۱۳۹۸/۰۸/۱۳

ژان – پۆل دووبوا، بەرەوەی گۆنکووری ٢٠١٩


ئەمڕۆ دووشەممە (٤ی نۆڤامبر)، ژان – پۆل دووبوای تەمەن ٦٩ ساڵ، بە ڕۆمانی هەموو پیاوەکان لە دونیادا بە یەک شێوە ناژین، سەدوهەڤدەهەمین خەڵاتی وێژەیی گۆنکووری بردەوە.

ڕکەبەری سەرەکیی ئەم نووسەرە تولووزییە، ژنە نووسەری بەلژیکی ئامێلی نۆتۆمب بوو، بە پێی جریویەکی ئەکادیمیای گۆنکووڕ، ژان – پۆل دووبوا لە خولی دووهەمدا، بە شەش دەنگ بەرامبەر چوار دەنگی ئامێلی نۆتۆمب کە سێهەم جارە دەبێتە بەربژێری گۆنکوور، خەڵاتەکەی بردووەتەوە. 

دوای ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە لە چێشتخانەی دروان لە پاریس، ژان – پۆل دووبوا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "هەموو شتێک بۆی هەیە ڕووبدا! ئەمە دڵخۆشکەرە..." 

هەموو پیاوەکان لە دونیادا بە یەک شێوە ناژین، بیستودووهەمین کتێبی دووبوایە، ناوەندی ئۆلیڤیێ لە ٢٥٦ لاپەڕەدا چاپی کردووە و نرخەکەی نۆزدە یۆرۆیە. ڕۆمانەکە کە چیرۆکێکی هەژێنەر و نۆستالژیایەکە بۆ بەختەوەریی لەدەستچوو، بەسەرهاتی پیاوێک دەگێڕێتەوە بە ناوی پۆول هانسن کە ماوەی دوو ساڵە لە گرتووخانەیەکی بۆردۆ دایە. 

پۆول هانسنی گێڕەرەوە بۆ خوێنەری باس دەکا کە چۆن بەو ڕۆژە گەیشتووە کە ببێتە هاوژووری هێلس ئانجێل. 

خەڵاتی وێژەیی گۆنکوور گرنگترین خەڵاتی ڕۆمانی ئەدەبیاتی فەڕەنسی زمانە، هەرچەند تەنیا دە یۆرۆ بە نووسەرەکەی دەدرێ، بەڵام خەڵاتەکە تیراژی ڕۆمانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی گۆڤاری "لیڤر ئێبدۆ"، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠١٨، خەڵاتی گۆنکوور تیراژی ڕۆمانی گەیاندووەتە ٣٦٧١٠٠ نوسخە.


پار نیکۆلا ماتیۆ ئەم خەڵاتەی وەرگرتبوو.