‏نمایش پست‌ها با برچسب کەماڵ بورکای. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب کەماڵ بورکای. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۵/۱۰/۲۶

پێ بکەنە



 کەماڵ بورکای
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دە پێ بکەنە، بڵا هەورەکان بڕەون
کارکەرەکان باش کار بکەن، پێ بکەنە
دەنا من چۆن بڕوێمەوە
بەشکم فیلمێک بێتە نێو شار
لە نووسینەکاندا ببێتە لێڕەوار
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.

قامیشم هەبوون من، خودان چۆم بووم
زیخ و چەوم هەبوو
بەڵام تۆ شتێکی تری، لێم تێ دەگەی
وای دابنێ برسیم، لە دایکم تۆراوم
شار هەمووی لێم تۆراوە
پشیلەیەک چییە نیمە، لێم تێدەگەی

سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.


ژنەگۆرانیبێژی تورک سەزەن ئاکسوو ئەم شیعرەی کردۆتە گۆرانی. لێرەوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.  
شیعرەکە بە دەنگی شاعیر

۱۳۹۲/۰۸/۲۹

گـــــــــــەڕانەوە


سەلاحەدین بایەزیدی

گەڕانەوە یان گەڕاندنەوەی سیاسەتمەدار، هونەرمەند و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ تورکیا شتێکی نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. یەکی ئۆکتۆبری ١٩٩٩ هەشت کەس کە ناوی ''گرووپی یەکەمی ئاشتی"یان لێ نرابوو، لە سەر پێشنیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەڕانەوە تورکیا و یەکسەر لە لایەن کاربەدەستانی تورکیاوە قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانە کران. دە ساڵ دواتر واتە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩، هەر لە سەر پێشنیاری ئۆجەلان و بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا، گرووپێکی تری پێکهاتوو لە ٣٤ کەس لە دەروازەی سنووری خابوور گەڕانەوە تورکیا.
لە مەودای نێوان ئەو دوو گەڕانەوەیەدا، بەردوام دوو چەمکی دژ بە یەک لە ململانێ دابوون؛ "گەڕانەوە" و "هاتنەوە ماڵ". لە لایەکەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێداگر بووە لە سەر "گەڕانەوەیەکی ئابڕومەندانە" و وەک بەشێک لە خەبات و پڕۆسەی ئاشتی سەیری ئەو ڕەوتەی کردوە و لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی تورکیا هەوڵی داوە وەک "تەسلیم بوون" و "بادانەوە" پێناسەی بکا.
یەکێک لە سەرەکیی ترین ئەو هۆکارانەی، ڕەوتی گەڕانەوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئاستەنگ کرد و لایەنی کوردی لە ناردنەوەی گرووپی دیکە پاشگەز کردەوە، زمان و شێوازی هەڵسوکەوتی تورکیا بوو لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەهاتنەوە. ئەگەر چی حکومەتی تورکیا لەچاو دەیەیەک لە مەوپێش بە کردەوە گۆڕدرابوو و لە بری ئەوەی بە چەند عەسکەرێک و لە سنوورێکی شاخاوییەوە بەرەو پیری گرووپەکە بچێ، بە شێوەیەکی سڤیل پێشوازییان لێکردن، بەڵام ئەدەبیاتی سیاسی هەمان ئەو ئەدەبیاتە بوو کە دە ساڵ پێش لە کار دەکرا.
لە یەکەم کاردانەوەدا، بەشیر ئاتالای وەزیری کاروباری نێوخۆی تورکیا، وەک "هاتنەوە بۆ ماڵ" باسی گەڕانەوەی گرووپەکەی کرد و ئەردۆغانیش ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەوە گرت کە پێشوازییان لێکراوە و گەڕانەوەیانی بە "خۆ نواندن" لە قەڵەم دا.
ئەو توڕەبوونەی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەوان دەیانویست گرووپەکە بە بێدەنگی و بە دوور لە چاوی میدیاکان و خەڵک بگەڕێتەوە و دواتریش بە هێمنی لە شارەکان دابنیشن و چاوەڕوانی هەنگاو و ئاڵوگۆڕەکانی حکومەت بکەن. دەیانویست تەنیا خۆیان مانۆڕ بەو گەڕانەوانە لێبدەن و لایەنی کوردی لەو مافە بێبەش بکەن. دەیانویست ''گەڕاوەکان" تەنیا دەستخۆشانە لە حکومەت بکەن و بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە لایەنی کورد هیچ ڕۆڵێکی لەم پێشهاتانەدا نەبووە. هەروەها چاوەڕوان بوون ئەو گوتارەی لە لایەن گرووپەکەوە بەکار دەهێنرێ، گوتارێک بێ دابڕاو لە "شانازیییەکانی ڕابردوو" و هاتنەوەیەکی ئاسایی بێ.
سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی دووهەم گرووپی سەر بە پەکەکە،  ١٣ی ئووتی ٢٠٠١، کەماڵ بورکای شاعیر و سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، دوای سی و یەک ساڵ دووری لە نێو ئاپۆرای لایەنگرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "ئاتاتورک" دابەزی و بۆ هەمیشە گەڕایەوە بۆ تورکیا. حکومەتی تورکیا نەک بە هاتنەوە و پێشوازی لێکردنی توڕە نەبوو، بگرە بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بورکای لە سەر بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە سویدڕا گەڕاوە.
کەماڵ بورکای لە یەکەم پەیامیدا دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "چ حکومەت، چ جەهەپە، کێ لەپێناو چارەسەری پرسی کورددا هەنگاوی ئەرێنی بەرز بکاتەوە دەبێ پشتیوانی لێ بکرێ و هەروەها دەبێ پێش بەو کەسانە بگیرێ کە هەوڵەکانی ئاشتی بە لاڕێدا دەبەن."
کەماڵ بورکای کە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حزبی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیای دامەزراندبوو، ئێستا سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک - پار)ە و بە یەکێک لە سەرەکی ترین ڕەخنەگران و ڕەقیبەکانی ئۆجەلان دەناسرێ.
سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بایەخێکی زۆریان بە گەڕانەوەی بورکای دا بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر شەقامی کوردی لە باکووری کوردستان دانەنا.
وێدەچێ شڕۆڤە و لێدوانەکانی بورکای بە دڵی میدیاکانی تورک بێ، چونکە لە بۆنە یان ڕووداوی تایبەت بە مەسەلەی کورددا کەم هەڵدەکەوێ بانگهێشتی نەکەن و نێرین و بۆچوونەکانی وەک پەرسپەکتیڤ نەخەنە ڕوو.
دوای ڕۆیشتنەوەی گرووپەکانی پەکەکە و کەماڵ بورکای، گەڕانەوەی هونەرمەندی ناسراوی کورد شڤان پەروەر، لەو گەڕانەوانە بوو کە مۆری خۆی لە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا دا. پەروەر دوای سی و حەوت ساڵ و پاش دانوستانێکی چەند ساڵە لە ئاڵمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، گەڕایەوە بۆ تورکیا.
شڤان پەروەریش وەک کەماڵ بورکای و ئەو کەسانەی بانگهێشتی گەڕانەوە کرابوون، چەندین ساڵ لە دوودڵیدا ژیا و کات و ساتی جۆراوجۆری بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرد، تا دواجار لەگەڵ هەڤدیتنی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا گەڕایەوە ئامەد. شڤان پەروەر لەگەڵ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی نایە خاکی باکووری کوردستان و لە لایەن ڕایەدرانی ئەمنی تورکیاوە پێشوازی لێکرا، لە ئامەدیش لە بەردەم کەسایەتییە سیاسییەکان و جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان ئامادە بوو و گۆرانی بۆ ئەوان چڕی.
ئەگەرچی هەندێک هەواڵ سەبارەت بە سووتاندنی سی دی و کاسێتەکانی شڤان پەروەر یان سووکایەتی کردن بەو هونەرمەندە بڵاو بوونەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لە لایەن هیچ ئاژانس و ناوەندێکی هەواڵەوە پشت ڕاست نەکرانەوە و زیاتر قسەلۆگ و پاشملەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.
شڤان پێشوازی لێنەکرا و بە بەراورد لەگەڵ سی و حەوت ساڵ غوربەت و دووری، تاسەی دیداری لای خەڵک دروست نەکرد. هۆکاری پێشوازی نەکردن لە شڤان، بێدەنگی و پێناخۆشبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوو، هۆکاری سەرەکی چۆنیەتی گەڕانەوەی خۆی بوو. لە ئاقاری ئەو دوو جۆرە گەڕانەوەیەی کە تورکیا و بزووتنەوەی کورد پێداگری لە سەر دەکەن، شڤان پەروەر کەناڵی "رەسمی و حکومی" هەڵبژارد، بۆیەش ئاساییە تەنیا لە لایەن کوردەکانی لایەنگری دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێبکرێ.
گەڕانەوەی کەماڵ بورکای و شڤان پەروەر دوو نموونەن لەو گەڕانەوانەی لە سەر بانگهێشتی ڕەسمی حکومەت بە ئەنجام گەیشتوون و وێدەچێ تورکیا ئەمە وەک مۆدێلێک چاو لێ بکا بۆ گەڕاندنەوەی سیمبۆل و ناوە گرنگەکانی دیکەی کورد لە دەرەوەی وڵات. مۆدێلێک کە لە ڕێگەیەوە بتوانێ شێوازی گەڕاندنەوەی خۆی بسەپێنێ و ئیماژێکی جیاواز لە خۆی و لە بزووتنەوەی کورد نیشانی ڕای گشتی بدا.
جەنگیز چاندار گۆشەنووسی ناسراوی تورک لە ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لە زاری تۆیتی نووسەرێکی کوردەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی شڤان نوسیبووی ئەگەر شڤان بە تەنیا گەڕاباوە، لانیکەم سێ میلیۆن کەس بەرەو پیرییەوە دەچوون. ئەم قسەیە لەوانەیە زێدەڕەوی نەبێ و ئەگەر ئاوڕێک لە گەڕانەوەی جوان حاجۆ بدەینەوە، لەوانەیە ئێمەش بگەینە هەمان ڕا.
ئەگەرچی جوان حاجۆ هاووڵاتیی تورکیا نەبووە و نابێ وەک گەڕانەوە باس لە چوونی بۆ تورکیا بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەی لایەنگرانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر خەڵک هەبووە، کوردەکانی باکوور و تەنانەت میدیاکانی تورکیاش وەک "هاووڵاتی"یەکی خەڵکی تورکیا لێی دەڕوانن. کەسایەتییەک کە بە شێوەی هونەرمەندەکانی ئەو پارچەیە و بگرە زیاتریش، پەیوەندی بە هەستی خەڵک و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو بەشەی نیشتیمانەوە هەیە. ئۆکتۆبری ٢٠١٣ کاتێک جوان حاجۆ ڕۆیشتە تورکیا، زۆربەی هەرە زۆری میدیا و هەواڵنێرییەکانی تورکیا بە "هاتن و گەڕانەوە دوای ٢٣ ساڵ" باسی سەفەرەکەیان کرد.
جوان حاجۆ وەک شڤان پەروەر بە جلی کوردی و بە کاروانی ئۆتۆمبێلان نەگەڕایەوە، بەڵکو بە تاقی تەنیا و بە تیشێرتێکی سادە گەڕایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری باتمان، یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتەکانی لە مێژووی هونەری تورکیادا تۆمار کرد. بە دەیان هەزار کەس بەشداری ئەو کۆنسێرتە بوون و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە "گەڕانەوەی" و ئاڵبۆمی ''ڤەگەڕ" کرد.
حاجۆش وەک شڤان پەروەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان جار جارە نێوانی خۆش و جار جارەش ناخۆش بووە، ئەویش لەگەڵ هونەرمەندێکی تورک، لەگەڵ ژنە گۆرانیبێژی بە ڕەچەڵەک کورد "هولیا ئەفشار" دوێتی کرد، کەسێک کە لایەن بزووتنەوەی سیاسیی کوردەوە بە "لایەنگری دەوڵەت" و "مۆرەی شەڕی تایبەت" ناسرابوو. سەرباری ئەوانەش نە خەڵک، نە ئەحزابی سیاسی و لایەنگرانیان، بە دیدێکی نەرێنی لە سەفەرەکەی جوان حاجۆیان نەڕوانی و بە شێوەیەکی شکۆدار بەرەو پیری چوون.
خاڵێک کە گەڕانەوەی شڤان پەروەر لە جوان حاجۆ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شڤان لە سەر ویست و لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا دەگەڕێتەوە بەڵام گەڕانەوەی جوان حاجۆ، قەناعەتێکی تاکەکەسی و پڕۆژەیەکی هونەرییە. لە لایەکی دیکەوە جوان حاجۆ نەک بە پێویستی نەبینی بە شان و باڵی دەوڵەتدا هەڵبڵێ، بەڵکو تکای لێکردن هەرچی زووتر چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد و مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بدۆزنەوە.
شڤان پەروەر خەونی بەوەوە دەبینی لە ئامەد، لە باکوور بە ئازادی سترانە شۆڕشگێڕییەکانی بچڕێتەوە، ڕۆیشت و "ئازادانە" ستڕانەکانی گوتەوە. لە سەر سەکۆ پەیامی ئاشتی دا و داوای لە دایکان کرد "نەگرین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنی ئەردۆغان گریا، ئەو ژنەی پێشتر بۆ مناڵانی فەلەستین گریابوو و بۆ مناڵانی ڕۆبۆسکی نا، کەچی دایکانی تر غایب بوون، ئاخۆ ئەوان لە پشت تەلەڤزیۆنەکانیانەوە گریان یاخود هەستیان کرد ئەو ڕۆژە نزیک بۆتەوە کە نەگرین؟
شڤان ئێستا لە نێو دڵی ئەو گەلە دایە کە بە دەنگ و چریکەی ئەو فێری یاغی بوون و بەرخۆدان بوون. بۆی هەیە ئەو چریکە کێوییە لە نیو تەلار و کۆشکەکاندا ئارام نەگرێ و دیسان لە نێو خەیاڵە چڕ و دووردەستەکانی ئەواندا هێلانە بکاتەوە. تۆ بڵێی؟

۱۳۹۱/۰۸/۰۷

وتوێژێک لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی


گولای ئاڵتان – ڕۆژنامەی ئاکشام
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئیسماعیل بێشکچی، نووسەر و سۆسیۆلۆگ لەو یەکەمین ناوانەیە لە سەر مەسەلەی کورد کە ڕۆژەڤی بەردەوام گەرمی تورکیایە، لە دەرگاکەی دەدرێ. بەڵام ماوەیەکی درێژ بێدەنگ بوو. ئەو کاتانەی مەسەلەی لێژنەیەک لە "مرۆڤە ژیرەکان" مشت و مڕی گەرمی لە سەر بوو ویستمان بێشکچی بدوێنین؛ پاشان خەڵاتی ٢٠١٢ی دەزگای 'هرانت دینک'ی پێ بەخشرا، یەکەمجار بوو خەڵاتێکی نێونەتەوەیی پەسند دەکرد و لە مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکەدا پەیامی گرنگی پێشکەش کرد، بەم بۆنەوە دیسان داواکاریەکەمان بۆ وتوێژ خستە ڕوو و دواجار بێشکچی قەبوڵی کرد. کەسێکە ڕێزی یەکسانی هەیە هەم بۆ ئەوانەی بۆچوونەکانی وەردەگرن، هەمیش ئەوانەی تەواو دژی ئەو بیر دەکەنەوە.. هیچ حەز ناکا لە دەرەوەی بابەتەکان و بە تایبەت لە سەر خۆی قسە بکا. ئیسماعیل بێشکچی سۆسیۆلۆگ کە بە نووسراو و لێکۆڵینەوەکانی لە سەر کێشەی کورد ناسراوە، شەش جار براوەتە گرتووخانە و لە سەر یەک ١٧ ساڵ لە گرتووخانەدا ماوەتەوە. دەتوانین بڵێین سەرەڕای ئەوەی لە هەموو قۆناغەکاندا کتێبەکانی قەدەغە کراون، بەڵام خاوەنی زیاتر لە ٣٠ کتێبە. هێشتاش مەسەلەی هەڵگرتنی قەدەغە لە سەر کتێبەکانی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە...

پڕۆژەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" کە لە لایەن حکومەتەوە پێشکەش کرا، زۆر کەس و لە ناویاندا ئێوەشی هیوادار کرد... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ ''کرانەوە" پێی گەیشتووە، چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

بەرنامەی "کرانەوە بە ڕووی کورد" لە مانگی ژوئیەی ٢٠٠٩ زۆر کەسی هیوادار کرد. بەڵام ئەم هیوایە کورتخایەن بوو. حکومەت دوا بەدوای ڕەخنە و تۆمەتبار کردنەکانی سوپا، جەهەپە و مەهەپە پاشەکشەی کرد. هەڵبەت وازهێنان لە خەباتی چەکداری و کرانەوەی ڕێگەی ئاشتی گرنگە، بەڵام ئاشتی چۆن سەقامگیر دەبێ؟ لەگەڵ چ لایەنێک لە شەڕ دابی، دەبێ لەگەڵ ئەو لایەنە دابنیشی. ئاشکرایە حزبی ئاشتی و دیموکراسیش لەو ڕوەوە ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە.

ئەی لێدوانەکانی سەرۆک وەزیر ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەبارەت بە پرسی کورد لە کۆنگرەی ئاکەپە لە ٣٠ سێپتامبر چۆن دەبینی؟

سەرۆک وەزیر لە کۆنگرەدا سەبارەت بە پرسی کورد هیچی نەگوت. لەو نامیلکانەی ئەو ڕۆژەش بڵاو کرانەوە، لە ناو قسە گشتیەکاندا، زانیارییەک بەدی ناکرێ. دروشمی برایەتی، دەستەواژەیەکی دەستکردە کە دووڕویانە هەوڵی شاردنەوەی پەیوەندییەکان دەدا.. کوردەکان ئیتر لەمە تێگەیشتوون. ڕستەگەلی وەک "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" هێشتا لە بیر نەکراوە. سەرۆک وەزیر لە هەککاری گووتی "یان ئەم وڵاتەت خۆش بوێ یان جێی بێڵە" پاش ئەوەی لە بەرامبەر حزبی ئاشتی و دیموکراسی دەنگێکی کەمی بەدەست هێنا. لەگەڵ ئەوەشدا ئاشتی وەک پێداویستیەک خۆی دەسەپێنێ. ئەو کات دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەش دێتە ڕۆژەڤەوە.

دیارە زۆرترین باس و گفتوگۆکان لە چوارچێوەی "دانوستان" دەخولێنەوە.. ئێوە لە ساڵانی ڕابردوودا گوتتان پێویست ناکا حکومەت لەگەڵ ئۆجەلان چاوپێکەوتن ئەنجام بدا، حکومەت بۆ بابەتی وازهێنان لە چەک، با لەگەڵ دەتەپە دابنیشێ. بەڵام دەتەپە دەیگوت دەبێ ئەم مەسەلەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان تاوتوێ بکرێ. لە لایەکی دیکەوە کاتێک حکومەت لە ئۆسلۆ لەگەڵ پەکەکە لە سەر مێزی گفتوگۆ دانیشت، پێداگرانە داوای لە بەدەپە دەکرد 'پەکەکە شەرمەزار بکە و لێی دوور بکەوە، ئەگینا وەک بەردەنگ حیسابت بۆ ناکەین'. ئەم ناکۆکییە بە چ شێوەیەک دەبێ لێک بدرێتەوە؟ یاخود ئەوە بۆ ئێوەش جۆرێک ناکۆکی دەگەیەنێ؟

بێگومان ئەمە ناکۆکییە. لێرەدا خاڵێک زۆر گرنگە. لەگەڵ کێ بە شەڕ هاتووی، دەبێ لەگەڵ ئەودا ئاشت بیتەوە. دانوستانی ڕاستەوخۆی حکومەت لەگەڵ پەکەکە دەکرێ بخرێتە ڕۆژەڤەوە. کوردەکان لەگەڵ میت نا، بەڵکو لەگەڵ حکومەت دەبێ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن. حزبی ئاشتی و دیموکراسی، پەکەکە و سەرجەم گرووپەکانی تریش دەبێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ حکومەت چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

کاتێک باسی چارەسەری دەکرێ، یەکسەر ڕستەی 'با چەکەکان بێدەنگ بن' دێتە سەر زمان یا خود کۆمەڵێ سەردێڕێ وەک 'مافی دەستوری' و 'خۆسەری دیموکراتیک'... بەداخەوە گفتوگۆکان لەو بازنەیەدا خول دەخۆن و گەیشتوونەتە بن بەست. ئاخۆ ئێوە نەخشە ڕێگەیەکی ئەلتەرناتیڤتان هەیە؟ لە کوێوە دەبێ دەست پێ بکرێ؟

نابێ قەت لە بیرمان بچێ کە کێشەکە چۆن دەستی پێکرد. فاکتەری سەرەکی، زەوت کردنی مافی کوردەکانە کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە دەستی پێکردووە. لەم ڕوانگەوە، ئەگەر لێژنەی کەسانی ژیر یاخود دامودەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی داوا لە پەکەکە بکەن واز لە چەک بێنێ، هەڵەیە. بەڵکو پێویستە بانگەوازی ئاڕاستەی حکومەت و دەوڵەت بکەن بۆ ئەوەی دان بە مافە سروشتیەکانی کوردان دابنێ. خاڵی تر ئەوەیە کە ئەو ماف و ئازادییانەی سەرۆک وەزیر بە شێوەیەکی لێبڕاوانە بۆ فەلەستینیەکان، موسڵمانەکانی بۆسنی و کۆماری تورکی باکووری قوبرس باسیان دەکا، با لانیکەم بەشێکی بچووک لەو مافانەش بۆ کوردان ڕەوا ببینێ. کورد ئاگاداری ئەم پەیوەندییانە هەن.

ئێوە دەڵێن کوردەکان لە دنیادا خاوەن هیچ ستاتۆیەکی سیاسی نین. گەلۆ پێتان وایە بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردی لە باکووری عێراق قەوارەیەکی سیاسی نییە؟

هەڵبەت بەڕێوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان، جۆرێک ستاتۆیە. ساڵی ٢٠٠٣ دواجار ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هێرشی سەربازی کردە سەر عێراق. ئامانجی سەرەکی ئەمریکا لەو هێرشە ڕوون و ئاشکرایە و بێگومان مەبەستی ئەوە نەبووە کە بڵێ 'با چاکەیەکیش دەرهەق بەم کوردانە بکەم'، بەڵام ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن، هەڵوەشانەی حزبی بەعس و موخابەرات و هەروەها لە نێوچوونی مەترسی چەکی کۆمەڵکوژ ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد. عێراقی فیدڕاڵ، بە هەڵوێستی پیداگرانەی کوردەکان دامەزرا. ئەمە نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکو لە ژیانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، پێشکەوتنێکی گرنگە. کوردەکان و کوردستان، ساڵانی ١٩٢٠، واتە سەردەمی دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوەکان، دابەش بوون و پارچە پارچە کران. لە ڕاستیدا زەبرێکی گەورە بوو وە جەستەی کورد کەوت. هێزە ئیمپریالیستەکانی ئەودەم، بریتانیای گەورە و فەرەنسا بوون. لە دامەزراندنی ستاتۆدا، کورد و کوردستانیان بێ ستاتۆ هێشتەوە. ٨٠ بۆ ٨٥ ساڵ دوای ئەم ساتەوەختە، هێزێکی تری ئیمپریالیستی واتە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، ڕێگەی بۆ کوردەکان خۆش کرد بۆ ئەوەی ببنە خاوەن ستاتۆ کە دەبێ ببێتە مژارێکی گرنگی فەلسەفەی مێژوو و سیاسەت.

ئاخۆ کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە؟ زۆر کەسایەتی یان حزب و ڕێکخراو لە لایەن خۆیانەوە وەڵامی ئەم پرسیارەیان داوەتەوە.. بەڕای ئێوە کێ دەبێ وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە؟

دەکرێ بەمجۆرە وەڵام بدرێتەوە. لە ٢٧ ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی وەک لوکزامبورگ، قوبرس و مالتا دەوروبەری نیو میلیۆنە. لە ٤٧ ئەندامی کۆنسەی ئەوروپا، دەوڵەتانی وەک لیخن شتاین، ئاندۆرا، سان مارینۆ و مۆناکۆ، ژمارەی دانیشتوانیان دەوروبەری ٤٠ تا ٥٠ هەزار کەسە. لە دنیادا لەوانەیە ٤٠ دەوڵەتێک هەبن کە ژمارەی دانیشتوانیان خواروی میلیۆنێکە. تەنانەت هەیە ژمارەی دانیشتوانی دە هەزار، پانزە هەزارە. بەڵام ژمارەی کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چل میلیۆنە و بچووکترین ستاتۆی سیاسیان نییە کە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا بەکەڵک بێ. ئەشێ بە شێوەیەکی جیاواز لێکۆڵینەوە لە سەر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بکرێ. ئەمە نیشان دەدا لە سیستەمی نێونەتەوەییدا پێکهاتەیەکی ئانتی کورد دروست بووە. لێرەدا، دەبێ لێکۆڵینەوە لە سەر ئەوە بکرێ کە ئەم پێکهاتە ئانتی کوردە چۆن دروست بووە و پەرەی سەندووە. لە بری ئەوەی پرسیار بکرێ 'کوردەکان دەوڵەتیان گەرەکە یان نا' وروژاندنی پرسیارێکی بەمجۆرە گرنگە کە 'ئاخۆ بۆچی تا ڕۆژی ئەمڕۆ کوردەکان نەبوونەتە خودانی دەوڵەت؟'

سەبارەت بە پرسی کورد، خاڵیک کە دەبێتە جێگەی ڕەخنە، پێکهاتەی عەشیرەیی ئەو کۆمەڵگەیەیە. تێزی دکتۆڕاکەشتان لە سەر ئەمەیە. لەمدواییانەدا ئێوە چ گۆڕانکارییەکتان لە پێکهاتەی عەشیرەیی کوردەکاندا بینیوە؟

ئەوەی کە کوردەکان لە ئاڵوگۆڕە نێونەتەوەییەکاندا نەبوونەتە خاوەنی ماف، پەیوەندی بە پێکهاتەی عەشیرەییەوە نییە. عێراق، ئوردون، سوریا، فەلەستین و لوبنان کە ساڵانی ١٩٢٠ دامەزران، هەموویان لە سەر بنەمای عەشیرەتەکان دامەزران. لە هێرشی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ سەرعێراق بینیمان. پاڕێزەرانی نزیکی سەدام حوسێن و پارێزەرانی کۆمار هەموویان عەشیرەی تکریت بوون. لە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی لیبیادا دەستەواژەی 'عەشیرەتەکانی لایەنگری قەزافی' و 'عەشیرەتەکانی دژ بە قەزافی' زۆر بە کار دەبرێ. بەڵام بۆ نموونە لە باکووری کوردستان پێکهاتەی عەشیرەتەکان لە مێژە چارەسەر کراوە.

گەلۆ هەست ناکەن نەتەوەپەرستی کوردی گەشەی سەندووە؟

بەڵێ، گەشەسەندنێکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە و بە خاڵێکی ئەرێنی دەزانم. چونکە نەتەوەپەرستی تورک، ڕەگەزپەرستە. بە کوردەکان دەڵێ 'ئاسیمیلەت دەکەم و دەتکەمە تورک'. لە بەرامبەردا، کوردەکان دەڵێن 'وەک کورد دەژیم، کولتور و زمانە چەوسێنراوەکەم دەبوژێنمەوە و دەمەوێ بە زمان و فەرهەنگی خۆمەوە بژیم'. نەتەوەپەرستی کورد، لە سەر بنەمای دژایەتی لەگەڵ نکۆڵی، توانەوە و ئاسیمیلاسیۆن پەرەی سەند، بۆیە ناوەڕۆکەکەی بریتی نییە لە هەوڵدان بۆ داگیرکردنی خاکی ئەوانی تر و ئاسیمیلەکردنی کەسانی غەیرە کورد. ڕێزی بۆ هەموو نرخ و مافێک هەیە.

رۆژنامەنووس محەمەد عەلی بیراند، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی 'تەڕەف' باسی لە 'شەڕی نێوخۆیی کوردەکان' کرد. بەڕای ئێوە گریمانەیەکی وا لە ئارادا هەیە؟

لە سەر ئەو بڕوایە نیم پێکدادانێکی وا دروست بێ. کوردەکان ئیتر ئەو هۆکارانەیان بۆ دەرکەوتووە کە بۆچی ساڵانی ١٩٢٠، لەت لەت و دابەش کران و نەبوونە خاوەنی هیچ ستاتۆیەک. ئەم زانستە کۆمەڵایەتی و مێژوییە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و لێک تێگەیشتنیان. ئێستا ئیتر کوردەکان زۆر باش لە نیازی وڵاتانی زاڵ بە سەر کورد تێدەگەن.

لە چەند مانگی ڕابردوودا، چارەسەری لێژنەی 'مرۆڤانی ژیر' خرایە بەر باس. ئایا ئەم ڕێگەیە دەسکەوتێکی لێ شین دەبێ؟

بە ڕای من ئەو قسانەی دەیکەن، گرنگە. هەڵەیە ئەگەر بانگەوازی ئاڕاستەی کوردەکان بکەن و پێیان بڵێن 'دەستبەرداری چەک بن'. ئەوان دەبێ بانگەوازی ئاڕاستەی دەوڵەت و حکومەت بکەن.

لە هەندێک ماڵپەڕی خەبەری ڕاپرسی کرا و پرسیارێکی بەو شێوەیە خرایە ڕوو کە 'بە ڕای ئێوە کێ دەبێ لە لێژنەی مرۆڤە ژیرەکان دابێ؟'. ناوی ئێوە لە ڕیزی یەکەم دابوو. ئەگەر بە شێوەیەکی ڕەسمی ناوتان بێتە ڕۆژەڤەوە، ئایا وەک 'مرۆڤی ژیر' دەبنە بەشێک لە پلانی چارەسەری؟

 نەخێر. بێگومان هەر چەشنە هەوڵدانێک لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی هەنگاوێکی گرنگە. هەوڵ و تێکۆشانی مرۆڤە ژیرەکانیش گرنگە، بەڵام من وەک تاکەکەس نامەوێ بچمە ناو ڕێکخستنێکی بەم چەشنەوە.

ئەوە ڕاستە کە پەکەکە ویستویەتی بێدەنگتان بکا؟ لەبەر ئەوەیە وەک 'رۆشنبیران'ی دیکەی کورد دەنگتان نابیسین یان میدیا لە بەرامبەر ئێوە هەڵوێستێکی تایبەتی هەیە؟

بێدەنگی، قسەکردن و نووسین پەیوەندی بە ئیرادەی خودی مرۆڤەوە هەیە. ئەگەر مرۆڤ شتێکی پێ بێ بۆ گوتن، هەوڵ دەدا بیهێنێتە زمان.

لە لایەکی دیکەوە بۆ نموونە وەک 'رۆشنبیرێک کە دەوڵەت پشتیوانی لێدەکا' باس لە کەماڵ بورکای دەکرێ. بە واتایەکی دیکە ڕۆشنبیرەکان بە دوو دەستەی نزیک بە حکومەت و دوور لە حکومەت دابەش دەکەن. ئەو تەوسیفە چۆن لێک دەدەنەوە؟

هەڵبەت ڕۆشنبیر لە دۆخی بەرهەڵستکار دایە. بەڵام ئەگەر بێت و هەندێک لە هەنگاوە پۆزەتیڤەکانی حکومەت باس بکا، ڕاست نییە ئەگەر بەو کەسە بڵێین 'لایەنگری حکومەت'. جگە لەمە، کەماڵ بورکای، ڕۆشنبیرێکی ڕێزدار و سیاسەتمەدارێکی هێژایە.

ئێوە دەڵێن ئامانجی سەرەکی کودەتاکانی ساڵانی ٦٠، ٧١ و ٨٠ کوردەکان بوون.. بەڵام گوتاری زاڵ و باو ئەوەیە کە دەڵێ 'ئامانجی کودەتای ١٢ی سێپتامبر کوردەکان نەبوون و ڕووداوەکانی گرتووخانەی دیاربەکر، پەکەکەی هێنایە بوون. چۆن بۆچوونەکەتان شی دەکەنەوە کە پێچەوانەی ئەمەیە؟

فاکتەری سەرەکی سەرجەم کودەتا سەربازییەکانی تورکیا، کێشەی کوردە. هەرچەند وا نەگوتراوە و بە 'ئاسایشی نەتەوەیی، نیزامی گشتی' لێک دراوەتەوە. بێگومان فاکتەری دیکەش هەبوون، بەڵام هیچکات باس لە مژاری کورد نەکراوە. زانستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش پشتیان بە بابەتی کورد نەبەستووە. هۆکار، نکۆڵی کردنە. بە هۆی سیاسەتی نکۆڵی، مژاری کورد تێکەڵ بە ئانالیزە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان نەکراوە. لە لایەکی دیکەوە، ئەوانەی باسیان لێوە کردوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی و ئیداری قورس بوونەتەوە. ئەم بۆچوونە پێویستە پاڵپشت بە دیاردەی دەوڵەمەند توێژینەوەی لە سەر بکرێ. لەمبارەوە شتێکی گرنگ کە بمانەوێ پێوەی زیاد بکەین، ئەوەیە: عەسکەرەکان کودەتایان کردووە، بەڵام سڤیلەکانیش بۆ نموونە ڕاگەیاندن، زانکۆ و بەشێکی بەرچاو لە پرۆفیسۆرەکان بە شێوەیەکی زەق پشتیوانیان لە کودەتاکان کردوە.

بە هۆی ئەو نووسینە زۆرانەی ئەمڕۆ چیتر تاوان نایەنە ئەژمار، ١٧ ساڵی ڕەبەقتان لە گرتووخانە تێپەڕاند... ئەو ئاستەی ئەمڕۆ پێی گەیشتووین، لە ڕوانگەی 'ئازادی'یەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

ئەمڕۆکەش نزیکەی سەد ڕۆژنامەنووس لە گرتووخانە دان. بێگومان ئەمەش خاڵێکی نێگەتیڤە لە ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەنووسیدا. نزیکەی هەشت هەزار ئەندامی کەجەکە لە زیندان دان. هێشتاش لە بەردەم پەروەردە بە زمانی زگماکی بەربەست دروست دەکرێ. لە هەندێک زانکۆ، بە هۆی ئەوەی کەسانی ئاکادیمیسیەن باسی کوردەکان و کێشەی کوردیان کردوە، گرێبەستەکەیان نوێ ناکرێتەوە. ئەمانە پێشهاتی نەرێنین. تا ئێستا سەبارەت بە ڕۆبۆسکی (رۆژی ٢٨ی دێسامبری ٢٠١١ لەو گوندە، هاوڵاتیانی سڤیل بە فڕۆکە بۆردومان کران) ڕاگەیەندراوێک نەدراوە کە مرۆڤ قایل بکا و لاگری لە بەرپرسێکی پۆلیس کە پێشتر جەللاد بووە و بەرزکردنەوەی پلەکەی شتێک نییە لە بەر چاوان ون بێ. حکومەت لەم بوارانەوە دەبێ هەنگاوی ساغڵەم بەرز بکاتەوە. دۆخێکی ناشیاوە لە کاتێکدا هێشتا کار بە یاسای تێکۆشان دژی تیرۆر دەکرێ و بیروڕا سانسۆڕ دەکرێ.

بۆچی ئێستاشی لەگەڵ دابێ کتێبەکانتان قەدەغەن، ئەو قەدەغەیە بۆ هەڵنەگیراوە؟

دەزگای ئەمن بۆ ئەوەی سەر لەنوێ هەندێک لە کتێبەکانم لە بازاڕ کۆ بکاتەوە، پەنای بۆ سەردۆزگەر بردوە. یەک – دوو کتێب هەیە کە دەیانەوێ لە بازاڕدا نەمێنێ و جارێکی تر قەدەغە بکرێن. پێموایە تا ئێستا دادگاکان سەبارەت بەم داواکارییە شتێکیان نەکردوە.

۱۳۹۰/۰۵/۰۴

بەر لە دابڕان نامەیەک بۆ سوید


که‌ماڵ بورکای
له‌تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
Tack Sevrige  
زۆر سوپاس سوید

من که‌ماڵ بورکای، سیاسه‌تمه‌دار، شاعیر و نووسه‌رێکی کوردم؛ 31 ساڵ و چوار مانگ له‌مه‌وبه‌ر به‌ناچاری له‌ وڵاته‌که‌م دابڕام. چونکه‌ دامه‌زرێنه‌رو به‌ڕێوه‌به‌ری پارتێکی سۆسیالیست و کوردستانی بووم و له‌و وڵاته‌ تێکۆشان له‌پێناوی سۆسیالیزم و وشه‌گه‌لی کورد و کوردستان قه‌ده‌غه‌ بوون. هاوکات له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی گه‌لانی ره‌نجده‌ر و چه‌وساوه‌ له‌پێناو ئازادی و دیموکراسی، ده‌نگی پۆستاڵه‌کانی فاشیزمیش به‌رزتر ده‌بۆوه‌.

دواجار، ماوه‌یه‌ک له‌ هاتنه‌ده‌ره‌وه‌م تێنه‌په‌ڕیبوو که‌ کوده‌تای سه‌ربازی له‌ تورکیا هاته‌ ئاراوه‌. کوده‌تا ده‌ستی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات داگرت. پاشان دۆست و هاوڕێکانم وه‌ک زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری لایه‌نگرانی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی قۆڵبه‌ست کران، ئه‌شکه‌نجه‌ی قورسیان به‌سه‌ردا سه‌پا و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان له‌ گرتووخانه‌ گیانیان له‌ ده‌ست دا.

ئینجا، منیش وه‌ک ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و سیاسه‌تمه‌دار و رۆشنبیره‌ کوردانه‌ی‌ له‌ ژێر ده‌ستی فاشیزم رایانکردبوو، لێره‌ داوای په‌نابه‌رێتیم کرد. سوید سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاتێکی دیموکراته‌، به‌ سرووشته‌ رازاوه‌که‌ی و که‌ش و هه‌وا پاکژه‌که‌ی سه‌رنجی منی شاعیری بۆ لای خۆی راکێشا، ئێره‌م خۆش ویست.

له‌ چوار گۆشه‌ی جیهانه‌وه‌ په‌نابه‌ری سیاسی روویان کردبووه‌ ئێره‌؛ تورک، فه‌له‌ستینی، شیلی و ... تۆ ئامێزت بۆ ئێمه‌ی کوردیش کرده‌وه‌. بۆ مناڵانمان که‌ له‌ وڵاتی خۆیان له‌ مافی خوێندن به‌ زمانی زگماکی بێبه‌ش بوون – دیاره‌ ئێستاش ئه‌و مافه‌یان نییه‌ - تۆ هه‌موو ده‌رفه‌تێکت ره‌خساند تاکوو به‌ زمانی خۆیان بخوێنن و بنووسن. ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ قوتابخانه‌یه‌کت کرده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مامۆستایانی کورد پێبگه‌یه‌نێ. داموده‌زگا کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگیه‌کانت، له‌ رێگه‌ی وه‌شان به‌ زمانی زگماکی و چاپی کتێب، یارمه‌تیه‌کی گه‌وره‌یان پێشکه‌ش به‌ رۆشنبیرانی کورد کرد. به‌م شێوه‌یه‌، فه‌رهه‌نگه‌که‌مان که‌ له‌وڵاتی خۆمان قه‌ده‌غه‌ بوو، لێره‌ تیف تیفه‌ درا و پشکووت. له‌ نێو کورده‌کانی ئه‌م وڵاته‌دا، به‌ ده‌یان شاعیر، نووسه‌ر، رۆماننووس، چیرۆکنووس و لێکۆڵه‌ری نوێ سه‌ریان هه‌ڵدا.

ئۆلۆف پالمێ، سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته‌ گوتی "کورده‌کان گه‌لێکی چه‌وساوه‌ن و پێویسته‌ یارمه‌تی بدرێن."

زۆر سوپاس سوید!

من له‌م وڵاته‌ وه‌ک مرۆڤێکی ئازاد ژیام. سوید بوو به‌ نیشتیمانی دووهه‌مم. تۆ هاوسه‌ر و مناڵه‌کانمت داڵده‌ دا. به‌ په‌ساپۆرتی تۆ وڵاته‌ و وڵات گه‌ڕام، سیاسه‌تم کرد و بابه‌تم نووسی. له‌ جوانی سرووشتا هاوتات نییه‌، له‌ سایه‌ی که‌نداوه‌کانت، دووڕگه‌کانت، چه‌مه‌کانت، چیاکانت، دارستانه‌کانت، داره‌کانت، به‌رده‌کانت، گوڵه‌کانت سه‌دان شیعرم نووسی. ئه‌وانیش هه‌موویان پێشکه‌ش به‌ تۆ.

ته‌نیا به‌هاره‌ ره‌نگینه‌که‌ت نا، به‌ڵکو شه‌وه‌ سپییه‌کانی هاوینت و سه‌هۆڵبه‌ندانی درێژی زستانه‌کانیشتم خۆش ویست.

ئێستاکه‌، دوای 31 ساڵ و چوار مانگ، رێگه‌ کراوه‌ته‌وه‌ و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ وڵاته‌که‌م. وڵاته‌که‌ی منیش چیا و چه‌می، ده‌شت و دۆڵی، دار و گوڵی جوانن. دڵنیام رۆژێک دادێ، رۆژێک که‌ زۆر دووره‌ده‌ست نییه‌، وه‌ک تۆ ئازادی، ئاشتی و دیموکراسی تێدا به‌رقه‌رار ده‌بێ. گه‌له‌که‌م له‌ پێناوی ئه‌مه‌دا قوربانییه‌کی زۆری داوه‌ و بێگومان شایانێتی.

به‌ڵێ، ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام تاسه‌ت ده‌که‌م و ئه‌گه‌ر ته‌مه‌ن و هه‌لومه‌رج مه‌ودا بدا، هه‌مدیس دێمه‌وه‌ و ده‌تبینمه‌وه‌. تۆ نیشتیمانی دووهه‌می منی.

ئێستا ماڵئاوا سوید!

ماڵئاوا ئۆلۆف، ماڵئاوا ئاننا، ماڵئاوا مۆنا!

ماڵئاوا دۆسته‌ ئازیزه‌کانم!

Tack Sverige

که‌ماڵ بورکای
ژوئیه‌ی 2011، ستۆکهۆڵم

۱۳۸۹/۰۶/۲۲

وتوێژی ڕۆژنامەی تەڕەف لەگەڵ کەماڵ بورکای | به‌شی دوهه‌م و کۆتایی



 سازدانی: نه‌شه‌ دوزه‌ل
له‌ تورکییه‌وه‌: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی

 
ئایا له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لاندا سیاسه‌تتان کردووه‌؟

 چه‌ندین جار چاومان پێک که‌وتووه‌. ساڵی ١٩٩٣ پرۆتۆکۆلێکمان واژۆ کرد، به‌پێی ئه‌و پرۆتۆکۆله‌ ده‌بوو ڕێکخراوه‌ کوردییه‌کان پێکه‌وه‌ شه‌ڕ نه‌که‌ن و کێشه‌کانی نێوانیان به‌ دیالۆگ چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ئه‌وکات ئۆجه‌لان به‌شێوه‌یه‌کی یه‌کلایه‌نه‌ ئاگربه‌ستێکی یه‌ک مانگه‌شی ڕاگه‌یاندبوو. له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا که‌ تورگوت ئۆزال ده‌یویست کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر بکات، به‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌ڵای مام جه‌لال ئاگربه‌سته‌که‌ درێژ کرایه‌وه‌. ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ هاوکات بوو لەگەڵ واژۆکردنی پرۆتۆکۆلی نێوانمان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئۆجه‌لان که‌سێک بوو له‌ژێر باندۆڕی ئه‌وانی تردا. ئه‌وکات له‌ژێر باندۆڕی سووریا دابوو. بۆیه‌ سه‌رم سوڕما له‌وه‌ی چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن و به‌چرپه‌ له‌ تاڵه‌بانیم پرسی: مام جه‌لال چۆنه‌ سووریا به‌م ئاگربه‌سته‌ ڕازییه‌؟ ئه‌مه‌ چۆن ڕووی دا؟

تاڵه‌بانی چ وەڵامێکی دایه‌وه‌؟

 له‌وەڵامدا پێی گوتم "تۆ بڵێی شتێکی وا ڕووی دابێ". هه‌ڵبه‌ت نه‌ک ته‌نیا سووریا به‌ڵکو چینی عه‌سکه‌رتاری ناو تورکیاش له‌و پرۆتۆکۆله‌ی ئێمه‌ و ئاگربه‌سته‌که‌ ڕازی نه‌بوون. دێمیرێل سه‌رۆک وه‌زیرانی ئه‌وکات بوو. ئۆزال لایه‌نگری چاره‌سه‌ری کێشه‌که‌ بوو، به‌ڵام دێمیرێل دژایه‌تی ده‌کرد. ئه‌و ئه‌ندامی لۆبی شه‌ڕ بوو. {دوابه‌دوای درێژکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئاگربه‌سته‌ تۆرگوت ئۆزال به‌شێوه‌یه‌کی گوماناوی مرد. ڕۆژنامه‌ی ته‌ڕه‌ف.}

سووریا بێزاری خۆی له‌ ئاگربه‌سته‌که‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ڕاگه‌یاند؟ 

دواتر له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان، له‌کۆشکی لازقیه‌ که‌ له‌ قه‌راخ ده‌ریا هه‌ڵکه‌وتبوو، سه‌ردانی جه‌میل ئه‌سه‌دی برای حافز ئه‌سه‌د و ئه‌ندام په‌رله‌مانی سووریامان کرد. پۆستێکی فه‌رمی نه‌بوو به‌ڵام کاریگه‌ریی و ده‌سه‌ڵاتێکی زۆری هه‌بوو. ئۆجه‌لان پێی گوتم "ئێمه‌ سه‌ره‌تا په‌یوه‌ندییه‌کانمان له‌ڕێگه‌ی ده‌زگای زانیاری سه‌ربازییه‌وه‌ بوو، پاشان گۆڕا به‌ جه‌میل ئه‌سه‌د". پێم سه‌یر بوو وه‌ها ڕاشکاوانه‌ له‌مباره‌وه‌ قسه‌م لەگەڵ ده‌کات. به‌ڵام ده‌توانین بڵێین هه‌ندێکجار ئۆجه‌لان له‌ناو په‌که‌که‌دا له‌هه‌موان ساف تر و ڕاشکاوانه‌تر قسه‌ ده‌کا. له‌به‌رده‌م که‌ناری ئاوه‌که‌ که‌شتییه‌کی ئاسنین هه‌بوو. سه‌باره‌ت به‌ جه‌میل ئه‌سه‌د، ئۆجه‌لان گوتی "بێت و ڕۆژێک کوده‌تایه‌ک یان شتێکی له‌و جۆره‌ بقه‌ومێ، سواری ئه‌م که‌شتییه‌ ده‌بێت و ڕا ده‌کات".

په‌یوه‌ندییه‌کانی جه‌میل ئه‌سه‌د و ئۆجه‌لان له‌ چ ئاستێک دابوون؟ 

ئێمه‌ی بۆ سه‌ر خوان بانگهێشت کردبوو. خواردنمان خوارد و پاشان قسه‌مان کرد. جه‌میل ئه‌سه‌د پێمی گوت "ئێوه‌ کارێکی هه‌ڵه‌تان کرد چوونه‌ ئه‌وروپا. ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌ڕێگه‌ی ئاگر و باروته‌وه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێ. به‌ ئاشتی و ماشتی چاره‌سه‌ر نابێ." ئه‌وکات ئێمه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌ پرۆتۆکۆلمان به‌ستبوو و په‌که‌که‌ش ئاگربه‌ستی یه‌کلایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاندبوو. قسه‌ی جه‌میل ئه‌سه‌د له‌و سه‌ردانه‌دا بۆ ئێمه‌، ئه‌وه‌ بوو! دواجار ئاگربه‌ست به‌هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ شکستی هێنا. هه‌وڵی هه‌ره‌ به‌رچاویش له‌تورکیاوه‌ له‌ لایه‌ن تاقمی عه‌سکه‌رتاره‌وه‌ درا. له‌ بینگۆل ٣٣ سه‌ربازی بێ چه‌ک کوژران.

سه‌باره‌ت به‌م کۆمه‌ڵکوژییه‌، ڕای ئۆجه‌لانتان پرسی؟

 ئه‌و کات په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنیمان هه‌بوو. لێم پرسی "کارێکی زۆر خراپ بوو. له‌قۆناغی ئاگربه‌ستدا بۆ وه‌ها کارێکتان ئه‌نجام دا؟ بۆچی سه‌ربازه‌ بێ چه‌که‌کانتان گولـله‌باران کرد؟"، گوتی "وه‌ڵڵاهی منیش ئاگادار نه‌بووم، به‌ڵام ناچار مام بیگرینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان." ڕێک ئه‌م قسه‌یه‌ی پێ گوتم.

ئایا ئێوه‌ قایل بوون؟ 

به‌ڵێ، قایل بووم. ده‌مزانی قسه‌کانی ئۆجه‌لان هه‌مووی ڕاست نین، به‌ڵام ئه‌زمونێکم هه‌بوو له‌ جیاکردنه‌وه‌ی ڕاستی و ناڕاستی قسه‌کانیدا. دوابه‌دوای کوشتنی ئه‌و ٣٣ سه‌ربازه‌ ئاگربه‌ست کۆتایی هات و به‌م شێوه‌یه‌ قۆناغی ئاشتی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌. ڕژێمی میلیتاریستی هه‌ناسه‌یه‌کی هاته‌وه‌ به‌ر. به‌ڕای من ئه‌و کات، ئۆزالیان ژه‌هرخوارد کرد. ئۆزال له‌میانه‌ی سه‌ردانیدا بۆ تورکه‌مه‌نستان و ئازه‌ربایجان به‌ ده‌سته‌یه‌ک له‌نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی گوتبوو "من ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌م". وه‌زیری کاروباری ناوخۆ حیکمه‌ت چه‌تینیش له‌وێ بوو. ئۆزال گوتبووی "هاوڕێیان ئێوه‌ش یارمه‌تیم بکه‌ن با ئه‌و کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بکه‌م"، به‌ڵام حیکمه‌ت چه‌تین قسه‌کانی گۆڕیبوو و گوتبووی "به‌ڕێز سه‌رۆک کۆمار، ئێوه‌ زۆر ماندوون. هه‌ندێک پشوو بده‌ن". ئۆجه‌لانیش به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ گه‌یشتبوو، ده‌یگووت "ئه‌ویان برد".

به‌مدواییانه‌ له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی هێرشه‌کانی په‌که‌که‌، ده‌گوترێ ویستی به‌رده‌نگ وه‌رگرتنی ئۆجه‌لان ئه‌نجامێکی هه‌بووه‌. به‌ڕای ئێوه‌ له‌ توندو تیژییه‌کاندا ئه‌و حسابانه‌ له‌به‌ر چاو ده‌گیرێن؟

له‌وانه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مانه‌ حسابی لاوه‌کین. حسابی سه‌ره‌کیی نین. ده‌بێ ئه‌و خاڵه‌ ده‌ست نیشان بکه‌ین. ئه‌و شه‌ڕه‌ی په‌که‌که‌ درێژه‌ی پێ ده‌دا، له‌به‌رژه‌وه‌ندی خودی په‌که‌که‌شدا نییه‌. هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان له کوشتنی ئه‌و مرۆڤانه‌ پێ ناگا. چونکه‌ داخوازییه‌کانیان چین؟ گه‌وره‌ترین داخوازیان وه‌ک باسی ده‌که‌ن ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتیانه‌یه‌. له‌پێناو ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌م مافه‌دا پێویست ناکا له‌ چیاکان بژین و شه‌ڕ بکه‌ن. ده‌کرێ ئه‌م داخوازییه‌ له‌ڕێگه‌ی پارتێکی یاساییشه‌وه‌ بێننه‌ زمان. ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ ڕه‌خساوه‌. ئه‌گه‌ر ئاوا بکه‌ن، هێزێکی مه‌زنتر کۆ ده‌که‌نه‌وه‌ و له‌ناوچه‌که‌ پێش پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ده‌که‌ون. به‌ڵام به‌شێک له‌کادیرانی شاخ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی شاراوه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێن. به‌ڵام با ئه‌مه‌ به‌ هه‌ڵه‌ فام نه‌کرێ.... من ناڵێم سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌ و شه‌رڤانه‌کانی په‌که‌که‌ سیخورن.

ئه‌ی ده‌ڵێن چی؟
 

ده‌ڵێم ئه‌و به‌شه‌ش له‌ په‌که‌که‌ به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کاری خۆی بکات. دواجار ناوه‌ ناوه‌ په‌ره‌ به‌ هێرشه‌کان ده‌ده‌ن. ئامانجی ئێستا، ڕه‌تکردنه‌وه‌ی ڕیفراندۆم و به‌زاندنی ئاکه‌په‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. به‌و سیاسه‌تانه‌یان که‌وتونه‌ته‌ پاڵ کوالیسیۆنی مه‌هه‌په‌ و جه‌هه‌په‌ و ده‌یانه‌وێ به‌ کوالیسیۆنێکی هاوشێوه‌ ئیشه‌کانی حکومه‌ت به‌ڕێوه‌ بچن. بڕوانن.... دژایه‌تی کردنی ئاشتی و دیموکراسی زۆر بێ به‌زه‌ییانه‌یه‌. ئه‌م چالاکیانه‌ ڕێگه‌ له‌به‌رده‌م شه‌ڕی نێوان کورد و تورک خۆش ده‌کات. چونکه‌ له‌ ڕابردوشدا هه‌ر ئه‌و کارانه‌یان کرد.

له‌رابردوودا چیان کرد؟

هێزه‌ تایبه‌تیه‌کان، کۆنترگه‌ریلا و ئه‌رگه‌نه‌کۆنچیه‌کان له‌ جلی په‌که‌که‌دا چه‌ندین هێڕشی خوێناویان ئه‌نجام دا. له‌وانه‌یه‌ ڕوداوی فڕۆکه‌ی "هێڕۆن"یش شتێکی له‌و شێوه‌یه‌ بێ. میدیای تورک له‌مڕوه‌وه‌ به‌ ئه‌رکی خۆی هه‌ڵنه‌ستا و ڕای گشتی له‌م ڕوداوه‌ ئاگادار نه‌کرده‌وه‌. ئێمه‌ په‌که‌که‌ له‌قاو ده‌ده‌ین، به‌ڵام میدیای تورک له‌ ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ی خۆیان نزیک نابنه‌وه‌.

ئایا هه‌ندێک ناهه‌قی ناکه‌ن؟

خاتوو نه‌شه‌، میدیای تورک ته‌نیا بریتی نییه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی "ته‌ڕه‌ف" و هه‌ندێک نوسه‌ری دیموکرات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر په‌که‌که‌ بیه‌وێ واز له‌ شه‌ڕیش بێنێ، ڕێگه‌ی پێ ناده‌ن. ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ به‌ په‌که‌که‌ نادا واز له‌ چه‌که‌کانی بێنێ. ئه‌مه‌ ڕاستییه‌که‌! ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی تورکیا چاره‌سه‌رییه‌کی دیموکراسیانه‌ی په‌سه‌ند کردبا، ئه‌وا په‌که‌که‌ پێشتر قه‌بوڵی ده‌کرد. به‌گوێره‌ی ئه‌م شیکردنه‌وانه‌، به‌رپرسیاری سه‌ره‌کیی خوێن ڕشتن له‌ تورکیا ده‌وڵه‌تی شاراوه‌یه‌ نه‌ک په‌که‌که‌. په‌که‌که‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی شاراوه‌یه‌. ئۆجه‌لان له‌ چاوپێکه‌وتنی لەگەڵ پارێزه‌ره‌کاندا به‌رده‌وام په‌نجه‌ی تاوان بۆ لای پارتی داد و گه‌شه‌پێدان ڕاده‌کێشێ و هیچکات سوپا تاوانبار ناکات.

به‌ڕای ئێوه‌ بۆچی؟

ئۆجه‌لان به‌رده‌وام داکۆکی له‌ سوپا ده‌کا. باسی ئاتاتورک و که‌مالیزم ده‌کا و په‌سنیان ده‌دا. سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ په‌یامن. ئه‌گینا ئۆجه‌لانیش ده‌زانێ گۆڕینی ده‌ستوور له‌ به‌رژه‌وه‌ندی کورده‌کان دایه‌. ده‌زانێ پێویسته‌ بڵێ "ده‌نگی ئه‌رێ بده‌ن"، به‌ڵام وا ناڵێ.

له‌وه‌ها ڕه‌وشێکدا خه‌باتی چه‌کداری که‌ی و چۆن ته‌واو ده‌بێ؟ 

ئه‌م کێشه‌ به‌ په‌که‌که‌ چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵکو به‌ له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ و سیاسه‌تی میلیتاریستی کۆتایی دێت. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای که‌ندوکۆسپه‌کانی میلیتاریزم و پیلانه‌کانی، سه‌ره‌ڕای خۆڕاگری کۆنه‌پارێزه‌کان، زۆر شت هه‌یه‌ که‌ ده‌بێ له‌ پێناو ئاسایی بوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌که‌دا حکومه‌ت ئه‌نجامیان بدات. نابێ له‌ چاوپێکه‌وتن لەگەڵ به‌ده‌په‌ و په‌که‌که‌ بترسێ. ده‌کرێ چاوپێکه‌وتنی زۆر کراوه‌ لەگەڵ په‌که‌که‌ پێک نه‌یه‌ن. هه‌رچه‌ند له‌ ناو په‌که‌که‌دا که‌سانێک هه‌بن که‌ بیانه‌وێ ئه‌مجۆره‌ چاوپێکه‌وتنانه‌ و هه‌روه‌ها قۆناغی ئاشتی چه‌واشه‌ بکه‌ن، به‌ڵام به‌ گشتی په‌که‌که‌ بۆ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ ناڕاسته‌وخۆیانه‌ ئاماده‌یه‌. موراد قه‌ڕه‌یڵان ئه‌مه‌ی ده‌ویست. لێره‌دا ئاماژه‌ کردن به‌م خاڵه‌ زۆر گرنگه‌. ئه‌و که‌سه‌ی له‌ شاخ هاته‌ خوار، ده‌بێ بزانێ ناچێته‌ گرتووخانه‌وه‌. کلیلی چاره‌سه‌ری، بێده‌نگ کردنی چه‌که‌کان و هاتنه‌خواره‌وه‌یه‌ له‌ چیاکان. له‌پێناو ئه‌مه‌شدا دیالۆگ لەگەڵ به‌ده‌په‌ و په‌که‌که‌ مه‌رجی سه‌ره‌کییه‌.

به‌ڕای ئێوه‌ کێشه‌ی کورد به‌ چ شێوه‌یه‌ک چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟

به‌بۆچوونی ئێمه‌، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجی تورکیا له‌به‌رچاو بگرین، فیدراسیۆن له‌بارترین شێوازه‌. هه‌ر وه‌ک نمونه‌ی باشووری کوردستان، ده‌کرێ له‌ تورکیاش ئه‌و شوێنانه‌ی کورد تیایدا زۆرینه‌ن، له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مان، حکومه‌ت، زمان و په‌روه‌رده‌ به‌ زمانی کوردی ده‌وڵه‌تێکی فیدڕاڵی کوردی دابمه‌زرێ.

به‌بۆچوونی ئێوه‌ کوردستان کوێیه‌؟

له‌ مه‌رعه‌شه‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵات. ئه‌مه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاپرسیه‌که‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌بێت. ده‌بێ له‌ که‌شوهه‌وایه‌کی ئازاد و به‌ ڕاپرسیه‌کی ئازادانه‌ پرسیار له‌ خه‌ڵک بکرێ که‌ ئێوه‌ چۆن هه‌ست به‌ خۆتان ده‌که‌ن و پێتان خۆشه‌ له‌ کوێ بژین؟

ئه‌گه‌ر پێکدادان و هێرشه‌کان ڕابوه‌ستێن، به‌ڕای ئێوه‌ تورکیا چی به‌سه‌ر دێت و ڕوبه‌ڕووی چ پێشکه‌وتن گه‌لێک ده‌بێته‌وه‌؟

پێم وا نییه‌ سه‌رجه‌م ئه‌و پێکدادانانه‌ به‌رهه‌می کوده‌تایه‌کی سه‌ربازی بن. هه‌رچه‌ند له‌ تورکیا کوده‌تاچییه‌کان هه‌رگیز له‌م بابه‌ته‌وه‌ بێ هیوا نابن، به‌ڵام هه‌مدیس مه‌ترسیه‌کی وه‌ها له‌ ئارا دایه‌. ئه‌گه‌ر دۆخی شه‌ڕ و پێکدادان کۆتایی پێ نه‌یه‌ت و پێش به‌ هێرشه‌کان نه‌گیردرێ، ڕه‌وشی تورکیا ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر به‌ره‌و خراپبوون ده‌چێ. پێڤاژۆیه‌کی وه‌ها ده‌توانێ کورد و تورک به‌ گژ یه‌کتری دابکات. چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ دژبه‌رانی ئاشتی و دیموکراسی بێ به‌زه‌ییانه‌، ڕێگه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ندێک چالاکی خۆش بکه‌ن که‌ پێکدادانی نێوان کورد و تورکی لێده‌که‌وێته‌وه‌. بۆی هه‌یه‌ گروپێک له‌ناو په‌که‌که‌ ببنه‌ ئامێری ئه‌م بێنه‌و به‌ره‌یه‌. ئێوه‌ بڕوانن....

ده‌ی...
کاتێک ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک له‌بابه‌تێکدا ده‌نوسێ "ئایا ئێمه‌ ناچارین لەگەڵ کورده‌کاندا بژین"، ئه‌مه‌ ته‌نیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک نییه‌. به‌ڵکو له‌ هه‌مانکاتدا ڕێنوێنی ده‌ری هێزه‌ میلتاریسته‌کانه‌ له‌ پێناو دارشتنی سیاسه‌ت و پلانی نوێدا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ نیشانه‌ی په‌یڕه‌و کردنی سیاسه‌تێکی نوێیه‌.

به‌ڕای ئێوه‌ پلانی نوێ چییه‌؟

ئه‌وه‌ له‌ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ سیاسه‌تێکی له‌م شێوه‌یه‌یه‌ که‌ ئه‌گه‌ر به‌ کورده‌کان نه‌وێراین و نه‌مانتوانی بزووتنه‌وه‌ی کورد سه‌رکوت بکه‌ین، ئه‌وا له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌کسانی، دان به‌ مافی فیدراسیۆن یاخود هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆم داده‌نێین و ناوچه‌یه‌کی دیاریکراویان پێده‌ده‌ین.

باشه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌مه‌ داخوازی و ویستی ئێوه‌ نه‌بوو؟ کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ، فیدراسیۆن یاخود هه‌رێمێکی ئۆتۆنۆمتان نه‌ده‌ویست؟ ئایا ئێستا دژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی کوردین؟

نه‌خێر. بۆ دژایه‌تی بکه‌ین؟ به‌ڕای ئێمه‌ گه‌لان، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چاره‌نووسی خۆیان دیاری بکه‌ن. گه‌لی کورد نه‌ته‌وه‌یه‌که‌ و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، مافی خۆیه‌تی.

ئایا تورکه‌کان مافی ئه‌وه‌یان نییه‌ چاره‌نووسی خۆیان ده‌ستنیشان بکه‌ن؟ ئایا تورکه‌کان داکۆکی له‌ جیابوونه‌وه‌ ناکه‌ن؟ نایانه‌وێ جیا ببنه‌وه‌؟

ئه‌وه‌نێ تورکه‌کان چاره‌نووسی خۆیان ده‌ستنیشان کردوه‌، نه‌ک هه‌ر هی خۆیان بگره‌ چاره‌نوسی کورده‌کانیشیان دیاری کردوه‌. تورکیا ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه‌. زمانی فه‌رمی تورکییه‌. ئایا تورکه‌کان سه‌رله‌نوێ ده‌وڵه‌تێکی دیکه‌ داده‌مه‌زرێننه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌. له‌پێکهاته‌یه‌کی وه‌هادا، ئه‌وه‌ کورده‌کانن ده‌بێ مافی چاره‌ی خۆنووسینیان هه‌بێ نه‌ک تورکه‌کان.


ئه‌ی باشه‌ تورکه‌کان بیر له‌وه‌ ناکه‌نه‌وه‌ له‌ کورده‌کان جیا ببنه‌وه‌؟ هیچ گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌م مژاره‌ ناکه‌ن؟

ئه‌گه‌ر ویستێکی وه‌هایان هه‌بێ، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ له‌ کورده‌کان جیا بن، له‌وانه‌یه‌ کورده‌کانیش ئه‌مه‌یان به‌لاوه‌ په‌سند بێ. ئه‌و شته‌ی پێویسته‌ تورکه‌کان بیکه‌ن ئه‌وه‌یه‌ که‌ دان به‌ مافی جیابوونه‌وه‌ی کورده‌کان دابنێن. له‌هیچ شوێنێکی دنیا، گه‌لێکی ژێرده‌ست ناتوانێ ڕۆڵی هه‌بێ له‌ ده‌ستنیشانکردنی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی سه‌رده‌ست. با بڵێن... کورده‌کان ده‌یانه‌وێ جیا ببنه‌وه‌، ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان ده‌وێ، ئه‌و کات تورکه‌کانیش ده‌ڵێن ئه‌وه‌ مافی خۆتانه‌. ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک که‌ ده‌ڵێ :ئایا ناچارین لەگەڵ کورده‌کان بژین، مه‌به‌ستێکی دیکه‌ی هه‌یه‌.

چ مه‌به‌ستێکی هه‌یه‌؟

ئه‌رتوغرول ئۆزکۆک به‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تێکی نوێدا له‌ ڕاستیدا پێشنیاری ئاڵوگۆڕێکی دوو لایه‌نه‌ دێنێته‌ گۆڕێ. ئۆزکۆک پێی وایه‌ له‌به‌رامبه‌ر مافی جیابوونه‌وه‌دا، ده‌بێ سات و سه‌ودا بکرێ. نیه‌تێکی ئاوا شاراوه‌یه‌ "وه‌ک چۆن ئه‌رمه‌نیه‌کانمان دوور خسته‌وه‌، با ئه‌مجاره‌ش ڕێگا له‌ به‌رده‌م ئاڵوگۆڕێکی دوو لایه‌نه‌ خۆش بکه‌ین و کورده‌کانی ڕۆژئاواش وه‌ها دوور بخه‌ینه‌وه‌". ئاڵوگۆڕی واته‌ ئازاردانی مرۆڤه‌کان. ئه‌مه‌ پێشنیارێکی فاشیستانه‌یه‌. چونکه‌ ئه‌گه‌ر کورده‌کان بۆ کارکردن هاتبنه‌ ڕۆژئاوا یاخود کۆچی زۆره‌ ملێیان پێ کرابێ، دیسان له‌چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی ئه‌م وڵاته‌ دا ده‌ژین. هه‌ر که‌سێک له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م وڵاته‌دا بژی، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ شوێنی نیشته‌جێبوونی خۆی بگۆڕێ. وه‌ک چۆن کورده‌کان له‌ ڕۆژئاوای تورکیا هه‌ن، له‌ کوردستانیش تورک ده‌ژین. ده‌ڵێن "کورده‌کانی ئیستانبوڵ له‌ کوێ هاتوونه‌ته‌ ده‌ر؟" باشه‌، خۆ ئه‌وانه‌ به‌ که‌یفی خۆیان کۆچیان نه‌کردوه‌.

ئه‌ی؟

به‌درێژایی دروستبوونی کۆمار، ناوچه‌که‌ پشتگوێ خراوه‌. کارگه‌ و خوێندنگا بنیات نه‌نراون و ده‌ڤه‌ره‌که‌ هه‌ژار هێشتراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی له‌ به‌رده‌م کۆچی ئابووری خۆش کردوه‌. دواتر له‌ ژێر ناوی سه‌رهه‌ڵدان و زه‌خت و زۆری بێگومان گه‌ل ناچار بووه‌ بێ ویستی خۆی شوێنی نیشته‌جێبوونی بگۆڕێ. له‌ئه‌نجامی شه‌ڕی قڕێژدا، چوار هه‌زار گوند سوتێنران. دانیشتوانی له‌وێ دور خرانه‌وه‌. به‌ڵام بۆچوونی فاشیستانه‌ ده‌ڵێ "با هه‌موویان ڕاو بنێین، بیاننێرینه‌وه‌ بۆ کوردستان". به‌کورتی سه‌رله‌نوێ هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ له‌و مرۆڤانه‌ ده‌که‌ن. ناتوانن وا بکه‌ن. مافی ئه‌وه‌شیان نییه‌. ئێمه‌ پێشنیاری دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵی کوردی له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ناکه‌ین، ئێمه‌ له‌و شوێنانه‌ پێشنیاری دامه‌زراندنی فیدرالیزم ده‌که‌ین که‌ تیایدا کورد زۆرینه‌یه‌. ئه‌و شته‌ی که‌ پێویسته‌ بکرێ، زۆر ئاسانه‌.

ده‌بێ چ شتێک بکرێ؟
 

ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ فه‌زایه‌کی دیموکراتیک. چه‌که‌کان بێده‌نگ بکرێن. کورد و تورک به‌ یه‌که‌وه‌ دابنیشین و گفتوگۆ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بکه‌ین که‌ داخوا کێشه‌که‌ چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت. له‌ پێناو ئه‌م کێشه‌یه‌دا، با لێپرسینه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ هیچکه‌س نه‌که‌ین، که‌س نه‌کوژین و له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ری بکه‌ین.

په‌که‌که‌ له‌باره‌ی ئێوه‌وه‌ چۆن بیر ده‌کاته‌وه‌؟

هیچکات بیرکردنه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤ نه‌بووه‌. له‌چاوپێکه‌وتنماندا ئۆجه‌لان به‌رده‌وام ڕێزی له‌ من ده‌گرت، به‌ڵام پاشمله‌ زۆر شتی له‌سه‌ر ده‌گوتم. به‌ڕێزه‌وه‌ نزیکی مام جه‌لالیش ده‌بۆوه‌ به‌ڵام له‌ پشت سه‌ری ئه‌ویش قسه‌ی ده‌کرد. سه‌باره‌ت به‌ من ده‌یگووت پیاوی ئاڵمانیایه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ هان ده‌دردێت. سه‌باره‌ت به‌ تاڵه‌بانیش گوتبووی سیخوڕی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسایه‌. مام جه‌لالیش به‌ گاڵته‌ گوتبووی "هاوکات ناکرێ سیخوری هه‌ردووک وڵات بی".

ئایا ئێستاش مه‌ترسییه‌ک هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ژیانتان ده‌کات؟

من زۆر جار له‌ لیستی ئه‌وان دابووم. نازانم ئێستا له‌ لیستی ئه‌واندا هه‌م یان نا. پێشم گرنگ نییه‌. ئیتر ته‌مه‌نم بۆته‌ ٧٤ ساڵ. هه‌روه‌ها سووڕی ده‌ورانیش گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه‌. په‌که‌که‌ زۆر له‌ دژبه‌رانی خۆی کوشت و بێده‌نگی کردن. هه‌رچه‌ند بانگه‌شه‌نامه‌کانیش ده‌رکه‌وتنه‌ گۆڕێ. ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ هێشتا سووره‌ له‌ سه‌ر کوشتنی ڕۆشنبیران، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ ئه‌م پلانانه‌ی جێبه‌جێ ناکات. ئه‌گه‌ر دۆزی ئه‌رگه‌نه‌کۆن دروست نه‌ببوایه‌، ئه‌وا کوشتنی زۆر ڕوشنبیری دیکه‌مان به‌چاو ده‌بینی.

هیچ بیر له‌وه‌ ده‌که‌نه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ تورکیا؟

ناگه‌ڕێمه‌وه‌. یاساکانی تورکیا نه‌گۆڕدراون. هاوڕێکانی من به‌ ١٥ ساڵ سزای زیندان حوکم دراون. تاوانی ئه‌وان ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ که‌ چه‌کیان هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵکو سزا دراون چونکه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری حزبێکی کوردین. سه‌رۆک وه‌زیر ئه‌ردۆغان ده‌ڵێ "که‌ماڵ بورکای ده‌توانێ بگه‌ڕێته‌وە"، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ریدا پۆلیس یاخود پارێزه‌رێک ده‌ڵێن چی؟

به‌ بۆچوونی ئێوه‌ پارێزه‌ره‌کان ده‌ڵێن چی؟

ساڵی ١٩٧٤ کاتێک گه‌ڕامه‌وه‌، لێبوردنی گشتی ده‌رکرابوو. ڕۆیشتمه‌ گونده‌که‌مان. فه‌رمانده‌ی پایه‌گا، ته‌له‌فۆنی بۆ به‌رپرسی سه‌رووی خۆی کردبوو و گوتبووی: که‌ماڵ بورکای هاتووه‌، گه‌لۆ قۆڵبه‌ستی بکه‌ین و بینێرین؟ فه‌رمانده‌ی ژانده‌رمه‌ بێ ئاگا بوو له‌ لێبوردنی گشتی. ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ ئێستا لێبوردنی گشتیش له‌ ئارادا نییه‌. زۆر پارێزه‌ر و دۆزگه‌ر هه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت سه‌رۆک وه‌زیر عه‌بدوڵڵا گویل بخه‌نه‌ زیندان، ئاگره‌که‌ خۆش ده‌که‌ن. له‌تورکیا، داد له‌ داد لای داوه‌.

۱۳۸۹/۰۶/۰۶

وتوێژی ڕۆژنامه‌ی “ته‌ڕه‌ف” له‌گه‌ڵ که‌ماڵ بورکای



به‌شی یه‌که‌م

سازدانی: نه‌شه ‌دوزه‌ل
له‌تورکییه‌وه: ‌سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی


وه‌ک چۆن له‌ناو تورکه‌کاندا جیاوازی بیروڕا هه‌یه، ‌له‌ناو کورده‌کانیشدا ئه‌و که‌سایه‌تی و تاقمانه ‌هه‌ڵده‌که‌ون که‌ بیروڕای جیاوازیان هه‌یه‌. ئه‌م جیاوازییانه‌ له‌پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا زیاترو زیاتر زه‌ق بوونه‌وه‌. له‌کاتێکدا ‌که‌ پارتی ئاشتی و دیموکراسی به‌ده‌په، ‌ریفراندۆمی بایکۆت کرد، هاکپار، کاده‌پ، پارتی سۆسیالیستی کوردستان له‌ تاراوگه‌و چه‌ندین که‌سایه‌تی ڕۆشنبیرو ڕێکخراوی سڤیل داوایان کرد به‌شداری بکرێت له‌و ڕیفراندۆمه‌دا. کورده‌کانیش هه‌روه‌ک تورکه‌کان، له‌ هه‌موو بواره‌کاندا لێک جیا ده‌بنه‌وه‌. جیابونه‌وه‌و جیاوازی له‌ناو کورده‌کاندا شتێکی نوێ نییه‌. پێش ساڵانی ١٩٨٠ سیاسه‌تی کوردی زۆر زیندو و گه‌رموگوڕ بوو. سۆسیالیسته‌کان و دیموکراته‌کان حزبیان هه‌بوو. به‌ڵام کوده‌تای ١٩٨٠ پێشی به‌ خه‌باتی سیاسی گرت و تاکه‌رێگه‌یه‌کی له‌به‌رده‌م کورده‌کان هێشته‌وه‌، ئه‌ویش ڕوکردن له‌ چیاکان و هه‌ڵگرتنی چه‌ک بوو. زۆر ڕۆشنبیرو سیاسه‌تمه‌داری کوردیش که‌ خه‌باتی چه‌کدارییان به‌لاوه‌ په‌سند نه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خرێنه‌ گرتوخانه‌کانه‌وه‌و نه‌کوژرێن، ڕویان له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی کرد. که‌ماڵ بورکای که‌سایه‌تی ناسراوی چه‌پی کورد، لایه‌نگری سیاسه‌تی دیموکراتیانه‌و دامه‌زرێنه‌ری پارتی سۆسیالیستی کوردستان، به‌هۆی کوده‌تای ١٩٨٠ په‌ڕیوه‌ی سوید بووه‌ و ماوه‌ی سی ساڵه‌ له‌تاراوگه ‌ده‌ژی. هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه‌ بانگهێشت کراوه‌، به‌ڵام ناگه‌ڕێته‌وه ‌بۆ تورکیا. له‌ستۆکهۆڵم چاومان به‌ که‌ماڵ بورکای که‌وت و ئه‌م وتوێژه‌ سه‌رنج ڕاکێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا.

بۆچی تورکیاتان به‌جێهێشت؟

من سکرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بووم. سه‌ره‌تاکانی ساڵی ١٩٨٠ ‌هێشتا کوده‌تا ڕوی نه‌دابوو و به‌ دوای منه‌وه‌ نه‌بوون، به‌ڵام ڕوداوه‌کانم پێشبینی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ هاوڕێیان گفتوگۆمان کرد، ئه‌وان بڕیاریاندا من بچمه ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات. دواجار دژی ئێمه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆن ده‌ستی پێکردو دوای منیش که‌وتن. مارسی ١٩٨٠ له‌ سوریاوه‌ هاتمه ‌ئه‌وروپا.

چ ساڵێک له‌ سوید نیشته‌جێ بون؟

دوو ساڵ دواتر. من ساڵانی ١٩٧٤ - ١٩٧٢یش له‌ سوید بووم. ئه‌و کاتیش له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر بازمان دابوو و له‌ ڕێگه‌ی سوریاوه‌ هاتبووین. ئێمه‌‌ ساڵانی ١٩٨٠ له نێوان کوردستانیان و تورکه‌کان له‌‌ ئه‌و‌روپا ڕێکخستنێکی به‌هێزمان هه‌بوو و ده‌نگمان به‌رز بوو. کوده‌تامان بۆ ڕای گشتی ئه‌وروپا له‌قاو ده‌دا و زه‌ختمان ده‌خسته‌ سه‌ر کوده‌تاچیه‌کان. ته‌نانه‌ت کوده‌تاچیه‌کان ده‌یانگوت "مه‌ترسی سه‌ره‌کیی په‌که‌که‌ نییه‌، به‌ڵکو پارتی سۆسیالیستی کوردستان (په‌سه‌که‌)یه‌."

گه‌لۆ ئێوه‌ ئه‌وکات له‌ناو ڕێکخراوه ‌کوردییه‌کاندا ته‌نیا حزبی کوردی نه‌بوون که‌ دژی به‌کارهێنانی چه‌ک بێ؟

دیاره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌کمان به‌کار نه‌ده‌هێنا، ئێمه‌یان به‌مه‌ترسی ده‌زانی. ئێمه‌ تێکۆشانی سیاسیمان ئه‌نجام ده‌دا. کورده‌کان له‌ڕابردودا، چه‌ندین سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کداریان به‌رپا کردووه‌، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون... پێمان وابوو هه‌لومه‌رجی دونیا گۆڕاوه‌و پێویست به‌ تێکۆشانی سیاسی ده‌کا. ته‌نانه‌ت ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌مانگوت ڕژێم پڕۆڤاکاسیۆن ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان په‌نا بۆ چالاکی چه‌کداری به‌رن. چونکه ‌رژێم له‌ هه‌موو شته‌ک زیاتر سامی له‌تێکۆشانی سیاسی ده‌بۆوه‌. لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که ‌دانیان به‌مافه‌کانی کوردان دانه‌ناوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی تێکۆشانی سیاسی کوردان ڕوبه‌ڕوی قه‌یران بکه‌نه‌وه‌، به‌رده‌وام ویستویانه ‌په‌نا بۆ چه‌ک ببرێ.

ئه‌ی باشه‌ کورده‌کان بۆ ئێوه‌یان هه‌ڵنه‌بژارد، ئایا ئه‌وه‌ چه‌که‌ که‌ هێز ده‌پارێزێ؟

له ‌سه‌ره‌تادا وا نه‌بوو. بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ساڵانی ١٩٦٠دا به‌ره‌و سیاسی بوون ده‌ڕۆیشت. ساڵی ١٩٦٢ میتینگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستیان پێکرد. به‌ده‌یان هه‌زار که‌س ته‌ڤلی بوون. من ڕێکخه‌ری ئه‌وه‌ی تونجه‌لی (دێرسیم) بووم. ساڵی ١٩٦٥ پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زرا. له‌هه‌فتاکاندا بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕووی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ گه‌شه‌ی سه‌ند. پارتی سۆسیالیستی کوردستان له‌ساڵی ١٩٧٤دا دامه‌زراو زۆر به‌هێز بوو. ئێمه‌ ساڵی ١٩٧٨ له‌ دیاربه‌کرو ساڵی ١٩٧٩ له‌ ئاگری له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کاندا به‌ کاندیدی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریمان کردو سه‌رکه‌وتنمان به‌ده‌ست هێنا. له‌ دیاربه‌کر مێهدی زانا هه‌ڵبژێردرا. ئه‌و کاتانه‌ په‌که‌که ‌نه‌بوو.

دواتر چ گۆڕانکارییه‌ک ڕویدا؟ کورده‌کان بۆ پشتگیریان له‌ ئێوه‌ نه‌کرد و ڕویان کرده‌ په‌که‌که‌؟

بێگومان چه‌ک، هێز له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ. هه‌روه‌ها کوده‌تای سه‌ربازی ١٢ی ئه‌یلول به‌جارێک کورده‌کان و چه‌په‌کان، سه‌رجه‌م هێزه‌ دیموکراتخوازه‌کان و پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌کانی له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و په‌رش و بڵاوی کردن. به‌ر به‌ ڕه‌وتی ئاسایی ئاو گیرا. دوابه‌دوای کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول، به‌هه‌زاران مرۆڤ خرانه‌ سیاچاڵه‌کانه‌وه‌، به‌ده‌یان هه‌زار که‌سیش وه‌ک ئێمه ‌رێی هه‌نده‌رانیان گرته‌ به‌ر. به‌گشتی له‌تورکیا و کوردستان بۆشاییه‌ک هاته‌ئاراوه‌. ئه‌گه‌ر ١٢ی ئه‌یلول ئه‌و قۆناغه‌ی به‌ربه‌ست نه‌کردبا....

هه‌مو شته‌کان جیاواز ده‌بوون؟

گومانی تێدا نییه‌. ده‌کرا له‌ ڕێگای یاساوه ‌رێکخراوه‌ کوردییه‌کان پێش بکه‌ون و هه‌موو ناوچه‌که ‌به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه ‌بخه‌نه ‌ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه‌ و سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مان بکه‌نه‌ هی خۆیان. به‌ڵام له‌کاتێکدا که‌ بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ ڕێگه‌ی ئاشتی و یاساییه‌وه ‌سه‌ری هه‌ڵده‌دا، ساڵی ١٩٧٨ په‌که‌که‌ هاته ‌مه‌یدان و هه‌موو ڕێکخراوه‌ کوردییه‌کانی دیکه‌ی به‌ "دوژمن" له‌قه‌ڵه‌م دا. ساڵی ١٩٨٤ په‌نای بۆ چه‌ک برد. له‌قۆناغێکدا که‌ ڕێکخراوه‌ دیموکراتیکه‌کان بێده‌نگ و کپ کرابوون، ته‌قه‌ی چه‌که‌کان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو. به‌واتایه‌کی دیکه‌، ڕژێم به‌شێوه‌یه‌کی زۆر زانستیانه‌، هێزه‌ دیموکرات و ئاشتیخوازه‌کانی له‌ بزوتنه‌وه‌ی کورد دابڕی و بێده‌نگی کردن.

په‌که‌که ‌بۆ ڕێکخراوه ‌کوردییه‌کانی دیکه‌ی به‌دوژمن له‌قه‌ڵه‌م دا؟

ئه‌وکات په‌که‌که ‌ته‌نیا بۆ تیرۆریزه‌کردنی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد به‌کار نه‌ده‌هات. گروپێکی زۆر بچوک بوو. ساڵی ١٩٧٩ هێرشیان کرده‌سه‌ر هاوڕێیانمان، به‌ڵام ئێمه ‌به‌رپه‌رچمان نه‌دانه‌وه‌. چونکه ‌ده‌مانزانی له‌پشت ئه‌مانه‌وه‌، کوده‌تاچیه‌کان و ده‌وڵه‌تی شاراوه ‌هه‌یه‌. ئه‌وان ده‌یانویست بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد وه‌ک ڕوداوی تیرۆر بناسێنن و کورده‌کان به‌گژ یه‌کتریدا بچن. نامیلکه‌یه‌کم نوسی به‌ناوی "ده‌یانه‌وێ له‌تیرۆرمان بگلێنن، وەڵامی چه‌که‌کان ناده‌ینه‌وه‌" و له‌تیراژی ٢٠ هه‌زار نوسخه‌دا بڵاو کرایه‌وه‌. ساڵی ١٩٨٠ - ١٩٧٩ش، هاوشێوه‌ی پێکدادان له‌گه‌ڵ ئێمه‌، له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان که‌ درێژه‌ده‌ری (کوک) بون، ده‌سته‌ویه‌خه ‌بوون. به‌مجۆره ‌ویستی ڕژێم هاته‌ دی و ناوچه‌که‌، به‌ر له‌کوده‌تا بوو به‌دۆزه‌خ.

چی به‌سه‌ر ئه‌و کوردانه‌ هات که ‌دژی تێکۆشانی چه‌کداری بوون؟

سه‌رجه‌م ئه‌و دیموکراتخواز و سۆسیالیستانه‌ی له‌ڕێگه‌ی دیموکراسیانه‌وه ‌تێکۆشانی یاساییان به‌ڕێوه‌ ده‌برد، خرانه‌ گرتووخانه‌وه‌. ده‌وڵه‌ت ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌م په‌که‌که‌دا هه‌موار کرد. ڕژێم پیاوه‌کانی خۆی نارده ‌ناو په‌که‌که‌و ئه‌مانه ‌پێکدادانه‌کانیان قوڵتر کرده‌وه‌. ئۆجه‌لان به‌ر له‌کوده‌تای ١٩٨٠ ڕۆیشته‌ سووریا. به‌شێک له ‌په‌که‌که‌ییه‌کانی له‌وێ په‌روه‌رده‌ کرد. ساڵی ١٩٨٣ په‌که‌که ‌هێزه ‌چه‌کداره‌کانی له‌ فه‌له‌ستینه‌وه ڕه‌وانه‌ی کوردستان کرد. له‌ هه‌رێمی ژێرده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا جێگیر بوون. ساڵی ١٩٨٤ له‌ ئه‌روح شه‌مدینلی یه‌که‌م فیشه‌که‌کانی شه‌ڕی چه‌کداری ته‌قێنران.

باشه‌ کورده‌کان چۆن پێشوازییان له‌ په‌که‌که ‌کرد؟

له‌نێوان چین و توێژه‌کانی کورددا، دژی په‌که‌که‌ کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ئارا دابوو. وه‌ک ڕێکخراوێک که‌ بێ بنه‌ما و له‌وپه‌ڕی سه‌رسوڕماندا توندوتیژی به‌کار دێنێ، سه‌یری په‌که‌که‌یان ده‌کرد و به‌هه‌ندیان وه‌رنه‌ده‌گرت. به‌ڵام دواتر هاوسه‌نگییه‌کان ورده‌ورده ‌گۆڕانکارییان به‌سه‌ر داهات و په‌که‌که‌، به‌ڕێکخراوێک زانرا که ‌له‌ به‌رامبه‌ر کوده‌تا و ڕژێم شه‌ڕ ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی مافی کورده‌کان ده‌سته‌به‌ر بکا و کوردستان ڕزگار بکا. جه‌ماوه‌ر له‌ ده‌وروبه‌ری په‌که‌که‌ کۆ بوونه‌وه‌. له‌ڕاستیدا ڕوداوێکی هاوشێوه‌ له‌ناو تورکه‌کانیشدا ڕوی دا.

تورکه‌کان له‌ده‌وری کێ کۆ بوونه‌وه‌؟

له‌گه‌ڵ لاوازبوونی هێزه ‌دیموکراته‌کاندا، تورکه‌کانیش له‌ ده‌وری سوپا کۆبوونه‌وه‌. یانی کۆمه‌ڵگە به‌کورد و تورکه‌وه‌، له‌ده‌وری شه‌ڕ کۆ بوونه‌وه‌. گۆڕانخوازو دیموکراتخوازه‌کان له‌ مه‌یدان ده‌رکران. له‌ناو کورده‌کاندا په‌که‌که‌و له‌ناو تورکه‌کاندا شۆڤێنیزم به‌هێز بوون. به‌هاکان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات. ئه‌مه‌ کاریگه‌ری دانایه ‌سه‌ر ‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌هاوڕێیانی ئێمه‌ش لایه‌نگریان له ‌په‌که‌که‌ کرد. په‌که‌که ‌ناوه‌ناوه ‌له‌ڕێگه‌ی داموده‌زگا، کۆمپانیا و میدیاکانیه‌وه‌ هێزی چه‌کداری کرده‌ هێزێکی ئابووری.

کورده‌کان سه‌باره‌ت به‌گۆڕانکاری له‌ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا بوونه‌ته‌ دوو ده‌سته‌. هاکپار و کاده‌پ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم دان و هه‌رچی به‌ده‌په‌یه ‌ره‌تی ده‌کاته‌وه‌. کورده‌کان بۆ پارچه‌بوون؟

کورده‌کان یه‌که‌مجار نییه‌ پارچه‌ ده‌بن. هه‌مو کورده‌کان وه‌ک په‌که‌که ‌بیر ناکه‌نه‌وه‌. به‌شێکی گرنگی ده‌نگ به ‌ئاکه‌په‌ ده‌دات.

سیاسه‌ته‌کانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی به‌ده‌په‌، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ بۆچی ڕیفراندۆم بایکۆت ده‌کات؟ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی کورده‌کان له ‌چ زیانێک ده‌پارێزێ؟ له‌ ڕوانگه‌ی دیموکراسییه‌وه‌ چ قازانجێکی بۆ ئه‌وان ده‌بێ؟

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ده‌په ‌زۆر چه‌وته‌. به‌گشتی زه‌حمه‌ته ‌له ‌سیاسه‌ته‌کانی به‌ده‌په‌دا به‌دوای لۆژیکدا بگه‌ڕێی. له‌پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌شدا وه‌ک پێویست پشتگیریان نه‌کرد. هه‌ڵبه‌ت که‌موکوڕی زۆر هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا، ده‌بوایه ‌ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی دیموکراتیانه‌و هه‌مه‌لایه‌نه ‌ئاماده‌ کرابا، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، گه‌ڵاڵه‌پێشنیاری ئاماژه‌پێکراو به‌شێک له‌ده‌ستوری به‌جێماو له‌کوده‌تا ده‌گۆڕێ. ده‌سه‌ڵاتی دادگای باڵا تا ڕاده‌یه‌ک سنوردار ده‌کا. ده‌رفه‌تی ئه‌وه ‌ده‌ره‌خسێنێ لێپرسینه‌وه‌ له‌کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول بکرێ و بیخاته ‌ژێر پرسیاره‌وه‌. پشتیوانی نه‌کردن له‌م گۆڕانه ‌هه‌ڵه‌یه‌. به‌ده‌په‌، ده‌چێته‌ریزی هێزگه‌لی کۆنه‌پارێزی وه‌ک جه‌هه‌په‌و مه‌هه‌په‌وه‌. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی به‌ده‌په ‌له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد یه‌ک ناگرێته‌وه‌. بگره‌ قازانجی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خودی ئه‌و پارته‌ش نییه‌. ئه‌وان ته‌نانه‌ت پشتگیریان له‌و ماده‌یه‌ش نه‌کرد که‌ داخستنی پارته‌کان دژوار ده‌کا. ‌ئه‌و ماده‌یه‌ نه‌که‌وته ‌په‌رله‌مانه‌وه‌. پارتی ئاشتی و دیموکراسی ته‌وره‌که‌ی له‌قاچی خۆی دا.

به‌ڕای ئێوه‌ به‌ده‌په ‌بۆچی سیاسه‌تێکی وه‌ها ده‌گرێته‌به‌ر؟

هێزه‌ چه‌کداره‌که‌ی چیا زۆر کاریگه‌ر و به‌سامه‌و چاودێری توندی به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌. بۆ نمونه ‌له‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورددا، ئۆجه‌لانیان وه‌ک به‌رده‌نگ ناساند. زوو به‌زوو ئه‌م قسانه‌ ده‌که‌ن. خۆ ئۆجه‌لان له‌ ئیمراڵی ئازاد نییه‌! ئیمراڵی شوێنێکه ‌له‌لایه‌ن سه‌رئه‌رکانه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ. به ‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستیه‌، ئۆجه‌لان ناتوانێ له‌ئیمرالییه‌وه‌ ڕێکخراوه‌که‌ی به‌رێوه‌ به‌رێ و ڕێ و شوێنێان بۆ دابنێ. بۆیه ‌راسپارده‌و فه‌رموده‌کانی ئه‌و له‌ئیمرالیه‌وه‌، مه‌حاڵه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد و دیموکراسی و گۆڕان دا‌بێ. ئه‌و هێزانه‌ی ئۆجه‌لانیان خسته ‌زیندانه‌وه‌، دیاره‌ پلانی ئه‌وه‌یان داڕشتبوو له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌وه ‌بزوتنه‌وه‌ی کورد و په‌که‌که‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن. ئه‌و ڕۆژه‌ی ئۆجه‌لان گیرا، گوتی "ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم پێبده‌م، بۆ خزمه‌ت ئاماده‌م." ئه‌م شه‌ڕه‌ زیان به‌هه‌ر دوو لا ده‌گه‌یه‌نێ.

کورده‌كان به‌چ شێوه‌یه‌ک ده‌نگ به‌ریفراندۆم ده‌ده‌ن؟

به‌شێکی زۆر له‌کورده‌کان لایه‌نگری به‌ده‌په‌ نین. زۆربه‌ی کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ده‌په‌ ده‌نگ به‌ریفراندۆم ده‌ده‌ن. لایه‌نگرانی به‌ده‌په‌ش له‌ژێر کاریگه‌ریی که‌مپینی بایکۆت دان. به‌شێکیان هه‌رچه‌ند بایکۆتیشیان پێ بابه‌تی نه‌بێ، له‌ ترسی ئه‌وه‌ی مۆری خه‌یانه‌تیان پێوه‌ بلکێ، ده‌نگ ناده‌ن. به‌شێکی دیکه‌ش سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و شتانه‌، ده‌نگ ده‌دا. له‌ناو به‌ده‌په‌دا له‌ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌نگی ناڕه‌زایی هه‌بوو دژی بایکۆتکردنی ده‌ستور. ئه‌حمه‌د تورک گوتی "ئه‌مه‌ بۆ‌ جه‌ماوه‌ر نادرکێنین". زۆر مرۆڤی وا هه‌ن. دیاره‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش به‌ده‌په ‌بڕیاری دا ده‌ستور بایکۆت بکا.

ئه‌گه‌ر بایکۆتیان نه‌کردبا چی له ‌مه‌سه‌له‌که ‌ده‌گۆڕدرا؟

ئه‌سته‌مه‌ چوونی مرۆڤه‌کان بۆ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان کۆنتڕۆڵ بکرێ. له‌وێ مرۆڤ خۆی و ویژدانی به‌ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌. به‌شێکی هه‌ره‌زۆریان گوێ له‌ده‌نگی ویژدانیان ده‌گرن و ده‌نگ ده‌ده‌ن. له‌م سۆنگه‌وه‌، له‌پێناو کۆنتڕۆڵکردنی جه‌ماوه‌ر بڕیاریان دا ده‌ستور بایکۆت بکه‌ن.

به‌مدواییانه‌ په‌که‌که ‌په‌ره‌ی به‌هێرشه‌کانی داوه‌. سوپا له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی په‌که‌که‌دا، وێده‌چێ دۆش دامابێ، زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌که‌وێ. ئه‌م هێرشانه ‌چۆن په‌ره‌ده‌ستێنن؟ تا چ ئاستێک به‌رز ده‌بنه‌وه‌؟

پێویسته ‌ئه‌مه ‌رون بکرێته‌وه‌. ئۆجه‌لان که‌ خرایه ‌گرتوخانه‌ی ئیمرالیه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت پێکهات. گوتی "خزمه‌تتان پێده‌که‌م" و به‌مجۆره‌ گیانی پارێزرا و ژیانی پێبه‌خشرا. بۆ نمونه‌ ئۆجه‌لان بۆ ماوه‌ی چوار پێنج ساڵ چه‌که‌کانی بێده‌نگ کرد. په‌که‌که ‌به ‌قسه‌ی کرد. ئۆجه‌لان ناوی په‌که‌که‌شی گۆڕی، کردییه ‌کۆنگره‌ی گه‌ل. بگره ‌به‌رنامه‌ی په‌که‌که‌شی گۆڕی. په‌که‌که‌ لێره‌شدا وه‌ک ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی کرد. پێشتر داوای کوردستانی سه‌ربه‌خۆی ده‌کرد. دواتر نه‌ک هه‌ر کوردستانی سه‌ربه‌خۆ، بگره وازی له‌فیدراسیۆنیش هێنا. بوو به‌پارێزه‌ری کۆماری دیموکراتیک و که‌مالیزم. داکۆکی له‌ده‌وڵه‌تی ئۆنیته‌ر ده‌کات. په‌که‌که ‌له‌مه‌شدا دوای که‌وت.‌

نه‌ک هه‌ر په‌که‌که‌ به‌ڵکو ده‌سته‌ده‌سته‌ جه‌ماوه‌ریش دوای ئه‌و که‌وتن. ئه‌مه‌یان چۆن لێک ده‌ده‌یه‌وه‌؟

ئۆجه‌لان وه‌ک شێخی لێهاتووه‌. پێشتر ئه‌و کاتانه‌ی له‌ سووریا بوو، کرابووه‌ بوت. وه‌ک چۆن خومه‌ینی و حافز ئه‌سه‌د و سه‌دام کرانه ‌بوت، له‌ناو په‌که‌که‌شدا ئه‌وه ‌رویدا. ئۆجه‌لان زیاتر لاسای سه‌دام و حافز ئه‌سه‌دی کرده‌وه‌. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک دروشمی له‌وان وه‌رگرت، وه‌ک "به‌ گیان، به‌خوێن له‌ گه‌ڵتاین ئه‌ی سه‌رۆک". جگه‌ له‌وانه‌، ده‌وڵه‌ت وای نیشان ده‌دا که‌ له‌گه‌ڵ په‌که‌که ‌شه‌ڕ ده‌کا.

یانی شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌کرد؟

ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ وایه‌. ده‌وڵه‌ت هه‌مو شتێکی کرد و ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که‌ تاکه ‌رێکخراوی کوردی بێ و ڕێکخراوه‌کانی دیکه ‌ده‌نگیان کپ بکرێ و له‌گۆڕێ نه‌مێنن. هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان وه‌ک سه‌رۆکی په‌که‌که‌ بمێنێته‌وه‌. چونکه ‌ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێ له ‌ڕێگه‌ی ئۆجه‌لانه‌وه‌، په‌که‌که‌و له‌ڕێگه‌ی په‌که‌که‌وه ‌بزوتنه‌وه‌ی کورد ئاڕاسته ‌بکات. ئه‌وانه‌ی جیاواز له‌ئۆجه‌لان و سیاسه‌ته‌کانی بیریان ده‌کرده‌وه ‌هه‌مویان پاکتاو کران یاخود ڕایانکرد و کوژران.

له‌ کاتی بوونی خودی ئۆجه‌لانیش ئه‌مانه‌ روویان دا؟

نه‌ک ته‌نیا ئۆجه‌لان به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ش ڕێگه‌ به‌ دروستبوونی جیاوازی و ئه‌ڵته‌رناتیڤ ناده‌ن له‌ناو په‌که‌که‌دا. چونکه‌ ئه‌و کات کۆنتڕۆڵ ناکرێن. بۆ نمونه ‌حیکمه‌ت فیدان ویستی دژایه‌تی بکا و ڕێکخراوێکی نوێ دابمه‌زرێنێ، به‌ڵام کوژرا. نیزامه‌دین تاش و هه‌ڤاڵانی له‌گرنگترین فه‌رمانده‌کانی په‌که‌که‌ بوون. دژایه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی قۆناغی ئیمرالی ده‌ربڕی. گوتیان "ئه‌مانه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورددا نین" و جیا بوونه‌وه‌. به‌ڵام گۆشه‌گیر کران. شه‌مدین ساکیک فه‌رمانده‌ی هه‌ره‌ به‌ناوبانگ بوو، ڕایکرد. بینیتان چۆن بێ کاریگه‌ر کرا.

به‌ڕای ئێوه‌ به‌مدواییانه ‌بۆچی په‌که‌که ‌په‌ره‌ی به‌هێرشه‌کانی داوه‌؟

تۆ بڵێی هه‌مو ئه‌م هێرشانه‌ له‌سه‌ر بڕیاری په‌که‌که‌بن. یان تۆ بڵێی له‌کام ژوره‌وه ‌ئه‌م هێرشانه ‌پلانیان بۆ داڕێژرابێ؟ چ له‌ڕێگه‌ی په‌که‌که‌وه‌ بێ یان له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌وه ‌نه‌بێ، به‌شێکی زۆری ئه‌م چالاکیانه‌ له‌ژێر سه‌ری ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ دان. هه‌ندێکجار هه‌ر خۆی ده‌یانکات و به‌سه‌ر په‌که‌که‌یان دادێنێ. بۆ نمونه ‌چالاکی "ره‌شادیه‌" ڕوداوێکی له‌مجۆره‌یه‌.

به‌ڵام سه‌رجه‌م چالاکیه‌کان له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه‌ وه‌ئه‌ستۆ ده‌گیرێن. بۆچی قه‌ندیل هه‌موو چالاکیه‌کان ده‌گرێته ‌ئه‌ستۆ؟

ناچاره ‌بیانگرێته ‌ئه‌ستۆ. هه‌ڵه‌یه ‌ئه‌گه‌ر هه‌مو ڕوداوه‌کانی توندوتیژی وه‌ک هێرشی په‌که‌که ‌سه‌یریان بکرێ. هه‌ندێک چالاکی هه‌یه ‌که‌ ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌رگه‌نه‌کۆن، کۆنترگه‌ریلا و ژیته‌میشه‌وه‌ ئه‌نجام نادرێن. بۆ نموونه‌، ڕوداوی وێنه‌هه‌ڵگرتنی "هێرۆن" که‌ له ‌رۆژنامه‌که‌تاندا بڵاو کرایه‌وه‌... له‌رابردوشدا زۆر ڕوداوی هاوشێوه‌ قه‌ومین. له‌ده‌وروبه‌ری شێرناخ مینی بوسێک ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابو و ١١ که‌س کوژرابون. ده‌رکه‌وت که ‌په‌که‌که‌ ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجام نه‌داوه‌. بێگومان له‌ناو په‌که‌که‌شدا کۆمه‌ڵێک تۆڕ دامه‌زراون.

کۆمه‌ڵێک تۆڕی چۆن؟

ده‌وڵه‌تی شاراوه‌، له‌ زۆر شوێن ئه‌ندامه‌کانی جێگیر کردوه‌. ئۆجه‌لان تاکه‌که‌سی ناو په‌که‌که ‌نیه‌ که‌ له ‌ئیمرالیه‌وه‌ کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ. زۆر که‌سی دیکه‌ش هه‌ن. هه‌رچه‌ند ناوی پڕۆپاگه‌نده‌شی لێ بنێین، به‌ڵام په‌که‌که‌ ده‌یویست به‌یه‌کجاری واز له‌چه‌ک بێنێ، ئه‌ی بۆ وازی نه‌هێنا؟ دوای قۆڵبه‌ستکردنی ئۆجه‌لان، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێکجار گوتی "بوارێک بره‌خسێنن با هه‌موویان له‌چیاکان دابه‌زن و چه‌که‌کانیان ڕاده‌ست بکه‌ن" و سه‌ره‌ڕای داننانی له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه‌، بۆچی جێبه‌جێ نه‌کرا؟

به‌ڕای ئێوه‌بۆچی نه‌یانکرد؟

په‌که‌که ‌ده‌یویست به‌یه‌کجاری واز له‌چه‌که‌کانی بێنێ و له‌چیاکان بێته‌خوار. عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان گوتی: ده‌رفه‌تم پێبده‌ن با هه‌موو ئه‌وانه‌ی شاخ چه‌که‌کانیان دابنێن. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی باسی ده‌کرد، لێبوردنێکی هه‌مه‌لایه‌نه ‌بوو. هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوا ئه‌وانه‌ی له‌شاخ دێنه‌وه‌، بخرێنه ‌گرتوخانه‌وه‌و ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ حوکم بدرێن. وا نییه‌؟ دواجار بۆ تاقیکردنه‌وه‌، گروپه‌کانی ئاشتییان ڕه‌وانه‌ی تورکیا کرد. به‌ڵام ئه‌وان قۆڵبه‌ست کران و سزایان به‌سه‌ردا سه‌پا. چونکه‌ ده‌وڵه‌تی پشت په‌رده‌، نه‌یویست په‌که‌که ‌واز له‌چه‌ک بێنێ. بیر بکه‌نه‌وه‌....


ده‌ی...

سه‌یر که‌ن.... په‌که‌که ‌چه‌که‌کانی بێده‌نگ کردبوو‌. له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان خه‌ریکی دانوستان بوون. که‌سیش ناڵێ "با بێنه‌وه‌و ته‌سلیم بن"، به‌ڵکو ده‌ڵێن "با ئه‌و هێزانه ‌له‌باشوور (کوردستان) جێگیر بکرێن." چونکه ‌رژێمی ملیتاریستی له‌وێش کۆمه‌ڵێک حسابی هه‌یه‌. بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی کورد له‌باشوور، په‌که‌که ‌به‌کار دێنێ. که‌واته ‌هێرشه‌کانی په‌که‌که ‌له ‌٢٠٠٤ به‌دواوه ‌سه‌ر له‌نوێ بوژێنرانه‌وه‌. ئۆجه‌لان ده‌ستی کرده‌وه ‌به‌داڕشتنی ئه‌ده‌بیاتی شه‌ڕ. جارێکی تر گه‌ڕانه‌وه ‌بۆ ناوی په‌که‌که‌. چونکه ‌له ‌قۆناغی ئه‌ندامێتی له‌ یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاکه‌په‌دا، ڕژێم هه‌ستی به‌مه‌ترسیی له‌ناوچوون کرد. هه‌ر وه‌ک ڕۆژی ڕوون، له‌دۆزی ئه‌رگه‌نه‌کۆنیشدا ده‌رکه‌وت که ‌ویستراوه ‌کوده‌تا بکرێ. له‌ پشت په‌رده‌وه‌ش له‌رێگای ئۆجه‌لانه‌وه ‌په‌که‌که‌یان خسته‌ جموجوڵ. سه‌رنج بده‌ن... که‌نگێ هه‌نگاوی دیموکراتیانه‌ به‌رز بکرێته‌وه‌، له‌سه‌ر سنوور هه‌ڵده‌کوتنه‌‌ سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌‌کان.

ئامانج چییه‌؟

ئامانج ئه‌وه‌یه ‌قۆناغی ئه‌ندامێتی له‌یه‌کێتی ئه‌وروپا لاڕێ بکرێ، ئاکه‌په ‌بخرێته ‌بارودۆخێکه‌وه ‌نه‌توانێ حکومه‌ت به‌ڕێوه ‌به‌رێ و دواجار کوده‌تا بکرێ. ده‌وڵه‌تی شاراوه‌، له‌ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه‌ په‌که‌که‌ی وه‌جموجوڵ هێنا و یارییه‌کی ده‌ست پێکردوه‌. چالاکی و هێرشه‌کانی ئێستا، ئه‌نجامی پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن. بۆ چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتی پێویستیان به‌مانه هه‌یه‌. ئه‌وانه ‌بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا له‌دیموکراسی ئه‌وروپا بپارێزن، درێژه‌ به‌ میلیتاریزم بده‌ن و پارتی دادو گه‌شه‌پێدان له‌ده‌سه‌ڵات دوور بکه‌نه‌وه‌، کورد و تورک ده‌که‌نه‌ قوربانی. به‌ڵام به‌و کارانه‌یان، سوپای تورکیاش ده‌که‌نه ‌گاڵته‌جاڕ.

ئه‌مڕۆکه ‌ئامانجی په‌که‌که ‌چییه‌؟

سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که ‌به‌رده‌وام ئاڵۆز بوون. چونکه‌ په‌که‌که ‌هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ‌سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه‌. ئۆجه‌لان خۆی باس له‌وه‌ ده‌کات که‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ئاڕاسته‌ کراوه‌. ده‌ڵێ “په‌که‌که‌مان دامه‌زراند، ده‌وڵه‌ت نان و چه‌کی پێداین و ده‌وڵه‌ت نه‌یهێشت هه‌ره‌س بێنین.” که‌ ڕۆیشته‌ شامیش، هه‌روا ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ له‌ په‌که‌که‌دا ده‌ستی هه‌بوو. بۆیه‌ ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی په‌که‌که‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ناو ده‌وڵه‌ته‌ سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که‌ی ئاڕاسته‌ کردووه‌. به‌ژروه‌ندی په‌که‌که‌ش له‌مه‌ دایه‌. به‌گشتی ئه‌مه‌ هه‌ڵه‌یه‌. ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ له‌لایه‌ن ڕۆشنبیره‌ لیبڕاڵه‌کانیشه‌وه‌ ڕووی داوه‌. وه‌ک ڕێکخراوێک په‌که‌که‌یان هه‌ڵسه‌نگاندوه‌ که‌ گۆیا زۆر سه‌ربه‌خۆیه‌ و پڕۆژه‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌یه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. له‌کاتێکدا سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که‌ به‌رده‌وام گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌.

سیاسه‌تی ئێستای په‌که‌که‌ چییه‌؟

گۆیا له‌م دوو، سێ ساڵه‌ی دواییدا نه‌ سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ، نه‌فیدراسیۆن و نه‌ ئۆتۆنۆمی. باس له‌ “کۆمارێکی دیموکرات” ده‌که‌ن. دێمیرێلیش وا ده‌ڵێ. ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک سه‌رله‌نوێ په‌که‌که‌ که‌وته‌وه‌ جموجوڵ، ئه‌وانه‌ی ڕێگایان نیشان ده‌دا، گوتیان “وا نابێ. ئه‌و کات ده‌ڵێن ئه‌م کابرایه‌ داوای هیچ ناکات. ئه‌ی که‌وابێ بۆچی شه‌ڕ ده‌کات؟ له‌ شاخه‌کان چی ده‌کات؟” گوتیان “باشتر وایه‌ شتێک به‌ناوی ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک بێنیه‌ گۆڕێ.” بۆیه‌ سه‌رده‌مێک ئۆجه‌لان داکۆکی له‌ ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتیانه‌ کرد. خۆ ئۆجه‌لان هه‌ر شه‌ش مانگێک، ئامانجێکی نوێ و پڕۆژه‌یه‌کی نوێ دێنێته‌ ئاراوه‌ و سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که‌ و حزبه‌ یاساییه‌که‌شی چاوبه‌ستراوانه‌ په‌سندی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ له‌ناو کورده‌کاندا تراژیدیایه‌. ئه‌مه‌ ته‌ڵه‌ی کورده‌کانه‌.

گه‌لۆ ته‌نیا کورده‌کان که‌وتنه‌ ناو ئه‌م ته‌ڵه‌ کوردیه‌وه‌؟

نه‌خێر. تورکه‌کانیش تێکه‌وتن. ئه‌م شه‌ڕه‌ قڕێژه‌ له ‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی تورکیشدا نیه‌. درێژه‌پێدانی ئه‌م شه‌ڕه‌ به‌ئه‌ده‌بیاتی شه‌هید و تیرۆر گه‌لی تورکیش ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئه‌مه‌ یارییه‌که‌ میلتاریزم له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا درێژی ده‌کاته‌وه‌. ئه‌گینا کۆتایی هێنان به‌ ڕوداووی په‌که‌که زۆر ئاسانه‌. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ که‌ به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ درێژه‌ به‌ مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات، هه‌روه‌ها هێزه‌ کۆنه‌پاڕێزه‌کانی ناو جه‌هه‌په‌ و مه‌هه‌په‌ و بازرگانانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان و چه‌که‌کان نه‌بنه‌ کۆسپ، په‌که‌که‌ واز له‌ چه‌که‌کانی دێنێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ڕێگه‌ بۆ ئۆجه‌لان دیاری ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی شه‌ڕدا هاوڕا بن، یاخود ئۆجه‌لان بخرێته‌ گرتوخانه‌یه‌کی سڤیله‌وه‌ و حکومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئۆجه‌لاندا هه‌بێ و هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بێ، ئه‌وا ئۆجه‌لان خوازیاره‌ کۆتایی به‌ شه‌ڕ بێت. ئۆجه‌لان له‌ ژیانی خۆی ده‌ترسێ. من زۆر باش و له‌نزیکه‌وه‌ ده‌یناسم.