۱۳۹۲/۰۲/۰۷

ژیانی نوێ دوای قەندیل


جەنگیز چاندار / ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دەبێ بڵێم بۆ کەسێکی وەک من، 'دیمەنەکان'ی ڕۆژێک لەمەوبەری قەندیل مایەی کەیفخۆشیەکی (لە لایەکیشەوە پێکەنینی) بێ وێنە بوو. بەر لە من تەنیا حەسەن جەماڵ لە ساڵی ٢٠٠٩دا چووبوە قەندیل و وتوێژێکی دوور و درێژ و لە هەمانکاتدا گرنگی لەگەڵ موراد قەرەیڵان کردبوو. ئەو چاوپێکەوتنە، پێگەیەکی بە پێزی لە 'کرانەوە بە ڕووی کورددا' کە ئەو ساڵە هاتە ئاراوە، بۆ خۆی تەرخانکرد.
حەسەن جەماڵ 'رێکۆردی قەندیل' یان بە واتایەکی دیکە 'رێکۆردی چاوپێکەوتن' لەگەڵ موراد قەرەیڵانی تۆمار کرد. سێ جار، ساڵی ٢٠٠٩، ٢٠١١ و دەوروبەری مانگێک لەمەوبەر (٢٠١٣) ڕۆیشتە قەندیل. 'رێکوردی درێژترین چاوپێکەوتن'یش من تۆمارم کردوە. بە وتوێژی ساڵی ٢٠١٠ کە شەش سەعات و نیوی خایاند.
هەتا نزیکەی مانگێک لەمەوپێشیش، قەندیل شوێنێک بوو جێگەی گومان و هاتوچۆکردنی مەترسیدار بوو. دوو جۆرە مەترسیی لە ئارا دابوو: مەترسیی جەستەیی و یاسایی. جەستەیی، چونکە ئەگەری ئەوە هەبوو لە کاتی هاتوچۆ بۆ قەندیل، ببیە قوربانی 'رووداوەکانی بکەری نادیار'ی فاکتەرگەلی 'شاراوە'. گواستنەوە هەواڵ و قسەکانی موراد قەرەیڵان یان کاربەدەستێکی دیکەی پەکەکە بەس بوو بۆ ئەوەی بە تاوانی 'ستایشی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی' دۆزێکی یاساییت لە بەرامبەر پەیڕەو بکرێ.
پنار ئوغونچ، لە وتاری دوێنێیدا لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بە نووسینی 'بە حیساب ڕێکخراوی تیرۆریستی، بە حیساب ڕۆژنامەنووس'، ئیمزای هاویشتە ژێر وتاری هەرە سەرنج ڕاکێش و بە لۆمەی ئەم ڕۆژانەی داویی. لە بانگەشەنامەی 'دۆزی چاپەمەنیی کەجەکە' ٦٥ جار ناوی قەندیل هاتووە، لەگەڵ دەستەواژەی 'قەندیل شوێنی مانەوەی بە حیساب بەڕێوەبەرانی ناوەندی و پلە باڵا'. هەروەها ٩٤٢ جار ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ٣٢ جار ناوی موراد قەرەیڵان و ٣١ جاریش ناوی دوران کاڵکان.
دوای 'سەفەری قەندیل'ی میدیای تورک، پێویستە 'دۆزی چاپەمەنی کەجەکە' هەڵبوەشێتەوە.
زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووسی میدیا سەرەکییەکانی تورکیا چوونە قەندیل؛ مەکۆی 'بە حیساب ڕێکخراوی تیرۆریستی و بە حیساب بەڕێوەبەرایەتی پایەبەرزیی ناوەندی'، لەگەڵ ئەوەی کارەکە لایەنی سەرگەرمیشی هەبوو. دیارە ئەزگی باشاران، لە ڕۆژی لێدوانە ڕۆژنامەنووسییە 'مێژوویی'ەکەی قەرەیڵان لە قەندیل، نموونەی وتارێکی جوان و تەنزی بە ژێرسەردێڕی 'لە قەندیل wi-fi نییە' لە ڕۆژنامەی ڕادیکاڵ بڵاو کردەوە. باسی ئەوەی کردبوو لەو 'رۆژە مێژوویی'یەدا، میدیای تورک چ بە سەر موراد قەرەیڵان دێنن.
بیر بکەنەوە، لە کاتێکدا چوار پێنج مانگ لەمەوپێش بە هۆی وێنەکانی لە ئامێزگرتنی گەریلاکان لە دەوروبەری شەمزینان، هەڵگرتنی حەسانەی پەرلەمانتارانی بەدەپە لە ڕۆژەڤ دابوو، مانگێ لەمەوپێش، وێنەکانی ئەوان لەگەڵ بەڕێوەبەرە پایە بەرزەکانی ئەو گەریلایانە لە قەندیل و لە بەردەم ئاڵای پەکەکە و پۆستێڕی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میدیا سەرەکییەکانی تورکدا بڵاو دەبێتەوە.
لە دوو ڕۆژ لەمەوپێشیشەوە وای لێهاتووە ئەگەر هەڵگری سیفەتی ڕۆژنامەنووس بی، نەچیتە قەندیل و لەگەڵ موراد قەرەیڵان و تەنانەت دوران کاڵکان چاوپێکەوتن ئەنجام نەدەی، ئەوا 'عەیبێکی پیشەیی'یە. قەندیل بوو بە مەیدانی 'ئاپۆرای قەرەباڵغی' میدیای تورک.
لەو ڕوانگەوە، کۆمەڵێ پرسیاری وەک 'بە چەکەوە پاشەکشە دەکەن یان بێ چەک، لە کوێوە پاشەکشە دەکەن و دەچنە کوێ'، ئیتر هەڵگری هیچ واتایەک نین.
خاڵی گرنگ، 'کۆتایی هاتنی قۆناخی خەباتی چەکداری'یە.
یانی تەواو بوو؟ خەباتی چەکداری پەکەکە لە تورکیا کۆتایی هات؟
بەڵێ، کۆتایی هات. ئەمە لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە لە ٢١ی مارس لە دیاربەکر لە 'دێکلەراسیۆنی نەورۆز'دا ڕاگەیەنرا کە لە بەردەم سەدان هەزار کەس خوێنرایەوە. تەنیا ئەو توانای ئەنجامدانی ئەو کارەی هەبوو. ئەو کردی. لێدوانی ڕۆژێک لەمەوبەری موراد قەرەیڵانیش لە قەندیل، پێکهێنانی 'بڕیاری ئۆجەلان'ە لە کردەوەدا.
رۆژی ٢١ی مارس کە لە تەلەڤزیۆنی ئێن تیڤی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ 'دێکلەراسیۆنی ئۆجەلان'م بینی لەو ساتەدا پێموابوو ئەمە 'مەشروعیەت'دانە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین 'کۆبونەوەی ڕۆژنامەنووسیی موراد قەرەیڵان' لە قەندیل وەک 'مەشروعبوونی پەکەکە' لێک بدەینەوە.
پەکەکە وەک گەورەترین ڕێکخراوی کوردی لە تورکیا و شوێن دانەرترین و گرنگترین ڕێکخراو لە ناوچەکە، کۆتایی بە 'خەباتی چەکداری' لە تورکیا هێنا و قۆناخی چوونە ناو 'خەباتی سیاسی' لە لایەن موراد قەرەیڵانەوە ڕاگەیەنرا. یان بە واتایەکی دیکە، قەرەیڵان ڕۆژێک لەمەوبەر، بەجێهێنانی ڕاسپاردەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ئاشکرا کرد.
مژاری 'پاشەکشە بۆ دەرەوەی سنوور'، جگە لە 'سیمبولی کۆتایی هاتنی خەباتی چەکداری' پەکەکە لە تورکیا - کە ئەمەش گرنگە - هیچ مانایەک لە خۆ ناگرێ.
موارد قەرەیڵان، مانگی نۆڤامبری ٢٠١٠ لە وتوێژە دوورو درێژەکەماندا، باسی لەوە کرد ئەو خاڵەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، تەنیا لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پیادەکردنی ڕاسپاردەکانی لە لایەن ئەوانەوە دەکرێ بەدی بێ. قسەکانی وەک خۆی بەدی هاتن. لەم نێوانەدا، پێویستە گرنگیی دانی لە ڕادەبەدەری ڕۆژنامەنووس 'روشەن چاکر' بە لێدوانەکانی چەند ڕۆژ لەمەوپێشی دوران کاڵکان دەرک بکەین. دوران کاڵکان، سەبارەت بە پلانی پشت پەردەی 'کشانەوە بۆ دەرەوەی سنوور' گوتی: ''لە سەر بنەمای بڕیاری ڕێبەر ئاپۆ کە لە ئەنجامی گفتوگۆ لەگەڵ بەدەپە و ئێمە لە ئەوروپا و لێرە درا، پاشەکشە دەکەین. بێگومان ئەمە پەیوەندیی بە چاوپێکەوتنەکانی کاربەدەستانی دەوڵەت لەگەڵ ئیمڕالیشەوە هەیە. شتی هەرە گرنگ هەروەک سەرۆک وەزیریش چەندین جار گوتویەتی، ئەوەیە کە 'چەکەکان بێدەنگ بن، بیر و سیاسەت بێنە قسە!' ئەگەر کەسێک ئەمە بڵێ، ئێمە وەک پەکەکە دەڵێین بەڵێ. ئەگەر هێزی بەرامبەر بەردەم خەباتی سیاسیی خۆش بکا، پەکەکە ڕەتی ناکاتەوە. ئەگەر ڕەتی بکاتەوە بە زیانی خۆی تەواو دەبێ. ئەگەر بۆ نموونە ئۆپەراسیۆنەکانی کەجەکە نەبوایە کە ١٤ی ئاوریلی ٢٠٠٩ دەستیان پێکرد، قۆناخەکە بەمجۆرە نەدەچووە پێش. دەڵێن 'با سیاسەت بکەن.' سیاسەتمەدارەکان هەموویان لە گرتووخانەن، لەو هەلومەرجەدا کێ دەتوانێ سیاسەت بکا؟"
بەشێک لە قسە هەرە گرنگەکانی دوران کاڵکان، پەیوەندی بە باڵی 'شاهین'ی ناو پەکەکەوە بوو: "شەهێنەکان هەپەگەن (باسکی چەکداری پەکەکە). ئەوانەی بیانەوێ پەکەکە چ لە ڕووی چەکداری یان لە ڕووی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە پاکتاو بکەن، کات و هێزێکی خۆڕایی بە فیڕۆ دەدەن. بەڵام ئەگەر بیانەوێ لە پەکەکە تێبگەن و لەگەڵیدا پێک بێن، لە زۆر شتدا قازانج دەکەن. ئێمە لەم ڕوانگەوە زۆر شەفافین و حزبێکی نەرمین.."
ئەگەر 'خەباتی چەکداری' بچێتە دەرەوەی بازنەوە، پەکەکە وەک 'دەزگایەکی سیاسی' لەگەڵ دۆخی سەلماندنی پەرەسەندن و پوختەبوونی ڕوبەڕوو دەبێتەوە. وەرچەرخانی ڕێکخراوە شەڕکەرەکان بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی - مەدەنی بە 'قۆناخێکی کاتی'ی ئەستەمدا دەرباز دەبێ. کەواتە ئێستا پەکەکە لە بەردەم تاقیکارییەکی نوێ دایە.
تاقیکاری بەردەم پارتی ئاکەپەش ڕادەی بەشداریی لە تەختکردنی ئەو ئاستەنگیانە دایە. ئەویش لە پێناو گۆڕینی پەکەکە لە ڕێکخراوێکی چەکدارەوە بۆ دەزگایەکی سیاسی - سڤیل دەبی هەلومەرجەکان لەبار بکا، یانی ئەمە پەیوەندی بە بەجێهێنانی پێداویستیەکانی دیموکراتیزەبوونی تورکیاوە هەیە.
شان بە شانی ئەم قۆناخە، تورکیا لە بەردەم گۆڕینی 'پارادیگما' دایە. چەند مانگ لەمەوپێش تێڕوانینێکی بەمجۆرە لە ئارا دابوو: 'پێڤاژۆ'، خۆی لە ئیرادەی ئەوانەی کەوتوونەتە جموجوڵ سەربەخۆ دەگرێ و دینامیکەکانی خۆی دەئافرێنێ. 
واشی لێهات. ئەو 'قۆناخ' و ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتوون، بە بێ ئیرادەی تەیپ ئەردۆغان و دووربینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان مەحاڵ بوو. لە مەوبەدواش، ئەگەر حکومەت، پەکەکە و پێکهاتەکانی و هەروەها کۆمەڵگە پێداویستی 'گۆڕینی پاڕادیگما' دەرک نەکەن، بەردەوام نابێ.
سەردەمی پۆست - قەندیل، پڕاوپڕ دەبێ لە جموجۆڵ و جۆش و خرۆش.

۱۳۹۱/۱۲/۰۸

گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی لە وتوێژێکدا


یای دیدەم ئاکیەل کۆڵین وۆرس، ئانالیستی تورکیا – قوبرس لە گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی، ساڵی ١٩٧٩ لە شاری ئەنقەرەی پێتەختی تورکیا لەدایک بووە. ساڵی ٢٠٠١ لە زانکۆی واشینگتۆن ئەند لی، دیپلۆمی لە زانستی سیاسی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٧ لە زانکۆی جۆنز هۆپکینز درێژەی بە خوێندن داوە و ساڵی ٢٠٠٨ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا وەرگرتووە. لە ساڵی ٢٠٠٩وە لە گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی وەک ئانالیستی بەشی تورکیا – قوبرس کار دەکا. گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی تا ئێستا چەندین ڕاپۆرتی لە سەر پرسی کورد بڵاو کردۆتەوە. ڕاپۆرتەکان بە تایبەت لە نێو میدیای تورکیدا ڕەنگدانەوەیەکی زۆریان هەبووە.

دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی

سەبارەت بە مێژووی دامەزراندنی گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی، بودجە، لقەکانی، خەباتکارەکانی و ئامانجەکانی پرسیار لە دیدەم دەکەم. دەڵێ:
گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی هەوڵ دەدا لە ئاستی دونیادا پێش بە ململانێی مەرگهێنەر بگرێ و چارەسەرییان بکا. ناوەندی گرووپەکە لە برۆکسێلە، بەڵام لە چوار پارزەمیندا زیاتر لە سی ئۆفیسی هەیە. گرووپەکەمان نێوەڕاستی ساڵانی نەوەد لە جەرگەی شەڕی دەوڵەتانی باڵکان لە لایەن چەند ناوێکی گرنگی سەر گۆڕەپانی سیاسی ئەمریکا و ئەوروپا دامەزرا، بۆیە ئەو ڕێکخراوە دروست بوو چونکە ڕێگەی چارەی دەوڵەتانی ئەوروپی نێو ململانێیەکە بە نوقسان دەزانرا. هەنووکە لە ئاستی دونیادا ئەم گرووپە، ١٥٠ خەباتکاری هەیە کە ئەو خەباتکارانە لە زیاتر لە پەنجا نەتەوەی جۆراوجۆر پێکهاتوون. بوودجەی ساڵانەی گرووپ، نزیکەی بیست میلیۆن دۆلارە. زێدەتر لە بیست حکومەت، سەرچاوەی نیوەی ئەم بوودجەیەن. نیوەکەی دیکە هەم لە ڕێگەی هاریکاری شەخسی و دامودەزگاکان و هەم لە ڕێگەی بەشداریی بونیادەکانەوە دابین دەبێ. بەرهەمەکانیشمان ڕاپۆرتی ئامادەکراوی پڕ لە زانیارییە کە بە خۆڕایی لە سەر سایتەکەمان دانراوە و هەر کەس پێی خۆش بێ دەتوانێ بیانخوێنێتەوە. پڕۆژەی تورکیا – قوبرس لەو گرووپەدا، ساڵی ٢٠٠٧ دەستی بەکار کردووە و چالاکییەکانی لە ئەستەنبوڵ بەڕێوە دەبا. دەستەیەکی دوو کەسین. لە سەر مژارگەلی وەک کێشەی کورد، ئەندامێتی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، کێشەی قوبرس، وڵاتانی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ... دەخەبتین.

گرووپی ئێوە زیاتر بەو ڕاپۆرە جۆراوجۆرانە ناسراوە کە ئامادەتان کردووە. بە تایبەت لە تورکیا زۆر دامودەزگا و ناوەند هەن کە لە سەر پرسی کورد و سەرجەم ئەو مژارانەی باست کرد، ڕاپۆرت ئامادە دەکەن. جیاوازی ڕاپۆرتەکانی ئێوە لە چی دایە؟ بۆچی دەنگدانەوەیان زیاترە؟
یەکێک لەو خاڵانەی وایکردووە گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی بەهێز بێ، پشت بەستنە بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی. بۆ ئامادەکردنی هەر ڕاپۆرتێک چەندین مانگ لێکۆڵینەوەی مەیدانی و دەیان چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەین. خاڵی تری جیاواز و بەهێزمان گرنگی دانە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرجەم لایەنە ناکۆکەکان و ڕەنگدانەوەی بۆچوونەکانیان بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ. دواجار، لە سەرجەم ئانالیزەکانماندا پێشنیاری کۆنکرێت دەخەینە بەردەم لایەنەکان و هەروەها ئەگەر پێویست بێ ئەو پێشنیارانە بۆ ئاکتۆری سێهەمیش بەرز دەکەینەوە.

بەردەنگی ڕاپۆرتەکانتان تەنیا حکومەت و لایەنە سیاسییەکانن یان میدیاکان و ڕای گشتی و دامودەزگاکانی دیکەش؟
هەر کەس بیەوێ دەتوانێ ڕاپۆرتەکانمان بخوێنێتەوە. لە ماڵپەڕەکەماندا بە خۆڕایی دانراون. لە سەردێڕی پێشنیارەکانی نێو ڕاپۆرتەکانماندا، ئاماژە بەوە دەکەین پێشنیارەکانی خوارەوە بۆ کێن. بە گشتی سەرجەم ئەو ناکۆکییانەی کاریان لە سەر دەکەین، لە لایەنێکدا حکوومەت هەیە و دەتوانم بڵێم حکومەتەکان بەردەنگی سەرەکیی ئێمەن. بەڵام بێگومان لایەنی بەرامبەری کێشەکە و فاکتەرەکانی دەرەوی ئەو دووانەش بەردەنگی ئێمەن. هەوڵدەدەین ڕاسپاردەکانمان بگەیەنینە گوێ ئەوانیش و ئەوانیش تێ بگەیەنین.

ڕەخنەی ئەوە دەگیرێ گۆیا ئێوەش هەمان پێناسەگەلی تاریفکراو و هەمان گوتاری زاڵ لە مەڕ کوردان و پرسی کورد بەکار دێنن.
وەک گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی، هەوڵدەدەین زمانێکی توێتراڵ و تا دوا ڕادە بێ لایەن بە کار بێنین. لە ڕاستیدا زۆر جار هەڵکەوتووە ئەو زمانەی ئێمە بەکاری دێنین سەبارەت بەو کێشانەی بۆ ماوەیەکی زۆر کارمان لە سەر کردوون، دوای ماوەیەک لە نێو میدیاکان و لایەنە سەرەکییەکانی کێشەکەدا بە کار هاتووە و ئەمەش لە ڕوانگەی ئێمەوە پێشهاتێکی ئەرێنییە.

بەڵام هەست ناکەن کوردەکان یان لانیکەم بەشێکیان بە هۆی ئەو ڕەخنانەوە خۆیان لە پێشنیارەکانتان دوورەپەرێز دەگرن و پشتگوێیان دەخەن؟
ئێمە هەوڵ دەدەین ئۆبژەکتیڤ بین، بۆچوونی هەر دوو لایەنی کێشەکە لە ڕاپۆرتەکانماندا ڕەنگدانەوەی هەبێ و لە ئانالیزەکانماندا، هەنگاوەکانی چارەسەری بە شێوەیەکی سەربەخۆ بخەینە ڕوو. بێگومان لە هەر دوو لاوە ڕەخنە دەگیرێ. ئەگەر هەر دوو لایەنیش ڕەخنەیان هەبێ، کێشە نییە، وەک خۆم پێموایە ئێمە کارەکانمان ڕاستە بۆیە ئەو ڕەخنانەمان دێتە سەر. لە لایەکی دیکەوە، وەک نموونەیەک بۆ بڵاوبوونەوەی زمان و ئەدەبیاتی ئێمە، لە لێدوانەکانی بزووتنەوەی کورد لە تورکیا دەبینین کە جەخت لە سەر پێکهاتەیەکی نامەرکەزی دەکرێتەوە.

رۆژی ٢٣ی فێوریە بەشداری پانێلێکی کۆنفڕانسی "بێڕن" بوون کە لە ژێر ناوی "رۆڵی وڵاتانی سەربەخۆ لە چارەسەری پرسی کورددا" بەڕێوە چوو، ئێستا ئەگەر بێینە سەر ڕۆڵی ناوەندە سەربەخۆکان، بە ڕای ئێوە ڕۆڵی ناوەندێکی وەک هی ئێوە لە چارەسەری ئەم کێشەیەدا بە چ شێوەیەکە؟
وەک بەشێک لە پڕۆژەی تورکیا – قوبرس، سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، لە مانگی سێپتامبری ٢٠١١وە تا ئێستا سێ ڕاپۆرتی پڕ لە وردەکاریمان ئامادە کردووە و لە هەر سێکیاندا پێشنیاری دیاریکراومان خستۆتە بەردەم بزووتنەوەی کورد، حکومەتی تورکیا و ناوە ناوەش فاکتۆرەکانی تر لەو مەسەلەیەدا. دیارە لە وتارەکەی ئەو کۆنفڕانسەمدا ئەوانەم شیکردەوە. لە لایەکی دیکەوە، گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی لە ئاستی دونیادا، کار لە سەر زیاتر لە شەشت کێشەی جۆراوجۆر دەکا. ئەگەر سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد داخوازیمان ئاڕاستە بکرێ، دەتوانین ئەزموونە نێونەتەوەییەکانمان پارڤە بکەین.

ئێوە زۆر دەچنە دیاربەکر و لە نزیکەوە ڕووداوەکان دەشۆپێنن، هەر جارێک کە دەچن هەست بە چ دەکەن؟ چ ڕوو دەدا؟
من دیاربەکرم خۆش دەوێ. خەڵکی ئەوێ زۆر ڕووراستن و پێیان خۆشە یارمەتیت بدەن. زۆر بە ڕاشکاوی لەوێ دەتوانی ببینی کەو ئەو مرۆڤانە لە ڕابردوودا، ئازارێکی زۆریان چێشتووە. ئێستاش کە ئێستایە هەست دەکەن بێگانە کراون. خۆزگە خەڵکێکی زۆرتر لە ڕۆژئاوای تورکیا سەردانی دیاربەکر یان شارەکانی دیکەی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا بکەن و زۆر شت ڕاستەوخۆ لە زاری خەڵکی ئەوێوە ببیستن. بەڵام سەرباری ئەمانە، دیاربەکر شوێنێکە هیوا بە مرۆڤ دەبەخشێ. چونکە زۆربەی کوردەکانی ئەوێ، دەیانەوێ بەشێک بن لە تورکیا و نایانەوێ جیا ببنەوە. بەڵام دەیانەوێ لە تورکیایەک بژین کە هەست بکەن حکومەت بایەخیان پێ دەدا و مافەکانیان زەوت ناکا. ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەم خاڵانە شی بکەینەوە.

یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دوایی گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی تایبەت بوو بە کوردەکانی سووریا لە ژێر سەردێڕی کوردەکانی سووریا: خەباتێک لە نێو خەباتدا، وەک دوایین پرسیار لە یای وۆرس دەپرسم وێدەچێ ئێوە کار لە سەر پرسی کورد لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بکەن. لەم چوارچێوەیەدا چەند ئاگاداری دۆخی کورد لە ئێرانن، بە کورتی دەڵێ:
دیارە ئاگادارین بەڵام وەک گرووپی قەیرانی نێونەتەوەیی لە ئاستی ئێراندا ئانالیزی مەیدانیمان ئەنجام نەداوە و سەبارەت بەم مژارە ئەوەندەی من بزانم تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکمان ئامادە نەکردووە.

۱۳۹۱/۱۱/۲۶

ئیسماعیل بێشکچی: بەدەپە دەبێ دانوستانەکان بەڕێوە بەرێ نەک ئۆجالان


سازدانی: عیرفان ئاکتان / ڕۆژنامەی 'بیرگوین'
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سەرۆک وەزیر ئەردۆغان کە چەند مانگ لەمەوپێش هەڕەشەی لەسێدارەدانی دژ بە ئۆجالانی دەهێنایە زمان، کتوپڕ 'پێڤاژۆی ئیمڕالی' هاتە سەر زار. بەدەپە کە لە یەکەم هەنگاوی ئەم پڕۆسەی 'کرانەوە'یەدا شێلگیرانە هەڵسوکەوتی کردووە، لەم ڕۆژانەی دواییدا پێداگری لە سەر گرنگیی قۆناغەکە کردۆتەوە. هەندێک سیناریۆ وەک کشانەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکان، ڕێک هاوشێوەی ساڵی ١٩٩٩ هاتنە ئاراوە و خشتەی زەمەنی دیاری کران. بەڵام لە پشت پەردە لەگەڵ ئۆجالان باسی چی کراوە و ئۆجالان چۆن نەخشە ڕێگەیەکی پێشکەش کردووە، هەروا وەک مەتەڵ ماوەتەوە. ئەنجام نەدانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و هەوڵدان بۆ دەست نیشانکردنی لێژنەی بەدەپە بۆ چوونە ئیمرالی لە لایەن خودی ئەردۆغانەوە، 'پێڤاژۆی ئیمڕالی' زیاتر گوماناوی کردووە. میوانی وتوێژەکەشم، سۆسیۆلۆگ ئیسماعیل بێشکچی کە هەموو تەمەنی بۆ لەقاودانی گوشار و هەڵاواردنی سەر کوردان تەرخان کردووە، لەو کەسانەیە کە بە گومانەوە سەیری قۆناغەکە دەکا. هەم بزووتنەوەی کورد و هەم پارتی داد و گەشەپێدان، باسی ئاشتی دەکەن. باشە، تۆ بڵێی هەردوو لایەن یەک 'ئاشتی'یان بوێ؟ قۆناغی دانوستان دەبوایە چۆن بێ؟ چارەسەری گونجاو بۆ کوردەکان کام چارەسەرییە؟ لەوانە گرنگتر، سەدەی ٢١، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە هەڵگری کام داهاتوویە؟ با گوێ لە ئیسماعیل بێشکچی بگرین...

سەرۆک وەزیر ئەردۆغان ئاشکرای کرد خۆی بڕیار دەدا کام نوێنەری بەدەپە بچێتە ئیمڕالی و ئیزن بەو ناوانە دەدا کە بە 'گونجاو'یان دەبینێ. ئەم هەڵوێستە زاڵەی ئەردۆغان بە چییەوە دەبەستنەوە؟
من بۆچوونێکی زۆر جیاوازم هەیە. پێویستە ئەم چاوپێکەوتنانە لە نێوان بەدەپە و حکومەتدا ئەنجام بدرێن. یانی بەڕێوەبردنی چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ ئیستیخبارات ڕێ و ڕێبازێکی ئەرێنی نییە.

یانی نابێ دیدارەکان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام بدرێن؟
نەخێر، بەدەپە دەبێ لەگەڵ حکومەت چاوپێکەوتن ئەنجام بدا. دیارە بەدەپە هاوتەریب لەگەڵ ئەم قۆناغە، ئەگەر پێویست بکا، دەبێ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، باڵی ئەوروپا یاخود بەڕێوەبەرانی قەندیل لە پەیوەندی دابێ. بەڵام ئاکتۆری دیاریکەر لە چاوپێکەوتنەکاندا ئەشێ بەدەپە بێ.

بزووتنەوەی کوردی لە مەڕ دانوستانەکان بەردەوام سەرنجی بۆ سەر ئۆجالان ڕاکێشاوە.
دەی هەڵسوکەوتێکی چەوت بوو. سەرنج ڕاکێشانی بێ بڕانەوەی بەدەپە، بەڕێوەبەرانی قەندیل و باڵی ئەوروپا بۆ سەر ئۆجالان ڕاست نییە.

بۆچی؟
دەبێ پارتی بەڕێوەی ببا؛ دەزگای سیاسی دەبێ زۆر لە پێشتر بێ. دیارە ئەوە کێشەی چەند ساڵێک نییە، بەڵکوو دە ساڵی ڕەبەقە بەمجۆرە دەڕواتە پێش. من پێموایە ڕەوتی پێشڤەچوونی ئەم پێڤاژۆیە هەڵە بووە.
دەوڵەت، بە لێژنەیەکەوە بەشداری چاوپێکەوتنەکان دەبێ. بۆ نموونە وەک دەزانرێ ڕاوێژکاری میت هاکان فیدان لەگەڵ وەفدێک چاوپێکەوتنەکانی ئەنجام داوە. جگە لەمە، ئەگەر لە میانەی چاوپێکەوتنەکاندا پرسیارێکیان بۆ بێتە پێش، لەوانەیە پەیوەندی بە وەزیری ناوخۆ، وەزیری دەرەوە یان سەرئەرکانی گشتییانەوە بگرن. بۆی هەیە سەرۆک وەزیر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بگرێ. بەڵام ئەگەر پرسیارێک بۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان بێتە پێش... دەبێ لایەنی کوردیش بە وەفدێک بەشداری چاوپێکەوتنەکان بێ. چاوپێکەوتنەکان نابێ لەگەڵ میت ئەنجام بدرێن، بەڵکوو دەبێ لەگەڵ حکومەت بێ.

گرفتی بەڕێوەبردنی قۆناغەکە لەگەڵ ئۆجالان لە چی دایە؟
ئۆجالان کەسێکە لە نێو چنگی دەوڵەت دایە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دایە. تۆ ئەگەر لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەت دابی، چ دەتوانی بڵێی؟ دەوڵەت چاودێریت دەکا. لە نێو گرتووخانە دای؛ ئاخۆ دەتوانی ڕەخنەیەکی شیاو لە دەوڵەت بگری؟

بەڵام ئۆجالان ساڵانی پێشتریش، کاتێک هێشتا ڕادەستی تورکیا نەکرابۆوە، دەیگوت دەمانەوێ چارەسەرییەک پاڵپشت بە پێکەوە ژیانی گەلان بدۆزینەوە. ئەگەر هێڵی گشتی ئۆجالان ئەمە بێ، چ لە زیندان بێ یان نا، دەتوانێ تێڕوانینی خۆی دژ بە دەوڵەت دیاری بکا.
بێگومان. ئەگەر لە چنگی دەوڵەت دابی، ناتوانی لە دەرەوەی داخوازییەکانی دەوڵەت شتێک بڵێی. قسەکانت لەگەڵ بۆچوون و تێڕوانینەکانی دەوڵەتدا دەگونجێن. دەوڵەت پێت ناڵێ "ئەمانە و ئەمانە بڵێ"، بەڵام تۆ دەزانێ دەوڵەت چی گەرەکە و بە چی بێزار دەبێ و بە گوێرەی ئەمە هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکانت دیاری دەکەی.

چ هۆکارێک دەتوانێ لە ئارا دابێ، بۆ ئەوەی سەرکردەیەکی وەک ئۆجالان بەو خاڵە بگا؟
من هەر لە دەسپێکەوە هەوڵی ئەوەم داوە بڵێم ئەم پەیوەندییە لە سەر بناغەیەکی هەڵە دامەزراوە. دەبوو گرنگی بە بەدەپە درابا.

بە ڕای ئێوە، ئەو پێڤاژۆیەی ئێستا، ئەگەر بەم شێوازە بەردەوام بێ، بە چ ئەنجامێک دەگا؟
دیارە من ئومێدم بەو چاوپێکەوتنانە نییە. پێموانییە ئەنجامێکی ئەرێنی لێ بکەوێتەوە. لە سەر ئەو بڕوایەم دەوڵەت نیازێکی ئەوتۆی نییە بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکا. سەرۆک وەزیر، دەڵێ کێشەی کورد بوونی نییە. ئەگەر وابێ لە سەر چ مژارێک چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەن؟ مژاری چاوپێکەوتن، وازهێنانی پەکەکەیە لە چەک. پێموانییە لە بەرامبەردا شتێک بدرێ. دواجار سەرۆک وەزیر دەڵێ، کێشەکە چارەسەر کرا.

ئەوەی ڕاستی بێ، ئۆجالان لە تێزی کۆنفدرالیزمی دیموکراتیکدا، دەست لە سنوورەکانی دەوڵەت – نەتەوەی کوردستان وەرنادا کە بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوە، بەڵام دەڵێ ئەم سنوورانە مایەپووچ دەکا و لە ڕێگەی تەگبیری سیاسی و سۆسیۆ – ئابوورییەوە سەر لە نوێ دایاندەڕێژێتەوە.
"با تورکیا پارچە نەبێ، ئێران، ئێراق و سووریا پارچە نەبن!"، باشە ئەی کوردستان پارچە بێ؟ یان باشترە بپرسین، کوردستانی پارچەکراو و دابەشکراو هەر بەمجۆرە بمێنێتەوە؟ دەبێ مەبەست ئەوە بێ؟ تێڕوانینێکی چەوتە. هۆکاری سەرەکی چارەسەرنەبوونی کێشەی کورد تا ڕۆژی ئەمڕۆ، ئەوەیە کە کوردستان پارچە بووە و دابەش کراوە. تۆ دەبێ باش لەم ڕاستییە تێبگەی. وەها کارەساتێک چلۆن بە سەر کوردان هاتووە؟ ئەم کارەساتە چۆن توانیویەتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ بەردەوام بێ؟ تۆ ئەمڕۆ بەجۆرێک هەڵسوکەوت دەکەی وەک بڵێی ئەم مژارە بوونی نییە، لێ فاکتەری سەرەکی و دیاریکەرە.

ئەگەر گەلان مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان هەیە، کوردەکان ناتوانن جگە لە دەوڵەت – نەتەوە، فۆڕمۆڵێکی تر هەڵبژێرن و داوای بکەن؟
دەوروبەری مانگێک لەمەوپێش، فەلەستین ستاتۆی دەوڵەتی چاودێری لە نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگرت. هەموو کەسێ چەپڵەی بۆ ئەم بڕیارە لێدا. لە تورکیاش ڕاستەکان، چەپەکان و لیبڕاڵەکان چەپڵەیان لێدا. فەلەستین بوو بە "٢٣هەمین دەوڵەتی عەرەب" یان "٢٠٩هەمین دەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان". بەڵام کە نۆرە دەگاتە کوردان، دەڵێن "دیارە دەوڵەت شتێکی باش نییە، دەوڵەت خراپە". ئەمە تێڕوانینەم پێ ئەخلاقی نییە.

بە ڕای ئێوە، ئۆجالان دەیەوێ چ بکا؟
عەبدوڵڵا ئۆجالان دەبێ بزانێ کە گیراوە. بەدەپە دەبێ بزانێ ئۆجالان دەست بە سەرە. باڵی ئەوروپای پەکەکە، بەڕێوەبەرانی لە قەندیل و کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبێ بزانن ئۆجالان گیراوە. سەرنج ڕاکێشانی بەردەوامی دامودەزگاکانی پەکەکە بۆ سەر ئۆجالان، جۆرێک لاوازییە. هەروەها ئەگەر ئۆجالان هەڵوێستێکی لەمجۆرە نیشان بدا کە "حەتمەن من دەبێ لە ڕیزی پێشەوە بم"، ئەوەش خۆی لاوازییە.

پێتان وایە پەکەکە، ئەگەری فەرمانی پاشەکشە بۆ دەرەوەی سنوورەکان لە لایەن ئۆجالانەوە پیادە دەکا؟
نابێ فەرمانێکی لەو چەشنە بدرێ ئەگەر هیچ دەسکەوتێکی نەبێ. هەموومان دەزانین کاتێک سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، باس لە فەلەستینیەکان، موسڵمانەکانی بۆسنی و کۆماری تورک نشینی باشوری قوبرس دەکا، داوای چ جۆرە ماف و ئازادییەکیان بۆ دەکا. دەبێ پرسیار بکرێ بۆچی ئەو ماف و ئازادییانە بۆ کوردان بە ڕەوا نابینێ. بەرزکردنەوەی هەندێک هەنگاوی حکومەتی ئاکەپە لەم ڕوەوە، بۆ نموونە کردنەوەی تەڕەتە شەش، هەنگاوێک نین کە بچووک نیشان بدرێن. بەڵام با لە بیرمان نەچێ کە تەنانەت لە ئێراقی سەدام حوسێندا ئەم جۆرە ماف و ئازادییانە پتر بوون.

بزووتنەوەی کورد داوای خۆسەری دیموکراتیک دەکا. ئەگەر ئەم خۆسەرییە پێک بێ، ئاخۆ کێشەی کوردەکان چارەسەر نابێ؟
نەخێر. تۆ ئەگەر بڵێی "دەوڵەتم ناوێ"، ناتوانی ببیتە خاوەنی. بەڵام ئەگەر داوای دەوڵەتت کرد، لە پێناو بەدیهاتنی تێکۆشان دەکەی. لە کاتێکدا کێشەی کورد بەو ڕادەیە قورسە، دابەزین لە ویستی دەوڵەت – نەتەوە تەنیا و تەنیا لە کوردایەتیت دادەبڕێ. بە هیچ کوێ ناگەی. لە لایەک بیر لە ڕێگە چارەیەک بۆ کێشەکانی دونیا دەکەیەوە، بەڵام هاواری هەموو بەیانییەکی مناڵانی کورد بەردەوامە کە دەڵێن "تورکم، هەقدارم... بوونم پێشکەش بە بوونی تورک بێ". سێ لە چواری ئەندامانی مەجلیسەکانی شارەوانی هی تۆیە بەڵام ناوی شاعیر، نووسەر و سیاسەتمەدارانی کورد لە سەر جادەکان نانێی. شتێکی جوانە مرۆڤ یۆتۆپیای هەبێ، بەڵام نابێ لە دۆخە کۆنکرێتەکانیش داببڕێ، نابێ بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکرێ وەک ئەوەی بوونیان نییە.

پێتان وایە کوردەکان دەوڵەتی سەربەخۆیان گەرەکە؟
دەبێ بیانەوێ.

ساڵی ٢٠٠٩، ئۆجالان بەمجۆرە وەڵامی قسەکانی ئێوەی دابۆوە: "ئیسماعیل بێشکچی لە نووسینەکەیدا دەڵێ چل میلیۆن کورد هەیە و پێویستە کوردەکانیش دەوڵەتێکی خۆیان هەبێ. دەوڵەتگەرایانە نزیکی ڕووداوەکە دەبێتەوە. من لێی تێدەگەم، نیازپاک و دروستە. پەیامی ئەوە دەدا کە دەبێ داوای دەوڵەت بکەی، بەڵام بە تەواوی لە مەبەستی من تێناگا کە چیم دەوێ. دەوڵەت ئازادی بۆ گەلان ناهێنێ."
تێڕوانینێکی هەڵەیە. تۆ دەڵێی "دەوڵەت ئازادی بۆ گەلان ناهێنێ" بەڵام لە تورکیا، ئێران، ئێراق و سووریاش دەوڵەت هەن. تۆ لە بەرامبەر ئەم دەوڵەتانە چۆن بەرگری لە ماف و حقووقەکانی خۆت دەکەی؟ ١٦ی مارسی ١٩٨٨، سەدام حوسێن لە هەڵەبجە کوردەکانی ژینۆساید کرد. ئەودەم ٥٣ ئەندامی کۆنفڕانسی ئیسلامی لە کوەیت کۆبوونەوە. لە بەلاغی کۆتاییدا، تەنانەت ئاماژەیەکی بچووکیش بە هەڵەبجە نەکرابوو. بەڵام بولغارستان مەحکووم کرابوو چونکە ناوی تورکەکان دەگۆڕێ، یۆنان مەحکووم کرابوو چونکە ڕێگە نادا تورکەکانی ڕۆژئاوای 'تراکیا'، ئەلفوبێی تورکیا بەکار بێنن. ئەمانەش خۆ دەوڵەتن! بە گازی ژاراوی هەزاران مرۆڤ دەکوژرێن، بەڵام دەنگێ لە هیچ کەس نابیسی. بە مەبەستی تێکۆشان لە پێناو ئەم ئاریشانە، تۆش پێویستت بە وەها قەوارەیەک هەیە. ئەگینا مەحکووم بە شکست دەبی.

بەڵام کوردەکان بە هۆی نەویستنی دەوڵەت، بێ دەوڵەت نەماونەتەوە. ئەو هێزەیان نییە...
منیش لەبەر ئەم هۆکارە باس لە پێویستی دەرک کردن بە کۆالیسیۆنی هێزە نێونەتەوەییەکان دەکەم کە ساڵانی ١٩٢٠ بەملاوە دامەزراون. دۆخی باو بچووکترین ستاتۆی بە کوردەکان نەداوە. ساڵانی ١٩٢٠ کوردستان بۆ جاری سێهەم لەت کرا و بە سەر وڵاتانی ناوچەکەدا دابەشکرا. یەکەمجار کوردستان لە سەدەی ١٦ و لە شەڕی نێوان شا ئیسماعیل و یاڤوز سوڵتان سەلیمدا لەت کرا. جاری دووهەم لە چارەگی یەکەمی سەدەی نۆزدەدا، چەند بەشێکی باکووری کوردستانی ئێران، لە ئەنجامی شەڕەکانی نێوان ئێران و ڕووس، کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیاوە. لە ئەنجامی ئەم سی ساڵ شەڕەی دواییشدا، عەشیرەتەکان و بنەماڵەکان لەت و پەت بوون. وەک دەبینین برایەک بوو بە جاش و ئەوی تر بە گەریلا. واتە نەتەوەیەک، ئەگەر لە قۆناغێکی دیاریکراوی مێژووی خۆیدا، ببێتە ئامانجی لەتبوون و دابەشین، ئەوا بێ ڕاوەستان ڕەوشێک دەخوڵقێنێ کە خۆی، خۆی بەرهەم دێنێ. ئەگەر تۆ بەردەوام ببیتە ئامانجی لەتبوون، پارچەکردن و دابەش بوون، بێگومان لاوازییەک لە تۆدا هەیە. هێزەکانی دوژمن کەڵک لەم لاوازییە وەردەگرن. کوردەکان دەبێ بەم ڕاستییە بزانن. کوردەکان دەبێ بیر لەوە بکەنەوە کە بۆچی ناویان تەنیا بە 'تیرۆر' دەناسرێتەوە.

باس لە جۆرێک ڕێککەوتن دەکرێ لە چاوپێکەوتنەکانی میت -  ئۆجالاندا...
بەڵام سەرۆک وەزیر دەڵێ لەم پێڤاژۆیەدا کێشەی کورد بوونی نییە. ئۆپەراسیۆنەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان درێژەیان هەیە. ئەگەر وابێ ئەم ڕێککەوتنە چییە؟ کە کێشەکە بەو ڕادەیە گەورەیە، سەرۆک وەزیر نابێ وا بە ئاسانی بڵێ "کێشەی کورد بوونی نییە".

دەگوترێ ئیتر سەردەمی ماڵئاوایی کردنە لە چەک. ئێوە تێکۆشانی چەکداری پەکەکە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
پەیوەندی بە هەڵوێستی دەوڵەتەوە هەیە. ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەت زۆر ڕوون و ئاشکرایە. ئایدیۆلۆژیای فەرمی ناگۆڕدرێ. ئێوە هێشتا ناتوانن ناوێک لە مناڵەکانتان بنێن کە پیتگەلی واو، خێ، قێی تێدا بە کار هاتبێ. دەوڵەت وەک نەتەوە دان بە گەلی کورد دانانێ بەڵام دان بە عەبدوڵڵا ئۆجالان دادەنێ. لەگەڵ ئۆجالان دەپەیڤێ. گەلۆ ناکۆکییەک لێرەدا بەدی ناکرێ؟ دەبێ خودی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجالان، بەدەپە، باڵی ئەوروپای پەکەکە، بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە قەندیل، کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کەجەکە و سەرجەم دامودەزگاکانی کورد ئەم ناکۆکییە ببینن. هەروەها میدیای تورک، نووسەران و لێکۆڵەرانی تورکیش.

بەڵام حکومەت دەڵێ، ئەگەر چەکەکان دابنرێن، ئەمجۆرە مەسەلە 'لاوەکی'یانە چارەسەر دەبن...
لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ بۆ ٢٠٠٤ گەریلا لە دەرەوەی سنوورەکان بوو. چەکەکان بێدەنگ ببوون. بەڵام ئەوکات دەوڵەت هیچ هەنگاوێکی بەرز نەکردەوە و ئێستاش هیچ هەنگاوێک نانێ. دەیەوێ بڵێ "کێشەی کورد بوونی نییە، کێشە چەکەکانی نێو دەستی پەکەکەن." پاشان دەڵێ "ئێستا تەڕەتە شەش هەیە، بنەماڵەی گیراوان دەتوانن بە زمانی خۆیان بئاخفن. ئەم ئاستەنگییە بچووکانە هەبوون، ئەوانیشمان هەموار کرد. چ کێشەیەکمان نەماوە."... لە کاتێکدا کێشەکە هەیە و زۆر قورسیشە.

بە بۆچوونی ئێوە، سیاسەتی درێژمەودای دەوڵەت لە مەڕ کورد چۆنە؟
سیاسەتی سەرەکیی دەوڵەت ئاسمیلەی کوردەکان و بە تورک کردنیانە، وازیشی لەو سیاسەتە نەهێناوە. هۆکاری سەرەکی ئاستەنگی نانەوە لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماکی هەر ئەوەیە. دژ بە ئاسیمیلاسیۆن، کوردەکان پێویستە بە تەگبیر بن.

ئۆجالان بەردەوام دامەزرێنەرانی ئانارشیست وەک باکونین، کرۆپۆتکین یان پروودۆن وەک چاوگە دێنێتەوە و مرۆڤایەتی بەرەو دامەزراندنی دونیایەکی بێ دەوڵەت و بێ دەسەڵات هان دەدا. کوردەکان ئەزموونی دەوڵەتیان نییە، بەڵام بۆ نموونە دەسەڵاتداری کوردستانی عێراق، بە تایبەت لە لایەن کوتلە هەژارەکانی کوردەوە ڕەخنەی لێدەگیرێ. دانی مافە فەرهەنگییەکان بە گەلێک، نایەتە واتای چارەسەرکردنی کێشە چینایەتیەکانیان. جا لەبەر ئەمە ئایا ئۆجالان بە وێناکردنی ڕزگارییەکی بێ دەوڵەت، شۆڕشگێڕتر نییە؟
نەخێر. بۆچوونێکی ئاوا، لەم کەشوهەوایەدا تەنیا خزمەت بە ئایدیۆلۆژیای فەرمی دەوڵەت دەکا. دابەش نەکردنی داهاتی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکسان، لە بەردەم تێکۆشانی خودی کوردەکان دەبێتە ئاستەنگ. بەڵام کوردەکان بەر لە هەرشتێ پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ عەرەب، تورک و فارس یەکلا بکەنەوە.

هەم پەکەکە و هەم دەوڵەت دەڵێن ''ئیتر با ئاشتی بە دی بێ". بە ڕای ئێوە هەر دوو لا باسی یەک ئاشتی دەکەن؟
دەوڵەت دەڵێ "با پەکەکە واز لە چەکەکانی بێنێ و پاشەکشە بکا"، هەروەها پێی وایە جگە لەمە کێشەیەکی دی لە ئارادا نییە. مەبەستی دەوڵەت لە ئاشتی ئەمەیە. پەکەکەش پێداگرە لە سەر مافە میللی و دیموکراتیکەکان. مەبەستی هەر دوو لا سەبارەت بە ئاشتی جیاوازە. کە باس لە دانوستان دەکرێ، ئەوا هەوڵ دەدرێ ئەم دوو بۆچوونە جیاوازە بسەپێنرێ.

بە ڕای ئێوە دەسەپێنرێ؟
زۆر ئەستەمە. پێموانییە لە کورتخایەندا ئەنجام بە دەست بێنێ. دەوڵەت وەها نیازێکی نییە.

ئەگەر لە ئاوێنەی قۆناغی مێژووییەوە سەیری بکەین، بە ڕای ئێوە ڕۆژێک کوردستان دادەمەزرێ؟
بەڵێ، گرنگ تێگەیشتنە. کاتێک تێگەیشتن و وشیاری پێش بکەوێ، ئەوا هەرگیز ناڵێی ''نامەوێ"، دەتەوێ. ئەگەر بێت و بشتهەوێ، بە دەستی دێنی. لە ڕاستیدا کوردەکان دەبوایە لانیکەم داکۆکییان لە قەوارەیەکی سیاسیی وەک فیدراسیۆن کردبا. دەبێ گەریلا هێزی ئەمنی و ئاسایشی ئەم فیدراسیۆنە بێ.

۱۳۹۱/۱۰/۳۰

خالید مەشعەل، قەندیل، ئیمڕالی و ... لە قەتەر


جەنگیز چاندار
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

بەهاری عەرەب، پەلی هاویشتە سووریاش، لەوێش هەر چەند بە شێوەیەکی خوێناوی بێ، 'پشکووت' و لەگەڵ هاتنەئارای دیمەنگەلی جۆرێک لە 'شەڕی نێوخۆیی ئایینی' لەو وڵاتە، سەراوژێربوونی هاوسەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر خستە ڕوو: حەماس، کە لەگەڵ 'بازنەی ئێران – سووریا' نێوی دەهات، شامی جێهێشت. بارەگای خالید مەشعەل سەرۆکی حەماس کە بە باڵی فەلەستینی برایانی موسڵمان – ئیخوان – لە قەڵەم دەدرێ، لە شام بوو.
لە ئەنجامدا، پاش ئەوەی ڕژێمی شام دژ بە لایەنە سوننە دیندارەکان و کۆمەڵانی خەڵکی سوننە کە پێشەنگایەتی شۆڕشی سووریا دەکەن و کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو شۆڕشە پێکدێنن، توندوتیژییەکی بێ ڕەزا و لە ڕادەبەدەری پەیڕەو کرد، 'بنچینەی مۆڕاڵ'ی خالید مەشعەلی 'سوننە' و کادیرانی دانیشتووی ئەوێی بۆ مانەوە لە سوریا ڕووشاند. خالید مەشعەل، شامی بەجێهێشت. دوای ماوەیەکی دوورو درێژ، دەمێکی کورت پێش ئێستا ڕۆیشتە غەززە و لەوێش لەبەر هۆکاری ئەمنی نەمایەوە. دەوحە – قەتەر جێگەی شامی گرتۆتەوە. وەک چۆن لە تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرەدا هەست بە قورسایی ئیخوانی موسلمین دەکرێ، بۆی هەیە لە کەسایەتی خالید مەشعەلدا، قەتەر وەک پشتیوانێکی مادی و لۆژستیکی لە بری شام تاقی بکرێتەوە.
کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژە لە ژێر ناوی 'پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات' بە دەستپێشخەری ناوەندی فیکری ئەلجەزیرە لە قەتەر بەڕێوە چوو، تازە دانیشتنی کۆتایی دەستی پێکردبوو کە سەرۆکی حەماس خالید مەشعەل وە ژوور کەوت، دانیشت و دوای ماوەیەک مۆڵەتی قسەکردنی وەرگرت.
هەموو لایەک مەراقیان وروژا بۆ ئەوەی بزانن سەرکردەیەکی فەلەستینی، بە تایبەت کەسی ژمارە یەکی حەماس چۆن لە سەر پرسی کورد دەدوێ. خالید مەشعەل، بۆ ئەوەی نیشان بدا پەیامی 'گەرم'ی بۆ کوردەکان پێیە، وەک سەرجەم عەرەبەکانی دی، بە 'سەلاحەدینی ئەیووبی' دەستی بە قسەکانی کرد. بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کوردەکان بەردەوام لە ڕۆژانی سەختدا لەگەڵ خەڵکی فەلەستین بوون، باسی لە ڕزگاریی قودس لە چنگ خاچ پەرستەکان بە دەستی 'کەسایەتیی گەورەی کورد، سەلاحەدینی ئەیووبی' کرد.
ستایش و ستایشی کوردەکانی کرد، تا گەیشتە خاڵێک کە هەستی زۆرینەی هەرە زۆری عەرەبەکان، لە قسەکانی ئەویشدا ڕەنگی دایەوە؛ لە مەڕ 'سوود وەرنەگرتن لە لاوازی و کێشەی ئەوانی دی' هۆشداری بە کوردەکان دا.
کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین – جا لە کام سنوور دەژین با بژین – هاوپەیمانی نهێنی یاخود پوتانسیەلی ڕێککەوتنی ئیسرائیل بوون و ئەمەش حزوورێکی پڕڕەنگی لە تێگەیشتن و هەستی عەرەبەکاندا هەیە.
ئەم تێگەیشتنەی عەرەبەکان زۆر بێ بنەماش نییە. مەلا مستەفای بارزانی کە لە نیوەی یەکەمی ساڵانی شەست دژی بەغدا سەری هەڵدا، لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی ساز کرد و ئەوەش ئیدی شاراوە نییە کە هەندێک لە ئیسرائیلیەکان لە ڕێگەی ئێرانەوە کوردستانێکی ڕاستەقینەیان دۆزیوەتەوە.
بە هەمان شێوە، کوردەکانی عێراق ساڵانێکی زۆر لە لایەن شای ئێرانەوە پشتیوانییان لێکرا و ئەمەش لە شعووری عەرەبەکاندا کاریگەریی نەرێنی لە سەر دەستەواژەی کورد داناوە. لەو ڕوانگەوە 'هۆشداری'یەکەی خالید مەشعەل، جگە لە تێگەیشتنێکی دەق گرتووی عەرەبەکان سەبارەت بە کورد هیچ شتێکی تر نەبوو.
دیارە 'هۆشداری' خالید مەشعەل بێ وەڵامیش نەمایەوە. ئاکادیمیسیەنێکی کورد لە زانکۆی سەلاحەدینی هەولێر، بە هەمان 'تاکتیکی زمانی'، ستایشی خالید مەشعەل و فەلەستینی کرد، بەڵام قسەکەی وەرچەرخاند و هێنایە سەر ئەوەی کە 'ئەگەر کوردەکان بکەونە دۆخێکی دژوارەوە، عەرەبەکان نابێ بە دوای سەقامگیرکردنی بەرژەوەندی خۆیاندا وێڵ بن.'  ئەم پرسیارەی لە خالید مەشعەل کرد؛ 'بۆچی عەرەبەکان ٢٢ دەوڵەتیان هەیە، بەڵام دەوڵەتێک بۆ کوردەکان بە ڕەوا نابینن' و بەمجۆرە ناوبراوی لۆمە کرد.
پاش ئەوەی کوردەکان دوابەدوای جەنگی جیهانی یەکەم لەت و پەت کران، ڕووبەڕووی سیاسەتی ئاسیملاسیۆن، نکۆڵی و لە عێراق قەتڵ و عامی هاوچەشنی ژینۆساید بوونەوە، لە مەیدانی مێژوو دەرکەوتن و ئیتر گەڕاندنەوەیان بۆ ستاتوی سەد ساڵ پێش مومکین نییە.
سەرەڕای ئەو 'باکگراوندە زەینی'یەی زۆربەی عەرەبەکان سەبارەت بە کوردەکان هەیانە، لە دەوحە ناوی وا قسەی وای هاتە سەر زار کە دۆخی دەسپێکردنی 'قۆناغێکی نوێ'ی نیشان دەدا.
بۆ نموونە، سەدرەدین بەیانونی، کەسایەتی بەرچاو و سەرکردەی ئیخوان موسلمینی سووریا لە نێوان ساڵانی ١٩٩٦ تا ٢٠١٠ گوتی "ئێمە دژی فیدراسیۆن لە سەر بنەمای جوغرافی نین، بەڵام ئەگەر بێت و فیدارسیۆن پشت بە ئەتنیک ببەستێ، ئەوا پارچەبوون دێنێتە ئاراوە.''
یانی وای لێهاتووە ئیخوان، لە پێناو چارەسەریی پاک و ساڵحانەی 'کوردەکانی ڕۆژهەڵات'، تەنانەت دەستەواژەی 'فیدراسیۆن' دێننە سەر زمان. با ئەتنیکی نەبێ و جوغرافی بێ... زمان و شێوە ڕوانینێکی ئاشنا.
تورکیا کە پارێزگار و داکۆکیکارێکی کەونەشۆپی عێراقێکی ناوەندگەرا بوو کە دانی بە ماف و حقووقی کوردەکان دانەدەنا،  'فیدراسیۆن' لە عێراق وەک سوپاپێکی ئەمنی هەرە گرنگ لە پێناو یەکپارچەیی، بە گونجاوترین چارەسەری دەزانێ، داکۆکی لەوە کرد 'ئەگەر لە عێراق ئیلا فیدراسیۆن دروست بێ، دەکرێ لە سەر بنەمای جوغرافی بێ. با لە سەر بنەمای ئەتنیکی نەبێ.'
رۆژی یەکەمی کۆبونەوەی 'پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات' بۆ 'مەسەلەی کورد' لە عێراق و سووریا تەرخان کرا، لە ڕۆژی دووهەم و کۆتاییشدا لایەنە جۆراوجۆرەکانی 'مەسەلەی کورد' لە تورکیا و ئێران گفتوگۆیان لە سەر کرا.
دانیشتنی هەرە سەرنج ڕاکێش، بەڕای من، بە سەرنجدان بە بەشداربووان، پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبوو. چوار کەس قسەیان کرد کە یەکێکیان فارس و بەرپرسی پێشووتری وەشانی گشتی ڕۆژنامەی ئیتلاعات، واتە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ناوەندێکی فیکری بووە کە بانگەشە دەکرێ سەر بە پارێزەرانی ڕژێم یان 'زمانحاڵی ڕژێم'ە. ئەو کەسە محەمەد عەلی موهتەدی بوو کە بە عەرەبییەکی ڕەوان قسەی دەکرد.
سێ وتاربێژەکەی تر، کوردەکانی ئێران بوون. یەکێکیان ئاکادیمیسیەن کە لە زانکۆیەکی زلاندی نوێەوە هاتبوو، ئەوی تریان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوە. سێهەم کەسیش نوێنەری پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەژاک بوو. ئەو لە قەندیلەوە هاتبوو و دوێنێ گەڕایەوە قەندیل. پێدانی مۆڵەتی مانەوە بە پەژاکییەک و هاتنی بۆ کۆبونەوەیەکی نێونەتەوەیی جێی بایەخ، خۆی لە خۆیدا سەرنج ڕاکێش بوو.
کوردەکانی ئێران هەر کامەیان چەند زمانێکیان دەزانی بەڵام کەسێک لەوان گوتی 'زمانی ڕەسمی' ئێران واتە فارسی هیچ نازانێ. نوێنەرەکەی حزبی دیموکراتی کوردستان. هۆکاری ئەمەشی لە وەڵامی تاوانبارکردنی موهتەدیدا کە 'پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە'، بەمجۆرە شیکردەوە: "لە ئێران، لە کوردستانی ئێران لەدایک بووم، بەڵام لە بەر شەڕی نەخوازراوی داسەپاو لە لایەن ئێوەوە، ناچار مام وڵاتەکەم جێ بهێڵم و چونکە فێربوونی زمانی زگماکی لە خاکی خۆم لێم قەدەغە کرابوو، وڵاتێکی دیکە ئەو دەرفەتەی پێدام و لەوێ (سوئێد) فێری زمانی زگماکیم بووم".
باڵکێش تر لە دانیشتن لەم جۆرە کۆبوونەوانە، پەیوەندی و دانوستانەکانی دەرەوەی کۆبوونەوەکەیە. زۆرترین سەرنج لە سەر ئێمە بوو کە لە تورکیاوە بەشداری کۆبوونەوەکە ببووین. چونکە هەموو کەسێ هەوڵی دەدا بزانێ 'قۆناغی ئیمڕالی' چییە و سەبارەت بەوەی ئایا ئەنجامی دەبێ یان نا، پرسیاریان دەکرد.
یەکێک لەوانەی لە ناخەوە دەیویست ئەم قۆناغە ئەنجامی پۆزەتیڤی بە دواوە بێ، لە بەڕێوەبەرانی ئەنجومەنی نیشتمانی سووریا بوو. سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نیشتیمانی سووریا، عەبدولباسیت سەیدا کە خۆشی کوردە و هاوکات یەکێکیشە لە ڕایەدارانی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردی سووریا...
کۆبوونەوەی 'پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات' لە قەتەر بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی جارێکی تر و بە شێوەیەکی بەهێزتر لە نرخ و بایەخی 'قۆناغی ئیمڕالی' بگەین...

۱۳۹۱/۱۰/۲۷

سرنوشت شوم کردها از درسیم تا پاریس


جنگیز چاندار
ترجمه کردی: صلاح الدین بایزیدی
ترجمه فارسی: عارف سلیمی

 
عکسش را ابتدا در اینترنت دیدم؛ پس از آن در تلویزیون و یک روز بعد هم بر صفحه اول روزنامه ها. می شناختمش. علاوه بر این پیشتر نیز مدت کوتاهی او را از نزدیک دیده بودم. با این حال هنگامی که چشمم به نام «فیدان دوغان» افتاد شخصی به این اسم را به خاطر نیاوردم. حتی با دیدن عکسش هم محال بود چیزی به ذهنم بیاید.

با خود گفتم نکند با یکی دیگر اشتباه گرفته ام.

وقتی که در روزنامه ها در کنار اسم «فیدان دوغان»، داخل پرانتز، چشمم به «روژبین» افتاد، گفتم «خودش است، روژبین است…»

روژبین را از نزدیک نمی شناختم. اما حدود یک ماه پیش تا حد خوش و بش کردن با هم شوخی کردن، با او آشنا شدم. او در بروکسل، در نهمین- اگر اشتباه نکرده باشم- «کنفرانس کردها» در پارلمان اروپا یکی از کسانی بود که پروانه وار دور مهمانان می چرخید. (در متن اصلی: همچون خضر زنده به داد همه می رسید). به سان سربازی گمنام از رزرو هتل گرفته تا ایاب و ذهاب مهمانان و حتی کمک به آنها حین غذا خوردن همه کار انجام می داد.

روژبین (یا فیدان دوغان) همانگونه که در روزنامه ها نیز آمده است، چونان دختری کرد که لبخند همیشگی اش، دندانهای سفیدش را نمایان می ساخت و با نگاه پرحرارتش از زیر موههای چین خورده اش درون انسانها را گرمی می بخشید، سبکبال، پرجنب و جوش، دوست داشتنی و صادق در افکارم نمایان شد. دختر کرد علوی مذهبی که تبارش از «البیستان» بود؛ فرزندی که در غربت زیست.

در ترکیه از آنجا که پ ک ک بیش از حد شیطانیزه شده است، هرگاه نامی از اعضای آنها برده شود، تصویر شماری درنده و جانور در اذهان بسیاری از مردم این کشور تداعی می شود. جانوران درنده ای که هدفشان کشتن سربازان میهن و نیز فشار آوردن به ملت کرد است. چشمهایشان از حدقه درآمده است، مسلحند و از خون و خونریزی لذت می برند.

این در حالی است که بخش اعظم کسانی که عضو پ ک ک هستند جانوار و خائن نیستند؛ بلکه انسانهایی آشنا و برخاسته از این کشورند. به ویژه اگر بپذیریم که آنها نیز «انسان»اند؛ یعنی پدر، مادر، خواهر و برادرانشان را قوم و خویش و مردم خود «بدانیم». آنوقت تلاش ما برای «صلح»، «توافق»، و «همزیستی مسالمت آمیز و برادرگونه» معنای دیگری خواهد یافت.

و موضوعی دیگر اینکه تعداد کمی از اعضای پ ک ک مسلح هستند. در واقع بیشترشان همانند روژبین هستند. پیش از آنکه در جریان برگزاری نشست پارلمان اروپا با روژبین آشنا بشوم، به هیچ وجه تصور نمی کردم که او نیز عضو پ ک ک باشد. به طوری که حتی فکر نمی کردم که باید از او بپرسم آیا عضو پ ک ک هست یا نه. در تصورات من نیز، مانند دیگران، پ ک ک عبارت بود از «کردهای مسلح مستقر در کوهها».

روژبین که بود؟ یکی از اعضای پ ک ک با نام واقعی فیدان دوغان. برای من روژبین بود. دختری علوی مذهب از شهر «البیستان». فرزند غربت. از همین روست که او برای آسودگی من و افراد دیگری چون من این همه در تکاپو بود و به همین خاطر است که بیگانه اش نمی بینم و با او به مزاح می پردازم.

یک روز پس از ترور پاریس، در یکی از کتاب فروشیهای استانبول میان کتابها می گشتم که شخصی وارد مغازه شد. آن شخص همانطور که می گفت کسب و کارش نزدیک کتابفروشی بود و طبق عادت روزانه اش آمده بود تا سری به همسایه اش بزند. مرا به اسم صدا زد و گفت: «می دونی فیدان دوغان دختر عموم بود؟…» درباره جنایت پاریس و آخرین خبرهای مرتبط با آن سوال کرد.

هنگام خداحافظی به او تسلیت گفتم. یک بار دیگر احساس کردم که مرگ روژبین تا چه حد مرا متاثر کرده است و چقدر اندوهگینم…..
عده ای می گویند که هدف قاتلان اصلی سکینه جانسز بوده و دو دختر جوان دیگر صرفا به دلیل همراهی با او هدف قرار گرفته اند. نمی دانم این حرفها تا چه حد صحت دارد. اما درباره جنایت پاریس به تمام تحیلیهایی که تاکنون شنیده ام و یا خوانده ام شک دارم. هیچ یک با منطق من جور در نمی آیند؛ و البته اعتراف هم می کنم که چیز چندان قابل استنادی در این رابطه نمی دانم.

نه «تصفیه درونی حزب» نه «دولت سایه» و نه «دستگاههای اطلاعاتی کشور سوم»………. ممکن است همزمان هرسه این فرضیه ها درست باشد. هیچ یک از این فرضیات دیگری را نقض نمی کند. ممکن هم هست که هیچیک از اینها نباشد.

پس در باره اینکه گویا هدف از انجام جنایت پاریس برهم زدن «مرحله امرالی» و » توافق کرد- ترک» بوده است، چه باید گفت؟

چنین تحلیلهایی شاید خوش آهنگ و منطقی جلوه کنند اما سوی دیگر قضیه آن است که در نهایت یک توجیه جنایی است. ممکن است این حادثه تاثیری بر «مرحله کنونی» نداشته باشد. نخست وزیر اردوغان موضع مناسبی اتخاذ کرد. موضعی که ضربه ای به این مرحله وارد نیاورد. آیا می توان جنایت پاریس را نوعی «واکسن اطمینان» در راستای «مرحله کنونی» تفسیر کرد؟

شاید. نمی دانم. جنایت پاریس بیشتر از بعد انسانی آن مورد توجه من است و از این جهت است که متاثرم می کند.

فیدان دوغان را با اسم روژین می شناختم. هولیا سویلمز (لیلا شایلمز- م) را اصلا نمی شناختم و سکینه جانسز را نیز نمی شناختم اما در سالهای اخیر بسیار در مورد او شنیده بودم.

می دانستم که سکینه جانسز کیست و این موضوع نیز غم و اندوه ناشی از این جنایت را که به سبب شناختم از روژبین به وجود آمده است، دو چندان کرده است.

سلیم چوروک کایا، یکی از کادرهای موسس پ ک ک که پس از تحمل هشت سال حبس در زندان دیاربکر، از پ ک ک جدا شد و با عبدالله اوجالان به مخالفت برخاست، درباره سکینه چنین نوشته است:

«سال 1979 در الازیغ دستگیر شد. سکینه سکوت اختیار کرد؛ هرچند بیشتر کسانی که با او دستگیر شده بودند موضع خود را مشخص کرده بودند. در سال 1982 به تنهایی موفق به فرار از زندان ملاطیه شد. اما از آنجا که در خارج از زندان کسی نبود کمکش کند، بار دیگر دستگیر و در نهایت به زندان دیاربکر انتقال داده شد. وی در تمامی مقاومتهای زندان دیاربکر شرکت داشت. با نوشتن دفاعیات 300 صفحه ایش نمونه ای از زن کرد را در تاریخ ثبت کرد. سکینه شبیه رزا لوکزامبورگ و ژان دارک قهرمان ملی فرانسویها است.»

سکینه جانسز بیست سال پس از نوشتن سطور فوق هم زنده ماند تا آنکه در پاریس به ضرب گلوله کشته شد. در سالهای اخیر مقاطعی از زندگی او را مطالعه کرده ام. می دانم زنی بوده که مصایب بسیار دیده بود. به هر حال سکینه جانسز مجموعا دوازده سال را در زندان به سر برد و در زندان دیاربکر که با شکنجهای وحشتناک و بسیار طاقت فرسای آن زبانزد بود، هرگز گردن خم نکرد. به عبارت دیگر شخصیتی
بسیار ویژه داشت. اولین دفاعیات در تاریخ سیاسی کردها را هم او نوشته است.

حیاتی که در درسیم آغاز شده باشد، چگونه می تواند زنی لطیف و حساس را به مرحله ای برساند که علی رغم تحمل وحشتناکترین شکنجه ها باز هم سرش را بالا نگه دارد، پس از دوازده سال حبس در زندان سر از لبنان، کردستان عراق و آلمان در بیاورد و در نهایت در پاریس در پی جنایتی سیاه به کام مرگ فرستاده شود؟

از هر زوایه ای که بخواهی به سکینه جانسز نگاه کنی، بازهم می بینی که او تعلق به این خاک داشت. یک زن کرد علوی از اهالی درسیم بود.

نمی دانم عاملان جنایت پاریس چه کسانی هستند. و اینکه آیا کشف می شوند را نیز نمی دانم. اما می دانم که خالی کردن سه چهار گلوله در مغز سه زن کرد، سه علوی مذهب (یکی از آنها ایزدی بود. م) که دو نفرشان جوان بودند؛ آن هم در قلب پاریس حکایت از سرنوشت شوم کردها دارد.

همچنین سنگینی باورناپذیر کرد بودن، علوی بودن و زن بودن در ترکیه را نشان می دهد….

یکی از اهداف ضروری و اصلی «مرحله کنونی» باید پایان دادن به سرنوشت شوم کردها و استقرار فضایی توام با برادری واقعی با آنها باشد.

'چارەڕەشی' کوردان: لە دێرسیمەوە تا پاریس


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

سەرەتا وێنەکەیم لە ئینتێرنێت بینی. پاشان لە سەر شاشەی تەلەڤزیۆن و ڕۆژی دواتر لە لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان. ئەوم دەناسی. جگە لەمە، پێشتر بۆ ماوەیەکی کورت چاوم پێی کەوتبوو. بەڵام کە ناوی فیدان دۆغانم خوێندەوە، کەسێکم بەو ناوە نەهاتەوە یاد؛ بە بینینی وێنەکەشی مەحاڵ بوو شتێ بە زەینم بگا.
بیرم کردەوە تۆ بڵێی لە گەڵ کەسێکی دیکە لێم تێک نەچووبێ.
کاتێک لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان لە بەرامبەر ناوی فیدان دۆغان لە پەڕانتێزدا نازناوی ڕۆژبینم بینی، بە خۆمم گوت "خۆیەتی، دیارە ڕۆژبینە…"
ڕۆژبینم لە نزیکەوە نەدەناسی، بەڵام دەوروبەری مانگێک لەمەوپێش تا سنووری گاڵتە و جەفەنگ کردن، لە گەڵیدا ئاشنا بووم. لە نۆهەمین – ئەگەر هەڵە نەبم – 'کۆنفرانسی کورد' لە پەرلەمانی ئەوروپا لە بروکسێل، یەکێک لەو ئەرکدارانە بوو کە وەک خدری زیندوو بە فریای هەموو کەسەوە دەهات. چەشنی 'سەربازێکی ون' کاروباری جێبەجێکردنی ئۆتێل، دابینکردنی تاکسی یاخود ئۆتۆمبێل، هاتن و چوون بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، گواستنەوە بۆ فڕۆکەخانە و ئاسانکاری بۆ چوونە سەر خواردن و هەموو چەشنە ڕێکخستنێکی دیکەی ئەنجام دەدا.
رۆژبین (یانی فیدان دۆغان) وەک چۆن لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، وەک کچە گەنجێکی کورد کە بزەی بەردەوامی سەر لێوی، ددانە سپییەکانی دەردەخست، بە نیگای گەرمی ژێر قژی لوولی تینی بە ناخی مرۆڤ دەبەخشی، خاکەڕا، پڕ جموجوڵ، خۆشەویست و ڕووڕاست لە بیرو زەینمدا زیندوو بۆوە. کچە کوردێکی عەلەوی و خەڵکی ئەلبیستان بوو. ڕۆڵەیەک بوو لە غوربەت ژیا.
لە تورکیا ئەگەر ناوی ئەندامانی پەکەکە بێ، بە هۆی ئەوەی تا دوا ڕادە شەیتانیزە کراون، لە مێشکی زۆر کەسی ئەم وڵاتەدا بە شێوەیەکی ئاسایی کۆمەڵێ جانەوەر وێنا دەبن کە چەکیان بە دەستەوەیە. ئەو جانەوەرانەی ئامانجیان کوشتنی سەربازەکانی ئەم وڵاتە و هەروەها هەوڵدان بۆ گوشار خستنە سەر گەلی کوردە، چاویان لە ژێڵا هاتووە، خیانەتکارن، چەکیان پێیە و خوێن ڕشتن چێژیان پێ دەبەخشێ.
لە کاتێکدا بەشێکی زۆر گرنگی ئەوانەی پێیان دەگوترێ پەکەکەیی، جڕو جانەوەری خائین نین، بەڵکوو خەڵکی ئاشنای ئەم وڵاتەن، بە تایبەت ئەگەر قەبوڵ بکەین 'مرۆڤ'ن؛ یانی دایک و باوکیان، خوشک و براکانیان، خزم و کەسوکاریان بە خەڵکی 'خۆمان' بزانین؛ تێکۆشانمان لە پێناو 'ئاشتی'، 'رێککەوتن' و 'ژیانێکی هاوبەشی برایانە و بێ چەک' دەچێتە دۆخێکی واتادارترەوە.
هەروەها ئەوانەی لە نێو پەکەکەدا چەکیان هەڵگرتووە، بەشێکی کەم لەوان پێک دێنن. زۆربەیان، وەک ڕۆژبینن. بۆیەش بەر لە ناسینی ڕۆژبین لە ڕێگەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی ئەوروپا، منیش هیچ بە خەیاڵمدا نەدەهات ئەو پەکەکەیی بێ. تەنانەت بە پێویستم نەدەبینی پرسیاری ئەوە بکەم هەوە یان نا. پەکەکە، لە مێشکی منیشدا وەک هەموو کەسی تر، وەک 'کوردە چەک بەدەستەکانی شاخ' شێوەی گرتبوو.
ڕۆژبین کێ بوو؟ پەکەکەییەک بوو بە نێوی فیدان دۆغان. ڕۆژبین، بۆ من ڕۆژبین بوو. کچە کوردێکی عەلەویی خەڵکی ئەلبیستان. ڕۆڵەی غوربەت. بۆیە، ئەو، لە پێناو ئاسودەیی من و کەسانی تری وەک من دێت و دەچێ؛ بۆیە من لە گەڵیدا هەست بە غەریبی ناکەم و جەفەنگی لەگەڵ دەکەم.
رۆژێک دوای ئەو تیرۆرەی پاریس، لە کتێب فرۆشییەکی ئەستەنبوڵ چاوم بە کتێباندا دەخشاند کە موشتەرییەک خۆی بە دووکانەکە داکرد. وەک خۆی باسی دەکرد لەگەڵ کابرای کتێبفرۆش نزیک بە یەک کاریان دەکرد و ڕاهاتبوو زوو زوو سەردانی بکا. بە ناوی خۆم بانگی کردم و گوتی "دەزانی فیدان دۆغان کچە ئامۆزام بوو…" سەبارەت بە تاوانی پاریس و بوونی هەواڵێکی نوێ لەو بارەوە پرسیاری لێکردم.
لە دابڕاندا سەرەخۆشی خۆمم ئاراستە کرد. جارێکی تر هەستم بەوە کرد مەرگی ڕۆژبین چەندە بە پەرۆشی کردووم و لە ناخەوە کاریگەری لە سەر داناوم.
هەندێک کەس، باس لەوە دەکەن کە سەکینە جانسز ئامانج بووە و هەر دوو کچی گەنج فیدان دۆغان و هولیا سویلەمەز (لەیلا شایلمەز – و)، 'شوێن و کاتەکەیان هەڵە بووە'. نازانم ڕاستە یان نا. سەبارەت بە تاوانی پاریس، گومانم هەیە لە سەرجەم ئەو شتانەی دەیانخوێنمەوە و دەیانبیسم و ناڕەزایەتیەکی لۆژیکیم هەیە؛ دان بەوەش دادەنێم هیچ شتێکی ئەوتۆ نازانم کە پشتی پێ ببەسترێ.
نە 'پاکتاوی نێوخۆیی حزب' نە 'دەوڵەتی پشت پەردە' و نە 'ئیستیخباراتی وڵاتی سێهەم'… بۆی هەیە هەر سێ لەمانە پێکەوە بن. هیچکامیان، ئەویتر نەخاتە دەرەوە. لەوانەیە هیچ کامیان نەبن.
باشە، دەبێ سەبارەت بەوە چ بڵێین کە ئامانجی تاوانی پاریس تێکدانی 'قۆناغی ئیمڕالی' و 'ئاریشەی ڕێککەوتنی تورک – کورد'ە؟
ئەم قسەیە لەوانەیە بە گوێ خۆش و بۆ ئەقڵ گونجاو بێ، بەڵام بە دیویکی تردا پاساوێکی جیناییە. لەوانەیە 'قۆناغ' نەکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەم ڕووداوەوە – دیارە سەرۆک وەزیر ئەردۆغان هەڵوێستێکی بە پێزو ئەوتۆی نیشان دا کە زەبر لە قۆناغەکە نەدا – ئاخۆ دەبێ تاوانی پاریس وەک 'واکسێنی دڵنیایی' کە لە پێناو 'قۆناغ'دا ئەنجام دراوە، سەیری بکرێ؟
لەوانەشە وابێ. نازانم. تاوانی پاریس لە ڕووی ڕەهەندە مرۆییەکەیەوە زیاتر سەرنجی من ڕادەکێشێ و دەمخاتە ژێر باندۆڕەوە.
فیدان دۆغانم بە 'رۆژبین' دەناسی. هولیا سویلەمەزم بە هیچ شێوەیەک نەدەناسی. سەکینە جانسزیشم نەدەناسی، بەڵام بە ساڵانە زۆر چاک دەزانم کێیە.
دەمزانی سەکینە جانسز کێیە و ئەمەش پەژارە و داخی  ئەو تاوانە کە بە هۆی ناسینی ڕۆژبین دروست ببوو، دوو قات زیاتر کرد.
سەلیم چوروک کایا، یەکێک لە کادیرانی دامەزرێنەری پەکەکە کە دوای هەشت ساڵ مانەوە لە گرتووخانەی دیاربەکر لە پەکەکە دابڕا و دژایەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد، ئەم دێڕانەی بۆ هاوبەندییەکەی نوسیبوو:
"ساڵی ١٩٧٩ لە ئەلازغ قۆڵبەست کرا. سەکینە بێدەنگی هەڵبژارد ئەگەرچی زۆربەی ئەوانەی لەگەڵ ئەو گیرابوون، یەکلا کرانەوە. ساڵی ١٩٨٢ بە تەنیایی توانی لە گرتووخانەی مالاتیا ڕابکا. بە هۆی ئەوەی کەسێ نەبوو لە دەرەوە یارمەتی بدا، سەرلەنوێ قۆڵبەست کرایەوە و دواجار بۆ گرتووخانەی دیاربەکر بەڕێکرا. بەشداری سەرجەم خۆڕاگرییەکانی گرتووخانەی دیاربەکر بوو. بە پارێزنامە ٣٠٠ لاپەڕەییەکەی، نموونەیەکی ژنی کوردە لە دیرۆکدا. سەکینە هاوشێوەی ڕۆزا لوگزامبورگ و ژان دارک ژنە قارەمانی میللی فەرەنسییەکانە."
سەکینە جانسز بیست ساڵ دوای نووسینی ئەم دێڕانەی سەرەوەش ژیا تا ئەو ساتەی لە پاریس بە گوللـە جەستەی سارد کرایەوە. خوێندنەوەم لە سەر بەشێک لە چۆنیەتی ژیانی لەو ساڵانەدا هەبووە. دەزانم ژنێک بووە چەرمەسەرییەکی زۆری چێشتووە. هەرچی بێ، سەکینە جانسز لە سەر یەک دوانزە ساڵ لە گرتووخانە مایەوە و لە زیندانی دیاربەکر کە بە ئەشکەنجەی سەخت و سامناک ناسرابوو، هەرگیز سەری شۆڕ نەکرد، یانی خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر 'تایبەت' بوو. یەکەم پارێزنامەش لە مێژووی سیاسیی کوردیدا ئەو نوسیویەتی.
ژیانێک کە لە دێرسیم دەستی پێکردوە، چۆن ژنێکی زراڤ و ناسکی وا لێکردووە، سەرباری ئەشکەنجەی قورس، بەردەوام سەری بەرز ڕابگرێ، دوای دوانزە ساڵ مانەوە لە گرتووخانە، لە لوبنان، کوردستانی عێراق و ئاڵمانیا بمێنێتەوە و دواجار لە پاریس لە ئەنجامی تاوانێکی ڕەشدا گیانی لە دەست بدا؟
بیرم لەوانە کردەوە. لە هەر ڕوانگەیەکەوە سەیری سەکینە جانسزتان بکردایە، سەر بەم خاکانە و ژنە کوردێکی عەلەویی خەڵکی دێرسیم بوو.
نازانم بکەرانی تاوانی پاریس کێین. ئاخۆ دەناسرێنەوە؛ ئەوەش نازانم. بەڵام دەزانم: بەتاڵکردنی سێ چوار گوللـە لە سەری سێ ژن، سێ کورد، سێ عەلەوی (یەکێکیان ئێزدی بوو – و)، دوانیان گەنج، زۆر گەنج لە نێوەڕاستی پاریس، 'چارەڕەش'ی دڵتەزێنی کوردەکان نیشان دەدا.
هەروەها 'قورسایی باوەرپێنەکراوی' کورد بوون، عەلەوی بوون و ژن بوون لە تورکیا…
یەکێک لە ئامانجە پێویست و سەرەکییەکانی ئەم 'قۆناغ'ە، کۆتایی هێنان بە 'چارەڕەش'ی کوردەکان و سەقامگیرکردنی کەشێکی 'برایانە'ی ڕاستەقینەیە لە گەڵیاندا.

۱۳۹۱/۰۹/۱۵

هەڵەبجە: ئەو ڕۆژەی جیهان گریا


جان سیمپسۆن / بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوپێش، سەربازە عێراقییەکان لە شاری کوردنشینی هەڵەبجە، هەزاران کەس لە هاووڵاتیانی خۆیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە کوشت. ئێستا بڕیار وایە چەند هەنگاوێک بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کام وڵات – یان کام کارگە – بەشێک لە ماددەی کیمایی بەکارهێنراوی دابین کردووە.

هێرشی کیمایی بۆ سەر هەڵەبجە ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٩٨ (٢٦ی ڕەشەممەی ١٣٦٦) پێکهات و ئەنجامەکەی خوڵقاندنی یەکێک لەو خراپترین دیمەنانە بوو کە تا ئێستا بینیومە. تەرمی قوربانیەکان لە هەموو شوێنێک لە سەر یەک کەڵەکە کرابوو. کۆمەڵێک کەس لە سەر شەقام ڕازابوون و هەندێکیشیان لە پشت دیوارەکان خۆیان حەشار دابوو.

کاتێک لە نزیکترەوە سەیرم کرد، بینیم زۆربەیان هەوڵیان داوە قوربانییەکی دیکە داڵدە بدەن؛ کۆرپە، مناڵ یاخود هاوسەرەکەیان. پیاوەکانی سەددام حوسێن، گازی دەمار و ماددە کیمیاییەکانی تریان بە سەر هەڵەبجەدا ڕژاند بۆ ئەوەی وانەیەک بە دانیشتووانی کوردی ئەو شارە بدەن و لە بەرامبەر ئەم بۆمبانەدا، هیچ سەرپەنایەک بەدی نەدەکرا.

من پێشتر، لە جەنگەی شەڕی ئێران و ئێراق، کارتێکەری چەکە کیماییەکانم لە سەر سەربازەکان بینیبوو؛ هەر ئەو بیرەوەرییانە بە گوێرەی پێویست مەترسیدار بوون. بەڵام لەو خراپتر، بینینی ئەو گازە سامناک و بێ بەزەییانە بوو کە ئەو بەڵایەیان بە سەر پیاوان، ژنان و مناڵانی بێ دیفاع هێنابوو. هەندێک جار ئەو گازانەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بە سەر خەڵکیاندا باراندبوو، کاریگەرییەکی کاتیان هەبوو.

من ماڵێکم بینی بۆمبێک لە سەر بانی ئەو ژوورەی ئەندامانی خێزان نانیان تێدا خواردبوو، کەوتبووە خوارەوە. گشتیان مردبوون، بەڵام ڕوون و ئاشکرا بوو کە هەموو شتێک لە ماوەی یەک دوو چرکەدا ڕووی داوە. پیرەمێردێک لە کاتێکدا پارووە نانێکی بە دەستەوە بوو، مردبوو. ئەوی تر بزەیەکی لە سەر لێو بوو و وێدەچوو خەریکی گێڕانەوەی قسەیەکی خۆش بێ.

هەندێکی تر ئارام ئارام و دوای چێشتنی ئازارێکی تاقەت پڕوکێن گیانیان سپاردبوو. ژنێکم بینی جەستەی شێوەی بازنەیەکی بە خۆوە گرتبوو، قاچەکانی گەیشتبووە پشت سەری. لە سەر جلەکانی شوێنەواری ڕشانەوە و خوێن دەبینرا و ژان و ئازار سیمای شێواندبوو.

ئەو خەڵکە بۆچی مردبوون؟ چونکە لە هەفتەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و ئێراق، هەڵەبجە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە هێزەکانی ئێرانی کردبوو. سەدام حوسێن و ئامۆزاکەی، عەلی حەسەن ئەلمەجید، ناسراو بە ''عەلی کیمیایی''، بڕیاریان دا هەڵەبجە بکەنە مایەی عیبرەتی ئەوانی تر.

هێزە ئاسمانیەکانی عێراق چەندین جۆری مادە کیمیاییەکانیان بەکار هێنا: گازگەلی دەمار وەک وی ئیکس، سارین و تابوون و گازێکی مەترسیدار و سەرەتایی تر بە ناوی خەردەل، کە لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم سوودی لێ وەرگیراوە.

ئەمڕۆکە هەندێک لەو بۆمبانەی لەو هێرشانەدا بەکار هاتوون، لە مۆزەخانەی هەڵەبجە نمایش دەکرێن. لە نێو زۆربەیاندا پەنکەیەکیان دانابوو کە بۆ تێکەڵکردنی مادە کیمیاییەکان سوودی لێ وەرگیراوە.

پێش هێرشە کیماییەکان، شار بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بۆمبی ناسراو بۆردومان کرا. وا دیارە عەلی حەسەن مەجید ویستوویەتی شووشەی بیناکانی شار بشکێنێ بۆ ئەوەی دەرفەتی خۆڕاگری لە بەرامبەر گازە ژەهراوییەکان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی. هێزە ئاسمانیەکانی ئێران منیان لەگەڵ گرووپێکی بچووک لە هەواڵنێرە دەرەکیەکان، بردە ئەو شارە.

دەوڵەتی ئێران ئەم ڕووداوەی بۆ سەرکەوتنێکی ئیعلامی بەکار هێنا و تاوانەکانی سەدام حوسێن دژ بە خەڵکەکەی نیشانی خەڵکی جیهان دا. کاربەدەستانی ئێران ڕێگەیان بە ڕزگاربووانی هێرشەکە نەدابوو بۆ ناشتنی تەرمی قوربانیەکان بگەڕێنەوە شار، بۆ ئەوەی تەرمەکانیان هەروا لەوێ بێ و ئێمە بیانبینین.

چەند کەس لە هەڵەبجە کوژران؟ من لەگەڵ بێلژیکیەک کە پسپۆڕی چەکە کیماییەکان بوو، لە شارەکە پیاسەم دەکرد و تەرمەکانم دەژمارد. دەرفەتێکی کەمم لەبەر دەم بوو: ئێراقییەکان دەیانزانی ئێمە لەوێین. لە کاتی نزیکبوونەوە لە شارەکە تەقەیان لەو فڕۆکەیە کردبوو کە ئێمەی تێدابووین و وێدەچوو هێزە ئاسمانیەکانی ئەوان بە چەکی کیمیایی زیاتر بۆ شارەکە بگەڕێنەوە و ئەمجارەیان دژ بە ئێمە بەکاری بێنن.

بۆیە ئێمە لە ڕووی ناچارییەوە، بە پەلە و بێ سرنجی پێویست ئامارمان کۆ کردەوە. بە گوێرەی بەراوردەکانی ئێمە، نزیکەی پێنج هەزار تەرم لە سەرانسەری شار لە سەر زەوی کەوتبوون. زۆر کەسی تر لە کاتێکدا هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی چیاکانەوە خۆیان بگەیەننە ئێران، لە دەوروبەری شار مردبوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گومانانە، پسپۆڕەکان لە سەر ئەم ئامارە بیرورای جیاوازیان هەیە. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چارەگە سەدەیەک، سێبەری ترس هێشتا لە سەر شارەکە نەڕەویوەتەوە. بەشێک لەو گازە خەردەلەی لە کاتی هێرشەکەدا بە سەر ئەو شارەدا ڕژاوە، هێشتاش لە ژێرزەمین و پەناگاکانی شار، کە خەڵک لە کاتی بۆردوماندا پەنایان بۆ دەبرد، بەدی دەکرێ. بە پێچەوانەی گازەکانی دەمار کە زۆر زوو لە نێو دەچن، گازی خەردەل لە هەوا قورس ترە و دێتە خوارەوە و تەپگەلێک پێک دێنێ کە لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا مەترسیدارن.

کاتێک لەگەڵ ئەندامانی تری گرووپ بە قادرمەکانی ژێرزەمینی ماڵێکدا چوومە خوارەوە، پاشماوەکانی گاز کە لە سەر ڕاخەرێکی کۆن بەجێمابوو، بۆ چەند سەعاتێک تووشی چاوکزانەوە و سەرئێشەی کردم. لە سەر عەرزەکە، تەرمی دوو مشک و ئێسک و پرووسکی پشیلەیەک کەوتبوو کە بە هۆی هەڵمژینی گازی ژاراوییەوە مردبوون. بە ئێمەیان گوت کە ئەم دواییانە کەسێک بە هۆی هەڵمژینی گاز لە ژێرزەمینێکی تر مردووە.

هێمیش دو بێرتون – گوردون، بەرچاوترین پسپۆڕی چەکە کیمیاییەکانی بریتانیا، کە پێشتر لە ڕێکخراوی پورتون داون (رێکخراوی توێژینەوەی سەربازی و زانستی بریتانیا) کاری دەکرد، لە سەر مەسەلەی خاوێن کردنەوەی هەڵەبجە لەگەڵ حکومەتی کوردستان خەریکی گفتوگۆیە. ئەو دەڵێ ''گرفتی ئێمە لەو ناوچەیە ئەوەیە کە بۆ دروستکردنی بینای نوێ، بناغە هەڵدەکەنرێ و لەو کاتەدا کۆمەڵیک گازی خەردەل کە لە ژێر بیناکە کەڵەکە کراوە، ئازاد دەبێ… لەم دواییانەدا، ئەمە بۆتە هۆی مردنی چەند کەسێک.''

ناوبراو دەڵێ: ''ئەمە یەکێک لەو کارانەیە کە هیواداریم بتوانین ئەنجامی بدەین. دەمانەوێ کەرەستە و ئامرازی چاودێری و کۆنتڕۆڵ لێرە دابنێین بۆ ئەوەی ئەگەر هات و نیشانەیەک لە بوونی گاز لە ناوچەکە بینرا، بتوانین هەنگاوی پێویست بەرز بکەینەوە تا مەترسی بۆ سەر خەڵک دروست نەکا. دوای خاوێن کردنەوەی هەڵەبجە، وێدەچی ئەم ناوچەیەش شان بە شانی سەرجەم ناوچەکانی تری وڵات پێش بکەوێ."

دو بێرتون – گوردون دەڵێ لەوانەیە بتوانرێ ئەو کەسانە بناسرێن کە مادەی کیمیایی سەرەتایی بە کار هاتوو لە هەڵەبجەیان بە سەدام حوسێن داوە. ئەو پێمی گوت: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانیشدا وەک ژێرزەمین و عەمبارەکان نموونەگەلێک لە گازی خەردەل ببینینەوە. ئەگەر بتوانین بۆ مولوکولی دروستکەر دابەشیان بکەین، ئەوا دەتوانین شوێن پێی بەرهەمهێنەرەکەی بدۆزینەوە و لەگەڵ نموونە باوەکان بەراوردیان بکەین."

ئەو پێی وایە لە ڕێگەی ئەم توێژینانەوە دەکرێ بزانن کام وڵات و تەنانەت کام کارگە، مادە کیمیاییە سەرەتاییەکانی گازی خەردەلی بە ئێراق فرۆشتووە. بەڵام دۆزینەوەی سەرەداوی چاوگەی گازەکانی دەمار مەحاڵ و ئەستەمە.

ئەو دەڵێ: "وەرگرتنی نموونەی تاقیکاری لەو کارگانەی کە بانگەشە دەکەن ئەم مادانەیان دروست کردوە، هاسان نییە… ئەگەر ئەوان وەها نموونەیەک بخەنە بەر دەستی ئێمە و ئەو نموونانە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئێمە لە هەڵەبجە یەک بگرێتەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دێتە کایەوە و بێگومان سرنجی دادگای سزا نێونەتەوەییەکان و بنکەکانی دیکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بەڵام ئێمە دەزانین کە هێشتاش ماددەی کیمیایی خەزنکراو لە ئێراق هەیە. ئەم ماددە خەزنکراوانە ژێدەرێکی باشن بۆ وەرگرتنی زانیاری و بە ئەگەرێکی زۆر دەبێ بتوانین نموونەیەکیان لێ وەربگرین و لەگەڵ دەرئەنجامە بەدەست هاتووەکانی هەڵەبجە، بەراوردی بکەین. بە دڵنیاییەوە ئەم کارە، شاهید و بەڵگەی بڕواپێکراومان بۆ پێک دێنێ. بە کورتی، ناسینەوەی فرۆشیارانی ماددە کیمیاییەکان بە ئێراق لە ڕوانگەی تەکنیکیەوە دەلوێ."

حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵانەی نەداوە و دەڵێ بەر لەوەی ڕێگە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بدا، دەبێ لەگەڵ توێژێکی بەربڵاو لە کۆمپانیاکان و خەڵکی شار ڕاوێژ بکا. بەڵام ئاشکرایە هەندێک کۆمپانیای دەرەکی بە ئەنقەست و لە ڕووی زانینەوە ئەم چەکە ماڵوێرانکەرەیان داوە بە ئێراق و مادام ئەو کۆمپانیایانە سزا نەدراون، دۆسیەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بە یەکجاری نابەسترێ.

قوباد تاڵەبانی، وەزیرێکی پایەبڵندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کوڕی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێراق دەڵێ: "بە ڕای من، لەبەر خۆمان و قوربانییەکانی ئەم بوویەرە، ئەرکی سەرشانمانە توێژینەوەیەکی ورد سەبارەت بە ڕووداوەکە ئەنجام بدەین."

بەڵام ئەگەر کۆمپانیا دەرەکییەکانی دابینکەری ئەم مادە کیمیاییانە بناسرێن، بۆی هەیە هەوڵێک لە بەرامبەریان ئەنجام بدرێ؟

قوباد تاڵەبانی دەڵێ: "بێگومان، بێگومان. ئێمە لەو ڕوەوە زۆر جدین. بنەماڵەی قوربانیەکانیش هەروا."

وێدەچێ یەکێتی سۆڤیەت کە لە بواری کەلوپەلی کیمیایی شەڕ توانایەکی بەرچاوی هەبوو، مادەی پێویستی خستبێتە بەر دەستی سەدام حوسێن. دەوڵەتی ئاڵمانیای ڕۆژئاواش لەو سەردەمەدا، بەرهەمە کیمیاییەکانی وڵاتەکەی لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان لەمەڕ قەدەغەی فرۆشتنی چەکە کیمیاییەکان ئازاد کرد. ڕەنگە وڵاتانی دیکەش لەم مەسەلەیەدا دەستیان هەبووبێ.

کەوابێ، تۆ بڵێی ئەو کارەساتە سامناکەی لە هەڵەبجە ڕووی دا، دەسکەوتی ئەرێنیشی هەبووبێ؟ لەوپەڕی سەرسوڕماندا دەبێ بڵێین بەڵێ. لەقاودانی ڕووداوەکانی هەڵەبجە، ویژدانی جیهانی هەژاند و سێ ساڵ دواتر، بریتانیا و ئەمریکا لە ناوچەکانی باکووری عێراق ئاسمانی دژە فڕینیان ڕاگەیاند. ئەمە لە بەردەم هێرشی سەدام بۆ سەر کوردەکان ئاستەنگی دروست کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساندن دوور لە چاوی بەغدا بەرەو گەشانەوە هەنگاو بنێن. بە درێژایی ساڵانی نەوەد و ساڵانی دواتریش، پارەی نەوت، شارە گەورەکانی کوردستان و هەڵەبجەی گۆڕی.

بەڵام کەس لەم شارەدا ناتوانێ ڕووداوی ئەو ڕۆژەی ساڵی ١٩٨٨ لە بیر بکا. تەنانەت قسەکردن دەربارەی ئەو ڕۆژانە، هێشتاش فرمێسک لە چاوی خوێندکاران دێنێ. ئێستاش پیاوان و ژنان تووشی جۆرێک لە نەخۆشی شێرپەنجە دەبن کە بە ئەگەرێکی زۆر، پەیوەندی بە کاریگەریی ئەو بۆردومانە کیمیاییەوە هەیە. هەزاران کەسیش بە ترسناکترین شێوە گیانیان لە دەست دا.

۱۳۹۱/۰۸/۳۰

کاوە ئاهەنگەری: ئیستدلال و قسه‌و باسی کورده‌کان بێ نه‌تیجه نه‌بووه


دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی
 
لە ڕۆژەکانی ١٧ و ١٨ی نۆڤامبری ٢٠١٢، لە شاری پراگی پایتەختی چیک، کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژە لە ژێر ناونیشانی ''یەکگرتن لەپێناو دیموکراسی'' بە بەشداری لایەن و کەسایەتیە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوە چوو.

لەو کۆنفڕانسەدا کە ڕۆژی شەممە (١٧ نۆڤامبر) دەستی پێکرد، باس لە بابەتگەلی وەک گفتوگۆی میللی، هەڵبژاردنی ئازاد و کەمینەکان کرا و ڕۆژی یەکشەممە (١٨ی نۆڤامبر)، کۆنفڕانس کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

بەڵام بەیانی کۆتایی ئەو کۆنفرانس بۆتە مایەی ناڕەزایی چالاکانی سیاسی کورد و تەنانەت بەشداربووانی کۆنفڕانسەکەش. بەیاننامەکە وەک ئەوەی کۆنفرانس پەیام و ئامانجێکی دیکەی نەبووبێ، زیاتر باس لە شارستانیەت و پاراستنی یەکپارچەیی ئێران دەکا و هەندێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە بەشداربووانی کورد فێڵیان لێکراوە و بە دەستی بە تاڵ لە کۆنفڕانس گەڕاونەتەوە.

کاوە ئاهەنگەری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی پەیوەندییە ئێرانیەکانی ئەو حزبە ناوه‌رۆکی کۆنفرانسه‌که‌و ئه‌و بابه‌تانه‌ی لەوێ که‌وتنه بەر باس و موناقشه، بە پۆزەتیڤ دەبێنێ و دەڵێ ''هه‌ڵبه‌ت ئەوە نه به‌مانای ته‌ئیدکردنی هه‌رچی له‌وێدا کووتراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که که‌ش و هه‌وایه‌ک دێته ئاراوه که هه‌موولایه‌ک ڕاشکاوانه بیروبۆچوونی خۆیان ده‌رده‌بڕن، زۆر باشه. ده‌توانم بلێم که له‌و دوو ڕۆژه‌دا دیالۆگێکی به نرخ له ئارادا بوو.''

سەبارەت بە بەیانی کۆتایی کۆنفڕانس، کاوە ئاهەنگەری پێی ڕاگەیاندین ''به‌یانی کۆتایی نه‌ک له ماوه‌ی ئه‌و دوو ڕۆژه‌دا هیچ باسێکی لێ نه‌کرا، به‌ڵکوو له پڕێکدا و له چه‌ند ده‌قه‌ی کۆتاییدا خوێنرایەوە و ته‌نانه‌ت لهبه‌ر نه‌بوونی کات ده‌رفه‌تی ئه‌وه نه‌درا که قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێ. هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ که نووسراوه به په‌سندی زۆرینه‌ی به‌شداربوان گه‌یشتووه، به دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌یانه‌که کۆمه‌لێک له به‌شداربوانی کۆنفرانسه‌که‌ ناره‌زایه‌تیی خۆیان به نیسبه‌ت به‌یانه‌که ده‌ربڕی و یه‌ک له‌وان من و هاورێ گوڵاله شه‌ڕه‌فکه‌ندی ناره‌زایه‌تی خۆمان به نیسبه‌ت بلاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م به‌یانییه‌یه به ناوی به‌شدارانه‌وه ده‌ڕبڕی و کووتیشمان ئێوه ده‌توانن به نێوی هه‌یئه‌تی به‌ڕێوه‌به‌ریی‌یه بڵاوی بکه‌نه‌وه.''

کاوە ئاهەنگەری و گوڵاڵە شەڕەفکەندی لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانس، ئەمڕۆ سێ شەممە (٢٠ی نۆڤامبر) ڕوونکردنەوەیەکی نووسراویشیان بڵاو کردەوە، لە ڕوونکردنەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە ''دەقی بڕیارنامەی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە، نیشاندەری ڕاوبۆچوونی هەموو ئەو کەسانە نییە کە لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون و لە لایەن هەمووانەوە پەسند نەکراوە.''

کۆنفرانسی پراگ، درێژەی کاری کۆنفڕانسەکانی ستوکهۆڵم و برۆکسێل و دەوری سێهەمی دانیشتنەکانی یەکگرتن لە پێناوی دێموکراسی بۆ ئێران بوو. کاوە ئاهەنگەری دەربارەی جیاوازی و ئەزموونەکانی ئەم کۆنفرانسە لەگەڵ ئەوانی پێش خۆی دەڵێ ''له کۆنفرانسی ستۆکهۆڵم زۆرتر هه‌ندێک ته‌وه‌ری گشتی وه‌ک بنه‌ما باسکراوه، بۆ وێنە: مافی مرۆڤ، دێموکراسی و هتد. له کۆنفرانسی بروکسێل زۆرتر ته‌ئکید له سه‌ر داڕشتنی پرۆسه‌که‌ و تێزی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و ته‌جرووبه‌ی وڵاتانی دیکه و هتد کرا. لە کۆنفرانسی پراگ که زیاتر له ١٢٠ که‌س تێیدا به‌شدار بوون، کۆمه‌لێک ته‌وه‌ری دیکه‌ هاتنه به‌رباس که یه‌ک له‌وان مه‌سه‌له‌ی ''میللی- قه‌ومی'' بوو . بۆیه پێموایه که کۆنفرانسی پراگ بۆ ئێمه وه‌ک کورد گرینگی خۆی هه‌بوو. هه‌ر سێ کۆنفرانسه‌که‌ش له ژێر ناوی '' یه‌کێتی بۆ پێشڤه‌چوونی دێموکراسی'' به‌رێوه‌ چووه.''

لە دەستووری کاری کۆنفرانسدا جەخت لەسەر 'ڕەتکردنەوەی هێرشی سەربازی و دەرەکی' کرایەوە، بەڵام ئەحزابی کوردی بەشداربوو، لە هەڵوێستی سیاسی ڕۆژانەیاندا بەو شێوەیەش دژایەتی هێرشی سەربازی ناکەن، ئاخۆ ئەمە جۆرێک پارادۆکس نییە؟ ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان، کاوە ئاهەنگەری لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا پێی وایە ''دژایه‌تی نه‌کردن له‌گه‌ڵ هێرشی سه‌ربازی و ده‌ره‌کی له‌گه‌ڵ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی، یه‌ک نین. ئێمه وه‌ک کورد بۆچوون و ڕوانین و مێتۆدی سیاسیی خۆمان هه‌یه و ئه‌وانیش واته ناوه‌ندگه‌رایان یان ده‌توانم بڵێم به‌ڕێوه‌به‌رانی کۆنفرانسه‌که‌ش بۆچوونی خۆیان هه‌یه. ئه‌ساسه‌ن ئه‌م نوکته‌یه نه‌بوو به ته‌وه‌ری باس و پێشتریش له ده‌ستووری کاردا نه‌گوونجێندرابوو. به‌ڵام به گشتی ئێمه وه‌ک حێزبی دێموکراتی کوردستان بانگه‌شه بۆ هێرشی نیزامی لایه‌نی ده‌ره‌کی بۆ سه‌ر ئێران ناکه‌ین.''

کاوە ئاهەنگەری لە یەکەم دانیشتنی دووهەم ڕۆژی کۆنفڕانسی پراگدا، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە دیموکراسی لە ئێران و ڕێگەکانی بەدیهێنانی دیموکراسی کرد. ئاهەنگەری لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد ڕیفراندۆم و گەڕانەوە بۆ ڕای گشتی جۆری تەمبەڵی دیموکراسییە و پێی وابوو گونجاوترین جۆری دیموکراسی، دیموکراسی ڕێککەوتن و بەشدارییە.

لەمبارەوە زیاتر دوا: ''له وڵاتێکی فره‌ نه‌ته‌وه یان جۆراوجۆردا چ له ڕووی زمانی و چ له ڕووی ئایینی، که پێکهاته‌‌یه‌کی ڕه‌نگاوره‌نگی هه‌یه، باشتر وایه که کێشه‌ سیاسیه‌کان له ڕێگای دیالۆگ و ڕێککه‌وتنه‌وه چاره‌سه‌ر بکرێن نه‌ک په‌نا بردن بۆ ڕای گشتی له ئاستی وڵاتدا. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر له ئێران جۆری سیسته‌می سیاسی داهاتوو بخرێته ده‌نگدانه‌وه- له ئاستی سه‌راسه‌ریدا- دیاره مۆدێلی دڵخوازی کورده‌کان ده‌نگی زۆرینه ناهێنێته‌وه. به تایبه‌ت له مێژووی هاوچه‌رخی ئێراندا پێشینه‌ی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی و مه‌زه‌بی بووه و هه‌یه، له لایه‌کی دیکه‌وه ڕێفراندۆم ئاستی به‌شداری چالاکانه و به‌رده‌وامی شارۆمه‌ندان له کێشه‌ سیاسییه‌کاندا که‌م ده‌کاته‌وه. بۆیه پێموایه که دێموکراسی ڕێککه‌وتن و به‌شداری (توافقی و مشارکتی) گونجاوترین جۆری دێموکراسی‌یه بۆ ئێران هه‌تا دێموکراسی زۆرینه. به‌شێک له ئێرانییه‌کان باس له ڕێفرامدۆم بۆ هه‌ڵبژاردنی جۆری سیسته‌می سیاسی ده‌که‌ن، به‌ڵام به باوه‌ڕی من کورد نابێ به‌شداری وه‌ها ڕێفراندۆمێک بێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ئێران پێشینه‌ و ته‌جرووبه‌ی دێموکراسی نییه، دیالۆگ و گفتوگۆش جه‌وهه‌ری دێموکراسی‌یه، باشتر وایه که په‌ره به دیالۆگ بدرێ و له‌و ڕێگایه‌وه کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکرێن.''

لە وەڵامی ئەو ڕەخنەیەدا کە گۆیا بەشداربووانی کورد و بە تایبەت نوێنەرانی حزبەکان ئازایانە باسیان لە پرسی نەتەوەیی نەکردووە و لەمڕوەوە نەیانتوانیوە گوتاری زاڵی کۆنفڕانسەکە بگۆڕن، کاوە ئاهەنگەری گوتی ''نازانم مه‌به‌ست له ئازایانه چیه! کورده‌کان بیروبۆچوونی خۆیان به شه‌فافی ده‌ڕبڕیوه و داکۆکیان له ڕای خۆیان کردووه. به باوه‌ڕی من ئیستدلال و قسه‌و باسی کورده‌کان بێ نه‌تیجه نه‌بووه. دیاره نابێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێ که به یه‌ک دوو کۆنفرانس نێوان و نامۆییه‌کی له‌مێژینه که له نێو ئێرانییه‌‌کاندا هه‌یه، کۆتایی پێ بێ و ئه‌وان بێنه سه‌ر باوه‌ڕی ئێمه. به باوه‌ڕی من به جێگای چاوه‌ڕوانیی له به قه‌ناعه‌ت گه‌یاندن و گۆڕینی باوه‌ڕ و بۆچوونی یه‌کتر، باشتر وایه که بیر له داڕژتنی چۆن پێکه‌وه‌ ژیانی جۆراوجۆرییه‌کان بین.''

لە وتوێژەکەمدا لەگەڵ کاوە ئاهەنگەری مەسەلەی ڕێگەنەدانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و قسەکانی مێهران بەراتی سەبارەت بە پەژاک و پەکەکەشمان خستە بەر باس. بە کورتی گوتی ''پێموانیه که لایه‌نه ئێرانییه‌کان کێشه‌یه‌کیان له‌مه‌ڕ به‌شداریکردنی کۆمه‌له‌ی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستان له‌و کۆنفڕانسه‌دا بووبێت و هیوادارم که له کۆنفرانسی ستۆکهۆڵمی ٢ هه‌موو حیزب و ڕێکخراوه کوردییه‌کان بتوانن تێیدا به‌شدار بن. دوکتور به‌راتی بۆچوونی خۆی له‌سه‌ر هێزه کوردستانییه‌کان هه‌یه و هیچ پێوه‌ندی به حیزبه‌کانی دیکه کوردستانی نیه.''

۱۳۹۱/۰۸/۲۶

جەلال تاڵەبانی: پەکەکە بە مەبەستی وازهێنان لە چەک هاتە لای من


وتوێژی ڕۆژنامەی میللیەت لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق

 حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سلێمانی 

سلێمانی لە کوردستانی عێراق دراوسێی ئێرانە و بە پایتەختی سۆران لە قەڵەم دەدرێ. دوای هەولێر، دووهەم شاری گەورەیە. خەڵکی ئەم ناوچەیە بە زاراوەی سۆرانی قسە دەکەن. دوێنێ، دەمەونیوەڕۆ، بەرەو دەباشان سەرکەوتین کە دەڕوانێتە شاری سلێمانی. لە خاڵی لووتکە، بارەگای بە شکۆی جەلال تاڵەبانی لە ناو سەوزاییدا لە دوورەوە خۆ دەنوێنێ.

پەیکەری شێخ مەحموودی بەرزەنجیش کە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی دژ بە ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا شۆڕشی کوردی هەڵگیرساند و شەڕی کرد، لەو سەرەوە سەرنج ڕادەکێشێ…

کاتێک باس لە هەرێمی سۆران لە کوردستانی عێراق دەکرێ، یەکسەر جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی ی.ن.ک کورتکراوەی پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە مێشکی مرۆڤ دەگا.

ئەگەر سەرۆکی پدک واتە مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراقە،  سەرۆکی ی.ن.ک جەلال تاڵەبانیش، سەرۆک کۆماری عێراقە.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مام جەلال دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٢ لە شارۆچکەیەکی بچووکی کوردستانی عێراق بە ناوی شەقڵاوە. هەندێک لە سەر ئەو ڕۆژانە قسەمان کرد، باسی ئەوەمان کرد لەو بیست ساڵەدا چ ڕووی داوە. دیارە پرسیاری جەنگیز چانداری لێکردم، لە زاری منەوە هەواڵێ دوا کتێبەکەی بیست.

وتوێژەکەمان بە ئینگلیزی ئەنجام دا و لە بەشی هەرە زۆری چاوپێکەوتنەکەدا من و ئەو بە تەنیا بووین. نزیکەی سەعات و نیوێکی خایاند.

سەرەتا باسمان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.

گوتی ''ناوچەکە هەر بە تەنیا ناسووتێ، بەڵکوو قوڵت قوڵت دەکوڵێ.''

سەبارەت بە بۆردومانی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە بەمجۆرە دوا ''بەڵێ، ئەگەر بە یەک وشە باسی بکەین دەتوانین بڵێین سامناکە.''

''ئەم بەیانیە کۆمەڵێک بانگەشە بڵاو بوونەوە، گۆیا ئیسرائیل دەچێتە نێو غەززە و داگیری دەکا… ئینشاڵا کاری وا شێتانە ناکرێ.''

لە نێو قسەکانماندا پشوویەکی کورتمان دا؛ بە سەرنجەوە گوێی لە هەواڵێکی تەلەڤزیۆن گرت سەبارەت بە بەڕێوەبەرانی نوێی چین.

دەربارەی بۆردومانی ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا لە لایەن فڕۆکە جەنگیەکانی سووریاوە گوتی ''جموجوڵێکی زۆر مەترسیدارە.''

 ''هەواڵێکی زۆر ناخۆش''

کاتێک باس لەوە کرا پەیوەندییەکانی سەرۆک وەزیری عێراق نووری مالیکی و دەوڵەتی عێراق لەگەڵ تورکیا بە ئاڕاستەیەکی باشدا ناڕوا، بەمجۆرە کاردانەوەی نیشان دا:

''هەواڵێکی زۆر زۆر ناخۆشە.''

بە کورتی ئەمانەی هێنایە زمان:
''سەرۆک وەزیر نووری مالیکی هاتە سلێمانی، بە مەبەستی تاوتوێکردنی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ تورکیا… گوتم با ئێستا ئەو کێشانەی هەڵگری نێوەڕۆکێکی شەخسین لەگەڵ سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بخرێنە سوچێکەوە. ئەوەشم ڕوون کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق بێگومان لە پەیوەندی تۆکمە لەگەڵ تورکیا دایە. گوتی باشە و ئامادەیی خۆی لەم پێناوە دەربڕی.. پاشان گوتیان لە ئەنقەرەوە وەزیرێک دێ کە لەوانەیە وەزیری وزە بێ، بەڵام ئەم سەردانە پێکنەهات. لە لایەکی ترەوە بڕیار بوو لێژنەیەک لە پارتی دەعوەی نووری مالیکی بەشداری کۆنگرەی ئاکەپە بێ، بەڵام کە زانرا تارق هاشمی لە کۆنگرەدا قسە دەکا، سەردانەکە پووچەڵ کرایەوە…''

لە وەڵامی پرسیاری چی بکرێ باشە، سەرۆک کۆماری عێراق گوتی:

''پەیوەندی نێوان ئەنقەرە – بەغدا گرنگە. سەرەتا پێویستە ناکۆکییەکان وە لا بنرێن و سەر لە نوێ دیالۆگ هەڵبگیرسێتەوە… دەکرێ وەفدێک لە ئەنقەرەوە بێتە بەغدا، دەکرێ وەزیرێک بێ. پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکانی تورک پێش بخرێ… کەڵکەڵەی من ئەوەیە، پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق بکەوێتە نێو بازنەی پێکدادانەکانی سوننە – شیعەوە… هەن کەسانێک کە دەیانەوێ ئەو کارە بکەن. تورکیا وەک دەوڵەت نابێ بچێتە ناو بازنەی 'سوننە'وە…''

 هاوسەنگی لە ناوچەکە 

دوابەدوای ئەمانە تاڵەبانی سەبارەت بە هاوسەنگیەکانی ناوچەکە ڕایگەیاند:
''دەبێ واقعبین بین. مێژوومان و جوگرافیامان ناتوانین بگۆڕین. نوری مالیکی سەرۆک وەزیری عێراقە و ئەوە وڵات بەڕێوە دەبا. کێشەیەکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە. لە وەها دۆخێکدا، ڕاگرتنی هاوسەنگیەکان دەکەوێتە سەر شانی هەموومان. پێویستە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەست پێ بکەنەوە، پەیوەندییەکان سەر لە نوێ ڕێگاکانی دیالۆگ هەموار دەکەنەوە…''

لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی چەند سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سلێمانی، سەرۆک وەزیر ئەردۆغان، بە مەبەستی بوژاندنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا، داوای ناوبژیوانی لە ئێران کردوە و پێشوازیەکی ئەرێنی لێکراوە…

ئەوەی ئاشکرایە:
ڕەوتی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئەردۆغان – مالیکی لەوانەیە زیاتر درێژە بخایەنێ، بەڵام لە بەرامبەردا، بۆی هەیە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورک – عێراق ئەو ماوەیەی گەرەک نەبێ. جەلال تاڵەبانی گوتی لەگەڵ ئەم بەدواداچوونانەی مندا کۆکە.

پەکەکە و سەردانی بەغدا 

یاداشتێک:
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو لە هەولێر و سلێمانی دەستم کەوتووە، ماوەیەک لەمەوپێش دوو نوێنەری پەکەکە سەردانی بەغدایان کردوە. ئامانجیان ئەوە بووە چاویان بە سەرۆک وەزیر مالیکی بکەوێ.

ئەم چاوپێکەوتنە پێکنەهاتووە.

بەڵام وەزیرێک پێشوازی لەو نوێنەرانەی پەکەکە کردوە…

وەک بیستوومە لە بەغدا مالیکی ئاگادار کراوەتەوە کە ''ئەگەر دەتەوێ پەیوەندییەکانی تورکیا – عێراق لاواز بکەی، دەتوانی لەگەڵ نوێنەرانی پەکەکە چاوپێکەوتن ئەنجام بدەی.''

کێ ئاگاداری کردۆتەوە؟
نازانم.

سەرۆک کۆمار تاڵەبانی، ئاماژەی بەوە کرد پەیوەندی دۆستانە لە نێوان عێراق و تورکیا، لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵات دایە.

 دیالۆگی پەکەکە
بەشی هەرە زۆری قسەکانمان لەگەڵ تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق، بۆ گفتوگۆ لە سەر تەیب ئەردۆغان، کێشەی پەکەکە و کورد تەرخان کرد. بەشێکی قسەکانمان، بەو مەرجە بوو کە یاداشتی نەکەین، لەو نێوانەدا تاڵەبانی ئەم زانیارییانەی درکاند:

''مانگی سێپتامبری ساڵی ڕابردوو، لە جەنگەی کۆبوونەوەی جڤاتی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چاومان بە تەیب ئەردۆغان کەوت. پێم گوت:

پەکەکە هاتۆتە لای من. گوتویەتی ئامادەین واز لە چەک بێنین، (کە ئەم قسەیەی کرد، لە من نزیک بۆوە، گوتی باسی وازهێنان لە چەک دەکەم، نەک ئاگربەست). بۆ ئەم مەبەستە دوو مەرجیان هەبوو. یەکەم لێبوردنێکی گشتی و دووهەم سەر لە نوێ پێناسە کردنەوەی هاووڵاتی بوون لە دەستووری بنەڕەتی و دەرهاویشتنی دەستەواژەی تورک…

ئەردۆغان گوتی لێبوردنی گشتی ئاسان نییە، ڕای گشتی بۆ ئەم مەبەستە حازر نییە. هەروەها تەئکیدی لە سەر خاڵێک کردەوە. ئاماژەی بەوە کرد خۆی بە نەتەوەپەرست نازانێ و موسڵمانە. گوتیشی 'هەموو کەسێ برامە'.

منیش ئەو کات حەزرەتی محەممەدم بە نموونە هێنایەوە. باسی ئەوەم کرد چۆن پێغەمبەر ئەو سەردەمە کە مەککەی داگیر کردوە، هەموو کەسێکی ئازاد کردوە… ئەگەر لێبوردنی گشتی ڕانەگەیەنرێ، ئەوانەی لە شاخ دێنە خوار، بچنە کوێ، لێم پرسی ئایا دەبێ بچنە گرتووخانەکان و پێم گوت ئەمە واقعبینانە نییە.''

 ''مەگەر ئۆجەلان بتوانێ'' 

جەلال تاڵەبانی، هەروەک مەسعوود بارزانی هەمان بانگەوازی ئاڕاستەی پەکەکە کرد:
''قۆناغی خەباتی چەکداری بە سەر چووە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە چیاکان بێنە خوار. گیڤارا و هۆ شی مینەکان، لە مێژە بوونەتە دیرۆک.''

دوای ئەم قسانە، تاڵەبانی ڕستەیەکی تری هێنایە زمان:
''هەموو جارێ ئەمانە بە پەکەکە دەڵێم، بەڵام هێشتا قایل نەبوون.''

تاڵەبانی سەرنجی بۆ سەر ئەوە ڕاکێشا کە پێویستە سەر لە نوێ دەرگاکانی دیالۆگ لەگەڵ پەکەکە بکرێنەوە و گوتی:
''تەنیا مرۆڤێک دەتوانێ دەرگای دیالۆگ بکاتەوە، ئۆجەلان… تەنیا ئەو پیاوەی ناو گرتووخانە، دەتوانێ کەسانی شاخ بێنێتە خوارەوە.''

نەخشە ڕێ…

جەلال تاڵەبانی، بۆ پێڤاژۆی دابەزین لە شاخ، بە کورتی نەخشەڕێیەکی بەمجۆرەی وێنا کرد:

(١) هەلومەرجی ژیانی ئۆجەلان لە زیندان باشتر بکرێ… (لەم چوارچێوەیەدا، دەڵێ هەنگاوی یەکەم باش کردنی ڕەوشی گرتووخانە، هەنگاوی دووهەم زیندانی لە ماڵەوە و سێهەمیش لێبوردن بێ.)
(٢) ئاگربەستێکی ڕاستەقینە..
(٣) دەرکەوتنی میلیتانەکانی پەکەکە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکیا..
(٤) سەر لە نوێ پێناسەکردنەوەی دەستەواژەی هاووڵاتی..
(٥) لێبوردنی گشتی…
بە کورتی ئەمەیە نەخشە ڕێی تاڵەبانی.

 ''پێویستە لە دەرگا بدرێ''

لە دوا بڕگەی قسەکانمان، جارێکی تر هاتینەوە سەر ناوچەکە و پەیوەندییەکانی تورکیا – کوردستانی عێراق.

''نامەوێ درێژەدادڕی بکەم. لەگەڵ بارزانی پرەنسیپێکمان هەیە. بێ ئەملاو ئەولا دەمانەوێ باشترین پەیوەندی لەگەڵ تورکیا بەرقەرار بکەین.''

لەم نێوانەدا، بێ ئەوەی بچێتە ناو وردەکارییەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد 'هەندێک وڵات ئەم پەیوەندییانەیان بە دڵ نییە'، بەڵام نەیویست ئەمە ڕاشکاوانە بنووسرێ، بە تایبەتی داوای کرد ناوی ئەو وڵاتەی گەورەیەی وەک نموونە ئاماژەی پێ کردووە، شاراوە بمێنێتەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق سەبارەت بە سەقامگیری لە ناوچەکە، بە کورتی بەمجۆرە دوا:

''ئەگەر بێیتە سەر مەسەلەی ئاشتی و تەناهی لە ناوچەکە، چارەیەکمان نییە جگە لەوەی هەم دەرگای واشنگتۆن بکوتین و هەمیش دەرگای مۆسکۆ. بۆ نموونە تەنیا ئەمریکا دەتوانێ دەوڵەتی ئیسرائیل لە مەڕ ئێران، ئەهوەن بکاتەوە. ناچارین بچینە مۆسکۆ، چونکە ڕوسیاش لەگەڵ تاران، بەغدا و شام پەیوەندی دۆستانەی هەیە. ڕووسیا دەڵێ: نامانەوێ ئەسەد بپارێزین، بەڵام دژی ئەوەین ئەمریکا لە هەموو شوێنێ هێژمۆنی هەبێ. لەم نێوانەدا، ڕووسیا نیگەرانی جموجوڵی ئیسلامی ڕادیکاڵە لە ناوچەکە.''

 پەیام سەبارەت کێشەی کورد بۆ ئەردۆغان..
لە وتوێژەکەماندا، جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق و سکرتێری ی.ن.ک، لە ڕێگەی ڕۆژنامەی میللیەتەوە ئەم پەیامەی ئاڕاستەی ئەردۆغان کرد:

''برام ئەردۆغان؛
پرسی کورد چارەسەر بکە و ئاشتی بۆ شاخەکان بەرە. سەردەم ئیتر هی شاخەکان نییە، کاتی هەڵبژێردران بە زۆرینەی دەنگی گەل و سیاسەت کردنە لە ژێر چەتری پەرلەمان.
برای هێژام؛
چارەسەری کێشەی کورد، ئاشتی و ئارامی بۆ تورکیا و ناوچەکە دەهێنێ و دەبێتە هۆی ئەوەی لە سەر سندووقەکان دەنگدان، دەنگێکی زۆرتر بە دەست بێنی.''

 ''تورکیا سووریای باش نەخوێندەوە''

سەرۆک کۆماری عێراق تاڵەبانی، بە گشتی سیاسەتەکانی تورکیا سەبارەت بە سووریای بەم شێوەیە هەڵسەنگاند:

''تورکیا بە باشی نەیتوانی ئاڵوگۆڕەکانی سووریا بخوێنێتەوە. سەرەتا پێی وابوو هەموو شتێک زۆر ئاسانە و بەشار ئەسەد یەکسەر دەڕوا. پاشان بینی بەمجۆرە نییە.

عەلەوییەکان نایانەوێ واز لە دەسەڵات بێنن، بە بەعسەوە قفڵ دراون.

مەسیحیەکانیش لە ئیخەوان موسلمین دەترسێن. سەبارەت بەمە لە سووریا ڕستەیەک بڵاو بۆتەوە، دەڵێن 'عەلەوییەکان بۆ تابووت و مەسیحیەکان بۆ بەیرووت'.

دورزییەکان بوونەتە دوو بەش…

هەرچی کوردەکانی سووریاشن.. هێشتا لێژنەی نیشتیمانی کورد نەچۆتە ناو ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریاوە. پەیەدە کە شوێنە بەرچاوەکانی کوردستانی سووریای خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، لە تورکیا دەترسێ.

عەرەبی سوننە، دەیانەوێ ئەسەد بڕوا، بەڵام بوڕژوای سوننە لە شام و حەلەب بە تەواوی بڕیاری خۆیان نەداوە.

لەم حاڵەتەدا، ڕژێمی ئەسەد هەم وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵ ناکا و هەم وێدەچێ وا سووک و ئاسانیش نەڕوا.''

تاڵەبانی ئەمەشی بە قسەکانیەوە زیاد کرد:

''دۆستانمان لە ئەنقەرە نەیانتوانی ئەم تابڵۆیە ببینن، هەموو لایەنەکانی وێنەکەیان نەبینی.''

۱۳۹۱/۰۸/۲۵

مەسعوود بارزانی؛ کوردستانی سووریا ڕاستیە


حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەولێر

سەر لە نیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە سەرێ ڕەش هەڵکەوتوو لە سەلاحەدین،  لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق قسەمان کرد.

بابەت، باکووری سووریایە.
یان بە واتایەکی دروست تر:
کوردستانی سووریا.
وەک هەندێک کەسیش دەڵێن:
ڕۆژئاوای کوردستان.
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک پێی وابوو تەنیا باکووری عێراق هەیە..
وەک چۆن سەردەمانێک ڕای گشتی تورک نەیدەزانی بە ڕاستی لە باکووری عێراق چ ڕوودەدا…
ئێستاش، دوای ٤٠٠ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش  لەگەڵ عێراق، ئەمجارەشیان لە سنوری تورکیا ٩٠٠ کیلۆمەتر بووینە هاوسێ، سەبارەت بەوەی کە لە ڕوداوە گەرماوگەرماکانی باکووری سووریا تێناگەین، دەست پێدەکەم.
بارزانی پێدەکەنێ.
ئاماژە بە هەندێک لە لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەکەم کە گوتبووی لە سووریا ڕێگە بە باکووری عێراقی نوێ نادەین و ناهێڵین قەندیلێکی نوێ دروست بێ.
نێوچەوانی تێک نانێ.
سەرۆکی دیوانی هەرێم فوئاد حوسێنیش کە چەندین ساڵە وەک باڵی ڕاستی بارزانی کار دەکا، هێڵەکانی دەموچاوی ناگۆڕدرێن.
نیگاکان لە سەر منن.
دەڵێم لە کوردستانی سووریا، پەیەدە زیاتر زاڵە، واتە باڵی پەکەکە لەو وڵاتە.
کەمێک دەجوڵێنەوە.
دەربارەی بۆچوون و پێش بینیان سەبارەت بەوەی پەیەدە لە کوردستانی سووریا دەتوانێ هێزێکی وای هەبێ یان نا، پرسیار دەکەم:
"پەیەدە لە کوردستانی سووریا گرنگە. ئایا بوونی پەیەدە، هەم بۆ ئێوە و هەم بۆ ئەردۆغان فاکتەرێکی نەرێنییە؟ هەروەها دەگووترێ، لە دوا کۆبوونەوەی دوحە لە هەفتەی ڕابردوودا، تورکیا و کوردستانی عێراق  لەگەڵ ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە دژی پەیەدە یەکتریان گرتووە… لە مەڕ کوردستانی سووریا و پەیەدە چۆن بیر دەکەنەوە؟"

 کوردەکان تەعریب نەبوون!

مەسعوود بارزانی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە:
"لە کوردستانی سووریا، کێشەیەکی کوردی هەیە، واقعێکی کوردی هەیە. تێناگەین بۆچی دەوڵەتانی ناوچەکە دان بە واقعی کورد لە سووریا دانانێن. هەر پارچەیەکی کوردستان، تایبەتمەندی خۆی هەیە و تایبەتمەندییەکان جیاوازن. کێشەکە لە کوردستانی سووریا بە چ شێوەیەک چارەسەر دەبێ؟ قسە لە سەر ئەمە دەکەین. لایەنی عەرەب، لە ساڵی ١٩٦٢ بە دواوە سیاسەتی تەعریب لە کوردستانی سووریا پەیڕەو دەکا، بەڵام لەم سیاسەتەیاندا سەرنەکەوتن. ئێستا ئیتر دەبێ ڕاستی کورد ببینرێ."

دیسان قسەکانم دەبەمەوە سەر پەیەدە.

بارزانی لە وەڵامدا دەڵێ:
"نکۆڵی لە پەیەدە ناکرێ. پەیەدە لە کوردستانی سووریا بوونی هەیە. بەڵام لە دەرەوەی سووریا، ئەمە زۆر گەورە دەکرێتەوە. لە سووریا کورد هەن! کوردەکانی ئەوێ، کوردەکانی سووریان. کوردەکانی ئەوێ لەوانەیە سۆزیان بۆ پەیەدە و بۆ پەکەکە هەبێ، بەڵام مومکینە سەمپاتیان بۆ گرووپەکانی دیکەش هەبێ."

بارزانی سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی کوردستانی عێراق، پاش ئەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە بە تەنیا پەیەدە لەوێ نییە، مەسەلەکە زۆر گەورە دەکرێتەوە، ناڕاستەوخۆ گوتی جگە لە پەیەدە، کوردەکانی سووریا سەمپاتی پدک واتە حزبەکەی ئەوانیشن، گوتی:

"ئەوەی بە لای ئێمەوە گرنگە، ئەوەیە کوردەکانی سووریا شەڕی یەکتری نەکەن. بۆ ئێمە ئەو خاڵە زۆر گرنگە. لە لایەکی ترەوە، بێگومان گرنگە کوردەکان و عەڕەبەکانیش شەڕی یەکتری نەکەن."

 بارزانی ڕایگەیاند ئەگەر دیموکراسی هەبێ دەزانین لە کوردستانی سووریا کام هێز سەرکەوتووە، دەتگووت بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ پەیەدە وشیار دەکاتەوە. لە بەردەوامی قسەکانیدا گوتی:

"بڕوام بەوە هەیە کە کوردەکان لە نێو خۆیاندا، کوردەکان  لەگەڵ عەرەبەکان و عەرەبەکان لە نێو خۆیاندا، واتە گەلانی سووریا کێشەکانیان لە چوارچێوەی دیموکراسیدا چارەسەر دەکەن. ئەگەر پەیەدە لەم پێڤاژۆیەدا، تێکدەر بێ و ببێتە لایەنی گوشار، ئەوا قەبووڵ ناکرێ. هێشتا زوویە. بەڵام ئەگەر پەیەدە پابەندی دیموکراسی بێ، ئەوا هیچکەس کاری بە سەریەوە نییە. بەڵام ئەگەر دژی دیموکراسی دەربکەوێ، بە ئاڕاستەی بەرنامەگەلی جیاوازدا بڕوا ، نە کوردەکانی سووریا، نە لایەنەکانی دیکە و نە ئێمەش ئەمە قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"دوای عێراق، ئێستا دیکتاتۆڕی بەعس لە سووریا خەریکە هەڵدەوەشێتەوە. وێدەچێ دوای عێراق، کوردەکانی سووریاش بەڕێوەبەرایەتی خۆیان هەبێ. گەڕانەوە بۆ دواوە زەحمەتە. لەم چوارچێوەیە دا  چۆن سووریایەک لە خەیاڵتان دایە؟"

وەڵامی بارزانی:
"تا ڕۆژی ئەمڕۆ دان بە ناسنامەی کوردەکانی سووریا دانەنراوە. بگرە تۆماری نیشتەجێ بوونیان نییە. بەر لە هەر شتێ پێویستە واقعی کورد لە سووریا لەبەر چاو بگیرێ. نزیکەی دوو میلیۆن و نیو تا سێ میلیۆن کورد هەیە. بوونی ئەم ژمارەیە لە سووریا بۆ ئێمە گرنگە. بۆ ئێمەی کوردی عێراق زۆر گرنگە، ئەوان بە مافەکانی خۆیان بگەن. ئێمە قەبووڵ ناکەین مافەکانی ئەوان ڕەت بکرێتەوە. بەڵام سەبارەت بەوەی چۆن سیستەمێک بێتە سووریاوە، ئەوا بابەتێکە خۆیان بڕیاری لە سەر دەدەن."

پرسیارێکی تر ئاڕاستە دەکەم:
"پێشبینیتان دەکرد پەیەدە لە کوردستانی سووریا ئەو هێزەی هەبێ؟"

بارزانی زۆر بە پارێزەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دەداتەوە. بە زمانێکی نەرمی دیپلۆماسیانە، سەبارەت بە ئەگەری پەیوەندی نێوان پەیەدە و ڕژێمی ئەسەد دەڵێ:

"ئەوەی لێرەدا گرنگە، ئەوەیە لە کوردستانی سووریا دەرگای بەخت بۆ پەیەدە کراوەتەوە یاخود ئەو ئاستەی پێی گەیشتووە، بەرهەمی باندۆڕی خودی پەیەدەیە؟ هێشتا نازانین. هەڵیدەسەنگێنین. منیش هێشتا وەڵامێکم دەست نەکەوتووە… هێمای پرسیار هێشتا لە سەرمدا ماوەتەوە."

دەپرسم:
"ئەسەد ئەم دەرگایەی کردۆتەوە؟"

بارزانی:
"وەک پرسیار لای ئێمەش ماوەتەوە. هێشتا وەڵاممان بۆ نەدراوەتەوە. پرسیارە بە لامانەوە، ئەسەدە یا کەسێکی تر؟ بڕیار نادەم. بەڵام ئەمە ڕاستیەکە: پەیەدە لەو ئاستەدا نییە خوێ بتوانێ کوردستانی سووریا کۆنتڕۆڵ بکا. هێز و لایەنی دیکەش هەن. بە تایبەت هێشتا لەوە تێناگەین چۆن شوێنەکانی ئاسایش و ئیستیخبارات ڕادەستی پەیەدە کران و چۆن  لەگەڵ کاربەدەستانی سووریا شان بە شانی یەکترین. هێشتا ئاشکرا نەبووە. هێشتا ئەم وەڵامەمان وەرنەگرتوە کە ئاخۆ ئەمە ڕێککەوتنێکە یان لە لاوازبوونی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە سەرچاوە دەگرێ؟ ئێمە هەڵوەستەی لە سەر دەکەین. دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە لە ئێستا هەوڵی ئەوە دەدەین کوردەکان لە کوردستانی سووریا لە نێو خۆیاندا بە شەڕ نەیەن."

 دەچمە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. ئەو پرسیارەمی بە بیر دێنمەوە کە ساڵی ١٩٩٣ لە یەکەم چاوپێکەوتنم  لەگەڵ ئەو لە دهۆک ئاراستەم کردبوو، سەبارەت بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی.

ئەویش لێم دەپرسێ:
"بێگومان وەڵامەکەی منتان لە بیرە. باسم لە ئیدەئالی دەوڵەتی سەربەخۆ کردبوو."

بەمجۆرە بەردەوام دەبێ:
"بەر لە هەموو شتێ، ئەمە مافی سرووشتی ئێمەیە. کێشەی هەرە گەورە لێرەدا ئەوەیە کوردەکان بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش بوون. لێرەدا مەسەلەکە زەحمەت دەبێ. ئەگەر وا نەبوایە و کوردەکان بە سەر دوو وڵاتدا دابەش بوایەن یان هەر هەموویان بە سەر وڵاتێکدا، دەوڵەتی کوردی زۆر ڕاحت تر دادەمەزرا. ئێمە لایەنگری گەیشتنی هەموو کوردەکان بە مافەکانی خۆیانین. ئەمە مافی هەرە سرووشتی ئەوانە."

مەسعوود بارزانی ڕایگەیاند:
"ئیتر لە دونیادا هیچ شتێک مەحاڵ نییە. لەپێناو دۆزێکی گەورەدا خوێنیش دەڕژێ و باجی گەورەش دەدرێن. بەڵام دواجار گومان لەوە دانییە کە چارەسەری دێتە دی. بە هەڵە لێک تێگەیشتن لە ئارادا نامێنێ، ئێمە لەمڕووەوە دڵنیاین. نموونەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئاڵمانیا لە بەر چاوە. نموونەی چێک و سلۆڤاکی هەیە. یەکگرتن و جیابونەوە بە زۆر نییە… گەل خۆی بڕیار دەدا. لایەنی تر، مافی ئەوەیان نییە بڕیار لە سەر مافەکانی ئەو گەلە بدەن."

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ:
"بڕوانن، لەم چوارچێوەیەدا، دونیا لەم دە – پانزە ساڵەی دواییدا گۆڕانێکی گەورەی بە سەر هاتووە."

کاتێک باس دێتە سەر ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، بارزانی بەمجۆرە دێتە ئاخافتن:

"لەوانەیە ئاڵۆزیەکی زۆر لە ناوچەکەدا هەبێ، بەڵام لێرەدا ئەوەی بە لای منەوە گرنگە، دۆزی کوردە، من بڕوام بەمە هەیە. ئێمە نامانەوێ لە سەر حیسابی ئەوانی تر کێشە یاخود دۆزی کورد چارەسەر بکرێ. ئێمە دەمانەوێ  لەگەڵ هەموو گەلانی ناوچەکە بە تورک، فارس و عەرەبەوە پەیوەندی تۆکمەمان هەبێ.  لەگەڵ ئەوەش داین کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئەم پەیوەندییە باشانەدا چارەسەر بکرێ. نامانەوێ لە سەر حیسابی گەلانی تر ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین. لە هەمانکاتدا نامانەوێ ببینە هۆکاری هەڕەشە بۆ هیچ کەس و لایەنێک. بێگومان لەپێناو بەرژەوەندی لایەن و دەوڵەتانی تر، لە دۆزی کورددا پاشەکشە ناکەین. وەک کورد خۆمان لە هیچ شوێن و بەرەیەکدا نابینینەوە. ئێمە تەنیا بڕوامان بە دۆزی کورد هەیە."

کە پرسیارەی بەرەی لێدەکەم، بەمجۆرە بابەتەکەم بۆ ڕوون دەکاتەوە:

"ئێمە هیچ بەرەیەکمان نییە. نە ئەمریکا و نە تورکیا تا ئێستا پێشنیاریان پێنەکردووین 'ببنە ئەم یا خود ئەو بەرەیە'. ئامانجی ئێمە دۆزی کوردە. بۆ ئەمە تێدەکۆشین."

دەپرسم:
"ئەگەر تورکیا کێشەی کوردەکانی خۆی بە ڕێگایەکی ئاشتیانە چارەسەر بکا، بێگومان کاریگەری ئەرێنی بۆ سەر سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکەدا دەبێ، ئێوە دەڵێن چی؟"

بارزانی وەڵام دەداتەوە "بێ گومان وایە."

باس لەوە دەکەم کوردستانی عێراق،  لەگەڵ بەغدای سەرۆک وەزیری شیعەی عێراق نووری مالیکی، هاوینێکی گەرم و ئاڵۆزی تێپەڕاند، بە تایبەت لە شەنگال کە شوێنی نیشتەجێی کوردە ئێزدییەکانە، لە ناوچەکانی کەرکووک و خانەقین، هەر دوو لایەن قامکیان لە سەر ماشەی چەک بوو.

بارزانی لەمبارەوە ڕایگەیاند:
"کێشە هەن و نکۆڵی لەمە ناکرێ. بەڵام ئێمە لایەنگری ئەوەین کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووری بنەڕەتیدا چارەسەر بکرێن. ئێمە هیچ شتێک لە دەرەوەی دەستووری بنەڕەتی قەبووڵ ناکەین."

دەپرسم:
"وێدەچێ سەبارەت بە پەیوەندیی  لەگەڵ تورکیا و ئێران، لە نێوان ئێوە و سەرۆک کۆمار جەلال تاڵەبانیدا بۆچوونی جیاواز هەبێ…"

هەست دەکەم لە وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەدا هەندێک ئاستەنگی بینی و ویستی ڕەهەندەکانی مەسەلەکە بچووکتر نیشان بدا.

بارزانی گوتی:
"لە ڕاستیدا ئێمە یەک بۆچوونمان هەیە. هەر دووکمان،  لەگەڵ بەردەوامیی پەیوەندی تۆکمە  لەگەڵ ئێران و تورکیا داین. مام جەلال سەرۆک کۆمار و من سەرۆکی هەرێمی کوردستانم. ئەگەر ئەمە لە بەر چاو بگرین، بۆی هەیە جار جارە بیروڕای جیاواز هەبێ، بەڵام بابەتی بچووکن. لە سەر بابەتە پێویست و سەرەکییەکان، یەک بۆچوونمان هەیە. خۆی ئەمەش گرنگە…"

۱۳۹۱/۰۸/۲۴

"با مانگرتن کۆتایی بێ"


 وتوێژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕۆژنامەی میللیەت

حەسەن جەماڵ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هەولێر

کوردەکان بە ئەربیل دەڵێن هەولێر کە پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراقە. لەوێوە بە ئۆتۆمبێل بۆ شارۆچکەی سەلاحەدین نیو سەعات ڕێگەیە، ئەو شوێنەی لە بەرزاییەوە دەڕوانێتە دەشتی بێ بڕانەوەی هەولێر. مەودای ڕاستەوخۆی لەگەڵ تورکیا ١٨٠ کیلۆمەترە. بەڵام ئەوێش لە زمانی خەڵکەوە سەلاحەدین نییە و مەسیفە.

لە بەرزترین خاڵی مەسیف کە بە یەکێک لە چیا قیتەکانی کوردستان دێتە ئەژمار، سەرێ ڕەش هەڵکەوتووە. ئەو گردە وەک هێلانەی هەڵۆیان نێوی براوە و ئا لەو شوێنەوە کوردستانی عێراق بەڕێوە دەبرێ.

وتوێژی من بە هاوڕێیەتی فۆتۆگرافەر نامیق دوروکان، لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی سەر لە نیوەڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی هەڵکەوتوو لە سەرێ ڕەش ئەنجام درا و سەعات و نیوێکی خایاند. سەرۆکی دیوانی هەرێم فوئاد حوسێن لە تەنیشت بارزانی دانیشتبوو کە بە ساڵانە لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دەکا.

یەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ مەسعوود بارزانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٣ لە شاری دهۆک. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا، چەندین جار وتوێژم لەگەڵ ئەنجام داوە.

ساڵانێکە شتێک هەیە ناگۆڕدرێ. ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک سەقامگیر نابێ، بەردەوام و گەرماوگەرم بلێسەی دێ. کاتێک ئەمەم هێنایە زمان، کاردانەوەی مەسعوود بارزانی بەمجۆرە بوو:
"ناوچەکە لە ناو ئاگر دایە."
بە پێکەنینەوە بەردەوام دەبێ:
"بەڵام لەم بێنەو بەرەو لەو متبەخە چ جۆرە خواردنێک دێتە دەر، نازانم."

"منیش سەرم لێ شێواوە"

پاش ئاماژە کردن بە گۆڕینی بەپەلەی هاوسەنگیەکان لە ناوچەکە و پەلەقاژە کردنی گەلێک شت، دەچمە سەر باسی پرسی دەستنیشان نەکردنی ئەوەی ناوچەکە لە کوێوە بۆ کوێ هەنگاو دەنێ. بۆی دەگێڕمەوە کاتێک لە هەولێر قسەمان دەکرد، کەسێک گوتی:
"وەک چۆن دەڵێن کێ بە کێ یە. لە نێو جەرگەی ئەم ناوچەیەدا، کەس نازانێ کێ بە کێیە."
پێدەکەنێ.
لێی دەپرسم:
"ئێوە لە ناوچەیەدا دەتوانن پێش خۆتان ببینن؟ من تا ئاستێکی زۆر سەرم لێ شێواوە."
بارزانی کە بە گشتی خۆی کۆنتڕۆڵ دەکا، ئەمجارەیان خۆی پێ ڕانەگیرا و قاقایەکی لێدا:
"دە وەڵاهی منیش سەرم لێ شێواوە!"
پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی عێراق لە 'ئاستێکی زۆر باش' دایە و لەپێناو گەیشتن بەو ئاستە، ڕۆڵی ئەرێنی حکومەتی ئاکەپە بەرز دەنرخێنێ. دەڵێ بە مەبەستی سەقامگیری و ئاشتی لە ناوچەکە دەبێ ئەم پەیوەندییانە هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابوورییەوە پەرەیان پێ بدرێ.

پەکەکە فاکتەرێکی زیانبەخشە؟

لێی دەپرسم:
"سەبارەت بە پەیوەندییەکانی دوولایەن، ئاخۆ پەکەکە فاکتەرێکی زیان بەخشە؟"
تۆزێک بیر لە وەڵامی پرسیارەکەم دەکاتەوە و بەمجۆرە دەئاخفێ:
"پەکەکە لایەنێکی کێشەکەیە… لێرەدا ئیرادەیەک پێویستە، ئیرادەیەکی سیاسی… ئیرادەیەک کە پەنا بۆ چەک نەبا و لە ڕێگەی ئاشتیانەوە کێشەکان چارەسەر بکا.. سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد، تا ئێستا ئەم ئیرادەیە نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئێمە بڕوامان بە چارەسەری ئاشتیانەی ئەو کێشەیە هەیە."
لە وەڵامی پرسیاری پەیامتان بۆ ئەنقەرە، پەکەکە، تورک و کورد چییە، بە کورتی ئاوا وەڵام دەداتەوە:
"هەم بە نیسبەت ئەنقەرە و هەم پەکەکە، لە هەر دوو لا، دوو ڕێبازی جیاواز هەیە. لایەنێک هێشتا پێ لە سەر چەک دادەگرێ و شەڕی گەرەکە، لایەنەکەی دیکەش پێداگری لە سەر ئاشتی دەکا."
کە بۆ جاری دووهەم لێی دەپرسم ئاخۆ لە نێو پەکەکەشدا هەن کەسانێک کە پێداگری لە سەر ئاشتی دەکەن، تەئکید دەکاتەوە "بەڵێ". بەمجۆرە پێگەی خۆیان شی دەکاتەوە:
"ئێمە لایەنگری ئەو هێزانەی ناو ئەنقەرە و پەکەکەین کە خوازیاری چارەسەرکردنی کێشەکانن لە ڕێگەی ئاشتیانەوە."
زیاتر دەڵێ:
"لە میانەی دوا چاوپێکەوتنم لە ئەنقەرە، باسم لەوە کرد پڕۆسەی کرانەوە هاوشێوەی ساڵی ٢٠٠٩، نیاز پاکییە. جگە لەمە ئەم قۆناغەش بە تەواوەتی ڕانەوەستاوە."

"کێشەکە قووڵتر دەبێتەوە"

پرسیار و وەڵامی نێوان ئێمە و سەرۆک بارزانی بەمجۆرە بەردەوام بوو:
"پەکەکە بە چەک بە شوێنێک دەگا؟"
بارزانی:
"بە چەک ناگاتە هیچ شوێنێک. سەردەمی خەباتی چەکداری تێپەڕیوە. پێویستە پەکەکە واز لە چەک بێنێ."
"نەخشە ڕێیەک هەیە؟ بۆ پێڤاژۆیەکی نوێ چ بکرێ باشە؟"
"کێشەکە قووڵتر و قووڵتر دەبێتەوە. قسەکانی سەرۆک وەزیر ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دیاربەکر دێنمەوە یاد کە گوتبووی 'کێشەی کورد، کێشەی ئێمەشە'… پاشان قسەکانی لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر… تورکیا دەوڵەتێکە. لە بەرامبەر هاووڵاتیانی بەرپرسیارە."
"چۆن نەخشە ڕێیەک پێویستە؟"
مەسعوود بارزانی:
"سەرەتا پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەنرێ، سەرەتا پێویستە چەکەکان بێدەنگ بکرێن (لەو مانایەدا ناڵێ کە یەکسەر چەکەکان فڕێ بدرێن و بخرێنە ژێر خاکەوە؛ وەک هەنگاوی دواتر ئاماژە بەم خاڵە دەکا، حـ. ج) ئینجا هێدی هێدی هەنگاو بنرێ و لە شتە ئاسانەکانەوە دەست پێ بکرێ.."

پەروەردە بە زمانی زگماکی

پرسیار:
" پەروەردە بە زمانی زگماکی، پەروەردە بە کوردی لە کوێی ئەو نەخشە ڕێیە دان؟"
مەسعوود بارزانی:
"پەروەردە بە زمانی زگماکی، پەروەردە بە زمانی کوردی ئیدی یەکێکە لە سەرەکی ترین و سەرەتایی ترین مافەکان.. تورکیا نابێ خۆی لەمە بدزێتەوە".

دووبارەی دەکاتەوە:
"بە ڕاگەیاندنی ئاگربەست، قۆناغێک، نەخشەڕێیەک بە هەنگاوی بچووک لە هەرە ئاسانەکانەوە دەست پێدەکا… لە شتە ئاسانەکانەوە بۆ سەختەکان، قۆناغێکی زەمەنی دەوێ…"

فاکتەری ئۆجەلان

دەپرسم:
"لەم قۆناغەدا ئۆجەلان چۆن ڕۆڵێک دەتوانێ بببینێ؟ ئەم مژارە لە تورکیادا گفتوگۆی لە سەر دەکرێ. هەندێک دەڵێن پەکەکە ئیتر گوێ لە ئۆجەلان ناگرێ و هەندێکی تریش جیاواز بیر دەکەنەوە. ئێوە ڕاتان چییە؟"
مەسعوود بارزانی زۆر بە سەرنجەوە وەڵامی ئەم پرسیارەم دەداتەوە و قسەکانی هەڵدەبژێرێ. بەڵام بەو ئیماژەی دەیدا، ئۆجەلان ناخاتە دەرەوەی بازنەوە.

قسەکانی بارزانی:

"ئەگەر بڕوانینە فەزای ڕای گشتی، کوردەکان و بە تایبەت نووسەرانی تورکیا… لە قۆناغێکی ئاشتی بەمجۆرەدا، دەبینین کە ئۆجەلان دەتوانێ ڕۆڵ ببینێ. بە ڕای من، پەکەکە هێشتا سەر بە ئۆجەلانە… وەک دیارە، ئۆجەلان هێشتا کاریگەری بە سەر ڕێکخراوەکەوە هەیە… بەڵام کە مەسەلە دێتە سەر کردەوە و پراکتێک، بێگومان نازانم چ دەبێ.."

نامیق دورکان لێرەدا دەکەوێتە ناو قسەکانمانەوە:
"ئەگەر بێت و قۆناغێکی وەک ئۆسلۆ سەر لە نوێ دەست پێ بکاتەوە، ناوبژیوانی دەکەن؟"
مەسعوود بارزانی:
"لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشەکە، من بەردەوام ئامادەم. هەر لایەنێک بچووکترین هەنگاوی ئاشتیانە بەرز بکاتەوە، چی لە دەستی من بێ درێغی ناکەم."
"قۆناغێکی ئاوا لە گۆڕێیە؟"
مەسعوود بارزانی:
"هێشتا هیچ شتێک لە ئارادا نییە. ئەگەر شتێکی ئاوا ببینم و پێویست بە من بکا، من ئامادەم."

ئەو قسەیەی مەسعوود بارزانی کە دەڵێ "هێشتا شتێکی ئاوا لە ئارادا نییە"، ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکانە.
لە ڕۆژی هەینی ڕابردووەوە لە هەولێرم. بەردەوام چاوپێکەوتن ئەنجام دەدەین. ئەو بابەتانەی زیاتر هەڵوەستەیان لە سەر دەکەم، کێشەی کورد و پەکەکەیە لە تورکیا.

لەوانەیە کەناڵی جیا جیای ئەنقەرە، لەوانە میت و وەزارەتی دەرەوە بڵێن کە لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندی دان.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان، کە دەگوترێ ئێستا 'دۆسیەی کورد' پەیوەندی دار بە کێشەی کورد و پەکەکە لە تورکیا بەتاڵە، دیارە ئەودیوی ڕاستیەکان نیشان دەدا.

مانگرتن لە خواردن

سەبارەت بە مانگرتن لە خواردن لە گرتووخانەکانی تورکیا پرسیار لە مەسعوود بارزانی دەکەم.
بەمجۆرە وەڵامم دەداتەوە:
"ئەوەی ڕاستی بێ بە مانگرتن پەیامی خۆیان داوە. ئیتر پێم وایە دەوڵەتیش دەبێ هەنگاو بەرز بکاتەوە. بە کورتی، پێم وایە پەیامەکان دران و وەرگیران… با مانگرتن لە خواردن کۆتایی پێ بهێنرێ. لە بەرامبەردا دەوڵەتیش وەڵامی ئەرێنی بداتەوە."

۱۳۹۱/۰۸/۲۰

بەهمەن قوبادی: بەهاری کوردی هەر دێ


دەرهێنەری کوردی ئێرانی بەهمەن قوبادی دەڵێ ''کوردەکانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان چیان لەدەست بێ، درێغی ناکەن. ئاواتیان، ژیانێکی ئازادە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدڕاڵدا.''


موراد تورکەر / بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دەرهێنەری کوردی ئێرانی بەهمەن قوبادی کە وەک میوانی فەخری بەشداری فێستیڤالی فیلمی 'ساڵۆنیک' (٢ هەتا ١١ی نۆڤامبر) بووە، پێی وایە گەلی کورد کە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕۆژی خۆی بە چاو دەبینێ.

ڕۆژی شەممە، ٣ی نۆڤامبر لە سالۆنیک چاوم بەو دەرهێنەرە سەرکەوتووە کەوت کە بە فیلمگەلی وەک ساتێ بۆ مەستی ئەسپەکان، کیسەڵەکانیش هەڵدەفڕن، نیوەی مانگ و وەرزی کەرگەدەن لە ئاستی جیهانیدا ناسراوە و گەلەک خەڵاتی نێونەتەوەیی وەرگرتووە. دوا فیلمی هێشتاش لە سینەماکانی تورکیا نمایش دەکرێ.

لە چ قۆناغێکی مناڵیتاندا هەستتان بەوە کرد لەگەڵ زۆرینەی ئێران جیاوازن؟
سەرەتا، کە زانیم زمانی کوردی لە کتێبەکانی قوتابخانەدا بە کار نایە، سەرم سوڕما. هەروەها تێگەیشتن لەوە سەخت بوو کە بۆچی وانەکانمان بە کوردیش نین. سەبارەت بە وەشانی تەلەڤزیۆنەکان بە تایبەت وەختێک دەرهێنەرەکان نەک بە کوردی بەڵکوو بە فارسی قسەیان دەکرد، جیاوازیان لەگەڵ ئێمەی کورد دیاری کرابوو؛ ئەخر ئەوان شیعە و ئێمە سوننی بووین.
وەختێک ناوی خۆم لە زانکۆ تۆمار کرد، بە هۆی دینەکەمەوە ڕەت کرامەوە. پاش تەواوکردنی سەربازی، ڕیشم بەردایەوە و سەر لە نوێ ناوی خۆم نوسییەوە، ئەمجارەیان وەک شیعەکان دوعام کرد و گوتم لە باوکمەوە شیعەم، لە سایەی ئەمەوە قەبوڵ بووم. بەڵام دواجار نەمشاردەوە کە سوننیم و بۆیەش نەمتوانی خوێندن تەواو بکەم؛ ئەوە نیشانەی باڵادەست بوونی سیستەمێکی فاشیستی بوو لە وڵاتەکەم.
سەردەمانێک تەنیا بە هۆی ئەوەی فڕۆکەیەکی سەر بە ڕێگەی ئاسمانی ئێران بە ناوی کوردستان لە فڕۆکەخانەی 'یەشیلکۆی ئەستەنبوڵ' نیشتبۆوە، چی نەمابوو ڕیسوایەکی دیپلۆماتیک لە نیوان دوو وڵاتدا بتەقێتەوە…
نمایشێک بوو و هیچی تر، ئەودەم ئەو ڕژێمەی ناوی یەکێک لە گەورەترین فڕۆکەکانی کردبۆوە کوردستان، ئێمەی هەروا لە مافە سەرەتاییەکانمان، لە زمانەکەمان، لە پەروەردەی زانکۆ و لە شانسی دەرهێنەربوونمان بە هۆی سوننی بوونەوە بێبەش هێشبۆوە. ئێمە نەک وەک هاووڵاتی پلە دوو، بەڵکوو وەک هاووڵاتی پلە سێ و تەنانەت پلە چوار مامەلەمان لەگەڵ کرا. لە دەرگای هەر بنەماڵەیەکی کورد بدەی، بێگومان ئەو وەڵامەت دەست دەکەوێ کە یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە لایەن ڕژێمەوە کوژراوە.

باشە ئەی ڕەوشی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنێ؟
پێم وابوو تورکیا لە ئێران باشترە، بۆ نموونە کە یەکەمجار چوومە ئەو وڵاتە و بینیم سەرۆک شارەوانی دیاربەکر کوردە، بە لای منەوە موعجیزەئاسا بوو. بەڵام سەیرە داخوازی گیراوێکی سیاسی بۆ بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگا ڕەت دەکرێتەوە. ئەم فەزایە، ئیماژی ڕژێمی تورکیا تێک دەدا. پێویستە ڕێز لەو زمانە بگیرێ کە ٢٠ میلیۆن کەس قسەی پێدەکەن، هەڵوێستی بە پێچەوانە، ناچێتە خانەی دیموکراسییەوە.

ئاگاتان لە مانگرتن هەیە…
حکومەتی تورکیا پێویستە هەرچی زووتر گوێ لە کوردەکان بگرێ، جگە لەمە هیچ شانسێکی نییە. درێژەدان بە وروژاندنی کوردەکان و لە سەر پێ ڕاگرتنی ئەم ئیتیلافە لە ڕێگەی زمانی توندو تیژی ڕۆژنامەکانەوە بەقازانج نییە. پێویستە لە سەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن؛ لەوانەشە ئەمە گەمەیەک بێ، چونکە مایەی سەرسوڕمانە کێشەیەک لە ماوەیەکی ئاوا دوورودرێژدا نەگەیشتبێتە چارەسەری.

لە فیلمی وەرزی کەرگەدەندا کە یڵماز ئەردۆغان و مۆنیکا بێلوچیش ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە، ئەستەنبوڵ جێگەیەکی تایبەتی هەیە، با پرسیارێکیش لە سەر زێدی خۆم بکەم. چ هەستێکتان سەبارەت بە ئەستەنبوڵ هەیە؟
دوو ساڵ لە ئەستەنبوڵ مامەوە، دوو فیلمم دروست کرد و ڕۆمانەکەم تەواو کرد. ئەم شارەم زۆر خۆش ویست. هاوڕێی زۆر نزیکی کورد، تورک و ئێرانیم پەیدا کرد، 'نوری بیلگە جەیلان'یش یەکێکە لەوان. جوانی و وزەی ئەستەنبوڵ سەر لە نوێ منی ژیاندوە، ئیتر بۆتە نیشتیمانی دووهەمی من. ئێستا لە فکری ئەوە دام سەبارەت بە بوومەلەرزەکەی وان فیلمێک بەرهەم بێنم.

پەیوەندیتان لەگەڵ ساڵۆنیک چۆنە؟
بۆ نمایش کردنی یەکەم فیلمم هاتمە ئێرە. بەڵام سەردانی ئەمجارەم هەندێک بە خەفەتە، چونکە ماوەیەکی کەم بەر لە مردنی چاوم بە ئانگۆپولۆس کەوت و قایلی کردبووم لە دوا فیلمیدا ڕۆڵ بگێڕم. دیارە لە ژێر کاریگەریی ئەو دەرهێنەرە گەورەیە دابووم کە لە ڕابردوودا کەسایەتی کوردی لە بەرهەمەکانیدا گونجاندبوو.

بە بۆنەی فیلمی 'کەس ئاگای لە پشیلەکانی ئێران نییە' کە تا ڕادەیەک لە فیلمی 'بیرەوەری ئەستەنبوڵ'ی فاتیح ئاکن نزیکە و بۆتە هۆی ئاوارەبوونی دەرهێنەر، پێم خراپ نەبوو سەبارەت بە مۆسیقا پرسیارێک لە قوبادی بکەم.
لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی کۆماری تورکیادا، کولتوری ڕۆژئاوا لە نێو نەریتی ئانادۆڵدا بایەخی پەیدا کرد، بۆ نموونە ڕادیۆکان گرنگیان دا بە پەخشی مۆسیقای کلاسیکی ڕۆژئاوا…

بەڵێ، ئاریشەی شای پەهلەوی و ئاتاتورک لێک دەچوو، بەڵام ئەوە هی ڕابردوو بوو.
ئێستاکە لە تەلەڤزیۆنەکاندا تەنانەت تەحەممول ناکەن ئامێرێکی مۆسیقا ببینن. ژنان بە تەنیا ناتوانن گۆرانی بڵێن، ئەوانەی بیانەوێ گۆرانی تۆمار بکەن، مەگەر لە گرووپی چوار کەسیدا و ئەویش بە هەزار ئاستەنگی بە ئامانجەکەیان بگەن.
فەرهەنگەکەمان لەناو دەبەن، شارستانیەتەکەمان وێران دەکەن و هەوڵدەدەن پەیوەندیمان لەگەڵ ڕەگ و ڕیشە و ڕابردوومان بپچڕن. هەوڵدەدەن تاکە یەک ناسنامەی ئێرانی بە سەر هەموویاندا بسەپێنن. مەملەکەتێک کە زانا هەرە سەرکەوتووەکانی، ڕۆشنبیر و هونەرمەندەکانی بۆ دەرەوەی وڵات ڕایانکردوە، ناتوانێ باش بێ.
بەڵام ئێمە پێمان وایە وەک داری لک و پۆپ کراو بە‌هێز دەبین. گەلی کورد بە هەزاران ئازاری چێشتووە، بەڵام خەباتی درێژەپێداوە و درێژەی پێدەدا. بەهاری کورد چاوەڕێمانە. کوردەکانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا، لەپێناو گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانیان چیان لە دەست بێ، درێغی ناکەن. ئاواتیان، ژیانێکی ئازادە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدڕاڵدا.