رۆژی ٢٨ی دێسامبری پار، قه‌تڵوعامی ئولوده‌ره ڕووی دا. له ئه‌نجامدا، ٣٥ هاووڵاتیمان که زۆربه‌ی هه‌ره زۆریان مناڵ بوون، گیانیان له‌ده‌ست دا. ئه‌م کاره‌ساته تاڵه، شه‌وی ٢٨ی دێسامبر قه‌ومی. دوو هه‌فته به سه‌ر ئه‌م ڕووداوه‌دا تێده‌په‌ڕێ، هێشتا نازانین بۆچی بۆردومان کران، چۆن و به فه‌رمانی کێ و پاڵ پشت به زانیاری چ لایه‌نێک کوژران. حکومه‌ت، کاردانه‌وه‌ی تورکیای کۆن له خۆی نیشان ده‌دا و سیسته‌می باو ده‌پارێزێ. له بری ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه له به‌رپرسیارانی ئه‌و ڕووداوه بکا، جا چ سڤیل بن چ عه‌سکه‌ری، تاوانباران بدۆزێته‌وه و داوای لێبوردن بکا، ئه‌و داموده‌زگایانه ده‌پارێزێ. به‌ڵام له لایه‌کی دیکه‌وه، بۆ یه‌که‌مجار له مێژووی کۆمار‌دا، سه‌رئه‌رکانی گشتی تاوانبار ده‌ناسێنرێ و قۆڵبه‌ست و ڕه‌وانه‌ی گرتووخانه ده‌کرێ. قه‌تڵوعامی ئولوده‌ره و قۆڵبه‌ستکردنی سه‌رئه‌رکانی گشتی، له ڕوانگه‌ی سیاسیه‌وه چ مانایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئه‌م دوو ڕووداوه، چۆن تورکیا و ئاکه‌په‌یه‌کمان ده‌خه‌نه به‌رچاو؟ ئاخۆ کاریگه‌ری سوپا ته‌واو بووه؟ ئاکه‌په، ده‌توانێ تورکیا دیموکراتیزه بکا؟ له نێوان سوپا و کۆمه‌ڵگەدا کامیان موحافزه‌کارن؟ ئه‌م پرسیارانه و کۆمه‌ڵێک پرسیاری دیکه‌مان، ئاڕاسته‌ی توێژه‌ر موراد به‌لگه کرد. به‌لگه به‌مدواییانه کتێبێکی سه‌رنج ڕاکێشی به ناوی "مودێرنیزه‌بوونی میلتاریستی" بڵاو کردۆته‌وه.
سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
له دوا کتێبتاندا "مۆدێرنیزه‌بوونی میلتاریستی"، شه‌ڕی ڕووس – عوسمانیه‌کان ٧٨ – ١٨٧٧، ناسراو به جه‌نگی ٩٣، وه‌ک سه‌ره‌تایه‌ک بۆ ئایدیۆلۆژیای نوێی تورکیا پێناسه ده‌که‌ن. بۆچی ئه‌م شه‌ڕه خاڵی ده‌سپێکه؟
ده‌کرێ قۆناغی "لاله ده‌وری"ش (٣٠ – ١٧١٨) وه‌ک ده‌سپێکێک بۆ مۆدێرنیزه بوونی تورکیا دابنرێ. سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ١٨، له قۆناغی "لاله ده‌وری"یشدا، نیوه‌ی ئیمپراتۆریای عوسمانی ڕۆیشت و بۆ ئه‌وه‌ی خاکێکی زیاتر له ده‌ست نه‌چێ، په‌رێشان بوون و له وەڵامی چی بکرێ باشه، لۆژیکی "پێویسته لاسایی ئه‌و که‌سانه بکه‌ینه‌وه که ئه‌و ڕۆژه‌یان به سه‌ر ئێمه هێنا"، تاقی کرایه‌وه، به‌ڵام جه‌نگی ٩٣ خه‌سارێکی نوێتره. فۆرماسیۆنی سایکۆلۆژی کادیرانی پێڤاژۆی دامه‌زراندنی کۆمار، شوێنێکی به‌رچاوی له نسکۆی ٩٣ هه‌یه. بێننه به‌رچاو... سوپای ڕووس گه‌یشته "یه‌شیل کۆی"ی ئه‌سته‌نبوڵ. دواجار تۆ پێت وایه مۆدێڕنیزه‌بوون چ واتایه‌کی بۆ ئێمه هه‌یه؟
چ واتایه‌کی هه‌یه؟مۆدێرنبوون به لای ئێمه‌وه، خه‌باتی جۆرێکه له بوون. پێشتر هیچکه‌س بڕوای نه‌ده‌کرد ڕووسه‌کان تا "یه‌شیل کۆی" بێن و ئه‌مه شکستێکی گه‌وره بوو. دواتر عوسمانییه‌کان به‌رده‌وام شکست ده‌خۆن و خاکی زیاتریان له‌ده‌ست ده‌چێ. سوپای عوسمانی، به هیچ شێوه‌یه‌ک به سه‌ر ڕۆژئاوادا سه‌رناکه‌وێ. بۆیه بیر له‌وه ده‌که‌نه‌وه ئه‌م سوپایه ڕێک و پێک بکه‌ن و به‌مجۆره گۆڕانکاری سه‌ره‌تا له سوپادا پێک دێ. دیاره عوسمانییه‌کان که نه‌یانده‌توانی به سه‌ر ڕۆژئاوادا سه‌ربکه‌ون، هه‌موو هه‌وڵدانیان ئه‌وه بوو وه‌ک ڕۆژئاوایان لێ بێ.
ئه‌گه‌ر سوپا له شه‌ڕدا شکستی نه‌خواردبا، ویستی مۆدێرنیزه بوون نه‌ده‌هاته ئاراوه؟نه‌خێر. که سوپا شکستی خوارد، پێویستی ڕۆژئاوایی بوون (واته پێویستی مۆدێڕنیزه بوون) شان به شانی نه‌فره‌ت له ڕۆژئاوا په‌ره‌ی سه‌ند. چونکه ئه‌و که‌سه‌ی سه‌رده‌مانێک هێژمۆنی خۆی سه‌پاندووه، مه‌حاڵه شعوری ئیمپراتۆریا به ئه‌مانه‌ت بدا. ئه‌و شعووره هه‌روا له مێشکیدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌ر بۆیه دوابه‌دوای لاوازبوونی جه‌نگی ٩٣، به ده‌سه‌ڵاتێکی په‌ریشانه‌وه، کۆمه‌ڵێک که‌سی نوێ هاتن و پان تورکیزم و پان ئیسلامیزمیان پێشنیار کرد. حه‌تمه‌ن ده‌بوو "پان" بوایه‌ن! ئیمپراتۆریا، وازی له پارچه‌ی ڕۆژئاوا هێنا و ئه‌مجاره‌یان ڕووی له ڕۆژهه‌ڵات کرد. ئه‌وان پێشنیاری زۆر گه‌وره دێننه ئاراوه وه‌ک یه‌کگرتنی هه‌موو تورکه‌کان یاخود هه‌موو موسڵمانه‌کان.
مۆدێڕنیزه بوون هه‌ر به سوپاوه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکوو وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیشی لێهاتووه. که ئه‌مه بوو به پڕۆژه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، سوپا له‌گه‌ڵ چ که‌سانێک به شه‌ڕ هات؟سه‌باره‌ت به مۆدێڕنیزه‌بوون، جگه له چه‌ند حاڵه‌تێک، ململانیه‌کی درێژخایه‌ن له‌گه‌ڵ زانایان دروست نه‌بوو. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێ. کۆمه‌ڵگە پێکی دانه‌دا، چونکه مۆدێرنیزه‌بوونی وه‌رنه‌گرت. ئه‌مه شتێک نه‌بوو که به ڕاوێژکردن له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگەدا هاتبێته ئاراوه. مۆدێرنیزه‌بوون ته‌نیا له لایه‌ن چینی نێوه‌ندی شاره‌کان و چینی خاوه‌نانی که‌سب و کاری ئازاد وه‌رگیرا. ساڵانی ١٨٦٠، قوتابخانه‌ی گالاتاسارای کرایه‌وه. پلانی کردنه‌وه‌ی گالاتاسارای بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو که "ئیتر وێڕای گۆڕینی سوپا، سڤیله‌کانیش پێش بخه‌ین". پاشایه‌کی محافزه‌کاری وه‌ک عه‌بدولحه‌مید سه‌باره‌ت به کردنه‌وه‌ی قوتابخانه زۆر پێشکه‌وتوو بوو.
چۆن؟ده‌یگوت ده‌بێ گه‌ل په‌روه‌رده بکه‌ین و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌ندین قوتابخانه‌ی کرده‌وه. پێشکه‌وتووخواز و مۆدێڕنیسته‌کانی ئێمه، زۆر له عه‌بدولحه‌مید بێزارن چونکه نه‌یگوتوه "مافی خه‌ڵکی بده‌ین". سه‌یره ئه‌گه‌ر وای گوتبا. له ڕاستیدا شتێکی غه‌ریبه له پاشاوه چاوه‌ڕوانی پێشکه‌وتن بین. به‌ڵام ئێمه ڕاهاتووین هه‌موو شتێک به ناوه‌نده‌وە ببه‌ستینه‌وه.
بۆچی ئه‌و ڕۆڵه پێشڤه‌ڕۆیه‌ی سوپا دواتر بوو به ڕۆڵێکی پاشڤه‌ڕۆ؟چونکه ده‌ترسێ و خۆ ده‌گرێ. ئایدیۆلۆژیایه‌کی کۆمار داده‌مه‌زرێنن که پێیان وایه "زانستی مورشیدی هه‌ره ڕاسته‌قینه‌یه" و پارێزگاری لێده‌که‌ن. کاتێک باسی زانست ده‌که‌ن، له‌ڕاستیدا مه‌به‌ستیان هه‌مان ئایدیۆلۆژیایه. بۆیه سه‌رو بنی قسه‌کانیان ئه‌وه‌یه "بستێک له ڕێبازی ئاتاتورک لا ناده‌م...". ئه‌مه‌یه تێگه‌یشتنیان له زانست! بڕوانن... عوسمانیه‌کان کۆمه‌ڵگەیه‌ک بوون به فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئایدیۆلۆژیایه‌کی لاوازه‌وه. به‌ڵام کۆمه‌ڵگەی کۆماری تورکیا به پێچه‌وانه‌وه. ئایدیۆلۆژیایه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند و فه‌رهه‌نگێکی لاواز.
ئه‌مه چۆن جیاوازییه‌ک به‌رهه‌م دێنێ؟ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌ک، فه‌رهه‌نگێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌بێ، مرۆڤی خوڵقێنه‌ر تیایدا زۆر ده‌بن و ئه‌م مرۆڤانه به پێشنیاره‌کانیان، ئاسۆکان ده‌که‌نه‌وه. به‌ڵام له‌و کۆمه‌ڵگەیانه‌ی تیاندا ئایدیۆلۆژیا قورساییان هه‌یه، نێوه‌ند سه‌رهه‌ڵده‌دا و کۆمه‌ڵگەی سڤیلیش میلیتاریزه ده‌کرێ. کۆمەڵگە فێر ده‌کرێ هه‌نگاوی گونجاو بنێ. بڕوا به‌وه ده‌هێنرێ که هه‌ندێک تابۆ نابێ ده‌سکاری بکرێن. وه‌ک ئه‌رکی یه‌که‌میش، ئه‌م سنوورانه ده‌پارێزرێن. دواجار کۆمه‌ڵگەیه‌ک دروست ده‌بێ که جگه له هه‌ندێک دووپات بوونه‌وه، هیچ چالاکییه‌کی ڕۆشنبیریی نابێ.
باشه ڕۆشنبیر و عه‌سکه‌ره‌کانی عوسمانی مودێڕنتر بوون؟به‌ڵێ. ئه‌وان له مۆدێڕنیته ده‌گه‌ڕان. ئه‌و که‌سانه بوون زیاتر به هزر، له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا په‌یوه‌ندییان هه‌بوو. که‌چی مۆدێڕنیسته‌کانی کۆمار، ئایدیۆلۆژیک بوون. له ڕاستیدا هه‌ست به‌وه ناکه‌ن په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا پچڕیوه. پێیان وابوو له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا ده‌ڕۆنه پێش.
رۆڵی مسته‌فا که‌ماڵ و که‌ماڵیزم، سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ی مۆدێڕنیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگە و سوپا له چ ئاستێک دا‌یه؟یه‌کده‌ستکردنی کۆمه‌ڵگە وه‌ک مۆدێڕنیزم لێکده‌ده‌نه‌وه. له کاتێکدا ئه‌مڕۆکه کۆمه‌ڵگەیه‌ک چه‌نده یه‌کده‌ست نه‌بێ و هاوئاهه‌نگ پێکه‌وه بژی، ئه‌وا مۆدێڕنه. ئامانجی که‌ماڵیزم ته‌واو به پێچه‌وانه‌یه. ڕه‌فتاری سه‌باره‌ت به جووله‌که‌کانی ئه‌درنه، ماڵیات، ڕووداوه‌کانی ٧ – ٦ی سێپته‌مبه‌ر، هه‌موویان درێژه‌ی (١٩١٥)ن. له‌م ئیشانه‌دا، به‌رده‌وام گواستنه‌وه‌ی موڵکیه‌ت به‌دی ده‌کرێ. ئامانج دروستکردنی بورژوازی تورک و پێشڤه‌چوونیانه. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه، ئه‌تاتورک تێزێکی مێژوویشی هه‌یه که له ڕوانگه‌ی زانستیه‌وه مایه‌ی گاڵته‌جاڕییه. بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کا سه‌رجه‌م شارستانیه‌ته‌کانی سه‌ر ڕووی زه‌وی، له لایه‌ن تورکه‌کانه‌وه دروست کراون. بێگومان دواتر، ئه‌و چه‌مکه زاڵ ده‌بێ که ئاخۆ ده‌توانین کورده‌کان ئاسیمیله بکه‌ین یان نا. هه‌روه‌ها ده‌بێ ئه‌وه‌ش بده‌ینه به‌ر چاو که مسته‌فا که‌ماڵ له‌وانه‌یه به مردنی زیاتر یارمه‌تیده‌ر بووبێ تا سوپا پێگه‌ی ئه‌مڕۆی به‌ده‌ست بێنێ.
تێنه‌گه‌یشتم...تڕۆتسکی، بۆ ستالینیسته‌کان ده‌سته‌واژه‌ی ئێپیگۆن به‌کار دێنێ. ده‌ڵێ ئێپیگۆنه‌کان زۆر له‌و که‌سه خراپترن که لایه‌نگری لێده‌که‌ن. تایبه‌تمه‌ندییه هه‌ره به‌رچاوه‌کانی وه‌رده‌گرن و زێده‌ڕه‌ویی تێدا ده‌که‌ن. کاتێک کۆمار دامه‌زرا، ڕۆشنبیره سڤیل – سه‌ربازه‌کانمان له چوارچێوه‌ی ڕێکخستنێکی سیاسی ته‌ک حزبیدا خۆیان دۆزیه‌وه. به‌ڵام ئه‌م شێوازه‌ی ڕێکخستن، دوابه‌دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، باوی نه‌ما و دوای ماوه‌یه‌کی کورت زه‌روره‌تی ڕژێمی فره حزبی هاته ئاراوه. له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌دا، ده‌سه‌ڵات که‌وته ده‌ست سڤیله‌کان، به‌ڵام سوپا، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی له ساڵی ١٩٥٠دا ڕاده‌ستی کردبوو، له ساڵی ١٩٦٠دا به کوده‌تا وه‌ریگرته‌وه. بیانووشیان ئه‌وه بوو که "له ڕێبازی ئاتاتورک لایان داوه". ئه‌م دروشمه له‌و کاته‌وه مایه‌وه و سوپا هه‌موو کرده‌وه‌کانی له ژێر ناوی ئاتاتورکدا ئه‌نجام دا.
ئایا کۆمه‌ڵگەی تورکیا به‌و پێکهاته محافزه‌کاره‌یه‌وه له‌گه‌ڵ ویستی مودێڕنیزه بوونی سوپا تێک نه‌گیران؟به‌ڵێ، به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه ئاخۆ کۆمەڵگە محافزه‌کاره؟ ئه‌گه‌ر خه‌ڵک داخوازیی ئه‌وان هه‌ڵنه‌بژێرێ، به‌و ده‌رئه‌نجامه ده‌گه‌ن که خه‌ڵک ئه‌مه په‌سند ناکا چونکه محافزه‌کار و پاشکه‌وتوویه. له کاتێکدا کۆمەڵگە محافزه‌کار نییه. ئه‌م کۆمەڵگەیه له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا خۆی له‌گه‌ڵ چه‌ندین گۆڕان و گۆڕانکاری ڕێک خست.
ئه‌ی باشه سوپا مودێڕنه؟سوپا مودێڕن و شتی وا نییه. سوپا، بۆناپارتیسته. پێکهاته‌یه‌که له پێناو ده‌سه‌ڵاتی خۆیدا تا بڵێی ئۆتۆریته‌ره و بانگه‌شه ده‌کا چینی سه‌روویه.
ئاتاتورک چی؟ پێشکه‌وتووه؟نه‌خێر. ئاتاتورک، پۆزه‌تیڤیستێکی مۆدێڕنیزه بوونه.
جیاوازی پێشکه‌وتووخواز و مودێڕنیزم له چی دا‌یه؟ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌خه‌یته ناوه‌نده‌وه... ئه‌گه‌ر پێشکه‌وتن و ده‌وڵه‌مه‌ندی مرۆڤ به هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کانیه‌وه ئامانجی سه‌ره‌کی نه‌بێ، پێشکه‌وتوو نابی. به کۆمه‌ڵێ دروشمی هه‌ره‌وه‌زی وه‌ک "وه‌ته‌ن، نه‌ته‌وه" ناتوانی پێشکه‌وتوو بی. ئه‌مانه ئه‌و دروشمانه‌ن که له پێناو ده‌سه‌ڵاتی خۆتدا هیچ جێگه‌یه‌ک بۆ مرۆڤه‌کان ته‌رخان ناکه‌ی. ئه‌وه‌ی ئاشکرایه له‌م وڵاته دوای هه‌ر کوده‌تایه‌ک، هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام ده‌درێ و کێ هه‌ره زێده خۆی له کوده‌تا دووره‌په‌رێز گرتبێ، له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا سه‌رده‌که‌وێ. مه‌ودایه‌کی ئاوا له نێوان سوپا و کۆمەڵگەدا هه‌یه. له‌م کۆمەڵگەیه‌دا، فه‌لسه‌فه‌یه‌کی ئانتی میلیتاریستی به‌دی ناکرێ به‌ڵام خه‌ڵک به ئه‌زموون له ڕه‌وشه‌که تێده‌گا. له به‌ر ئه‌مه‌ش میلیتاریست نییه.
یانی ئانتی میلیتاریسته؟ئانتی میلتاریستیش نییه. به‌ڵام ئێمه وه‌ک ئا‌ڵمانیا و ژاپۆن، چینێکمان نییه که میلیتاریزم به هه‌موو شته‌کانیه‌وه په‌سند بکا. ئه‌مه جیاوازییه‌که تورکیا ده‌پارێزێ! له ڕاستیدا کۆمەڵگەیه‌کی به‌پارێز، به‌وێژدان و ژیر له تورکیا هه‌یه.
ئه‌گه‌ر تورکیا ناچار نه‌بوایه له سوپادا نوێکاری بکا، کام ڕێگای ده‌گرته به‌ر؟نه‌ده‌بوو به ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی. ئه‌گه‌ر هه‌نگاو به هه‌نگاو گۆڕداربا، ئه‌مڕۆکه کۆمەڵگەیه‌کی زۆر مۆدێڕنترمان ده‌بوو. په‌له‌کردن له هه‌ندێک کاردا له پێناو قازانج کردنی کات، زیان و شۆکه‌کانی کۆمەڵگە مه‌زنتر ده‌کا. دواجار، ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که پێت وایه به شۆڕش پێیان ده‌گه‌ی، به ده‌ستیان ناهێنی. به‌ڵکو ئه‌و شتانه له ڕووی ناچارییه‌وه ده‌بنه شێوازی ژیان و بیرکردنه‌وه و شتی ناچاریش له لاوازی و شل بووندا، وازی لێ ده‌هێنرێ. دیاره ئه‌م کۆمەڵگەیه مۆدێڕنیزه نه‌بووه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، له ژێر گوشار‌و زه‌ختی سوپادا، به شێوه‌یه‌کی لاڕێ مۆدێڕن بووه. ته‌ماشا... له کۆمەڵگەی عوسمانییه‌کاندا موسڵمانه‌کان زاڵ بوون، به‌ڵام کۆمەڵگەی عوسمانی له هه‌مانکاتدا کۆمەڵگەیه‌ک بوو ژماره‌یه‌کی زۆری ناموسڵمانیشی له خۆیه‌وه گرتبوو. جگه له‌مه...
ده‌ی...
ته‌نانه‌ت ئه‌و بڕه مودێڕن بوونه‌ش شتێک نییه به‌رهه‌می کۆمار بێ. ساڵانی ١٩٣٠ ده‌ستی پێکردووه. ئه‌م ژیانه مۆدێڕنه پێشینه‌یه‌کی هه‌یه. له "یوزگات" پاش کۆچی ئه‌رمه‌نییه‌کان، له ماڵه‌کانیاندا ٩٠ – ٨٠ پیانۆیان دۆزیوه‌ته‌وه. له‌وێ کۆمه‌ڵێک شتی وه‌ک ژیانی ڕۆژئاوا بوونی هه‌بووه. دوای بینینی ئه‌مانه، پێنج شه‌ش موسڵمانیش پیانۆیان بردۆته ماڵه‌وه. له سه‌ره‌تاکانی دامه‌زراندنی کۆمار‌دا، ده‌زگای خه‌لافه‌ت هه‌بوو. خه‌لیفه، یه‌کێک بوو له نیگارکێشه هه‌ره به‌تواناکانی وڵات و ویسکیشی ده‌خوارده‌وه. عه‌بدولحه‌میدیش کۆنیاکی ده‌کێشا. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست مۆدێڕنیزه‌بوون و ڕۆژئاوایی بوونه، له نێو بنه‌ماڵه‌کانی تورکیادا پێموانییه هیچکامیان هێنده‌ی بنه‌ماڵه‌کانی عوسمانی ڕۆژئاوایی بووبێ.
بۆچی عوسمانیه‌کان یاخود تورکیا، چینێک یان هێزێکیان له ده‌ره‌وه‌ی سوپا دروست نه‌کرد که پێشه‌نگی مۆدێڕنیزم بێ؟پرسیاره‌که‌تان ئه‌وه‌یه که بۆچی بورژوازی دروست نه‌بوو. له چین و ڕوسیاش بورژوازی نه‌بوو، به‌ڵام له‌وێ ڕه‌وتێکی ڕۆشنبیری به‌هێز هه‌بوو. ئه‌م ڕه‌وته، له ژێر ناوی یه‌کێتی دێهاتیه‌کان، ڕژێمێکی کۆمۆنیستیان دروست کرد که ئه‌مڕۆکه زۆر ڕوونتر ده‌بینرێ.
چی ده‌بینرێ؟ئه‌مه کۆمۆنیزم و شتی وا نه‌بوو. ئه‌مه شێوازی گه‌شه‌پێدان بوو له کۆمەڵگەیه‌کدا که توانای سه‌رمایه‌ی نه‌بوو. هه‌رچی ڕۆشنبیره‌کانی ئێمه‌ن، ده‌رفه‌تی دروستکردنی وه‌ها په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ چینی دێهاتی نه‌بوو. چونکه له ڕاستیدا وه‌ک مرۆڤ حیسابیان بۆ نه‌ده‌کردن. له بناغه‌ی ئه‌م کۆماره‌دا، ژماره‌یه‌ک نوخبه‌ی عه‌سکه‌ر – سڤیلی شاره‌کان هه‌بوون. به‌مجۆره ده‌وڵه‌تێک دامه‌زرا و ئه‌م ده‌وڵه‌ته، هه‌وڵی دا له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌تییه‌وه په‌ره به کاپیتالیزمی خۆی بدا. شێوازی مۆنۆپۆلی کاپیتالیزمی به‌کار هێنا. ئیتر له‌م وڵاته‌دا پاش چه‌ندین ساڵ، بورژوازییه‌ک دروست بوو که له‌گه‌ڵ توخمه‌کانی دامه‌زرێنه‌ری کۆمار تێک هه‌ڵه‌نگووت و کت‌وپڕ هه‌موو شتێک گۆڕا.
ره‌وشی ئه‌مڕۆی تورکیا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟ ئایا سوپا کاریگه‌ری تێک شکاوه؟له پێناو تێکشکانی ڕۆڵی سوپا پێویسته هه‌ندێک ناوه‌ند بگۆڕدرێن. هێشتا ئه‌مه ڕووی نه‌داوه. بۆ نموونه با بڵێین له ئه‌مریکا نئۆکانه‌کان سه‌رله‌نوێ ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌وه ده‌ست، که ئه‌گه‌رێکی به‌هێزه، له سیاسه‌ته‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی نئۆکانه‌کاندا، ئاکه‌په ده‌توانێ ڕۆڵی شوان بگێڕێ. ئه‌و کات سه‌رله‌نوێ په‌یوه‌ندییه‌کانی په‌نتاگۆن گه‌رموگوڕ ده‌بنه‌وه و میلیاریستی لێره خورت ده‌بێته‌وه. گه‌لێک ئه‌سته‌مه ئه‌م میلیتاریزمه وه‌ک جاران به سه‌ر کۆمەڵگەدا بسه‌پێنی به‌ڵام بۆی هه‌یه هه‌ر ئان کوده‌تایه‌ک بکا. کارتێکه‌ری سوپا، هێشتا تا ئه‌و پله‌یه تێک نه‌شکاوه که نه‌توانێ کوده‌تا بکا. له‌م وڵاته‌دا ئێستاش که ئێستایه سوپا به وه‌زاره‌تی پاراستنه‌وه نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه. کاروباری سه‌ربازی هێزێکی زۆری له ده‌ست داوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پشتیوانێکی پته‌وی ده‌ره‌کی لێ بکرێ، بۆ ماوه‌یه‌کی تر کاریگه‌ری هه‌روا ده‌مێنێ. له‌م وڵاته به‌شێوه‌یه‌کی جدی کۆمه‌ڵێک ئه‌قڵیه‌ت بۆ نموونه وه‌ک جه‌هه‌په هه‌ن که پشتیوانی له کوده‌تا ده‌که‌ن.
گه‌لۆ تورکیا بۆ گۆڕانکارییه‌کی ڕیشه‌یی ئاماده‌یه؟تورکیا ئاماده‌یه به‌ڵام نوخبه‌کانی ئاماده نین. ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ئێستاش هیچ چه‌شنه ئاماده‌ییه‌کی نییه.
له تورکیایه‌کدا که کاریگه‌ری سوپا هه‌روا درێژه بخایه‌نێ، ئایا کیشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌بێ؟به‌ڕای من له ناو خودی سوپاشدا، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه زۆره که به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتوون کاره‌که به‌مجۆره ناڕواته پێش. له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن پێویسته کۆمه‌ڵێک ئیمتیاز بدرێ و کێشه‌که چاره‌سه‌ر بێ، به‌ڵام نازانن کێشه‌که به‌م شێوه‌یه کۆتایی نایه. ته‌نیا به گۆڕانکاری له ده‌ستور، ئه‌م کێشه‌یه چاره‌سه‌ر نابێ. پێویسته که‌شی دیموکراتیزه‌بوون به هه‌موو ده‌رفه‌ته‌کانیه‌وه بڕه‌خسێ. جگه له‌مه، چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ته‌نیا شتێکی یاسایی و ده‌زگایی نییه. تاکوو تورکه‌کان تێڕوانینان نه‌گۆڕن و وه‌ک مرۆڤ حیساب بۆ کورده‌کان نه‌که‌ن، له ڕێگه‌ی یه‌کسانیه‌کی ده‌ستورییه‌وه، کێشه‌که چاره‌سه‌ر نابێ. به تایبه‌ت گه‌لی تورک ده‌بێ له‌نێوخۆدا ڕه‌وتێکی پوخته‌بوون بپێوێ. دیاره ئه‌م ڕه‌وته بۆ کورد و ئه‌و که‌سانه‌ش پێویسته که به ناوی گه‌لی کورده‌وه قسه ده‌که‌ن. چونکه له لایه‌نی کوردیشه‌وه، نه‌ته‌وه‌په‌رستی هه‌ندێک ڕه‌هه‌ندی نالۆژیکی به خۆیه‌وه گرتووه.
ئاکه‌په ده‌توانێ تورکیا دیموکراتیزه بکا؟ئاکه‌په، تورکیای تا ئه‌و شوێنه‌ی دیموکراتیزه ده‌کرا، دیموکراتیزه کرد. بۆ دیموکراتیزه بوونی زیاتر، پێویسته واز له ئه‌قڵیه‌تی ئێستا بێنین. وه‌ک ده‌بینن جیا له هه‌ڵوێست، قسه و بۆچوونه‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر، ئاکه‌په هیچ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌کی نییه. به پێی هه‌ڵوێسته‌کانی سه‌رۆک وه‌زیر، من چاوه‌ڕوانیه‌کی نوێم له ئاکه‌په نییه بۆ ئه‌وه‌ی له پێناو دیموکراتیزه‌بووندا هه‌وڵ بدا. بۆچوون و تێڕوانینی سه‌رۆک وه‌زیر و که‌سانی ده‌وروبه‌ری له مه‌ڕ ڕووداوی ئولوده‌ره (قه‌تڵوعامی سی و پێنج کاسبکاری کورد له گوندی ڕۆبوسکی سه‌ر به قلا‌بان. و) نیشانه‌ی ئه‌م ڕاستیه‌ن. به تێپه‌ڕبوونی کات، بۆی هه‌یه ئاکه‌په ڕووبه‌ڕوی هه‌ندێک قۆناغ ببێته‌وه، به‌و مانایه‌ی تاقمێک له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغان بمێننه‌وه و تاقمێکیش داکۆکی له جوڵانه‌وه‌یه‌کی پێشکه‌وتووتر بکا.