۱۳۹۷/۰۲/۰۳

تاشتێ



ژاک پرێڤێر
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
قاوەی کردە نێو
پیاڵەکەوە
شیری کردە نێو
پیاڵە قاوەکەوە
شەکری کردە نێو
قاوەشیرەکەوە
بە کەوچکێکی بچووک
تێکی وەردا
قاوەشیرەکەی خواردەوە و
پیاڵەکەی لە جێی خۆی دانا
بێ ئەوەی بمدوێنێ

جگەرەیەکی
داگیرساند
بە دووکەڵەکەی
چەند بازنەیەکی دروست کرد
سووتەکی جگەرەکەی
خستە نێو خولیدانکەوە
بێ ئەوەی بمدوێنێ
بێ ئەوەم سەیرم کا

هەستا
شەپقەکەی
کردە سەر
چاکەتە بارانییەکەی کردە بەر
چونکە دەباری و
ئەوسا ڕۆیشت
بە بن باراندا
بێ وشەیەک
بێ ئەوەی سەیرم کا

ئەمنیش
سەرم خستە نێو دەستم و
هۆن هۆن گریام

۱۳۹۷/۰۲/۰۲

خەوتووی دۆڵێ

 

ئارتور ڕامبۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


قووڵکەیەکی زەمەندە کە چۆمێک لێی دەخوێنێ
چۆمێکی شێتانە ئاوێزان بە گیا چەماوە
زێوینەکانەوە و، خۆر لەوێ، لە چیا سەربەرزەکەوە
دەدرەوشێتەوە: دۆڵێکی بچووکە کەفی نوور دەپڕژێنێ.

سەربازێکی لاو، زار داپچڕاو، سەر ڕووت،
گەردنی نوقمی کووزەڵەی شینی تەڕ،
خەوتووە، لە نێو گیادا ڕاکشاوە، لە ژێر ئاسمانی
کاڵ لە سەر قەرەوێڵە سەوزەکەی، لە بن بارانی ڕووناکی.

قاچەکانی لە نێو گەلایۆلەکان، ڕازاوە، دەم بە بزە
چەشنی بزەی منداڵێکی نەخۆش، پاڵ کەوتووە:
سرووشت، بە گەرمی ڕایژەنە، سەرمایەتی.

بۆن و بەرامە کوونەلووتی نالەرێننەوە؛
لە نێو خۆردا نوستووە، دەست لە سەر سینگ
هێمن. دوو قولیلکی سوور هەن لە لای ڕاستی.
 

۱۳۹۷/۰۱/۱۹

نیکۆلای گۆگۆل لە ڤۆڤەی

نیکۆلای گۆگۆل (١٨٥٢ - ١٨٠٩) ساڵی ١٨٣٦ لە ڤۆڤەی ژیاوە و کاری کردووە. بەشێک لە شاکاری "ڕۆحە مردووەکان"ی لەم شارە نووسیوە.

شارلی شاپلن


زۆر شت هه‌ن، ژه‌نگ هه‌ڵدێنن و
بیر ئه‌چنه‌وه‌ و
دوایش ئه‌مرن
وه‌ک تاج و
سه‌وله‌جان و
ته‌ختی ژێر پای پاشاکان !

زۆر شتی تری دنیاش هه‌ن
ناڕزێن و
بیرناچنه‌وه‌ و
هه‌رگیز نامرن
وه‌کوو شه‌بقه‌ و

گۆچانه‌که‌ و
پێڵاوه‌که‌ی
"شارلی شاپلن".

شێرکۆ بێکه‌س

وێنە : مووزەخانەی شارلی شاپلن

چەند وێنەیەک لە ماڵی شارلی شاپلن

دونیای شاپلن مۆزەخانەیەکە تایبەت بە ژیان و بەرهەمەکانی شارلی شاپلن لە شاری ڤۆڤەی سویسرا. مۆزەخانەکە لە ماڵی وی دروست کراوە، ئەو ماڵەی لە سەرەوەی شاری ڤۆڤەی هەڵکەوتووە، دەڕوانێتە دەریاچە و شارلی شاپلن لە ساڵی ١٩٥٢ەوە هەتا مردن (ساڵی ١٩٧٧) تێیدا ژیاوە. 

مۆزەخانەکە، لە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی شارلی شاپلن، رۆژی ١٦ی ئاوریلی ٢٠١٦، دەرگەکانی بە ڕووی بینەراندا کردووەتەوە. لە پاڵ ماڵەکەی شاپلندا، ستۆدیۆیەکی هالیودی دروست کراوە و دیکۆڕی هەندێک بەناوبانگی ئەو هونەرمەندەی وە خۆ گرتووە. 

چرکاندنی وێنەکان : سەلاحەدین بایەزیدی










۱۳۹۷/۰۱/۱۳

"لۆ مە چ کر، مە چ کر؟"

سەلاحەدین بایەزیدی

سوڵتانی نوێی تورکان بچووکترین جموجوڵی دژ بە خۆی و دەوڵەتەکەی خستووەتە ژێر چاودێری، دەزانێ سێ چوار خوێندکار لە کام زانکۆ چ لافیتەیەکیان بەرز کردووەتەوە، فڵان ڕۆژنامەی لۆکاڵی دەرەوەی وڵات چ مانشێتێکی نووسیوە، لە پایتەختی فیسار وڵاتی ئەوروپی چ دروشمگەلێک بەرز کراونەتەوە، سیاسەتمەدار یان ڕۆژنامەڤانێکی بیانی چی گوتووە، هونەرمەندێکی ئەمریکا چۆن کاریکاتێرێکی لەو کێشاوەتەوە و تەنانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کێ، لە کوێ چی لە دژ نووسیوە. بەرامبەر بە بچووکترین کۆڕ و کۆوبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕیندا بە ڕقێکی بێ وێنەوە دێتە وەڵام. ئەگەر بکرێ دەمکوتیان دەکا، دەنا ڕادەسپێرێ هێرشیان بکەنە سەر، ئەگەر هیچ شتێکیشی پێ نەکرا، بە جۆرێک کە ڕق و توڕەیی دابمرکێ، بە شێوازی خۆی، بە سووکایەتی پێکردن وەڵام دەداتەوە.  

جا بۆیە ناکرێ دەنگ و سەدای شڤان پەروەریشی نەبیستبێ و پێی پەست نەبووبێ. مەبەستم دوایین کلیپێتی بۆ عەفرین. ناکرێ وەدەنگهێنانی تاتلیسەس کاردانەوەیەک نەبێ بەرامبەر بە وی. 

بەمجۆرە، تاتلیسەس، جارێکی تر بەرامبەر بە شڤان هاتە سەر "شانۆ". ئەمجارەیان بە چریکە و گۆرانی نا، چونکە دەمێکە لە پەلوپۆ کەوتووە، بەڵکوو بە شێوازی سوڵتانەکەی خۆی، بە گۆرانیی گاڵتەئامێز و پێکەنینی دەستکرد. دیارە لەوە زیاتریش هیچی پێ نەدەکرا. نەگبەتی لەوە دایە ئەو ڕۆڵە، وەک هاوشاریی شڤان و لەوە زیاتریش وەک سەمبۆلێکی دژ بە شڤان دەبێ بەو بدرێ و دەبێ بە شێوەیەک هونەری خۆی نیشان بدا و سوڵتان دڵخۆش بکا. 

هەتا ئێرە هەموو شتێک ئاساییە، لایەنی نائاسایی لەم بۆ یەکتر سەندنەوەیەدا دۆخی شڤان پەروەرە. شڤانێکی باڵکراو. وەک بڵێی ویسترابێ دۆخی ئەم دوانە یەکسان بکرێ و یەک لە سەرووی ئەویترەوە نەبێ.

لە دوایین کلیپدا، شڤان پەروەر تەنیایە، تێکشکاوە، چرچ و لۆچی دەستی دیارن. پیاسەکردن بە قەراغ ڕووبارێک لە مەنفا و کلیپێک بە مۆنتاژێکی سەرەتایی و سادە نیشانەی ئەوپەڕی تەنیایی شڤان پەروەرە. خەمێکی قووڵ لە سیمادا، کەشتی، مەلە دەریاییەکان، کورسیی چۆڵ، داری ڕووت و شەپقە... ئەم دیمەنانە لە پاییزی تەمەنی پەناهەندەیەکی تێكشکاو دەچن و فڕیان بە خوێندنەوەی پەیامێکی سیاسیی دژ بە فاشیزمەوە نییە. لەو لاشەوە سوڵتان و هونەرمەندەکەی پێدەکەنن. پێکەنینێکی شەیتانی. وەک بڵێی بە وی پێبکەنن، پێی بڵێن تۆ هەر بێژە، هەر بچڕە "ل کۆلانێن باژێرێ ئەوروپایێ" بێ خودی بگەڕێ. لەکاتێکدا کە شڤان چەند ساڵێ لەمەوپێش بە قاسپەی ئەوان گەڕابۆوە، دەستی لە دەستی ئەوان کردبوو، لۆمە و تەشەری دۆست و لایەنگرانی دابووە پێش چاو. شایانی ئەوە نەبوو بەر زوڵمێ بایێ ڕەش بکەوێ. 

شڤان لە "وڵاتێ غەریبییێ، بێ خودی و بێ ماڵە". سوڵتان و هونەرمەندەکەی کاری خۆیان پێ جێبەجێ کرد، هاوڕێیەتی و هاوپەیمانی بارزانی لەوە کەمتر بوو کە چاوەڕێ دەکرا، کەناڵەکانیشی زیاتر بە تاتلیسەس سەرسامن تا شڤان، کەرەمی سوڵتان بۆ ئەوان گرنگترە، دۆست و هاوڕێ پڕۆلیتاریاکانیشی لەمێژە لێی تووڕەن. تێگەیشتن لە هۆکاری گشت ئەمانە دژوار نییە، ئەوەندە بەسە لە خۆت بپرسی لۆ مە چ کر، مە چ کر؟ 

۱۳۹۶/۱۲/۲۶

قەتڵوعامی عەفرین؟



سەروتاری ڕۆژنامەی "ئوومانیتێ"
بە قەڵەمی ژان ئێمانۆئێل دووکوان
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بێدەنگ بن! دیکتاتۆڕ ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان کۆمەڵکوژی دەکا… لە شاری عەفرینەوە، ئەو شارەی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی کوردن و لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەڵکەوتووە، هەواڵی هەرە مەترسیدارمان پێ دەگا. ماوەی چەند ڕۆژێکە، مخابن، وێدەچێ پێشگرتن بە پێشڕەویی هێزەکانی تورک مەحاڵ بێ. توفانی ئاسن و ئاگرە، بێ ڕاوەستان، لە ڕێگەی ئاسمانی و بەژاییەوە، بە سەر دانیشتووانی ئەم شارە شەهیدبووەدا دەبارێ. دوێنێ، ڕێکخراوێکی نادەوڵەتی هۆشداریی بە ڕای گشتی جیهان دا کە بە هەزاران مەدەنی، لە ترسی دەستدرێژیی کۆتایی ڕایان کردووە یان ئەوەتا لە هەوڵی ڕاکردن دان. ئەمە جگە لە قەتڵوعامێکی بەرنامە بۆداڕێژراو کە سەرەتایەکە بۆ شەڕێکی تەواوعەیار دژ بە گەلی کورد، هیچ ناوێکی تری نییە، شەڕێکی هەڵگیرساو لە لایەن "سەرۆک کۆمار"ی تورک و پاشکۆ سورییەکانی: ئیسلامگەراکانی داعش! ئەردۆغان پایەکانی باڵادەستبوونە ناوچەییەکەی لەسەر خوێن دادەمەزرێنێ کە مەترسیی ئەوە هەیە دەرهاویشتە ژیۆپۆلیتیکەکانی هاوسەنگیی ناوچەکە بە گشتی و تەنانەت ئی دونیا تێک بدا. لە بیرمان نەچێ تورکیا وڵاتێکە لە دەرەوەی سووریا و بە زۆرداری هەرێمێکی ئاسمانی پێشێل دەکا و لەوەش بترازێ، ئەندامی ڕێکخراوی ناتۆیە، ڕێک وەک فەڕەنسا… تەنانەت فەڕانسوا ئۆلاند دوێنێ لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "لۆمۆند"، لەمبارەوە هەڵوێستی نواند: "ئەم هاوپمانە تورکە کێیە کە بە پشتیوانیی بەژایی "گرووپە جیهادیستەکان" هێرش دەکاتە سەر هاوپەیمانەکانی ئێمە؟" سەرۆک کۆماری پێشوو بەمجۆرە بێزاری خۆی دەربڕی و بێدەنگییە "دیپلۆماسی"یەکەی شکاند…

باشە چۆن دەکرێ فەرامۆش بکەین کە گەلی کورد پێشەنگیی شەڕ دژ بە ئیسلامی سیاسیی لە عێراق و سووریا بووە؛ کە باشترین هاوپەیمانی ئێمە بووە، بە بوێر و وەفاداری - بە ژن و پیاوەوە - ناسراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش؟ چۆن دەکرێ نەبینی کە ئەردۆغان دەیەوێ گەلی کورد لە هەموو شوێنێ کۆمەڵکوژ بکا، لە نێو سووریا، لە نێو عەفرین، ئەو شوێنەی ژیانی هەزاران پەنابەر دەخاتە مەترسییەوە کە پەنایان بۆ ئەو بستەخاکە ئازادە بردبوو؟ کات بەرتەسک بووەتەوە بۆ ڕزگارکردنی عەفرین لە چنگ شێتێتی ئەردۆغان و هاوئایینە ئیسلامییەکانی، بۆ وشیارکردنەوەی ویژدانەکانی ئەوروپا بەرامبەر بە دۆخی سامناکی ئەم گەمارۆیە و بەرامبەر بە پاکسازییەکی نەژادی چاوەڕانکراو، لەوانەش گرنگتر، بۆ قایلکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکوو هەرچۆنێک بووە پێش بە دیکتاتۆر ئەردۆغان بگرێ! بێدەنگی و سڕبوونی وڵاتانی حەپەساوی ڕۆژئاوا زۆری خایاند.

۱۳۹۶/۱۲/۲۴

چەند وێنەیەک لە مۆزەخانەی مارتەن بۆدمێر














کورتەیەک سەبارەت بە مۆزەخانەی مارتەن بۆدمێر
مۆزەخانەی مارتەن بۆدمێر، مۆزەخانەیەکی تایبەتە و سەر بە دەزگای مارتەن بۆدمێرە لە ژنێڤ. کۆللێکسیۆنی گەورەی دەستخەت و کتێبی زمانە جوارۆجۆرەکانی گرتووەتە خۆ. دەزگەی بۆدمێر، لە لایەن مارتەن بۆدمێر، کتێب حەز و کۆللێکسیۆنەری سویسرییەوە دامەزراوە. پاپیرۆسی میسرییەکان، هی کتێبە پیرۆزەکان و هەروەها نوسخە نایابەکانی گلگامێش، هۆمێر، بەرهەمەکانی ئاریستۆ و پێترارک لەو مۆزەخانەیەدا پارێزراون.
لەم مۆزەخانەیەدا هەروەها نزیکەی ٣٠٠ دەستخەتی دەگمەن و بەنرخ هەر لە سەردەمی چاخی ناوینەوە تا ئەم سەدانەی دوایی خراونەتە بەر دیدی خەڵک. دەستخەتی نووسەر، بیرمەند و شاعیرانی وەک ئێراسم، رۆنسار، عەتار، حافز، نیزامی و …
جگە لەمانەش، لە مۆزەخانەکەدا بە هەزاران نموونە لە چاپی یەکەمی کتێبی نووسەرانی سەردەمە جۆراوجۆرەکان هەن، بۆ نموونە: گوڵەکانی ئازاری بودلێر، لە چاوەڕوانیی گۆدۆی بێکێت و هەروەها کتێبەکانی کامو، سێلین، سەندرار، دۆستۆیفسکی، کانت، نیچە و …
مۆزەخانەکە گرنگییەکی تایبەتیی بە خەباتی وەرگێڕان و گرنگی وەرگێڕان هەر لە سەردەمی چاخی ناوینەوە تا سەردەمی هاوچەرخ داوە.

۱۳۹۶/۱۲/۱۲

نامەیەکی کراوە بۆ ئەردۆغان


کەمال داود
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
 بە ناوی ئەوانەی کوژراون، گیراون و ئەشکەنجە کراون، بەخێر نەیەی ئەی ئەردۆغان!
نەخێر ئەی ئەردۆغان، بەخێر نەیەی بۆ جەزائیر.
ئێمە وڵاتێکین پێشتر بە خوێن و ڕۆندک باجمان داوە بەوانەی ویستویانە خەلافەتی خۆیان بە سەر ئێمەدا بسەپێنن، بیری خۆیان بخەنە سەرووی جەستەی ئێمەوە، ئەوانەی منداڵەکانیان بە بارمتە گرتووین، ڕۆح، نوخبە و دەرفەتەکانی داهاتوویان کوشتووین. ئێوەش بەشێکن لەو بنەماڵەیەی کە بە ناوی خودا و بە ناوی ئایین بۆ پاشەوە هەنگاو دەنێ، یارمەتیی ئابووری دەدەن، پشتیوانیی لێ دەکەن و خەون بەوەوە دەبینن ببنە سەرۆکێکی نێونەتەوەیی.
ئەو ئیسلامچێتییەی بۆ ئێوە نانی تێدایە، بووە چارەڕەشی بۆ ئێمە و فەرامۆشی ناکەین، ئێوە ئەمڕۆ بە بیرتان هێناینەوە. ئێوە نەک هەر سێبەر و باڵ دەخەنە سەر ئەوانەی دەیانەوێ وڵاتەکەمان لەبەردەم "بابی عالی"ی ئێوە بە چۆک دابێ، بەڵکوو لە هەمانکاتدا ڕۆحێکی پێچەوانەی نەتەوەی ئێمە دەهێننە دی: ئێوە بێزتان لە ئازادی و ڕۆحی ئازاد هەڵدەستێ، ئێوە حەزتان لە خۆهەڵکشاندن و مامەڵەی بازرگانییە لە ڕێگەی ئایینەوە، ئێوە خەون بە خەلیفەیەک لە سەر پشتی ئێمە و گەڕانەوە بۆ سەر خاکەکانمان دەبینن.
ئەمڕۆ، ئەمە لە ڕێگەی پشتیوانیی لە حزبە ئیسلامییەکانی لەمەڕ خۆمان، بە پێشکەش کردنی دیاری لە لایەن کۆمپانیاکانی سەر بە ئێوە، بە دەست ڕۆیشتوویی کۆڕ و کۆمەڵە زنجیرەییەکان و کۆنتڕۆڵکردنی مزگەوتەکان بەرە بەرە بەدی دێ. شێوازە کۆنەکانی "برایانی موسڵمان"تان کە بە دەستێک بەهەشتی خودامان نیشان دەدەن و بە دەستەکەی تر، گۆڕی ئێمەمانان هەڵدەکەنن.
نەخێر جەنابی ئەردۆغان، ئێوە مرۆڤێکی یاریدەدەر نین، خەباتکارێکی ئازادی نین، پیاوێکی بەپرەنسیب و لایەنگری "مافی چارەی خۆنووسینی گەلان" نین، بەتایبەت کە دەبینین چۆن بە ئاگری مەرگ خۆتان بە سەر کوردەکان و نەیارانی دیکتاتۆرەکەتاندا دەسەپێنن.
ئێوە لە ڕۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵ قوربانی دەگرین و لەو لاشەوە لە تەک جەلـلادەکەیدا گرێبەست واژۆ دەکەن. ئێوە خەون بە کەرامەتی ئێمەوە نابینن، بەڵکوو خەون بە خەلافەتی خۆتانەوە دەبینن. ئێمە، سەرکوتەکانتان، لیستی ئەو تورکانەی دەبێ بگیردرێن، گرتووخانە سامناکەکانتان کە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەژی دەبن، مەحکەمەکانی ژێر فەرمانی کۆشکەکانتان، ڕووداماڵاوی و خۆهەڵکشانەکانتان لە یادەوەریماندا دەهێڵینەوە.
ئێوە خەون بەوەوە نابین پەرە بە مرۆڤایەتی بدەن، بەڵکوو دەتانەوێ ڕۆڵی ئەمڕۆی عوسمانییەکان و ئەربابە چنگ بە خوێنەکانیان ببینن. ئیسلام بۆ ئێوە پەیژەیە، خودا ماڕکەیەکی بازرگانییە، مۆدێرنیتە دوژمنە، فەلەستین جامخانەیەکە و ئیسلامییە خۆجێیەکان کۆمەڵێک خزمەتکاری واق وڕماوی دەربارتانن.
مێژوو، فێل و تەڵەکەکانتان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵات دێنێتەوە یاد، هەروەها کودەتا شاراوەکانتان، ڕاوەدوونانی مرۆڤەکان و جیاوازییەکان، ئەشکەنجەکراوان و مردێندراوەکاوی شیاوی سەرزەنشتی ئێوە لە سەرانسەری تورکیا.
مێژوو، بۆردومانەکانتان، شەڕە تەمبێکەرەکانتان و دۆشداماویتان بۆ دیالۆگ و شەڕەف بەس لەپێناو خۆتان و ڕۆمانی تایبەتیی خۆتان دێنێتەوە بیر. دەنگدانتان بۆ قودس بۆ ئەوە نەبوو بازرگانی پێوە بکەن؟ لێمان گەڕێ با لەگەڵ فەلەستینییەکان لە قاقای پێکەنین بدەین: فەلەستین سندووقی بوودجەی کاروانی ئێوەیە. وەک چۆن بۆ زۆر کەسان وایە. باش دەزانن بچنە سەر پشتی چەماوەکان!
لە جەزائیر، ئێمە لە چنگ ئەو کەسانەی خۆیان لە بری خودا دانا و بڕیاریان دا بە پێی میزاجی خۆیان ژیان ببەخشن و بیستێنن، ئازارمان چێشت و ئێستاش دەیچێژین. ئەوانن چەپڵە بۆ هاتنی ئێوە لێ دەدەن نەک ئێمە. ئێوە بوتی ئیسلامییەکانی جەزائیر و پۆپۆلیستەکانن، ئەوانەی ناتوانن بێ زەماوەندی کاتی لەگەڵ خەلیفەیەک بیر لە دەسەڵات بکەنەوە.
ئێمە وڵاتێکین بە خەونی ئازادییەوە، هەرچەند برابێتە ژێر پرسیاریش، وڵاتێکی کەرامەتین. ئەمە نە لە چوارچێوەی عەوداڵی بەرزەفڕی ئێوە دایە و نە لە چوارچێوەی ئاکارباشیتاندا.
تورکیای شۆختان کردە گرتووخانەیەک، هاوکات بازاڕێک بۆ ئەوانەی خۆتان، بۆ کەسانی نزیکتان، کردتانە میرنشینێکی بچووک. هیوادارین ئەم نەتەوە جوانە بە سەلامەتی لە چنگ ئێوە ڕزگاری بێ، بەندکراوەکانی، ئەشکەنجەکراوەکانی، مردووەکانی و منداڵە بۆردومانکراوەکانی زیندوو بمێننەوە. ئێوە وەهمێکن، خۆیشتان دەزانن و ئێمەیش.
ئێوە یاری بە مێژووی سووکایەتی پێکردنمان، بە هەستمان و بە بیروبڕوامان دەکەن، بۆ ئەوەی خۆتان وەک ڕزگاریدەر نیشان بدەن، ئەوەی ڕاستی بێ، ئێوە گوڕهەڵکەنن. پێشان بۆ وڵاتی خۆتان و پاشان بۆ جیرانەکانی. تورکیا موعجیزەیەکە کە هیچ بە ئێوە قەرزدار نییە، بەڵام قەرزداری ئەو ژن و پیاوە ئازادانەیە کە دیسان هێنایانەوە دونیا و بەهایان بۆ گەڕاندەوە. وەک ئەحمەد ئاڵتان کە بەمدواییانە سزای گیرانی هەتا هەتایتان بەسەردا سەپاندووە.
ئەخر وەک هەموو ئیسلامییەکانی تر، ئێوە حەز دەکەن سەرکەوتنی ئەوانی تر بدزن، چاوەڕێ دەبن تا شۆڕشەکان پێ بگەن بۆ ئەوەی بیانخەنە ژێر ڕکێفی خۆتانەوە و لە ژێر ناوی خودا یان مێژوودا، خۆتان بە خەلیفە لەقەڵەم بدەن. پۆپۆلیزمی ئێوە ئەم وڵاتە جوانە دەبەزێنێ و واعیزەکانتان ناتوانن تاوانەکانتان پەردەپۆش بکەن. ئیسلامی و پۆپۆلیستەکانی ئێمە کە پێشتر لای وەهابییەکان پشتیوانیی ماددیان دەست دەکەوت و ئەمڕۆکە لای ئێوە، لە ئێمە نین، خەڵکانی ئێمە نین. ئەوان بەس حەرەمی ئایدیۆلۆژیای ئێوەن.
مێژوو، مردوو و گیراوەکانی تورکیا بە بیر دێنێتەوە، ئەم وڵاتە جوانەی ژێر ڕکێفی خەلافەت، سڕینەوە و گەندەڵییەکانتان، فڕۆکە جەنگییەکانتان و کۆشکە دادپەروەرییەکانی ژێر فەرمانی دادی ئێوە دێنێتەوە بیر. لە جەزائیر کۆمەڵێک شتی ناشیاو لە زاکیرەی ئێمەدا ماوەتەوە. دەبێ پێتان بگوترێ بۆ ئەوەی وەک داگیرکەرێکی عوسمانی نەیەنە وڵاتی ئێمە، وەک باربارۆسی ڕزگاریبەخش. ئێمە زۆر باش شارەزای مێژووی ئەو چەتانەی دەریاین کە خۆیان وەک ڕزگاریدەر نیشان داوە. زۆر باش.
ئێمە خەون بە وڵاتێکی خورت، ئازاد و بەدەسەڵاتەوە دەبینین، وڵاتێکی سەقامگیر و بەختەوەر بە باب و کاڵ و دەسکەوتەکانی. جیاوازییەکان، ئیمان و سەرهەڵدان پەسند بکا، ئایین بژاردە بێ، هیوا ئەرک بێ، فرەچەشنی ماف بێ و بەختەوەری ئامانجی هاوبەش بێ.
ئێمە پێویستیمان بەو هاوڕێ و هاوپەیمانانە هەیە کە دەستیان بە خوێن سوور نەبووبێ. فێڵ و تەڵەکەی ئێوە لای ئێمە ڕێی پێ نادرێ. دارودەستەی ئێوە لێرە داهاتوویان نییە.
ئێوە لە سەر خاکێکی داگیرکراو نین. هەر وەک باب و باپیرانتان کە خاکی ئێمەیان داگیر کرد، ئێوەش لێرە ناتوانن ڕەگ دابکوتن. تەنیا وەهمی داگیرکەری دروست دەکەن. وەک گشت کۆلۆنیالیستەکان.

سەرچاوە: http://www.huffpostmaghreb.com/algerie/

۱۳۹۶/۱۲/۱۰

شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور



 ناوی کتێب: شەمەندەفەرێک بەرەو باکوور
نووسەر: ئاگۆتا کریستۆف
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
بابەت: کۆمەڵەچیرۆک
چاپ: یەکەم
ISBN: 978-600-7748-30-5 ‬‬‬
نرخ: 9000 تمه‌ن (3000 دینار)
ژمارەی لاپەڕە: 104
ساڵی چاپ: زستانی 1396 (2018)

۱۳۹۶/۱۲/۰۹

لە منیشەوە دوعایەکی فەتح، ئەگەرچی درەنگ بووە


شەنەر لەڤەنت*
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
منداڵێکی بچووکە و جلی عەسکەریی لەبەر کردووە…
کچۆڵەیەکە…
شەپقەی عەسکەریشی لە سەرە بۆردۆ**…
تەیپ ئەردۆغان لە سەر ئەو سەکۆیە ڕا کە قسەی دەکرد کچەی بانگ کرد…
دەستێکی لە سەر شانی ئەو منداڵە دانا…
بە دەستی چەپیشی مایکڕۆفۆنەکەی گرتبوو… کە بینی کچەکە دەگری، ئاوا هاتە گۆ:
''ئەوەتا ئێمە بۆردۆ بەرەلیشمان هەیە. بەڵام بۆردۆ بەرەلی ناگری… ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، بە تەمای خوا لە ئاڵاکەی وەردەپێچن… بۆ هەموو شتێک ئامادەیە وا نییە؟"
***
نەخێر…
بۆچوونی خۆم لەمبارەوە دەرنابڕم…
ئێوەی خۆتان شیی بکەنەوە… بە کەیفی خۆتان…
حەز دەکەن پەسندی بکەن، پێتان خۆشە پەسندی مەکەن…
پەیوەندیی بە خۆتانەوە هەیە…
پێتان خۆشە لە چوارچێوەی بگرن و بە دیواری ماڵەکانتانییەوە هەڵواسن…
بیرەوەرییەکی بێ وێنەی ئەم ڕۆژانەیە بۆ داهاتوو!
هەندێک وێنە هەن ڕوونکردنەوەیان ناوێ…
ڕێک وەک وێنەی ئەو کچۆڵە ڕووتە ڤییەتنامییەی لە پێشەوەی سەربازە ئەمریکییەکانەوە هەڵدێ…
بەم وێنانە دەڵێن وێنەی قسەکەر…
تەیپ ئەردۆغان ئەوەی دەبێ بیڵێ گوتوویەتی…
ئیتر ئەز چ بێژم…
دەڵێ "ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، ئینشائەڵڵا پێی دادەدەن"...
***
ئەمانە منداڵانی وەچەیەکن لەوە دەترسێن بە شەڕ بڵێن نا…
لەگەڵ بۆردۆ بەرەلەرییەکان گەورە دەبن…
خوێنی منیشی وە کوڵ هێنا…
لەخۆڕا ئەو هەمووە ساڵە داوای ئاشتیم کردبوو…
ئاشتی خێری تێدا نییە…
هەرچی هەبێ لە شەڕدا هەیە…
مستەفا کەماڵ بەو قسە بێهودەیەی کە دەڵێ "ئاشتی بۆ وڵات، ئاشتی بۆ دونیا" هەموومانی بە لاڕێدا برد…
لە خشتە براین…
هەڵخەڵەتاین…
ئیتر بۆ لەمەودوا دووپات نابێتەوە…
ئیتر ئەو قسەیە باوی نەماوە کە دەڵێ "لە قوبرس پێش بە ئاشتی ناگیردرێ"...
با خەیاڵتان ئاسوودە بێ…
لە قوبرس پێش بە شەڕ ناگیردرێ…
خۆ بۆ خۆتان بینیتان…
ئەو ئیتالییانەی زلـلەی عوسمانییان بەرکەوت چۆن بوونە تۆز…
چۆن تێیان تەقاند…
حەیف و مخابن درەنگ لەو جیهادییە قارەمانانە گەیشتم کە سەریان دەپەڕاند و ئێستا شان بە شانی سوپاکەمان لە ژێر ئاڵای تورکیا شەڕ دەکەن…
ئیتر دەبێ ئاوا بیت!
سەر ببڕیت!
لەش بە زیندوویی بسووتێنی!
سەری دوژمن پان بکەیتەوە…
کورد یانی چی؟
دوژمن!
یۆنانی یانی چی؟
دوژمن!
ئەرمەنی، عەلەوی…
هەموویان دوژمنن!
ئەگەر وڵاتەکەمان لەم دوژمنانە پاک نەکەینەوە، چۆن دەتوانین هەناسە بدەین…
***
بەختیارترین ڕۆژەکانمان ئەو ڕۆژانە نین بە ئاشتی تێپەڕ بوون…
ئەو ڕۆژانەن دوای شەڕێک سەرکەوتنمان بەدەست هێنا…
گەورەترین جەژنی ئێمە ٢٩ی تەمموز*** نییە؟
کە بیرەوەریی مووشەکەکانی ٤٤ ساڵ لەمەوپێش دێنینەوە بیر خۆمان، چ جۆشێک داماندەگرێ.
وەک ٤٤ ساڵ لەمەوپێش، هەمدیس سپێدەیەکی زوو بەرەو کەشتییە جەنگییەکان ڕادەکەین…
ئێمە تورکین…
ئایین و ڕەگەزی ئێمە بەرزە…
بێگومان هەر تورکێک وەک عەسکەر لەدایک دەبێ…
وەک کۆرپە نایەتە دونیا…
ئەوانە ڕاو بنێن کە یەژن بە کۆرپەیی چاو بە ژین هەڵدێنن…
***
پێم وایە دوای ئەو هەمووە بێعەقڵییە بۆ ئاشتی، لێرە ئیتر هەرکەس نرخی شەڕی بۆ دەرکەوتووە…
دواجار لەوەش تێگەیشتووە کە نیوەی ئەم دوورگەیەمان بە ئاشتی نا، بەڵکوو بە شەڕ و خوێن ڕشتن بەدەست هێناوە…
ئەوەنێ عەسکەری تورک بە گیان و دڵ بەشداری شەڕی عەفرین دەبێ…
لە مزگەوتەکان دوعای فەتح دەخوێندرێ…
لێرە خوێن و پارە بۆ عەسکەرە شەڕکەرەکانمان کۆ دەکرێتەوە…
هەموومان تێگەیشتن و وێدەچێ تەنیا من لە کاروان دوا کەوتبم…
گوتم "هەڵمەتێکی تری داگیرکەری"...
نەدەبوو وام گوتبا…
دەبوو سەری ڕێزم دانەواندبا...
دەبوو گوتبام "چاوەڕێمان بە عەفرین، ئەوا هاتین"...
وەک هەمووان ئەمنیش دوعایەکی فەتحم خویندبا…
باش بوو کەس هاوڕا نەبوو لەگەڵ من…
باش بوو کەس لایەنگری لە ئاشتی نەکرد و هەمووان لایەنی شەڕیان هەڵبژارد…
پێم وایە تاکە ڕێگەی چارەسەریی کێشەی ئێمە لەم دوورگەیە هەر ئەمەیە…
بەو پێیەی تەنانەت ئیتالییەکان تێیان تەقاند و هەڵاتن، کێ دەتوانێ بەرامبەرمان خۆ ڕابگرێ؟
یانکی وانەیەکی باشی پێ درا…
مامە هانسیش…
جا ئەگەر ئێستە هێزێک هەبێ خوێنی ڕەسەنی ئێمە لە دەمارەکانیدا بێت و بچێ…
ئەم ئیشە بە سەعاتێک تەواو دەکەین…
***
چما باب و باپیرانمان نەیانگوتووە "ئەی تورک ڕاچەنە و وەرەوە سەر خۆت"؟
جا منیش ڕاچەنیم و هاتمەوە سەر خۆم…
پاش ئەوەی گوێم لەو قسانە بوو کە ئەردۆغان بەو کچۆڵەیەی گوت، هاتمەوە سەر خۆ…
"ئینشائەڵڵا ئەگەر شەهید کەوت، ئاڵاکەی پێ دادەدەن"...
دەی…
با سروودی سەرکەوتن بگوترێنەوە…
لووتکەی چیاکان بە تەم و مژە…
بۆ پێشەوە هاوڕێیان…
ڕاپۆرتێکی چرووک وەرمەگرە…
تۆش تەڤلی ئێمە بە هاوڕێ…

*بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ئەفریقا، چاپی قوبرس.
**بۆردۆ بەرەلەری یان شەپقە بەڵاڵووکییەکان، هێزێکی تایبەت و شاراوەی "دژەتیرۆری" تورکیایە.
***هێزە چەکدارەکانی تورکیا ٢٠ی تەمموزی ١٩٧٤ هێرشیان کردە سەر قوبرس کە وەک جەژنی ئاشتی و سەربەخۆیی یادی لێ دەکرێتەوە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۹

دەستهەڵگرتن لە خۆشەویستی لەپێناوی ئازادیدا


وتوێژی ئاژانسی سوییس‌ئینفۆ لەگەڵ ستێفان برۆتۆن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
تەمەنیان بیست ساڵێک زیاترە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە، تەنانەت لە خۆشەویستیش، بۆ ئەوەی ڕێبازی ئازادی بگرنە بەر. ژنانی تێکۆشەری کورد لە سووریا سەمبۆلی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و فیدڕاڵی نوێن. مرۆڤناسی فەڕەنسی ستێفان برۆتۆن بە درێژایی حەوت مانگ، لە جەنگەی شەڕدا، فیلمی لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم ژنانە هەڵگرتووەتەوە. "کچانی ئاگر" ئەو فیلمە دیکۆمێنتارەیە کە لە پەراوێزی فێستیڤالی لۆکارنۆدا پێشکەش کراوە.

سوییس‌ئینفۆ: ئەگەر لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە لێی بڕوانین، ئەم ژنانە چ کەسانێکن؟
ستێفان برۆتۆن:
تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵ دایە و زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە بنەماڵە وەرزێڕەکانن. کۆمەڵێک ژنی تا بڵێی نەرم و نیان و لێبڕاون و بە هیچ شێوەیەک دەمارگرژ نین. ژیانی خۆیان بۆ تێکۆشان لە ڕیزی گەریلاکانی کورد لە سووریا تەرخان کردووە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە. لە پیاوەکان جودان، لە ماڵ یاخود نهۆمی جیاوازدا دەژین، بەڵام شان بە شانی ئەوان شەڕ دەکەن. هیچ چەشنە توندوتیژی یان ملکەچکردنێک بەدی ناکرێ، ڕێزێکی زۆری هاوڕێیانە لە ناو شۆڕشگێڕەکاندا هەیە و پێویستە بگوترێ کە دڵداری پیاوان و ژنان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەم قوربانی کردنە چۆن لێک دەدەنەوە؟
نازانم. پێم وایە ئەگەر خۆشەویستی هەبوا، ئەوا لە هەموو شتێک خورتتر دەبوو و هێزی ئەوانی دەبردە ژێر پرسیارە. کچان و کوڕان دەبێ تەنیا یەک ئامانجیان هەبێ، دەبێ ئامادە بن بۆ ئەوەی گیانیان و هاوڕێیانیان فیدا بکەن، هەرچەند ئەمە بەژانیش بێ. بۆیە خۆشەویستی مەحاڵە و لە خەیاڵ بە دوورە. هەر لە سەرەتاوە ئەمە دەزانرێ و ڕێسایەکە هەموویان ڕێزی لێ دەگرن.

شۆڕشی کورد لە سووریا تەنیا شەڕ نییە دژ بە داعش و بەشار ئەلئەسەد، بەڵکوو هەوڵە بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگە. ئەم مۆدێلە چییە؟
گەریلاکانی کورد لە سووریا زۆر سیاسین. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ئەوان سەر بە بزووتنەوەی پەکەکەن، هەرچەند لە ڕووی سیاسییەوە دوو گرووپی جیاوازیش بن. خۆیان بە ڕێکخراوێکی مارکسی - لێنینی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام ئەم چەمکە دەبێ لە بەستێنی خۆیدا لێک بدرێتەوە. لە وڵاتێکی وەک سووریا کە مافەکانی گەلی کورد پێشێل کراون و ژنان مافی شارۆمەندییان نییە، مارکسی - لێنینی بوون دێتە واتای حەواندنەوەی خەونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. بەهەر حاڵ، من ئاوای دەبینم. لەبەرامبەر ڕژێمی گەندەڵ و زاڵمی بەشار ئەسەد و زەبروزەنگی بێ هاوتای ئیسلامگەراکان، خەباتگێڕانی کورد مۆدێلێکی کۆمەڵگە پێشنیار دەکەن کە سیاسەت و هونەری ململانێی ڕەوان و پیاوان و ژنان خاوەن ماف و ئەرکی یەکسانن. لە کۆمەڵگەیەک کە ئیسلامی ڕادیکاڵ بەسەریدا زاڵە بیرۆکەی چەک هەڵگرتنی ژنان لە خەیاڵدا ناگونجێ. شۆڕشی ئەمانە لێرەوە دەست پێ دەکا!

ئاخۆ مەترسیی ئەوە نایەتە گۆڕێ کە ئەم شۆڕشگێڕانە ئایدیالیزە دەکرێن؟
من بانگەشە ناکەم ئەوان قارەمانن. بەڵام بەو قەناعەتە گەیشتووم کە ئەم کۆمەڵگە بچووکە یەکسانخوازە یۆتۆپیا و مودێلێک لەو ناوچەیە دەخاتە ڕوو، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە خۆشەویستی، وەچەنانەوە، بنەماڵە و منداڵ لە گۆڕێ نین. خۆشەویستی، پیاوان و ژنان یەکانگیر دەکا، بەڵام هاوکات لێکیان دادەبڕێ.

شەڕ لە سووریا پێی ناوەتەوە حەوتەمین ساڵەوە. ئەم ژنە گەنجانە چۆن لە بەرەکانی جەنگ بەرگە دەگرن؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە زۆر لەو ژنانە لە شەڕدا دەمرن. سەرباری ئەوەش، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کوردەکان بەردەوام بە باشترین جەنگاوەر لەقەڵەم دراون. بوێرییان ڕەوشتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو گشتییە: چاوپۆشی کردنە لە خود. کەواتە باسی میلیشیا یاخود سوپایەک نا، بەڵکوو گەلێکی چەکدار لە گۆڕێیە. ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئیسلامگەراکان کە کورد پێیان دەڵێن بەکرێگیراو. گەریلای کورد مووچە وەرناگرن و هیچیان نییە. بەم سادەبوونە سەرسامم. بە خێری چا، ئاگر و جگەرە پێشڕەوی دەکەن. جا ئەگەر بێت و هەر سێ لەمانەیان بەیەکەوە هەبێ، گۆرانی دەچڕن.

گەلۆ ئامانجی سەرەکییان دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆ یان لانیکەم ئۆتۆنۆمە؟
دەتوانین بڵێین حاڵی حازر، ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە ئازاد بن. نیگایان لەسەر ئێستا چەقی بەستووە. ئەوان باسی سەربەخۆیی ناکەن، بەڵام ئۆتۆنۆمی بۆچی. ئەوان دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی پێشنیار دەکەن کە هەر کەس بتوانێ بە گوێرەی یاسا و مەیلی تایبەت بە خۆی بژی. سووریا وڵاتێکی زۆر ئاڵۆزە، خەڵک و ئایینی جۆراوجۆر لەوێ دەژین. کوردەکان داکۆکیی لەو بیرۆکەیە دەکەن کە سەرجەم کەمینەکان لە کۆمەڵگەدا پێگەی خۆیان هەیە. نابێ لە بیرمان بچێ کە لە سووریا کوردەکان مافی ئەوەیان نییە بە زمانی خۆیان قسە بکەن، لە کاتێکدا لە زیاتر پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە سەر ئەو خاکانە دەژین!

"کچانی ئاگر" ژیانی ڕۆژانەی ژنان دەشۆپێنێ بەڵام لە جەنگەی شەڕکردندا نیشانیان نادا. ئاخۆ ئەمە بژاردەیەکی بەئەنقەستە یان داسەپاو؟
من نەمویستووە فیلمێکم لە سەر جەنگ دروست بکەم، چونکە من کەسێکی ئاشتیخوازم. هەر چۆنێک بێ، کوردەکان هەرگیز ڕێگەیان نەدەدام هاوڕێیەتیان بکەم، چونکە تا بڵێی مەترسیدارە. بۆیە من بەردەوام لە پەراوێزی شەڕدا مامەوە، بۆ ئەوەی بزانم ژیان لە چی دەچێ وەختێک هەموو شتێ بۆی هەیە ساتێک دواتر کۆتایی بێ. ئەو شتەی دۆزیمەوە، هەستی ئارامییەکی لەڕادەبەدر بوو. لەوانەیە ئەمە ناکۆک و دژبەیەک بێ، بەڵام ئیتر ئاوا بوو.

ئەم ئیدەئالی یەکسانییە سنووری گەریلای تێپەڕاندووە؟
نەخێر، بێگومان شۆڕشگێڕەکان لەم ڕووەوە پێشڕەون. لەگەڵ ئەوەشدا، لە شەڕی کۆبانێ بە دواوە، ژنانی کورد وەک قارەمان سەیر دەکردرێن. سەبارەت بەوان جۆرێک ئەفسانە دروست بووە و کاتێک پێی دەنێنە نێو گوندەکانەوە، کچان بە ستایشەوە لێیان دەڕوانن. بەدڵنیاییەوە ئەمە دەتوانێ گۆڕانکارییەک بەدی بێنێ، بەڵام کاتی دەوێ.

ئێوە بە ناخ و قووڵایی دونیای ئەم شۆڕشگێڕانەی کورددا شۆڕ بوونەوە. ئایا ئەستەم بوو هەتا ئێوە لە دونیای خۆیاندا وەرگرن؟
نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. کوردەکان ڕۆژنامەنووسانیان خۆش ناوێ، چونکە دێن، کۆمەڵێک پرسیار دەکەن و سەعاتێک دواتر دەڕۆن. من چەندان و چەندان مانگ لە لایان مامەوە. من کاتژمێر سێی بەیانی لەخەو هەڵدەستام و نانی ڕەقم لەگەڵ ئەوان دەخوارد. من پرسیارم نەدەکرد، سەرنجم دەدا. جگە لەوەش، من زمانی ئەوانم نەدەزانی و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو. ئەمە دەرفەتی پێ دەدام لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتییان چڕ ببمەوە. هەر کۆمەڵگەیەک زەمەن و شێوازی ژیان و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوە شتێک نییە بتوانین بە کۆمەڵێک وشە دەریببڕین. بەڵام هەوڵم دا فیلمی لێ هەڵبگرمەوە.

ستێفان برۆتۆن:
فیلمساز، وێنەگر و خەڵکناسی فەڕەنسی، ستێفان برۆتۆن، ساڵی ١٩٥٩ لە پاریس لەدایک بووە. گەلەک فیلمی دیکۆمێنتاری بەرهەم هێناوە، هەندێک لەوانە بریتین: ئەوان و من (٢٠٠١)، ئاسمان لە نێو باغچەیەکدا (٢٠٠٣)، دونیای دەرەوە (٢٠٠٧) و دارستانە تاریکەکان (٢٠١٥). ستێفان برۆتۆن هەروەها وانەی خەڵکناسی و سینەمای دیکۆمێنتاری لە قوتابخانەکانی خوێندنی باڵا لە پاریس دەڵێتەوە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۸

دوایین هەواڵەکانی داهاتوو


دواهەمین کتێبی پاتریس فرانسێچکی، کۆمەڵە چیرۆکێکە بەناوی "دوایین هەواڵەکانی داهاتوو". ئەم کۆمەڵە چیرۆکە شوباتی ٢٠١٨ لە لایەن وەشانخانەی "گراسێ"وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆژنامەی "لۆ فیگارۆ" سەبارەت بەم کتێبە وتوێژێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ پاتریس فرانسێچکی ئەنجام داوە. بە پێی ڕۆژنامەکە داهاتوو تەنیا شوێنێک بوو نووسەر نەیدۆزیبۆوە و بەم کتێبە ئەوەشی کرد. 

پاتریس فرانسێچکی کە ساڵی ٢٠١٥ گەورەترین خەڵاتی وێژەیی فەڕەنسای بۆ کۆمەڵە چیرۆکی "یەکەم کەسی تاک" وەرگرتووە، سەبارەت بە نووسینی ئەم کتێبە، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەکەدا دەڵێ:

... بە ڕای من، نووسەرێک دەبێ تەنیا ئەو کاتە بنووسێ کە شتێکی بۆ گوتن پێیە. بە هۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ژیانم لە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا تێپەڕاندووە کە هیی من نین، بوومە خاوەن ئەزموونێکی تایبەت لەمەڕ دونیای ئەمڕۆ، پاڵپشت بەو ئەزموونە چل ساڵە پڕ لە بەسەرهات و پابەندییەیە هەوڵم داوە دونیای سبەی وێنا بکەم. بەتایبەتیش، پێنج ساڵ مانەوەم لە لای کوردەکانی سووریا، لە نێو جەرگەی خەباتیان دژ بە ئیسلامگەراکان، ساڵانی هەرە سەرنجڕاکێشن. ڕەنگە لە هەمووشیان زیاتر مایەی پەژارە و نیگەرانی... هاوینی ٢٠١٦ لە شەڕی منبەج، ئەم چواردە چیرۆکە کە دەمێکی درێژ لە مێشکم دابوون، کتوپڕ شۆقی ژیانیان بە خۆوە بینی. داوای هەندێک کاغەز و قەڵەمێکم لە هاوڕێیانم کرد و بۆ یەکەمجار، دوای ماوەیەکی دوور و درێژ، کتێبێکم لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە دەست نووسی... لە لایەکی دیکەوە چارەنووس وای کرد شەڕەکە ئەو ڕۆژە تەواو بێ کە من خاڵی کۆتاییم بۆ ئەم کتێبە دانا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم نووسین بۆ من پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی بە ژیان و بەسەرهاتەوە هەیە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۴

بۆ عەفرین


سەلاحەدین بایەزیدی
 
زڤستان بوو
دارزەیتوونەکانی بن خەت
سەرمایان بوو و
هەڵدەلەرزین

عەسکەر هاتن
بە مشاری ستێرک و
داسی مانگەوە
لق و پۆپی دارەکانیان بڕی
دایاننە بەر تۆپ و گولـلە

درەختەکان ڕووت بوونەوە
هەوا تووش تر و
شەڕ سەخت تر

دارزەیتوونەکان بریندار
شکاو
سووتاو
هەر چوار دەوریان گیراو
بەڵام بە پێوە
باڵای کورتیان بەرز و
نەدەقەرسین.

۱۳۹۶/۱۱/۲۲

خیانەتی ڕۆژئاوا لە کوردەکان


ژێرار شالیان
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە بەرامبەر دەستێوەردانی تورکیا و هاوپەیمانە سوورییەکانی، کوردەکانی کانتۆنی عەفرین کە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە خۆڕاگری دەکەن، بێجگە لە بەخشینی گیانیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە. ئەوەی ڕاستی بێ هێزەکانی ڕووسیا، پاش دانوستان لەگەڵ تورکیا، ناوچەکەیان چۆل کرد و هێزەکانی ئەمریکاش دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم هێرشانەی تورکیا درەنەبڕی. 
هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی تورکیا، لە بنەڕەتدا هیچ نین کۆمەڵێک جیهادگەران نەبێ، یان وەک "دەوڵەتی ئیسلامی"، یان وەک ئەو ڕێکخراوانەی خاوەنی ئایدیۆلۆژیەکی هاوشێوەن. ئەم هاوپەیمانانە بە "سوپای سوریای ئازاد" لە قەڵەم دراون و دەستێوەردانی سەربازی تورکیاش ناوی "چڵە زەیتوون"ە. خۆشە ببیتە دیکتاتۆر، بەڵام ڕێزگرتنە ڕواڵەتییەکان گاڵتەجاڕییان لە پشتە.
کوردەکانی سووریا جووڵانەوەیەکی سیاسیی - سەربازییان دامەزراندووە کە ماوەی چەندین ساڵە دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی شەڕ دەکا. بە دیسپلین و ورەیەکی بەرزەوە (ساڵی ٢٠١٦ توانیم ئەمە لە نزیکەوە ببینم)، بە بەشداریی بەرچاوی خەباتگێڕەکانی، هەم وەک بژاردەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و هەمیش بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵەیەکی کەمینە ببێتە دوو قات. کاریگەرییان لە لایەن پیاوانی کۆمەڵگەیەک کە وەک کاڵایەک سەیری ژنان دەکەن، مایەی شەرم بوو، وەک چۆن ئەمەمان لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ جەستە و تەرمی ژنان بینی.
کوردەکانی سووریا (یەپەگە) بە خۆڕاگری قارەمانانەیان لە کۆبانێ وەک ئیدەئالی هێزی جێگرەوە هاتنە بەر چاوی دەوڵەتە نیگەرانەکان کە پێویست بەوە نەکا سەربازەکانی خۆیان بەرنە ئەوێ. ئەمریکییەکان و ڕووسەکان لە چوارچێوەی خەباتیان دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی" و دژ بە جیهادیزم کەڵکیان لێ وەرگرتن.
ڕووسیا دەیەوێ ڕژێمێک بەهێز بکا کە بە دڵیەتی و دوایین وڵاتی عەڕەبی هاوپەیمانێتی، وەک چۆن بەتایبەت لە نێوان سێپتەمبەری ٢٠١٥ و بەهاری ٢٠١٦ ئەمەی سەلماند. ئەو بواری بۆ بەشار ئەسەد ڕەخساند تاکوو دەسپێشخەری بگرێتە دەست، هاوکات کە پشتی کوردەکانی سووریا گرتبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوردەکانیان هان دەدا بە هاوکاریی هێزە عەرەبەکان، دارودەستەی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ڕەقەی بە پایتەخت ڕاگەیەنراویان ڕاو بنێن.
پار، ئەمە بە نرخی خەسارێکی قورس بەدی هات. بەمجۆرە هێزە کوردییەکان بەرامبەر بە هاوکاری ئەمریکا لەو ناوچە عەرەبانەش باجی قورس دەدەن کە هیچ بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لێی نییە.
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا و هاوپەیمانێتی کاتیان، تایبەت نییە بە ڕۆژی ئەمڕۆ. پێشتر تورکیا بۆ کردنەوەی قفڵی دەرگەی جەرابلوس، ناوچەیەکی سەر سنوور کە لەوێوە دەستت بە خاکی سووریا ڕادەگا، پێویستیی بە بێلایەنی ڕووسیا هەبوو. لە بەرامبەر ئەمەدا، دەستی ئاوەڵا بوو تاکوو جیهادیستەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب سەرکوت بکا.
ئەمجارە، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا - کە بانگەشە دەکا بەرژەوەندیی تایبەت بە ئاسایشی خۆی دەپارێزێ - و ڕووسیا، بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە عەفرینەوە هەیە. هێزەکانی ڕووسیا ڕازی دەبن لە کانتۆنی عەفرین پاشەکشە بکەن و تورکیا لە هەوڵ و هاندانی ڕووخاندنی ڕژێمی شام پاشگەز دەبێتەوە. مەسەلەی ئەوە لە گۆڕێیە بۆ هەمیشە لە چنگ کوردەکانی سووریا ڕزگاری بێ کە وەک پاشکۆی پەکەکە لێی دەڕوانێ کە تورکیا ماوەی زیاتر لە سی ساڵە لە وڵاتی خۆی شەڕی لەگەڵ دەکا.
بێجگە لەمە، هێرش بۆ سەر عەفرین و هەروەها هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر منبەج، ئەو شوێنەی هێزە ئەمریکییەکان لێی سەقامگیر بوون، بۆ ئەوەیە سەرۆککۆمار ئەردۆغان لە لای پان ناسیۆنالیستەکان خۆشەویست تر بکا. هەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە، خۆ لە ناوچەی گەمارۆدراو هەڵناقورتێنن، مەگەر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو. نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترامپ پەیوەندییان بە ئەولەوییەتی ترەوە هەیە.
دەوڵەتەکان، ئەگەر مەبەستیان نەبوو دەستێوەردان بکەن، تا ئەو کاتەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە گۆڕێ نەبێ، خۆیان بەوە قایل دەکەن هەڵسوکوتی شەڕخوازانە مەحکووم بکەن و ڕایبگەیەنن کە ئەمە شیاوی پەسند نییە و هاوکات پەسندیشی بکەن. پاش شان لادان لەم جۆرە هێرشانە، ئێمەمانان لە ئەوروپا فێر بووین مەراسیمی "یاد و بیرەوەری" بگرین و بڵێین "جارێکی تر هەرگیز."
ئەمە، لە وڵاتانی دیموکراتدا، گرنگیی بیروڕای گشتی و هیی میدیا، بەو مەرجەی کاری خۆیان بە سەرنجەوە ئەنجام بدەن، دەخاتە ڕوو.
ساڵی ١٩٩١، پاش ئەو شەڕەی عێراقی سەددام حوسێن بە مەبەستی لکاندنی کوەیت بە وڵاتەکەی هەڵیگیرساند، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاگادار بوو بە جڵەوبەردانی عێراق، تەواو دەسەڵاتەکەی لاواز ببێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ڕووخانی سوننەکان کە بە قازانجی ئێران دەشکایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەوازی ئاڕاستەی شیعەکان و کوردەکان دەکرد ڕاپەڕن بەڵام بزانن کە بە قازانجی ئەوان دەستێوەردان ناکا. سەرکوتی سەددام حوسێن گەیشتە لوتکە. شیعەکان قەتڵوعام کران و کوردەکان تۆقێنران، بە سەدان هەزار کورد بەرەو تورکیا و ئێران ڕایانکرد.
ئەوان بە نۆرەی خۆیان بەختیان هەبوو کە بە کامێرای ڕۆژئاواییەکان فیلمیان لێ هەڵگیرا. لە سایەی خۆتێوەردانی فەڕەنسا کە بریتانیا خستبوویە سەر ئەستۆی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی بوو پەناگەیەک بۆ کوردەکانی عێراق دروست بکا.
تەقریبەن گومان لەوەدا نییە کە گەمارۆی عەفرین وەها بەختێکی نییە.
تورکیا ئەندامی ناتۆیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەولەوییەتی تری هەیە و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا پێش هەموو شتێ وابەستەی مانەوەی ڕژێمی شامە نەک کانتۆنی عەفرین.

سەرچاوە: لۆفیگارۆ