۱۳۹۵/۰۶/۰۹

فەهیم تاشتەکین: ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس پێنج هۆکاری لە پشتە


بی بی سی تورکی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هێزە چەکدارەکانی تورکیا، بە پشتیوانیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئەمریکا پێشەنگایەتی دەکا، بەرەو شارۆچکەی جەرابلوس کەوتنە ڕێ.
لەو ئۆپەراسیۆنەدا کە ناوی 'قەڵغانی فرات'ی لێ نراوە، تانکەکانی هێزە چەکدارەکانی تورکیا، فڕۆکە جەنگییەکانی و ئەندامانی سوپای سووریای ئازاد بەشدارن.
سەبارەت بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە و دەرئەنجامەکانی کۆمەڵێک پرسیارمان ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووس فەهیم تاشتەکین کرد:

جەرابلوس، لە ساڵی ٢٠١٣ بە دواوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش دابوو. تورکیا بۆچی پێشتر موداخلەی نەدەکرد، چما ئێستا دژ بە داعش لە جەرابلوس کەوتۆتە خۆ؟

پێنج هۆکار بۆ ئەم دەست تێوەردانەی ئێستا هەن. یەکەم، تورکیا نایەوێ ئەو هێزەی داعش لە جەرابلوس ڕاو دەنێ، کوردەکان بن. دیارە نیگەرانیی سەبارەت بە کۆریدۆری کوردیش بە جێی خۆی.
کوردەکان گرنگییەکی تایبەت بەو ناوچەیە دەدەن کە کۆبانێ و عەفرین پێکەوە دەبەستێتەوە. هەڵبەت بۆ ئەوەیش کۆتایی بە گوشاری داعش بۆ سەر ڕۆژئاوا بهێنرێ، پێویستە ناوچەکە خاوێن بکرێتەوە.
هۆکاری دووهەم، لە سایەی کرانەوەی دەرگاکانی تورکیاوە گرووپە جیهادگەراکان ئەم ناوچەیەیان گرتە دەست. دواتر کە داعش شکستی بە هاوتاکانی هێنا و لەوێ بە تەنیا حکومەتی کرد، تورکیا دەنگی لێوە نەهات. خۆی پەیوەندیی نێوان تورکیا و داعشیش لەبەر ئەم ڕووداوانە دروست بوو. پاشان تورکیا ئاسانکاری کرد بۆ هێرشەکانی داعش بۆ سەر ڕۆژئاوا. دواجار داعش ناڕاستەوخۆ لە بەردەم یەپەگە بۆ ئەوەی هێڵی سووری ڕۆژئاوای فرات تێنەپەڕێنێ، بووە قەڵغان.
ئەم دۆخە گوشارەکانی بۆ سەر تورکیا زیاتر کرد. تورکیا بۆ ئەوەی پێش بە ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس بگرێ کە لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک بە پێشەنگایەتی یەپەگەوە بەڕێوە دەچوو، ناچار ما لەگەڵ ئەو گرووپانەی وا لە ژێڕ ڕکێفی خۆی دان ئۆپەڕاسیۆن ئەنجام بدا. هەم بۆ ئەوەی پێی نەگوترێ پشتیوانی لە داعش دەکا و هەمیش بۆ ڕزگاربوون لەم گوشارانە، بە پێویستی بینی ئەم هەنگاوە بەرز بکاتەوە.
هۆکاری سێهەم، داعش ئیتر هەر لە کرانەوەی بنکەی ئینجەرلیکەوە زیاتر و زیاتر بۆتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر تورکیا. ئیدی حکومەت نەیدەتوانی دەست لە سەر دەست دابنیشێ. ئەگەرچی بە شێوەیەکی جددی و سەمیمی بەرەنگاری شانەکانی نێوخۆ نابێتەوە و دەبێ لەم ڕووەوە بە جیا لێپرسینەوە بکرێ.
چوارەم، تورکیا دوابەدوای بەردانەوەی فڕۆکەکەی ڕووسیا لە دەرەوەی گەمەی سووریا مابۆوە. بەم شێوەیە دەرفەتی بۆ ڕەخسا بچێتە نێو گەمەکەوە.
پێنجەم، بە ڕێی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە بۆی هەیە ویستبێتی ڕێگە بۆ پشتگیریی لە هێزەکانی دژبەری ئەسەد خۆش بکا. ئەم هێزانە لە حەلەب لە دۆخێکی گەلەک دژوار دان.

هەڵوێستی ڕووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەر ئەم ئۆپەڕاسیۆنە چییە؟ ئاخۆ قەبوڵی دەکەن؟  

ڕووسەکان و ئەمریکییەکان ئەم ئۆپەراسیۆنەیان قەبوڵە، بەڵام ئەوەی قەبوڵیان کردووە ئۆپەراسیۆنێک نییە وەک ئەردۆغان ڕایگەیاندووە هەم دژ بە داعش بێ و هەمیش یەپەگە/پەیەدە.
بە بێ ڕەزامەندی ڕووسیا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناتوانن بەسەر ئاسمانی سووریادا بفڕن و تانکەکان ناتوانن خاکەکەی ببەزێنن. ڕووسەکان بە سیستەمی دژە فڕینی 400-S ئاسمانی سووریان لە سەر تورکەکان داخستبوو. دوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان لە سەر ئەم بابەتەش پێک هاتن.
دیارە لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ڕووەوە سازابوون. ئەردۆغان لە دوایین دیداری ئەمریکایدا گوتبووی "ئێوەی لە ڕێگەی ئاسمانەوە پشتیوانیمان بکەن، ئێمەش نەیارانی هاوپەیمانمان دەبەینە جەرابلوس." دوو جار هەمان شتیان بۆ الراعیش بەکار هێنا، بەڵام سەرنەکەوتن.
لێ ئەگەر ئۆپەراسیۆن دژ بە کوردەکان وەربسووڕێ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەست بە گێڕەوە دەگرێ، چونکە یەپەگە لە مەیدانەکەدا هاوپەیمانی ئەمریکایە.
ڕووسەکانیش بە شەڕکردن دژی یەپەگە ڕازی نابن.
پێم وا نییە لەگەڵ سووریادا ڕێککەوتنێک هەبێ. دیارە ئەگەر پشتیوانیی تورکیا بۆ گرووپەکان لە حەلەب کۆتایی بێ، ڕەوشەکە گۆڕانی بەسەردا دێ.

ئامانجی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس چییە، چ ستراتژییەکی هەیە؟ ئاخۆ بە ئامانجەکەی دەگا؟ 

 بە گوێرەی لێدوانە فەرمییەکان، ئامانج پاککردنەوەی جەرابلوس لە داعش و بەرەنگاربوونەوەی پەیەدە/یەپەگەیە. لێ ئامانجی سەرەکیی بێگومان سنووردارکردنی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکانە. دەتوانن هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا لە جەرابلوس دوور ڕابگرن بەڵام ناتوانن لە مەنبج دەریان بکەن و پێشڕەوییان بۆ ئەلباب ئاستەنگ بکەن.
لەوە بترازێ نابێ لە بیرمان بچێ پلانی ئۆپەڕاسیۆنی هێزە دیموکراتیکەکانی سووریا لەگەڵ ئەمریکا ئەنجام دراوە.
ئەگەر بێت و نیازی تورکیا گەورەتر بێ ڕووبەڕووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێتەوە. هەروەها پێم وا نییە حیسابی پتەو سەبارەت بەوە کرابێ دوای داعش ناوچەکە چۆناوچۆن ئیدارە بکرێ. هێز و توانای ئەو تاقمانەی تورکیا کاریان لەگەڵ دەکا، سنووردارە.
ئەگەر پشتیوانییەکی هاوشێوەی ئەمریکا لەوانە بکرێ بۆی هەیە زیانی الراعی دووپات بێتەوە.

سوپای سووریای ئازاد کە یارمەتیدەری چوونەناوەوەی تورکیا بۆ سووریا بوون، لە چ کەسانێک پێک هاتووە؟ 

 لە تورکمانەکان و هەندێک یەکینەی عەڕەب پێک هاتووە.

بۆچی جەرابلوس بۆ کوردەکان گرنگە؟ ئاخۆ کەناڵی ئەڵتەرناتیڤیان هەیە؟ 

لە خەیاڵی کوردەکاندا سەپاندنی قەوارەیەکی فیدڕاڵ هەیە کە پانتایی دێرک تا عەفرین دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی سووریاش وەک تورکیا نایەوێ ڕێگە بەمە بدا. بەڕێوەبەرایەتی شام دەیتوانی سەبارەت بە سێ کانتۆنەکە بچێتە پای مێزی گفتوگۆ، بەڵام فیدراسیۆن بابەتێکی جیاوازە و ترسی جیابوونەوە دروست دەکا. خاڵێکی تر کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنی ئەم ترسە، ئەگەری مانەوە و حزووری سەربازیی ئەمریکایە.
ئەگەر جەرابلوس نەبێ، پەیوەندیی نێوان کۆبانێ و عەفرین لە ڕێگەی هێڵێک بە درێژایی ٣٠ - ٤٠ کیلۆمەتری سنوورەکانی باشووری تورکیا بەسەر مەنبج و ئەلبابدا دێتە دی. ئەم کەناڵەی ئێستاش کاری لە سەر دەکرێ، هەر ئەم کەناڵەیە.

ئەگەر داعش لە باکووری سووریا لاواز ببێ، لە نێوخۆی تورکیا پەرە بە چالاکییەکانی دەدا؟  

هەڵبەت پەرە بە چالاکییەکانی دەدرێ. بە هۆی ئەوەی پێویستیی بە سنوورەکانی تورکیا بوو و سوودی لە سیاسەتی شل و نەرمی تورکیا وەردەگرت، چالاکییەکانی تورکیای وە ئەستۆ نەدەگرت. ئێتر بۆی هەیە دوژمنایەتییەکی ڕاستەوخۆ و ئاشکرا دەست پێ بکا.

ئۆپەراسیۆنی جەرابلوس چۆن کاریگەرییەک لە سەر پەیوەندیی نێوان تورکیا و حکومەتی ئەسەد دادەنێ؟ 

 تورکیا ئەگەر گۆڕانکارییەک لەمەڕ سیاسەتەکانی سەبارەت بە سووریا پێک بێنێ، بۆ گەیشتن بە یەک شت دەبێ؛ ئەویش ڕووخانی ڕۆژئاوایە. مەرجی هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەسەد پێکهێنانی بەرەیەکی هاوبەشە دژ بە کوردەکان.
ئانکارا لە سیاسەتەکانی ئەمریکا سەبارەت بە یەپەگە ناڕازییە. ئێستا لە هەوڵ دایە لەگەڵ ئێران و ڕووسیا بناغەیەک بۆ هاوپەیمانێتیەکی هاوبەش دژ بە کوردەکان دابمەزرێنێ.
بەڵام هەرچەند ئێران سەبارەت بە پەکەکە هەمان هەستیاریی تورکیای هەیە، لەمەڕ ڕۆژئاوا لەگەڵ ئانکارا هاوفکر نییە. ڕووسیاش بە هەمان شێوە.
لە ڕوانگەی هەر دوو وڵاتەوە، کێشە نییە ئەگەر بێت و کوردەکان لەگەڵ دیمەشق پێک بێن و خۆسەری ڕابگەیەنن. هەروەها نایانەوێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە داهاتووی ناوچەکەدا لە ڕێگەی کوردەکانەوە بەرژەوەندییەکانی بسەپێنێ.
ئەم ڕێگەیەی وا تورکیا گرتوویەتیە بەر، سوود بە سیناریۆی ئەمریکا دەگەیەنێ کە لە هەموو شتێ زیاتر تورکیای تووڕە کردووە.

۱۳۹۵/۰۶/۰۵

میشێل بووتۆر کۆچی دوایی کرد


میشێل بووتۆر، نووسەری فەرەنسی و یەکێک لە سیما بەرچاوەکانی "ڕۆمانی نوێ" لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. بە پێی لێدوانی بنەماڵەکەی، بووتۆر بەیانی چوارشەممە (٢٤ی ئووت) لە نەخۆشخانەی کۆنتامین سوور ئاڤر دڵی لە لێدان کەوتووە.
میشێل بووتۆر لە شاری "مۆنزەن بارۆل"، لە باکووری فەرەنسا لەدایک بووە. لە وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە میسر، مامۆستای زمانی فەرەنسی بووە و ساڵانی ١٩٥٠ لە "قوتابخانەی نێونەتەوەیی" لە ژنێڤ وانەی فەلسەفەی وتۆتەوە. لە زانکۆکانی ئەمریکا، فەرەنسا و دواتر سویسیش مامۆستای ئەدەبیات بووە و ساڵی ١٩٩١ خانەنشین کراوە.
ڕۆمانی "وەرچەرخان" بە گرنگترین ڕۆمانی میشێل بووتۆر لە قەڵەم دەدرێ.
بێجگە لە نووسینی ڕۆمان و شیعر، دەیان کتێبی دیکەی سەبارەت بە ئەدەبیات و نیگارکێشی چاپ کردووە و چەند کتێبێکی وەرگێڕدراویشی هەیە. ساڵی ٢٠١٣، خەڵاتی ئەدەبیاتی ئاکادیمیای فەرەنسای بۆ کۆی بەرهەمەکانی وەرگرتووە. بووتۆر لە گوندێکی سەر بە لووسەنژی فەرەنسا لە نزیک ژنێڤ دەژیا.
هاوینی پار وتوێژێکم لەگەڵ میشێل بووتۆر ئەنجام دا، بووتۆر بە ئاواتەوە بوو ڕۆمانەکانی بۆ سەر زمانی کوردی وەربگێڕدرێن.

۱۳۹۵/۰۵/۳۱

هەڤپەیڤینێک لەگەڵ فرات جەوەری


سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی 

 
پێناسه‌: فرات جه‌وه‌ری یه‌کێکه‌ له‌و نووسه‌ره‌ کوردانه‌ی که‌ به‌ زاراوه‌ی کورمانجی ژوورین و به‌ کوردییه‌کی په‌تی و ڕه‌وان ده‌نووسێ. له‌ بواری چیرۆک نووسیندا شان به‌شانی ئه‌و که‌سانه‌ دێت که‌ به‌رده‌وام به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوونه‌و کوڵیان نه‌داوه‌. هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه‌ ده‌نووسێ و ئێستاش له‌ناو نووسه‌رانی تاراوگه‌دا چالاکییه‌کی ئه‌ده‌بی زۆری هه‌یه‌ و چیرۆکه‌کانی له‌ ئه‌نتۆلۆژیا ئه‌ڵمانی، عه‌ره‌بی و تورکییه‌کاندا وه‌ک نموونه‌ی چیرۆکی کوردی هێنراونه‌ته‌وه‌. فرات جه‌وه‌ری ئه‌ندامی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوێد و په‌نی ئه‌و وڵاته‌یه‌. هه‌ر له‌ سوێد ده‌روونناسی منداڵان و له‌زانکۆکانی ستۆکهۆڵمیش "ژیان و که‌لتووری ئه‌تنیکه‌کان" و "دیرۆکی ئه‌ده‌بیاتی ڕووسیا"ی خوێندووه‌. له‌ په‌راوێزی کاری ئه‌ده‌بیدا وه‌ک مامۆستا، وه‌رگێڕو لێوه‌کۆڵ له‌ کۆنسه‌ی کولتووری ده‌وڵه‌تیشدا وه‌ک شاره‌زا له‌ بواری ئه‌ده‌بیاتی که‌مینه‌کاندا کاری کردووه‌.
له‌ میانه‌ی سه‌ردانێکیدا بۆ کوردستان، له‌سه‌ر هه‌ندێک ته‌وه‌ری وه‌ک ڕه‌وشی ئێستا و ڕابردووی ئه‌ده‌بیاتی کوردی، کاریگه‌ری غوربه‌ت له‌سه‌ر نووسه‌رانی کورد، چۆنیه‌تی لێک نزیک کردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان و ئه‌زموونی نووسه‌رایه‌تی و … تاد دواندمان، که‌ ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ئه‌نجامه‌که‌یه‌تی.


هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه‌ پرسیارکردن سه‌باره‌ت به‌ ژیانی شه‌خسی شتێکی کلاسێک بێ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنه‌رانی زاراوه‌ی کورمانجی ناوین هیچ شاره‌زاییه‌کیان له‌سه‌ر تۆ نییه‌، خراپ نییه‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ بکه‌وینه‌ ناو. 

فرات جه‌وه‌ری: له‌دایکبووی نوسه‌یبینم و گه‌نجێتیم له‌و شاره‌ تێپه‌ڕیوه‌. ساڵی 1980 په‌ڕیوه‌ی سویید بووم و ئه‌وا 25 ساڵه‌ له‌ سویید ده‌ژیم. له‌ سویید به‌شێوه‌یه‌کی ئه‌کتیڤ ده‌ستم به‌خه‌باتی ئه‌ده‌بی کرد. یه‌که‌م کتێبم ساڵی 1980 ده‌رکه‌وت و هه‌تا ئێستا 19 به‌رهه‌می نوسراوم هه‌یه‌ و 14 کتێبیشم له‌ زمانی بیانییه‌وه‌ وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر کوردی. له‌ نه‌وه‌ده‌کان گۆڤارێکم ده‌رخست به‌ ناوی "نووده‌م" که‌ گۆڤارێکی وه‌رزانه‌ بوو و ده‌ ساڵ له‌سه‌ر یه‌ک بڵاو بۆوه‌. هه‌روه‌ها چاپخانه‌یه‌کیشم دامه‌زراند به‌ناوی نوده‌م که‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ نزیکه‌ی سه‌د کتێبی پێشکه‌ش به‌ کتێبخانه‌ی کوردی کردووه‌.

 ئه‌و کتێبانه‌ چین؟

فرات جه‌وه‌ری: هه‌م کتێبی نوسه‌رانی کورده‌ و هه‌م به‌رهه‌می وه‌رگێڕدراوه‌ له‌ زمانه‌ بیانییه‌کانه‌وه‌. چه‌ند نموونه‌یه‌کی کورمانجی خواروشی تێدایه‌.

ئه‌و کاته‌ی له‌ تورکیا بووی، شتێک به‌ ناوی ئه‌ده‌بیاتی کوردی هه‌بوو؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، چۆن و له‌ چ ئاستێکدا بوو؟

فرات جه‌وه‌ری: له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیاوه‌ هه‌تا ساڵی 1980 واته‌ له‌ساڵی 1920 هه‌تا ئه‌و رۆژه‌ی له‌ تورکیا ده‌رکه‌وتم، ته‌نانه‌ت ده‌ کتێبی کوردی ده‌رنه‌که‌وتبوون. وه‌ک ئه‌ده‌بیات ته‌نیا ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ دوو نموونه‌ بکه‌م ئه‌ویش کتێبی محه‌ممه‌د ئه‌مین بۆزئه‌رسه‌لان که‌ کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک بوو و ساڵی 1970 بڵاو ببۆوه‌. ئه‌وی تریش کۆمه‌ڵه‌ شێعرێکی رۆژان به‌رناس بوو که‌ ساڵی 1979 چاپ و بڵاو ببۆوه‌. دیاره‌ کۆماری تورکیا به‌ دروشمی تاک نه‌ته‌وه‌، تاک ئاڵا و تاک زمان دامه‌زرا و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌شدا زمانی کوردی له‌ بنه‌ڕه‌تدا قه‌ده‌خه‌ کرا. قەت بە شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی کورد نه‌یده‌توانی به‌زمانی خۆی په‌روه‌رده‌ ببینێ و کاتێک که‌ زمانێکیش قه‌ده‌خه‌ کرا و تۆ نه‌دتوانی به‌م زمانه‌ خۆت ئیفاده‌ بکه‌ی، ئه‌وا ناتوانیت به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بیشی پێ بخوڵقێنی. ئه‌و کاتانه‌ی منیش تازه‌ ده‌ستم به‌ نووسین کرد واته‌ ساڵی 1978، وشه‌ی کورد له‌ هیرۆئینیش قاچاغ تر بوو، بۆیه‌ ناتوانم باس له‌ ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌م قۆناغه‌دا بکه‌م.

ئه‌ی دوای هه‌شتاکان؟

فرات جه‌وه‌ری: وه‌ک ده‌زانین ئه‌یلوونی 1980 کوده‌تایه‌کی عه‌سکه‌ری ڕووی داو له‌ ئه‌نجامدا حکوومه‌تی سوپا هاته‌ سه‌ر کار. بۆیه‌ش گه‌لێک سیاسه‌تمه‌دار و چالاکی گه‌نجی کورد ڕوویان له‌ ئه‌وروپا کرد و زۆربه‌شیان له‌ سویید نیشته‌جێ بوون. له‌ لایه‌که‌وه‌ کوده‌تای سه‌ربازی ماڵوێرانی له‌گه‌ڵ خۆی هێنا و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی کورد له‌ تاراوگه‌ به‌تایبه‌ت به‌ خۆی دابێته‌وه‌ و گرنگی به‌ زمان و مه‌وجوودییه‌تی خۆی بدات.

له‌و کاتانه‌دا، له‌گه‌رمه‌ی زوڵم و زۆری دوژمن و ڕاوه‌دونان و کۆچ و ئاژاوه‌دا، زۆربه‌ی لاوانی کوردستان چ له‌ ده‌ره‌وه‌ و چ له‌ناوخۆ، وه‌ دوای سیاسه‌ت ده‌که‌وتن و به‌شداری ریزه‌کانی چه‌پی تورک یاخود بزاڤی سیاسی ــ چه‌کداری کورد ده‌بوون، تۆ چۆن ئه‌ده‌بیاتت هه‌ڵبژارد، له‌ناو سیاسه‌تدا نه‌خنکای و له‌وانه‌ گرنگتر به‌ کوردی نووسیت؟

فرات جه‌وه‌ری: منیش که‌وتمه‌ ناو سیاسه‌ته‌وه‌ و له‌م چوارچێوه‌یه‌ به‌ده‌ر نه‌بووم. چه‌ند ساڵێک ئه‌ندامی رێکخراوی (DDKD) بووم. به‌ڵام ئه‌و کاته‌ی چوومه‌ سویید، به‌ته‌واوه‌تی له‌ رێکخستن دابڕام و بۆم ده‌رکه‌وت که‌ ناتوانم له‌ چوارچێوه‌یه‌کی سیاسیدا خۆم حه‌پس بکه‌م. هه‌روه‌ها ته‌ڤگه‌ری سیاسی گه‌نجان له‌ باکووری کوردستان که‌ ئامانجی ئه‌وه‌ بوو سیسته‌می ده‌ره‌به‌گی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ و کۆمه‌ڵگەیه‌کی نوێ بنیات بنێ، فه‌لسه‌فه‌ی مارکسیسزم ــ لینینیزممان به‌ بنه‌ما ده‌گرت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌ته‌وه‌ و زمان و که‌لتووری نه‌ته‌وه‌یه‌ک وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆنه‌په‌رستانه‌ چاوی لێده‌کرا. ئه‌گه‌ر داوای په‌روه‌رده‌ و قسه‌کردن به‌ زمانی کوردیت کردبا، وه‌ک ناسیۆنالیست له‌قه‌ڵه‌م ده‌درای. ململانێیه‌ک له‌ مندا دروست بوو. ئێمه‌ ده‌مانگوت پێویسته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ڕزگار بکه‌ین، به‌ڵام به‌م زمانه‌ قسه‌مان نه‌ده‌کرد. دانوستان و گفتوگۆی نێوانمان به‌ تورکی بوو. چونکه‌ به‌ئه‌ده‌بیاتی مارکسیستی ــ لینینیستی گۆش کرابووین و به‌رهه‌می ئه‌و ئایدیۆلۆژیانه‌ش ته‌نیا تورکی بوون. پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ستم کرد که‌ شتێکی هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌و کاتانه‌ به‌ڕێکه‌وت کتێبێکی جگه‌رخوین له‌ کوردستانی سوریاوه‌ گه‌یشته‌ ده‌ستم، یه‌که‌مجار بوو به‌رهه‌مێکی کوردیم ده‌بینی. سه‌ره‌تا زۆر سه‌یر هاته‌ پێش چاوم، به‌ڵام پاش چه‌ند جار خوێندنه‌وه‌ تێگه‌یشتم که‌ خوێندنه‌وه‌ی کوردی چه‌نده‌ سانایه‌. واته‌ که‌سێک که‌ ئه‌لفبێ بناسێ و بتوانێ به‌ کوردی قسه‌ بکات، له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا فێری زمانی خۆی ده‌بێ. کتێبه‌که‌ی جگه‌رخوین بروسکه‌یه‌کی له‌ناخمدا چاند. چونکه‌ حه‌زیشم له‌ ئه‌ده‌بیات بوو، ده‌ستم به‌ نووسینی کوردی کرد. له‌مه‌ودوا ئیتر ده‌مارگیری ئایدیۆلۆژی و سیاسه‌تی حیزبایه‌تی سه‌رنجی ڕانه‌کێشام و به‌یه‌کجاری وازم لێ هێنا. یه‌کێک له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانی ده‌رکه‌وتنیشم بۆ سویید ئه‌وه‌ بوو به‌ڕاحه‌تی بتوانم به‌ زمانی خۆم بخوێنم و بنووسم.

مامۆستا ئه‌و کتێبه‌ی جگه‌رخوین که‌ له‌سووریاوه‌ به‌ده‌ستت گه‌یشت، ناوی چ بوو؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ناوه‌که‌یم له‌بیر نه‌ماوه‌.

به‌ شیعر ده‌ستت به‌ نووسین کرد یان به‌ چیرۆک؟ له‌ ژێر کاریگه‌ری کێدا؟ 

فرات جه‌وه‌ری: به‌ شیعر ده‌ستم پێکرد. له‌ سه‌ره‌تادا که‌ هێشتا له‌ فه‌لسه‌فه‌ی چه‌پ ڕزگار نه‌ببووم، ئه‌و شتانه‌ی موتاڵاشمان ده‌کرد له‌و چوارچێوه‌یه‌ دابوو. شێعره‌کانی پابلۆ نێرۆدا، مایکۆفسکی، مه‌حموود ده‌روێشمان ده‌خوێنده‌وه‌و کاریگه‌رییان له‌سه‌ر داده‌نام. هه‌تا ساڵی 1982ش شیعرم نووسی و پاشان به‌ یه‌کجاری ماڵئاواییم لێکرد و ڕووم له‌ چیرۆک و په‌خشان کرد.

یانی جیهانبینی سیاسی باندۆڕی له‌سه‌ر جیهانبینی ئه‌ده‌بیش دانابوو؟ 

فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ. به‌ڵێ. ساڵی 1980 کۆمه‌ڵه‌ شێعرێکم چاپ کرد به‌ناوی "هه‌ڵمه‌ت ده‌به‌ین". واته‌ ده‌مه‌وێ بڵێم جیهانبینی سیاسی و چینایه‌تی باندۆڕی هه‌بوو. هه‌روه‌ک چۆن ئامانج پرۆلیتاریای دیکتاتۆری بوو، هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ش له‌و بازنه‌یه‌دا ده‌خولانه‌وه‌. پاش ده‌رکه‌وتنم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بگره‌ له‌ناوخۆش، زیاتر کورته‌ چیرۆک سه‌رنجی ڕاده‌کێشام. هه‌تا له‌په‌ڕگیری ئایدیۆلۆژیا و سیاسه‌تی رۆژانه‌ زیاتر دووره‌په‌رێز ده‌بووم، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نزیکی ئه‌ده‌بیات ده‌بووم. ئیتر ده‌متوانی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ بکه‌ومه‌ ناو جیهان و ژیانی ئه‌ده‌بییه‌وه‌.

بێگومان ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی درێژ له‌ شوێنێک بژی، زۆر شت له‌ده‌ست ده‌ده‌ی و هه‌ندێک شتی نوێ وه‌رده‌گری. سویید چی پێ به‌خشی و تۆ چیت لێ وه‌رگرت؟

 فرات جه‌وه‌ری: کاتێک چوومه‌ سویید، وه‌ک هه‌موو بیانییه‌کی تر به‌ڕێ کرام بۆ کۆرسی فێربوونی زمان. به‌ر له‌ هه‌شتاکان ته‌نیا به‌ تورکی ده‌مخوێنده‌وه‌ و له‌ سویید ڕه‌وتی موتاڵاکردنم گۆڕدرا. له‌ هه‌ر گه‌ڕه‌کێکی سویید کتێبخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ هه‌یه‌ که‌ به‌هه‌موو زمانه‌کانی دنیا کتێبت ده‌ست ده‌که‌وێ. ئه‌و گه‌ڕه‌که‌ی منیش لێی ده‌ژیام، کتێبخانه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی لێ بوو، له‌وێ کۆمه‌ڵێ کتێبی تورکیش هه‌بوون، سه‌ره‌تا ده‌ستم کرد به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی پێویست بوو له‌ تورکیا خوێندبامایا و سیاسه‌ت نه‌یده‌هێشت، پاشان که‌ فێری زمانی سوییدی بووم، ده‌روازه‌ی ئه‌ده‌بیاتی سوییدیشم کرده‌وه‌. سویید وڵاتێکی بچووکه‌ و نه‌ ته‌نیا له‌بواری ته‌کنۆلۆژیاوه‌ به‌ڵکو له‌ ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بیشه‌وه‌ رۆڵێکی گه‌وره‌ ده‌بینێ. وه‌ک ده‌زانین ناوه‌ندی خه‌ڵاتی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی له‌و وڵاته‌یه‌ که‌ ئه‌ویش خه‌ڵاتی نوبڵه‌. مانه‌وه‌ له‌و وڵاته‌دا ده‌رفه‌ت و شانسێکی گه‌وره‌ بوو بۆ من و ده‌روازه‌ی گه‌وره‌م له‌به‌رده‌م کرایه‌وه‌. به‌ڕێگه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی سوییدی، ئه‌ده‌بیاتی گه‌لانی تریشم ناسی.

باسی خه‌ڵاتت کرد، ئایا هیچ خه‌ڵاتێکی کوردستانی یان جیهانیت وه‌رگرتوه‌؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ئه‌نیستیتۆی کوردی به‌رلین جارێک به‌بۆنه‌ی چاپخانه‌ی نوده‌مه‌وه‌، خه‌ڵاتێکی پێشکه‌ش کردم، دیاره‌ هێشتا گه‌نجم و رێگه‌یه‌کی درێژم له‌به‌ر ده‌مه‌.

باسی خۆت و یه‌کێتی نوسه‌رانی سویید بکه‌. 

فرات جه‌وه‌ری: له‌ ساڵی 1987ه‌وه‌ ئه‌ندامی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوییدم. له‌و یه‌که‌مین که‌سانه‌م که‌ بوومه‌ ئه‌ندام. له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌که‌وه‌ بۆرس پێشکه‌ش به‌ ئه‌ندامانی ده‌کرێت. بۆ نمونه‌، ئه‌گه‌ر رۆمانێک بنووسم، ده‌توانم پێِشنیار بکه‌م جێگه‌یه‌کم بده‌نێ یان داوا بکه‌م به‌ڕێم بکه‌نه‌ وڵاتێکی تر و له‌وێ رۆمانه‌که‌م ته‌واو بکه‌م. دوا به‌شه‌کانی رۆمانی دواییم به‌ناوی "پاییزێکی دره‌نگ" له‌ یۆنان ته‌واو کرد که‌ به‌ڕێگه‌ی یه‌کێتیی نووسه‌رانی سوویید چووبووم.

ئایا هیچ کتێبێکت وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر زمانه‌کانی تر؟ 

فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ هه‌ندێک به‌رهه‌مم بۆ زمانی ئه‌ڵمانی، سوییدی و تورکی وه‌رگێڕدراون. هه‌روه‌ها سێ کتێبم کراونه‌ته‌ عه‌ره‌بی و وا خه‌ریکه‌ ده‌کرێنه‌ زاراوه‌ی کورمانجی ناوینیش.

با بچینه‌وه‌ سه‌ر هه‌ندێک بابەتی گشتی، ڕه‌وشی ئێستای ئه‌ده‌بیاتی کوردی (کورمانجی ژوورین) چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ 

فرات جه‌وه‌ری: هه‌موو که‌س ده‌زانێ که‌ ئه‌ده‌بیاتی کلاسیکی کورمانجی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، وه‌ک به‌رهه‌مه‌کانی مه‌لای جه‌زیری و خانی. به‌ڵام کاتێک که‌ دێینه‌ سه‌ر باسی ئه‌ده‌بیاتی نۆژه‌ن، هه‌ر وه‌ک ئاماژه‌م پێدا، دوای دامه‌زراندنی کۆماری تورکیا، له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌ده‌بیاتی کلاسیک که‌ ترادسیۆنێکی به‌خۆوه‌ گرتبوو، به‌جارێک دابڕا. چونکه‌ یه‌کێک له‌هه‌نگاوه‌کانی شۆڕشی که‌مالیزم، گۆڕینی پیتی عه‌ره‌بی بوو بۆ لاتینی.

هۆکاره‌که‌ی ته‌نیا گۆڕینی پیتی عه‌ره‌بی بوو یان .. ؟

 فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر. ئه‌گه‌ر ئه‌ده‌بیاتی کۆن ده‌ربازی پیتی لاتینی ببوایه‌ و زمانی کوردی قه‌ده‌غه‌ نه‌کرابایه‌، ئه‌وا ئه‌ده‌بیاتێکی مودێرن سه‌ری هه‌ڵده‌دا. بۆ وێنه‌ ئه‌ده‌بیاتی تورک دوای کۆمار ده‌گه‌شێته‌وه‌. ئه‌وان زمانی خۆیان قه‌ده‌غه‌ نه‌کرد. به‌رهه‌می ئه‌وانیش به‌ پیتی عه‌ره‌بی بوو. به‌ڵام چونکه‌ ئه‌وان ئه‌ده‌بیاتی عوسمانییان ده‌ربازی لاتینی کرد و ده‌ستیان کرد به‌ وه‌رگێڕانی ئه‌ده‌بیاتی بیانی، به‌مجۆره‌ زمانی خۆیان پوخته‌ تر کرد. به‌ڵام له‌ سییه‌کاندا له‌شام جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخان، گۆڤاری هاواری ده‌رخست و ئه‌وه‌ خاڵی ده‌ستپێکی ئه‌ده‌بیاتی نۆژه‌نی کوردی بوو.

له‌ تاراوگه‌ و به‌پێشه‌نگی گۆڤاری هاوار؟ 

فرات جه‌وه‌ری: هه‌تا ساڵه‌کانی 1940 و 1943 گۆڤاری هاوار، رۆناهی، رۆژا نۆ، ستێر له‌لایه‌ن هه‌ردووک برا واته‌ کامه‌ران و جه‌لاده‌ت به‌درخان له‌ شام و به‌یرووت ده‌رده‌که‌وتن، به‌ڵام ئێمه‌ له‌و ئه‌ده‌بیاته‌ بێ به‌ش بووین. واته‌ ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ به‌ ده‌رفه‌تێکی زۆر سنووردارو به‌ کادیرێکی که‌مه‌وه‌، نه‌ده‌گه‌یشته‌ لای ئێمه‌. هه‌روه‌ها پاش شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ری روسیا و دامه‌زراندنی سۆسیالیزمی سۆڤییه‌ت، کورده‌کانی سۆڤییه‌تی پێشووش ده‌رفه‌تیان بۆ ڕه‌خسا. گه‌لێک به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی بڵاو بوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پیتی کریلی بوون و نه‌مانده‌توانی که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرین، ئه‌گه‌ر به‌ لاتینیش بوایه‌، دیسان له‌به‌ر سنووره‌ قایمه‌کان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست ئێمه‌ و له‌وانیش دابڕابووین و له‌لایه‌کی تره‌وه‌ جم و جۆڵی ئه‌ده‌بی کورده‌کانی تورکیا له‌هه‌فتاکاندا به‌ زمانی تورکی بوو. له‌به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ ئه‌ده‌بیاتی مۆدێرنی کوردی له‌ خه‌وێکی قووڵ دابوو. پاش هه‌شتاکان هێدی هێدی وه‌ خۆ که‌وت و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو بۆ پێشه‌وه‌ هه‌نگاوی نا. لە سوییدیش، که‌ وڵاتێکی دیموکراته‌ و رێز له‌ که‌لتووره‌کانی دیکه‌ ده‌گرێ و دووری ڕاسیزم و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌، ده‌رفه‌تێک بۆ کورد ڕه‌خسا که‌ وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌ک خۆی بقه‌بڵێنێ. کورده‌کانی باکوور به‌تایبه‌تی هه‌ندێک له‌ سایکۆلۆژیای خۆ بچووک دیتن ڕزگاریان بوو. له‌تورکیای که‌مالیدا که‌ کورد وه‌ک نه‌خوێنده‌وار و پاشکه‌وتوو و کێوی چاوی لێده‌کرا، له‌ ئه‌وروپا رێزی له‌ تورک زیاتر بوو. هه‌روه‌ها مناڵه‌ کورده‌کان توانییان له‌سویید به‌زمانی خۆیان په‌روه‌رده‌ ببینن و له‌ هه‌موو گرنگتر ئه‌و که‌سانه‌ی به‌کاری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ خه‌ریکن، ده‌رفه‌تی ماددییان بۆ دابین کرا. بۆ نمونه‌ من له‌یاداشته‌کانی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخاندا خوێندومه‌ته‌وه‌ که‌ کاتێک له‌ مونیخ ده‌یخوێند، پێش شه‌ڕی جیهانی دووه‌م، وای لێدێ که‌ چاکه‌ته‌که‌ی بفرۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی بژی. لێره‌ نووسه‌ر ناکه‌وێته‌ ناو قه‌یرانێکی به‌مجۆره‌وه‌. ده‌زگایه‌کی که‌لتووری هه‌یه‌ که‌ یارمه‌تی ماددی و مه‌عنه‌وی نووسه‌ر ده‌کات. ئێمه‌ی کوردیش له‌و یارمه‌تییه‌ بێبه‌ش نه‌بووین. بۆیه‌ هێدی هێدی ئه‌و سیاسییانه‌ی به‌ دوای کوده‌تا په‌ڕیوه‌ بوون و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاتی خۆیان و وازیان له‌ سیاسه‌تیش هێنا، ڕوویان له‌ ئه‌ده‌بیات کرد. ده‌توانم بڵێم هه‌م له‌ بواری چیرۆک و هه‌م له‌ بواری رۆمانه‌وه‌ (له‌وانه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبه‌ست وا نه‌بێ) هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ به‌رز کرایه‌وه‌. وێڕای ئه‌وه‌ی دیسان سنوورداره‌، به‌ڵام ده‌کرێ باس له‌ ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌نی کوردی بکه‌ین که‌ ته‌نانه‌ت وه‌رده‌گێڕدرێته‌ سه‌ر زمانه‌ بیانییه‌کان و نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ گه‌ردونی ده‌بێت و سنووره‌کان تێده‌په‌ڕێنێ که‌ مایه‌ی خۆشحاڵییه‌.

ئه‌و شته‌ی سه‌رنجی ڕاکێشاوم ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ زاراوه‌ی کورمانجیدا زیاتر گرنگی به‌ رۆمان ده‌درێ هه‌تا ژانره‌کانی تری ئه‌ده‌ب، ئه‌ویش به‌پێشه‌نگی که‌سانی وه‌ک محه‌ممه‌د ئوزون و به‌ڕێزتان و هه‌ندێک که‌سایه‌تی تر. هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چی؟

 فرات جه‌وه‌ری: له‌ وڵاته‌ پاشکه‌وتووه‌کان شیعر پێگه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌یه‌. ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ک له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتین وه‌ک پێغه‌مبه‌رێک چاو له‌ شاعیر ده‌کرا و شاعیره‌کان بێ پاره‌ سواری پاس ده‌بوون. ئه‌مڕۆش له‌ وڵاتانی جیهانی سێهه‌م هه‌ر به‌مجۆره‌یه‌. له‌وانه‌یه‌ له‌ کوردستانیش وا بێ. به‌ڵام له‌ ئه‌وروپا به‌پێچه‌وانه‌یه‌. له‌ ئه‌وروپا و به‌تایبه‌تی سویید که‌م چاپخانه‌ کتێبی شیعر بڵاو ده‌که‌نه‌وه‌. ئه‌و شاعیرانه‌ی خه‌ڵاتی نوبڵیان وه‌رگرتووه‌، به‌زه‌حمه‌ت پێنجسه‌د کتێبی شیعریان ده‌فرۆشرێ. کتێبخانه‌کانیش کتێبی شیعر ناکڕن. نه‌ک بڵێی بێ نرخه‌، به‌ڵکو خوێنه‌ری که‌مه‌. منیش له‌ گۆڤاری نوده‌م هه‌تا بۆم کرا گرنگیم به‌ لایه‌نه‌کانی تری ئه‌ده‌ب دا. وه‌ک چیرۆک و په‌خشان. دیاره‌ کاریگه‌رییه‌کی به‌رچاوی هه‌بوو. چونکه‌ ئه‌و شیعرانه‌ی ده‌نووسران و به‌ڕێ ده‌کران، سێبه‌ری ئایدیۆلۆژییان پێوه‌ دیار بوو و له‌ دژی زوڵم و زۆرداری هۆنرابوونه‌وه‌. ڕه‌ساڵه‌تێکی سیاسییان هه‌بوو. پاش ئه‌م ژیانه‌ سیاسییه‌، به‌ دوای ئه‌ده‌بیاتێکی گه‌ردوونیدا وێڵ بووین که‌ بتوانین هه‌ست، خه‌ون، ئازار و فه‌نتازییه‌کانمانی پێ ده‌رببڕین. چیرۆک و رۆمان جێگه‌ی شیعریان گرته‌وه‌، چونکه‌ زمانێکی جیهانی تریان هه‌بوو.

له‌ ئه‌ده‌بیاتی کورمانجی ژووریندا، دابڕانێک هه‌یه‌ هه‌ر له‌ مه‌لای جه‌زیری و ئه‌وانه‌وه‌ هه‌تا جگه‌رخوین. ئه‌م دابڕان و بێده‌نگییه‌ به‌سه‌ر رۆژنامه‌وانیشدا هاتووه‌. دوای هه‌وڵه‌ رۆژنامه‌وانییه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان دابڕانێک هه‌یه‌ هه‌تا ده‌رچوونی گۆڤاری نوده‌میش. له‌هه‌ندێک بواردا هاوار و نوده‌م لێک ده‌چوێنم. به‌شی خۆی باسی هاوارت کرد، ئه‌ی نوده‌م چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ڕاسته‌. هاوار به‌ده‌ستپێشخه‌ری که‌سێک بڵاو ده‌بۆوه‌، بێ ئه‌وه‌ی هێز و لایه‌نێکی سیاسی له‌ پشت بێ یان ببێته‌ بلینگۆی هه‌ندێکیان. ئامانجی پێشخستنی ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌ن بوو، پلۆڕال ده‌هزری، بێ ئه‌وه‌ی جیاوازییه‌ک له‌نێوان به‌رهه‌مه‌کاندا بنێ. هه‌ر چه‌ند شاعیر و نووسه‌ری وه‌ک قه‌دری جان، نورده‌ین زازا و عوسمان سه‌بری له‌ ده‌وروبه‌ری هاوار بوون، به‌ڵام گوشاره‌که‌ زیاتر له‌سه‌ر پشتی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخان بوو. دوابه‌دوای ڕاوه‌ستانی هاوار، ئیدی ئه‌م گۆڤاره‌ له‌بیر ده‌کرێ. ئه‌من بۆ خۆم کاتێک ده‌رکه‌وتمه‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ یه‌که‌مجار ناوم بیست. دیاره‌ له‌م مه‌ودایه‌دا، زۆر گۆڤار و رۆژنامه‌ی کوردی ده‌رکه‌وتن، به‌ڵام هه‌موویان سیاسی و ئایدیۆلۆژی بوون و ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مێکی ئه‌ده‌بی بڵاو کرابایه‌وه‌، ده‌بوو له‌ چوارچێوه‌ی رێکخستن و حیزب دابێت. کاتێک له‌ساڵی 1983دا چاوم به‌هاوار که‌وت، وه‌ک ون بوویه‌کی خۆم دۆزیبێته‌وه‌، وا بوو. بوه‌ مایه‌ی سه‌رنجی من. هه‌ستم کرد کوردایه‌تییه‌کی پاک و دڵسۆزی تێدایه‌ و هه‌تا نه‌وه‌ده‌کان سه‌رجه‌م ژماره‌کانی گۆڤاری هاوارم سه‌ر له‌نوێ چاپ و بڵاو کرده‌وه‌. نوده‌م له‌ فکر و تێڕوانیندا وه‌ک هاوار، لیبڕاڵ بوو. بێگومان هه‌وڵم دا شتێکی نوێ بێت، چونکه‌ هه‌ل و مه‌رجی هاوار و نوده‌م زۆر لێک جیاواز بوو. بۆ ده‌رکردنی نوده‌م زۆرم زه‌حمه‌تی و ئاسته‌نگی بینی.

وه‌ک چی؟ 

فرات جه‌وه‌ری: یه‌که‌مجار بوو گۆڤارێک له‌لایه‌ن که‌سێکه‌وه‌ ده‌رده‌چوو. ده‌وروبه‌ر باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد که‌سێک به‌ ته‌نیا بتوانێ شتێک بکات. به‌ڵام جارجاره‌ هه‌ندێک که‌س گۆڕانکاری بنچینه‌یی له‌ وڵات و ته‌نانه‌ت جیهاندا ده‌که‌ن. کاتێک ده‌ستم به‌ چاپ و په‌خشی نوده‌م کرد، هه‌ندێک ده‌یانگوت فڵان ڕێکخراوی له‌ پشته‌ و هه‌ندێکی تر ده‌یانگوت فیساره‌ رێکخراو. لێره‌دا با ئاماژه‌ به‌ نموونه‌یه‌ک بکه‌م. به‌ر له‌وه‌ی نوده‌م ده‌ربکه‌وێت، چونکه‌ پێشبینی ئه‌م شته‌م کردبوو، بۆئه‌وه‌ی باڵانسێک دروست بکه‌م و به‌ هه‌ر که‌س بسه‌لمێنم که‌ گۆڤاره‌که‌ سه‌ربه‌خۆ و ئه‌ده‌بییه‌، دوو ریکلامم بۆ دوو رۆژنامه‌ی کوردی نارد که‌ یه‌کیان رۆژنامه‌ی وڵات و سه‌ر به‌ pkk بوو و ئه‌وی تریش گۆڤاری ئامانج و دژ به‌ pkk بوو. پاره‌یه‌کیشم بۆ ڕه‌وانه‌ کردن تاکوو ریکلامه‌که‌م بڵاو بکه‌نه‌وه‌. رۆژنامه‌ی وڵات پاره‌ی نه‌ویست و له‌بری پاره‌، ریکلامی رۆژنامه‌ی خۆیان بۆ به‌ڕێ کردم. کاتێک ریکلامه‌که‌ی من له‌ وڵاتدا بڵاو بۆوه‌ و منیش له‌ ژماره‌ یه‌کی گۆڤاره‌که‌مدا ریکلامی وڵاتم بڵاو کرده‌وه‌، مه‌حمود باکسی که‌ ئه‌و کات دژ به‌ pkk بوو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کرد که‌ نوده‌م سه‌ر به‌ pkk ه‌یه‌. ئینجا له‌ ژماره‌ی دووه‌مدا وت و وێژێکم له‌گه‌ڵ مه‌حمود باکسی کرد و بڵاوم کرده‌وه‌، دۆست و لایه‌نگرانی pkk گوتیان گۆڤارێکی باش بوو، به‌ڵام پێویسته‌ که‌سایه‌تی به‌مجۆره‌ی تێدا نه‌بێ. پاش یه‌ک ــ دوو ساڵ له‌ ده‌رچوونی، ئینجا باوه‌ڕیان پێ هێنا.

نوده‌م تاکه‌ی به‌رده‌وام بوو؟

 فرات جه‌وه‌ری: دامنابوو پێنج ساڵ ده‌ربچێ. زۆر که‌س باوه‌ڕیان نه‌ده‌کرد ته‌نانه‌ت دوو ــ سێ ژماره‌ زیاتری لێ ده‌ربچێ. خۆیان ئابوونه‌ نه‌ده‌کرد چونکه‌ پێیان وابوو ئه‌و گۆڤاره‌ش به‌ ده‌ردی گۆڤاره‌کانی تر ده‌چێت. ئه‌و پێنج ساڵه‌ی که‌ بۆ نوده‌م پێشبینیم کردبوو، به‌ڕێک و پێکی ده‌رکه‌وت. له‌ ماوه‌ی ئه‌م پێنج ساڵه‌دا هیچ جیاوازییه‌کم نه‌خسته‌ نێوان بیروباوه‌ڕ و مه‌کته‌به‌ ئه‌ده‌بییه‌کان. نوده‌م هیچ جۆره‌ سنوورو به‌ربه‌ستێکی نه‌بوو. گۆڤارێکی فره‌ ڕه‌نگ و فره‌ ده‌نگ بوو. له‌ پێنجه‌مین ساڵیادی ده‌رچوونی نوده‌مدا، جه‌ژنێکمان له‌ستۆکهۆڵم به‌ڕێوه‌ برد، زۆربه‌ی رۆشنبیرانی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌شداری ئاهه‌نگه‌که‌ بوون، له‌و ئاهه‌نگه‌دا ده‌بوو ماڵئاواییم کردبا.

ماڵئاواییت کرد؟ 

فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر، بڕیارم دا بۆ پێنج ساڵی تریش گۆڤاره‌که‌ ده‌ربکه‌م. واته‌ به‌گشتی ده‌ساڵ به‌رده‌وام بوو. نیازم وابوو دوای پێنج ساڵ نوده‌م له‌ دیاربه‌کر ده‌ربکه‌م. وه‌ک ده‌زانن نه‌وه‌ده‌کان بارودۆخ ئارام نه‌بوو. دۆست و براده‌ر پێیان گوتم چۆن شتی وا ده‌که‌ی، ئه‌گه‌ر بچیته‌ دیاربه‌کر، پاش چه‌ند مانگێک هه‌واڵی مه‌رگت ده‌بیسین. قسه‌که‌یان ڕاست بوو. له‌م بڕیاره‌م پاشگه‌ز بوومه‌وه‌. بۆیه‌ بڕیارم دا پێنج ساڵی تریش به‌رده‌وام بم له‌سه‌ر ده‌رکردنی گۆڤاره‌که‌. ده‌ ساڵی ڕه‌به‌ق نوده‌م ده‌رکه‌وت. بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی دره‌نگ بکه‌وێته‌ ژێر چاپ. ئه‌وه‌ش دیارده‌یه‌کی نوێ بوو له‌ رۆژنامه‌گه‌ری کوردیدا.

هه‌ر له‌پاشکۆی ئه‌م گۆڤاره‌دا، گۆڤارێکی تریشت ده‌رده‌خست که‌ تایبه‌ت بوو به‌ وه‌رگێڕان.

 فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ، ده‌مویست هه‌ر ساڵه‌ی ژماره‌یه‌ک یاخود دوو ژماره‌ی ده‌ربکه‌م. هه‌ر وه‌ک ده‌زانی به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی دونیا زۆر زوو ده‌کرێنه‌ تورکی. وه‌رگێڕان له‌ ناو تورکه‌کاندا زۆر به‌هێزه‌. فارسه‌کانیش هه‌ر وان. کتبێبی بیره‌وه‌ری مارکیز به‌ر له‌وه‌ی به‌سوییدی بڵاو بکرێته‌وه‌، ده‌کرێته‌ تورکی، رۆمانه‌کانی پاولۆ کۆئیلۆش هه‌روا. ئه‌وه‌ش وا ده‌کات کورده‌کان ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ بخوێننه‌وه‌ و یه‌کێک که‌ به‌ تورکی موتاڵا بکات، زۆرتر سوودمه‌ند ده‌بێ و ئاسانکاری زیاتر بۆ ده‌کرێت. منیش به‌ڕێگه‌ی ئه‌م گۆڤاره‌وه‌ ده‌مه‌ویست زمانی کوردی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموون له‌ته‌کنیک و شێوازی نووسه‌رانی جیهان وه‌ربگرین. هه‌تا توانامان هه‌بوایه‌ هه‌وڵمان ده‌دا وه‌رگێڕدراوه‌کان له‌زمانی ئۆرژیناڵه‌وه‌ بکرێن. مخابن ته‌نیا ژماره‌یه‌کی ده‌رکه‌وت.

بۆچی ته‌نیا ژماره‌یه‌ک؟ 

فرات جه‌وه‌ری: نه‌یتوانی جێگه‌ی خۆی بکاته‌وه‌. له‌ بواری ماددیشه‌وه‌ ئاسته‌نگی گه‌وره‌م ده‌هاته‌ به‌رده‌م. ده‌توانم بڵێم وێڕای هه‌ندێک ئاسته‌نگی تر، هۆکاره‌که‌ ته‌نیا مادی بوو. چونکه‌ ده‌مه‌ویست گرنگی به‌ جۆری چاپه‌که‌شی بده‌م و ئه‌وه‌ش پاره‌یه‌کی زۆری ده‌ویست.

تیراژی نوده‌م چه‌ند بوو؟ 

فرات جه‌وه‌ری: هه‌زار نوسخه‌.

نوده‌م هه‌ر له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا بڵاو ده‌بۆوه‌ یان ده‌هاته‌ تورکیا و وڵاتانی ئاسیاش؟

 فرات جه‌وه‌ری: به‌شی هه‌ره‌ زۆری له‌ ئه‌وروپا بڵاو ده‌بۆوه‌. چونکه‌ ئه‌و کات ڕه‌وشی سیاسی تورکیا ناله‌بار بوو و به‌ڕێگه‌ی پۆست نه‌ده‌گه‌یشت. که‌سیش نه‌یده‌توانی له‌گه‌ڵ خۆی بیگێڕێ. هه‌ر چه‌ند گۆڤارێکی سیاسی نه‌بوو، به‌ڵام قاچاغ بوو. شتی سه‌رنج ڕاکێش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر چه‌ند تیراژی نوده‌م زۆر که‌م بوو، به‌ڵام باش بڵاو ده‌بۆوه‌. به‌تایبه‌ت له‌ زیندانه‌کانی تورکیادا ده‌ستاوده‌ست ده‌گه‌ڕا. زۆر نامه‌م له‌ زیندانه‌وه‌ به‌ده‌ست گه‌یشت که‌ نوسیبوویان به‌رێگه‌ی نوده‌م فێری زمانی کوردی بوون. هه‌روه‌ها نزیکه‌ی 15 نوسخه‌یه‌کی له‌کوردستانی سووریادا بڵاو ده‌بۆوه‌ و له‌وێش له‌ناو رۆشنبیران و هۆگرانی ئه‌ده‌بدا ماڵه‌وماڵ ده‌گه‌ڕا. به‌و پێشوازییه‌ هه‌ستم ده‌کرد کورد شتێکی به‌مجۆره‌ی گه‌ره‌که‌. شتێک که‌ تایبه‌ت بێ به‌ بواری خۆی.

ئایا له‌ نوده‌مدا هه‌ر به‌ته‌نیا نووسینی نووسه‌رانی باکووری کوردستان بڵاو ده‌کرایه‌وه‌؟ 

فرات جه‌وه‌ری: نه‌خێر. به‌رهه‌می کورده‌کانی باشووری کوردستان و رۆژهه‌ڵات، کوردستانی سووریا و نوسه‌رانی تاراوگه‌ش بڵاو ده‌بۆوه‌.

به‌رهه‌می نووسه‌رانی سۆران چۆن بڵاو ده‌بۆوه‌، وه‌رده‌گێڕدرایه‌ سه‌ر زاراوه‌ی کورمانجی یان هه‌ر وه‌ک خۆی بڵاو ده‌بۆوه‌. 

فرات جه‌وه‌ری: وه‌ک خۆیان و به‌ پیتی لاتینی بڵاو ده‌بوونه‌وه‌. هه‌ندێک به‌رهه‌میش ده‌کرانه‌ کورمانجی، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بناسرێن. زۆر جار به‌رهه‌می که‌سانی وه‌ک عه‌بدوڵڵا په‌شێو، شێرکۆ بێکه‌س، ئه‌نوه‌ر قادر جاف، حه‌مه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن و فه‌رهاد شاکه‌لیمان وه‌رده‌گێڕاوه‌. فه‌رهاد پیرباڵیش یه‌کێک بوو له‌ نووسه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌کانمان که‌ به‌ تێکه‌ڵییه‌ک له‌ سۆرانی و کورمانجی ده‌ینووسی. ئه‌و کاته‌ی که‌ له‌ پاریس بوو.

نووسه‌رانی باکووری کوردستان به‌گشتی خه‌باتێکی نه‌ته‌وه‌ییان ده‌ست پێکردوه‌ به‌ڕێگه‌ی وه‌ڕگێڕانی به‌رهه‌می نووسه‌رانی باشووری کوردستان، به‌ڵام لێره‌ که‌س، نووسه‌رانی باکوور یان رۆژئاوای کوردستان ناناسێ. ئه‌تۆ تا چه‌ند شاره‌زای ئه‌ده‌بیات و وێژه‌ی زاراوه‌کانی دیکه‌ی کوردی و ئه‌مه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟

 فرات جه‌وه‌ری: کاتێک ئێمه‌ ده‌ڵێین کوردستان، پێویسته‌ باس له‌ هه‌مووی بکه‌ین. منیش هه‌ست به‌م که‌مایه‌سیه‌ ده‌که‌م. ئه‌گه‌ر مێژوویه‌کی ئه‌ده‌بی چاپ بکرێ و تێیدا به‌رهه‌می کورده‌کانی سۆڤییه‌ت یان شوێنێکی تر نه‌بێ، ئه‌وا نابێته‌ وێژه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی، به‌ڵکو ده‌بێته‌ هی پارچه‌یه‌ک. نووسین به‌ زاراوه‌گه‌لی جیا جیا گرنگ نییه‌، به‌ڵکو پێویسته‌ له‌شوێنێکدا بگه‌نه‌ یه‌ک. بۆیه‌ من له‌ نوده‌مدا ئه‌م کاره‌م کرد. هه‌روه‌ها ئه‌نتۆلۆژیایه‌کی چیرۆکی کوردیم ئاماده‌ کرد که‌ تێیدا هه‌مان سیاسه‌تی نوده‌مم په‌یڕه‌و کردووه‌. ئه‌نتۆلۆژیاکه‌ دوو به‌رگه‌ و نزیکه‌ی دوو هه‌زار لاپه‌ڕه‌یه‌. له‌و ئه‌نتۆلۆژیایه‌دا نموونه‌ی گشت چیرۆک نووسه‌ کورده‌کانم هێناوه‌ته‌وه‌. ته‌نیا باسی نووسه‌رانی پارچه‌یه‌کم نه‌کردووه‌. بیۆگرافی و نموونه‌ به‌رهه‌می نووسه‌رانی کورمانجی ناوینیشم کردۆته‌ لاتینی.

 ئه‌نتۆلۆژیاکه‌ت به‌ ته‌نیا ئاماده‌ کرد؟ 

فرات جه‌وه‌ری: به‌ڵێ. به‌ڵام له‌گه‌ڵ که‌سانی شاره‌زا له‌ ئه‌ده‌بیاتی کورده‌کانی سۆڤییه‌ت و باشووری کوردستان راوێژم کردووه.

کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌نتۆلۆژیا یا خود پرۆسه‌یه‌کی وه‌ک نوده‌م ئیشی تاکه‌ که‌سێک نییه‌و پێویسته‌ ده‌زگایه‌کی گه‌وره‌ی له‌پشت بێ.. ئێوه‌ چۆن خۆتان له‌ قه‌ره‌ی ئه‌م کاره‌ دا؟ ئایا ماندووبوونێکی زۆری نه‌ده‌ویست؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ئێمه‌ وا ڕاهاتووین و واده‌زانین که‌ کاری گه‌وره‌ پێویسته‌ ده‌زگایه‌کی مه‌زنی له‌پشت بێ. ڕاسته‌ دام و ده‌زگاکان ده‌رفه‌ت و کادیری زۆریان له‌به‌ر ده‌ست دایه‌، به‌ڵام وه‌ک ده‌زانی دام و ده‌زگای لای خۆمان ئامانجیان ته‌نیا ڕه‌زامه‌ندی حیزبه‌که‌یانه‌، یان له‌به‌ر مووچه‌ کاره‌کانیان ڕاده‌په‌ڕێنن و دیاره‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی ده‌ریده‌خه‌ن، چۆنه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌زگاکه‌ ئامانجی خه‌باتێکی سه‌ربه‌خۆ بێ و پاڵپشت بێ به‌ خه‌باتێکی پرۆفشنه‌ڵ و بازرگانی سه‌ربه‌خۆ، سه‌رکه‌وتووتر ده‌بێ و له‌ ڕه‌وشی ئێستای کوردستانیشدا، دامه‌زراندنی ده‌زگایه‌کی به‌مجۆره‌ ده‌ست نادا. ئه‌مه‌ بۆ باکووری کوردستان دوو ئه‌وه‌نده‌ زه‌حمه‌ته‌. کاتێک که‌ نوده‌مم ده‌رخست، خوێنه‌ر و نووسه‌ری به‌ده‌گمه‌ن بوو. به‌ڵام چونکه‌ من ئاشقی ئه‌م خه‌باته‌ بووم، هه‌موو هێز و توانای خۆم خسته‌ گه‌ڕ. ڕاسته‌ تا ڕاده‌یه‌ک خه‌باتێکی شه‌خسی بوو، به‌ڵام په‌یوه‌ندییم له‌گه‌ڵ هه‌موو نووسه‌رانی کورد و نووسه‌رانی غه‌یره‌ به‌ست و به‌مجۆره‌ ئامانجم ئه‌وه‌ بوو بناخه‌ی ئه‌ده‌بیاتێکی نۆژه‌ن سه‌قامگیر بکه‌م. وه‌ک ده‌زانی غه‌ریبی، تێکشکانه‌. بۆ ئه‌وه‌ی له‌ غه‌ریبیدا تێک نه‌شکێم، په‌نام بۆ ئه‌ده‌بیات برد. ئه‌ده‌بیات هیوای ئایینده‌م بوو. بۆیه‌ به‌ دڵه‌وه‌ ئه‌م کاره‌م ئه‌نجام دا. که‌سێک که‌ به‌دڵ کار بکات، له‌و سه‌د که‌سه‌ باشتره‌ که‌ بێ دڵ کارێک ده‌که‌ن. له‌لایه‌کی تره‌وه‌، له‌ پرۆسه‌ی ده‌رکردنی گۆڤاری نوده‌مدا، گرنگیم نه‌دا به‌وه‌ی که‌ نووسه‌ر سه‌ر به‌ کام ئایدیۆلۆژیا و پارته‌. وه‌ک گۆڤاره‌ سوییدییه‌ ئه‌ده‌بییه‌کان ویستم ببێته‌ گۆڤارێکی تایبه‌ت. ده‌بوو نوده‌م ببوایه‌ پردێک له‌ نێوان نووسه‌ران. بێگومان ئه‌م داخوازی و بانگه‌شانه‌ گه‌وره‌ بوون. سه‌ره‌تا جێبه‌جێ کردنیان هه‌ندێک زه‌حمه‌ت بوو، به‌ڵام له‌ ئه‌نجامی شه‌ونخوونی و هه‌وڵدانی بێ وچان ڕێگه‌ هه‌موار بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته‌ دان به‌وه‌ دابنێم که‌ ئه‌و ده‌ ساڵه‌ بۆ من وه‌ک بیست ساڵ تێپه‌ڕین.

له‌ کورمانجیدا کێشه‌ی خوێنه‌ریش هه‌یه‌ چونکه‌ هه‌ر نووسه‌ره‌ی به‌ شێوه‌ زاراوه‌یه‌ک ده‌نووسێ. واته‌ کێشه‌که‌ زمانه‌. ئه‌و کێشه‌یه‌ له‌ به‌رده‌م ئێوه‌ش نه‌بۆته‌ ئاسته‌نگ؟ په‌یوه‌ندی نێوان تۆ و خوێنه‌ران چۆنه‌؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ئه‌و کێشه‌یه‌ تا ڕاده‌یه‌ک نه‌ماوه‌ته‌وه‌. سه‌ره‌تای هه‌شتاکان ئه‌م شته‌ باو بوو. نه‌ ته‌نیا هه‌ر شاره‌ و زاراوه‌یه‌کی هه‌بوو، بگره‌ هه‌ر رێکخستنێکیش زمانێکی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌بوو و به‌گوێره‌ی خۆیان قاڵبیان بۆ دروست ده‌کرد. دوابه‌دوای ده‌رکردنی گۆڤاری نوده‌م و هه‌روه‌ها سه‌ر له‌نوێ چاپکردنه‌وه‌ی گۆڤاری هاوار، ئێستا که‌م نووسه‌ر هه‌یه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌کی هه‌رێمی بنووسێ. بۆ نمونه‌ من هه‌ر چه‌ند له‌ زارگوتنی هه‌رێمی زۆر دوور نه‌که‌وتومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ش نانووسم. ده‌توانم بڵێم 80% شێوه‌یه‌کی ستانداری به‌خۆوه‌ گرتووه‌ و دیسان هه‌ندێک نووسه‌ری تۆری و سه‌رحه‌دی به‌ زار گوتنی خۆیان ده‌نووسن، به‌ڵام ئه‌وانیش هێدی هێدی هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ ئه‌و ستاندارده‌ی له‌ زمانی کوردیدا زاڵه‌. هی کورمانجی بادینان له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌. نه‌ سۆرانییه‌ و نه‌ کورمانجییه‌. دیاره‌ به‌هدینان ناوی هه‌رێمێکه‌ و ئه‌ویش هه‌ر کورمانجییه‌ و زاراوه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ نییه‌. پێویسته‌ خۆیان نزیکی ئه‌و ستاندارده‌ بکه‌ن که‌ ئێمه‌ پێی ده‌نووسین.

بۆچی له‌ کورمانجیدا زیاتر کتێبی وێژه‌یی چاپ ده‌کرێن و گرنگی به‌ بواره‌کانی تری وه‌ک فه‌لسه‌فه‌ و زانست و .. هتد نادرێ؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ڕاسته‌، زیاتر به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی چاپ و بڵاو ده‌کرێته‌وه‌. به‌ڵام نمونه‌ی فه‌لسه‌فیشمان هه‌یه‌. وه‌ک مسته‌فا دوزگون که‌ چه‌ند کتێبێکی له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ هه‌یه‌. به‌م دواییانه‌ش وه‌شانخانه‌ی ئاڤێستا هه‌ندێک کتێبی سیاسی بڵاو کرده‌وه‌، له‌وانه‌ کتێبی د. قاسملو و کتێبێک سه‌باره‌ت به‌ مه‌لا مسته‌فا بارزانی. به‌گشتی وه‌ک جه‌نابتان ئاماژه‌تان پێ دا، نموونه‌یان که‌مه‌. چونکه‌ پێداویستییه‌کی وه‌ها نه‌هاتۆته‌ گۆڕێ و به‌زمانی تر موتاڵای ده‌که‌ن. چونکه‌ قورسیشه‌ ناتوانن به‌ زمانی کوردی لێی تێ بگه‌ن.

ئاینده‌ی ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌ تاراوگه‌ چۆن ده‌بینی؟ 

فرات جه‌وه‌ری: گه‌شبین نیم پێی. چونکه‌ ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی له‌وێ پێده‌گات، ناتوانێ نوێنه‌ری هه‌ست و نه‌ستی کورده‌کان بێت له‌ وڵاتی خۆیان و ته‌نیا گوزاره‌ له‌ به‌شێکی که‌م ده‌کات. ئیتر به‌ مێشکی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌فکرن که‌ لێی ده‌ژین. ئێستاکه‌ ڕه‌وشی کوردستان ده‌گۆڕێ، پێویسته‌ وێژه‌وانه‌کان بگه‌ڕێنه‌وه‌ و له‌ناو خه‌ڵکی خۆیاندا بژین.

واته‌ زه‌مینه‌که‌ له‌بار ده‌بینی؟ 

فرات جه‌وه‌ری: ده‌مه‌وێ بڵێم تا ڕاده‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ ئاینده‌ی سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ی زمانی کوردی له‌ باکوور ئازاد بێ، له‌ماوه‌یه‌کی زۆر کورتدا، ئه‌ده‌بیات ده‌گاته‌ لوتکه‌ی خۆی و په‌ره‌گر ده‌بێ. چونکه‌ کوردستانی تورکیا پردێکه‌ له‌نێوان ئاسیا و ئه‌وروپادا. پێویسته‌ ئیتر زمان فاکتۆرێکی وڵاتپارێزی نه‌بێ، به‌ڵکو بواره‌کانی مه‌عریفه‌ و زانست بگرێتەوە. ئه‌ده‌بیات پێویسته‌ ته‌عبیر له‌ ئێش، ژان و برک و خۆشییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بکات.

له‌ دوا رۆمانتدا به‌ نیسبه‌ت به‌رهه‌مه‌کانی ترت پشوو درێژی، ئایا هه‌نگاوێکی نوێت له‌ نووسیندا به‌رز کردۆته‌وه‌؟

 فرات جه‌وه‌ری: ناتوانم بڵێم هه‌نگاوێکم به‌رز کردۆته‌وه‌ یاخود به‌رهه‌مه‌کانی پێشووم به‌کار نایه‌ن. به‌ڵام زۆری پێوه‌ ماندوو بووم. ئه‌زموونێکی بیست و پێنج ساڵه‌م هه‌یه‌ له‌ نووسینی چیرۆکدا. بیرۆکه‌ی ئه‌م رۆمانه‌ش له‌مێژه‌ له‌ سه‌رمدایه‌. چوار ــ پێنج ساڵه‌ کاری له‌سه‌ر ده‌که‌م. ویستومه‌ شێوازێکی نوێ به‌کار بێنم. وه‌ک سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌کانی دیکه‌م له‌سه‌ر تاکێک چڕ بوومه‌ته‌وه‌. چونکه‌ پێم وایه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێکی باش بناسێنم، ئه‌وا زۆر که‌سم باش ناساندوه‌. هه‌ر چه‌نده‌ که‌سێکه‌، به‌ڵام ژیانێکی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی سێ ده‌یه‌ی دوایی ئاواره‌یه‌که‌ که‌ به‌ نیازه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ وڵاته‌که‌ی. بیری گه‌ڕانه‌وه‌ له‌و که‌سه‌دا ده‌بێته‌ نه‌خۆشی نۆستالێژی.


به‌رهه‌مه‌ چاپکراوه‌کانی فرات جه‌وه‌ری بریتین له‌:
1ــ هه‌ڵمه‌ت ده‌به‌ین، (شیعر ــ 1980)
2ــ گه‌وره‌ ده‌بم، (شیعر ــ 1981)
3ــ دایک شیرینه‌، (شیعری مناڵان ــ 1983)
4ــ به‌ندکراو، (چیرۆک ــ 1968)
5ــ کۆتری سپی، (چیرۆک ــ 1992)
6ــ کولتور، هونه‌رو ئه‌ده‌بیات، (کۆمه‌ڵه‌ وتار و هه‌ڤپه‌یڤین ــ 1996)
7ــ وته‌ی ناوداران، (1995)
8ــ چیرۆکی بنه‌ماڵه‌ی عه‌بدۆ، (چیرۆک ــ 1999)
9ــ له‌ماڵی جه‌لاده‌ت ئالی به‌درخاندا، (دیالۆگ ــ 1998)
10ــ شه‌پۆله‌کانی ده‌ریای ره‌ش، (سه‌فه‌رنامه‌ ــ 1997)
11ــ رۆمانسێکی ژاکاو، (کۆمه‌ڵه‌ چیرۆک ــ 2002)
12ــ ئه‌نتۆلۆژیای چیرۆکی کوردی، (2003)
13ــ پاییزێکی دره‌نگ، (ڕۆمان ــ 2005)

هه‌ندێک له‌به‌رهه‌مه‌ وه‌رگێڕدراوه‌کانی بریتین له‌:

1ــ شه‌وه‌ سپییه‌کان، ده‌سته‌یڤسکی، 1993
2ــ مشک و مرۆڤ، جۆن ئنشتاین به‌ک، 1993
3ــ باخچه‌ی ڤینیسیا، ئه‌نتۆان چیخه‌ف، 1995
4ــ له‌ چاوه‌ڕوانی گۆدۆدا، سامۆئیل بیکیت، 1995
5ــ داری هه‌نار، یه‌شار که‌ماڵ، 1998
6ــ دیوار، سارتر، 1998
7ــ چیرۆکی مامه‌ وردیله‌، باربرۆ لیندگرێن، 2000
8ــ ئه‌مێل، ئاسترید لیندگرێن، 2002

ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ له‌ ژماره‌ (108)ی گۆڤاری "رامان"دا بڵاو بۆته‌وه‌.

۱۳۹۵/۰۵/۱۳

شازادە چکۆلە؛ یەکەم کتێبی مناڵان بە زمانی هەمشینی



ڕۆژنامەی "ئاگۆس"
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

شازادە چکۆلە، سەرەتای مانگی ژوئەنی ٢٠١٦ هەم بە زمانی ئەرمەنی و هەمیش بە زمانی هەمشینی بڵاو کرایەوە. بیدزیگ پرەنس (شازادە چکۆلە) یەکەم کتێبی مناڵانە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی هەمشینی. ئەم ڕۆمانە لە لایەن ماهیر ئۆزکانەوە وەرگێردراوە.
ڕۆمانی شازادە چکۆلە لە نووسینی نووسەری فەرەنسی ئانتوان دۆ سانت ئێگزوپێری کە خۆشەویستترین بەرهەمی ئەدەبی مناڵان و مێرمناڵانە و گەورەکانیش گرنگیی پێ دەدەن، لە لایەن وەشانخانەی "ئاراس"وە بۆ سەر زمانەکانی ئەرمەنی و هەمشینی وەرگێڕدراوە. شازادە چکۆلە، پێشتر چەندین جار لە دەرەوەی تورکیا بە ئەرمەنی وەرگێڕدراوە، بەڵام دەست ڕاگەیشتن بەو نوسخانە مەحاڵ بووە.
لە سایەی پارێزەر "لوویز باکار" کە شازادە چکۆلەی لە فەرەنسییەوە کردۆتە ئەرمەنی ڕۆژئاوا، ئەم کتێبە بۆ یەکەمجار لە تورکیا بە زمانی ئەرمەنی بڵاو کرایەوە. بە ڕای باکار هەرچەند شازادە چکۆلە کتێبێک نییە تایبەت بە مناڵان، بەڵام هەر مناڵێک دەبێ بیخوێنێتەوە. ناوبراو جەخت دەکاتە سەر گرنگیی ئەم بەرهەمە کلاسیکە و دەڵێ "بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە بۆ ئەرمەنی ڕۆژئاوا، ئەرمەنییەکانی تورکیاش دەرفەتی خوێندنەوەی کتێبەکەیان بۆ دەڕەخسێ." هاوکات کتێبەکە لە لایەن ماهیر ئۆزکانەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی هەمشینی. شازادە چکۆلە بە ئەرمەنی دەبێتە 'پۆکریگ ئیشکهانی' (Փոքրիկ Իշխանը) و بە هەمشینی 'بیدزیگ پرەنس' و هەم وەرگێڕانە ئەرمەنی و هەم وەرگێڕانە هەمشینییەکەی سەرەتای مانگی ژوئەن لە یەک کاتدا چاپ و بڵاو کرانەوە. لەگەڵ ماهیر ئۆزکان وەرگێڕی 'بیدزیگ پرەنس' کە یەکەم کتێبی مناڵانە بۆ هەمشینی وەردەگێڕدرێ، قسەمان کرد.

بیرۆکەی وەرگێڕانی شازادە چکۆلە بە هەمشینی چۆن دروست بوو؟

 لەگەڵ دەرکردنی گۆڤاری "گۆر" لە پاییزی ٢٠١٤ەوە، بڵاوکردنەوەی کتێب بە هەمشینیمان خستە ڕۆژەڤەوە. دەستەی نووسەرانی "گۆر" هاوکات وەشانخانەیەکیان کردبووە ئامانج کە بە هەمشینی کتێب بڵاو بکاتەوە. ئامانجی سەرەکیی لە چالاکییەکانی وەشانخانەیەکی ئەوتۆ، ئەوە بوو ئەدەبیی زارەکی بە شێوەی نووسین تۆمار بکا. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێویست بوو کار بکا بۆ وەرگێڕانی هەندێک بەرهەمی کلاسیک بۆ سەر زمانی هەمشینی. بەم شێوەیە لە لایەکەوە هەوڵم دا بەرهەمی چیرۆک، پەخشان و لای لایە بە هەمشینی کۆ بکەمەوە و لە لایەکی دیکەشەوە هەندێک وەرگێڕانم تاقی کردەوە. "ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە"ی سەمەدی بێهرەنگی و "شازادە چکۆلە" لەو یەکەم بەرهەمانە بوون بە مێشکم گەیشتن. چونکە هەم ماسییە ڕەشە بچکۆلەکە و هەمیش شازادە چکۆلە قارەمانەکانی مناڵی و لاوەتیم بوون. کاتێ زانیم وەشانخانەی "ئاراس" شازادە چکۆلەی بە ئەرمەنی ڕۆژئاوا بۆ چاپ ئامادە کردووە، باسی کارەکەی خۆم بۆ کردن و بەمجۆرە پلان وا دارێژرا شازادە چکۆلە بە هەمشینی و ئەرمەنی ڕۆژئاوا لە یەک کاتدا بڵاو بکرێنەوە.

ئاخۆ هەمشینی ئاخێوەکان داوا دەکەن بە زمانی دایکی کتێب بخوێننەوە؟  

هەمشینی ئاخێوەکان ڕانەهاتوون کتێب بە زمانی دایکی بخوێننەوە. یەکەم کتێب بە زمانی هەمشینی بە ناوی "چیرۆکی هەمشینی" ساڵی ٢٠١٤ و هەمدیس لە لایەن وەشانخانەی "ئاراس"ەوە بڵاو کرایەوە. بۆیە دوابەدوای ئەو پێشوازییەی لە کتێبی "چیرۆکی هەمشینی" کرا و هەروەها پاش بڵاوبوونەوەی دەقەکانی گۆڤاری "گۆر"، ئیدی نووسین و خوێندنەوە بە زمانی هەمشینی، هەرچەند لە چوارچێوەی بازنەیەکی بەرتەسکیش دابێ، کەوتۆتە ڕۆژەڤەوە. سەرکەوتنی گەلانی جیران لە بواری وەشانەوە، بە تایبەتیش لازەکان، پەرەی بە ئۆگری هەمشینییەکان بۆ چالاکی وەشان بە زمانی دایکی داوە. ئەم یەکەمین بڵاوکراوانە هاوکات خزمەت بە تێکشکانی ئەو ئەقڵیەتە دەکەن کە پێی وایە هەمشینی زمانی نووسین نەبووە و نابێ. بەمجۆرە هەوڵدان بۆ خوێندنەوە و نووسین بە هەمشینی ڕۆژ بە ڕۆژ پتر پەرە دەستێنێ و وێدەچێ ئەم ڕەوتە بە خێرایی بەردەوام بێ.

بێجگە لە "شازادە چکۆلە" ئاخۆ کتێبێکی دیکەی مناڵان هەیە کە مناڵانی هەمشینی بتوانن بە زمانی خۆیان بیخوێننەوە؟ 

 نەخێر، بەداخەوە کتێبێکی ترمان بە زمانی هەمشینی نییە. بەڵام لە گۆڤاری ''گۆر"دا هەندێک هەقایەت بڵاو کراونەتەوە. بۆ داهاتوو، لە  بەرنامەم دایە هەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی کلاسیکی دونیا بۆ هەمشینی وەربگێڕم. جگە لەمەش لە وەرگێڕانی نزیکەی هەفتا نوکتە لە نوکتەکانی مەلای مەشهوور بوومەتەوە. ئاواتەخوازم لە داهاتوویەکی نزیکدا هەم هەقایەتی خۆماڵی و هەمیش ئەدەبیاتی کلاسیکی دونیا بە زمانی هەمشینی چاپ و بڵاو بکرێنەوە.

زۆر کەس هەیە پشتیوانی لە 'بیدزیگ پرەنس' دەکا. بەڵام بە ڕای ئێوە ئەم کتێبە دەکڕدرێ بۆ ئەوەی بیخوێننەوە؟ 

ئەگەر ئەو پێشوازییە بدەینە بەر چاو وا لە ''چیرۆکی هەمشینی" کرا، بە ڕای من زیاتر لەوەی چاوەڕێمان دەکرد پێشوازی لە بیدزیگ پرەنس دەکرێ. بیدزیک پرەنس بەرهەمێکی تایبەتە و پاش بڵاوبوونەوەی بە زمانی هەمشینی، کاردانەوەی جوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە. هیوادارم ئەم کاردانەوەیە کاریگەریی لەسەر فرۆشتنی کتێبەکە هەبێ.

هەمشینی زمانێکە پتر لە ڕێگەی بیستنەوە فێری دەبی. جیاوازییە سەرەکییەکانی لەگەڵ زمانێک کە لە قوتابخانە فێر دەکردرێ، چین؟ 

زمانی هەمشینی لە لایەن یۆنسکۆوە لە ڕیزی ئەو زمانانە دادەنرێ کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە. بەداخەوە پەیڕەوکردنی سیاسەتی توانەوە بە درێژایی گەلێک ساڵ، زیاتر کاریگەریی لەسەر زمانی هەمشینی داناوە. ناوچەی هەمشینی نشین و دواتر ژینگەی وەچەی نوێ، لەبەر هۆکارگەلی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەم تایبەتمەندییەیان لەدەست داوە. ناوچەکانی بەرهەمهێنان واتە دێهاتەکان و هەروەها بەرزاییەکان لەو شوێنانە بوون هاوکات لەگەڵ پاراستنی پێناس، زمان و فەرهەنگی هەمشینی، تیف تیفەیان پێ دەدا. ئەم بیست سی ساڵەی دوایی وەرچەرخانی گەورەی ئابووری وایکرد ئەم ناوچە ئاماژەپێکراوانە ئەم ئەرکە گرنگە بەجێ نەهێنن. بۆیە پێم وایە لەم قۆناغەدا زمانی هەمشینی خەسارێکی گەورەی بەرکەوت. بێگومان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم خەسارە گەورەیە ئەوەیە کە هەمشینی هێشتا زمانی نووسین و پەروەردە نییە. هەرچەند تۆمارکردنی هەموو وشەکان و پەروەردە بینین بەو زمانە بەس نین، بەڵام دەتوانن لە ئاستەنگ کردنی مەرگی زمانی هەمشینی یارمەتیدەر بن. مشتومڕ سەبارەت بە ستانداردەکانی بەکارهێنانی چاوگەکانی نووسین، بێگومان یەکێکە لە کێشەکانی زمانێک کە لە قوتابخانە پێی ناخوێنرێ. پتەوکردنی ئەو سامانە وشەیەی هەیە، ئەو وشانەی ئیتر ئەمڕۆکە بەکار نایەن و هەندێک دەستەواژە کە لە ژیانی مۆدێڕندا سوودیان لێ وەردەگیرێ، هاوتادۆزینەوە بۆ وشەکان بە زمانی هەمشینی پێداویستییەکی سەرەکییە لەبەر دەممان.

لە داهاتوودا کتێب بە زمانی هەمشینی بڵاو دەبنەوە؟
 

بەڵێ، هەم بە زمانی هەمشینی و هەم سەبارەت بە هەمشینی کتێب چاپ و بڵاو دەبنەوە. ئەم ساڵانەی دوایی، بەداخەوە لە نێوان لێکۆڵینەوەکان و مێژووی هەمشینییەکاندا مەودایەکی گەورە دروست بوو. بۆیە ئامادەکردنی مێژووی هەمشینی لە چوارچێوەی کتێبی تێروتەسەلدا بۆتە پێداویستییەکی حاشاهەڵنەگر. لە لایەکی دیکەوە ئەوەندەی من بزانم لە چەند کەناڵەوە خەبات بۆ ئامادەکردنی وشەدانێک لە گۆڕێیە. پێم وایە ئەمانە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئامادەی چاپ دەبن. لەمانە بترازێ، گۆڤاری "گۆر" بۆ خوێندنەوە و نووسین بە زمانی هەمشینی بۆتە سەکۆیەک. بە هەڵەدا نەچووین گەر بڵێین کۆی ئەمانە دەبێتە هۆی هاتنە مەیدانی نووسەرانی نوێی هەمشینی.

سەرکوتی زمانی هەمشینی دەگەڕێتەوە بۆ کەی؟ زمانی هەمشینی ئەمڕۆکە لە چ دۆخێک دایە؟ 

ئەمڕۆکە بەشێک لەو هەمشینییانەی لە تورکیا دەژین، بە تورکییەک دەپەیڤن کە وشەگەلی هەمشینی تێدایە. یانی دەتوانین بڵێین زمانی دایکیان بە تەواوەتی لە بیر چووە. یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی لێکۆڵینەوە لەمەڕ مێژووی هەمشینی ئەوەیە بۆچی هەمشینییەکانی ڕۆژئاوا زمانەکەیان لە بیر چۆتەوە و هەمشینەکانی ڕۆژهەڵات نا. بە بۆچوون و مەزەندەی من، کاریگەریی دامودەزگاکانی دەوڵەت لە ناوچەی هەمشینی "ریزە" (ڕۆژئاوا) دەبێ زووتر و بە شێوەیەکی سیستەماتیک تر هەستی پێ کرابێ. پێش ساڵانی ١٩٠٠ لە ناوچەکە قوتابخانە بوونی هەبوو. ئەو ناوچەیە لەسەر ڕێگەیەکی بازرگانیی گرنگ هەڵکەوتبوو. قەڵای گەورە گەورە هەبوون. سەرجەم ئەمانە بوونە هۆکاری ئەوەی هەمشینە موسڵمان کراوەکان زوو زمانەکەیان لەدەست بدەن. بەڵام ئەو هەمشینییانەی بۆ هۆپا-بۆرچکا کۆچیان کردبوو، زۆر درەنگتر ئاشنای قوتابخانە بوون و تا ڕادەیەک دوور لە دەوڵەت، بە ئابوورییەکی داخراوی پاڵپشت بە مەڕ و ماڵات ژیانیان بەڕێ دەکرد. بۆیە سەرباری سیاسەتی یەکڕەنگ کردن و توانەوە، هەمشینەکانی ڕۆژهەڵات توانیان زمانی خۆیان بپارێزن. ئەمڕۆ بە گوێرەی ڕابردوو گوشارەکانی سەر زمان کەم بۆتەوە. لێ زیانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان لە زیانی گوشارەکان گەلێک گەورەترە. بە هۆی پەرەسەندنی شارنشینی لەم قۆناغەدا، ئیدی پێوانەکانی پێشوو چیتر بڕ ناکەن. ئیتر وازهێنان لە زمان و گوشارنەهێنان بۆی، لەبەردەم لەناوچوونی ئەو زمانە نابێتە ئاستەنگ. پێویستە تەگبیرگەلی وەک ڕێگەخۆشکردن بۆ بەکارهێنانی ئەم زمانانە لە شار و نێو ڕای گشتی، مسۆگەڕکردنی خوێندن پێی لە قوتابخانەی ئەو شوێنانەی زمانەکە لێی باڵادەستە، دامەزراندنی کۆرس لە زانکۆ بۆ لێکۆڵینەوە لەم زمانانە و هتد وەربگیردرێن.

زمانی هەمشینی، هاوکات لەگەڵ ددانپێدانانی لە لایەن هەندێک دەستەوە لە دەریای ڕەش، لە لایەن هەندێک دەستەشەوە ڕەت دەکرێتەوە. ئەمڕۆکە ئەم زمانە لە چ دۆخێک دایە؟  

هەڵبەت سەبارەت بە هەمشینی هەڵوێستی جۆراوجۆر هەن. زۆربەی هەرە زۆری ئەو هەمشینانەی کەڵک لەم زمانە وەرناگرن بەڵام هێشتا شوێنەوارەکانیان هەڵگرتووە، کە بۆیان دەردەکەوێ وەها زمانێک هەیە سەریان سووڕ دەمێنێ. کاردانەوەکانیش بە گشتی بە پێی هەڵوێستە سیاسییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا دێ. تەنانەت لە ناو ئەو هەمشینانەی زمانەکەیان دەزانن و بەکاری دێنن، سەبارەت بە چۆنیەتی پێناسەکردنی ئەم زمانە هەڵوێستی جۆراوجۆر هەن. تاقمێکی دیار نایانەوێ ددان بەوە دابنێن کە هەمشینی زاراوەیەکە لە زمانی ئەرمەنی. بەڵام ئەم پەسندنەکردنە لە بنەمایەکی زانستی زیاتر، هۆکاری سیاسیی و سۆزداری لە پشتە.

ئێوە چۆن زمانی دایکتان فێر بوون؟ چۆن بوو مەراقتان وروژا؟ 

من دوانزە ساڵی سەرەتای ژیانم لە دێ تێپەڕاند. بۆیە لە ماڵێ فێری زمانی دایکم بووم. لە ماڵێکی دوو زمانە گەورە بووم. پێش چوونە قوتابخانە، دەمتوانی بە هەر دوو زمانی تورکی و هەمشینی قسە بکەم. ساڵانی زانکۆ کە دەچوومە کوێستانان و لە پای قسە و باسی پیرەکان دادەنیشتم، بۆم دەردەکەوت زۆر وشەی هەمشینی هەن من هیچ بەکارم نەهێناون. بەرە بەرە لەناوچوونی ئەو زمانە، وایکرد بە شێوەیەکی شیلگیرانە بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم واقعەدا بکەم. بە هەستێکی ئاوێتەی پاراستن، هەر وشەیەکی نەمزانیبا دەمپرسی و یادداشتم دەکرد. دوای کۆکردنەوەی وشەکان دەستم کرد بە تۆمارکردنی بەیت، نزا، چیرۆک و هەقایەتی پەری و دێوزمە. بەڕێز "سارکیس سەرۆپیان" چاپ و بڵاوکردنەوەی ئەمانەی مسۆگەڕ کردووە. "نزای ترسی دایکم" وەک نۆبەرەی ئەم هەوڵی کۆکردنەوەیە لە لایەن ئەوەوە لە ڕۆژنامەی "ئاگۆس" چاپ کرا. بە دوای ویدا کتێبی "چیرۆکی هەمشینی" هات.

۱۳۹۵/۰۵/۰۶

ڕەشبینی و نۆستالژیا


وەرگێڕ لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
ئاگۆتا کریستۆف، نووسەری "دەفتەری گەورە"، ساڵی ١٩٣٥ لە چیکڤاندی هەنگاریا لەدایک بووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییە لە تەمەنی ٧٥ ساڵی لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە. ساڵی ١٩٥٦ هەنگاریای کۆمۆنیستی جێهێشتووە و لە سوییس نیشتەجێ بووە و لە کارگەیەکی سەعات سازی کاری کردووە.  کتێبەکانی بۆ زیاتر لە سی زمانی دونیا وەرگێڕدراون. ناوبراو ساڵی ٢٠٠٥، بە چاپی کتێبی "جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە" کە کۆمەڵێک دەقی کۆنن و لە ماوەی چل ساڵدا نووسراون، بۆ هەمیشە وازی لە نووسین هێناوە و نەیتوانیوە کتێبە نوێیەکەی تەواو بکا. لەم وتوێژەی خوارەوەدا وەڵامی پرسیارەکانی دیدیێ ژاکۆبی داوەتەوە کە لە سوییس ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام داوە.

تیک-تاکی سەعاتی دیوار لەو ئاپارتمانە تاریکەدا دەبیسترێ کە ئەم ژنە ڕۆماننووسە تیایدا بێدەنگ بووە. ئاگۆتا کریستۆف نووسەرێکە لە قسەکردندا هەژارە. خوڵقێنەری "دەفتەری گەورە" کە لە ساڵی ١٩٨٦دا بە دونیای دەناسێنێ، وەک کچی بێکێت و سیۆران، تینووی ڕستەی قەبە و مانای گەورە نییە.
دوایین کتێبی "جیاوازییەکی نییە" لە کۆمەڵێک دەقی کۆن پێک دێ کە لە ئەرشیڤی کتێبخانەی "بێرن" دۆزراونەتەوە، هەندێک دەقی ریالیست و پووچگەران کە وێدەچێ چل ساڵ لەمەوپێش فڕێ درابنەتە نێو سندووقی پۆستەوە و پۆستەچی هەڵیگرتبنەوە. 
ئاگۆتا کریستۆف ئەو کچەی ساڵی ١٩٣٥ لە گوندێکی بچکۆلانەی هەنگاریا لەدایک بووە، چۆن توانیویەتی بگاتە ئەو ئاستە؟ ئاگۆتا لە نێو مریشک و قاز و مراویدا، لە نێو مەزرایەکی دوور لە ئاسوودەیی - بێبەری لە کارەبا، تەلەفۆن، ئاوی خاوێن و نانی ڕۆژانە - گەورە بووە. لەگەڵ جەنگدا، مناڵێتی برسییەتی، بەڵام خۆشەویستی دڵەکزە و ژانی گەدە دەڕەوێنێتەوە:
"شەش ساڵم تەمەن بوو. ئاشقی قەشە ببووم کە بەردەوام دەهاتە ماڵمان. ئەو بێ ڕادە خۆشی دەویستم و بەڵێنی پێ دابووم کە گەورە بووم زەماوەندم لەگەڵ بکا. بەڵام لەگەڵ کەسێکی تردا زەماوەندی کرد. بە خۆمم گوت: تەنانەت قەشەکانیش درۆ دەکەن. هەستێکی سامناک بوو."
ئاگۆتا دەبێتە کوڕیژگەیەک و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتی براگەورەکەی، خۆشەویستێکی هەمیشەیی تری. "براگەورەکەم تەمبێمانی دەکرد. تەنانەت هەندێک خراو بوو. خۆشمان دەویست." چونکە باوکی ئاگۆتا هەرگیز بۆ ئەو باوک نەبوو. "بابم مامۆستا بوو. کتێبی دەخوێندەوە و دەینووسی: بەردەوام لە ژوورەکەی خۆی بوو. کەسێکی جددی بوو." لە دوایین چیرۆکی کتێبی "جیاوازییەکی نییە"، ئاگۆتا ئەم گۆشەگیرییە تاڵە دێنێتەوە بیر کە هەرگیز حەزی لێ نەبووە: "باوکم لە هیچ کوێ دەست لە نێو دەستی مندا پیاسەی نەکردووە."
ئاگۆتا کریستۆف لە تەمەنی نۆ ساڵیدا لە شارۆچکەیەک نیشتەجێ دەبێ کە دواتر دەبێتە شاری نێو "دەفتەری گەورە". بە درێژایی چەندین ساڵ، یان بەدفەڕی دەکا یان لەگەڵ براکەی خەریکی خوێندنەوە دەبێ. "ئەمە دایکمی وە گریان دێنا کە ئیرەیی بە خۆشەویستی ئێمە بۆ کتێب دەبرد."
لە تەمەنی چاردە ساڵیدا دەچێتە قوتابخانەیەکی شەوانە لە بیست کیلۆمەتری ئەو شارە. "دابڕانێکی دژوار بوو. مافی ئەوەمان نەبوو بچینە دەرێ، بەڵام من ڕۆژانی یەکشەممە ڕامدەکرد و دەگەڕامەوە ماڵێ." بەردەوام گەڕانەوە، بەڵام هەمیشە وازهێنان لە هەموو شتێک. کارەساتیی تا هەتایی ئاگۆتا کریستۆف.
زۆری پێناچی ساڵی ١٩٥٦ شۆڕش سەرکوت دەکرێ. مێردی ئەو ژنە گەنجە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەت دەکەوێتە گرتووخانەوە. دواجار بڕیار دەدا بە نێو لێڕەواردا بەرەو ئوتریش ڕابکا. ئاگۆتا کریستۆف بە کۆرپە چوار مانگەکەی نێو باوەشییەوە، هەموو شتێک بەجێ دێڵێ. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، ڕووسەکان شوێنی سنوورپارێزەکان دەگرنەوە، ئەوان تەقە لە حەوا دەکەن بەڵام ئەو تاپۆیانەی بەرەو ئەو هێڵە دەخووشن کە ناوی لێ نراوە "سنوور"، گوێیان بەم تەقانە نابزوێ.
ئەوسا ئاگۆتا و بنەماڵە گچکەکەی دەگەنە سوییس. "من بە دڵی خۆم هەڵنەهاتووم. ئەگەر زانیبام بۆ هەتا هەتایە دەمێنمەوە، زێدی خۆمم جێ نەدەهێشت. لەم هەڵبژاردەیە پەژیوانم." ڕستەکە دەکەون، وەک کاغەزێک کە بکەوێتە نێو قەرتاڵەی ژیانەوە. "کارەساتە"، وا دەڵێ. بەڵام ئەی ئازادیی ڕادەربڕین؟ "من لێرە باشتر نەبووم."
ئەی بۆچوونی سەبارەت بە هاتنی بۆ نۆشاتێل، ئەو شارەی مێردەکەی بوورسێکی زانکۆی لێ وەرگرت و ئێستاش هەروا لەم شارە دەژی: "سەرەتا، لە گوندێک ماڵێکی بچووکمان هەبوو و منیش لە کارگەیەکی سەعات سازیدا ئیشم دەکرد. لە هەنگاریا خراپتر بوو. تەنانەت کاتی ئەوەم نەبوو بنووسم. شەوانە پاش خەواندنی مناڵەکان و پاک و خاوێنی، چەند شیعرێکم دەنووسی." سوییس وڵاتی ئازارەکانیەتی.
ئێستا هەست ناکەن لە سوییس باشترن؟ بە کورتی وەڵام دەداتەوە "خراپ نییە". دەیتوانی بڵێ: "جیاوازییەکی نییە"، هەروەک سەردێڕی بەرگی ئەو کتێبەی ئەم ڕۆژانەی دوایی چاپی کردووە. ئەم سەردێڕە هی کتێبەکەیە یان هی ژیانی؟ "حەزم لەم شێوازی دەربڕینەیە. یانی: پەیوەندیی بە منەوە نییە. من ڕەشبین لەدایک بووم. تەنانەت کە مناڵ بووم، تێنەدەگەیشتم بۆچی خەڵک پێدەکەنن. کاتێ دەمبینی دایک و باوکم پێدەکەنن لۆمەم دەکردن."
ڕەشبینی و نۆستالژیا. تەنانەت شاکارەکەی ئاگۆتا کریستۆف "دەفتەری گەورە"یش لە ژێر سێبەری ئەمانەدا نووسراوە: دوابەدوای گێڕانەوەی ژیانی کچێنی بۆ مناڵەکانی بیرۆکەی نووسینی کۆمەڵێ بابەتی کورتی لەسەر جەنگ بە مێشک دەگا. سێ ڕۆمان دەنووسێ، پاشان شانۆنامەیەک، بەسەرهاتی ژیانی خۆی و دواجار "جیاوازییەکی نییە".
ئەی ئەمڕۆ؟ ئاگۆتا دەنووسێ بێ ئەوەی بنووسێ. "چەندین جار لەسەر یەک بەشێک دەنووسمەوە، بەڵام باش دەرنایە. پاشان دەست بە نووسینی بەشێکی تر دەکەم، بەڵام ئەمەش ئەو شتە نییە کە دەمەوێ. پێم وایە لە چاو ڕابردوو چاوەڕوانیم زۆر زیاترە." بزەیەکی سارد و پاشان ئەم دانپێدانانە: "ڕقم لە شێوازی نووسینەکەمە." ئەمجارەیان هەوڵ دەدا بە شێوەی کچۆڵەیەکی ئەڤیندار خۆ بنوێنێ. کتێبەکە ئەگەر ڕووناکی ژیان ببینێ ناوی "ئاگلائێ لە نێو کێڵگەکاندا" دەبێ. بەڵام زۆر هیوای بەوە نییە تەواوی بکا.
ئاگۆتا بە دەست دەنووسێ، لە نێو کۆمەڵێک دەفتەری جیاوازدا. هەڵەیەک و دەفتەرێکی نوێ. "دەبێ هەموویان سەر لە نوێ بخوێنمەوە." ئەو کارە ناکا. لە خۆی ڕا نابینێ. ئەی ئەگەر بێ ئەوەی هەست پێ بکا، کتێبەکەی تەواو بێ؟ پێدەکەنێ. بێگوناهییەکی کەمێک خەیاڵی، وەک ئەوەی لەناکاو پارچە مۆسیقایەکی بێدەنگی بژەنێ: "بەڵێ، زۆر باش دەبێ."

ئەم وتارە لە ژمارە یەکەمی گۆڤاری "بیروهزر"دا بڵاو بۆتەوە.

۱۳۹۵/۰۵/۰۵

وتوێژێک لەگەڵ بەشی تورکی ئاژانسی فرات



نۆشاتێل/ ئاژانسی فرات – سەرکان دێمیرێل

جارجارە قەڵەم دەگریتە دەست و دەتەوێ بە ڕۆمان، هەقایەت و چیرۆک ژیانی مەنفا بگێڕیتەوە، جارجارەش ئەوە مەنفایە بۆ گواستنەوەی فەرهەنگ و وێژە جیاوازەکان بۆ وڵاتەکەی خۆت پردت بۆ ساز دەکا. سەلاحەدین بایەزیدی کە لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار بووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بهێڵێ و لە سویس لە مەنفا دەژی، لە زمانی فەرەنسییەوە کە دواتر فێری بووە، کتێب وەردەگێڕێ.
سەلاحەدین بایەزیدی کە بە هۆی کێشەگەلی سیاسییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێ هێشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بەولاوە بە ناچاری لە سوییس دەژی، لە مەنفا ناچار بووە زمانی فەرەنسی فێر بێ و لەو زمانەوە سێ کتێبی بۆ سەر زمانی دایکی واتە کوردی شێوەزاری سۆرانی وەرگێڕاوە، بەم شێوەیە دەیەوێ کەمێکیش بێ ئەدەبیاتی سوییس بۆ کوردستان بگوازێتەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی کتێبەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ"ی نووسەرێکی سوییسی بە ڕەچەڵەک هەنگاری کە بە فەرەنسی نووسیویەتی و وەک خۆی لە مەنفا ژیاوە، کردووەتە کوردی. لەم وتوێژەدا سەبارەت بە وەرگێڕان و ژیانی مەنفا قسەمان کرد.

دەکرێ هەندێک خۆتان بناسێنن؟  

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم، مناڵیم و بەشێک لە گەنجێتیم لەوێ تێ پەڕیوە. وەک پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئێمەش بە ساڵان لە هەموو ڕوویەکەوە لە بن گوشاری ڕژێمی ئاخوندی ئێران دابووین و خەڵکی ڕۆژهەڵات هێشتا لەو دۆخەدا دەژین. هیچ ئاسان نەبوو هەوڵ بدەین وەک کورد لە خاک و زێدی خۆمان بژین. ئێمەش لە هەموو ڕوویەکەوە هەستمان بە ترس لە ڕژێمی ئێران کرد، ئەم ترس و خۆفە لە زمانی دایک ڕا بگرە تا پاراستنی بەها فەرهەنگییەکانمان لە زۆر بوارەوە خۆی نواند و هەروا خۆی دەنوێنێ. هەر لە تەمەنی مناڵییەوە حەزم لە خوێندنەوە بوو. ئەو کاتانەی لە مەهاباد دەمخوێند، دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی دونیا. کە ئەو کتێبانەم بە فارسی دەخوێندەوە بەردەوام هەستم بە کەموکوڕییەک دەکرد و ئەودەم زۆرم بیر لەوە دەکردەوە بۆچی ئەم کتێبانە بە کوردی نین. هەر لەو تەمەنەوە بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێ ئەم کتێبانە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم. ئەوکات لە عێراقەوە گۆڤار و کتێبی کوردی بە دزی دەهاتن. هەرچەند خوێندنەوەیان قەدەغە بوو بەڵام هەرچەشنە مەترسییەکمان دەگرتە بەرچاو و ئەو کتێبانەمان دەست دەخست و دەمانخوێندنەوە. هەرچەند کوردی قسەکردن لە ئێران قەدەغە نەبوو بەڵام کەسێک ئەگەر کوردی باش بزانیبا و لە ژیانی ڕۆژانەدا زمانێکی پاراوی بەکار هێنابایە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕادەکێشرا. لە وەها فەزایەکدا ئەو شتانەی ڕژێم بەسەر تۆ و گەلەکەتیدا دەسەپێنێ، تا دێ بەرگەگرتنی بە لاتەوە ئەستەم تر دەبێ. هەلومەرجی ژیانی منیش بە هۆی ئەم چالاکییانەوە دژوار و مەحاڵ بوو.

ئەی پاشان چیتان کرد؟  

پاش تێپەڕاندنی چەند قۆناغێکی تر، ساڵی ٢٠٠٤ چوومە باشووری کوردستان و تا ساڵی ٢٠٠٧ لە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەدا لەوێ کارم کرد. سەرەتا کە چوومە ئەوێ پێم وابوو ئاسانکارییەکی زۆرم لەبەردەمدا دەبێ. چونکە هەرچی بێ وڵاتی خۆم بوو و دەمتوانی خەیاڵی نووسینی هەواڵ و وتار بە زمانی دایک لە کردەوەدا پێک بێنم. ئەمە بە لای منەوە زۆر گرنگ بوو. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە لەوێ مامەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاریم بۆ مانەوە و نیشتەجێبوون پێشکەش کرد، بەڵام هیچ ماف یاخود ناسنامەیەکم پێ ڕەوا نەبینرا. بە واتایەکی دیکە لە وڵاتی خۆم سێ ساڵ بە قاچاغ ژیام. لەوێ ڕاشکاوانە بۆم دەرکەوت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی زمانی کوردی لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ و تەقەڵڵایەکی ئەوتۆ نادرێ. هاوکات لە باشووری کوردستان زیاتر کارم لەسەر زمانی تورکی کرد کە پێشتر ئاشناییەکی باشم لەگەڵیدا هەبوو و دەستم بە وەرگێڕانی وتار و نووسینی گۆشەنووسانی تورک بە زمانی کوردی کرد، هەر لە چوارچێوەی وەرگێڕان لە زمانی تورکییەوە، دواجار کتێبێکی ییڵماز گونەی بە ناوی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. دواتر، بە هۆی ئەوەی لەوێ هیچ مافێکی نیشتەجێبوونم نەبوو و نەشمدەتوانی بگەڕێمەوە بۆ ئێران، کۆتاییەکانی ٢٠٠٧ هاتمە سویسرا.

یانی بە واتایەکی تر پێتان وایە ژیانی مەنفا دەستی پێکرد؟  

بەڵێ، ژیانی مەنفا لە سویسرا دەستی پێکرد. دواجار تۆ لە خاکی خۆت ناژیت و دامەزراندنەوەی ژیان لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە نامۆیت و شارەزای زمان و فەرهەنگەکەی نی، بۆ من بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو. هەر کە هاتمە سویسرا، یەکسەر داوای پەنابەرێتی سیاسیم کرد، پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ پێناسی جۆری "ئێف"یان پێدام کە لە نێو خۆماندا زیاتر بە مافی نیشتەجێبوونی تیرۆر ناسراوە. سویسرا بە پێدانی ئەم جۆرە لە مافی نیشتەجێبوون بە من، هاوکات سووکایەتی بە کەسێتی و ڕامانم کە لاگرییە لە ئازادی گەلان، کردووە. ئەوەی ڕاستی بێ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەوە جارێکی تر ئەم ڕاستییەم بۆ دەرکەوت کە ئەگەر لەسەر خاکی خۆت بە ئازادی نەگەی، گەڕان بە دوای ئازادی لە شوێنێکی دیکە هیچ واتایەکی نییە چونکە ئاریشەکان دژ بە خۆت و بیروڕامانت لە هیچ کوێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایە. لەبەر ئەوەی جگە لە پەسندکردنی ئەم ناسنامەیە کە پێیان وابوو هەقێکە و بە من ڕەوا بینراوە، ڕێگەچارە و شانسێکی ترم نەبوو، ناڕەزایەتیم دەرنەبڕی. بڕیارم دا مادام لەم وڵاتە دەژیم و بۆ ئەوەی بەو کەسەی منی بە تیرۆریست ناسیوە بسەلمێنم تیرۆریست نیم و هەروەها بۆ ئەوەی خزمەت بە زمان و گەلەکەم بکەم، بەو دەرفەتەی سنووردارەی پێیان دام بە دوای فێربوونی زمانی فەرەنسی و وەرگێڕان لەو زمانەوە بکەوم.

کەوایە ڕێگەی وەرگێڕانتان بەمجۆرە گرتە بەر؟ 

 پاش پێدانی ئەمجۆرە لە مافی نیشتەجێبوون لە زانکۆی نۆشاتێل، بەشی زمان و شارستانیەتی فەرەنسی ناوی خۆم تۆمار کرد. پاش خوێندنی دوو تێرم، بە ئاستێک لە زمانی فەرەنسی گەیشتم و دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانی فەرەنسی. لە نێو ئەم ڕۆمانانەدا هەرە زێدە سێ ڕۆمانی ئاگۆتا کریستۆف ژنەنووسەری سویسریی بە ڕەگەز هەنگاری بە ناوەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ" کاریگەرییان لەسەر دانام. وەرگێڕانی کتێبەکانی ئاگۆتا بۆ من گرنگ بوو چونکە ئەویش وەک من ئاوارە ببوو، ڕووی کردبووە سوییس و لە هەلومەرجی سەخت و دژواردا فێری فەرەنسی ببوو و دواتر بەو زمانە کتێبەکانی نووسیبوو. دواجار بڕیارم دا ئەم سێ ڕۆمانەی ئاگۆتا کریستۆف بکەمە کوردی. پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی بێ وچان سێ کتێبەکەم وەرگێڕا و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاپم دان.

وەرگێرانی کتێبەکانی نووسەرێک کە خۆی لە مەنفا ژیابێ، دەبێ هەستێکی جیاوازی لای ئێوە دروست کردبێ؟

وایە، لەگەڵ ئاگۆتا کریستۆف هاوکات زۆر خاڵی هاوبەشم هەیە. ئەویش زۆر لەمەوپێش بە هۆی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ سوییس هێناوە و لێرە سەرباری ژیان لە کارگە، فێری زمانی فەرەنسی بووە و دواتر بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی بێنێتە زمان، بڕیاری داوە بنووسێ. سەرەتا هیچ بایەخی پێ نەدراوە و پاش ئەوەی بۆتە نووسەر، قەدریان زانیوە و پاش مەرگی بە نووسەرێکی سوییسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام ئاگۆتا کریستۆف، زمانی فەرەنسی کە دواتر فێری بووە بۆ ئەوەی ڕۆمانەکانی بەم زمانە بنووسێ، بە "زمانی دوژمن" لە قەڵەم دەدا و پێی وایە زمانێکە وای کردووە زمانی دایکی فەرامۆش بکا. هەبوونی زۆر خاڵی هاوبەش دوو ئەوەندە لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمەکانی پێداگریان کردم.

ئامانجی سەرەکیتان لە وەرگێڕان چییە؟ 

بەر لە هەموو شتێ بیر لە گەشەپێدانی زمانی کوردی دەکەمەوە. بە هەموو زاراوەکانییەوە. زاراوەکانی زمانی کوردی دەوڵەمەندییەکی گەورەن. دیارە بە سۆرانی کاری وەرگێڕان دەکەم، چونکە بەسەر ئەو زاراوەیەدا پتر زاڵم. ئەگەر هەست بە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی بکەی، لەم پێناوەدا دەتوانی باشتر خزمەت بکەی. من لە ڕێگەی وەرگێرانەوە دەمەوێ بۆ گواستنەوەی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەی لێی دەژیم بۆ کوردستان ڕۆڵی پرد ببینم. لەوانەیە لە هەندێک ڕووەوە لە دەسپێکی ڕێگە دابم بەڵام بیر لەوە دەکەمەوە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر درێژە بەم ڕۆڵە بدەم. بۆ ئەوەی ئەم پرسیارەی من لە مناڵیدا لە خۆمم دەکرد کە بۆچی ئەم کتێبە بە کوردی نییە، چیتر دووپات نەبێتەوە، درێژە بە خەباتی وەرگێڕان دەدەم.

ئایا بێجگە لە وەرگێڕان بە خەباتی تریشەوە سەرقاڵن و وەرگێڕان چ کارتێکەرییەکی لەسەر ژیانی ئێوە لە مەنفا داناوە؟ 

بێجگە لە کاری وەرگێڕان بۆ ماڵپەڕێکی ئەنتەرنێتی دەنووسم کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی وەشان دەکا. ئێسە خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی حەلیم یوسفم بە ناوی "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن". وەرگێڕان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی من لە هەندەران داناوە. بتەوێ و نەتەوێ هەموو ڕۆژێ تاسەیەکی پتری نیشتیمان کاریگەریی لەسەر قەڵەمەکەت دادەنێ. تاسەی فەرهەنگ و وڵات لەو مرۆڤانەی لە غوربەت دەژین، پتر سەرهەڵدەدا و لەوانەشە ژانی بێ ناسنامەیی منی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە گەیاندبێتەوە نیشتیمان.

ئاگۆتا کریستۆف کێیە؟

ئاگۆتا کریستۆف ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە هەنگاریا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٦، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی لەبەر هۆکاری سیاسی لە هەنگاریا ڕایان کردووە و لە سوییس بوونەتە پەنابەر. کریستۆف لە سوییس، لە لایەکەوە لە کارگە ئیشی کردووە و لە لایەکی ترەوە خووی داوەتە فێربوونی زمانی فەرەنسی و دواتر بە زمانی فەرەنسی دەستی بە نووسین کردووە. کریستۆف بە هۆی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگێکی جیهانی دەرکردووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییەی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە.

۱۳۹۵/۰۵/۰۳

شیعرێکی ئاگۆتا کریستۆف


وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

دوێنێ، هەموو شتێ جوان تر بوو
مۆسیقای نێو گەڵاکان و
شنەی نێو بسکەکانیشم
لە نێو دەستە ئاواڵاکانی تۆیشدا
خۆر.

۱۳۹۵/۰۴/۱۷

قاسملوو و بۆسەی ڤییەن


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ڕۆژی ١٣ی ژوییەی ١٩٨٩، لە ئاپارتمانێکی ڤییەن، دوو گولـلە لە سەری عەبدولڕەحمان قاسملوو، کوردی ئێران و نەیاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی [ئێران] درا و لە ئاکامدا ئەو و دوو هاوڕێی دیکەی کوژران. قاسملوو، ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بوو. لە دە ساڵ پێشترەوە، شەڕ سوپای تارانی دەستەویەخەی پێشمەرگەکان (شەڕڤانانی کورد) کردبۆوە.
دوا بە دوای یەکەمین خولی پەیوەندییەکان لە دێسامبری ١٩٨٨ و ژانوییەی ١٩٨، قاسملوو سەر لەنوێ لەگەڵ نێردراوانی ئێران پەیوەندی بەستەوە، یەکێک لەو نێردراوانە محەمەد جەعفەر سەحراروودی، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی (دەرەکی) پاسدارانی شۆڕش لە کوردستانی ئێران بوو کە دوای تەقە کردنەکە بریندار دەبێ. پۆلیسی ئوتریش، ڕێگەی دا سەحراروودی کە برینەکانی چارەسەر کرابوون، نەخۆشخانە بەجێ بێڵێ، پاشان پەنا بباتە بەر باڵوێزخانەی ئێران و ڕۆژی ٢٢ی ژوییە خاکی ئوتریش بەجێ بێڵێ. ئێرانییەکی دی، بۆزۆرگیان ناوێک کە پاسدار بوو، ماوەیەک لە بنکەی پۆلیس ڕاگیرا، بەڵام دواجار حوکمی قۆڵبەستکردنی هەڵوەشایەوە و ئەویش توانی بگەڕێتەوە بۆ تاران. کەسی سێهەم، حاجی موستەفەوی لاجوەردیش، سەرۆکی دەزگای نهێنی (ناوخۆیی) لە کوردستان، توانی ئازادانە ئوتریش بەجێ بێڵێ.

بەڵگەیەکی ئاوارتە

ئەم گفتوگۆیانەی نێوان نێردراوانی تاران و سەرکردەکانی کورد لە لایەن بەشداربووانە تۆمار کراوە: کاسێتەکانی قاسملوو پاش ئەوەی لە لایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەستیان بەسەردا گیرا، ڕادەستی حدکا کران: عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری گشتیی حدکا، بە تایبەتی مۆڵەتی گوێگرتنی پێ داین. بەڵگەیەکی بەدەگمەنە: عەبدولڕەحمان قاسملوو لەوانەیە هەرگیز بە تێڕوانینێکی ڕاهێنەرانەی ئەوتۆ، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی ئێران نەخستبێتە ڕوو. پرسیار و وەڵامەکانی ئەم لایەنە ئێرانییانە، بە دڵنیاییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەوان پێیان وایە قسەکانیان هەرگیز لەقاو نادرێ، زۆر ڕاشکاوانە سایکۆلۆژی و شێوازی هزری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخەنە ڕوو کە لە نێوان چاوگەکانی چەمکگەلی سیاسی مۆدێرن و هی سەردەمی خەلافەتی عەلیدا هاتوچۆ دەکا.
ئاخۆ بکوژانی قاسملوو و هاوڕێ کوردەکانی، پاش بیستنی ئەم لێدوانانەی، بڕیاری لەناوبردنیان دان؟ یان بەر لە دەسپێکردنی قسەکانی، بڕیاری کوشتنیان دابوو؟ تەنیا شۆپاندنی پڕۆسەکە، دەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارانەمان بۆ ڕوون بکاتەوە. خوێندنەوەی ئەم بەڵگە ئاوارتەیە، ڕێگە بۆ ئەم سیناریۆیەی خوارەوە خۆش دەکا:
دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئاگاداری ئەوە بوون جووڵانەوەی قاسملوو لە ئاکامی زەبرەکانی سوپای ئێران و دابەشبوونێکی نوێ (١٩٨٨) زۆر لاواز بووە و هەروەها ڕەنگە بە تێگەیشتن لە ویستی [قاسملوو] بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەک لە ڕێگەی وتوێژەوە بەوە هیوادار بووبن کە بە نیوەی داخوازییەکانی قایل بێ: یاسایی بوونی حزبەکەی. بەڵام قاسملوو پێداگری لەسەر ویستی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرە نوێیەکانی ئێران دەکا (خومەینی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩ مردبوو)، شەوی ١٢ی ژوییەی ١٩٨٩، نێردراوەکانی تاران پاش یەکەم چاوپێکەوتن پەیوەندی بە بەرپرسانی خۆیانەوە دەگرن: دیارە فەرمان دراوە: "بیکوژن".
***
''سڵاوتان لێ بێ! ئێمە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتووین ئەم دانوستانانە بە تەواوی نهێنی بمێننەوە"، سەحراروودی وا دەڵێ، چونکە "کۆمەڵێک دوژمن هەن نایانەوێ ئەم کێشانە چارەسەر بن"... سەحراروودی بە تایبەت ئاماژە بەوە دەکا: "تەنانەت لە نێوخۆی حکومەتی ئێرانیش، کەسانێک دژی ئەم دانوستانانەن؛ لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا، مەحاڵە ڕاشکاوانە باس لەم کێشەیە بکەین".
عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر باسەکە:
"لە چاوپێکەوتنی دواییماندا، لەسەر دوو خاڵی سەرەکی قسەمان کرد:
- پەژراندنی پرسی ئۆتۆنۆمی.
- پرسی چالاکی ئازادنەی حزبەکەمان لە نێوخۆی وڵات.
ئێوە وەڵامتان دایەوە کە ئێستاکە کاربەدەستانی ڕژێم لەگەڵ پەژراندنی بنەمای ئۆتۆنۆمی دانین. سەبارەت بە خاڵی دووهەم، ئێمە بە تێروتەسەلی لە دەفتەری سیاسی قسەمان کرد: گەلۆ پێشمەرگەکان واز لە چەکەکانیان دێنن یاخود نا؟ دەفتەری سیاسی پێی وایە مەحاڵە چەکەکان ڕادەست بکرێن. ئێوە لەوە تێدەگەن کە پاش دە ساڵ شەڕ و ئەو هەموو قوربانییە، ئۆتۆنۆمی بۆتە سیمبۆلی داواکارییەکانمان. ئاخۆ پێویستە وشەیەکی تر بەکار بهێنرێ؟ ئەگەر ئێوە ناواخنی ئۆتۆنۆمیتان قەبوڵ بێ، بۆچی لەم وشەیە دەترسێن؟"
قاسملوو لەوە ناپرینگێتەوە کە خۆی وەک پیاوی ئۆتۆنۆمی پێناسە بکا - "وەچەی من، وەچەی دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییە''- و بەردەنگەکانی بانگهێشت دەکا لەگەڵی دا درێژە بە وتوێژەکان بدا، هۆشداریشیان پێ دەدا:
"هەڵبەت، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دابڕان لە ناوەند و جیاخوازی"...
سەحراروودی درێژە بە باسەکە دەدا: "ئەوە یەکەمجارە لە نێو خۆماندا باس لەوە دەکەین کە ئیسلام بیر لە کێشەی نەتەوەکان دەکاتەوە. لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانمان، ئێمە گوێ لە هیچ کەس ناگرین، نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، ئێمە ئامادەین خۆمان لە پێناو بیروباوەڕمان بکەینە قوربانی."
نۆرە دەگاتەوە عەبدولڕەحمان قاسملوو: "دەمەوێ پێتان بڵێم من سەبارەت بە سەرجەم ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەردەم ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی ئاماژەتان پێدا، قایل نەبووم… ئێستا ئاغای خامنەیی و ئاغای ڕەفسەنجانی پێش‌نوێژی هەینی تارانن. ئەوان دەتوانن سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕوونکردنەوە بدەن".
پاشان قاسملوو بە وردی باس لە تیڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی دەکا:
"بۆ ئێمە چوار خاڵی سەرەکی لە ئارا دان:
- ئۆتۆنۆمی، واتە چڕنەبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند.
- دووهەم خاڵی سەرەکی بۆ ئێمە، زمانی کوردییە. کوردی دەبێ ببێتە زمانی فەرمیی هەرێمە کوردییەکان.
- سێهەم گرفت، دەستنیشانکردنی سنوورەکانی هەرێمی ئۆتۆنۆمە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە فاکتەرە جوگرافی، ئابووری و لە هەمووی گرنگتر ویستی خەڵکی ئەو ناوچانەی کورد لێی دەژین، لەبەر چاو بگیرێ.
- خاڵی چوارەم بۆ گەلی کورد خاڵێکی سەرەکییە: دەبێ ئاسایشی نێوخۆیی هەرێمی کورد لە لایەن کوردەکانەوە بپارێزرێ.
ئەو چوار خاڵە گرنگەیە و ئێمە لەوە زیاترمان گەرەک نییە… ئەوەندەی پەیوەندی بە وەدیهاتنیانەوە هەبێ، ئێمە واقع‌بینین. بۆ نموونە، بۆ دیاریکردنی سنوورەکان، ناکۆکی چێ دەبێ. بەڵام کوردەکان ئامادە نین لە پێناو شتە لاوکییەکان شەڕ بکەن، ئەگەر شتە بنەڕەتییەکان پەسند بکرێن."
قاسملوو باسەکەی کۆ دەکاتەوە: "مەحاڵە وشەی "ئۆتۆنۆمی" بگۆڕدرێ. ئەم وشەیە واتایەکی سۆزداری و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە. سیمبۆلێکە. وا هەست دەکەم ئێوە نێوەڕۆکەکەی دەپەژرێنن، بەڵام دەتانەوێ چاوپۆشی لە وشەکە بکرێ. کاتێک دەقێکی پیرۆزی ئیسلام دەخوێنینەوە، ناتوانین بێ گوتنی "بسم اللە الرحمن الرحیم'' دەست پێ بکەین. ئەوەش هەمان شتە، ئێوە نێوەڕۆکی ئۆتۆنۆمی پەسند دەکەن، بەڵام "بسم اللە الرحمن الرحیم'' نا."
ئێرانییەکان دەڵێن بەر لە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان کە "هیوایەکی زۆریان ئافراندوە"، دەبێ پەیوەندی بە تارانەوە بگرن. پاشان لێک دادەبڕێن و دەڵێن بە مەبەستی دیاریکردنی سەعاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو واتە بەیانی، تەلەفۆن دەکەن.
لە دیدارەکەی تردا، ڕۆژی ١٣ی ژوییە، سەحراروودی دەڵێ پەیوەندی بە "برادەرانی" لە تارانەوە گرتووە.
"ئێوە دوێنێ گوتتان کە کاربەدەستانی ئێرانی دەتوانن لە وتاری نوێژی هەینیدا باسی ئۆتۆنۆمی بکەن… هەندێک گیروگرفت هەن کە کاربەدەستانی ئێران و ئیمامەکان دەتوانن لە بارەیانەوە بۆ خەڵک بدوێن. بەڵام پێویستە بگوترێ کە هەندێک کێشە هەن کە ئێمە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازمان لەسەریان هەیە."
پاشان سەحراروودی باسێکی دوور و درێژ و لاڕێ دەست پێ دەکا: "دیارە ئێمە کێشەی ترمان هەیە: ماوەی دە ساڵە مشتومڕێکی گەرم لەسەر ڕۆڵی بازاڕ لە ئارا دایە: هەندێک دەڵێن نابێ ڕێگە بدرێ ئابووری ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێ و هەژاران وەک هاووڵاتی پلە دوو بە حیساب بێن. ئەو کات ئیمام [خومەینی] لە ژیان دابوو و دەیگوت ئیسلام لەگەڵ کاپیتالیزم و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا نییە، ئیسلام لە نێوەڕاستە، دەنگی سێهەمە و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە! با ئاماژە بە نموونەی بازاڕی دەرەکی بکەم: یاساکان سێ جار لە مەجلیس خرانە ڕوو، بێ هیچ چارەسەرییەک… دواجار لە کۆتاییدا، ناچار بوون حەواڵەی جڤاتی دەست نیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی بکەن.
ئێستا با بێینەوە سەر باسی ئۆتۆنۆمی… هەر وەک مەسەلەی ئابوورییە: لەمبارەوە دوو ڕا هەن. بۆچوونێک سەردەمی حەزرەتی عەلی (جێنشینی محەمەد و چوارەم خەلیفە) بە بیر دێنێتەوە. حەزرەتی عەلی لە ناوەندی خەلافەتەوە حوکمڕانی دەکرد؛ بەڵام هەرێمی تریش هەبوون کە ناویان "ویلایەت" بوو، ''والی"ییەکان (حاکمەکان) لە چاو ئۆتۆنۆمی زۆر دەستیان ئاواڵاتر بوو. مەکتەبێکی تر هەیە کە دەڵێ ئەوە سەردەمی عەلی بوو و هەلومەرجی ئەمڕۆ جیاوازن: ئێمە بە دوژمن ئابڵۆقە دراوین، ئەو وڵاتانەی لە نێو ناتۆ دان، ڕژێمە کۆنەپارێزەکان، کە نا‌هێڵن ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بمێنێتەوە. هەوڵ دەدەن بەرفراوانتری بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە دابڕان کۆتایی بێ. کەوابێ ئۆتۆنۆمی کێشەیەک نییە بە یەک دوو وتاری نوێژی هەینی چارەسەر بکرێ.
کێشەی دووهەم: حدکا دەیەوێ هەمان بارودۆخ بپارێزێ و لە هەمان کادا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستان بکا؛ بەڵام بۆ ئەمەیان، دڵنیام کە پەسند ناکرێ."
سەحراروودی باسێکی تری ناپەیوەند دێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە سیستەمی ئیسلامی چلۆن کار دەکا: "نموونەیەکی ترتان بۆ دێنمەوە: پەیوەندییە دەرەکییەکان. ئەمە بە درێژایی چەندین ساڵ، بەر لەوەی بڕیارێک بدرێ، گفتوگۆی لەسەر کرا. ئەگەر ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پچڕاندوە و نێوانمان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت خۆش کردوە، بڕیارێک نییە بە ڕۆژێک و دوان یان بە کەسێک و دوو کەس درابێ. گفتوگۆی لەسەر کراوە و دواجار، پاش زیاتر لە سێ ساڵ، دە ساڵ، یانزە ساڵ و هەروەها بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی یەکێتی سۆڤیەت، بەو ئاکامە گەیشتووین لەگەڵ ئەوان ڕێککەوین. بۆچی؟ چونکە کێشەی ئەفغانستان، پاکستان، کەنداومان هەیە، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کێشەمان هەیە. کەوابێ ئۆتۆنۆمی، دەبێ بە درێژایی چەندین ساڵ گفتوگۆی لەسەر بکرێ. دڵنیام لە هەلومەرجێ ئێستادا، ئۆتۆنۆمی بەو شێوەیەی ئێوە باسی دەکەن، قەبوڵ ناکرێ." پاشان نۆرە بە حاجی مستەفەوی دەسپێرێ.
حاجی مستەفەوی: "بسم اللە الرحمن الرحیم… حزبە کۆمۆنیستەکان پشتیان بە تیۆری ناسیۆنالیزمی ستالین بەستووە. عەڕەبەکان دەڵێن: ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە. پارتە سۆسیال دیموکراتەکان شێوازی چارەسەریی خۆیان هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێ، هێزە ئیسلامییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا ڕاڤەیەکمان بۆ کێشەی نەتەوەکان نەبووە. ئەگەر بتوانین وا بکەین کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بە شێوەیەکی جیدی بیر لەم کێشەیە بکاتەوە، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە دەستەبەر دەبێ. هەڵبەت لە ئیسلامدا، پێغەمبەر و جێگرەوەکانی، ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆیان هەبووە. هیوادارم ڕژێم لەم کێشەیەدا قووڵ بێتەوە و لە نێوان ئەو شتەی پێی دەگوترێ نەریت و ئەوەی ئێوە داوای دەکەن، بتوانین شتێک بدۆزینەوە…
قاسملوو دەکەوێتە نێو قسەکانەوە وەک بڵێی نەتوانێ دۆخی بەردەنگەکانی پەسند بکا:
"ئێوە دەڵێن ئێستا پرسی سەرەکی ئەوە نییە کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ، بەڵکو چارەسەریی پەیوەندییەکانی نێوان حزب (حدکا) و کۆماری ئیسلامی ئێرانە: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی داواتان لێ بکەین کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ". پاشان قاسملوو بە تێروتەسەلی باسی ئەوە دەکا کە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەدی بێ: سەربەخۆیی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی.
قاسملوو درێژە بە قسەکانی دەدا: "بۆ ئێمە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بزانین ئاخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ بە ڕاستی کێشەی نەتەوەکان لە ئێران چارەسەر بکا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بەڵێ، ئەوکات دەمانەوێ بزانین: کۆماری ئیسلامی چۆن دەیەوێ کێشەکە چارەسەر بکا؟ گەلۆ ئەو شێوازە سەربەخۆییە، فیدڕالیزمە یان ئۆتۆنۆمی؟ ئێمەی کورد، لانیکەمی داخوازییەکانمان هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە فیدڕالیزمیشمان قەبووڵە. هەڵبەت، بە ڕای من، وەک چۆن کاتی خۆی لە ئیسلامدا جۆرێک لە فیدڕالیزم بوونی هەبوو، باشتر وایە پەیڕەوی لە فیدڕالیزم بکرێ و بۆ نموونە یەکێتی کۆمارە فیدڕاڵییەکانی ئێران پێک بهێنرێ. جا ئەگەر نە سەربەخۆیتان قەبوڵ بێ، نە فیدراڵیزم و نە ئۆتۆنۆمی، ئەوە مانای وایە چارەسەری کێشەی نەتەوەکانتان قەبوڵ نییە."
لە کۆتاییشدا دەڵێ: "رەنگە سبەی ڕۆژ بەشێکی تری ئێران داوای ئۆتۆنۆمی بکا؛ لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ئێران بە پرەنسیپ، بوێری پێویستە. یاسا دەبێ بۆ هەموان بێ، بۆ عەرەبەکان، بلووچەکان، تورکەمەنەکان و کوردەکان. ئەگەر لە ئەمڕۆوە نەتوانرێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ، لە داهاتوودا دەبێتە کارەساتێک بۆ وڵاتەکەمان."
دوای باسێکی کورت، لایەنەکان بڕیاری چاوپێکەوتن بۆ سبەینێ دیاری دکەن. فازڵ ڕەسوڵ، نێوبژیوانی کوردی عێراقی، دێتە قسە بۆ ئەوەی باس لە دەرئەنجامی دۆخی دوو لایەنی بەرامبەر بکا و دەڵێ: "یان ئەوەتا دەگەنە ڕێککەوتنێک یان درێژە بە دیالۆگ دەدەن، بێ ئەوەی شەڕ بکەن. یان لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، درێژە بە دانوستانەکان بدەن، بەڵام باشتر وایە ئێستا بگەنە ڕێککەوتنێک: قۆناخەکە گونجاوە. لەوانەیە سێ ساڵی دیکە بارودۆخەکە بگۆڕدرێ، هاوسەنگی و ناهاوسەنگیی هێزەکان گۆڕانی بەسەردا دێ، هەلومەرج جیاواز دەبێ…"
ئەمانە دوایین وشەکانیانن... دەنگی جوڵانی کورسی و مێزەکان دەبیسترێ... دواتر دەنگێک وەک چوار تەقەی کپ - تەقە بە ئامرازی چەکی بێدەنگ؟.. پاشان هیچ نابیسترێ... کاتێک پۆلیس لەسەر هۆشداریی جیرانەکان کە لە لایەن سەحراروودییەوە - دیارە ئەویش بریندار ببوو -  ئاگادار کرابوونەوە، دەچنە نێو ئاپارتمانەکەوە، چاویان بە تەرمی سێ کورد دەکەوێ...

 (لۆمۆند، یەکی ژانوییەی ١٩٩٨)
(فرانکفۆرتەر ئاڵگماینێ، ١٩ی ژانوییەی ١٩٩٨)
(دێر ستاندارد، ٣٠ی ژانوییەی ١٩٩٨)

۱۳۹۵/۰۴/۱۳

هۆ دزەکە، دزەکە، کامەیە ژیانی تۆ؟


ژ. م. گ. لۆ کلێزیۆ
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بێژە پێم، گشتی چلۆن دەستی پێ کرد؟

نازانم ئەز، نازانم ئیتر، زۆر زۆر لەمێژە، ئێستا چیتر بیرەوەرییم لە کات نەماوە، ئەوە ژیانی منە. من لە پورتوگال لەدایک بووم، لە ئەریسێیرا، ئەودەم گوندێکی بچووکی ماسیگرەکان بوو، نزیک لیسبۆن، سپی سپی لە سەرووی دەریا. پاشان باوکم لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار ما ئەوێ جێ بهێڵێ و، لەگەڵ دایکم و پوورم لە فەرەنسا نیشتەجێ بووین، منیش هەرگیز چاوم بە باپیرم نەکەوتەوە. ڕێک دوای جەنگ بوو، پێم وابێ ئەوکات مرد. وەلێ باش ئەوم بە بیر دێ، پیاوێکی ماسیگر بوو، هەقایەتی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام ئێستا بە گشتی چیتر بە پورتوگالی قسە ناکەم. دواتر، وەک بەردەستی بیناساز لەگەڵ باوکم کارم کرد، پاشان باوکم مرد، دایکیشم ناچار بوو مل بداتە بەر کار، منیش لە کۆمپانیایەک دامەزرام، بە نۆژەنکردنەوەی ماڵە کۆنەکان ڕادەگەیشتین، عەیبی نەبوو. ئەوکات، من وەک هەمووان بووم، کارێکم هەبوو، زەماوەندم کردبوو، دۆست و هاوڕێم هەبوون، بیرم لە بەیانی نەدەکردەوە، بیرم لە نەخۆشی نەدەکردەوە، فکرم بۆ ڕووداو و شتی وا نەدەچوو، زۆرم کار دەکرد و پارە کەم بوو، بەڵام نەمدەزانی بەخت یارمە.
پاشان لە بواری کارەبادا بوومە پسپۆڕ، من ڕەوتە کارەباییەکانم نۆژەن دەکردەوە، ئامرازەکانی ماڵەوە و ئامرازەکانی ڕووناکاییم جێگیر دەکرد، کێبڵەکانم چاک دەکرد. ئەم شتانەم بە دڵ بوو، کارێکی خۆش بوو. ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی هێند دوور کە جار نا جارێ لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێی ڕاست بووبن، بڵێی کتومت بەمجۆرە بووبن، تۆ بڵێی زیاتر خەونێک نەبن ئەودەم بۆ خۆمم هەڵبەستبن، ئەو دەمەی هەموو شتێک ئارام و ئاسایی بوو، ئەو دەمەی ئێواران سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵێ و کە دەرگام دەکردەوە هەستم بە هەوای گەرمی ماڵەکە دەکرد، گوێم لە قیژەقیژی مناڵان دەبوو، دەنگی ژنەکەمم دەبیست، ئەو بەرەو پیرم دەهات، ڕایدەمووسیم، بەر لە نانی شەو لەسەر قەرەوێڵەکە ڕادەکشام، چونکە هیلاک بووم، ئینجا چاوم دەبڕییە بن میچی ژوورەکە و لەو پەڵە سێبەرانەی سەرپۆشی گڵۆپەکان چێیان دەکرد، ورد دەبوومەوە. بیرم لە هیچ نەدەکردەوە، ئەوکاتانە داهاتوو لە گۆڕێ نەبوو، ڕابردووش هەروا، نەمدەزانی بە بەختم.

ئەی ئێستا؟

ئاخ، ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. کارەسات لەوە دایە ئەم گۆڕانکارییە لە چاوترووکانێکدا ڕووی دا، کاتێ بێکار مامەوە، چونکە کۆمپانیاکە هەرەسی هێنابوو. گوتیان بەرپرس تا قوڕگ چۆتە نێو قەرزان، هەموو شتێ دەگرێو نرابوو. دواجار، خاوەنکار ڕۆژێک بێ ئاگاداری پێشوەخت ڕای کرد، سێ مانگ مووچەمان پێ قەرزدار بوو و چەند ڕۆژێک بوو پێشوەخت بڕە پارەی کارێکی وەرگرتبوو. ڕۆژنامەکان لەم بارەوە دەدوان، بەڵام جارێکی تر نە چاومان بە خۆی کەوتەوە و نە بە پارە. بەمجۆرە هەموومان دەست بەتاڵ ماینەوە، دەتگوت کوونێکی گەورەیە و هەموومان کەوتووینەتە ناوی. نازانم ئەوانی تر چیان بەسەر هات، پێم وایە چوونەتە شوێنی تر، خەڵکانێکیان دەناسی کە دەیانتوانی یارمەتییان بدەن. سەرەتا پێم وابوو هەموو شتێک جێبەجێ دەبێ، پێم وابوو بە سانایی دیسان کارێک دەدۆزمەوە، لێ هیچ شتێک لە گۆڕێ نەبوو، چونکە خاوەن کۆمپانیاکان کەسانی زگورتی و بێگانەکان دادەمەزرێنن، ئاوا کەی پێیان خۆش بوو بە ئاسانی لە کۆڵ خۆیانیان دەکەنەوە. بۆ کاروباری کارەباییش، بڕوانامەی پیشەییم نەبوو، ئاواش کەس کاری پێ نەدەدام. بەمجۆرە مانگ تێپەڕین و من هەروا بەتاڵ و حەتاڵ، تێرکردنی زگی کوڕەکانم و دابینکردنی پارەی پەروەردەیان ئەستەم بوو، ژنەکەم نەیدەتوانی کار بکا، دۆخی تەندروستی نالەبار بوو، تەنانەت پارەمان شک نەدەبرد دەوا و دەرمانی پێ بکڕین. پاشان یەکێک لە هاوڕێیانم کە تازە زەماوەندی کردبوو، کارەکەی بە قەرز پێ دام، منیش چوومە بەلژیک و سێ مانگ لەوێ کارم کرد، لە کوورە بەرزەکاندا. ئەستەم بوو، نەخاسمە کە دەبوایە بە تاقی تەنیا لە هۆتێل بژیم، بەڵام پارەیەکی باشم دەست کەوت و بەم پارەیە توانیم ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بارهەڵگرێکی بچووکی جۆری پێژۆ، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستاش هەمە. ئەودەم، بە خۆمم دەگوت بەو بارهەڵگرە بچووکە ڕەنگە بتوانم کەلوپەلی بیناسازی بگوازمەوە، یاخود بچمە بازاڕ و سەوزە و شتی وا بێنم. بەڵام دواتر، دۆخەکە گەلەک دژوارتر بوو، چونکە هیچم بە دەستەوە نەمابۆوە، تەنانەت سەرجەم پشتیوانییە ماددییەکانم لە کیس چوو. خەریک بوو ماڵ و مناڵ لە برسان بمرن. دوای ئەمە بوو لەگەڵ خۆما بڕیارم دا. سەرەتا بە خۆمم گوت شتێکی کورتخایەنە، بەس تا ئەو کاتەی پارەیەکم دەست دەکەوێ، تا ئەو کاتەی چاوەڕوانم. ئێستا، ئەوە سێ ساڵ تێ پەڕیوە، دەزانم ئیتر ناگۆڕدرێ.
ئەگەر ژنەکەم و مناڵەکان نەبوایەن، ڕەنگە توانیبام سەرهەڵبگرم، چووزانم، ڕەنگە چووبامە کەنەدا، ئوسترالیا، هەر شوێنێ بێ، شوێن گوڕکێم کردبا، ژیانم گۆڕیبا…

ئاخۆ ئەوان دەزانن؟

مناڵەکانم؟ نا، نا، ئەوان هیچ نازانن، ناکرێ پێیان بگوترێ، هێشتا زۆر بچووکن، تێ ناگەن باوکیان بۆچی بۆتە دز. سەرەتا، نەمدەویست بە ژنەکەم بڵێم، دەمویست پێی بڵێم دواجار ئیشێکم دۆزیوەتەوە، پاسەوانی شەوانەی بیناکانم، بەڵام گشت ئەو شتانەی دەبینی کە دەیانهێنمەوە ماڵێ، تەلەفزیۆنی جۆراوجۆر، تەسجیل و ڕادیۆ، کەرەستەی ماڵەوە، کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ماڵ، قاپ و قاچاغی زیو، چونکە هەموو ئەمانەم لە گەراج لەسەر یەک کەڵەکە دەکرد و، ئەو دواجار هەستی بە شتێک کرد. هیچی نەگوت، بەڵام باش دەمبینی لە شتێ بە گوومانە. دەیتوانی چ بڵێ؟ لەو خاڵەی پێی گەیشتبووین، هیچمان نەبوو لە کیسی بدەین. یان ئەمە یان سواڵکەری لە کووچە و کۆڵانان… هیچی نەگوت، نەخێر، بەڵام ڕۆژێک لە کاتێکدا بارەکانم لە ئۆتۆمبێلەکە دادەگرت و چاوەڕوانی کڕیار بووم، هاتە گەراجەکە. دەسبەجێ کڕیارێکم دۆزیبۆوە، دەزانی، کڕیارەکە بێ ئەوەی مەترسی بگرێتە بەر چاو، قازانجێکی باشی دەست دەکەوت. ئەو دووکانێکی کەرەستەی کارەبایی و هی ماڵەوەی لە نێو شار هەبوو، دووکانێکی تری عەنتیکەفرۆشیشی لە شوێنێکی تر هەبوو، پێم وابێ لە دەوروبەری پاریس. گشت ئەمانەی بە نرخی دەستی دوو دەکڕی. بۆ کەرەستەی عەنتیکە، پارەیەکی زیاتری دەدا، بەڵام هەموو شتێکیشی وەرنەدەگرت، دەیگوت دەبێ شایانی ئەوە بێ خۆت تووشی سەرئێشە بکەی، ئاخر مەترسیدار بوو. ڕۆژێک، ڕەتی کردەوە سەعاتێکی دیواریم لێ بکڕێ، سەعاتێکی کۆن بوو، گوتی تەنیا سێ چوار سەعاتی لەم جۆرە لە دونیادا هەن و بۆی هەیە خۆی پێوە بکا. بۆیە سەعاتەکەم دا بە خێزانەکەم، بەڵام ئەو بە دڵی نەبوو، پێم وایە چەند ڕۆژ دواتر سەعاتەکەی خستە نێو زپڵەوە. ڕەنگە لێی ترسابێ. بەڵێ، دەمگوت، ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا بارهەڵگرەکەم بەتاڵ دەکرد، هات، سەیرێکی کردم، بزەیەکی هاتە سەر لێو، بەڵام هەستم دەکرد لە ناخەوە غەمبارە، بەس پێی گوتم، باش لە بیرمە گوتی: مایەی مەترسی نییە؟ شەرم دایگرتم، پێم گوت نا و داوام لێکرد بڕوا چونکە کڕیارەکە دەهات و حەزم نەدەکرد ژنەکەم ببینێ. نەخێر، پێم خۆش نییە مناڵەکانم بەمە بزانن، هێشتا زۆر بچووکن. پێیان وایە وەک پێشوو کار دەکەم.
ئێستا پێیان دەڵێم شەوکارم و بۆیەش دەبێ شەوانە بچمە دەرێ و بەشێکی ڕۆژ بنووم.

ئەم ژیانەت خۆش گەرەکە؟

نەخێر، سەرەتاکان بە هیچ شێوەیەک حەزم لێی نەبوو، بەڵام ئێستا، چم لە دەست دێ؟

هەموو شەوێ دەچیتە دەرەوە؟

دیار نییە. پەیوەندیی بە شوێنەکانەوە هەیە. گەڕەکی وا هەن بە درێژایی هاوین کەسیان لێ نییە، گەڕەکی واشە زستانان. جاری وایە بۆ ماوەیەکی زۆر دەرناکەوم، دەبێ چاوەڕێ بمێنمەوە، چونکە دەزانم مەترسی ئەوە هەیە خۆم بە دەستەوە بدەم. بەڵام جاری وایە لە ماڵەوە پێویستیمان بە پارە هەیە، بۆ جلوبەرگ، بۆ دەوا و دەرمان. یان دەنا دەبێ کرێ خانوو و پارەی کارەبا بدەی. دەبێ جێبەجێیان بکەم. بە دوای مردووەکاندا دەگەڕێم.

مردووەکان؟

بەڵێ، بڕوانە، ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە و کە بینیت کەسێک مردووە، کەسێکی دەوڵەمەند، دەزانی ڕۆژی بەخاک سپاردنەکەی دەتوانی سەردانی ماڵەکەی بکەی.

بە گشتی وا دەکەی؟

دیار نییە، بێ پەیڕەو و ڕێسایە. کاری وا هەن بەس بە شەو ئەنجامیان دەدەم، ئەگەر لە گەڕەکی چەپەک هەڵکەوتبن، چونکە دەزانم سەرئێشەم نابێ. هەندێک جار دەتوانم ئەمە بە ڕۆژ بکەم، دەوروبەری سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ. بەگشتی، حەز ناکەم بە ڕۆژ ئەم کارە بکەم، چاوەڕوانی شەو دەمێنمەوە، تەنانەت کازیوەی بەیانی، دەزانی، ئاوا دەوروبەری سەعات سێ و چوار، باشترین ساتەوەختە، چونکە هیچ کەس لە شەقامەکان بەدی ناکرێ، تەنانەت پۆلیسەکان لەو سەعاتەدا دەخەون. بەڵام هەرگیز سەر بە ماڵێک داناکەم ئەگەر کەسێکی تێدا بێ.

چۆن دەزانی کەسی لێ نییە؟

یەکسەر هەست پێ دەکرێ، هەڵبەت ئەگەر ڕاهاتبی. تەپ و تۆزی بەردەم دەرگا، یاخود گەڵای وەریو، یان دەنا ڕۆژنامەی کەڵەکەکراوی نێو سندووقی پۆست.

بە دەرگادا دەچیتە ژوورەوە؟

ئەگەر ئاسان بێ، بەڵێ، قفڵەکە دەشکێنم، یان دەنا کلیلێکی تەزویر بەکار دێنم. ئەگەر ئەمەش نەبوو، هەوڵ دەدەم لە پەنجەرەڕا بچمە ژوورێ. چوارچێوەیەکی دەبڕم و بەوێدا وە ژوور دەکەوم. بەردەوام دەستەوانە لە دەست دەکەم تاکوو شوێن پەنجەم جێ نەمێنێ، هەروەها بۆ ئەوەی خۆم بریندار نەکەم.

ئەی دەزگای ئاگادارکەرەوە؟

ئەگەر ئاڵۆز بێ، وازی لێ دێنم. بەڵام بە گشتی، کۆمەڵێ ئامرازی سادەن، هەر بە چاوخشاندنێک دەیانبینی، ئەوەندە بەسە کێبڵەکان بپچڕی.

پێت باشە چی لەگەڵ خۆتدا ببەی؟

دەزانی، کاتێک سەرت دادەخەیت و پێ دەنێیتە ماڵێکی نەناسراو، نازانی چی دەدۆزیتەوە. دەبێ پەلە بکەی، پەلە و بەس، بۆ ئەوەی نەکا کەسێک شوێن پێی هەڵگرتبی. بۆیە چ شتێک شایانی هەبێ و بێ کێشە بێ، هەڵیدەگری، تەلەڤزیۆن، تەسجیل، کەلوپەلی ماڵەوە، یان دەنا قاپ و قاچاغی زیو، کەرەستەی ڕازاندنەوەی ماڵ، تابلۆ و ئینجانە و پەیکەرە بەو مەرجەی زۆر قورس نەبن.

ئەی گەوهەر؟

نا، بەو شێوەیە نا. دیارە کاتێک خەڵک دەڕۆن، گەوهەرەکانیان لە پاش خۆیان جێ ناهێڵن. بوتڵە شەرابیش سەرنج ڕاکێشن، باش دەفرۆشرێن. بێجگە لەمەش، خەڵک زۆر گوێ بە عەمبارەکانیان نادەن، قفڵی پتەوی لێ نادەن و بەو شێوەیە چاودێری ناکەن بزانن چ ڕوو دەدا. پاشان، دەبێ هەموو شتێک خێرا بار بکەیت و بڕۆی. بەختەوەرانە من ئۆتۆمبێلێم هەیە، بێ ئەم ئۆتۆمبێلە نەمدەتوانی وەها کارێک بکەم. ئەگینا دەبوایە ببمە ئەندامی دەستەیەک و ببامە چەتەیەکی ڕاستەقینە و ئا. بەڵام حەزم لەوە نییە، چونکە پێم وایە ئەوان زیاتر بۆ خۆشی ئەم کارە دەکەن نەک لە ڕووی ئاتاجەوە، دەدزن بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بن، هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ، دزی گەورە دەکەن، کەچی من بۆ بژیوی ژیانم ئەم کارە دەکەم، بۆ ئەوەی ژنەکەم و مناڵەکانم پارووە نانێک و جلوبەرگیان هەبێ، بۆ ئەوەی مناڵەکانم بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و پیشەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. ئەگەر سبەی ئیشێک بدۆزمەوە، دەسبەجێ واز لە دزی دێنم، دەتوانم سەر لە نوێ بە ئارامی بگەڕێمەوە ماڵێ، ئێواران بەر لە خواردنی نانی شێوان لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕادەکشێم، سەیری پەڵە سێبەرەکانی بن میچی دەکەم، بێ ئەوەی بیر لە شتێک بکەمەوە، بێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەمەوە، بێ ئەوەی لە شتێک بترسم… نووکە، هەست دەکەم ژیانم پووچەڵە، لە پشت هەموو ئەمانەوە، شتێک بەدی ناکرێ، وەک دیکۆڕێک. ماڵەکان، خەڵک، ئۆتۆمبێل، هەست دەکەم هەر هەموویان دەستکرد و تەزویرن و ڕۆژێک پێم دەڵێن گشت ئەمانە کۆمێدیایە و هی کەس نییە. ئینجا، بۆ ئەوەی بیر لەمە نەکەمەوە، پاش نیوەڕوان دەچمە سەر شەقام، هەڕەمەکی ڕێ دەبڕم، دەڕۆم، دەڕۆم، لە ژێر تیشکی خۆر و دڵۆپی باراندا، هەست دەکەم بێگانەیەکم، وەک بڵێی هەر ئێستا بە شەمەندەفەر هاتبم و لەم شارە کەس نەناسم، کەس.

ئەدی هاوڕێکانت؟

ئەها، دەزانی، کە گرفتێکت تووش بوو، کاتێ زانیان کارەکەت لەدەست داوە و چیتر پارەت نەماوە، سەرەتا زۆر دڵسۆزن، بەڵام پاشان لەوە دەترسن بچیت و داوای پارەیان لێ بکەی، ئەوکات… تۆ زۆر سەرنجی پێ نادەی و ڕۆژێک بۆت دەردەکەوێ کەسێک بە دەوروبەرتەوە نەماوە و ئیتر تۆ کەس ناناسی… هەر بە ڕاست وەک ئەوەی بێگانەیەک بی و تازە لە شەمەندەفەر دابەزیبی.

پێت وایە دۆخەکە وەک جارانی لێ بێتەوە؟

نازانم… هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ساتەوەختێکی ناخۆشە و تێدەپەڕێ، کە هەمدیس پیشەکەم دەست پێ دەکەمەوە، پیشەی بیناسازی بێ یاخود کارەبا، گشت ئەو کارانەی پێشتر دەمکردن… بەڵام جاری واش هەیە بە خۆم دەڵێم ئەم ڕۆژانە هەرگیز تێناپەڕن، هەرگیز، چونکە خەڵکانی دەوڵەمەند گوێیان بە هەژاران نابزوێ، گاڵتەیان پێ دەکەن، سامانەکانیان بۆ خۆیان هەڵدەگرن، لە ماڵە بەتاڵەکانیانی دەپەستێون، دەیخەنە نێو سندووقەکانیانەوە. بۆ ئەوەیش شتێکت هەبێ، لەتە نانێکت هەبێ، دەبێ بچیتە ماڵەکانیان و خۆت ئەو شتە هەڵبگری.

کە بیر لەوە دەکەیتەوە بوویتە دز، چ هەستێکت بەسەردا زاڵ دەبێ؟

جۆرێکم لێ دێ، ئەوکم دەگیردرێ و لە پێ دەکەوم، دەزانی، جارجارە، کاتی شێو دەگەڕێمەوە ماڵ و ئیتر هیچ شتێک وەک پێشوو نەماوە، بەس ساندەویچی سارد هەیە، بەدەم سەیرکردنی تەلەڤزیۆنەوە دەیخۆم، مناڵەکان متەقیان لێوە نایە. دەبینم خێزانەکەم سەیرم دەکا، ئەویش هیچ ناڵێ، بەڵام ڕووخسارێکی تا بڵێی ماندووی هەیە، چاوەکانی خۆڵەمێشی و غەمبارن، ئەمنیش بیر ئەو قسەیە دەکەومەوە کە یەکەم جار پێی گوتم، کاتێ لێی پرسیم ئاخۆ مەترسییەک لە گۆڕێ نییە. من پێم گوت نا، بەڵام وا نییە، باش دەزانم ڕۆژێک، بتەوێ و نەتەوێ، کێشەیەک دێتە ئاراوە. پێشتر، سێ یان چوار جار، خەریک بووە بقەومێ، خەڵکانێک بە تفەنگ تەقەیان لێ کردووم. سەرتاپا ڕەشم پۆشیبوو، بیجامە و چاکەتی ڕەش، بە دەستەوانە و دەمامکی ڕەشەوە، بۆیەش بەختەوەرانە نەیانتوانی من بپێکن، چونکە لە نێو تاریکیدا منیان نەدەبینی. بەڵام دواجار، بتەوێ و نەتەوێ، دڵنیام ئەمە ڕوو دەدا، ڕەنگە ئەمشەو، ڕەنگە سبەی، کێ چ دەزانێ؟ بۆی هەیە پۆلیس بمگرن و بە ساڵان لە گرتووخانە بمێنمەوە، یان دەنا لەوانەیە لە کاتی تەقەکردندا نەتوانم خێرا ڕا بکەم و بمرم، بمرم. بیر لە وی دەکەمەوە، لە ژنەکەم، نەک لە خۆم، من هیچم نە گەرەکە، گرنگییەکی ئەوتۆم نییە. بیر لەو و لە مناڵەکانم دەکەمەوە، چییان بەسەر دێ، کێ لەم سەر گوێ زەوییە لە فیکری ئەواندا دەبێ؟ ئەو دەمانەی هێشتا لە ئەریسێیرا دەژیام، باوەگەورەم باش پێم ڕادەگەیشت، شیعرێکم لە بیرە کە بەردەوام بۆی دەخوێندمەوە، لە خۆم دەپرسم بۆچی ئەم شیعرەم بە بیر دێتەوە و یەکی تر نا، تۆ بڵێی ئەمە چارەنووس بێ؟ ئاخۆ هەندێک پورتوگالی شارەزای؟ شیعرەکە بەمجۆرە بوو، گوێ بگرە: 


O  ladraõ! Ladraõ!
Que vida e tua?
Comer e beber
Passear pela rua.
Era meia noite
Quando o ladraõ veio
Bateu tres pancadas
A’porta do meio.

هۆ دزەکە! دزەکە!
کامەیە ژیانی تۆ؟
خواردن و خواردنەوە
وێڵی نێو کۆڵان
نیوەشەو بوو
دزەکە هات
سێ جار کوتای
دەرگاکەی من.

سەرچاوە:
La Ronde et autre faits divers, J. M. G. Le Clézio, Editions Gallimard, 1982.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٢٣٠ی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو بۆتەوە:
http://www.raman-media.net/230/r10.pdf