۱۳۹۶/۱۲/۰۹

لە منیشەوە دوعایەکی فەتح، ئەگەرچی درەنگ بووە


شەنەر لەڤەنت*
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
منداڵێکی بچووکە و جلی عەسکەریی لەبەر کردووە…
کچۆڵەیەکە…
شەپقەی عەسکەریشی لە سەرە بۆردۆ**…
تەیپ ئەردۆغان لە سەر ئەو سەکۆیە ڕا کە قسەی دەکرد کچەی بانگ کرد…
دەستێکی لە سەر شانی ئەو منداڵە دانا…
بە دەستی چەپیشی مایکڕۆفۆنەکەی گرتبوو… کە بینی کچەکە دەگری، ئاوا هاتە گۆ:
''ئەوەتا ئێمە بۆردۆ بەرەلیشمان هەیە. بەڵام بۆردۆ بەرەلی ناگری… ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، بە تەمای خوا لە ئاڵاکەی وەردەپێچن… بۆ هەموو شتێک ئامادەیە وا نییە؟"
***
نەخێر…
بۆچوونی خۆم لەمبارەوە دەرنابڕم…
ئێوەی خۆتان شیی بکەنەوە… بە کەیفی خۆتان…
حەز دەکەن پەسندی بکەن، پێتان خۆشە پەسندی مەکەن…
پەیوەندیی بە خۆتانەوە هەیە…
پێتان خۆشە لە چوارچێوەی بگرن و بە دیواری ماڵەکانتانییەوە هەڵواسن…
بیرەوەرییەکی بێ وێنەی ئەم ڕۆژانەیە بۆ داهاتوو!
هەندێک وێنە هەن ڕوونکردنەوەیان ناوێ…
ڕێک وەک وێنەی ئەو کچۆڵە ڕووتە ڤییەتنامییەی لە پێشەوەی سەربازە ئەمریکییەکانەوە هەڵدێ…
بەم وێنانە دەڵێن وێنەی قسەکەر…
تەیپ ئەردۆغان ئەوەی دەبێ بیڵێ گوتوویەتی…
ئیتر ئەز چ بێژم…
دەڵێ "ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، ئینشائەڵڵا پێی دادەدەن"...
***
ئەمانە منداڵانی وەچەیەکن لەوە دەترسێن بە شەڕ بڵێن نا…
لەگەڵ بۆردۆ بەرەلەرییەکان گەورە دەبن…
خوێنی منیشی وە کوڵ هێنا…
لەخۆڕا ئەو هەمووە ساڵە داوای ئاشتیم کردبوو…
ئاشتی خێری تێدا نییە…
هەرچی هەبێ لە شەڕدا هەیە…
مستەفا کەماڵ بەو قسە بێهودەیەی کە دەڵێ "ئاشتی بۆ وڵات، ئاشتی بۆ دونیا" هەموومانی بە لاڕێدا برد…
لە خشتە براین…
هەڵخەڵەتاین…
ئیتر بۆ لەمەودوا دووپات نابێتەوە…
ئیتر ئەو قسەیە باوی نەماوە کە دەڵێ "لە قوبرس پێش بە ئاشتی ناگیردرێ"...
با خەیاڵتان ئاسوودە بێ…
لە قوبرس پێش بە شەڕ ناگیردرێ…
خۆ بۆ خۆتان بینیتان…
ئەو ئیتالییانەی زلـلەی عوسمانییان بەرکەوت چۆن بوونە تۆز…
چۆن تێیان تەقاند…
حەیف و مخابن درەنگ لەو جیهادییە قارەمانانە گەیشتم کە سەریان دەپەڕاند و ئێستا شان بە شانی سوپاکەمان لە ژێر ئاڵای تورکیا شەڕ دەکەن…
ئیتر دەبێ ئاوا بیت!
سەر ببڕیت!
لەش بە زیندوویی بسووتێنی!
سەری دوژمن پان بکەیتەوە…
کورد یانی چی؟
دوژمن!
یۆنانی یانی چی؟
دوژمن!
ئەرمەنی، عەلەوی…
هەموویان دوژمنن!
ئەگەر وڵاتەکەمان لەم دوژمنانە پاک نەکەینەوە، چۆن دەتوانین هەناسە بدەین…
***
بەختیارترین ڕۆژەکانمان ئەو ڕۆژانە نین بە ئاشتی تێپەڕ بوون…
ئەو ڕۆژانەن دوای شەڕێک سەرکەوتنمان بەدەست هێنا…
گەورەترین جەژنی ئێمە ٢٩ی تەمموز*** نییە؟
کە بیرەوەریی مووشەکەکانی ٤٤ ساڵ لەمەوپێش دێنینەوە بیر خۆمان، چ جۆشێک داماندەگرێ.
وەک ٤٤ ساڵ لەمەوپێش، هەمدیس سپێدەیەکی زوو بەرەو کەشتییە جەنگییەکان ڕادەکەین…
ئێمە تورکین…
ئایین و ڕەگەزی ئێمە بەرزە…
بێگومان هەر تورکێک وەک عەسکەر لەدایک دەبێ…
وەک کۆرپە نایەتە دونیا…
ئەوانە ڕاو بنێن کە یەژن بە کۆرپەیی چاو بە ژین هەڵدێنن…
***
پێم وایە دوای ئەو هەمووە بێعەقڵییە بۆ ئاشتی، لێرە ئیتر هەرکەس نرخی شەڕی بۆ دەرکەوتووە…
دواجار لەوەش تێگەیشتووە کە نیوەی ئەم دوورگەیەمان بە ئاشتی نا، بەڵکوو بە شەڕ و خوێن ڕشتن بەدەست هێناوە…
ئەوەنێ عەسکەری تورک بە گیان و دڵ بەشداری شەڕی عەفرین دەبێ…
لە مزگەوتەکان دوعای فەتح دەخوێندرێ…
لێرە خوێن و پارە بۆ عەسکەرە شەڕکەرەکانمان کۆ دەکرێتەوە…
هەموومان تێگەیشتن و وێدەچێ تەنیا من لە کاروان دوا کەوتبم…
گوتم "هەڵمەتێکی تری داگیرکەری"...
نەدەبوو وام گوتبا…
دەبوو سەری ڕێزم دانەواندبا...
دەبوو گوتبام "چاوەڕێمان بە عەفرین، ئەوا هاتین"...
وەک هەمووان ئەمنیش دوعایەکی فەتحم خویندبا…
باش بوو کەس هاوڕا نەبوو لەگەڵ من…
باش بوو کەس لایەنگری لە ئاشتی نەکرد و هەمووان لایەنی شەڕیان هەڵبژارد…
پێم وایە تاکە ڕێگەی چارەسەریی کێشەی ئێمە لەم دوورگەیە هەر ئەمەیە…
بەو پێیەی تەنانەت ئیتالییەکان تێیان تەقاند و هەڵاتن، کێ دەتوانێ بەرامبەرمان خۆ ڕابگرێ؟
یانکی وانەیەکی باشی پێ درا…
مامە هانسیش…
جا ئەگەر ئێستە هێزێک هەبێ خوێنی ڕەسەنی ئێمە لە دەمارەکانیدا بێت و بچێ…
ئەم ئیشە بە سەعاتێک تەواو دەکەین…
***
چما باب و باپیرانمان نەیانگوتووە "ئەی تورک ڕاچەنە و وەرەوە سەر خۆت"؟
جا منیش ڕاچەنیم و هاتمەوە سەر خۆم…
پاش ئەوەی گوێم لەو قسانە بوو کە ئەردۆغان بەو کچۆڵەیەی گوت، هاتمەوە سەر خۆ…
"ئینشائەڵڵا ئەگەر شەهید کەوت، ئاڵاکەی پێ دادەدەن"...
دەی…
با سروودی سەرکەوتن بگوترێنەوە…
لووتکەی چیاکان بە تەم و مژە…
بۆ پێشەوە هاوڕێیان…
ڕاپۆرتێکی چرووک وەرمەگرە…
تۆش تەڤلی ئێمە بە هاوڕێ…

*بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ئەفریقا، چاپی قوبرس.
**بۆردۆ بەرەلەری یان شەپقە بەڵاڵووکییەکان، هێزێکی تایبەت و شاراوەی "دژەتیرۆری" تورکیایە.
***هێزە چەکدارەکانی تورکیا ٢٠ی تەمموزی ١٩٧٤ هێرشیان کردە سەر قوبرس کە وەک جەژنی ئاشتی و سەربەخۆیی یادی لێ دەکرێتەوە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۹

دەستهەڵگرتن لە خۆشەویستی لەپێناوی ئازادیدا


وتوێژی ئاژانسی سوییس‌ئینفۆ لەگەڵ ستێفان برۆتۆن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
تەمەنیان بیست ساڵێک زیاترە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە، تەنانەت لە خۆشەویستیش، بۆ ئەوەی ڕێبازی ئازادی بگرنە بەر. ژنانی تێکۆشەری کورد لە سووریا سەمبۆلی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و فیدڕاڵی نوێن. مرۆڤناسی فەڕەنسی ستێفان برۆتۆن بە درێژایی حەوت مانگ، لە جەنگەی شەڕدا، فیلمی لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم ژنانە هەڵگرتووەتەوە. "کچانی ئاگر" ئەو فیلمە دیکۆمێنتارەیە کە لە پەراوێزی فێستیڤالی لۆکارنۆدا پێشکەش کراوە.

سوییس‌ئینفۆ: ئەگەر لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە لێی بڕوانین، ئەم ژنانە چ کەسانێکن؟
ستێفان برۆتۆن:
تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵ دایە و زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە بنەماڵە وەرزێڕەکانن. کۆمەڵێک ژنی تا بڵێی نەرم و نیان و لێبڕاون و بە هیچ شێوەیەک دەمارگرژ نین. ژیانی خۆیان بۆ تێکۆشان لە ڕیزی گەریلاکانی کورد لە سووریا تەرخان کردووە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە. لە پیاوەکان جودان، لە ماڵ یاخود نهۆمی جیاوازدا دەژین، بەڵام شان بە شانی ئەوان شەڕ دەکەن. هیچ چەشنە توندوتیژی یان ملکەچکردنێک بەدی ناکرێ، ڕێزێکی زۆری هاوڕێیانە لە ناو شۆڕشگێڕەکاندا هەیە و پێویستە بگوترێ کە دڵداری پیاوان و ژنان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەم قوربانی کردنە چۆن لێک دەدەنەوە؟
نازانم. پێم وایە ئەگەر خۆشەویستی هەبوا، ئەوا لە هەموو شتێک خورتتر دەبوو و هێزی ئەوانی دەبردە ژێر پرسیارە. کچان و کوڕان دەبێ تەنیا یەک ئامانجیان هەبێ، دەبێ ئامادە بن بۆ ئەوەی گیانیان و هاوڕێیانیان فیدا بکەن، هەرچەند ئەمە بەژانیش بێ. بۆیە خۆشەویستی مەحاڵە و لە خەیاڵ بە دوورە. هەر لە سەرەتاوە ئەمە دەزانرێ و ڕێسایەکە هەموویان ڕێزی لێ دەگرن.

شۆڕشی کورد لە سووریا تەنیا شەڕ نییە دژ بە داعش و بەشار ئەلئەسەد، بەڵکوو هەوڵە بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگە. ئەم مۆدێلە چییە؟
گەریلاکانی کورد لە سووریا زۆر سیاسین. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ئەوان سەر بە بزووتنەوەی پەکەکەن، هەرچەند لە ڕووی سیاسییەوە دوو گرووپی جیاوازیش بن. خۆیان بە ڕێکخراوێکی مارکسی - لێنینی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام ئەم چەمکە دەبێ لە بەستێنی خۆیدا لێک بدرێتەوە. لە وڵاتێکی وەک سووریا کە مافەکانی گەلی کورد پێشێل کراون و ژنان مافی شارۆمەندییان نییە، مارکسی - لێنینی بوون دێتە واتای حەواندنەوەی خەونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. بەهەر حاڵ، من ئاوای دەبینم. لەبەرامبەر ڕژێمی گەندەڵ و زاڵمی بەشار ئەسەد و زەبروزەنگی بێ هاوتای ئیسلامگەراکان، خەباتگێڕانی کورد مۆدێلێکی کۆمەڵگە پێشنیار دەکەن کە سیاسەت و هونەری ململانێی ڕەوان و پیاوان و ژنان خاوەن ماف و ئەرکی یەکسانن. لە کۆمەڵگەیەک کە ئیسلامی ڕادیکاڵ بەسەریدا زاڵە بیرۆکەی چەک هەڵگرتنی ژنان لە خەیاڵدا ناگونجێ. شۆڕشی ئەمانە لێرەوە دەست پێ دەکا!

ئاخۆ مەترسیی ئەوە نایەتە گۆڕێ کە ئەم شۆڕشگێڕانە ئایدیالیزە دەکرێن؟
من بانگەشە ناکەم ئەوان قارەمانن. بەڵام بەو قەناعەتە گەیشتووم کە ئەم کۆمەڵگە بچووکە یەکسانخوازە یۆتۆپیا و مودێلێک لەو ناوچەیە دەخاتە ڕوو، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە خۆشەویستی، وەچەنانەوە، بنەماڵە و منداڵ لە گۆڕێ نین. خۆشەویستی، پیاوان و ژنان یەکانگیر دەکا، بەڵام هاوکات لێکیان دادەبڕێ.

شەڕ لە سووریا پێی ناوەتەوە حەوتەمین ساڵەوە. ئەم ژنە گەنجانە چۆن لە بەرەکانی جەنگ بەرگە دەگرن؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە زۆر لەو ژنانە لە شەڕدا دەمرن. سەرباری ئەوەش، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کوردەکان بەردەوام بە باشترین جەنگاوەر لەقەڵەم دراون. بوێرییان ڕەوشتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو گشتییە: چاوپۆشی کردنە لە خود. کەواتە باسی میلیشیا یاخود سوپایەک نا، بەڵکوو گەلێکی چەکدار لە گۆڕێیە. ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئیسلامگەراکان کە کورد پێیان دەڵێن بەکرێگیراو. گەریلای کورد مووچە وەرناگرن و هیچیان نییە. بەم سادەبوونە سەرسامم. بە خێری چا، ئاگر و جگەرە پێشڕەوی دەکەن. جا ئەگەر بێت و هەر سێ لەمانەیان بەیەکەوە هەبێ، گۆرانی دەچڕن.

گەلۆ ئامانجی سەرەکییان دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆ یان لانیکەم ئۆتۆنۆمە؟
دەتوانین بڵێین حاڵی حازر، ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە ئازاد بن. نیگایان لەسەر ئێستا چەقی بەستووە. ئەوان باسی سەربەخۆیی ناکەن، بەڵام ئۆتۆنۆمی بۆچی. ئەوان دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی پێشنیار دەکەن کە هەر کەس بتوانێ بە گوێرەی یاسا و مەیلی تایبەت بە خۆی بژی. سووریا وڵاتێکی زۆر ئاڵۆزە، خەڵک و ئایینی جۆراوجۆر لەوێ دەژین. کوردەکان داکۆکیی لەو بیرۆکەیە دەکەن کە سەرجەم کەمینەکان لە کۆمەڵگەدا پێگەی خۆیان هەیە. نابێ لە بیرمان بچێ کە لە سووریا کوردەکان مافی ئەوەیان نییە بە زمانی خۆیان قسە بکەن، لە کاتێکدا لە زیاتر پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە سەر ئەو خاکانە دەژین!

"کچانی ئاگر" ژیانی ڕۆژانەی ژنان دەشۆپێنێ بەڵام لە جەنگەی شەڕکردندا نیشانیان نادا. ئاخۆ ئەمە بژاردەیەکی بەئەنقەستە یان داسەپاو؟
من نەمویستووە فیلمێکم لە سەر جەنگ دروست بکەم، چونکە من کەسێکی ئاشتیخوازم. هەر چۆنێک بێ، کوردەکان هەرگیز ڕێگەیان نەدەدام هاوڕێیەتیان بکەم، چونکە تا بڵێی مەترسیدارە. بۆیە من بەردەوام لە پەراوێزی شەڕدا مامەوە، بۆ ئەوەی بزانم ژیان لە چی دەچێ وەختێک هەموو شتێ بۆی هەیە ساتێک دواتر کۆتایی بێ. ئەو شتەی دۆزیمەوە، هەستی ئارامییەکی لەڕادەبەدر بوو. لەوانەیە ئەمە ناکۆک و دژبەیەک بێ، بەڵام ئیتر ئاوا بوو.

ئەم ئیدەئالی یەکسانییە سنووری گەریلای تێپەڕاندووە؟
نەخێر، بێگومان شۆڕشگێڕەکان لەم ڕووەوە پێشڕەون. لەگەڵ ئەوەشدا، لە شەڕی کۆبانێ بە دواوە، ژنانی کورد وەک قارەمان سەیر دەکردرێن. سەبارەت بەوان جۆرێک ئەفسانە دروست بووە و کاتێک پێی دەنێنە نێو گوندەکانەوە، کچان بە ستایشەوە لێیان دەڕوانن. بەدڵنیاییەوە ئەمە دەتوانێ گۆڕانکارییەک بەدی بێنێ، بەڵام کاتی دەوێ.

ئێوە بە ناخ و قووڵایی دونیای ئەم شۆڕشگێڕانەی کورددا شۆڕ بوونەوە. ئایا ئەستەم بوو هەتا ئێوە لە دونیای خۆیاندا وەرگرن؟
نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. کوردەکان ڕۆژنامەنووسانیان خۆش ناوێ، چونکە دێن، کۆمەڵێک پرسیار دەکەن و سەعاتێک دواتر دەڕۆن. من چەندان و چەندان مانگ لە لایان مامەوە. من کاتژمێر سێی بەیانی لەخەو هەڵدەستام و نانی ڕەقم لەگەڵ ئەوان دەخوارد. من پرسیارم نەدەکرد، سەرنجم دەدا. جگە لەوەش، من زمانی ئەوانم نەدەزانی و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو. ئەمە دەرفەتی پێ دەدام لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتییان چڕ ببمەوە. هەر کۆمەڵگەیەک زەمەن و شێوازی ژیان و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوە شتێک نییە بتوانین بە کۆمەڵێک وشە دەریببڕین. بەڵام هەوڵم دا فیلمی لێ هەڵبگرمەوە.

ستێفان برۆتۆن:
فیلمساز، وێنەگر و خەڵکناسی فەڕەنسی، ستێفان برۆتۆن، ساڵی ١٩٥٩ لە پاریس لەدایک بووە. گەلەک فیلمی دیکۆمێنتاری بەرهەم هێناوە، هەندێک لەوانە بریتین: ئەوان و من (٢٠٠١)، ئاسمان لە نێو باغچەیەکدا (٢٠٠٣)، دونیای دەرەوە (٢٠٠٧) و دارستانە تاریکەکان (٢٠١٥). ستێفان برۆتۆن هەروەها وانەی خەڵکناسی و سینەمای دیکۆمێنتاری لە قوتابخانەکانی خوێندنی باڵا لە پاریس دەڵێتەوە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۸

دوایین هەواڵەکانی داهاتوو


دواهەمین کتێبی پاتریس فرانسێچکی، کۆمەڵە چیرۆکێکە بەناوی "دوایین هەواڵەکانی داهاتوو". ئەم کۆمەڵە چیرۆکە شوباتی ٢٠١٨ لە لایەن وەشانخانەی "گراسێ"وە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ڕۆژنامەی "لۆ فیگارۆ" سەبارەت بەم کتێبە وتوێژێکی سەرنجڕاکێشی لەگەڵ پاتریس فرانسێچکی ئەنجام داوە. بە پێی ڕۆژنامەکە داهاتوو تەنیا شوێنێک بوو نووسەر نەیدۆزیبۆوە و بەم کتێبە ئەوەشی کرد. 

پاتریس فرانسێچکی کە ساڵی ٢٠١٥ گەورەترین خەڵاتی وێژەیی فەڕەنسای بۆ کۆمەڵە چیرۆکی "یەکەم کەسی تاک" وەرگرتووە، سەبارەت بە نووسینی ئەم کتێبە، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەکەدا دەڵێ:

... بە ڕای من، نووسەرێک دەبێ تەنیا ئەو کاتە بنووسێ کە شتێکی بۆ گوتن پێیە. بە هۆی ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری ژیانم لە نێو ئەو کۆمەڵگەیانەدا تێپەڕاندووە کە هیی من نین، بوومە خاوەن ئەزموونێکی تایبەت لەمەڕ دونیای ئەمڕۆ، پاڵپشت بەو ئەزموونە چل ساڵە پڕ لە بەسەرهات و پابەندییەیە هەوڵم داوە دونیای سبەی وێنا بکەم. بەتایبەتیش، پێنج ساڵ مانەوەم لە لای کوردەکانی سووریا، لە نێو جەرگەی خەباتیان دژ بە ئیسلامگەراکان، ساڵانی هەرە سەرنجڕاکێشن. ڕەنگە لە هەمووشیان زیاتر مایەی پەژارە و نیگەرانی... هاوینی ٢٠١٦ لە شەڕی منبەج، ئەم چواردە چیرۆکە کە دەمێکی درێژ لە مێشکم دابوون، کتوپڕ شۆقی ژیانیان بە خۆوە بینی. داوای هەندێک کاغەز و قەڵەمێکم لە هاوڕێیانم کرد و بۆ یەکەمجار، دوای ماوەیەکی دوور و درێژ، کتێبێکم لە سەرەتاوە تا کۆتایی بە دەست نووسی... لە لایەکی دیکەوە چارەنووس وای کرد شەڕەکە ئەو ڕۆژە تەواو بێ کە من خاڵی کۆتاییم بۆ ئەم کتێبە دانا. مەبەستم ئەوەیە بڵێم نووسین بۆ من پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی بە ژیان و بەسەرهاتەوە هەیە.

۱۳۹۶/۱۱/۲۴

بۆ عەفرین


سەلاحەدین بایەزیدی
 
زڤستان بوو
دارزەیتوونەکانی بن خەت
سەرمایان بوو و
هەڵدەلەرزین

عەسکەر هاتن
بە مشاری ستێرک و
داسی مانگەوە
لق و پۆپی دارەکانیان بڕی
دایاننە بەر تۆپ و گولـلە

درەختەکان ڕووت بوونەوە
هەوا تووش تر و
شەڕ سەخت تر

دارزەیتوونەکان بریندار
شکاو
سووتاو
هەر چوار دەوریان گیراو
بەڵام بە پێوە
باڵای کورتیان بەرز و
نەدەقەرسین.

۱۳۹۶/۱۱/۲۲

خیانەتی ڕۆژئاوا لە کوردەکان


ژێرار شالیان
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لە بەرامبەر دەستێوەردانی تورکیا و هاوپەیمانە سوورییەکانی، کوردەکانی کانتۆنی عەفرین کە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە خۆڕاگری دەکەن، بێجگە لە بەخشینی گیانیان هیچ ڕێگەیەکی تریان نییە. ئەوەی ڕاستی بێ هێزەکانی ڕووسیا، پاش دانوستان لەگەڵ تورکیا، ناوچەکەیان چۆل کرد و هێزەکانی ئەمریکاش دژایەتیی خۆیان بۆ ئەم هێرشانەی تورکیا درەنەبڕی. 
هێزە هاوپەیمانە سوورییەکانی تورکیا، لە بنەڕەتدا هیچ نین کۆمەڵێک جیهادگەران نەبێ، یان وەک "دەوڵەتی ئیسلامی"، یان وەک ئەو ڕێکخراوانەی خاوەنی ئایدیۆلۆژیەکی هاوشێوەن. ئەم هاوپەیمانانە بە "سوپای سوریای ئازاد" لە قەڵەم دراون و دەستێوەردانی سەربازی تورکیاش ناوی "چڵە زەیتوون"ە. خۆشە ببیتە دیکتاتۆر، بەڵام ڕێزگرتنە ڕواڵەتییەکان گاڵتەجاڕییان لە پشتە.
کوردەکانی سووریا جووڵانەوەیەکی سیاسیی - سەربازییان دامەزراندووە کە ماوەی چەندین ساڵە دژ بە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی شەڕ دەکا. بە دیسپلین و ورەیەکی بەرزەوە (ساڵی ٢٠١٦ توانیم ئەمە لە نزیکەوە ببینم)، بە بەشداریی بەرچاوی خەباتگێڕەکانی، هەم وەک بژاردەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و هەمیش بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی کۆمەڵەیەکی کەمینە ببێتە دوو قات. کاریگەرییان لە لایەن پیاوانی کۆمەڵگەیەک کە وەک کاڵایەک سەیری ژنان دەکەن، مایەی شەرم بوو، وەک چۆن ئەمەمان لە مامەڵەی خراپ لەگەڵ جەستە و تەرمی ژنان بینی.
کوردەکانی سووریا (یەپەگە) بە خۆڕاگری قارەمانانەیان لە کۆبانێ وەک ئیدەئالی هێزی جێگرەوە هاتنە بەر چاوی دەوڵەتە نیگەرانەکان کە پێویست بەوە نەکا سەربازەکانی خۆیان بەرنە ئەوێ. ئەمریکییەکان و ڕووسەکان لە چوارچێوەی خەباتیان دژ بە "دەوڵەتی ئیسلامی" و دژ بە جیهادیزم کەڵکیان لێ وەرگرتن.
ڕووسیا دەیەوێ ڕژێمێک بەهێز بکا کە بە دڵیەتی و دوایین وڵاتی عەڕەبی هاوپەیمانێتی، وەک چۆن بەتایبەت لە نێوان سێپتەمبەری ٢٠١٥ و بەهاری ٢٠١٦ ئەمەی سەلماند. ئەو بواری بۆ بەشار ئەسەد ڕەخساند تاکوو دەسپێشخەری بگرێتە دەست، هاوکات کە پشتی کوردەکانی سووریا گرتبوو. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کوردەکانیان هان دەدا بە هاوکاریی هێزە عەرەبەکان، دارودەستەی "دەوڵەتی ئیسلامی" لە ڕەقەی بە پایتەخت ڕاگەیەنراویان ڕاو بنێن.
پار، ئەمە بە نرخی خەسارێکی قورس بەدی هات. بەمجۆرە هێزە کوردییەکان بەرامبەر بە هاوکاری ئەمریکا لەو ناوچە عەرەبانەش باجی قورس دەدەن کە هیچ بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لێی نییە.
پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیا و هاوپەیمانێتی کاتیان، تایبەت نییە بە ڕۆژی ئەمڕۆ. پێشتر تورکیا بۆ کردنەوەی قفڵی دەرگەی جەرابلوس، ناوچەیەکی سەر سنوور کە لەوێوە دەستت بە خاکی سووریا ڕادەگا، پێویستیی بە بێلایەنی ڕووسیا هەبوو. لە بەرامبەر ئەمەدا، دەستی ئاوەڵا بوو تاکوو جیهادیستەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب سەرکوت بکا.
ئەمجارە، ڕێککەوتنی نێوان تورکیا - کە بانگەشە دەکا بەرژەوەندیی تایبەت بە ئاسایشی خۆی دەپارێزێ - و ڕووسیا، بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە عەفرینەوە هەیە. هێزەکانی ڕووسیا ڕازی دەبن لە کانتۆنی عەفرین پاشەکشە بکەن و تورکیا لە هەوڵ و هاندانی ڕووخاندنی ڕژێمی شام پاشگەز دەبێتەوە. مەسەلەی ئەوە لە گۆڕێیە بۆ هەمیشە لە چنگ کوردەکانی سووریا ڕزگاری بێ کە وەک پاشکۆی پەکەکە لێی دەڕوانێ کە تورکیا ماوەی زیاتر لە سی ساڵە لە وڵاتی خۆی شەڕی لەگەڵ دەکا.
بێجگە لەمە، هێرش بۆ سەر عەفرین و هەروەها هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر منبەج، ئەو شوێنەی هێزە ئەمریکییەکان لێی سەقامگیر بوون، بۆ ئەوەیە سەرۆککۆمار ئەردۆغان لە لای پان ناسیۆنالیستەکان خۆشەویست تر بکا. هەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشە، خۆ لە ناوچەی گەمارۆدراو هەڵناقورتێنن، مەگەر بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو. نیگەرانییەکانی دۆناڵد ترامپ پەیوەندییان بە ئەولەوییەتی ترەوە هەیە.
دەوڵەتەکان، ئەگەر مەبەستیان نەبوو دەستێوەردان بکەن، تا ئەو کاتەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە سەر بەرژەوەندییەکانیان لە گۆڕێ نەبێ، خۆیان بەوە قایل دەکەن هەڵسوکوتی شەڕخوازانە مەحکووم بکەن و ڕایبگەیەنن کە ئەمە شیاوی پەسند نییە و هاوکات پەسندیشی بکەن. پاش شان لادان لەم جۆرە هێرشانە، ئێمەمانان لە ئەوروپا فێر بووین مەراسیمی "یاد و بیرەوەری" بگرین و بڵێین "جارێکی تر هەرگیز."
ئەمە، لە وڵاتانی دیموکراتدا، گرنگیی بیروڕای گشتی و هیی میدیا، بەو مەرجەی کاری خۆیان بە سەرنجەوە ئەنجام بدەن، دەخاتە ڕوو.
ساڵی ١٩٩١، پاش ئەو شەڕەی عێراقی سەددام حوسێن بە مەبەستی لکاندنی کوەیت بە وڵاتەکەی هەڵیگیرساند، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاگادار بوو بە جڵەوبەردانی عێراق، تەواو دەسەڵاتەکەی لاواز ببێت بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ڕووخانی سوننەکان کە بە قازانجی ئێران دەشکایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەوازی ئاڕاستەی شیعەکان و کوردەکان دەکرد ڕاپەڕن بەڵام بزانن کە بە قازانجی ئەوان دەستێوەردان ناکا. سەرکوتی سەددام حوسێن گەیشتە لوتکە. شیعەکان قەتڵوعام کران و کوردەکان تۆقێنران، بە سەدان هەزار کورد بەرەو تورکیا و ئێران ڕایانکرد.
ئەوان بە نۆرەی خۆیان بەختیان هەبوو کە بە کامێرای ڕۆژئاواییەکان فیلمیان لێ هەڵگیرا. لە سایەی خۆتێوەردانی فەڕەنسا کە بریتانیا خستبوویە سەر ئەستۆی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی بوو پەناگەیەک بۆ کوردەکانی عێراق دروست بکا.
تەقریبەن گومان لەوەدا نییە کە گەمارۆی عەفرین وەها بەختێکی نییە.
تورکیا ئەندامی ناتۆیە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەولەوییەتی تری هەیە و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا پێش هەموو شتێ وابەستەی مانەوەی ڕژێمی شامە نەک کانتۆنی عەفرین.

سەرچاوە: لۆفیگارۆ

۱۳۹۶/۱۱/۲۰

مردن ئەڕای کۆبانێ، یان ژیان ئەڕای کۆبانێ



ئارام کۆشکی

لە چەند مانگی پێشوودا، لە وتارێکدا ئاماژەم بۆ ئەوە کرد کە زۆرجار دەشێت کتێب ببێتە چەکێکی بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە نالەبارانەی ڕووبەڕووی ئینسان دەبنەوە، چونکە نووسەران و رۆژنامەنووسان تەنها وشە شک دەبەن کە بەرەنگاریی دۆخە جۆراوجۆرەکانی پێ بکەن. چەکی ئەوان وشەیە. نەک شتی دیکە، هەر بۆیە لە دۆخێکی لە چەشنی بەرخۆدانی کۆبانێ، یان کەرکوک و عەفریندا چەکی نووسەران وشەیە و بەرگرییە بە کتێب و نووسینەکانیان. من لاموایە هەموو شێوازەکانی بەرگری بەیەکەوە یەکتری تەواو دەکەن و فەزڵی هیچ کام لە شێوازەکانی بەرگریی نادەم بەسەر ئەویدیکەدا. بۆیە مرۆڤ دەبێت تا هەناسەی تێدایە لە بەرگریدا بێت، ئیدی بۆ مانەوە هەر رۆژەی پێویستە بەرگری لە بەهایەکی مرۆیی بکەین، کە لە لایەن هێزە تاریکەکانەوە دەخرێتە بەر هێرش و بوونی دەکەوێتە بەر مەترسی.

لەم چەند رۆژەدا کە تاریکی دەیەوێت عەفرینیش بە دەردی کۆبانێ بەرێت من کتێبی "مردن ئەڕای کۆبانێ"م خوێندەوە. ئەم کتێبە دیرۆکی بەرخۆدانی کۆبانێ و بەرپەرچدانەوەی ئەو تاریکییەیە، کە ژیانویستان لە کۆبانێ دژ بە تاریکپەرستان تۆماریان کرد.

"مردن ئەڕای کۆبانێ"، کتێبێکی پاتریس فرانچێسکی-یە و سەڵاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی غەزەلنووس لە دوتوێی 193 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. پاتریس فرانچێسکی، نووسەر و فلیمساز و گەڕیدەیەکی فەرەنسییە و داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کوردە و ساڵی 1954 لە فەرەنسا هاتۆتە دنیاوە. ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشداری ڕیزەکانی خەباتی ئەفغانستانی دژ بە سۆڤیەت کردووە و هاوکات بەردەوام پشتیوانی لە بزووتنەوەی سیاسی کورد کردووە بەتایبەت لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان. لەم کتێبەشدا ئەمە بەڕوونی دەردەکەوێت. کۆی ئەم کتێبە گەشتێکی ئەم نووسەرەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان و سەردانکردنی کۆبانێ و بینینی ئەو بەرخۆدانەی لە کۆبانی کرا. لە کتێبەکەوە خوێنەر بۆی دەردەکەوێت کە نووسەر لەو کەسانەیە کە شارەزاییەکی زۆری لەسەر مێژوو و شۆڕشەکانی گەلی کورد هەیە و هەتا ئاگاداری لانی کەمی مێژووی پەنجا بۆ شەست ساڵی ڕابردووی ئەم نەتەوەیەیە، کە هیچ پەناگەیەکی ئارامی لەسەر ئەم گۆی زەوییە پێ ڕەوا نەبینراوە.

لە جێگەیەکدا نووسەر باس لە یەکەم سەیرکردنی خۆی دەکات بۆ داعش، کە لە دووربینەوە ئاڵاکەی بینیوون و دەستبەجێ خەیاڵی چووە بۆ ئەو ئاڵایانەی بەسەر کەشتی چەتەکانی دەریاوە هەبووە کە لەکۆندا باو بووە. لەم یەکەم بینینەوە نووسەر داعش وەکو چەتەیەک دەبینێ، بەڵام کوردەکان وەکو قارەمان و شۆڕشگێڕێک وێنا دەکات و باس لەوەش دەکات، کە ڕزگارکردنی کۆبانێ لەلایەن کوردەکانەوە بەبێ بوونی چەکی پێویست لە خەون و خەیاڵ دەچێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کەس لە کۆبانێ هیوابڕاو نییە و مرۆڤ کە لە پێناو دۆزێکدا شەڕ بکات ئیدی هەرگیز بێ هیوا نابێت و ئەگەری سەرکەوتنیش نزیکە.

بێگومان ئێمە لێرەدا ناتوانین تەواوی کتێبەکە بگێرینەوە. بەڵام ئەم کتێبە دەخوازێ وێنەیەکی ئەو بەرخۆدانەی کۆبانێ بگوێزێتەوە کە ڕیشەیەکی مێژووی لەنێو مێژووی گەلی کورددا هەیە. بەڵام لە پێشوودا هەمیشە بە شکست کۆتایی هاتووە، بەڵام ئەمجارە کورد سەردەکەوێت و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەو نەوە شۆڕشگێڕەی ئێستا دەیانەوێت مێژوو دووبارە نەکەنەوە، بەڵکو دەیانەوێت تێیپەڕێنن و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو و شکستەکان، سەرکەوتنی نوێ تۆمار بکەن. پاتریس لە جێگەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئیسلامییەکان لە هەموو شت زیاتر لەوە دەترسن کە لەلایەن ژنێکەوە بکوژرێن و لە ڕوانگەی ئەوانەوە ئەمە سەرشۆڕییەکی گەورەیە. دەشێت ئەم ئاماژەدانەی نووسەر بەم نموونەیە بمانپەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەردوو ڕەگەز پێکەوە و لە پێناو ژیاندا شەڕیان کرد. شەڕ لە کۆبانێ لە پێناو ژیاندا و شەڕی تەنیا ڕەگەزێک نەبوو، بەڵکو شەڕی ڕزگارکردنی ژیان بوو لە دەست تاریکی، هەر بۆیە سەرکەوت.

یەکێکی دیکە لە وەڵامەکانی هۆکاری سەرکەوتنی بەرخۆدانی کۆبانێ ئەوەیە، کە ئامانجێکی دیاریکراو هەیە کە شەرڤانان شەڕیان بۆ دەکرد، ئەویش ڕزگارکردنی ژیان بوو. نووسەر وەڵامی یەکێک لە شەرڤانەکان لەبارەی سەرکەوتنی کۆبانێوە دەگوێزێتەوە کە دەڵێت: "ئێمە دەزانین بۆچی شەڕ دەکەین؟" بێگومان دیاریکردنی ئەم ئامانجە یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی کۆبانێ.
ئێستا و لەم دۆخەی کە عەفرینی تیدایە و کەوتۆتە مەترسیەوە، خوێندنەوەی ئەم کتێبە کۆمەکێکی گەورەمان پێ دەکات بۆ تێگەیشتن لە پەلاماردانی عەفرین و ئەو بەرخۆدانەشی کە شەرڤانان لە عەفرین دەیکەن.

ئەم کتێبە ئەگەرچی ناوی مردن ئەڕای کۆبانی بێت و دیمەنی مرنەکانمان لە پێناو کۆبانیدا بۆ بگوازێتەوە، بەڵام هەموو مردنێک لە کۆبانێ لەپێناو ژیاندایە. ئەو مردن و شەهیدبوونانەی کوردەکان لە کۆبانێ تۆماریان کرد لەپێناو مردندا نەبوون، لە پیناو دونیایەکی دیکەدا نەبوو، بەڵکو لە پێناو هێشتنەوەی ژیان و زیندوو ڕاگرتنی بەهای مرۆیی مرۆڤدا بوو. هەر بۆیە کۆبانێ سەرکەوت، چونکە هێزی ژیاندۆستی سەرکەدەوێت. سەرکەوتنی کۆبانی سەرکەوتنی ئینساندۆسی و ژیانویستییە، نەک مەرگویستی. خوێندنەوەی ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ ئاشنابوونی خوێنەر بە ئەزموونی بەرخۆدانی کۆبانی لە زاری نووسەرێکەوە کە خۆی لە نزیکەوە لەنێو ڕووداوەکاندا ژیاوە و کەمسی سەرجەم ڕووداوەکانی کردووە.

دەستخۆشی بۆ سەلاحەدین بایەزیدی و ئەم کارە نایابە و بەهیوای بەردەوامی و بینینی بەردەوامی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانی.

سەرچاوە:
ڕۆژنامەی هەولێر، ژ ٢٧٧٩، ٢٠١٨/٢/١، ل ٨.

۱۳۹۶/۱۱/۱۶

«دوێنێ»* ئاڵقه‌ڕێزی گێڕانه‌وه‌


نووسه‌ر: سه‌عید سلێمانی

«دوێنێ» چیرۆکی عەشقێکی بڤە و حەرام، دواجاریش ناکام! چیرۆکی ھەوڵێک بۆ باوک کوشتن و دیسان ناکام! چیرۆکی سڕینەوەی ڕابردوو بەڵام وەک زۆربەی ھەوڵەکانی دی، دیسان و دیسان ناکام! چیرۆکی ڕاکردن لە دەست چارەنووس بەڵام ئەمجارەیان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو!

زمانی گێڕانەوەی ئاگۆتا کریستۆف لەم ڕۆمانەدا، بە پێچەوانەی بەسەرھاتی ڕەش و زبر و تاڵی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکەکە، زمانێکی نەرم و نیان و شیرینە. زمانێکی ھێندە ھەستیار کە لە زۆر شوێندا خوێنەر تا سنووری ھەنیسک و فرمێسک دەبات.

ڕەنگە بۆ ئێمەی کورد، بەسەرھاتی پەنابەری و کۆچ، ھیچ کە داستانێکی نامۆ نەبێ بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە بێت لە چارەنووسمان و بەو پێیە کەسانێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە، بە شێوەیەک، غوربەت و ئاوارەیی و کۆچ و لە ھەمووشیان گرینگتر، پەنابەریەتیان تاقی کردبێتەوە. بەسەرھاتێک کە لە ھەر دۆخ و ھەلومەرجێکدا بەسەرھاتێکی دڵخواز نیە بەڵکو ھەمیشە دۆخێکی نەخوازراو و داسەپاوە کە مرۆڤی پەنابەر ناچارە بە خۆڕاگری لە ھەمبەر مەینەتی و ئەگەر و پێشھاتەکانیدا. کەم نین ئەو کەسانەی کە لە ژێر باری قورسی پەنابەریەتیدا خۆ ناگرن و بۆ ھەمیشە تێک دەشکێن. «دوێنێ» تێکەڵەیەکە لە چیرۆکی ھەر دوو تاقمی خۆڕاگر و خۆڕانەگر. چ ئەوانەی ماونەوە و چ ئەوانەی لە ھەمبەر دۆخی نەخوازراودا ملکەچ بوون و ڕێگای مەرگ یان گەڕانەوەیان ھەڵبژاردوە.

ھەربۆیەش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە سەرەڕای چێژی ھونەری و ئەدەبی، بۆ ھەریەک لە ئێمەی کورد دەکرێ زیندووکەرەوەی چرکەساتێکی دەگمەنی ژیانمان بێ.

«دوێنێ» بەسەرھاتی ناکامی ھەمیشەیی مرۆڤە. چیرۆکی ژیانێکە کە ھەمیشە وەک ڕابردوو واتە وەک «دوێنێ» دەبێ سەیری بکرێت. چونکە زەمان بەردەوام لە خوڕین‌دایە و چرکەکان ھیچ کات ناوەستن. ھەربۆیەش ژیان ھەمیشە «دوێنێ»یەکە کە تەنیا شیاوی بیرەوەری و گێڕانەوەیە. لێرەدایە کە دەست پێڕاگەیشتن پێی، تەنیا خولیایەکە و بەس. بەڵام ھیچ سەیر نیە پێوەندییەکانی ژیانی ھەر کەسێک دیسان شکڵ بگرنەوە و دووپات ببنەوە. «دوێنێ» ھەوڵێکە بۆ فەرامۆشی ڕابردوو و قوتاربوون لە دەست مۆتەکەکەی. یان ئەگە ناچار بیت، ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی بەڵام بە شێوەیەکی دڵخواز. ھەربۆیە سەرەڕای ھەوڵی فەرامۆش کردن، ئاڵقەڕێزیکە بۆ گێڕانەوە و بۆ پێناسە کردنی خود واتە بۆ واتابەخشین بەو «من»ـەی کە ئێستا ھەیە و خەریکی بیرکردنەوە لە «دوێنێ»یە. چونکە ئەگەر «دوێنێ»یەک لە ئارادا نەبێت، «من»ێکی ئەمڕۆییش بوونی نیە. واتە بوونی منی ئەمڕۆیی پەیوەستە بە گێڕانەوەی دوێنێ. ھەربۆیە تۆ کاتێک دەتوانی ئەمڕۆ بوونی خۆت بسەلمێنی کە توانایی گێڕانەوەی «دوێنێ»ی خۆت ھەبێ. لێرەدایە کە گرینگایەتی و بایەخی گێڕانەوە زەق و بەرچاو دەبێتەوە و ھەموو جومگە ھەستیارەکانی قۆناغەکانی ژیانی تاکێکی مرۆڤانە دادەگرێت. بۆیە «دوێنێ» ھەستانەوەی دوای نغرۆبوونێکی دڵتەزێنە تەنیا بە مەبەستی گێڕانەوە و مسۆگەر کردنی بوونی خود لە نێو کۆی ئەم بوون و ژیانەدا.

کاتێ لین لە تۆبیاس دەپرسی: «بۆچی ناوی خۆتت گۆڕیوە؟» وەڵام دەداتەوە: «چونکە ژیانی خۆمم گۆڕی.» یەکەمین ھەنگاوی ئەم گۆڕینە پچڕانی پێوەندییە لەگەڵ ڕابردوو و ھەڵاتنە لە دەست چارەنووس. تۆبیاس لە زێد و نیشتمان و بنەماڵە و کەسە نزیک و ھاوخوێنەکانی خۆی ڕادەکات. لە بیرمان نەچێ لە سەردەمی نوێدا ڕەنگی غەریزە ھەرچی زیاتر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکاندا کاڵ دەبێتەوە و دەوری ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ئەندێشەی مرۆڤانە لە بیچم گرتنی کەسایەتی و پێوەندی مرۆڤایەتیدا تۆختر دەنوێنێ. ھەربۆیە لەم سەردەمەدا بنەمای پێوەندییەکان لەسەر ھاوفکرییە نەک لەسەر ھاوخوێنی. واتە لەم سەردەمەدا ھاوخوێنی جێی خۆی دەدات بە ھاوبیری. ھەربۆیەش ئێستاکە، ئەوەی کە پێوەندییەکی تۆکمە و پتەوی لەگەڵماندا ھەیە، ھاوبیرەکانمانن نەک ھاوخوێنەکانمان. ئەوەش بە مانای لێژبوونی پێگەی غەریزە و خێڵ و بنەماڵەیە لە ناو کۆی پێوەندی کۆمەڵایەتی نوێدا. واتە کاڵ بوونەوەی پێوەندی لەسەر بنەمای خێڵایەتی و خزمایەتی و ڕەگەز و ھاوخوێنی. لەولاشەوە بە واتای گەشە سەندنی دەوری شارستانییەت و ئەندێشەیە لەم بوارەدا. بەڵام سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌مانه‌، دابڕانی یه‌کجاره‌کی لە ڕابردوو کارێکی نەکردە و ئەستەمە. چونکە شتێک بە ناوی مێژوو لە پشت سەرمانە و لە ھەناوی «دوێنێ»دا بوونی ھەیە. چونکە ھەوێنی «دوێنێ» و مێژوو بە گشتی، چەمکێکە بە ناوی یادەوەری کە بە پێی ھەر گەز و پێوانەیەک دواجار دەبێتە ھەوێنی ھەموو گێڕانەوەکان و ناسینەوەکان. ھەربۆیەشە کە پێوەندییە ئینسانییەکان ئاوا ساکار جارێکی دی شکڵ دەگرنەوە و ڕایەڵی ڕابردوو دەکێشرێتە ناو چرکەساتی ئێستاوە. بەڵام ڕایەڵی پێوەندی ھێندە دەوامەی نابێت چونکە دەرەنجامێکی حەرام و درکاندنی نھێنییەکی تابۆشکێنی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش واتە ڕووخاندنی ھەموو کۆڵەکەکانی پێوەندی مرۆڤانە و خاپوور کردنی بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕووخان و خاپووربوونەش دەبێتە ھۆی ئەوەی مرۆڤ لە ژێریدا نغرۆ بێت و ئیتر توانایەک بۆ گێڕانەوە نەمێنێت و ھەربۆیەش دەقێک لە ئارادا نەمێنێ کە منی خوێنەر و پاڵەوانی گێڕەرەوە بە یەکەوە ببەستێتەوە.

چرکەساتی درکاندنی «دوێنێ» بە ھەموو وردەکارییەکانییەوە، چرکەساتێکی ھەستیارە کە ڕەنگە سەرجەم داھاتوو بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌. بۆیە پاڵەوانی چیرۆکەکە نایھەوێت ئازارەکانی دووقات ببنەوە و ھەر بەوە واز دێنێت کە من لە «دوێنێ»دا بوونم ھەبووە و ئێستاش بۆ تۆی خوێنەری دەگێڕمەوە؛ دوێنێ نەک وەک مێژوو بەڵکو وەک یادەوەری، وەک گێڕانەوە!

*- ئاگۆتا کریستۆف، دوێنێ، وەرگێڕ سەلاحەدین بایەزیدی، چاپەمەنی مانگ، ١٣٩٤.
 
سەرچاوە:
گۆڤاری ڕامان، ژ (٢٤٩)، ٢٠١٨/٢/٥، ل ١٤٩ - ١٤٨.