۱۳۹۹/۰۷/۰۶

تۆنبۆ


 

 📚کتێب: تۆنبۆ
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

نۆبوو، ساڵی ١٩٨١ قوتابخانەیەکی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەکان دادەمەزرێنێ. ناوەندەکەی پێشوازییەکی باشی لێدەکرێ و ناو و ناوبانگی بڵاو دەبێتەوە. شەش ساڵ دواتر، سەردانی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراوی پیاوێک بیرەوەرییەکی تاڵ لە یادگەی نۆبوودا زیندوو دەکاتەوە؛ بیرەوەریی خۆکوشتنی باوکی. بە دوای ئەم سەردانەدا، نۆبوو هەندێک ڕاستیی دیکەی لەسەر ئەم ڕووداوە بۆ دەردەکەوێ.


ڕۆمانی تۆنبۆ هاوکات کە درێژەی دوو ڕۆمانەکەی پێش خۆیەتی، وەک هەموو ڕۆمانەکانی دیکەی ئەم پێنجێنەیە، دەکرێ بە شێوەیەکی سەربەخۆش بخوێنرێتەوە، بەڵام هەر هەموویان پێکەوە ڕۆشنایی دەخەنە سەر کوون و کەلەبەرە تاریکەکانی بەسەرهاتێک.

۱۳۹۹/۰۷/۰۳

زاکوورۆ

 


📚کتێب: زاکوورۆ
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار


زاکوورۆ بە ژاپۆنی یانی هەنار. هەناریش میوە دڵخوازەکەی بانزۆ تۆدایە کە ساڵی ١٩٤٥ بۆ سیبێریا دەگوازرێتەوە. لەو کاتەوە بەدوا شوێنەواری نامێنێ، کەس هەواڵی لێ نازانێ و هەموویان لە گەڕانەوەی ناهومێد دەبن، بەڵام هاوسەرەکەی کە تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە، هەروا چاوەڕوانییەتی. بانزۆ بێسەروشوێن نەبووە و نەمردووە، لە ژاپۆنە و لە شارێکی نزیک بە بنەماڵەکەی و هاوسەرە چاوەڕوانەکەی دەژی، بۆچی کە لە سۆڤییەت دەگەڕێتەوە، یەکسەر ناچێتەوە ماڵی خۆیان؟ چی وای لێ دەکا کە بێدەنگی و ژیانێکی نهێنی هەڵبژێرێ؟

۱۳۹۹/۰۶/۳۱

میتسووبا


کتێب: میتسووبا
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار


تاکاشی فەرمانبەری کۆمپانیای بەناوبانگی گۆشیمایە، کۆمپانیایەک کە زۆر شانازیی پێوە دەکات و هێمایەکی ژاپۆنیی ساڵانی هەشتایە. تاکاشی سەرکەوتووانە لە سەنگاپوور گەڕاوەتەوە کە بۆ لێکۆڵینەوەیەک ڕووی تێکردبوو. خاوەنەکەی پیرۆزبایی لێ دەکات و بەڵێنی پێ دەدا بۆ لقیی پاریسی بگوازێتەوە. پێش چوون بۆ هەندەران، تاکاشی کچێکی جوان دەناسێ، بەڵام دەستەکانی پشتپەردە لە بەردەم پێکگەیشتنیان دەبنە ئاستەنگ.

ئاکی شیمازاکی بەم ڕۆمانە کورت و سادەیە، چیرۆکێکی ئاڵۆز و خەمبارمان بۆ دەگێڕێتەوە، ئەو ژاپۆنێکی جیاواز لە ژاپۆنی میدیاکانمان دەخاتە بەر چاو. نیشانمان دەدا چۆن لە ژاپۆنی مۆدێرندا، مووچەخۆرێک وەک کۆیلەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێ، چۆن جەستە و تەنانەت ڕۆحیشی هی ئەو کۆمپانیایەیە کە کاری بۆ دەکا.

۱۳۹۹/۰۶/۱۲

پەنجاودوو ڕۆژ لە گرتووخانەیەکی تورکیادا

 پەنجاودوو ڕۆژ لە گرتووخانەیەکی تورکیادا 

لوو بوورۆ

وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

وەشانخانە: مادیار

۱۳۹۹/۰۵/۲۲

۱۳۹۹/۰۴/۱۶

هەڵەی هونەری



سەلاحەدین بایەزیدی
ڕەنگە لە باشوور، پێشکەشکار، ڕۆژنامەوان و نووسەرەکان ناهەقیان نەبێ کە لە بری هەڵە یان کێشەی تەکنیکی، کەڵک لە هەڵە یان کێشەی هونەری وەردەگرن. ئێمە لە ڕۆژهەڵات لە ژێر کاریگەریی زوانی فارسیدا پێمان وایە کە ئەوان لە ژێر کاریگەریی زوانی عەرەبیدا هونەرەکە لە جێگەی خۆیدا بەکار ناهێنن و نابێ هەرچی "فن"ی عارەبییە لە کوردیدا بکرێتە هونەر. 

وشەی هونەر لە کوردیدا، پێش ئەوەی ئەم مانایە بە خۆوە بگرێ کە ئەمڕۆ هەیەتی - ڕەنگە لە ژێر کارتێکەریی زوانی فارسی -، زیاتر ئەو شتانەی دەهێنایە بەرچاو کە پەیوەندییان بە تەکنیکەوە هەیە نەک جوانیی ستاتیکا. هەڵبەت لە هەندێک ڕووەوە هێشتا شوێنەواریی هەر ماوەتەوە. ئەگەر لە کوردەواریدا بۆ کچە عازەبێک ئێژن هەر پەنجەیەکی هونەرێکی لێ دەبارێ، مەبەست ئەوە نییە لە قامکەتووتەی نۆتەکانی مۆسیقا، لە قامکی دۆشاومژەی لە بری دۆشاو ئاوڕەنگ، لە زڕنەقوتەی سیاچەمانە، لە قامکی شادەی غەزەل و لە قامکە مەزنەی نووسین دەبارێ. بەڵکە دەیانەوێ بڵێن کابانێکی یەکاویەکە، دەستڕەنگینە، دەزانێ خواردن چێ بکا، مافوورە دەچنێ و… یانی ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە دەستەوە هەیە، ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێ سەنعەت، لێهاتوویی، تەکنیک. بە پێچەوانەوە، بەو هونەرەی ئەمڕۆ دەگوترا سەنعەت. هەمان فنی عارەبی. ئەگەر مامۆستا گۆران دەڵێ:

بەڵێ، دیارە، لە ناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار
وەکوو عەکسی قەمەر وایە لە ناو حەوزێکی لیخندا
 
مەبەستی گۆرانی شاعیر لە سنعەتکار، کرێکاری کارگە یان فیتەر نییە، بەڵکە دەروێش عەبدوڵڵای شمشاڵژەنە کە لە بیتهۆڤن گەلێ زیاتر بە ڕۆحی ئاشنایە.
 
یان ئەم شیعرەی سوارەی ئیلخانی زادە:
 
چاو ئەگەر جوانی نەبینێ ویشکە چاوەی کانییە
ئاو و ڕەنگی ڕووی کچی جوان سەنعەتی یەزدانییە
 
دوو نموونەم لە شیعری نوێی کوردی هێنایەوە بۆ ئەوەی بڵێم هونەر بەو بارە ماناییەی ئەمڕۆ هەیەتی، شتێکی تازەیە. 

لە زمانی تورکیدا ئێستاش بە هونەر دەڵێن سەنعەت و بە هونەرمەندیش سەنعەتچی. 

بۆیە لە سەرەوە گوتم ڕەنگە لە ژێر کارتێکەریی زمانی فارسیدا مانای هونەرمان بە لاڕێدا بردبێ، چونکە ئەوانیش پێشتر هونەر و سەنعەتیان بە پێچەوانەوە بەکار دەهێنا. فێردەوسی لەو بەیتەدا کە دەڵێ "هنر برتر از گوهر آمد پدید"، مەبەستی لە هونەر، شیعر و شانۆ و ستران نییە، بەڵکە مەبەستی سەنعەت و لێهاتووییە. 

وێدەچی هونەر و هونەرمەندیش، بەو مانایەی ئەمڕۆی، لەگەڵ وەرگێڕان و لە زمانی فەڕەنسی ڕا چووبێتە نێو فارسی. هونەر لە جیاتی "ئار" یان "ئارت" و هونەرمەند لە جیاتی "ئارتیست". 

ئەزقەزا، وشەی "ئار" لە فەڕەنسیشدا بە "هەڵە" لە تەکنیکەوە بووەتە هونەر. "ئارس" بە لاتینی یانی تەکنیک، توانایی، لێهاتوویی. ئێستاش لە زمانی فەڕەنسیدا، "ئار" بە مانای تەکنیک هەر بەکار دێ. 

جیاوازییەکە لەوە دایە ئەوان دەست بە بەکارهێنانی وشەی "ڕاست" و "هەڵە"وە دەگرن و ئێمە نا. ئەوان چیتر پێیان وا نییە هونەر هەڵەیە چونکە سەرەتا تەکنیک بووە یان ئێستا ئەگەر وەک تەکنیک بەکاری بێنن، هەڵەیە چونکە ئیتر مانای هونەری بە خۆوە گرتووە.

۱۳۹۹/۰۴/۰۲

زستان گۆرانی بۆ منداڵان


ژاک پرێڤێر
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


بە شەو بە شەوی زستان
پیاوێکی گەورەی چەرموو تێدەپەڕێ بە غاردان
پیاوێکی گەورەی چەرموو تێدەپەڕێ بە غاردان

پیاوێکە بووکەبەفرین
بە قەننەیەکی دارین
 
پیاوێکی بووکەبەفرینەی گەورە
کە سەرما ڕاوی ناوە

دەگاتە دێ
دەگاتە دێ
بە بینینی ڕووناکی
بە جارێ سوکنایی دێ

دەچێتە نێو خانووچکەیەک
بێ ئەوەی لە دەرگا بدا
دەچێتە نێو خانووچکەیەک
بێ ئەوەی لە دەرگا بدا

بۆ ئەوەی خۆی گەرم بکاتەوە
بۆ ئەوەی خۆی گەرم بکاتەوە
لەسەر ئاگردانە سوورەکە ڕودەنێ
ئەوجا لەناکاو ون دەبێ
تەنها قەننەکەی دەمێنێتەوە
لە نێو چەقی گۆمە ئاوێ
تەنها قەننەکەی دەمێنێتەوە
و هەروەها کۆنە کڵاوێ

۱۳۹۹/۰۳/۲۷

ژانی خوێندنەوەی "ژان"


سەلاحەدین بایەزیدی
 
ئەمن "ژان"ی مارگرێت دووراسم بۆ ئەوە بە کوردی نەخوێندەوە کە لەگەڵ دەقە فەڕەنسییەکەیدا بەراوردی بکەم یان باش و خراوی وەرگێڕانەکە هەڵبسەنگێنم. ئەمەیان کاری من نییە و بە پێویستیشی نازانم. بێجگە لەوەش وەرگێڕانەکە لە فەڕەنسییەوە نەکراوە تا بمەوێ پێکەوەیان بەراورد بکەم. بەڵکە پێم خۆش بوو بە کوردی بیخوێنمەوە، وەک هەموو کتێبەکانی دیکە. زۆر هۆکار هەن کە هانم دەدەن لە نێوان زمانی ماک و زمانی وەرگێڕاندا، دووهەمیان هەڵبژێرم؛ پێشان، چونکە بە کوردی کات و وزەیەکی کەمتری دەوێ و لەوەش گرنگتر، چونکە لەم غەریبییە، گوێم لە مۆسیقای زوانی دایکم دەبێ و یەک - دوو وشەی نوێ فێر دەبم. بۆ "ژان"یش هەروام کرد، بەڵام زۆر ڕستە بە لامەوە ئاڵۆز و نامۆ بوون و بۆ تێگەیشتن و دڵنیابوونەوە لێیان ناچار دەبووم سەیری فەڕەنسییەکەیان بکەم، هەتا زیاتریشم دەخوێندەوە، زیاتر گومانم لە لا دروست دەبوو و پتر پەنام بۆ دەقە فەڕەنسییەکە دەبرد. 

ژان لەو چەند کتێبە کەمەی مارگرێت دووراسە کە ڕەسووڵ سوڵتانی لە فارسییەوە وەریگێڕاوە و ساڵی ٢٠٠٦ لە هەولێر، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی چاپی کردووە.  

بەداخەوە، دووراسیش وەک زۆر نووسەری دیکە بە کوردی، ناوەکانی لە کتێبەکانی زۆرترە: مارگریت دووراس، مارگرێت دوراس، مارگرێت دووراس، مارگریت دوورا، مارگاریت دوراس… وەک بڵێی بمانەوێ ناوێکی لێ بنێین و نەتوانین. لە وەرگێڕانەکەی سوڵتانیدا، ناوەکەی بووەتە مارگاریت (ڕووبەرگ) و مارگرێت (ل. ٣٩).

ئەمن بۆم گرنگ نەبوو چاوێک بە وەرگێڕانە فارسییەکەیدا بخشێنم کە قاسم روبین ناوێک کردوویەتی. چونکە بە چاوبەستراوی دەزانم کە زۆربەی هەڵەکان لەوەوە سەرچاوە دەگرن. 

هەر لە یەکەم لاپەڕەکانەوە دەسکاریی دەقەکە کراوە، پێشکەشنامە و بڕگەکان لابراون و پێکهاتەی دەقەکە بە گشتی و هی ڕستەکان و پەرەگرافەکان بەتایبەتی گۆڕدراون یان شێوێنراون. کەمیش نین ئەو ڕستە و وشانەی وەرگێڕ زەحمەتیی وەرگێڕانیانی بە خۆی نەداوە.
 
شێواندنەکە لە یەکەم ڕستەی کتێبەکەوە دەست پێدەکا. دوو بووەتە سێ. دووراس دەڵێ ئەم یادداشتەم لە دوو دەفتەردا دۆزیوەتەوە و وەرگێڕانە کوردییەکەی بووەتە: "ئەوە یادداشتگەلێکی ڕۆژانەیە و سێ دەفتەری لە خۆوە گرتووە [...]" (ژان، ل. ٣)

لە لاپەڕە ٨ی کوردیدا دەخوێنینەوە کە "ژمارەی مردووەکان لە شەقامدا یەکجار زۆرن، حەز دەکەم لە دەشتێکی بەریندا پیاسە بکەم، بەتەنیایی." کەچی نووسەر دەڵێ شەقامەکان لە خەڵک جمەیان دەهات. ئاریستۆکراسی فەڕەنسی بووەتە خواپێدراوە فەڕەنسییەکان (ژان. ل ١٥). 

زۆر وێدەچێ وەرگێڕە فارسەکە کێشەی لەگەڵ ژمارەکاندا هەبووبێ یان کتێبەکەی بە سەرخۆشی وەرگێڕابێ چونکە هەر دووەکەی ڕستەی یەکەم نییە کە بووەتە سێ. سێپتامبری ١٩٤٤ بووەتە ڕەزبەری ١٩٤٣ (ژان. ل ١١) و ٢٠ی ئاوریلیش بووەتە ٣٠ی نیسان (ل. ١٦). 

دووراس بۆ "د." دەڵێ کە تەمەنی بیست ساڵ دەبوو. لە کوردییەکەیدا د. پانزە ساڵ گەورەتر بووە. بووەتە ٣٥ ساڵ. تەمەنی ٣٥ دەبێ. (ژان، ل. ٣٥) دەڵێن درۆزن شتی لە بیر دەچێتەوە، ئەمە لەو وەرگێڕە قەوماوە کە پانزە ساڵی بەسەر تەمەنی "د."وە ناوە. پەرەگرافێک ئەولاتر ڕستەکە و تەمەنەکە بە دروستی وەرگێڕدراون: "دەتگوت ویستوویەتی بیدا بە کەسێک. بیست ساڵ." (ژان، ل. ٣١) چەند دێڕ ئەولاتر ئەمشەویش بووەتە دوێنێ شەو. 

لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا، بێجگە لەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان ڕێکەوتەکان، نایەکدەستییەکیش لە ناوی مانگەکاندا هەیە، جارێک بە کوردی نووسراون، وەک ڕەزبەر (ل. ١١)، جارێک بە عارەبی، وەک نیسان (ل. ١٦) و جارجارەش بە فەڕەنسی وەک ئاوریل (ل. ١١). 

ناوە تایبەتییەکانیش یان ئەوەتا گۆڕدراون، بۆ نموونە ستالینگراد بووەتە لنینگراد (ل. ٢٥) و ستالینییەکان بوونەتە لینییەکان (ل. ٥١) - دیسان وەک ئەوەی وەرگێڕ کێشەی لەگەڵ ناوی ستالیندا هەبێ - یان ئەوەتا لە ژێر کارتێکەریی فۆنەتیکی زوانی فارسیدا نووسراون، وەک: ئیستراسبۆرگ، ئیستالین، - ئەوەش یەکێکە لە گرفتەکانی زۆربەی کوردانی ڕۆژهەڵات - یان هەر لە بنەڕەتدا بوونەتە شتێکی دیکە، بۆ نموونە سوییس یان سویسرا بووەتە سوپس. بە دوور نییە ئەمەی دوایی هەڵەی تایپ بێ. لێ ئەگەر ئەو سویسرایەش نووسرابا، دیسان بە ئاسانی سەرەدەر لەم ڕستە ئاڵۆزە دەرناکەی: "یەکەم شەوی [فەڕەنسییەکەی یەکەم دووشەممەیە] مانگی ژوئیە سەعات ١١ و نیوی بەیانی دەبێ لەتەدارەکی پێوەندیی دوپونسۆ "نوێنەری ئەو کاتی ڕێکخراوی میللی بەندی و دیلەکانی شەڕ لە سوپس" دەگەڵ گودارت (بەرپرسی نووسینگەی هانری فرەنای ئەو وەزیرەی بەسەر دیلەکان ڕادەگەیشت". دابم." (ژان. ل. ٧٤) لەم ڕستەیەدا نازانی کە یەکەم شەو و سەعات یانزە و نیوی بەیانی چۆناوچۆن پێکەوە دەگونجێن؟

ئەمانە تەنها چەند تێبینییەکی سەرپێین و هیچی تر. ڕەنگە ئەگەر دێڕ بە دێڕی وەرگێڕانە فارسی یان کوردییەکە لەگەڵ فەڕەنسییەکەدا بەراورد بکەین، قازانج سەری مایە بخوا. 

بەپێچەوانەی ستایشیی ئێمەی کورد بۆ ڕەوتی وەرگێڕان لە زوانی فارسیدا، ئەگەر دۆخی وەرگێڕان لە لای ئەوان لە کوردی خراوتر نەبێ، باشتر نییە. لە هیچ ڕوویەوەکە ناکرێ ئەو پاشاگەردانییەی وەرگێڕانی فارسی بە نموونە بهێندرێتەوە و بکرێتە سەرمەشق. لە وەرگێڕە هەرە ناسراوەکانیان ڕا بگرە تا وەرگێڕە پلە دوو و سێیەکانیان. وەرگێڕانی فارسی پەیڕەویی لە هیچ پرەنسیپ و بنەمایەک ناکا. ئەمە تەنیا شتێک نییە کە پەیوەندیی بە سانسۆڕ و دەوڵەتیی ئێستای ئێرانەوە هەبێ، وەرگێڕانی فارسی ئاوا لەدایک بووە و گەشەی سەندووە. خۆ هەر بە تەنیا زەبیحوڵا مەنسووری وەرگێڕانی خەیاڵی نییە، نەجەف دەریابەندەریش هەیەتی کە بە یەکێک لە وەرگێڕە هەرە باشەکانی ئێران دێتە ئەژمار و ماوەیەک لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد. دەریابەندەری کە بە وەرگێڕێکی شێلگیر و وردبین ناسراوە، دەربارەی وەرگێڕانی چیرۆکێکی فاکنەر، لە وتوێژێکدا دەڵێ: "[...] دەستەواژەیەک هەبوو کە شێوەزاری باشووری ئەمریکا بوو و من کردم و نەمکرد، لێی تێنەگەیشتم. بەناچاری شوێنەکەم بە بەتاڵی هێشتەوە بۆ ئەوەی پاشان پرسێک بەم و بەو بکەم، بەڵام لە بیرم چۆوە و چەند ساڵ دواتر چیرۆکەکە بەم شێوەیە چاپ بوو. ئێستاش کە ئێستایە ئەم کەلێنە هەیە." (یک گفتوگو، ل. ٣٢-٣٣) جا وەرگێڕێکی کورد ئەگەر بیەوێ فاکنەری دەریابەندەری وەربگێڕێ هەم هەڵەکانی ئەو وەردەگێڕێ و هەم خۆیشی هەندێک هەڵەی دیکەی پێوە زیاد دەکا. 

بە کورتی، مارگرێت دووراس نووسەرێکە کە ستایلی جوان و تایبەت بە خۆی هەیە. نووسەرێک نییە کە ئاڵۆز بنووسێ، ڕستەکانی کورت و سادەن. هیچ نەبێ لەم کتێبەیدا. ئیتر نازانم بۆ وەرگێڕە فارسەکە هێندە ڕواڵەتێکی ئاڵۆزی پێداوە! من بە خوێندنەوەی "ژان"، هەستم نەکرد کە کتێبێکی دیکەی دووراس دەخوێنمەوە، شوێن پێی ڕەسوڵ سوڵتانیشم نەبینی؛ من کتێبێکی قاسم روبینم خوێندەوە.

۱۳۹۹/۰۳/۱۲

کاولێزا



 ئەحمەد ئاڵتان
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وشە سەختە ناوی سترانێکی "میریام ماکبا"یە.
ئەم ژنە گۆرانیبێژەی باشووری ئەفریقا کە بە "ماما ئەفریقا"ش ناسراوە، لە کۆنسێرتێکیدا بەم جۆرە "کاولێزا"ی شی کردبۆوە:
"لە قەراغ شارەکانی ئەفریقای باشوور، لەو گەڕەکانەی ڕەشپێستەکان دەژین، منداڵە بچووکەکان کاتێک ئۆتۆمبێلی پۆلیسەکانیان دەبینی کە بە پاساوی جۆراوجۆر بۆ سەرکوتی خەڵکی دەهاتن، هاواریان دەکرد ''کاولێزا ماما''، یانی ''خێرا کە دایە''. ''خێرا کە دایە، توخوا با نەتگرن''. ئەم گۆرانییە، گۆرانیی ئەو منداڵانەیە."
ئەو گۆرانییەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش گوێمان لێ دەگرت، دیسان دێتە چڕین.
ئەو هاوارەی ڕەشپێستە چەوساوەکانی ژێر سەرکوت و زەبروزەنگی پڕ لە قین و نەفرەتی سپیپێستەکان کە ببووە گۆرانی، ئەم جارە بە کوردی دەگوترێتەوە.
لەسەر ئەو خاکانەی تەنانەت لەمەڕ ناوەکەیشی ڕێک نەکەوتووین و تورکەکان پێی دەڵێن باشووری ڕۆژهەڵات و کوردەکان پێی ئێژن کوردستان، ''لە گەڕەکە کوردنشینەکان''، منداڵەکان کاتێک چاویان بە تانک و تۆپ و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش دەکەوێ، دەقیڕێنن "خێرا کە دایە"، "ڕاکە، دەتپێکن".
هاواری دایکانیش جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ ناڵە و قیڕەی منداڵاندا نییە، ئەوانیش هاوار دەکەن "ڕاکە ڕۆڵەم"، "دەتکوژن هەڵێ."
تۆپچییەکان، قەناسە هاوێژەکانی سەربانەکان، هێزەکانی تایبەت بە ڕەشاش و دەمانچە لە پشتەوە منداڵان دەپێکن…
داپیرە و باپیرەکان کە هەوڵ دەدەن نەوەکانیان بگەیەننە نەخۆشخانە بە گولـلە ڕێخۆڵەیان دێتە دەرێ، تەرمی ژنانی دووگیان لە کۆڵانەکان بەجێ ماوە، لەبەر ئەوەی ساردخانەکان پڕاوپڕن لە مردوو، منداڵە کوژراوەکان لە بەفرگرەکاندا دەشاردێنەوە.
میدیای تورکیش لە سەلاحەدین دەمیرتاشی هەڵپێچاوە کە بۆ نابیتە تورکیایی؟
باشە بۆچی بۆخۆتان نابنە تورکیایی؟
ئاخۆ تورکیایی بوون تەنیا ئەرکیی کوردەکانە؟
تورکەکان نابنە تورکیایی؟
ئەوێ خاکی تورکیا نییە؟
بۆچی کوشتنی کۆرپەی پێنج مانگە، منداڵی سێ ساڵە، لاوی خوێنگەرم، ژنی دووگیان و دایک و باوکانی بەساڵاچوو سرنجی ئێوەوانان ڕاناکێشێ؟
بۆچی لەپێناو پاراستنیاندا بچووکترین کاردانەوە نیشان نادەن؟
بۆچی کوشتنی کورد بە دەستی تورکەکان هێندە بە لاتانەوە ئاساییە؟
چما کە منداڵی کورد دەمرن بە ڕادەیەک بێویژدان و کوێرن کە گازندەنەکردن بە مافی خۆتان دەزانن؟
بۆچی هەم لە ڕوانگەی ئێوەوە تورکیا تەنها بریتییە لە "ڕۆژئاوا" و هەم بانگەواز ئاڕاستەی کوردەکان دەکەن "تورکیایی" بن؟
سەرەتا خۆتان تورکیایی بن.
خاوەندارێتی لەو مرۆڤانە بکەن کە لەسەر ئەم خاکانە دەمرن.
هەست بە ئازاری ئەو منداڵانە بکەن کە لە پێش چاوان دەپێکرێن.
تەنانەت بە خەیاڵیشتاندا نایە، وا نییە؟ چونکە ئەوان کوردن… مەرگی ئەو منداڵەی سێ مانگ لەمەوپێش لەدایک بووە، لەبەر ئەوەی لە نێوچاوانی نووسراوە "کورد"، هیچ بە لاتانەوە گرنگ نییە، گرنگ نییە کە ئەو منداڵە دەبێتە ئامانجی نیشانەشکێنێکی تورکێک، ئەو هەر لە ئان و ساتی لەدایکبووندا، لەسەر سینگی دەنووسرێ "دەکرێ بکوژرێ"، وا نییە؟
بپێکن، بکوژن، لە لایەکی دیکەشەوە گازندە بکەن، بەو کەسەی لەسەر ئەم منداڵانە وەدەنگ دێ بڵێن "خیانەتکار".
بە سڕینەوەی هەدەپە لە مەیدانی سیاسەت، بە پاساوی ئەوەی گۆیا نابێتە حزبێکی "تورکیایی"، گرنگترین دەرفەتی ئاشتی دەفەوتێنن… هەدەپە، گرنگترین و تاکە ئاکتەر بوو کە دەیتوانی بە سیاسەت ڕێگەی ئاشتی بۆ سەرانسەریی ئەم وڵاتە بکاتەوە، بۆ ئەوەی ئاکەپە لە "هەڵبژاردنی خولی دووەم" بیباتەوە، پەلاماری هەدەپەتان دا، هێزی هەدەپەتان تێکشکاند، بەڵام لەڕاستیدا، ئەوەی تێکتان شکاند، ئەگەری ئاشتی بوو.
هەدەپە تاکە حزب بوو کە دەیتوانی تورک و کورد لە ژینگەیەکی ئاشتییانە و دیموکراتییانەدا لێک کۆبکاتەوە… ئێوە نەتانویست ببێتە تورکیایی، ویستتان ببێتە تورک… چارەسەری ئەوە نییە ئەو حزبە ببێتە تورک، چارەسەری لەوە دایە ناسنامەی کوردبوونی لەدەست نەدا و داکۆکیی لە دیموکراسی و ئاشتیی هاوبەش بکا.
ئێوە لەبەر تورکبوون ڕێگەتان بە تورکیایی بوون نەدا، نەتانویست هەمووان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆببنەوە، بە هۆی ئەوەی بەرژەوەندیتان لە دوژمنایەتی کردندا بوو، دەرفەتی "تورکیایی بوونتان" بۆ سەرانسەری وڵات لە کیس دا.
کێ نابێتە تورکیایی؟
ئەوەی نابێتە تورکیایی، ئێوەن.
ئێوەن پشتیوانی لە مەرگ و توندوتیژی و شەڕ دەکەن.
گۆیا منداڵانی کورد لە گەڕەکەکان "خەندەق" لێ دەدەن.
ئێ، دە باشە، کەواتە با بچین منداڵان بدەینە بەر دەسڕێژ.
دووهەم گەورە سوپای ناتۆ لە گەڕەکە کوردنشینەکان، لەگەڵ منداڵانی تەمەن چواردە و پانزە و شانزە ساڵدا "شەڕ" دەکا، گەلۆ زۆرتان پێ "ئاسایی"یە سوپایەک بچێتە جەنگی منداڵانەوە؟
ئایا پێتان خۆش نییە بزانن ئەو "شەڕکەر"انەی ئەوێ کێن و تەمەنیان چەند ساڵە؟
ئەوان منداڵن.
خەندەق لێ دەدەن، ڕێکخراو دادەمەزرێنن، شەڕ دەکەن بەڵام منداڵن.
قەت پێتان خۆش نییە لەو هۆکارانە بگەن کە بۆچی کۆمەڵگەیەک خەندەق بە منداڵانی خۆی لێدەدا و هەندێک لەوان چەک هەڵدەگرن و دەبنە شەڕکەر؟
ئاخۆ ڕێگەچارەی کێشەیەکی ئاوا ئەوەیە دەوڵەت بە تانکەوە بکەوێتە نێو ئەو گەڕەکانەوە، بیناکان بداتە بەر تۆپ و یەکە یەکە بیانڕووخێنێ، خەڵک لە کۆڵانەکان بداتە بەر دەسڕێژ و بیانکوژێ، تینوو و برسی، بنەماڵەکان لە ژێرزەمینە ساردوسڕەکاندا بپەستێوێ؟
هیچ دەوڵەتێک شەڕێکی ئاوا ناباتەوە.
شەڕکردن لەگەڵ ئەو منداڵانە و چوونە ناو گەڕەکەکانیان بە تانک و تۆپەوە بەو مانایە دێ کە ئێوە ئەو شەڕەتان دۆڕاندووە، ئەگەر تەنانەت دوایین کەسی ئەوێ سەرکوت بکەن، منداڵ، بەساڵاچوو و ژنانیش بکوژن، دیسان لەو شەڕەدا سەرناکەون.
دونیا هەمووی، گشت مرۆڤەکان و مێژوو گوێ لە گۆرانیی و هاواری ئەو منداڵانە دەگرێ.
هەر بوونەوەرێک لە دونیادا تۆسقاڵێک ویژدانی هەبێ، لایەنی ئەوە ناگرێ منداڵەکان بە تانک بکوژرێن.
تانک و تۆپت هەیە، گۆرانیت نییە.
گۆرانییەکان، منداڵە کوژراوەکان دەیانچڕن.
ئێوە کە شاییتان بە زۆروزەوەندبوون و بەهێزتربوونی بەڕێوەبەرایەتیی دەوڵەتە، نەفرەت لە کوردەکان چاوتانی کوێر کردووە.
دەڵێن هۆکاری هەڵگیرسانی ئەم جەنگە "منداڵانی خەندەقلێدەر"ن، لێ تەنانەت بۆ جارێک ناتانەوێ ببینن کە سەرجەم ئەم هۆڤێتییە سەرمایەیەکی خوێناوییە بۆ ڕاپرسیی "سەرۆکایەتی".
بە هۆی ئەوەی داکۆکیتان لە خاک، مرۆڤەکان و وڵاتی خۆتان نەکرد و نەبوونە "تورکیایی"، ئەم وڵاتە لەبەر یەک هەڵدەوەشێننەوە.
تورکیا پارچە پارچە دەبێ، تەنانەت ئەمەش نابینن.
پێتان وایە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" هەموو شتێکتان چارەسەر کردووە.
ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز، یانی بۆ کەسێک کە لە نهۆمی بیستەمەوە بە سەر فڕێ دراوەتە خوارێ، بانگەشە بکەی کە "هەڵفڕیوە".
ئەگەر کەسەکە بە دەمدا کەوتبێ، جەرگ و ڕیخۆڵە و پەنکریاسی تەقیبن، ئێسکەکانی وردوخاش بووبن و ئێوە هەتا دەمرێ بڵێن "ئەوەنێ دەفڕێ"، دەتوانن درێژە بە "ئۆپەڕاسیۆنی ئاوەز" بدەن، بەڵام ئەم ئۆپەڕاسیۆنانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕن کە کەسەکە سەرەوژێر بەسەر عەرزەکەدا کەوتووە.
دەسەڵات پێی وایە بە دوژمنایەتی، شەڕ، کوشتن، توندوتیژی، کۆکردنەوەی "نەتەوەپەرستانی تورک" لە دەوروبەری خۆی، لە ڕیفڕاندۆمدا سەردەکەوێ بەڵام ئەگەر بەم جۆرە بڕواتە پێش، لە کاتی بەڕێوەبردنی وەها ڕیفراندۆمێکدا شتێک بە ناوی تورکیا نامێنێتەوە.
بە هاویشتنی هەر فیشەکێک، بە کوشتنی هەر منداڵێک، زیاتر کوردەکان لەم وڵاتە دادەبڕن.
باشە بە شەڕکردن لەگەڵ منداڵان یەکێتیی کام "میللەت" سەقامگیر دەکەن؟
ئاخۆ نازانن تایبەتمەندیی بوونە "میللەت"ێکمان لەدەست داوە؛ تەنها بە "ڕێبازێکی هاوبەش" دەتوانن بە میلیۆنان مرۆڤ کە لە ڕەگەز، ئایین، مەزهەب، بیروڕا و چینی جیاواز پێک هاتوون، بکەنە میللەت؟
لە تورکیا "ڕێبازێکی هاوبەش" ماوەتەوە؟
ڕێبازیی کورد و تورک هاوبەشە؟
ڕێبازیی ئەوانەی ئاکەپەیین و ئەوانەی ئاکەپەیی نین، هاوبەشە؟
جەماوەرێکی هەشتا میلیۆنی چۆناوچۆن بە پارچەکردن، لێکدابڕان، گرتن و کوشتن دەهێنیتە دۆخی "میللەت"ێکەوە؟
لە بری ڕێبازێکی هاوبەشی ونبوو، "توندوتیژی" دەسەپێنن، پێتان وایە دەتوانن مرۆڤەکان بە تۆبزی لێک کۆ بکەنەوە.
میللەت بەم ئاریشەیە چێ نابێ، بەم ئاریشەیە جەنگ هەڵدەگیرسێ.
بە خۆتان دەڵێن "با سیستەمی سەرۆکایەتی بێتە دی، پاشان کوردەکان بە داری زۆر دەهێنینە سەر ڕێ"، بەڵام ئەوە پەکەکە لە سووریا، بە پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسیا، ڕووباری فرات تێدەپەڕێنێ، دەبێتە هێزێکی نێونەتەوەیی و فاکتەرێکی گرنگ لە گۆڕەپانی جیهانیدا.
ئەگەر تورکیا کە بە هیچ شێوەیەک دەستی بە سووریا ڕاناگا و لە شوێنی خۆی فڕۆکەی ڕووسیا دەپێکێ، لەگەڵ سیاسەتەکانی پەکەکە بەراورد بکەن کە هەم لەگەڵ ڕووسیا و هەم لەگەڵ ئەمریکا پەیمانی بەستووە و بۆتە یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی سووریا، کامیان سەرکەوتووتر دێنە بەرچاو؟
بۆ ئەم پێشهاتانە سیاسەتگەلی گونجاو دەگرنە بەر یان سیاسەتی تەواو ناکۆک و دژ بە یەک؟
ئاخۆ بە ڕەتکردنەوەی ڕاستییەکان و قەتیسمان لە نێو خەیاڵی "سەرۆکایەتی"دا و بۆ ئەم مەبەستەش کوشتنی منداڵان، ژیانی هێمنانە و ئاشتییانە لە تورکیا دێتە دی؟
ئەم دەسەڵاتە، ئێسک و گۆشتی تورکیا لێک جیا دەکاتەوە.
هەنجن هەنجنی دەکا.
ئەم دەسەڵاتە نابێتە "سەرانسەری و تورکیایی".
نابێتە دەسەڵاتی تورکیا.
هەتا نەبیتە تورکیایی، هەتا نەبیتە خاوەنی کۆرپەکەی شاری "سوور"، دەتوانی ئەم وڵاتە بەڕێوە ببەی؟
بە ناردنی تانکەکان بۆ ناو گەڕەکەکان، ئاخنینی گرتووخانەکان بە ڕۆژنامەنووسان و تەخشان و پەخشان کردنی بێ ئینسافانەی بوودجەی دەوڵەت، لە پشتەوە چەقۆ لەم وڵاتە دەدەن.
ئێوە پێتان وایە تەنها منداڵەکان دەکوژرێن، بەڵام نابینن کە لە ڕاستیدا تورکیا دەکوژرێ.
هەتا ئەم دەسەڵاتە لەسەر کار بێ، تورکیا ڕزگاری نابێ.
ئەوەی لە پاش ئەم دەسەڵاتە بەجێ دەمێنێ، وڵاتێکی پەرشوبڵاو، مرۆڤگەلی کوژراو، توندوتیژییەکی هۆڤانە و گۆرانییە دڵتەزێنەکانی منداڵانی کورد دەبێ:
"ڕاکە دایە، دێن بتکوژن."

۱۳۹۹/۰۳/۰۶

یاشار کەمال



مووسا عەنتەر
لە کورمانجی ژوورینەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

 
ساڵی ١٨٩٥ لە نێوان عوسمانییەکان و ڕووسیادا شەڕ هاتە ئاراوە. ئەحمەدی خانی لە شیعرێکیدا دەبێژێ "کورد هەرتم لە سنووران ئارمانجی تیری دوژمنانن." یانی عەرەب، عەجەم، تورک و عرووس کەنگێ بوو بە شەڕیان، تیرەکەیان وە کوردان دەکەوێ. کوردستان بۆ ئەو زاڵمانە ببووە عەرزشۆرێک. نیوەی شەڕی ئەو نەتەوە بێگانانە لە کوردستانێ بوو. شەڕی هەرە دوایی لە ساڵی ١٩١٥دا بوو. عوسمانی، ئەرمەنییەکانیان دەکوشت و ڕووس و ئەرمەنیش تۆڵەیان لە کوردان دەکردەوە. ئێمەی کورد وەک خەڵکی تراکیا و ئەگە نەبووین. یۆنان و بولغار هەتا ئەدرنە و بوورسا هاتن. تورکێک لە ماڵەکەی دەرنەکەوت، بەم جۆرە یۆنان و بولغاریان بانگهێشت کرد، ئەمە سووکایەتی نییە، ڕاستییەکی مێژوییە. بەڵام کە ڕووس و ئەرمەنی پێیان نایە سنووری کوردستانەوە، کورد وازیان لە ماڵ و موڵکی خۆیان هێنا، خواردنی سەر ئاگردانیان بەجێ هێشت، منداڵیان وە پێش خۆیان دا و بەرەو کوردستانی خواروو ڕایانکرد. حەیف و مخابن، ئێستا لە هەر گوندێکی کوردستانی خواروو ماڵێکی ئاوارەکان بەدی دەکرێ. هەندێک لە برسان و هەندێک بە نەخۆشی مردن. دەوڵەتی عوسمانیش کە ئەودەم حکومەتەکەی بە دەست پارتی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بووە، لە عرووس و ئەرمەنییان کەمتر دوژمنایەتیی کوردیان نەکرد. جا باوکی یاشار کەمال بەم جۆرە چووەتە ئەدرنە، بە ڕەچەڵەک لە ئاوارەکانی گەواشێیە. کەمال لە قادرلیی سەر بە قەزای ئەدرنە چاوی بە ژیان هەڵێناوە. دایک و باوکی کوردن. بەڵام بە ئاوارەیی، بە هەژاری و بە کوردایەتی لە ژێر چاودێریی تورکەکاندا گەورە بووە. من و کەمال گەلێک بیرەوەرییمان بە یەکەوە هەیە. هەم ئەو کاتانەی کە فەقیر بوو و هەمیش دواتر کە ژیانێکی تێری هەبوو.
جارێکیان، من و هاوڕێم، نەجات جەمیل پاشازادە، چووینە کەنارئاوەکانی کوچوکیالی. عەیبمان نییە، تێرین، پڕین، لە نێو دەریاکەدا بۆ خۆمان مەلەمان دەکرد، کتوپڕ دەنگێک لە کەنارئاوەکەوە هات، بە کوردی لاوکی بێماڵی بە فیتوو دەچڕی. دەنگیی بە ڕادەیەک کاری تێکردین کە بە دەم مەلەوە بۆ لای چووین، بینیمان لە دەرەوەی ئاوەکە، گەنجێکی فەقیر و کوێر، بە دەرپێیەکی سپییەوە لەسەر تاشەبەردێک دانیشتووە. گوتم: "برالە ئەتۆ کێی؟"
بە تووڕەبوونەوە: "بە تۆ چی؟"
"هەڤاڵ، بە کوردی فیتووت لێ دەدا، پێم خۆش بوو، بۆیە لێت دەپرسم."
"دەیجا چییە؟ من بە کوردی فیتوو لێدەدەم."
"بۆ تۆ کوردی؟"
"چ بم ئەوم."
"تووڕە مەبە برالە، زۆرم کەیف بە جوامێری تۆ هات، ئەگەر ناونیشانی خۆمت پێ بدەم، دەتوانی بێیتە لام؟" ئەملا و ئەولای کرد و دواجار گوتی: "بەڵێ." چوو قەڵەم و کاغەزێکی لە بێرکی خۆی هێنایە دەرێ و ناونیشانەکەی منی نووسی.
تۆمەز دوو - سێ مانگ دواتر دێ سەرێکم لێ هەڵبێنێ. لە خەوتنگەی فورات، دەرگاوانێکی کوردم دامەزراندبوو، تا بڵێی دڵڕەق بوو، لە قەدەغە بەو لاوە هیچی تری نەدەزانی. کەمال سۆراغی منی لێ دەگرێ، بەڵام عەلی لە سەر و پۆتەڵاکی دەڕوانێ، ئەقڵی نایگرێ و دەڵێ: "گیت ئوولا. مودور بەگ سەنلە کۆنوشماز." (بڕۆ هەتیو. مودیر بەگ لەگەڵ تۆدا قسە ناکا). مودیر بەگیش ئەمنم. کەمال پێ دادەگرێ. عەلی هاتە ژوورێ و ئامادەباش ڕاوەستا و بە تورکی گوتی: "مودیر بەگ پیاوێکی فەقیر هاتووە، دەیەوێ تۆ ببینێ." ساڵانی جەنگ بوو و خەڵکی هەژار زۆر دەهاتە لامان و داوای هاوکارییان دەکرد. گوتم: "کێیە؟" گوتی: "ناوی کەمال و یاشارە و چاوێکیشی کوێرە." هاتەوە بیرم، گوتم: "ئادەی گەنجۆ وەرە." یاشار کەمال هات. ئەو ڕۆژە زانیبووم ڕەگێکی جوامێری تێدایە. لەبەری هەستام، ماچم کرد و دامنیشاند و باسی جۆرەوجۆرمان وروژاند. بوو بە نیوەڕۆ، چێشتخانەیەکم هەبوو، چووین نانمان خوارد، پاشان هاتینە سەرێ و گوتی: "دەبێ بڕۆم." لە دڵی خۆمدا گوتم با هاوکارییەکی بچووکی بکەم و دە وەرەقی بدەمێ. ئەودەم دە وەرەق زۆر بوو. کردم و نەمکرد قەبووڵی نەکرد. گوتی: "نا، سەلامەت بی. من کار دەکەم و پارەم هەیە. من بۆ پارە نەهاتوومە لات." بۆم دەرکەوت کە مرۆڤێکە لە زۆر کەسی تر ناچێ. ماڵاواییم لێکرد و ڕۆیشت. ساڵ هاتن و چوون، کەمال بوو بە یاشار کەمال. بەڵام ئێمە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش دەستبەرداریی یەکتر نەبووین. ساڵی ١٩٦٩، کۆنگرەی پارتی کرێکارانی تورکیا لە بایەزید لە سەرای سپی بەسترا. ئەمن و کەمالیش چووین. فاشیستەکان پیلانیان بۆ گێڕابووین. بە دار و بە چەقۆ پەلاماری ئێمەیان دا. پێشان، عەزیز نەسینیان گرت، بە تف و بە پێلاقە بە عەرزیاندا دا، من و کەمال و دکتۆر مستەفا دیرەکچیگیل پێکەوە بووین. فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر ئێمە و گوتیان: "کۆمۆنیستینە، بێنامووسینە، ئەوە هاتینە خزمەتتان." یاشار کەمال بەو ورگە زلەیەوە بەسەر ئەواندا گوڕاندی: ''کۆمۆنیست لە دایکتان بەن، دە وەرن." ئینجا لەبەر هەیبەتی کەمال هەموو تێیان تەقاند. دیسان ساڵ هاتن و چوون، ئەز گیرام، یاشار کەمال بوو بە حەمەدۆک، کەوتە سەر زاری بورژوازیی ئەوروپاش، بەناوبانگ بوو، چل ساڵ لەمەوپێش، پەساپۆرتیان بە من و بە ئەویش نەدەدا. بەڵام پاشان پەساپۆرتیان بە کەمال دا، ئێدی کەمالی بە ڕەچەڵەک کورد نەما. بوو بە نووسەرێکی ڕووسپیی تورکیا. بەڵام چ سوود، دونیا زانیبووی کە بە ڕەچەڵەک کوردە و بە تورکی دەنووسێ، لەبەر ئەو هەمووە بەرهەمەش نەیانکرد بە بەرئەندامی خەڵاتی نۆبێل. بە ڕای لیژنەی نۆبێل، مرۆڤێک کە نەبێتە خاوەنی ئەسڵی خۆی، جێگەی پەسند و شایانی ئەم خەڵاتە نییە. کەمال ئێستاش بەو دەردەوە دەتلێتەوە. لێ دەڵێ لەم کارەدا من دەستم نییە و بیرم بۆ ئەو ئیشانە نەدەچوو. هەڵبەت ڕەچەڵەکم کوردە، بەڵام من تاوانبار نیم. بەڵکە عوسمانییەکان، ڕووسەکان، ئەرمەنییەکان، نەزانی و کۆماریی تورکیای ئێستا تاوانبارن.
حەیف بۆ یاشار کەمال، بەڵام تەنها یاشار کەمال نییە کە جێگەی داخە. هی وەک یاشار کەماڵ پێشتریش و ئێستاش زۆرن. وەک شاعیری دیوانی نەفی، نەبی، زیا گۆکئالپ، سولەیمان نەفیز، عەلی ئەمیری و هتد. تەنانەت دەتوانم خۆیشم بە نموونە بێنمەوە، باشە ئەمن چ کارم بە تورکان داوە. نووسینەکانی من هەتا ئەمڕۆ هەموویان بە تورکین. تکام وایە، لەمڕۆ بە دواوە، لاوانی کورد پاکانەمان بۆ بکەن. ئێمە خیانەتکار نین، بەڵکە نەزان و بێدەرفەت بووین، ناچار دەماین فیتووی دوژمنان لێ بدەین.

۱۳۹۹/۰۲/۱۱

لیستە


بێرنار فریۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوێنێ، دایکم نینۆکەکانیی ڕەنگاند. ئەو ڕەنگێکی نوێی تاقی کردەوە، پەمەییەکی زێوین. وەی کە ناحەز بوو.
دیارە ڕێک لەو کاتەدا بوو کە دەمانویست بچینە ماڕکێت. وەنەبوو کاتێکی زۆریشمان بە دەستەوە بێ. خۆ ڕەنگەکەش وشک نەدەبوویەوە. بۆیە دایکم لێی پرسیم:
"ئادەی، چاکەیەکم بۆ بکە و لیستەی کەلوپەلەکان بنووسە. کاغەزێک و قەڵەمێک دەست بدەیە، من ناوەکانت پێ دەڵێم."
گوتم:
"باشە، بەڵام تووڕە مەبە ئەگەر هەڵەی ڕێنووسیان تێدا بوو."
دایکم دەستی پێکرد:
"کەلەرمی بروکسێل، کیلۆ و نیوێک."
ڕەنگێکی کەسکم هێنا و برد. کەلەرمی بڕوکسێل، تیاح! ئەگەر وایە، بۆچی ئەسپەناخ نەبێ!
هیچم نەگوت. نووسیم: شۆکۆلات، کیلۆ و نیوێک.
هەرچی بێ، "شۆکۆلات" و "کەلەرمی بروکسێل" هەردووکیان "ک"یان تێدایە.
پاشان بیرم کردەوە: کیلۆ و نیوێک ڕەنگە فرە بێ. زۆریش ڕوون نییە.
بۆیە گۆڕیم: زەرفێک شۆکۆلاتی بە شیر، زەرفێک شۆکۆلاتی فندقدار و زەرفێکیش شۆکۆلاتی سپی.
"نووسیت؟" دایکم لێی پرسیم.
وەڵامم دایەوە:
"تەواوە. دەتوانی بەردەوام بی."
گوتی:
"نیسک."
نیسک؟ قەت شتی وا نابێ.
نووسیم: لیترێک چلوورەی بە وانیل.
پاشان گوتم:
"تەواوە، دایە."
فوویەکی لە نینۆکەکانی کرد. درێژەی پێ دا:
"هەروەها سێ قوتوو تۆنی سرووشتیش بنووسە."
لێم پرسی:
"ئینجا تۆن چۆنچۆنی دەنووسرێ؟"
دایکم بۆی حونجە کردم.
"ئەها، سوپاس…"
ئەوجا نووسیم: سێ قوتوو ڕاڤیۆلی بە ساسیی تەماتەوە.
من ڕایڤۆلی ناو قوتووم زۆر پێ خۆشە. بێجگە لەوەش، برا بچووکەکەم ڕقی لێیەتی… ئەها، تەنها لەبەر ئەو، قوتوویەکی دیکەشم پێوە زیاد کرد.
"ئەرێ زۆر خێرا نایانڵێم؟" دایکم پرسی.
وەڵامم دایەوە:
"نا، نا. تەواوە. پێم خۆشە لیستی کەلوپەکان بنووسم. سرنجڕاکێشە."
دایکم گوتی:
"بەڕاست؟ بنووسە:  کاغەزی ئاودەست، دوانزە دانە."
نووسیم: کاغەزی ئاودەست، دوانزە دانە. 
هەرچی بێ، ئەمە دەکرێ بەکەڵک بێ.
پاشان دایکم بەردەوام بوو: "جەرگی گوێلپار" (هەرچەند پشیلەشمان نییە)، "ماستی ئاسایی، کەدوو، پەتاتە، خەردەل، فافێک، شەش بوتڵ ئاو."
ئەمنیش لە کاتێکدا ئاگادار بووم کە کاغەزەکە پەڵاوی نەبێ، نووسیم: ماستی بە تووتڕک، پسکیتی عەسرانە، پەتاتەی سوورکراوەی بەستوو، مووسی شۆکۆلات، شەش بوتڵ کۆکا، نوقڵی بە شاتوو، قوتوویەک پۆڵکە، قوتوویەک گەنمەشامی، دە بەستە جاجک، شیرینی سمارتیز، کولیچە، شەکرە و مژمژە. 
دایکم گوتی:
"پێم وایە هیچمان لە بیر نەچووە. ئەتۆ هیچی دیکەت پێ شک دێ؟"
گوتم:
"نەخێر، پێم وایە هەموو شتێکمان نووسیوە. دەتوانین بڕۆین."
دایکم هەستا بۆ ئەوەی چاکەتەکەی لەبەر بکا. لەپڕێکا، ڕووی تێ کردم و گوتی:
"ئەتۆش چیت پێ خۆش بوو، بینووسە، هەقی خۆتە، بنووسە… چووزانم، بۆ نموونە زەرفێک شۆکۆلات، دەزانم تۆ شۆکۆلاتی فندقدارت پێ خۆشە. دەی، بینووسە…"
لەناکاو، خۆمم هەندێک گێل هاتە بەر چاو. شۆکۆلاتی فندقدار، خۆ ئەمەیان لە ناو لیستەکەمدا هەبوو. بەڵام دەبوایە شتێک بنووسم.
ئەمنیش نووسیم: کەلەرمی بروکسێل، کیلۆ و نیوێک. 

۱۳۹۹/۰۱/۲۵

باغچەی ئاژەڵان


بێرنار فریۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لەگەڵ خوشکە بچووکەکەمدا چوومە باغچەی ئاژەڵان. ژنێکم بینی کە خواردنی دەدا بە مراوییەکان. ئەو لەتە نانی بۆ فڕێ دەدان و مراوییەکانیش بە پەلە بۆ لای ژنەکە مەلەیان دەکرد بۆ ئەوەی پڕ بدەنە لەتە نانەکان.
پاشان، بە بەردەم قەفەزی مەیموونەکاندا تێپەڕین. کوڕیژگەیەک بە نێو میلەکاندا مۆزێکی فڕێ دا. دوو بەچکە مەیموون لەسەر دارەکانیان ڕا بازیان دا بۆ ئەوەی بیگرنەوە.
ئەمە بیرۆکەیەکی پێ دام. دەستی خوشکە بچووکەکەمم گرت و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بینینی تیمساحەکان. شتێکی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا. تیمساحەکان لە نێو ئەستێرەکانی خۆیاندا بوون و نووستبوون، تەنها چاویان لە ئاوەکە هاتبووە دەرێ. من لەپڕێکا خوشکە بچووکەکەم بەرز کردەوە و بەسەر پەرژینەکەدا فڕێم دا و شڵپ! کەوتە نێوەڕاستی ئەستێرەکەوە. ئەوجا تیمساحەکان خەبەریان بۆوە و بۆ داقورتاندنی لێیان بوو بە شەڕ…

نا، وا نەبوو، گاڵتە دەکەم، شتەکە وا ڕووی نەدا.
ئەوەی ڕاستی بێ، لە تەک خوشکە بچووکەکەمدا ڕۆیشتمە باغچەی ئاژەڵان. ژنێکم بینی کە...، هتد. پاشان، بە بەردەم قەفەزی مەیموونەکاندا تێپەڕین... ، هتد.
ئەمە بیرۆکەیەکی پێ دام. دەستی خوشکە بچووکەکەمم گرت و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بینینی تیمساحەکان.
ئەو لێی پرسیم:
"ئەرێ تیمساحەکان دلۆڤانن؟"
لە سۆنگەی منەوە ڕواڵەتێکی دلۆڤانیان هەبوو. تیمساحەکان لە نێو ئەستێرەکانی خۆیاندا بوون و نووستبوون، تەنها چاویان لە ئاوەکە هاتبووە دەرێ. بۆیە، وەڵامم دایەوە:
"ئۆ، بەڵێ، زۆر دلۆڤانن."
"دەمەوێ بیانلاوێنمەوە!" خوشکەکەم وای گوت.
ئەمن خوشکە بچووکەکەمم زۆر خۆش دەوێ، بۆیە یارمەتیم دا پەرژینەکە ببەزێنێ. ئەو لە حەوزەکە نزیک بۆوە، دەستی درێژ کرد، تیمساحێک قەپۆزی لێک هەڵپچڕی و پڕی دایە دەستی خوشکە بچووکەکەم و کررررت، کررررت! بە ساغی قووتی دا.

نا، وا نەبوو، گاڵتە دەکەم، شتەکە وا ڕووی نەدا.
ئەوەی ڕاستی بێ، من خوشکی بچووکم نییە. من تەنها برایەکی بچووکم هەیە. ناوی بێنوایە. ئەم پاشنیوەڕۆیە دەبێ پیاسەی پێ بکەم. دایکم داوای لێ کردم.
دەیبەمە باغچەی ئاژەڵان.
"بێنوا، دێیت؟"

۱۳۹۹/۰۱/۰۲

پێنجینەیەکی پوخت و ڕه‌وان...


ئەژین فەهمی 
 
قورسایی ڕازه‌كان، پێنجینه‌یه‌كی پوخت و به‌كه‌ڵک.. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر یه‌کێکیان ته‌ماعگیری یه‌کێکی تریان ده‌بیت..
 
پێنجینه‌یه‌کی وه‌ک (1/ تسووباکی 2/ هاماگووری 3/ تسووبام 4/ واسووره‌ناگووسا 5/ هۆتاروو )‌ گرنگه‌ خوێندنه‌وه‌ی فه‌رامۆش نه‌کرێت.
 
بێگومان هه‌ریه‌ک له (تسووباکی و هاماگوری) و ئه‌وانیکه،‌ مانای خۆیان هه‌یه،‌ ئه‌مه‌ش وای کردووه‌ زێده‌تر قوڵ ببینه‌وه‌ له‌ واتاکانی و زیاتر سه‌رنج بده‌ین له‌ ناوه‌ڕۆکه‌ ورده‌که‌ی و وا هه‌ست بکه‌ین ئێمه‌ش یه‌کێکین له (یۆکیۆ و یۆکیکۆو ماریکۆو تاکاهاشی و.... )‌، بێگومان نووسه‌ر تیایدا دیالۆگێکی جوان ده‌ڕه‌خسێنێت له‌نێوان هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کان، ماف ده‌دات به‌ هه‌موویان، بکه‌ونه‌ قسه‌ و ورد ورد بپه‌یڤن.. هه‌روه‌ک وه‌رگێڕ ئاماژه‌ی پێده‌دات: (ئاکی شیمازاکی) مایکی داوه‌ته‌ هه‌موو کاره‌کته‌ره‌کانی و وایکردووه‌ هه‌مووان بێنه‌ گۆ. بێگومان ئه‌وه‌ش چیرۆک جوانتر ده‌که‌ن، هه‌ر ئه‌و ماف پێدانه‌شه له‌کۆڵ چیرۆکه‌که‌ ناگه‌ڕێین تا ته‌واوی نه‌که‌ین. ‌
 
نوسینی ڕۆمانێکی له‌و جۆره‌ شتێکی نوێگه‌ر‌ی بوو، چیرۆکێک به‌ پێنج شێواز داڕێژرابێت، گرنگه‌، خوێنه‌ری زۆر له‌خۆی کۆده‌کاته‌وه‌ .. بێگومان پێنجینه‌یه‌کی وا نازدار، به‌و پوختییه‌ی خۆیه‌وه‌ بۆمن سوودبه‌خش بوو، تا له‌ (تسووباکی) لێده‌بوومه‌وه‌ ده‌په‌ڕژامه‌ سه‌ر (هاماگووری) و په‌له‌ی ئه‌وانیکه‌شم بوو..
 
تۆ، له‌ هه‌ر کونجێکه‌وه‌ سه‌‌رنج له‌و چیرۆکه‌ بده‌ی وا ئیحساس ده‌که‌ی له‌ناو چیرۆکه‌که‌ دابیت، نازانم! من، لە خوێندنەوەیدا هێزێکم تێدا بینی هه‌میشه‌ جێگیری کردبووم، لێی عاسێ نه‌بووم له‌ گرێکوێره‌کانی ڕووداوه‌کان.
 
بۆیه‌ گرنگه‌ دان به‌وه‌دا بنرێت: ئه‌و زمانه‌ جوانه‌ی له‌ (قورسایی ڕازه‌کان)دا به‌رجه‌سته‌یە، موڵکی نووسه‌ری فەڕەنسی زمان (ئاکی شیمازاکی)یە یاخود وه‌رگێڕ (سه‌ڵاحەدین بایەزیدی)یە؟ بۆ وەڵامی ئەوە نابێت دابمێنین، چونکە ھەر وەک وەرگێڕیش ئاماژەی پێداوە :(ئاکی شیمازاکی) جواننوسە، گرنگی ئەو جواننوسینە پاڵنەرێک بووە بۆ وەرگێڕان.
 
گومان لەوەشدانییە وەرگێڕ (سەڵاحەدین) شیرین زمانە، ھیوا خوازم بێبەش نەبین لە بەرھەمە وەرگێڕدراوەکانی تری.
 
ڕەنگبێت من وەک خۆی بەو جوانییەی خۆی نەمناساندبێت، کەم و کوڕیم ھەبێت..
 
بۆیە ئەگەر تا ئێستا ئەو پێنجینەیەت نەخوێندووەتەوە، لە مەجالێکدا بیخوێنەوە، تا بزانی چیرۆکی ڕاستەقینە مانای چی یە..
 
لێرەوە دەست خۆشیت لێدەکەم نوسەرو وەرگێڕ (سەڵاحەدین بایەزیدی) وەرگێڕانێکی بەپێزت بۆ کردووە، ماندوو نەبیت.

سەرچاوە: لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر

۱۳۹۹/۰۱/۰۱

خوێنەر و کتێب: قورسایی ڕازەکان


لۆڤان عومەر

هەمیشە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتی دوور (یان ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، یاخود ئاسیاییەکان) زۆر سەرنجڕاکێشن لە لام. هەست بە هێمنییەکی تایبەت ئەکەم لە دێڕەکاندا، هەروەک چۆن ئەو هێمنییە لە ڕووخسار و نیگایاندا هەست پێ دەکرێت.

گێڕانەوە، زمان، وێنا لە ڕۆمانەکانیاندا بێئەندازە ناسک و جوانە. بۆ هەریەکێکیان هەست بە سەنگی خۆی دەکەیت. بۆ نموونە ڕۆمانە ناوازەکانی جولی ئۆتسوکا (بەتایبەتی بودای ناو هەورەبانەکە، کە گێڕانەوەیەکی تەواو جیاوازە لە ڕەوتی ڕۆمان)، یان هاروکی مۆراکامی، پاشان ئاکی شیمازاکی… پێنج ڕۆمانە تایبەت و جوانەکەی ئاکی شیمازاکی “تسووباکی، هاماگووری، تسووبام، واسوورەناگووسا و هۆتاروو” ئەدەبیاتێکی تا بڵێیت گرنگ و جوانن. زۆر جار یەک وشە یەک ڕستەیە، هەڵگری مانا و قورسایی خۆیەتی، چونکە هەر ڕۆمانێکیان ١٠٠-١٢٠ لاپەڕەیە. هەر بۆیە دەبێت ئاگاداری وشەکان بیت، ڕەنگە لە هەر چەند وشەیەکی کورتدا ڕازێک هەبێت، مانایەک هەبێت.

گرنگترین ڕەگەز لەو پێنج ڕۆمانەدا تەکنیکی گێڕانەوەیە. ڕۆمانەکان باس لە سەروەختی جەنگی جیهانیی دووەم و بوومەلەرزەکەی بەر لە جەنگی جیهانیی دووەم دەکەن. شیمازاکی وەک چۆن ڕەخنەی ئەمریکا دەکات لە بەکارهێنانی چەکێکی وێرانکەردا، بە هەمان شێوە ڕەخنەی خۆیشیان (یابانییەکان) دەکات کە سیاسەتێکی حەکیمانەیان پەیڕەو نەکردووە، ئەگەرچی دیوە کۆمەڵایەتییەکەی ڕۆمانەکان زەقترن وەک لە دیوە سیاسییەکەی.

لێرەدا من نامەوێت سیحری خوێندنەوەیتان لا خاڵی بکەمەوە، خۆتان کە خوێندتانەوە بەر ئەو تەکنیکە تایبەت و چێژبەخشە دەکەون. دەکرێت ڕۆمانەکان سەربەخۆ بخوێنرێنەوە، بەڵام بێگومان بە خوێندنەوەی هەر پێنجیان بەدوای یەکدا لە سیحری ڕۆمانەکان تێدەگەیت و وێنە کامڵەکە پڕ دەکەیتەوە. تەنها شتێک کە ڕەخنەم لێی هەبوو (کە لە زۆر ڕۆمانی تریشدا تێبینیم کردووە) نیشاندانی سێکس بوو کە یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە (یان ڕۆمانەکان)، بەڵام وەک هەمیشە سێکس لە ڕوانگەیەکی نێرانەوە دەگێڕدرێتەوە. ئافرەتەکان تەواو پاسڤن لە گێڕانەوەی سێکسدا، کە بێگومان ئەمە ڕەنگدانەوەی واقیعە، بەڵام نەمدەزانی ئەمە واقیعی وڵاتی ژاپۆنیش بێت. هەمیشە لە کاتی گێڕانەوەی جووتبوونەکاندا ئەوە پیاوەکانن چالاکن، ئەوە پیاوەکانن وەسف و سەنای جەستەی ئافرەتەکان دەدەن، لە بەرانبەریاندا ئافرەتان یان بێدەنگن، یان خۆیان دوور دەخەنەوە و دەستەواژەگەلی ”دوور بکەورەوە” ”وا مەکە” ”دەستت لا بە” بەکار دەهێنن. بۆ نموونە پیاوەکان بەردەوام بەم جۆرە وەسفی جەستەی ئافرەتەکان دەکەن ”پێستی وەک ئاوریشمت…” ”قامکەکانم بەسەر جەستەیدا دەخشاند” ”مەمکە قوت و قینجەکانیم دەگرت و بە هێمنی دەممژی”.

بەڵام بە درێژایی هەر پێنج ڕۆمانەکە هیچ کام لە کارەکتەرە مێینەکان وەسفێکی کەمیشی جەستەی پیاوەکان ناکەن، هەرگیز حەزی پڕ تامەزرۆی خۆیان لە کاتی بەرکەوتنیاندا ناگێڕنەوە. هەرگیز پێمان ناڵێن ئەی پێستی پیاوەکان بۆ ئافرەتەکان چۆنە؟ دەزانین کە پیاوەکان چووکیان دەچێتە ناو زێی ئافرەتەکانەوە چ لەززەتێک دەچێژن، چۆن دەورووژێن، بەڵام هەرگیز نازانین ئافرەتەکان هەست بە چی دەکەن؟ لە بەرانبەریاندا تەنها بێدەنگن و هیچی تر. لێرەدا هەرگیز مەبەستم ئەو جووتبوونانە نییە کە جۆرێک لە زۆرلێکردن و دەستدرێژیی تێدایە، بەڵکو مەبەستم لەو جووتبوونانە، یان ئەو ڕامووسانانەیە کە لە نێوان ژن و مێردەکان و خۆشەویستەکاندا هەیە.

ئەم کەموکوڕییە نەک لەم ڕۆمانەدا، بگرە لە زۆرینەی ئەو ڕۆمانانەدا کە خوێندوومەتەوە تێبینیم کردووە، کە لەڕاستیدا ئەمە وێنای جۆرێک لە بەبووکەڵەکردنی ئافرەتە و لە مرۆڤبوون دایدەماڵێت، چونکە وەک جەستەیەکی بێڕۆح نیشانمان دەدات. ئەگەرچی ئەگەرێکی لاوازە، بەڵام دەلاقەیەکی بچووکیش بۆ نووسەر دەهێڵمەوە کە ویسبێتی بەمە ڕەخنە لەو دۆخە بگرێت کە ئاماژەم پێ دا، ئەگەرچی لە هیچ جێگەیەکدا من کۆدێکی وام هەست پێ نەکردووە کە لە پشتیەوە ئەم مانایەی هەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا: شایەنی خوێندنەوەیە.

۱۳۹۸/۱۲/۱۱

کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان-ی قادر عەبدوڵڵا بڵاو دەکرێتەوە


ئارام كۆشكی - سلێمانی
بڕیارە لەم مانگەدا ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند نوێترین کاری وەرگێڕانی نووسەر و وەرگێڕ سەڵاحەدین بایەزیدی بەناونیشانی کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان، کە کۆمەڵە چیرۆکێکی قادر عەبدوڵڵایە چاپ و بڵاو بکاتەوە.

قادر عەبدوڵڵا، لەم کتێبەیدا، بە زمانێکی شاعیرانە، چیرۆکەکانی نیشتمانی خۆی و هۆڵەندا دەگێڕێتەوە. نووسراوەکانی پردی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو جەمسەرەن. ئەو لە توێی ئەم کۆمەڵەچیرۆکانەدا، بە بابەتگەلی وەک ڕابردوو، کۆچ، مەنفا، ژینگەیەکی تایبەت و سەرنجڕاکێش دەئافرێنێ.

"کچە گەنجەکان و پارتیزانەکان"، ساڵی ١٩٩٥، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی، خەڵاتی شارلۆت کۆهلەری پێ بەخشرا و بووە هۆی زیاتر بەناوبانگ بوونی قادر عەبدوڵڵا کە تازە دەستی بە نووسین بە زمانی هۆڵەندی کرد بوو.

قادر عەبدوڵڵا کە ناوی ڕاستەقینەی خۆی حوسێن سەجادی قایمەقامی فەراهانییە و ئەم نازناوەی لە دوو هاوڕێی کوردیی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٥٤ لە شاری "ئەراک"ی ئێران لەدایک بووە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆیشتۆتە هۆڵەندا و پاش فێربوونی زمانی هۆڵەندی، بەو زمانە نووسیویەتی و ئەمڕۆ بە یەکێک لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی هۆڵەندا لەقەڵەم دەدرێ. قادر عەبدوڵڵا بە هۆڵەندی دەنووسێ و لە هۆڵەندا دەژی.

پێشتریش هەمان وەرگێڕ کتێبێکی دیکەی هەمان نووسەری بەناوی "سەفەری بوتڵە بەتاڵەکان" چاپ و بڵاوکردووەتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی چەند بەرهەمێکی دیکەی هەمان نووسەر لەلایەن شەفیق حاجی خدرەوە کراونەتە کوردی و بڵاوکراونەتەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی هەولێر، ژمارە ٢٢٧٥، یەکشەممە، ١-ی ئازاری ٢٠٢٠