۱۳۸۵/۰۷/۲۳

"نامەیەکی بارزانیم گەیاندە باڵوێزخانەی سۆڤیەت لە تاران"

خدر مەڕەسەنە - وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی

سەلاحەدین بایەزیدی - ڕانیە

جەرگەی نێوەڕۆیەکی گەرم لە شاری ڕانیەوە بەرەو گوندەکانی دەوروبەر و دۆڵی بۆتی و گوندەکانی بناری قەندیل بەڕێ دەکەوین، هەرچەند زۆر گەرمە و تاک و تەرا مرۆڤ بە دیارەوەیە بەڵام نە بۆ من گرنگە کە تامەزرۆی بیستنی بەشێک لە بیرەوەریی و بەسەرهاتی پەنجا ساڵ خەباتی مرۆڤێکم کە هەموو ژیانی لە شۆڕش و دەربەدەریدا بەسەر بردووە و نە بۆ ئەو کە بەمجۆرە ڕۆژانی پێشمەرگایەتی و شاخی دێتەوە یاد. بە درێژایی ڕێگە باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، باسی خەبات و ژیان لە بەندیخانە و دەربەدەری و پێشمەرگایەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، باسی نەهامەتی و دووبەرەکیی ناوخۆیی و خەبات لە دژی کۆنەپارێزترین سیستەم، خەبات لە دژی ڕژێمی پاشایەتی و ڕژێمی خومەینی، دواجاریش ژیانی تاراوگە و غەریبی. وەک خۆی دەڵێت ڕۆژی ٤ی بانەمەڕی ١٩٣٩ لەگوندی بێورانی خوارێ سەر بە ناوچەی سوێسنایەتی سەردەشت لەدایک بووە. هەر لە سەرەتای ژیانی منداڵییەوە نەیتوانیووە تەنیا ساڵێکیش لە زێدی خۆی بچێتە قوتابخانە و وەک هەموو مناڵێک ژیانی ئاسایی هەبێت.
خدر مەرەسەنە باسی ئەو گرووپە یاخییە دەکات کە باوکی سەرپەرشتی کردووە و لە ناوچە لێڕەوار و شاخاوییەکانی سەردەشت دژ بەرژێمی پاشایەتی شەڕیان کردوە. دەڵێت: "بەهۆی فشاری ڕژێمی پاشایەتی باوکم لەگەڵ چەند کەسێکی تر لە خزمان لە ساڵی ١٩٤٣ ڕێگای شاخیان هەڵبژارد و لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە و ملیان بۆ ویستەکانی ڕژێم دانەنەواند.دوای دوو ساڵ شەڕو بەربەرەکانی، دەوڵەت بەهێزێکی زۆرەوە پەلاماریان دەباتە  سەر و ناچار دەبن بچنە کوردستانی گەرمێن (عێراق)"، هەتا دروستبوونی کۆماری مەهابادیش خدر دوور لە سێبەری باوک دەژیت و بە ڕاگەیاندنی کۆمار بنەماڵەکەیان دیسان دێتەوە سەر یەک و بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت هەناسەیەکیان دێتەوە بەر. بەڵام تەمەنی کۆمار لەوە کورتترە کە بتوانن هەموو شتێک لە نوێوە دەست پێبکەن. بۆیەش بۆ جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٤٦ تا ناوەڕاستی ١٩٤٨ ئاوارەی شاخ و دۆڵ و چیاکانی کوردستان دەبنەوە. ساڵی ١٩٥٦ بەرێگای باوکی بەشداری ڕیزەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەبێت. دوو ساڵ دواتر لەگەڵ زۆر لەئەندامانی حزب و لەوانە باوکی دەستگیر دەکرێت و پاش ١٨ ڕۆژ مانەوە لە زیندانی تەورێز ڕەوانەی زیندانی قەسری قاجار دەکرێن و چوار ساڵ دواتر واتە ساڵی ١٩٦٢ ئازاد دەکرێن. خدر مەرەسەنە کە گەنجترین زیندانی سیاسی بوو، سێ چوار مانگ پاش ئازادبوونی دیسان ڕێگەی باشووری کوردستان دەگرێتە بەر و دێتەوە ناو ڕیزەکانی حزب و بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی ڕەسمی چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شان.

چۆن بوو هاتنە باشووری کوردستان، ئایا چیتر نەتاندەتوانی لە ڕۆژهەڵات درێژە بە خەباتی سیاسی و حزبایەتی بدەن؟
دوای چەند ساڵ ئەندامبوونم لەحزبی دیموکراتدا و دوای ئەوەی بەهۆی خیانەتی کادرێکی حزبەوە، لەساڵی ١٩٥٩ کەوتمە بەر پەلاماری ساواک و ڕژێمی شا. من هەر ئەودەم و پێشتریش ئەندامی حدکا بووم و لەو پەلامارەدا بۆ ماوەی ٥ ساڵ گیرام و لە زینداندا بووم. دواتر کە لە زیندان ئازاد کرام لەگەڵ چەند هاوڕێیەکم لە مەهاباد و سەردەشتەوە هاتینە کوردستانی عێراق و پەیوەندیمان کرد بە شەهید ئەحمەد تۆفیق کە ئەودەم ئەو سەرپەرشتی حدکا بوو و بەمجۆرە چەکی شۆرشی ئەیلوولمان لە شان کرد. دیارە ئەحمەد تۆفیق لە کۆنگرەی دووهەمدا بەسکرتێری حزب هەڵبژێرابوو. ئەگەرچی هەندێک لە برادەرانی خۆمان دانیان بە بەرپرسایەتی ئەحمەد تۆفیق دانەدەنا بەڵام بەحوکمی ئەو دەسەڵاتەی کە وەختی خۆی دوای ڕوخانی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی کۆمیتەی کاتی دامەزرا، ئەحمەد تۆفیق یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی کاتی بوو.

بۆ دانیان بە ئەحمەد تۆفیق دانەدەنا؟
بەشێک لە برادەرانی خۆمان بەوە ڕازی نەبوون، پێیان وابوو کە دەبێ لەکۆنگرەیەکدا ئەحمەد تۆفیق هەڵبژێردرێ و بڕیاری کۆمیتەی کاتیان ڕەد دەکردەوە. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە ئەودەم ئەحمەد تۆفیق زۆر دژی کۆمۆنیزم بوو، لایەنگری لە سیاسەتەکانی ئەمریکا دەکرد و بیرێکی نەتەوەیی هەبوو. ئێمەش خۆمان بە ڕادیکاڵ و چەپ دادەنا و ملکەچی بڕیارەکانی ئەحمەد تۆفیق نەدەبووین. تۆفیق پێی وابوو کە ئێمە دەبێ وەکوو نەتەوەیەکی ژێردەستە وابەستە بە هیچ دەوڵەتێکەوە نەبین و هاوکاریش لەهەموو لایەک پەسەند بکەین. بەشێک لە کێشەکانیش دەسەڵات بوو کە وایان کرد کۆمیتەی ساغکەرەوە دروست بێت. کۆمیتەی ساغکەرەوە چوونە ژێر دەسەڵاتی ئەو باڵەی کە لە پارتی جیا ببوونەوە.

سیاسەتی پارتی چۆن بوو بەنیسبەت ئەحمەد تۆفیقەوە؟
پارتی ئەوەدەم پشتیوانیان لە سیاسەتەکانی ئەحمەد تۆفیق دەکرد.

ئەوکات تۆ لەگەڵ کام تەوژمدا بووی و سەر بە چ بیرو لایەنێک بووی؟ ئەی بەگشتی چ مەیلێک بەسەر جوڵانەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ بوو؟
لەبەر هۆی عاتیفی و ئەو دۆستایەتییەی کە لەگەڵ حەسەن ڕەستگاردا هەمبوو بەلای کۆمیتەی ساغکەرەوەدا شکابوومەوە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەحمەد تۆفیق ڕێزێکی تایبەتی لێدەگرتم، ئەحمەد تۆفیق مەئمورییەتێکی بارزانی بە من سپارد، لەکاتێکدا کە ئەرتەشی سوریا پشتیوانی لە دەوڵەتی عێراق کرد و تورکیا و ئێرانیش هێزەکانیان هێنابووە سەر سنووری عێراق و گەلەکۆمەیان کرد کە لەشۆڕشی کورد بدەن، لەو کاتەدا بارزانی نامەیەکی بۆ بالوێزخانەی سۆڤیەت نووسی لە تاران، من لەسەر داوای تۆفیق نامەکەم گەیاندە باڵوێزخانە. ئەوەش ببووە هۆی ئەو ڕێزە تایبەتییە. کە لەئەنجامدا سۆڤیەت ئۆلتیماتۆمی دا بەئێران و تورکیا و ئەوانیش هێزەکانیان لە سنوور کێشایەوە.
ئەحمەد تۆفیق بەرەو کوردایەتییەکی تۆخ و بەلای ڕۆژئاوادا دەشکایەوە، برادەرانی دیکە چەپێکی تۆخ و بەلای سۆڤیەت و حزبی تودە و حزبی شیوعی عێراقدا دەشکانەوە. ئەمە ململانێیەکی گەورەی ساز کردبوو لەسەردەمی شۆرشی ئەیلوولدا.

پێت وانییە ئەو ناکۆکی و دووبەرەکیی نێوخۆییانەی کە ئێستاش لەناو جوڵانەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا برەویان هەیە، سەرچاوەکەیان هەر ڕووداوەکانی ئەوکات و ئەو دابڕانانە بێت کە ئاماژەت پێدا؟
نەخێر، ناکۆکی ئێستا لەسەر هەندێک شێوازی کارکردن و پەیوەندی گرتن بەحزبەکان و هەروەها لەسەر مەسەلەی دەسەڵاتە. ئێستا کێشەکان لەئاستێک دان کە لەناوخۆدا وەک دوو حزب پێکەوە هەڵسوکەوت دەکرێت. دیارە ئەو لێکدابڕان و دووبەرەکییانە هەر جارە و بەشێوەیەک دووبارە بۆتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا چارەسەری بۆ نەدۆزراوەتەوە. لە ١٩٦٤ کۆمیتەی ساغکەرەوە جیا بوویەوە، ئەوی تر کۆمیتەی ئینقلاب بوو ئەوە لە سەردەمی شەهید ئەحمەد تۆفیقدا بوو. ئەویتریان کاتێک بوو کە دکتۆر قاسملۆ لە ئەوروپا گەڕایەوە و کۆنفرانسی سێهەمی پێک هێنا. ئەودەم ئەحمەد تۆفیق مابوو و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزب بوو. لەو کۆنفرانسەدا کۆمیتەی کاتی جیابوویەوە بە ناوی پەیڕەوی کردن لە خەت و ڕێبازی ئەحمەد تۆفیق. پارتی پشتگیری لە کۆمیتەی کاتی دەکرد و لەژێر دەسەڵاتی پارتی دابوون. جەماعەتی قاسملووش کە نێویان حزبی دیموکرات بوون لە بەغدا بوون و یارمەتیان لە دەوڵەتی عێراق وەردەگرت. دابڕانەکەی تر لەکۆنگرەی چوار دابوو کە زیاتر لە ٧٠٠ پێشمەرگە و کادیری حزب جیابوونەوە کە زیاتر بە لای تودەدا دەشکانەوە و دوای تەسلیم بوونی حزبی تودە ئەوانیش پەرتەوازە بوون. بەهێنانی کورتەباس بۆ ناو حزبی دیموکرات، کە خەت و ڕێبازی سۆسیال دیموکراتەکانی فەرەنسە بوو و لەناکاو هاتە کۆنگرەی شەشەوە، کورتەباس بەزۆربەی دەنگ ڕەد کرایەوە، بەڵام دکتۆر قاسملوو قەبوڵی نەکرد. ئەوەش نیمچە لێکدابڕانێک بوو. لێکدابڕانی چوارەمیش لەکۆنگرەی هەشتدا بوو کە ڕێبەرایەتی شۆرشگێڕی لێکەوتەوە و نزیکەی ٩ ساڵ ئەو باڵە خەباتی کرد.

باشە هۆکار چی بوو؟
هۆیەکەی ئەوە بوو کە سەرکردایەتی حزب نەیتوانی ڕۆڵی سکرتێر ببینێ وەک پێویستە. نەیتوانی حزب لە دەوری ستراتیژییەکدا کۆ بکاتەوە کە هەموویان پەیڕەوی لێبکەن.

لە ساڵی ٢٠٠٤دا پەیڕەو پڕۆگرامی کۆنگرەیەکتان بڵاو کردەوە بە ناوی کۆنگرەی نیشتمانی کوردستان، دەکرێ زیاتر باسی بکەن، چی بەسەر هات؟
ئێمە دەستوورێکی ناوخۆییمان پێشنیار کرد بۆ بەستنی کۆنگرە لەکۆتایی ساڵی ٢٠٠٣دا و وەک کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنگرەو ماوەیەک لەو چوارچێوەدا کارمان کرد. کۆنگرەکە لە ناوەڕۆکدا بەرەیەکی فراوانی یەکگرتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆنگرەیەکی نیشتمانی بوو کە پلۆرالیزمی سیاسی بەبنەما وەردەگرت، بەڵام پاشان بەهۆی نەبوونی زەمینەیەکی لەبار و هەروەها پاڵپشتێک بۆ بەرجەستەکردنی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیی هەر لە چوارچێوەی قسەدا مایەوە.

ئایا ئێوە کە چوونە دەرەوەی وڵات، نیشانەی ئەوە نەبوو لە تێکۆشان  ناهومێد بوون و لەو خەباتە سارد بوونەوە؟
ئەوەی کە ئێمە لەدەرەوە پێمان وابوو خەبات ڕادەوەستێ بەخۆشیەوە ڕانەوەستا. بەپێچەوانەی خوێندنەوەو پێشبینی ئێمە جوڵانەوەی کورد بەگشتی لە ڕۆژهەڵات شێوەیەکی دیکەی بەخۆوە گرت، ڕوناکبیرانی نێوخۆیی وڵات، خوێندکاران، ڕێکخراوە پیشەیی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئافرەتان بەگشتی و بەتایبەتیش پەرلەمانتارەکان ڕۆڵی زۆر گرنگیان هەبووە لە زیندوو ڕاگرتنی خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوە بەشێکێتی، مەبەست ئەوەیە ناهومێد نین کە بڵێین حزبەکان ئێستا ڕۆڵی شۆڕشگێرانە نابینن. لە ڕۆژهەڵاتدا خەبات کپ نەبوو و بەشێوەی جۆراوجۆر هاتە ئاراوە. جگە لەوەش ئێستا پژاک لەمەیدان دایە و بەنیسبەت خۆی دەور دەبینێ. پارتی و یەکێتیش بەگوێرەی توانای خۆیان توانیویانە لە ڕێگای هونەرمەندان و ڕوناکبیران، بە وەرگرتنی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی کوردستان ئەو خەباتە نەتەوایەتییە زیندوو ڕابگرن.

لەناو حزبی دیموکراتی کوردستاندا زۆر کەس بیرەوەرییان نووسیوە، لەوانە: دکتۆر قاسملوو، جەلیل گادانی، عەبدوڵڵا حەسەن زادە، کەریم حیسامی، دکتۆر خەلیقی، غەنی بلووریان، مستەفا شەڵماشی و سەعید کوێستانی و... جیاوازی بیرەوەرییەکانی تۆ کە لە سێ بەرگدا بڵاوت کردۆتەوە، لەگەڵ ئەم سەرچاوانە چییە کە ئاماژەمان پێدا؟
بە بڕوای من هیچکام لەوانە بەتەنیایی نابنە مێژووی ڕاستەقینەی هەموو قۆناغەکانی خەبات و تێکۆشانی حزب. چونکە هیچکام لەو نووسەرە بەڕێزانە و تەنانەت خۆیشم بێلایەنانە بیرەوەرییەکانی خۆمان لەحزبدا نەنوسیون و هەرکام بەنۆبەی خۆمان مێژووی ئەو حزبەمان شێواندوە. بۆ نمونە شەهید دکتۆر قاسملوو و عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەموو خەبات و تێکۆشانی شەهید ئەحمەد تۆفیق و لایەنگرانی ناوبراویان خستۆتە ژێر پرسیار یان هەر ئاماژەیەکی ئەوتۆیان بەو قۆناغە نەکردووە. هەر بۆیە هیچکام لەم کتێبانە بێلایەن نین بەڵام دەکرێ وەک سەرچاوەیەک کەڵکیان لێ وەربگیرێ. منیش کاتێک کە تاوم دایە قەڵەم، حیسابی ئەوەم بۆ خۆم کرد کە دەبێ یان وەک ئەوانەی خۆیان لە ڕاستی دەبوێرن و ناوێرن دان بەڕاستییەکان دابێنن، دەبێ منیش هەروا گوێ نەدەم و بەرژەوەندی و دەسەڵاتی خۆم لەبەر چاو بگرم، یان پێویستە ڕاستییەکان بڵێمەوە تاکوو نەوەکانی دوای من وەک ئێمە تووشی لاڕێبوون نەیەن.