوەی گەلێك، مل پێ دانەواندن ‌و كۆیلەكردنیدا سەرەتا زمانەكەی قەدەغە دەكەن، فۆرمۆڵەی بێ چەندوچووونەكەیان ئەمەیە: یەك زمان ‌و یەك وڵات، یەك دەوڵەت .... لا 79)
لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕیەكدا بۆ هونەری نووسنیی ڕۆمان ‌و زمانی شیعری ‌و فەنتازیا دەگەین، ئاوا دەق دەنوسرێت، لەهەر لاپەڕەیەكیدا، لەناو هەر چەند دێڕێكی ئەو لاپەڕانەدا بە زۆر مانای گرنگ ‌و وێنەی ون بووی كورد ‌و زمان ‌و هەوڵەكانی دەگەین، ئەم دەقە قووڵایی لەوەدایە كە چەند بەشەكانی كورتن، زۆر لەوە زیاتر خوێنەران بەرە ئەوە دەچن كە بە دونیایەك مەرگەسات دەگەن.

ئەم ژنە توركە نووسەرە دێت لەڕێگەی مەگەساتی كوردەكانی دیاربەكر ‌و وێرانبوونی قەڵاكۆنەكەیەوە، ڕۆمانی (گفتوگۆی بن شووراكان) دەنووسێت، لەو جەنگە شوومە دەدوێت كە دەسەڵاتی تورك چۆن چۆنی دژی بوونی ئەم شارە و خەڵكە كوردەكەی بەرپای دەكەن، (ئەوانەی تەرمی ئەوكچە گەنجانەیان ڕووت كردووەتەوە كە بە گوللە كوژرابوو ‌و وێنەكانیان دەستاو دەست پێ كردووە، تەنافیان لە گەردنی تەرمی گەریلاكان گرێ داوە ‌و بە دوای زرێپۆشدا ڕایانكێشاون... لا 54) ئەو نووسەرانەی سەر بە هەچ نەتەوەیەكبن ‌و بە بیروباوەڕی ئینسانیانە دەژین، وەكو ئەم ژنە نووسەرە توركە ناتوانن بێدەنگببن لە ئاست ئەو هەموو زوڵمەی كە دەسەڵاتدارانی خۆیان لەدژی نەتەوەكانی تر پەیڕەوی دەكەن، ئاوا لەم دەقەدا لە هەر لاپەڕیەكدا خوێنەران لە ئاست باوەڕی مرۆڤدۆستانەی (ئۆیا بایدار)دا دێڕ بە دێڕ ڕادەوەستن، دەزانن كە هێشتا لە ناو جەرگەی شۆفیەنیەتی توركدا، ئەم نووسەرانە دەنووسن ‌و ڕەخنە دەگرن ‌و دەقەكانیان دەكەنە خزمەتی گەلانی ترەوە، بوێری مرۆڤ یان بەشێك لە نووسەران لەوەدایە كە دەبێت شەرم لە بوونی خۆی بكات كە دەبینێت دەسەڵاتدارەكانی وڵاتەكەی ستەمكارانە زمان ‌و فەرهەنگی گەلانی ژێر دەستەیان قڕدەكەن.

ئاخر (ئۆیا بایدار) لەڕێگەی دەقەوە بۆ مرۆڤایەتی دەنووسێت، بۆ ئازار ‌و مەینەتیەكانی گەلانی ژێر دەسەڵاتی نەتەوەكەی خۆی دەنووسێت، دایان دەشۆرێت، مێژو‌ویان وێراندەكات، دەیانكاتە دڕندە لەپای هەموو كارە قێزەونەكانیان، ڕەخنە لە نەتەوەكەی خۆی دەگرێت، نەك ئەوە بەڵكو ڕوودەكاتە خۆرئاوایەكانیش كە لەسەر تێكدان ‌و چەند درەختێكی پاركی گەزی دێنە دەنگ، ئەرز‌و ئاسمان دێننە یەك بەڵام لەو لاتر لە دیاربەكر میللەتێك قڕ دەكرێت كەس دەنگی لێوەنایەت (بۆ دارێكی پاركی گەزی، عەرز ‌و ئاسمنتان وێك هێنا، لێرە خەڵك دەمرن، ئێوە لە كوێن... ڕۆژئاوا گوێی لەم قیڕەیە نەبوو، ئەگەر گوێشی لێ بووبێ، پەژارە داینەگرت لا 48) لە لایەكی ترەوە ئەم خانمە نووسەرە توركە چەپە، بانگ لە بێدەنگی چەپەكانی هاوڕێی دەكات (خاڵی هاوبەشی پێكگەیشتنەكان لەو سەردەمەدا، لانیكەم بۆ بەشێك لە ئێمە، چەپ ‌و سۆشیالیزم بوو) بەڵام لای ئەو ئێستا ئەم هاوڕێیانەی بۆ ستەم ‌و ستەمكاری بێدەنگ بوون، نایەنە دەنگ بۆ قڕكردنی كەسانی تر، ئەمەش دەكاتە مەرگیان...

لای (ئۆیا بایدار) كوردبوون شەرم نییە، ئەمانیش بوونێك وەكو خۆی ‌و نەتەوەكەی (ئەو كاتەی گەلی كورد گوتی كێشەی سەرەكی من ئەوەیە تەنیا لەبەر كوردبوون دەچەوسێمەوە، زوڵمم لێ دەكرێ وەك شارۆمەندی پلە دوو سەیر دەكرێم... لا 49) كاتێك نووسەرێكی ئاوا بوێری ژن دێت لە ناو 183 لاپەڕەدا، دەقێك لەژێر كاریگەری ئازار‌و مەرگی ئەو گەنجە كوردانەدا كە بوونەتە جەنگاوەری مانەوەی خۆیان لە سووری ئامەددا دەنووسێت، دەبێت ئێمە بەشوێن ئەو مانایەدا بگەڕێین كە دەق ئەوەتی هەیە بۆ ئەوە نووسراوە كە ببێتە پشتیوانی بۆ مرۆڤایەتی، بۆ پێكەوە ژیان ‌و مانەوە، لەم دەقەدا ئەم نووسەرە ئەوە بەبیر دەسەڵاتدارانی توركەكان دەخاتەوە كە ئەگەر زوو بە فریایی ئەوە بكەوتنایە كە چارەسەری بەردی ناو دەستی منداڵەكوردەكان بكردایە، ئەوا لە كۆتاییدا ئەو بەردانە نەدەبوونە چەكی دەستیان لە چیاكاندا (ئێستا لە سوور، لە جیزرە، لە سلۆپی، لە هەزەخ ‌و گەڕەكە هەژارەكانی نووسێبین، لەودیو خەندەق ‌و مەتەرێزەكان، منداڵە بەردهاوێژەكان كۆمەڵێك ئامانجیان هەیە كە لە یاغیبوون ئەو لاوەتر دەچێ: ئەوان داوای مافەكانی خۆیان ‌و ئەو خاكانە دەكەن كە بەڵێنیان پێ درابوو. ئەوان بۆ كەسانی تر شەڕناكەن، ئەو شەڕەی دەیكەن هی خۆیانە... لا 38 ) لەم دەقەدا خوێنەران نەك ماندوونابن، بەڵكو كورت ‌و پووخت لەناو لاپەڕەكاندا لە ژێر ناوی بەشەكاندا، بە سەر دەیان وێنەی كوردبوون ‌و مێژووی دەسەڵاتدرانی دڕندەی توركدا دەچنەوە، بەو مانایانە دەگەن كە دەق دەتوانێت ئاوا پڕكێشی گەورەبكات بۆ ناساندنی مێژوی نەتەوەكان ‌و ‌و چەپ ‌و ئەو نوخبە شوومەی ناو دەسەڵات كە گەلان پێكدادەدەن ‌و یەكتریان لە ژێر ناوی پووچدا پێ قڕدەكەن (ئەندازیارانی دەوڵەت نەتەوەی تورك، ئەم دیوارانەییان بە خشتەی ناسیۆنالیزم توركی ‌و سیمای ئیسلام ڕاست كردووەتەوە... لا 42 ) ئاوا ئەم ژنە توركە دێت بارتاقای نەتەوەكەی خۆی ڕەخنە دەكات كە لە ژێر سیمای ئیسلام ‌و نەتەوەپەرستیدا كورد ‌و ئەرمەن قڕدەكەون (لە كوشتوبڕی ساڵی 1915‌و كۆمەڵكوژیی دێرسیمەوە بگرە تا ژنانی ئێزدی كە منداڵەكانیان لەناو باوەشاندا دەمرن لە كاتێكدا هەڵدەهاتن ‌و هەوڵیان دەدا چیاكان تێپەڕ بكەن ‌و ئەو كەسانەی بە هۆی گۆرانی چڕین بە زمانی دایكیان لێیان درابوو... لا 36) (ئۆیا بایدار) كە ئێمەی خوێنەری كورد درەنگ ناسیمان، ئاوا لەم دەقەدا ژیان دەكاتەوە بە بەری ئازارەكانی نەتەوەیەكدا كە ئەو خۆی بەرامبەریان بە شەرمەزار دەزانێت لەپای ئەو ستەمەی لێیان دەكرێت، ئەو نەتەوەی كە توركەكان وەكو كوردبوون نایەن مافەكانیان پێبدەن تا جەنگ كۆتای پێ بێ ‌و پێكەوە بە ئاشنیانە بژین...

ئەم دەقە زۆر هەڵدەگرێت، دەقێكە لە نێوانی 183 لاپەڕدا بەبێ درێژدادڕی ‌و لاپەڕە ڕەشكردنەوە ‌و دێڕی بێ بەها، وەها دەتخاتە ناوجەرگەی ململانێكانەوە كە دواجار هەستدەكات خۆت پاڵەوانی ناو دەقەكەیت...

خۆزگە وەرگێڕە كوردەكان وەكو (سەلاحەدین بایەزیدی) ئاوا ئاوڕیان لەم خانمە توركە دەدایەوە و دەقەكانیان دەكرد بە كوردی بۆمان، لێرەوە دەبێ بڵێم: دەست خۆش سەلاحەدین بایەزیدی بەڕێز بۆ وەرگێڕانە نایابەكەت بۆ سەلیقە و هەوڵەكانت.

• گفتوگۆی بن شووراكان... ڕۆمان 183 لاپەڕە
• وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی
• لە بڵاوكراوەكانی دەزگای مادیار 2019 سنە.

سەرچاوە: زەمەن پرێس