‏نمایش پست‌ها با برچسب عیزه‌ددین حوسێنی. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب عیزه‌ددین حوسێنی. نمایش همه پست‌ها

۱۴۰۰/۱۱/۰۳

"دیکتاتۆرێک بە ناوی ئیسلام"



وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

ئەم وتووێژەی خوارەوە لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی لە کاتی سەفەرێکی بۆ پاریس لە تشرینی یەکەمی ١٩٨٢دا کراوە. ئەمە یەکەم سەفەری دەرەوەی ئێرانی شێخ بوو و ناوبراو هەلی مانەوە لە پایتەختی فەرەنسای قۆستەوە بۆ ئەوەی بچێتە دەر و چاوێک بە شاردا بخشێنێ. "بە پێچەوانەی خومەینی، کاتێک کە لێرە بوو"، شێخ وای گوت. دواتر، ساڵی ١٩٨٢، لە کاتێکدا پێکدادانی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی کورد و هێزەکانی حکومەتدا درێژەیان هەبوو، شێخ عیزەددین حوسێنی گەڕایەوە کوردستانی ئێران. - فرێد هالیدەی


بۆچوونتان دەربارەی پەیوەندیی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی ناوەندی دوای شۆڕش چۆنە؟
ویستی خودموختاری دەگەڕێتەوە بۆ پێش شۆڕش. کوردەکان ڕۆڵێکی گرنگیان لە شۆڕشدا گێڕا و بەشداریان تێدا کرد، چونکە پێیان وا بوو لە ڕژێمی نوێدا ڕێز لە مافەکانیان دەگیردرێ. ئەوان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە دانوستان دەتوانێ گرفتەکانی بەردەم چارەسەر بکا.
چەند ڕۆژ پاش [سەرکەوتنی] شۆڕش، یەکەمین لیژنەی دەوڵەت هاتە شاری کوردیی مەهاباد. ئێمە لەوێ بەرنامەیەکی هەشت خاڵیمان پێشنیار کرد، بەڵام زۆری نەبرد شەڕ لە سنە هەڵگیرسا. بۆیە لەسەر بانگهێشتی دەوڵەت، من ڕۆیشتمە تاران و قوم، لەوێ چاوم بە ئایەتوڵڵا خومەینی و ڕێبەرەکانی تر کەوت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان دا تاکوو ئەم کێشەیە لە ڕێگەی سیاسییەوە چارەسەر بکەین. لێ ڕژێم لەوە پاشڤەڕۆتر بوو کە گرفتەکان چارەسەر بکا. ئەوان دژی نەتەوە و ئایینی ئێمەن، ئەخر زۆرینەی کوردەکانی ئێران موسڵمانی سوننەن.

هێرشی ئێستای دەوڵەت بۆ سەر کوردستان چ خەسڵەتێکی هەیە؟
ئەم هێرشە لە گشت هێرشەکانی پێشوو سەختترە. ئەو دوو لەشکرەی بە شێوەیەکی ئاسایی لە کوردستان هەن، لەشکری ٦٤ی ورمی و ١٢٨ی سنە، لە لایەن دوو لەشکری تر لە قەزوێن و تەورێزەوە بەهێز کراون. پاسدارەکان و ئەندامانی بەسیجیش بە هەمان شێوە ڕەوانەی ناوچەکە کراون. ئەوان لەسەر ڕێگای پیرانشار - سەردەشت خەریکی پێشڕەوین تا ناوچە ئازادکراوەکان گەمارۆ بدەن، دەیانەوێ لە دنیای دەرەوەمان داببڕن و بە قازانجی خۆیان، ڕێگایەک بەرەو سنووری عێراق بکەنەوە.

ئایا هەوڵ دەدەن کوردەکان بێننە سەر مەزهەبی شیعە؟  
دەستووری بنەڕەتی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعەیە و تێیدا شوێنێک بۆ سوننەکان بەدی ناکرێ. ئەوان کەس ناچار ناکەن دین بگۆڕێ، بەڵکە زیاتر هەوڵ دەدەن هەلومەرجێک بخوڵقێنن کە هەموو ئێرانییەکان ڕوو لە ئایینی شیعە بکەن. لەو ناوچانەی کوردستان کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوان دان، مامۆستای قوتابخانەکانیان گۆڕیوە و ئەندامانی سوپای پاسدارانی شۆڕشیان لە جێ داناون، ئەوانەی ئێمە پێیان دەڵێین مامۆستا - پاسدار. هاوکات، بەرپرسیارێتیی کاروباری ئایینی لە کوردستان خراوەتە ئەستۆی ئاخوندە شیعەکان و قوتابخانەیەکیان بۆ ڕاهێنانی ئاخوندە شیعەکان لە ورمێ کردووەتەوە.

کاتێک چاوتان بە خومەینی کەوت، ئایا گوێی لە قسەکانی ئێوە گرت؟
من لە ژوورێکی گەورە چاوم بە خومەینی کەوت. ئەو هاتە ژوور، دەستی گوشیم و بەخێرهاتنی کردم. چەند پیاوێکی ئایینی تریشی لەگەڵ بوو. یەکەم، ئێمە دەبێ دەستوورێکی بنەڕەتیی ئیسلامیمان هەبێ، نەک دەستوورێکی تایبەت بە شیعە یان سوننە. دووهەم، داوای خودموختاری بۆ کوردستانم لێ کرد. وەڵامەکانی زۆر گشتگیر بوون. ئەو پێی گوتم لە ئێران زوڵم لە هەموویان کراوە و ئێستا ئیتر شتەکان بەرەو باشی دەڕۆن. لە کاتی ماڵاواییدا، لێواری عەباکەی گرتم و پێی گوتم: "ئاسایشی کوردستانم لە ئێوە دەوێ." ئەمنیش عەباکەی ئەوم گرت و گوتم: "منیش خودموختاری کوردستانم لە ئێوە دەوێ." دوای ئەم کۆبوونەوەیە لە نیسانی ١٩٧٩، تێگەیشتم کە نایەوێ هیچ شتێکمان پێ بدا.

وەک ڕێبەرێکی ئایینی، بۆچوونتان لەسەر بیرۆکەی دەوڵەتی ئیسلامیی خومەینی و چەمکی ولایەتی فەقیه‌ چییە؟
گەلەک دەوڵەت لە ڕابردوودا بانگەشەیان کردووە کە بە ناوی ئیسلامەوە دەجووڵێنەوە، بەڵام لە ڕاستیدا هیچکامیان ئیسلامی نەبوون. لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بە هەردووک دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانی بکەین؛ لەم دواییانەشدا، نموونەی خومەینیمان لە ئێران هەیە. ئەمانە دەمارگرژن و ئیسلام و ڕۆحەکەیان لەناو بردووە. ئەوەی لێرەدا هەمانە، دەوڵەتێکی ئایینی نییە، بەڵکە دیکتاتۆرێکە بە ناوی ئیسلام. ئەوان ناوی ئایین بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ سەرکوت بکەن و خەڵکیش ئەمە دەزانن. لە ئیسلامی سوننەدا، وەک ڕێبەری سیاسی ئیمام و نایب ئیماممان نییە. ڕۆڵی پیاوانی ئایینی ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی خەڵکە بۆ ناسینی خودا. هەروەها بەشێک لە مەلاکانی شیعە، چەمکی وەلایەتی فەقیهی خومەینی ڕەت دەکەنەوە. ئەمە ڕژیمێکی ئیسلامی نییە.

پێتان خۆشە چ جۆرە حکومەتێک لە ئێراندا ببینن؟
پێش هەموو شتێک، هەر جۆرە حکومەتێک کە بێتە گۆڕێ، دەبێ لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرێ. من لایەنگری کۆمارێکی دیموکراتیکم کە تێیدا هەموو ئێرانییەکان، بە هەموو نەتەوەکانەوە، لە دەستووری بنەڕەتیدا پێکەوە یەکسان بن؛ حکومەتێک کە تێیدا هەموو بڕوا ئایینییەکان و بیروبۆچوونەکان ئازاد بن و دان بە ئازادی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسیدا بنرێ. هەموو حکومەتە ئاینییەکان بە دیکتاتۆری کۆتاییان دێ و دین دەبێتە ئامرازێک بۆ زەبروزەنگ، کوشتار، بڕین و سێدارە بە ناوی خوداوە. حکومەتێک ئەگەر دیموکراتیک بێ، مافی نەتەوایەتی و خودموختاری بە کوردەکان دەدا.

لە کوردستان دوو هێزی سیاسیی سەرەکی هەن: حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە. دوای شۆڕش لەناو ئەم دوو هێزەدا دووبەرەکی دروست بووە. ئێوە خۆتان زیاتر لە کۆمەڵە نزیکن. چ هەڵوێستێکتان دەربارەی ئەوان هەیە؟
من وەک کەسایەتییەکی سیاسی، سەر بە هیچ کام لەو ڕێکخراوە سیاسییانە نیم کە لە کوردستان هەن. لەگەڵ هەردووک لادا پەیوەندیی گەرموگوڕم هەیە. ڕێژەی نزیکبوونەوەم لەوان، پەیوەندیی بە ئاستی خەباتی ئەوانەوە هەیە دژ بە رژێمی خومەینی. هەتا ئەوان لەسەر ئەو تێکۆشانە شێلگیرتر بن، من پتر لێیان نزیک دەبمەوە. حدکا و کۆمەڵە دوو هێزی سەرەکین لە کوردستان، ئەوان لەسەر دوو خاڵی هاوبەش پێکەوە کۆکن کە ئەمنیش لەگەڵیان هاوڕام: خەبات لە پێناو ڕووخانی ڕژێمی خومەینی و خودموختاری بۆ کوردستان. من بەردەوام پێشوازیم لە هاوکاریی نێوان ئەم دوو گرووپە کردووە و ئێستا، هاوئاهەنگیی نێوانیان لە چاو جاران زیاتر بووە. بۆ یەکەم جار، لە ناوچەی سەردەشت - پیرانشار، بارەگایەکی سەربازیی فەرماندەریی هاوبەشیان دامەزراندووە. من پەیوەندیی ڕاستەوخۆم لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکی کورد هەیە و پشتیوانی لەو ڕێکخراوانە دەکەم کە لە پێناو خەڵکدا تێدەکۆشن.

ئێوە هێشتا تێکەڵ بە شۆرای میللی بەرگری نەبوون، لە کاتێکدا حدکا ئەم کارەی کردووە. چ هەڵوێستێکتان بەرامبەر بە شۆرای میللی بەرگری هەیە؟
موجاهدین[ی خەلق] ڕێکخراوێکی ئایینییە و لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە خاڵی هاوبەشمان پێکەوە هەیە. دیارە ئەوان شیعەن، بەڵام ئێمە پشتیوانی لە خەباتەکەیان دژ بە ڕژێمی خومەینی دەکەین. من لەگەڵ موجاهدین و زۆر ئەندامی تری شۆرای میللی بەرگری پەیوەندیی دۆستانەم هەیە. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک ڕەخنەم لە بەرنامە و پێکهاتەی ئەوان هەیە.

یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی شۆڕشی ئێران، پەیوەندیی نێوان سۆسیالیزم و ئیسلامە. ژمارەیەک - هەم موسڵمان و هەم سۆسیالیست - پێیان وایە ناکۆکییەکی لە ئاشتی نەهاتوویان لە نێواندا هەیە.

سۆسیالیزم لەگەڵ هەلومەرجی هەنووکەیی ئێراندا ناگونجێ. ئێمە ئێستا لە قۆناغی دیموکراسی داین. بۆ ڕەخساندنی هەلومەرجەکانی گەیشتن بە سۆسیالیزم، پێویستیمان بە دیموکراسی هەیە. بە بۆچوونی کەسیی من، پەرگالی ئابووریی سۆسیالیستی لەگەڵ ئیسلام ناکۆکی نییە، بەڵام من بڕوام بە بنەما فەلسەفییەکانی سۆسیالیزم نییە. کەواتە، هەرچەند ڕۆحی ئیسلام و سۆسیالیزم پێکەوە ناکۆک نین، پێم وا نییە لە ئێران ئێستا سۆسیالیزم لە بەرنامەی کار دابێ.

دەربارەی سیاسەتەکانی زلهێزەکان لەمەڕ ئێران چۆن بیر دەکەنەوە؟
هێزە گەورەکان هیچ جێگرەوەیەکیان بۆ خومەینی نییە و هێشتاش پێیان وایە کە خومەینی هەندێک کار دەکا.

چ تێڕوانینێکی تایبەتتان لەسەر هەڵسوکەوتی سۆڤییەت هەیە؟
ئێمە نەتەوەیەکی چەوساوەین و سپاسبژێری هەر کەسێک دەبین کە یارمەتیمان بدا. لێ ئێمە هیچ هیوایەکمان بە سیاسەتەکانی سۆڤییەت نییە. گەلەک جاران گوتوویانە دەیانەوێ داکۆکیمان لێ بکەن، بەڵام دوایی دەرکەتووە کە جددی نین. هەر کەس بڵێ پشتیوانیمان لێ دەکا، ئێمە خۆشحاڵ دەبین، بەڵام هاوکات زۆریش بەپارێزین.  

چلۆن وەک کەسایەتییەکی ئایینی تێکەڵ بە چالاکیی سیاسی بوون؟
من ساڵی ١٩٢١ لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە بانە لەدایک بووم. وەکوو سەرجەم فێرخواز و فەقێیەکانی تر، لە مزگەوتەکانی کوردستان، لە لای پیاوانی ئایینی و وانەبێژ وەبەر خوێندن نرام. بنەماڵەی خۆیشم تەواو خوێندەوار بوون. من سەرەتا "زانستە کۆنەکان"ی ئایینم تەواو کرد. بۆ بابەتە جڤاکی و سیاسییەکانیش ناچار بووم خۆم بە تەنیایی بیانخوێنم. ماوەی نزیکەی سی ساڵ، بە تایبەتیش لە مەهاباد وانەی ئایینیم گوتەوە و هەوڵم داوە سەرەدەر لە ڕاستینە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێران دەربکەم. لەبەر ئەمەش، لە ناو ئاخوندە دەمارگرژەکاندا دوژمنم بۆ خۆم دروست کرد، بەڵام توانیم خۆشەویستی خەڵک بەدەست بێنم. چالاکیی سیاسیم بە ئەندامێتی لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد، ژێکاف کە ساڵی ١٩٤٢، پاش ڕووخانی ڕژێمی ڕەزا خان لە لایەن ڕۆشنبیرانی کوردەوە دامەزرابوو، دەستی پێکرد. پاشان، دژ بە ڕژێمی شا چالاک بووم و پەیوەندیی گەرموگوڕم لەگەڵ بزووتنەوەی چەکدارانەی کوردەکان لە ساڵانی ١٩٦٧ و ١٩٦٨دا هەبوو. لە سەردەمی شادا، لە ماڵەکەم لە مەهاباد، لەگەڵ ڕۆشنبیران و لایەنە شۆڕشگێڕەکانی تری نەیاری شار کۆ دەبوومەوە.

ئێوە چ وانەیەکتان لە کۆماری مەهاباد کە ساڵی ١٩٤٦ بە پشتیوانیی سۆڤییەت لە کوردستان دامەزرا و هەروەها لە هەڵوەشانەوەکەی وەرگرت؟
بە گشتی، باش بوو. فەرهەنگی کوردەکان پەرشوبڵاو بوو و ئەمە کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر دانا. کێمایەسیی سەرەکی ئەوە بوو کە حکومەت لە ڕیزە باڵاکانی کۆمەڵگە - چینی بوڕژوا، فیۆداڵ و پیاوانی باڵادەستیی ئایینی - پێک هاتبوو. کۆمەڵەی ژێکاف هەر لە سەرەتاوە خۆشەویستیی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵانی خەڵک بوو، بەڵام مەردم، لەبەر خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەکەی فرە هومێدیان بە کۆمار نەبوو. جگە لەمە، خاکی کۆمار، ڕێژەیەکی زۆر بچووکی کوردستانی لە خۆوە دەگرت. جیاوازییەکی زۆر گەورە لە نێوان جووڵانەوەکەی مەهاباد و بزووتنەوەی نوێدا هەیە. بزووتنەوەی ئەمڕۆ زۆر زۆر قووڵتر و بەرفرەترە و هەموو شوێنێک لە خۆیەوە دەگرێ. هەروەها ئێستا ژنانیش ڕۆڵێکی زۆر گرنگیان هەیە، لە کاتێکدا ساڵی ١٩٤٦ ئەو ڕۆڵەیان نەبوو.

ئەمە پرسێکی بنەڕەتی پەیوەندیی ئیسلام لەگەڵ کۆمەڵگە پێک دێنێ. چ تێڕوانینێکتان لەسەر پێگەی ژنان هەیە؟
من بڕوام بەو شتە هەیە کە شەریعەتی ئیسلام دەربارەی ژنان بڕیاری لەسەر داوە. ژن لەگەڵ پیاو یەکسانە، بەڵام مرۆڤ دوو دیوی هەیە. ئەگەر ژن پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، کۆمەڵگە بە گشتی هیچ پێشکەوتنێک بە خۆیەوە نابینێ. ژنان منداڵەکان پێدەگەیەنن و ئەگەر بێت و پاشکەوتوو بهێڵرێنەوە، ناتوانن منداڵان ڕابێنن. ژنان هەتا زیاتر پێشکەوتوو بن، ئەوەندە بۆ کۆمەڵگە باشترە.

تێڕوانینتان لەسەر پۆشاکی ئیسلامی حیجاب کە ئێستا لە ئێران زۆرەملێیە، چییە؟
من لەگەڵ ڕێگای ناوین دام. من پشتیوانی لە ئازادی و ڕزگاریی ژنان دەکەم و لە دژی فەرمانەکانی خومەینی بۆ داپۆشینی ژنانم. من پێم وایە پیاوان دەتوانن جەستەی ژنان ببینن. لێ من دژایەتیی ئانارشیزم بۆ ژنان دەکەم. ژنان هاوکات هەم دەبێ هێمای کەرامەت و هەم دەبێ ئازاد بن.  

سەرچاوە:
"“A Dictatorship Under the Name of Islam”," Middle East Report 113 (March/April 1983).

۱۴۰۰/۱۰/۲۴

"ئاخوندەکان دەستیان بەسەر شۆڕشدا گرتووە"




وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی

عەبدولڕەحمانی قاسملوو سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک)ی ئێرانە. ئەو نووسەری کوردستان و کورد (١٩٦٥) و گرفتەکانی پەرەسەندنی ئابووری لە وڵاتانی ڕوولەگەشە (١٩٦٩)یە. لە ١٩٦٠ەوە تا ١٩٧٥ لە خوێندنگەی باڵای ئابووری لە پراگ وانەبێژ بووە. مانگی شوباتی ١٩٨١ بە مەبەستی ئەم چاوپێکەوتنە لە ئەوروپا چاوی بە فرێد هالیدەی کەوتووە.

کاربەدەستە ئیسلامییەکان کە ئێستا بەسەر ئێراندا زاڵن، پێ دەچەقێنن کە ئەوان بە تاقی تەنێ [ڕژێمی] شایان ڕووخاندووە. بە بۆچوونی ئێوە، گەلی کورد چ ڕۆڵێکی لە شۆڕشی ١٩٧٨ - ١٩٧٩دا گێڕاوە؟
شۆڕشی ئێران لە لایەن هەموو گەلان و گرۆ سیاسییەکانی وڵاتەوە کراوە. لە ماوەی ساڵانی شۆڕشدا، شاری مەهاباد شانۆی گەلەک پێکدادان بوو کە بە هۆیانەوە دەیان کەس کوژران. هەروەها کوردەکان تەنیا بەشداری خۆپیشاندانەکانی ناوچەکانی خۆیان نەبوون، بەڵکە بە هانای گەلی ئازەربایجانیشەوە چوون و لە خۆپیشاندانەکانی تاران و شوێنەکانی تر، ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا. ئەوەی ئەمڕۆ تووشی بووین، دۆخێکە کە ئاخوندە شیعەکان دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و دەستیان بەسەر شۆڕشێکدا گرتووە کە هەموومان تێیدا بەشدار بووین.

شۆڕشەکە ئێستا تەمەنی دوو ساڵە. دەتوانن بە شێوەیەکی گشتی پێمان بڵێن کە چی بۆ گەلی کورد بە دیاری هێناوە؟

ئێمە تەنیا وەک کورد نا، بەڵکە وەک ئێرانیش قسە دەکەین. خەڵک چوار داواکارییان هەبوو. یەکەم، وڵاتێکی سەربەخۆ، بە ڕێڕەوێکی نوێی ئابووری و سیاسی و بێ هیچ پەیوەند یان بەستراوەییەکی تایبەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دووهەم، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکرات بۆ گەشت ئەو کەسانەی کە بە ڕاستی لە دژی شا شەڕیان کردبوو. سێهەم، داننان بە ڕۆڵی بەرچاوی چینی کرێکار و بەدیهێنانی داخوازییە سەرەکییەکانیان. چوارەم، بە هۆی ئەوەی لە سەدا ٦٠ی حەشیمەتی ئێران فارس نین، نەتەوە نافارسەکان دەبێ مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بەدەست بێنن. لێبەلێ دوای چەند مانگان، مەلاکان دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت و زاڵبوونی خۆیان سەپاند. ئازادییە سیاسییەکان سەرکوت کران. زۆر لەسەر مستضعفین دوان، بەڵام بە کردەوە هیچیان نەکرد. نەتەوەکانیش هیچیان بەر نەکەوت. جووڵانەوەکانی تورکمەن سەحرا و ئازەربایجان خەڵتانی خوێن کران. ساڵێک لەمەوپێش، ئایەتوڵڵا خاقانی، ڕێبەریی ئایینی عارەبەکان قۆڵبەست کرا. تەنیا شوێنێک کە گەل توانی خۆڕاگری بکا، کوردستان بوو و لێرەش شەڕ ڕووی دا. لە مەسەلەی خەبات دژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش هیچ دەستکەوتێکمان نەبوو. تەنیا کارێک کە بە گرتنی بارمتەکان توانیمان بیکەین، ئەوە بوو کە هاوڕێیانێکی زیاترمان لە کیس خۆمان دا. ڕای گشتیی دنیا دژ بە ئێمە وەخۆ کەوتووە و خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پشتی حکومەتەکەی خۆیان دەگرن. لە بواری ئابوورییەوە نەمانتوانیوە پارەکانی شا وەربگرینەوە. لەو یانزە بیلیۆن دۆلارەی ئێران هەیبوو، تەنانەت سێ بیلیۆنیشمان وەرنەگرتەوە. حزبی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە بارمتەگرتنەکەی مەحکووم کرد. ئەوەی ئێمە دەمانویست بیبینین بنبڕبوونی ڕاستەقینەی باندۆڕی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەمان بوو.

ئێوە کتومت چ شتێکتان لە دەوڵەتی ناوەندی دەوێ؟  
ڕێگەم بدەن خاڵێکتان بۆ ڕوون بکەمەوە: هیچ کام لە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران خوازیاریی دابڕان لە ئێران نین. داخوازییەکانمان لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێران دان. سەرەتا، ئێمە دەمانەوێ ئەو چوار پارێزگایەی کە کوردستان بەسەریاندا دابەش کراوە، ببنە یەک. پاشان ئێمە دەمانەوێ ئەم ناوچە خودموختارە یەکگرتووە کوردییە هەڵبژاردنی هەرێمی هەبێ و خاوەن دەسەڵاتێکی دیار بێ لە بەڕێوەبەرایەتیی هەرێمیدا. دەوڵەتی ناوەندی دەبێ کۆنتڕۆڵی بەسەر پلاندانانی درێژمەودا، هێزە چەکدارییەکان، سیاسەتی دەرەکی و پەرگالی پارەدا هەبێ، بەڵام ئێمە جەخت دەکەینەوە کە کۆنتڕۆڵی کاروبارە ناوخۆییەکانمان بە دەستەوە بێ. زمانی کوردی، لە پاڵ زمانی فارسی، دەبێ لە قوتابخانەکان، دادگەکان و فەرمانگەکان زمانی فەرمی بێ. ئاسایشی ناوخۆش نابێ بە دەستی پاسدارەکان، بەڵکە دەبێ بە دەست پێشمەرگەکان واتە خەباتگێڕانی کوردەوە بێ. ئێمە لە دنیایەک دەژین کە گەلەک نەتەوەی خوار میلیۆنێک کیانی تایبەت بە خۆیان هەیە. ئێمەی کورد لە ئێران ٦ میلیۆن کەسین و تەنانەت لە خودموختاریی ناوچەییش بێبەشین.

لە دانوستان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە تاران چ ئەزموونێکتان دەستەبەر کردووە؟
لە مانگی ئاب تا تشرینی دووەمی ١٩٧٩، ئێمە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لە شەڕدا بووین. دوای ئەم قۆناغە، ناچارمان کردن وتووێژمان لەگەڵ بکەن. ئەم گفتوگۆیانە شەش مانگ درێژەیان خایاند. ژمارەیەک ئایەتوڵڵا هاتنە کوردستان و ڕەزامەندیی خۆیان لەگەڵ داواکارییەکانی ئێمە دەربڕی، بەڵام ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو. ئێمە نەماندەزانی سەروکارمان لەگەڵ کێدا هەیە. کێشەکەی تر ئەوەیە کە بیروباوەڕی شیعە دان بە چەمکی نەتەوەدا نانێ - ئێمە دەبێ هەموومان وەک موسڵمان یەکگرتوو بین. هەروا بێتەوە ئەوان تا بڵێی لاسارن: هەتا ناچار نەبن، شتێک ناپەژرێنن. ئیشراقی، زاواکەی خومەینی، ئایەتوڵڵا کرمانی و ئایەتوڵڵا یەحیا عەلامە نووری لەوە دەچوو داواکارییەکانی ئێمەیان پەسند کردبێ و ماوەیەکیش، لەگەڵ ڕێبەرێکی ئایینی لەسەر ئەوە وتووێژمان کرد کە لە جیاتی خودموختاری چ دەستەواژەیەک بەکار بێنین. ئەو وشە فارسییەکە واتە خودموختاری قەبووڵ نەبوو - ئەمنیش پێشنیاری وشە ئەوروپییەکە واتە ئۆتۆنۆمیم پێ دا، بەڵام ڕەتی کردەوە چونکە وشەیەکی دەرەکییە. من پێشنیاری دەستەواژەی حوکمی زاتی بە عارەبیم هێنایە گۆڕێ، بەڵام پێی باش نەبوو و لە کۆتاییدا پێشنیاری کرد ببێتە "خودموختاری ئیسلامی". بە خۆشحاڵییەوە پەسندم کرد. لێبەلێ کۆمەڵێک کەسی تر خەریکی ئامادەکاری بوون بۆ هێرشێکی نوێ و دواجار توندڕەوەکان باڵادەست بوون. دەوڵەتی ناوەندی پێی دادەگرت کە کورد چەکەکانیان ڕادەست بکەن. ئەگەر وەها کارێکمان کردبا، کۆمەڵکوژیان دەکردین. داواکارییەک بوو کە نەماندەتوانی پەسندی بکەین. بەم جۆرە، ئاداری ١٩٨٠ دوژمنایەتییەکە پەرەی سەندەوە و ئێمە بە ویستی خۆمان لە شارە گەورەکان کشاینەوە بۆ ئەوەی پێش بە ڕووخانی ژیانی ئابووری خەڵک بگرین. گرووپی کۆمەڵە هاوپەیمانی ئێمەن، بەڵام هەوڵدانیان بۆ مانەوە لە شاری سنە هەڵە بوو. مانەوەیان بیانووی بە دەست حکومەتی ناوەندییەوە دا کە پەلاماری شارەکە بدات و خەساری زۆری پێ بگەیەنێ.

ئێوە لەگەڵ سوپای ئێران شەڕ دەکەن یان لەگەڵ پاسدارەکان؟
هەردووکیان، بەڵام فرەتر سوپای پاسداران، چونکە سەربازەکانی سوپای ئێران لە بەرەکانی شەڕی دژی عێراقن.

حزبی دیموکراتی کوردستان چ پەیوەندییەکی لەگەڵ شێخ عیزەددین حوسێنی، ڕێبەری مانەوی کوردەکان هەیە؟
دوای یەکەمین پێکدادانەکان، لە ساڵی ١٩٧٩، ئێمە لیژنەیەکمان بە مەبەستی دانوستان پێک هێنا. حزبی دیموکراتی کوردستان تێیدا بەشدار بوو، هەروەها فیداییەکان و کۆمەڵەش نوێنەرانی خۆیان هەبوو. حوسێنی سەرۆکی ئەم لیژنەیە بوو. ئەو ئێستا لە حزبەکەمان نزیکتر بووەتەوە، بەڵام ئەگەر فیداییەکان و کۆمەڵە بە چاوی ڕێبەرێک لێی دەڕوانن، ئێمە وا سەیری ناکەین. ئێمە لە دژی تاکپەرستین. لە لای خۆیەوە، حوسینی دانی بە ڕۆڵی پێشەنگی حزبەکەمان داناوە. دۆخەکە گۆڕدراوە و ئەو چیتر کاریگەریی جارانی نەماوەتەوە.

لەگەڵ هێزە چەپەکانی تری ئێران چ پەیوەندییەکتان هەیە؟
لەگەڵ فیداییەکان لە بەرەیەکی هاوبەش دابووین، هەتا حوزەیرانی ١٩٨٠، تا ئەو کاتەی ڕێکخراوەکە بەسەر دوو باڵی زۆرینە و کەمینەدا دابەش بوو. ئەوسا فیداییانی زۆرینە کە لە ڕاستیدا تەنیا حیساب لەسەر ئەوان دەکرێ، کوردستانیان بەجێ هێشت و چەکەکانیان دانا. لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە کە پشتیوانیان لێ کردبوون، ئیتر وازیان لەمە هێنا. ڕێبەرایەتیی فیداییان ئەمڕۆ لە ژێر کارتێکەریی حزبی تودە دان و لەبەر ئەم هۆکارەش، لە کوردستان ئیتر لایەنگریان نییە. کەمینەکان زۆر لاوازترن و لە داهاتوودا ڕەنگە بتوانن ڕۆڵێکی تایبەت ببینن. تەنیا هاوپەیمانیی ڕاستەقینەی چەپ لە کوردستان، کۆمەڵەیە. ئەوان لەپێناو دۆزی کوردستاندا خەبات دەکەن و هیچ تێکهەڵچوونێکمان لەگەڵیاندا نەبووە. دەتوانم بڵێم نزیکەی ٥ لە سەدی خەڵک[ی کوردستان] پشتیوانییان لێ دەکەن.  

ئاخۆ جیاوازییەکانی نێوان کوردە سوننە و شیعەکان فاکتەرێکی گرنگە؟
سەرەتا کۆمەڵێک جیاوازیی هەبوون. خۆڕاگری لە هەندێک شوێنی وەک کرماشان و بۆکان لەچاو ناوچەکانی باکووری کوردستان کە سوننە زیاترن، گەلەک لاوازتر بوو. بەڵام هەموو ئەمانە گۆڕدراون و ئێستا تەنانەت لە کرماشانیش خۆڕاگرییەکی بەرچاو هەیە.

لەوە دەچێ تاقە ڕێکخراوی ئێرانی کە پشتیوانیتان لێ دەکا، موجاهدینی خەلق بێ.
بەڵێ. ئێمە چەندان ساڵ دەبێ لەگەڵیان لە پەیوەندی داین و لە دوای شۆڕشەوە گەلەک چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ئەواندا هەبووە. کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین، نەیانتوانی ڕاستەوخۆ یارمەتیمان بدەن - ئەوان ڕێکخراوێکی شیعەن و خۆیشیان لە هەلومەرجێکی دژوار دان، ڕاست نییە ئەگەر بڵێین لەگەڵ ئەوان لە بەرەیەکی یەکگرتوو داین، بەڵام ئەوان پشتیوانی لە گەلی کورد دەکەن. ڕۆژنامەکەیان، موجاهید، هەرچەندەش بە نهێنی دەستاودەستی پێ دەکرێ، لەناو ڕۆژنامەکانی ئێراندا زۆرترین تیراژی هەیە، نزیکەی ٢٠٠ هەزار نوسخە. لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لە کانوونی دووەمی ١٩٨٠، ئێمە پشتیوانیی خۆمان بۆ سەرۆکی موجاهدین، ڕەجەوی دەربڕی و پشتیوانی لە بەرنامە دوانزە ماددەییەکەی دەکەین کە ئەودەم پێشکەشی کردبوو. هیوادارین پەیوەندییەکانمان درێژە بخایەنن و لە داهاتوودا بتوانین بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بێنین. ئێمە لەسەر هەموو خاڵە سەرەکییەکان، وەک خەبات بۆ خودموختاری، ڕزگاریی ژنان و خەبات دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکا هاوڕاین.

لەوە ناچێ کوردەکان و ئازەربایجانییەکان هاوکارییەکی ئەوتۆیان پێکەوە هەبێ. بە پێچەوانەوە، وا دیارە هێندەی دوژمنایەتی مێژووییان لەگەڵ فارسەکان، لە نێوان ئەم دوو نەتەوەیەدا دوژمنایەتی هەیە. بۆ نموونە، پێکدادانی قورس لە نەغدەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا کە دانیشتووانی تێکەڵاون، لە نێوان کوردەکان و ئازەربایجانییەکان ڕوویان داوە.
نەغەدە بابەتێکی تایبەتە. ناکۆکیی تایفەخوازانە لەوێ لە لایەن هەندێک مەلاوە وروژێنرا و کەتنی گەورەی لێ کەوتەوە. بەڵام بە گشتی ڕێزێکی تایبەتمان بۆ ئازەربایجانییەکان هەیە. ڕادیۆکەمان، دەنگی کوردستان، ڕۆژانە دوو سەعات بەرنامەی هەیە - ٤٥ خولەک بە کوردی، ٤٥ خولەک بە فارسی و سی خولەکیش بە ئازەربایجانی. لە ئازەربایجان و هەروەها سەرانسەری ئێرانیش بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ. بارودۆخی ئازەربایجانی ڕۆژاوا بەو شێوەیەش خراپ نییە: ساڵی ١٩٧٩ کاتێک بۆ مەجلیسی خیبرەکان هەڵبژێردرام، لە مەڵبەندێکی هەڵبژاردنی ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەنگم هێنایەوە. ئەوە کەسانی سەرەوەن کە دەیانەوێ هەلەکە بقۆزنەوە.

دەوڵەتی ناوەندیی تاران حزبی دیموکراتی کوردستان بە وەرگرتنی یارمەتی لە عێراق تۆمەتبار دەکا.
لە هیچ دەوڵەتێکەوە هیچ هاوکارییەکی ماددیمان پێ ناگا. ئەوەی ڕاستی بێ کوردەکان لە ئێران لە لایەن سێ دەوڵەتی دوژمنەوە - ئێران، عێراق و تورکیا - گەمارۆ دراون. ئەم تۆمەتانە کە گۆیا ئێمە بۆ هێزێکی بێگانە کار دەکەین، نوێ نین. هەموو جارێ کە گەلی کورد هەوڵی داوە داخوازییەکانی بێنێتە گۆڕێ، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ کە داردەستی دوژمنن. ئەوەندەی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەبێ، شەڕەکە مانگی ئاداری ١٩٨٠ هەڵگیرسا، کاتێک دەوڵەتی ناوەندی پەلاماری داین. مانگی ئەیلوول ئێمە گوتمان ئەگەر حکومەت پاشەکشە بە پاسدارەکانی بکا و دان بە داواکارییەکانمان دابنێ، لەگەڵ ئەوان دژ بە عێراق شەڕ دەکەین. لە بەرامبەردا، دەوڵەت دیسان پەلاماری داینەوە. ماوەی دوو مانگ هیچمان نەکرد و پاشان بینیمان کە سیاسەتەکەیان هەروەکوو پێشوو وایە. تەنانەت بەرامبەر بە ئێمە دڕندانەتر جووڵانەوە. جارێکیان، سەرپەلێکی پاسدارەکانمان قۆڵبەست کرد و لێمان پرسی: "بۆچی لە بری شەڕ لە دژی عێراقییەکان، لە دژی ئێمە شەڕ دەکەن؟" پێی گوتین لە تاران وا گۆش کراوە کە دەوڵەت زیاتر بە تەمای تەفروتوونا کردنی کوردەکانە تا شەڕ لەگەڵ عێراقییەکان. ئایەتوڵلا حەسەنی، حاکمی ئازەربایجانی ڕۆژاواش قسەیەکی هاوشێوەی هەیە: دەڵێ کوردەکان دوژمنێکی گەورەترن، چونکە ماوەی دوو ساڵە لەگەڵ کوردەکان دەجەنگین و تەنیا دوو مانگە لەگەڵ عێراق دەکەین. با ئەوان خودموختاریمان پێ بدەن، ئەوجا ببینن ئاخۆ ئێمە ئامرازی دوژمنین یان نا. ئەگەر ئێمە مافەکانی خۆمان بەدەست بێنین، بە تەواوی ئامادە دەبین تێکەڵ بە ڕیزەکانی شەڕ لە دژی عێراقییەکان بین.

ساڵی ١٩٤٦، یەکێتیی سۆڤییەت لە دامەزراندنی کۆمارێکی ئۆتۆنۆم لە مەهاباد یارمەتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی دا، بەڵام لە پتەوبوونەکەیدا کارێکی ئەوتۆی نەکرد و زۆری نەبرد کۆمارەکەی بە چارەنووسی خۆی سپارد. لە یەکەم تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ١٩٧٩، میدیای سۆڤییەت بە هاوسۆزییەوە ڕاپۆرتیان لەسەر خەباتەکەی ئێوە بڵاو کردەوە. بەڵام وێدەچێ ئەمە ئیدی شوێنەواری نەمابێ.
ڕاستە. وا دیارە یەکێتیی سۆڤییەت هەڵوێستێکی بێلایەنی گرتووەتە بەر و بۆ ئێمە جێگەی داخە. نە بە قازانجی ئێمە و نە دژ بە ئێمە هیچیان نەگوتووە. سەرەڕای ئەمەش، ئامادەین ئەم دۆخە پەسند بکەین. خەباتی ئێمە دژی ئیمپریالیزمی ئەمریکایە. یەکێتیی سۆڤییەت، هێزێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا و وڵاتێکی دۆستە.

ئەی دەربارەی ئەفغانستان؟ ساڵی ١٩٧٩ حکومەتەکەی حەفیزوڵڵا ئەمین لە کابوڵ پشتیوانی خۆی بۆ کوردەکان دەربڕی، بەڵام حکومەتی بەبرەک کارمال دەرگای وتووێژەکان لەگەڵ تارانی لەسەر گازەری پشت کردۆتەوە و دانی بە خەباتی ئێوەدا نەناوە.
ئەفغانستان لە ئێمە دوورە. ئێمە لە پرەنسیپدا دژی هەر چەشنە دەستێوەردانێکی دەرەکین لە کاروباری وڵاتانی تردا. وێڕای ئەمەش، لە لایەن چەند ڕێکخراوی سەرهەڵداوی ئەفغان لە ناوخۆی ئێرانەوە هێرشمان کرایە سەر و ئەمەش ڕەنگە پەیوەندیی بەو ئالیکارییانەوە هەبێ کە ڕێکخراوگەلی ئاماژەپێکراو لە خومەینییەوە پێیان دەگا. دەگوترێ زیاتر لە ١٠٠ میلیۆن دۆلار یارمەتیی مادی داون. لە ڕۆژی ئەمڕۆدا هەلومەرجی ناوچەکەمان زۆر ئاڵۆزە. لە ماوەی شەڕی ڤیەتنامدا دۆخەکە ڕوون و لەبەرچاوان بوو: ڤیەتنام لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕی دەکرد. دیار بوو دۆستەکانت کێن.

ئێوە بە وەرگرتنی هاوکاری مادی لە ئیسرائیل تۆمەتبار کراون.
ئیسرائیل یارمەتیی حکومەتی ئێران دەکا! ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەوەندە بەسە گوێ لە ڕادیۆ ئیسرائیل بگرن و بۆتان دەردەکەوێ پشتیوانی لە کێ دەکەن. دەوڵەتی تاران چەکوچۆڵی لە ئیسرائیل کڕیوە، جا یان لە ڕێگەی سەرهەنگ سەعد حەداد و یان لە ڕێگەی ڕێکخراوی شیعەی ئەمەل لە باشووری لوبنان.

ئایەتوڵڵا خومەینی و لایەنگرەکانی بانگەشە دەکەن کە ئیسلام ڕێگە بۆ وەرچەرخانی شۆڕشگێڕانە لە سیاسەتەکانی کۆمەڵگەی ئێران خۆش دەکا. چ توانایەک لەم بانگەشەیەدا دەبینن؟
زۆرینەی خەڵکی ئێمە موسڵمانن، ئێمەش حزبێکی دیندژ نین. بەڵام دەبێ ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە و پێویستە ڕێز لە ئازادییە ئایینییەکان بگیردرێ. ئایدیۆلۆژیای ئایەتوڵڵا خومەینی ناتوانێ شۆڕشگێڕانە یان ڕزگاریدەر بێ، چونکە دان بە ئازادییە سیاسییەکاندا نانێ. لە سەردەمی شایشدا ئازادی سیاسی نەبوو، بەڵام تەنانەت ئەو ئازادییە تاکەکەسییانەی لە سەردەمی ئەودا هەبوون، ئیتر لە گۆڕێ نەماون. ئەوەی خومەینی دایمەزراندووە، حکومەتێکی تایفەخوازە. هەڵاواردن دژ بە ژنان پەیڕەو دەکرێ و زانکۆکان داخراون. تەواوی قوتابخانەکانی کوردستانیش داخراون. بەڵام ئەگەر بە پێی لێکدانەوەی خومەینی نا، بەڵکە بە گوێرەی تێگەیشتنی موجاهدین[ی خەلق] لە ئیسلام بڕوانین، ئەوا شیاوی پەسندە و دەتوانێ قازانجی ڕاستەقینەی بۆ خەڵک هەبێ.

ئێوە پێتان وایە چ شتێک لە ئێران ڕوو دەدا؟
پێشبینی ناکرێ؛ گەلەک فاکتەر لە گۆڕێن. بەڵام فاکتەرێک کە ناکرێ پشتگوێ بخرێ خودی خومەینییە. لەوە دەچێ نەخۆش بێ و ئەگەر بڕوا، بۆی هەیە شتەکان زۆر بە خێرایی بگۆڕدرێن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە هێزە دیموکرات و پێشکەوتووەکان یەک بگرن و ڕژێمێکی پێشڤەڕۆ دابمەزرێنن. ئەگەر نەیانتوانی لەمەدا سەربکەون، شەڕێکی ناوخۆیی ڕوو دەدا کە ئاکامگەلی سامناکی دەبێ. ئەگەری سێهەم دەستێوەردانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەگەر بێت و دەستوبرد بکەن، دەتوانن هەندێک شت بکەن و لە ناوخۆی وڵاتدا کۆمەڵێک هاوپەیمانیان هەیە.

سەرچاوە:
"“The Clergy Have Confiscated the Revolution”," Middle East Report 98 (July/August 1981).


۱۳۸۹/۰۶/۲۹

"جیاخوازی گوناح نییە."


وتوێژی بی بی سی له‌گه‌ڵ شێخ عیزه‌ددین حوسێنی

سازدانی: عنایه‌ت فانی
له‌فارسییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

عیزه‌ددین حوسێنی میوانی به‌رنامه‌ی "به‌واتایه‌کی تر"، له‌ دژی ڕژێمی شا بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ حکومه‌تی جێگرانی شاش پێکنه‌هات. له‌بری ئه‌مه‌، ڕێبه‌رایه‌تی خه‌باتێکی وه‌ ئه‌ستۆ گرت که‌ کورده‌کانی ئێران، له‌سه‌ره‌تای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی [ئیسلامیی ئێران]ه‌وه‌ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی خودموختاری هه‌ڵیانگیرساندبوو. ئه‌و له‌سه‌روبه‌ندی ٩٠ ساڵی ته‌مه‌نی دایه‌ و ڕێگه‌یه‌کی دوور و درێژی پێواوه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ تا ئۆپسالای سوید. ده‌رباره‌ی کرده‌وه‌کانی ڕای چییه‌ و ئایا ئه‌م ڕێگه‌ دوور و درێژه‌ له‌ هه‌ڵوێست و بۆچونه‌کانیشیدا ته‌ی کراوه‌؟

جه‌نابی شێخ له‌سه‌روبه‌ندی ٩٠ ساڵی دان و ناچار بوون چه‌ند ساڵ له‌ تاراوگه‌ بژین. هۆکاری هه‌موو ئه‌وانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چالاکییه‌ سیاسیه‌کانتان. لێره‌ که‌ ته‌نیان و دوورن له‌ وڵات و زێدی خۆتان، ئایا هیچکات بیرتان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ خۆزیا تێکه‌ڵی سیاسه‌ت نه‌بوایه‌ن و ئێستا له‌ مه‌هاباد پێشنوێژی ئه‌و شاره‌ بوایه‌ن؟
نه‌خێر. من شانازی به‌وه‌وه‌ ده‌که‌م به‌شداری سیاسه‌ت بووم. نه‌ته‌وه‌ی کورد له‌ ژێر زوڵم و سته‌م دایه‌. ئێمه‌ ده‌بێ خه‌بات بکه‌ین تاکوو له‌ چنگ ئه‌و زوڵم و زۆرییه‌ ڕزگارمان ده‌بێ و به‌ مافه‌ سروشتییه‌کانی خۆمان ده‌گه‌ین. من ئه‌گه‌ر ڕۆڵێکی بچوکم له‌م قۆناغەدا هه‌بێ، زۆری شانازی پێوه‌ ده‌که‌م.

کوردستانی دوای شۆرش سه‌رده‌مێکی زۆر ئه‌سته‌می تێپه‌ڕاند و پڕاوپڕ بوو له‌ شه‌ڕ و خوێن ڕشتن. ئێستا که‌ ئاوڕ ده‌ده‌یه‌وه‌، ئایا له‌و ڕۆژانه‌ی سه‌ره‌تای شۆڕشدا ویستی خودموختاری پێویست بوو؟ نه‌ده‌کرا ئه‌م هه‌موو خوێنه‌ نه‌ڕژێ؟
ئێمه‌ خۆ خوێنمان نه‌ڕشتووه‌. ئێمه‌ کۆمه‌ڵێک داخوازیمان هه‌بوو و پێشکه‌ش به‌ ڕژێممان کرد. من خۆم ڕۆیشتمه‌ تاران. حزبی دیموکراتیش نوێنه‌ری نارده‌ تاران و هه‌وڵماندا به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان، مافێکمان پێ بده‌ن و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵیان بین و هاوکارییان بکه‌ین. هه‌رچه‌ند ئێمه‌ش موسوڵمان بووین، به‌ڵام ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون ددان به‌ هیچ شتێک دابنێن. له‌ باتی ئه‌وه‌ی مافه‌کانمان له‌ به‌رچاو بگرن، که‌سانی خوێنمژی وه‌ک خه‌لخالیان نارده‌ کوردستان و ده‌ستیان کرد به‌ قه‌تڵوعام. ئێمه‌ ناچار بووین پارێزگاری له‌ خۆمان بکه‌ین. ئێمه‌ به‌رگریکه‌ر بووین. هیچکات شه‌ڕانی نه‌بووین، چونکه‌ ئێمه‌ خه‌ڵکمان لێ ده‌کوژرا. ئێمه‌ داوای مافی خۆمان ده‌کرد، ئه‌وه‌ ئه‌وان بوون ده‌هاتنه‌ سه‌رمان.
ئه‌گه‌ر که‌مینه‌یه‌ک داوای ماف بکات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ خوازیاری شه‌ڕ بێ، چونکه‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ری به‌هێزتره‌. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌شه‌ڕ ده‌هاتن.

به‌ڵام جه‌نابی شێخ، پرسیاری من ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاکانی ئه‌و شۆڕشه‌دا، زوو نه‌بوو ئێوه‌ پرسی خودموختاریتان هێنایه‌ گۆڕێ؟ چه‌ند پێویست بوو که‌ ڕێک له‌و کاته‌دا به‌ خودموختاری بگه‌ن؟
خودموختاری لانیکه‌می مافێک بوو که‌ ئێمه‌ ده‌مانویست.

ئه‌ی نه‌تانده‌توانی چاوه‌ڕێ بکه‌ن تاکوو بارودۆخه‌که‌ هه‌ندێک باشتر ده‌بێ و له‌گه‌ڵ حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی وتوێژێکی زۆرتر بکه‌ن؟
زۆرمان چاوه‌ڕێ کرد. ئه‌وان هاتن. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ حزبی دیموکرات ڕۆیشتینه‌ تاران و هه‌وڵێکی زۆرمان دا به‌جۆرێک له‌ گه‌ڵیان پێک بێین، به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانده‌ویست. ویستی ئه‌وان ئه‌وه‌ بوو کوردستان داگیر بکه‌ن.

به‌ڵام له‌و کاتانه‌ی وتوێژه‌کان له‌ نێوان نوێنه‌رانی کوردستان و نوێنه‌رانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له‌ ئارا دابوون که‌ زۆربه‌ی کاته‌کانیش ئێوه‌ سه‌رۆکی وه‌فدی نوێنه‌رایه‌تی کوردستان بوون، له‌وه‌ ده‌چوو ئه‌وان ملکه‌چی هه‌ندێک له‌ داخوازییه‌کانی ئێوه‌ بووبن؟
نه‌خێر، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک. ئه‌وان شکستیان خوارد. هێرشیان کرده‌ سه‌ر ئێمه‌ و شکستیان خوارد. ئه‌وه‌ بنه‌مایه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر خۆیان ببوژێننه‌وه‌ و سه‌ر له‌ نوێ ده‌ست پێ بکه‌نه‌وه‌. من کاتێک سه‌ردانی خومه‌ینیم کرد و له‌ نزیکه‌وه‌ بینیم، زانیم هیچ مافێکمان پێ نادا.

چاوپێکه‌وتنی ئێوه‌ له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینی به‌ چ شێوه‌یه‌ک بوو؟
خومه‌ینی له‌ ڕێگه‌ی وه‌زیری ناوخۆوه‌ منی بانگهێشت کرد. ئێمه‌ ڕۆیشتینه‌ لای. ئه‌گه‌ر چی له‌ تاران کۆمه‌ڵێک گرفتیان هێنایه‌ پێش، به‌ڵام دواجار چاومان پێی که‌وت. ئه‌و پرسانه‌ی له‌وێ باسمان کرد، داخوازی گه‌لی کورد بوون و یه‌کێک له‌ خاڵه‌کانیش ئه‌وه‌ بوو که‌ حکومه‌ت ده‌بێ حکومه‌تێکی ئیسلامی ڕه‌ها بێ. چونکه‌ کۆمه‌ڵیک مه‌لا له‌گه‌ڵ مندا بوون ئێمه‌ گوتمان ئه‌گه‌ر حکومه‌ته‌که‌ هه‌ر ئیسلامییه‌ ده‌بێ سوننه‌کانیش بگرێته‌ خۆ.
به‌ڵام خومه‌ینی وەڵامی هیچکام له‌ داخوازییه‌کانی نه‌ده‌دایه‌وه‌ و خۆی ده‌دزیه‌وه‌. ده‌یگوت هه‌موو که‌س ده‌گرێته‌ خۆ و هه‌موو شته‌کان به‌ره‌و باشی ده‌ڕۆن. له‌ڕاستیدا ده‌بێ هه‌موو که‌س ئه‌وه‌ بزانێ خومه‌ینی جگه‌ له‌ پیاده‌کردنی کۆماری ئیسلامی و ویلایه‌تی فه‌قیه به‌ هیچ شتێکی دی ڕازی نه‌بوو.

به‌ڵام جه‌نابی شێخ، ئێوه‌ ئێستا که‌ سه‌یری ڕابردوو ده‌که‌ن ده‌سکه‌وتی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی خه‌بات بۆ خه‌ڵکی کوردستان چی بووه‌؟
ده‌سکه‌وته‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌ڵکی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر ڕژێم خۆڕاگرییان کرد و ٣٠ ساڵ خه‌باتیان کرد. ئێستا خه‌ڵکی کوردستان پێشکه‌وتووترن له‌ سه‌رجه‌م خه‌ڵکانی دیکه‌ی ئێران.

له‌ چ بوارێکه‌وه‌؟
له‌و ڕوانگه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکی ئێران تازه‌ داوای ئه‌و شتانه‌ ده‌که‌ن که‌ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و کات ده‌یانگوت.

یانی دیموکراسی و ئازادی؟
به‌ڵێ. ئه‌وان ده‌نگیان دا به‌ کۆماری ئیسلامی. ئێستا په‌شیمان بوونه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵین ئه‌و حکومه‌ته‌ خراپه‌. ئێمه‌ سی ساڵ خه‌باتمان کرد. ئێستا که‌ زیندووین و ده‌بینین ڕۆژ به‌ڕۆژ خه‌ڵک زیاتر و پێداگرتر داوای مافی خۆی ده‌کات، به‌رهه‌می ئه‌و خه‌باته‌یه‌ که‌ ئێمه‌ کردمان، ئه‌وانی تر نه‌یانکرد.

به‌ڵام جه‌نابی شێخ، هه‌ر ئێستا زۆر له‌ سه‌رکرده‌کانی ڕێکخراوه‌ سیاسییه‌کانی کورد به‌و ئه‌نجامه‌ گه‌یشتوون که‌ خه‌باتی چه‌کداری ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ بره‌وی نه‌ماوه‌ و وازیان لێهێناوه‌. بیروڕای ئێوه‌ چییه‌؟ ئایا پێتان وایه‌ کورده‌کان ده‌بێ ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێ له‌ دژی ده‌وڵه‌ت شه‌ڕی چه‌کداری بکه‌ن؟
نا. به‌ڕای من نابێ خه‌باتی چه‌کداری بکرێ، مه‌گه‌ر ئه‌وان بێن شه‌ڕ بکه‌ن و تۆش داکۆکی له‌ خۆت بکه‌ی. به‌ڵام من ئه‌وه‌م قه‌بوڵ نییه‌ به‌شێوه‌یه‌کی فه‌رمی بکه‌ویه‌ ناو خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه‌. من ده‌مه‌وێ له‌ ڕێگه‌ی سیاسیه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی، به‌ڵکو له‌ تەک خه‌ڵکی ئێران ده‌ست بده‌ینه‌ ده‌ستی یه‌کتری و ئه‌م ڕژێمه‌ بڕووخێ و ڕژێمێکی دیموکرات و خه‌ڵک سالار بێته‌ سه‌ر کار و ئێمه‌ش به‌ مافه‌کانی خۆمان بگه‌ین.

بابه‌تێک که‌ به‌رده‌وام بۆ کورده‌کان هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌تایبه‌ت له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕوانگه‌ی مێژوییه‌وه‌ پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژتریان هه‌یه‌ له‌ خه‌بات بۆ گه‌یشتن به‌ خودموختاری، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌گوترا ئێوه‌ جیاخوازن و دواجار ده‌تانه‌وێ کوردستان له‌ ئێران جیا بکه‌نه‌وه‌. ئه‌م تۆمه‌ته‌ هێشتاش له‌ هه‌ندێک ڕێکخراوی سیاسی کورد ده‌درێ. وه‌ڵامی ئێوه‌ بۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ چییه‌؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ جیاخوازی گوناح نییه‌. نه‌ له‌ قورئاندا گوناحه‌ و نه‌ له‌ ناو خه‌ڵکی دنیادا. نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ بیه‌وێ سه‌ربه‌خۆ بێ، مافی خۆیه‌تی. به‌ڵام له‌هه‌لومه‌رجی ئێستادا، پێمان ڕاست نییه‌.

من چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌ سه‌رکرده‌کانی کورد، وه‌ک به‌ڕێزان قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی که‌ پێشینه‌یه‌کی زۆر کۆنیشیان هه‌یه‌، وتوێژم کردووه‌. ئه‌وان ده‌یانگوت هیچکات پرسی جیابوونه‌وه‌ له‌ ئێران له‌ به‌رنامه‌یاندا نه‌بووه‌ و دروشمیان دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بووه‌ و هه‌روه‌ها ده‌یانگوت له‌ داهاتووشدا ئه‌وه‌ دروشمی ئێمه‌ ده‌بێت.
ڕاسته‌. ئێمه‌ ئێستا داوای فیدڕالی ده‌که‌ین. ئه‌و شته‌ی کورد له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ داوای ده‌کا جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌یهێنینه‌ گۆڕێ.

یانی ئێوه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و مافه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌ده‌ن که‌ وڵاتی خۆی هه‌بێ؟
به‌ڵێ. به‌ڵام ئێمه‌ ڕاستیه‌کان ده‌بینین و ئه‌و شتانه‌ی ئێستا مه‌جالیان نییه‌، هه‌رگیز باسیان لێوه‌ ناکه‌ین. ئێمه‌ هیچکات نه‌مانگوتوه‌ جیاخوازین. هه‌ر له‌ ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه‌، له‌سه‌رده‌می شادا، قازی محه‌مه‌دیش وا بوو. ئه‌وان ئه‌و تۆمه‌ته‌مان لێده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ بکه‌ن و مافمان پێ نه‌ده‌ن. ته‌نانه‌ت قاسملوو له‌بری خودموختاری به‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنیش ڕازی بوو، به‌ڵام پێیان نه‌دا.

یانی ته‌نانه‌ت ئه‌و کاته‌ی قازی محه‌مه‌د کۆماری مه‌هابادیشی دامه‌زراند، ئه‌و و حزبی دیموکرات نه‌یانده‌ویست له‌ ئێران جیا ببنه‌وه‌؟
نا. دروشمی کوردستان به‌ گشتی کۆماری خودموختاری کوردستان بوو.

با هه‌ندێک بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر بۆچوونه‌کانی خۆتان جه‌نابی شێخ. ئێوه‌ که‌سایه‌تیه‌کی ئاینین، به‌ڵام له‌ ساڵانی دوای شۆڕشی ئێراندا، زۆر له‌ ڕێکخراوه‌کانی چه‌پی ئێران و له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ ڕێکخراوه‌کانی چه‌پ له‌ کوردستان که‌ زۆربه‌یان ئایینی نه‌بوون و ته‌نانه‌ت بڕوایان به‌ بوونی خوداش نه‌بوو، ڕێزێکی تایبه‌تیان له‌ ئێوه‌ ده‌گرت، ئێوه‌ش پشتگیریتان له‌وان ده‌کرد. چ شتێک له‌نێوان مارکسیزم و ئه‌و ئیسلامه‌ی ئێوه‌دا هه‌یه‌ که‌ به‌و ڕاده‌یه‌ لێک نزیک ببوونه‌وه‌؟
ئه‌و پرسه‌ی ئێمه‌ له‌ پێناویدا خه‌باتمان ده‌کرد و ده‌مانویست، مافی گه‌لی کورد بوو. هه‌ر که‌س له‌و ڕێگایه‌دا بوایه‌، له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوکار و هاوبیر و برا بوو، جا چ چه‌پ بێ یان مه‌سیحی یان هه‌ر که‌سێکی تر. کۆمه‌ڵه‌ و حزبی دیموکرات دوو ڕێکخراوی چه‌پ بوون.
ویستی ئێمه‌ ئه‌وه‌ بوو له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی گه‌لی کورد درێژه‌ به‌ خه‌بات بده‌ین، گرنگ ئه‌وه‌ نه‌بوو کێ موسڵمانه‌، کێ کافره‌. ڕۆژێک، کۆمه‌ڵێک که‌س له‌ خۆپیشانداندا ئاڵایه‌کی سه‌وزیان به‌ هێمای موسڵمانێتی به‌رز کردبۆوه‌. لێیان نزیک بوومه‌وه‌ و پێم گوتن برایان ئێمه‌ له‌ مزگه‌وتدا موسڵمانین، به‌ڵام لێره‌ بۆ گه‌لی کورد خه‌بات ده‌که‌ین. ئه‌م ئاڵایه‌ به‌رنه‌وه‌ بۆ مزگه‌وت. پرسی ئێمه‌ خه‌باته‌ له‌ پێناو پێشکه‌وتنی مافه‌کانی کورد و گه‌یشتنی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ مافه‌کانی.

به‌ڵام بۆچوونه‌کانی ئێوه‌ تاڕاده‌یه‌ک سنووری کێشه‌ی گه‌لی کوردیشی به‌زاندووه‌. یانی ئێوه‌ تێروانین و بۆچوونتان سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام به‌شێوه‌یه‌کی دیکه‌یه‌. چ جیاوازییه‌ک هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌و ئیسلامه‌ی تۆ ده‌یبینی و ئه‌و ئیسلامه‌ی ئه‌وانی تر به‌گشتی و تاقمی ده‌سه‌ڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ تایبه‌تی په‌یڕه‌وی لێده‌که‌ن؟
به‌ڵێ. جیاوازی زۆره‌.

جیا له‌وه‌ی ئێوه‌ سوننه‌ن و ئه‌وانی تر شیعه‌.
ئیسلام به‌واتای وشه‌ ڕاسته‌قینه‌که‌ی، یانی بڕوا به‌ خودا و ڕۆژی قیامه‌ت و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و خه‌ڵک سالاری. ئیسلام ئایینێکی باشه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ کۆماری ئیسلامی ئه‌سنا عه‌شه‌ری ویلایه‌تی فه‌قیهه‌. بڕوانن، کاتێک که‌ ده‌ڵێن کۆماری ئیسلامی، ئه‌وانه‌ی موسڵمان نین ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌که‌. که‌ گوتتان شیعه‌ی ئه‌سنا عه‌شه‌ری، ئه‌وا سوننه‌کان ده‌که‌ونه‌ ده‌ره‌وه‌. له‌ باسی ویلایه‌تی فه‌قیهیشدا ته‌نیا ده‌توانین ئه‌و که‌سانه‌ له‌ شیعه‌ بخه‌ینه‌ ناو که‌ ولایه‌تی فه‌قیه‌ په‌سند ده‌که‌ن. له‌ولایه‌تی فه‌قیه‌دا ده‌بێ نوێنه‌ری ئیمامی زه‌مان که‌ ئه‌ویش نوێنه‌ری خودایه‌ قه‌بوڵ بکه‌ی.
ته‌نانه‌ت هه‌ندێک که‌سی شیعه‌ش‌ وه‌ک ئایه‌توڵڵا شه‌ریعه‌تمه‌داری و ئایه‌توڵڵا خویی، ولایه‌تی فه‌قیهیان قه‌بوڵ نه‌بوو.

یانی ئێوه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕواتان به‌ کۆماری ئیسلامی نه‌بووه‌؟
نا. من بڕوام به‌ جیابوونه‌وه‌ی ئایین هه‌یه‌ له‌ حکومه‌ت و ده‌وڵه‌ت. پێموایه‌ ئه‌مڕۆکه‌ ئایین ناتوانێ حکومه‌ت بکات.

که‌واته‌ ڕۆڵی ئایین له‌ کۆمه‌ڵگەدا چییه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ کۆمه‌ڵگەیه‌کدا که‌ ئایینی بێ؟
رۆڵی زۆره‌، وه‌ک پڕوپاگه‌نده‌ی ئایینی، مه‌سه‌له‌ی خودا، مه‌سه‌له‌ی قیامه‌ت، پرسی ئه‌خلاق و لایه‌نه‌ مه‌عنه‌وییه‌کانی ژیان به‌ گشتی. ئایین ڕه‌هه‌ندێکی مه‌عنه‌وی هه‌یه‌. با نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه‌. ئێمه‌ لایه‌نگری دیالێکتیکین. هه‌ر وه‌ک چۆن مرۆڤێک قۆناغه‌کانی گه‌شه‌کردن تێده‌په‌ڕێنێ تا ده‌گاته‌ ئاکام. بۆ نمونه‌ ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، پاشان دواناوه‌ندی و زانکۆ و ئینجا سه‌ربه‌خۆ ده‌بێ.
خه‌ڵک و جۆری مرۆڤ به‌شێوه‌یه‌کی سروشتی وه‌ها بووه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌و کاتانه‌ی هیچ پێغه‌مبه‌رێکیش نه‌بوو. دواتر که‌ گه‌شه‌ی سه‌ند و ئاماده‌یی تێدا دروست بوو، پێغه‌مبه‌ره‌کان هاتن. هه‌روه‌ک له‌ قورئاندا هاتووه‌ هیچ ئوممه‌تێک نییه‌ ڕێنیشانده‌رێکی نه‌بووبێ. خه‌ڵک له‌ هه‌ر قۆناغێکدا به‌ره‌ به‌ره‌ پێش که‌وتوون و شته‌کانی ڕابردوو، به‌ لایانه‌وه‌ کۆن بووه‌. پێغه‌مبه‌رێکی تر هاتووه‌ و شتی نوێی هێناوه‌ تا گه‌یشتۆته‌ حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د. کاتێک حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د هات ڕایگه‌یاند که‌ دوا پێغه‌مبه‌ره‌.

به‌ڕای ئێوه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌ی محه‌ممه‌د که‌ دوا پێغه‌مبه‌ره‌ له‌ چی دایه‌؟
فه‌لسه‌فه‌که‌ی له‌وه‌ دایه‌ که‌ مرۆڤایه‌تی پێی ناوه‌ته‌ قۆناغێکی تره‌وه‌. وه‌ک ئه‌و که‌سه‌ی ده‌چێته‌ زانکۆ.

یانی ئاستی زانستی مرۆڤایه‌تی گه‌یشتۆته‌ قۆناغێک که‌ چیدی پێویستی به‌ پێغه‌مبه‌ر نه‌ماوه‌.
به‌ڵێ. پێویستی پێ نییه و که‌سێکیش نیه‌. یانی قۆناغی زانست و زانیاری دێت. ئه‌گینا هێماکردنی ئه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ که‌ له‌ماوه‌ی هه‌زار ساڵدا دوو سێ پێغه‌مبه‌ر هاتوون. به‌ڵام به‌درێژایی ١٤٠٠ ساڵ، ئیتر خوا ده‌زانێ هه‌تا که‌ی، ته‌نها کتێبێک له‌هه‌لومه‌رجێکی تایبه‌تدا حکومه‌ت بکات.
به‌ڵام ده‌بینین کۆمه‌ڵگەی مرۆڤایه‌تی به‌ڕاده‌یه‌ک پێش که‌وتووه‌ و گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ ده‌توانێ خۆی به‌ڕێوه‌ به‌رێت و پێویستی به‌وه‌ نییه‌ په‌یڕه‌وی له‌و مه‌سه‌لانه‌ بکات. ئه‌مه‌ بیرو بۆچوونی منه‌.

یانی له‌ڕاستیدا ئێوه‌ لایه‌نگری ئه‌قڵن و باس له‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ ئه‌قڵی مرۆڤایه‌تی گه‌یشتۆته‌ ئاستێک که‌ چیدی پێویستی به‌ چاکساز و چاوساغ نییه‌ که‌ چاره‌نوسی دیار بکات.
به‌ڵێ. ئایین ده‌توانێ ئالیکاری ڕه‌هه‌ندی مه‌عنه‌وی بێت. مرۆڤ دوو لایه‌نی هه‌یه‌. لایه‌نێکی مادی و لایه‌نێکی مه‌عنه‌وی؛ یه‌کیان ئه‌م دونیایه‌ و یه‌کیان دونیای تر. ئه‌ویان ده‌توانێ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک ئه‌رکی خۆی به‌خه‌ڵک ڕابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام ناتوانێ تێکه‌ڵ به‌ ده‌وڵه‌ت و یاسای بنه‌ڕه‌تی بێت. ده‌ستووری بنه‌ڕه‌تی، ده‌بێ ده‌ستوورێک بێ که‌ هه‌موو چینه‌کانی خه‌ڵک بگرێته‌ خۆ. دیموکراسی و ئازادی و سێکۆلاریزمی تێدا به‌رجه‌سته‌ بێت. ده‌بێ هه‌ر که‌سێک که‌ سه‌یری ئه‌م ده‌ستووره‌ی کرد، به‌ هی خۆی بزانێت. سه‌باره‌ت به‌ مافی ژنانیش هه‌روا.
من لایه‌نگری یه‌کسانی و دادی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌کی باشترم و ئه‌و شتانه‌م قه‌بوڵه‌ که‌ خه‌ڵکی دنیا پێیان باشه‌ و پێموایه‌ ئه‌مه‌ کاری خودایه‌. خودا وای ویستووه‌. ئه‌مه‌ قۆناغی پێگه‌یشتنه‌. ڕۆژێک له‌ شوێنێک گوتم که‌ ئایینیش یه‌کێکه‌ له‌ نیشانه‌ و ڕه‌نگدانه‌وه‌کانی خودا. ئه‌گه‌ر شتێکی تر شوێنی ئه‌م نیشانه‌یه‌ بگرێته‌وه‌، ته‌کلیفی ئێمه‌ چی ده‌بێ؟

ئاماژه‌تان به‌ مافی ژنان کرد. به‌ هه‌ر حاڵ بابه‌تێکی زۆر گرنگه‌ و به‌تایبه‌ت دوابه‌دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی له‌ ئێران، هه‌میشه‌ بابه‌تێکی هه‌ستیار و گه‌رم بووه‌. ژنانیش له‌م ماوه‌یه‌دا ناڕازی بوون و له‌پێناو گه‌یشتن به‌ مافی یه‌کسانی له‌گه‌ڵ پیاوه‌کان خه‌باتیان کردوه‌.
ڕاسته‌.

بۆچونی ئێوه‌ ده‌رباره‌ی مافی ژنان چییه‌، له‌ڕوانگه‌ی شه‌رعییه‌وه‌‌؟
بۆچوونی من ئه‌وه‌یه‌ ژنیش وه‌ک پیاو مافی هه‌یه‌ و حه‌قی خۆیه‌تی به‌و مافانه‌ بگات. به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ژنیش ده‌توانێ سه‌رجه‌م ئه‌و شتانه‌ بکات که‌ پیاویش ده‌توانێ، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌یه‌. ژن ده‌بێ مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێ وه‌ک پیاوێک قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتنی خۆی تێپه‌ڕێنێ. هیچکه‌س بۆی نییه‌ ژن بچه‌وسێنێته‌وه‌. ژن و پیاو هیچ جیاوازییه‌کیان پێکه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ تواناکاریی ژن و پیاو جیاوازه‌ و هه‌ر کامیان به‌شێوه‌یه‌کی جیاواز گه‌شه‌ ده‌کات، ئه‌وه‌ باسێکی دیکه‌یه‌.

ئه‌مه‌ بۆچوونی شه‌رعی ئێوه‌یه‌ یان بۆچوونی تاکه‌که‌سیتانه‌ که‌ بره‌وی هه‌یه‌ و هه‌موو لایه‌ک قه‌بوڵیانه‌.
مه‌به‌ستتان چییه‌؟

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ یه‌کسانی ژن که‌ باسی لێوه‌ ده‌که‌ن، ڕوانگه‌یه‌که‌ له‌ شه‌رعی ئیسلام ده‌رتانهێناوه‌؟
دیاره‌ هه‌ر که‌سه‌ و به‌شێوه‌یه‌ک ئیسلام ڕاڤه‌ ده‌کا. ئایه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ ماناکه‌ی به‌مجۆره‌یه: خودا پاداشی ئێوه‌ و ژنان ده‌داته‌وه‌. ئه‌مه‌ش یانی ژن و پیاو یه‌کسانن.

به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریدا کۆمه‌ڵێک ئایه‌ی دیکه‌ له‌ قورئاندا هه‌ن که‌ چالاکانی مافی ژنان ئه‌و ئایانه‌ به‌ دژی ژنان ده‌زانن.
مۆڵه‌تم بده‌ن. هه‌ندێک له‌ یاساکانی قورئان ده‌رئه‌نجامی هه‌لومه‌رجی زه‌مه‌ن و شوێنه‌. بۆ نموونه‌ هه‌موو که‌س ده‌ڵێن ژن بۆی نییه‌ ببێته‌ دادوه‌ر. له‌ هیچ شوێنێکی قورئاندا نه‌هاتووه‌. یان شاهیدی دوو ژن یه‌کسانه‌ له‌گه‌ڵ هی پیاوێک. ئه‌مه‌ هی هه‌لومه‌رجێکه‌ که‌ ژنان له‌ کۆمه‌ڵگە دوور بوون. چونکه‌ ده‌فه‌رمێ ئه‌گه‌ر یه‌کێکیان له‌ بیری چوویه‌وه‌، ئه‌وی تریان به‌ بیری دێنێته‌وه‌.

واته‌ به‌ بۆچوونی ئێوه‌، ده‌بێ تێڕوانین له‌ قورئان، تێڕوانینێکی ئه‌ورۆیی بێت و ئه‌گه‌ر پێویست بکا ته‌نانه‌ت جیاواز بێ له‌و شته‌ی که‌ له‌ ئارا دابووه‌؟
به‌ڵێ. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ده‌ڵێین ده‌بێ ئایین و حکومه‌ت لێک جیا بن و ڕۆژ، ڕۆژی زانست و زانیارییه‌، ئه‌وا لایه‌نی مه‌عنه‌وی ئایین وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.

پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆککۆماری له‌ ئێران و ده‌رکه‌وتنی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز، سه‌رهه‌ڵدانی بیری نوێ به‌تایبه‌ت پاڵپشت به‌ ئایین زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، هه‌رچه‌ند پێشتر له‌ ئێران سه‌ری هه‌ڵدابوو. به‌ڕای ئێوه‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ به‌ کوێ ده‌گات؟ یانی وه‌رچه‌رخانێکی گرنگ له‌ ئیسلام وه‌ک ڕیفۆرم یان ڕێنسانسێک که‌ له‌ ئایینه‌ مه‌سیحییه‌کاندا به‌ دی هاتووه‌، له‌ ئیسلامیشدا ده‌قه‌ومێ؟
به‌بۆچوونی من، مه‌سه‌له‌ی موسه‌وی و که‌ڕووبی و بزوتنه‌وه‌ی سه‌وز جیاوازه‌. ئه‌وان ناتوانن سه‌رۆکایه‌تی کۆمه‌ڵگەیه‌ک بگرنه‌ ئه‌ستۆ که‌ سێکۆلاره‌ و ده‌یه‌وێ سێکۆلار بمێنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌یه‌وێ ئازادی و دیموکراسی به‌رقه‌رار بێت. چاکسازی له‌ناو حکومه‌تی کۆماری ئیسلامی که‌ حکومه‌تی هه‌موو خه‌ڵک نییه‌، هیچ سوودێک به‌ خه‌ڵک ناگه‌یه‌نێ.

یانی به‌ڕای ئێوه‌ هیچ جموجوڵێکی چاکسازی له‌ ژێر سێبه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێراندا ناگاته‌ ئه‌نجام؟
نه‌خێر، ناگاته‌ ئه‌نجام.

له‌وانه‌یه‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌ چاکسازییه‌، دواجار ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵگەیه‌کی سێکۆلار بپێکێ. قه‌ی چی ده‌کات با ناوێکی ئیسلامی له‌سه‌ر بێ؟
کۆماری ئیسلامی ناتوانێ سێکۆلار بێ. ئیسلامی شیعه‌ی ئه‌سنا عه‌شه‌ری و ویلایه‌تی فه‌قیه چۆن ده‌توانن سێکۆلار بن و ئازادی به‌ خه‌ڵک بده‌ن؟

که‌واته‌ جه‌نابی شێخ ئێوه‌ بڕواتان به‌شۆڕشێک هه‌یه‌؟
من پێموایه‌ ده‌بێ خه‌ڵک وشیار بن. ئه‌گه‌ر شۆڕش له‌سه‌ره‌وه‌ڕا بکرێت دیسان یه‌کێکی تر دێت و ده‌بێته‌وه‌ دیکتاتۆڕ. ده‌بێ خه‌ڵک وشیار بکرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان. هه‌روه‌ک چۆن له‌ کوردستان کرا کاتێک ئه‌و پێنج که‌سه‌یان له‌ سێداره‌ دا. خه‌ڵک مانیان گرت و بێ هیچ خوێنڕێژییه‌ک ناڕه‌زایه‌تی خۆیان نیشاندا.

به‌ڵام خه‌سڵه‌تێکی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز که‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ زۆر که‌س ستایشی بکه‌ن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزووتنه‌وه‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ڕابردوو، خۆی له‌ توندوتیژی به‌دوور ده‌گرێ. واته‌ له‌ پێناو گۆڕینی ڕژێم په‌نا بۆ ڕق و توندو تیژی نابات.
کێشه‌که‌ لێره‌دا نییه‌. کێشه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ لایه‌نگری توندو تیژی نییه‌. به‌ڵکه‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌ چی ده‌وێ. ئایا ده‌یه‌وێ کۆماری ئیسلامی له‌ ناو ببات و په‌یڕه‌وی له‌ سیکۆلاریزم بکات؟ ئه‌و کاره‌یان له‌ ده‌ست نایه‌. ئه‌وان هێشتاش ناخودئاگا له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامین. ته‌نیا کارێک که‌ کردوویانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌رگاکانیان کردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان.

۱۳۸۹/۰۶/۲۱

شێخی مە


سەلاحەدین بایەزیدی

 یه‌که‌مجاره‌ سه‌رکرده‌یه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌شداری ته‌له‌ڤزیۆنێکی فارسی زمان ده‌بێ و چۆکی ناله‌رزێ، زمانی هه‌ته‌ڵه‌ ناکا و ناکروزێته‌وه‌. یه‌که‌مجاره‌ هه‌موومان له‌ پای ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانمان شه‌رم نامانگرێ و سه‌ربه‌رزانه‌ و دڵخۆشانه‌ له‌ شێخی خۆمان ده‌ڕوانین. یه‌که‌مجاریشه‌ ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ی شێخ له‌ته‌له‌ڤزیۆنێکی وه‌ک بی‌بی‌سیدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌ و دوور نییه‌ دوایین جاریش بێت.

شێخ عیزه‌ددین حوسێنی.

شێخێک که‌ قسه‌ی دڵی هه‌موو که‌سی کرد. بۆیه‌ش وه‌ها پێشوازی له‌ قسه‌کانی کرا. شێخێک که‌ هه‌موو ئیمانیان پێهێنا و ڕاستی و سه‌داقه‌تیان له‌ قسه‌کانیدا خوێنده‌وه‌. ئه‌و له‌به‌رامبه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی فارسدا خۆی نه‌دۆڕاند. ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی به‌شداری له‌به‌رنامه‌کانی ته‌له‌ڤزیۆندا بکاته‌وه‌، پاشه‌کشه‌ی نه‌کرد.

هه‌ر له‌و مینبه‌ره‌ و له‌گه‌ڵ هه‌مان ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌دا عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سکرتێری کۆمه‌ڵه‌ قه‌ومی! کوردی به‌ دواکه‌وتووترین خه‌ڵکی ئێران له‌قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام شێخ ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، کورده‌کانی به‌ پێشکه‌وتووترین خه‌ڵکی ئێران زانی و گوتی ئه‌و شتانه‌ی ئێمه‌ سی ساڵه‌ باسیان ده‌که‌ین، فارسه‌کان تازه‌ به‌تازه‌ پێی ده‌گه‌ن.

هه‌ر له‌و مینبه‌ره‌دا خالیدی عه‌زیزی سکرتێری حزبی دیموکرات ده‌ست و پێی خۆی ون کرد و چی نه‌مابوو حاشا له‌ وشه‌ی کوردستانیش بکا. به‌ڵام شێخ سه‌رفرازی کردین. ده‌تگوت عه‌یبه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد پینه‌ ده‌کا، ده‌تگوت ده‌یه‌وێ زامه‌کانی ئێمه‌ سارێژ بکا.

له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی ئه‌و قسانه‌ بووین. له‌مێژ بوو ئاواتمان ده‌خواست سه‌رکرده‌کانمان نه‌بنه‌ گاڵته‌جاڕی ڕۆژنامه‌وانه‌ فارسه‌کان و وه‌ک تاوانبارێک نه‌جوڵێنه‌وه‌.

شێخ عیزه‌ددین حوسێنی ئاواته‌که‌مانی به‌دی هێنا. له‌هه‌موان گه‌نجتر، له‌هه‌موان بڕوادارتر، له‌هه‌موان ئازاتر و له‌هه‌موان ژیرانه‌تر.

پایه‌دار بی و ته‌مه‌ن درێژ ئه‌ی شێخ.

۱۳۸۵/۰۶/۲۵

"هێشتا زه‌مینه‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی پێک نه‌هاتووه‌"


وتوێژێک لەگەڵ عیرفان ڕه‌هنمون ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

سازدانی: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

٢٢ی پوشپه‌ڕی ئه‌مساڵ هاوکات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادی تیرۆری دکتۆر عه‌بدوڵره‌حمان قاسملوو. عیرفان ڕه‌هنمون ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران که‌ نوێنه‌ره‌ له‌ سلێمانی سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی قاسملوو ده‌ڵێت "د. قاسملوو که‌سێک بوو که‌ زۆر زووتر له‌ زه‌مانی خۆی هاته‌ دنیا. که‌سایه‌تییه‌که‌ که‌ ده‌بوایه‌ له‌سه‌رده‌مێکی تردا بهاتایه‌ دنیاوه‌. وه‌ک هه‌ر بیرمه‌ندێک ده‌بێ ڕۆژگارێک تێپه‌ڕێ تا خه‌ڵک له‌گه‌ڵ بیروئه‌ندێشه‌ی ئه‌ودا ئاشنا ببن." پێشی وایه‌ له‌ناو ئۆپۆزۆسیۆنی ئێراندا وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی میحوه‌ری ناسراوه‌، چونکه‌ هه‌میشه‌ توانیویه‌تی بیروبۆچوونه‌ لێک جیاوازه‌کان و ته‌نانه‌ت دژ به‌یه‌که‌کانیش له‌یه‌ک نزیک بکاته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆ چه‌ند شت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌. یه‌کیان سیاسه‌تی ئوسوڵی حزبی دیموکرات سه‌باره‌ت به‌ خودی ئێران که‌ یه‌کێک له‌ دروشمه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی دیموکراسی بۆ ئێرانه‌، ئه‌وی تریشیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ کارامه‌یی و لێزانیی د. قاسملوو له‌ بواری دیپلۆماسیدا. له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت: "پێموابێ د. قاسملوو یه‌که‌مین ڕێبه‌ری کورد بوو که‌ توانی دۆز و پرسی کورد بکاته‌ دۆزێکی نێونه‌ته‌وه‌یی و پێش ئه‌و هیچ ڕێبه‌رێک به‌و ئه‌رکه‌ گرنگه‌ هه‌ڵنه‌ساوه‌. د. قاسملوو به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌وروپا ژیاوه‌ و مامۆستای زانکۆ به‌ناوبانگه‌کانی سۆربۆن و چیکۆسلۆڤاکی بووه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی قووڵی له‌گه‌ڵ دیپلۆماته‌کان، ئه‌وروپاییه‌کان و سیاسه‌تمه‌داراندا هه‌بوه‌. د. قاسملوو یه‌که‌مین کورد بووه‌ که‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نته‌رناسیۆنالی سۆسیالیستدا به‌شدار بووه‌و به‌گشتی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ پرسی کورد ڕێگه‌چاره‌ی نیزامی نییه‌و ده‌بێ به‌شێوه‌ی دیالۆگ و ئاشتیخوازانه‌ چاره‌سه‌ر بکرێ و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاشتی و ئارامی به‌خۆیه‌وه‌ نابینێ مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پرسی کورد چاره‌سه‌ر ببێ."

دکتۆر قاسملوو له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ ڕێبه‌ری حزبی دیموکرات بوو، زیاتر له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپایی دانوستانی هه‌بوو و هه‌رگیز بۆ کاری دیپلۆماسی ڕێگه‌ی نه‌که‌وته‌ ئه‌مریکا. چه‌ند مانگ به‌ر له‌ تیرۆرکردنی به‌نیاز بوو کێشه‌ی کورد بگه‌یه‌نێته‌ ناوه‌نده‌ ئه‌مریکییه‌کانیش، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌و کاره‌ی بۆ نه‌ڕه‌خسا. هه‌ر له‌کاتی ئه‌و یاده‌دا سکرتێری ئێستای حزبی دیموکرات له‌میانه‌ی کاره‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ له‌ئه‌مریکا بوو، ڕه‌هنمون سه‌فه‌ری ئه‌م دواییه‌ی مسته‌فا هیجری به‌ سه‌فه‌رێکی "پڕ ده‌ستکه‌وت" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات چونکه‌ "بۆ یه‌که‌مینجار دوای دامه‌زراندنی کۆنگره‌ی فیدراڵی، ئه‌و کۆنگره‌یه‌ توانی بیروبۆچوونه‌کانی له‌مه‌ڕ کێشه‌کانی ئێران و پلاتفۆرمی زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌و کێشانه‌دا بخاته‌ به‌ر دیده‌ی کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان."

کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ له‌ چه‌ندین حزبی ئێرانی پێکهاتووه‌ که‌ حزبی دیموکرات و کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕانیش وه‌ک دوو حزبی کوردی تیایدا به‌شدارن. به‌گشتی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی کۆنگره‌که‌ فیدرالیزم به‌ باشترین ڕێگه‌چاره‌ی کێشه‌کانی ئێران ده‌زانن. عیرفان ڕه‌هنمون ده‌ڵێت: " ئه‌و کۆنگره‌یه‌ توانی خۆی به‌ وڵاته‌ بڕیارده‌ره‌کان بناسێنێ و به‌خۆشییه‌وه‌ ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌ش دوای خرۆشانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستان و خوزستان و ئازه‌ربایجان هاته‌ ئاراوه‌ که‌ ئه‌وه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ ئه‌و وڵاتانه‌ و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا سه‌رنجێکی زیاتر بداته‌ بیروبۆچوونه‌کانی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فیدراڵ."

له‌ وه‌ڵامی هۆکاری به‌شداربوونیان له‌ کۆنگره‌ی ئاماژه‌پێکراودا له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه‌ که‌ ئه‌و کۆنگره‌یه‌ ده‌توانێ ئێران له‌ ناوه‌ندگه‌رێتی بێنێته‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌موو گه‌لانی ئێران به‌مافی یه‌کسانی خۆیان بگه‌ن.

به‌مجۆره‌ش وه‌ڵامی گله‌یی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان ده‌داته‌وه‌ که‌ پێی وایە حزبی دیموکرات ڕازی نه‌بووه‌ به‌ یه‌که‌وه‌ ئه‌مریکاییه‌کان ببینن: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌ دوو حیزبی جیاوازین، به‌ ڕابردوو و بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژیای جیاوازه‌، بۆیه‌ سرووشتیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ جیا سه‌ردانمان کردبێ. پێشینه‌ی په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ویلایەتە یه‌کگرتوه‌کانی ئه‌مریکاشدا پێشینه‌یه‌کی باشتره‌ نیسبه‌ت به‌ کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان. ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش ئاستی دانیشتنه‌کانی ئێمه‌ی تا ڕاده‌یه‌ک بردبێته‌ سه‌ره‌وه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی دروست بکرێ، سروشتییه‌ ئه‌گه‌ر حزبه‌کان بۆ خۆیان به‌ جیا په‌یوه‌ندی دیپلۆماتیکیان هه‌بێ. به‌ مه‌رجێک دژایه‌تی نه‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ له‌به‌ره‌دا له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون."

 "هه‌ندێک له‌ ڕێکخراوه‌کان پێخۆر به‌ به‌ره‌ی کوردستانییه‌وه‌ ده‌که‌ن"

خه‌باتی هاوبه‌شی حزبه‌کان و دروستکردنی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو، دوابه‌دوای وازهێنان له‌ خه‌باتی چه‌کداری، ڕوبه‌رێکی زۆری ئه‌ده‌بیاتی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانی بۆ خۆی ته‌رخانکردوه‌. عیرفان ڕه‌هنمون پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی به‌ ئه‌رکێکی نیشتمانیی و به‌رپرسیارێتیه‌کی نه‌ته‌وه‌یی ده‌زانێ و ده‌ڵێ ئێمه‌ وه‌ک حزبی دیموکرات له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بووه‌ کە حزبه‌کانی کوردستان ده‌بێ یه‌کگرتوو بن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سکه‌وتی سیاسی باشتر به‌دی بێنن. وه‌ک نمونه‌ ئاماژه‌ به‌پێکهێنانی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی کورد ده‌کات که‌ به‌ پێشنیاری حزبی دیموکرات پێکهاتووه‌ و ده‌ڵێ "حزبیش بوو بە وته‌بێژی ده‌سته‌که‌ که‌ له‌وێدا حزبی دیموکرات و قاسملوو و هه‌روه‌ها مامۆستا شێخ عیزه‌ددین حوسێنی و کۆمه‌ڵه‌ و لقی کوردستانی چریکهای فیدایی خه‌لق به‌شدار بوون." وه‌ک هه‌وڵێکی تریشیان بۆ دامه‌زراندنی به‌ره‌ی کوردستانی ده‌ڵێت: "هەشت ساڵ پێش ئێستا به‌ر له‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ ببێ به‌ دوو به‌ش، ئێمه‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌کمان بۆ هاوکاری و بۆ زه‌مینه‌ خۆشکردن و له‌ئاکامدا پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی هێنایه‌ ئاراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وکات وه‌ڵامێکی ڕوون به‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ نه‌درایه‌وه‌. دوای جیابوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌ حزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش ئێمه‌ دووباره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لا و له‌گه‌ڵ حزبه‌کانی تریشدا مه‌سه‌له‌که‌مان هێنایه‌ گۆڕێ که‌ به‌داخه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێک له‌و حزبانه‌ په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییان به‌یه‌که‌وه‌ نییه‌ و گرژییان له‌نێواندا هه‌یه‌و هه‌ندێکیش پێشمه‌رجیان داده‌نا بۆ دانیشتن و باس و وتوێژ له‌سه‌ر به‌ره‌ی کوردستانی که‌ به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا ئاکامێکی ئه‌وتۆی لێنه‌که‌وتۆته‌وه‌." وه‌ک دوا نموونه‌ش خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌کانی کوردستانی ئێران دێنێته‌وه‌ بیر له‌ هاوینی ڕابردوودا و ده‌ڵێت داوامان له‌ هه‌موو حزبه‌کانی کوردستانی ئێران کرد که‌ دابنیشین له‌ژێر بن میچێکدا و سمینارێک پێک بهێنین بۆ باس و تاوتوێکردنی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ شکۆداره‌ جه‌ماوه‌رییه‌ و گرتنه‌به‌ری هه‌ندێک ڕێ و شوێن بۆ کاری هاوبه‌ش و بۆ ئه‌وه‌ که‌ کاریگه‌رییه‌کی زیاترمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌کان هه‌بێ. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چه‌ند حزبێک وه‌ڵامی ئه‌و داوایه‌ی ئێمه‌یان نه‌دایه‌وه‌.

پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی و لێک نزیک کردنه‌وه‌ی حزبه‌کان به‌مه‌به‌ستی تێکۆشانی هاوبه‌ش، نه‌ ته‌نیا حزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڵکو که‌سایه‌تی و لایه‌ن و ڕێکخراوی دیکه‌شی به‌خۆیه‌وه‌ خه‌ریک کردوه‌. یه‌کێک له‌و ڕێکخراوانه‌ی که‌ هه‌وڵێکی به‌رچاوی دا بۆ پێکهێنانی به‌ره‌، کۆنگره‌ی نیشتمانی کوردستان بوو، سه‌رۆکی کۆنگره‌ی ناوبراو د. سامان شاڵی چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر داوای له‌ حزبه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد که‌ به‌شداری کۆبوونه‌وه‌یه‌ک بن له‌ هه‌ولێر و به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان کۆبووه‌. له‌مباره‌وه‌ ڕه‌هنمون ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ کۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تکێشان له‌سه‌ر کات و شوێنی کۆبونه‌وه‌که‌ش مه‌وافه‌قه‌تی کردبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و کۆبونه‌وه‌یه‌دا به‌شداری نه‌کرد ته‌نیا حزبی دیموکرات و خه‌بات و یه‌کێتی شۆڕشگێڕان له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوون."

ره‌هنمون پێی وایه‌ حزبی دیموکرات زۆرترین هه‌وڵی بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی داوه‌ و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌ڵێت: "به‌ره‌ی کوردستانی شتێک نییه‌ به‌ ٢٤ کاتژمێر بێته‌ دامه‌زراندن، به‌ڵکو ده‌بێ زه‌مینه‌ی بۆ خۆش بکرێ. که‌ به‌ ڕای ئێمه‌ هێشتا زه‌مینه‌ بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی پێک نه‌هاتووه‌. به‌ش به‌حاڵی خۆمان په‌یوه‌ندییه‌کی ئاساییمان له‌گه‌ڵ هه‌موو حزبه‌ کوردییه‌کاندا هه‌یه‌. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌نێوان هه‌ندێک له‌و حزبانه‌دا کێشه‌ و ناکۆکی بوونیان هه‌یه‌ که‌ ئه‌و ناکۆکییانه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ک ڕێگر بوون له‌ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی. ئێمه‌ وه‌ک حزبی دیموکرات مه‌سه‌له‌ی به‌ره‌ وه‌ک بابه‌تێک بۆ پڕوپاگه‌نده‌ به‌کار ناهێنین. به‌ڵام ده‌توانم به‌ مه‌سئولیه‌ته‌وه‌ ئه‌و شته‌ بڵێم که‌ حزبی دیموکرات زۆرترین هه‌وڵی بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی له‌خۆی نیشان داو زۆرترین سنگفراوانی نواندووه‌ له‌و پێناوه‌. هێشتا له‌ هه‌وڵه‌کانی خۆمان ماندوو نه‌بووین و درێژه‌ به‌تێکۆشانی خۆمان ده‌ده‌ین بۆ پێکهێنانی به‌ره‌."

عیرفان ڕه‌هنمون له‌ درێژه‌ی قسه‌کانیدا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری گۆڕانکاری له‌ ئێران و ئاستی ئاماده‌گی حزبی دیموکرات بۆ ڕووبه‌روبونه‌وه‌ی پێشهاته‌کان ده‌ڵێت: "ئه‌و ئاماده‌گییه‌مان تێدایه‌ که‌ به‌ پیری هه‌ر ڕووداوێکه‌وه‌ بچین. به‌ڵکو خۆشمان بتوانین ڕووداو دروست بکه‌ین. حزبێک کاتێک ده‌توانێت جه‌ماوه‌ر ئاراسته‌ بکات که‌ حزبێکی جه‌ماوه‌ری بێت، نفووز و پێگه‌یه‌کی به‌رینی له‌ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا هه‌بێ. به‌خۆشییه‌وه‌ حزبی دیموکرات سه‌ره‌کیی ترین و پڕجه‌ماوه‌رترین حزبی کوردستانی ئێرانه‌ و ئێمه‌ به‌تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی که‌ فه‌راخوانێکمان دا بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان به‌بۆنه‌ی تیرۆری قاسملووه‌ دوکانه‌کانیان دابخه‌ن یان شه‌و کاتژمێر ١١ تا ١١:٣٠ ده‌قه‌ گڵۆپه‌کانیان بکوژێننه‌وه‌، به‌خۆشییه‌وه‌ خه‌ڵک به‌پیری بانگه‌وازییه‌که‌ی حزبه‌وه‌ هات و بۆ دۆست و دوژمن پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری حزب ئاشکرا بوو."

ده‌رباره‌ی هه‌ڵگرتنی دروشمی فیدرالیزمیش له‌لایه‌ن حزبه‌که‌یانه‌وه‌ وتی:
ئێمه‌ وه‌ک حزبێکی ڕئالیست و واقع بین پێمان وایه‌ گونجاوترین دروشم بۆ ئێران و بۆ کوردستان دامه‌زراندنی کۆمارێکی دیموکراتی فیدراڵه‌ له‌ ئێراندا که‌ نه‌ ته‌نیا کوردستان بتوانێ کاروباری ناوچه‌یی و نێوخۆیی به‌ڕێوه‌ ببات به‌ڵکو له‌ سیسته‌می سیاسی له‌ ناوه‌ندی ئێرانیشدا به‌شدار بێت. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و پره‌نسیپه‌ش بۆ ئێمه‌ نه‌گونجا له‌ئاینده‌ی ئێراندا زۆر سرووشتیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ک حزبێکی سیاسی پێداچوونه‌وه‌ به‌دروشمه‌کانی خۆماندا بکه‌ین و به‌ پێی ویستی خه‌ڵکه‌کانمان دروشمێکی جودا هه‌ڵگرین.

 "کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌زموونی ئێره‌دا نییه‌"

ماوه‌یه‌ک ده‌بێت هێزه‌کانی ئێران و تورکیا تۆپبارانی ناوچه‌کانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن به‌ بیانووی ڕاونانی هێزه‌کانی په‌که‌که‌، له‌ وه‌ڵامی پرسیارێکدا سه‌باره‌ت به‌ هۆکاری ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێران و تورکیا بۆ ئامانجی جیاوازتر عیرفان ڕه‌هنمون به‌مجۆره‌ بۆچوونی خۆی ده‌ربڕی: "ئێران زه‌مانێکیش تۆپبارانی هه‌رێمی کوردستانی کردوه‌ که‌ په‌که‌که‌ له‌ناوچه‌که‌ نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش نیشان ده‌دات که‌ کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێره‌ نییه‌. شتێکی تازه‌ نییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌م دواییانه‌دا هه‌ندێک مانۆڕی سیاسی ده‌دا، له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێ کورد به‌گشتی چاوترسێن بکا، له‌لایه‌که‌وه‌ ده‌یه‌وێت چاو سوور بکاته‌وه‌ له‌ هێزه‌کانی کوردستانی عێراق و بڵێ ئه‌و سنوورانه‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕه‌سمی ناناسم. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ ده‌یه‌وێ به‌تورکیا نیشان بدات که‌ ئه‌مریکا دۆستی تۆ نییه‌ و من دۆستی تۆم. ده‌یه‌وێ تورکیا له‌ ئه‌مریکا جیا بکاته‌وه‌. به‌ڵام په‌یوه‌ندی نێوان تورکیا و ئه‌مریکا ستراتیژین و ئه‌م دواییانه‌ش چونکه‌ ئیسرائیل هێرشی کردۆته‌ سه‌ر باشووری لوبنان، هه‌م تورکیا له‌ باکووره‌ هاتۆته‌ ناو کوردستان و هه‌م ئێرانیش هه‌ندێک مانۆری نیزامی ده‌دا. ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ بسه‌لمێنێ که‌ بۆچی ئیسرائیل ده‌توانێ بێته‌ ناو باشووری لوبنان، بۆچی من ناتوانم بچمه‌ ناو هه‌رێمی کوردستان؟ بۆیه‌ پێموایه‌ نه‌ تورکیا هه‌قی هه‌یه‌ نه‌ ئێران که‌ سنووره‌کانی کوردستان پێشێل بکەن."

دواجار سه‌باره‌ت به‌ گله‌یی هه‌ندێک حزبی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ حزبی دیموکرات که‌ ڕێگه‌ نادات گه‌شه‌ بکه‌ن یاخود هاوکاریی و پشتگیرییان ناکات، ڕه‌هنمون وتی: "ئێمە وەک دیموکرات هه‌ر له‌ کۆنه‌وه‌ بڕوامان به‌ پلۆرالیزم هه‌بووه‌ و ئه‌و شته‌مان سه‌لماندوه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێ حزب هه‌بوون به‌ پاره‌ی حزبی دیموکرات ڕادیۆکه‌یان خستۆته‌ کار و دوایی دژی حزب قسه‌یان کردووه‌. تا ئه‌وه‌نده‌ش سنگ فراوان بووین، پێمان ناخۆش نییه‌ هه‌ر حزبێک سه‌ر هه‌ڵبدات. هه‌ر حزبێک ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆ بێت و به‌ستراوه‌ به‌لایه‌نێک نه‌بێ و به‌رگری له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یی کورد بکات، ئاماده‌ین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ساز بده‌ین. ئێمه‌ پێش مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیش وه‌ک ئایدیا مه‌سه‌له‌ی دیموکراسی و پلۆرالیزممان بۆ گرنگە."