۱۳۹۶/۱۱/۲۹

دەستهەڵگرتن لە خۆشەویستی لەپێناوی ئازادیدا


وتوێژی ئاژانسی سوییس‌ئینفۆ لەگەڵ ستێفان برۆتۆن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
تەمەنیان بیست ساڵێک زیاترە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە، تەنانەت لە خۆشەویستیش، بۆ ئەوەی ڕێبازی ئازادی بگرنە بەر. ژنانی تێکۆشەری کورد لە سووریا سەمبۆلی پڕۆژەیەکی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و فیدڕاڵی نوێن. مرۆڤناسی فەڕەنسی ستێفان برۆتۆن بە درێژایی حەوت مانگ، لە جەنگەی شەڕدا، فیلمی لە ژیانی ڕۆژانەی ئەم ژنانە هەڵگرتووەتەوە. "کچانی ئاگر" ئەو فیلمە دیکۆمێنتارەیە کە لە پەراوێزی فێستیڤالی لۆکارنۆدا پێشکەش کراوە.

سوییس‌ئینفۆ: ئەگەر لە ڕوانگەی سایکۆلۆژییەوە لێی بڕوانین، ئەم ژنانە چ کەسانێکن؟
ستێفان برۆتۆن:
تەمەنیان لە نێوان بیست بۆ سی ساڵ دایە و زۆربەی هەرە زۆریان سەر بە بنەماڵە وەرزێڕەکانن. کۆمەڵێک ژنی تا بڵێی نەرم و نیان و لێبڕاون و بە هیچ شێوەیەک دەمارگرژ نین. ژیانی خۆیان بۆ تێکۆشان لە ڕیزی گەریلاکانی کورد لە سووریا تەرخان کردووە و وازیان لە هەرچی شتە هێناوە. لە پیاوەکان جودان، لە ماڵ یاخود نهۆمی جیاوازدا دەژین، بەڵام شان بە شانی ئەوان شەڕ دەکەن. هیچ چەشنە توندوتیژی یان ملکەچکردنێک بەدی ناکرێ، ڕێزێکی زۆری هاوڕێیانە لە ناو شۆڕشگێڕەکاندا هەیە و پێویستە بگوترێ کە دڵداری پیاوان و ژنان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

ئەم قوربانی کردنە چۆن لێک دەدەنەوە؟
نازانم. پێم وایە ئەگەر خۆشەویستی هەبوا، ئەوا لە هەموو شتێک خورتتر دەبوو و هێزی ئەوانی دەبردە ژێر پرسیارە. کچان و کوڕان دەبێ تەنیا یەک ئامانجیان هەبێ، دەبێ ئامادە بن بۆ ئەوەی گیانیان و هاوڕێیانیان فیدا بکەن، هەرچەند ئەمە بەژانیش بێ. بۆیە خۆشەویستی مەحاڵە و لە خەیاڵ بە دوورە. هەر لە سەرەتاوە ئەمە دەزانرێ و ڕێسایەکە هەموویان ڕێزی لێ دەگرن.

شۆڕشی کورد لە سووریا تەنیا شەڕ نییە دژ بە داعش و بەشار ئەلئەسەد، بەڵکوو هەوڵە بۆ دامەزراندنی مۆدێلێکی نوێی کۆمەڵگە. ئەم مۆدێلە چییە؟
گەریلاکانی کورد لە سووریا زۆر سیاسین. لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، ئەوان سەر بە بزووتنەوەی پەکەکەن، هەرچەند لە ڕووی سیاسییەوە دوو گرووپی جیاوازیش بن. خۆیان بە ڕێکخراوێکی مارکسی - لێنینی لەقەڵەم دەدەن، بەڵام ئەم چەمکە دەبێ لە بەستێنی خۆیدا لێک بدرێتەوە. لە وڵاتێکی وەک سووریا کە مافەکانی گەلی کورد پێشێل کراون و ژنان مافی شارۆمەندییان نییە، مارکسی - لێنینی بوون دێتە واتای حەواندنەوەی خەونی پێکەوەژیانی ئاشتییانە. بەهەر حاڵ، من ئاوای دەبینم. لەبەرامبەر ڕژێمی گەندەڵ و زاڵمی بەشار ئەسەد و زەبروزەنگی بێ هاوتای ئیسلامگەراکان، خەباتگێڕانی کورد مۆدێلێکی کۆمەڵگە پێشنیار دەکەن کە سیاسەت و هونەری ململانێی ڕەوان و پیاوان و ژنان خاوەن ماف و ئەرکی یەکسانن. لە کۆمەڵگەیەک کە ئیسلامی ڕادیکاڵ بەسەریدا زاڵە بیرۆکەی چەک هەڵگرتنی ژنان لە خەیاڵدا ناگونجێ. شۆڕشی ئەمانە لێرەوە دەست پێ دەکا!

ئاخۆ مەترسیی ئەوە نایەتە گۆڕێ کە ئەم شۆڕشگێڕانە ئایدیالیزە دەکرێن؟
من بانگەشە ناکەم ئەوان قارەمانن. بەڵام بەو قەناعەتە گەیشتووم کە ئەم کۆمەڵگە بچووکە یەکسانخوازە یۆتۆپیا و مودێلێک لەو ناوچەیە دەخاتە ڕوو، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە خۆشەویستی، وەچەنانەوە، بنەماڵە و منداڵ لە گۆڕێ نین. خۆشەویستی، پیاوان و ژنان یەکانگیر دەکا، بەڵام هاوکات لێکیان دادەبڕێ.

شەڕ لە سووریا پێی ناوەتەوە حەوتەمین ساڵەوە. ئەم ژنە گەنجانە چۆن لە بەرەکانی جەنگ بەرگە دەگرن؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە زۆر لەو ژنانە لە شەڕدا دەمرن. سەرباری ئەوەش، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا کوردەکان بەردەوام بە باشترین جەنگاوەر لەقەڵەم دراون. بوێرییان ڕەوشتێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکوو گشتییە: چاوپۆشی کردنە لە خود. کەواتە باسی میلیشیا یاخود سوپایەک نا، بەڵکوو گەلێکی چەکدار لە گۆڕێیە. ئەمە جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئیسلامگەراکان کە کورد پێیان دەڵێن بەکرێگیراو. گەریلای کورد مووچە وەرناگرن و هیچیان نییە. بەم سادەبوونە سەرسامم. بە خێری چا، ئاگر و جگەرە پێشڕەوی دەکەن. جا ئەگەر بێت و هەر سێ لەمانەیان بەیەکەوە هەبێ، گۆرانی دەچڕن.

گەلۆ ئامانجی سەرەکییان دامەزراندنی ناوچەیەکی سەربەخۆ یان لانیکەم ئۆتۆنۆمە؟
دەتوانین بڵێین حاڵی حازر، ئەوان بیر لەوە دەکەنەوە ئازاد بن. نیگایان لەسەر ئێستا چەقی بەستووە. ئەوان باسی سەربەخۆیی ناکەن، بەڵام ئۆتۆنۆمی بۆچی. ئەوان دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵی پێشنیار دەکەن کە هەر کەس بتوانێ بە گوێرەی یاسا و مەیلی تایبەت بە خۆی بژی. سووریا وڵاتێکی زۆر ئاڵۆزە، خەڵک و ئایینی جۆراوجۆر لەوێ دەژین. کوردەکان داکۆکیی لەو بیرۆکەیە دەکەن کە سەرجەم کەمینەکان لە کۆمەڵگەدا پێگەی خۆیان هەیە. نابێ لە بیرمان بچێ کە لە سووریا کوردەکان مافی ئەوەیان نییە بە زمانی خۆیان قسە بکەن، لە کاتێکدا لە زیاتر پێنج هەزار ساڵ لەمەوپێشەوە لە سەر ئەو خاکانە دەژین!

"کچانی ئاگر" ژیانی ڕۆژانەی ژنان دەشۆپێنێ بەڵام لە جەنگەی شەڕکردندا نیشانیان نادا. ئاخۆ ئەمە بژاردەیەکی بەئەنقەستە یان داسەپاو؟
من نەمویستووە فیلمێکم لە سەر جەنگ دروست بکەم، چونکە من کەسێکی ئاشتیخوازم. هەر چۆنێک بێ، کوردەکان هەرگیز ڕێگەیان نەدەدام هاوڕێیەتیان بکەم، چونکە تا بڵێی مەترسیدارە. بۆیە من بەردەوام لە پەراوێزی شەڕدا مامەوە، بۆ ئەوەی بزانم ژیان لە چی دەچێ وەختێک هەموو شتێ بۆی هەیە ساتێک دواتر کۆتایی بێ. ئەو شتەی دۆزیمەوە، هەستی ئارامییەکی لەڕادەبەدر بوو. لەوانەیە ئەمە ناکۆک و دژبەیەک بێ، بەڵام ئیتر ئاوا بوو.

ئەم ئیدەئالی یەکسانییە سنووری گەریلای تێپەڕاندووە؟
نەخێر، بێگومان شۆڕشگێڕەکان لەم ڕووەوە پێشڕەون. لەگەڵ ئەوەشدا، لە شەڕی کۆبانێ بە دواوە، ژنانی کورد وەک قارەمان سەیر دەکردرێن. سەبارەت بەوان جۆرێک ئەفسانە دروست بووە و کاتێک پێی دەنێنە نێو گوندەکانەوە، کچان بە ستایشەوە لێیان دەڕوانن. بەدڵنیاییەوە ئەمە دەتوانێ گۆڕانکارییەک بەدی بێنێ، بەڵام کاتی دەوێ.

ئێوە بە ناخ و قووڵایی دونیای ئەم شۆڕشگێڕانەی کورددا شۆڕ بوونەوە. ئایا ئەستەم بوو هەتا ئێوە لە دونیای خۆیاندا وەرگرن؟
نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. کوردەکان ڕۆژنامەنووسانیان خۆش ناوێ، چونکە دێن، کۆمەڵێک پرسیار دەکەن و سەعاتێک دواتر دەڕۆن. من چەندان و چەندان مانگ لە لایان مامەوە. من کاتژمێر سێی بەیانی لەخەو هەڵدەستام و نانی ڕەقم لەگەڵ ئەوان دەخوارد. من پرسیارم نەدەکرد، سەرنجم دەدا. جگە لەوەش، من زمانی ئەوانم نەدەزانی و ئەمەش خاڵێکی ئەرێنی بوو. ئەمە دەرفەتی پێ دەدام لە سەر ژیانی کۆمەڵایەتییان چڕ ببمەوە. هەر کۆمەڵگەیەک زەمەن و شێوازی ژیان و تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەیە و ئەوە شتێک نییە بتوانین بە کۆمەڵێک وشە دەریببڕین. بەڵام هەوڵم دا فیلمی لێ هەڵبگرمەوە.

ستێفان برۆتۆن:
فیلمساز، وێنەگر و خەڵکناسی فەڕەنسی، ستێفان برۆتۆن، ساڵی ١٩٥٩ لە پاریس لەدایک بووە. گەلەک فیلمی دیکۆمێنتاری بەرهەم هێناوە، هەندێک لەوانە بریتین: ئەوان و من (٢٠٠١)، ئاسمان لە نێو باغچەیەکدا (٢٠٠٣)، دونیای دەرەوە (٢٠٠٧) و دارستانە تاریکەکان (٢٠١٥). ستێفان برۆتۆن هەروەها وانەی خەڵکناسی و سینەمای دیکۆمێنتاری لە قوتابخانەکانی خوێندنی باڵا لە پاریس دەڵێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر