سازدانی: ئه‌زگی باشاران
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
هه‌موو که‌سێ پێی وایه ئێوه کوردن، بۆچی؟
به هۆی نزیکبوون و هه‌ستیاریم له پرسی کورد، ئه‌و بۆچوونه لای خه‌ڵک دروست بووه. له ئادییه‌مان ١٥ - ٢٠ بنه‌ماڵه‌ی تورکمه‌ن هه‌ن. هه‌م باوکم و هه‌م دایکم سه‌ر به‌و بنه‌ماڵانه‌ن. بۆیه‌ش من تورکم به‌ڵام له‌وێ ئاسیمیلاسیۆن پێچه‌وانه به‌رهه‌می داوه! با وای دابنێین.
له چۆن بنه‌ماڵه‌یه‌کدا گه‌وره بوون؟
له نێوه‌ندی ئادییه‌مان له‌دایکبووم. باوکم هه‌م سه‌رتاش بوو و هه‌م نامه‌نووس. هاوکات ساڵانی ١٩٦٠ دامه‌زرێنه‌رو سه‌رۆک باره‌گای حزبی کرێکارانی تورکیا (حزبه‌که‌ی به‌هیجه بۆران) بوو له ئادییه‌مان. ئه‌و کاته‌ی مرد ته‌مه‌نم ته‌نیا ٨ ساڵ بوو. به هۆی نه‌خۆشی گورچیله‌وه مرد. پاشان لەگەڵ دایکم و چوار برام، په‌نامان برده ماڵی باپیرم. دیاره باپیریشم پیاوێکی چه‌پ بوو، به‌ڵام لەگەڵ حزبی کرێکاراندا نه‌بوو. ئه‌و ئه‌ندامی جه‌هه‌په (پارتی کۆماری گه‌ل) بوو.
بژیوی ژیانتان چلۆن دابین ده‌کرد؟
من له ته‌مه‌نی ٨ ساڵیدا بوومه به‌رده‌ستی وێنه‌گرێک. یه‌کێک له دوو وێنه‌گره‌که‌ی ئادییه‌مان. هه‌فتانه ١٢٥ قورشم پاره وه‌رده‌گرت.
چیت ده‌کرد؟
پاک و خاوێنی... دوای ته‌واوکردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ئیتر بوومه وه‌ستا. وێنه‌کانم ده‌سکاری ده‌کرد.
برا گه‌وره بووی؟
به‌ڵێ. ئه‌وان چونکه زۆر بچووک بوون، نه‌یانده‌توانی کار بکه‌ن. کاتێک بوومه ساڵی دوهه‌می دواناوه‌ندی، ئه‌و پاره‌یه‌ی له وێنه‌گری به‌ده‌ستم هێنابوو، به‌شی ماڵ گواستنه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد. ئه‌وه پاره‌ی شانزه ساڵ بوو. پاش ته‌واوبوونی شازدە ساڵ، بۆ کرێکاری وه‌رزانه‌ی له‌ناو بردنی مالاریا ماڵه‌وه‌م به‌جێهێشت.
بۆ له ئادییه‌مان کارت نه‌کرد، خۆ له‌وێش ئافه‌تی مالاریا هه‌بوو؟
له زۆر شوێنی تر به‌ربه‌ره‌کانی لەگەڵ مالاریا هه‌بوو. ئێمه ماتۆڕێکی ٤٠ کیلۆییمان به پشته‌وه بوو و ده‌رمانمان ده‌ڕشاند. بێگومان ئه‌وانه‌ی له کێڵگه‌کانی په‌مۆ له چوکورئۆڤا ئیشیان ده‌کرد، په‌نجه‌کانیان خوێنی لێ ده‌چۆڕا. به درێژایی پشووی هاوین ئیشمده‌کرد هه‌روه‌ها پازده ڕۆژی سه‌ره‌تای خوێندنیش، خۆم له مه‌کته‌ب ده‌دزییه‌وه. پاره‌یه‌کی باشم کۆ کرده‌وه. ده‌وروبه‌ری ١١٠٠ لیره. به به‌راورد لەگەڵ مامم که مامۆستا بوو، داهاتی من زیاتر بوو. چونکه سه‌ر به سه‌ندیکا بووین.
واته له ته‌مه‌نی لاوییه‌وه خه‌باتی سه‌ندیکاتان ده‌ست پێ‌کرد...
بێگومان. وه‌ک کرێکاری خاشه‌بڕکردنی مالاریا، بووینه ئه‌ندامی سه‌ندیکایه‌کی شۆڕشگێڕ. من له شوێنی کاره‌که‌مان بوومه نوێنه‌ری سه‌ندیکا. به‌ڵام کاتێک حکومه‌تی به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌کان دامه‌زرا، منیان له سه‌ر ئیش وه‌ده‌رنا. منیش لەگەڵ کوڕی یه‌کێک له خزمان، دوکانی نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی په‌لاستیکمان کرده‌وه.
ئه‌مه‌یان بۆ؟
چونکه بۆ کردنه‌وه‌ی ئه‌م دووکانه، چه‌کوچێک و میله‌یه‌ک به‌س بوو. تا کۆتایی دواناوه‌ندی هه‌م به‌و دووکانه‌وه خه‌ریک بووم، هه‌م له پاڵ ئه‌مه‌دا به شێوه‌یه‌کی ئاماتۆڕ وێنه‌م ده‌گرت.
سەرەڕای ئەمانە چۆن له کۆلێژی زانسته سیاسییه‌کانی ئه‌نقه‌ره وه‌رگیرای؟
ئایا هیچ که‌س وه‌ک من له زانکۆ وه‌رنه‌گیراوه؟ هه‌رچه‌ند تێکه‌ڵ پێکه‌ڵ ده‌چوومه مه‌کته‌ب، به‌ڵام خوێندکارێکی ماندوونه‌ناس بووم. له‌وانه‌یه باسکردنی عه‌یب بێ، به‌ڵام هه‌تا دواناوه‌ندیش باشترین نمره‌کان هی من بوون. له دواناوه‌ندیدا، پرسگرێکی تێکهه‌ڵچوون و ئاسایشی گیانی هاته ئاراوه. له‌وێش هه‌ندێک قۆناغی سه‌رکه‌وتووم بڕی و توانیم چه‌ند بورسێک وه‌ربگرم.
بنه‌ماڵه‌که‌تان دژی چوونی تۆ بۆ ئه‌نقه‌ره نه‌بوون؟
نا، چونکه براکه‌شم ته‌مه‌نی کارکردنی نزیک ببۆوه. جگه له‌وه من له ئه‌نقه‌ره هه‌م ده‌مخوێند و هه‌م کارم ده‌کرد.
که‌نگێ و بۆچی ده‌ستبه‌سه‌ر کران؟
ساڵی ١٩٨١ بوو. له ساڵی دووهه‌می زانکۆ دابووم. به‌شداری جووڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی و ڕێکخراو بووم که دژی کوده‌تای ١٢ی سێپته‌مبه‌ر ئیشی ده‌کرد. کوده‌تامان ڕیسوا ده‌کرد، شه‌وانه له سه‌ر دیواره‌کان دروشممان ده‌نووسی و ڕاگه‌یه‌ندراومان هه‌ڵده‌واسی. دواجار ڕۆژێک قۆڵبه‌ست کرام. ڕه‌وانه‌ی "ماماک" کرام و به تاوانی ئه‌ندامێتی له‌و ڕێکخراوه‌دا، سزای ١٦ ساڵ زیندانم به سه‌ردا سه‌پا. پاشان بڕیاره‌که هه‌ڵوه‌شایه‌وه و سزاکه‌م بۆ ١٢ ساڵ که‌م کرایه‌وه. جگه له گرتوخانه‌ی "ماماک"، له گرتوخانه‌ی "ئولوجانلار" و "هایمانا"شدا ده‌ستبه‌سه‌ر بووم.
بیره‌وه‌ری ناخۆشتان له‌و ڕۆژانه هه‌یه؟
سه‌د و بیست که‌س خزابووینه‌وه ژوورێکه‌وه که بۆ ١٦ که‌س دروست کرابوو. وەک ماسی ده‌خه‌وتین. لەگەڵ ئه‌مانه‌شدا بیره‌وه‌ری خۆش هه‌ن. سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی له به‌رامبه‌ر بێده‌نگ کردنی وڵات له تورکیا ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیبوو، له گرتوخانه بوون. له گرتوخانه‌ش، به خۆڕاگری و له ڕێگه‌ی مانگرتنه‌وه، درێژه‌مان به ناڕه‌زایه‌تیه‌کانمان ده‌دا.
ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆرتان بینی؟
له‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌موو که‌سێک ئه‌شکه‌نجه کرا. حه‌ز ناکه‌م لێره‌دا ئه‌م به‌سه‌رهاتانه بگێڕمه‌وه، چونکه گه‌نجی شانزه ساڵه له سێداره دران و که‌سانێکی زۆر له ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا مردن، له وه‌ها ڕه‌وشێکدا عه‌یبه بڵێی "منیش شتێکم به سه‌ر هاتووه".
به جۆرێک قسه‌ی ده‌که‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی زیندان هیچ برینێکی ڕۆحی به دواوه نه‌بووبێ؟
من به درێژایی ژیانم هیچ بیرم له‌وه نه‌کردۆته‌وه که ئێوه پێی ده‌ڵێن برینی ڕۆحی. ده‌کرێ بڵێین خه‌مۆکی یان بێزاری. من هیچ تێناگه‌م مرۆڤ بۆ ده‌که‌وێته ناو قه‌یرانی ڕۆحییه‌وه. بۆ نموونه ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی ده‌چنه ناوچه‌کانی شه‌ڕ، له ڕووی ده‌روونیه‌وه تێکده‌چن. بۆ؟ چونکه به‌شێک نین له‌و شه‌ڕه و ته‌ماشاڤانن. ئه‌گه‌ر بڕوات به‌وه هه‌یه ئه‌مه شه‌ڕێکی مرۆڤایه‌تی و گه‌له، چۆن له ڕووی ڕۆحییه‌وه بریندار ده‌بی؟ ئه‌گه‌ر ژیانێکی به‌شه‌ڕه‌ف بگریته به‌رچاو، ته‌مه‌نی مرۆڤ قۆناغێکی زۆر درێژه.
هه‌ندێک که‌س وه‌ک ئێوه که ئه‌و کات شۆڕشگێڕ بوون، ئه‌مڕۆکه ده‌ڵێن "ئێمه چ بێهوده خه‌باتمان کرد. دواجار ئه‌و دونیایه‌ی له خه‌یاڵی ئێمه‌دا بوو، گه‌له‌که‌مان نه‌یویست"، ئێوه‌ش وا ده‌ڵێن؟
ئه‌وانه‌ی وا ده‌ڵێن له په‌روه‌رده‌ی سه‌ره‌تاییاندا کێشه‌یان هه‌یه. ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی تۆ لەگەڵ خه‌ڵکه‌که‌ت هه‌ته په‌یوه‌ندییه‌ک نییه له سه‌ر بنه‌مای حساب و ئامار. خه‌باتێکی درێژخایه‌ن و به‌سه‌بر پێویسته. کێشه له شتێکی تر دایه...
چۆن؟
ئه‌گه‌ر تۆ له ناخه‌وه نه‌بووبیته سۆسیالیست، بێگومان ده‌ڵێی "گه‌ل له ئێمه تێنه‌گه‌یشت". ته‌مه‌نێک هه‌ڵوه‌دا ده‌بی، له‌وانه‌یه گه‌لیش له‌و کارانه‌ی تۆ ده‌یانکه‌ی هیچ تێنه‌گه‌یشتبێ، به‌ڵام وه‌ک مرۆڤێکی سۆسیالیست، له ڕێی کامڵ‌بوونی ژیانه‌وه قازانجێکی گه‌وره به ده‌ست دێنی. وه‌ک شارۆمه‌ندێکی به‌شه‌ڕه‌ف ده‌ژی و ده‌مری، خۆشی ئه‌مه خۆی له خۆیدا بۆ مرۆڤێک به‌سه.
ئه‌وانه‌ی نابنه سۆسیالیست، به‌شه‌ڕه‌ف نین؟
چۆن ده‌کرێ وا نه‌بێ؟ به‌ڵام ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه له سۆسیالیست بووندا زیاتره. ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له به‌رامبه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌ره‌کی ترین ڕه‌نج، دێته مانای داکۆکی کردن له جیهانێکی یه‌کسان، ئازاد و دادپه‌روه‌ر. هه‌ندێک که‌س هه‌ن بێ ئه‌وه‌ی بزانن ژیانیان به پێی ئه‌و جیهانه بنیات ده‌نێن که سۆسیالیزمی زانستی پێشنیاری ده‌کا. مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی، مه‌سه‌له‌ی سیسته‌مێکه. هه‌ڵبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی به فه‌خره‌وه بژی، پێویست ناکا سۆسیالیست بێ، به‌ڵام هه‌موو سۆسیالیستێک ناچاره به فه‌خره‌وه بژی.
ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تتان له به‌رده‌ست دابوایه، تورکیای نوێتان به چ شێوه‌یه‌ک بونیاد ده‌نا؟
هه‌وڵم ده‌دا په‌روه‌رده، ته‌ندروستی و ئامێره‌کانی په‌یوه‌ندی بۆ هه‌موو هاووڵاتیه‌ک یه‌کسان و بێ پاره بێ. ته‌نیا چوار توێژ له کۆمه‌ڵگەدا، ئیمتیازی تایبه‌تیان ده‌بوو: ژنان، مناڵان، به‌ساڵاچوان و که‌مئه‌ندامان. له‌سه‌ر هه‌ر پارچه خاکێکی چیمه‌نتۆ داگیری نه‌کردبێ، ٥٠٠ دانه نه‌مامم ده‌چاند، سه‌رجه‌م ئه‌و گه‌نجانه‌ی به دڵ به‌و دارانه ڕاگه‌یشتبان و لانیکه‌م نیوه‌ی ئه‌و دارانه‌یان پاراستبا، له سه‌ربازی مه‌عافم ده‌کردن. ئه‌وانه‌ی ژماره‌ی داره‌کانیان زیاتر بکردایه، پله و پایه‌م پێده‌دان و بیر له‌وه بکه‌وه ئه‌گه‌ر یه‌کێک دوو هه‌زار داری چاندبا، ده‌بوو به ژه‌نه‌ڕاڵ. پیشه‌یه‌ک به‌ناوی سه‌ربازی له مێژوودا ده‌سڕایه‌وه.
ئه‌مانه پێشنیاری به‌ده‌په‌ن بۆ هه‌موو تورکیا؟
ئه‌مڕۆکه پێویسته به جۆرێکی تر، خوێندنه‌وه بۆ به‌ده‌په بکرێ، چونکه ئێستا له ناو وڵات ڕۆژه‌ڤێکی گه‌رمی شه‌ڕ-ئاشتی هه‌یه. فاکته‌ری سه‌ره‌کی له به‌شداری من له ناو ڕیزه‌کانی به‌ده‌په‌دا، ئه‌وه‌یه فیناڵی ئه‌م شه‌ڕه بۆ ئاشتیه‌کی ئابڕومه‌ندانه وه‌رسوڕێنین. له‌مباره‌وه ته‌واو قسه له سه‌ر چه‌وساوه‌کان ده‌که‌م. به‌ده‌په هێشتا ڕوبه‌ڕووی کۆمه‌ڵێ ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک ئازادی و مافه سه‌ره‌کییه‌کانه.
یه‌که‌مجار چۆن ڕوبه‌ڕووی ئه‌م چه‌مکه بوویته‌وه و وه‌ک خۆت ده‌ڵێی که‌وتیه به‌ره‌ی چه‌وساوه‌کانه‌وه؟
ماڵه‌که‌مان له ئادییه‌مان، له نزیک بازاڕی دارفرۆشه‌کان بوو. خه‌ڵکی دێهاته‌کان له‌و شوێنه داریان ده‌فرۆشت. زۆرم پێ سه‌یر بوو که ئه‌وان به زمانێکی جیاواز قسه ده‌که‌ن. ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ته‌مه‌نی ٧ - ٨ ساڵی. پرسیارم کرد ئه‌مانه کێن. گوتیان کوردن. پاشان که له مه‌کته‌ب مناڵانی کوردم بینی، ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌رم سوڕما. چونکه سه‌ره‌تا فێری زمانی تورکی ده‌بوون.
ئایا ماڵه‌وه‌تان هیچ زانیارییه‌کیان له سه‌ر پرسی کورد هه‌بوو؟
باوکم شاره‌زا بوو. چونکه زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی حزبی کرێکارانی تورکیا له کورده عه‌له‌وییه‌کان پێکهاتبوو. ئه‌و باسانه‌ی ئه‌و کات بیستمن، سه‌ره‌تایی ترین زانیارییه‌کانم بوون له سه‌ر پرسی کورد. له ساڵانی خوێندنی ناوه‌ندیدا، که خه‌ریکی خوێندنه‌وه‌ی هێڵه گشتیه‌کانی سۆسیالیزم بووم، باش به سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا زاڵ بووم. له‌و کاته‌وه به‌رده‌وام لایه‌نگری ویسته دیموکراتیک و مافه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردان بووم.
چۆن فێری زمانی کوردی بوون؟
به سه‌ر زمانی کوردی‌دا زاڵ نیم. هێشتا قوتابیم. ئه‌مه به قه‌رزێک ده‌زانم له سه‌ر خۆم.
مرۆڤێکی وه‌ک ئێوه بۆچی ده‌یه‌وێ ببێته په‌رله‌مانتار؟
له سه‌ر بنه‌مای ویست و داخوازی نه‌بوومه به‌رئه‌ندام. به‌ره‌ی دیموکراسی و ئازادی دروست بوو. ١٧ پارتی چه‌پی سۆسیال و ڕێکخراوی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی کۆبوونه‌وه و ئه‌مانه له سه‌ر کاندیدکردنی چه‌ندین ناو هاوده‌نگ بوون. یه‌کێک له‌و ناوانه من بووم.
هه‌ندێک که‌س ده‌ڵێن خۆزگه درێژه‌ت به نووسین دابا و به‌مجۆره خزمه‌تێکی باشترت به‌م قۆناغه ده‌کرد.
ئه‌وان شاره‌زای نووسینه‌کانم هه‌ن، به‌ڵام هێشتا په‌رله‌مانتاری منیان نه‌بینیوه. به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست بده‌مه پێنوس، ئه‌وانه ده‌یانگوت "تۆ سینه‌ماکاری، چ ئیشت به گۆشه‌نووسی داوه؟". به‌ڵام ئه‌وکاتیش نه‌یانده‌زانی من چۆن گۆشه‌نووسێک ده‌بم. گه‌ل ته‌نیا ئاماژه‌یه‌کم پێ بدا، نیشانتان ده‌ده‌م چۆن په‌رله‌مانتارێک ده‌بم.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕادیکاڵ