۱۳۹۲/۰۸/۲۹

گـــــــــــەڕانەوە


سەلاحەدین بایەزیدی

گەڕانەوە یان گەڕاندنەوەی سیاسەتمەدار، هونەرمەند و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ تورکیا شتێکی نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. یەکی ئۆکتۆبری ١٩٩٩ هەشت کەس کە ناوی ''گرووپی یەکەمی ئاشتی"یان لێ نرابوو، لە سەر پێشنیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەڕانەوە تورکیا و یەکسەر لە لایەن کاربەدەستانی تورکیاوە قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانە کران. دە ساڵ دواتر واتە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩، هەر لە سەر پێشنیاری ئۆجەلان و بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا، گرووپێکی تری پێکهاتوو لە ٣٤ کەس لە دەروازەی سنووری خابوور گەڕانەوە تورکیا.
لە مەودای نێوان ئەو دوو گەڕانەوەیەدا، بەردوام دوو چەمکی دژ بە یەک لە ململانێ دابوون؛ "گەڕانەوە" و "هاتنەوە ماڵ". لە لایەکەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێداگر بووە لە سەر "گەڕانەوەیەکی ئابڕومەندانە" و وەک بەشێک لە خەبات و پڕۆسەی ئاشتی سەیری ئەو ڕەوتەی کردوە و لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی تورکیا هەوڵی داوە وەک "تەسلیم بوون" و "بادانەوە" پێناسەی بکا.
یەکێک لە سەرەکیی ترین ئەو هۆکارانەی، ڕەوتی گەڕانەوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئاستەنگ کرد و لایەنی کوردی لە ناردنەوەی گرووپی دیکە پاشگەز کردەوە، زمان و شێوازی هەڵسوکەوتی تورکیا بوو لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەهاتنەوە. ئەگەر چی حکومەتی تورکیا لەچاو دەیەیەک لە مەوپێش بە کردەوە گۆڕدرابوو و لە بری ئەوەی بە چەند عەسکەرێک و لە سنوورێکی شاخاوییەوە بەرەو پیری گرووپەکە بچێ، بە شێوەیەکی سڤیل پێشوازییان لێکردن، بەڵام ئەدەبیاتی سیاسی هەمان ئەو ئەدەبیاتە بوو کە دە ساڵ پێش لە کار دەکرا.
لە یەکەم کاردانەوەدا، بەشیر ئاتالای وەزیری کاروباری نێوخۆی تورکیا، وەک "هاتنەوە بۆ ماڵ" باسی گەڕانەوەی گرووپەکەی کرد و ئەردۆغانیش ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەوە گرت کە پێشوازییان لێکراوە و گەڕانەوەیانی بە "خۆ نواندن" لە قەڵەم دا.
ئەو توڕەبوونەی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەوان دەیانویست گرووپەکە بە بێدەنگی و بە دوور لە چاوی میدیاکان و خەڵک بگەڕێتەوە و دواتریش بە هێمنی لە شارەکان دابنیشن و چاوەڕوانی هەنگاو و ئاڵوگۆڕەکانی حکومەت بکەن. دەیانویست تەنیا خۆیان مانۆڕ بەو گەڕانەوانە لێبدەن و لایەنی کوردی لەو مافە بێبەش بکەن. دەیانویست ''گەڕاوەکان" تەنیا دەستخۆشانە لە حکومەت بکەن و بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە لایەنی کورد هیچ ڕۆڵێکی لەم پێشهاتانەدا نەبووە. هەروەها چاوەڕوان بوون ئەو گوتارەی لە لایەن گرووپەکەوە بەکار دەهێنرێ، گوتارێک بێ دابڕاو لە "شانازیییەکانی ڕابردوو" و هاتنەوەیەکی ئاسایی بێ.
سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی دووهەم گرووپی سەر بە پەکەکە،  ١٣ی ئووتی ٢٠٠١، کەماڵ بورکای شاعیر و سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، دوای سی و یەک ساڵ دووری لە نێو ئاپۆرای لایەنگرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "ئاتاتورک" دابەزی و بۆ هەمیشە گەڕایەوە بۆ تورکیا. حکومەتی تورکیا نەک بە هاتنەوە و پێشوازی لێکردنی توڕە نەبوو، بگرە بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بورکای لە سەر بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە سویدڕا گەڕاوە.
کەماڵ بورکای لە یەکەم پەیامیدا دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "چ حکومەت، چ جەهەپە، کێ لەپێناو چارەسەری پرسی کورددا هەنگاوی ئەرێنی بەرز بکاتەوە دەبێ پشتیوانی لێ بکرێ و هەروەها دەبێ پێش بەو کەسانە بگیرێ کە هەوڵەکانی ئاشتی بە لاڕێدا دەبەن."
کەماڵ بورکای کە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حزبی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیای دامەزراندبوو، ئێستا سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک - پار)ە و بە یەکێک لە سەرەکی ترین ڕەخنەگران و ڕەقیبەکانی ئۆجەلان دەناسرێ.
سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بایەخێکی زۆریان بە گەڕانەوەی بورکای دا بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر شەقامی کوردی لە باکووری کوردستان دانەنا.
وێدەچێ شڕۆڤە و لێدوانەکانی بورکای بە دڵی میدیاکانی تورک بێ، چونکە لە بۆنە یان ڕووداوی تایبەت بە مەسەلەی کورددا کەم هەڵدەکەوێ بانگهێشتی نەکەن و نێرین و بۆچوونەکانی وەک پەرسپەکتیڤ نەخەنە ڕوو.
دوای ڕۆیشتنەوەی گرووپەکانی پەکەکە و کەماڵ بورکای، گەڕانەوەی هونەرمەندی ناسراوی کورد شڤان پەروەر، لەو گەڕانەوانە بوو کە مۆری خۆی لە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا دا. پەروەر دوای سی و حەوت ساڵ و پاش دانوستانێکی چەند ساڵە لە ئاڵمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، گەڕایەوە بۆ تورکیا.
شڤان پەروەریش وەک کەماڵ بورکای و ئەو کەسانەی بانگهێشتی گەڕانەوە کرابوون، چەندین ساڵ لە دوودڵیدا ژیا و کات و ساتی جۆراوجۆری بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرد، تا دواجار لەگەڵ هەڤدیتنی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا گەڕایەوە ئامەد. شڤان پەروەر لەگەڵ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی نایە خاکی باکووری کوردستان و لە لایەن ڕایەدرانی ئەمنی تورکیاوە پێشوازی لێکرا، لە ئامەدیش لە بەردەم کەسایەتییە سیاسییەکان و جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان ئامادە بوو و گۆرانی بۆ ئەوان چڕی.
ئەگەرچی هەندێک هەواڵ سەبارەت بە سووتاندنی سی دی و کاسێتەکانی شڤان پەروەر یان سووکایەتی کردن بەو هونەرمەندە بڵاو بوونەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لە لایەن هیچ ئاژانس و ناوەندێکی هەواڵەوە پشت ڕاست نەکرانەوە و زیاتر قسەلۆگ و پاشملەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.
شڤان پێشوازی لێنەکرا و بە بەراورد لەگەڵ سی و حەوت ساڵ غوربەت و دووری، تاسەی دیداری لای خەڵک دروست نەکرد. هۆکاری پێشوازی نەکردن لە شڤان، بێدەنگی و پێناخۆشبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوو، هۆکاری سەرەکی چۆنیەتی گەڕانەوەی خۆی بوو. لە ئاقاری ئەو دوو جۆرە گەڕانەوەیەی کە تورکیا و بزووتنەوەی کورد پێداگری لە سەر دەکەن، شڤان پەروەر کەناڵی "رەسمی و حکومی" هەڵبژارد، بۆیەش ئاساییە تەنیا لە لایەن کوردەکانی لایەنگری دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێبکرێ.
گەڕانەوەی کەماڵ بورکای و شڤان پەروەر دوو نموونەن لەو گەڕانەوانەی لە سەر بانگهێشتی ڕەسمی حکومەت بە ئەنجام گەیشتوون و وێدەچێ تورکیا ئەمە وەک مۆدێلێک چاو لێ بکا بۆ گەڕاندنەوەی سیمبۆل و ناوە گرنگەکانی دیکەی کورد لە دەرەوەی وڵات. مۆدێلێک کە لە ڕێگەیەوە بتوانێ شێوازی گەڕاندنەوەی خۆی بسەپێنێ و ئیماژێکی جیاواز لە خۆی و لە بزووتنەوەی کورد نیشانی ڕای گشتی بدا.
جەنگیز چاندار گۆشەنووسی ناسراوی تورک لە ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لە زاری تۆیتی نووسەرێکی کوردەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی شڤان نوسیبووی ئەگەر شڤان بە تەنیا گەڕاباوە، لانیکەم سێ میلیۆن کەس بەرەو پیرییەوە دەچوون. ئەم قسەیە لەوانەیە زێدەڕەوی نەبێ و ئەگەر ئاوڕێک لە گەڕانەوەی جوان حاجۆ بدەینەوە، لەوانەیە ئێمەش بگەینە هەمان ڕا.
ئەگەرچی جوان حاجۆ هاووڵاتیی تورکیا نەبووە و نابێ وەک گەڕانەوە باس لە چوونی بۆ تورکیا بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەی لایەنگرانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر خەڵک هەبووە، کوردەکانی باکوور و تەنانەت میدیاکانی تورکیاش وەک "هاووڵاتی"یەکی خەڵکی تورکیا لێی دەڕوانن. کەسایەتییەک کە بە شێوەی هونەرمەندەکانی ئەو پارچەیە و بگرە زیاتریش، پەیوەندی بە هەستی خەڵک و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو بەشەی نیشتیمانەوە هەیە. ئۆکتۆبری ٢٠١٣ کاتێک جوان حاجۆ ڕۆیشتە تورکیا، زۆربەی هەرە زۆری میدیا و هەواڵنێرییەکانی تورکیا بە "هاتن و گەڕانەوە دوای ٢٣ ساڵ" باسی سەفەرەکەیان کرد.
جوان حاجۆ وەک شڤان پەروەر بە جلی کوردی و بە کاروانی ئۆتۆمبێلان نەگەڕایەوە، بەڵکو بە تاقی تەنیا و بە تیشێرتێکی سادە گەڕایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری باتمان، یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتەکانی لە مێژووی هونەری تورکیادا تۆمار کرد. بە دەیان هەزار کەس بەشداری ئەو کۆنسێرتە بوون و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە "گەڕانەوەی" و ئاڵبۆمی ''ڤەگەڕ" کرد.
حاجۆش وەک شڤان پەروەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان جار جارە نێوانی خۆش و جار جارەش ناخۆش بووە، ئەویش لەگەڵ هونەرمەندێکی تورک، لەگەڵ ژنە گۆرانیبێژی بە ڕەچەڵەک کورد "هولیا ئەفشار" دوێتی کرد، کەسێک کە لایەن بزووتنەوەی سیاسیی کوردەوە بە "لایەنگری دەوڵەت" و "مۆرەی شەڕی تایبەت" ناسرابوو. سەرباری ئەوانەش نە خەڵک، نە ئەحزابی سیاسی و لایەنگرانیان، بە دیدێکی نەرێنی لە سەفەرەکەی جوان حاجۆیان نەڕوانی و بە شێوەیەکی شکۆدار بەرەو پیری چوون.
خاڵێک کە گەڕانەوەی شڤان پەروەر لە جوان حاجۆ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شڤان لە سەر ویست و لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا دەگەڕێتەوە بەڵام گەڕانەوەی جوان حاجۆ، قەناعەتێکی تاکەکەسی و پڕۆژەیەکی هونەرییە. لە لایەکی دیکەوە جوان حاجۆ نەک بە پێویستی نەبینی بە شان و باڵی دەوڵەتدا هەڵبڵێ، بەڵکو تکای لێکردن هەرچی زووتر چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد و مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بدۆزنەوە.
شڤان پەروەر خەونی بەوەوە دەبینی لە ئامەد، لە باکوور بە ئازادی سترانە شۆڕشگێڕییەکانی بچڕێتەوە، ڕۆیشت و "ئازادانە" ستڕانەکانی گوتەوە. لە سەر سەکۆ پەیامی ئاشتی دا و داوای لە دایکان کرد "نەگرین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنی ئەردۆغان گریا، ئەو ژنەی پێشتر بۆ مناڵانی فەلەستین گریابوو و بۆ مناڵانی ڕۆبۆسکی نا، کەچی دایکانی تر غایب بوون، ئاخۆ ئەوان لە پشت تەلەڤزیۆنەکانیانەوە گریان یاخود هەستیان کرد ئەو ڕۆژە نزیک بۆتەوە کە نەگرین؟
شڤان ئێستا لە نێو دڵی ئەو گەلە دایە کە بە دەنگ و چریکەی ئەو فێری یاغی بوون و بەرخۆدان بوون. بۆی هەیە ئەو چریکە کێوییە لە نیو تەلار و کۆشکەکاندا ئارام نەگرێ و دیسان لە نێو خەیاڵە چڕ و دووردەستەکانی ئەواندا هێلانە بکاتەوە. تۆ بڵێی؟

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر