۱۳۹۹/۰۸/۰۲

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانی فیلیپ کلۆودێل دەکرێت بە کوردی


 دیدی من – وەشانخانەی پەیک

وەشانخانەی پەیک ڕایگەیاند کە مانگی داهاتوو چاپی کوردیی ڕۆمانی «ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان»ی نووسەری ناوداری فەڕەنسی فیلیپ کلۆودێل چاپ و بڵاو دەکاتەوە. سەلاحەدین بایەزیدی ڕۆمانەکەی لە فەڕەنسییەوە کردووە بە کوردی.

ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان خەڵاتی ڕونۆدۆ، خەڵاتی خوێنەرانی گۆڤاری ئێڵ و باشترین کتێبی ساڵی ٢٠٠٣ـی گۆڤاری لیری وەرگرتووە، وەرگێڕدراوەتە سەر نزیکەی سی زمانی دونیا و ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن دەرهێنەری فەڕەنسی یوڤێس ئەنجێلۆوە کراوە بە فیلم.

وەرگێڕی ڕۆمانەکە، سەلاحەدین بایەزیدی بە دیدی منی وت: ”ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە سەرنجڕاکێش و ناسراوەکانی فیلیپ کلۆودێل و یەکەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە بوو کە من هەوڵی وەرگێڕانیم دا، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکار و بە تایبەت سەرقاڵبوونی زێدەوە، دوای وەرگێڕانی چەند بەشێک وازم لێ هێنا و پاشان، «نەوەکەی میسیۆ لین»م بە پێشنیاری هاوڕێیەکم وەرگێڕا کە لە غەزەلنووس چاپ و بڵاو کرایەوە. ئەم بە پێچەوانەی نەوەکەی میسیۆ لین، ڕۆمانێکی سادە نییە، هەر بەم شێوەیە وەرگێڕانەکەشی بۆ من زۆر ئاسان نەبوو. ڕۆمانێکە پڕ لە وردەکاری، پڕ لە کەسایەتی جیاواز و ڕووداوی ئاڵۆز. لە ڕووی ژانریشەوە، دیسان ئەو فرەڕەهەندییە دەبینرێ، هەم مێژووییە و هەمیش پۆلیسی و دەروونناسییە. ئەگەرچی بەسەرهاتەکانی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێنەوە بۆ زستانی ساڵی ١٩١٧ و یەکەم جەنگی جیهانی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆمانێک نییە لەسەر جەنگ، هیچ دیمەنێکی مەیدانەکانی شەڕ بەدی ناکەین، ئەوەی دەیخوێنینەوە فەڕەنسایەکی پشت بەرەیە.“

بایەزیدی وتیشی: ”ڕۆحە خۆڵەمێشییەکان لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە نووسراوە، ئەو کەسەش پۆلیسێکە کە بە حوکمی پیشەکەی زانیارییەکی زۆر لەسەر خۆی نادرکێنێ، تەنیا دەتوانین هەست بەوە بکەین کە زۆر پابەندی هاوسەرەکەیەتی و ئەگەر دەشنووسێ هەر لەبەر ئەوە. ئەم پۆلیسە ئەزموونێکی ئەوتۆی لە نووسینی دەقی ئەدەبیدا نییە، بۆیشی گرنگ نییە چ بەسەر دەستنووسەکانیدا دێن، دەمێننەوە یان دەسووتێنرێن.“

ڕۆمانەکە بە ئاگاداری و ڕەزامەندی نووسەر کراوە بە کوردی و دەربارەی پەیوەندیی خۆی و کلۆودێل، بایەزیدی وتی: “هەر لە وەرگێڕانی یەکەم کتێبی ئەم نووسەرەوە پەیوەندی و نامەگۆڕینەوەم لەگەڵیدا هەیە و زۆر جاریش، ئەگەر لە کاتی وەرگێڕاندا کێشەیەکم بۆ هاتبێتە پێش، یارمەتی داوم.“

    ”باش نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم. تا بڵێی ئەستەمە. ئەم هەموو ماوەیە تێپەڕیوە، پەیڤەکان هەرگیز نابووژێنەوە – ڕووخسارەکانیش هەروا، بزەکان و زامەکانیش. بەڵام سەرباری ئەمانەش، دەبێ هەوڵ بدەم بیڵێم. باسی ئەو شتە بکەم کە بە درێژایی بیست ساڵ، جەرگودڵم هەڵدەکۆڵێ. پەژیوانییەکان و پرسیارە گەورەکان. دەبێ بە چەقۆ، وەک زگێک، نهێنییەکە هەڵبدڕم و بە هەموو هێزی دەست هەڵی بدەمەوە، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێک نەگۆڕدرێ، هیچ شتێک.“
    لە دەستپێکی ڕۆمانی ڕۆحە خۆڵەمێشییەکانەوە 

 سەرچاوە: دیدی من

۱۳۹۹/۰۷/۱۲

یامابووکی



 📚کتێب: یامابووکی
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

یامابووکی دوایین بەرگی پێنجێنەی دووهەمی ئاکی شیمازاکییە. یامابووکی بەسەرهاتی ژن و مێردێک دەگێڕێتەوە کە لە یەکەم ژوانی نێوانیاندا بڕیاری زەماوەندیان داوە و پەنجاوشەش ساڵە پێکەوە دەژین. ئایکۆ شانبەشانی ئەم پیاوە کە "سامووڕاییەک" و کادیرێکی بەرچاوی کۆمپانیای گۆشیمایە، دەکەوێتە ڕیزەکانی پێشەوەی ژیاندنەوەی ئابووری وڵاتەکەی کە جەنگ وێرانی کردووە. هەردووکیان کە ئێستاش ئاشقی یەکترین، چێژ لە ژیانی خانەنشینییان وەردەگرن. لە پیاسەکان و لە ژێر نمەی باراندا، ئایکۆ بیر لەو نیو سەدەیە دەکاتەوە کە لەگەڵ تسوویۆشی تۆدای مێردیدا تێیپەڕاندووە، بە بەختەوەرییەک کە قەدری دەزانێ. ئەو هەروەها ساڵانی پێش یەکترناسینیان و یەکەم زەماوەندیی ناسەرکەوتوویشی دێتەوە یاد.

تسووکووشی



 📚کتێب: تسووکووشی
💎مژار: رۆمان
📝نووسەر: ئاکی شیمازاکی
✍وەرگێڕان: سەلاحەدین بایەزیدی
🖨وەشانخانە: مادیار

یووکۆ، لە جەژنی سیانزەهەمین ساڵیادی لەدایکبوونی کچەکەی میتسووبادا، شەمچەیەک دەدۆزێتەوە کە بە نیگاری گیای کلکەئەسپ ڕازێنراونەتەوە. ئەم شەمچەیە گەلێک نهێنیی شاراوەی لە پشتەوەیە کە بەرە بەرە بۆ یووکۆ ڕوون دەبنەوە. وەک ئەوەی دەنکە شەمچەیەکی لە شەوی تاریک داگیرساندبێ. پەیبردن بە نهێنییەکان، گۆڕانکاریی بەسەر هەستەکانیی یووکۆدا دێنێ و تێڕوانینی لەمەڕ ژیانی خێزان و بەختەوەری دەگۆڕێ. دوای سیانزە ساڵ ژیانێکی ئارام، شانبەشانی پیاوێکی ڕووڕاست و لەبەردڵان، یووکۆ بۆی دەردەکەوێ هاوسەرەکەی ئەو کەسە نییە کە بیری لێ کردووەتەوە و تازە دەزانێ بۆچی بنەماڵەی هاوسەرەکەی هێندە پێداگر و دڵخۆش بوون کە مێردی پێ بکا.