۱۳۹۸/۱۱/۱۱

کورد پێویستی بەو وێناکردنەیە



 ئاسۆ بیارەیی

من یاداشت و بە دواداچوونی فرەم خوێندوەتەوە، هی بەرێنێکی سەرکردەکان دەڤەری خۆمان، لە ستایشی خۆیان تێنەپەڕیوە، هی ژورنالیست و نووسەرانی کوردیش، کە بەداخەوە بەسەر چەند بەرەیەکی سیاسیدا دابەشبوون، بەشێکی ئەو خامەبەدەستانەش، لە نەمرکردنی ئەو سەرکردە شکستخواردووانە ئەولاتر، داهێنانی نیشتیمانییان نەکردووە.
شاکاری مردن ئەڕای کۆبانێ، یەکێکە لە بەڵگە زیندوەکان لە وێناکردنی واقعی ژیانی گەریلا و ڕێکخستنیان و بەراوردنکردنێکی زانستی، سیاسی و کۆمەڵایەتی لە گەڵ بزافەکانی پێش خۆیان. بەدەر لەوێ کە یەپەگە ئامۆزای پەکەکەن و سەرکەون یان نەء (بڕوانە ل ٨٦، پاتریس ڤ ٢٠١٥). بەڵام جوانترین نموونەیان لە پێکەوە ژیان، بەرگری و یەکسانی نێوان نەتەوەکان، بۆجیهانی بێڕەوشت سەلماندوە.
مردن ئەڕای کۆبانێ، سەرچاوەیەکی گرنگە لە مێژووی بەشێکی ناسراوی ئەگەر هەمووی نەبێ و مەزنی نیشتیمانەکەمان. بۆ؟ کوردەکان بەو چەکە سادەو کۆنانەی بەدەستیانەوە بوو، لە بەرسێبەری پەروەردەی فەلسەفەیەکی تۆکمە، بە هەڵگرتنی دوو خەسڵەتی گرنگەوە: بەهاکان و ئامانجی هاوبەش، (بروانە ل ١٨٦، پاتریس ڤ ٢٠١٥). وەک نووسەر ئاماژەی پێدەکات، لەوپەڕی ڕۆژنی سەختدا، گەریلاکان بێهیواییان نەدەناسی و بگرە تا دوا دلۆپە ئامادەی بەرگری بوون، قارەمانییەک کە جیاوازیی نیوان سەرکردەو گەریلایەکی ١٨ ساڵی ناو سەنگەر نەبوو. ئیدیی گەریلا وا فێرکراوە کە بۆچی چەک دەکاتە شانی، نەک پێچەوانەکەی.
نوێکارییەک لە بڕوابوون بە تواناکانی خود و نیشتیمان, کە بەداخەوە لە پارچەکانی دی لەبەر نەبوونی پەروەردەی هەمەلایەنەی پێشمەرگەو تاک، زۆجار بەرگەی هێرشێکی چکۆلەیان نەبووە و شکستییان هێناوە. ١٦ی ئۆکتۆبەر، سەرباری بوونی تەقەمەنی و ژمارەیەکی زۆری پیشمەرگە و خۆبەخش، ئاشبەتاڵێکی خۆێناوی بوو لە دیرۆکی باشوور، هەمان ئاشبەتاڵی ١٩٧٥. نووسەر دوو وێنەی جیاوازی کوردمان، لە دوو پارچەی هەمان نیشتیماندا دەخاتە بەردەم (گورگ و سەگ، نووسەر ل ١٤٩)، مەبەستی لە گورگە لاوازەکانی یەپەگەیە کە توانییان چۆک بە دڕندەکانی داعش بێنن و ڕێگەیەکی ڕزگاری بۆ سەدەها ئێزیدی بکەنەوە و بگرە لە کاتی نزیکبوونەوەی داعش لەهەولێر، خودی سەرکردەکانی باشوور هانایان بۆ ئەو گەریلا سیما لەڕو لاوازنە هێنا، کە بە روخسار بێهێز دەیاننواند. لێرەدا نووسەر جوان باسی دوو هێزی کردوە، پێشمەرگە خرپن و گەریلای ڕەقەڵە، ئەوەی یەکەمیان خاوەنی ئەو ورەیە نەبوو بەرگری لە شارێکی وەکو شەنگاڵ و پایتەختەکەیان بکا، ئەوەی دووەمیان لە شاخاکانی قەندیلیەوە دەیان گەریلای خستە خزمەت براکانی لە هەولێر(بروانە ل ١٥٣، نووسەر).
مردن ئەڕای کۆبانی، باسی شکاندنی دابونەریتی کۆنباوی بەستەری خوێن دەکا لە ڕۆژئاوا، کە چۆن هەموو گەریلایەک سەرەوەرە و سەرکردەیەکە لەسەنگەردا، نەک وابەستەی سۆزی ڕابەرەکانی بێ، کە چۆن دوای شەهیدبوونی هەر سەرکردەو گەریلایەک دەیانی دی دروست دەبنەوە، نەک ئاشبەتاڵ و بێ هێوایی و هەڵهاتن. مردنی لە پێناوی کۆبانیدا شکۆی هێزی شەریعەتی کۆنباوی داعشی شکاند و متمانەی گەڕانەوە بۆ سەروەری مرۆڤەکان، لە ناوچەیەک جەهەنمی کین و بنەماڵەچییەتی، ناوچەگەری، کاریزما، کونخوازی... هتد کوشتویەتی (بڕوانە ل ١٩٠، نووسەر).
مردن ئەڕای کۆبانێ، بۆ خۆی ناوئاخنی شورای شۆڕشێکە کە گەلێکی ژێردەستەی بە جیهان ناساند، کە بەبێ ئەوان، کوردی ڕۆژئاوا، ژیانی مرۆڤایەتی، ئیدی لە هەموو پێکهاتەو ڕەنگەکان، نەک تەنها لەوپارچە دەوڵەمەندە، کە لەسەدا نەوەدی شارەستانی جیهانی لە خۆگرتووە، بەڵکو کیشوەرەکانی دیش دەکەونە ژێر مەترسییەوە گەربێت و پشتی لێبکرێت، بەڵکە بووەتە پردی بەستنەوەی سەنگەرە هاوبەشەکانی دژی کۆنخوازییەکی دڕندەکانی سەدەکانی ناوەڕات.
مردن ئەڕای کۆبانێ، دیسان وێنەیەکی دی زێوا و هیوابەخشی بەرزکردوەتەوە، ئەویش هاناو چوونی، هەردوو بەشی نیشتیمانیی، گەریلا بۆ پێشمەرگە بۆ پشتیوانی یەکتر و گریدانی گیانی نەتەوەیی ( بڕوانە ل ١٥٢، نووسەر).
لە ڕاستیدا وەرگێڕ، سەلاحەدین بایەزیدی، باشترین کاریکردوە و داهێنانی لە بەکوردیکردنی ئەم بەرهەمەکردوە، بە شێوەیەک کە خوێنەر ئەو هەستەی لا دروست بێ کە نووسەرێکی کورد وێرد نووسیویەتی.
هیوادارم، ئەوانەی پێشمەرگەن، سیاسین، بە تایبەتی ئەوانەی باشوور و ڕۆژهەڵات، تەنانەت هەندێ گەریلای باکووریش، ئەم بەرهەمە بەنرخەی (پاتریس فرانچێسکی) بخوێننەوە! بەداخەوە، فراوانێک لە کەسێتی نووسەر و گەڕۆکی بیگانە لە خۆمان چێتر توانیویانە دیرۆکی ئێمە، بە مێتودی جوان بنووسنەوە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی زەمەن 

۱۳۹۸/۱۰/۲۹

کۆتایی شەو


ژان پۆل دووبوا
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
"دەتوانی کەمێک هێواشتر لێ بخوڕی؟"
"خێرا لێ ناخوڕم."
"بەملا و بەولادا ڕادەژێم و گەدەم دێشێ."
"دەتتوانی ئەمشەو کەمتر بخوێیتەوە. هەموو جارێ کە سەیری تۆم دەکرد، پەرداخێکت بە دەستەوە بوو."
"هەر کەسە و بە شێوازی خۆی کات بەسەر دەبا."
"ئەمە یانی چی؟"
"ئەمە یانی ئەمە."
"بێگومان ئەمە یانی من ئەمشەو بە پێی پێویست بە تۆ ڕانەگەیشتووم."
"تۆ ناتوانی هاوکات لە هەموو شوێنێک بی."
"تۆ بە ڕاستی مایەی پێکەنینی."
"دڵنیات دەکەمەوە مەبەستم نییە وا بم."
"جگەرەیەکم پێ بدە."
"جگەرەم پێ نەماوە. ئەو کچەی بە درێژایی شەو لێی دانەبڕای، ناوی چ بوو؟"
"کامە کچ؟"
"تکات لێ دەکەم، سەرباری ئەمە، گاڵتەجاڕ مەبە."
"مەبەستت لە سەرباری ئەمە چییە؟ سەرباری چ شتێک؟"
"تووڕە مەبە. من بەس لێت دەپرسم ئەم کچە قات شینە کێ بوو کە بە درێژایی شەو قسەت لەگەڵ دەکرد."
"پارێزەرێکە کە کار بۆ کۆمپانیا دەکا."
"ناوی چییە؟"
"هێلێنا زاکیس."
"یۆنانییە؟"
"سەبارەت بەو هیچ نازانم."
"هەر چی بێ، زۆر سەرنجڕاکێشە، تا بڵێی کەشخەیە."
"شارەزای کارەکەیەتی."
"شارەزای پیاوانیشە."
"بەو تانەوتەشەرانەت ماندووم دەکەی."
"دەتتوانی منی پێ بناسێنی. تۆ لەم کۆڕەی ئەمشەودا بە تەنیا نەبووی. ئەمنیش لەوێ بووم و منیش ژنی تۆم. ئەمنیش بانگهێشت کرابووم."
"پێم وا نییە توانبیاتان شتێکی ئەوتۆ بە یەک بڵێن."
"هەڵبەت وایە، منی مەیخۆرەوەی کابان چ خاڵێکی هاوبەشم لەگەڵ ژنە پارێزەرێکی گەورەی کۆمپانیا هەیە کە بە پاژنەی بەرز و پەرداخێک لیمۆنی تۆنیک بە دەستەوە، داکۆکیی لە بەرژەوەندییەکانی مێردەکەم دەکا؟"
"ڕێک وایە، هیچ."
"بەڵام نا، ئازیزەکەم، ئەتۆ خاڵی هاوبەشمانی. ئەگەر ئەتۆ ئەم سەڵیتەیەت پێ ناساندبام، ئێمە دەمانتوانی باسی تۆ بکەین. دەمتوانی لێی بپرسم: "خاتوو زاکیسی ئازیز، ئاخۆ ئێوە پێتان وایە پۆل گانکەری چاکە؟ مێردەکەم کێرێکی جوانی هەیە؟ ئاخۆ چێژتان پێ دەدا؟"
"ئەتۆ سەرخۆشی."
"واز بێنە. لە کەنگێوە کەینوبەینت لەگەڵ ئەم یۆنانییەدا هەیە؟"
"کەینوبەینم لەگەڵ کەسدا نییە و زۆر بێ چاووڕووی."
"ئەمە ئیتر قسەی تێدا نییە! کاکم پێی وایە بێ چاووڕووم. ئەوە بێ چاووڕوویی نییە لەبەر چاوی خەڵکی سووکایەتیی بە ژنەکەت بکەی، وەک ئەوەی تۆ ئەمشەو بە منت کرد؟"
"تۆ تووشی پارانۆیا بوویت."
"تۆ ناتوانی لەم شتانە تێ بگەی. بەڵام لە بری ئەوەی بەو بزە شیرنانەت بە دەوریدا بسووڕێیتەوە، پێم خۆشتر بوو لەبەر چاوی هەموویان قوزی ئەم قەحبەیە بلێسیتەوە. هیچ نەبێ، ئاوا شتەکان ڕوونتر دەبوون."
"ئەقڵت لەدەست داوە."
"بڕواش ناکەی کە من ئێرەیی دەبەم. تۆ و زاکیسەکەت دەتانتوانی لەسەر هەموو دۆشەکەکانی دونیا پێکدا بفسێن. شتێک کە پێم خۆش نییە ئەوەیە کە تۆ نازانی چۆن لە نێو کۆمەڵدا هەڵسوکەوت بکەی. بێزارم هێندە مایەی گاڵتەجاڕی بم."
"هەست دەکەم خەون دەبینم. ئەتۆ داوا لە من دەکەی لە نێو کۆمەڵدا باش هەڵسوکەوت بکەم، لە کاتێکدا ئەوە دە ساڵە بە لەتردانەوە نەبێ، ئامادەی هیچ شێوێک نەبووی، لە کاتێکدا ڕواڵەت و دەنگ و جەستەی سەرخۆشێکت هەبووە، لە کاتێکدا هاوڕێکانمان نازناوی سونگەریان پێ داوی."
"بە ڕاست، نازناوی سونگەریان پێ داوم؟"
"ئەمە کارت تێ دەکا."
"بە هیچ شێوەیەک، بە هیچ شێوەیەک. تەنانەت پێم سەرنجڕاکێشە. ئەی هێلێنا زاکیس، ئەویش نازناوی هەیە؟ گەراجی کێرەکان؟ خەنجەرخۆر؟ پۆمپی گان؟"
"تۆ بێشەرمی."
"دایکە زاکیس لە نێو جێگەدا چۆنە؟ پێی خۆشە لە سەرەوە بێ یان لە بنەوە؟ نا، دەزانم چیی پێ خۆشە. یۆنانییەکان
هەموویان حەزیان لەمەیە. لای ئەمان، وێدەچێ ئەمە سرووشتیی دووهەمیان بێ."
"نەمدەزانی کە تۆ دەتوانی هێندە بڵح بی. ئەتۆ قەت لە پێش چاوی من هێندە خۆت سووک نەکردووە. تەنانەت بەوپەڕی مەستیش، پێم وا نەبوو کە تۆ بتوانی بەم جۆرە ئاستی خۆت دابەزێنی."
"تۆ سەیری ئەم قسەیە، بە ڕاستی عەنتیکەیە: پێم وا نەبوو کە تۆ بتوانی بەم جۆرە ئاستی خۆت دابەزێنی. چونکە ئەتۆ سووکایەتیم پێ ناکەی، بریندارم ناکەی، تۆ کابرایەکی بێ وێنەیەی کە بە نەرمونیانی لەگەڵ پارێزەرەکەت هەڵسوکەوت دەکەی و چەند مانگ لەسەر یەک دەست لە هاوسەرەکەت نادەی."
"لێ هاوڕێ بێچارەکەم، تۆ بوویتە کەسێکی شیاوی دەست لێنەدان، مرۆڤ ناتوانێ مەیلی بۆ سەرخۆشێک بچێ."
"ئینجا لەبەر ئەوەشە بە خاتوو زاکیس سوکناییت دێ. تێدەگەم، ئەمە دەبێ بۆ تۆ زۆر دژوار بێ. ئێستا بە نیازی لەگەڵ ئەودا چ بکەی، لە ژوورێکی ڕاخراوی بچووکدا جێگیری بکەی؟"
"خۆ ژنە سەماکەر نییە."
"ڕاستە کە هێلێنای ئازیزمان لە ڕووی ئابوورییەوە ڕایدەبوێرێ و پیشەیەکی بەنرخی هەیە. ئەمە هیچم پێ ناڵێ سەبارەت بەوەی بە نیازی چ بکەی."
"من بە نیاز نیم هیچ بکەم. ئەم کچە هاوکارێکی کۆمپانیایە. واز لە وەهم بێنە، دووپاتی دەکەمەوە کە من تەنیا پەیوەندیی کاریم لەگەڵیدا هەیە."
"تۆ بە ڕاستی منت پێ شاژنی گەمژەکانە."
"چۆن پێوە بووم خوایە گیان، باشە دەتەوێ چ شتێکت بۆ بگێڕمەوە؟ پێت بڵێم کە مەعشووقەکەمە؟ دەتەوێ گوێت لەمە بێ؟ ئەمە دڵخۆشت دەکا؟"
"دەمەوێ تۆ واز لە گاڵتەکردن بە من بهێنی."
"تۆ ناتوانی بە شێوەیەکی جیاواز لە دەستگێڕێک قسە بکەی؟"
"مێشکت تێک دەدەم. لە بیرت نەچێ لە کوێوە هاتووی، لە بیرت نەچێ کە دایک و باوکت، تەنانەت بە پیریش، بە پللار وەردەگەڕانە یەکتری. بۆیە تکات لێ دەکەم، خۆت ماندوو مەکە و ڕۆڵی خانەدانانم بۆ مەگێڕە."
"من ڕۆڵی هیچ ناگێڕم."
"تۆ پێت خۆش نییە کە ئەمەت بهێننەوە بیر. بێزارت دەکا، بە خۆتدا دەشکێیتەوە."
"کەس نازانێ دەڵێی چی."
"ئەو شەوەی کریسمەست بە بیر دێ وەختێک دایکت لە قاپشۆرییەکەی ناندێنەکەدا ڕشایەوە و باوکت کە ئەویش مەست بوو، لێی دا تا ئەو کاتەی تۆ هەستای و پێشت پێ گرت؟ بە دڵنیاییەوە، تۆ بە بیرت دێ. ئەی ئەو جنێوانەی بە درێژایی ڕۆژ بە یەکتریان دەدا، ئەوانە زمانی دەستگێڕی بوون، ها؟ ئەی پوخڵەواتی نێو خانووچکەکەیان چ بوو؟ خاوەنی کۆمپانیاکە لەوێوە دێ. تۆ ئەم بەسەرهاتانەت بۆ پارێزەرەکە گێڕاوەتەوە، تۆ ئەم شتە قۆڕانەت گشتی بۆ گێڕاوەتەوە؟"
"ئەگەر نەیبڕیتەوە، مستێکت لە دەمی دەدەم."
"وەک چۆن باوکت مستی دەوەشاند؟ ئەمە خوێنە قسە دەکا!"
"خوایە گیان، باشە ئەمشەو چیت بەسەر هاتووە؟ ئەو بەزمە چییە داتناوەتەوە، دەتەوێ دەهریم بکەی؟"
"دەمەوێ پێم بڵێی لە کەیەوە هێلێنا زاکیس دەگێی."
"شەش مانگ."
"شەش مانگ چی؟"
"شەش مانگە دەیگێم، خۆت گوتەنی."
"حیز. لە کوێ یەکتری دەبینن؟"
"لە ماڵی ئەو."
"شووی نەکردووە؟"
"نەخێر."
"ئێستا تێدەگەم بۆچی زاتت نەکرد ئەم سۆزانییەم پێ بناسێنی. پێشم وایە لە کۆمپانیاکە هەموویان ئاگادارن."
"کەس هیچ نازانێ. دیارە هەرچی بێ نازانم ئەمە چ لە مەسەلەکە دەگۆڕێ."
"پێم وایە دواجار من مستێک لە دەمی تۆ دەدەم. هەست دەکەم ئەگەر ئۆتۆمبێلت لێ نەخوڕیبا، ئێستا دەمێکت بوو وێت کەوتبوو. ئینجا ئەم قەحبەیە لە کەنگێوە کارت بۆ دەکا؟"
"ئەو قەحبە نییە و تەنیا کار بۆ من ناکا. ئەو کڕیاری دیکەشی هەن."
"کڕیارەکانی دیکەش هەر بە قوون بە دەستی هێناون؟"
"داوات لێ دەکەم چیتر بەم جۆرە باسی هێلێنا نەکەی."
"داوات لێ دەکەم چیتر بەم جۆرە باسی هێلێنا نەکەی. دەزانی کاتێک بەرگریی لێ دەکەی، زۆر بێ هاوتای. دەڵێی پارێزەرۆکەی. ئێستا دەتوانی پێم بڵێی کە بە نیازی لەگەڵ یۆنانییەکەت چ بکەی. زەماوەندی لەگەڵ بکەی، منداڵی پێ بنێیتەوە یان پێش ئەوەی بگەڕێیتەوە ماڵێ و یەکسەر ئاوێک بە خۆتدا بکەی، هەروا بیگێی؟ چیت دەوێ، ها، چیت گەرەکە؟"
"نازانم."
"نازانێ. مێردە ئازیزەکەم نازانێ داخوا ژنە پیرە پیشاو و مەستەکەی ڕابگرێ یان لەگەڵ مریشکە پاژنە بەرزەکەیدا بڕوا. تێ دەفکرێ. بە خۆی دەڵێی پشکی هەرە زۆر لە کۆمپانیاکەدا هی منە و ئەگەر بێت و جیا ببینەوە، ئەسپێ لە گیرفانیدا سەوزەڵە دەڵێنەوە. مێردە ئازیزەکەم بیر لەمە دەکاتەوە. بۆیە دەبێ هەم ئەم هەم ئەویان ڕابگرێ، یەکیان لۆ پارە و ئەویتریان بۆ سەر جێگە."
"زۆر قێزەوەنی."
"بەڵێ، بەڵام قێزەوەنانە مافدارم. ئەگەر لە ڕووی ئابوورییەوە پشتم نەگرتبای، لە مێژ بوو شەقێکت تێ هەڵدابووم."
"وا نییە."
"لەبەر ئەوەی تۆ ئێستا پێم دەڵێی کە خۆشم دەوێی؟"
"نەخێر، بەڵام تۆ ژنمی."
"نا، من هۆتێلدارم و تۆش مووچەخۆری منی، قەت لە بیرت نەچێ. پێش هەموو شتێ، تۆ مووچەخۆری منی."
"قەت لە بیرم نەچووەتەوە."
"سبەینێ، کازیوەی بەیانی تەلەفۆن بۆ ئەم گەمژەیە بکە و تێی بگەیەنە کە کۆمپانیا پارێزەرەکەی گۆڕیوە. ئەگەر پێت خۆش بێ دەتوانی بەسەریدا بپەڕی، بەڵام مەحاڵە من دان و ئاو بدەم بە مریشکێک."
"ئێمە گرێبەستمان لەگەڵیدا هەیە."
"گرێبەستەکە هەڵوەشێنەوە. ئەگەر پێویست بێ، بەرگری دەکەین."
"تۆ مەسخەرەی."
"گەرمکەرەوەکە بکوژێنەوە، زۆرم گەرمایە."
"ئێمە چیتر ناتوانین بەم شێوەیە بژین."
"دەتەوێ لێک جیا بینەوە؟"
"من وام نەگوتووە."
"ئەگەر وابێ، بێدەنگ بە." 
 ----------------------
ژان پۆل دووبوا ساڵی ١٩٥٠ لە توولووز لەدایک بووە و ئێستاش هەر لەوێ دەژی. بە ڕۆژنامەنووسی و گۆشەی وەرزشی لە ڕۆژنامەی سوود - وێست دەستی بە نووسین کردووە. پاشان، ساڵی ١٩٨٤ بووەتە ڕیپۆرتەرێکی بەرچاوی لو نوڤێل ئۆبسێرڤاتۆر. نووسەری کۆمەڵێک ڕۆمانە وەک: بیر لە شتێکی تر دەکەمەوە، ئەگەر ئەم کتێبە بتوانێ من لە تۆ نزیک بکاتەوە و ژیانێکی فەڕەنسی. ژان پۆل دووبوا، ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی گۆنکووری بۆ ڕۆمانی هەموو پیاوەکان بە یەک شێوە ناژین وەرگرت.