گییۆم پێریێ / لۆمۆند
له فه‌ره‌نسیه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
دووشه‌ممه‌ی ڕابردوو، سواری تاکسیه‌ک بووم له دیاربه‌کر، شاری هه‌ره گه‌وره‌ی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا. شۆفێر تاکسی پیره حاجیه‌کی خۆش ئاکار بوو، مووی سه‌ری سپی ببوو و جلێکی کۆنی له‌به‌ر دابوو. ته‌مه‌نی خانه‌نشینی تێپه‌ڕاندبوو. له پڕ زانی من سه‌ر به کام نه‌ته‌وه‌م و ده‌مه‌وێ بچمه کوێ، ڕووی له من کرد، فرمێسک له چاوه‌کانیدا قه‌تیس مان و گوتی "فه‌ره‌نسا.... مادام میته‌ران! هه‌رگیز له بیرم ناچێ. ئه‌و دایکمانه."
جاران له سه‌رانسه‌ری کوردستان، به هۆی چالاکیه مرۆییه‌کان و سۆزی بۆ کورد له کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، خه‌ڵک به خۆشه‌ویسته‌وه یادی خانمی یه‌که‌می فه‌ره‌نسایان ده‌کرده‌وه. ساڵی ١٩٨٦، مادام میته‌ران له‌پێناو ئازادیی مه‌هدی زانا، شاره‌وانی پێشووی دیاربه‌کر که دادگایه‌کی سه‌ربازی تورک به تاوانی قسه‌کردن به زمانی کوردی سزای ١٤ ساڵ زیندانی بۆ بڕیبۆوه، که‌وته جموجوڵه‌وه. چه‌ند ساڵ دواتر، هاوسه‌ری مه‌هدی زانا، له‌یلا زاناش به هه‌مان بیانوو خرایه گرتووخانه‌وه.
له لایه‌کی تره‌وه، ڕژێمی به‌عسی سه‌دام حوسێن له باکووری عێراق هێرشی ده‌کرده سه‌ر گه‌لی کورد. قه‌تڵ و عامی هه‌ڵه‌بجه له ساڵی ١٩٨٨دا، لوتکه‌ی ئه‌و سه‌رکوت و زه‌خت و زۆرییانه بوو. به سه‌دان هه‌زار کورد ئاواره بوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. دانیه‌ل میته‌ران له گه‌ڵ بێرنارد کۆشنه‌ر، کاری له سه‌ر به‌کارهێنانی یاسای ده‌ستێوه‌ردان کرد. له ڕێگه‌ی "فرانس لیبرتێ"یه‌وه بۆ ساتێک له نیشاندانی پابه‌ندی به گه‌لی کورد درێغی نه‌کرد. مانگی مه‌ی ڕابردوو، به بۆنه‌ی بیست و پێنج ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕێکخراوه‌که‌یه‌وه، ئاوڕی له خه‌بات و چالاکیه‌کانی له کوردستان دایه‌وه.
ساڵی ١٩٩٧، له نووسینگه‌ی خۆی له پاریس، مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی، دوو سه‌رکرده‌ی کوردی دوای پێنج ساڵ شه‌ڕی براکوژی ئاشت کرده‌وه.
ساڵی ٢٠٠٩، بۆ دوایین جار ڕۆێشته هه‌ولێر، پایته‌ختی کوردستانی عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنگایه‌کی نوێی فه‌ره‌نسی بکاته‌وه که به ناوی خۆیه‌وه کرابوو.
"دایکی کوردان"، ئه‌و ناوه‌ی زۆربه‌ی کوردان پێی ئاشنا بوون، به‌ره‌به‌یانی سێ شه‌ممه له پاریس و له ته‌مه‌نی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. گومان له‌وه‌دا نییه کورده‌کان له هه‌ولێر یان له دیاربه‌کر، یادی به‌رز ڕاده‌گرن.