۱۳۹۳/۰۷/۰۱

سەلما ئیرماک: کە مەسەلە دەبێتە کورد هەموو دونیا بێدەنگی هەڵدەبژێرێ


سەلاحەدین بایەزیدی
 
سەلما ئیرماک ژنە پەرلەمانتاری شرناخی سەر بە پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)، ساڵی ١٩٧١ لە شارۆچکەی قزڵتەپەی سەر بە شاری ماردین لەدایک بووە. ساڵانی ١٩٩٠، بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە نزیکەی دە ساڵ لە گرتووخانەکانی تورکیادا بووە. ساڵی ٢٠٠٩، بە بانگەشەی ئەندامێتی پەکەکە قۆڵبەست کراوەتەوە، لە گرتووخانەی دیاربەکر بەند کراوە و ساڵی ٢٠١٤ ئازاد بووە. ئیرماک کە پێشتر مانگرتن لە خواردنی ئەزموون کردووە و یەکێکە لەو کەسانەی ساڵی ٢٠١٢ لە گرتووخانە بەشداری مانگرتنی ناسراو بە "رۆژووی مەرگ" بووە، رۆژی یەکشەممە (٢١ی سێپتامبر) لەگەڵ سێ هاوڕێی تری، سەباحەت تونجەل پەرلەمانتاری ئیستانبوڵ، کەماڵ ئاکتاش پەرلەمانتاری وان و فەلەکناس ئووجا نوێنەری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا بە مەبەستی پشتیوانی لە کۆبانێ لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ مانیان لە خواردن گرت. هەرچەند ماندوو بوو و شوێنەواری سێ رۆژ مانگرتن لە ژێر باران و سەرمای پاییز بە رووخسارییەوە دیار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا وڵامی پرسیارەکانی دامەوە:

چۆن بوو پەناتان بۆ مانگرتن هێنا، ئەو ئامانجانە چی بوون کە نەدەکرا بە کاری دیپلۆماسی و چوارچێوەی کارەکەتان یان پەرلەمان بیانپێکن؟

ئامانجمان لەو مانگرتنە دەست‌وبرد کردنە لە راگرتنی ئەو کارەساتەی هەڕەشە لە کۆبانی دەکا. ئێمە دوو جار چووینە کۆبانی و دیتمان وەزعەکە زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە. نەماندەتوانی چاوەڕوانی پەیوەندیی دیپلۆماسی بین. ئیتر بەیاننامە هیچ دەردێکی چارەسەر نەدەکرد. مەحکووم کردن بەس نەبوو، بۆیەش مانمان گرت و ویستمان سەرنجی رای گشتی بۆ سەر کارەساتەکە رابکێشین. هەڵبەت وەک ئاماژەتان پێ دا ئێمە پەرلەمانتارین و دەتوانین کاروباری سیاسی و دیپلۆماتیک بەڕێوە بەرین، بەڵام ئیتر کاری دیپلۆماسی لەو ئان و ساتەدا بڕ ناکا. قسەکردن زۆر مانای نییە. بۆیە بەجەستەی خۆمان هاتینە پێش و بڕیارمان دا مان لە خواردن بگرین.

ئەی بۆچی لە بەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان؟

چونکە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان بە هێزی ئاشتی لە قەڵەم دەدەن و گۆیا ئەو گەلانە دەپارێزن کە رووبەڕووی قڕکردن و ژینۆساید دەبنەوە. واتە هەوڵ دەدەن لە بەردەم قڕکردنیان ببنە ئاستەنگ. بەڵام ئەوە چەندین رۆژە گەلی کورد لە بەردەم هەڕەشەی ژینۆساید دایە و نەتەوە یەکگرتووەکان نەک هەر لە هەوڵدان دانییە، بگرە تا ئێستا لێدوانێکیشی نەداوە. لەپێناو شەرمەزارکردنی ئەم بێدەنگییەیان لێرەین. ویستمان بەمجۆرە ئەرکی رێکخراوەکەیان بە بیر بێنینەوە.

دەتانەوێ چ بکرێ؟

ئێمە دەڵێن با هەرچی زووتر بکەونە هەوڵدان و موداخلەیەک لەوێ دژ بە داعش ئەنجام بدرێ. چونکە داعش نەک هەر هێزێکی تیرۆریستیە، بەڵکوو لەشکرێکی هۆڤیشە، چەتەن. ئەوان بە تەنیا نین و لە چوار گۆشەی دونیاوە خەڵک و هێزیان بۆ دەچێ. بەتایبەت بۆ ئەو گەلانە مەترسین کە لە بەرامبەریان خۆڕاگری دەکەن. دیارە هەرە زێدەش کورد دژ بەوان خۆڕاگری دەکا. گەلی کوردە لە ناوچەکە دەیەوێ لەبەردەمیان ببێتە رێگر و سیستەم و حوکمڕانی ئەوان رەت دەکاتەوە. لەوە بترازێ گەلی کورد، گەلانی دیکەی ناوچەکە وەک سوریانی، کلدانی، عەڕەب، ئەرمەنی و تورکمەنی لە دەوری خۆی کۆ کردۆتەوە و ئیرادەی هاوبەشی گەلانی لەوێ هێناوەتە ئاراوە. ئەوەش جۆرێک ئەلتەرناتیڤە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر کاپیتالیزمی مۆدێرن. کورد بۆ خۆیان هێزی پاراستنیان دادەمەزراندوە. بۆ خۆیان ئابووری خۆیان سەقامگیر کردووە. خۆیان رێکخستنی خۆیان دادەمەزراندووە. ئەوانیش دەیانەوێ تێکی بدەن. ئەمڕۆکە تەنیا کورد دژی داعش شەڕ دەکەن و دونیا هەمووی تەماشاچییە.

ئێوە وەک هەدەپە زۆر جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە تورکیاش راستەوخۆ یارمەتی داعش دەدا.

بێگومان تورکیاش یارمەتی داعش دەدا. بە تایبەت لە رووی لۆجستیکەوە. چەکی قورس لە تورکیاوە بۆ سووریا دەگوازێتەوە. ئاسانکاری بۆ سنووربەزاندنی چەکدارەکانیان دەکا. بە گوێرەی ئەو بانگەشانەی بە دەستی ئێمە دەگا، داعش تەنانەت لە تورکیا کەمپی هەیە. لە هاتای، عەنتاب و رووحا چەندین کەمپیان هەیە. ئێمە نازانین ئەوانە تا چ رادە راستن، بەڵام زۆر هەواڵ و بانگەشەی لەو چەشنەمان پێدەگا. لە بیرمان نەچێ داعش وەک تۆپێک ئاگر وایە، ئەگەر لایەنێک بەنزینی بە سەردا بکا، داوێنی خۆیشی دەگرێتەوە. پێم وایە درەنگ یان زوو لە سەر تورکیاش دەبێتە بەڵا.
 
هەڵوێستی نەتەوەیەکگرتووەکان لەم یەک دوو رۆژەدا چۆن بووە؟ ئەگەر بە پیر مانگرتنەکەتان نەهاتن، چ دەکەن؟

جارێ چاوەڕێین. هەرچەند دەبێ بڵێم بەدەنگەوە هاتن و نەهاتنی ئەوان بۆ ئێمە گرینگ نییە. ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی مەحکوومیان بکەین.

لەو حاڵەتەدا لە سەر مانگرتنەکەتان بەردەوام دەبن؟

کاتمان دیاری نەکردووە. نازانین چەند رۆژ یان هەفتە بەردەوام دەبین. ئامانجمان ئەوەیە دەنگمان بەرز بکەینەوە و هاواری کۆبانی بگەیەنینە دونیا. بەڵکوو ئەمە هەوڵدانێکی بچووک بێ بۆ ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بەرامبەر ئەم کۆمەڵکوژییە ببینە ئاستەنگ. هەڵبەت ئەگەر گەیشتە ئاستێک ئەوا کۆتایی بە مانگرتنەکەمان دێنین. تا ئێستا بیرمان لەوە نەکردۆتەوە بە چ شێوەیەکیش بەردەوام ببێ. رەنگە چالاکییەکەمان لە رۆژانی داهاتوو دا بەرفراوانتر بێ و هاورێیانی دیکەش بەشدار بن.

لەو چەند رۆژەدا بێگومان لە خێوەتەکەتانەوە رەوتی رووداوەکانتان شۆپاندووە، چۆن دەڕواننە دۆخی کۆبانی؟

لە کۆبانی کورد تەنیان. وەک دەبینین کوردانی باکوور هەوڵ دەدەن خۆیان بگەیەنن. هێزەکانی هەپەگە خۆیان گەیاندۆتە ئەوێ. بە گوێرەی ئەو لێدوانەی یەک دوو رۆژ لەمەوبەر بڵاو بۆوە، هێزی پێشمەرگەش دەچن بۆ یارمەتی. زۆر دڵخۆشم بەم هەڵوێستەی هێزەکانی پێشمەرگە. ئەوە نیشان دەدا هێزەکانی کورد لە سەر یەک وە جواب دێن. چونکە دواجار تێگەیشتووین کورد بێکەسە و کە مەسەلە دەبێتە کورد هەموو دونیا بێدەنگی هەڵدەبژێرێ.