سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
کاتی خۆی له‌جه‌نگه‌ی شه‌ڕی براکوژی نێوان یه‌کێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستاندا وتاری نووسه‌رێکم خوێنده‌وه له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی شه‌ڕ و هێزه‌کانی پشت‌په‌رده که وه‌بیرم نایه نووسه‌ره‌که‌ی کێ بوو، به‌ڵام بە بیرم دێ ئاماژه‌ی به‌وه کردبوو که یه‌کێتی نیشتمانی له‌و شه‌ڕه‌دا بۆته دارده‌ست و شوبهاندبووی به پشیله که ده‌یانه‌و‌ێت مشکی پێ بگرن. نووسه‌ره‌که سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاکێشابوو که له‌وانه‌یه هاوپه‌یمانانی یه‌کێتی نیشتمانی بۆ شه‌ڕ دژی پارتی کرێکاران، ته‌نانه‌ت دژی ئه‌و حزبه و سه‌رکردایه‌تیه‌که‌شی (یه‌کێتی) بن، به‌ڵام به هێنانه‌وه‌ی په‌ندێکی کۆن که "پشیله ڕه‌ش بێت یان سپی، گرنگ نییه، گرنگ ئه‌وه‌یه مشک بگرێت"، ڕووداوه‌کانی شی کردبۆوه.
چه‌ند مانگ له‌وه پێش دیسان ئه‌م په‌نده له‌به‌ر چاوم زه‌ق بوویه‌وه، کاتێک سه‌رۆککۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی، له‌به‌رامبه‌ر داخوازی تورکیا بۆ ڕاده‌ستکردنه‌وه‌ی کادیرانی په‌که‌که و به‌تایبه‌ت سه‌رانی ئه‌و حزبه، هه‌ڵوێستی نواند و وتی "ته‌نانه‌ت پشیله‌یه‌کی کوردیش ته‌سلیم به تورکیا ناکه‌ینه‌وه"، ئه‌و قسه‌یه‌ی مام جه‌لال له‌ناو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی و تورکیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو و منیش به‌خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که، بێ ویستی خۆم بزه‌یه‌ک نیشته سه‌ر لێوم. بزه بۆ ناوه‌ڕۆکی خودی قسه‌که و هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی پشیله له‌ناو سه‌رجه‌م ئاژه‌ڵانی تردا.
به‌هه‌ر حاڵ هه‌م له‌دڵدا ئافه‌رینێک و هه‌م له‌نه‌ستدا، دوودڵی و گومانێک قه‌تیس ما. چونکه به‌گوێره‌ی وته‌ی ڕۆژنامه‌نووسێکی بیانی، مام جه‌لال له ڕیزی ئه‌و سه‌رۆکانه‌یه که له‌به‌رامبه‌ر قسه‌کانی خۆی به‌رپرسیار نییه و زۆرترین ناکۆکی و ڕه‌تکردنه‌وه له هه‌ڵوێسته‌کانیدا به‌دی ده‌کرێت. ئه‌و قسانه به‌گوێره‌ی هه‌لومه‌رج له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی دیکه ده‌گۆڕێن و چه‌ند مانگی به‌سه‌ردا تێناپه‌ڕێ که له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی سه‌رۆککۆماری یا خودی سه‌رۆککۆماره‌وه به‌درۆ ده‌خرێنه‌وه.
له‌وانه‌یه سه‌رۆککۆمار وا هه‌ست بکا هه‌موو که‌سێک وه‌ک خۆی فه‌رامۆشکاره، یان له‌و کاته‌دا بیری له‌وه نه‌کردبێته‌وه که له ئه‌نکه‌ره ڕۆژنامه‌نوسێکی تورک به‌ربینگی پێ ده‌گرێت و لێی ده‌پرسێ؛ ئایا ده‌کرێت ئه‌و هه‌ڵوێسته‌مان بۆ ڕوون بکه‌یته‌وه که له وه‌ڵامی داخوازی تورکیادا گوتت من ته‌نانه‌ت پشیله‌یه‌کی کوردیش ته‌سلیم ناکه‌مه‌وه؟ سه‌رۆککۆماریش زۆر ناشیانه، نکۆڵی له قسه‌که‌ی خۆی بکات و بڵێ؛ ئێوه به هه‌ڵه تێگه‌یشتوون من گوتوومه پشیله‌ی عێراقی نه‌ک پشیله‌ی کوردی!
که‌واته پشیله‌ی کوردی ته‌سلیم ده‌کرێته‌وه.
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی ناکۆکیی نێوان قسه‌کانی مامجه‌لال شتێکی سه‌یر بێ و هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بکرێ، ئه‌و وته‌یه‌ی سه‌رنجڕاکێشه که ئێمه هاووڵاتیانی عێراقی ته‌سلیم به تورکیا ناکه‌ینه‌وه و ئه‌مه پێچه‌وانه‌ی یاسای بنچینه‌یی عێراقه.
ئاوه‌ژووکردنی ئه‌م وته‌یه به‌م ئه‌ندازه‌یه ده‌بێته مایه‌ی پێکه‌نین؛ بۆ کام وڵات هاووڵاتیانی خۆی ته‌سلیم به وڵاتێکی دراوسێ ده‌کاته‌وه؟ به دووریش نییه دیپلۆماسی و سیاسه‌تی مامجه‌لال بۆ ڕازیکردنی دڵی وڵاتانی دراوسێ و دۆست، له‌ئه‌نجامدا ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ژیانی هاووڵاتیانی عێراقیش.
ئاخۆ گه‌ر د. مه‌حمود عوسمان و مه‌سرور بارزانی که له‌ناو لیستی داواکراوانی تورکیادا بوون، هاووڵاتییه‌کی ئاسایی بوایه‌ن، چ چاره‌نووسێکیان به‌سه‌ر ده‌هات؟
ناکرێ هه‌موو شتێک پاساوێکی سیاسی یاخود دیپلۆماسی بۆ بهێنرێته‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی لایه‌نگران و ده‌وروبه‌ری مام جه‌لال ده‌یکه‌ن، ئه‌م قسانه ئه‌گه‌ر له کرده‌وه‌شدا هه‌ڕه‌شه نه‌بێ بۆ سه‌ر ژیانی سه‌دان خه‌باتگێڕ و په‌نابه‌ر، جۆرێک له نه‌فس‌نزمی و بێ‌متمانه‌یی دروست ده‌کات.. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ندێکجار له پراتیکدا نابنه هه‌ڕه‌شه، ئه‌وه له ئه‌نجامی خۆش‌نییه‌تی به‌رامبه‌ره‌که نییه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه هه‌یه که له‌ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و به‌ده‌ره.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر به جارێک شۆڕشگێڕان ته‌سلیم و سنوورداشیان ناکات، تا ئه‌و جێگایه‌ی له ده‌ستی بێت، کوردستانیان لێ ده‌کاته دۆزه‌خ. ئه‌گه‌ر قۆڵبه‌ستیان ناکات، ده‌مبه‌ستیان ده‌کات. ئه‌گه‌ر سیاچاڵه‌کانیان پێ پڕ ناکا، زیندانێکی گه‌وره‌تریان له‌ناو وڵاته‌که‌یدا بۆ دروست ده‌کات.
له کوردستانی عێراق، هێشتاش ڕه‌وتی ژیان به پێی یاساکانی جه‌نگه‌ڵ ده‌ڕواته پێش. کێ لاواز بوو مه‌حکوومه به مه‌رگ و کێ به‌هێز بوو، قسه‌ی یه‌که‌م ده‌کا... ماسییه گه‌وره‌کان، ماسییه بچووکه‌کان ده‌خۆن، گورگه‌کان، په‌ز هه‌ڵده‌دڕن و بێگومان پشیله‌کانیش له بازنه‌ی ئه‌م سووڕی مانه‌وه‌یه به‌ده‌ر نین.