سەلاحەدین بایەزیدی
کەمتر ناوەندێکی چاپ و پەخش هەیە گرنگی بە ئەدەبیاتی منداڵان بدا، نەخاسمە وەشانخانە ئەهلییەکان کە بە هیچ شێوەیەک خۆی لە قەرە نادەن. ئەوان باس کاری فەرهەنگی و خزمەت بە ئەدەبیات دەکەن، بەڵام وەک ئەوەی ئەدەبێ منداڵان نەکەوێتە خانەی کاری فەرهەنگییەوە، ئەو ژانرە گرنگەیان پشتگوێ خستووە. هۆکارەکان یەک و دوو نین. وەک بڵێی هەموو خۆیان بەوە قایل کردبێ کە کتێب خوێندنەوە لە کوردستان دەبێ لە تەمەنی بیست ساڵی بۆ سەرەوە دەست پێ بکا. مستەفا ئیلخانی زادە لەگەڵ ئەو کەندوکۆسپانە ئاشنایە، بەڵام پێداگرە لەسەر ئەوەی لەمبارەوە درێژە بە کارکردن بدا.
پێگه‌ی منداڵان لەنێو ئەدەبیاتی کوردی‌دا چۆن هەڵدەسەنگێنن، ئاخۆ شتێکمان هه‌یه پێی بگوترێ ئه‌ده‌بی منداڵان؟
هه‌یه، به‌ڵام ئه‌ده‌بیاتێکى لاوازه و کارێکی ئەوتۆی له‌سه‌ر نه‌کراوه، زۆر کتێبى منداڵان به‌م ساڵانه‌ى دوایى چاپ کراون، به‌ڵام ڕاژه و خزمه‌تکردنى زیاترى ده‌وێ.
وه‌ک که‌سێک که له‌م بواره‌دا له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان کارتان کردووە و هەروا بەردەوامن، بە ڕای ئێوە، منداڵانى ئه‌ودیو کتێبی کوردی‌یان بۆ ده‌خوێندرێته‌وه، بەو پێیەی که خوێندنى کوردى له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان "قەدەغە"یە.
به‌داخه‌وه له‌و بواره‌وە گرفتى جدى هه‌یه و کتێبى منداڵان بەو شێوەیە باوی نییه، به‌ڵام ئێمه به هه‌وڵى خۆمان چه‌ند ساڵێکه فێرگه‌ى زمانی کوردیمان داناوه که ناوه‌ندێکى ئه‌هلییه و بۆ نموونه له شارێکى وه‌ک بۆکان زیاتر له سێ هه‌زار که‌س فێرى خوێندن و نووسینى زمانى کوردى کراون. له شاره‌کانى دیکه‌ش وه‌ک دیوانده‌ره، زانکۆى هه‌مه‌دان و ته‌ورێز، شوعبه‌مان داناوه .هه‌روه‌ها له گونده‌کانى ده‌وروبه‌رى بۆکان، شاهیندژ و سه‌قز فێرگه‌ى زمانی کوردیمان کردۆتەوە، دەتوانم بڵێم ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یه‌ک بۆته هۆى ئه‌وه‌ى منداڵه‌کان فێرى کوردى بن، هه‌ڵبه‌ت که‌م وا هه‌یه منداڵان له کۆرسه‌کاندا به‌شدارى بکه‌ن، به‌ڵام له ڕێگه‌ى باوک و دایکیان و خوشک و براکانیانه‌وه فێر ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باشترین چاره ئەوەیە له قوتابخانه‌کاندا بە کوردی بخوێنرێ، ئه‌وکات تیراژی کتێبى منداڵان زۆر ده‌بێ و منداڵى کورد له‌برى خوێندنه‌وه‌ى چیرۆکى فارسى، هى کوردى ده‌خوێننەوە.
هه‌روه‌ک ده‌زانین پڕۆژه‌ى په‌روه‌رده و فێرکارى پێویستى به پشتگیرى و سەرمایەگوزاری گه‌وره له هه‌موو بوارێکه‌وه هەیە، ئاخۆ که‌س هه‌یه پشتیوانی‌تان بکا، بە تایبەت له بوارى ئابوورییه؟
به‌و شێوەیە نا، ئێمه به پاره‌ى خۆمان ئه‌و کارانه ده‌که‌ین، دیارە له باشووری کوردستان، کۆمه‌ڵێک کتێبى منداڵانیان بۆ چاپ کردووم که بۆ خۆى بۆته یارمه‌تییه‌ک، ئه‌وانه‌ى به‌شدارى کۆرسه‌کانیشمان ده‌بن پاره‌یه‌کى زۆر که‌میان لێ وه‌رده‌گیرێ، بەڵام له گونده‌کان ئێمە خۆبەخشانە ئیش ده‌که‌ین.
ئه‌ی بۆچى هه‌وڵتان نه‌داوه له قوتابخانه‌کاندا ئه‌م کاره بکه‌ن؟
من زۆر جار نووسیومه کە ناوه‌ندێک هه‌یه به ناوى ناوه‌ندی فه‌رهه‌نگ و بڵاوکردنه‌وه‌ى ئه‌ده‌بى کوردى، زۆر دوای که‌وتین، نوێنه‌رانى په‌رله‌مانیش دواى که‌وتوون، به داخه‌وه تا ئێستا له قوتابخانەکان بە کوردی نه‌خوێندراوه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌کى مه‌یدانى ڕێگه‌ی پێ دراوه، ته‌نانه‌ت له زانکۆکانیش خوێندکاران بۆیان هه‌یه کوردى بخوێنن، دیاره ئه‌وه به‌شێک نییه له ده‌رسه‌کانیان و شتێکى ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه.
بەڵام له ئه‌سڵى پازده‌ى قانوونى بنچینەیی ئێران‌دا خوێندن به‌زمانى دایکی هه‌یه، ئایا ناتوانن گوشار بێنن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م یاسایه پیاده بێ؟
تاکوو ئێستا به داخه‌وه پراکتیزه نه‌کراوه و که وه‌دوى که‌وتووین، بیانووى جۆراوجۆر هێنراوه‌ته‌وه، ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر کورده‌کان به زمانى خۆیان بخوێنن، تورکه‌کان و بلووچه‌کانیش ئه‌و مافه‌یان ده‌وێ، یان ده‌ڵێن بوودجه نییه، به کورتى نایانه‌وێ پراکتیزه‌ى بکه‌ن، ده‌نا هه‌روه‌ک ئاماژه‌تان پێدا له ئه‌سڵى پازده‌دا هاتووه که خوێندن و نووسینى زمانه هەرێمییەکان له ته‌نیشت زمانى فارسى له قوتابخانه و زانکۆکان ئازاده.
زۆربه‌ی هەرە زۆری ئەو کتێبانەی منداڵان که ئێستا هه‌ن، له زمانی فارسییه‌وه کراون به کوردی، بۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ى له فارسییه‌وه وەردەگێڕدرێن، مه‌ترسى ئه‌وه نایه‌ته گۆڕێ که بیرکردنەوەی فارسییان بەسەردا زاڵ بێ؟
هه‌ڵبه‌ت زۆربه‌ى ئه‌و کتێبانه‌ی له فارسییەوە وه‌رده‌گێڕدرێن بۆ خۆیان له زمانه‌کانى دیکه‌وه کراونه‌ته فارسى، که‌م وا هه‌یه که ده‌قه سه‌ره‌کییه‌که‌ی فارسى بێ، وه‌رگێڕان له هه‌موو زمانێکه‌وه باشه، به‌ڵام من له زمانی کوردیشه‌وه به‌رهه‌مم کردۆته فارسى، کتێبى "زه‌رده‌خه‌نه"ى فه‌رهاد شاکه‌لیم بۆ سەر زمانی فارسى وەرگێڕاوە، پێشوازییه‌کى باشى لێ‌کرا و ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ى له سه‌رده‌مى به‌عسدا له منداڵێکى کورد کراوه، له لایه‌ن فارسه‌کانیشه‌وه ده‌خوێندرێته‌وه.
ئاخۆ له چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ى کتێب‌دا توشى گرفت نابن، چونکه دەبینم کە زۆربه‌ى کتێبه‌کانتان له شاری سلێمانی چاپ کردووه، ئایا ناتوانن له ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان چاپیان بکه‌ن؟
به داخه‌وه بڵاوکه‌ره‌وه‌ى حکومى وامان نییه که کتێبى کوردى چاپ بکا، جاران ئینتشاراتى سه‌لاحه‌دینی ئەیووبی تاک و تەرا کتێبی چاپى ده‌کرد، ئێستا ئه‌ویش نه‌ماوه، ئه‌هلییه‌کانیش به ڕاستى زۆر که‌مته‌رخه‌مى ده‌که‌ن، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى که بزانن کتێبه‌که فرۆشى باشى ده‌بێ، ده‌نا ده‌بێ به پاره‌ى خۆت چاپى بکه‌ى، ئه‌گه‌ر چاپیشى بکه‌ى له بڵاوکردنه‌وه‌یدا هاوکاریت ناکه‌ن و هه‌موو کتێبه‌کانت لەسەر ده‌ست ده‌مێنێته‌وه، بە واتایەک، مه‌سه‌له‌ى بڵاوکردنه‌وه له چاپکردنى ئه‌سته‌م تره.
بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ده‌ب کارتێكەری لەسەر منداڵان هەبێ، بە ڕای ئێوە چى بکرێ باشه؟
به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و کەسانه‌ى پێیان وایه ئه‌ده‌بى منداڵان شتێکى ئاسانه، من بە کارێکی ئێجگار ئه‌سته‌می دەزانم، چونکە ده‌بێ زۆر شت له‌به‌ر چاو بگیرێ، له‌وانه قۆناغه‌کانى ته‌مه‌نى منداڵ، واته نووسه‌ر ده‌بێ بزانێ بۆ چ قۆناغێک له قۆناغه‌کانى منداڵێتی ده‌نووسێ، ئینجا له ئه‌ده‌بیاتى منداڵاندا ده‌بێ زمانى منداڵانه و ده‌رکى منداڵانه له‌به‌ر چاو بگیرێ، ناکرێ هه‌موو شتێک بۆ منداڵ بنووسى چونکه لێی تێ ناگا، ده‌بێ له ڕوانگه‌ى سایکۆلۆژیشه‌وه ئاشناى ڕوحیه‌ى منداڵ بى و له هه‌مووشى گرنگ تر، پێویستە مه‌سه‌له‌ى چێژ و حه‌زیش بگریته به‌رچاو، پێویسته شتێک بۆ منداڵ بنوسرێ که دوابه‌دواى خوێندنه‌وه‌ى پرسیار له مێشکى منداڵدا بوروژێنێ، لە زۆر شت‌دا، ئەوە بیرکردنه‌وه‌ى گه‌وره‌کانه به‌سه‌رمنداڵدا ده‌سه‌پێ، بۆ نموونه له ساڵانى سه‌ره‌تاى شۆڕشی ئێران‌دا توندوتیژى و ململانێى چینایه‌تیان له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بیاتى منداڵان تێکه‌ڵ ده‌کرد که ئه‌مه له‌بوارى ده‌رونناسییه‌وه باش نییه، به پێچه‌وانه‌ى ڕق و کینه، پێویسته خۆشه‌ویستی و سۆز له به‌رهه‌مى منداڵاندا ڕه‌نگ بداته‌وه، ده‌بێ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر چاو بگیرێ کە منداڵ زۆر گه‌شبین نەکرێ. دیارە مەبەست ئەوە نییە هیچ ئاراسته‌یه‌کى نه‌بێ، به‌ڵام نه‌ک به وێنه‌ى سى چل ساڵ له‌مه‌وپێش که زیاتر له ژێر کاریگه‌رى بیرى سۆسیالیستى و مارکسیستدا بوو.
ئه‌ى ئێستا هه‌ست ناکه‌ن مه‌زهه‌ب کاریگەری به‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ده‌به‌وه هەبێ؟
بۆچی، ئه‌ده‌بى منداڵانى فارسى و بڕێکیش کوردى، کاریگه‌رى ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى به‌سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌ده‌بى مه‌زهه‌بى له هه‌ندێک ڕوانگه‌وه، بە ڕای من باشه، به‌ڵام کۆمەڵێک شت که به ناوى ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه ده‌نوسرێ، مه‌ترسیداره. وه‌ک ئازارى به‌رزه‌خ و به‌هه‌شت و به‌کارهێنانى ئه‌و ده‌سته‌واژه مه‌زهه‌بییانه. لە دواى شۆڕشى کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، له‌نێو فارسه‌کاندا ئەمە زۆر باوه، بۆ نموونە چیرۆکى پێغه‌مبه‌ره‌کان و قه‌ومى لووت و شتی له‌و جۆره بابەتە، به‌ڵام ئه‌وه به‌نیسبه‌ت ئێمه‌وه زۆر ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نییه.
ئایا لە ئێران له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی منداڵانیش سانسۆڕ پەیڕەو دەکرێ؟
بەڵێ سانسۆر هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌هه‌ندێک بواردا.
وەک چی؟ وەک مەسەلەی نیشتیمانپەروەری و شتی وا؟
بڕوانن، نابێ له ڕوانگەی ئایدۆلۆژییەوە کار له‌سه‌ر ئەدەبی منداڵان بکه‌ین، جا هه‌ر جۆره ئایدۆلۆژیایه‌ک بێ، گرنگ نییە. بۆ مه‌سه‌له‌ى نیشتیمانپه‌روه‌ریش هه‌روا. هەتا ته‌مه‌نى لاوه‌تى نابێ ئه‌م مژارانە ده‌رخواردی کەسێک بدرێن، چونکه بیری منداڵ سنوردار ده‌کا و ئه‌گه‌ر خه‌تێکی بۆ دیاری بکه‌ی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بیر‌و باوه‌ڕه به‌رده‌وام ده‌بێ، تووشى جۆرێک له دۆگماتیزم ده‌بێ و له نەشونوما ده‌که‌وێ.
ده‌وروبه‌ر و به تایبه‌ت دایک و باوکى منداڵ تا چه‌ند ده‌توانن ڕۆڵ ببینن بۆ ئه‌وه‌ى منداڵان زیاتر ڕوو بکه‌نه خوێندنه‌وه‌ى کتێبی تایبه‌ت به‌خۆیان؟
باوکان و دایکان، به تابیه‌ت له‌لای ئێمه، پێیان وایه خوێندنه‌وه‌ى کتێب و چیرۆکى منداڵان، منداڵه‌کانیان دوا ده‌خا و لە کاتیان دەگرێ، منداڵ ئه‌گه‌ر به‌رنامه‌یه‌کى ڕێکوپێکى بۆ دابین بکرێ، خوێندنه‌وه نەک ڕێگری لێ ناکا به‌ڵکوو بە باشترین شێوە یارمه‌تى ده‌دا، منداڵ پێویسته له ڕۆژێکدا لانیکەم سه‌عاتێک بخوێنێته‌وه، چونکه جیا له خوێندنى وشک و فەرمی، پێویستى به فه‌نتازیا و چێژ هه‌یه.
به پێچه‌وانه‌ى ئه‌و بایه‌خنه‌دان و کەمتەرخەمییانه‌ى ئاماژەتان پێدا، دەبینین که فۆلکلۆرى کوردى گرنگییه‌کى تایبه‌تى به منداڵان داوە، واته پێشینان لەمبارەوە زیاتر له ئێمە کاریان کردووە، ئاخۆ ئێوەش لەسەر ئەو بڕوایە نین؟
به‌ڵێ، ئه‌مه خاڵێکی زۆر گرنگه. ئێمه بناغه‌یه‌کى زۆر پته‌ومان هه‌یه، تازه چیرۆکى "سه‌ندرێلا"م وه‌رگێڕاوه و ده‌بینم له‌گه‌ڵ چیرۆکێکى کۆنى کوردەوارى زۆر لێک ده‌چن، گەلەک چیرۆکى ڕیالیزمى جادوویش وه‌ک "هیرى پۆتێر" له ئه‌ده‌بى کۆنى خۆماندا نمونه‌یان هەیە، شتى زۆر گرنگیان تێدایه، نووسه‌رى منداڵان، تەنیا پاڵپشت به‌م چیرۆکانه ده‌توانێ بەرهەمی نوێ بخوڵقێنێ، ئه‌وه‌نده به‌سه به شێوه‌یه‌کى نوێ دایانڕێژیته‌وه.
بە کورتی:
ــ مسته‌فا ئیلخانی زاده، له شاری بۆکانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بووه.
ــ به کوردی و فارسی، له بواری وه‌رگێڕان و ئه‌ده‌بی منداڵاندا، کتێبی چاپکراوی هەیە .
ــ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نووسه‌رانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانه که ناوه‌نده‌که‌ی له شاری تارانه.
۱۳۹۹/۱۱/۰۸
وتووێژێک لەگەڵ مستەفا ئیلخانی زادە
۱۳۹۹/۱۰/۲۴
مەرگێکی زۆر نیان
مەرگێکی زۆر نیان
سیمۆن دو بۆڤوار
بەسەرهات
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
چاپ: یەکەم-٢٠٢١
تیراژ: ١٠٠٠ دانە
لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی ئاوێر
اشتراک در:
پستها (Atom)