مێهرداد فه‌ره‌همه‌ند
له فارسییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
ده‌گوترێ کورده‌کان له ئێران، عێراق و تورکیا ده‌ژین، ناوی کورده‌کانی سوریاش به گوێی زۆر که‌س گه‌یشتووه و هه‌ن که‌سانێک که ئاگایان له کورده‌کانی قه‌فقازیاش هه‌یه، به‌ڵام کوردی لوبنانی ناونیشانێک نییه ئاشنای خه‌ڵکی بێ.
ژماره‌ی کورده‌کانی لوبنان ده‌گاته چل هه‌زار که‌س که ده‌یان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی تورکیا و باکووری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاوه کۆچبه‌ری لوبنان کراون و به گشتی زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان له به‌یروت نیشته‌جێن، به‌ڵام سه‌ده‌یه‌ک تێپه‌ڕیوه تا ئه‌و کوردانه بوونه‌ته لوبنانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا کۆمه‌ڵێک کورد له‌و وڵاته ده‌ژین که نه ڕه‌گه‌زنامه‌ی لوبنانیان هه‌یه و نه هاووڵاتی ده‌وڵه‌تێکی ترن.
کورده‌کانی لوبنان چه‌ند ئه‌نجومه‌ن و کۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازییان هه‌یه که ماوه‌ی سێ ساڵه له ته‌نیشت زناری ''روشه'' له که‌ناره‌کانی به‌یروت جه‌ژنی نه‌ورۆز به‌ڕێوه ده‌به‌ن. جگه له کورده‌کانی لوبنان، کورده‌کانی سوریاش به‌شداری له‌م جه‌ژنه‌دا ده‌که‌ن که زۆربه‌یان بۆ کرێکاری ڕوویان کردۆته لوبنان.
نه‌ورۆزێکی سیاسی
له وڵاتی سیاسه‌ت لێدراوی لوبنان، جه‌ژنی نه‌ورۆزی کورده‌کانیش بۆن و به‌رامه‌یه‌کی سیاسی لێوه دێ: ئاڵای تاکه ده‌وڵه‌تی خودموختاری کورده‌کانی جیهان که له باکوری عێراق دامه‌زراوه، له ناو مه‌راسیمه‌که‌دا خۆ ده‌نوێنێ و به هه‌مان شێوه‌ش، ئاڵای پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌که‌که) و وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، سه‌رۆکی به‌ندکراوی ئه‌و حزبه ده‌بینرێ، هه‌روه‌ها وێنه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆکی حکومه‌تی خودموختاری کوردستانی عێراق و ئاڵای دیکه‌ی حزبه‌کانی کورد له ده‌ستی به‌شداربوواندا ده‌شه‌کێته‌وه.
یه‌کێک له به‌شداربووان، سیاسی بوونی جه‌ژن به ڕیشه‌ی مێژوویی نه‌ورۆز ده‌به‌ستێته‌وه و ده‌ڵێ: نه‌ورۆز بۆ ئێمه‌ی کورد، بیرهێنه‌ره‌وه‌ی ڕۆژێکه که تیایدا کاوه‌ی ئاسنگه‌ر ڕیزه‌کانمانی یه‌ک خست و پاشای زاڵمی ئه‌و کاتی له‌و ڕۆژه‌دا له‌ناو برد. هه‌ندێک له به‌رپرسانی حکومی، به‌شداری جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵی کورده‌کان له به‌یروت بوون. نوێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل و حزبوڵڵا که کورده‌کانی لوبنان له ڕوانگه‌ی سیاسیه‌وه زیاتر له حزبه‌کانی تر پشتگیری لێده‌که‌ن، وته‌یان پێشکه‌ش کرد، یه‌کێکی تر له وتاربێژانی جه‌ژنه‌که، عومه‌ر به‌رزه‌نجی، نوێنه‌ری عێراق بوو له لوبنان که خۆیشی کورده و له قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که نه‌ورۆز له ٢٧١١ ساڵ له‌وه پێشه‌وه، جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌کانه.
مێژووی کورده‌کان له لوبنان
وێده‌چێ کورده‌کان یه‌که‌مجار دوابه‌دوای له‌شکه‌رکێشیه‌کانی هه‌خامنشیان ڕوویان کردبێته که‌ناره‌کانی ده‌ریای مه‌دیته‌رانه؛ به‌ڵام له سه‌ده‌ی دوازده‌ی زایینی‌دا (شه‌شه‌می کۆچی) به‌دڵنیاییه‌وه باس له حزوری کورده‌کان له ناو خاکی لوبنان کراوه، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و کاته‌ی که سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی، سه‌رکرده‌ی کورد، فه‌رمانده‌ی سوپای موسڵمانه‌کان بوو له شه‌ڕی خاچپه‌رسته‌کاندا.
سه‌لاحه‌دین، حکومه‌تی فاتمییه‌کانی له میسر و شام ڕووخاند و ده‌وڵه‌تی ئه‌یوبیانی دامه‌زراند و هه‌ندێک بنه‌ماڵه و خێزانی کوردی کرده ده‌سه‌ڵاتداری ناوچه جیاجیاکانی شام. مملوکییه‌کانیش که دوابه‌دوای ئه‌یوبییه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، له پێناو پاراستنی سنوره‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان سودیان له هۆزه‌کانی کورد وه‌رگرت و به‌مجۆره گروپێ له کورده‌کان له باکووری لوبنان نیشته‌جێ بوون، له‌سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای عوسمانیشدا ژماره‌یه‌ک له‌و حاکمانه‌ی له‌ناوچه‌که ده‌سه‌ڵاتیان پێده‌درا، کورد بوون.
ده‌ربه‌ند و چیا سه‌رکه‌ش و هه‌زار به هه‌زاره‌کانی لوبنان هه‌روه‌ها په‌ناگای ئه‌و کوردانه بوو که دژی عوسمانییه‌کان یاخود ده‌سه‌ڵاتداره خۆجێیه‌کان ڕاده‌بوون، به‌ناوبانگترینیان بنه‌ماڵه‌ی ''جان پۆلاد'' بوو که چوارسه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڕایانکرده ده‌ربه‌ندی شوف، ڕوویان کرده ئایینی دروزی و تایفه‌ی ناوداری جونبلات، له نه‌وه‌کانی ئه‌وانن.
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری پاشماوه‌ی ئه‌و تایفه کوردانه‌ی ئه‌و کات کۆچبه‌ری لوبنان بوون، ئێستاش هه‌ست به کوردبوونی خۆیان ده‌که‌ن، به‌ڵام شوێنه‌وارێک له زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی له نێویاندا نه‌ماوه و به یه‌کجاره‌کی بوونه‌ته عه‌ره‌ب.
ئه‌و کوردانه‌ی هێشتاش کوردن
کۆمه‌ڵگەی ئێستای کورده‌کانی لوبنان، له‌و کوردانه به‌جێماون که له ئاخرو ئۆخری ته‌مه‌نی ئیمپراتۆریای عوسمانی و سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تورکیای نوێ له دژی تورکه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا و سه‌رکوت کران و ڕایانکرد. ژماره‌یه‌کیشیان ساڵانی دواتر به هۆی سیاسی و ژیانی ئه‌سته‌م له ناوچه کوردنشینه‌کانی تورکیا، هاتوونه‌ته لوبنان.
هه‌ندێک له کورده‌کانی دانیشتوی لوبنان له تورکیا له‌دایک بوون. ئه‌م به‌شه له کورده‌کانی لوبنان، هه‌وڵیان داوه فه‌رهه‌نگ و زمانی خۆیان بپارێزن، ئه‌گه‌رچی تێپه‌ڕبوونی زه‌مان و زه‌ماوه‌ند له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌کان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م زمان و فه‌رهه‌نگه هێدی هێدی له ناو بچێ و ئێستاکه ئیتر ژماره‌یه‌کی زۆر له کورده‌کانی لوبنان ناتوانن به زمانی کوردی قسه بکه‌ن.
کورده‌کان پاش کۆچکردن بۆ لوبنان، نه‌یانتوانی به ئاسانی له بۆته‌ی کۆمه‌ڵگەی ئه‌و وڵاته‌دا بتوێنه‌وه که بنه‌ماکه‌ی پاڵپشت بوو به پۆلێنبه‌ندی ئایینی.
هه‌تا ساڵی ١٩٥٦ی زایینی، کورده‌کانی لوبنان له مافی شارۆمه‌ندی بێبه‌ری بوون، ته‌نیا به‌شێکی که‌م له‌وان به‌سوود وه‌رگرتن له هه‌وڵ و کۆششی مه‌سیحیه مارۆنیه‌کان بۆ پاراستنی زۆرینه‌ی دانیشتوانی خۆیان، توانیان مافی شارۆمه‌ندی وه‌ربگرن، به‌ڵام له ژێر ناوی مه‌سیحی مارۆنی و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی کورده‌کان خۆیان موسڵمانن و ناوه‌کانیان ئیسلامیه، له ناسنامه‌دا ئاینیان به مه‌سیحی مارونی له قه‌ڵه‌مدراوه و له سۆنگه‌ی یاساییه‌وه، لایه‌نگری ڕێوشوێنی تایبه‌ت به مه‌سیحیه‌کانن.
ساڵی ١٩٥٦، به‌فه‌رمانی کامیل شه‌معون، سه‌رۆک کۆماری ئه‌و کاتی لوبنان، مافی شارۆمه‌ندی به‌خشرایه نزیکه‌ی شه‌ش هه‌زار کوردی لوبنان و کورده‌کانی تر، جۆره ناسنامه‌یه‌کیان پێدرا که له سه‌ری نووسرابوو ''له ژێر لێکۆڵینه‌وه دایه''، ئه‌م ده‌سته‌یه له کورده‌کان له‌پێناو مانه‌وه‌یان له لوبنان ناچار بوون، ساڵانه پاره‌یه‌ک بۆ مافی مانه‌وه‌یان بده‌نه ده‌وڵه‌ت و هه‌روا له مافی شارۆمه‌ندی بێبه‌ش بون تا دواجار ساڵی ١٩٩٤ فه‌رمانێکی تر له لایه‌ن ئه‌لیاس هراوی سه‌رۆک کۆماری ئه‌وکات ده‌رکرا و مافی مانه‌وه به کورده‌کانی تریش درا. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئێستاش کۆمه‌ڵێک کورد هه‌ن که مافی مانه‌وه‌یان هه‌روا تاوتوێ ده‌کرێ و کۆتایی نه‌هاتوه.
به‌ڵام وه‌رگرتنی مافی شارۆمه‌ندی، سه‌رجه‌م ویست و خواستی کورده‌کانی لوبنانی به‌دی نه‌هێناوه.
که‌مینه‌یه‌ک له‌ناو که‌مینه‌دا
له لوبنان، به‌رپرس و مه‌سئوله حکومی و سه‌ربازیه‌کان، کورسییه‌کانی په‌رله‌مان و ته‌نانه‌ت کارمه‌نده‌کانی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ئایینه جیا جیاکاندا دابه‌ش بوون، کورده‌کان له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی مافی شارۆمه‌ندی وه‌ک موسڵمانی سوننه پۆلێنبه‌ندی کراون، به‌ڵام به هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یان به به‌راورد له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگەی سوننه به گشتی زۆر که‌م بوو، عه‌ره‌به سوننه‌کان به‌شێکی ئه‌وتۆیان پێ ڕه‌وا نه‌دیتن و هه‌لی به‌شداری له ئیش و به‌رپرسیارێتی ده‌وڵه‌تیان بۆ نه‌ره‌خسا.
کورده‌کان ئێستا خوازیاری ئه‌وه‌ن به وێنه‌ی ئه‌رمه‌نییه‌کان و ئاشوورییه‌کان وه‌ک که‌مینه‌یه‌کی ئه‌تنیکی دانیان پێدا بنرێ، له په‌رله‌مان و شۆڕای خۆجێیدا کورسی تایبه‌تیان بۆ ته‌رخان بکرێ و له ئیش و پۆسته‌کاندا به‌شی تایبه‌تی خۆیان هه‌بێ.
له لوبنان، کردنه‌وه‌ی قوتابخانه و زانکۆ به هه‌موو زمانێک ئازاده، به‌ڵام که‌مینه‌کان پێویسته خۆیان له دامه‌زراندنی قوتابخانه و زانکۆ به زمانی خۆیان سه‌رمایه‌گوزاری بکه‌ن، ئه‌وه له کاتێک دایه که کورده‌کان توانایه‌کی ئه‌وتۆی ماددیان بۆ وه‌ها سه‌رمایه‌گوزارییه‌ک نییه و ته‌نیا توانیویانه چه‌ند کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌یه‌ک بۆ پاراستنی فه‌رهه‌نگه‌که‌یان دابمه‌زرێنن و هه‌ندێک کورسی تایبه‌ت به ڕاهێنانی زمانی کوردی به مناڵان بکه‌نه‌وه.
له ڕوانگه‌ی سیاسیه‌وه، کورده‌کان به گشتی لایه‌نگری حزبگه‌لی شیعه وه‌ک حزبوڵڵا و بزووتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌لن و وێده‌چێ ناهومێدبونیان له کۆمه‌ڵگەی سوننه که خۆێشیان سه‌ر به‌وانن، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا بێ کاریگه‌ر نه‌بووبێ.
به‌هائه‌دین حه‌سه‌ن، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازی کورده‌کانی لوبنان ده‌ڵێ: له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا پێمان ده‌ڵێن ئێوه برای ئێمه‌ن و خاوه‌ن مافن و پێویسته مافتان پێ بدرێ، من ده‌ڵێم مافی من ئه‌و کورسیه‌یه که له‌سه‌ری دانیشووی.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا، ژیان له‌وڵاتێکی وه‌ک لوبنان، کۆمه‌ڵێک خاڵی ئه‌رێنی بۆ کورده‌کان هه‌یه که له ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا به‌ده‌گمه‌نه یان ته‌نانه‌ت به‌دی ناکرێ، له کام وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین کورده‌کان ده‌توانن وا به ئاسوده‌یی له ژێر وێنه‌ی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان و ئاڵای حزبه‌که‌ی هه‌ڵپه‌ڕن و دروشم بده‌ن، یاخود ئاڵای ده‌وڵه‌تی کوردی عێراقی که ده‌وڵه‌تێکی ده‌ره‌کییه، به‌رز بکه‌نه‌وه و به مه‌سعود بارزانی بڵێن سه‌رۆک، هیچکه‌سیش ته‌نانه‌ت بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که ناڕه‌زایه‌تیان له به‌رامبه‌ر ده‌رببڕێ.
سه‌رچاوه: بی بی سی
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر