۱۳۹۱/۰۹/۱۵

هەڵەبجە: ئەو ڕۆژەی جیهان گریا


جان سیمپسۆن / بی بی سی
لە فارسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
نزیکەی ٢٥ ساڵ لەمەوپێش، سەربازە عێراقییەکان لە شاری کوردنشینی هەڵەبجە، هەزاران کەس لە هاووڵاتیانی خۆیان لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە کوشت. ئێستا بڕیار وایە چەند هەنگاوێک بەرز بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کام وڵات – یان کام کارگە – بەشێک لە ماددەی کیمایی بەکارهێنراوی دابین کردووە.

هێرشی کیمایی بۆ سەر هەڵەبجە ڕۆژی ١٦ی مارسی ١٩٩٨ (٢٦ی ڕەشەممەی ١٣٦٦) پێکهات و ئەنجامەکەی خوڵقاندنی یەکێک لەو خراپترین دیمەنانە بوو کە تا ئێستا بینیومە. تەرمی قوربانیەکان لە هەموو شوێنێک لە سەر یەک کەڵەکە کرابوو. کۆمەڵێک کەس لە سەر شەقام ڕازابوون و هەندێکیشیان لە پشت دیوارەکان خۆیان حەشار دابوو.

کاتێک لە نزیکترەوە سەیرم کرد، بینیم زۆربەیان هەوڵیان داوە قوربانییەکی دیکە داڵدە بدەن؛ کۆرپە، مناڵ یاخود هاوسەرەکەیان. پیاوەکانی سەددام حوسێن، گازی دەمار و ماددە کیمیاییەکانی تریان بە سەر هەڵەبجەدا ڕژاند بۆ ئەوەی وانەیەک بە دانیشتووانی کوردی ئەو شارە بدەن و لە بەرامبەر ئەم بۆمبانەدا، هیچ سەرپەنایەک بەدی نەدەکرا.

من پێشتر، لە جەنگەی شەڕی ئێران و ئێراق، کارتێکەری چەکە کیماییەکانم لە سەر سەربازەکان بینیبوو؛ هەر ئەو بیرەوەرییانە بە گوێرەی پێویست مەترسیدار بوون. بەڵام لەو خراپتر، بینینی ئەو گازە سامناک و بێ بەزەییانە بوو کە ئەو بەڵایەیان بە سەر پیاوان، ژنان و مناڵانی بێ دیفاع هێنابوو. هەندێک جار ئەو گازانەی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بە سەر خەڵکیاندا باراندبوو، کاریگەرییەکی کاتیان هەبوو.

من ماڵێکم بینی بۆمبێک لە سەر بانی ئەو ژوورەی ئەندامانی خێزان نانیان تێدا خواردبوو، کەوتبووە خوارەوە. گشتیان مردبوون، بەڵام ڕوون و ئاشکرا بوو کە هەموو شتێک لە ماوەی یەک دوو چرکەدا ڕووی داوە. پیرەمێردێک لە کاتێکدا پارووە نانێکی بە دەستەوە بوو، مردبوو. ئەوی تر بزەیەکی لە سەر لێو بوو و وێدەچوو خەریکی گێڕانەوەی قسەیەکی خۆش بێ.

هەندێکی تر ئارام ئارام و دوای چێشتنی ئازارێکی تاقەت پڕوکێن گیانیان سپاردبوو. ژنێکم بینی جەستەی شێوەی بازنەیەکی بە خۆوە گرتبوو، قاچەکانی گەیشتبووە پشت سەری. لە سەر جلەکانی شوێنەواری ڕشانەوە و خوێن دەبینرا و ژان و ئازار سیمای شێواندبوو.

ئەو خەڵکە بۆچی مردبوون؟ چونکە لە هەفتەکانی کۆتایی شەڕی ئێران و ئێراق، هەڵەبجە بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە هێزەکانی ئێرانی کردبوو. سەدام حوسێن و ئامۆزاکەی، عەلی حەسەن ئەلمەجید، ناسراو بە ''عەلی کیمیایی''، بڕیاریان دا هەڵەبجە بکەنە مایەی عیبرەتی ئەوانی تر.

هێزە ئاسمانیەکانی عێراق چەندین جۆری مادە کیمیاییەکانیان بەکار هێنا: گازگەلی دەمار وەک وی ئیکس، سارین و تابوون و گازێکی مەترسیدار و سەرەتایی تر بە ناوی خەردەل، کە لە سەردەمی شەڕی جیهانی یەکەم سوودی لێ وەرگیراوە.

ئەمڕۆکە هەندێک لەو بۆمبانەی لەو هێرشانەدا بەکار هاتوون، لە مۆزەخانەی هەڵەبجە نمایش دەکرێن. لە نێو زۆربەیاندا پەنکەیەکیان دانابوو کە بۆ تێکەڵکردنی مادە کیمیاییەکان سوودی لێ وەرگیراوە.

پێش هێرشە کیماییەکان، شار بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بە بۆمبی ناسراو بۆردومان کرا. وا دیارە عەلی حەسەن مەجید ویستوویەتی شووشەی بیناکانی شار بشکێنێ بۆ ئەوەی دەرفەتی خۆڕاگری لە بەرامبەر گازە ژەهراوییەکان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی. هێزە ئاسمانیەکانی ئێران منیان لەگەڵ گرووپێکی بچووک لە هەواڵنێرە دەرەکیەکان، بردە ئەو شارە.

دەوڵەتی ئێران ئەم ڕووداوەی بۆ سەرکەوتنێکی ئیعلامی بەکار هێنا و تاوانەکانی سەدام حوسێن دژ بە خەڵکەکەی نیشانی خەڵکی جیهان دا. کاربەدەستانی ئێران ڕێگەیان بە ڕزگاربووانی هێرشەکە نەدابوو بۆ ناشتنی تەرمی قوربانیەکان بگەڕێنەوە شار، بۆ ئەوەی تەرمەکانیان هەروا لەوێ بێ و ئێمە بیانبینین.

چەند کەس لە هەڵەبجە کوژران؟ من لەگەڵ بێلژیکیەک کە پسپۆڕی چەکە کیماییەکان بوو، لە شارەکە پیاسەم دەکرد و تەرمەکانم دەژمارد. دەرفەتێکی کەمم لەبەر دەم بوو: ئێراقییەکان دەیانزانی ئێمە لەوێین. لە کاتی نزیکبوونەوە لە شارەکە تەقەیان لەو فڕۆکەیە کردبوو کە ئێمەی تێدابووین و وێدەچوو هێزە ئاسمانیەکانی ئەوان بە چەکی کیمیایی زیاتر بۆ شارەکە بگەڕێنەوە و ئەمجارەیان دژ بە ئێمە بەکاری بێنن.

بۆیە ئێمە لە ڕووی ناچارییەوە، بە پەلە و بێ سرنجی پێویست ئامارمان کۆ کردەوە. بە گوێرەی بەراوردەکانی ئێمە، نزیکەی پێنج هەزار تەرم لە سەرانسەری شار لە سەر زەوی کەوتبوون. زۆر کەسی تر لە کاتێکدا هەوڵیان دابوو لە ڕێگەی چیاکانەوە خۆیان بگەیەننە ئێران، لە دەوروبەری شار مردبوون. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گومانانە، پسپۆڕەکان لە سەر ئەم ئامارە بیرورای جیاوازیان هەیە. بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی چارەگە سەدەیەک، سێبەری ترس هێشتا لە سەر شارەکە نەڕەویوەتەوە. بەشێک لەو گازە خەردەلەی لە کاتی هێرشەکەدا بە سەر ئەو شارەدا ڕژاوە، هێشتاش لە ژێرزەمین و پەناگاکانی شار، کە خەڵک لە کاتی بۆردوماندا پەنایان بۆ دەبرد، بەدی دەکرێ. بە پێچەوانەی گازەکانی دەمار کە زۆر زوو لە نێو دەچن، گازی خەردەل لە هەوا قورس ترە و دێتە خوارەوە و تەپگەلێک پێک دێنێ کە لە ڕۆژی ئەمڕۆشدا مەترسیدارن.

کاتێک لەگەڵ ئەندامانی تری گرووپ بە قادرمەکانی ژێرزەمینی ماڵێکدا چوومە خوارەوە، پاشماوەکانی گاز کە لە سەر ڕاخەرێکی کۆن بەجێمابوو، بۆ چەند سەعاتێک تووشی چاوکزانەوە و سەرئێشەی کردم. لە سەر عەرزەکە، تەرمی دوو مشک و ئێسک و پرووسکی پشیلەیەک کەوتبوو کە بە هۆی هەڵمژینی گازی ژاراوییەوە مردبوون. بە ئێمەیان گوت کە ئەم دواییانە کەسێک بە هۆی هەڵمژینی گاز لە ژێرزەمینێکی تر مردووە.

هێمیش دو بێرتون – گوردون، بەرچاوترین پسپۆڕی چەکە کیمیاییەکانی بریتانیا، کە پێشتر لە ڕێکخراوی پورتون داون (رێکخراوی توێژینەوەی سەربازی و زانستی بریتانیا) کاری دەکرد، لە سەر مەسەلەی خاوێن کردنەوەی هەڵەبجە لەگەڵ حکومەتی کوردستان خەریکی گفتوگۆیە. ئەو دەڵێ ''گرفتی ئێمە لەو ناوچەیە ئەوەیە کە بۆ دروستکردنی بینای نوێ، بناغە هەڵدەکەنرێ و لەو کاتەدا کۆمەڵیک گازی خەردەل کە لە ژێر بیناکە کەڵەکە کراوە، ئازاد دەبێ… لەم دواییانەدا، ئەمە بۆتە هۆی مردنی چەند کەسێک.''

ناوبراو دەڵێ: ''ئەمە یەکێک لەو کارانەیە کە هیواداریم بتوانین ئەنجامی بدەین. دەمانەوێ کەرەستە و ئامرازی چاودێری و کۆنتڕۆڵ لێرە دابنێین بۆ ئەوەی ئەگەر هات و نیشانەیەک لە بوونی گاز لە ناوچەکە بینرا، بتوانین هەنگاوی پێویست بەرز بکەینەوە تا مەترسی بۆ سەر خەڵک دروست نەکا. دوای خاوێن کردنەوەی هەڵەبجە، وێدەچی ئەم ناوچەیەش شان بە شانی سەرجەم ناوچەکانی تری وڵات پێش بکەوێ."

دو بێرتون – گوردون دەڵێ لەوانەیە بتوانرێ ئەو کەسانە بناسرێن کە مادەی کیمیایی سەرەتایی بە کار هاتوو لە هەڵەبجەیان بە سەدام حوسێن داوە. ئەو پێمی گوت: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانیشدا وەک ژێرزەمین و عەمبارەکان نموونەگەلێک لە گازی خەردەل ببینینەوە. ئەگەر بتوانین بۆ مولوکولی دروستکەر دابەشیان بکەین، ئەوا دەتوانین شوێن پێی بەرهەمهێنەرەکەی بدۆزینەوە و لەگەڵ نموونە باوەکان بەراوردیان بکەین."

ئەو پێی وایە لە ڕێگەی ئەم توێژینانەوە دەکرێ بزانن کام وڵات و تەنانەت کام کارگە، مادە کیمیاییە سەرەتاییەکانی گازی خەردەلی بە ئێراق فرۆشتووە. بەڵام دۆزینەوەی سەرەداوی چاوگەی گازەکانی دەمار مەحاڵ و ئەستەمە.

ئەو دەڵێ: "وەرگرتنی نموونەی تاقیکاری لەو کارگانەی کە بانگەشە دەکەن ئەم مادانەیان دروست کردوە، هاسان نییە… ئەگەر ئەوان وەها نموونەیەک بخەنە بەر دەستی ئێمە و ئەو نموونانە لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئێمە لە هەڵەبجە یەک بگرێتەوە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر دێتە کایەوە و بێگومان سرنجی دادگای سزا نێونەتەوەییەکان و بنکەکانی دیکە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. بەڵام ئێمە دەزانین کە هێشتاش ماددەی کیمیایی خەزنکراو لە ئێراق هەیە. ئەم ماددە خەزنکراوانە ژێدەرێکی باشن بۆ وەرگرتنی زانیاری و بە ئەگەرێکی زۆر دەبێ بتوانین نموونەیەکیان لێ وەربگرین و لەگەڵ دەرئەنجامە بەدەست هاتووەکانی هەڵەبجە، بەراوردی بکەین. بە دڵنیاییەوە ئەم کارە، شاهید و بەڵگەی بڕواپێکراومان بۆ پێک دێنێ. بە کورتی، ناسینەوەی فرۆشیارانی ماددە کیمیاییەکان بە ئێراق لە ڕوانگەی تەکنیکیەوە دەلوێ."

حکومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو گەڵاڵانەی نەداوە و دەڵێ بەر لەوەی ڕێگە بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بدا، دەبێ لەگەڵ توێژێکی بەربڵاو لە کۆمپانیاکان و خەڵکی شار ڕاوێژ بکا. بەڵام ئاشکرایە هەندێک کۆمپانیای دەرەکی بە ئەنقەست و لە ڕووی زانینەوە ئەم چەکە ماڵوێرانکەرەیان داوە بە ئێراق و مادام ئەو کۆمپانیایانە سزا نەدراون، دۆسیەی ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە بە یەکجاری نابەسترێ.

قوباد تاڵەبانی، وەزیرێکی پایەبڵندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کوڕی سەرۆک کۆماری ئێستای ئێراق دەڵێ: "بە ڕای من، لەبەر خۆمان و قوربانییەکانی ئەم بوویەرە، ئەرکی سەرشانمانە توێژینەوەیەکی ورد سەبارەت بە ڕووداوەکە ئەنجام بدەین."

بەڵام ئەگەر کۆمپانیا دەرەکییەکانی دابینکەری ئەم مادە کیمیاییانە بناسرێن، بۆی هەیە هەوڵێک لە بەرامبەریان ئەنجام بدرێ؟

قوباد تاڵەبانی دەڵێ: "بێگومان، بێگومان. ئێمە لەو ڕوەوە زۆر جدین. بنەماڵەی قوربانیەکانیش هەروا."

وێدەچێ یەکێتی سۆڤیەت کە لە بواری کەلوپەلی کیمیایی شەڕ توانایەکی بەرچاوی هەبوو، مادەی پێویستی خستبێتە بەر دەستی سەدام حوسێن. دەوڵەتی ئاڵمانیای ڕۆژئاواش لەو سەردەمەدا، بەرهەمە کیمیاییەکانی وڵاتەکەی لە پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیەکان لەمەڕ قەدەغەی فرۆشتنی چەکە کیمیاییەکان ئازاد کرد. ڕەنگە وڵاتانی دیکەش لەم مەسەلەیەدا دەستیان هەبووبێ.

کەوابێ، تۆ بڵێی ئەو کارەساتە سامناکەی لە هەڵەبجە ڕووی دا، دەسکەوتی ئەرێنیشی هەبووبێ؟ لەوپەڕی سەرسوڕماندا دەبێ بڵێین بەڵێ. لەقاودانی ڕووداوەکانی هەڵەبجە، ویژدانی جیهانی هەژاند و سێ ساڵ دواتر، بریتانیا و ئەمریکا لە ناوچەکانی باکووری عێراق ئاسمانی دژە فڕینیان ڕاگەیاند. ئەمە لە بەردەم هێرشی سەدام بۆ سەر کوردەکان ئاستەنگی دروست کرد و دەرفەتی بۆ ڕەخساندن دوور لە چاوی بەغدا بەرەو گەشانەوە هەنگاو بنێن. بە درێژایی ساڵانی نەوەد و ساڵانی دواتریش، پارەی نەوت، شارە گەورەکانی کوردستان و هەڵەبجەی گۆڕی.

بەڵام کەس لەم شارەدا ناتوانێ ڕووداوی ئەو ڕۆژەی ساڵی ١٩٨٨ لە بیر بکا. تەنانەت قسەکردن دەربارەی ئەو ڕۆژانە، هێشتاش فرمێسک لە چاوی خوێندکاران دێنێ. ئێستاش پیاوان و ژنان تووشی جۆرێک لە نەخۆشی شێرپەنجە دەبن کە بە ئەگەرێکی زۆر، پەیوەندی بە کاریگەریی ئەو بۆردومانە کیمیاییەوە هەیە. هەزاران کەسیش بە ترسناکترین شێوە گیانیان لە دەست دا.