۱۳۹۱/۰۷/۰۳

قۆناغی ئۆسلۆ بۆ وەستا؟


بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
زوبەیر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کەجەکە، کە بەشداری کۆبونەوەی نێوان نوێنەرانی میت و پەکەکە لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بووە، حکومەت بە بەرپرسیاری کۆتایی هێنان بەم قۆناغە دەزانێ و مەرجەکانیانی بۆ سەرلەنوێ دەست پێکردنەوەی دانوستانەکان ئاشکرا کرد.
ئایدار بانگەشەی کرد لەو پێڤاژۆیەدا چ شتێک کەوتبێتە سەر شانیان، جێبەجێیان کردووە بەڵام حکومەت بەڵێنەکانی بەجێ نەهێناوە، بە لاڕێدا ڕۆیشتووە، بەشێوەیەکی جددی نزیکی قۆناغەکە نەبۆتەوە و بە بێ ئاگاداری کۆتایی بە دانوستانەکان هێناوە.

'لە قۆناغی بێ چالاکیدا، دۆزی گیراوانی کەجەکە دەستی پێکرد'

ئایدار ڕوونی کردەوە ساڵی ٢٠٠٩ قۆناغێک بوو دانوستانەکانی ئۆسلۆ بە خێرایی پێش کەوتن، ئاماژەی بەوەش کرد ئەوان لە پێڤاژۆی بێ چالاکی دابوون کە خەڵک لە سەر دۆزی کەجەکە گیران و پێی وایە ئەم ڕووداوە یەکەم زەبر بوو لە قۆناغەکە کەوت.
ئایدار سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی دۆزی کەجەکە لە وەها قۆناغێکدا، بەمجۆرە بۆچوونی خۆی دەربڕی:
"لایەنی بەرامبەر لەم بوارەوە، ئیرادەی چارەسەرییان نەخستە ڕوو. ویستویانە بزووتنەوە لە کەشوهەوای بێ چالاکیدا ڕابگرن و پڕۆژەکانی خۆیان لە کردەوەدا پێک بێنن. بەم هەڵسوکەوتە بیریان لەوە کردبۆوە: دەتوانین ئەمانە بە لاڕێدا بەرین، هەڵبژاردنەکان ببەینەوە و دژ بە هەموو دامودەزگاکان لە تورکیا ببینە دەسەڵاتدار."

'بەڵێنیان دابوو گرووپی خابور دەستگیر نەکەن'

ئایدار هەروەها بانگەشەی کرد سەبارەت بەو گرووپەی پەکەکە کە ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩ لە دەروازەی سنووری خابورەوە چوونە ناو تورکیا، 'لە سەر سۆزی خۆیان نەمانەوە' .
''گروپەکانی ئاشتی تاقی کرانەوە، ئێمە بەڕێمان کردن. بڕیار بوو کەس دادگایی نەکرێ و نەگیردرێ. ئەو کەسانەی لە ناو گرووپەکە دابوون، ئێستا لە سوچی گرتووخانەن. دەوڵەت بەڵێنی دا هیچیان بە سەر نەیە بەڵام بەڵێنەکەی هەر ئەوەندەی بڕ کرد."
ئایدار لە وەڵامی ئەو ڕەخنانە کە دەڵێن، پەکەکە لە مەراسیمی پێشوازیدا خۆی نواند و ڕای گشتی بێزار کرد، بەمجۆرە هاتە ئاخافتن:
"خۆ هیچکەس پێشوازیەکی وەهای ڕێک نەخستبوو! گەل بەرەو پێشوازی ئاشتی چووبوون. بۆ یەکەمجار مرۆڤەکان بە پەیامی ئاشتیەوە دەهاتن و کۆمەڵێک تەرم نەبوون. هەموو کەسێک دەبێ پێی خۆش بێ. ئەوان [تورکیا] ئیماژێکیان دەخوڵقاند کە ئەوان دێن تەسلیم بن، بەڵام ئێمە مرۆڤەکانمان وەک پەیامێکی ئاشتی بەڕێ کردبوو."

'پێکدادانی سیلڤان بەرنامە بۆ داڕێژراو نەبوو'

ئایدار بانگەشە دەکا پەکەکە دەستپێشخەری هەموو پێکدادانەکانی ئەم قۆناغە نەبووە؛ ئاوریلی ٢٠١١ دژ بە پەکەکە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەستیان پێکرد، سەرەتا لە هاتای حەوت گەریلای پەکەکە و ئینجا ١٢ی ژوئەنیش ٢٠١١ ش لە گەرمەی هەڵبژاردنەکاندا، ٥٦ ئەندامی پەکەکە کوژران، هەروەها بانگەشەی کرد پەکەکە تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان هیچ هێرشێکی ئەنجام نەداوە.
ئایدار دەربارەی ئەو ڕەخنانەی کە دەڵێن پەکەکە لە ئەنجامی پێکدادانی ١٤ی ژوئیەی  ٢٠١١ لە ناوچەی سیلڤانی سەر بە دیاربەکر کە بووە هۆی کوژرانی ١٤ سەرباز، مێزی ئۆسلۆی وەرسوڕاند، بەمجۆرە وە قسە هات:
"لە ڕووداوی سیلڤان، هیچ پلانێک لە ئارادا نەبوو. ڕوداوەکەی ئەوێ، ڕوبەڕوو بوونەوەی دوو هێز بوو لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا. ئەودەم سەربازەکانیش دەیانتوانی سەرجەم ئەندامانی لایەنی تر بکوژن بەڵام لە وەها ڕۆژێکدا کێ زووتر بجوڵێتەوە، ئەوا ئەو ئەنجام وەردەگرێ."

'دوا دیدار لەگەڵ دەوڵەت لە سەر پڕۆتۆکۆلەکانی ئۆجەلان بوو'

ئایدار وەک پاشکۆیەک بۆ سەرجەم ئەم قسانەی بانگەشەی کرد کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١١، تورکیا، ئێران، عێراق و سووریا دژ بە پەکەکە ڕێککەوتوون و پلانی ئەم هێرشە هاوبەشە، کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر قۆناغەکە.
وەک ئایدار دەڵێ ئەم پلانە، دوابەدوای شکستی ئێران لە هێرش بۆ سەر قەندیل و کێشە نێوخۆییەکانی سووریا بە ئاکام نەگەیشت و سەرکەوتنی بە دەست نەهێنا.
ئایدار بانگەشەی کرد دوا دیدار لەگەڵ لایەنی دەوڵەت مانگی مەی ٢٠١١ بووە بۆ بڕیاردان لە سەر سێ پڕۆتۆکۆلی ئامادەکراو لە لایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و دوای ئەمە بڕیار بوو لە مانگی ژوئەندا وەڵاممان لێ بگێڕنەوە کە وەڵامیان نەدایەوە.

'لە وتاری تەلەڤزیۆنی سەرۆک وەزیر وەڵاممان دەست کەوت'

بە گوێرەی لێدوانەکانی ئایدار، لایەنی پەکەکە، دوابەدوای وتارێکی تەلەڤزیۆنی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، زانیویەتی چاوپێکەوتنەکان کۆتاییان هاتووە.
ئایدار بەمجۆرە قسەکانی ئەردۆغانی گێڕایەوە:
"رۆژی ٩ی ژوئەن، سەرۆک وەزیر تەیب ئەردۆغان لە ئەستەنبوڵ بەشداری پڕۆگرامێک بوو کە لە لایەن ٦٠ کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ بە شێوەی ڕاستەوخۆ بڵاو بوویەوە. سێ ڕۆژی مابوو بۆ هەڵبژاردنەکان. گوتی 'عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆتە بەڵا بە سەر سەری ئەم وڵاتەوە. ئەگەر دوای گیرانی، یەکسەر لە سێدارە درابا، ئەمڕۆ ئەم شتانە ڕوویان نەدەدا. تا ئێمە هەبین، ئەو لەوێ دەرناکەوێ.' ئەودەم بەمجۆرە قسەکانی ئەردۆغان شی  کرانەوە 'پێش هەڵبژاردنەکانە و دەیەوێ دەنگەکانی مەهەپە کۆ بکاتەوە.' بەڵام ئێمە وەڵامی خۆمان وەرگرت. کۆسپی سەرەکی لەوێ دەستی پێکرد."

ڕەخنە لە جەهەپە

ئایدار ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامەکانی تایبەت بە چاوپێکەوتنەکانیش گرت کە جەهەپە بڵاوی کردونەتەوە و گوتی نابێ مردنەکان ببنە قوربانی بەرژەوەندییە سیاسیەکانی ڕۆژ.
ئایدار ئەو پێشنیارەی سەرۆکی گشتی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە)، کەماڵ کڵیچدار ئۆغڵوی بە هەڵوێستێکی بێ ئاگایانە لەقەڵەم دا کە گوتبووی 'ئەگەر واز لە چەک بێنن، با چاوپێکەوتن ئەنجام بدرێن' و بەمجۆرە بەردەوام بوو "لەو جۆرە چاوپێکەوتنانەدا، کەس نایە بڵێ 'دەتوانێ ئەمە بێنی یا خود نا'. هەر کەس لە ویست و داخوازیەکانی لە سەر مێزی گفتوگۆ ئازادە. بەڵام ئەمانە لە سەر میز دەگوترێن."

سەبارەت بە ناکۆکی جەماعەتی گویلەن - ئاکەپە دوای دزەکردنی فایلەکان

ئایدار ڕایگەیاند لە قۆناغەکانی داهاتوودا نهێنی چاوپێکەوتنەکان لە بەرچاو دەگرن، گوتی ئەوانەی بەڵگەکان ئاشکرا دەکەن لایەنگری شەڕن و لەم ڕوەوە جەماعەتی گویلەنی بە بەرپرسیار زانی.
ئایدار گوتی "ئەوانەی بەڵگەکانیان لەقاو داوە، لایەنگری ئەوە نین کێشەی کورد بە ڕێگەی دیالۆگ چارەسەر بێ. لە لایەکی دیکەوە، بەڕای من، لەقاودانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان جەماعەتی گویلەن و ئاکەپە. ئێمە وەک بزووتنەوە لە سەر ئەو بڕوایەین." ئایدار زیاتر گوتی "جەماعەتی گویلەن دەستی بە سەر زۆر دامودەزگادا گرتووە بەڵام نەیتوانیوە دەست بە سەر میت دابگرێ. بۆ ئەوەی میت بە گوێرەی خۆی بینا بکا، پێویست بوو هەندێکیان تاوانبار نیشان بدا و لە ڕێگەی دۆزگەری خاوەن دەسەڵاتی تایبەتەوە ویستی هەندێک لەوان بخاتە گرتوخانەوە. ئەگەر ئەو کات حکومەت نەجوڵابایەوە، ئەوانەی بۆ ئیفادە بانگهێشت کرابوون، ئێستا لە گرتووخانە دابوون.''

'بۆ چاوپێکەوتنی نوێ ئامادەین'
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ سەر لەنوێ دەست پێ بکەنەوە، ئێوە ئامادەن، ئایدار وەڵامی دایەوە "بێگومان". پاشان گوتی:
"جەماوەری ئێمە لەمێژە بۆ ئاشتی ئامادەیە. لە پێشەوە جەماوەرمان بە گوێرەی ئەمە حازر کردوە. پێمان وایە ئەم ئیشە بە ڕێگەی دیالۆگ نەبێ چارەسەر نابێ. بە درێژایی قۆناغی چاوپێکەوتنەکان، ناوە ناوە پێکدادان هاتە ئاراوە و کۆسپ و تەگەرەی دروست کرد. بەڵام ئەو هێزە ئینسانیەی لەم ساڵەی دواییدا لە دەست چووە، چ لە لایەن ئێمەوە بێ و چ لە لایەنی بەرامبەر، خەساری ئێمە و خەساری ئەو وڵاتەیە. ئەگەر قۆناغی دیالۆگ بەردەوام بوایە، لەوانە بوو ئەم مرۆڤانە نەمردبایەن."
ئایدار گوتیشی ئەگەر بێت و داوایان لێ بکرێ 'بێ مەرج ئامادەی دانیشتنن'.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئایدار گوتی "٤٢٤ ڕۆژە ئاگامان لە سەرۆک ئاپۆ نییە. بە بێ ئەو، ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی لە ڕێکخستن، ئەگەر بڕیارێکیش دەربکەین، لەوانەیە لە جێبەجێکردنیدا تووشی ئاستەنگی ببینەوە. ئاپۆ گوتبووی 'بۆ ئەوەی بتوانم لەم هەوڵەدا ڕۆڵ ببینم، دەبێ تەندروست و ئەمن و ئازاد بجوڵێمەوە."

مەبەست لە دانوستانەکانی ئۆسلۆ چییە؟

'دانوستانەکانی ئۆسلۆ' بەو چاوپێکەوتنانە دەگوترێ کە لە نێوان کاربەدەستانی دەوڵەت و نوێنەرانی پەکەکە لە ئۆسلۆی پایتەختی نۆروێژ بە ئامانجی سەقامگیرکردنی ئاشتی پێکهاتن و ئەو قۆناغەی چاوپێکەوتنەکانیشی تێدا ئەنجام درا، بە 'قۆناغی ئۆسلۆ' ناسراوە. سەرەڕای دزەکردنی کاسێتی تۆمارکراو و دەقی نووسراو کە بانگەشە دەکرێ هی ئەم چاوپێکەوتنانەن، سەبارەت بە ناوەڕۆکی چاوپێکەوتنەکان تا ئێستا لێدوانێکی فەرمی ڕانەگەیەنراوە. بانگەشە کرا هاکان فیدان، ڕاوێژکاری میت، بە فەرمانی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و بە سیفەتی 'نوێنەری تایبەت' بەشداری چاوپێکەوتنەکان بووە. ڕاوێژکاری یاریدەدەری ئەوکاتی سەرۆک وەزیران، فیدان ڕاوێژکاری میت، ڕاوێژکاری یاریدەدەری میت ئافەت گوینەش؛ لە لایەن کوردەکایشنەوە مستەفا قەرەسوو، سەبری ئۆک و زوبەیر ئایدار لەو ناوانەن کە بەشداری کۆبونەوەکان بوون. لێدوان و پێشهاتەکان، نیشان دەدەن چاوپێکەوتنەکان هاوینی ٢٠١١ کۆتاییان پێهاتووە. ڕۆژی ٨ی فێوریەی ساڵی ٢٠١٢، فیدان، گوینەش و ئەمرە تانەر ڕاوێژکاری پێشووی میت کە بەشداری چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ ببوون، لە چوارچێوەی لێپرسینەوەکانی دۆزی کەجەکەدا بۆ ئیفادەدان بانگهێشت کران. هەفتەیەک دواتر، میت بە شەوێک قانوونەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوڕی. ئیفادەدانی فیدان و ڕاسپێردراوەکانی تری میت، سەبارەت بە ئەرکەکەیان بە مۆڵەتی سەرۆک وەزیرەوە پەیوەند درا. ڕاسپێردراوانی میت ئیفادەیان نەدا. ڕای گشتی ئەم ڕووداوەی بە هۆکاری دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان جەماعەتی ئاکەپە - فەتحوڵڵا گویلەن لێک دایەوە. دواجار دانوستانەکانی ئۆسلۆ بە ئاشکراکردنی دەقێکی پەیوەندیدار بە چاوپێکەوتنەکانی ئۆسلۆ لە لایەن جەهەپە، سەرلەنوێ کەوتە ڕۆژەڤەوە.

۱۳۹۱/۰۶/۳۰

بارودۆخ، ڕابردوو و ئێستای کوردەکان لە وتوێژێکدا لەگەڵ ناجی کوتلای


سازدانی: نەشە دوزەل / ڕۆژنامەی تەڕەف
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بۆچی ناجی کوتلای
کێشەی هەرە گەورە لە تورکیا، کێشەی کوردە. شەڕێکی سی ساڵە لە ئارا دایە. ئەمڕۆکە گەنجێکی کوردی دیاربەکری کە تەمەنی گەیشتبێتە سی ساڵ، نازانێ ژیان و دونیایەکی "بێ شەڕ" هەیە. تورکیا سی ساڵە دەستەویەخەی شەڕی کوردە. باشە، پێش ئەم شەڕە بارودۆخ چۆن بووە؟ لە ساڵانی سەرەتای کۆماردا، کوردەکان لە چ هەلومەرجێک دابوون؟ لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کورد لە چ دۆخێک دابوون؟ کوردەکان لە کام وڵات، لە چ هەلومەرجێکدا و لەگەڵ کێ ژیاون؟ ئەی ئەمڕۆکە ڕەوش و هەلومەرجی کورد لە وڵاتانی تر چۆنە؟ بۆچی لە تورکیا شەڕ دەرکەوت و بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نەبوو؟ پاشخانی مێژوویی ئەم کێشە یا خود ئەم شەڕە چیە؟ کوردەکان بە زۆری لە لایەن چ کەسێکەوە خەیانەتیان پێکراوە؟ لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان هەبوو؟ لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، کورد بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی تێدەکۆشی؟ سەرجەم ئەم پرسیارانەمان ئاڕاستەی ناجی کوتلای کرد کە شارەزای مێژووی کوردە و گەلێک کتێبی لەمبارەوە نوسیوە. هەندێک لە کتێبەکانی ئەم نووسەر و لێکۆڵەرە بریتین لە: گۆڕانکاری و نەتەوە پەرستی لە ناو کوردەکاندا، کوردەکان و ئیتیحاد - تەرەقی، دۆسیەی چل و نۆیەکان و هەرە دواییش کتێبی "قۆناغی پێکهاتنی ناسنامەی کوردی"ی نوسیوە کە لە لایەن وەشانخانەی دیپۆنت چاپ و بڵاو کراوەتەوە. 

***
 
نەشە دوزەل: وێڕای ئەگەری دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیەکی خۆسەر لە سووریا لە لایەن کوردەکان و دروستبوونی دوو کوردستان لە ناوچەکە، نیگای هەموو لایەک چووە سەر کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی. ژمارەی کۆی کوردەکان کە دیارە بە سەر چوار وڵاتدا دابەش بوون، چەندە؟
ناجی کوتلای:
بە هۆی ئەوەی ئامارەکان جێگەی متمانە نین، ژمارەی کوردەکان بە وردی نازانرێ. بەڵام کۆی گشتی کوردەکان ٢٥ تا سی میلیۆن شیمانە دەکرێ.

لە کام وڵات و چەند {میلیۆن} کورد دەژین؟
دەگوترێ لە عێراق نزیکەی شەش میلیۆن، لە سووریا دوو میلیۆن و لە ئێران چوار میلیۆن کورد دەژین. لە تورکیاش ئەوە دەپەژرێنن کە هەژدە تا بیست میلیۆن کورد هەن. هەروەها لە وڵاتانی قەفقازیاش نزیکەی میلیۆنێک کورد دەژین. لە هەر کام لە وڵاتانی گورجیستان، ئەرمەنستان، قەزاقستان و کۆمارەکانی ئاسیای ناوین چەند سەد هەزار کوردێک دەژین.

کوردەکان لە عێراق دەوڵەتیان هەیە، لە سوریا خەریکە {دەوڵەت} دروست دەبێ، لە تورکیا ڕەوشی کوردان نادیارە. باشە، ئەی کوردەکانی ئێران لە چ بارودۆخێک دان؟
ئەوەی ڕاستی بێ لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، لە ئێران و تورکیا دۆخێکی هاوشێوە هاتۆتە ئاراوە. چونکە کاتێک تورکیای مودێرن دامەزرا، ئێران وەک مودێلێک سەیری تورکیای مودێرنی کرد. دەسەڵاتداری ئێران، بە لاسایی کردنەوەی تورکیای مودێرن، گوشارەکانیان بۆ سەر کوردەکان پەرە پێ دا. دواجار ساڵانی ١٩٢٠، گوشار لە سەر کوردەکانی ئێران هەبوو هەرچەند لە چاو تورکیا کەمتر بوو.

ئەی ئەمڕۆکە ڕەوشی کوردەکانی ئێران چۆنە؟
کوردەکان لە ئێران لە دوو ناوچەدا دەژین. کوردە سوننەکان زیاتر لە نزیک سنوورەکانی تورکیا دەژین. کوردە شیعەکانیش لە دەوروبەری کرماشان. کوردی شیعە، ئەمڕۆکە لەگەڵ سیستەم زیاتر تەبان. کوردە سوننیەکان لە ڕابردوودا، دژ بە ڕژێمی شا لەگەڵ خومەینی جوڵانەوە، بە ئومێدی دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک دژ بە ڕژێمی پاشایەتی شان بە شانی یەکتر تێکۆشان. پاش ئەوەی خومەینی هاتە سەر دەسەڵات، داوای خودموختاریان کرد، بەڵام خومەینی ویستی خودموختاری کوردە سوننەکانی قەبوڵ نەکرد.

پاش ئەوەی ددان بە خودموختاری دانەنرا، چ ڕووی دا؟
کوردەکان دژ بە سوپای ئێران و ڕژێمی خومەینی شەڕی گەریلاییان دەست پێکرد. دیارە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرۆکایەتی دکتۆر عەبدولرەحمان قاسملوو لە گوند و لە شاخەکان بۆ خەباتی چەکداری ئامادە بوو. قاسملوو، لە لایەن ئەوروپیەکانیشەوە ناسراو بوو و گەلانی نێو ئێران بە ڕێزەوە سەیریان دەکرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو دەزگای هەواڵگری ئێران، ڕێبەری کوردەکانیان لە ئەوروپا کوشت. دوای هاتنە سەر کاری خومەینی، من لە سوید چاوم بە عەبدولڕەحمان قاسملوو کەوت. قاسملوو و هەڤاڵانی، بە ئومێدی "دامەزراندنی ئێرانێکی دیموکراتیک، کوردستانێکی ئۆتۆنۆم" سەردانی خومەینیان کردبوو.

چ وڵامێکیان وەرگرت؟
پێویستە ڕاستگۆ بین. خومەینی وڵامی سەرجەم داخوازییەکانی نەدایەوە، بەڵام بە نیەت بوو هەندێک شت بکا کە کوردەکان لە ڕوانگەی کولتورییەوە قایل بکا. بە گەرمی نزیکی کردنەوەی قوتابخانە لە لایەن کوردەکان و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە بە کوردی بۆوە. بەڵام کوردەکان خودموختاریان دەویست. ئەو سەردەمە، شەپۆلێکی شۆڕشگێڕانە لە نێو کوردەکاندا بەدی دەکرا. لە ژێڕ باندۆڕی ئەو شەپۆلە شۆڕشگێڕییە، بە مافە کولتوریەکان قانع نەبوون و بە خومەینیان نەگوت بەڵێ. پێیان وابوو مافی کولتوری بەس نییە. ئیتر ئەودەم خومەینی زۆر بەهێز بوو و ویستی خودموختاری کوردەکانی ڕەت کردەوە.

ئێستا کوردەکان لە ئێران چ مافێکیان هەیە؟
دیارە لە ئێراندا کێشەی دیموکراسی هەیە. ئەوەی دژایەتی بکا دەخرێتە گرتووخانە یاخود سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێ، بەڵام... مافی کوردەکان لە ئێران، هەمیشە لە پێش هی تورکیاوە بووە. چونکە ئێران بەردەوام بەمەی زانیوە. بە ڕێ و شوێنی توند و قەدەغەکردن بزووتنەوەی کوردی کۆتایی نایە، بە پێچەوانە پێیان وابووە کێشەکان زیاتر قووڵ دەکاتەوە و هەمیشە سیاسەتەکانیان لە سەر هێڵێکی نەرم ڕاگرتوە بۆ ئەوەی کوردەکانی پێ بەڕێوە بەرن. بۆیە لە ئێران زمانی کوردی قەدەغە نەکراوە و لە قوتابخانەکان وانەی کوردی هەیە و زمانی کوردی فێر دەکرێ. لە ئێران هەروەها ناوی کوردستان نە وەک بەڕێوەبەریەک بەڵکوو وەک هەرێمێکی جوگرافی، بەکار دەهێنرێ. بێننەوە بیر...

چی؟
لە ئێرانەوە فڕۆکەیەک بە ناوی کوردستانەوە هاتبوو و لە تورکیا چ هەرا و هەنگامەیەک بەرپا بوو. لە کاتێکدا لە سەردەمی عوسمانیەکان، لە تورکیا ویلایەتی کوردستان وەک هەرێمێکی جوگرافی هەبوو. تەنانەت زارا - کوچگری ستاتۆیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.

وەک دروستبوونی یەکەم دەوڵەتی کوردی باس لە کۆماری مەهاباد دەکرێ. کۆماری مەهاباد چ بوو؟
مەهاباد، ناوچەیەکە کوردی سوننە لێی دەژین. کۆماری مەهابادیش، بە مانەوە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی ئێراندا، ڕاگەیاندنی خودموختاری ناوچەی کورد بوو. یانی کۆماری مەهاباد، ناوی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی نەبوو. مەهاباد، ناوی بەڕێوەبەرایەتی خودموختاری کوردی بوو و بە پاڵپشتی یەکێتی سۆڤیەت، لە ساتەوەختێکدا دروست بوو کە شا هێزێکی ئەوتۆی نەبوو.

یەکەم کۆماری کوردەکان چۆن دامەزرا؟
دوای جەنگی جیهانی دووهەم، ناسیۆنالیزمێکی نوێی کوردی لەدایک بوو. ناسیۆنالیزمی پێشتری کورد، هی ئاغا و دەرەبەگ و مەلایان بوو. بەڵام ئەو ناسیۆنالیزمەی مودێڕنەی جەنگی جیهانی دووهەم و نەتەوە - دەوڵەت هێنایان، بوو بە ناسیۆنالیزمی ڕۆشنبیران، خوێندکاران، خەڵکی شار و چینی کاسپکاران. لە کۆماری مەهاباددا، ئەم دوو ناسیۆنالیزمە یەکیان گرت تاکوو لە ئێران کورد بگەیەننە دەسەڵات. ئامانج، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان بوو.

بۆچی لە ئاکامدا سەرنەکەوت؟
ئەو کات کوردەکان دونیایان باش نەخوێندبۆوە. ڕووبەڕووبونەوەیان لەگەڵ ڕۆژئاوا باش نەبوو. لە بری بەستنی پەیوەندی گەرم و دۆستانە لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا و لایەنگری لەوان، ڕوویان کردە سۆڤیەت و یارمەتییان لەوان وەرگرت. پاش ئەوەی جەنگی جیهانی دووهەم کۆتایی هات، بە پێی ڕێککەوتننامەی سۆڤیەت لەگەڵ ئەمریکا و بریتانیا، ئەوان {سۆڤیەت} ناچار بوون لە ئێران دەرکەون. کوردەکانیش نەیانتوانی مەهاباد بپارێزن. بەمجۆرە ئەو ئۆتۆنۆمیەی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرابوو، یانزە مانگ و نیو درێژەی خایاند. پێویستە ئەمەش بگوترێ: بە هۆی ئەوەی ئایینی فەرمی ئێران، شیعەیە، کوردە شیعەکان شان بە شانی کوردە سوننەکان نەڕۆیشتنە پێش. وەک چۆن لە تورکیا کوردە عەلەوییەکان لەگەڵ کوردە سوننەکان نەبون.

مەگەر ژمارەیەکی بەرچاو لە پەکەکە، کوردی عەلەوی نین؟
پەکەکە جیاوازە. ئەو بەرهەمی جیهانێکی نوێێە. کە سەرهەڵدانی شێخ سەعید ڕووی دا، عەلەوییەکان لە دژی وەستانەوە. لە سەرهەڵدانی کۆچگریشدا، سوننەکان دژایەتیان کرد. دیارە ناسیۆنالیزم ئەم لایەنە سەقەتانەشی هەیە. ئایین، پێش ڕەگ و ڕیشەی ئەتنیکی دەکەوێ. لەوانەیە ئێستە دەنگی نەبێ بەڵام هێشتاش هەروایە. بۆیە پێویستە ئەم دەنگەی ژێرەوە ببیسین.

مەلا مستەفا بارزانی باوکی مەسعود بارزانی یەکێک بوو لە فەرماندە پێشڕەوەکانی کۆماری مەهاباد. ئیشی سەرۆکێکی کوردی عێراقی، لە نێو ئۆتۆنۆمیەکی دامەزراو لە ئێران چییە؟
لەو سەردەمەدا، کوردەکانی عێراقیش دژی دەوڵەتی عێراق لە تێکۆشان دابوون. دوای نسکۆ، ڕۆیشتنە مەهاباد. لە لایەکی دیکەوە، خۆ سنووری عێراق - ئێران بە لای کوردەکانەوە، سنوور نییە! خەڵکی هەر دوو سنووری عێراق و ئێران، خزم و کەس و کاری یەکترین. خۆ ئەوان ناڵێن تۆ عێراقی و من ئێرانیم. ئەوان لە ڕێکخستنیشدا لە نێو یەکتری دابوون. هەم ڕێزیان لە سەرکردەی ئێرانی، قازی محەمەد دەگرت و هەم لە سەرکردەی عێراقی مەلا مستەفا. لە پێناو شیکردنەوەی دروست و ورد، پێویستە باش ئاگاداری پەیوەندی نێوان دین و ناسیۆنالیزم بین... 

ناسیۆنالیزمی پاڵپشت بە نەتەوە و ئەتنیک لەگەڵ ئایینی پاڵپشت بە ئوممەت پێکەوە دەسازێن؟
هەڵبەت دەسازێن. بۆ نموونە سەرجەم بناغەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە {تەریقەتی} نەقشبەندی و قادریەوە سەرچاوە دەگرێ. بارزانی، قادری بوو پاشان بوو بە نەقشبەندی. چونکە قادرییەکان هێدی هێدی کەمڕەنگ بوونەوە، گۆڕان و بوون بە نەقشبەندی. ئەوانەی لە تورکیا ڕاپەڕیون، سەرجەمیان نەقشبەندی بوون. جگە لە سەرهەڵدانی دێرسیم و کوچگری. شێخ سەعید نەقشبەندییە. سەرۆکی کۆماری مەهاباد، قازی محەمەد هەروا.

بۆچی هەموویان نەقشبەندین؟ تۆ بڵێی ڕێکەوت بێ؟
رێکەوت نییە. مەولانا خالید، {تەریقەتی} نەقشبەندی لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین پەرە پێ داوە. ساڵانی ١٧٧٠ لە ناوچەیەکی نێوان کەرکووک و سلێمانی بە ناوی قەرەداغ ژیاوە و خەڵکی ئەوێیە. ئەو سەردەمە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئیمپریالیزمی بریتانیایە بە سەر هیندستان ورۆژهەڵاتی دووردا. مەولانا خالید ڕۆیشتە هیندستان و لەوێ خەباتی دژە ئیمپریالیزمی ناسی. لە گەڕانەوەدا ٦٠ کەس بوونە موریدی، ٣٣ - ٣٤ کەس لەوان کورد بوون. ئەو کەسانە چووبانە هەر شوێنێک، تەکیەی نەتەوەپەرستی ئیسلامیان دادەمەزراند. سەنتەزێکیان لە ئیسلام و ناسیۆنالیزم دروست کرد و دوژمنایەتی بێگانەیان کردە ئامانج. ناسیۆنالیستە کوردەکان دوای مەولانا خالید کەوتن. تورکەکان بەو شێوەیە دوای نەکەوتن. تەنیا تورگوت ئۆزال ئەو ڕێچکەیەی شۆپاند. تورکەکان باڵی گوموشخانەوی نەقشبەندێتیان شۆپاند. ئەربەکان ئەم ڕێبازەی گرتە بەر.

کوردەکان لە کەنگێوە لە میزۆپۆتامیا دەژین؟
ئەوەی زانراوە، مێژووی ژیانی کوردەکان لە میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە بۆ چاخی شەش و حەوتی بەر لە زایین. بەڵام بەڵگەی تریش هەن کە پەیوەندیان بە سەردەمی پێشووترەوە هەیە. کاتێک تورکەکان لە ئاسیای ناوین و ئێرانەوە هاتن، کوردەکان لێرە بوون.

کوردەکان بەردەوام پەرتەوازە ژیاون؟
بەردەوام بە پەرتەوازەیی ژیاون. چونکە پێکهاتەی کۆمەڵگەی فیۆداڵی پەرتەوازە و پارچە پارچەیە. جاران ئەڵمانەکان و ئیتالیەکانیش بەمجۆرە بوون. دەرەبەگێکی بەهێز یاخود پاشایەک، یەکگرتووی کردن. ئەوانیش دڵخوازانە نەهاتوونەتە لای یەک. کوردەکان هەوڵی یەکگرتنیان داوە بەڵام هەلومەرج و ئاستی تواناکاری خۆیان دەرفەتی بەمە نەداوە. لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوو و پاشڤەڕۆ، یەکنەگرتن و پارچەبوون بە جۆرێک لە جۆرەکان، قەدەر و چارەنووسە.

بۆچی لە مێژوودا پاشایەتیەکی کوردی بە دی ناکرێ؟
بەڕای ئێوە بۆچی نییە؟

ئاخۆ پێکهاتەی فیۆداڵی کوردەکان لە بەردەم دامودەزگای دەوڵەتی ئاستەنگ بووە؟
ئەوە هۆیەکی سەرەکیە... هەروەها دەبێ ئەمەشمان لە بیر نەچێ: کوردەکان خۆشیان لەمەدا بەسەر نەکەوتن. لەوانەیە کەموکوڕییان هەبێ. دەبێ ددان بەوە دابنێین لە ناو کوردەکاندا کەسێکی ڕێکخراوی وەک ئەتاتورک دەرنەکەوتووە. جگە لەمەش کوردەکان خۆیان لە پاڵ عوسمانیەکاندا بینیەوە و دوای ئاریشەی دەوڵەت نەکەوتوون. لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕی ڕزگاریدا، کوردەکان لەوە نەترسێنرابان کە "ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان" و لەگەڵ تورکیا نەخرابان، ئایا پاراستنی کۆماری تورکیا هەروا ئاسان دەبوو؟

کێ کوردەکانی ترساند؟
لە کاتی دامەزراندنی کۆماردا، سەرجەم ئەندامانی ئیتحیاد - تەرەقی، مستەفا کەماڵ و هاوڕێیانی بە کوردەکانیان گوت "ئەممان ئێرە دەبێتە ئەرمەنستان. وەرن با پێکەوە بین."

ئایا ئەمڕۆکە هیچ هەوڵدانێک هەیە بۆ کۆکردنەوەی سەرجەم کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەکدا؟
نەخێر. بەشێکی کوردەکان، لە سووریا لەدایک بوون و لەوێ شێوەیان گرتووە. بەشێکیان نەتەوە - دەوڵەتی عێراقیان پەسند نەکردوە و بەردەوام بەرەنگاری بوونەتەوە. ئەوانەی تورکیا، چوونە ناو سیستەمی فرە حزبیەوە و لە چاو کوردەکانی تر، دیموکراتیک ترن. هەرچی کوردەکانی ئێرانیشە لە ناو شارستانیەتێکی جیاوازدا ژیاون. ئێستا چۆن ئەو مرۆڤانە لە دەوری یەک کۆ دەکەیتەوە؟ ئەگەر بشتەوێ، ناتوانی. هەر یەکەیان لە هەلومەرجێکی جیاواز و لە ژێر کارتێکەرییەکی جیاوازدا، گەورە بوون، کەسایەتیان شێوەی گرتوە و بوونەتە خاوەن جیهان بینی و تێڕوانینی جیاواز بە خۆیان. بەشێک کەوتوونەتە ژێر کاریگەری فەرەنسا و بەشێکی تر کاریگەری بریتانیایان لە سەرە. لە کاتێکدا کوردەکانی تورکیا، چەشنێک قۆناغی دەوڵەت - نەتەوە ژیاون. کۆکردنەوەی کوردەکان لە ژێر سێبەری ئاڵایەک ئەستەمە.

کاریگەری پەکەکە لە سەر ئەو چوار وڵاتە بە چ شێوەیەکە؟
لە سەر سووریا و تورکیا کاریگەری هەیە. لە سەر ئێران کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە. تەنیا لە نێو گەلدا هەندێک ئۆگری هەیە و بەس.

ئەی بارزانی چ ڕۆڵ و کاریگەرییەکی لە سەر کوردەکان هەیە؟
بە کوردەکانی تورکیاشەوە، بە ڕێز و حورمەتەوە سەیری دەکرێ بەڵام... هەروەک پەکەکە ئەویش ناتوانێ سەرجەم کوردەکان لە ژێر ئاڵایەکدا کۆ بکاتەوە، کوردەکان بەڕێوەبەرایەتی ئەو قەبوڵ ناکەن.

ئایا لە تورکیا ئەو کوردانە بەدی ناکرێن کە دەسەڵاتدارێتی بارزانی قەبوڵ بکەن؟
زۆرن بەڵام کوردێک بەدی ناکەم بیەوێ شان بە شانی ئەوان ببێتە پێشمەرگە.

دیرۆکی بنەماڵەی بارزانی، بۆ کوردەکان چ واتایەکی هەیە؟
وەک قارەمانێکی مێژوویی سەیری بارزانی باوک دەکەن. ئەو ئیماژەی بارزانی کوڕیش تا ئێستا دروستی کردوە، ئەرێنیە.

کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە؟
کوردەکان ڕووبەڕووی خیانەت بوونەتەوە و ئەمەش ئاساییە. چونکە کوردەکان کۆمەڵگەیەکی لەت و پەتن. جگە لەوەی لە ناو عەشیرەکاندا پارچەبوون بە دی دەکرێ، بە سەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراون. دەوڵەتەکان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە، دەتوانن دەست بخەنە کاروبارەکانیانەوە.

کوردەکان زیاتر لە لایەن چ کەسانێکەوە خیانەتیان پێکراوە؟
لە لایەن هەموو کەسێکەوە. بۆ نموونە لە دامەزراندنی کۆمار{تورکیا} دا فیداکارییەکی زۆریان نواند بەڵام چیان بینی؟ نکۆڵی و حاشا لێکردن! گەلۆ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیاتان خوێندۆتەوە؟ ئەم پڕۆتۆکۆلە ٢١ی ئۆکتۆبری ١٩١٩ واژۆ کراوە. یەکێک لە لایەنەکان، نوێنەری "هەیئەتی تەمسیلیە" بوو کە لە کۆنگرەی سیواس دامەزرابوو. لایەنێکی دیکەش حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. بەحریە نازری ساحیل پاشا نوێنەری حکومەتی ئەستەنبوڵ بوو. لە هەیئەتی تەمسیلیەشدا، مستەفا کەماڵ، ڕەئوف ئۆربای، بەکر سامی هەبوون. پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا چ دەڵێ؟

دەڵێ چی؟
دەڵێ "هەر شەڕ تەواو بوو، هەموو جۆرە پێداویستییە کۆمەڵایەتی و نژادییەکانی کورد دابین دەکرێن". ئەی باشە، کوا؟ دوایی، هەر یەکسەر ویستیان ئەم ڕستەیە لە خەڵک بشارنەوە.

یانی دامەزرێنەرانی کۆمار ویستیان پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا لە خەڵک بشارنەوە؟
بەڵێ، خاڵێکی زۆر گرنگیان حەشار دا. لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە "دوای سەرکەوتن، سەرجەم داخوازییە کۆمەڵایەتی، سیاسی و نژادییەکانی کوردان جێبەجێ دەکرێن". لە وتاری ئەتاتورکدا ئەم ڕستەیە نەهاتووە، بەڵام لە پڕۆتۆکۆلەکەدا هاتووە. ئەمانە گشتیان چەرکەسن.

تێنەگەیشتم، چۆن ئەوانە پێکەوە دەبەستنەوە؟
ساڵح پاشا، بەکر سامی، ڕەئوف پاشا هەموویان چەرکەس بوون. ئەو چەرکەسانە ناڵێن "ئێمە ئەم کۆمارەمان شان بە شانی کوردەکان دامەزراند و پێکەوە ڕزگاری دەکەین". ئەوە باسی مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩١٩یە. دواجار ساڵی ١٩٢١، تۆپاڵ عوسمانیان ناردە لای نورەدین پاشا و کوردەکانیان کوشت. لە ناوچەی زارا و کوچگیری دەوروبەری هەشتا گوندیان خاپوور کرد... لە ڕاستیدا، ساڵی ١٩١٩ کاتێک ئەتاتورک ڕۆیشتە ئەرزروم، مەسەلەی هەرە گەورەی تورکیا، دیسان کێشەی کورد بوو. هەر بۆیەش ئۆکتۆبری ١٩١٩ پڕۆتۆکۆلی ئاماسیا واژۆ کرا.

ئەی باشە لە سەردەمی عوسمانیەکاندا کوردەکان لە چ دۆخێک دابوون؟
دیارە قەوارەی خۆسەر پێکنەهاتبوون بەڵام ڕەوشەکە واش نەبوو کوردەکان لە کوردایەتیان دوور بخاتەوە. کوردستان جوگرافیایەک بوو. کوردستان نوێنەرانی خۆی هەبوو. لە کاتێکدا، پاش دامەزراندنی کۆمار {ی تورکیا} وشەی کورد قەدەغە کرا. گوشار و قەدەغە بۆ سەر کوردەکان پەرەی سەند. کوردەکانیش هەستیان بەمە کرد، بۆیە لە سەردەمی کۆماردا ناوە ناوە ڕاپەڕینی بچووک دروست بوون. ڕاپەڕینە گەورەکانیش بریتی بوون لە سەر‌هەڵدانی شێخ سەعید، ئاگری، دێرسیم و کوچگیری.

کوردەکان چ چاوەڕوانیەکیان لە دامەزراندنی کۆمار هەبوو؟
چاوەڕوان بوون شانبەشانی تورکەکان لە دامەزراندنی کۆماردا دەستیان هەبێ. وەک پێکهاتەیەکی هاوبەشی کورد و تورک، بیریان لە کۆمار کردبۆوە. چونکە ئیتیحاد - تەرەقی لە پێکهاتنی مەشروتەی دووهەم لە ساڵی ١٩٠٨، کوردەکان و نەتەوەکانی تری پشت گوێ نەخستبوو. لە پێنج دامەزرێنەری ئیتیحاد - تەرەقی، دوانیان کورد بوون: عەبدوڵا جەودەت و ئیسحاق سوکوتی... بەڵام ئیتیحادچیەکان کاتێک لە باڵکان ڕووبەڕووی شکست بوونەوە، هەموویان بوونە ناسیۆنالیست.

قەتڵوعامی ئەرمەنییەکانیش دوای تەقینەوەی ئەو ناسیۆنالیزمە ڕووی نەدا؟
دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێ. ئەرمەنیەکان لە ساڵی ١٨٨٩ حزب و ڕ ێکخراوی خۆیان دامەزراند. ئەرمەنیەکان لە قۆناغی ژیانی بورژوازی دابوون. لە چاو کوردەکان کە تەنانەت ناتوانین بڵێین لە قۆناغی فیۆدالی دابوون، ئەرمەنیەکان سیستەمێکی بورژوازی دەژیان. ئینجا هەموویان لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە. دیارە لە هەموو کەس زیاتر کوردەکانیان لە ئەرمەنییەکان ترساند. ئیتیحاد - تەرەقی و سەرانی شەڕی ڕزگاریش ترسان.

ئەرمەنیەکان قەتڵوعام کران و دوور خرانەوە. ئیتر لە ئەنادۆڵ ئەرمەنی نەمانەوە، ئەوانی مانەوە، ناچار بوون ناسنامەکەیان بشارنەوە. کورد، بۆچی لە ئەرمەنییەکان سلەمینەوە؟
ئەوکات هێشتا ئەو مەسەلانە نەبڕابوونەوە. ئیتیحاد - تەرەقی و کەماڵیستەکان بەردەوام دەیانگوت "ئەگەر کوردەکان ئەم خەباتە (شەڕی ڕزگاری) لەگەڵ ئێمە نەبەنە سەر، ئەرمەنییەکان دەگەڕێنەوە. ئێرە دەبێتە دەوڵەتی ئەرمەنستان. ئەو سامانەی لە ئەرمەنییەکان پێتان گەیشتووە، لێتان دەستێندرێتەوە". کوردەکان گومانیان لا دروست بوو و زۆر ترسان.

ئەتاتورک چ بەڵێنێکی بە کوردەکان دابوو؟
ئەوەی ڕاستی بێ، ئەتاتورک ڕاشکاوانە بە کوردەکانی نەگوتبوو "پێکهاتەی دەوڵەت وا و وا لێدەکەم و فڵان شت دەدەم بە کوردەکان."

ئەی، چی گوتبوو؟
گوتبووی "سەرجەم پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانی کوردان جێبەجێ دەکەم". ساڵی ١٩٢٣ لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ڕۆژنامە لە ئیزمیر گوتی "وەها ویلایەتێک بونیاد دەنێین کە مەجلیسەکانیان بە گوێرەی پێداویستەکانی ئەوێ بڕیار بدەن. ئەمە جۆرێک ئۆتۆنۆمیە." بەڵێنی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی، لەو سەردەمەدا دەیتوانی هەموو کەسێ قایل بکا. هەروەها پێش ئەمە، ئەتاتورک تەلەگرافێکی بۆ فەرماندەی سوپا نیهات بەگ نارد. لە تەلەگرافەکەدا ئەتاتورک گوتبووی "لەو ویلایەتانەی کوردەکان زۆرینەن، لە لایەن ئەوانەوە {کوردەکان} بەڕێوە دەبرێ."

ئەتاتورک کەی لەو بۆچوونانەی پاشگەز بوویەوە؟
پاییزی ١٩٢٤ پاشگەز بۆوە. هەم خۆی و هەم ئیتحادچیەکانی دەوروبەری، نەیانویست کوردەکان بۆ خۆیان، خۆیان بەڕێوە بەرن و زۆر بە ڕاحەتی بایان دایەوە. دیارە دوای ئەمەش، سەرهەڵدانی شێخ سەعید دەستی پێکرد. بزووتنەوەی ساڵی ١٩٢٥ی شێخ سەعید، جۆرێک شکست و لەناوچوونە. هەم ئایین و هەم بزووتنەوەیەکی کوردییە. دەستەی وەزیرانی ئەو کات، سەرەتا بە پێی بڕیاری دەرچووی سەرۆکایەتی دادگا، ئەم بزووتنەوەیان وەک بزوتنەوەیەکی کوردی نیشان دا. بەڵام پاشان بینیان لە داهاتوودا دەبێتە کێشەیەکی ئایدیۆلۆژی و سیاسی. دەستەی وەزیران بڕیارێکیان دەرکرد و گوتیان "بزوتنەوەی شێخ سەعید، بزووتنەوەیەکی ئایینیە."

کوردەکان لە وڵاتانی تریش ڕاپەڕیون؟
ساڵی ١٩٢٤ لە عێراق و ئێران سەریان هەڵدا. بەڵام وڵاتێک کە زۆرترین گوشاری لە سەر کوردەکان پەیڕەو کرد، تورکیا بوو. تورکیا لە ساڵی ١٩٢٥ بە دواوە پەنای بۆ شێوازێکی توندو تیژی برد کە بوو بە نموونە بۆ وڵاتانی تر و گوتی "کورد بوونی نییە". لە کاتێکدا وڵاتانی تر، نکۆڵیان لە بوونی کوردەکان نەکرد.

ئەی باشە ئێستا کوردەکانی تورکیا بۆ چۆن پێکهاتەیەکی سیاسی خەبات دەکەن؟
لە ڕاستیدا، زۆربەیان خوازیاری هاووڵاتی بوونێکی یەکسانن. پێشیان وایە تەنیا لە ڕێگەی خۆسەرییەوە دەبنە هاوڵواتیەکی یەکسان. مێشکی کوردەکان بۆ خۆسەری کراوەترە. هەم ئەزموون لە جیرانەکانیان وەردەگرن، هەم لە مێژوو و هەم لە پێشکەوتنەکانی ئەوروپا و پێیان وایە تەنیا شتێک کە دەتوانێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکا، خۆسەرییە!

۱۳۹۱/۰۶/۱۳

ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین




سەرلێشێواوی ڕێکخراوێک کە خراپ ناسراوە
ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست یان برایانی مارکس لە ئەمریکای لاتین (کورت کراوەتەوە)

موریس لۆموان / لۆمۆند
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ساڵی ١٩٥١، ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) لەپێناو "ئازادکردنی گەلان لە وابەستەبوونیان بە خاوەنانی کەرەستەی بەرهەمهێنان" چالاکییەکانی دەست پێکرد. شەست ساڵ دواتر، ڕێبەرانی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست پێیان باشە قسە لە "کۆنتڕۆڵی ژیرانەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی بەجیهانی بوون" بکەن. لارێ بوونێکی هێواش کە نیشانەی هەڵسوکەوتی ئەم "سۆسیالیستانە"یە لە مەڕ هاوتاکانیان لە ئەمریکای لاتین.

لە قسەکانی کردنەوەی جڤاتی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست (IS) کە ڕۆژی ١٥ی نۆڤامبری ٢٠١٠ لە بارەگای ڕێکخراوی فرە لیبڕاڵی هاوکاری و گەشەی ئابووری (OCDE) لە پاریس بەڕێوە چوو، مارتین ئوبری، سەرۆکی گشتی حزبی سۆسیالیستی فەرەنسا، بێ ئەوەی خۆشحاڵی خۆی بشارێتەوە، دەڵێ "دەمویست بە بۆنەی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی لە یۆنان، پیرۆزباییەکی تایبەت ئاراستەی سەرۆکمان جۆرج پاپاندرۆئۆ بکەم {وێرای بەشداری نەکردنی ٥٣%}. لە هەلومەرجی دژواردا، ئەم دڵگەرمی و سەرکەوتنە، پاداشێکە بۆ بوێری سیاسی کە بۆ هەموو لایەک مایەی ستایشە." کەس نییە نەزانێ سەرۆکی بزووتنەوەی سۆسیالیستی پان یۆنانی (پاسۆک) و ئەو "گۆشەگیرییە دادپەروەرانە"یەی کە بانگەشەی دەکرد بە سەر وڵاتەکەیدا سەپاندوە، چی بە سەر هات. هەروەها هەموو لایەک دەزانێ ژمارەیەک لە ئەندامە بەرچاوەکانی ڕێکخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنالیست چ چارەنووسێکیان بە سەر هات، بۆ نموونە لوران باگبۆ، زەینەدین بن عەلی یان حوسنی موبارەک. لە ناوهێنانی زیاتر خۆ دەبوێرم.

بەو شیکردنەوە لاوازە و ئەو شێوازە کارە، ئاخۆ بەڕاستی پێویستە مرۆڤ سەری لەوە سووڕ بمێنێ کە ئەم "ئەنجومەنە باڵایەی کاردینال سۆسیالیستەکان" سەبارەت بەو جموجوڵە بنەڕەتیانەی ئێستە زیاتر لە دەیەیەکە ئەمریکای لاتین دەگۆڕێ، کەمتەرخەمە؟

رۆژی ٧ی دێسامبری هەمان ساڵی ٢٠١٠، لە بروکسێل، وێنەیەک و ناوێک لە سەر دەرگای "ئالتی یرۆ سپینلی"ی پەرلەمانی ئەوروپا هەڵواسرا: "گیلێرمۆ فاریناس" سێهەمین نەیاری کوبییە کە لە ماوەی نۆ ساڵی ڕابردوودا خەڵاتی "ساخارۆف" بۆ ئازادی ئەندێشەی وەرگرتوە. لە بەرامبەردا، بێ ئەوەی ڕیکلامێک کرابێ، لە ئامفی تیاترێک، دە نوێنەری پەرلەمانی ئەوروپا و جێگر پەرلەمانێک، گوێ لە ڕاپۆرتی سەندیکالیست و چالاکانی مافی مرۆڤ دەگرن کە لە کۆلۆمبیاوە هاتوون.

خاڵی وەرچەرخانی کودەتای شیلی

هەندێک شایەتحاڵ مرۆڤ ڕادەچڵەکێنێ: لە چوار مانگ لەمەو پێشەوە واتە لە ساتەوەختی بە دەسەڵات گەیشتنی "خوئان مانوئێل سانتوس" (وەزیری پێشووی بەرەڤانی "ئالوارۆ ئوریبێ"ی، سەرۆک کۆماری پێشوو)، سی و نۆ ئەندامی سەندیکا و دوازدە چالاکی بەرەی دیموکراتیکی ئەلتەرناتیڤ (PDA) و ژمارەیەک کەسی تر، کوژراون. "ئولێ کریستنسن"، سۆسیال دیموکراتی دانیمارکی، زانیاری ورد پێشکەش دەکا: ناوبراو ژوئیەی ٢٠١٠ لەگەڵ "ریچارد هوویت"، لە پارتی کرێکاری بریتانیاوە کە خۆیشی بەشداری کۆبوونەوەکەیە، شان بە شانی ڕێکخراوی "عەداڵەت بۆ کۆلۆمبیا" سەفەرێک بۆ "ماکارنا" دەکەن کە ناوبانگێکی دڵتەزێنی هەیە. "ئێمە تا کوشتارگە ڕۆیشتین. زیاتر لە دوو هەزار کەس {قوربانیانی سوپا و چەکدارەکان} لەوێ نێژراون. ئێمە دەبێ بۆ پەیمانی بازرگانی ئازاد { TLC} کە یەکێتی ئەوروپا و کۆلۆمبیا پێکەوە دانوستان دەکەن، "نا" بڵێین." تەنیا دەنگێک بۆ داکۆکی کردن لە "بۆگۆتا" بەرز دەبێتەوە، دەنگی "ئێمیلیۆ دێل والێ"، نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کرێکاری ئیسپانیا (PSOE): "پێتان وایە دەوڵەتێک بتوانێ لە ماوەی سێ مانگدا هەموو کێشەکان چارەسەر بکا؟ ئەگەر سەرانسەری وڵات {٥٥،٥٩% بەشداریان نەکردوە} دەنگیان بە "سانتوس" دابێ، دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ."

وێدەچێ ئەو سێ نوێنەرەی پەرلەمانی ئەوروپا کە سەر بە تەشکیلاتی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستن، خۆیان هاوئاهەنگ نەکردبێ. "پۆل ئێمێل دوپرێ"ی بێلژیکی، ڕاوێژکاری چەپی یەکگرتووی ئەوروپی / چەپی سەوزی سکاندیناو (GUE/NGL)، ئەم کۆبوونەوەیە و کۆبوونەوەکانی دیکە، تاوتوێ دەکا: " کریستنسن و هوویت، لە دەستەی پەرلەمانی خۆیاندا {حزبی سۆسیالسیتی ئەوروپی (PSE)} بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاو مەلە دەکەن. من دڵنیا نیم زۆرینەیەک دژی ئیمزاکردنی پەیمانی بازرگانی ئازاد (TLC) دەنگ بدا. سەرۆکی گرووپەکە، مارتین شولتسی ئەڵمانی {حزبی سۆسیال دیموکرات (SPD)} هاوڕایە. حزبی سۆسیالیستی ئیسپانیا (PSOE) تەنانەت ئەولاتریش، هیچ شەرت و مەرجی نییە!"

بێ ئەوەی پێویست بکا بگەڕێینەوە بۆ دەسپێک، بە بیرتان دێنمەوە کە حزبی سۆسیالیستی شیلی کە ساڵی ١٩٣٣ لە لایەن سالوادۆر ئالندێ دامەزرا، ڕەخنەی لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست گرت کە "لە بۆتەی سیستەمی دیموکراتیک بورژوازی سەرمایەداریدا هەڵوێستی ئاشتی خوازانەی هەیە" و لە ئەندامێتی ڕێکخراوەکە خۆی بوارد. بە درێژایی جەنگی سارد، ئەم مژارە کێشەیەکی دروست نەدەکرد: ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە ڕێگەی حیساب کردن بۆ ناوچەکە لە جەرگەی ناوچەکانی ژێر دەستی ئەمریکا، لەوێ بە دوای سەرئێشەدا نەدەگەڕا. ''ئانتوان بلانکا'' ئەو کات ئەندامی دەفتەری پەیوەندیە دەرەکیەکانی بەشی فەرەنسی ئەنتەرناسیۆنال کرێکار (SFIO) بوو، بیر دەکاتەوە و دەڵێ "هیچ دەقێکم نایەتەوە بیر، ڕووخانی "جاکابۆ ئاربێنز"ی لە ساڵی ١٩٥٤ لە گواتمالا مەحکووم کردبێ. دە ساڵ دواتر، کاتێک ویستم دەستێوەردانی سەربازانی هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە "سەن دومینگۆ" {کۆماری دومینیکان} لەقاو بدەم، "گی موولێ" واقی وڕما."

سەرباری ئەمەش، لەو سەروبەندەدا، شۆڕشی کووبا (١٩٥٩) چەمکی دژە ئیمپریالیزمی خستبووە ڕۆژەڤەوە. بێ دەسکەوتێکی بەرچاو: "ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست چاوێکی کڕیارانەی لێکرد بەڵام دووراودوور." تاکوو ١١ی سێپتامبری ١٩٧٣. ڕووخان و مەرگی سالوادۆر ئالندێ زەبرێکی ڕۆحی هاوشێوەی شەڕی براکوژی ئیسپانیا بوو کە لە ناو سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "یەکگرتنی سۆزدارانە و دۆزینەوەی دونیایەک کە نەیاندەناسی" وروژاند. لە بیرەوەرییەکانی بلانکا کە ئەو کات بە نوێنەرایەتی لە لایەن ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، چەند ڕۆژ دوای کودەتا سواری فڕۆکە دەبێ و دەچێتە شیلی. لە "وینیا دێل مار" بەر لەوەی لەو وڵاتە دەربکرێ، دەچێتە سەر مەزاری "هەڤاڵ سەرۆککۆمار". "ئەمە یەکەمین ناکۆکی بەرچاوی ئەنتەرناسیۆنالێک بوو لە بەرامبەر واشنگتۆن دا کە تا ئەو دەم هەموو هەوڵێکی دەدا بۆ ئەوەی سەبارەت بە ستراتژی ئەمریکا و "ناتۆ" {رێکخراوی پەیمانی ئەتلانتیکی باکووری} ملکەچ بێتە بەرچاو."

لەو ساتەوە بە دوا، لایەنگری ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە دیکتاتۆڕەکان خاڵی ناکۆکی وەچەیەکی سۆسیال دیموکراتەکان لەگەڵ هاوپەیمانی ئەمریکایی پێک دێنێ: ویلی برانت (ئاڵمانیا)، ئۆلۆف پالمێ (سوید)، فەرانسوا میتەران (فەرەنسا)، برۆنۆ کرایسکی (ئوتریش) و هەروەها ماریۆ سوئارز (پورتوگال) و فلیپێ گونزالس (ئیسپانیا). لە لایەکی دیکەوە، حزبەکانی لایەنگری چاکسازی و قوربانیانی ئەم حکومەتە سەرەڕۆیانە، لە وڵاتانی پێشکەوتوو بە دوای هاوپەیمانیەوە وێڵ بوون. پەیوەندییەکان پەرە دەستێنن. دانیشتنێکی فەرمی لە مانگی ئاوریلی ١٩٧٦ لە "کاراکاس" لە سەر بانگهێشتی "کارلۆس ئاندرێس پرێز"، سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا و پارتەکەی بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) بەڕێوە دەچێ. "یەکەمین کۆنفرانسی ناوچەیی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب" لە "سەن دومینگۆ" لە مانگی مارسی ١٩٨٠، نیشانەی گەشەسەندنی ئەو ڕەوتە سیاسیەیە لە ناوچەکەدا.

هەڵسوکەوتی پشتیوانی دەربڕین

ئەو کات، لە نێوان بیست و نۆ ڕێکخراوی هەرێمی، لە نیکاراگوا، بەرەی ساندینیست بۆ ئازادی نەتەوەیی (FSLN) بەشدار بوو، کە لە ساڵی ١٩٧٨ەوە ببوو بە ئەندام، ئەوە لە کاتێکدا کە هێشتا چەکی دانەنابوو و لە پێناو دەرکردنی "ئاناستازیۆ سوموزا" خەباتی دەکرد. فیدێل کاسترۆ وەک سەرۆکی پێشووی "بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن" بۆ ئەو کۆنفرانسە بانگهێشت کرابوو. ئەوروپیەکانیش "مەترسیەکان بە گیان دەکڕن": بەشداری ئەحزابی "برا" لە بۆتەی بەرەی دیموکراتیکی شۆڕشگێڕ (FDR) لە ئال سالوادۆر، بەرەی دیموکراتیک دژی سەرکوت (FDCR) لە گواتمالا و بەرەی نیشتمان پەروەر (FP) لە هیندۆراس (دیارە دوو گرووپی یەکەم لقێکی سیاسی و لقێکی سەربازیان هەیە) ئەوروپییەکانی هان دا بە کردەوە پشتیوانی لە خەباتی چەکداری بکەن.

ساڵی ١٩٨١، لە فەرەنسا "میتەران" بە گوڵێکی سوورەوە، پێی نایە کۆشکی ئەلیزا. لە ژێر کاریگەری کەسانی وەک "لیونێل ژوسپێن"، "رۆژیس دوبرێ" (مەئموری تایبەتی لای سەرۆک کۆمار) و "بلانکا" (کە ساڵی ١٩٨٢ بووە باڵوێزی گەڕۆکی ئەمریکای لاتین)، پاریس، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکای لە ناوچەیەکی زۆر هەستیار بۆ ئەو وڵاتە، هێنایە مەیدان. ڕاگەیەندراوی هاوبەشی فەرەنسا و مەکزیک سەبارەت بە ئاستی متمانەی نەیارانی ئال سالوادۆر – لەگەڵ لقە سەربازیەکەیان - لە ٢٨ی ئووتی ١٩٨١، شوێنەوارێکی بەرچاوی بەجێ هێشت. میتەران هاوسۆزی خۆی لەگەڵ ساندینیستەکان ناشارێتەوە؛ پەیوەندییەکان لەگەڵ کووبا لە لووتکە دان. ''بلانکا'' بە خۆشحاڵیەوە ڕادەگەیەنێ: "بە ناوی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست و دوور لە چاوی واشنگتۆن، توانیم کۆمەڵێک کار ئەنجام بدەم، بۆ نموونە لە بەرزبوونەوەی ململانێی نێوان کوستاریکا و نیکاراگوا بەرگریم کرد."

سەرەڕای تووڕەبوون و هەڵچوونی ڕۆنالد ڕیگان، تیۆری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە مەڕ چارەسەری سیاسیانەی پێکدادانە سەربازییەکان لە ڕیزی پێشەوە دێ. ئۆسکار ئاریاس، سەرۆککۆماری کۆستاریکا، گەڵاڵەی ئاشتی بۆ ئەمریکای ناوەندی پێشنیار دەکا کە لە ساڵی ١٩٨٧ خەڵاتی نۆبێلی بۆ بە دیاری دێنێ. میگوئێل ئانجێل ساندۆڤالی کۆنە گەریلا، ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسی – دیپلۆماتیکی "یەکیتی شۆڕشگێڕی میللی گواتمالا" (URNG) بەمجۆرە ئەو ساڵانە دێنێتەوە بیر: "بزووتنەوەکەمان بەردەوام لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیستدا فەزایەکی لەباری بۆ پێشکەوتنی ئامانجەکانی واتە دانوستان و هەلی ئاشتی دۆزیوەتەوە.  بەم شێوەیە، یەکەمین چاوپێکەوتنمان لەگەڵ دەوڵەت و سوپا لە مادرید و بە ناوبژیوانی پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بەڕێوە چوو. بەڵام ئێمە بەردەوام ئاگاداری ناکۆکی قووڵی نێوان کۆمەڵێک حزبی وەک حزبی سۆسیالیستی سوید، فەرەنسا و ئیسپانیا و حزبەکانی دیکەین کە ڕیفۆرمخوازتر یان ڕاستڕەوێکی ئاشکران."

لە دانیشتنی "سەن دۆمینگۆ" بەملاوە، بە کردەوە ئۆردوگاکان خۆیان نیشان دەدەن. هەندێک ئەندامی "لاتینی" ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست – حزبی ئازادی نەتەوەیی کۆستاریکا  (PLN)، بزوتنەوەی دیموکراتیکی ڤێنزۆئێلا (AD)، حزبی شۆڕشگێڕی دومینیکا (PRD) و ... تاد – لە ئەوروپیەکان دوور دەکەونەوە. بە پێچەوانەی ئەوروپییەکان، ئەوان کە ڕەگە دێرینەکانیان لە مارکسیسزمدا ناچەقێنن، بە هیچ شێوەیەک سەرمایەداری ناخەنە ژێر پرسیار و لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان بە دژە کۆمۆنیستێکی توند نیشان دەدەن. ڕودریگۆ بورخا، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتیکی ئێکوادۆر (ID) تەنانەت لەمە زیاتر پێ لە بەڕە ڕادەکێشێ و دەڵێ: "خودی چەمکی چینی کۆمەڵایەتیش لە ئەمریکای لاتین مشت و مڕێکی زۆر هەڵدەگرێ."

ئەو حزبانەی ناویان برا، بە شێوەیەکی ئاڵۆز ڕیفۆرمخوازن، بۆ زاڵ بوون بە سەر دیموکراسی مەسیحی لە کاتی ڕووخانی دیکتاتۆرەکاندا، کەڵک لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست وەردەگرن. چونکە ئاگاداری دەسەڵاتی ئابووری ئەو وڵاتانەن کە دۆستانی ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتلانتیک حکومەتیان تێدا دەکەن یان بە زوویی بە حکومەت دەگەن. ئەو سوودانە هەڵدەسەنگێنن کە لەوانەیە لەم ڕێگەیەوە نەسیبیان بێ. ساڵی ١٩٩٩، پورفیریۆ مونیۆس لێدۆی مێکزیکی (حزبی شۆڕشگێڕی دیموکراتیک، PRD) ناڕەزایەتیەکی توندی دەربڕی و گوتی: "شێوازی کاری ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست لە سەر بنەمای پشتیوانی دەربڕینە. هەندێک حزب دێنە ئێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپیەکان هەستن و دابنیشن، وەک بڵێی لەگەڵ چینێکی سەرتر هاموشۆیان کردوە."

لە کۆمیتەی ئەنتەرناسیۆنال بۆ کاروباری ئەمریکای لاتین و کارائیب (SICLAC) کە ساڵی ١٩٨٠ دروست بووە، کۆمەڵێک حزبی وەک (FSLN) و یەکێتی مەدەنی ڕادیکاڵ (UCR)ی فرە میانەڕەوی ئارژانتینی هاوشانن؛ هەروەها حزبی سۆسیالیستی شیلی (کە ساڵی ١٩٩٦ تەڤلی بووە!) و لەگەڵ دیموکراسی مەسیحی بە هاوبەشی حکومەت دەکەن، لەگەڵ حزبی شۆڕشگێڕی دامەزراوەیی مەکزیک (PRI) کە بە شێوەیەکی نە زۆر دیموکراتیک، هەفتا ساڵە دەسەڵاتی بە دەستەوەیە. لە لایەکی دیکەوە دەتوانین ئاماژە بە حزبی لیبڕاڵی کۆلۆمبیا (PL) بکەین کە مۆدێلی نیۆلیبراڵی (١٩٩٤ تاکوو ١٩٩٠) ژێر دەسەڵاتی هەمان ئەو حکومەتانە لە وڵاتەکەی پەیڕەو دەکا کە دامەزراوەی چەپی یەکگرتووی نیشتیمان پەروەریان (١٩٨٦ تا ١٩٩٠) خاشەبڕ کرد، هەمان ئەو حکومەتانەی "ئوریبێ" تا ساڵی ٢٠٠٢ سەر بەوان بوو.

با لەمانە تێپەڕین. لەگەڵ زۆربوونی ئەندامەکان لە ئەنتەرناسیۆنال، سۆسیالیستەکانی ئەوروپا "پەرە بە نفوزی خۆیان دەدەن". لەم ڕێگەیەشەوە، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک بەڕێوەبەری باش کە لە ناو ئابووری لیبڕاڵدا گەشەیان سەندوە و تێدەکۆشن تاکوو لە پەراوێزدا هەندێک ڕێک و پێکی بکەن، دەبنە هۆی پێشخستنی بەرژەوەندی ناوەندە ئابووری و سەرمایەکانی ئەوروپا.

فلیپێ گونزالزێس، لە پەراوێزی دانیشتنی دەستەی ئەنتەرناسیۆنال لە بۆئنۆس ئایرێس لە ٢٥ و ٢٦ی ژوئەنی ١٩٩٩دا دەڵێ: "جاران،  سۆسیالیزم داخراوتر و دەوڵەتی تر بوو؛ بەڵام سۆسیال دیموکراسی بەردەوام بازاڕی پەژراندوە کە لە کردەوەدا شان بە شانی دیموکراسی دەڕواتە پێش. " ناوبراو ئەگەر "نایەکسانیەکی دێوزمە ئاسا کە جیهانی داگرتووە" مەحکووم دەکا، بەڵگەی دواتری حەشاردانی "سوودوەرگرتن لە بە جیهانی بوون" بە مەبەستی لە ناوبردنی بێکاری، برسیەتی و هەژارییە. بەکورتی بە پێی شیکردنەوەکانی "لئۆنێل بریزۆلای"ی برێزیلی (پارتی دیموکراتیکی کرێکاری، PDT ): "{دەقەکە} هێند گشتگیرە کە بە کەڵکی هیچ نایە. " پەرەگرافێکی کورت کە گۆیا هیچکەس نەیبینیوە (؟)، نیشانەی نیگەرانی ئەنتەرناسیۆنالە لە مەڕ "گۆڕانکاری ڕەوتی سیاسی لە ڤێنزۆئێلا {و} سیاسەتی دەستەویەخەبوونی بێ پسانەوەی دەوڵەت لەگەڵ چاوگەکانی دەسەڵات". هۆگۆ چاڤێز شەش مانگ نابێ دەسەڵاتی بە دەستەوە گرتووە.

رێوشوێنی هاوشێوە هەم بە سەر کۆبوونەوەی دەستەکان (کە کۆی حزبەکان تیایدا بەشدارن) و هەمیش بە سەر کۆبونەوەی هەرێمی SICLACدا زاڵە. خاتوو "مارگاریتا زاپاتا (FSLN)، جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست، بە ناڕەحەتیەوە دەڵێ: "ناچاری دوو ڕۆژی ڕەبەق، وڕ و کاس، گوێ بدەیتە وتاری چەند سەرۆک دەوڵەت یاخود سەرۆک حزبێ، ئەو وتارانەی لە لایەن ڕاوێژکارانیانەوە ئامادە کراون و زۆربەیان پاش ئەوەی دەچنە بەردەم تریبوون، چاویان بە دەقەکە دەکەوێ و بۆیە بە ئاسانی بۆیان ناخوێنرێتەوە." ئاغای "بلانکا"ش وەک تەواوکردنی قسەکانی دەڵێ: "کۆمەڵێک وشەی پووچ، بە نیەتێکی چاکەوە، بەڵام بێ بەرهەم و بێ کەڵک؛ دواجار، هەر کەسە و بێ ئەوەی دیمەنێکی ورد لە بارودۆخەکەی وێنا کردبێ، ملی ڕێگە دەگرێ."

تاکە تایبەتمەندی ئەم کۆبوونەوانە: "چاوپێکەوتنی تایبەت و چاک و خۆشی کردنە لەگەڵ هاوڕێیانی کۆن" (بلانکا)، "پەیوەندی بەستن و بە تایبەت چاوپێکەوتن لەگەڵ دۆستان" (خاتوو زاپاتا). لە کاتێکدا کە هەموویان دەزانن "دوژمنانی دۆستانی من، دوژمنانی منن". "بەو بڕیارانەی کە وا هەست دەکەم دەگیردرێن، بارودۆخی ئەم وڵاتە زۆریش گونجاوە." لە قسەکانی "فیلیپێ گونزالێس" پاش ئەوەی کارلۆس ئاندرێس پرێز – کە سیفەتی CAPی پێ دابوو – لە یەکەمی ژانوییەی ١٩٨٩ جارێکی تر دەبێتە سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا. هەر بژی "هەڤاڵ"! CAP بە ڕووکردنە لیبرالیزم و بە دانوستانی چاکسازییەکی پێکهاتەیی لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی، نەتەوەکەی لەمڕۆوە بۆ بەیانی برسی دەکا. خەڵکیش لە ٢٧ی فێوریە ڕادەپەڕێ، ئەو ڕۆژەی دواجار لە ژێر ناوی "کاراکازۆ" لە مێژوودا ناوی خۆیان تۆمار دەکەن.

بەرپەرچدانەوەی توندی دەسەڵاتی زاڵ کە تا بڵێی توندو تیژە، نزیک بە سی هەزار قوربانی لێ دەکەوێتەوە. خۆش بەخت تر لە "جڤاتی مەشروتەی دیموکراتیک RCD"، واتە حزبەکەی بین عەلی، سەرۆک کۆماری تونێس کە دوابەدوای سەرکوتی بزوتنەوەی خەڵک لە ژانوییەی ٢٠١١، لە ئەنتەرناسیۆنال سۆسیالیست دەرکرا، "بزووتنەوەی دیموکراتیک (AD) و پارتی (CAP)ن کە بە سڵامەتی دەرباز بوون. ساڵی ١٩٩٣، نوسینگەی ئەنتەرناسیۆنال برووسکەیەکی بۆ CAP نارد کە بە هۆی گەندەڵی لە سەر کار لابرابوو و لەو برووسکەیەدا ڕێز و حورمەتی خۆی بۆ ئەوان دەربڕیبوو. ئەوەی ڕاستی بێ، لە یەکەمین خولی سەرۆک کۆماریدا "ئەو لەگەڵ دۆستە ئەوروپیەکانی زۆر کراوە و دەست ئاوەڵا بوو: حاشا هەڵنەگرە کە لە ژێر سەرۆکایەتی گونزالێس، پارتی سۆسیالیست کرێکاری ئیسپانیا (PSOE) بە شێوەیەکی بەربڵاو سوودی لە "هاوپەیوەندی" مادی ئەو بینی". بەم حاڵەوە، چۆن چاوەڕوان دەکەن "چاڤێز" کە ٤ی فێوریەی ١٩٩٢ دژی "دیموکڕاسی گەندەڵ و زاڵمان" ڕاپەڕی، خۆشەویست نەبێ.

هەر وەک ڤێنزۆئێلا، سەرۆکی پارتە "لاتینی"یەکانی ئەندامی ئەنتەرناسیۆنال کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ تا ١٩٩٠ بە دەسەڵات گەیشتن – ئارژانتین، بۆلیڤی، برێزیل، شیلی، ئێکوادۆر، مێکزیک، پاناما و ... تاد- خودان سیاسەتێکی واقیعی کۆمەڵایەتی بوون: ئەوان دابینکەری ویست و داخوازی کەسانێکن کە جوان پۆشن و باش دەخۆن. لەگەڵ سڕینەوەی تەواو و تایبەت کردنی بێ سنوور، بە هاودەستی لەگەڵ واشنگتۆن، بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (FMI)، ئەوان دواجار بێ بایەخ و تەنانەت دەفەوتێن. ڕێبەرانی نوێ لە میانەی خەبات یان پاڵپشت بە بزوتنەوەی خەڵک دەردەکەون، کەسانی وەک چاڤێز (ڤێنزۆئێلا)، لوئیس ئیناسیۆ لولا دسیلۆ (برێزیل)، ئوو مورالس (بۆلیڤی)، ڕافائێل کورئا (ئێکوادۆر).