۱۳۹۱/۰۶/۳۰

بارودۆخ، ڕابردوو و ئێستای کوردەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ناجی کوتلای


سازدانی: نەشە دوزەل / ڕۆژنامەی تەڕەف
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بۆچی ناجی کوتلای
کێشەی هەرە گەورە لە تورکیا، کێشەی کوردە. شەڕێکی سی ساڵە لە ئارا دایە. ئەمڕۆکە گەنجێکی کوردی دیاربەکری کە تەمەنی گەیشتبێتە سی ساڵ، نازانێ ژیان و دونیایەکی "بێ شەڕ" هەیە. تورکیا سی ساڵە دەستەویەخەی شەڕی کوردە. باشە، پێش ئەم شەڕە بارودۆخ چۆن بووە؟ لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا، کوردەکان لە چ هەلومەرجێک دابوون؟ لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کورد لە چ دۆخێک دابوون؟ کوردەکان لە کام وڵات، لە چ هەلومەرجێکدا و لەگەڵ کێ ژیاون؟ ئەی ئەمڕۆکە ڕەوش و هەلومەرجی کورد لە وڵاتانی تر چۆنە؟ بۆچی لە تورکیا شەڕ دەرکەوت و بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نەبوو؟ پاشخانی مێژوویی ئەم کێشە یا خود ئەم شەڕە چیە؟ کوردەکان بە زۆری لە لایەن چ کەسێکەوە خەیانەتیان پێکراوە؟ لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان هەبوو؟ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، کورد بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی تێدەکۆشی؟ سەرجەم ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ناجی کوتلای کرد کە شارەزای مێژووی کوردە و گەلێک کتێبی لەمبارەوە نوسیوە. هەندێک لە کتێبەکانی ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە بریتین لە: گۆڕانکاری و نەتەوە پەرستی لە ناو کوردەکاندا، کوردەکان و ئیتیحاد - تەرەقی، دۆسیەی چل و نۆیەکان و هەرە دواییش کتێبی "قۆناغی پێکهاتنی ناسنامەی کوردی"ی نوسیوە کە لە لایەن وەشانخانەی دیپۆنت چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 

***
 
نەشە دوزەل: وێڕای ئەگەری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەر لە سووریا لە لایەن کوردەکان و دروستبوونی دوو کوردستان لە ناوچەکە، نیگای هەموو لایەک چووە سەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. ژمارەی کۆی کوردەکان کە دیارە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بوون، چەندە؟
ناجی کوتلای:
بە هۆی ئەوەی ئامارەکان جێگەی متمانە نین، ژمارەی کوردەکان بە وردی نازانرێ. بەڵام کۆی گشتی کوردەکان ٢٥ تا سی میلیۆن شیمانە دەکرێ.

لە کام وڵات و چەند {میلیۆن} کورد دەژین؟
دەگوترێ لە عێراق نزیکەی شەش میلیۆن، لە سووریا دوو میلیۆن و لە ئێران چوار میلیۆن کورد دەژین. لە تورکیاش ئەوە دەپەژرێنن کە هەژدە تا بیست میلیۆن کورد هەن. هەروەها لە وڵاتانی قەفقازیاش نزیکەی میلیۆنێک کورد دەژین. لە هەر کام لە وڵاتانی گورجیستان، ئەرمەنستان، قەزاقستان و کۆمارەکانی ئاسیای ناوین چەند سەد هەزار کوردێک دەژین.

کوردەکان لە عێراق دەوڵەتیان هەیە، لە سوریا خەریکە {دەوڵەت} دروست دەبێ، لە تورکیا ڕەوشی کوردان نادیارە. باشە، ئەی کوردەکانی ئێران لە چ بارودۆخێک دان؟
ئەوەی ڕاستی بێ لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، لە ئێران و تورکیا دۆخێکی هاوشێوە هاتۆتە ئاراوە. چونکە کاتێک تورکیای مودێرن دامەزرا، ئێران وەک مودێلێک سەیری تورکیای مودێرنی کرد. دەسەڵاتداری ئێران، بە لاسایی کردنەوەی تورکیای مودێرن، گوشارەکانیان بۆ سەر کوردەکان پەرە پێ دا. دواجار ساڵانی ١٩٢٠، گوشار لە سەر کوردەکانی ئێران هەبوو هەرچەند لە چاو تورکیا کەمتر بوو.

ئەی ئەمڕۆکە ڕەوشی کوردەکانی ئێران چۆنە؟
کوردەکان لە ئێران لە دوو ناوچەدا دەژین. کوردە سوننەکان زیاتر لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەژین. کوردە شیعەکانیش لە دەوروبەری کرماشان. کوردی شیعە، ئەمڕۆکە لەگەڵ سیستەم زیاتر تەبان. کوردە سوننیەکان لە ڕابردوودا، دژ بە ڕژێمی شا لەگەڵ خومەینی جوڵانەوە، بە ئومێدی دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک دژ بە ڕژێمی پاشایەتی شان بە شانی یەکتر تێکۆشان. پاش ئەوەی خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، داوای خودموختاریان کرد، بەڵام خومەینی ویستی خودموختاری کوردە سوننەکانی قەبوڵ نەکرد.

پاش ئەوەی ددان بە خودموختاری دانەنرا، چ ڕووی دا؟
کوردەکان دژ بە سوپای ئێران و ڕژێمی خومەینی شەڕی گەریلاییان دەست پێکرد. دیارە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە گوند و لە شاخەکان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە بوو. قاسملوو، لە لایەن ئەوروپیەکانیشەوە ناسراو بوو و گەلانی نێو ئێران بە ڕێزەوە سەیریان دەکرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو دەزگای هەواڵگری ئێران، ڕێبەری کوردەکانیان لە ئەوروپا کوشت. دوای هاتنە سەر کاری خومەینی، من لە سوید چاوم بە عەبدولڕەحمان قاسملوو کەوت. قاسملوو و هەڤاڵانی، بە ئومێدی "دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک، کوردستانێکی ئۆتۆنۆم" سەردانی خومەینیان کردبوو.

چ وڵامێکیان وەرگرت؟
پێویستە ڕاستگۆ بین. خومەینی وڵامی سەرجەم داخوازییەکانی نەدایەوە، بەڵام بە نیەت بوو هەندێک شت بکا کە کوردەکان لە ڕوانگەی کولتورییەوە قایل بکا. بە گەرمی نزیکی کردنەوەی قوتابخانە لە لایەن کوردەکان و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی بۆوە. بەڵام کوردەکان خودموختاریان دەویست. ئەو سەردەمە، شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو کوردەکاندا بەدی دەکرا. لە ژێڕ باندۆڕی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە، بە مافە کولتوریەکان قانع نەبوون و بە خومەینیان نەگوت بەڵێ. پێیان وابوو مافی کولتوری بەس نییە. ئیتر ئەودەم خومەینی زۆر بەهێز بوو و ویستی خودموختاری کوردەکانی ڕەت کردەوە.

ئێستا کوردەکان لە ئێران چ مافێکیان هەیە؟
دیارە لە ئێراندا کێشەی دیموکراسی هەیە. ئەوەی دژایەتی بکا دەخرێتە گرتووخانە یاخود سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام... مافی کوردەکان لە ئێران، هەمیشە لە پێش هی تورکیاوە بووە. چونکە ئێران بەردەوام بەمەی زانیوە. بە ڕێ و شوێنی توند و قەدەغەکردن بزووتنەوەی کوردی کۆتایی نایە، بە پێچەوانە پێیان وابووە کێشەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و هەمیشە سیاسەتەکانیان لە سەر هێڵێکی نەرم ڕاگرتوە بۆ ئەوەی کوردەکانی پێ بەڕێوە بەرن. بۆیە لە ئێران زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و لە قوتابخانەکان وانەی کوردی هەیە و زمانی کوردی فێر دەکرێ. لە ئێران هەروەها ناوی کوردستان نە وەک بەڕێوەبەریەک بەڵکوو وەک هەرێمێکی جوگرافی، بەکار دەهێنرێ. بێننەوە بیر...

چی؟
لە ئێرانەوە فڕۆکەیەک بە ناوی کوردستانەوە هاتبوو و لە تورکیا چ هەرا و هەنگامەیەک بەرپا بوو. لە کاتێکدا لە سەردەمی عوسمانیەکان، لە تورکیا ویلایەتی کوردستان وەک هەرێمێکی جوگرافی هەبوو. تەنانەت زارا - کوچگری ستاتۆیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.

وەک دروستبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردی باس لە کۆماری مەهاباد دەکرێ. کۆماری مەهاباد چ بوو؟
مەهاباد، ناوچەیەکە کوردی سوننە لێی دەژین. کۆماری مەهابادیش، بە مانەوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی ئێراندا، ڕاگەیاندنی خودموختاری ناوچەی کورد بوو. یانی کۆماری مەهاباد، ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەبوو. مەهاباد، ناوی بەڕێوەبەرایەتی خودموختاری کوردی بوو و بە پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساتەوەختێکدا دروست بوو کە شا هێزێکی ئەوتۆی نەبوو.

یەکەم کۆماری کوردەکان چۆن دامەزرا؟
دوای جەنگی جیهانی دووهەم، ناسیۆنالیزمێکی نوێی کوردی لەدایک بوو. ناسیۆنالیزمی پێشتری کورد، هی ئاغا و دەرەبەگ و مەلایان بوو. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی مودێڕنەی جەنگی جیهانی دووهەم و نەتەوە - دەوڵەت هێنایان، بوو بە ناسیۆنالیزمی ڕۆشنبیران، خوێندکاران، خەڵکی شار و چینی کاسپکاران. لە کۆماری مەهاباددا، ئەم دوو ناسیۆنالیزمە یەکیان گرت تاکوو لە ئێران کورد بگەیەننە دەسەڵات. ئامانج، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو.

بۆچی لە ئاکامدا سەرنەکەوت؟
ئەو کات کوردەکان دونیایان باش نەخوێندبۆوە. ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا باش نەبوو. لە بری بەستنی پەیوەندی گەرم و دۆستانە لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا و لایەنگری لەوان، ڕوویان کردە سۆڤیەت و یارمەتییان لەوان وەرگرت. پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووهەم کۆتایی هات، بە پێی ڕێککەوتننامەی سۆڤیەت لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا، ئەوان {سۆڤیەت} ناچار بوون لە ئێران دەرکەون. کوردەکانیش نەیانتوانی مەهاباد بپارێزن. بەمجۆرە ئەو ئۆتۆنۆمیەی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرابوو، یانزە مانگ و نیو درێژەی خایاند. پێویستە ئەمەش بگوترێ: بە هۆی ئەوەی ئایینی فەرمی ئێران، شیعەیە، کوردە شیعەکان شان بە شانی کوردە سوننەکان نەڕۆیشتنە پێش. وەک چۆن لە تورکیا کوردە عەلەوییەکان لەگەڵ کوردە سوننەکان نەبون.

مەگەر ژمارەیەکی بەرچاو لە پەکەکە، کوردی عەلەوی نین؟
پەکەکە جیاوازە. ئەو بەرهەمی جیهانێکی نوێێە. کە سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕووی دا، عەلەوییەکان لە دژی وەستانەوە. لە سەرهەڵدانی کۆچگریشدا، سوننەکان دژایەتیان کرد. دیارە ناسیۆنالیزم ئەم لایەنە سەقەتانەشی هەیە. ئایین، پێش ڕەگ و ڕیشەی ئەتنیکی دەکەوێ. لەوانەیە ئێستە دەنگی نەبێ بەڵام هێشتاش هەروایە. بۆیە پێویستە ئەم دەنگەی ژێرەوە ببیسین.

مەلا مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە فەرماندە پێشڕەوەکانی کۆماری مەهاباد. ئیشی سەرۆکێکی کوردی عێراقی، لە نێو ئۆتۆنۆمیەکی دامەزراو لە ئێران چییە؟
لەو سەردەمەدا، کوردەکانی عێراقیش دژی دەوڵەتی عێراق لە تێکۆشان دابوون. دوای نسکۆ، ڕۆیشتنە مەهاباد. لە لایەکی دیکەوە، خۆ سنووری عێراق - ئێران بە لای کوردەکانەوە، سنوور نییە! خەڵکی هەر دوو سنووری عێراق و ئێران، خزم و کەس و کاری یەکترین. خۆ ئەوان ناڵێن تۆ عێراقی و من ئێرانیم. ئەوان لە ڕێکخستنیشدا لە نێو یەکتری دابوون. هەم ڕێزیان لە سەرکردەی ئێرانی، قازی محەمەد دەگرت و هەم لە سەرکردەی عێراقی مەلا مستەفا. لە پێناو شیکردنەوەی دروست و ورد، پێویستە باش ئاگاداری پەیوەندی نێوان دین و ناسیۆنالیزم بین... 

ناسیۆنالیزمی پاڵپشت بە نەتەوە و ئەتنیک لەگەڵ ئایینی پاڵپشت بە ئوممەت پێکەوە دەسازێن؟
هەڵبەت دەسازێن. بۆ نموونە سەرجەم بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە {تەریقەتی} نەقشبەندی و قادریەوە سەرچاوە دەگرێ. بارزانی، قادری بوو پاشان بوو بە نەقشبەندی. چونکە قادرییەکان هێدی هێدی کەمڕەنگ بوونەوە، گۆڕان و بوون بە نەقشبەندی. ئەوانەی لە تورکیا ڕاپەڕیون، سەرجەمیان نەقشبەندی بوون. جگە لە سەرهەڵدانی دێرسیم و کوچگری. شێخ سەعید نەقشبەندییە. سەرۆکی کۆماری مەهاباد، قازی محەمەد هەروا.

بۆچی هەموویان نەقشبەندین؟ تۆ بڵێی ڕێکەوت بێ؟
رێکەوت نییە. مەولانا خالید، {تەریقەتی} نەقشبەندی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە پێ داوە. ساڵانی ١٧٧٠ لە ناوچەیەکی نێوان کەرکووک و سلێمانی بە ناوی قەرەداغ ژیاوە و خەڵکی ئەوێیە. ئەو سەردەمە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپریالیزمی بریتانیایە بە سەر هیندستان ورۆژهەڵاتی دووردا. مەولانا خالید ڕۆیشتە هیندستان و لەوێ خەباتی دژە ئیمپریالیزمی ناسی. لە گەڕانەوەدا ٦٠ کەس بوونە موریدی، ٣٣ - ٣٤ کەس لەوان کورد بوون. ئەو کەسانە چووبانە هەر شوێنێک، تەکیەی نەتەوەپەرستی ئیسلامیان دادەمەزراند. سەنتەزێکیان لە ئیسلام و ناسیۆنالیزم دروست کرد و دوژمنایەتی بێگانەیان کردە ئامانج. ناسیۆنالیستە کوردەکان دوای مەولانا خالید کەوتن. تورکەکان بەو شێوەیە دوای نەکەوتن. تەنیا تورگوت ئۆزال ئەو ڕێچکەیەی شۆپاند. تورکەکان باڵی گوموشخانەوی نەقشبەندێتیان شۆپاند. ئەربەکان ئەم ڕێبازەی گرتە بەر.

کوردەکان لە کەنگێوە لە میزۆپۆتامیا دەژین؟
ئەوەی زانراوە، مێژووی ژیانی کوردەکان لە میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی شەش و حەوتی بەر لە زایین. بەڵام بەڵگەی تریش هەن کە پەیوەندیان بە سەردەمی پێشووترەوە هەیە. کاتێک تورکەکان لە ئاسیای ناوین و ئێرانەوە هاتن، کوردەکان لێرە بوون.

کوردەکان بەردەوام پەرتەوازە ژیاون؟
بەردەوام بە پەرتەوازەیی ژیاون. چونکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی فیۆداڵی پەرتەوازە و پارچە پارچەیە. جاران ئەڵمانەکان و ئیتالیەکانیش بەمجۆرە بوون. دەرەبەگێکی بەهێز یاخود پاشایەک، یەکگرتووی کردن. ئەوانیش دڵخوازانە نەهاتوونەتە لای یەک. کوردەکان هەوڵی یەکگرتنیان داوە بەڵام هەلومەرج و ئاستی تواناکاری خۆیان دەرفەتی بەمە نەداوە. لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و پاشڤەڕۆ، یەکنەگرتن و پارچەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان، قەدەر و چارەنووسە.

بۆچی لە مێژوودا پاشایەتیەکی کوردی بە دی ناکرێ؟
بەڕای ئێوە بۆچی نییە؟

ئاخۆ پێکهاتەی فیۆداڵی کوردەکان لە بەردەم دامودەزگای دەوڵەتی ئاستەنگ بووە؟
ئەوە هۆیەکی سەرەکیە... هەروەها دەبێ ئەمەشمان لە بیر نەچێ: کوردەکان خۆشیان لەمەدا بەسەر نەکەوتن. لەوانەیە کەموکوڕییان هەبێ. دەبێ ددان بەوە دابنێین لە ناو کوردەکاندا کەسێکی ڕێکخراوی وەک ئەتاتورک دەرنەکەوتووە. جگە لەمەش کوردەکان خۆیان لە پاڵ عوسمانیەکاندا بینیەوە و دوای ئاریشەی دەوڵەت نەکەوتوون. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ڕزگاریدا، کوردەکان لەوە نەترسێنرابان کە "ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان" و لەگەڵ تورکیا نەخرابان، ئایا پاراستنی کۆماری تورکیا هەروا ئاسان دەبوو؟

کێ کوردەکانی ترساند؟
لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، سەرجەم ئەندامانی ئیتحیاد - تەرەقی، مستەفا کەماڵ و هاوڕێیانی بە کوردەکانیان گوت "ئەممان ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان. وەرن با پێکەوە بین."

ئایا ئەمڕۆکە هیچ هەوڵدانێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەکدا؟
نەخێر. بەشێکی کوردەکان، لە سووریا لەدایک بوون و لەوێ شێوەیان گرتووە. بەشێکیان نەتەوە - دەوڵەتی عێراقیان پەسند نەکردوە و بەردەوام بەرەنگاری بوونەتەوە. ئەوانەی تورکیا، چوونە ناو سیستەمی فرە حزبیەوە و لە چاو کوردەکانی تر، دیموکراتیک ترن. هەرچی کوردەکانی ئێرانیشە لە ناو شارستانیەتێکی جیاوازدا ژیاون. ئێستا چۆن ئەو مرۆڤانە لە دەوری یەک کۆ دەکەیتەوە؟ ئەگەر بشتەوێ، ناتوانی. هەر یەکەیان لە هەلومەرجێکی جیاواز و لە ژێر کارتێکەرییەکی جیاوازدا، گەورە بوون، کەسایەتیان شێوەی گرتوە و بوونەتە خاوەن جیهان بینی و تێڕوانینی جیاواز بە خۆیان. بەشێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری فەرەنسا و بەشێکی تر کاریگەری بریتانیایان لە سەرە. لە کاتێکدا کوردەکانی تورکیا، چەشنێک قۆناغی دەوڵەت - نەتەوە ژیاون. کۆکردنەوەی کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەک ئەستەمە.

کاریگەری پەکەکە لە سەر ئەو چوار وڵاتە بە چ شێوەیەکە؟
لە سەر سووریا و تورکیا کاریگەری هەیە. لە سەر ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. تەنیا لە نێو گەلدا هەندێک ئۆگری هەیە و بەس.

ئەی بارزانی چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی لە سەر کوردەکان هەیە؟
بە کوردەکانی تورکیاشەوە، بە ڕێز و حورمەتەوە سەیری دەکرێ بەڵام... هەروەک پەکەکە ئەویش ناتوانێ سەرجەم کوردەکان لە ژێر ئاڵایەکدا کۆ بکاتەوە، کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی ئەو قەبوڵ ناکەن.

ئایا لە تورکیا ئەو کوردانە بەدی ناکرێن کە دەسەڵاتدارێتی بارزانی قەبوڵ بکەن؟
زۆرن بەڵام کوردێک بەدی ناکەم بیەوێ شان بە شانی ئەوان ببێتە پێشمەرگە.

دیرۆکی بنەماڵەی بارزانی، بۆ کوردەکان چ واتایەکی هەیە؟
وەک قارەمانێکی مێژوویی سەیری بارزانی باوک دەکەن. ئەو ئیماژەی بارزانی کوڕیش تا ئێستا دروستی کردوە، ئەرێنیە.

کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە؟
کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە و ئەمەش ئاساییە. چونکە کوردەکان کۆمەڵگەیەکی لەت و پەتن. جگە لەوەی لە ناو عەشیرەکاندا پارچەبوون بە دی دەکرێ، بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراون. دەوڵەتەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، دەتوانن دەست بخەنە کاروبارەکانیانەوە.

کوردەکان زیاتر لە لایەن چ کەسانێکەوە خیانەتیان پێکراوە؟
لە لایەن هەموو کەسێکەوە. بۆ نموونە لە دامەزراندنی کۆمار{تورکیا} دا فیداکارییەکی زۆریان نواند بەڵام چیان بینی؟ نکۆڵی و حاشا لێکردن! گەلۆ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیاتان خوێندۆتەوە؟ ئەم پڕۆتۆکۆلە ٢١ی ئۆکتۆبری ١٩١٩ واژۆ کراوە. یەکێک لە لایەنەکان، نوێنەری "هەیئەتی تەمسیلیە" بوو کە لە کۆنگرەی سیواس دامەزرابوو. لایەنێکی دیکەش حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. بەحریە نازری ساحیل پاشا نوێنەری حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. لە هەیئەتی تەمسیلیەشدا، مستەفا کەماڵ، ڕەئوف ئۆربای، بەکر سامی هەبوون. پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا چ دەڵێ؟

دەڵێ چی؟
دەڵێ "هەر شەڕ تەواو بوو، هەموو جۆرە پێداویستییە کۆمەڵایەتی و نژادییەکانی کورد دابین دەکرێن". ئەی باشە، کوا؟ دوایی، هەر یەکسەر ویستیان ئەم ڕستەیە لە خەڵک بشارنەوە.

یانی دامەزرێنەرانی کۆمار ویستیان پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا لە خەڵک بشارنەوە؟
بەڵێ، خاڵێکی زۆر گرنگیان حەشار دا. لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە "دوای سەرکەوتن، سەرجەم داخوازییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نژادییەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێن". لە وتاری ئەتاتورکدا ئەم ڕستەیە نەهاتووە، بەڵام لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە. ئەمانە گشتیان چەرکەسن.

تێنەگەیشتم، چۆن ئەوانە پێکەوە دەبەستنەوە؟
ساڵح پاشا، بەکر سامی، ڕەئوف پاشا هەموویان چەرکەس بوون. ئەو چەرکەسانە ناڵێن "ئێمە ئەم کۆمارەمان شان بە شانی کوردەکان دامەزراند و پێکەوە ڕزگاری دەکەین". ئەوە باسی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٩یە. دواجار ساڵی ١٩٢١، تۆپاڵ عوسمانیان ناردە لای نورەدین پاشا و کوردەکانیان کوشت. لە ناوچەی زارا و کوچگیری دەوروبەری هەشتا گوندیان خاپوور کرد... لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩١٩ کاتێک ئەتاتورک ڕۆیشتە ئەرزروم، مەسەلەی هەرە گەورەی تورکیا، دیسان کێشەی کورد بوو. هەر بۆیەش ئۆکتۆبری ١٩١٩ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا واژۆ کرا.

ئەی باشە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کوردەکان لە چ دۆخێک دابوون؟
دیارە قەوارەی خۆسەر پێکنەهاتبوون بەڵام ڕەوشەکە واش نەبوو کوردەکان لە کوردایەتیان دوور بخاتەوە. کوردستان جوگرافیایەک بوو. کوردستان نوێنەرانی خۆی هەبوو. لە کاتێکدا، پاش دامەزراندنی کۆمار {ی تورکیا} وشەی کورد قەدەغە کرا. گوشار و قەدەغە بۆ سەر کوردەکان پەرەی سەند. کوردەکانیش هەستیان بەمە کرد، بۆیە لە سەردەمی کۆماردا ناوە ناوە ڕاپەڕینی بچووک دروست بوون. ڕاپەڕینە گەورەکانیش بریتی بوون لە سەر‌هەڵدانی شێخ سەعید، ئاگری، دێرسیم و کوچگیری.

کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان لە دامەزراندنی کۆمار هەبوو؟
چاوەڕوان بوون شانبەشانی تورکەکان لە دامەزراندنی کۆماردا دەستیان هەبێ. وەک پێکهاتەیەکی هاوبەشی کورد و تورک، بیریان لە کۆمار کردبۆوە. چونکە ئیتیحاد - تەرەقی لە پێکهاتنی مەشروتەی دووهەم لە ساڵی ١٩٠٨، کوردەکان و نەتەوەکانی تری پشت گوێ نەخستبوو. لە پێنج دامەزرێنەری ئیتیحاد - تەرەقی، دوانیان کورد بوون: عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سوکوتی... بەڵام ئیتیحادچیەکان کاتێک لە باڵکان ڕووبەڕووی شکست بوونەوە، هەموویان بوونە ناسیۆنالیست.

قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانیش دوای تەقینەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕووی نەدا؟
دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ. ئەرمەنیەکان لە ساڵی ١٨٨٩ حزب و ڕ ێکخراوی خۆیان دامەزراند. ئەرمەنیەکان لە قۆناغی ژیانی بورژوازی دابوون. لە چاو کوردەکان کە تەنانەت ناتوانین بڵێین لە قۆناغی فیۆدالی دابوون، ئەرمەنیەکان سیستەمێکی بورژوازی دەژیان. ئینجا هەموویان لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە. دیارە لە هەموو کەس زیاتر کوردەکانیان لە ئەرمەنییەکان ترساند. ئیتیحاد - تەرەقی و سەرانی شەڕی ڕزگاریش ترسان.

ئەرمەنیەکان قەتڵوعام کران و دوور خرانەوە. ئیتر لە ئەنادۆڵ ئەرمەنی نەمانەوە، ئەوانی مانەوە، ناچار بوون ناسنامەکەیان بشارنەوە. کورد، بۆچی لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە؟
ئەوکات هێشتا ئەو مەسەلانە نەبڕابوونەوە. ئیتیحاد - تەرەقی و کەماڵیستەکان بەردەوام دەیانگوت "ئەگەر کوردەکان ئەم خەباتە (شەڕی ڕزگاری) لەگەڵ ئێمە نەبەنە سەر، ئەرمەنییەکان دەگەڕێنەوە. ئێرە دەبێتە دەوڵەتی ئەرمەنستان. ئەو سامانەی لە ئەرمەنییەکان پێتان گەیشتووە، لێتان دەستێندرێتەوە". کوردەکان گومانیان لا دروست بوو و زۆر ترسان.

ئەتاتورک چ بەڵێنێکی بە کوردەکان دابوو؟
ئەوەی ڕاستی بێ، ئەتاتورک ڕاشکاوانە بە کوردەکانی نەگوتبوو "پێکهاتەی دەوڵەت وا و وا لێدەکەم و فڵان شت دەدەم بە کوردەکان."

ئەی، چی گوتبوو؟
گوتبووی "سەرجەم پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان جێبەجێ دەکەم". ساڵی ١٩٢٣ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ڕۆژنامە لە ئیزمیر گوتی "وەها ویلایەتێک بونیاد دەنێین کە مەجلیسەکانیان بە گوێرەی پێداویستەکانی ئەوێ بڕیار بدەن. ئەمە جۆرێک ئۆتۆنۆمیە." بەڵێنی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی، لەو سەردەمەدا دەیتوانی هەموو کەسێ قایل بکا. هەروەها پێش ئەمە، ئەتاتورک تەلەگرافێکی بۆ فەرماندەی سوپا نیهات بەگ نارد. لە تەلەگرافەکەدا ئەتاتورک گوتبووی "لەو ویلایەتانەی کوردەکان زۆرینەن، لە لایەن ئەوانەوە {کوردەکان} بەڕێوە دەبرێ."

ئەتاتورک کەی لەو بۆچوونانەی پاشگەز بوویەوە؟
پاییزی ١٩٢٤ پاشگەز بۆوە. هەم خۆی و هەم ئیتحادچیەکانی دەوروبەری، نەیانویست کوردەکان بۆ خۆیان، خۆیان بەڕێوە بەرن و زۆر بە ڕاحەتی بایان دایەوە. دیارە دوای ئەمەش، سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەستی پێکرد. بزووتنەوەی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید، جۆرێک شکست و لەناوچوونە. هەم ئایین و هەم بزووتنەوەیەکی کوردییە. دەستەی وەزیرانی ئەو کات، سەرەتا بە پێی بڕیاری دەرچووی سەرۆکایەتی دادگا، ئەم بزووتنەوەیان وەک بزوتنەوەیەکی کوردی نیشان دا. بەڵام پاشان بینیان لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. دەستەی وەزیران بڕیارێکیان دەرکرد و گوتیان "بزوتنەوەی شێخ سەعید، بزووتنەوەیەکی ئایینیە."

کوردەکان لە وڵاتانی تریش ڕاپەڕیون؟
ساڵی ١٩٢٤ لە عێراق و ئێران سەریان هەڵدا. بەڵام وڵاتێک کە زۆرترین گوشاری لە سەر کوردەکان پەیڕەو کرد، تورکیا بوو. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٥ بە دواوە پەنای بۆ شێوازێکی توندو تیژی برد کە بوو بە نموونە بۆ وڵاتانی تر و گوتی "کورد بوونی نییە". لە کاتێکدا وڵاتانی تر، نکۆڵیان لە بوونی کوردەکان نەکرد.

ئەی باشە ئێستا کوردەکانی تورکیا بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی خەبات دەکەن؟
لە ڕاستیدا، زۆربەیان خوازیاری هاووڵاتی بوونێکی یەکسانن. پێشیان وایە تەنیا لە ڕێگەی خۆسەرییەوە دەبنە هاوڵواتیەکی یەکسان. مێشکی کوردەکان بۆ خۆسەری کراوەترە. هەم ئەزموون لە جیرانەکانیان وەردەگرن، هەم لە مێژوو و هەم لە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا و پێیان وایە تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، خۆسەرییە!

۱۳۹۱/۰۶/۱۳

ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین




سەرلێشێواوی ڕێکخراوێک کە خراپ ناسراوە
ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین (کورت کراوەتەوە)

موریس لۆموان / لۆمۆند
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ساڵی ١٩٥١، ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) لەپێناو "ئازادکردنی گەلان لە وابەستەبوونیان بە خاوەنانی کەرەستەی بەرهەمهێنان" چالاکییەکانی دەست پێکرد. شەست ساڵ دواتر، ڕێبەرانی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست پێیان باشە قسە لە "کۆنتڕۆڵی ژیرانەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی بەجیهانی بوون" بکەن. لارێ بوونێکی هێواش کە نیشانەی هەڵسوکەوتی ئەم "سۆسیالیستانە"یە لە مەڕ هاوتاکانیان لە ئەمریکای لاتین.

لە قسەکانی کردنەوەی جڤاتی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) کە ڕۆژی ١٥ی نۆڤامبری ٢٠١٠ لە بارەگای ڕێکخراوی فرە لیبڕاڵی هاوکاری و گەشەی ئابووری (OCDE) لە پاریس بەڕێوە چوو، مارتین ئوبری، سەرۆکی گشتی حزبی سۆسیالیستی فەرەنسا، بێ ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بشارێتەوە، دەڵێ "دەمویست بە بۆنەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی لە یۆنان، پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی سەرۆکمان جۆرج پاپاندرۆئۆ بکەم {وێرای بەشداری نەکردنی ٥٣%}. لە هەلومەرجی دژواردا، ئەم دڵگەرمی و سەرکەوتنە، پاداشێکە بۆ بوێری سیاسی کە بۆ هەموو لایەک مایەی ستایشە." کەس نییە نەزانێ سەرۆکی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پان یۆنانی (پاسۆک) و ئەو "گۆشەگیرییە دادپەروەرانە"یەی کە بانگەشەی دەکرد بە سەر وڵاتەکەیدا سەپاندوە، چی بە سەر هات. هەروەها هەموو لایەک دەزانێ ژمارەیەک لە ئەندامە بەرچاوەکانی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنالیست چ چارەنووسێکیان بە سەر هات، بۆ نموونە لوران باگبۆ، زەینەدین بن عەلی یان حوسنی موبارەک. لە ناوهێنانی زیاتر خۆ دەبوێرم.

بەو شیکردنەوە لاوازە و ئەو شێوازە کارە، ئاخۆ بەڕاستی پێویستە مرۆڤ سەری لەوە سووڕ بمێنێ کە ئەم "ئەنجومەنە باڵایەی کاردینال سۆسیالیستەکان" سەبارەت بەو جموجوڵە بنەڕەتیانەی ئێستە زیاتر لە دەیەیەکە ئەمریکای لاتین دەگۆڕێ، کەمتەرخەمە؟

رۆژی ٧ی دێسامبری هەمان ساڵی ٢٠١٠، لە بروکسێل، وێنەیەک و ناوێک لە سەر دەرگای "ئالتی یرۆ سپینلی"ی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵواسرا: "گیلێرمۆ فاریناس" سێهەمین نەیاری کوبییە کە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی "ساخارۆف" بۆ ئازادی ئەندێشەی وەرگرتوە. لە بەرامبەردا، بێ ئەوەی ڕیکلامێک کرابێ، لە ئامفی تیاترێک، دە نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و جێگر پەرلەمانێک، گوێ لە ڕاپۆرتی سەندیکالیست و چالاکانی مافی مرۆڤ دەگرن کە لە کۆلۆمبیاوە هاتوون.

خاڵی وەرچەرخانی کودەتای شیلی

هەندێک شایەتحاڵ مرۆڤ ڕادەچڵەکێنێ: لە چوار مانگ لەمەو پێشەوە واتە لە ساتەوەختی بە دەسەڵات گەیشتنی "خوئان مانوئێل سانتوس" (وەزیری پێشووی بەرەڤانی "ئالوارۆ ئوریبێ"ی، سەرۆک کۆماری پێشوو)، سی و نۆ ئەندامی سەندیکا و دوازدە چالاکی بەرەی دیموکراتیکی ئەلتەرناتیڤ (PDA) و ژمارەیەک کەسی تر، کوژراون. "ئولێ کریستنسن"، سۆسیال دیموکراتی دانیمارکی، زانیاری ورد پێشکەش دەکا: ناوبراو ژوئیەی ٢٠١٠ لەگەڵ "ریچارد هوویت"، لە پارتی کرێکاری بریتانیاوە کە خۆیشی بەشداری کۆبوونەوەکەیە، شان بە شانی ڕێکخراوی "عەداڵەت بۆ کۆلۆمبیا" سەفەرێک بۆ "ماکارنا" دەکەن کە ناوبانگێکی دڵتەزێنی هەیە. "ئێمە تا کوشتارگە ڕۆیشتین. زیاتر لە دوو هەزار کەس {قوربانیانی سوپا و چەکدارەکان} لەوێ نێژراون. ئێمە دەبێ بۆ پەیمانی بازرگانی ئازاد { TLC} کە یەکێتی ئەوروپا و کۆلۆمبیا پێکەوە دانوستان دەکەن، "نا" بڵێین." تەنیا دەنگێک بۆ داکۆکی کردن لە "بۆگۆتا" بەرز دەبێتەوە، دەنگی "ئێمیلیۆ دێل والێ"، نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کرێکاری ئیسپانیا (PSOE): "پێتان وایە دەوڵەتێک بتوانێ لە ماوەی سێ مانگدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکا؟ ئەگەر سەرانسەری وڵات {٥٥،٥٩% بەشداریان نەکردوە} دەنگیان بە "سانتوس" دابێ، دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ."

وێدەچێ ئەو سێ نوێنەرەی پەرلەمانی ئەوروپا کە سەر بە تەشکیلاتی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستن، خۆیان هاوئاهەنگ نەکردبێ. "پۆل ئێمێل دوپرێ"ی بێلژیکی، ڕاوێژکاری چەپی یەکگرتووی ئەوروپی / چەپی سەوزی سکاندیناو (GUE/NGL)، ئەم کۆبوونەوەیە و کۆبوونەوەکانی دیکە، تاوتوێ دەکا: " کریستنسن و هوویت، لە دەستەی پەرلەمانی خۆیاندا {حزبی سۆسیالسیتی ئەوروپی (PSE)} بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن. من دڵنیا نیم زۆرینەیەک دژی ئیمزاکردنی پەیمانی بازرگانی ئازاد (TLC) دەنگ بدا. سەرۆکی گرووپەکە، مارتین شولتسی ئەڵمانی {حزبی سۆسیال دیموکرات (SPD)} هاوڕایە. حزبی سۆسیالیستی ئیسپانیا (PSOE) تەنانەت ئەولاتریش، هیچ شەرت و مەرجی نییە!"

بێ ئەوەی پێویست بکا بگەڕێینەوە بۆ دەسپێک، بە بیرتان دێنمەوە کە حزبی سۆسیالیستی شیلی کە ساڵی ١٩٣٣ لە لایەن سالوادۆر ئالندێ دامەزرا، ڕەخنەی لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست گرت کە "لە بۆتەی سیستەمی دیموکراتیک بورژوازی سەرمایەداریدا هەڵوێستی ئاشتی خوازانەی هەیە" و لە ئەندامێتی ڕێکخراوەکە خۆی بوارد. بە درێژایی جەنگی سارد، ئەم مژارە کێشەیەکی دروست نەدەکرد: ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ڕێگەی حیساب کردن بۆ ناوچەکە لە جەرگەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەمریکا، لەوێ بە دوای سەرئێشەدا نەدەگەڕا. ''ئانتوان بلانکا'' ئەو کات ئەندامی دەفتەری پەیوەندیە دەرەکیەکانی بەشی فەرەنسی ئەنتەرناسیۆنال کرێکار (SFIO) بوو، بیر دەکاتەوە و دەڵێ "هیچ دەقێکم نایەتەوە بیر، ڕووخانی "جاکابۆ ئاربێنز"ی لە ساڵی ١٩٥٤ لە گواتمالا مەحکووم کردبێ. دە ساڵ دواتر، کاتێک ویستم دەستێوەردانی سەربازانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە "سەن دومینگۆ" {کۆماری دومینیکان} لەقاو بدەم، "گی موولێ" واقی وڕما."

سەرباری ئەمەش، لەو سەروبەندەدا، شۆڕشی کووبا (١٩٥٩) چەمکی دژە ئیمپریالیزمی خستبووە ڕۆژەڤەوە. بێ دەسکەوتێکی بەرچاو: "ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست چاوێکی کڕیارانەی لێکرد بەڵام دووراودوور." تاکوو ١١ی سێپتامبری ١٩٧٣. ڕووخان و مەرگی سالوادۆر ئالندێ زەبرێکی ڕۆحی هاوشێوەی شەڕی براکوژی ئیسپانیا بوو کە لە ناو سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "یەکگرتنی سۆزدارانە و دۆزینەوەی دونیایەک کە نەیاندەناسی" وروژاند. لە بیرەوەرییەکانی بلانکا کە ئەو کات بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، چەند ڕۆژ دوای کودەتا سواری فڕۆکە دەبێ و دەچێتە شیلی. لە "وینیا دێل مار" بەر لەوەی لەو وڵاتە دەربکرێ، دەچێتە سەر مەزاری "هەڤاڵ سەرۆککۆمار". "ئەمە یەکەمین ناکۆکی بەرچاوی ئەنتەرناسیۆنالێک بوو لە بەرامبەر واشنگتۆن دا کە تا ئەو دەم هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ئەوەی سەبارەت بە ستراتژی ئەمریکا و "ناتۆ" {رێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری} ملکەچ بێتە بەرچاو."

لەو ساتەوە بە دوا، لایەنگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە دیکتاتۆڕەکان خاڵی ناکۆکی وەچەیەکی سۆسیال دیموکراتەکان لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمریکایی پێک دێنێ: ویلی برانت (ئاڵمانیا)، ئۆلۆف پالمێ (سوید)، فەرانسوا میتەران (فەرەنسا)، برۆنۆ کرایسکی (ئوتریش) و هەروەها ماریۆ سوئارز (پورتوگال) و فلیپێ گونزالس (ئیسپانیا). لە لایەکی دیکەوە، حزبەکانی لایەنگری چاکسازی و قوربانیانی ئەم حکومەتە سەرەڕۆیانە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە دوای هاوپەیمانیەوە وێڵ بوون. پەیوەندییەکان پەرە دەستێنن. دانیشتنێکی فەرمی لە مانگی ئاوریلی ١٩٧٦ لە "کاراکاس" لە سەر بانگهێشتی "کارلۆس ئاندرێس پرێز"، سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا و پارتەکەی بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) بەڕێوە دەچێ. "یەکەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب" لە "سەن دومینگۆ" لە مانگی مارسی ١٩٨٠، نیشانەی گەشەسەندنی ئەو ڕەوتە سیاسیەیە لە ناوچەکەدا.

هەڵسوکەوتی پشتیوانی دەربڕین

ئەو کات، لە نێوان بیست و نۆ ڕێکخراوی هەرێمی، لە نیکاراگوا، بەرەی ساندینیست بۆ ئازادی نەتەوەیی (FSLN) بەشدار بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٨ەوە ببوو بە ئەندام، ئەوە لە کاتێکدا کە هێشتا چەکی دانەنابوو و لە پێناو دەرکردنی "ئاناستازیۆ سوموزا" خەباتی دەکرد. فیدێل کاسترۆ وەک سەرۆکی پێشووی "بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن" بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوو. ئەوروپیەکانیش "مەترسیەکان بە گیان دەکڕن": بەشداری ئەحزابی "برا" لە بۆتەی بەرەی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ (FDR) لە ئال سالوادۆر، بەرەی دیموکراتیک دژی سەرکوت (FDCR) لە گواتمالا و بەرەی نیشتمان پەروەر (FP) لە هیندۆراس (دیارە دوو گرووپی یەکەم لقێکی سیاسی و لقێکی سەربازیان هەیە) ئەوروپییەکانی هان دا بە کردەوە پشتیوانی لە خەباتی چەکداری بکەن.

ساڵی ١٩٨١، لە فەرەنسا "میتەران" بە گوڵێکی سوورەوە، پێی نایە کۆشکی ئەلیزا. لە ژێر کاریگەری کەسانی وەک "لیونێل ژوسپێن"، "رۆژیس دوبرێ" (مەئموری تایبەتی لای سەرۆک کۆمار) و "بلانکا" (کە ساڵی ١٩٨٢ بووە باڵوێزی گەڕۆکی ئەمریکای لاتین)، پاریس، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئەو وڵاتە، هێنایە مەیدان. ڕاگەیەندراوی هاوبەشی فەرەنسا و مەکزیک سەبارەت بە ئاستی متمانەی نەیارانی ئال سالوادۆر – لەگەڵ لقە سەربازیەکەیان - لە ٢٨ی ئووتی ١٩٨١، شوێنەوارێکی بەرچاوی بەجێ هێشت. میتەران هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ساندینیستەکان ناشارێتەوە؛ پەیوەندییەکان لەگەڵ کووبا لە لووتکە دان. ''بلانکا'' بە خۆشحاڵیەوە ڕادەگەیەنێ: "بە ناوی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست و دوور لە چاوی واشنگتۆن، توانیم کۆمەڵێک کار ئەنجام بدەم، بۆ نموونە لە بەرزبوونەوەی ململانێی نێوان کوستاریکا و نیکاراگوا بەرگریم کرد."

سەرەڕای تووڕەبوون و هەڵچوونی ڕۆنالد ڕیگان، تیۆری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە مەڕ چارەسەری سیاسیانەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕیزی پێشەوە دێ. ئۆسکار ئاریاس، سەرۆککۆماری کۆستاریکا، گەڵاڵەی ئاشتی بۆ ئەمریکای ناوەندی پێشنیار دەکا کە لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵاتی نۆبێلی بۆ بە دیاری دێنێ. میگوئێل ئانجێل ساندۆڤالی کۆنە گەریلا، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی – دیپلۆماتیکی "یەکیتی شۆڕشگێڕی میللی گواتمالا" (URNG) بەمجۆرە ئەو ساڵانە دێنێتەوە بیر: "بزووتنەوەکەمان بەردەوام لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا فەزایەکی لەباری بۆ پێشکەوتنی ئامانجەکانی واتە دانوستان و هەلی ئاشتی دۆزیوەتەوە.  بەم شێوەیە، یەکەمین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ دەوڵەت و سوپا لە مادرید و بە ناوبژیوانی پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بەڕێوە چوو. بەڵام ئێمە بەردەوام ئاگاداری ناکۆکی قووڵی نێوان کۆمەڵێک حزبی وەک حزبی سۆسیالیستی سوید، فەرەنسا و ئیسپانیا و حزبەکانی دیکەین کە ڕیفۆرمخوازتر یان ڕاستڕەوێکی ئاشکران."

لە دانیشتنی "سەن دۆمینگۆ" بەملاوە، بە کردەوە ئۆردوگاکان خۆیان نیشان دەدەن. هەندێک ئەندامی "لاتینی" ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست – حزبی ئازادی نەتەوەیی کۆستاریکا  (PLN)، بزوتنەوەی دیموکراتیکی ڤێنزۆئێلا (AD)، حزبی شۆڕشگێڕی دومینیکا (PRD) و ... تاد – لە ئەوروپیەکان دوور دەکەونەوە. بە پێچەوانەی ئەوروپییەکان، ئەوان کە ڕەگە دێرینەکانیان لە مارکسیسزمدا ناچەقێنن، بە هیچ شێوەیەک سەرمایەداری ناخەنە ژێر پرسیار و لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان بە دژە کۆمۆنیستێکی توند نیشان دەدەن. ڕودریگۆ بورخا، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی ئێکوادۆر (ID) تەنانەت لەمە زیاتر پێ لە بەڕە ڕادەکێشێ و دەڵێ: "خودی چەمکی چینی کۆمەڵایەتیش لە ئەمریکای لاتین مشت و مڕێکی زۆر هەڵدەگرێ."

ئەو حزبانەی ناویان برا، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕیفۆرمخوازن، بۆ زاڵ بوون بە سەر دیموکراسی مەسیحی لە کاتی ڕووخانی دیکتاتۆرەکاندا، کەڵک لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست وەردەگرن. چونکە ئاگاداری دەسەڵاتی ئابووری ئەو وڵاتانەن کە دۆستانی ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتلانتیک حکومەتیان تێدا دەکەن یان بە زوویی بە حکومەت دەگەن. ئەو سوودانە هەڵدەسەنگێنن کە لەوانەیە لەم ڕێگەیەوە نەسیبیان بێ. ساڵی ١٩٩٩، پورفیریۆ مونیۆس لێدۆی مێکزیکی (حزبی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک، PRD) ناڕەزایەتیەکی توندی دەربڕی و گوتی: "شێوازی کاری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە سەر بنەمای پشتیوانی دەربڕینە. هەندێک حزب دێنە ئێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپیەکان هەستن و دابنیشن، وەک بڵێی لەگەڵ چینێکی سەرتر هاموشۆیان کردوە."

لە کۆمیتەی ئەنتەرناسیۆنال بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب (SICLAC) کە ساڵی ١٩٨٠ دروست بووە، کۆمەڵێک حزبی وەک (FSLN) و یەکێتی مەدەنی ڕادیکاڵ (UCR)ی فرە میانەڕەوی ئارژانتینی هاوشانن؛ هەروەها حزبی سۆسیالیستی شیلی (کە ساڵی ١٩٩٦ تەڤلی بووە!) و لەگەڵ دیموکراسی مەسیحی بە هاوبەشی حکومەت دەکەن، لەگەڵ حزبی شۆڕشگێڕی دامەزراوەیی مەکزیک (PRI) کە بە شێوەیەکی نە زۆر دیموکراتیک، هەفتا ساڵە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین ئاماژە بە حزبی لیبڕاڵی کۆلۆمبیا (PL) بکەین کە مۆدێلی نیۆلیبراڵی (١٩٩٤ تاکوو ١٩٩٠) ژێر دەسەڵاتی هەمان ئەو حکومەتانە لە وڵاتەکەی پەیڕەو دەکا کە دامەزراوەی چەپی یەکگرتووی نیشتیمان پەروەریان (١٩٨٦ تا ١٩٩٠) خاشەبڕ کرد، هەمان ئەو حکومەتانەی "ئوریبێ" تا ساڵی ٢٠٠٢ سەر بەوان بوو.

با لەمانە تێپەڕین. لەگەڵ زۆربوونی ئەندامەکان لە ئەنتەرناسیۆنال، سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "پەرە بە نفوزی خۆیان دەدەن". لەم ڕێگەیەشەوە، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەڕێوەبەری باش کە لە ناو ئابووری لیبڕاڵدا گەشەیان سەندوە و تێدەکۆشن تاکوو لە پەراوێزدا هەندێک ڕێک و پێکی بکەن، دەبنە هۆی پێشخستنی بەرژەوەندی ناوەندە ئابووری و سەرمایەکانی ئەوروپا.

فلیپێ گونزالزێس، لە پەراوێزی دانیشتنی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال لە بۆئنۆس ئایرێس لە ٢٥ و ٢٦ی ژوئەنی ١٩٩٩دا دەڵێ: "جاران،  سۆسیالیزم داخراوتر و دەوڵەتی تر بوو؛ بەڵام سۆسیال دیموکراسی بەردەوام بازاڕی پەژراندوە کە لە کردەوەدا شان بە شانی دیموکراسی دەڕواتە پێش. " ناوبراو ئەگەر "نایەکسانیەکی دێوزمە ئاسا کە جیهانی داگرتووە" مەحکووم دەکا، بەڵگەی دواتری حەشاردانی "سوودوەرگرتن لە بە جیهانی بوون" بە مەبەستی لە ناوبردنی بێکاری، برسیەتی و هەژارییە. بەکورتی بە پێی شیکردنەوەکانی "لئۆنێل بریزۆلای"ی برێزیلی (پارتی دیموکراتیکی کرێکاری، PDT ): "{دەقەکە} هێند گشتگیرە کە بە کەڵکی هیچ نایە. " پەرەگرافێکی کورت کە گۆیا هیچکەس نەیبینیوە (؟)، نیشانەی نیگەرانی ئەنتەرناسیۆنالە لە مەڕ "گۆڕانکاری ڕەوتی سیاسی لە ڤێنزۆئێلا {و} سیاسەتی دەستەویەخەبوونی بێ پسانەوەی دەوڵەت لەگەڵ چاوگەکانی دەسەڵات". هۆگۆ چاڤێز شەش مانگ نابێ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە.

رێوشوێنی هاوشێوە هەم بە سەر کۆبوونەوەی دەستەکان (کە کۆی حزبەکان تیایدا بەشدارن) و هەمیش بە سەر کۆبونەوەی هەرێمی SICLACدا زاڵە. خاتوو "مارگاریتا زاپاتا (FSLN)، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بە ناڕەحەتیەوە دەڵێ: "ناچاری دوو ڕۆژی ڕەبەق، وڕ و کاس، گوێ بدەیتە وتاری چەند سەرۆک دەوڵەت یاخود سەرۆک حزبێ، ئەو وتارانەی لە لایەن ڕاوێژکارانیانەوە ئامادە کراون و زۆربەیان پاش ئەوەی دەچنە بەردەم تریبوون، چاویان بە دەقەکە دەکەوێ و بۆیە بە ئاسانی بۆیان ناخوێنرێتەوە." ئاغای "بلانکا"ش وەک تەواوکردنی قسەکانی دەڵێ: "کۆمەڵێک وشەی پووچ، بە نیەتێکی چاکەوە، بەڵام بێ بەرهەم و بێ کەڵک؛ دواجار، هەر کەسە و بێ ئەوەی دیمەنێکی ورد لە بارودۆخەکەی وێنا کردبێ، ملی ڕێگە دەگرێ."

تاکە تایبەتمەندی ئەم کۆبوونەوانە: "چاوپێکەوتنی تایبەت و چاک و خۆشی کردنە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆن" (بلانکا)، "پەیوەندی بەستن و بە تایبەت چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆستان" (خاتوو زاپاتا). لە کاتێکدا کە هەموویان دەزانن "دوژمنانی دۆستانی من، دوژمنانی منن". "بەو بڕیارانەی کە وا هەست دەکەم دەگیردرێن، بارودۆخی ئەم وڵاتە زۆریش گونجاوە." لە قسەکانی "فیلیپێ گونزالێس" پاش ئەوەی کارلۆس ئاندرێس پرێز – کە سیفەتی CAPی پێ دابوو – لە یەکەمی ژانوییەی ١٩٨٩ جارێکی تر دەبێتە سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا. هەر بژی "هەڤاڵ"! CAP بە ڕووکردنە لیبرالیزم و بە دانوستانی چاکسازییەکی پێکهاتەیی لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، نەتەوەکەی لەمڕۆوە بۆ بەیانی برسی دەکا. خەڵکیش لە ٢٧ی فێوریە ڕادەپەڕێ، ئەو ڕۆژەی دواجار لە ژێر ناوی "کاراکازۆ" لە مێژوودا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.

بەرپەرچدانەوەی توندی دەسەڵاتی زاڵ کە تا بڵێی توندو تیژە، نزیک بە سی هەزار قوربانی لێ دەکەوێتەوە. خۆش بەخت تر لە "جڤاتی مەشروتەی دیموکراتیک RCD"، واتە حزبەکەی بین عەلی، سەرۆک کۆماری تونێس کە دوابەدوای سەرکوتی بزوتنەوەی خەڵک لە ژانوییەی ٢٠١١، لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست دەرکرا، "بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) و پارتی (CAP)ن کە بە سڵامەتی دەرباز بوون. ساڵی ١٩٩٣، نوسینگەی ئەنتەرناسیۆنال برووسکەیەکی بۆ CAP نارد کە بە هۆی گەندەڵی لە سەر کار لابرابوو و لەو برووسکەیەدا ڕێز و حورمەتی خۆی بۆ ئەوان دەربڕیبوو. ئەوەی ڕاستی بێ، لە یەکەمین خولی سەرۆک کۆماریدا "ئەو لەگەڵ دۆستە ئەوروپیەکانی زۆر کراوە و دەست ئاوەڵا بوو: حاشا هەڵنەگرە کە لە ژێر سەرۆکایەتی گونزالێس، پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بە شێوەیەکی بەربڵاو سوودی لە "هاوپەیوەندی" مادی ئەو بینی". بەم حاڵەوە، چۆن چاوەڕوان دەکەن "چاڤێز" کە ٤ی فێوریەی ١٩٩٢ دژی "دیموکڕاسی گەندەڵ و زاڵمان" ڕاپەڕی، خۆشەویست نەبێ.

هەر وەک ڤێنزۆئێلا، سەرۆکی پارتە "لاتینی"یەکانی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ بە دەسەڵات گەیشتن – ئارژانتین، بۆلیڤی، برێزیل، شیلی، ئێکوادۆر، مێکزیک، پاناما و ... تاد- خودان سیاسەتێکی واقیعی کۆمەڵایەتی بوون: ئەوان دابینکەری ویست و داخوازی کەسانێکن کە جوان پۆشن و باش دەخۆن. لەگەڵ سڕینەوەی تەواو و تایبەت کردنی بێ سنوور، بە هاودەستی لەگەڵ واشنگتۆن، بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (FMI)، ئەوان دواجار بێ بایەخ و تەنانەت دەفەوتێن. ڕێبەرانی نوێ لە میانەی خەبات یان پاڵپشت بە بزوتنەوەی خەڵک دەردەکەون، کەسانی وەک چاڤێز (ڤێنزۆئێلا)، لوئیس ئیناسیۆ لولا دسیلۆ (برێزیل)، ئوو مورالس (بۆلیڤی)، ڕافائێل کورئا (ئێکوادۆر).

۱۳۹۱/۰۶/۰۲

ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسی لە گۆشەنیگایەکی نزیکەوە


 بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی، ڕۆژنامەنووسی گیراو، لە نامەیەکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی هاوسەرەکەی ژیلا بنی یەعقووب لە گرتووخانەوە نووسیویەتی، هەوڵی داوە دیمەنێکی ورد لە هەلومەرجی ژیانی گیراوانی سیاسی زیندانی ڕەجایی شار بخاتە بەرچاو. ئەحمەدی ئەمویی، ساڵی ٢٠١١ خەڵاتی هێلمن – هێمتی بردۆتەوە. ناوبراو بە تاوانی نووسینی وتاری ڕەخنەگرانە سەبارەت بە هەڵسوکەوتی ئابووری دەوڵەتی ئەحمەدی نەژاد لە ڕۆژنامەی "سەرمایە" و وێبسایتی تایبەتی خۆی و هەروەها سایتی "خرداد نو"، دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٨٨ قۆڵبەست کرا و لەو کاتە بەدواوە لە گرتووخانەیە. ئەمویی هەتا دوو مانگ و نیو پێش ئێستا، لە بەندی ٣٥٠ی ئێوین زیندانی بوو و پاشان بۆ گرتوخانەی ڕەجایی شار گوێزرایەوە.
ئەمەش دەقی نامەکەی:

 
سڵاو ژیلا گیان
دوو مانگ و نیو لە هاتنم بۆ گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج تێدەپەڕێ، ئەو دوو مانگ و نیوەی هەر ساتێکی، کۆمەڵێک کەڵکەڵەی زەینی و سۆزداری بۆ تۆ دروست کردوە. سەبارەت بەم بابەتە، تەنیا شتێ دەتوانم بیڵێم ئەوەیە کە بە داخەوەم لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ژیانی چەتوون و دژواری خۆمانمان، ڕۆژ بە ڕۆژ قورستر کردووە و تۆش ناچاری بە تەنیایی شانی داماوت بدەیتە بەر سەرجەم ئەم کوێرەوەرییانە. لەم ماوەیەدا، چەندین جار ویستوومە شتێک بنووسم، بەڵام نازانم بۆچی هەر جارە و کە دەستم بۆ قەڵەم دەبرد، هەستم دەکرد لە توانامدا نییە تەنانەت وشەیەکیش بنووسم.

بەڵام دواجار، ئەمڕۆ توانیم بنووسم. بەرەبەری ٢٨ی گەلاوێژە و ڕۆژی لەدایکبوونی تۆ. هەڵبەت ساڵڕۆژی ئەو کودەتا ڕەشەش کە زۆر لە ئاواتەکانی خەڵکەکەمانی لەگەڵ خۆیدا برد. لە بیرمە بەردەوام دەتگوت بەڕاستی مایەی شەرمە مرۆڤ ڕۆژی لەدایکبوونی لە وەها بۆنەیەکدا جەژن بگرێ. دەتگوت ژێر پێ خستنی سەرجەم زەحمەت و ڕەنجی ئەو پیاو و ژنە گەورانەیە گەرد و تۆزی مێژوو لەسەر سیمایان نیشتووە. لەگەڵ خۆمدا بڕیارم دابوو ئەگەر شتێکم بۆ ڕۆژی لەدایکبوونت نووسی، ئاماژەیەک بەم بابەتە نەکەم، بەڵام نازانم بۆچی نەمتوانی و دیسان هەردووکیان پێکەوە ختووکەی مێشکیان دام.

ژیلا، ئێستا کە خەریکم ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، تۆ لە کوێی؟ بیر لە چ دەکەیتەوە؟ بە چییەوە سەرقاڵی؟ بیستوومە دامودەزگا قەزاییەکان داوایان لێکردووی خۆت بە گرتووخانەی "ئێوین" بناسێنی تاکوو ساڵێک زیندانیەکەت لەوێ تێپەڕێنی. لەوانەیە ئێستا خەریک بی کەلوپەلەکەت بۆ ڕۆیشتن ئامادە بکەی. لە دڵی خۆمدا گوتم، ڕەنگە ئیتر کاتم نەبێ بە ئارامی قسەت لەگەڵ بکەم و دەردی دڵمت بۆ بەیان کەم. هەندێ جار، ژیان لەسەر هەر پێچێکی، وەها مرۆڤ دەگۆڕێ کە ئەگەر بێت و مرۆڤ خۆیشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیدا ئامادە کردبێ، هەمدیس وەک بڵێی خافڵابی، سەرت سووڕ دەمێنێ کە دەبێ ئێستا چی بکەی؟ ڕێک وەک ئەو وەزعەی ئێستاکە من هەمە.

لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بەردەوام چاوەڕێ بووم بگەڕێمەوە بۆ گرتووخانەی ئێوین. بە خۆمم دەگوت وەکوو سەرجەم ئەو گیراوانەی دوو هەفتە جارێک، چاویان بە هاوسەر، دایک یاخود خوشکیان کە لە گرتووخانەی ژنانن، دەکەوێ، منیش تۆ لەو دیو میلەکانی هەمان ئەو بەندیخانەیە دەبینم کە خۆم تێیدا حەپسم. بۆ ئەمەش بە ڕواڵەت خۆم بۆ ئەو ساتە ئامادە کردبوو. لەم ماوەیەدا، تۆ چەند خاولی و چەند مەلافەت بەڕێ کردبوو و منیش یەک دوو دانەم لە گۆشەیەک دانابوو بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاتی، بەجۆرێک بۆت بەڕێ بکەم.  ئەو ڕۆژانە نەدەکرا بە سانایی کەلوپەلەکانت لەگەڵ خۆتدا ببەی بۆ زیندانی ژنان. منیش لەم ماوەیەدا، بۆ ئەوەی نەکا تۆ بێیت و کەلوپەلی ڕۆژانە و پێویستت پێ نەبێ، هەندێک شتم بۆ حازر کردبووی، یەک – دوو قوتووی حەبی وزەبەخش و ویتامین لەگەڵ باڵەنجیکی بچکۆلانە. بەڵام ئێستا کە من و ئەو کەلوپەلانە لە گرتووخانەی گەوهەردەشتی کەرەج، بە دەیان کیلۆمیتر لە تۆ دوورین، بڕیارە تۆ لە گرتووخانەی ئێوین بی.

سەرم لەم هەموو قومارانەی ڕۆژگار سووڕماوە، بە درێژایی ئەو ماوەیە نەڕۆیشتیە گرتووخانەی ئێوین و ئێستا کە منیان بۆ زیندانی ڕەجایی شار گواستۆتەوە، دەچیتە ئەوێ. نازانم بڵێم چی؟ لە دڵی خۆمدا دەڵێم بە سەرنجدان بە هەلومەرجی باو، وێدەچێ لانیکەم تا چەند مانگی داهاتوو یەکتری نەبینین. دەمەوێ دڵم بە خۆم و تۆ بسووتێ، بەڵام زۆر زوو تەریق دەبمەوە. لێرە، لە بەندی سیاسی بەندیخانەی ڕەجایی شار کەسانێک هەن کە چەندین ساڵە هیچ چاوپێکەوتنێکیان نەبووە، کەسانی بە ئیعدام حوکمدراو، کە دوای پێنج شەش ساڵ حوکمەکەیان شکاوە و بۆ حەپسی ئەبەد گۆڕاوە، ئەمێستا لە ساڵانی پانزە، دوانزە، چواردە و بیستی زیندانی بوونیاندا، هیوایان بەوەیە ڕۆژێک حەپسی ئەبەدیان هێندەش هەتا هەتایی نەبێ. ئەو زیندانیانەی لاوەتی و پیریی ناوەختیان لە پشت ئەم میلانەی گرتووخانە و لە فەرامۆشیدا تێپەڕاندوە.

محەمەد نەزەری، بیست و دوو ساڵی تەمەن بوو کە گیرا و ئێستا بیست ساڵە لە زیندانە بەڵام دەڵێی شەست ساڵی تەمەنە. عومەر و ئیبراهیم و خالید ئەندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانن و پێیان ناوەتە مانگەکانی دەسپێکی چواردەهەمین ساڵی زیندانەوە، لە دوایین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵە، چەندین ساڵ تێدەپەڕێ. لە خۆم دەپرسم ئەگەر حزبی دیموکرات ئێستاش بوونی هەبێ، ئاخۆ دەزانێ کەسانێک هەن بە نێوی ئەندامێتی لەو حزبە ساڵەهای ساڵە لە گرتووخانە دان. هەندێک جار بە خۆم دەڵێم لەوانەیە تەنانەت سیستەمی دادوەری ئێرانیش لە لیستی زیندانیەکانی خۆیدا، ناوی ئەوانی نەبێت.

چەند ڕۆژ لەمەوپێش کە هەواڵی لێبوردن و دابەزینی حوکمی ژمارەیەک لە گیراوانی سیاسی و ئەمنیەتیم خوێندەوە کە ڕۆژنامەکان ترش و خوێیەکی زۆریان پێوە کردبوو، یەکەم شت کە بە مێشکم گەیشت ئەوە بوو کە چ باش دەبێ ئەگەر لە ناویاندا یەکێک لەو گیراوانە هەبێ. بەڵام نا، دەڵێی خوداش ئەوانی لە بیر چۆتەوە.

مۆڵەتی چاوپێکەوتن، لێبوردن و کەمکردنەوەی سزایان بەو کەسانە داوە کە حوکمی هەندێکیان دوو ڕۆژی دیکە، دوانزە ڕۆژ یان دوو مانگی دیکە تەواو دەبوو. ژمارەیەکی تریش، سزای زیندانی یەک ساڵە و دوو ساڵە و سێ ساڵەیان نیوە ببوو یان لە نیوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیاندا بەخشرابوون. جگە لەوەی تاوانی هەندێکیان بەراستیش سیخوڕی و خیانەت بە وڵات بوو. تۆ بڵێی هیچکام لە کۆنە گیراوانی ئێرە، پاش تێپەڕاندنی ئەم هەموو ساڵەی زیندان، نەیاندەتوانی و نەدەبوایە چاوەنواری مۆڵەت، کەمکردنەوەی حوکم یان تەنانەت لێبوردن بن؟

کەرەمی خەیرئابادی، یەکێکە لەو کەسانەی شانزە ساڵە حوکمی لەسێدارەدانی بە سەردا سەپاوە، ئەو یەکشەممە و سێشەممانەی ئەگەری بەڕێوەبردنی حوکمی لەسێدارەدان هەیە، بە تێپەڕینی هەفتە و مانگ و ساڵانێکی زۆر، ئێستا ئیتر هیچ هەستێکیان بۆ نەهێشتۆتەوە. کاتێک لێی دەپرسم چ هەستێکی هەیە ئەگەر بێت و یەکێک لەو یەکشەممە یاخود سێشەممانە نێوەکەی بخوێننەوە، بە زەردەخەنەیەکی تاڵ وەڵامم دەداتەوە و بە زاراوە تۆخە خوزستانیەکەی دەڵێ: "خوا گەورەیە"

ئینجا بە جۆش و خرۆشێکی بێ وێنە، زۆربەی ڕووداوەکانی شانزە ساڵی ڕابردوو، وەک بڵێی دوێنێ ڕوویان دابێ، لەگەڵ ڕێکەوت و ناوی ئەو مرۆڤانەی لەو ماوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون، یەکە یەکە دەگێڕێتەوە. دواییش ئامۆژگاریم دەکا کە لە گرتووخانە، تەنانەت بزمارێکیش بە کەڵکت دێ، بەڵام زۆر کەس ئەمە نازانن.

بۆ خۆی پێی نەگوتووم بەڵام گیراوانی تر بۆیان گێڕاومەتەوە کە نانی پێویستی هەفتەیەکی بەردەوام بە وشکی هەڵدەگرێ، چونکە بە تاقی کردۆتەوە زۆر جار تەنانەت نانیش لە گرتووخانە دەست ناکەوێ.
دوای ئەمانە، چوار کەسی سەر بە حزبی پەکەکە هەن کە هەشت ساڵ و پێنج ساڵە چاوەڕوانی حوکمن، ئەو گەنجانەی لە نیوەی دووهەمی دەیەی بیستی ژیانیان دان.

زانیار و لوقمان مورادی ئامۆزان کە ماوەی چوار ساڵە لە ژێر حوکمی ئیعدام دان و بە فەرمانی قازی سەلەواتی لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ماڵەوەیان بێبەشن. ئەوانیش دەمێکە چاویان بە بنەماڵەی خۆیان نەکەوتووە. هەندێک جار، ڕۆژانی چاوپێکەوتن شەرم دامدەگرێ لەوەی ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانیان بکەم.

ئەمجۆرە مرۆڤانە، لە هەموو کەس زیاتر پێویستیان بەوە هەیە ببینرێن و سەرنجیان بدرێتێ، ئەو شتەی هەم بەر لە زیندان و هەم لە نێو زیندان لێیان زەوت کراوە. تۆ چەند کەسێکیان دەناسی، چونکە پێشتر باسی ئەوانم بۆ تۆ کردووە. کەسایەتییان شیاوی ڕێزلێگرتنە، بە هەر شێوەیەک بێ خۆیان بژیوی ژیانیان دابین دەکەن، لە ڕێگەی درووتنی شاڵ و لەچکە، بووکەشووشە و کاری دەستی تر و فرۆشتنیان بە گیراوانی تر.

ئێستە ڕۆژی لەدایکبوونتە و بڕیارە بۆت بنووسم ئێرە چۆنە و من چ دەکەم؟ چونکە بەردەوام لە چاوپێکەوتنەکان لێم دەپرسی لێرە چ دەکەین و بارودۆخی ئەم گرتووخانەیە بە چ شێوەیەکە. منیش لە وەڵامی تۆدا دەڵێم باشە، هەموو شتێ ڕێکوپێکە و ئێمە – گیراوانی ئێرە – لەگەڵ یەکتری باشین.

بە خۆم دەڵێم ئێستا کە بڕیارە تۆش ڕێت بکەوێتە گرتووخانە و ڕۆژانی تر، لەوانەیە هەمان پرسیارم لە تۆ هەبێ، بۆ ئەوەی لەم بابەتەوە خۆم خاترجەم کردبێ، زۆر بە کورتی هەوڵ دەدەم سەبارەت بە خۆمان بۆت بنووسم و بەم شێوەیە دیاریی لەدایکبوونت پێ بدەم: گرتەیەک لە شوێنی ژیانی ٥٤ گیراوی سیاسیی ڕەجایی شاری کەرەج. ئەمانەت بۆ دەنووسم تاکوو لەگەڵ بەشێک لە حاڵ و هەوا و هەلومەرجی ئێرە ئاشنا بی و بە خەیاڵێکی ئاسوودە بڕۆیتە گرتووخانە و حوکمی ساڵێک زیندانیەکەت تێپەڕێنی.

ساڵۆنێکی پەنجا میتری و داڵانێکی سێ میتری کە فەڕش و مۆکێتی لێ ڕاخراوە، تیایدا سی و سێ ژووری دوو میتر و هەفتا سانتی لە دوو میتردا، دوو کۆلێری گەورە لە سەرەتا و کۆتایی ساڵۆنەکە کە بایەکی فێنک ئاڕاستەی یەکتری دەکەن، لەگەڵ دەرگایەکی ئاسنین کە زیاتر ققڵ دراوە و ئێمەی لە تەنیشت یەکتر لەو ساڵۆنە ڕاگرتوە. تاکە ڕێگەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ جیهانی پشت ئەم دەرگا ئاسنینە، تەلەفۆنێکە بە ئەفسەری پاسەوانەوە وەسڵە.

تۆ کە بچیتە گرتووخانەی ئێوین، دەبینە پێنج کەسێک کە خوشک یان هاوسەرمان لە گرتووخانەی ئێوینن و خۆمان لێرە. ساڵۆنی ١٢، خانەی ئامۆژگاری چوار، گرتووخانەی ڕەجایی شار.

ئەوان تا ئێستا هەر چەند نامەیان نووسیوە بۆ ئەوەی بەرپرسان، هەلی پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ ئازیزانیان بۆ برەخسێنن، سەرنەکەوتوون. دەشێ منیش بەم زووانە لە نووسینی ئەم نامە بێ وەڵامانەدا پەیوەست بەوان بم.

لێرە هەموو چەشنە گرووپ و مەیلێکی سیاسیمان هەیە. بە دەردی برادەرێک، داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران، لە نێوان یەکێک لەم گرووپانەدا سەرهەڵدەدا. ڕاستی لە ساڵۆنی سەرووی ئێمە، سەدو هەفتا کەس، لە گیراوانی ئەلقاعیدە هەن.

لە نێوانماندا، بەهاییەکان زۆرینەن، بە گاڵتە پێیان دەڵێین: دواجار ئێوە لە شوێنێک چیتر کەمینە نین، ئەوانی تر کەسانی سەر بە پەکەکە، پەژاک، حزبی دیموکراتی کوردستان، گیراوانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، گیراوانی بزووتنەوەی سەوز، نیشتمانپەروەرەکان (کە لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە ئارکائیزم ناوزەد کراون)، لایەنگرانی حکومەتی پاشایی و هەڵبەت ئەو کەسانەی خۆیان پێ سەربەخۆیە و کەسانێکن کە تەنیا بە شێوەی تاک کار دەکەن و بە قسەی یەكێک لە هاوڕێیان: بە تەنیایی دەیانەوێ بە گژ کۆماری ئیسلامیدا بچنەوە.

لە دەرگای ئاسنینەوە کە دێیتە ناو ساڵۆنەکەوە، یەکەمین ژووری لای چەپ کە لە هەموویان گەورەتر و هەراوترە، چێشتخانەیە، تەباخێکی دەست سازی هەشت شوعلەی تێدایە. لە کۆتایی ساڵۆنەکەش، ڕیزێک توالێت و حەمام و دەستشۆر هەن.

ئەم ڕۆژانە کە مانگی ڕەمەزانە، بە گشتی کاتی بەربانگ دوو سوفرەی بچووک بە مەودای بیست میتر لێک دوور لە ساڵۆن ڕادەخرێن و شەش – حەوت کەس لە دەوروبەری دادەنیشن: یەکێک سوفرەی موجاهدینی خەلقە کە لە هیی ئەوانی تر قەرەباڵغ ترە و بەردەوام چەند میوانیشیان هەیە، سوفرەکەی دیش، سوفرەی ئەوانی تر... چەند کەسێکیش لە ژوورەکانیان خواردن دەخۆن و لە دەوری سوفرەکان کۆ نابنەوە.

لە یەک – دوو هەفتەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک بوویەری سەیر و سەمەرە ڕوویان دا و مرۆڤ تا بە چاوی خۆی نەیبینێ، بڕوایان پێ ناکا. وەک چۆن لەوانەیە ئێستاکە تۆش بڕوا نەکەی: ڕۆنی هەشت سەد گرامی کە لە فرۆشگای گرتووخانە بە ٣٤٠٠ تمەن دەفرۆشرێ، ئیتر دەست ناکەوێ و لە هەندێک لە ساڵۆنەکان بە پانزە هەزار تمەن دەکڕدرێ و دەفرۆشرێ، هۆکاری کەمبوونی ڕۆنەکەش دیار نییە. ئەوە دوو مانگیشە قەدەغە کراوە چەغماغی پێنج سەد تمەنی بێننە گرتووخانە و ئێستا نرخی کڕین و فرۆشتنی بۆ سی هەزار تمەن بەرز بۆتەوە. ئاوی لیمۆش لەو کەرەستانەیە کە لێرە دەست ناکەوێ. چەند ڕۆژ لەمەوپێش، ٢١ بوتڵی نیو لیتری ئاو لێمویان هێنا و گوتیان ئەمە لە نێوان ٥٤ کەسی خۆتاندا دابەش بکەن. بەختەوەرانە یەكێک لە بەهاییەکان کە ئەندازیارە و سەری لە حیسێب و کتێب و ئەوانە دەردەچێ، زەحمەتی دابەشکردنەکەی وە ئەستۆ گرت: هەر پێنج کەسە و دوو بوتڵ. باقی کێشەکەی خستە ملی خۆمانەوە، گوتی ئیتر خۆتان دوو بوتڵەکە لە نێوان پێنج کەسدا دابەش بکەن.

بە گشتی هێنانی کەلوپەلی وەرزشی بۆ ئێرە قەدەغەیە و لە حاڵەتێکی تایبەت و بە ئەستەم ڕێگە بە هێنانی ئەو کەلوپەلانە دەدرێ. هێنانی پێڵاوی وەرزشی هەر بە تەواوی قەدەغەیە.

"وەرزش دەبێ من شکێن بێ نە من ساز" و "من وەرزشکار نیم بەڵام وەرزشکارانم خۆش دەوێ"، لە قسەکانی ئایەتوڵڵا خومەینین کە بە درشتی لە سەر دەرو دیواری حەوشە نووسراون.

کوڕەکان لە کاتێکدا سەرپاییەکانیان بە بەن و کێش بە قاچیانەوە بەستۆتەوە، شەق لە تۆپی جیر هەڵدەدەن، هەندێک پێڵاویان لە پێیە، پێڵاوێک کە لەوانەیە چەند ساڵ لەمەوپێش لە کاتی گیرانیاندا پێیان بووبێ و بە هۆی ئەوەی هاتنی هەر چەشنە پێڵاوێک بۆ گرتووخانە قەدەغەیە، ئێستا بنەکەیان لێ بۆتەوە و زۆربەیان بە موکێت و کارتۆن بنە پێڵاویان دروست کردوە.

لەگەڵ هەر شەقێکدا کە لە تۆپەکەی دەدەن، بەشێک لە پێڵاوەکەیان دەدڕێ ولەگەڵ تۆپەکەدا دەڕوا. لەگەڵ ئەمەشدا، کوڕەکان چێژ لەو دوو سەعات هەوا گۆڕینە دەبینن.

پێم خۆشە لەم بارەوە تێروتەسەل تر بۆت بنووسم بەڵام پێموایە ئێستا ئەوەندە بەسە و ئێستا ئیتر خەیاڵت ئاسوودەیە کە دەزانی لە چ هەلومەرجێکدا دەژیم.

بە ڕاست دواجار ئەو کتێبانەی، هەفتەی پێشوو بۆت ناردبووم، بە دەستم گەیشتن، ئەویش بە چ چەرمەسەرییەک. سەرەتا ناوی کتێب، وەشانخانە و نووسەری کتێبەکانم لە نامەیەکدا بۆ سەرۆکی زیندان نووسی تا سەرەئەنجام نامەکە دوای دوو هەفتە ئیمزا کرا و ڕەوانەی بەشی پاراستن – ئیتلاعاتی گرتووخانە کرا.

ئەو ڕۆژەی ڕۆیشتمە بەشی پاراستنی زیندان، تاکوو کتێبەکانم وەرگرم، فەرەجی نژاد بە بێزاریەوە پێی گوتم: تۆ بۆ وەرگرتنی کتێبەکانت چەند جار نامە دەنووسی؟ جگە لەمەش بە قەڵەمی سەوز ناوی تۆیان لە بەرگی پشتەوەی کتێبەکان نووسیوە، پێت وایە چ دەبێ؟ من لەو کەسانە نیم بەو کارانە هەڵبەزمەوە. دەتوانم کتێبەکانت فڕێ بدەمە ناو کووچە و کۆڵانەکان، ئینجا هەر چی پێت خۆش بوو بیکە.. ساتێک بێدەنگ بوو و گوتی: بەڵام ئەمجارەیان کتێبەکانت دەدەمێ. من لەبەر خۆمەوە گوتم ئیتر ئەمجارەشیان کتێبەکانم پێ دەدەی و ئەمە دەسکەوتە. پاشان خوا گەورەیە.

بە ڕاست ئاخۆ دەبینی ڕەنگی سەوز پاش سێ ساڵ، هەروا بەکاریگەر و وروژێنەرە؟ سەرنج ڕاکێشە. نا؟

ژیلا، ئەوە لە کاتێک دایە کە مادە بێ هۆشکەرەکان، لەم زیندانەش وەک سەرجەم زیندانەکانی تر بە بەربڵاوی دەبینرێن و بەرپرسانی زیندان ناچارن بۆ دۆزینەوەیان، گیراوێک هان بدەن سیخوری بکا و خەڵاتی پێ بدەن. لە یەکێک لەو پەیامانەدا کە بە دیواری گرتوخانەوە هەڵواسراوە، لە زاری سەرۆکی زیندانەوە، گیراوان سەبارەت بە هەڵگرتنی شتگەلی وەک کێرد، قەمە، کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان، تێکدانی نەزمی زیندان، هێنانە ژوور یا خود هەڵگرتنی مۆبایل، سیمکارت و مێمۆری، کڕین، فرۆشتن و بەکارهێنانی حەبی وەهم زێ، ئیهانە، سووکایەتی و جنێو، بە توندی ئاگادار کراونەتەوە.

چەند ڕۆژێکە لە دڵی خۆمدا بیر لەوە دەکەمەوە کاتێک هێنانی کتێب و کەلوپەلی وەرزشی هێندە سەخت و تەنانەت مەحاڵ بێ، چۆنە بە پێی ئەم ئاگادارینامەیە، ئەو هەموو مادە بێهۆشکەرە دێتە ناوەوە؟ گەلۆ گیراوێک لە نەبوون یاخود کەمبوونی ئیمکانات ڕوو لە وەها کارێک ناکا؟

ژیلای ئازیز، ئێمە باشین و بە ڕواڵەت تەندروست. ئەم ڕۆژانەش سەرقاڵی باغەوانین، کۆمەڵێک چوار لیتری پلاستیکیمان کردۆتە ئینجانە و بە یارمەتی و ڕێنوێنی "ساڵحی کۆهەندێل"، ڕیحانە، سەوزی، توور و تەرە تیزەمان تێدا چاندوون. هەموو ڕۆژێ لە دوو سەعات هەواگۆڕیندا، ئەوانیش لەگەڵ خۆمان دەبەین تاکوو خۆریان بەر بکەوێ و وەک ئێمە هەوایەک نوێ بکەنەوە. ئەگەر هەموو شتێک باش بڕواتە پێش، تا مانگی داهاتوو هەر کاممان چەند دەسک سەوزە، ڕێحان و توورمان بۆ خواردن دەبێ.

ڕەمەزان سەعیدی، گیراوی سیاسی و خەڵکی کوردستانە، قوتووی بەتاڵی ماست و ڕەنگی پڕ کردوە لە چیمەنتۆ و دەسکە گسکێکی ئاسنینی بە نێوانیاندا ڕەت کردوە و چەند دەمبڵێکی بۆ وەرزش پێ دروست کردوون. بەم شێوەیە وەرزشیش دەکەین و لە دوو سەعاتی هەوا گۆڕیندا، چەند دەقەیەک ڕادەکەین.

لە حەوشەی گەورەکەی بەندی گرتووخانەوە، کە ڕووی لە باکووری ڕۆژهەڵاتە، چیایەک لە دووردەست دەبینین کە زۆربەی ڕۆژەکان لە ناو کۆمەڵێک هەوری سپی و خۆڵەمێشیدا خۆی دەنوێنێ. گیراوە لەمێژینەکان دەڵێن زستانان دیمەنێکی جوانی هەیە. بەفر دایدەپۆشێ و سەیرکردنی لەم مەودایەوە، چێژێکی تایبەتی هەیە. ئەمە شتێکە ڕەنگ بێ ئێوە لە "ئێوین" لێی بێ بەش بن و ئێرەیی پێ بەرن. هەموو هەلومەرجێکی ئەستەم، هەندێک شتی باشی هەیە کە لە شوێنەکانی تر ناتوانی هاوتایەکی بۆ بدۆزیەوە. لەمەو بەدوا بە سەیر کردنی ئەم دیمەنە، بە خۆم دەڵێم لە بری ژیلاش، سەیری ئەم جوانیە دەکەم، کتێب دەخوێنمەوە تا لەگەڵ من بی، گوێ لە گۆرانی دەگرم تا لەگەڵ من بی و کە سەیری چیاش دەکەم لەگەڵ من دەبی.

ئاگات لە خۆت بێ
ڕۆژی لەدایکبوونت پیرۆز بێ
ئەی بوونی بەردەوام بۆ من

بەهمەن ئەحمەدی ئەمویی
گرتووخانەی ڕەجایی شار – ساڵۆنی ١٢
 

۱۳۹۱/۰۶/۰۱

پێنج ڕۆژ بە نهێنی لە سووریا


 ژیار گوڵ، بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە کاتێکدا کە سوپای بەشار ئەسەد لە زۆربەی شارەکانی سووریا و بە تایبەتی لە دیمەشق و حەلەب دەستەویەخەی شەڕێکی خوێناوییە، کوردەکانی سووریا کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵات دەژین، هێدی هێدی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچەیە بە دەستەوە دەگرن.

ئەمدواییانە لەگەڵ تیمێکی بی بی سی فارسی و تۆڕی جیهانی، بە شێوەیەکی نهێنی بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چووینە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. دێهاتیەکانی سەر سنووری کوردستانی عێراق دەیانگوت جاران بە ئاسانی دەتتوانی هاتۆچۆی ئەوبەری سنوور بکەی، بەڵام ئێستا چەند هەفتەیەکە هێزەکانی سوپای عێراق لەم نزیکانە جێگیر بوون.

ئەوان لە پێناو کۆنتڕۆڵکردنی تاکە سنووری فەرمی سووریا لەگەڵ کوردستانی عێراق، چی نەمابوو لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بەشەڕ بێن. حکومەتی کوردستانی عێراق، ئامادە نەبوو ئەم سنوورە فەرمیە ڕادەستی دەوڵەتی فیدڕاڵ بکات.

ئەم ڕووداوانە بوونە هۆی بستنی سنوورەکان. ئێمە ناچار بووین لە تاریکی نیوەشەودا خۆمان بگەیەنینە یەکەمین بنکەی سنووری سووریا.

راکردن لە هێزە ئەمنیەکان لە نیوەی شەودا

بنکەی سنووری سووریا، بیست ڕۆژ پێشتر کەوتبووە دەست هێزە چەکدارەکانی کورد YPG  یاخود یەکینەکانی پاراستنی گەل. ئەم گرووپە باڵی سەربازی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)یە و دوڵەتی تورکیا زۆر جار بەوە تاوانباری کردوە کە بەشێکە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

دیسپلینێکی تایبەت لە نێوان هێزەکانی YPGدا هەبوو و بێ ئێزنی فەرماندەکانی ژوور خۆیان ئامادە نەبوون وتوێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم بنکەیە ڕێگەی نەداین فیلم هەڵبگرینەوە.

ئەو ئۆتۆمبێلەی بڕیار بوو لەسەر سنوورەوە ئێمە بگوازێتەوە نێوخۆی سووریا، مۆبایلەکەی لە دەرەوەی بازنە بوو و نەیتوانی ئێمە بدۆزێتەوە. نیوەی شەو سوارێکی وانێتێک بووین و بە ئێسکۆرتەوە بەرەو شاری دێرک یەکەمین شاری کوردنشینی سووریا ڕۆیشتین کە یەک سەعات لە سنوور دوور بوو.

لە هەندێک شوێن، شۆفێرەکە لە جادەی سەرەکی دوور دەکەوتەوە، زانیمان هێشتاش هەندێک خاڵی پشکنین لە ژێر دەستی هێزە ئەمنیەکانی سووریا دایە. لە شۆفێر و ئەو کەسە چەکدارەی هاوڕێیەتی دەکردین، پرسیمان ئاخۆ مەترسییەک هەڕەشە لە تیمەکەی ئێمە ناکا؟ گوتی "نیگەران مەبن. هێزەکانی دەوڵەت لە بنکەکانیان دوور ناکەونەوە و ئەگەر هاتنە بەردەممان، لێیان دەدەین."

بە یەکێک لە ڕێگاکانی چوونە ژوورەوەدا، کە کەوتبووە ژێر دەستی هێزەکانی کوردەوە، دەربازی ناو شار بووین. ئاڵای سێ ڕەنگی کوردەکان لە تەنیشت خاڵی پشکنینی ئەوێ دەشەکایەوە. کاتێک بە ناو شاردا تێپەڕێن، بینیمان وێنەی بەشار ئەسەد لە زۆربەی دامودەزگا دەوڵەتیەکان شکابوو و لە هەندێک شوێن وشەی "عەرەبی" لە دەستەواژەی "کۆماری عەرەبی سووریا" سڕدرابۆوە یاخود هێمای زەربی لێ درابوو.

ڕووناک حەمە، گەنجێکی تەمەن بیست و دوو ساڵە، بە ئێمەی گوت ئەو و هاوڕێیانی، ڕۆژی بیستی ژوئیەی مانگی ڕابردوو وەک زۆربەی شارە کوردنشینەکانی سووریا، شان بە شانی خۆپیشاندەران کە هەندێکیان چەکداریش بوون، هێرشیان کردۆتە سەر دامودەزگا گرنگەکانی دەوڵەت.

هێزە ئەمنیەکان بە بێ خۆڕاگری، زۆربەی ناوەند گرنگەکانیان چۆل کردووە. ئەوان ئاڵای سووریایان لە زۆربەی بینا دەوڵەتی و گشتیەکان هێناوەتە خوارەوە.

ڕووناک دەڵێ بەشێکی بەرچاو لە هیزەکانی بەشار ئەسەد کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بوون، پاشەکشەیان کردوە و یەکێک لە فەرماندە گەورەکانی ناوچەکە کە سوننە بووە، بۆ تورکیا هەڵاتووە و هێزەکانی ژێر فەرمانی ئەویش گەڕاونەتەوە بۆ شارەکانیان.

ڕووناک دەڵێ ئەو پێی باشە لە بری ئامادەبوون لە وانەکانی زانکۆ، لە پێناو ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد هەوڵ بدا و ئەمە کارێک بووە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجامی داوە.

هێشتاش لە هەندێک خاڵی هاتنە ژوورەوەی شار، بنکەی هێزەکانی دەوڵەت مابۆوە و خەڵک دەیانگوت هێزە ئەمنیەکان زۆر لاواز بوون و لە بنکەکانیان نایەنە دەرەوە. لەسەر ئاستی شاری دێرک شوێنەوارێک لە چەک بەدی نەدەکرا و زۆربەی دامودەزگاکانی دەوڵەت وەک جاران کراوە بوون.

سەعید حەمە، مامۆستای دەرکراو دەیگوت هەتا مانگێک لەمەوپێش زاتی نەبووە چاوی بە ڕۆژنامەنووسێک بکەوێ. ئەو بە بوونی هێزەکانی دەوڵەت زۆر بێزار بوو. "هەست بە ئازادی ناکەم، ئەگەرچی ئەمڕۆکە نامانکوژن، بەڵام تا ئەو کاتەی سەرجەم هێزە ئەمنیەکانی سووریا ناوچە کوردنشینەکان چۆل نەکەن، من هەست بە ئازادی ناکەم."

عێسامی تەمەن بیست و حەوت ساڵ دەیگوت کوردەکان نە دەیانەوێ لەگەڵ سوپای ئازادیخوازی سووریا بن و نە لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد، ئەو دەیگوت ڕێگەی سێهەمیش هەیە: "ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کە دان بە مافە نەتەوەییەکانمان دابنێ، کێشەمان نابێ."

کاربەدەستانی تورکیا زۆر جار پەکەکەیان بەوە تاوانبار کردووە کە هاوکاری ڕژێمی بەشار ئەسەد دەکا و دەڵێن حکومەتی بەشار ئەسەد بە ئەنقەست ناوچە کوردنشینەکانی ڕادەستی پەکەکە کردوە بۆ ئەوەی کێشە بۆ تورکیا بنێتەوە. بەڵام سیناریۆگەلێکی زۆر سەبارەت بە هۆکارەکانی پاشەکشەی دەوڵەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەر گوێ دەکەوێ. هەندێک دەڵێن بەشار ئەسەد بە ڕادەست کردنی ئەم ناوچانە بە پارتی لایەنگری پەکەکە، دەیەوێ تۆڵە لە تورکیا بکاتەوە.

گروپێکی تر دەڵێن ئەگەر دیمەشق و حەلەب بکەوێتە دەست هێزەکانی نەیارەوە، بەشار ئەسەد ناوچەیەک بۆ عەلەوییەکان، لە کەنارەکانی دەریای مەدیترانە دادەمەزرێنێ. بە قسەی ئەوان ئەگەر بێت و کوردەکانیش لە باکووری ڕۆژهەڵات ناوچەیەکیان بە دەستەوە بێ، ئەگەری هاتنە ئارای سووریایەکی سوننە، مەترسیەکی کەمتری بۆ ئەوان دەبێ.

سوود وەرگرتنی کوردەکان لە سەرقاڵبوونی هێزەکانی دەوڵەت

بەڵام سیناریۆکانی تر، کە زۆربەی کوردەکانی سووریا بڕوایان پێیەتی، ئەوەیە کە دەوڵەت لە پێناو پاراستنی دیمەشق و حەلەب پێویستی بە هێزەکانێتی، بۆیە بە بانگهێشتکردنی ئەو هێزانە لە ناوچە کوردنشینەکانەوە، بۆشایی دەسەڵات دروست بووە، کوردەکان ئەم هەلەیان قۆستۆتەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو شارانەیان گرتۆتە دەست.

بە درێژایی سەفەری پێنج ڕۆژەمان بە نهێنی، بێ ئەوەی بمانەوێ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنیەکانی سووریا بووینەوە. لە بەردەم دادگای دێرک، فیلممان لە وێنەیەکی دڕاوی بەشار ئەسەد هەڵدەگرتەوە. سەربازێ کە نە جلی عەسکەری لەبەر دابوو و نە چەکی پێ بوو، بە نیگەرانیەوە سەیرمانی دەکرد. لەناکاو فەرماندەکەی بە جلی مەدەنیەوە هات و داوای لێکردین ئەو شوێنە چۆل بکەین.

گوتی ئەمە ئەرکی سەرشانێتی و تکای لێکردین "کێشەی بۆ دروست نەکەین." تاکوو چەند هەفتە لەمەوبەر، خەڵک زۆر لەم مەئمورانە دەترسا، بەڵام ئەمڕۆکە ئەوان زۆر نیگەران و پەشۆکاون.

بە مەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا، PYD، دەبوایە بڕۆینە قامیشلۆ، گەورەترین شاری کوردنشینی سووریا. لەسەر ڕێگەی چوونە ژوورەوەی قامیشلۆ، ژمارەیەکی زۆر لە خاڵەکانی پشکنین لە دەست هێزەکانی سووری دابوون. بەڵام سەنگەرەکانیان لە هەندێک شوێن بەتاڵ بوون. کۆمەڵێک کۆمیتە کە لە لایەن خەڵکەوە دروست کرابوون، شاری قامیشلۆیان بەڕێوە دەبرد.

لە کاک موسلیمم دەپرسم ئاخۆ PYD بەشێکە لە پەکەکە؟ ئەو دەڵێ ئامانجەکانیان لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان نزیکە و پەیوەندییەکی ئاساییان لەگەڵ هەموو حزبەکانی کوردستان و لەوانە پەکەکە هەیە.

ئەو دەڵێ: "لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەوڵەتی سووریا بە هەزاران ئەندامی پەکەکەی قۆڵبەست و ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە. کەوابێ ناتوانین بڵێین پەکەکە هاوکاری دەوڵەت دەکا، خەبات بۆ کوردەکانی تورکیا ئامانجی پەکەکەیە بەڵام ئێمە پێگەیەکی جیاوازمان هەیە و ئامانجمان بەدیهێنانی مافی کوردەکانە لە نێوخۆی سنوورەکانی ئێستای سووریادا. ئێمە لە چوارچێوەی سووریایەکی دیموکراتدا، خۆبەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتیکمان بۆ کوردەکان دەوێ."

لێم پرسی لە سەدا چەندی ناوچە کوردنشینەکان لە دەستی کوردەکان دایە و ئایا ئەوان لەگەڵ دەوڵەت لە پەیوەندی دان؟ ئەو گوتی: "لە کۆی ٢٣ میلیۆن خەڵکی سووریا، لە سەدا ١٤ کوردن و زیاتر لە ٥٠%ی ئەو ناوچانە کەوتۆتە دەست خەڵک. ئێمە وەک حزب هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەوڵەت نییە. بەڵام کۆمیتەکانی خەڵک لە پێناو دابینکردنی ئاو، کارەبا و نان دەبێ لەگەڵ کاربەدەستان لە پەیوەندی دابن."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەمدا کە بۆچی کوردەکان تەڤلی سوپای ئازادیبەخشی سووریا نەبوون و دژی بەشار ئەسەد شەڕ ناکەن، ساڵح موسلیم گوتی: "هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن، یەکریز نین و هەندێکیان دەسکەلای وڵاتانی ناوچەکەن وەک تورکیا و عەرەبستانی سعودی، ئەلقاعیدە و سەلەفیەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئەوان هەیە. من لەگەڵ زۆر کەسی ئۆپۆزۆسیۆن کە لە گرتووخانە ناسیومن، پەیوەندیم هەیە. پێموایە مافی کوردەکان لە ڕێگەی توندو تیژییەوە دەستەبەر نابێ، ئێمە هەر ناتوانین بە یەکجاری لە ناویان ببەین، ئەوانیش بە ساڵان هەوڵیان داوە ئێمە لە ناو بەرن، وەک دەبینن هێشتا لێرەین، کەواتە شەڕ ڕێگە چارە نییە، بەڵام ئەگەر دەوڵەت بیەوێ بارودۆخی جاران بە سەر ئێرەدا بسەپێنێتەوە، ئێمەش شەڕ دەکەین."

لە ئەنجامی گەڕان بە شارەکانی دێرک، عامودێ و قامیشلۆ تێگەیشتین کە PYD پتەوترین حزبی کوردستانی سووریایە و زۆرترین لایەنگری هەیە. لە ڕابردوودا، ئەو حزبە و ژمارەیەک حزبی بچووکی ژێر چەتری کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان KNC ناکۆکیان هەبوو. بەڵام مانگی ڕابردوو، حزبە کوردییەکانی سووریا بە میوانداری مەسعود بارزانی لە هەولێر کۆبوونەوە، سەرەڕای ناکۆکیەکانی ڕابردووی نێوان  PYD و KNC، لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کە دەستەی باڵای بەڕێوەبردنی کوردستان دابمەزرێنن و دەسەڵات لە نێوان حزبەکان دابەش بکرێ.

نیگەرانی تورکیا لە بە مودێل بوونی کوردەکانی سووریا
ئەم دەستەیە دە ئەندامی هەیە، پێنج ئەندام لە KNC و پێنجی تر لە PYD. لە بیستی مانگی ژوئیەوە، ئەم کۆمیتەیە بە هاوبەشی شارە ڕزگارکراوەکان بەڕێوە دەبا.

لە شاری عامودێ کە بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، زۆربەی تابلۆکانی نێو شار بە کوردی نوسراون. سەردانی قوتابخانەیەکمان کرد کە بەمدواییانە بۆ خوێندن بە زمانی کوردی کراوەتەوە. هەر ئەمە دەیتوانی ساڵێک لەمەوپێش، سزای قورسی گرتووخانەی بەدواوە بێ. ئەم قوتابخانەیە نزیکەی ٢٦٠ خوێندکاری هەیە و خوێندکاران لە چەند دانێکی ڕۆژدا بە مەبەستی فێربوونی زمانی کوردی دێنە قوتابخانە.

مامۆستای قوتابخانە ئەندازیارێک بوو کە پاش تەواوبوونی کارەکانی لەوێ وانەی دەوتەوە.

دەوڵەتی تورکیا بە نیگەرانیەوە دەڕوانێتە ڕووداوەکانی کوردستانی سووریا. ئەمڕۆکە بەهێزترین حزبی سیاسی کوردی سووریا، لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە لە پەکەکە نزیکە. تورکیا لە لایەکەوە نیگەرانی ئەوەیە پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریاوە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی تورکیا و لە لایەکی دیکەوە ئەگەر کوردەکانی سووریا وەک کوردستانی عێراق بە جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بگەن، ئەمە لەوانەیە هاندەرێک بێ تاکوو لاوانی کوردی تورکیا بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بن و کوردەکانی تورکیاش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆم دابمەزرێنن.

بە درێژایی چەندین ساڵ، هەزاران هەزار کوردی سووریا لە مافی پاسپۆڕتی سووری بێبەش بوون. دەوڵەتی بەعس ئەوانی بە بەشێک لە "نەتەوەی عەرەبی" لە قەڵەم نەدەدا. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە.

ئەوان هیچکات بەو ڕادەیە بە وەدیهاتنی مافەکانیان هیوادار نەبوون. ساڵح موسلیم دەڵێ "ئێمە خوازیارین مافی کوردەکان لە قانوونی بنچینەیی سووریادا دانی پێدا بنرێ، ئێمە لایەنگری خودموختاری و دیموکراسین بۆ سەرجەم سووریەکان."

دیار نییە پاش کۆتایی هاتنی جەنگ – ئەگەر کۆتاییەک لە ئارا دابێ – چ چەشنە دەسەڵاتێک لە سووریا بەدی دێ. بەڵام ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە کوردەکان سوود لە پێکدادانی بەشەکانی تری سووریا وەردەگرن.

زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان لە پێکدادان و کوشت و کوشتار بە دوور بوون. باژێر و گوند لە کەشێکی هێمندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر ئەم بارودۆخە بەردەوام بێ، هەر وەک کوردستانی عێراق، لەوانەیە کوردستانی سووریاش بتوانێ لەم گۆڕانکارییانەی سووریادا براوە بێ و جۆرێک لە خۆ مسۆگەڕ بکا.

۱۳۹۱/۰۵/۲۳

ئەڵتاش.. ئۆردوگا تۆقێنەرەکە | وتوێژ لەگەڵ هەفتەنامەی ئاوێنە


ئا: ئاوێنه‌

ئه‌ڵتاش، ناوی ئه‌و ئۆردوگا تۆقێنه‌ره‌یه‌ كه‌ به‌عس بۆ كورده‌ ئاواره‌كانی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتی ساز كردو ماوه‌ی بیست ساڵ له‌نێو ئه‌و ئۆردوگا ته‌لبه‌ندكراوه‌ لماوییه‌ی بیابانی رۆمادیدا توندی كردن.
ئه‌م خه‌لَكه‌ كه‌ نزیكه‌ی په‌نجا هه‌زار كه‌س ده‌بوون، زێدی ڕه‌سه‌نی خۆیان ده‌كه‌وته‌ پشتێنه‌یه‌كی باریكی سه‌ر سنووره‌وه‌ به‌دیووی ئێراندا كه‌ "كرماشان و قه‌سری شیرین و جوانڕۆ و سه‌رپێلی زه‌هاو" ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌م خه‌ڵكه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ئێران و عێراقدا له‌به‌ر چه‌ندین هۆكاری جیاواز ئاواره‌ و په‌ڕیوه‌ی خاكی عێراق بوون و حكومه‌تی به‌عسیش له‌ساڵی 1982دا هه‌موویانی كۆكرده‌وه‌ و له‌بیابانی ئه‌ڵتاش "له‌دووری 160 كیلۆمه‌تر له‌به‌غداو نزیك سنووری ئۆرده‌ن" به‌ته‌لی دڕكاوی ئۆردوگاكه‌ی ته‌لبه‌ند كردن، كه‌ وه‌ك دوڕگه‌یه‌ك وابوو له‌بیابانێكی وشك هه‌ڵاتووی عه‌ره‌بنشیندا.
"سه‌لاحه‌دینی بایه‌زیدی" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و كورده‌ چالاكانه‌ی به‌دوای روخانی سه‌دامدا ڕووی كردووته‌ ئه‌ڵتاش و ساڵێكی ژیانی له‌و ئۆردوگایه‌دا به‌سه‌ر بردووه‌، ده‌ڵێت "له‌ئه‌ڵتاشدا، ژیان تیا تا دوا سنوور سه‌خت و دژوار بوو، خانووه‌كانی ئه‌م ئۆردوگایه‌ گڵ و تاریك و بچكۆلانه‌ و داته‌پیو بوون، خه‌ڵكه‌كه‌ی سیمایان برسی، منداڵه‌كانی چڵكن و چڵمن، كچه‌كانیشی ده‌تووت له‌دۆزه‌خدان كه‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ی خۆسووتاندنی ژنانی تیا بوو به‌به‌راورد به‌رێژه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌م ئۆردوگایه‌ زۆر له‌ئۆردوگای فه‌له‌ستینی نشینه‌كانی كه‌رتی رۆژئاواو باریكه‌ی غه‌زه‌ و به‌یروت داماوتر و تراژیدیتر بووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ش له‌ڕووی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافیشه‌وه‌ ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ خزێنرابوونه‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت نه‌ك گیای تیا سه‌وز نابێت، به‌ڵكو دڕك و داڵیشی تیا ناڕوێت.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ له‌لایه‌ن رێكخراوه‌ مرۆڤدۆسته‌كانی وه‌ك خاچی سوور و كۆمیساریای بالای په‌نابه‌رانه‌وه‌ كۆمه‌ك و به‌خێو ده‌كران. هه‌روه‌ها وه‌ختی خۆی كه‌ براونه‌ته‌ ئه‌وێ، ئیتر بۆیان نه‌بووه‌ به‌بێ مۆڵه‌تی رێپێدراو له‌لایه‌ن ئیستیخباراتی عێراقه‌وه‌ له‌ئۆردوگاكه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌حاڵی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌شیاندا بۆیان نه‌بووه‌ سه‌ردانی كوردستان بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ كوردستانیش له‌ژێر ده‌ستی رژێمی عێراقدا بوو، به‌ڵكوو چوونه‌ ده‌ره‌وه‌كه‌یان ته‌نها له‌سنووری رۆمادیدا بوو. ئه‌و ده‌ڵێت "تراژیدیایه‌كی تری ئه‌و خه‌ڵكه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌شێك له‌م كوردانه‌ سه‌ر به‌ئاینزای ئه‌هلی هه‌ق بوون و له‌و چوارده‌وره‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌نشینه‌دا وه‌ك كافر سه‌یر ده‌كران".
ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ به‌وپه‌ڕی ناله‌بارییه‌وه‌ تا ڕووخانی رژێمی سه‌دام به‌رده‌وام بوو، به‌دوای هه‌ره‌سهێنانی ئه‌و رژێمه‌شدا زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆریان به‌دوای ژینێكی مرۆیانه‌تردا وێڵ بوون و ڕوویان كرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، به‌ڵام هێشتا ژماره‌یه‌كی كه‌میشیان به‌هۆی ده‌ستكورتی و نائومێدییانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌جێنه‌كردنه‌وه‌یان له‌كوردستان و داڵده‌نه‌دانیان له‌ئه‌رده‌ندا به‌ناچار له‌ئه‌ڵتاشدا مانه‌وه‌.
بایه‌زیدی باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاره‌نووسی ئه‌وانه‌ی ئه‌ڵتاشیان به‌جێهێشت و ئه‌و رێژه‌ كه‌مه‌شی كه‌ له‌وێدا مانه‌وه‌، چاره‌نووسێكی غه‌مه‌نگێزو تراژیدیی بووه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی ئۆردوگاكه‌یان به‌جێهێشت و ڕوویانكرده‌ كوردستان یان سنووری ئه‌رده‌ن، تا ئێستاش له‌چه‌ندین كێشه‌و گرفتی گه‌وره‌دا ده‌ژین، ئه‌وانه‌شی كه‌ ماونه‌ته‌وه‌ تا ئێستا له‌ئۆردوگاكه‌دا و نزیكه‌ی 70 تا 100 خێزان ده‌بن، رووبه‌ڕووی چاره‌نووسێكی تراژیدیانه‌تر بوونه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ به‌شێكیان بوونه‌ قوربانی گروپه‌ تیرۆریسته‌كان، به‌شێكی زۆر كه‌میشیان بوونه‌ هاوكاری گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان و چوونه‌ پاڵ تیرۆریستان".
بایه‌زیدی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی كاری توند و تیژی و په‌ره‌سه‌ندنی هێز و توانای گرووپه‌ توندڕه‌وه‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كان له‌ناو رۆمادی و ده‌وروبه‌ریدا، چه‌ندین جار هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئۆردوگاكه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورد بوون یان به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیكردن به‌ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه‌ گه‌نجه‌كانیان رفاندووه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "یه‌كێك له‌هاوڕێ نزیكه‌كانم كه‌ ناوی شاهۆی عه‌باسی بوو له‌زانكۆی رۆمادی ده‌یخوێند له‌و كاته‌دا رفێندراو دوای چه‌ند رۆژێك ته‌رمه‌كه‌ی به‌سه‌ربڕدراوی دۆزرایه‌وه‌".
هه‌روه‌ها بایه‌زیدی ته‌ئكید له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "كاره‌ساتی كورده‌ په‌نابه‌ره‌كانی ئه‌ڵتاش كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێم و حیزبه‌ كوردییه‌كانی ئێرانیشه‌وه‌ گرنگی و بایه‌خی پێنه‌درا، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستاش ئه‌م كاره‌ساته‌ی ئه‌وان هه‌ر به‌رده‌وامه‌ چونكه‌ له‌په‌رته‌وازه‌ییدا به‌هه‌ژاری و نائومێدی ده‌ژین و وه‌ك په‌نابه‌ری سیاسیش دان به‌مافه‌كانیاندا نه‌نراوه‌".

ژێدەر:

۱۳۹۱/۰۵/۰۷

''دەسەڵاتی باکووری سووریا دەکەوێتە دەست کوردەکانەوە"


وتوێژی ''بی بی سی" تورکی لەگەڵ هاو سەرۆکی پەیەدە
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوابەدوای ئەو هێرشەی ڕۆژی ١٨ی ژوئیە لە پێتەختی سووریا شام ڕووی دا و لە ئەنجامدا وەزیری بەرگری داود ڕاجیعە، یاریدەدەری وەزیری بەرگری ئاسف شەوکەت، سەرۆکی مێزی قەیران ژەنەڕاڵ حەسەن تورکمانی و سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نەتەوەیی هیشام بەختیار کوژران، ئاڵۆزییەکانی سووریا کەوتنە پێڤاژۆیەکی تازەوە.

ڕووداوی هەرە گرنگ پاش ئەم هێرشە، ئەوە بوو کە هێزە کوردییەکان لە باکووری ئەو وڵاتە، لەو شوێنانەی دانیشتوانی کورد زۆرینەن، کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست.

بە میواندارێتی مەسعود بارزانی، ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ژوئیە، مەجلیسی گەل کە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)ش – ئەو پارتەی لەسەر ڕێبازی پەکەکەیە – دەگرێتە خۆ، لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی جیاجیا بە ناوی ئجومەنی نیشتیمانی کوردی لە شاری هەولێر دوای کۆمەڵێ گفتوگۆ بڕیاری یەکخستنی هێزەکانیان دا.

 بە دوای ئەم بڕیارە، کوردەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی سیاسی ئامادە کرد و پاش ئەوەی تەقینەوەکەی شام هاوسەنگیەکانی وە لەرزین خست، ئەوان هەوڵیان دا بەڕێوەبەرایەتی خۆجێی دابمەزرێنن.

ئاکتۆری هەرە گرنگی قۆناغەکە، پەیەدە (پارتی یەكێتی دیموکراتیک) بوو کە بەوە ناسراوە لەسەر ڕێبازی پەکەکە دەڕوا.

پەیەدە کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ هەم خۆی لە دەسەڵاتدارێتی ئەسەد و هەمیش لە نەیارە چەکدارەکان دوورەپەرێز گرتبوو، بەم هەڵمەتە بوو بە ئاکتۆرێکی گرنگی سیاسی لە ناوچەکەدا.

لەمەوبەدوا، وێدەچێ بزووتنەوەی کوردیش ببێتە ئەکتەرێکی زۆر گرنگ هەر وەک سوپای ئازادی سووریا کە بە خەباتی چەکدارانە دژی دەسەڵاتی ئەسەد لە ئاستی نیشتیمانیدا پێگەیەکی دیاری هەیە.

سەبارەت بە ڕووداو و پێشهاتەکانی ناوچە کوردییەکان، هاوسەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم بۆ بی بی سی دوا.

هەر دوابەدوای تەقینەوە بەهێزەکەی شام، پێشهاتی هەرە گرنگی سیاسی، یەکە یەکەی ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی و پەیەدە (پارتی یەکێتی دیموکراتیک) دەستی بەسەردا گیرا. کوردەکانی سووریا بە گشتی و پەیەدە بە تایبەتی ئامانجیان لەو هەنگاوە چییە؟ 

ئێمە وەک کۆمەڵگەی کوردی جۆرێک خوێندنەوەمان لە قۆناغەکە هەبوو. لەم ڕوەوە هەر لە سەرەتاوە تەگبیری خۆمان وەرگرت. گەلەکەمان بە ڕێکخستن کرد و کۆمیتەی خۆجێیمان دامەزراند. ئەمەش درێژەی هەوڵەکانی پێشوومان بوو. بۆ خۆئامادەکردن بوو لە پێناو قۆناغەکاندا. گەلێکی ڕێکخراو و مرۆڤێکی ڕێکخراو ڕووبەڕوی هەر قۆناغێک ببێتەوە، کاریگەری زیاتری دەبێ. پێکدادانەکان پەرە دەستێنن، بە سەرانسەری سووریادا بڵاو دەبێتەوە، بگرە گەیشتۆتە ناوچە کوردییەکانیش. شەڕ لەبەر دەرگایە. بۆ ئەوەی ئەم پێکدادانانە دزە نەکەنە ناوچەکانی ئێمەوە، کۆمیتە خۆجێیەکان کەوتنە خۆ، گەل ڕاپەڕی و دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت. ڕژێمیان لەو شوێنانە دەرپەڕاند و گوتیان "ئێمە بۆ خۆمان، خۆمان بەڕێوە دەبەین و ئەو هێزەمان هەیە."

یانی ئامانجی سەرەکی لە بەدەستەوە گرتنی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سووریا، ئەوە بوو پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی دەوڵەت و سوپای ئازادی سووریا لە ناوچە کوردییەکان بڵاو نەبێتەوە و زیان بە گەلی کورد نەگەیەنێ؟

 ئەمە تەگبیرێکە. لە شاری عەفرین دەستی پێکرد و بەرەو کۆبانی تەشەنەی سەند. لەوێ خەڵک دەستیان بەسەر دامودەزگاکانی ڕژێم داگرت، هێزە ئەمنیەکانیان وە دەر نا و ئێستا بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بە دەستی خۆیانە. وەها ڕەوشێک لە دیرکیش هاتە  ئاراوە. ئێستا ئیتر گەل دەستی بەسەر سەرجەم دامودەزگاکان داگرتووە و بەڕێوەبەرایەتی بە دەست خۆیەتی. ئامانج لەمە پاراستنی خەڵکە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی دەوڵەت لە بەرامبەر گرتنی دامودەزگاکان بەرخۆدانی چەکداری ئەوتۆیان نیشان نەداوە. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 لە یەک دوو شوێن دەستیان کردەوە. شەهیدمان دا، هەم لە قامیشلی و هەم لە دێرک. هەروەها ژمارەیەکیش بریندار بوون. لە لایەکی ترەوە، تەگبیر وەرگیرابوون. لە کوبانی و لە عەفرین ١٢ سەعات مۆڵەتیان پێ درا بۆ ئەوەی دامودەزگاکان چۆل بکەن. ئەوانیش زانیان کە سەرجەم خەڵک هەستاوەتە سەر پێ.

یانی یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد خوێنی زۆر نەڕژێ، ئەوە بوو شەڕتان نەکرد و سەرەتا مۆڵەتتان پێ دان؟ 

بەڵێ، هۆشداریمان پێدان کە لە ناوچە کوردییەکان دەرکەون ئەگینا هەڵوێستی جیاوازمان دەبێ. ئەوانیش هەر لە سەرەتاوە خۆپیشاندانەکانی ئێمەیان بینیبوو، دەزانن داواکارییەکانی خەڵک بە چ ئاراستەیەکدا دەڕوا. لەبەر ئەمەش بێ ئەوەی خوێن بڕژێ، کوڵیان دا. زۆر باش بوو، خۆی ئێمەش نامانەوێ خوێن بڕژێ. لە شارەکانی دیکەش بۆ نموونە لە قامیشلی، چاوەڕوانی ئەوە دەکەین خوێن نەڕژێ. نامانەوێ هێرشی خوێناوی ئەنجام بدرێ. بەڵام گەل خۆی، خۆی بەڕێوە دەبا.

باشە جگە لە ئاستەنگ کردنی زیانی پێکدادانەکان لە ناوچەکە، داخوازییە سیاسیەکانی پەیەدە چین؟ ئایا ئامانجتان سەقامگیرکردنی ئۆتۆنۆمیە لە باکوری سوریا و لە چوارچێوەی وڵاتێکی یەکگرتوودا؟ 

سەرەتا با شتێکتان بۆ ڕاست بکەمەوە. ئێمە بەو ناوچەیە دەڵێین ڕۆژئاوای کوردستان. داخوازییەکانی ئێمە هەر لە سەرەتاوە دیار بوون. ئێمە چوار ساڵە لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیکدا، یانی لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا لە سەر پڕۆژەیەک کار دەکەین کە مافە نەتەوەییەکانی گەل (بۆ نموونە خوێندن و نووسین بە زمانی زگماکی) لە خۆوە دەگرێ و هەوڵێکە بۆ داننان بە گەلی کورد لە دەستوری بنەڕەتیدا. ئەمەشمان بە خۆسەری دیموکراتیک پێناسە کردووە. خۆسەری دیموکراتیک، نایاتە واتای ئۆتۆنۆمی. ئێمە بروشوری تایبەتمان لەمبارەوە بڵاو کردۆتەوە و بە هەموو کەسمان داوە. دیارە ئەمە تایبەت نییە بە کورد و بۆ ناوچەکانی تریشە ئەگەر خۆیان بیانەوێ.

 هەڵسوکەوتی دەسەڵاتدارێتی ئەسەد بەرامبەر بە ویستی خۆسەری دیموکراتیک چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

 ئەوان چوار ساڵە پێیان وایە ئەمە دێتە واتای "لێکدابڕان". بێگومان ئێمە وا بیر ناکەینەوە. ئێمە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی سووریادا، بیر لە مافە دیموکراتیکەکانمان دەکەینەوە. ئێمە سیاسەتێکی جیاخوازی یا خود سەربەخۆخوازی ناگرینە بەر. هەر وەک دەزانن ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی عەرەبیش پەیوەندیمان هەیە. وەک پەیەدە لە ناو دەستەی کۆردیناسیۆنی نەتەوەییدا هەین. وەک چۆن ویستی سەربەخۆیمان نییە، داوای فیدڕالیزمیش ناکەین. خۆسەری دیموکراتیک، لە ڕووی جوگرافیەوە هیچ سنوورێک ناخاتە بەردەم خۆی.

کاربەدەستێکی باڵای سوپای ئازادی سووریا بۆ ڕۆژنامەی "زەمان"ی چاپی تورکیا قسەی کردووە و گوتویەتی پەیەدە لە باکووری سووریا دەیەوێ دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێ و ڕەخنەی لە پەیەدە گرتوە. بۆچوونتان لەسەر ئەم لێدوانە چییە؟

 پەیوەندیمان لەگەڵ سوپای ئازادی سووریا باشە. ئەم لێدوانە، زمانحاڵی سوپای ئازادی سووریا نییە. هەڵسوکەوت و نزیکایەتی سوپای ئازادی سوریا وەها نییە. من باسی کەسانی یەکەمیان دەکەم. لەوانەوە وشەی جوانمان بیست، وەک ''گەلی کورد بەشێکە لە شۆڕشی سووریا و پێرۆزبایی بە گەلی کورد دەڵێین" و ئێمەش بەمە گەلەک کەیفخۆشین.

یانی وەک ئێوە باسی دەکەن سووریا بە دەستی کێوە دەبێ بڵا ببێ، گرنگ ئەوەیە لەپێناو خۆسەری دیموکراتیک خەبات دەکەن؟ 

ڕاستە. بێگومان ئێمە بەڕێوەبەرایەتیەکی دیموکراتمان بۆ سووریا دەوێ. دەسەڵاتی ئێستا هیچ کات نەیتوانی دیموکرات بێ و پێشمان وا نییە دیموکرات بێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ بۆ وەی ویست و داواکارییەکانمان بەدی بێن، دەبێ حکومەتێکی دیموکرات لە شام هەبێ.

ئاخۆ پێتان وایە ئۆپۆزۆسیۆنی ئێستا ڕژێمێکی وەها دیموکرات دابمەزرێنێ؟ 

ئۆپۆزۆسیۆن، پارچە پارچەیە. ئەو بەشەی ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیدا هەیە، داخوازییەکانمان دەپەژرێنێ و بە ماقووڵیان دەزانێ.

سوپای ئازادی سووریاشیان لە ناو دایە؟ 

ئەویش لە ناویان دایە. ئۆپۆزۆسیۆنەکەی تر سەر بە دەرەوەیە و ددان بە لایەنەکان دانانێ. بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنی دیموکراتیک واتە ئۆپۆزۆسیۆنی نێوخۆی سووریا، ددان بە هەموویان دادەنێ.

هەر وەک هەموومان ئاگادارین ئێوە لەم دواییانەدا، نەچوونە پاڵ ڕژێمی سووریا بەڵام لە هەمانکاتدا شان بە شانی هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و بە تایبەت سوپای ئازادی سووریا دژ بە ڕژێم پەناتان بۆ چەک نەبرد. ئەگەر ددان بە داخوازییەکانتان دادەنێن بۆچی لەگەڵیان ناکەون؟ 

ئەمە ڕاست نییە. ئێمە وەک حزب هەر لە سەرەتای دامەزراندنمانەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ بە دواوە لە خەبات داین. ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ شەهیدمان دا. کە شۆڕشی سووریا یان با بڵێین بەهاری عەرەبی یا خود بەهاری گەلان دەستی پێکرد، ١٥٥٠ کەسی ئێمە لە گرتووخانەکانی ڕژێم دابوون. بۆیە ناکرێ بچینە پاڵ ئەوانەوە. شەڕمان کردوە بەڵام بێگومان لە ڕوانگەی خۆمانەوە.

بە ڕای ئێوە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەرایەتی ناوچە کوردنشینەکان چ کارتێکەرییەک لەسەر پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ناوچەکە دادەنێ؟ 

سەرەتا دەبێ بڵێم ئێمە چاوەڕوانی ئەوە دەکەین پەیوەندی گەلان بە یەکەوە تۆکمەتر بێ و لەپێناو ئەمەدا تێدەکۆشین. هیچ کێشەیەکی ئەوتۆمان لەگەڵ گەلی تورکدا نییە. ئەو تەگبیرانەی لێرە گرتوومانە، لەپێناو پاراستنی گەلەکەمان دایە و بۆ دژومنایەتی هیچ لایەنێک نییە. بەڵام بەداخەوە بەڕێوبەرانی تورک فۆبیایەکی کوردیان هەیە. لە هەر شوێنێک کوردێک مافی خۆی بە دەست بێنێ، لە ڕوانگەی ئەوانەوە ناهەقە. ئێمە لەپێناو دیموکراتیزەبوونی سووریا تێدەکۆشین و تا ئەمەش بەدی دێ هەوڵ دەدەین گەلەکەمان بپارێزین. ئەمە مافی هەرە سروشتی خۆمانە. هیچکەس مافی نیە لەمبارەوە ڕەخنەمان لێ بگرێ.

دوای ئەم قۆناغە، دژ بە دەسەڵاتدارێتی سوریا درێژە بە چالاکی سەربازی دەدەن؟ 

ئێمە ئەگەر هێرشمان نەکرێتە سەر، هێرش ناکەینە سەر هیچ کەس.

پەیوەندیتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کوردەکانی عێراق لە چ ئاستێک دایە؟

 لەسەر بانگهێشتی مەسعود بارزانی، دوو مەجلیسی ناوچەکەمان ڕێککەوتن. بە هۆی ئەم هەوڵانەوە، سوپاسی دەکەین. بەڵام بارزانی هیچکات خۆی نەخستۆتە نێو کاروباری ئێمەوە. لەسەر بنەمای ئەم ڕێککەوتنە، کۆمیتەیەک دادەمەزرێنین. کە یەکەم کۆبوونەوە بەسترا، پاشان کۆمیتەی ژێر چەتریش ئاوا دەکرێن. بەڵام ئەمە ڕێبازێکە کە کوردەکانی سووریا خۆیان گرتوویانەتە بەر.

لە نێو ئەم پێکهاتەیەدا، ناوی زۆر لایەن و ڕێکخراو هەیە، بەڵام ئاخۆ ئەکتەری سەرەکی پێڤاژۆکە پەیەدەیە؟ 

پەیەدە حزبێکی سیاسیە. باشترە بڵێین مەجلیسی گەل. مەجلیسی گەل لە ڕۆژئاوای کوردستان. لە لایەکەوە لە ژێر چەتری مەجلیسێکدا پانزە حزب هەیە و لە لایەکی دیکەشەوە دامودەزگا سڤیلەکان و پەیەدە هەن. شتێک نیە بە ناوی پەیەدەوە کرابێ، بەڵکو لە لایەن ئەم دوو مەجلیسەوە کراوە.

میدیای تورکیا، تەعبیری "باڵی سووریای پەکەکە" بۆ پەیەدە بەکار دێنێ، ئایا ئەم پێناسەیەتان پێ ڕاستە؟ 

پێمان وایە لە ڕوی فەلسەفی و ئیدیۆلۆژییەوە لێک نزیک بوونێک هەیە. دیارە ڕاشکاوانە باسمان لەوە کردووە. بەڵام هیچ چەشنە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکمان لەگەڵ هیچ کەسێک نیە. جگە لەمە زۆر قسە و قسەلۆگ دەکرێ. دەڵێن پەکەکەییەکان لە دەرەوە هاتوون. تەنانەت کەسێکیش لە دەرەوە ڕا نەهاتووە. ئەم قسانە هیچ ئەسڵ و ئەساسێکیان نییە. ئێمە بە هێزی خۆمان، بە هێزی گەلەکەمان کاروباری کۆمیتەکان بەڕێوە دەبەین. هەڵبەت لەم ڕۆژانەی دواییدا، ئەمانە ڕاگەیەنراون. کۆمەڵێک یەکینە لە ژێر ناوی یەکینەکانی پاراستنی گەل دامەزراون. زۆربەی ئەمانەش لە هێزی گەنجان پێکهاتووە. بە مەبەستی هێرش کردن بۆ سەر هیچ لایەنێک دروست نەبوون، بەڵکوو بۆ پاراستنی خەڵک پێکهاتوون.

سەبارەت بە توانای هێزی چەکداریتان تا چ ئاستێک دەتوانن زانیاریمان پێ بدەن؟

 وەک ژمارە نازانم، بەڵام لە سەرانسەری ڕۆژئاوای کوردستان بڵاو بۆتەوە. بەشی هەرە زۆری خەڵک لەگەڵ ئێمەیە و پشتیوانیمان لێ دەکا.

وەک دوا پرسیار، شتێک ماوە بیڵێن؟ 

سەرەتا با ڕوو لە گەلی تورک بکەم... ئێمە دوژمنی گەلی تورک نەبووین و نابین. مێژوویەکی هاوبەشمان هەیە. بە کاربەدەستانی تورکیا دەڵێم با خۆیان لە فۆبیای کوردەکانی خۆیان ڕزگار بکەن بۆ ئەوەی هەندێک ئاشتی ڕوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکا. بە گەلانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش دەڵێم... ئێمە هیچکات نامانەوێ دوژمنایەتی هیچ گەلێک بکەین. ویستی ئێمە برایەتی نێوان گەلانە. دەمانەوێ گەلان یەکسان بن. دەمانەوێ بە شێوەیەکی دیموکراتیک دان بە یەکتری دابنێین.

ئێوە کوردی سووریان، ئەو تورکیە ڕەوانە چۆن فێر بوون؟ 

من ئەندازیاری بواری کیمیام. دەرچووی زانکۆی تەکنیکی ئەستەنبوڵ (İTÜ)م. بۆیەش تورکیەکەم، تورکی ئەستەنبوڵە نەک تورکی ئۆرفا!

۱۳۹۱/۰۳/۲۲

له‌ ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتیی په‌رته‌وازه‌وه‌ بۆ به‌ره‌یه‌کی ڕێکخراو


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌حوکمی فره‌زاراوه‌یی، فره‌ ئایینی و فره‌ که‌لتووری له‌چاو پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان پێکهاته‌یه‌کی پلۆرالیست و له‌هه‌مانکاتدا په‌رته‌وازه‌ی هه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگه‌خۆشکه‌ر بووه‌ بۆ دانانی سنوور و به‌ربه‌ستێک له‌به‌رده‌م یه‌کگرتنی ڕیزه‌کانی جه‌ماوه‌ر. ناڕه‌زایه‌تی و سه‌رپێچی له‌به‌رامبه‌ری ڕژێم، له‌شوێنێکدا نه‌بۆته‌ هۆی ناره‌زایه‌تییه‌کی سه‌رانسه‌ری و هه‌مه‌لایه‌نه‌. چونکه‌ له‌پشت ئه‌و ناره‌زایه‌تییه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌رێمی خۆی نواندوه‌. یان ئه‌و هه‌ڵچوونه‌ له‌ئه‌نجامی گوشاری ڕژێم بۆ سه‌ر بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بووه‌، یان له‌میانه‌ی ڕوداوێکی ڕۆژانه‌دا هاتۆته‌ گۆڕێ که‌ خه‌ڵکی ناوچه‌کانی دیکه‌ به‌ کێشه‌یه‌کی خۆیان نه‌زانیوه ‌و له‌گه‌ڵی هاوده‌نگ نه‌بوون.

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ڕژێم گوشاری خستبێته‌ سه‌ر پێڕه‌وانی ئه‌هلی حه‌ق، یه‌کێکی موکریانی یان کورمانج سه‌ری پێوه‌ نه‌ئێشاندوه‌، یان ئه‌گه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌ک شاره‌ سنوورنشینه‌کانی گرتۆته‌وه‌، وه‌ک ئه‌و هه‌موو ڕوداوه‌ی که‌ له‌ئه‌نجامی کوشتنی قاچاقچیه‌کدا بۆ وێنه‌ له‌مه‌ریوان یان پیرانشار ڕوو ده‌دات، نه‌بۆته‌ کێشه‌یه‌کی خه‌ڵکی کرماشان. ته‌نانه‌ت ڕووداوی تیرۆری شوانه‌ قادریش که‌ ده‌کرا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئیعترازێکی به‌رین و سه‌رتاسه‌ری، له‌به‌ر نه‌بوونی ڕێکخستن و قه‌یرانی له‌مجۆره‌ ته‌نیا هه‌رێمی موکریان و ئه‌رده‌لانی گرته‌وه ‌و ئه‌و ڕووداوه‌ش وه‌ک زۆر ڕوداوی تر که‌ به‌تایبه‌ت له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا بێ پسانه‌وه‌ دێنه‌ ئاراوه‌، حاڵه‌تێکی هه‌رێمی به‌خۆوه‌ گرت. خۆپیشاندان و ناره‌زایی ده‌ربڕین له‌پێناو کوشتنی مه‌لا محه‌مه‌د ڕه‌بیعی و ده‌یان هه‌ڵچوونی دیکه‌ی هاوشێوه‌ له‌شاره‌ جۆراوجۆره‌کاندا هه‌ر له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولێنه‌وه‌.

په‌رته‌وازه‌یی و نایه‌کریزی خه‌ڵک له‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ خاوه‌ن ئامانج یاخود خاڵێکی هاوبه‌ش نین، به‌پێچه‌وانه‌وه‌. سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان بێ جیاوازی، ده‌ردێکی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ و هاوکات ئامانجێکی هاوبه‌شیشیان هه‌یه‌. جا گرنگ نییه‌ سه‌ر به‌ کام زاراوه، کام ئایین و کام حزبن. به‌ساده‌ترین زمانیش ده‌توانین ڕزگاربوون له‌چنگ ڕژێم به‌ئامانجی هه‌موویان پێناسه‌ بکه‌ین. هه‌ر تاکێکی کورد هیوای ڕزگاری له‌ مێشک دایه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجیش جگه‌ له‌ هه‌ندێ جیاوازیی لاوه‌کی له‌سه‌ر شێوازێکی خه‌بات و تێکۆشان کۆکن. دیاره‌ ئه‌م شێوازه‌ی خه‌بات و هه‌روه‌ها ڕزگاربوونیش به‌گوێره‌ی تێگه‌یشتنی هه‌ر مرۆڤێک له‌م چه‌مکه‌ ده‌گۆڕدرێ.

کارکردن و هه‌وڵدانی ڕژێم بۆ گۆڕینی ئه‌و دۆخه‌ واته‌ له ئۆپۆزێسیۆنه‌وه‌ بۆ هێزێکی دینامیکی گوێڕایه‌ڵ و سازشکار ئه‌نجامێکی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌. چه‌نده‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ له‌سیاسه‌تێکی به‌رنامه‌بۆدارێژراویشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتبێ. کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پێچه‌وانه‌کردنی ئه‌م دۆخه‌، پراکتیکێکی زۆر سیسته‌ماتیکی له‌ هه‌موو بواره‌کانی ژیان، په‌روه‌رده‌، بیرۆکراتی، ئابووری، وه‌رزش و ... به‌ڕێوه‌ بردووه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ جوڵانه‌وه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی ڕژێمدا نامومکین و دژوار بێت، که‌چی توانیویه‌تی ته‌نیا له‌بواری شکڵه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ی پێ بکات و له‌بواری مه‌عریفه ‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ له‌جێگه‌ی خۆی ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ئه‌مانه‌ش کاره‌کته‌ری ئۆپۆزێسیۆن بوونی پێ به‌خشیوه‌، ئۆپۆزێسیۆنێکی سروشتی که‌ پاڵنه‌ره‌که‌ی هه‌ست و تێگه‌یشتن بووه‌ نه‌ک هێز و دنه‌دانی ده‌ره‌کی. ئه‌م ئۆپۆزێسیۆنه‌ی خه‌ڵک وه‌ک هێزێکی سه‌ربه‌خۆ و جیاواز له‌ کرده‌وه‌دا خۆی نواندوه‌ و زۆر جاریش وه‌ک هێزێکی جیا حیسابی بۆ کراوه ‌و تاکتیک و ستراتیژییه‌تی هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا بووه‌. چونکه‌ وه‌ک چۆن نه‌که‌‌وتۆته‌ به‌ره‌ی ڕژێم و داموده‌زگاکانی، له‌به‌ره‌ی ئه‌حزابی کوردی و ئۆپۆزێسیۆنی ئێرانیشدا دووره‌په‌رێز ماوه‌ته‌وه‌. به‌حوکمی ئه‌وه‌ی ستراتیژی و ویست و داخوازییه‌کانی به‌ته‌واوی له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی سیاسی و داخوازی حزبه‌کان یه‌کی نه‌گرتۆته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی ناسه‌قامگیرو هه‌ڵپه‌سێراو لایه‌نگری و هه‌وادارێتی حزبێکی کردووه‌و سبه‌ی خۆی له‌شوێنێکی دیکه‌دا بینیوه‌ته‌وه‌.

ده‌توانم بڵێم چه‌نده‌ ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران نه‌یتوانیوه‌ له‌حاڵه‌تی ئۆپۆزێسیۆن بوون ده‌ری بێنێت، به‌پێچه‌وانه‌ حزبه‌کانیش له‌ خورت کردن و به‌هێزکردنی ئه‌م به‌ره‌یه‌دا نه‌یانتوانیوه‌ هه‌نگاوی به‌رچاو به‌رز بکه‌نه‌وه‌. هه‌رچی حیزبه کوردستانییه‌کانن، له‌بری ڕێکخستن و یه‌کریزی خه‌ڵک، زیاتر په‌رته‌وازه‌یان کردوه‌، نه‌ ته‌نیا نه‌یانتوانیوه‌ له‌ گۆڕینی ئه‌م بارودۆخه‌دا ڕۆڵیان هه‌بێت، به‌ڵکو هه‌مان تایبه‌تمه‌ندییان له‌ کۆمه‌ڵگاوه‌ گواستۆته‌وه‌ بۆ ناو سه‌نگه‌ره‌کانی خه‌بات و ئۆردوگاکانیشیان. تایبه‌تمه‌ندی ناوچه‌گه‌رایی و گرنگی دان به‌ هه‌رێمێک به‌ڕاشکاوی له‌ گوتاری سیاسی ئه‌و حزبانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ و له‌ پراکتیکی ڕۆژانه‌یاندا خۆ نیشان ده‌دات.

سه‌رگرتنی به‌ره‌ی کوردستانی پێکهاتوو له‌ حزب و لایه‌نه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌یتوانی ده‌ستپێکێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی ماڵی کوردی له‌و پارچه‌یه‌ یه‌ک بخات و کۆتایی به‌و بڵاوبوونه‌ بێنێت. به‌واتایه‌کی تر چه‌نده‌ به‌ره‌ی کوردستانی نوێنه‌ر و زمانحاڵی ئۆپۆزێسیۆنی کوردی بێت، ئه‌وه‌نده‌ش نوێنه‌ری هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگا بێت و سنووره‌کانی زاراوه‌ و ئایین بڕوخێنێ و که‌لتووری هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ یه‌کتری و یه‌کگرتن گه‌شه‌ پێ بدات.

ئه‌وه‌ باشترین و تاکه‌ مودێلی ڕێکخستنی ئه‌م حزبانه‌یه‌ بۆ وه‌سه‌ریه‌کنان و کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م دینامیکه‌ پرژو بڵاوه‌ و ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانه‌ی که‌ له‌بواری ڕێکخستنه‌وه‌ ده‌سته‌ویه‌خه‌ی ئه‌م پارچه‌یه‌ی کوردستان بۆته‌وه‌. به‌ڵام وه‌ک له‌ واقیعدا ده‌بینین پرۆژه‌ی به‌ره‌ی یه‌کگرتوو له‌به‌ر هه‌ندێک کۆسپ و ته‌گه‌ره‌ هه‌روا هه‌ڵپه‌سێردراو ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت له‌بیرۆکه‌ی شکڵ گرتنیشیدا دیسان دینامیکێکی به‌رچاو له‌ده‌ره‌وه‌ی پرۆسه‌که‌ ده‌مێننه‌وه‌.

ئه‌و به‌ره‌ کارتۆنییه‌ی که‌ له‌نێوخۆی ئێرانیشدا دروست بووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ ئه‌م ئه‌رکه‌ ڕاپه‌ڕێنێ و هه‌نگاو بنێت له‌پێناو یه‌کگرتنی خه‌ڵکدا.

له‌م نێوانه‌دا ته‌نیا بژارێک ده‌مێنێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ره‌ی یه‌کگرتووی خه‌ڵکه‌ که‌ به‌هه‌وڵ و هیممه‌تی خودی خه‌ڵک دروست ده‌بێ. به‌جۆرێک که‌ مه‌غزایه‌کی ته‌واو سیاسی بده‌ن به‌ هه‌ر جۆره‌ ناڕه‌زایه‌تی و جوڵانه‌وه‌یه‌کیان و هه‌وڵ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگی خۆیان له‌ئاستی جیهانیدا به‌رز بکه‌نه‌وه‌. که‌سانی سه‌ربه‌خۆ به‌گشت چین و توێژه‌کانی، ڕۆشنبیران، سه‌ندیکا و داموده‌زگا سڤیله‌کان و لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ کۆڵه‌که‌ بنچینه‌ییه‌کانی ئه‌م به‌ره‌یه‌ ده‌بن. خۆدیتنه‌وه‌ی لایه‌نگرانی حزبه‌کان له‌ئاراسته‌یه‌کی یه‌کگرتوو و هه‌ده‌فمه‌نددا گوشار بۆ پێکهاته‌کانی دیکه‌ی حزبیش دێنێ تاکوو له‌م قۆناخه‌دا یه‌کبگرن و ناکۆکییه‌ بچووکه‌کانیان وه‌لا بنێن.

۱۳۹۱/۰۳/۱۶

له‌ خاچ دانه‌وه‌ی پێشه‌وا


سەلاحەدین بایەزیدی

ئه‌ی مه‌سیح! نزیک به‌ دوو هه‌زار ساڵ تێده‌په‌ڕێ و تۆ هێشتا هه‌ر له‌ خاچ ده‌ده‌ن. ئه‌دی که‌نگێ تۆ له‌ خاچ ناده‌ن و کاتێک تۆ دێیت ئیدی جاویدانه‌ له‌ناوماندا ده‌ژیت؟
له‌ خاچ دانه‌وه‌ی مه‌سیح، نیکۆس کازانتزاکیس

ئه‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی پێشه‌وا له‌ لایه‌ن دوژمنانیه‌وه‌ له‌ سێداره‌ درا، هه‌رگیز بیری له‌وه‌ نه‌کردبۆوه‌، له‌ داهاتوودا ڕۆڵه‌کانی له‌ سێداره‌ی دەده‌نه‌وه‌، ڕۆح و بیری خۆی و هاوڕێیانی بۆ جارێک و سه‌د جارێک ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌ سێداره‌. قه‌ت بیریشی بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووه‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیدا، ته‌ناف له‌ گه‌ردنی ڕه‌نج و ئامانجه‌کانی بکه‌ن. به‌ خه‌یاڵیدا نه‌هاتوه‌ هاوخوێن و هاوزمانه‌کانی، سووک و سانا ته‌سلیم به‌ دوژمنی بکه‌ن. وه‌یده‌زانی له‌ ناوماندا جاویدانه‌ ده‌ژی، ئه‌گه‌ر ڕۆڵه‌یه‌کی به‌ ئه‌مه‌کیش نه‌بین بۆی، لانیکه‌م خراپه‌مان بۆی نابێ و به‌ ڕێزه‌وه‌ یادی ده‌که‌ین.
ئه‌و کات له‌ مه‌یدانێک، له‌ به‌ره‌به‌یانێکی کپدا له‌سێداره‌ درا و ئێستا له‌ سه‌د مه‌یدان، له‌ هۆڵی خۆی، له‌ که‌مپه‌کانی حزب، له‌ باره‌گای مه‌سئوله‌کان، له‌ ناوه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت و … له‌به‌ر چاوی هه‌ر هه‌موومان له‌ سێداره‌ ده‌درێته‌وه‌.
ئه‌و کات له‌ ژێر ئاڵای شێرو خورشیدی ئێران و ئێستا له‌ ژێر ئه‌و ئاڵایه‌ی خۆی بۆ یه‌که‌مجار هه‌ڵیکرد، ئه‌و کات له‌ مه‌یدانی چوارچرا و ئێستاش له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را، له‌ شێخه‌ڵڵا. ئه‌و کات حوکمه‌که‌ی له‌ لایه‌ن عه‌جه‌مه‌کان و به‌ زمانی بێگانه‌ خوێنرایەوه‌، ئێستا له‌ لایه‌ن ڕۆڵه‌کانی خۆی و به‌ زمانی کوردی.
له‌ هه‌موو ئه‌و سێدارانه‌ گه‌وره‌تر، سێداره‌یه‌که‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێم ساڵانه‌ له‌ یادی خومه‌ینیدا بۆ پێشه‌وای به‌رز ده‌کاته‌وه‌ و له‌ پێش چاوی هه‌موومان، بێ به‌زه‌ییانه‌ ته‌رمی هه‌ڵواسراوی ئه‌و ڕێبه‌ره‌مان دێنێته‌وه‌ به‌رچاو. مۆمێک بۆ یادی خومه‌ینی ڕۆشن ده‌که‌ن و سه‌دان ڕووناکی له‌ دڵی ئێمه‌دا ده‌کوژێننه‌وه‌. گوڵێک له‌سه‌ر وێنه‌ی خومه‌ینی داده‌نێن و هه‌زاران تف له‌ کێلی پێشه‌وا ده‌که‌ن. فاتیحایه‌ک بۆ ڕۆحه‌ شوومه‌که‌ی خومه‌ینی ده‌خوێنن و بزمارێک له‌ تابووته‌که‌ی پێشه‌وا ده‌ده‌ن.
به‌ لای ئێمه‌وه‌ چه‌ند ئاسایی بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌ دانی ڕۆح و کوشتنی خه‌ون. چه‌ند سانا بۆته‌وه‌ له‌سێداره‌دانی ڕابردوو و مێژوومان. سووکایه‌تی به‌ ئامانجمان، به‌ سروودمان، به‌ که‌سایه‌تیه‌کانمان و به‌ …  وه‌ک ئاو خواردنه‌وه‌ی لێهاتوه‌.
دواجار سه‌یر نییه‌ سبه‌ی ڕۆژ له‌ هۆڵی مه‌لا مسته‌فای بارزانی یادی سه‌ددام حوسێن بکه‌ینه‌وه‌، له‌ هۆڵی سه‌ید ڕه‌زای دێرسیمی یادی ئاتاتورک، له‌ هۆڵی جگه‌رخوێن یادی حافز ئه‌سه‌د و له‌ هۆڵی شێخ مه‌حموود، یادی عه‌لی کیمیایی بکه‌ینه‌وه‌. نا، هیچ سه‌یر نییه‌، چونکه‌ هه‌موو شتێک به‌ لامانه‌وه‌ ئاساییه‌.

۱۳۹۱/۰۱/۲۲

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف لەگەڵ سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش



به‌شی یه‌که‌م

بۆچی سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش

ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وپێش لێپرسراوێکی پایه‌بڵند له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕایگه‌یاند حکومه‌ت په‌یڕه‌ویی له‌ ستراتژییه‌کی نوێ له‌مه‌ڕ کوردان ده‌کا. له‌ پێناو ئه‌مه‌دا سه‌ر له‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ ده‌که‌نه‌وه‌! به‌ڵام جیاوازی ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌یان لەگەڵ ئیمراڵی و په‌که‌که‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام نادرێ. له‌مه‌وبه‌دوا، کێشه‌که‌ لەگەڵ پێکهاته‌ سیاسییه‌کان تاوتوێ ده‌کرێ. وه‌زیره‌کانی حکومه‌ت ئاگایان له‌م ستراتژییه‌ نوێیه‌ نه‌بوو، به‌ڵام سه‌رۆک وه‌زیر له‌ فڕۆکه‌دا کاتێک ده‌چوو بۆ کۆریا، بوونی وه‌ها ستراتژییه‌کی بۆ کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووس پشت ڕاست کرده‌وه‌ و له‌ پێناو وتوێژدا بانگه‌وازی ئاڕاسته‌ی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (به‌ده‌په‌) کرد. به‌ده‌په‌ له‌ وەڵامی ئه‌م بانگه‌وازه‌دا، ڕایگه‌یاند بۆ وتوێژ و چاوپێکه‌وتن ئاماده‌م به‌ڵام... ئه‌ی پاشان چی ڕووی دا؟ گه‌لۆ وەڵامێک له‌ حکومه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ده‌په‌ هات؟ ئه‌گه‌ر به‌ده‌په‌ لەگەڵ حکومه‌ت دابنیشێ، داوای چی له‌ حکومه‌ت ده‌کا؟ وتوێژه‌کان له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا به‌رده‌وام ده‌بن؟ به‌ده‌په‌، چی به‌ ئیمڕالی و قه‌ندیل ده‌ڵێ؟ ئایا به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌؟ حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی چۆن چاره‌سه‌رییه‌که‌؟ ئیمڕاڵی چۆن چاره‌سه‌رییه‌کی ده‌وێ؟ قه‌ندیل ده‌ڵێ چی؟ ئاخۆ ئه‌گه‌ر خاکێک به‌ په‌که‌که‌ نه‌درێ که‌ خۆی به‌ڕێوه‌به‌ری بێ، مل بۆ ئاشتی ده‌نێ؟ قه‌ندیل، گوێ بۆ‌ ئۆجه‌لان ده‌گرێ؟ له‌ سیلڤان بۆچی گوێی پێنه‌دا؟ له‌ پێڤاژۆی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئۆسلۆدا چ شتێک ڕووی دا؟ له‌ ڕوانگه‌ی به‌ده‌په‌وه‌، دانوستانه‌کانی ده‌وڵه‌ت لەگەڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ بۆچی و چۆن و که‌ی کۆتاییان پێ هات؟ ئاخۆ په‌که‌که‌ ئاماده‌یه‌ چه‌که‌کان بێده‌نگ بکا؟ ئه‌ی حکومه‌ت له‌ پێناو بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان چه‌ند ئاماده‌یه‌؟ کورده‌کان چۆن ستاتۆیه‌کی سیاسیان گه‌ره‌که‌؟ سنوری جوگرافیایی هه‌رێمه‌کانی خۆسه‌ر چۆن دیاری ده‌کرێن؟ چ ڕوداوگه‌لێک چاوه‌ڕوانی تورکیایه‌ک ده‌که‌ن که‌ کێشه‌ی کوردی چاره‌سه‌ر نه‌کردبێ؟ کوردستان چۆن داده‌مه‌زرێ؟ سه‌رجه‌م ئه‌م پرسیاره‌ گرنگانه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ پرسی کورد و تورکیامان ئاڕاسته‌ی هاوسه‌رۆکی گشتی به‌ده‌په‌، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش کرد. وەڵامی زۆر ڕوون، زۆر سه‌رنج ڕاکێش و جێگه‌ی مشتومڕمان ده‌ست که‌وت.

سازدانی: نه‌شه‌ دوزه‌ل – ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
 
نه‌شه‌ دوزه‌ل: پاش ئه‌وه‌ی سه‌رۆک وه‌زیر {ئه‌ردۆغان} ستراتیژی نوێی کوردی ڕاگه‌یاند و گوتی له‌ مه‌ڕ پرسی کورد لەگەڵ پارته‌ سیاسیه‌کان دانوستان ده‌که‌ن، ئێوه‌ ڕاتانگه‌یاند بۆ ئه‌نجامدانی دانوستان ئاماده‌ن. ئایا حکومه‌ت وەڵامی ئه‌و لێدوانه‌ی ئێوه‌ی دایه‌وه‌؟ 
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش: نه‌خێر، وەڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌. سه‌رۆک وه‌زیر، وه‌ک دوا قسه‌ گوتیشی "ئه‌گه‌ر هاوسه‌رۆکه‌کان به‌ ئیراده‌ی خۆیان بڕیار بده‌ن، چاوپێکه‌وتنیان لەگەڵ ئه‌نجام ده‌ده‌ین، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لەگەڵ یان دانانیشین." زۆر سه‌رنج ڕاکێشه‌! سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ئیراده‌ و هێزی بڕیاردانتان نه‌بێ و نه‌توانن له‌ سه‌ر بڕیارێک کۆک بن، بۆ ده‌بێ چاوپێکه‌وتنتان لەگەڵ ئه‌نجام بده‌م؟"

به‌ڕای ئێوه‌ ده‌یه‌وێ بڵێ چی؟ سه‌رۆک وه‌زیر گوتی "لەگەڵ ئه‌و لایه‌نه‌ دانوستان ده‌که‌ین که‌ له‌ ڕێکخراوێکی تیرۆریستیه‌وه‌ فه‌رمانی پێ نه‌درێ و خاوه‌ن ئیراده‌ بێ".
له‌ ڕاستیدا ئه‌گه‌ر مه‌به‌سته‌کانی پشت ئه‌م دێڕانه‌ بخوێنینه‌وه‌، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی ده‌مه‌وێ قسه‌ی له‌ سه‌ر بکه‌م، چه‌که‌". ئه‌گینا گه‌ر سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر پرسی کورد گفتوگۆ بکا، ده‌توانێ لەگەڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو شتێک قسه‌ بکا.

هه‌موو شتێک وه‌ک چی؟
په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکی، ده‌ستووری نوێ، شارۆمه‌ندی ده‌ستوری، گۆڕانکارییه‌کانی ده‌ستوور و تاد. سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌م مژارانه‌، خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆمانین و هێزی بڕیاردانیشمان هه‌یه‌. به‌ڵام ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر، ماف و ئازادی کورد نییه‌! بۆیه‌ ده‌ڵێ "لەگەڵ به‌ده‌په‌ سه‌باره‌ت به‌ چی قسه‌ بکه‌م؟ ئه‌وان هێزی بڕیاردان و ده‌سته‌ڵاتیان نییه‌." چونکه‌ ئه‌و به‌رده‌وام ده‌یه‌وێ له‌ سه‌ر چه‌ک قسه‌ بکا. له‌ مێشکی ئه‌ودا، سه‌باره‌ت به‌ پرسی کورد ته‌نیا چه‌ک هه‌یه‌!

ئێوه‌ وەڵامی بانگه‌وازه‌که‌تان دایه‌وه‌ و گوتتان "بۆ دانوستان ئاماده‌ین"، چاوه‌ڕوانی چۆن وەڵامێکن له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌؟
پێموانییه‌ وەڵام بده‌نه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر حکومه‌ت لەگەڵ ئێوه‌ له‌ سه‌ر مێزی دانوستان دابنیشێ، له‌ چ هه‌لومه‌رجێکدا درێژه‌ به‌ دانوستانه‌کان ده‌ده‌ن؟
مه‌رجی سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه‌ دانوستانه‌کان ڕاشکاوانه‌ و شه‌فاف بن. دوای هه‌ر دیدارێک، ڕای گشتی له‌ ناوه‌ڕۆکی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ ئاگادار بکرێته‌وه‌. ده‌بێ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ ڕوون بکرێنه‌وه‌ که‌ ئێمه‌ چیمان گوتووه‌، قسه‌ی ئه‌وان چی بووه‌ و ده‌ستکه‌وته‌کانی ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ چی بووه‌. مه‌رجی دووهه‌ممان ئه‌وه‌یه‌ دوای هه‌ر چاوپێکه‌وتنێک، حکومه‌ت هه‌نگاوی پراتیکی و به‌رچاو به‌رز بکاته‌وه‌.

تێنه‌گه‌یشتم...
سه‌باره‌ت به‌ پێڤاژۆی دانوستان، ته‌نیا‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی هه‌نگاوی به‌رچاو و دیار متمانه‌ به‌ لایه‌نه‌کان ده‌دا و ته‌نیا له‌م حاڵه‌ته‌دا، ده‌کرێ که‌شوهه‌وای بێ پێکدادان بخوڵقێ. له‌ ژێر سایه‌ی که‌شوهه‌وایه‌کی ئارامیشدا، دانوستانه‌کان زیاتر پێش ده‌که‌ون. یانی دوو پێڤاژۆ هاوکات یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن. بڕوانن... به‌ هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی دژ به‌ کۆما جڤاکێن کوردستان (که‌جه‌که‌) و گوشاری سه‌ر چاپه‌مه‌نی، هه‌نووکه‌ هه‌لومه‌رجی سیاسی ژه‌هراوی کراوه‌. حزبێک که‌ حه‌وت هه‌زار ئه‌ندام، نوێنه‌ر و سه‌رۆک شاره‌وانی له‌ گرتووخانه‌کان دایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یامی خۆی به‌ شێوه‌یه‌کی تۆکمه‌ له‌ ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌ سیاسی و دیموکراتیکه‌کانه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نێ، ئه‌شێ به‌هێز بێ. که‌واته‌،‌ هه‌ندێک گۆڕانکاری ده‌ستووری و به‌ تایبه‌ت یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر پێویستن‌.

واته‌ یه‌کێکی تر له‌ مه‌رجه‌کانتان، گۆڕینی بنکه‌ی دژی تیرۆر و به‌ردانی گیراوانی دۆزی که‌جه‌که‌یه‌؟
به‌ڵێ. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ لەگەڵ حکومه‌ت، ئه‌م مژارانه‌ ده‌خه‌ینه‌ به‌ر باس. ده‌مانه‌وێ له‌مڕوه‌وه‌ هه‌نگاو به‌رز بکرێنه‌وه‌. به‌ندکراوانی که‌جه‌که‌ ئازاد بکرێن و چاوخشاندنه‌وه‌یه‌ک ئه‌نجام بدرێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌نگاوانه‌ نه‌نرێن، شانسی چاوپێکه‌وتنیش له‌ ئارادا نامێنێ. به‌ده‌په‌، حزبێکه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌ندامانی قۆڵبه‌ست ده‌کرێن. تەنانەت هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نیه‌ که‌ من نه‌گیرێم. ته‌نانه‌ت نوێنه‌ری ئێمه‌ بۆ کۆمیسیۆنی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی قۆڵبه‌ست کرا. بۆ ئه‌وه‌ی کێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌کی سه‌دساڵی دوایی تورکیا چاره‌سه‌ر بکرێ، ئیتر پێویسته‌ هه‌نگاوی پراتیکی بنرێن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ...

چ ڕوو ده‌دا؟
ئه‌گه‌ر حکومه‌ت هه‌نگاو نه‌نێ، له‌ لایه‌که‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی و شه‌پۆلی قۆڵبه‌ست کردنی ئه‌ندامانی که‌جه‌که‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ به‌ده‌په‌ بگوترێ "من هه‌مدیس له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌ی چه‌ک قسه‌ت لەگەڵ  ده‌که‌م"، له‌ ڕاستیدا ئه‌مه‌ دێته‌ ئه‌و واتایه‌ی که‌ حکومه‌ت نیازی چاوپێکه‌وتن و دانوستانی نییه‌. لەگەڵ ئه‌مه‌دا، یه‌که‌م چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ له‌ ده‌ست پێکردنی دانوستانه‌کاندا بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کانه‌.

چه‌که‌کان چۆن بێده‌نگ ده‌کرێن؟
چه‌که‌کان پێویسته‌ دوو لایه‌نه‌ بێده‌نگ بکرێن و پێویسته‌ حکومه‌تیش له‌ پێناو ئه‌مه‌دا، تێبکۆشێ. ده‌بێ حکومه‌ت ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان ڕابگرێ. په‌که‌که‌ش ده‌بێ ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ. سه‌ره‌تا ده‌بێ پێشخانێکی ئاوا دابمه‌زرێ. ئه‌گه‌ر پێشخانێکی ئاوا دروست نه‌بێ، له‌ گفتوگۆ سه‌ره‌کییه‌کانماندا تووشی ئاسته‌نگی ده‌بین! پارتی دادو گه‌شه‌پێدان (ئاکه‌په‌) ده‌ڵێ "لەگەڵ تیرۆر دانانیشم"، به‌ڵام بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ و نیو تا سێ ساڵ له‌ ئیمڕالی و ئۆسلۆ دانوستانی ئه‌نجام دا. ئه‌وده‌میش سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یگوت "لەگەڵ تیرۆر دانانیشم". له‌م ڕوانگه‌وه‌، پێموانییه‌ دانوستانه‌کان به‌ یه‌کجاری کۆتاییان پێ هاتبێ.

دانوستانه‌کان لەگەڵ په‌که‌که‌ درێژه‌یان ده‌بێ؟
بڕوا ناکه‌م، به‌ڵام ناشێ بگوترێ "ئیتر جارێکی دیکه‌ چاوپێکه‌وتن له‌ نێوان په‌که‌که‌ و ده‌وڵه‌تدا ئه‌نجام نادرێ". ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج بلوێ و قه‌ناعه‌تی دانوستان پێش بکه‌وێ، بۆی هه‌یه‌ سه‌رله‌نوێ چاوپێکه‌وتنه‌کان ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه‌. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، به‌ده‌په‌ ده‌توانێ ڕۆڵ بلیزێ. با به‌مجۆره‌ شی بکه‌مه‌وه‌... بڵا حکومه‌ت قورسایی سیاسی کێشه‌ی کورد لەگەڵ ئێمه‌ تاوتوێ بکا. ئێمه‌، به‌رده‌نگی سیاسی کێشه‌که‌ین. ئێمه‌ له‌مڕوه‌وه‌ ده‌نگ، پشتیوانی و ده‌سه‌ڵاتمان له‌ ده‌نگده‌ران وه‌رگرتوه‌. مه‌شڕوعیه‌تمان هه‌یه‌. ئێمه‌...

به‌ڵێ...
ئێمه‌ پڕۆژه‌، به‌رنامه‌ی زه‌مه‌نی و پێشنیاری چاره‌سه‌ریمان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی گه‌لی کورد به‌ چ شێوه‌یه‌ک له‌ ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی و له‌ ئاستی یاسا ئیدارییه‌کان گه‌ره‌نتی بکرێن و کێشه‌ی یه‌کسانی چۆن چاره‌سه‌ر بکرێ. حکومه‌ت، له‌ مژاره‌ سیاسیه‌کاندا زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانێ گفتوگۆمان لەگەڵ بکا.

حکومه‌ت چ شتێک لەگەڵ ئێوه‌دا ناتوانێ بخاته‌ به‌ر باس؟
سه‌باره‌ت به‌ چه‌ک و ئاگربه‌ست ناتوانێ ڕاسته‌وخۆ لەگەڵ ئێمه‌ چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا: سه‌رۆک وه‌زیر زۆر باش ده‌زانێ ئێمه‌ له‌م ڕوه‌وه‌، ده‌سه‌ڵاتمان نییه‌. ئێمه‌ ڕاسته‌وخۆ ناتوانین له‌ سه‌ر چه‌که‌کان بڕیار بده‌ین. ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کان قه‌بوڵیان بێ، ئه‌وا ده‌توانین سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی چه‌ک، ڕۆڵی ناوبژیوانی بگێڕین. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، سه‌رۆک وه‌زیر ده‌یه‌وێ لەگەڵ ئێمه‌دا مه‌سه‌له‌ی چه‌ک بخاته‌ گفتوگۆ! پاشان دێ و ده‌پرسێ "ئه‌گه‌ر له‌مڕوه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردانتان نییه‌، من بۆچی لەگەڵ ئێوه‌ دابنیشم؟"

ئه‌ی وەڵامی ئێوه‌ چیه‌؟
ئێمه‌ش ده‌ڵێین "ئاخۆ ده‌ردی تۆ ته‌نیا چه‌که‌؟ ئه‌ی ماف و ئازادییه‌کانی کورد چییان به‌سه‌ر دێ؟ وه‌ره‌ با قسه‌ له‌ سه‌ر ئه‌مانه‌ بکه‌ین". چونکه‌ پرسی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی کورده‌. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی، کێشه‌ی په‌که‌که‌ نییه‌! ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی پارتیمان و ئه‌و ده‌نگانه‌ی پێمان دراوه‌، په‌یوه‌ندیدار به‌ مافه‌کانی گه‌لی کورد توانای هه‌ر چه‌شنه‌ بڕیارێکمان هه‌یه‌، به‌ڵام بڕیاردان له‌ سه‌ر چه‌ک، له‌ توانای ئێمه‌ به‌ده‌ره‌. سه‌رۆک وه‌زیریش ئه‌مه‌ ده‌زانێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی له‌ ئێمه‌ی گه‌ره‌که‌، په‌یوه‌ندی به‌ چه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، ده‌توانێ له‌ شوێنێکی تر چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

له‌ کوێ؟
لەگەڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدا.

ئه‌ی باشه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ی وازهێنان له‌ چه‌ک و دابه‌زین له‌ چیاکان، پێویسته‌ لەگەڵ قه‌ندیل چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ یان لەگەڵ ئۆجه‌لان؟
پێویسته‌ لەگەڵ هه‌ردووکیان چاوپێکه‌وتن ئه‌نجام بدرێ. ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و لایه‌نانه‌ به‌شداری پێڤاژۆکه‌ نه‌کرێ، ئه‌وا کاروباره‌کان سه‌قامگیر نابن. به‌ڵام قسه‌ی دوایی له‌ بڕیاری کۆتایی په‌که‌که‌دا، ئۆجه‌لان ده‌یکا. پێویست حکومه‌ت بڵێ "ئه‌گه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئاگربه‌ست ڕابگه‌یه‌نێ، منیش ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌کان ڕاده‌گرم."

به‌ڕای ئێوه‌ حکومه‌ت ئه‌م مه‌رجانه‌تان په‌سند ده‌کا؟
 باس له‌ مافی گه‌لێکی بیست میلیۆنی ده‌کرێ. ئه‌م مه‌رجانه‌ چین؟ هێشتا ئه‌مه‌ سه‌ره‌تای ڕێگه‌یه‌! ئه‌گه‌ر حکومه‌ت ته‌نانه‌ت له‌ شێوازدا، نیازی هه‌نگاونان و کرانه‌وه‌ی نه‌بێ... مینه‌کانی به‌رده‌م چاوپێکه‌وتن خاوێن نه‌کاته‌وه‌... جا سه‌باره‌ت به‌ مافه‌کانی کورد، لەگەڵیاندا باسی چی بکه‌ین؟ له‌ڕوانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌، ئه‌و بابه‌ته‌ زۆر قورستره‌.

ئایا پێتان وایه‌ حکومه‌تیش له‌ به‌رامبه‌ردا مه‌رجی ده‌بێ؟
بۆ ئه‌وه‌ی ڕای گشتی پشتیوانی بکا، بێگومان مه‌رجی ده‌بێ. ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێ گوێمان له‌ شه‌رت و مه‌رجه‌کانی ئه‌و بێ.

باشه‌ دوابه‌دوایی ئه‌م لێدوانانه‌ی هه‌ر دوو لا، له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ چاوپێکه‌وتنی نافه‌رمی لەگەڵ که‌س ئه‌نجام دراوه‌؟
نه‌خێر. نه‌ چاوپێکه‌تنێکی ڕاسته‌وخۆ ئه‌نجام دراوه‌ و نه‌ په‌یامێکمان پێ گه‌یشتووه‌.

ئه‌گه‌ر دانوستانه‌کان ده‌ست پێ بکه‌ن، چاوتان به‌ ئیمرالی یان قه‌ندیل ده‌که‌وێ، هیچیان پێ ده‌ڵێن؟ یاخود ته‌نیا گوێیان لێ ده‌گرن و قسه‌کانیان به‌ حکومه‌ت ڕاده‌گه‌یه‌نن؟
نه‌خێر. ئێمه‌ له‌م نێوانه‌دا، ته‌نیا نابینه‌ که‌ناڵی په‌یوه‌ندی، به‌ڵکو هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌ر دوو لایه‌ن، بکه‌ونه‌ پۆزۆسیۆنێکه‌وه‌ چاره‌سه‌ری به‌ دواوه‌ بێ. به‌ڵام سه‌ره‌تا پێویسته‌ متمانه‌مان به‌ قۆناغه‌که‌ بێ. چونکه‌ ته‌نیا له‌ وه‌ها دۆخێکدا، ده‌توانین قه‌ناعه‌ت به‌وان بێنین متمانه‌ به‌م قۆناغه‌ بکه‌ن. سه‌یر که‌ن... ئه‌مه‌ خاڵێکی زۆر گرنگه‌. هه‌ر دوو لایه‌ن به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ڵسوکه‌وت نه‌که‌ن که‌ پێشتر چاوپێکه‌وتنێک ئه‌نجام نه‌دراوه‌ گه‌یشتبێته‌ بن به‌ست‌.

چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن؟
دانوستانه‌کانی ڕابردوو، بۆ هه‌ردوو لا بەنرخ بوو. دواجار هه‌م ئۆجه‌لان و هه‌میش په‌که‌که‌ له‌‌ چاوپێکه‌وتنه‌کاندا، به‌ ئیراده‌ی سیاسی زۆر بێ متمانه‌ن. هه‌ردووکیان بڕوایان به‌و لێژنه‌یه‌ هه‌بوو که‌ چاوپێکه‌وتنه‌کانی به‌ڕێوه‌ ده‌برد، به‌ڵام بڕوایان به‌ حکومه‌ت نه‌بوو. چونکه‌ حکومه‌ت له‌ ڕه‌وتی چاوپێکه‌وتنه‌کانی ئه‌و لێژنه‌یه‌ لەگەڵ ئیمڕالی، په‌که‌که‌ و که‌جه‌که‌ هیچکات ئیراده‌یه‌کی سیاسی به‌هێزی نیشان نه‌دا.

ئایا ناهه‌قی ناکه‌ن؟ ساڵی ڕابردوو، دروست به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، کاسێتی تۆمارکراوی چاوپێکه‌وتنی لێژنه‌ی ڕاسپێردراوی حکومه‌ت واته‌ ده‌زگای هه‌واڵگری تورکیا (میت) لەگەڵ په‌که‌که‌ له‌ ئۆسلۆ دزه‌ی کرده‌ ده‌ره‌وه‌... حکومه‌ت سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ی گرته‌ ئه‌ستۆ.
بڕوانن... ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ پێڤاژۆی ئۆسلۆ به‌مجۆره‌ ڕۆیشته‌ پێش. ئه‌و لێژنه‌یه‌ی له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی دانوستانی پێدرابوو، له‌ کاتی ئاماده‌بوونی پرۆتۆکۆلدا، لەگەڵ حکومه‌ت چاوپێکه‌وتن و ڕاوێژی ئه‌نجام دا! پاش ئه‌وه‌ی پرۆتۆکۆل حازر بوو و حه‌واڵه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنه‌کان کرا، حکومه‌ت به‌ جۆرێک هه‌ڵسوکه‌وتی کرد وه‌ک بڵێی ئه‌م پرۆتۆکۆلانه‌ به‌ هیچ جۆرێک بوونیان نییه‌ و ئه‌مانه‌ ته‌نیا بیرۆکه‌ی ئۆجه‌لانن و ئه‌و خۆی له‌ سه‌ر کاغه‌ز هه‌ندێ شتی نووسیوه‌.

که‌وابێ بۆ دانیشتن لەگەڵ حکومه‌ت مه‌رجێکی دیکه‌شتان هه‌یه‌؟ ئایا به‌ حکومه‌ت ده‌ڵێن "با له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێ بکه‌ین که‌ پێڤاژۆی ئۆسلۆ ڕاوه‌ستا"؟ له‌و شوێنه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن که‌ پێتان وایه‌ وه‌ستێنراوه‌؟
ئێمه‌ وا ناڵێین به‌ڵام هیوادارم ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وا بڵێن. ئێمه‌ ئه‌و کات له‌ نێو دانوستانه‌کاندا نه‌بووین. ئه‌وان ده‌ڵێن "بۆ ئه‌وه‌ی به‌م پرۆتۆکۆلانه‌ بگه‌ین، دوو سێ ساڵ چاوپێکه‌وتنمان ئه‌نجام دا و گفتوگۆمان کرد. له‌مڕوه‌وه‌ قسه‌کانمان بوون به‌ ده‌قێکی نووسراو. لێژنه‌که‌ ئه‌وانه‌ی برده‌ کن حکومه‌ت و حکومه‌تیش ڕه‌تی کردنه‌وه‌". چونکه‌ پرۆتۆکۆل، پێڤاژۆیه‌ک پێناسه‌ ده‌کا و ئه‌نجامه‌که‌ی چه‌ک کردنه‌. بۆیه‌ ده‌رباره‌ی پرۆتۆکۆلێک که‌ قه‌ندیلیش دانی پێدا نابێ، چاوه‌ڕوانی وەڵامێک له‌ حکومه‌ت ده‌کرێ.

به‌ڵام خۆ پێڤاژۆی ئۆسلۆ و ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی له‌ ئه‌نجامی ئه‌ودا هاتنه‌ ئاراوه‌، ته‌نیا وازهێنان له‌ چه‌ک نه‌بوو. له‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیه‌وه‌ بگره‌ تا ماف و ئازادییه‌کانی کوردان له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌دا گونجێنرابوون. ئه‌گه‌ر له‌و پڕۆتۆکۆلانه‌وه‌ پاشه‌کشه‌ نه‌کرێ، ئێوه‌ لەگەڵ حکومه‌ت له‌ سه‌ر چ شتێک دانوستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟
ده‌مه‌وێ بپرسم ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌ بۆچی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌؟ حکومه‌ت ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی هۆکاری ڕه‌ت کردنه‌وه‌ی پڕۆتۆکۆله‌کان به‌ ڕای گشتی ڕابگه‌یه‌نێ. ئیتر پێویسته‌ حکومه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌م پڕۆتۆکۆلانه‌ گفتوگۆ بکا. ده‌بێ بڵێ "فڵان ماده‌ په‌سند ده‌که‌م و فیسار ماده‌ی ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه‌". پێویسته‌ بڵێ "بناغه‌ی دیالۆگی ئێمه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌ و ئۆجه‌لان، ئه‌م پڕۆتۆکۆله‌یه‌"!

ئێوه‌ ده‌ڵێن ئۆجه‌لان و په‌که‌که‌ وه‌ک یه‌ک جه‌سته‌ هه‌ڵسوکه‌وتیان کردووه‌، به‌ڵام گۆیا به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بوو. ئه‌و ده‌مه‌ی ئۆجه‌لان گوتی "هه‌موو شتێک باش ده‌ڕواته‌ پێش، شه‌ڕی شۆڕشگێڕی گه‌ل پێویست ناکا‌"، قه‌ندیل گوێی به‌ ڕاسپارده‌کانی ئۆجه‌لان نه‌دا و ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ جوڵایه‌وه‌. له‌ سه‌ر مێزی دیالۆگ هه‌ستا و هێرشی "سیلڤان"ی ئه‌نجام دا.
ئه‌مه‌ دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌! ئێمه‌ ده‌زانین قۆناغه‌که‌ به‌مجۆره‌ نه‌ڕۆیشته‌ پێش. ئه‌وکات ده‌ستێوه‌ردانێکی گه‌وره‌ کرا. حکومه‌ت به‌ گوتنی "سه‌یر که‌ن من خه‌ریک بووم ئاشت ده‌بوومه‌وه‌، ئه‌مانه‌ پوچه‌ڵیان کرده‌وه‌" و له‌ ڕێگه‌ی مۆنۆپۆلکردنی میدیا و که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌، شه‌ڕێکی ده‌روونی به‌ڕێوه‌ برد. به‌ڵێ... ئۆجه‌لان گوتی "له‌ ڕه‌وتی چاره‌سه‌ری دیموکراسیانه‌ی ده‌ستووریه‌وه‌ له‌ ئاستێکی مێژوویی داین. مه‌گه‌ر سه‌د ساڵ جارێک بگه‌ینه‌ خاڵیکی وا".

به‌ڵێ...
چونکه‌ لێژنه‌که‌ ئه‌م په‌یامه‌ی پێدابوو "ئه‌و پڕۆتۆکۆلانه‌ی گفتوگۆمان له‌ سه‌ر کردوون، له‌ لایه‌ن که‌جه‌که‌وه‌ قه‌بوڵ کراون. ئێمه‌ ئیتر ده‌یبه‌ین بۆ حکومه‌ت. پێمان وانییه‌ چینی سه‌ره‌کی حکومه‌ت زۆر دژی ئه‌مانه‌ ده‌ربکه‌وێ. ئێمه‌ حکومه‌ت قایل ده‌که‌ین". به‌ڵام هه‌ڵبژاردنه‌کان کۆتاییان پێهات و ئاکه‌په‌ یارییه‌که‌ی ده‌ست پێکرد. سندووقه‌کان کۆکرانه‌وه‌ و ئه‌مجاره‌یان حکومه‌ت ڕووی له‌ ڕای گشتی کرد و پێی گوتن "پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ ئارادا نییه‌. ئه‌م ڕاو بۆچوونی خودی ئۆجه‌لانن."

حکومه‌ت شتێکی به‌مجۆره‌ی بۆ ڕای گشتی ڕاگه‌یاند؟
بێگومان ڕاینه‌گه‌یاند. به‌ڵام ئێمه‌ ئاگادارین. زۆر به‌ ڕوونی ئاگادارین. یای گوڵته‌نیش ئاگاداره‌. وه‌کوو به‌ده‌په‌ش ئاگامان لێیه‌. دیاره‌ ئۆجه‌لانیش ئاگاداری ئه‌مه‌ هه‌یه‌..

حکومه‌ت ڕه‌تی کرده‌وه‌؟
ئێمه‌ تێگه‌یشتین حکومه‌ت ئه‌م‌ پڕۆتۆکۆلانه‌ به‌ هه‌ند وه‌رناگرێ. ته‌نانه‌ت ڕایه‌دارێکی پایه‌به‌رز، وێڕای ئاماژه‌ به‌ ‌هه‌ڵبژاردنه‌کان پێی گوتین "قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند". ئه‌مه‌ی پێ گوتین. ئه‌مه‌ بوو نێرینی حکومه‌ت! کرده‌وه‌یه‌کی ئه‌خلاقی نه‌بوو. ئێمه‌ به‌ ڕاستی زۆر نیگه‌ران بووین. دیاره‌ لایه‌نی کوردی به‌رده‌وام ئه‌م ئه‌گه‌ره‌ ده‌داته‌ به‌رچاو‌ "ئایا ئه‌م حکومه‌ته‌ پێمان ڕاده‌بوێری؟ ده‌یه‌وێ هه‌ڵمانخه‌ڵه‌تێنێ؟" به‌و به‌رپرسه‌مان گوت "ئێوه‌ ئاگاتان له‌ قسه‌کانتان هه‌یه‌؟"

گوتی چی؟
گوتی "به‌ڵێ، ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند و پڕۆتۆکۆلێک له‌ گۆڕێ نییه‌. ئه‌مانه‌ بۆچوونی تاکه‌که‌سی ئۆجه‌لانن. دیاره‌ ئێمه‌ کێشه‌ی کوردمان تا ئاستێکی گرنگ چاره‌سه‌ر کردوه‌. درێژه‌ به‌ ڕێگه‌که‌مان ده‌ده‌ین".

باشه‌ هه‌ر که‌ ڕه‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆوه‌ و فراز و نشێوی به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێ، په‌که‌که‌ په‌نا بۆ چه‌ک ده‌با؟ هێرشی وه‌ک سیلڤان و چوکورجا پێکدێنێ؟
ئه‌مه‌ قۆناغێک نییه‌ بڵێی ڕه‌وتی دانوستانه‌کان سست بۆته‌وه‌! مێزی گفتوگۆکان له‌ لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ ڕاده‌ست کرا. حکومه‌ت بوو ئه‌و په‌یامه‌ی دا "وتوێژی چی برام؟".

حکومه‌ت ده‌ڵێ ئه‌وه‌ په‌که‌که‌ بوو مێزی دانوستانه‌کانی کۆ کرده‌وه‌. کێ به‌ ئێوه‌ی گوت "ئیتر قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌کانمان تێپه‌ڕاند. ئیتر پڕۆتۆکۆل و شتی وا له‌ گۆڕێ نییه‌"؟
ئه‌گه‌ر حکومه‌ت پێداگرانه‌ بڵێ "نه‌خێر، قه‌ت شتێکی وا له‌ ئارادا نیه‌"، با ڕاگه‌یاندنێکی هاوبه‌ش بده‌ین! سه‌یر که‌ن.. دیاره‌ حکومه‌ت به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، بڕیاری دابوو کۆتایی به‌ دانوستانه‌کان بێنێ. ته‌نانه‌ت پێش داخرانی مه‌جلیس، یاسای په‌یوه‌ندیدار به‌ سوپای تایبه‌تی ١٥٠ هه‌زار که‌سی هێنایه‌ ئاراوه‌. ده‌ڵێن سیلڤان خاڵی شکانه‌...

به‌ڵێ..
سیلڤان، چالاکییه‌ک نه‌بوو په‌که‌که‌ پلانی بۆ داڕشتبێ. چالاکی سیلڤان، هێرشی په‌که‌که‌ نه‌بوو بۆ سه‌ر یه‌کینه‌یه‌کی جێگیر. ڕووداوی سیلڤان هه‌ڵکوتان و هێرش نه‌بوو. ڕووداوه‌که‌ له‌ ئه‌نجامی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئه‌ندامانی په‌که‌که‌ له‌ کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ که‌مپه‌که‌یان لەگەڵ یه‌کینه‌یه‌کی سه‌ربازی هاته‌ ئاراوه‌. ئه‌گه‌ر کوژراوه‌کان په‌که‌که‌یی بوایه‌ن، هیچکه‌س نه‌یده‌گوت سیلڤان خاڵی شکان بوو.

ئۆجه‌لانیش ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕووداوی سیلڤان گرت. دیاره‌ دیدار لەگەڵ پارێزه‌رانی به‌مجۆره‌ ڕاوه‌ستاند، وا نییه‌؟
ئۆجه‌لان له‌ سیاچاڵێکی ده‌ میتری ئیمڕالیه‌وه‌ هه‌موو دونیای ‌شۆپاند. ئێمه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ دیاربه‌کر بووین و سێ ڕۆژ بوو سوپا درێژه‌ی به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌کان ده‌دا. له‌ سیلڤانه‌وه‌ هه‌واڵی پێکدادانی قورس هات و میدیاش به‌دواداچوونی بۆ کرد.

له‌ ڕۆژی بویه‌ره‌که‌ی سیلڤاندا، کۆنگره‌ی کۆمه‌ڵگەی دیموکراتیک خۆسه‌ری ڕاگه‌یاند. ئاخۆ سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌، هێرش بوون بۆ به‌رده‌وامبوونی دانوستانه‌کان؟
حکومه‌ت به‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌یده‌توانێ بڵێ دانوستانه‌کانی ڕاگرتووه‌، سیلڤانی به‌کار هێنا. سیلڤان بوو به‌ ده‌رفه‌تێک. وای نیشان دا که‌ په‌که‌که‌ ئه‌م کاره‌ی کردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دانوستانه‌کان کۆتاییان پێ بێ. له‌ کاتێکدا ڕووداوی سیلڤان، بیلانچۆیه‌کی به‌ ئێش بوو که‌ له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازی و ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌دا هاتبوه‌ ئاراوه‌.

با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر پێشنیاره‌ نوێیه‌که‌ی حکومه‌ت بۆ دانوستان.. ئاخۆ به‌ده‌په‌ پلانێکی ئاشتی سه‌ربه‌خۆی هه‌یه‌ له‌ هی حکومه‌ت، قه‌ندیل و ئیمڕالی جیاواز بێ؟
بێگومان. به‌ ده‌ردی سه‌رۆک وه‌زیر ده‌ڵێ پلانێک نییه‌ "فه‌رمانمان پێ درابێ و ئه‌نجاممان دابێ". پلانێکی ئاشتیمان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌ که‌ له‌ لایه‌ن مه‌جلیسی حزبه‌که‌مانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌ سه‌ر کراوه‌. مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو، له‌ جڤاتی گشتی به‌ده‌په‌دا، ماده‌ ماده‌ ئه‌م پلانه‌مان ئاشکرا کرد. به‌ڵام تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ، هیچ پلانێکی ئاشتی به‌ده‌په نه‌خراوه‌ته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ. پرسیاری سه‌ره‌کی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ حکومه‌ت هیچ پلانێکی ئاشتی هه‌یه‌؟

له‌ پێناو ئاشتیدا چیتان گه‌ره‌که‌؟
ئێمه‌ په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی زگماکیمان ده‌وێ. ده‌مانه‌وێ له‌ سه‌رانسه‌ری تورکیا، به‌ڕێوه‌به‌ره‌ خۆجێیه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بێ. ده‌مانه‌وێ سه‌رجه‌م ئه‌و پێناسانه‌ی پێشێل کراون و نکۆڵیان لێکراوه‌، دانیان پێدابنرێ و له‌ ده‌ستووردا گه‌ره‌نتی بکرێن. شارۆمه‌ندی ده‌ستوریمان گه‌ره‌که‌. ئه‌مانه‌مان بۆ هه‌موو هاووڵاتیانی کۆماری تورکیا ده‌وێ، هه‌ڵبه‌ت بۆ کورده‌کانیش.

هێزی پاراستنی ڕه‌واتان ده‌وێ؟
ئه‌مه‌یان به‌ ته‌واوه‌تی چه‌واشه‌ کراوه‌. به‌ جۆرێک باسیان لێوه‌ کرد وه‌ک بڵێی یه‌کێنه‌ی پاراستنی ڕه‌وای سه‌ر به‌ په‌که‌که‌ داده‌مه‌زرێن. ئه‌و مرۆڤانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌ی پاراستنی ڕه‌وا به‌دی بێنن، نه‌چوونه‌ته‌ چیا. بڕوانن... له‌ جیهاندا به‌ گشتی، هه‌م ئه‌و هه‌رێمانه‌ی خۆسه‌رن و هه‌م له‌و شوێنانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی به‌‌هێزه‌، یه‌کینه‌ ئه‌منیه‌ خۆجێیه‌کان، سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێین. پۆلیسی نیۆیۆرک، سه‌ر به‌ شاره‌وانی نیۆیۆرکه‌. ده‌بێ ئه‌سته‌نبوڵ، ئانتالیا و دیاربه‌کریش وا بن. ئه‌مه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆجێیی!

پۆلیس ده‌بێ سه‌ر به‌ کێ بێ؟
پۆلیس نابێ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی کاروباری ناوخۆ بێ، ده‌بێ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆجێی بێ. هه‌ر چی سوپای پارێزه‌ری سنووره‌ میللیه‌کانیشه‌، سه‌ر به‌ ئه‌نقه‌ره‌ بێ. پێشنیاری مه‌، ئاوایه‌. ئێمه‌ نه‌مانگوتوه‌ میلیتانه‌ چه‌کداره‌کانی په‌که‌که‌ له‌ چیاکان دێنه‌ خوار و یه‌کینه‌ی پاراستنی ڕه‌وا پێکدێنن. دیاره‌ ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌. هه‌ر وه‌ک گوتم، ئه‌وان له‌ پێناو ئه‌مه‌دا ڕوویان نه‌کردۆته‌ شاخ.

به‌ڕای ئێوه‌، حکومه‌ت چۆن چاوه‌ڕوانییه‌کی مه‌به‌سته‌؟
هه‌موو خه‌می حکومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌که‌که‌ ته‌سلیم ده‌بێ یان نا؟ ئاخۆ واز له‌ چه‌ک دێنێ یان نا؟ له‌ ڕوانگه‌ی حکومه‌ته‌وه‌ ته‌نیا په‌که‌که‌ وه‌ک کێشه‌ی تیرۆر هه‌یه‌. حکومه‌ت ده‌ڵێ "ته‌له‌ڤزیۆنی ته‌ڕه‌ته‌ شه‌شمان کرده‌وه‌. کۆرسی تایبه‌تی کوردیمان کرده‌وه‌. له‌ زانکۆکان به‌شی کوردیمان دامه‌زراند. ئه‌گه‌ر کێشه‌ی تیرۆریش چاره‌سه‌ر بکه‌ین، هیچ کێشه‌یه‌کمان نامێنێ".

وێده‌چێ له‌ داهاتویه‌کی نزیکدا، له‌ قوتابخانه‌کان زمانی کوردی ببێته‌ وانه‌یه‌کی هه‌ڵبژێردراو. به‌ڕای ئێوه‌، ئه‌مه‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی نییه‌ له‌ بواری دیموکراتیزه‌بوون و مافه‌کانی کورده‌وه‌؟
فێربوونی زمانی زگماکی گه‌لێک، ناکرێ وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو بێ. ئێمه‌ دژی وانه‌ی هه‌ڵبژێردراو نین، با بکرێ، به‌ڵام حکومه‌ت پێداگرانه‌ ده‌ڵێ دژی په‌روه‌رده‌یه‌ به‌ زمانی زگماکی. چونکه‌ حکومه‌ت واز له‌ پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌ته‌وه‌ی پاڵپشت به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ و یه‌ک زمان ناهێنێ. به‌ گوێره‌ی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌، له‌ تورکیا هه‌موو شتێک هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس هی تورکه‌کانه‌، دۆزگه‌ر هی تورکه‌کانه‌. پۆلیس، پۆلیسی تورکه‌. ته‌نانه‌ت وه‌رزشکاریش، وه‌رزشکاری تورکه‌. بۆیه‌ حکومه‌ت نایه‌وێ هه‌نگاوێک بنێ که‌ زیان به‌ پڕۆسه‌ی یه‌کسانکردن و ئاسیمیلاسیۆن بگه‌یه‌نێ. سیسته‌می په‌روه‌رده‌ و کتێبه‌کانی مێژوو، جوگرافیا، مێژووی شۆڕش و ئه‌و کتێبانه‌ی تر‌ ناگۆڕێ که‌ حیساب بۆ جیاوازییه‌کان ناکه‌ن.

له‌ کتێبه‌کانی قوتابخانه‌دا بۆ نموونه‌ چ شتێک ناگۆڕێ؟
بۆ میناک، له‌ کتێبی مێژووی شۆڕشدا، له‌ دوو جێگه‌ ناوی کورد هاتووه‌. ئه‌ویش کاتێک باس له‌ کۆمه‌ڵه‌ زیانبه‌خشه‌کانی کورد کراوه‌. له‌ بری ئه‌مه‌ کورد بوونی نییه‌. چونکه‌ کورده‌کان به‌رده‌وام زیانبه‌خشن. له‌ کاتێکدا له‌ تورکیا گه‌لێک هه‌یه‌ به‌ ناوی کورد. مێژووی ئه‌وانه‌ چی به‌ سه‌ر هاتووه‌؟ له‌ کوێوه‌ هاتوون؟ باب و باپیریان کێن؟ له‌ کوێ به‌ شه‌ڕ هاتوون؟ ئاخۆ قاره‌مانێتی و شکستیان هه‌یه‌؟ ئێمه‌ به‌رده‌وام مێژووی تورکه‌کان ده‌خوێنین پاش ئه‌وه‌ی له‌ ئاسیای ناوینه‌وه‌ هاتوون. مناڵه‌که‌ی منیش هه‌ر ئه‌مه‌ ده‌خوێنێ. ئه‌گه‌ر ئاکه‌په‌ وازی له‌ سیاسه‌تی ئاسیمیلاسیۆن هێناوه‌، ئه‌ی مێژووی زارۆکی من له‌ کوێیه‌؟ کاتێک وانه‌ی مێژوو ده‌درێ، کورد بوونی نییه‌، له‌ فێرکردنی زماندا هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌. له‌ شیکردنه‌وه‌ی جوگرافیادا، شتێک به‌ ناوی کوردستان بوونی نییه‌. له‌ کاتێکدا به‌ڕاستی له‌ سه‌ر ڕووی زه‌وی خاکێک هه‌یه‌ پێی بگوترێ کوردستان. له‌ ڕاستیدا، گه‌لی کورد، گه‌لێک نییه‌ کۆچبه‌ری ئێره‌ کرابێ. کورده‌کان گه‌لێکن، له‌ سه‌ر نیشتیمانی دایکی خۆیان ده‌ژین. بۆیه‌...

بۆیه‌...
ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ تورک پێناسه‌ ده‌که‌ن، چ مافێکیان هه‌بێ، ده‌بێ ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ کوردیش پێناسه‌ ده‌که‌ن، خاوه‌نی هه‌مان ئه‌و مافانه‌ بن. گومان و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ "باشه‌، ئه‌و کات ئه‌مانه‌ جیا ده‌بنه‌وه‌؟" ئێمه‌ش نامانه‌وێ جیا ببینه‌وه‌. با پارچه‌بوون دروست نه‌بێ! وه‌رن با پێکه‌وه‌ ته‌گبیرێک بۆ ئه‌مه‌ بدۆزینه‌وه‌.

چۆن ته‌گبیرێک؟
زمانی فه‌رمی هاوبه‌شمان تورکی بێ. ئه‌و مناڵه‌ی به‌ زمانی کوردی ده‌خوێنێ، حه‌تمه‌ن فێری زمانی تورکیش ببێ. من وه‌ک هاووڵاتیه‌ک که‌ باج ده‌ده‌م، ئه‌مه‌ مافی منه‌. به‌ڵام له‌ هه‌رێمی خۆسه‌ر، له‌ قوتابخانه‌کان و شوێنه‌ گشتیه‌کان ده‌کرێ دوو زمانی فه‌رمی هه‌بن.

  درێژه‌ی هه‌یه‌...