۱۳۹۴/۰۸/۱۹

دەربەندی داڵەکان


ڕۆژی ٢٨ی سێپتامبر لە ڕادیۆی سوییس گوێم لە وتوێژێک لەگەڵ ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائی بوو کە بە بۆنەی چاپی دوایین ڕۆمانی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" لەگەڵی ئەنجام درابوو، لە سەرەتای بەرنامەکەدا ئاوڕێک لە کتێبی "دەربەندی داڵەکان"یش درایەوە کە هانی دام بیخوێنمەوە.
"دەربەندی داڵەکان"، سەفەرنامەی هەڵاتنی ژنەنووسەری ئێرانی سۆروور کەسمائییە کە ساڵی ١٩٨٣ هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی تارانیان جێ هێشتووە و بە چیا سەخت و هەزار بە هەزارەکانی کوردستاندا بە سواری ئەسپ خۆیان گەیاندۆتە تورکیا و لەوێشەوە چوون بۆ فەرەنسا. 
هەڵاتن و سەفەری قاچاغی سۆروور کەسمائی ژنەنووسەری ئێرانی نزیکەی سێ مانگی خایاندووە و لە ڕێگەی ئەم سەفەرە قاچاغەدا وەک هەموو ئەو کەسانەی بە شێوەیەکی نهێنی زێد و نیشتیمانی خۆیان جێ دەهێڵن، ڕووبەڕووی گەلەک تەنگ و چەڵەمەی ئەوتۆ بووتەوە کە هەناسە لە سینگدا قەتیس دەهێڵن. نووسەر بە زاکیرەیەکی تیژ و وردبینانە خوێنەر دەکاتە هاودەم و هاوسەفەری ڕۆژ و شەوانی خۆی.
نزیکەی سی ساڵ لەمەوپێش، جەنگی دژواری پێشمەرگە و هێزەکانی ئێران، تۆڕی قاچاغچییەکانی کورد و هەوڵەکانی دیپلۆماتکارێکی ڕۆژئاوایی دەست دەدەنە دەستی یەکتری و سۆروور دەگەیەننە ئەودیوی سنوورەکانی ئێران. ئەگەرچی جارێک لەسەر سنوور دەگیرێ و تەنانەت تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ پێشمەرگە و هێزەکانی سەننار مامەندی دەدرێتە پاڵ، بەڵام ئاڵۆزییەکانی ئەودەم بە هانایەوە دێن و جاری دووهەم دەتوانێ سەرکەوتووانە ئەم ڕێگە مەترسیدارە ببڕێ.
سۆروور و خوشکەکەی، لە سەروبەندێکدا لە ئێران ڕادەکەن کە مەلاکان هاتوونەتە سەر حوکم و تەنگیان بە ئازادیخوازان هەڵچنیوە. "تاران ئەو ساڵە ڕەشترین ڕۆژەکان و سپی ترین شەوەکانی خۆی دەژیا. دوای شەپۆلی یەکەمی لە نێوبردنی سیاسەتمەدار و وەزیرەکانی شا، نۆرە گەیشتبووە شۆڕشگێڕان.."
بەڵام بە پێچەوانەی زۆر سەفەری قاچاغ، بەسەرهاتی سۆروور کەسمائی بە گەیشتن بە فەرەنسا کۆتایی نایە، بەڵکوو تەنیا بەشی یەکەم لە کتێبەکەی پێک دێنێ. سۆروور لە فەرەنساش هەڵدێ، بۆ ساتێک دەسبەرداری خەیاڵەکانی نابێ و ڕوو دەکاتە مۆسکۆ بۆ ئەوەی فێری زمانی ڕووسی بێ. لەوێش کۆمەڵێک ڕووداوی نەخوازراوی بەسەر دێن و بۆ جارێکی دیکە ناچار دەبێ ژیانی نهێنی و قاچاغ تاقی بکاتەوە.
کتێبی دەربەندی داڵەکان ساڵی ٢٠٠٦ لە لایەن وەشانخانەی "ئاکت سوود"ەوە چاپ کراوە. نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە بە درێژایی بیست ساڵ بەردەوام ویستوویەتی هەڵاتنەکەی بگێڕێتەوە. چەندین جار پەنای بۆ نووسین بردووە و نەیتوانیوە. وەک ئەوەی بەسەرهاتەکان ژیان و هەڵاتنەکەی شتێکی کەم بێ. وەک ئەوەی چیرۆکەکەی پێویستی بە ئەنجامێک بێ و ڕووداوەکان بە نیوەچڵی جێ نەهێڵرێن. وەک ئەوەی دەبێ کۆتاییەکی لەبەر دەست بێ تاکوو بتوانێ سەرەتا بگێڕێتەوە. نووسەر، بیست ساڵ دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئێران، دەگەڕێتەوە تاکوو بتوانێ بگێڕێتەوە و بەشی سێهەم واتە گەڕانەوە بۆ ئێران ئەنجامێکە کە خوێنەر بە هیچ شێوەیەک چاوەڕوانی ناکا.
بەمجۆرە کتێبێ "دەربەندی داڵەکان" لە دوو بەش پێک دێ: هەڵاتن لە ئێران کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٣ و گەڕانەوە بۆ ئێران لە ساڵی ٢٠٠٤دا. لە نێوان ئەم هەڵاتن و گەڕانەوەیەشدا، ساڵی ١٩٨٧ و ڕۆیشتن بۆ رووسیا هەیە.  
سۆروور لە کوردستان لە نزیکەوە دەبێتە شاهیدی هەڵسوکەوتی پاسدار و هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی ئێران لەگەڵ کوردانی سڤیل و بێ گوناە و دەبینێ چۆن تەنیا و تەنیا لەبەر کوردبوون ئەشکەنجە دەکرێن. دیمەنی لێدانی ئەو کوردانە لە پاسگاکانی سەر سنوور دێنێتە پێش چاو. بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی بیرەوەرییەکانی بۆت دەردەکەوێ سۆروور مرۆڤێکی دیموکراتە و خەبات و تێکۆشانی کورد بە خەباتێکی ڕەوا دەزانێ. 
***
"... لە کەیەوە کوردەکان پەنایان بۆ ئەم شاخە هێناوە؟ بۆچی هاتوونەتە ئێرە؟
بە کوردی وەڵامم دەداتەوە و ئەو ڕێگەیەم نیشان دەدا کە بەرەو داوێنی چیاکە شۆڕ دەبێتەوە. دەستی ڕادەدێرێ و ئاماژە بەو دۆڵە دەکا کە لە بن پێیەکانماندا لە دووماهیی نشێوەکە زارکی لێک کردۆتەوە. پاشان لاسای مەلێک دەکاتەوە، مەلێکی گەورە بە دوو باڵی پان وەک قۆڵە لەبەر یەک کشاوەکانی. لێی تێناگەم. بانگی کوڕێکی گەنج دەکا کە کەمێک ئەولاتر لە ژێر نسێی درەختێک ڕاکشاوە. چەند وشەیەکی بە گوێچکەدا دەچرپێنێ.
کوڕە لاوەکە بە ڕووسی دەڵێ: لە کوردستان دەربەندێک هەیە کە پێی دەڵێین دەربەندی داڵەکان. ئەم پیرەمێردە خەڵکی ئەوێیە. هەر لە مناڵییەوە هاتۆتە ئێرە. هۆزەکەی لە جەنگ ڕایانکردووە. لە ژیاندا تەنیا یەک ئارەزووی هەیە، حەز دەکا بگەڕێتەوە و داڵەکان لە بان سەرییەوە ببینێ کە دەسووڕێنەوە.
سەرم لە گێژەوە دێ. قەدەر وا بوو سەرجەم ئەو چیا و دۆڵانە تێپەڕێنم تاکوو بەسەر ئەم چیا کەونەدا بکەوم و چاوم بەم پیرەپیاوە بکەوێ. خۆم پێ ڕانەگیرێ و پێی دەڵێم من ئەم دەربەندە دەناسم، بە سواری ئەسپ پێیدا تێپەڕیوم و داڵەکانم بینی لە بان سەرم لە بۆشاییدا دەسووڕانەوە.
***
نووسەر و وەرگێڕ سۆروور کەسمائی لە تاران لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٨٣وە لە پاریس دەژی. کەسمائی بە دوو زمانی فەرەنسی و فارسی دەنووسێ. یەکەمین ڕۆمانی گۆڕستانی چراکان ساڵی ٢٠٠٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەمساڵیش ڕۆمانێکی بە ناوی "ڕۆژێک بەر لە کۆتایی دونیا" کەوتە بازاڕەوە.

۱۳۹۴/۰۸/۱۸

مێزێک بۆ بردنە ژێر پرسیاری بێلایەنیی سوییس


کۆپییەک لەو مێزەی ساڵی ١٩٢٣ پەیماننامەی لۆزانی لەسەر واژۆ کرابوو، لە لایەن هونەرمەندێکی کوردەوە لە بەردەرکی کۆشکی "روومین" دانرا. ئامانج لەو کارە هونەرییەوە ئەوە بوو ڕای گشتی و سیاسەتمەدارانی سوییس لەمەڕ بێلایەنیی ئەم وڵاتە هێمای پرسیاریان لە مێشکدا دروست بێ.
کچە هونەرمەندێکی کورد بە ناوی میرکان دەنیز کۆپیی ئەو مێزەی پەیماننامەکەی لەسەر واژۆ کرابوو، لە پێش کۆشکەکە دانا. پەیماننامەی ئاماژەپێکراو، سەمبولی پارچەبوونی گەلی کوردە.
میرکان دەنیز لە تەنیشت مێزەکەوە دەڵێ: "بەم مێزە دەمەوێ خەڵکی سوییس بیر بکەنەوە کە ساڵی ١٩٢٣ چ ڕووداوێکی گرنگ ڕووی داوە و چ ئەنجامگەلی گرنگی بە دواوە بووە، بە شێوەیەک کە ئێستاش شوێنەوارەکانی بەسەر هەر دوو گەلی کورد و ئەرمەنەوە ماوەتەوە."
ئەم هونەرمەندە تەمەن ٢٥ ساڵە کە ماوەی پێنج ساڵە لە سوییسە لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێ: "خەڵکی لۆزان و سوییس ئاگاداری ئەم ڕووداوە نین. هەموو شتێکیان بیر چۆتەوە."
ساڵی ٢٠٠٨، ئەم مێزە مێژووییە لە لایەن سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سوییس پاسکال کووشۆپەنەوە پێشکەش بە عەبدوڵڵا گولی سەرۆککۆماری تورکیا کرا. سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی سوییس پێی وابوو ئەم مێزە بەو ڕادەیەی بۆ تورکیا بە نرخە، بۆ ئێمە بە نرخ نییە.
میرکان لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نییە. بە کارە هونەریی و ڕەخنەییەکەی دەیەوێ بە بیر سوییس بێنێتەوە کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەسەر شانە و دەبێ لە بێلایەنبوونی بەگومان بێ. پرسیاری ئەوە بکا ئاخۆ پەیماننامەی لۆزان ئاشتی لەگەڵ خۆیدا هێنا یان ڕێگەی لەبەردەم شەڕ و پێکدادانی درێژخایەن خۆش کرد؟
میرکان پێی وایە دەبێ بە گۆشەنیگایەکی نوێوە سەیری مێژوو بکرێ. مێزەکە ئێستا براوەتە کۆشکی روومین، هەرچەند میرکان حەزی دەکرد لە کۆشکەکەدا لە شوێنە مێژووییەکەی خۆیدا دابنرێ.

شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور


ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی

پەیکەرێک لە نێو پارکێکی نزیک وێستگەیەکی تەریک.
پەیکەری سەگێک و پیاوێک.
سەگەکە ڕاوەستاوە، پیاوەکە بە چۆکدا هاتووە، دەستەکانی لە ملی سەگەکە ئاڵاندوە، سەریشی هەندێک نەوی کردووە. 
چاوەکانی سەگەکە لەو دەشتە دەڕوانێ کە لە لای چەپی وێستگە تا بێ کۆتایی پان بۆتەوە، پیاوەکەش، لە ژوور سەری سەگەکە، چاوی لە پێش خۆیەتی، لە ڕێگەی ئاسن دەڕوانێ کە بە گژوگیا داپۆشراوە، ئەو ڕێگەیەی ماوەیەکی دوور و درێژە هیچ شەمەندەفەرێکی پێدا تێ نەپەڕیوە. ئەو گوندەی وێستگە تەریکەکەی لێ هەڵکەتووە، لە لایەن دانیشووانییەوە چۆل کراوە. هێشتا کۆمەڵێک کەسی شارنشین هەن حەزیان لە سرووشت و تەنیاییە و کە هەوا خۆشی کرد، لێرە دەژین، بەڵام هەموویان ئۆتۆمبێلیان هەیە.
هەروەها پیرەمێردێک هەیە کە لە نێو پارکەکەدا پیاسە دەکا و بانگەشە دەکا ئەو پەیکەری سەگەکەی چێ کردووە و لە کاتی ڕامووسانیدا - چونکە زۆری خۆش ویستووە -، خۆیشی بۆتە بەرد.
کە لێی دەپرسن چۆن شتی وا دەبێ لە کاتیکدا ئەو بە زیندوویی، بە گۆشت و ئێسکەوە، لەوێ ڕاوەستاوە، زۆر بە سانایی وڵام دەداتەوە چاوەڕوانی شەمەندەفەری داهاتوویە کە بەرەو باکوور دەڕوا.
کەس دڵی نایە پێی بڵێ چیتر شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور ناڕوا، ئیدی شەمەندەفەر لێرەوە بەرەو هیچ شوێنێک ناڕوا. پێشنیاری پێ دەکەن بە ئۆتۆمبێل بیگەیەنن، بەڵام ئەو سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، بە ئۆتۆمبێل نا. لە وێستگە چاوەڕێمن.
پێشنیاری پێ دەکەن بیگەیەننە وێستگە، هەر وێستگەیەکی شەمەندەفەری باکوور کە پێی خۆشە.
دیسان سەری ڕادەوەشێنێ.
- نا، سپاس. دەبێ سواری شەمەندەفەر بم. چەند نامەیەکم نووسیوە. بۆ دایکم. بۆ ژنەکەشم. بۆم نووسیون کە بە شەمەندەفەری هەشتی شەو دێم. خێزانم لەگەڵ مناڵەکان لە وێستگە چاوەڕێمە. دایکیشم هەروا. لەو کاتەوەی باوکم مردووە، دایکم بۆ بە خاک سپاردنی چاوەڕێمە. بەڵێنم پێ داوە لە کۆڕی ناشتنیدا بەشدار بم. بەو پێیە دەتوانم ژنەکەم و مناڵەکانیشم ببینم کە… بە جێم هێشتوون. بەڵێ، من بە جێم هێشتن بۆ ئەوەی ببمە هونەرمەندێکی مەزن. نیگارم کێشایەوە، پەیکەرم دروست کردن. ئێستا، حەز دەکەم بگەڕێمەوە.
- بەڵام ئەمانە گشتیان، نامە بۆ دایکتان و بۆ ژنەکەتان، بە خاک سپاردنی باوکتان، گشت ئەمانە قسەی کەنگێن؟
- هی ئەو کاتەی…. ئەو کاتەی سەگەکەمم ژەهرخوارد کرد، چونکە نەیدەویست وازم لێ بێنێ. خۆی بە چاکەتەکەم هەڵدەواسی، دەستەودامێنی پانتۆڵەکەم دەبوو، کە دەمویست سواری شەمەندەفەر بم، دەیقرووسکاند. ئینجا منیش ژەهرخواردم کرد و لە ژێر پەیکەرەکەدا ناشتم.
- پەیکەرەکە ئەودەم لەوێ بوو؟
- نا، بۆ بەیانییەکەی دروستم کرد. پەیکەری سەگەکەمم لێرە چێ کرد، لەسەر گۆڕەکەی. کاتێکیش شەمەندەفەری باکوور هات، بۆ دوایین جار ڕاممووسی و… لەسەر ملی بووم بە کەڤر. تەنانەت بە مردوویش، نەیدەهێشت بڕۆم.
- لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە لێرەن و چاوەڕوانی شەمەندەفەرن.
پیرەپیاو پێدەکەنێ:
- ئەوەندەش شێت نیم کە پێتان وایە. زۆر باش دەزانم من نیم، من لە بەردم، لەسەر پشتی سەگەکەم چەماومەتەوە. ئەوەش دەزانم ئیتر شەمەندەفەر بە ئێرەدا تێناپەڕێ. دەشزانم باوکم لەمێژە نێژراوە، دایکیشم مردووە، ئیتر لە هیچ وێستگەیەک چاوەڕێم ناکا، هیچ کەس چاوەڕوانی من نییە. ژنەکەم مێردی کردۆتەوە، مناڵەکانم گەورە بوون. من پیر بووم، کاکە، زۆر پیر، پیرتر لەوەی ئێوە بیری لێ دەکەنەوە. من پەیکەرم، ناچمە هیچ کوێ. ئەمانە گشتیان، یارییەکن لە نێوان سەگەکەم و مندا، یارییەک کە بە ساڵانە دەستمان پێ کردووە، یارییەک کە سەگەکەم بردییەوە، ڕێک ئەو ساتەی کە ناسیم.

لە ژمارە (٢١٩)ی گۆڤاری ڕاماندا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۴/۰۸/۱۷

هێمۆسێکسوالیتێ لە ئێران

حوسێن و موحەممەد تەمەن ٢٤ و ٢٦ ساڵ، بۆ پیاسە هاتوونەتە "بەهەشتی ونبوو" کە لە نزیک شیراز هەڵکەوتووە.

سێرژ میشێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

هێمۆسێکسوالێتی لە ئێران یەکێکە لەو مژارانەی لەمەڕ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوە  لەگەڵیدا تا ڕادەیەک لە نێوان ڕژێم و خەڵک هاودەنگی هەیە. سەرەتا لە ڕوانگەی قانوونەوە، تاوانێکی گەورەیە کە ماددەی ٢٧ی سزای یاساکانی ساڵی ١٩٩١ی بۆ تەرخان کراوە. سەد قامچی لەو ژنانە دەدرێ کە لێزبیەنن و ئەگەر ئەو پەیوەندییە سێ جار دووبارە بێتەوە، سزای مەرگیان بەسەردا دەسەپێ. سزای پیاوانی هێمۆسێکسوال مەرگە، قازی لێرەدا هیچ شتێکی لەدەست نایە جگە لەوەی لەسەر چۆنیەتی سزای مردنەکە بڕیار بدا کە زیاتر سزای لە سێدارەدانە. ساڵانە لانیکەم دە کەس بەم شێوەیە لە سێدارە دەدرێن. لەوانەشە تاوانی هێمۆسێکسوالی بخرێتە پاڵ لیستی تاوانەکانی جیابیرێکی سیاسیی، بۆ ئەوەی کاربەدەستان لە جێبەجێکردنی حوکمی دڵخوازیان لە لایەن دادگاوە دڵنیا بن. بۆ نموونە نووسەر عەلی ئەکبەر سەعیدی سیرجانی (١٩٩٤ - ١٩٣١) ئەو شتەی بەسەر هات، هەڵبەت ناوبراو بە تەنافی دارەوە نەمرد، بەڵکوو لە ژێر ئەشکەنجەی جەللادەکەی لە گرتووخانە گیانی لەدەست دا.
هێمۆسێکسوالێتی لە ڕوانگەی سیاسییەوە، وەک جۆرێک لادان لە قەڵەم دەدرێ کە هاوردەی ڕۆژئاوایە. چەندین مێژوونووس باس لەوە دەکەن کە ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ ڕقی شۆڕشگێڕانەی خەڵک بەو بیرۆکەیە زیاتر بلێسەی سەندووە کە لە دەرباری شادا هێمۆسێکسوالێتی بە شێوەیەکی ئازادانە برەوی هەیە؛ ئەو دەنگۆیە کاتێک پەرەی سەند کە زەماوەندی نێوان دوو وەزیری کابینەی داد بە مەبەستی جەفەنگ بەڕێوە چوو و خەڵک ڕووداوەکەیان بە جدی وەرگرت. چونکە هێمۆسێکسوالێتی لە نێو کۆمەڵگەدا تابویەکی تووک لێکراوە. تەنانەت زۆر جار هەڵکەوتووە بنەماڵەکان مناڵە هاوڕەگەزبازەکانی خۆیان بە کاربەدەستان ناساندوە، چونکە لە ڕوانگەی ئەوانەوە مناڵەکەیان لە سێدارە بدرێ باشترە تا ئەوەی ئابڕوویان بچێ. ئەوە لە کاتێکدایە کە نوکتەگەلێکی زۆر سەبارەت بە مەیلی دانیشتوانی قەزوێن - شارێک لە ١٢٠ کیلۆمەتری ڕۆژئاوای تاران - بە نێربازی وێردی سەر زمانانە. 
رۆژی ٢٤ی سێبتامبری ٢٠٠٧، سەرۆککۆماری ئێران مەحموود ئەحمەدی نەژاد لە لایەن زانکۆی کۆلۆمبیا لە نیۆیۆرک بۆ "دیالۆگ"  لەگەڵ خوێندکاران بانگهێشت کرا. لە وەڵامی پرسیاری "حکومەتی ئێوە سزای زۆر قورس و تەنانەت سزای مەرگ بەسەر ئەو هاوڵاتییە ئێرانیانەدا دەسەپێنێ کە هاوڕەگەزبازن، بۆچی؟"، ئەحمەدی نەژاد گوتی: "ئێمە لە وڵاتەکەمان وەک ئێوە هێمۆسێکسوالمان نییە. نازانم کێ باسی ئەمەی بۆ کردووی." لێدوانەکەی بووە مایەی سەرسوڕمانی جیهان، بەڵام ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی هەناسەیەکی ڕاحەتیان هەڵکێشا. 
لێ کۆدەنگیی نێوان خەڵک و ڕایەدارانی ئێران سەبارەت بە دژایەتی کردنی هێمۆسێکسوالێتی پشت ئەستوورە بە درۆیەکی گەورەی مێژوویی. چونکە ئەوە هێمۆسێکسوالێتی نییە کە هاوردەی ڕۆژئاوایە، بەڵکوو بیرۆکەی مەرگەکەی هی ڕۆژئاوایە. 
بەرپرسانی ئیرشادی ئیسلامی، کە لە ڕاستیدا هەمان وەزارەتی فەرهەنگە، هەروەها ژمارەیەکی زۆر پرۆفیسۆری ئەدەبیات، هەموو جۆرە بەڵگەیەکیان خستۆتە ڕوو بۆ ئەوەی نکۆڵی لە بوونی ئاماژەی ئێرۆتیکی نێوان پیاوان لە شیعری سۆفیانە و کلاسیکی ئێرانیدا بکەن. بە بۆچوونی ژانێت ئافاریی پسپۆڕ، ئەم پینە و پەڕۆیە، بە لێکۆڵینەوە مێژووییەکان هەڵدەوەشێتەوە. ئەو خانمە، هەروەها لە دوایین بەرهەمەکەیدا بە نێوی "سیاسەتی سێکس لە ئێرانی مۆدێڕندا" ئاماژەی بەوەش کردووە کە پەیوەندیی سێکسی لە نێوان مامۆستایەک و قوتابییەکەیدا دیاردەیەکی باو بووە و لە پڕۆتۆکۆلە هیرارشییەکان و لە ڕیزی خزمەتەکانی قوتابی بە مامۆستا، وەک دیارییەک سەیری کراوە کە قوتابی دەبوایە پێشکەش بە مامۆستاکەی بکا. ئەوەش دیارییەک بووە بەرامبەر بە وانە ئەدەبی، ئایینی، زانستییەکان و هەندێکجار وانە سەربازییەکانی مامۆستا. ئەو نووسەرە هەروەها ڕادەگەیەنێ ناوەندیی سۆزانیگەری پیاوانە تا نیوەی سەدەی هەڤدە لەسەرانسەری ئەو وڵاتە هەبووە کە باجیشیان داوە. ئاماژە بەوەش دەکا سیغە (زەماوەندی کاتی) لە نێوان پیاوان و ژنانی هاوڕەگەزباز لە ئارادا بووە. 
لەسەرجەم ژانرە ئەدەبییەکاندا، دەستەواژەیەک بە نێوی "ئاوێنەی شازادە" دەبینرێ کە بریتیی بووە لە ڕاوێژ و پەندی کوڕ بۆ باوک یان وەزیر بۆ سوڵتان. لە کتێبی قابوس نامە (١٠٨٣) باوکێک بە کوڕەکەی دەڵێ: "لە نێوان ژنان و کوڕانی گەنجدا، تۆ نابێ حەزەکانت لە نێوان ئەم یان ئەودا سنووردار بکەی. دەبێ چێژی خۆت لە هەردووکیاندا بدۆزییەوە بێ ئەوەی خۆت پابەندی لایەنێک بکەی. هاوینان هەوساری هەوەس بەرەو کوڕانی گەنج بەڕەڵا بکە و زستانان بۆ ژنان."
لەسەردەمی دەسەڵاتداریی ناسرەدین شادا کە لە ساڵی ١٨٤٨ەوە تا ساڵی ١٨٩٦ بەردەوام بوو، بوونی کوڕانی گەنجیش وەک بەشێک لە حەرەمسەرا، دیاردەیەکی باو بوو. شا خۆی گەنجێکی بە ناوی مەلیجەک خۆش دەویست کە بە غروورەوە لە بیرەوەرییەکانیدا باسی دەکا، بەو پێیە ئەو حەز و مەیلەی شا بۆ ماچکردنی ئەو هەیبووە، بۆتە مایەی ئیرەیی ژنە سیغە کراوەکانی.
سەرەتای سەدەی بیستەم  لەگەڵ دەسپێکردنی سەردەمی مەشرووتە هەندێک گۆڕان دروست دەبێ. مەشڕووتە بیری دیموکراسیی پەرلەمانی لە ڕۆژئاوا وەرگرتبوو، بەڵام لە هەمانکاتدا، بۆچوونی دژە هێمۆسێکسوالی کارل مارکسی پەژراندبوو. بەمجۆرە دیاردەی هێمۆسێکسوالێتی وەک هێمایەکی پاشڤەڕۆی ڕۆژهەڵاتییانە لە قەڵەم درا. ڕەزا پەهلەوی، دوابەدوای ڕووخاندنی زنجیرە پاشایەتی قاجار لە ساڵی ١٩٢٥ و دانیشتن لەسەر تەختی دەسەڵات، یەکسەر هێمۆسێکسوالێتی بە ناقانوونی ڕاگەیاند و لە ڕۆژنامەکان و وانەکانی قوتابخانەدا، ژمارەیەکی زۆر شیعری کلاسیکی سانسۆر کرد کە ئاماژەی هێمۆسێکسوالییان تێدا بوو. 
ئیتر یەک هاوسەریی ناهاوڕەگەزبازانە کە لە ڕۆژئاوا وەرگیرابوو، بوو بە نیشانەی نیشتیمان پەروەری و مۆدێرنیتە. ڕژێمی نوێ هەروەها دەیویست لە بواری تەکنیکی و زانستیشەوە نموونەی ڕۆژئاوا کۆپی بکا. یەکێک لەو سیما ناسراوە ناسیۆنالیستەی لە نێوان ساڵانی ١٩٣٠ تا ١٩٤٠ دژایەتی هێمۆسێکسوالێتی دەکرد، ئەحمەد کەسرەوی دامەزرێنەری بزووتنەوەی "پاک دینی"یە. ناوبراو شەوانی چلەی هەموو ساڵێ ڕێوڕەسمی کتێب سووتاندنی بەڕێوە دەبرد و کتێبە ''پیس''ەکانی دەسووتاند. کەسرەوی تا ڕادەیەک چووە پێش کە شیعری سۆفیانەی فارسی بە پلانی بریتانیا بۆ دابڕانی ئیران لە شۆڕشی مەشڕووتە و دنەدانی کردەوەگەلی دژە ئەخلاقی لە قەڵەم دا.
ئەمڕۆکە ڕۆژئاوا سەبارەت بە پرسی کەمینەی سێکسوال پێشکەوتنی دەستەبەر کردوە لە کاتێکدا ئێران خۆی بە دەمارگرژییەکی ناکۆک بە ناسنامەکەی بەستۆتەوە. لە ڕابردووی پڕ لە هاوسەنگی، جگە لە نوکتە هیچ شتێکی تر نەماوەتەوە. بە گوێرەی یەکێک لەو نوکتانە، نەیارێکی ڕژێم دەخرێتە ژوورێکی گرتووخانەی قەزوێنەوە.
هاوبەندییەکانی لێی دەپرسن: "لە پاڵ کێدا گیراوی؟ لە پاڵ مامت؟"
- نا...
- ئەی لە پاڵ براکەت؟ لە پاڵ براکەتدا گیراوی؟
- نا....
- ناکا لە پاڵ کوڕەکەتدا گیرابی؟
- نا، نا، ئێوە هەڵەن، کێشەکە سیاسییە...
- ئەها، کەوابێ لە پاڵ ڕژیمدا گیراوی!"

۱۳۹۴/۰۸/۱۵

ڕووبارەکان شایەتی دەدەن


قادر عەبدوڵڵا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان شایەتحاڵن. هیچ شتێک حەشار نادەن. ئەوان لە چیا بەرزەکانەوە سەرچاوە دەگرن. گا گۆرانی دەچڕن. گا هاوار دەکەن، جار جارە بە بێدەنگی  لەگەڵ ئێمەدا دەگرین.
هەندێک جار نەرم و نیانن، جاری واشە تووڕەن، جاری وایە  لەگەڵ خۆیاندا گوڵ دێنن، جاری واش تەرمێک.   
رووبارەکان، هەمان ڕووبارن، جا چ لێرە بخوشن چ لە وڵاتەکەی من. 
کاتێک لێرە بە درێژایی ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، چاوەڕێم ڕووبارەکە شتێکی پێ بێ و ڕووبەڕووی شتێکی چاوەڕواننەکراوم بکاتەوە. 
رووبارەکان دەتوانن جارجارە شتێک دروست بکەن، شێوەی پێ بدەن یان لەقاوی بدەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان بە گشتی تەرمێک  لەگەڵ خۆیان دێنن. جاری وایە بە هەموو هێزی خۆیان، وەک شتێکی نەگریس تەرمەکە بە گاشەبەردەکاندا دەدەن. فڕێی دەدەنە قەراخ و درێژە بە پەنا و پێچەکانیان دەدەن، وێڵ، سەرگەردان. 
جاری وایە ڕووبارێک بە شێوەیەکی جیاوازتر تەرمێک هەڵدەگرێ. دەبینی ئاوەکە ئەو جەستەیە لەسەر دەستەکانی ڕادەژەنێ. گوێت لێ دەبێ کە ڕووبارەکە دەگری، دەبینی وەک شایەتحاڵێک هەڵسوکەوت دەکا. تەرمەکە بە زنارەکاندا نادا. لە قەراخەکان جێی ناهێڵێ. بە پەنا و پێچەکاندا، تەرمەکە لە باوەش دەگرێ و نیشانی هەموومانی دەدا. پاشان، بەرەو دەریا، بەرەو ئۆقیانووسی دەبا.
ڕووبارەکان لە نیشتیمانی من بەمجۆرە شۆڕ دەبنەوە. لە مێشکی منیشدا هەر بەمجۆرە پەنا و پێچ دەکەن.

لە نیشتیمانی من، ڕووبارەکان پەیوەندییەکی تۆکمەیان بە خەڵکەوە هەیە. لە ژیانی هەموواندا، شوێنێکی گرنگیان بۆ خۆیان تەرخان کردووە. ئەوان جێگەی متمانەن. خیانەت بە هیچ کەس ناکەن. گوێ بۆ مرۆڤەکان شل دەکەن و ڕازەکانیان  لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن. 
جارجارە، ئێوارە درەنگان، ژنێک دەبینی خۆی لە چارشێوەکەی پێچاوەتەوە و بە پێ دزە بەرەو ڕووبار دەخوشێ. لە ڕەخی ئارامی ڕووبارەکە، دەست دەکا بە قسە، دەگری و دەئاخفێ. بە دەم گریانەوە، ئەو شتانە دەگێڕێتەوە کە ڕوویان داوە، باسی ڕازەکانی بۆ دەکا. زۆری پێ ناچێ، نیگەرانییەکانی دەڕەوێنەوە و وەکوو سێبەر بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە.
جاری وایە فرمێسکەکان ئالیکار نابن. لە نێو تاریکیدا، ژنەکە تا نیوەڕاستی ڕووبارەکە دەچێ و جەستەی بە شەپۆلە خرۆشاوەکانی دەسپێرێ. 
لە بیر و هزری هاووڵاتیانی مندا، ڕووبارێک دەخرۆشێ کە جەستەی پیاوێکی هەڵگرتووە. پیاوەکە چاویلکەکانی هەروا لە چاوە و ساکێک پڕ لە دەقی ئەدەبی قەدەغەکراوی بە دەستەوەیە.
ئەو پیاوە، سەمەدی بێهرەنگی‌یە، پارتیزانێکی بێ‌چەک، بەڵام دەوڵەمەند بە گەلێک چیرۆک.
لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، سەفیدخانی، چۆمی مناڵیم شۆڕ دەبێتەوە.
چۆمی سەفیدخانی بە بەردەم ماڵی باوکمدا تێدەپەڕی. پردێکی دارین، گەڕەکی ئێمەی بە مێوەکانی ترێ دەبەستەوە، پردێکی سادە کە مانگاکان نەیاندەوێرا بە سەریدا بڕۆن. 
ئێمە بەردەوام لەوبەری چۆمەکە، لەسەر ڕێگەی مێوەکان یاریمان دەکرد. هەمیشە شوێنی خزینی مارەکانمان دەشۆپاند و کە کونەکانیانمان دەدۆزینەوە، دارمان تێ دەوەژاندن.

لە ڕوانگەی منەوە، ڕووبارەکان و مارەکان پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بە یەکەوە هەیە. ئەم بیرۆکەیە بەردەوام ختووکەی مێشکم دەدا. 
کاتێک هەوا گەرم دەبێ، دەستەیەک پیرەماری بریقەدار دەبینی بە هاش و هووش بەرەو ڕووبارەکە دەخزن تاکوو خۆیان فێنک بکەنەوە. بۆ چرکەساتێک لە قەراخ ڕووبارەکە دەوەستن، سەیری ڕاست و چەپیان دەکەن و، ئەگەر کەسی لێ نەبێ، هەموویان تێکڕا بۆ نێو ڕووبارەکە دەخوشن. سەرەتا خۆیان بە پێلە سەرکێشەکان دەسپێرن، پاشان بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن و خۆیان دەگەیەننەوە کەنار بۆ ئەوەی هەمدیس ڕوو بکەنەوە نێو مێوەکان.  

کاتێک لێرە بە قەراخ ڕووباری "ئەیسێل"دا پیاسە دەکەم، بێ ویستی خۆم چاو بۆ مارەکان دەگێڕم، بەڵام تا ئێستا هیچ مارێکم نەبینیوە.
ئەیسێل، جارجارە هەڵخەڵەتێنەرە. هەست دەکەم پۆلێکی بچووک لە مارەکان بەرەو کەنار دەخزن؛ کەچی مار نین، بەڵکوو کۆمەڵێک شەپۆلی ورد و ئارامن کە دێن قەراخ بلێسنەوە و پاشان دەگەڕێنەوە. 
لە نێو دەنگی شەپۆلەکاندا، من بەردەوام گوێم لە هەنیسکی کوڕیژگەیەکە. کاتێک ئێواران درەنگ بە قەراخ ئاودا پیاسە دەکەم، گوێم لەو دەنگە دەبێ. گوێم لێ دەبێ کوڕیژگەکە بانگی کەسێک دەکا. 
ئەوە کێیە ئەو کوڕیژگەیە کە کاتێک بە قەراخ ئەیسێلدا دەڕۆم، لە ناخی مندا دەست دەکا بە گریان؟ 
لە نیشتیمانی خۆم، هێندە سەرقاڵ بووم کە گریانەکەی سەرنجی ڕانەکێشابووم. 
ئێستا کە بە قەراخ ئەیسێلدا پیاسە دەکەم، بە ئاڵۆزی سیمای مناڵیمم دێتە بەر چاو. 
هەشت ساڵم تەمەن بوو و ئەو ڕۆژە هەوا تا بڵێی گەرم بوو. من لەو بەری ڕووبارەکە، لە نێو مێوەکاندا کایەم دەکرد. لەناکاو، گوێم لە قیژەیەکی بەرز بوو. کەسێک لە نێو مێوەکان هاواری دەکرد. بەرەو لای دەنگەکە هەڵاتم. کەسم نەبینی، بەڵام گوێم لە گریان و پاڕانەوە بوو: "وازم لێ بێنن، تکاتان لێ دەکەم، وازم لێ بێنن."
من لە بن پۆلە دارێکەوە بۆ بن پۆلێکی تر ڕامدەکرد و بانگم دەکرد: "ئەوە کێ‌یە دەگری؟"
لەناکاو، پیاوێکی چوارشانە، بە پانتۆڵی داکەنراو، لە نێو دارەکانەوە بەدیار کەوت. کوڕیژگەیەک وەک کەروێشکێکی زامدار لە نێو لاقەکانی پیاوەکە دەرپەڕی. ئەو پانتۆڵەکەی هەڵکێشاوە و بە دووی کەوت. مناڵەکە، ڕەزەکەی تێپەڕاند و بەرەو ڕووبارەکە ڕایکرد. بە پەلە بوو خۆی بگەیەنێتە پردەکە. کتوپڕ، هاوسەنگی لە دەست دا و کەوتە نێو ئاوەکەوە. گوێم لە هات و هاواری دەبوو، بەڵام کاتێک خۆم گەیاندە کەناری ڕووبارەکە، ئەو ون ببوو. 

لێرە، شان بە شانی ئەیسێل، هەر ئان و سات چاوەڕێم لەناکاو پیاوێک لە نێو دارەکانی قەراخ ڕێگە بەدیار بکەوێ. لە خەیاڵمدا، دەیبینم لە پشت دارێک لە دارەکان خۆی حەشار دەدا.
بە زەبیح شار شارۆکێ بانگمان دەکرد، چونکە لە نێو قووڵکەکان، لە پشت دارەکان یاخود لە ژێر پردەکان خۆی دەشاردەوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەکان بە تەڵەوە بکا. 
لێرەکانە، دەیبینم لە نێو مانگاکاندا خۆی حەشار دەدا. لە نێو لاقی مانگا هۆڵەندییەکاندا کە لە قەراخ ئاو خەریکی لەوەڕن، قاچەکانی دەبینم.
ئەگەر نەیتوانیبا کوڕیژگەیەک بگرێ، بە دووی مانگاکان دەکەوت. مانگاکان لێی دەسلەمینەوە. هەر کە لە دوورەوە دەیانبینی، تێیان دەتەقاند. ئەو خۆی دەگەیاندنێ، یەکێکیانی بە گوێ دەگرت و تا داوێنی نشێوێک ڕایدەکێشا و لەوێ خۆی دادەمرکاندەوە. 
کە کارەکەی تەواو دەبوو، بەرەو لای ڕووبارەکە دەڕۆیشت بۆ ئەوەی نێوگەڵی بشواتەوە. ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاوەکە جلیان دەشۆرد، وازیان لە جلەکانیان دەهێنا و بە پەلەپڕوزێ دەگەڕانەوە بۆ ماڵێ. بەمجۆرە، لە چنگ زەبیح شار شارۆکێ، ئەم بوونەوەرە سەیرە، ڕایان دەکرد. 

زەبیح یەكێک بوو لە لایەنگرانی شا. لەبەر ئەوەش کەس نەیدەوێرا سکاڵایەکی لە دژ تۆمار بکا. ئەو بە خاڵ دەموچاوی شای لەسەر سینگی هەڵکەندبوو: تاجێکی گەورەی لە بان سەری کێشابۆوە. 
من بە چاوی خۆم، لە کاتێکدا لە نێو ڕووبارەکە خۆی دەشۆرد، ئەو وێنەیەم لەسەر سینگی بینیبوو. لەسەر پردە دارەکە بووم و بە حەپەساوی لەم سەرە مەزنەی شام دەڕوانی. هەڵترووشکابووم و لە پشت پەرژینێک خۆم حەشار دابوو. زاتم نەدەکرد بجووڵێمەوە، لە ترسان لە جێگەی خۆم ڕەق هەڵاتبووم. ئەو چەندین جار هەوڵی دابوو من بگرێ، وەلێ نەیتوانیبوو. لە پڕێکا، ئەمنی بینی، بەرەو لام ڕایکرد و گوڕاندی: "دەتکوژم، دەتکوژم، هەتیوە بیژووە. دەبینی چیت…"
بە هەموو هێزی پێم، لە پردەکە پەڕیمەوە و بەرەو ماڵێ هەڵاتم. 
یەک بە خۆی هاواری دەکرد: "ئاخریەکەی دەبینی چیت لێ دەکەم؛ شەرت بێ تا هەتایە لە بیرت نەچێتەوە!"
خۆم لە ماڵێ کوتاوە.

ئەو پۆلیسانەی لە شار کاریان دەکرد، هەموویان هاوڕێی بوون، هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نا، بەڵام لێی دەترسان. کاتێک بە لایەنگری لە شا، خۆپیشاندان بەڕێوە دەچوو، زەبیح شار شارۆکێ لە پێش هەموویانەوە ڕێی دەکرد. سینگی دەکردەوە و هاواری دەکرد: "بژی شا! بژی…"
بەردەوام چەقۆیەکی زامن‌داری پێ بوو کە بە جووڵەیەکی وشک دەیکردەوە و دمە ڕووتەکەی نیشان دەدا. چەقۆکەی لە ژوور سەری ڕادەوەشاند و هاواری دەکرد: "ئەوەم بۆ دوژمنانی شا هەڵگرتووە!"

رووباری ئەیسێل زێدەتر بە نێو لەوەڕگەکاندا تێدەپەڕێ، بەڵام بە درێژایی چۆمی سەفیدخانی، خانووی سادە بە دی دەکران کە خەڵک بە دەستەکانی خۆیان دروستیان کردبوون. پەنجەرەکانی ئەم خانووچکانە، دەڕواننە مێوستان و ترۆپکی بەرزی چیاکان بە كڵاوە سپییە کۆنەکانیانەوە. هەندێک دوورتر، لەو لای گەڕەکی ئێمە، نەخۆشخانەیەکی تازەی دوونهۆمی بونیاد نرابوو. کاتێک بە ناو ماڵەکاندا تێدەپەڕین، نەخۆشخانەکە نەدەبینرا، بەڵام لە تەنیشت ڕووبارەکە پەنجەرەکانی بیناکە کە تیشکی خۆریان دەگەڕاندەوە، بە دی دەکران.
رۆژێک، بەیانی زوو، کە چوومە نێو حەسارەکەمانەوە، کتوپڕ شتێکی سەیرم بە حەواوە بینی، بینایەکی بەرزی نوێ، دیوار بە دیواری نەخۆشخانە. هیچی لێ تێ نەگەیشتم. بە ڕاکردن بەرەو ڕووبارەکە ڕامکرد. نەخۆشخانەکە گەورە کرابۆوە. لە جێگەی خانووی کۆن، بینایەکی نوێ بەرەو کەشکەڵان بەرز کرابۆوە. 
دەتگوت سیحربازێک نەخۆشخانە بچووکەکەی بۆ بینایەکی گەورە گۆڕیوە. 
بۆچی پێشتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ 
دەبێ بڵێم نەخۆشی منی لەسەر جێگە خستبوو و دەبوایە بۆ هەفتەیەک لە ژوورێ نەیەمە دەر،  لەگەڵ ئەوەشدا، بە مەحاڵی دەزانم بینایەکی وەها بەرز لە ماوەیەکی وا کەمدا قووت بووبێتەوە. هەرچی بێ ئێستا بیناکە لەوێ بوو. بینیم خەڵک بەو سیوادی بەیانییە لەسەر ئیشن. بارهەڵگرەکان دەهاتن و دەچوون و بار دەکران. پەلەم کرد بۆ ئەوەی هەموو ئەمانە لە نزیکەوە ببینم. بڕوام بە چاوەکانی خۆم نەبوو. بە دەیان کرێکاری خانووبەرە، بە هەموو لایەکدا دەجووڵانەوە. بارهەڵگرەکان، بەرد، خیز و قسڵیان بۆ نێو حەوشەی نەخۆشخانەکە دەگواستەوە. خێرا نیوە خولێکیان لێ دەدایەوە و دەگەڕانەوە. چەند مەکینەیەک خەریک بوون عەرزیان هەڵدەکەند. کێبڵ‌کێشەکان، کێبڵی گەورەیان دەخستە نێو کەناڵە درێژەکانەوە. پاشان کرێکارەکان دەستوبرد خۆڵیان بەسەردا دەکردن. جۆشکارەکان، میلە ئاسنینەکانیان لەحیم دەکرد کە دواتر خێرا لە لایەن مەکینەکانەوە هەڵدەگیران. کارەباچییەکان، لە سووچێکی بیناکەوە بۆ سووچێکی تر ڕایاندەکرد. دارتاشەکان چوارچێوەی پەنجەرەکانیان لە نێو دیوارە نوێیەکاندا جێگیر دەکرد. شووشەبڕەکان دەسبەجێ جامیان تێ دەگرتن و ڕەنگ‌ڕیژەکان، دیوارە شێدارەکانیان ڕەنگ دەکرد. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، جلێکی ئیشی لەبەردا بوو و کوون و کەلێنەکانی بەسەر دەکردەوە. سەرم سووڕمابوو. مرۆڤ مەگەر لە خەودا ئەو هەموو شتە ببینێ. دەتگوت فیلمێکە و هیچی تر.

لە قوتابخانە بوو کە نهێنی نەخۆشخانە نوێیەکەم بۆ دەرکەوت. شا بۆ یەکەمجار سەردانی شارە هەژارەکەمانی دەکرد. ئەوەی ڕاستی بێ، ئەو بەرەو باشوور دەڕۆیشت، بەڵام دەیویست لە شارەکەی ئێمەش لا بدا. لە ڕوانگەی کاربەدەستانەوە، ئەمە کارەسات بوو چونکە شتێکیان نەبوو شا وە گەڕی بخا. بۆیە پێویست بوو پەنا بۆ خەیاڵیان بەرن و تەنیا پانزە ڕۆژیان لەبەر دەم بوو بۆ ئەوەی شتێک بئافرێنن. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە کە کەسێکی تووڕە و تۆسن بوو، پێی گوتن: "ساتەوەختی بەدیهاتنی خەونەکانمە. بەردەوام حەزم کردوە گەورەترین نەخۆشخانەی وڵاتم هەبێ، نەخۆشخانەیەک کە ناوی منی بەسەرەوە بێ. بناغەکانی ئەم نەخۆشخانەیەم وەها قایم ساز کردووە کە تەنانەت دەتوانین تا نۆ نهۆمی بەرز بکەینەوە. بۆ ئێوە، گەرەنتییەک بە نرخێکی گونجاو و بۆ منیش، نەخۆشخانەیەکی گەورە." 
گرێبەست، درەنگانی شەو لە نەخۆشخانە واژۆ کرا. بەڕێوەبەری نەخۆشخانە یەکسەر دەست بە کار بوو بۆ ئەوەی خەونە لە مێژینەکەی وە دی بێنێ. 

بارهەڵگرە سەربازییەکان بە لەز و بەز نەخۆشەکانیان بۆ سەربازگەیەکی کۆن گواستەوە. بۆ بەیانییەکەی، دەیان کرێکاری خانووبەرە، لە بەردەم دەرگای نەخۆشخانە چاوەڕێ بوون. بارهەڵگرەکان، بۆلدوزێر و مەکینەکان لە خاک و خۆڵ وەر درابوون. سێ دەستە بۆ کاری بەردەوام دیاری کرابوون. پۆلێک کرێکار، پاش هەشت سەعات ئیشی تاقەت پڕووکێن، بیناکەیان بەجێ دەهێشت؛ پاشان دەیان ئیشکەری نوێ پێکەوە دەهاتن بۆ ئەوەی جێگەیان پڕ بکەنەوە. 
دواجار، شتێک بەرهەم هات کە لە هەر شوێنێکی تری دونیا مەحاڵ بوو بێتە دی. 
بەرەبەیانی سیانزەهەم ڕۆژ، کاروباری دروستکردنی نەخۆشخانە کۆتایی هات. سێ نهۆمی ژێرەوە، ئامادەی بەکارهێنان بوون، نهۆمەکانی تر، جارێ بەتاڵ بوون. 
خەڵكی لە نێو شار دەیانگوت: " لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، نەخۆشخانەیەکی سپی جوانمان بینی تا کەشکەڵان بەرز بۆتەوە."
نەخۆشخانەکە لە سەرەوە ڕێکی چیا بەرزەکان بوو و لە خوارەوەش، بە داوێنی سەفیدخانی‌یەوە نووسابوو.
ماڵە نزم و ناحەزەکان بوونە کۆسپ و چیتر  لەگەڵ نەخۆشخانەکە یەکیان نەدەگرتەوە. ئیدی لە پێش چاو ون ببوون.

ڕۆژی چاردەهەم، ئیتر هیچ خانوویەک لەوێ نەما. بۆلدوزێر هەموویانی تەخت کرد. جادەیەکی بەرینی قیلەتاوکراو کە تێکەڵ بە ناوەندی شار دەبوو، جێگەیانی گرتەوە. 
هەموو شتێک بۆ پێشوازی لە شا ئامادە بوو. سەعات دوو، سەرجەم کۆمپانیاکان، قوتابخانە و نووسینگەکان داخران. هەمووان بە وێنەیەکی شاوە بەرەو نەخۆشخانەی نوێ هاتن تاکوو بەخێرهاتنی شا بکەن.
قوتابیان و تەماشاچییەکان لە قەراخ جادە ڕاوەستابوون. 
تیشکی خۆر سووتێنەر و قیلی سەر شەقامەکە هەروا دەتوایەوە و بە بن پێمانەوە دەنووسا. کاربەدەستانی شار کۆمەڵێک فەرشی گەورەیان ڕاخستبوو: ڕێگەیەکی دوور و درێژ، بە فەرشی پان و دڵڕفێن ڕازابۆوە.

سەعات دوو و چارەگ، شا، بە فڕۆکە تایبەتییەکەی کە هەر بۆ خۆیشی لێی دەخوڕی، لە فڕۆکەخانە بچووکەکەی سەربازگە نیشتەوە. 
لە نێو بۆنی ڕەنگ و قیلدا، چاوەڕوانی هاتنی شا بووین. 
بۆ بینینی ئەو پیاوەی تەنیا لە وێنەکاندا چاومان پێی کەوتبوو، بێ سەبرانە چرکەکانمان دەبژارد.
من ملم بەرز کردەوە بۆ ئەوەی بزانم ئۆتۆمبیلی شا گەیشتووە یان نا. کتوپڕ، زەبیج شار شارۆکێ وەک دیوارێک لە بەردەمم قووت بۆوە. لە ترسان ڕۆحم بە بەرەوە نەما. هیچی نەگوت. دەمزانی لەو ساتەوەختەدا  لەگەڵ من هیچی پێ ناکرێ، بەڵام ترسی ئەوەم هەبوو لە پێش چاوی هاوڕێیانی قوتابخانەم دەستم بۆ بێنێ. مناڵەکان دەیانناسی و بێگومان زۆر قوتابی دیکە، لە ڕیزی قوربانییەکانی دابوون. بۆی هەبوو هەندێک کەس پێیان وابێ من پەیوەندیم  لەگەڵی هەیە و لێم وە شک کەون. زەبیح ڕووبەڕوو سەیری کردم و من چاوە ترسناکەکانی مارێکم لە سیمایدا بینی. سەیرێکی دەوروبەری خۆمم کرد و بە خۆمم گوت خوایە گیان بمپارێزە. ئەو هاتە پشت سەرم و بە ئەسپایی دەستی بەرەو سمتم درێژ کرد. خوێن لە نێو دەمارەکانمدا وشک بوو. لە ترسان سەقەت ببووم و نەمدەتوانی لە جێگەی خۆم ببزوێم. دەستی بەرەو قایشی پانتۆڵەکەم برد. لەسەر پێستم هەستم بە نووکی پەنجەکانی کرد، لەو کاتەدا قوتابییەکان یەک بە خۆیان گوڕاندیان: "بژی! بژی شا!"
زەبیح وازی لێ هێنام و چووە ڕیزی پێشەوە. 
لیمۆزینێکی ڕەشی گەورە و بریقەدار نزیک بۆوە. بانەکەی کراوە بوو و شا لەسەر کورسی پشتەوە بە پێوە وەستابوو. جلی سوپای پۆشیبوو و کاسکێتێکی گەورەیشی لەسەر کردبوو. جەماوەر چەپڵەیان لێ دەدا، شادومانی خۆیان دەردەبڕی و هاواریان دەکرد؛ شا بە دەست سڵاوی لێ دەکردن. ئۆتۆمبێلە گەورە ڕەشەکە ئێستا بە بەردەمماندا تێدەپەڕی. شا کاسکێتەکەی لا برد، ڕوو لە ئێمە و زەبیح دەستی ڕاوەشاند. زەبیح، لەمە زیاتر نەیدەتوانی بەسەر جۆش و خرۆشی خۆیدا زاڵ بێ، بە قەڵەمبازێک خۆی هاویشتە ناوەڕاستی شەقامەکە و  لەگەڵ ڕاکردن بە دوای ئۆتۆمبێلەکەی شا، گوڕاندی: "بژی پاشای پاشاکان."
پۆلیسەکان دوای کەوتن و گرتیان. شا، ترسی ڕێ نیشت و ئاوڕی دایەوە. زەبیح، پەشۆکاو، هاواری دەکرد: "بژی پاشا."
شا ئاماژەی بە پۆلیسەکان کرد وازی لێ بێنن. زەبیح یەخەی کراسە سپییەکەی دڕاند و وێنەکەی سەر سینگی نیشان دا. سەرەتا شا تێنەگەیشت. بە سەرسووڕمانەوە، لە زەبیحی دەڕوانی کە ملی کراسە پچڕاوەکەی بە دەستەوە گرتبوو و هاواری لەرزۆکی لێ بەرز دەبۆوە: "بژی شا! بژی…"
شا دەستووری بە شۆفیر دا ڕابوەستێ. زەبیح لە چاوترووکانێکدا، کراسەکەی هەڵدڕی و ماسوولکەکانی سینگی دەرپەڕاند. وێنەکە، سەری شا لەسەر سینەی وە جموجوڵ کەوت. شا چاویلکەکەی لە چاو کرد و بە سەرنجەوە لێی ڕوانی. پاشان چاویلکەکانی دانایەوە، سەری زۆر بە هێمنی ڕوەو زەبیح دانەواند و بزەیەکی هاتە سەر لێو. دوایی ئۆتۆمبێلەکە کەوتەوە ڕێ. 
بۆ بەیانی، وێنەیەکی گەورەی شا و زەبیح لە لاپەڕەیەکی یەکەمی ڕۆژنامەیەکی سەر بە دارودەستەی شا بڵاو بۆوە: لە وێنەکەدا شا دەبینرا، چاویلکەکەی بە دەستەوە بوو و بزەیەکی شاهانە لەسەر لێوەکانی نیشتبوو، لەو لاشەوە زەبیح شار شارۆکێ بە تاتۆیەک لەسەر سینگی ڕووتی.

ماوەیەکی زۆر بەسەر ئەم ڕووداوەدا تێدەپەڕێ. کە بیر لە ساڵانی تافی مێرمناڵیم دەکەمەوە، بۆم دەردەکەوێ کە زەبیح مناڵیمی تۆقاندووە. بوونی ئەو، ژیانمی مەحکوومی چوار دیوارییەک کردبوو. زاتم نەدەکرد باڵ بگرم. چیا بەرزەکانی ئەو دیو ڕەزەکان، ڕۆحمیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشابوو، بەڵام زەبیح وای کردبوو دوورەدەست بن. لە پێش چاوم لە دێوزمەیەک دەچوو کە لە بەردەم چوونی من بۆ چیاکان دەبۆوە ئاستەنگ.
لە هەموو شوێنێک، هەستم بە بوونی دەکرد. دەبوایە بەردەوام لەسەر هەست بم بۆ ئەوەی نەکەومە بۆسەیەوە، بەڵام بێهودە بوو و هەر چیم کردبایە، نەمدەتوانی لە چنگی ڕزگار بم.
پاش نیوەڕۆیەکی زۆر گەرمی ڕۆژێکی یەکشەممە، لە کاتێکدا  لەگەڵ هاوڕێیانم لە قەراخ ئاو یاریمان دەکرد، لەناکاو مارێکی ڕەنگ تۆخم بینی کە سەرە قاوەییە مەیلەوزەردەکەی لە کونێکەوە دەرهێنابوو. هەناسەم لە خۆم بڕی و لە جێگەی خۆم نەبزووتم. مارەکە ڕاستەوخۆ سەیری نێو چاوەکانی دەکردم. ئەگەر زەندەقم نەچووبا، ئەگەر لە جێگەی خۆم نەجووڵابامەوە، بێگومان دەخزیەوە نێو کونەکەی، بەڵام دەترسام، ترسێکی ئەوتۆ کە نەمدەتوانی لەسەر ئەژنۆ خۆ ڕابگرم. لە دەوروبەری خۆمم ڕوانی، نیوە خولێکم لێ دا و لەناکاو بەرەو مێوەکان هەڵاتم. بە هەموو هێزی پێ ڕام کرد، بەڵام هەستم دەکرد - یان ڕەنگە خەیاڵم وا بوو - مارەکە بە دوومەوەیە. لە پشت سەرم گوێم لە هاش و هووشی دەبوو کە بە نێو گژ و گیا و پنچکەکاندا دەخووشێ. لە پێشەوەم هیچ شتێک نەدەبینرا. گشت وزەم لە هێزی بیستندا کۆ کردبۆوە بۆ ئەوەی بزانم بە دوامەوەیە یان نا. کتوپڕ، زەبیح لە پشت دارێک لێم دەرپەڕی. سەرم لە زگی درا و کەوتمە سەر عەرزی. سەرم هەڵێنا و چاوم لێکرد. لە ترسان هەڵدەلەرزیم، قوڕگم وشک ببوو و هەستم بە تامێکی تاڵ لەسەر زارم دەکرد. 
"گرتمی هەتیوە بیژووە! ئاخریەکەی هاتیە بەر دەستم."
جەستە زەبەلاحەکەی شۆڕ کردەوە، دەستی ڕاستی درێژ کرد، بە قۆڵ گرتمی و بەرزی کردمەوە. هەترەشم چووبوو، پڕ بە زارم هاوارم کرد، هاوارێکی هێندە بەرز کە ڕاچەنی و دەستی لێ بەردام. هەلم قۆستەوە و لەسەر چۆک دوور کەوتمەوە، پاشان هەستامە سەر پێ و بەرەو پردەکە هەڵاتم. گەیشتبوومە نێوەڕاستی پرد کە هاوسەنگی خۆم لە دەست دا و کەوتمە خوارێ. لە کاتێکدا شەپۆلە بە خوڕەکان دەیانگواستمەوە، من دەمقیژاند و هاوارم دەکرد.

نازانم ئەمە چەندەی خایاند. لە پڕا بینیم نیوەی جەستەم لە نێو ئاو و نیوەکەی تری لەسەر خاکە و بە ئاستەم وە هۆش هاتوومەتەوە. لەناکاو، گوێم لە دەنگی ژنان بوو، هاواریانم دەبیست و نەدەبیست، ئەوان بە دەم گریانەوە لە چوار دەورم ئەڵقەیان بەست. پێیان وا بوو مردووم، بەڵام کاتێک زانیان هەناسە دەدەم، چیتر نەگریان. نەیاندەزانی چیم لێ بکەن. ئاخر ئەوان بەردەوام جەستەی مردوویان لە قەراخ ڕووبارەکە دۆزیبۆوە، نەک جەستەی نیوەمردوو. 
ژنێک بە قیژەیەکی خۆشی بێدەنگییەکەی شکاند، ئەوانی تریش بە هەمان شێوە لە هەلهەلەیان دا. دەیانویست بمبەنەوە گەڕەکی خۆمان، ماڵی خۆمان کە ژنێکیان هاواری کرد: "راوەستن! با سەرەتا ئاوی نێو زگی بێنینە دەرێ."
ئەوان کۆمەڵێک لق و پۆپی وشکیان کۆ کردەوە و ئاگریان پێ خست. پاشان ژنێک منی بە لاق بەرز کردەوە، دەتگوت کەروێشکێکی مردارەوەبووم، لە کاتێکدا کە سەرم لە بان ئاگرەکە بوو، ڕایوەشاندم. گوێم لە قیژە و هاواری خۆشییان دەبوو، گوێم لە دەنگی ڕۆ ڕۆیان دەبوو. ئەوان بە نۆرە ڕایاندەوەشاندم. هەستم بە بڵێسەکانی ئاگر دەکرد کە ڕووخساریان دەلێستمەوە. لەو ساتەدا، هەموو ئاوی سەفیدخانی‌م دەردایەوە.
ژنەکان سەر لە نوێ هەلهەلەیان لێدایەوە. ئەوان بە دەم گۆرانی وتنەوە، منیان بردەوە ماڵێ و بەسەر و برۆی هەڵپڕووزاو، ڕادەستی دایکمیان کردمەوە.
پیرەژنێک گوتی: "مزگێنیت لێ بێ! لەسەر تەوێڵی کوڕەکەت نووسراوە کە زۆر دەژی. سەفیدخانی بە زیندوویی هاویشتیە دەرەوە. دەبێتە کەسێکی بەناوبانگ."

ئەمڕۆکە، ساڵ و ڕۆژگار تێپەڕیون و من نەبووم بە کەسێکی بەناوبانگ. لەسەر تەوێڵم، هیچ نەنووسراوە، دوو وشەی "ڕاکردوو" و "نۆستالژیای تاهەتایی" نەبێ.
ئەو ژنانە دەیانویست لە داهاتووی تاریکیاندا، ڕووناکییەکیان هەبێ، بەڵام من ئەو ڕووناهییە نەبووم، نەبوومە هیوایەک. ئەوان هیچ کامیان بیریان بۆ ئەوە نەدەچوو.
ئاگرەکە، ئەو ئاگرە ڕزگاریدەرە، چەند برینێکی لەسەر جەستەم بە جێ هێشتووە. ئەوانە تەنیا یادگارێکن لەو ڕووداوە ناخۆشە هەڵمگرتوون.

بە قەراخ ڕووباری ئەیسێلدا پیاسە دەکەم و زەبیح شار شارۆکێ دەبینم بە دیار دەکەوێ. دەیبینم دەچێتە نێو دارەکان، دەچێتە نێو ئەو مانگایانەی خەریکی لەوەڕن. دەیبینم لە پشت ستوونی پردێکی کۆنی سەر ئەیسێل خۆی مات داوە بۆ ئەوەی کوڕیژگەیەکی هۆڵەندی بە تەڵەوە بکا.
نازانم، بەڵام پێم وایە مەنفا وێستگەیەکە دەتوانین لێیەوە بەرەو ساڵانی مناڵی بفڕین.
بەر لەوەی ئەیسێل بناسم، زەبیح شار شارۆکێم بە یەکجاری لە بیر چووبۆوە. کە ئەیسێل لە هزری مندا دەستی بە خرۆشان کرد، هاوکات گشت بیرەوەرییەکانمی لە نێو مێشکمدا زیندوو کردەوە. 
دواتر، کە گەورە بووم، ترسم لە زەبیح شکا. ئەوەی ڕاستی بێ، چیتر نەمدەبینی. من جیهانی کتێبەکانم دۆزیبۆوە، بۆ ئەوەی هەموو بیر و سەرنجی خۆم بدەمە سەر کتێبەکان، نیگام بۆ چیا دڵبزوێنەکانی ئەو لای ڕەزەکان وەرسووڕاندبوو. شتی سەرنج ڕاکێش و دوور لە خەیاڵم لەسەر ڕووبارەکانی تر، مارەکانی تر و هەروەها لەسەر ئەو بابەتانە دەخوێندەوە کە تەنیا لە مێشکی کوڕیژگەیەکی دانیشتووی شارێکی هەژاردا جێیان دەبۆوە. بەمجۆرە زەبیح شار شارۆکێ بەرە بەرە لە جیهانی مندا ون دەبوو. من لە گۆشەیەکی تاریکی یادەوەرییەکانمدا بە خاکم سپاردبوو، لە گۆشەیەکی هێند قووڵ و تاریک کە نەیدەتوانی تەنانەت بخزێتە نێو خەونەکانیشمەوە. ساڵانی دواتر، ڕووم کردە پایتەخت بۆ ئەوەی لە زانکۆ بخوێنم. لەوێ، پەیوەندیم بە جووڵانەوەیەکی نهێنی شۆڕشگێڕەوە کرد. لەو ساڵانەدا بوو شۆڕش تەقییەوە و شا تاج و تەختی خۆی بەردا. خومەینی هاتە سەر دەسەڵات و دارودەستەکەی کۆنتڕۆڵی شارەکانیان گرتە دەست. ئەوان، دڵەڕاوکێیان خستە نێو دڵی چەپەکانەوە. 
لەسەر ڕێگەکانی دەرچوون، ئەوان لە سەرکردەکانی ئۆپۆزۆسیۆن دەگەڕان و ئۆتۆمبێلەکەنیان دەپشکنی. ئێوارەیەک کە دەمویست لە تاران ڕا بگەڕێمەوە بۆ شارەکەم، لە بەردەم دەروازەی شار، سەربازێک لە ژێر ڕووناکی شۆق پژێنەکان لە کۆشکی چاودێری هاتە دەر. بە جووڵاندنی تفەنگەکەی، فەرمانی پێ دام ئۆتۆمبێلەکەم ڕابگرم. پێم بە کلاج دانا. سەربازەکە هاتە پێشێ، ڕیشی تا سەر سینگی شۆڕ ببۆوە و هەر دوو دەستی لەسەر چەکە درێژەکەی دانابوو. لە لای چەپی شانی، وێنەیەکی بچووکی خومەینی هەڵواسیبوو.
شووشەی ئۆتۆمبێلەکەم دادایەوە، ئەو سەری بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەم چەماندەوە. یەکسەر گوتی: "ناسنامەکەت".
کتوپڕ لە پشت ئەو ڕیشە خۆڵەمێشییە درێژەوە، من سیمای زەبیح شار شارۆکێم ناسییەوە. 
دووپاتی کردەوە: "پێم گوتن ناسنامەکەتان!"
من ڕاستەوخۆ، لە چاوەکانیم دەڕوانی، لە نێو نیگایدا لەناکاو نیشانەیەکی ئاشنایی بە دیار کەوت. خێرا پاشەکشەی کرد، لە ئۆتۆمبێلەکە دوور کەوتەوە و ئیزنی پێ دام درێژە بە ڕێگاکەم بدەم. 

نازانم لە ساتەوەختی ئەو پێک گەیشتنە چاوەڕواننەکراوەدا بیری لە چی کردۆتەوە، بەڵام من نەمدەتوانی ببمە بەشێک لەم بارودۆخە. دەشمزانی من بە تەنیا نیم. ئەو ئێستا لە پشت خومەینی خۆی حەشار دابوو و لە نێو شاردا، دوو ئەرکی هەرە قێزەوەنی گرتبووە ئەستۆ: سەر بە دەمارگرژترین سەربازەکانی خومەینی و بەرپرسی ژووری ئەشکەنجەی گرتووخانە بوو، ئەو گرتووخانەیەی گیراوە سیاسییەکانی تێدا بەند کرابوو. نەک هەر بۆ گیراوەکان، بگرە بۆ هەموو کەس ببوو بە مەترسییەکی گەورە. کەسانی بە ویژدانی شار نەیاندەتوانی بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن. 

شەوێک، چەند ڕۆژ دواتر، لە بەردەم پەنجەرەی ماڵی خۆمان بە پێوە وەستابووم و سەیری دەرەوەم دەکرد، سەیری تاریکی، ڕووبارە سەرهەڵگرتووەکە و، ئەو مێوانەی مارەکان بە نێو لقە و پۆپەکانیاندا دەخزین و بێگومان گوێیان بۆ ڕووبار ڕاداشتبوو. لەو کاتەدا، گوێم لە هاواری ژنان بوو، ئەو ژنانەی لە قەراخ ئاو جلەکانیان دەشۆن. نەمدەزانی ئەوە قیژە و هاواری خۆشییە یان شین و ڕۆڕۆ، بە پەلە ڕامکردە دەرەوە بۆ ئەوەی بزانم چ باسە. ئەوان لە دەوری تەرمێک ئاپۆرایان بەستبوو. لە ژێر تریفەی مانگدا، جەستەی سەربازێک کەوتبوو، نیوەی لە ئاوەکەدا و نیوەکەی تری لە دەرەوە. ڕیشە خۆڵەمێشییەکەی و وێنەیەکی خومەینی لەسەر سینگی، لە ژێر شۆقی مانگ دەدرەوشانەوە. 
وەکوو نەریت، دەبوایە لە کفنێکی سپی بپێچرێتەوە و ببرێتە گۆڕستان، بەڵام ئێمە خۆمان لە هیچ هەڵنەقورتاند. لە نێو تاریکیدا، بێدەنگ سەیری ماڵەکانی خۆمانمان کرد، ئەو ماڵانەی بە پێ دزە و بە پەنجەی پێ بۆیان ڕۆیشتینەوە. 
 من لە نێو تاریکیدا گەڕامەوە بۆ بەردەم پەنجەرە و سەیری دەرەوەم کرد. مانگ تریفەی دەهاویشت. تەرمەکە لە قەراخ ئاو کەوتبوو و ڕووبارەکە بە پارێزەوە دەخرۆشا. 

ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٤)ی گۆڤاری ''ئیلیان''دا بڵاو بۆتەوە. 

قادر عەبدوڵڵا


حوسێن سەجادی قائیم‌مەقامی فەراهانی ناسراو بە "قادر عەبدوڵڵا"، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆکە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێ و بەرهەمەکانی بۆ گەلێک زمان وەرگێڕدراون، بەڵام کتێبەکانی لە ئێران قەدەغەن و تا ئێستا هیچ کتێبێکی وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی دایکی خۆی. 
نووسەر نازناوی "قادر عەبدوڵڵا"ی لە ناوی دوو شۆڕشگێڕی کوردی هاوڕێی وەرگرتوە کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون. لەمبارەوە لە وتوێژێکدا بە ڕادیۆ فەردای گوتوە: "بەردەوام ویستوومە نوسەرێکی گەورە و باشی ئێران بم، بەڵام گرفتێکم هەبوو و ئەویش پاشناوی باوکی باوەگەورەم بوو؛ میرزا ئەبولقاسم قائیم‌مەقامی فەراهانی، چەندەشم نووسیبا، دیسان هەر ئەو گەورەتر بوو. ئەگەر ناوی خۆم کردبایە قائیم‌مەقامی فەراهانی، بەردەوام ئەو قائیم‌مەقامە فەراهانییەی دی قورستر بوو. ئەو کێشەیەم هەمیشە هەبوو و نەمدەزانی بە چ شێوەیەک چارەسەری بکەم. کە یەکەم کتێبم لە ژێر چاپ هاتە دەر، بە دووی ناوێکدا دەگەڕام، بەداخەوە دوو هاوڕێم ڕێک لەو ڕۆژانەدا لە سێدارە دران. یەکیان ناوی "قادر" و ئەوی تریان "عەبدوڵڵا" بوو. بیرم کردەوە ئەگەر ناوی ئەو دوو هاوڕێیە لە پاڵ یەکتری دابنێم، دەبمە "قادر عەبدوڵڵا".
قادر عەبدوڵڵا لە ڕۆژنامەی "کار"ی زمانحاڵی ڕێکخراوی چریکەکانی فیدایی دەستی بە نووسین کردوە و بە شێوەیەکی نهێنی، دوو کتێبی بە ناوی "کوردەکان دەڵێن چی؟" و "کوردستان پاش بزاڤی خۆڕاگری" چاپ و بڵاو کردۆتەوە. 
قادر عەبدوڵڵا پاش لە سێدارەدانی ئامۆزاکەی ئێرانی جێ هێشتووە و ئێستا لە هۆڵەندا دەژی. گۆشەنووسی یەکێک لە کۆنترین و پڕتیراژترین ڕۆژنامەکانی هۆڵەندا بە ناوی فالکس کرانت-ە.
هەندێک لە کتێبەکانی قادر عەبدوڵڵا بریتین لە: کوردەکان دەڵێن چی؟ - کوردستان پاش بزاڤی خۆڕاگری - کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان - سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان - ماڵەکەی مزگەوت - پێغەمبەر - پاشا.
قادر عەبدوڵڵا ئێستا لە هۆڵەندا دەژی. 

۱۳۹۴/۰۸/۱۳

چوارێنەکانی خەییام


بیستوومە بەهەشتێ هەیە حۆری تێدا
رووباری شەرابی پاکی دەڕوا پێدا
من لێرە مەی و یارێ پەیاکەم چدەبێ؟
دەسکەوتەکە هەر یەکن، بە هەردووک رێدا

گۆیا لە جەهەندەمن ئەویندار و مەست
بەم واتەیە پێکەنیم و گوستی خۆم گەست
جێی چەند کەری کوڵکنە ئەگەر وابێ بەهەشت
یان چۆڵ و بیابان و کپە وەک لەپی دەست

بیرت دێ عەبای پێوە بوو جێ باری لمت؟
ئەو بیری لە دەریای پڕ و پووچا نوقمت
ریشت لە دواوە هاتە دەر، بوو بە کلک
نینۆکی دەس و پێت خڕ و پڕ بوونە سمت

ئەی شووشە بنازم بە دڵی خاوێنت
تاوم بدەرێ بە ئاوی خەم تاوێنت
دەستم بەر ئەدەم لە ئارەزووی دوور و درێژ
مەیگێڕ لەوەلا دەستی من و داوێنت

باش ڕێگە ئەچووم یا خۆ گلابم: ڕابرد
گەر دەورە پەرێز بووم و تەبا بم: ڕابرد
ترسم هەیە بۆم بێتە ژمار ڕۆژی ژمار
ئەو ڕۆژە کە بێ یار و شەرابم ڕابرد

ڕابوێرە بە سەربەرزی، بە نان و ئاوێک
سەر دامەنەوێنە بۆ هەموو ناپیاوێک
لەم ژینە کە هەر دەمێکە دێت و دەڕوا
مەردایەتی مەفرۆشە لە پێناو تاوێک

مەیگێڕ وەرە مەی ئاڵ بدە با بینۆشم
شەش‌دانگی بەهەشت بە شووشەیەک دەفرۆشم
فەرمووتە: لە پاش مەرگ، بەرەو کوێ دەمبەن؟
سەرخۆش کە دەڕۆم کێوە بچم دڵخۆشم

دەمبینی کە خەمبار و کز و داماوم
وا بیر مەکەوە لە مەرگ و کەس ترساوم
مردن کە لە رێمە، هەر دەبێ، ناترسم
ژاکاوی ئەوەم بە ئارەزوو نەژیاوم

زۆر کۆلکە مەلا و شێخ هەیە ڕێ دەگرن لێم
 لایان هەڵەیە لە ژینی خۆشم بدوێم
 خزمینە! نەزانین چبەڵایێکی زلە
 هاتوومە جیهان، دەبێ نەزانم من کێم!

مەیگێڕ وەرە بەرماڵ و جبەی دەفرۆشم
 ڕیشم لە گرێو دەنێم و شەی دەفرۆشم
 تەزبێحی دەسم کە داوی فێڵبازانە
 هەرکەس دەیەوێ، بە چۆڕێ مەی دەفرۆشم

شادی لە مەڕایە، پنجی خەم خۆمانین
 هۆی زۆر و کەمی ڕەوا و ستەم خۆمانین
 راستی و بەزەیی و بەرز و نزم بوون، ئێمەین
 قاشوولە شکاو و جامی‌جەم خۆمانین

مانگی ڕەمەزان نزیکە، پێمان ئێژن
مەی هەرچی هەیە بڕێژن و مەیچێژن
من هێندە ئەخۆمەوە لە کلکەی شابان
 مەست و کەلەلا بۆی دەکەوم تا جێژن

شێخێ بە ژنێ خراپی گوت: بێ‌شەرمێ
 بۆ هەرچی دەست بۆ بەرێ ساز و نەرمی
 پێی گوت: بەڵێ، من وەکوو دیارم هەر وام
 تۆش داخۆ وەکوو نیشان دەدەی، دڵگەرمی؟

وەبزانە جیهان بە ئارەزووی تۆ دەگەڕێ
 ئەم چەرخ و خولەی هەمووی بە فووی تۆ دەگەڕێ
 وەبزانە کە سەد ساڵی ژیای، پاشان چی؟
مەرگێکە لەسەر ڕێگە، لە دووی تۆ دەگەڕێ

چووکێک لە کەلاوەیەک لەبەر لابایێ
 دەیکۆڵی بە دندووکی سەری پاشایێ
 پێم وا بوو دەڵێ: بمگرە گەر دەتوانی
 بەو کەللـەیە سوێند ئەخۆم لە دەستت نایێ

دیم گۆزەکەرێک قوڕی دەشێلا دوێنێ
 دەنگێکم ئەبیست، باوکە کوڕی ئەدوێنێ:
ڕۆڵەم، بەزەییت بە بابی خۆت دانایە؟
 مەمشێلە بە قەو، بە هێمنی پێم لێ نێ!

دڵبەر کە بمانداتێ مەیێک و ماچێ
 بەرماڵ و ڕدێن بە توونی ئاگر دا چێ
 دڵتەڕ لە جەهەندەما بێ، سا دەرکی بەهەشت
 گیراوە بە قوڕ، تازە کەسی تێ ناچێ

گۆیا لە بەهەشت مشەی فشە و خۆراکە
 هۆری و کوڕ و هەنگوین و شەرابی پاکە
 بۆم تێکە بە یادی کۆنەقەرزان مەیگێڕ
 ئەم دەنگی دەهۆڵە تا لە دوور بێ چاکە

شووشەی مەیەکەت بۆ چی ڕژاندم خوایە؟
وەک شووشە، نەشەو دڵت شکاندم خوایە؟
مەیخۆرە منم، کەچی یەکێ تر دەگرێ!
بمبوورە لە پەردە دا گەیاندم خوایە

دنیا بە دەسی دەستە کەر و گایێکە
 هەر جاشەکەرە: وەزیر و پاشایێکە
 دیندار بە کەسێ دەڵێن نەزان و گێژە
 هەرکەس کە دەڵێن کافرە زانایێکە

مەیگێڕ بە سەرت پردی سیڕاتیش کەڵەکە
 سەیرانی بەهەشت سەیری دوو چاوی بەڵەکە
 زۆرم لە خودا ویست و کەمیشی نەگەیی
 هەر تۆبەیە دەمداتێ ئەویش نەم‌گەرەکە

لەم خانە دوو دەرگانە کە پێت تێ‌ناوە
 هاتووی بە پەلە و دەچیتە دەرێ لەولاوە
 ژینت بە خەفەت‌باریە، مەرگیش سەربار
 پێت وایە نەدۆڕاوی؟ خەیاڵت خاوە

پیرم و ئەوەتەی لە بیرمە، ژینم تاڵە
 هەر خۆزگە بە پارە و، گلەیی لەم ساڵە
 لە منت کەوێ مردن دەیەوێم، های مەیگێڕ
دوا کۆچە دەفریام خە دوامین پیاڵە!

  • خەییام بە کوردی
  • وەرگێڕاوی هەژار
  • سروش، تاران ١٣٦٩

۱۳۹۴/۰۸/۱۱

کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن


کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن
نووسەر: حەلیم یوسف
وەرگێڕانی لە کورمانجی ژوورینەوە:
سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: ڕۆمان
چاپی یەکەم: ٢٠١٥
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئەندێشە

هەدەپە لە سوییس زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە


پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە سوییس پلەی یەکەمی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تورکیا دەستەبەر کردووە. 
لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەدا (یەکشەممە - ١ی نۆڤەمبەر) هەدەپە ڕێژەی ٤٥،٧%ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە و بۆتە حزبی یەکەمین. بە دوای هەدەپەشدا ئاکەپە بە ٢٩،١% پلەی دووهەم و جەهەپە بە ١٧،٥% پلەی سێهەم و مەهەپە بە ٥،٦% پلەی چوارەمیان بەدەست هێناوە.
ڕێژەی دەنگەکانی هەدەپە لەچاو هەڵبژاردنەکانی پێشوو (٧ی ژوئەن) کەمیان کردووە. لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەندا هەدەپە توانیبووی ٤٧،٥%ی ڕێژەی دەنگەکان بەدەست بێنێ. 
٤١،٧٣٣ هاووڵاتیی تورکیا لە سوییس، لە شارەکانی زوریخ، ژنێڤ و بێرن دەنگیان داوە و ڕێژەی دەنگدان ٤٤،٧٥% بووە.
لە کۆی ٤١.٧٣٣ دەنگدا هەدەپە ١٨.٨٦٧ دەنگی بەدەست هێناوە. 
حزبێکی دیکەی کوردیش بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردنەکانی تورکیای کردبوو کە لە سوییس ٦٥ دەنگی بەدەست هێناوە.

بێجگە لە سوییس، هەدەپە لە وڵاتانی بریتانیا، فینلاند، ئیتالیا، ژاپۆن، کەنەدا، پۆلۆنیا، تایلەند و ئۆکرانیاش توانیویەتی زۆرترین ڕێژەی دەنگەکان بەدەست بێنێ. 


۱۳۹۴/۰۸/۰۸

گاڤا کوو ماسی تی دبن ب سۆرانی دەرکەت


دیارنامە
رۆمانا حەلیم یوسف "گاڤا کوو ماسی تی دبن" کو بەرێ ژ کوردی ژ بۆ ترکی، ئینگلیزی ئوو فارسی هاتبوو وەرگەراندن ئوو وەشاندن، نها ژ ئالیێ سەلاحەدین بایەزیدی ڤە ژ بۆ سۆرانی هات ئاداپتەکرن ئوو رۆمان ب سۆرانی دەرکەت. هەروها حەلیم یوسف ژ بۆ ڤێ یەکێ دێ لە سلێمانی بەشداری فەستیڤالێ ببە ئوو رۆمانا خوە ئیمزە بکە.
رۆمانا حەلیم یوسف "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ژ ئالیێ وەشانخانەیا ئەندێشە ڤە هاتە چاپکرن. وەشانخانەیا ئەندێشە یەک ژ وەشانخانەیێن سەرەکە یێ باشوورێ کوردستانێ یە. هەتا نها ل سلێمانیێ ب سەدان پرتوکێن ب زمانێ کوردی (زاراڤەیا سۆرانی) وەشاندییە. هەر وسا ئەڤ سێ سالن کوو فەستیڤالەکە چاندی ب ناڤێ ئەندێشە لداردخە. ئیسال وێ فەستیڤال د رۆژێن ١٤ هەتا ١٦ێ مژدارێ دە بە. د فەستیڤالێ دە هەر سال رۆماننڤیسەک تێ خەلاتکرن. هەتا نەها بەختیار عەلی و عەتا نەهایی هاتنە خەلاتکرن. 
خوەدیێ ئەندێشە هەژار مەجید، د رۆژا ٢٧ێ مەهێ دە، د رووپەلا خوە یێ فەیسبووکێ دە، ئەشکەرە کر کوو ئەوێ رۆمانا "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ب سۆرانی بوەشینن ئوو وێ ب ئامادەبوونا نڤیسکارێ وێ حەلیم یوسف د رۆژا ١٥ یێ مژدارێ دە، د چارچۆڤا چالاکییێن فەستیڤالێ دە، بێ بەلاڤکرن. هەر وسا وەشانگەر هەژار مەجید بەحسا قۆناخەکە نوو د رۆمانا کوردی دە دکە، بالێ دکشینە سەر گرنگییا رۆمانا "گاڤا کوو ماسی تی دبن" ئوو ئاوایێ هۆناندنا وێ ئوو ب گەرماییەکە مەزن خوەندەڤانان ڤەدخوینە خوەندنا ڤێ رۆمانا گرینگ.
نها ئەڤ رۆمانا حەلیم یوسف ل سۆرانی هاتە ئاداپتەکرن ئوو ب ناڤێ "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن" ژ ئالیێ وەشانێن ئەندێشە ڤە تێ وەشاندن. ئەڤ یەکەم رۆمانا نڤیسکار یوسفە کوو وێ ب زاراڤایێ سۆرانی بێ وەشاندن ئوو بەلاڤکرن. سەلاحەدین بایەزیدی رۆمان ئاداپتەیی سۆرانی کرییە. 

"ماسی" ب زمانێن بیانی ژی هات خوەندن
چاپا یەکەم ئا رۆمانا ''گاڤا کوو ماسی تی دبن" د سالا ٢٠٠٨ئان دە ژ ئالییێ وەشانێن لیسێ ڤە هات چاپکرن ئوو د سالا ٢٠١٤ئان دە وەشانێن پەیوەندێ چاپا وێ یا نوو پێشکەشی خوەندەڤانان کر. رۆمان هەتا نها ژ بۆ ترکی، ئینگلیزی ئوو فارسی هاتییە وەرگەراندن ئوو وەشاندن.

ژێدەر:
http://diyarname.com/news.php?Idx=17890

۱۳۹۴/۰۷/۳۰

دوێنێ


ناوی کتێب: دوێنێ
نووسەر: ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: ڕۆمان
نۆرەی چاپ : یه‌که‌م
ژمارەی لاپەڕە : 106
ساڵی چاپ: 1394 (2015)
ISBN: 978-600-7748-08-4‬‬‬‬‬‬‬‬
چاپەمەنی مانگ

۱۳۹۴/۰۷/۲۸

بۆ یەکەمجار کوردێک بوو بە ئەندام پەرلەمانی سویس


یەکەمجارە کوردێک لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی سویسدا دەنگ دێنێتەوە. لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا کە ڕۆژی یەکشەممە (١٨ی ئۆکتۆبر) بەڕێوە چوو، ژنێکی کورد لە کانتۆنی بازڵ بووە پەرلەمانتار.  
سیبەل ئەرسلان لەسەر لیستی سەوزەکان خۆی کاندید کردبوو و بە حەوت هەزار و دووسەد و سی و سێ دەنگ زۆرترین ڕێژەی دەنگەکانی لە کانتۆنی بازڵ تۆمار کردووە. 
سیبەل ساڵی ١٩٨٠ لە باکووری کوردستان لەدایک بووە و ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ سویس کۆچیان کردووە. ئەم سیاسەتمەدارە گەنجە لە زانکۆی بازڵ حقووقی خوێندووە. 
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەمساڵدا پارتە ڕاستڕەو و دژە بیانییەکان سەرکەوتنێکی بەرچاویان بەدەست هێنا. حزبی (UDC-SVP) لەچاو هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١١، یانزە کورسی زیاتر بەدەست هێناوە و ژمارەی نوێنەرانی لە پەرلەمان کردۆتە ٦٥ کەس. ئەم ڕێژە دەبێتە یەک لە سێی پەرلەمان و چاوەڕێی دەکرێ حزبی ناوبراو لەگەڵ حزبە ڕاستڕەو و محافزەکارەکانی تردا ئیتیلاف پێک بێنێ. 
حزبی سۆسیالیست کە دووەم حزبی گەورەی سویسە، دوو کورسی لەدەست داوە و لە پەرلەمانی نوێیدا خاوەنی ٤٦ کورسییە. لە لایەکی ترەوە، چەپی ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا توانیویەتی کورسییەک بەدەست بێنێ.
پەرلەمانی سوییس بڕیارە ڕۆژی نۆی دێسەمبەر دەوڵەتی نوێ پێک بێنێ.

۱۳۹۴/۰۷/۲۶

گاڵتە


ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

مناڵەکە فێر ببوو ناوی خۆی بنووسێ.
باوکی زۆری پێ خۆش بوو. گوتی:
"ئەی لەو بێ نامووسەی! چ زوو فێری نووسین بووە!"
ئەو خۆشییەی لە دڵی باوک گەڕابوو، مناڵەکەشی خۆشحاڵ کردبوو.
لە بەر ئەم وشانە نووسیەوە:
"دەرگا."
"نۆرە."
"قوتابخانە کرایەوە."
باوکی گوتی:
"ئەم گەوادە زۆر زرینگە. دەبێتە پیاو، ئەقڵم بە جارێ وەستاوە."
مناڵەکە لە ژمارە یەک تا دەی نووسیەوە.
باوکی لە خۆشیان نەیدەزانی بڵێ چی. 
"هەی کەری کەرباب هەی! کوڕە خۆ ژمارەکانیش فێر بووە!"
مناڵەکە ئەو وێنانەشی نیشانی باوکی دا کە کێشابوونیەوە. دارەکان و ماڵەکان بە خەتی ساکار و خوار و خێچ کێشرابوونەوە، خۆرێکی دەم بە بزە و خەپەڵەش کە تیشکۆڵەکانی بە ڕەنگی زەرد پەخش کردبۆوە…
باوکی مەیلی بزووت و گوتی:
"راوەستە، با ئەمنیش وێنەیەک بکێشمەوە."
رێک لە نێوەڕاستی دەفتەری نیگارکێشیدا، بە قەڵەمێکی کەسک، دارێکی پڕ پەلکی کێشایەوە، بە قەڵەمی سوور و زەرد، دارەکەی گوڵ ڕێژ کرد؛ لەسەر لکەکانیش مەلی پۆپە ئاڵ، مۆر و پرتەقاڵی تۆخی هەڵنیشاند.
"ئەمە داری چییە باوکە؟"
"دەبێ داری چ بێ، دارە ئیتر!"
"باشە ئەو کەڵەبابانە بۆ چوونەتە سەر دارەکە؟"
"کەڵەباب؟ کەڵەبابی چی؟ ئەوانە کەڵەباب نین، مەلن."
"مەلن؟ ئەوە چ جۆرە مەلێکن ئەو مەلانە؟"
باوک چ ناوێکی بۆ ئەو مەلانە پێ شک نەدەهات.
دایکی کەوتە نێو قسەکانیان و گوتی:
"ئەوانە مەلی باوکتن کوڕم."
پێکەنین.
وێنەکانی باوک، نە لە ڕواڵەت و نە لە ڕەنگ کردندا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وێنەکانی مناڵەکەدا نەبوو.
….
رۆژێک لە ڕۆژان، مناڵەکە لە کاتێکدا دەیویست بچێ بۆ قوتابخانە، تووشی بە تووشی ڕووداوێک بوو.
ئاپۆرایەکی قەرەباڵغی ژنان و پیاوانی بینی.
مناڵێکی پێخواس دەگریا.
کابرایەکی چەقۆ تیژکەر لەگەڵ پیاوێکی قەڵەوی بیجامەپۆش بە دەنگێکی بەرز دەمەقاڵەیان بوو.
پیاوە قەڵەوەکە دەیگوت:
"لەسەر قسەکەم سوورم هەتیو، قسەکەم وەرناگرمەوە! دیسان دەیڵێمەوە: تۆ کابرایەکی بێ نامووسی!"
پیاوە چەقۆ تیژکەرەکە توڕە ببوو، ڕووخساری سپی هەڵگەڕابوو و دەلەرزی. دەیگوت:
"قسەکەت وەربگرەوە!"
"نەخێر!"
"من بێ نامووس نیم، بە ئارەقی نێوچەوانم نانی ڕۆژانەم دابین دەکەم؛ ئەگەر کەسێکی بێ نامووس هەبێ، ئەوە تۆی!"
پیاوە بیجامە لە بەرەکە بە یەکجاری هەڵچوو و شاڵاوی بۆ کابرای چەقۆ تیژکەر برد. چەند کەسێک پێشیان پێگرت.
پیاوە قەڵەوەکە دەست و پیلی ڕادەوەشاند و دەیگوت:
"هەتیوە جاشکە کەرە! دەزانی ئەمن کێم؟"
"کارم بەوە نییە تۆ کێی. ناتوانی بە من بڵێی بێ نامووس. بێ نامووس و جاشکە کەریش خۆتی!"
هەرچەند ناوبژیوانکەران دەیانگوت "وا مەکەن"، "تکایە"، "شوورەییە"، بەڵام نەیانتوانی پێش بە شەڕە دندوکی ئەوان بگرن. 
کابرای چەقۆ تیژکەر مقەستێکی ژەنگاوی بە دەستەوە بوو بۆ ئەوەی تیژی بکا، لە ناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، مقەستەکەی لە ورگی پیاوە بیجامە پۆشەکە ڕۆ کرد. پیاوە بیجامە پۆشەکە خەڵتانی خوێن بوو. 
مناڵەکە سەری سووڕمابوو، لە ترسان لەو شوێنە دوور کەوتەوە.
لە کاتێکدا بەرەو قوتابخانە ڕایدەکرد، بیری دەکردەوە. 
ئەو پیاوە چەقۆ تیژکەرە بۆچی لە کابراکەی تری دا؟
چونکە گوتبووی "بێ نامووس"، "هەتیوە" و "جاشکە کەر"؟
ئەگەر ئەم وشانە بەو ڕادەیە خراپن، بۆچی باوکی بەردەوام پێی دەڵێ "هەتیوە بێ نامووسە"، "حەیوان"، "گەواد"، "کەر کوڕی کەر"، ''جاشکە کەر"؟
وەڵامێکی ڕوون و قایلکەری بۆ ئەم پرسیارانە نەدەدۆزییەوە.
مناڵەکە مەراقی نەشکا. لە کاتی وانە گوتنەوەدا، دەستی بەرز کردەوە و گوتی:
"مامۆستا!"
مامۆستا گوتی:
"چییە؟"
مناڵەکە هەستایە سەر پێ و گوتی:
"مامۆستا. گەواد یانی چی؟"
خوێندکارەکان پێکەنین.
مامۆستا کە چاوەڕوانی وەها پرسیارێک نەبوو، دۆش داما. لەسەر ماناکردنەوەی وشەکە دوودڵ بوو. دواجار گوتی:
"بۆچی ئەو پرسیارەت کرد؟"
مناڵەکە گوتی:
"باوکم.. باوکم بەردەوام پێم دەڵێ گەواد."
مناڵەکان سەر لە نوێ پێکەنینەوە.
مامۆستاش پێکەنی و گوتی:
"باوکت لە خۆشەویستیان وات پێ دەڵێ."
"ئەی بێ نامووس یانی چی؟"
"ئەمەشیان قسەی باوکتە؟"
"بەڵێ!"
مامۆستا گوتی:
"گاڵتەیە. بە گاڵتە وات پێدەڵێ. دیارە باوکت تۆی زۆر خۆش گەرەکە."
مناڵەکە بێ تاقەت لەسەر جێگەکەی دانیشتەوە. 
لەو کاتەدا هاوپۆلەکەی تەنیشتی سەری بردە پێش و بە گوێیدا چرپاند:
"گەوادی بێ نامووس!"

۱۳۹۴/۰۷/۲۲

ماڵی ئاگۆتا کریستۆف


کۆڵانی  Neubourg، دەرگای ئەو بینایەی ئاگۆتا کریستۆف لێی دەژیا. 
نۆشاتێڵ، ٢٠١٥.

ململانێی نووسەران لەگەڵ دەزگاکانی چاپ لە کوردستان


ئا: شۆڕش محەمەد
ڕۆژانە بەر مشتومڕو گلەیی زۆرێک لە نووسەران دەکەوین کە بەرامبەر دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە هەڵی دەڕێژن.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر کێشە و گرفتەکانی نووسەرانی کورد لەگەڵ دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی (وەرگێڕ)
پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە
*كێشەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەی كتێب لە كوردستان و بەتایبەتی لە شاری سلێمانی لە چیدا دەبیننەوە؟ 
- چاپی کتێب لە کوردستان بۆ هەندێک کەس زۆر ئاسان و بۆ هەندێک کەسیش زۆر ئەستەمە. لە ڕوانگەی منەوە، هۆکاری ئەو ناکۆکییە بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی بەڕێوەبردن و کارکردنی ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە کوردستان. دەتوانم بڵێم پێوانەی زۆربەی هەرە زۆری ئەو ناوەندانە بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبێک، تاکەکەسی و سەلیقەییە و لە سەر بنەمایەکی زانستی و ستراتیژی نییە. بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندانە یان ئەوەتا لە کەسانی نووسەر و ئەدیب پێک دێن و هەتا کتێبی خۆیان و دەوروبەریان لەوێ بێ، ناپڕژێنە سەر کتێبی ئەوانی تر، یان ئەوەتا لە کەسانی بازرگانی ئەم بوارە پێک دێ کە ئەوانیش بە گوێرەی بازاڕ هەڵسوکەوت دەکەن نەک بە گوێرەی دەق. کەسێک کە بیەوێ کتێبێک چاپ بکا، دەکەوێتە نێوان بەرداشی ئەم دوو هەڵسوکەوتەوە. لە وڵاتانی ئەوروپا ئەستەمە بزانی وەشانخانەیەک سەر بە چ کەس یان گرووپێکە، چونکە بە گوێرەی کۆمەڵێک ستاندار کار دەکەن، بەڵام لە کوردستان بە پێچەوانەوە، تەنانەت کەسێک لە بواری نووسین و وەرگێڕانیشەوە کار نەکا، دەزانێ کەس یان کەسانی پشت ئەم دەزگایانە کێن و ئەوەش بە ڕوونی پێمان دەڵێ کە ئەو دەزگایانە قۆرخ کراون و هەر دەزگایەش کۆمەڵێک دەوروبەری تایبەت بە خۆی هەیە. 

*تا چەند دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە خاوەن ستراتیژ و بەرنامەیەكی دروستی كاركردنن لە چاپكردنی كتێبی نووسەراندا؟ تا چەند لایەنی هاوڕێیەتی ڕۆڵی هەیە لە بڵاوكردنەوەی كتێبدا؟ 
- دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ستراتیژی و بەرنامەیەکی ئەوتۆیان نییە. بەرنامەی دەزگا حکومییەکان پەیوەندی بەو بودجەیەوە هەیە کە لە لایەن حکومەتەوە بۆی دیاری دەکرێ و هی ناوەندە سەربەخۆکانیش زیاتر پەیوەندی بە بازاڕەوە هەیە. یانی بازار و خوێنەری کتێبە کە بەرنامەی ئەو ناوەندانە دەست نیشان دەکا، هەتا کاتێکیش بازاڕ ئەوان بە دووی خۆیدا ڕابکێشێ، مەحاڵە بتوانی باس لە بوونی ستراتیژییەکی دیاریکراو بکەی. ئەگەر بازار و پێوانەی تیراژ، بەرنامەی کاری ناوەندێک دیاری بکا، ئەوە ناوەندە زیاتر چەندایەتی چاپ، زۆری و بۆری و ڕێکوردی بۆ گرنگ دەبێ تا چۆنایەتی و ناوەڕۆک. پڕفرۆشبوونی کتێبێک، نیشانەی ئەوە نییە ئەو کتێبە بێ کەموکوڕییە. پڕفرۆشترین کتێبەکان بگرە لە ئەوروپا لەوانەیە ڕێبەرنامەکان و کۆمەڵێک کتێبی هاوشێوە بن، لە کوردستان تەنانەت ناوەندە جدییەکانیش دەکەونە داوی ڕێژەی خوێنەر و تیڕاژەوە. 

*زۆرێك باس لە پشتگوێخستنی هەندێك نووسەر دەكەن لەلایەن دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە بەو بیانووەی كە نووسەری ناسراو نیین، زیاتر بایەخ بە نووسەرە دیارەكان دەدەن؟ ئایا ئەم پێوەرە بۆ هەڵسەنگاندنی نووسین دروستە؟
- بە داخەوە وایە و بێگومان پێوەرێکی هەڵەیە. دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە زۆر بێ منەتن لەوەی کەسێک کتێبێک لە لای ئەوان چاپ بکا. چونکە یان کارمەندەکانیان نووسەر و وەرگێڕن و دەتوانن لە ماوەی ساڵێکدا ئەو ژمارە کتێبە چاپ بکەن کە گەرەکیانە، یا ئەوەتا کۆمەڵێک نووسەری ناسراو هەن و دەتوانن کات و ناکات بۆشایی بازاڕی پێ پڕ بکەنەوە. ناو و ناوبانگ، نەک تەنیا نووسەر و وەرگێڕەکانی لای خۆمانی کردۆتە قوربانی، بەڵکوو نووسەرە دەرەکییەکانیش بەو دەرد بردووە. ئەگەر بتەوێ کتێبێکی وەرگێڕدراو لای ناوەندێک چاپ بکەی، سەرەتا بە دوای ئەوەدا وێڵ دەبن کە بزانن نووسەرەکەی ناسراوە یان نا. پێوەری ناسراوبوونیش، بەداخەوە ناسراوبوونێتی لە نێو کۆمەڵگای فەرهەنگیی فارس و عەڕەبدا. بە هۆی ئەوەی ئێمە زیاتر لە ڕێگەی زمانی فارسی و عەڕەبیەوە، نووسەرانی و ئەدەبیاتی دونیامان ناسیوە، ئەگەر کەسێک لای خوێنەری ئەوان ناسراو نەبێ، بە لای ئێمەشەوە گرنگ نییە. لە کوردستان، زۆر ناوەندی چاپ هەیە لە ماوەی ساڵێکدا سێ چوار کتێبی نووسەر یان وەرگێڕێکی ناسراو چاپ دەکا، بەڵام کە نۆرە دەگاتە کەسێکی نەناسراو، ئەو ناوەندە، بوودجەی لێ دەبڕێ، پەڵپ و بیانوو دێنێتەوە و بێ ئەوەی کتێبەکەت بخوێنێتەوە، دەتخاتە نێو پڕۆسەیەکی بیرۆکراتی تاقەتپڕووکێنەوە.

سەرچاوە:
گۆڤاری ڕۆژی سلێمانی، ژمارە ٢٣، نیسانی ٢٠١٤.