۱۳۹۳/۰۷/۳۰

"ژان دارک"ی کوردەکان



دۆلفین مینوی
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


دواجار ئەو ژنە دەبێتە قارەمانی کۆبانێ. ئەو ژنە گەنجە بە جل‌وبەرگی سەربازی کە دەسرەیەکی گوڵداری لە سەری هاڵاندووە، لە تەنیشت پۆلێک لە هاوسەنگەرانی بەدی دەکرێ. کڵاشینکۆفێکی بە ملەوەیە و ئامادەیە ڕووەو جیهادیستەکانی داعش بیتەقێنێ، هەڵبەت ئەگەر وێنەی ژنە شەڕکەرێکی دیکە نەبێ. دەیان وێنەی نارین عەفرین، نازناوی جەنگی هاوفەرماندەی خەباتگێڕانی کورد، یەپەگە، کە ماوەی مانگێکە شارەکەیان دەپارێزن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە خێرایی دەستاودەست دەگەڕێ. ئەوەی ڕاستی بێ، هیچکام لەم وێنانە پەیوەندییان بە مایسە عەبدۆوە [ناوی ڕاستەقینەی] نییە، ئیدریس ناسسان نوێنەرێکی سیاسیی کۆبانێ کە ناوبراو لە نزیکەوە دەناسێ، وا دەڵێ. لە شاری سوورووچ، هەڵکەوتوو لە حەوت کیلۆمەتری شارە شەهیدەکەی باکووری سووریا، ئیدریس بەم شێوەیە نارین وەسف دەکا: ژنێکی تا بڵێی ژیر، کورتەباڵا، تەمەن لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ، خڕوخۆڵ و ڕووخسارێک لە ڕەنگی سەدەف. سیمای ڕاستەقینەی - لە بەر هۆکاری ئەمنی - لە نێو نهێنییەکی گەورەدا حەشار دەدرێ.
خەباتی مایسە عەبدۆ لە کوردستان، شتێکی دەگمەن نییە. ئەو بە ڕەچەڵەک خەڵکی کانتۆنی عەفرینە، ئەو شوێنەی نازناوەکەی لێ وەرگرتووە و لە ڕیزی دەستە خوشکەکانی شۆڕشگێڕانی پەکەکە دایە کە ساڵانی نەوەدەکان دژ بە تورکیای جیران شەڕیان دەکرد. نارین یەکێک لە هاوڕێیانی مناڵێتی و کۆنە هاوسەنگەرێکی مایسە دەڵێ: "ئەو لە تەمەنێکی زۆر گەنجدا تەڤلی بزاڤی کورد بووە." هەروەها دەڵێ: "زۆر دەرس‌خوێن بوو، گەلێ فیداکار بوو." بە تێپەڕبوونی ساڵ، ڕێگەکەیان لێک دادەبڕێ: "من مێردم کرد. ئەو لەگەڵ "دۆز" ژیانی هاوسەری پێک هێنا." مایسە عەبدۆ، پاش پەروەردەیەک لە سەر بەکارهێنانی چەک، ساڵێک لەمەوبەر لە کۆبانێ جێگیر بوو تاکوو هاوشان لەگەڵ مەحموود بەرخۆدان، سەرکردایەتی یەپەگە بکا. ئەم سەرکەوتنە کت‌وپڕە بۆ ئیدریس ناسان سەیر نییە: "وتارێکی ئەوم لە سەر تەپۆڵکەی مشتەنوور بە بیر دێ کە بەرامبەر بە دەیان هەزار کەس پێشکەشی کرد. تا بڵێی کاریزمای هەبوو. خەڵکەکە پەیتا پەیتا چەپڵەیان بۆ لێ دەدا".
ناو و ناوبانگی هەر بە سنوورەکانی سووریا بەرتەسک نەماوەتەوە. لە عێراق، ئەو وڵاتەی دەوڵەتی ئیسلامی بەڕەکەی بۆ ئەوێش ڕاکێشاوە، "ژان دارک"ی کوردەکان وەک نموونەیەک لە بوێری، وێردی سەر زمانانە. "هیوادارم ژنان و پیاوانی 'ئەنبار' بۆ پاراستنی شارەکەیان چاو لە کچانی کۆبانێ بکەن"، کازم کوفی ئەلبەدریی عێراقی وێڕای ئاماژە بەو پارێزگایەی عێراق کە کەوتۆتە بەر پەلاماری جیهادیستەکان، ئاوا بۆچوونی خۆی لە سەر لاپەڕەکەی لە فەیسبووک دەربڕیوە. هەڵبەت، لە ناوچەیەک کە لە نێو پیاوەتیدا نوقم بووە، نارین عەفرین دەکرێ سەرمەشقیش نەبێ. "تاقمێک کە ژنێک بەڕێوەی ببا، قەت سەرکەوتوو نابێ"، ئەوە هاواری عەبوو وەسام، سوورییەکی تەمەن ٢٥ ساڵە لە سەر لاپەڕەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر.
بەڵام لە ڕوانگەی زۆرینەی کوردەکانەوە، نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر ئەسپی نێوان سووریا، تورکیا، عێراق و ئێران، نارین عەفرین هێمای خەونی کوردستانێکی ئۆتۆنۆمە: بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ لە دەسەڵاتە ناوەندییەکان کە تێیدا ژنان سەربەخۆییەکی زۆرتریان هەبێ. "نارین سیمبۆلی ئازادییە"، ئەوە قسەی عارف ڕەمەزان، شەڕڤانێکی یەپەگەیە لە کۆبانێ کە بە تەلەفۆن تێکەڵ بە باسەکە بوو. ڕەمەزان دەڵێ: "ئێمە شانازی پێوە دەکەین، وەک چۆن شانازی بە هەموو ئەو ژنانەوە دەکەین کە لە تورکیا، عێراق و ئێرانەوە هاتوون و شان بە شانی ئێمە دەجەنگن. گەلی کورد هیچکات ئەوەندە یەکگرتوو نەبووە." بە بۆچوونی ناوبراو، ئەو شۆڕشگێڕە ژنانە ٤٠%ی هێزەکانی کورد کە بەرەنگاری دەوڵەتی ئیسلامی بوونەتەوە، پێک دێنن. ئاڤاشین کۆبانێی، تەمەن ٢٨ ساڵ، یەکێکە لەو ژنانە. بە مۆبایل پەیوەندی پێوە گیرا و لە بەرەکانی جەنگ دەگێڕێتەوە: "جار جارە، بەر لەوەی هێرشێک دەست پێ بکەین، گۆرانی دەچڕین. ئەمە مۆڕاڵی دەستەکەمان بەرز دەکاتەوە. پیاوەکان تێکڕا بۆمان دەستێننەوە. جیاوازییەک لە نێوانماندا بەدی ناکرێ. وەک خوشک و برا واین." ئەو کچە گەنجە کە سێ کەڕەت نارین عەفرینی بینیوە، وەک "چرایەکی گەش" ئەوی لە زەینیدا هەڵگرتووە: "گوێ لەوانی تر دەگرێ. بەردەوام دەڵێ: وەک ڕەگەزی لاواز سەیری خۆتان مەکەن، ئێوەش وەک پیاوان بەهێزن!"
لەگەڵ ئەوەشدا، جەنگ کەس هەڵناوێرێ. لە گۆڕستانی "شەهیدان"ی سوورووچ، خاکێکی چوارگۆشەی مامناوەندیی هەڵکەوتوو لە قەراخ جادەی گوند، حەوت لەو بیست کەسەی بێ‌گیان لە کۆبانێ گەڕێنراونەتەوە و بە خاک سپێردراون، ژنن. لە سەر زۆربەی هەرە زۆری گۆڕەکان نە دەستەگوڵ بەدی دەکرێ و نە ڕێکەوتی کۆچی دوایی. تەنیا چەند ژمارەیەک بە ڕەنگی سووری ئاڵ لە تەنیشت ناوەکانیان نووسراون. هی ئارین میرخان، یەکەم کەس کە دژی داعش خۆی کوشت، لە نێو ئەم گۆڕانەدا نابینرێ، بە گشتی هەر کۆچکردوویەک لە زیدی خۆی - یان شوێنێکی نزیک لەوێ - بەخاک دەسپێردرێ. ئارین میرخان، سەرەتای مانگی ئۆکتۆبر، لە نێو جیهادیستەکاندا کە خەریک بوون بیگرن، دوایین نارنجۆکی بە خۆیدا تەقاندەوە. لە سوورووچ، ڕێکخراویکی مەدەنیی نزیک لە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە، سەرەکی ترین دەزگای سیاسیی کوردەکان لە سووریا) ناوی کەمپێکی پەنابەرانی بۆ ناو و بیرەوەری ئەو گۆڕیوە. نیشانەکانی حزبێک کە لە ژێر ڕواڵەتە لیبراڵەکانی، بە سانایی سیمبۆلەکان جێگیر دەکا بۆ ئەوەی جەماوەر کۆنتڕۆڵ بکا. "پەیەدە مەیلی ڕاستەقینەی دیموکراتییانەی هەیە. بەڵام لە ڕاستیدا، وەک حزبێکی ئۆتۆریتەر خۆی نیشان داوە، بە تایبەت بەرامبەر بەوانەی پابەندی نین"، ئەوە تێڕوانینی لێکۆڵەری ئوتریشی تۆماس سشمیدینگەری پسپۆڕی کوردستانە.
لە نووسینگەیەکی هەرێمی بەدەپە، باڵی سیاسی پەکەکە، فایزە عەبدی، ئەندامی شۆڕای شاری کۆبانێ ڕادەگەیەنێ: "لە ڕوانگەی ئێمەوە، ژن و پیاو یەکسانن. جیاوازییان نییە. ئێمە بەرپرسیارییەتیەکانمان لە بواری سەربازی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە وەک یەکە. بە هەزاران کچی وەک نارین عەفرین و ئارین میرخان هەن." قسەکانی ئەم ئەندامەی پەیەدە، کە هەفتەی ڕابردوو لە شاری شەهیدی کۆبانێ‌وە هاتووە، زۆر ئامادەکراون.
بەڵام شەڕ هەڵەکان دادەپۆشێ. دیوی ڕەخنەکان هەڵدەگێڕێتەوە. "نارین عەفرین قارەمانێکە. ئیرەیی پێ دەبەم. زۆر نزیکی خاک و خوێنی شەهیدانە. کە ناوەکەی دەبیستم، هەست بە گوناح دەکەم کە لە بەرەی جەنگ و لە تەنیشت هاوڕێیانم نیم"، نارین، هاوڕێیەکی مناڵێتی ناوبراو، سەرباری دووربوونی لە حزب وای گوت.

۱۳۹۳/۰۷/۲۹

کۆبانێ


ماری-هێلێن میۆوتۆن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ماوەی مانگێکە، کۆبانێ ئەو شارە کوردە سورییەی ڕێک لە سەر سنووری تورکیا هەڵکەوتووە، لە بەرامبەر دەوڵەتی ئیسلامی خۆڕاگری دەکا. مەترسی تا بڵێی گەورەیە. بۆ کوردەکان، مەسەلە پاراستنی خاک و گەلەکەیانە. بۆ هێرشبەران، بەشێکە لە خۆنواندن و پڕوپاگەندە. بۆ هاوپەیمانەکانیش، مەسەلەی قەتڵ‌وعام نەکردنی ئەو خەڵکەیە کە هێشتا ڕایان نەکردووە.
لە مەیدانەکە کێ شەڕ دەکا؟ لە سەر ئەو خاکە، تەنیا کوردەکان و کوردەکانن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی دیاریکراوی ئاسمانی دەست پێکردووە، هێرشەکان دەتوانن لەنێوبردنی تانکەکان لە جەرگەی چۆلەوانیدا بکەنە ئامانج، بەڵام لە بەرامبەر دوژمنێک کە لە نێو دڵی شاردا خۆی سەقامگیر کردووە، کاریگەرییەکی ئەتۆیان نابێ. فەڕەنسییەکان جووڵەیان بە چەند "رافال"ێکی جەنگی کردووە، بەڵام تا ئێستا چەند پەلامارێکی دەگمەن نەبێ، دەست‌تێوەردانێکیان لێ نەبینراوە. تورکیا سنوورەکانی خۆی لە بەردەم یارمەتیی کوردەکان داخستووە، بەڵام ڕێگە بە چوونی جیهادیستەکان دەدا تێکەڵ بە ڕیزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی بن. ڕێگە بە ئەمریکییەکان نادا بنکەی ئیجیرلیک بۆ چالاکییەکانیان بەکار بێنن. بێگومان ناشیهەوێ هێزە بەژاییەکانی بە هانای کوردەکانەوە بچن، هەرچەند ئەوانیش داوایان لێ نەکردووە. کوردەکان تەنیا پێویستیان بە چەک هەیە کە پێیان نادرێ.
رۆژی سێشەممە، لە واشینگتۆن بە بەشداری سەرۆککۆماری ئەمریکا، کۆبوونەوەیەک لە نێوان فەرماندە سەربازییەکانی بیست و دوو وڵاتی هاوپەیمان بەڕێوە چوو کە بەر لە هەموو شتێ کۆبوونەوەیەک بوو بۆ هاوئاهەنگ کردنی بۆچوونی نێوان لایەنگرانی تەنیا هێرشی ئاسمانی و ئالیگرانی دەستێوەردانێکی بەژایی. چی لێ شین بوویەوە؟ کێ قسەی چووە سەر؟ بێگومان هیچکەس، چونکە هەر کامە و جەخت لە سەر بەرژەوەندییە جیاوازەکانی خۆی دەکاتەوە. سەرەڕای پێداویستی بەپەلە، هیچ شتێکی کۆنکرێت ئەنجام نادرێ کە جارێکی دی نیشان بدا ویژدانی نێونەتەوەیی تا چەند دەتوانێ بجووڵێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو مەترسییەی بوونی دەوڵەتی ئیسلامی، هەڵسوکەوتەکانی و هۆڤێتی بەرامبەر بە خەڵكانی مەدەنی، تەڤلی بوونی گەنجانی وڵاتەکانمان و ئامادەبوونیان بۆ گەڕانەوە و پەرەدان بە تیرۆر دروستی کردووە، لەبری فرەوێژی دەبێ بە کردەوە هەنگاوی بۆ بنرێ.
لە لایەکی دیکەوە، پێکهاتەی هاوپەیمانان، یەکسەر بێ‌کاریگەربوونی نیشان دەدا. لە نێویدا، لە تەنیشت ژاندارمە ئەمریکییەکان، وڵاتانی ڕۆژئاوای هاوشانی وڵاتە عەڕەبییە سەرەکییەکان کە دۆستی شاراوەی دەوڵەتی ئیسلامین، بەدی دەکرێن. بۆ مەسەلەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش، کە گوێت لە قسەکانی جان کێری دەبێ کە دەڵێ دواجار "ئەوە عێراقییەکانن دەبێ عێراق وەرگرنەوە"، لە نیازچاکی دڕدۆنگ دەبی. پاش ئەنجامدانی ئەو هەموو شتە لەو وڵاتە، پاش دوو جار هێرشکردن، برسی هێشتنەوەی، وێرانکردنی بناغەکانی و هەڵوەشاندنەوەی سوپاکەی، ئەم ڕستەیە پڕە لە سووکایەتی.
بەڵام لە هەمووی خراپتر تورکیایە کە ڕاشکاوانە لەم ململانێیەدا خەریکی یارییەکی دوولایەنەیە. لە ڕوانگەی تورکیاوە، کۆتایی کوردەکانی سووریا ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە سنوورییەکانی باشووری خۆش دەکا. لانیکەم لە بەر ئەم هۆکارە، کە پەرە بە ڕق و تووڕەیی بەشار ئەسەدیش دەدا، بە شێوەیەکی ئۆبژەکتیڤ پشتیوانی لە دەوڵەتی ئیسلامی دەکا. ئەردۆغان بەو بانگەشەیەی کە ئەوانەی خەریکی بشێوین "لۆرەنسە نوێیەکانی عەڕەبستانن کە لە پشت ئازادی ڕادەربڕین، شەڕی سەربەخۆیی یان جیهاد خۆیان حەشار داوە" ڕۆڵێکی جوان دەبینێ. شا ئەو ئەندامەی ناتۆ کە تەنانەت قسە لە سەر تێکەڵبوونی بە یەکێتی ئەوروپا دەکرا، دەسپێشخەرییەک کە بۆی هەیە تا ماوەیەکی درێژ ڕەت بکرێتەوە. هەڵدانەوەی دەمامک لە سەر ڕووخساری تورکی دۆست، بێگومان تاکە هەوڵی پۆزەتیڤی ئەو مۆتەکەیە دەبێ کە دەستەویەخەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی "لۆ تۆن"ی سویس. ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤.

۱۳۹۳/۰۷/۲۳

دوا بانگەواز بۆ کۆبانێ


بێرنارد-هێنری لێڤی*
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


کۆبانێ دێ بڕووخێ. شتێکە بە سەعات کەوتووە. ڕەنگە بە ڕۆژ. بەڵام کۆبانێ دێ بڕووخێ، [کۆبانێ] قوربانیی حیسابە چەوتەکانی ئەردۆغانێکە کە یاری بە ئاگر یان باشتر وایە بڵێین بە شەیتان دەکا و سوپاکەی خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشی و هێزە سەربازییەکەی لە درێژایی سنووری تورکیا-سووریا، لە چەند کیلۆمەتری شاری لە ئێستاوە شەهید کە وێدەچێ لە نێوان کوردەکان و داعش، داعشی هەڵبژاردبێ، سەقامگیر کردووە.
کۆبانێ دێ بڕووخێ، [کۆبانێ] قوربانیی جووت‌یاریی تورکیایەکە کە پاش تێپەڕاندنی سەرجەم ئەو شتانەی ناوچەکە لەمەڕ جیهادیستەکان گرتبوویە بەرچاو، پاش چاوپۆشی کردن لەو چەکە قورسانەی، داعش بەرەو شاری گەمارۆدراو جێگوڕکێی پێکردن و ئەمڕۆ، کە بۆردومانی دەکەن، هەموو ڕێگەکانی داخستووە، هەموو شتێکی ئاستەنگ کردووە و شیلگیڕانە نەک هەر پێش بە دارودەستەی خۆی دەگرێ، بەڵکوو بەو دە هەزار دڵخوازە کوردەش کە بە پەلە دەیانەوێ بچن کۆبانێ بپارێزن.
کۆبانێ دێ بڕووخێ. موعجیزەی سەرسووڕهێنەری بەرخۆدانی کۆبانێ کە تا ئێستا سەرکەتووە، بێ وەی پشتیوانی بکرێ، لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندوتیژییەکی بێ‌وێنە، ئەگەر بێت و پێش بە شێت‌وشوورەکانی ئەڵڵا نەگیردرێ، چیتر بەرگە ناگرێ. کەوتنی کۆبانێ و شەکانەوەی بەیداخی ڕەشی خەلافەتیش، نەک هەر لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری، بەڵکوو لەسەر دوا بەرزاییەکانی ئەو شارەی لە ئێستاوە بۆتە سیمبۆل، دەبێتە کارەساتێک کە دیار نییە قەت و لە شوێنێک، پەی بە شوێنەوارەکانی دەبەین یان نا. دەبێتە کارەساتێک بۆ خەباتگێڕە پیاو و ژنەکانی (بەڵێ! خەباتگێرانی ژن…) کە لە چەندین هەفتە لەمەوپێشەوە دژ بە توندوتیژییەکی بێ‌هەمپا، دژ بە سوپایەکی پڕچەک‌تر، کە وای لەو خەباتگێڕانە کردووە باجێکی قورس بدەن، زۆر قورس، بە ورەوە، دەجەنگن.  
هەروەها کارەساتێک دەبێ بۆ خودی شارەکەش، چونکە داعش نەک هەر لە خەتەنەکردنی ژنان، بڕینی سەری سەرکردەکان یاخود لە دین‌وەرگێڕانی زۆرەملێی کەمینەکان خۆ نابوێرێ، بەڵکوو شار دەخاتە نێو لیستی درێژ و سامناکی شارە شەهیدەکانی ئەم چەند دەیەی دوایی: "گیرنیکا" کە بە فڕۆکەکانی هێزی ئاسمانیی "کۆندۆر" تەفروتوونا بوو؛ شاری "کۆڤۆنتری" کە بە فڕۆکەکانی کۆمپانیای "هەینکێل"ی ئاڵمانی تەخت کرا؛ "ستالینگراد" و میلیۆن تەرمەکەی؛ "ساراییڤۆ" کە زیندوو مایەوە، بەڵام بە نرخی ١١٠٠٠ مردوو و گەمارۆیەکی زیاتر لە هەزار ڕۆژ؛ "کرۆزنی"ی وێران کە سەربازەکانی پووتین کردیان بە شاری ڕۆحەکان؛ شاری حەلەب لە سووریا کە بەو هەموو گەنجینەی شارستانیەت و جوانییەوە، بە تی.ئێن.تی-یەکانی بەشار ئەلئەسەد بەخاک سپێردرا؛ ئێستاکەش کۆبانێ، کە زۆربەمان تا دوێنێ نەماندەزانی هەیە، بەڵام دەبێتە یەکێکی دیکە لەو شارە قڕکراوانە. ئەمە دەبێتە کارەسات، تەنانەت بۆ ئەودیوی کۆبانێ، بۆ ئەو کوردستانەی عیلمانییەی، هێمای ئەو بەها میانڕەو و مافانەی ئەگەر بوونیان هەبێ، کە دیپلۆماتەکان لەسەر خاکی ئیسلام بە ئاواتی دەخوازن، لە لایەکی دیکەوە پێشمەرگەکان بە تاقی تەنیا، بە مانای وشە، هێزی سەفەربەری جیهانین دژ بە تاقمی داعش و لە بەرەکانی پێشەوەی حکومەتی خۆڕاگەیەنراو دەستەویەخە لەگەڵیان کە زۆر جار گوتوومانە هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی، دەجەنگن.
بوونی کۆبانێ، نەک هەر سیمبۆل، بەڵکوو کلیلیشە، دواجار [رووخانی] دەبێتە کارەسات بۆ هاوپەیمانەکان، چونکە ئەوان لە ڕیزی پێشەوەن و دەبینن هۆڤەکانی داعش دەست بەسەر خاکێکی هەراو، بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر لە پەنا سنووری تورکیا دادەگرن - ئیمتیازێکی تاکتیکی و ستراتیژی سەرنج‌ڕاکێش.
بۆ پێشگرتن لەم وەیشوومەیە کاتێکی زۆر کەممان بە دەستەوەیە، بەڵام لەوەش گرنگتر، ڕێ‌وشوێنی کەم.  
هاوپەیمانەکان دەتوانن هێرشە ئاسمانییەکانیان چڕتر بکەن - بەڵام چلۆن بۆردومانێک، لە کاتێکدا شەڕ لە دەوروبەری شار، گەڕەک بە گەڕەک، کۆڵان بە کۆڵان و بگرە ماڵ بە ماڵە؟
ئەوان دەتوانن چەک بنێرن؛ ئەوان تەنانەت بێ یارمەتی تورکەکان، ئەو توانا لۆجستیکەیان هەیە و ئەگەر ئەو کارە نەکەن و ئەگەر نەتوانن لانیکەم هاوسەنگییەک لە نێوان جیهادیستەکان کە چەکی قورس، ڕۆکێت‌هاوێژی پێشکەوتوو و تانکیان لە جبەخانەکانی موسڵ و تابا دەست کەوتووە و کوردەکان کە تەنیا کڵاشینکۆف، ڕەشاشی دی.ئێف.دی.ئێس و چەند هاوەنێکیان هەیە، چێ بکەن، ئەوا ئازادیی ئەنجامدانی ئەو شتەی کاتی خۆی ئەوان لە بۆسنیای بچووک کە ئەویش بە پاراستنی خۆی، ئێمەی دەپاراست، کردیان، دەکەوێتە سەر شانی شارۆمەندان کە ئێمەین - بەڵام کات کەمە؛ بۆ ئۆرگانیزەکردنی هەناردنی چەک بۆ خەڵکێکی گەمارۆدراو و لە نێو بەرداشدا، کات پێویستە و ئەوە ئەو کاتەیە کە بە دەستمانەوە نییە.
لەم ئان وساتەدا، تەنیا ڕێگەیەک بۆ پاراستنی کۆبانێ بەدی دەکرێ، ئەو ڕێگەیەش تورکیایە. دەبێ بانگەواز و هەمدیس بانگەواز ئاڕاستەی ئەردۆغانێک کە ترس و وەسوەسەی بینینی ئاوڵەمەی دەوڵەتێکی کورد لە بەردەم دەرگاکانی بەسەر دادوەری و بڕیارەکانیدا زاڵ بووە، بکرێ کە داعش دوژمنی ئەویشە و ئەو زەنگەی لە کۆبانێ لێ دەدرێ، بۆ ئەویشە.
دەبێ لەوە تێ بگەیەنرێ ئەگەر دەیەوێ ڕژێمەکەی - کە ڕۆژ بە ڕۆژ ئیستیبدادێکی زیاتر، ڕۆژ بە ڕۆژ تاریکییەکی زێدەتر، ڕۆژ بە ڕۆژ نامۆبوونێکی پتر بە بنەما عیلمانییەکانی کەماڵیزمی بەسەردا زاڵ دەبێ - شانسیی شەریکێکی ئابووری لەگەڵ ئەوروپا و لە داهاتوودا شەریکایەتی سیاسی، شتێک کە نوخبەکەی بە ئاواتی دەخوازێ و وڵاتەکەی تا دوا ڕادە پێویستی پێیەتی، بۆ بمێنێتەوە، ئەوا ئەو شانسە بە کۆبانێ، بە بەرگری لە کۆبانێ، بە گەیاندنی یارمەتی بۆ قارەمانە ژن و پیاوەکانی کۆبانێدا تێپەڕ دەبێ.
دەبێ لەوەش زیاتر هەنگاو بنرێ و پێی بگوترێ، گرنگ نییە بە نهێنی بێ یان ڕاشکاوانە، کە بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئێستا یان هیچکات، دەرفەتی تاوتوێکردنی دڵنیایی هاوپەیمانەکان و سیستەمی ئاسایشی هەروەزییە کە بۆ بەیانییەکەی جەنگی جیهانی دووەم لە ناوچەکە دامەزراوە و تورکیا لە ئەندامێک ئەولاوەترە، چونکە دوای تێکەڵبوونی بە ناتۆ لە ساڵی ١٩٥٢، بۆتە باڵی ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێکخراوە. ساڵی ١٩٩١، تورکیا زۆر بە نابەدڵی بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کرد کە بۆ پشتیوانیی خەڵکی مەدەنی لە باکووری عێراق ئەنجام دران. "مەجلیسی گەورە"ی تورکیا، ڕۆژی ١ی مارسی ٢٠٠٣، لە دەنگ‌دانێکدا کە سێبەرێکی درێژخایەنی بەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانانیدا زاڵ کرد، دژی چوون و سەقامگیربوونی ٦٢٠٠٠ سەربازی ئەمریکی بۆ تورکیا و بەرەو ڕێی بەغدا، دەنگی دا.
ئەگەر تورکیا بۆ سێهەم جار کەمتەرخەمی بکا، ئەگەر کۆبانێ ببێت بە ناوێکی  نوێ بەڵام ئەمجارە بە باڵای خیانەتی نەبەخشراوی تورک داببڕێ، ئەوا پێگەی لە ڕێکخراوی ناتۆ دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
پێوێستە نێردراوەکانی ئۆباما کە تازە گەیشتوونەتە ئەنقەرە، بێ یەک و دوو ئەمەی پێ بڵێن.
پێویستە فرانسوا ئۆلاند کە گەلەک بەڵێنی دۆستایەتی بە تورکیا داوە، ڕۆڵی وتەبێژی هاوتاکانی ببینێ بۆ ئەوەی بیری بێنێتەوە کۆبانێ دیوارێکە بۆ ئەوروپا.
لێرەشدا، پێویستە بگوترێ: "ئەوان تێپەڕ نابن."
--------------
*بێرنارد-هێنری لێڤی، نووسەر و فەیلەسووفی بەناوبانگی فەڕەنسی - جەزائیرییە.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی لیبراسیۆن - ژمارە ١٠٣٩٠ - دووشەممە، ١٣ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤.

۱۳۹۳/۰۷/۲۰

کۆبانێ پەیوەندییەکی ئاوای بە جۆلەمێرگەوە هەیە..


ئەحمەد هاکان - ڕۆژنامەی حورییەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

 
سەرۆک کۆماری بەڕێزمان پرسیار دەکا. دەڵێ:
"کۆبانێ چ پەیوەندییەکی بە ئەرجیش، جۆلەمێرگ (هەککاری) و مووشەوە هەیە؟ کۆبانێ چ پەیوەندییەکی بە ئەستەنبوڵ و ئەنقەرەوە هەیە؟"
*
من وڵامی ئەم پرسیارەی بەڕێز سەرۆک کۆمارمان دەدەمەوە.
*
ئەوەنێ کە لە قەراخ ڕووباری فورات گورگێک پەلاماری قورگی پەزێک دەدا، خوای دلۆڤان پرسیاری ئەو لە عومەر دەکا.. وەها پەیوەندییەک هەیە..
*
هەککاری و کۆبانی ئامۆزای ڕاستەقینەن. پەیوەندییەکە ئاوایە.
*
غەززە و قاهیرە چ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە هەیە… وەها پەیوەندییەک هەیە.
*
ئەو کاتەی دەمانگوت "سووریا بەشێکە لە کاروباری نێوخۆی ئێمەیە" و لە نێوان تورکیا و سووریادا پەیوەندییەکمان دروست کرد… ڕێک وەها پەیوەندییەکی هەیە.
*
بیرتانە چۆن چوار پەنجەمان بەرەو سیسی بەرز دەکردەوە… ڕێک وەها پەیوەندییەکی هەیە.
*
بیرتانە دەمانگوت با کەس نەڵێ "ئەستەنبوڵ چ پەیوەندییەکی بە ساراییڤۆوە هەیە" و بەرەو مەیدانی 'تەقسیم' ڕاماندەکرد… وەها پەیوەندییەک هەیە.
*
وەک چۆن دڵمان بۆ پاراستنی نیشتیمان و هیوای ئازادی چیاکانی چێچێن لە لێدان کەوتبوو… وەها پەیوەندییەک هەیە.
*
وەک چۆن بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیمان بە ڕەبیعە گرێ دەدا و فرمێسک لە چاومان دەهاتە خوار… وەها پەیوەندییەک هەیە.
*
ئەو پەیوەندییانە بەسن یان هی دیکەش ڕیز بکەم جەنابی سەرۆک کۆمار؟
رۆژێک دادێ ڕۆژێک…
ئەو ئەحمەد داودئۆغڵویە دەڵێ:
*
ئەگەر تۆ سەرۆک وەزیری… ئەی بۆچی وازت لە سەرۆک وەزیری هێنا و بووی بە سەرۆک کۆماری، بە منیشت گوت "ئیتر سەرۆک وەزیر تۆی ئەحمەد"؟ باشە بۆچی درێژەت بە سەرۆک وەزیری نەدا؟
نەخێر، ئەگەر من سەرۆک وەزیرم… بۆچی بە شێوەیەک قسە دەکەی وەک بڵێی سەرۆک وەزیری؟ سەیر کە من وەک سەرۆک وەزیر قسە دەکەم، ئەگەر تۆش وەک سەرۆک وەزیر قسە بکەی، ئیدی دوو سەرۆک وەزیر بۆچی؟

"ترسنۆکیمان بێ پاداشە"



وتوێژ بێرنارد کوشنێر، وەزیری کاروباری دەرەوەی پێشووی فەڕەنسا (٢٠١٠ - ٢٠٠٧)
 
دیمانەی: فرانسوا کلۆمۆنسۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئایا ئێمە لە ڕووخانی چاوەڕوانکراوی کۆبانێ، ئەو شارە گەورە کوردییەی سووریا لە سەر سنووری تورکیا بەرپرسیارین؟

بەداخەوە بەڵێ. کوردەکان جگە لە دۆستەکانیان، لە لایەن بەشی زۆری دونیاوە سەرنجیان پێ نادرێ. ئەمە هەموو کێشەکانی ئەو بەشە لە جیهانی دیموکراتەکانە کە تیرۆریزمی کوێرانە ڕەت دەکاتەوە. ئەوان وەک ئەوە وایە نادیار بن، ترس ناخوڵقێنن، وەک ئەوە وایە نەبن.  ئێمە لە کۆبانێ بەرامبەر بە هێرشی هۆڤانەی داعش [دەوڵەتی ئیسلامی] چۆکمان دادا. زۆربەی هەرە زۆری کوردەکانی سووریا قارەمانانە شەڕیان کرد و ئێمە دوودڵ بووین لەوەی پشتیوانیان بکەین یان نا، چونکە ئەوان لە ژێر کارتێکەری پارتیا کارکەرێن کوردستان [پەکەکە] دابوون کە بۆ ماوەیەکی درێژ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بوو. فەڕەنسا هێشتا لە سووریا وە خۆ نەکەوتووە، ئەمریکییەکان لەوێ کەوتوونە جموجوڵ، بەڵام تەنیا بە هێرشی ئاسمانی. ئەمەش بە تەنیا بەس نەبوو. ڕیسواییەکی گەورەیە بهێڵین ئەو کوردانە کە هێندە لە ئێمە نزیکن، لە پێش چاومان بمرن. ئاخۆ پاداشی ئەم ترسنۆکییەمان وەردەگرینەوە؟ نەخێر. چونکە سنوورە کۆلۆنیالەکانی ئەم ناوچەیەی جیهان لە ئێستاوە لە سەرلەنوێ دابەشبوونێکی گەورەی نەخشەی جیهانی ئیسلامدا ون بوون و ئێمە پێشوەخت ددان بە ئەنجامەکەی دانانێین.

ئێوە بە نهێنی و زۆر خێرا هاناتان بردە بەر دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا بۆ ئەوەی دەستێوەردانێک بە قازانجی کوردەکان ئەنجام بدرێ…

فەڕەنسا لەمەڕ بەهاناوەچوونی کوردستانی عێراق لە ئاستی مرۆیی و سەربازی، هەزار جار هەقدار بوو. ئەگەرچی یەکسەر لە گرنگیی دەست‌وبردن کردن لەم یارمەتییە تێنەگەیشت. بە نوێنەرایەتی چل میلیۆن کورد، ئەوە کوردەکانی عێراقن کە چەندین ساڵە نموونەی ڕەوتێکی ڕاستەقینەی دیموکراسییان نیشان داوە.

گەلۆ تورکیا کە هێشتا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە ئاسایی نەکردۆتەوە، پاش ڕەتکردنەوەی موداخلە بۆ پاراستنی کۆبانێ، ئەو مەترسییەی لەبەرچاو گرتووە کە ڕووبەڕووی کوردەکانی وڵاتەکەی ببێتەوە؟

حیسابە سیاسییەکانیان شیاوی پەسندکردن نین. سەرەتا ڕێگەیان دا سەرجەم جیهادیستە بێگانەکان بۆ جەنگ بچنە سووریا، چونکە داعش هاوکات لە دژی کوردەکانیش شەڕی دەکرد. پاشان بەهێنانە ئارای ناوچەیەکی تەمپۆن لە دەوروبەری کۆبانێ، ئامانجیان پاراستنی کوردەکان نا، بەڵکوو کۆنتڕۆڵ کردنیان بوو. شتێک کە خیانەتە بە مافی موداخلە، مافی چاودێری، بگرە موسڵمانێتی و مافی مرۆڤ. دواجار، هێشتیان ئەم خەڵکانە یەکتری بکوژن و تەنانەت ڕێگەیان بە کوردەکانی تورکیاش نەدا هاوکاری هاوڕێیانی سوورییان بکەن، تەنیا ئامانجیش ئەوە بوو پەکەکە بە‌هێز نەبێ. تاکە سەرکەوتووی ئەم مەیدانە داعشی ناوە، ڕێکخراوێک کە کێبەرکێی قەسابی وەڕێ خستووە. بەڵام لە ئاکامدا، تورکەکان دەدۆڕێنن. درەنگ یان زوو، چل میلیۆن کورد یەک دەگرن بۆ ئەوەی دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنن، تەنانەت ڕەنگە ئێمە لە ژیان دابین. لە چاوەڕوانیدا، بێجگە لە گریان بەرامبەر بەو شتانەی ڕوو دەدەن، هیچی ترمان پێ نییە.

لە کەنگێوە پرسی کورد سەرنجی ڕاکێشاون؟

یەکەمجار ساڵی ١٩٧٣، وەک ئەرکداری ئەندامی پزیشکانی بێ‌سنوور [MSF] چوومە کوردستانی عێراق. لەوێ ئەو سەرکردانەم ناسی کە خاوەن تێڕوانینێکی کراوە بوون لە سەر دونیا و هەروەها ئیسلامێک کە توندڕەو نەبوو، زۆر ڕاشکاوانە مزگەوت لە دەسەڵات جیا کرابۆوە و ڕێز لە ژنان دەگیرا. ئەوان خەڵکانێکی بێ‌وێنەن و لەو ناوچەیەی جیهان، نزیکترین کەسانن لە ئێمەی ئەوروپی. هەڵبەت، لەنێو خۆدا، لە سەر ئەو ئەسپەی بە سەر چوار وڵاتی جیاوازدا دابەش کراوە، ململانێیان هەیە. بۆیەشە دنەم داون، بگرە جارجارە پێداگریم کردووە بۆ ئەوەی یەک بگرن و ئاشت ببنەوە تاکوو زێدەتر لێیان تێبگەین و زێدەتر ئالیکارییان بکەین. بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم کە پتر لە چل ساڵە دۆستی کوردەکانم.

سەرچاوە: ڕۆژنامەی "لۆ ژوورنال دوو دیمانش"، ١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٤.