۱۳۹۴/۱۱/۰۸

خوێندکارێک بۆ یەکەمجار سیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بە کوردی چاپ دەکا


سەلاحەدین بایەزیدی کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە و تازە بڕوانامەی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەرەنسی وەرگرتووە، بۆ یەکەمجار سیانەی بەناوبانگ  (دەفتەری گەورە، بەڵگە، سێهەم درۆ) لە نووسینی ئاگۆتا کریستۆف (١٩٣٥ - ٢٠١١) کە ئەویش کاتی خۆی خوێندکاری هەمان ئەنیستیتۆ بووە، لە چاپخانەی مانگ لە تاران چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

ئەمە یەکەمجار نییە خوێندکارێکی زانکۆ ئەدەبیاتی نۆشاتێل بە دەرەوەی سنوورەکانمان دەناسێنێ. ساڵی ٢٠٠٥، کچە خوێندکارێکی کۆرسی هاوینە بە ناوی ژوولیەتا مۆلێئانوو بۆ یەکەمجار "باشترین بیرۆکەکانی کوشتارگا"ی (٢٠٠٢) ژان بێرنارد ڤییێمی بۆ سەر زمانی ڕۆمانی وەرگێڕابوو.

سەرچاوە:
ماڵپەڕی زانکۆی نۆشاتێل

۱۳۹۴/۱۱/۰۱

تەشۆ


''فەرموون دکتۆر. بەڵێ. ئێرەیە. بەڵێ، من بووم تەلەفۆنم بۆ ئێوە کرد. مێردەکەم ڕووداوێکی بەسەر هاتووە. بەڵێ، وا هەست دەکەم ڕووداوێکی مەترسیدارە. بگرە زۆر مەترسیدار. دەبێ بۆ نهۆمەکەی تر سەرکەوین. ئەو لە ژووری خەوتنە. بە ئێرەدا. بمبوورن، جێگاکە هەڵنەگیراوەتەوە. ئێوە لێم تێ دەگەن، من هەندێک حەپەسام کاتێک ئەو هەموو خوێنەم بینی. لە خۆم دەپرسم بە چ ورەیەکەوە دەتوانم خاوێنی بکەمەوە. پێم وایە بەم زووانە دەبێ بچم لە شوێنێکی تر بژیم.

"ئەوەش ژوورەکەیە، فەرموون. ئەو لێرەیە، لە نزیک تەختی خەو، لەسەر فەڕشەکە. دمە تەشۆیەک لە نێو کەلـلەسەری دایە. دەتانەوێ شیکاری بۆ بکەن؟ بەڵێ، شیی بکەنەوە. بە ڕاستی ڕووداوێکی گەمژانەیە، وا نییە؟ لە جەرگەی خەودا، لەسەر تەختەکەی بەربۆتەوە و بەسەر ئەو تەشۆیەدا کەوتووە.

''بەڵێ، ئەو تەشۆیە، هی خۆمانە. بە گشتی لە تەنیشت ئاگردانەکەی هەیوان دادەنرێ و کۆلکەداری پێ لەت دەکەین.

''بۆچی لە کن قەرەوێڵەکە بووە! لە من دەپرسن! ئەشێ بۆ خۆی ئەم تەشۆیەی لە پاڵ تەختەکە دانابێ. ڕەنگە لە دز و شتی وا ترسابێ. ماڵەکەمان لە شوێنێکی چەپەک هەڵکەوتووە.

''دەڵێن ئەو مردووە؟ من هەر یەکسەر بیرم بۆ ئەوە چوو کە مردبێ. بەڵام بە خۆمم گوت باشتر وایە دکتۆرێک پشتڕاستی بکاتەوە.

''دەتانەوێ تەلەفۆن بکەن؟ بە ڕاست؟ تەلەفۆن بۆ ئامبوڵانس دەکەن، وا نییە؟ بۆ پۆلیس؟ بۆچی پۆلیس؟ ڕووداوێکە و قەوماوە. ئەو لەسەر تەختەکەی کەوتوە، بەسەر تەشۆکەدا کەوتووە، هەر ئەوەندە. بەڵێ، ڕووداوێکی سەیر و بەدەگمەنە. بەڵام زۆر جاریش شتی ئاوا گەمژانە ڕوو دەدەن.

''ئاخ! ڕەنگە پێتان وابێ من تەشۆکەم لە تەنیشت قەرەوێڵەکە داناوە بۆ ئەوەی بە سەریدا بکەوێ. بەڵام من چۆن بتوانم پێشبینی بکەم کە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی دەکەوێ!

''تەنانەت لەوانەیە پێتان وابێ من پاڵم پێوە ناوە و پاشان بە ئارامی بۆی خەوتووم، دواجار بە تەنیا لەسەر تەختە گەورەکەمان، بێ ئەوەی پرخەپرخی ببیستم و بۆنەکەیم بۆ بێ!

"بڕوانن دکتۆر، ئێوە شتی وا وێنا مەکەن، ئێوە ناتوانن..

"ڕاستە، زۆر باش بۆی خەوتم. ئەوە بۆ چەند ساڵ دەچێ وا باش نەخەوتووم. تا سەعات هەشتی بەیانی وە خەبەر نەهاتم. لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوەم کرد. بای دەهات. هەورەکان بە ڕەنگی سپی و خۆڵەمێشی لە پێش خۆر یارییان دەکرد. هەستم بە بەختەوەری دەکرد و بیرم لەوە دەکردەوە قەت ناتوانی هیچ شتێک لە هەورەکانەوە بزانی. لەوانەیە بڵاو ببنەوە - هێندە توند غار دەدەن -، لەوانەشە لەسەر یەک کەڵەکە بن و بەسەر شان و پێلی ئێمەدا وەک باران بێنە خوارەوە. بۆ من جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. بارانم زۆر خۆش دەوێ. جگە لەمە، ئەم بەیانییە هەموو شتێک باشتر دەهاتە بەر چاوم، هەستم دەکرد دوورم لە کەسەرێک کە ماوەیەکی درێژە…

''جا لەو کاتەدا کە ئاوڕم دایەوە، چاوم بەم بوویەرە کەوت و یەکسەر تەلەفۆنم بۆ کردن.

''ئێوەش هەروا، ئێوەش دەتانەوێ زەنگ لێبدەن. فەرموون ئەوەش تەلەفۆن. ئێوە زەنگ بۆ ئامبوڵانس لێدەدەن. ئێوە تەرمەکە دەبەن، وا نییە؟

''ئێوە دەڵێن ئامبوڵانس بۆ منە؟ لە مەبەستتان تێناگەم. من بریندار نیم. من هیچ کوێم ناهێشێ، من زۆر باشم. خوێنی سەر کراسی خەوەکەم، خوێنی مێردەکەمە، ئەو کاتە پڕژا کە…"

ئەم چیرۆکە، لە گۆڤاری 'رامان'، ژمارە (٢٠٣)دا چاپ و بڵاو بۆتەوە:
http://raman-media.net/203/r10.pdf

۱۳۹۴/۱۰/۳۰

حەمەدۆک (بەرگی یەکەم)


ئەحمەدە زلە لەو کوێستانانەدا ئەفسانەیەک بوو. دایکان مناڵەکانیان بە ناوی ئەحمەدە زلەوە ژیر دەکردەوە. ئەحمەدە زلە، هەروەک ترسی دەخستە دڵانەوە، ئارامی و خۆشەویستیشی دەدانێ، ئەو توانیبووی ئەم دوو هەستە لە پەنای یەکتر لەو کێوانەدا بە زیندوویی ڕابگرێ. هەر یاغییەک نەتوانێ ئەو ترس و خۆشەویستییە لە پەنای یەکتر لە دڵان دا دروست بکا، ناتوانێ لە ساڵێک زیاتر لە کێوەکان دا بژی. شتێکی ژیانی یاغییەکان دەپارێزێ، ترس و خۆشەویستییە. خۆشەویستی بە تەنیا زەبوونییە و ترسی بە تەنیاش ڕق و قینە.
***
حەمەد بۆ یەکەمجار خۆی لەگەڵ شتێک و جێیەک بە نامۆ دەهاتە بەرچاو. ئەم نامۆییە لە خۆی بوو. خۆی لە خۆی نامۆیی دەکرد. چاوی بە تفەنگەکەی کەوت. لە پاشان سەروسەکوتی خۆی هێنایە پێش چاوی. تەواوی سنگی لە راست و چەپ فیشەکدان بوو… چەند نارنجۆک و قەدارەیەکی گەورە بە لای راستی پشتێندەکەیەوە هەڵاوەسرابوون. تەقیلەیەکی رزیو و چڵکنی بە سەرەوە بوو. لە هەمووش خراپتر ئەوە بوو کە تەقیلە کۆنی دۆردووە شێت بوو… لە دڵی خۆی دا گوتی: "ئیدی یاغی بووین… لەمەودواش هەتا مردن دەبێ یاغی بین…"


حەمەدۆک (بەرگی یەکەم)
نووسینی: یەشار کەمال
وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا حەسەن زادە
دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی

۱۳۹۴/۱۰/۲۰

ناڕەزایەتی سۆسیالیستەکانی سویسرا لەمەڕ هەڵسوکەوتی پۆلیسی ئەو وڵاتە لەگەڵ کوردەکان


جیاوازی لە ڕووبەڕووبوونەوە و شێوازی هەڵسوکەوتی پۆلیسی سویسرا لەمەڕ خۆپیشاندانە جۆراوجۆرەکان سەرنجی سیاسەتمەدارانی سۆسیالیستی ڕاکێشاوە.
پەرلەمانتاری پارتی سۆسیالیست ژان شارل ریەل ڕۆژی چوارشەممە بەسەرسووڕمانەوە لە وێبلاگەکەیدا نووسی: "کاتی ئەوە هاتووە باسی ستراتژی پۆلیسی وڵاتەکەمان و هەڵسوکەوتە جیاوازەکانی بکرێ."
ڕۆژنامەکان دەپرسن: بۆچی ڕۆژی ١٩ی سێپتەمبری ساڵی ڕابردوو دەیان تێکدەر توانیان ڕووخساری نێوەندیی شاری ژنێڤ بشێوێنن بێ ئەوەی ئاو لە ئاو تەکان بخوا؟ کەچی ڕۆژی سێشەممە ٥ی ژانوییەی ئەمساڵ پۆلیس لە فڕۆکەخانە بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندانی کوردەکان بۆوە و چوار خۆپیشاندەر قۆڵبەست کران کە دەیانویست هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا شەرمەزار بکەن.
بە بۆچوونی ژان سانشێ پەرلەمانتاری سەر بە بزووتنەوەی هاووڵاتیی ژنێڤ "تێکەڵبوونی لەڕادەبەدەری سیاسەت لەگەڵ ئۆپەراسیۆنەکان، هەڵسوکەوتی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە."
وەزارەتی ئاسایش ڕەتی دەکاتەوە لەسەر بۆچوونەکانی پەرلەمانتارەکەی سۆسیالیست شتێک بڵێ.
وتەبێژی پۆلیسیش بێ ئەوەی ئاماژە بە چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو دوو خۆپیشاندانە ئاماژەپێکراوە بکات، تەنیا باسی هی کوردەکان دەکا و دەڵێ: "ئەو شوێنەی خۆپێشاندانەکەی لێکرا، پۆلیس بەردەوام تیایدا ئامادەیە و بە پێنج دەقە هێزە ئەمنییەکان گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە. ئێستا ململانێیەکی خورت لە نێوان کوردەکان و تورکەکاندا هەیە و پێویستە زوو موداخلە بکرێ."
پاش نیوەڕۆی سێشەممە ٥ی ژانوییە چەند کوردێک لە فڕۆکەخانەی ژنێڤ خۆپیشاندانێکی مۆڵەت پێنەدراویان دژ بە تورکیا بەڕێوەبرد کە دەسبەجێ لە لایەن پۆلیسەوە سەرکوت کرا.

نامۆ


نامۆ
نووسەر: ئالبێر کاموو
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: ڕۆمان
چاپی یەکەم: ٢٠١٦
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئەندێشە

۱۳۹۴/۱۰/۱۵

ناوەندی غەزەلنووس یەکەمین ڕۆمانی ڕۆمەن گاری بە کوردی بڵاو دەکاتەوە


ناوەندی غەزەلنووس لە ساڵی ٢٠١٦ـدا وا بە نیازە کۆمەڵێک نووسەری تازەی جیهانی بناسێنێت. یەکێک لەو نووسەرانە ڕۆماننووسی فەڕەنسی، ڕۆمەن گارییە، کە سەلاحەدین بایەزیدی لە فەڕەنسییەوە ڕۆمانێکی کردووە بە کوردی و بەم نزیکانە ناوەندەکەمان چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.

ئەم ڕۆمانە بە دڵنیایییەوە دەبێتە یەکێک لە ڕۆمانە خۆشەویستەکانی ساڵی تازەی کارکردنمان.

سەرچاوە:
http://www.xazalnus.com/?p=632

۱۳۹۴/۱۰/۱۴

سیانەکانی ئاگۆتا کریستۆف



سومەیە ڕەحیمی
لەم دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕۆمانە سیانەکانی ئاگۆتا کریستۆفم بە وەرگێڕانی سەلاحەدین بایەزیدی (چاپەمەنی مانگ) خوێندەوە. یەکەم کتێب ڕۆمانی دەفتەری گەورەیە کە لە زمانی دوو منداڵی دووانەوە دەگێردرێتەوە. شتێک کە لەم کتێبەدا زۆر سەرنجڕاکێشە پێگەیشتنی چەند منداڵی بێ بنەماڵەیە کە دەبێتە هۆی داڕووخانی هەستی منداڵانە و کێشەی سەرەکییان تەنیا زیندووبوونە و بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی ژیان. لە زۆر شوێندا وا هەست دەکەیت کە منداڵەکان منداڵییان نەماوەتەوە و تەنیا بە زمانی گەورەکان دەتوانن بدوێن. لێرەدا دەکرێ بە دوو شێوە لەم جۆرە ئاخافتنەی منداڵەکان تێبگەین: نووسەر سرووشتی وەحشی‌بوونی مرۆڤی بە جوانترین شێوە لە دەقەکانی ئەم کتێبانەدا گونجاندووە، یاکوو منداڵەکان وایان لێهاتووە کە لە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خۆیان لەجیاتی وتنی "دایکم" یان "باوکم" دەڵێن دایک یان باوک (بەشێوەی گشتی) بە جۆرێک کە ئەمە دەسەلمێنێت کە هەستێکیان بۆ دایک و باوکیان نەماوە. بەشەکانی دەفتەری گەورە لە دوو یان سێ لاپەڕە پێکهاتووە کە بە ڕای من نووسەر زۆر بەجوانی ئەم شێوەیەی بۆ گونجاندنی فەزای گێڕانەوە لەگەڵ زمانی سادەی منداڵانە هەڵبژاردووە.
لە دوای کتێبی دەفتەری گەورە کاتی خوێندنی ڕۆمانی بەڵگەیە (جێگای ئاماژەیە کە دەکرێ دەفتەری گەورە خۆی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێ، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە فەزای دوو ڕۆمانەکەی تر پێویستە کە دەفتەری گەورە لە سەرەتادا بخوێنرێتەوە) کە لەم بەرهەمەدا دابڕانی دووانەکان لە یەکتر دەبینین و کریستۆف بەسەرهاتی دانەیەکیان دەخاتە ڕوو کە بۆ زیندووبوون و درووست کردنی بنەماڵەیەک بۆخۆی تێدەکۆشێت. لەم ڕۆمانەدا خوێنەر هەست دەکات کە هیچ کام لە دووانەکان هەستێکیان بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی نەماوە.
لە ڕۆمانی سێهەم درۆدا هەمووی ئەو وێنانەی کە لە مێشکماندا سەبارەت بە ژیانی دووانەکان بوومانە بەیەکجاری پرژ و بڵاو دەبن و ڕۆمانەکە بە شێوازێکی زۆر تەکنیکیتر دەڕواتە پێشەوە و باری ئەدەبی کتێبەکە سەرنجڕاکێشتر دەبێت. کات و شوێنی ڕووداوەکان لەم سێ ڕۆمانانەدا دەستنیشان نەکراون و تەنانەت لە ڕۆمانی دەفتەری گەورەدا کەسەکان (بەتایبەت دووانەکان) ناویان نییە؛ ئەمە هێمایەکە بۆ ئەوەی کە گێڕانەوەی کارەساتی شەڕ دەتوانێت بەسەرهاتی هەر مرۆڤێک و لە هەر شوێنێکی جیهاندا بێت. لەم ڕۆمانانەدا باس لە ڕێکەوتی ڕووداوەکان ناکرێت بەڵام بە ئاماژەکاندا بۆمان دەردەکەوێت کە قۆنا‌‌‌غی مێژوویی ڕەنگە لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و دواترەکانی بێت.
کەسایەتییەکانی ڕۆمانەکان لەناو دۆخی شەڕدا دەژین. بێئەوەی کە بزانن هۆکارەکانی شەڕ و ئاڵۆزی چین و تەنانەت بۆیان گرنگیش نییە. تەنیا جەنگە کە دەبێتە شەڕ و خراپەیەکی ئەخلاقی کە تەنانەت کاریگەری لەسەر هەموو سووچیکی ژیانی ئەوان دادەنێت. مرۆڤی دواشەڕ هەمان مرۆڤی پێشوو نییە. مرۆڤێکە داماڵڕاوە لە هەست و ئەخلاق.
زۆر سوپاس بۆ کاک سەلاحەدین بایەزیدی کە زۆر بە جوانی و ڕێکوپێکی زمانی ئەم کتێبانەی کورداندووە. من کە زۆرم چێژ لێیان وەرگرت.

لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.

۱۳۹۴/۱۰/۱۳

رۆمەن گاری


رۆمەن گاری ناوی ڕاستەقینەی ڕۆمان کاتسێفە و ساڵی ١٩١٤ لە شاری ڤیلنیوس (پایتەختی ئێستای لیتوانیا) لەدایک بووە، وەک لە کتێبی "وادەی کازیوە"دا باسی کردووە، دایکی بەخێوی کردووە و گۆشکراو و دەست پەروەردەی ئەوە. ساڵی ١٩٢٨، کە تەمەنی چاردە ساڵان بووە، بەرەو فەرەنسا کۆچیان کردووە و لەگەڵ دایکی لە شاری نیسی فەرەنسا گیرساوەتەوە. لە بواری یاسادا درێژەی بە خوێندن داوە، لە هێزی ئاسمانیدا خزمەتی کردووە و ساڵی ١٩٤٠ تێکەڵ بە هێزەکانی ژەنەڕاڵ شارل دۆ گۆل بووە.
ساڵی ١٩٤٥، چاپی یەکەم ڕۆمانی بە ناوی "پەروەردەی ئەوروپی" سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا و نووسەرێکی بەپێزی خاوەن ستایلی شاعیرانەی بە خوێنەران ناساند. ڕۆمانی پەروەردەی ئەوروپی، توانی "خەڵاتی ڕەخنەگران" بکاتە هی خۆی. هەمان ساڵ، بە بۆنەی پیشەی دیپلۆماسییەوە، ڕێی کەوتە کۆشکی ئۆرسای و لە شارەکانی سۆفیا، نیویۆرک، لۆس ئانجلەس و لا پاز وەک دیپلۆمات ئیشی کرد. ساڵی ١٩٤٨، ڕۆمانی "جلئاوێزی گەورە"ی چاپ و بڵاو کردەوە و ساڵی ١٩٥٦ خەڵاتی وێژەیی گۆنکووری بۆ ڕۆمانی "ڕەگەکانی ئاسمان" پێ بەخشرا. لە لۆس ئانجلەس باڵوێز بووە و ساڵی ١٩٦٠ وازی لە دیپلۆماسی هێناوە. لەو ساڵانەدا، "مەلەکان دەڕۆن لە پێروو دەمرن"ی نووسی کە دواتر لە کۆمەڵەچیرۆکی "بە شانازیی پێشەنگە سەرفرازەکانمان"دا چاپ و بڵاو بۆوە.
ساڵی ١٩٦٣، لە تەک جین سیبێرگی ئەکتەر ژیانی هاوسەری پێک هێنا و ماوەی حەوت ساڵ پێکەوە ژیان. هەر ئەو ساڵە ڕۆمانی "لەیدی ئێل"ی چاپ کرد کە بە ئینگلیزی نووسیویەتی و ڕۆمانێکی تەنزە. هەندێکی تر لە ڕۆمانەکانی رۆمەن گاری بریتین لە: لالە (١٩٤٦)، ڕەنگەکانی ڕۆژ (١٩٥٢)، وادەی سپێدە (١٩٦٠)، ماڵئاوا گاری کۆپێر (١٩٦٥)، سەمای چەنگیز خان (١٩٦٧)، سەگی سپی (١٩٧٠)، ئەوروپا (١٩٧٢)، لێرەوە بەدوا بڵیتەکەتان بڕ ناکا (١٩٧٥) و…
ساڵی ١٩٨٠، رۆمەن گاری، بەر لەوەی لە ڕۆژێکی مانگی دێسامبردا خۆی بکوژێ، دوایین ڕۆمانی بە ناوی "کۆلارەکان" چاپ کرد. لە پاش مەرگی، نامەیەکی بەجێ هێشت، لە نامەکەدا ئاشکرای کرد کە ئەمیل ئاژار نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمانی گرنگ، نازناوی وی بووە. "ڕەوتی ژیان" کە ساڵی ١٩٧٥ خەڵاتی وێژەیی گۆنکووری وەرگرتووە، یەکێک لەو ڕۆمانانەیە.  

۱۳۹۴/۱۰/۱۲

ئەو لە حەژمەتی شەڕ قامکی لە کونە لووتی کردبوو، بەڵام هونەر لە کونجی لێوی نا



کاتێ ڕۆمانەکانی ئاگۆتا کریستۆفم خوێندەوە هەستم ئەکرد خەریکم بیرەوەرییەکانی خۆم ئەخوێنمەوە، یان باشترە بڵێم ڕووی ڕاستی و واقعەکانی ژیانی ڕابردوو و ئێستای کوردم ئەبینی. دەڵێی تایبەت بە کورد و کوردستان نووسراوە. دوو خاڵ ببووە هۆی ئەوە کە وەها هەستێکم لە لا دروست ببێت: یەکەم، ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەیە کە باس لە دۆخێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی سەردەمی شەڕ دەکا و ئاماژەش بە هیچ جێگا وشوێنێک ناکا کە ئەو ڕووداوانە تێدا ڕوویان داوە. بەڵکوو زیاتر جەخت دەخاتە سەر کاریگەری و ئاسەوارەکانی شەڕ. ماڵ وێرانی و هەژاری، ئاوارەیی و دەربەدەری و بێ بەزەی مرۆڤ لەحاند یەکتر. ئەو زیاتر ئاماژە بە کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر دەروون و ناخی مرۆڤ دەکات. شەڕ چۆن مرۆڤێک بەرهم دێنێت؟ لەو ڕۆمانەدا بەگشتی باس لە بێ هۆڤییەتی مرۆڤ لە مرۆڤاییەتی دەکات. باس لە ئەڤین و نامۆ بوون لە ئەوین، ژیانی سەخت ودژوار و داهاتوویەکی نادیار ئەکات. نووسەر هەوڵ دەدا لایەنە جیاوازەکانی ژیان و شەڕ لێکبداتەوە و لە ئاکامدا سیمای ڕەش وتاریکی ژیانی مرۆڤەکان دەخاتە بەرچاو. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە (دەفتەری گەورە تا بەڵگە و پاشان سێیەم درۆ) گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی دووانەیەکن کە لە کاتی منداڵییدا ولە سەردەمی شەڕدا لە ما‌ڵبات و زێد و نیشتمانی خۆیان دادەبڕێن و لە وڵاتی دراوسێ و لە کن دایەگەورەیان جێگیر دەبن. سەرەتا دەیانهەوێت  بە خوێندنەوە هەست ونەستی خۆیان بپارێزن، بەڵام کاریگەری دەوروبەر و تاڵی و سەخڵەتییەکانی ژیانی تووش ناچاریان دەکات هەستی خۆیان لە بیر بکەن، ناچار دەبن خۆیان بۆ ژیانێکی نامژمەڵ و نالەبار تەیار بکەن. دەست بەخۆڕاهێنان دەکەن تا لە هەمبەر بێ بەزەیی وبێ ڕەحمی دەوروبەرو هەروەها لە مەڕ ئەشکەنجە و گوشارە دەروونیەکاندا خۆڕاگر بن. دەبێ ئەوانیش وەک هەرمرۆڤکی تری ئەوکۆمەڵگایە بێ ڕەحم و دڕندە بن هەتا بکارن خۆ بپارێزن. ئەو دەخوازێ بڵێ سروشتی مرۆڤ خراپ نییە بەڵکوو ئەوە دۆخ و دەوروبەرە مرۆڤ بەرەو خراپی و دڕندەیی دەبات. وەها دۆخێک دەکارێ ئاوێنەی ژیانی هەزاران کورد و منداڵی کورد بێت. هەرچەند نووسەر ڕاڤەی ژیانی تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەکات کە زادەی شەڕە و ئاسوودەیی و ئارامیی لە ژیانی مرۆڤ سڕاوەتەوە وبێ هیوای بە مرۆڤاییەتی باڵی بەسەر ژیانی مرۆڤدا کێشاوە و بەرەو داهاتوویەکی نادیارمان دەبات. ئەو زنجیرە ڕۆمانە ئەگەر ئاوێتەی تەنز نەبا هێندە تاڵ و ژاناویە خوێندنەوەی ئەستەم بوو.
نووسەر لە شوێنێکدا دەڵێت ژیانی واقعی و ڕاستەقینە تاڵتر و پڕ ژانترە لە وەیکە لە کتێبەکان نووسراوە.
تێبینی: ڕاڤە و نرخاندنی ڕۆمانەکە دەبێتەبابەتێکی دوور ودرێژ کە مەبەستی من نییە.
(فرهاد پیرباڵ وتەنی: ئاخ جەنەگ، جەنگ بوو بە باوکمان و دایکی هەموومانی گا)
خاڵی دووهەم: ئەوەیکە من هەستم کرد ئەو زەنجیرە ڕۆمانە سەبارەت بە ژیانی کورد نووسراوە زمانی وەرگێڕ بوو. (سەلاحەدین بایەزیدی)
لەگەڵ ئەوەی سادەیی و ساکاریی زمانی نووسەری پاراستووە، رۆحێکی کوردانەی وەبەر وشە و ڕستەکاندا کردووە. کاتێ دوو منداڵەکە دێنە پەیڤین، خوێنەر هەست ناکا دوو منداڵی بیانین وا هەست ئەکەی دوو منداڵی هەژار و چەتوونی کوردن. کاتێ دایە گەورە دەئاخڤێ هەستەکەی پیرەژنێکی ڕەنجکێش و بە ئەزموون، چەنەباز و پڕ فێڵ وکەڵەکی کوردە.
دایەگەورە دەڵێ: ئێوە تێگەیشتن، دەبێ شایستەی نان و بن میچی ماڵێ بن.
وا نییە کار ناخۆشە، بەڵام ناخۆشتر ئەوەیە کەسێکی بە ساڵاچوو کار بکا و سەیری بکەی.
دایەگەورە بزەیەکی دێتێ و دەڵێ: کوڕی سەگینە دەتانەوێ بڵێن دڵتان بە من سووتاووە.
خاڵێکی تر ئەوەیە وەرگێڕ خۆی نابەستێتەوە تەنیا بە زاراوەی شوێنی لەدایک بوون و ناوچەیەک، پەل دەهاوێ بۆ زاراوەکانی ترو وشەکان لە جێگای خۆی بە کار دێنێت. لەگەڵ ئەوانەشدا لە ڕووی ستایل و جوانکاری وشە و ڕستەدا بێ کێشە نیە. بەڵام بە گشتی زمانێکی پوختە و پاراوە و زەوق و شەوق بە خوێنەر دەدا و خوێنەر بەرەو خوێندنەوەی زیاتر ڕاکێشدەکات.
سپاس بۆ زەحمەت و تێکۆشانت کە ڕۆمانەکانت چەندین شەو هاوڕێم  بوون. لەم نووسینە تەنیا مەبەستم پێزانین و دەست خۆشییەک بووە. نەک نرخاندن و ڕاڤە کردنیان.
هەموو کەلێن و قوژبنێکی ئەم ژیانە تووی شەڕی تێدا چنراوە. شەڕ شڕمانی کرد.
 

هاوڕێت: نیزام زەکەریایی

ناساندن و ڕه‌خنه‌ له‌ وه‌رگێڕانی "ده‌فته‌ری گه‌وره"‌


ئەییووب کەریمی

ماوه‌یه‌کی زۆره‌ وێژه‌ی کوردی نووسه‌ر و وه‌رگێڕی به‌توانای به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌. زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ کورده‌کان به‌ زمانی داگیرکه‌ران ده‌نووسن و وه‌رده‌گێڕن. ئه‌وه‌ش جێگای داخ و که‌سه‌ره‌.
به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا چاوم به‌ چه‌ند به‌رگ ڕۆمانی زۆر باش که‌وت که‌ مزگێنی سه‌رهه‌ڵدانی نووسه‌رێکی به‌هێزمان پێده‌دا: "سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی"‌. من له‌ نیزیکه‌وه‌ ئه‌و به‌ڕێزه‌ ناناسم به‌ڵام به خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی "ده‌فته‌ری گه‌وره‌"ی ئاگۆتا کریستۆف ئاشقی شێوه‌ی نووسین و وه‌رگێڕانی بووم. کاری کاک سه‌لاح چه‌ند تایبه‌تمه‌ندی باشی هه‌یه‌:
1. ڕۆمانه‌که‌ی له‌ زمانی فه‌ڕانسییه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌، نه‌ک له‌ زمانی دووهه‌مه‌وه‌.
2. تاقمێکی زۆر وشه‌ی زاراوه‌ی کرمانجی (وه‌ک دیرۆک، ڕامووسان، زارۆک و ...) به‌کارهێناوه‌ که‌ هه‌نگاوێکه‌ به‌ره‌و زمانی یه‌کگرتووی کوردی.
3. ڕسته‌کانی ڕێک و پێک و کوردانه‌ داڕژتووه‌ به‌جۆرێک که‌ ده‌ڵێی به‌ کوردی نووسراوه‌.
هه‌ڵبه‌ت چه‌ند ڕه‌خنه‌شم له‌ زمانی ئه‌و ڕۆمانه‌ هه‌یه‌:
1. له‌ هێندێک جێگادا کارتێکردنی زمانی فارسی پێوه‌ دیاره‌، بۆ وێنه‌: له‌ بن ته‌خته‌که‌ی "قایمیان ده‌کا" (لاپه‌ڕه‌ی 139) که‌ ده‌یتوانی بنووسێ ده‌یانشارێته‌وه، "خۆشمان بۆ ده‌گوزه‌رێ" یان "خۆشمان پێ ده‌گوزه‌رێ" (لاپه‌ڕه‌ی 153) که‌ ده‌یتوانی بنووسێ خۆشی ڕاده‌بوێرین.
2. تێل دڕوو به‌واتای "سیم خاردار‌"ه‌. "سیمی تێل دڕوو" (ل 168 و 186) هه‌ڵه‌یه.
3. له‌ لاپه‌ڕه‌ی 135 باسی "ئامۆزاکه‌مان" ده‌کرێ له‌کاتێکدا "دایه‌ گه‌وره‌ ده‌ڵێ ئامۆزاکه‌مان کچی خوشکی باوکمانه‌"! که‌وابێ ئه‌وه‌ ده‌بێ پوورزا (میمکزا) بێ. له‌ زمانه‌ ئوڕووپاییه‌کاندا به‌ هه‌ردووکیان ده‌ڵێن cousin به‌ڵام له‌ کوردیدا جیاوازی له‌نێوان ئه‌و دووانه‌دا داده‌نرێ.
4. هه‌رچه‌ند له‌ ده‌قی سه‌ره‌کیدا کاتی ڕێزمانی (tense) ئێستایه‌ به‌ڵام ئه‌گه‌ وه‌رگێڕ هه‌موو کاته‌که‌ی کردبایه‌ ڕابردوو بۆ خوێندنه‌وه‌ له‌ زاران خۆشتر ده‌بوو.
به‌گشتی پێم وایه‌ ده‌رکه‌وتنی وه‌ها به‌رهه‌مێک به‌ زمانی کوردی ڕووداوێکی گرینگه‌ و ده‌بێ ده‌ستخۆشی له‌ کاک سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی بکه‌ین که‌ هه‌موو تواناکانی خۆی (به‌تایبه‌تی شاره‌زایی له‌ چه‌ند زمانی وه‌ک فه‌ڕانسی، ئینگلیسی، تورکی و فارسی) خستۆته‌ گه‌ڕ هه‌تا به‌رهه‌مێکی وا به‌هێز بخوڵقێنێ.
هه‌روه‌ها ده‌بێ ده‌ستخۆشی و ماندوونه‌بوونی له‌ به‌رپرسانی چاپه‌مه‌نی مانگ بکه‌ین بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌کان به‌ شێوازێکی جوان و سه‌رده‌مییانه‌.

- لە لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر وەرگیراوە.

۱۳۹۴/۱۰/۰۷

پەریخان


ئەمڕۆیش کارت دەست نەکەوت… بێ هوودە ڕێ دەکەی. خۆت داوەتە دەست هەنگاوەکانت و نازانی بۆ کوێت دەبەن… نە کەس سڵاوت لێدەکات و نە سڵاو لە کەسێ دەکەیت… دەڕۆی، بێ ئامانج دەڕۆیی، نائومێد و بێ نەخشە و پلان دەڕۆی… هەنگاوەکانت قورسن و لە دوات نایەن… شل و شێواو، لەش داهێزراو… بە لای ئەو عەشاماتەدا ڕەت دەبی… شانت دەسوێ و لێشاوی مرۆڤ بەرەو ڕووت دێ و کەسیان ناناسی… دەڕۆی، دەست بۆ پەرژینە ئاسنینەکان دەبەی. هەر دارتەلێک دەیگەیتێ، دەستێکی پێدا دەهێنی… بەڵام جێ دەستت بە هیچ شوێنێکی ئەم شارەوە دیار نییە… وچان… پەڕینەوەی شەقام… ژاوەژاو… هات و هاواری بەقاڵە چەقە چناوەکان… هۆڕنی گڕ… هی تیژ… قیژەی منداڵی وردە واڵە فرۆش… بەزەیی فرۆشتنی دەرۆزەکەران… وەک حەپەساو و لە هەوران ڕابمێنێ، لە زەلیل و پەککەوتە، لە ژن و کچۆڵان، لە بریسکەی زێڕی ناو شووشە بەند و بریق و باقی پێڵاوی ناو کۆگاکان ڕادەمێنی.

پەریخان: کۆمەڵە چیرۆک
نووسینی: پشتیوان
ساڵ و شوێنی لە چاپدان: ١٩٩١ سوێد
چاپخانەی هەڵەبجە

۱۳۹۴/۰۹/۲۶

وتوێژ لەگەڵ گۆڤاری terra cognita


سانتی تێرۆل* 
سەلاحەدین بایەزیدی ساڵی ٢٠٠٧ هاتۆتە لۆزان بێ ئەوەی وشەیەک زمانی فەرەنسی بزانێ و، دەسپێکی ئەمساڵ بە چاپی وەرگێڕانی سیانەکەی ئاگۆتا کریستۆف بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی ناوبانگی دەرکرد. بە چاپی کتێبەکان لە ئێران و عێراق، ئەم پەنابەرە ئێرانییە تەمەن ٣٢ ساڵە، هەوڵ دەدا لە مەنفا بە درووتنی وشەکان پردی ئەدەبی لە نێوان نووسەرانی فەرەنسی نووس و خوێنەرانی کورددا چێ بکا. سەلاحەدین بایەزیدی لە ژوورە بچووکەکەی لە نۆشاتێل، ئەو شارەی بۆ خوێندنی زانکۆ ڕووی تێ کردووە، خەریکی چاوخشاندنەوەیە بە دەقێکی وەرگێڕدراوی خۆیدا کە ئەویش ڕۆمانی "هایدی"یە. ئەم پەناخوازە کە مافی پەنابەرێتی ڕەت کراوەتەوە، هیوا دەخوازی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە چیرۆکی کیژۆڵەیەکی هەتیو بە قەدەرێکی بەختەوەرەوە بۆ مناڵانی کورد بگوازێتەوە.

سەلاحەدین بایەزیدی لەمبارەوە دەڵێ: "ڕۆمانی هایدیم وەرگێڕاوە و جارێ نازانم لە کوێ چاپی دەکەم." ئەو پێی خۆشە چیرۆکی ئەم کیژۆڵە سوییسیە لە چیاکانی ئاڵپ بە مناڵانی کورد بناسێنێ. "زمانی دایکی مە ساڵانێکی زۆر قەدەغە بووە و ژمارەیەکی زۆر کتێب وەرنەگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی. چەند دە ساڵێکە شێلگیرانە هەوڵی وەڕگێڕانی بەرهەمە جیهانییەکان دەدرێ. تا ئەو ساڵانەش ئێمە زۆر دەستمان بە ئەدەبیاتی جیهان ڕانەدەگەیشت، لە ڕێگەی عەڕەب و فارسەکانەوە نەبێ." سەلاحەدین بایەزیدی کە ناسنامەی جۆری "ئێف"ی پێیە، بۆ ناساندنی نووسەرانی تری فەرەنسی نووس کەڵک لە هەر چەشنە دەرفەتێک وەردەگرێ. بەم دواییانە، کتێبی "کاک برایم و گوڵەکانی قورئان" لە نووسینی ئێریک ئێمانۆئێل شمیتی کردۆتە کوردی و لەگەڵ پاتریس فرانچێسکی لە پەیوەندیی دایە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کتێبی "مردن ئەڕای کۆبانێ" وەربگێڕێ. 

سەلاحەدین بایەزیدی ڕەتی ناکاتەوە کە خەباتەکەی جۆرێک تێکۆشانی سیاسییە. دەڵێ: "بە گواستنەوەی بەشێک لە ئەدەبیاتی فەرەنسی بۆ خوێنەرانی کورد، فەرهەنگێکی تری دونیا دەناسێنم. ئەدەبیاتی سوییس بۆ خوێنەرانی کورد نەناسراوە. بە وەرگێڕانی 'هایدی' و هەروەها لە داهاتوویشدا کتێبێکی 'نیکۆلا بووڤییێ'، دەمەوێ نیشان بدەم سوییس، ڕۆحی هەڵکردنی ئەم وڵاتە و کرانەوەی بە ڕووی دونیادا چۆناوچۆنە." ئەو لە درێژەی پڕۆژەکانیدا هەوڵ دەدا بەرهەمی نووسەرانی کورد بکاتە فەرەنسی.

سەلاحەدین بایەزیدی دوای فێربوونی زمانی فەرەنسی، بە وزەیەکی زۆرەوە لە هەلومەرجێکی دژواردا کاری کردووە و هەروا هیوادارە مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە سوییس پێ بدرێ. بەهاری ئەمساڵ چالاکانە بەشداری سمیناری "محەممەد موسەدیق، ناسراوێکی فارس، خوێندکارێک لە نۆشاتێل (١٩١٤ - ١٩١٠)" بوو کە لەلایەن زانکۆی نۆشاتێلەوە بەڕێوە چوو. کۆتایی مانگی ژوئەن، دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا خزمەتێک بە وڵات و زێدی خۆی بکاتەوە. لە دانیشتنێکی دادگای هەرێمی "لیتۆرال" و "ڤال دۆ تراڤێر" سەلاحەدین بایەزیدی وەرگێڕی سەرۆکی دادگا بوو. ڕەزامەندییەکی سرووشتی باڵی بەسەر ئەم بوویەرەدا کێشا. بایەزیدی کە سەرەتای هاتنی بۆ نۆشاتێل بەردەوام گلەیی ئەوەی دەکرد لە لایەن پۆلیسەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێ هێمنانە پێشوازی لەم پێشهاتە دەکا.

*سانتی تێرۆل ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی 'ئێکسپرێس'ە لە نۆشاتێل.

خەونی هەمیشەییم


پۆول ڤێرلێن
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

بەردەوام من ئەم خەونە سەیر و قووڵە دەبینم

خەونی ژنێکی نەناسراو، کە خۆشم دەوێ، خۆشی دەوێم
کە نێ، هەموو جارێ، نە ڕێک وەک خۆی
نە ڕێک یەکێکی تر، وە خۆشی دەوێم و تێمدەگا.

چونکە ئەو تێمدەگا و، دڵم، ڕوون و زەلال

تەنیا بۆ ئەو، جەغار! با گرفتت ببڕێتەوە
بۆ ئەو تەنیا، گۆنای خۆساوو و ڕەنگ بزرکاوی من
تەنیا ئەوە، ئەوە دەزانێ بە ڕۆندک تەڕ دەبێتەوە.

گەلۆ ئەسمەرە، گەنمینە یان سوورکەڵە؟ - نازانم ئەز

ناوی؟ بە بیرم دێ ناوێکە خۆش و گوێ بزوێن
وەک ناوی دڵدارەکانی ژیانێکی ون.

نیگای چەشنی نیگای پەیکەرەکان

دەنگیشی، کە دووردەست، بەهەند و هێمنە
زایەڵەی ئەو دەنگە ئازیزانەی کە بێدەنگ بوون.

۱۳۹۴/۰۹/۲۴

بینینی وزەکان و گۆڕینی ڕوانگەکان [کورت کراوەتەوە]


سەروتاری گۆڤاری terra cognit، ژمارە ٢٧، پاییزی ٢٠١٥.

سیمۆن پرۆدۆلییێ*


ئالبان ئیمەری، بریل ئەمبۆلۆ، ئێلینا دوونی، ئێلیزابێت ئۆکیسای، لادا ئوومستاتێر، محەممەد یڵدرملی و سەلاحەدین بایەزیدی چ خاڵێکی هاوبەشیان هەیە؟ لە یەکەم ڕوانیندا، شتێکی ئەوتۆ بەدی ناکرێ. ئەم کەسانە بە کاری جۆراوجۆرەوە سەرقاڵن، تەمەنیان جیاوازە و هەر کام لە ناوچەیەکی سوییس دەژین. بەڵام ئەوەندە بەسە سەیری ناوەکانیان بکەن تاکوو تێ بگەن ئەوان "خەڵکی ئێرە" نین. ئەوان یاخود بنەماڵەکانیان کۆچبەری سوییس بوون. لەم ڕووەوە ئاساییە سەربوردەی ئەوان پەیوەندیی بە کۆچەوە هەبێ. بەڵام ئەمە ڕواڵەتی مەسەلەکەیە. چونکە شتێک کە ئەمان جیا دەکاتەوە، ڕەگەزەکەیان نییە، بەڵکوو ئەو شتەیە کە دەزانن ئەنجامی بدەن و ئەنجامی دەدەن. ئەم سیمایانە دەرفەتی ئەوەیان پێ داین سەردانی کەسانی پسپۆڕ لە بواری مۆسیقا، ئەدەبیات، فەرهەنگ، هونەر، ئابووری، وەرزش و سیاسەت بکەین کە کۆمەڵێک بەڵگەن و دەیسەلمێنن پۆلێنبەندیی کەسەکان بە پێی نەتەوەیان (ڕەچەڵەک) هیچ واتایەکی نییە.
نابێ لە سوییس سەرت سووڕ بـمێنێ کە دەگوترێ بەڕێوەبەرێکی بەڕەچەڵەک کۆت دیڤوار کە ساڵی ٢٠١٥ هاتووە، ئێستا سەرۆکی بانکێکی گەورەی سوییسە. بە دڵنیاییەوە، ڕەنگە هەندێک بیر بکەنەوە: "چی، پیاوێکی ڕەش پێست؟ ئاخۆ بەڕاستی ئەم توانایەی هەیە؟"
کۆچبەران بەردەوام تووشیان بە تووشی هەڵسوکەوتی هاوشێوە دەبێ، تەنانەت ئەگەر ڕاشکاوانە توانا و بەهرەیان لەو کارە زیاتر بێ کە پێیەوە سەرقاڵن. کارۆل بێرتوود باسی ئەو فاکتەرانەی کردووە کە بە داکشان و لەدەستچوونی ئەم بەهرانە کۆتایی دێ و پێی وایە دەبێ درێژە بە ڕێگە بدرێ تا پێش بە دۆخی ئاوا بگیرێ.
ئالبان ئیمەری، بریل ئەمبۆلۆ، ئێلینا دوونی، ئێلیزابێت ئۆکیسای، لادا ئوومستاتێر، محەممەد یڵدرملی و سەلاحەدین بایەزیدی سەرکەوتوو بوون لەوەی دان بە سەرکەوتنەکەیان دابنرێ، هەرچەند لەم پێناوەدا کەند و کۆسپێکی پتریان هاتبێتە ڕێ. بەسەرهاتیان پێمان دەڵێ کە ڕێکەوت ڕێگە بۆ سەرکەوتن خۆش دەکا. لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ هەموو شتێک بە چارەنووسێکی کتوپڕەوە گرێ بدرێ و بە گشتی بە قازانجی کۆمەڵگەیە ئاستەنگییەکان هەموار بکرێن. ئەو کەسانەی پەنابەرن و لە دونیایەکی جیاوازدا گەورە بوون، بە بینینی ڕۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان دۆخە جیاوازەکان و پێکهێنانی کۆمەڵێک تۆڕ لە نێو خۆدا، دەتوانن دەوڵەمەندییەک بن بۆ سوییس، هەڵبەت نەک تەنیا لە ڕوانگەی ئابوورییەوە. دواجار، تێڕوانین لە سوییسێک کە پێویستی بەوە نەبێ کۆمەڵگە بەسەر خەڵکی خۆجێیی لە لایەک و هی بیانی لە لایەکی ترەوە پۆلێنبەندی بکا، دەتوانێ گۆڕانێکی بنچینەیی لە پەرسپەکتیڤدا بەدی بێنێ. دەقێکی ئەدەبی کە لەم گۆڤارەدا هاتووە نیشانمان دەدا بیرۆکەی هەڵاواردن چەندە پووچە.

*سیمۆن پرۆدۆلییێ ڕەگەزناس و بەڕێوەبەری سکرتاریای کۆمیسیۆنی فیدڕاڵی سوییس بۆ کاروباری کۆچبەرانە.

۱۳۹۴/۰۹/۲۳

ژیان لە فەرهەنگدا: سەلاحەدین بایەزیدی


وه‌رگێڕان یه‌کێکه‌ له‌ پێویستییه‌ ژیارییه‌کانی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌کان و واڵاکردنی ده‌روازه‌کانه‌ به‌ ڕووی تایبه‌تمه‌ندێتی و کولتوری یه‌کدیدا.
وه‌رگێڕان له‌ زمانێکه‌وه‌ بۆ زمانێکی تر هێنده‌ی نوسینی ده‌قێک گرنگه‌ و له‌وانه‌شه‌ له‌ هه‌ندێک باردا که‌سی وه‌رگێڕ زیاتر له‌ نوسه‌ری ده‌قه‌که‌ ماندووبێت به‌ وه‌رگێڕانه‌که‌یه‌وه‌. بۆچی؟

 
 کاتێک نوسه‌رێک له‌ نوسینی ده‌قه‌که‌یدا قاڵ ده‌بێته‌وه‌، هه‌ست و نه‌ستی لای ده‌قه‌که‌ی خۆی ده‌بێت و داڕشتنه‌که‌ی به‌ زمانه‌ ڕه‌سه‌نه‌که‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام بۆ که‌سی وه‌رگێڕ کاتێک بڕیار بۆ وه‌رگێڕانی ده‌قێکی دیاریکراو ده‌دات هه‌نگاوی هه‌ره‌ به‌رایی پێویسته‌ خاوه‌نی شاره‌زاییه‌کی ورد بێت له‌ سروشتی هه‌ردوو زمانه‌که‌دا.
وه‌رگێڕان به‌ هه‌نگاوێکی ئێجگار گرنگی پێکتر ئاشنا کردنی فه‌رهه‌نگه‌کان داده‌نرێت. ئه‌گه‌ر که‌سی وه‌رگێڕ نه‌توانێت شاره‌زایانه‌ بابه‌ته‌کان وه‌ربگێڕێته‌ سه‌ر زمانی نه‌ته‌وه‌که‌ی ئه‌وا بێگومان ڕێک وه‌ک ئه‌وه‌ی لێدێت کار له‌سه‌ر شکاندنی پایه‌کانی لێکتێگه‌یشتنی فه‌رهه‌نگه‌کان بکات.
زانینی زمانه‌کان به‌ کۆڵه‌که‌یه‌کی پرۆسه‌ی وه‌رگێڕان داده‌نرێت، به‌ڵام به‌ته‌نها زانینی زمانه‌کان به‌س نین بۆ کاری وه‌رگێڕان، چونکه‌ هێنده‌ی زمان زانین گرنگه‌ ئه‌وه‌نده‌ش به‌هره‌ی نوسین و داڕشتن و ته‌کنیکه‌کانی نوسین گرنگن بۆ گه‌یاندنی په‌یامه‌کانی له‌ ده‌قێکدا هاتوون.
ئایا هه‌ر ته‌نها شاره‌زاییه‌کی قوڵ له‌ زمانی دایکدا، و زانینی زمانێکی تر که‌ ده‌قه‌که‌ی لێ وه‌رده‌گێڕدرێت به‌سه‌ بۆ وه‌رگێڕان؟

 
یه‌کێک له‌ خاڵه‌ گرنگه‌کانی تری وه‌رگێڕان، شاره‌زاییه‌ له‌ مێژوو و ئه‌فسانه‌کان و په‌یوه‌ندییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی تر تا که‌سی وه‌رگێڕ بتوانێت زیره‌کانه‌ خوێنه‌رانی ئه‌و ده‌قه‌ به‌ تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی به‌رامبه‌ر ئاشنا بکات.

به‌لای زۆرێک له‌ ڕوناکبیرانه‌وه‌، وه‌رگێڕانی ده‌قه‌کان هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌که‌ی یه‌کتر ناسینه‌ ئه‌گه‌ر بێتوو به‌ شێوه‌یه‌کی بابه‌تییانه‌ ئه‌م کاره‌ی وه‌رگێڕان بکرێت به‌ڵام گه‌ر وه‌رگێڕان وه‌ک کاڵایه‌ک سه‌روسه‌ودای له‌گه‌ڵدا بکرێت و ئامانج لێی ته‌نها پڕکردنه‌وه‌ی کتێبخانه‌کان بێت ئه‌وا بێگومان زیانێکی گه‌وره‌ ده‌دات له‌ یه‌کتر ناسینی ڕاسته‌قینه‌ی فه‌رهه‌نگ و کولتوره‌کاندا.
له‌ ئێستادا ژماره‌یه‌کی زۆری ده‌زگاکانی چاپ و په‌خش کردن هه‌ن و هه‌ر یه‌که‌شیان هێنده‌ی له‌ توانایدا بێت به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراویان هه‌ن، به‌ڵام پرسیاره‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئایا پێداچوونه‌وه‌ به‌ ده‌قێکی وه‌گێڕدراودا ده‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر ده‌یکه‌ن پێوانه‌کانی ئه‌و پێداچوونه‌وه‌یه‌ چین؟ یان هه‌ر ته‌نها ناوی که‌سی وه‌رگێڕ به‌سه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌قه‌ وه‌رگێڕدراوه‌که‌؟

ئایا مه‌رجه‌ که‌سی وه‌رگێڕ شاعیر یان نوسه‌ر بێت تا بتوانێت ده‌قێکی بیانی وه‌ربگێڕێت؟
کام وه‌رگێڕانه‌ سه‌رکه‌وتووه، ئایا ئه‌وه‌ی‌ له‌ زمانی خودی نوسه‌ره‌که‌وه‌ وه‌رده‌گێڕدرێت یان ئه‌وه‌ی له‌ ده‌قێکی پێشتر ورگێڕدراوه‌وه‌ وه‌رده‌گێڕدرێت بۆ زمانی کوردی؟
کامه‌یان بۆ خوێنه‌ری کورد گرنگتره و چێژی زیاتری لێوه‌رده‌گرێت‌، وه‌رگێڕانی ده‌قێک یان به‌ کوردی کردنی ده‌قێك؟
ئایا له‌ پرۆسه‌ی وه‌رگێڕاندا ئه‌وه‌ دروسته‌ بگوترێت وه‌گێڕان به‌ ده‌ستکارییه‌وه‌، یان وه‌رگێڕان به‌ کورتکردنه‌وه‌وه‌، یان وه‌رگێڕان به‌ داڕشتنه‌وه‌؟
ئایا نه‌بوونی زمانێکی ستانده‌ری کوردی زیانی له‌ ژانری وه‌گێڕان داوه‌؟
بۆچی ده‌قی وه‌رگێڕدراومان بۆ کوردی زۆرن و به‌ڵام ده‌قی وه‌رگێڕدراوی کوردی بۆ زمانه‌کانی تر که‌من؟
(سه‌ڵاحەدین بایه‌زیدی) نوسه‌ر و وه‌رگێڕ له‌ به‌رنامه‌ی ( ژیان له‌ فه‌رهه‌نگدا) وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ و پرسیار و سه‌رنجه‌کانی ئێوه‌ی ئازیزیش ده‌داته‌وه‌:

لە دەنگی ئەمریکاوە گوێ لە بەرنامەکە بگرە