‏نمایش پست‌ها با برچسب ییڵماز گونەی. نمایش همه پست‌ها
‏نمایش پست‌ها با برچسب ییڵماز گونەی. نمایش همه پست‌ها

۱۳۹۴/۰۷/۲۶

گاڵتە


ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

مناڵەکە فێر ببوو ناوی خۆی بنووسێ.
باوکی زۆری پێ خۆش بوو. گوتی:
"ئەی لەو بێ نامووسەی! چ زوو فێری نووسین بووە!"
ئەو خۆشییەی لە دڵی باوک گەڕابوو، مناڵەکەشی خۆشحاڵ کردبوو.
لە بەر ئەم وشانە نووسیەوە:
"دەرگا."
"نۆرە."
"قوتابخانە کرایەوە."
باوکی گوتی:
"ئەم گەوادە زۆر زرینگە. دەبێتە پیاو، ئەقڵم بە جارێ وەستاوە."
مناڵەکە لە ژمارە یەک تا دەی نووسیەوە.
باوکی لە خۆشیان نەیدەزانی بڵێ چی. 
"هەی کەری کەرباب هەی! کوڕە خۆ ژمارەکانیش فێر بووە!"
مناڵەکە ئەو وێنانەشی نیشانی باوکی دا کە کێشابوونیەوە. دارەکان و ماڵەکان بە خەتی ساکار و خوار و خێچ کێشرابوونەوە، خۆرێکی دەم بە بزە و خەپەڵەش کە تیشکۆڵەکانی بە ڕەنگی زەرد پەخش کردبۆوە…
باوکی مەیلی بزووت و گوتی:
"راوەستە، با ئەمنیش وێنەیەک بکێشمەوە."
رێک لە نێوەڕاستی دەفتەری نیگارکێشیدا، بە قەڵەمێکی کەسک، دارێکی پڕ پەلکی کێشایەوە، بە قەڵەمی سوور و زەرد، دارەکەی گوڵ ڕێژ کرد؛ لەسەر لکەکانیش مەلی پۆپە ئاڵ، مۆر و پرتەقاڵی تۆخی هەڵنیشاند.
"ئەمە داری چییە باوکە؟"
"دەبێ داری چ بێ، دارە ئیتر!"
"باشە ئەو کەڵەبابانە بۆ چوونەتە سەر دارەکە؟"
"کەڵەباب؟ کەڵەبابی چی؟ ئەوانە کەڵەباب نین، مەلن."
"مەلن؟ ئەوە چ جۆرە مەلێکن ئەو مەلانە؟"
باوک چ ناوێکی بۆ ئەو مەلانە پێ شک نەدەهات.
دایکی کەوتە نێو قسەکانیان و گوتی:
"ئەوانە مەلی باوکتن کوڕم."
پێکەنین.
وێنەکانی باوک، نە لە ڕواڵەت و نە لە ڕەنگ کردندا، جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ وێنەکانی مناڵەکەدا نەبوو.
….
رۆژێک لە ڕۆژان، مناڵەکە لە کاتێکدا دەیویست بچێ بۆ قوتابخانە، تووشی بە تووشی ڕووداوێک بوو.
ئاپۆرایەکی قەرەباڵغی ژنان و پیاوانی بینی.
مناڵێکی پێخواس دەگریا.
کابرایەکی چەقۆ تیژکەر لەگەڵ پیاوێکی قەڵەوی بیجامەپۆش بە دەنگێکی بەرز دەمەقاڵەیان بوو.
پیاوە قەڵەوەکە دەیگوت:
"لەسەر قسەکەم سوورم هەتیو، قسەکەم وەرناگرمەوە! دیسان دەیڵێمەوە: تۆ کابرایەکی بێ نامووسی!"
پیاوە چەقۆ تیژکەرەکە توڕە ببوو، ڕووخساری سپی هەڵگەڕابوو و دەلەرزی. دەیگوت:
"قسەکەت وەربگرەوە!"
"نەخێر!"
"من بێ نامووس نیم، بە ئارەقی نێوچەوانم نانی ڕۆژانەم دابین دەکەم؛ ئەگەر کەسێکی بێ نامووس هەبێ، ئەوە تۆی!"
پیاوە بیجامە لە بەرەکە بە یەکجاری هەڵچوو و شاڵاوی بۆ کابرای چەقۆ تیژکەر برد. چەند کەسێک پێشیان پێگرت.
پیاوە قەڵەوەکە دەست و پیلی ڕادەوەشاند و دەیگوت:
"هەتیوە جاشکە کەرە! دەزانی ئەمن کێم؟"
"کارم بەوە نییە تۆ کێی. ناتوانی بە من بڵێی بێ نامووس. بێ نامووس و جاشکە کەریش خۆتی!"
هەرچەند ناوبژیوانکەران دەیانگوت "وا مەکەن"، "تکایە"، "شوورەییە"، بەڵام نەیانتوانی پێش بە شەڕە دندوکی ئەوان بگرن. 
کابرای چەقۆ تیژکەر مقەستێکی ژەنگاوی بە دەستەوە بوو بۆ ئەوەی تیژی بکا، لە ناکاو و بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، مقەستەکەی لە ورگی پیاوە بیجامە پۆشەکە ڕۆ کرد. پیاوە بیجامە پۆشەکە خەڵتانی خوێن بوو. 
مناڵەکە سەری سووڕمابوو، لە ترسان لەو شوێنە دوور کەوتەوە.
لە کاتێکدا بەرەو قوتابخانە ڕایدەکرد، بیری دەکردەوە. 
ئەو پیاوە چەقۆ تیژکەرە بۆچی لە کابراکەی تری دا؟
چونکە گوتبووی "بێ نامووس"، "هەتیوە" و "جاشکە کەر"؟
ئەگەر ئەم وشانە بەو ڕادەیە خراپن، بۆچی باوکی بەردەوام پێی دەڵێ "هەتیوە بێ نامووسە"، "حەیوان"، "گەواد"، "کەر کوڕی کەر"، ''جاشکە کەر"؟
وەڵامێکی ڕوون و قایلکەری بۆ ئەم پرسیارانە نەدەدۆزییەوە.
مناڵەکە مەراقی نەشکا. لە کاتی وانە گوتنەوەدا، دەستی بەرز کردەوە و گوتی:
"مامۆستا!"
مامۆستا گوتی:
"چییە؟"
مناڵەکە هەستایە سەر پێ و گوتی:
"مامۆستا. گەواد یانی چی؟"
خوێندکارەکان پێکەنین.
مامۆستا کە چاوەڕوانی وەها پرسیارێک نەبوو، دۆش داما. لەسەر ماناکردنەوەی وشەکە دوودڵ بوو. دواجار گوتی:
"بۆچی ئەو پرسیارەت کرد؟"
مناڵەکە گوتی:
"باوکم.. باوکم بەردەوام پێم دەڵێ گەواد."
مناڵەکان سەر لە نوێ پێکەنینەوە.
مامۆستاش پێکەنی و گوتی:
"باوکت لە خۆشەویستیان وات پێ دەڵێ."
"ئەی بێ نامووس یانی چی؟"
"ئەمەشیان قسەی باوکتە؟"
"بەڵێ!"
مامۆستا گوتی:
"گاڵتەیە. بە گاڵتە وات پێدەڵێ. دیارە باوکت تۆی زۆر خۆش گەرەکە."
مناڵەکە بێ تاقەت لەسەر جێگەکەی دانیشتەوە. 
لەو کاتەدا هاوپۆلەکەی تەنیشتی سەری بردە پێش و بە گوێیدا چرپاند:
"گەوادی بێ نامووس!"

۱۳۹۳/۱۲/۰۴

دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دێرێکی کۆن له‌ گوندێکی بچووکی باکووری فه‌ره‌نسا بۆتە بەشێک لە تورکیا. له‌ نزیک دێرەکە تابلۆی "گرتووخانەی ناوه‌ندی"، به‌زمانی تورکی و له‌ ته‌نیشت په‌یکه‌ره‌یه‌کی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م به‌دی ده‌کرێ. لە هەموو شوێنێ، تابلۆکان باس له‌ شکۆ و شانازی کەماڵیست بوون دەکەن: "چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم". له‌ ناو حەساری بیناکەدا، چەند دیوارێک بۆ چاودێری کردنی پیاسە و هاتوچۆی ڕۆژانەی گیراوان بەرز کراونەتەوە و لەوێوە ژاندەرمەیەک لە نێو بورجی پاسەوانیدا چاوی تێبڕیون. سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ دێرێک وا بە هاسانی ببێته‌ گرتووخانە. لە بەردەم دەرگای بیناکەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاک، بە پلاکی ئانکارا، هێدی هێدی لە ئاپۆرای ژنانی لەچکە بە سەر و ئەو پیاوانە نزیک دەبێتەوە کە پانتۆڵێکی فشیان لە بەر دایە.

وێنە هەڵگرتنەوە لە "دیوار"
 لە تەنیشت کامێرا، ییڵماز گونه‌ی، خەریکە وێنە هەڵگرتنەوەیە لە چاودێری گشتی گرتووخانە - چاودێر کەسێکی فەڕەنسییە، تەنانەت ئەندامێکی کابینەی ژاک لانگی وەزیری فەرهەنگە. ییڵماز گونەی، هێمن و ئارام، وەک هەمیشە دەم بە بزە، لە نێوەڕاستی دەستەیەک ئەکتەری لاوەکیدا بەدی دەکرێ.
"با شووشەکان بشکێنن تا مه‌له‌کان ئازاد بن" ناونیشانی ئەم فیلمەی دواییە کە هێشتا بڕیاری یەکجاری لەسەر نەدراوە. فیلمەکه‌ باس لە سەربوردەی شۆڕشێک لە نێو گرتووخانەدا دەکا. شۆڕشەکە لە لایەن مناڵانەوە هەڵدەگیرسێ - ئێمە ییڵماز گونەی دەبینین، خەریکە بە ئەکتەرێکی ناشی بە ڕەچەڵەک ئۆرۆگۆیی کە ڕۆڵێ پاسەوانێک دەبینێ، دەڵێ چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدا ئەگەر یەکێک لە مناڵەکان بە چەقۆی چێشتخانەوە هەڕەشەی لێکرد. به‌ڵام شۆڕش سەرناگرێ و فیلمه‌که‌ بە سەر لە نوێ گەڕانەوەی مناڵەکان بۆ گرتووخانە کۆتایی دێ.
دروستکردنی که‌شوهه‌وایه‌کی تایبه‌ت به‌ ژووری ناوەوەی گرتووخانەیەک له‌ گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌ ئاماتۆڕه‌کان کارێکی زۆر دژواره‌. ییڵماز گۆنه‌ی لە ڕێگەی "ریالیزمێکی شاعیرانه‌"ەوە توانیویەتی ئەم کارە بکا.

سوپایەک لە ڕۆڵی لاوەکی و ئەکتەری ناشارەزا
ییڵماز گونەی بە بەشداری سەد مناڵێکی کورد فیلمەکەی دروست دەکا کە شەوانە لە ژووری نوستن دەخەون - هەندێک لە بەرلێنی ڕۆژئاواوە هاتوون - و هەروەها نزیکەی سەد تا دووسەد کەسی بە تەمەن؛ پاسەوانەکانی گرتووخانە، کەس و کاری گیراوان کە لە کارگەی پۆشاک یا خود کارگە پیشەییەکانی دەوربەری پاریس کار دەکەن. جگە لەمانە نزیکەی سەد تەکنیکارێکی ناشارەزاش لەگەڵ گونەی لە دێرەکە دەژین. مناڵەکان خۆشحاڵن و ئەکتەری باشن: "بیر بکەنەوە دەبێ چ ڕوداوێکی گەورە بێ بۆ ئەو مناڵانە کە لە بەرلین و ناوچە پەراوێزەکانی پاریس تەنانەت ناتوانن خەون بە ژیانێکی ئاساییەوە ببیننن. لێرەش ئەکتەری سینەمان." 
 لە کاتە ئاساییەکاندا، هۆڵەکانی دێر وەک قوتابخانەی گوند کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. قوتابخانەیەکی تا بڵێی کەونەشۆپ؛ له‌ نێو پۆلێکی مناڵان، خوێندکاران یاساکانیان لەسەر دیوار نووسیوە، بە تایبەت ئەم یاسایە: "خه‌وتن له‌ کاتی وانە گوتنەوەدا قه‌ده‌غه‌یه‌!". لە پێناو ئازادییەکی زیاتر، گونەی پێشنیارەکانی دروستکردنی خانوویەکی گەورەی بەرهەم هێنانی فیلمی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام ئەو بەرهەمهێنەرەی هەڵیبژاردبوو، هەلومەرجی کاری سەخت و دژواری خستبووە بەردەم. هیچ شتێک نابێ لە سیناریۆی فیلمەکەدا دەستچن بکرێ بەر لەو ڕێکەوتەی بەرهەمهێنەر بۆ وەگەڕخستن دیاری کردوە. ئەو دیمانەیەی کە ییڵماز گونەی سەرباری مژووڵبوونی دەرفەتی سازدانی بۆ ڕەخساندین، وتوێژێکی ئاوارتەیە لەو بێدەنگییەی ئەو گرتویەتیە بەر….

پ: ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە، فیلمی "مێگەل" و "رێگا" چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ییڵماز گونەی: وەکوو هەموو دەرهێنەرانی تورکیا و کوردستان، له‌ سەر ڕێگاکەمان ڕووبه‌ڕووی تەنگ و چەڵەمەی ڕژێمی سەرکوتکەر بووینەوە. به‌ درێژایی ژیانی سینه‌ماییم، زۆر ڕێگه‌م بۆ ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌کانم به‌تاقی کردۆته‌وه‌. ده‌بێ ڕاستگۆیانه‌ دان به‌وه‌دا بنێم که‌ هیچکام له‌به‌رهه‌مه‌کانم تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌و شته‌یان ده‌رنه‌بڕیوه‌ که‌ خۆم ویستومه‌، نه‌ له‌قه‌واره‌ و نه‌ له‌ناوه‌ڕۆکدا. تایبەتمەندی زاڵی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئەوەیە کە ڕێگه‌چاره‌یه‌کن بۆ سازان.
 "مێگەل" له‌ڕاستیدا بەسەرهاتی گه‌لی کورده‌، به‌ڵام من تەنانەت نه‌متوانی له‌م فیلمه‌دا زمانی کوردی بە کار بێنم. ئه‌گه‌ر زمانی کوردیم تێدا به‌کار هێنابا، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی هاوکاری فیلمه‌که‌یان کردبوو، ده‌خرانه‌ گرتووخانەوە. سه‌باره‌ت به‌فیلمی "رێگا"ش دەبوو زیاتر لەسەر دیاربەکر، ئورفا و سیرت بوایە. هەر چەند فیلمەکە لە ئەوروپا مۆنتاژ کرا، بەڵام نەمتوانی هەمووی بە زمانی کوردی دوبلاژ بکەم. به‌جێگه‌ی ئه‌مه‌ هه‌وڵمدا ئه‌م که‌موکوڕییه‌ به‌مۆسیقا قه‌ره‌بوو بکه‌مه‌وه‌.

پ: قاره‌مانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی فیلمه‌کانت زۆربه‌یان کوردن و شوێنی ڕووداوه‌کانیش کوردستانه‌، چۆن ده‌توانن ئه‌م فیلمانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتەکەتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: لێره‌ ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەکین: له‌ کرده‌وه‌دا ته‌نها ئه‌کته‌رێکی پڕۆفشنه‌ڵمان هه‌یه‌ ("تونجه‌ل کورتیز" که‌ لە فیلمی "مێگەل"دا ڕۆڵی باوک ده‌بینێ)؛ ئه‌وانی تر هه‌موویان ئاماتۆڕن و هه‌رگیز له‌ هیچ فیلمێکدا ڕۆڵیان نه‌بینیوه‌. هێنانی ئه‌کته‌ری شارەزا له‌تورکیایه‌وه‌ مەحاڵه‌... ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌وروپاشن زاتی ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ فیلمه‌کانمدا ڕۆڵ ببینن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئامادە نین قسه‌شم له‌گه‌ڵ بکه‌ن.

پ: چۆن شتی وا دەبێ؟ ئاخۆ ئه‌کته‌ره‌ تورکه‌کان شانازی بەوەوە ناکەن له‌ گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رێکدا کار بکه‌ن که‌ خه‌ڵاتی خورمای زێڕینی لە ڤێنیز وه‌رگرتوه‌.
ی. گ: ئه‌وانه‌ی له‌ قۆناغە ئارامەکاندا سروودی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، پێیان باشه‌ له‌ ڕۆژە سەختەکاندا خۆیان لە پشت دەرگاکان حه‌شار بده‌ن…. چش. من کامێرامانی تورکم لەگەڵە به‌ڵام تەکنیک کارەکان لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕ نین. بۆ نموونە بۆ دیکۆڕ تەنانەت یەک کەسی شارەزام لەگەڵ نییە.

پ: ئێوه‌ تەنیا ئاماژه‌تان به‌و کێشه‌ ته‌کنیکییانه‌ دا که‌ له‌ کاری وێنه‌گرتن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. به‌ڵام کێشه‌ سه‌ره‌کییەکان هەر لە جێی خۆیانن: ئێستا که‌ ڕەگ و ڕیشەتان له‌ تورکیا هەڵکەنراوە، چۆن ده‌توانن فیلمەکانتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: مژاری فیلمه‌که‌ی ترم لەسەر گرتووخانەیە. تیایدا تاریکی، خەم و خه‌فه‌ت دێنمه‌ سه‌ر په‌رده‌، ئەو شتانەی پێویستیان بە سرووشت و دیمەنەکانیەوە نییە.

پ: چما گرتووخانە؟
ی. گ: له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که‌ باشترین سووژەیە په‌یوه‌ندیی به‌ بارودۆخی ئێستای تورکیاوه‌ هه‌بێ، دووهه‌میان من هێشتاش ئاماده‌ نیم له‌ که‌شوهه‌وای ئه‌وروپادا وێنه‌گری بکه‌م.

پ: هەڵبەت، دیارە ئێوه‌ سیناریستێکی تورکیان که‌ له‌ هه‌موو شتێک زیاتر باس له‌ مرۆڤ و سرووشتی وڵاته‌که‌ی ده‌کا، به‌ڵام فیلمەکانت لە لایەن هاوڵاتیانی خۆتەوە نەبینراون. ئێستاش ئێوە لە مەنفا سەرقاڵی کارکردن لەسەر ئەو گەلە و ئەو سرووشتەن. چۆن ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؟
ی. گ: بێگومان ئێمە ڕێگه‌یەک دەبینینەوە بۆ ئەوەی گەلەکەمان فیلمی (رێگا) ببینێ... به‌ڵام ناتوانم پێتان بڵێم چۆن. جگە لەمە، دوای ئه‌م فیلمه‌م که‌ ده‌رباره‌ی گرتووخانەیە، نامه‌وێ فیلمێکی تر له‌ سەر کوردستان، لە کەشوهەوایەکی دەسکرددا دروست بکه‌م.

پ: که‌ی زانیتان کوردن؟
ی. گ: ئەگەر ڕاستیتان دەوێ، من کوردێکی ئاسیمیلە کراوم: دایکم کورمانج و باوکم زازایه‌. له‌ مناڵیمه‌وه‌ تا پانزه‌ ساڵیش له‌ناو ماڵدا به‌ کورمانجی و زازاکی قسه‌مان ده‌کرد. پاشان من له‌ ژینگەی ماڵبات دابڕام، شتێک کە تەنانەت زەبری لە شوناس و خۆناسینم دا. بە درێژایی ئەم ماوەیە، به‌رده‌وام گوێم لێ دەبوو کە دەیانگوت: "کورد و زمانی کوردی بوونی نییە"، به‌ڵام من دەمبیست بە کوردی قسە دەکەن و بە کوردی گۆرانی دەڵێن، ده‌مبینی که‌ کورده‌کان له‌ دۆخێکی زۆر ناله‌بار دان. باوکم بە ئەسڵ خه‌ڵکی سیڤه‌ره‌که‌، ئه‌و شوێنه‌ی تا شانزه‌ ساڵیم نه‌مبینی. هه‌ر له‌وێ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەم لا دروست بوو. لەوێ توانیم په‌ی به‌ ڕه‌نج و ئازاری بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ ڕیشه‌ ببه‌م؛ باوکم و دایکم به‌رده‌وام ده‌یانگوت: "ئێوه‌ له‌ریشه‌ دابڕاون".. له‌ ته‌مه‌نی 34 ساڵیدا توانیم زێدی دایکم "مووش" ببینم، دایکم سه‌ر به‌ هۆزی "ژیبران" بوو. هەوێنی چیرۆکی "مێگەل"، به‌سه‌رهاتی کۆتایی هاتنی ئه‌م هۆزه‌ کۆچه‌ره‌یه‌.

پ: کوردستان له‌ فیلمه‌که‌ی داهاتوتدا چ پێگه‌یه‌کی ده‌بێ؟
ی. گ: پرسی کورد، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، نه‌ک بە تەنیا له‌ وڵاتی تورکیا، به‌ڵکو له‌ ئێراق و ئێرانیش. بە تەمام ڕۆژێ فیلمێک لەسەر تێکۆشانی گەلێک لە پێناو هاتنە دونیا یاخود ژیانەوەدا دروست بکه‌م. ئێستا کێشەیەکی گەورەیە. پێویستە ڕێگە چارەی پرسی کورد له‌ گۆشە نیگای جیاوازه‌وه‌ تاوتوێ بکرێ. ئەستەمە بە شێوازێکی ئۆبژەکتیف بتوانی لەم کێشەیە نزیک ببیەوە. مێژووش تەنیا ئەوە نییه‌ تەژی بکەی له‌ سه‌رکه‌وتن، به‌ڵکه‌ پڕاوپڕە لە شکست، لاڕێبوون و هه‌ڵخه‌ڵه‌تان.

پ: مانەوەتان لە فەرەنسا پەرانتێزێکە لە کار و پیشەتاندا؟
ی. گ: من به‌ پێی مۆڵه‌تێکی تایبه‌ت لە فەرەنسام، ته‌نها بۆ وێنه‌گرتنی ئه‌م فیلمه‌. مۆڵه‌تیان پێداوم تا فلیمه‌که‌م ته‌واو ده‌بێ، لێره‌ بم. پاشان نازانم. نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ قسه‌ بکه‌م…

میدل ئێست ماگازین، ژانوییەی ١٩٨٣

۱۳۹۳/۰۲/۲۲

پێشەکیی ییڵماز گونەی بۆ کتێبی چیرۆک بۆ کوڕەکەم


هەر لە ساڵی ١٩٧٢ەوە، ئەو کاتەی لە "سەلیمییە" بووم، بیری نووسینی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" ختوکەی مێشکی دام. هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە، دەشێ میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ. لەم پێناوەدا، چەند هەوڵێکی ناسەرکەوتوو، نیوەچڵ و نادڵنیام دا. ناوەڕۆک، شێواز و ئاکام بە هیچ جۆرێ قایلیان نەکردم. 
نیازم وابوو ئەو مرۆڤانەی چیرۆکەکانم دەخوێننەوە، بکەونە ژێر باندۆڕەوە، بیر بکەنەوە و لە ئاڕاستەی گۆڕانکاریدا، مەیل و حەزیان بوروژێ. ئەم هەستی گۆڕانە لە کردەوەدا پێک بێنن و بەمجۆرە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەمان دەوڵەمەند بکەن.
لەم چوارچێوەیەدا خۆم ماندوو کرد، نووسیم، ڕەشم کردنەوە، سەر لە نوێ نووسیمنەوە، دڕاندمن. دواجار بەو بڕیارە گەیشتم کە تیایدا سەرکەوتوو نابم و لە توانای مندا نییە.
بەڵام نەدەبوو ڕێگە بە نسکۆ و بێ توانایی بدەم؛ سەر لە نوێ دەستم بەو خەباتە کردەوە. کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٧، لە گرتووخانەی قەیسەری، توانیم یەکەم چیرۆکم بنووسم کە هەستم کرد ناواخن و شێوازەکەی تەواوکەری یەکترین و لە خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم نزیکە. بە خۆمم گوت دەبێ لێرەوە دەست پێ بکەم. چیرۆکی "بڕوا بە ناوکە قۆخ بێنە، متمانەت بە هێزی خۆت هەبێ" یەکەم نموونە و هەنگاوی ئەو خەباتە بوو.
رۆژێک کە چاوم بە دەستنووسە کۆنەکانمدا دەگێڕا، چیرۆکێکم بینیەوە کە لە گرتووخانەی سەلیمییە نووسیبووم و لە دڕاندن ڕزگاریی ببوو:
"مراوی و مناڵ"...
ئەم چیرۆکە، نموونەیەکە لە ئەزموون و تاقیکردنەوە سەرەتاییەکانم و ئەگەر بمەوێ لەگەڵ چیرۆکەکانی ترمدا بەراوردی بکەم، دەبێ بڵێم لە ڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە جیاوازە و وەک یەکەم نموونە لە کار و هەوڵەکانم، لەم کتێبەدا بڵاوم کردۆتەوە.
ئەم چیرۆکانە، دیارییەکە لە ناخی دڵمەوە بۆ کوڕەکەم و لە ڕێگەی کوڕەکەمەوە بۆ هەموو مناڵانی دونیا. ئەگەر لە پێشکەوتنە ئەرێنییەکانی ئەواندا پشکی هەبێ، ئەوا بۆ من مایەی شانازییە.

ییڵماز گونەی
٢٠ی دێسامبری ١٩٧٨
 گرتووخانەی "تۆپتاشی"

۱۳۹۳/۰۲/۱۳

داشقەی دار



ییڵماز گونەی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
مناڵ بەدەم گریانەوە گەڕایەوە ماڵێ.
باوکی گوتی: "بۆچی دەگری کوڕە جوانەکەم؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم داشقەی داری هەیە، بەڵام سوارم ناکا. منیش داشقەم دەوێ."
باوکە گوتی:
"ئێوە ئاواڵی یەکترین، داشقەیەک بەشتان ناکا؟"
مناڵەکە گوتی:
"ئەکرەم قەت من سوار ناکا. هەر ئەو سوار دەبێ و منیش ڕایدەکێشم. دەڵێ ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی. دەڵێ ئەو داشقەیە ئی منە، ئەتۆ ئەسپی داشقەکەمی."
"جاران تۆ و ئەکەرەم نێوانتان خۆش بوو.. باشترین ئاواڵ بوون، یەکتریشتان زۆر خۆش دەویست… بۆ وای لێهات؟"
مناڵەکە فرمێسکەکانی سڕینەوە و گوتی:
"باوکی ئەکرەم داشقەی داری بۆ دروست کردوە! پێش ئەو داشقەیە نێوانمان خۆش بوو، زۆریش خۆش بوو. ئەسپی قامیشمان هەبوو و بەردەوام بە یەکەوە قومارمان دەکرد. دوایی باوکی ئەکرەم، داشقەیەکی داری بۆ دروست کرد. لەو ڕۆژەوە گۆڕاوە. قەت سواری داشقەکەم ناکا و هەر دەبێ داشقەکەی ڕابکێشم… زۆر جار پێشم ڕاناکێشێ، مناڵی دیکە ڕایدەکێشن…"
"دەی ئەوان ڕایکێشن باشترە.. تۆ ڕایناکێشی."
"ئەگە من ڕاینەکێشم، منداڵەکانی دیکە ڕایدەكێشن. پێی دەڵێم ئەکرەم با هەندێکیش ئەمن سوار بم، تۆ ڕایکێشە، دوایی تۆ سوار بە و من ڕایدەکێشم. دەڵێ نابێ. دەڵێ هەموو مناڵەکان پێیان خۆشە داشقەکەم ڕابکێشن. زۆری شایی بە داشقەکەیەتی. ئێستا بابی بۆیاغیشی بۆ کڕیوە و داشقەکەی بۆ ڕەنگ دەکا. ڕەنگی شین و کەسکی لێدەدا."
"بە مناڵەکان بڵێ با ئەوانیش ڕاینەکێشن… یەک بگرن، قسەتان بکەنە یەک، بە نۆرە سوار بن و بە نۆرە ڕایکێشن."
"گوێ لە قسەی من ناگرن خۆ.. هەموویان بە دووی ئەکرەمدا غار دەدەن. لەسەر ڕاکێشانی داشقەکە خەریکە یەکتری بخۆن. بە ئەکرەمم گوتوە ئەمنیش سوار کە، من ئاواڵێ تۆم. پێم گوتوە تۆش کەمێکی ڕاکێشە. دەڵێ نا. نە من سوار دەکا و نە مناڵەکانی دی."
باوکە بیری کردەوە. گوتی:
"وا دیارە ئەو داشقەیە کەوتۆتە نێوان تۆ و ئەکرەم و ئەکرەمی گۆڕیوە. ئەگەر ئەو داشقەیە ئی ئەکرەم نەبوایە و ئی تۆ بوایە، یانی ئەگەر ئەکرەم داشقەی نەبوایە و من داشقەیەکەم بۆ ساز بکردایەی، تۆ ئەو کارانەت دەکرد کە ئەکرەم ئێستا دەیانکا.. سواری داشقەکە دەبووی، مناڵەکانت وە دووی خۆت دەدا و شاییت بە خۆ دەبوو و …"
"ئەمن وام نەدەکرد.. هەموو مناڵەکانم بە نۆرە سوار دەکرد."
باوکە پێکەنی و گوتی:
"باشە کوڕم. منیش داشقەیەکی دارت بۆ دروست دەکەم."
مناڵەکە شاگەشکە بوو و گوتی:
"با لە داشقەکەی ئەکرەم جوانتر بێ، ڕەنگەکەشی سوور بێ."
باوکە یەکسەر خەریکی دروست کردنی داشقەی دار بوو.
مناڵەکە دڵخۆش بوو.
چاوەڕێ بوو داشقەکە تەواو بێ.
کاتێک داشقەکە تەواو بوو، مناڵ بە پێکەنینەوە هەمبێزی بە باوکی داکرد و لە دڵەوە ماچی کرد.
باوک چاوی لە کوڕەکەی دەکرد کە بە پۆلی منالانەوە پەیوەست بوو.
مناڵێک، داشقەکەی ئەکرەمی ڕادەکێشا.
مناڵانی دیکەی گەڕەک، کە کوڕەکەیان بینی داشقەیەکی تازەی پێیە و نزیک دەبێتەوە، خێرا تێی هاڵان…
مناڵەکە گوتی: "داشقەی خۆمە. بابم بۆی دروست کردووم. سبەینێش ڕەنگی سووری لێدەدا."
یەکێک لە مناڵەکان ویستی سواری داشقەکەی بێ. مناڵەکە بە توڕەییەوە پاڵی پێوە نا و قیژاندی:
"داشقەی خۆمە."
کەمێک دواتر، بە فیزەوە داشقەکەی دامەزراند.
مناڵەکە قەڵسەی لە ئەکرەم دەگێڕا، بێ ئەوەی لێی دوور کەوێتەوە، داشقەکەی بە یەکە یەکەی مناڵەکان ڕادەکێشا.
ئەکرەم گوتی:
"داشقەی من لە ئی تۆ باشترە."
مناڵەکە گوتی: "نەخێر. داشقەی من باشترە."
ئەکرەم گوتی: "با کێبڕکێ بکەین."
مناڵەکە بە تانەوە گوتی: "باشە."
لە نێو دەستەی مناڵاندا دوو ئەسپیان هەڵبژارد.
باوکە پێکەنینێکی تاڵ لەسەر لێوانی نیشت.
ژنەکەی پێی سەیر بوو کە بینی مێردەکەی لە خۆیەوە پێدەکەنێ، لێی پرسی:
"خێرە. بە چی پێدەکەنی؟"
پیاوەکە گوتی: "پێکەنینم بە داشقە دێ."
ژنەکە سەری بۆ لای مناڵەکان وەرسووڕاند.
داشقەی ئەکرەم و کوڕەکەی لە تەنیشت یەک، چاوەڕێی دەست پێکردنی کێبڕکێ بوون. مناڵێک ژمارەکانی دەبژارد:
"یەک… دوو… سێ."
ژمارەی سێی گوتبوو و نەگوتبوو، دوو داشقەکە وە ڕێ کەوتن.
ئەکرەم و مناڵەکە، دەستیان ڕادەوەشاند، وەک بڵێی بە قەمچی لە ئەسپەکانیان دەدەن و بە جۆش و خرۆشەوە دەیانگوڕاند:
"دەی.. دەی.."
مناڵەکانی دیکەش بە کەیفەوە بە دووی داشقەکاندا هەڵدەهاتن. منداڵێک کەوتبوو و لە پشت هەموویانەوە دەگریا.

۱۳۹۲/۱۱/۱۱

چیرۆک بۆ کوڕەکەم بە کوردی


گۆڤاری "توركیاناسی" كتێبی "چیرۆك بۆ كوڕەكەم"ی چاپ و بڵاوكردەوە، كە كۆمەڵە چیرۆكێكی نووسەر و دەرهێنەری ناسراوی كورد ییڵماز گونەیە و سەڵاحەدین بایەزیدی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لە بارەی کتێبەکە و لە لێدوانێکدا بۆ بەشی (ئەدەب)ی ڕۆژنامەی هەولێر، وەرگێڕ (سەڵاحەدین بایەزیدی) گوتی: "کتێبەکە سیانزە چیرۆکی کورت و دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی لە خۆ گرتووە. هەروەک نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی دەکا، بۆ یەکەمجار لە گرتووخانەدا بیری نووسینی چیرۆکەکان ختووکەی مێشکی داوە. وەک هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە و سەرکێشی هەیە، بە پێویستی زانیوە میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ."
بایەزیدی ئەم چیرۆکانەی لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕاوە و سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان و کردنی بە کتێبێک گوتی: "هۆکارەکان زۆرن، یەکەم لەبەر ئەوەی ییڵماز گونەی فیلمساز و دەرهێنەرێکی کوردە و لە دیدێکی شۆڕشگێڕیی کوردییەوە چیرۆکەکانی نووسیوە، تەنانەت لە یەک دوو چیرۆکدا ڕاشکاوانە هەوڵی داوە ئازار و نەهامەتییەکانی کورد بێنێتە زمان. لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ئەو بۆشاییەی لەم بوارەدا لە کتێبخانەی کوردی بەدی دەکرێ. بەداخەوە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کەمتر بایەخ بە ئەدەبیاتی مناڵان دەدەن و بە تەواوی پشتگوێیان خستووە."
شۆڕش محەممەد

۱۳۹۲/۱۰/۲۵

چیرۆک بۆ کوڕەکەم


ناوی کتێب: چیرۆک بۆ کوڕەکەم (کۆمەڵە چیرۆک)
نووسەر: ییڵماز گونەی
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
نۆرەی چاپ: یەکەم، 2014
تیراژ: 2000 دانە
نرخ: (3000) دينار
چاپخانە: بەردان- ئیستانبوڵ
لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تورکیا ناسی - هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان
ژمارەی سپاردنی (6)ی ساڵی 2014ی دراوەتێ.

۱۳۸۸/۰۵/۲۳

پێرلاشێز؛ نیشتمانی دوای مه‌رگ



سەلاحەدین بایەزیدی - فەڕەنسا

 
باغێكی گه‌وره بۆته نیشتمانی هه‌میشه‌یی سه‌دان شاعیر، ڕۆماننووس، مۆسیقاژه‌ن، نیگاركێش، بۆته نیشتمانی سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رباز، زه‌نگین و به‌له‌نگاز، ئانارشیست و سه‌ڵته‌نه‌تخواز، فێمێنێست و پیاوسالار، بێ نیشتمان و خاوه‌ن ماڵ، بورژوا و كۆنه‌په‌رست، به‌ناوبانگ و گومناو له‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان و گشتیان بێ جیاوازی و به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌ژین، بێ جیاوازی ناسنامه و ڕه‌گه‌ز و ڕه‌نگ. ئه‌مه نیشتمانی ناو چیرۆک و وڵاتی ناو خه‌ونه‌كانی په‌نابه‌رێک نییه، به‌ڵكه گۆڕستانێكه كه ناو و گه‌وره‌ییه‌كه‌ی، هێمایه‌كه له‌ فره‌چه‌شنی مرۆڤه‌كان و له‌ هه‌مانكاتدا یه‌كسانبوونی ئه‌وان. له‌و نیشتمانه‌دا كاتۆلیک، پرۆتستان، ئه‌رتدۆكس، جوله‌كه، موسڵمان، بودایی، فراماسۆن و ئاته‌ئیست و بڕوادارانی ئایین و ئه‌ندێشه‌كانی تر بێ چاوسوركردنه‌وه‌و به‌گژیه‌كداچوون له‌ ده‌وری یه‌ک كۆبونه‌ته‌وه.

گۆڕستانی پێرلاشێز له‌ناوی ((Père Francois de la Chaise (1624-1709 ) وه‌رگیراوه، كه به‌ یه‌كێک له‌ كه‌سایه‌تییه دیاره‌كانی دادگای فه‌ره‌نسا دێته ئه‌ژمار و كه‌سێكه دانپێنانی له‌ (لویی شانزه‌هه‌م) وه‌رگرتووه. پێرلاشێز كه‌شه‌یه‌كی جێگه‌ی متمانه‌ی لویی چارده‌هه‌م و كه‌سێكی ده‌ست ڕۆشتوو بووە. ئه‌و به‌ باوكی لاشێز یان وه‌ک فه‌ره‌نسیه‌كان ده‌ڵێن پێغلاشێز به‌ناوبانگ بووە. ئه‌م گۆڕستانه ٢١ی مه‌ی ساڵی ١٨٠٤ له‌لایه‌ن ناپلیۆنه‌وه دروست كراوه و، له‌ ساڵی ١٧٨٦ه‌وه تا ئه‌وكات دروستكردنی گۆڕستان له‌ناو شاری پاریس قه‌ده‌غه كرابوو.

سه‌ره‌تا گۆڕستانه‌كه پێشوازی لێ نه‌كرا و ب ه‌هۆی دووربوونی له‌ پاریس، كه‌متر مه‌راسیمی پرسه‌ی و به‌خاكسپاردنی تێدا ئه‌نجام ده‌درا. پاریسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان پێیان نه‌نگ بوو، ته‌رمی كۆچكردووه‌كانیان له‌و شوێنه بنێژن و به‌مجۆره گۆڕستانه‌كه ته‌ریک و دوورەپه‌رێز مایه‌وه تا كاربه‌ده‌ستانی شاره‌وانی په‌نایان به‌رده به‌ر هونه‌رمه‌ندان و، هاتنه سه‌ر ئه‌وه‌ی شێوازێكی نمایشی بۆ به‌كارهێنانی ئه‌م فه‌زایه بدۆزنه‌وه. وه‌ك سه‌ره‌تاش، ئێسك و پروسكی هه‌ندێك نوسه‌ری وه‌ک "لافۆنتێن" و "مولیرزا" له‌ ئه‌نجامی مه‌راسیمێک و له‌ساڵی ١٨٠٤ بۆ ئه‌و شوێنه گوازرانه‌وه.

به‌گوێره‌ی ئاماره‌كان ته‌نها له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا، ژماره‌ی گۆڕه‌كانی پێرلاشێز له‌ سه‌د گۆڕه‌وه بوو به ٣٣٠٠٠ گۆڕ. ئه‌مڕۆكه نزیكه‌ی یه‌ک ملیۆن گۆڕ له‌م گۆڕستانه‌دا هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گۆڕانه فه‌ره‌نسی نین و كه‌سانی بیانی و به‌ناوبانگی وه‌ک ئۆسكار وایلدیان گرتۆته خۆ.

دیواری به‌ناوبانگی (فێدره) كه سیمبۆلی ئازادیخوازی خه‌ڵكی فه‌ره‌نسایه‌، له‌و شوێنه هه‌ڵكه‌وتوه، ئه‌و دیواره‌ به‌ ناوی سه‌ربازه‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كۆمۆنی پاریسه‌وه كراوه كه دوایین گروپ له‌و سه‌ربازانه بۆ ناو گۆڕستانه‌كه پاشه‌كشێیان كرد، له‌ئه‌نجامدا یه‌كێك له‌ده‌رگاكان به‌زه‌بری تۆپ شكا و پاش شه‌ڕێكی خوێناوی له‌ ٢٨ی مه‌ی ١٨٧١دا، ١٤٧ كه‌س له‌ ڕێبه‌رانی حزبه جیاجیاكانی فه‌ره‌نسا، درانه به‌ر ڕێژنه‌ی گولـله. ئێستا ئه‌م دیواره له‌ لایه‌ن خه‌باتگێڕه سیاسییه‌كانی سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕێزی لێده‌گرێت و وه‌ک نمونه‌ی خه‌بات بۆ گۆڕانكاری سه‌یری ده‌كرێت.

پێرلاشێز یه‌كێكه له‌و گۆڕستانانه‌ی زۆرترین گه‌شتیار ڕووی تێده‌كات و ساڵانه، زیاتر له دوو میلیۆن كه‌س له‌ سه‌رانسه‌ری دنیاوه ڕاكێشی گڵكۆی ئه‌و كه‌سانه ده‌کات كه له‌ ماوه‌ی دوو سه‌د ساڵی ڕابردوو له‌ فه‌ره‌نسا ژیاون.

پانتاییه‌كه‌ی زیاتر له ٤٤ هێكتاره و ٥٣٠٠٠ داری تێدایه، به‌ واتایه‌كی تر گه‌وره‌ترین پاركی پاریسه. سه‌دان هونه‌رمه‌ند، بیرمه‌ند، نوسه‌ر و سیاسه‌توانی به‌ناوبانگ له‌و گۆڕستانه به‌خاک سپێردراون. زۆر له‌ كێله‌كان و په‌یكه‌ره‌كان له‌لایه‌ن میعماره به‌ناوبانگه‌كانی جیهان دروست كراون و ئه‌مه‌ش وایكردوه ئه‌م گۆڕستانه له‌ هه‌مانكاتدا ببێته مۆزه‌یه‌كی گه‌وره له‌ فه‌زایه‌كی كراوه‌دا. شوێنه‌واره‌كانی ناوی نیشانه‌یه‌كن له‌ داهێنان و هونه‌ر. په‌یكه‌ر و به‌رهه‌می میعماری له‌ شێوازی یۆنانییه‌كانه‌وه بگره تا هونه‌ری مۆدێرن له‌ یه‌ک شوێن كۆكراونه‌ته‌وه.

هه‌موو ڕۆژه‌كانی پێرلاشێز وه‌ك ڕۆژانی پشوو وایه، به‌رده‌وام خه‌ڵكێكی زۆر ڕوی تێده‌كات كه ته‌نها بۆ دانانی گوڵ له‌سه‌ر شانازییه‌كانی ڕابردوو ڕو ناكه‌نه ئه‌و شوێنه، به‌ڵكه كێله‌كان ئه‌و ڕۆژو یادانه‌یان زیندوو ڕاگرتوه كه به‌ هۆی مۆدێرنەوە سڕاونه‌ته‌وه و له‌و شوێنه‌یه كه مرۆڤه‌كان به‌ پێچه‌وانه‌ی گۆڕستانه‌كانی دیكه له‌ مه‌رگ ناترسن و هه‌ست به‌ دڵه‌ڕاوكێ ناكه‌ن. له‌ گۆڕستانه‌كه‌دا بە تەنیا یەک ئینتمای ئایینی زاڵ نییە و ئه‌مه‌ش بۆته یه‌كێكی تر له‌نهێنیه‌كانی سه‌ركه‌وتنی پێرلاشێز.

هه‌ندێک له‌‌ گۆڕه‌كان

‌میشێل نی، ماڕشاڵی سوپای فه‌ره‌نسی كه له‌ به‌رامبه‌ر شۆڕشگێڕانی فه‌ره‌نسه له‌شه‌ڕه‌كانی ناپلیۆندا خۆڕاگری كرد، ئه‌لفرێد دۆموسێی شاعیر و ڕۆماننووس، ته‌رمی جان مۆلێن له‌ سه‌ركرده‌كانی سوپای خۆڕاگری فه‌ره‌نسه له‌ ماوه‌ی جه‌نگی جیهانی دووهه‌م و ئه‌مادیۆ مۆدیگلیانی نیگاركێش و په‌یكه‌ره‌سازی ئیتالی كه به‌ هۆی نزیكبوونی به‌رهه‌مه‌كانی له‌ پیكاسۆ به‌ناوبانگه، چارلز ماسیه‌ی ئه‌ستێره‌ناسی به‌ناوبانگی فه‌ره‌نسی و لئۆ لوسینین ئارینی پاشای ئه‌رمه‌نییه‌كان، سامۆیل هانێ من فیزیازانی ئه‌ڵمانی و ژۆزێف فۆریه بیركاری فه‌ره‌‌نسی و بینیامین كۆنستانتی نووسەری سویسری، سوفی بلانشارد یه‌كه‌م ژنی باڵۆن سوار كه له‌ ئاسمان گیانی له‌ده‌ست دا، میگۆیل ئه‌نگێل ئاستۆریاس دیپلۆمات و نوسه‌ری گواتمالی و وه‌رگری خه‌ڵاتی نو‌بڵی ساڵی ١٩٦٧، كارل ئێپلی نیگاركێشی هۆڵه‌ندی، كامیل پیسارۆ نیگاركێشی ئه‌مپێرسیۆنیست و مارسێل پروست نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری فه‌ره‌نسی، ئه‌نتوان دۆ سنت ئێگزۆپێری نوسه‌ری به‌ناوبانگی شازاده چكۆله، ویلیام سیدنی ئه‌سمیتی به‌ریتانی و ڕیچارد ڕایتی نوسه‌ری ئه‌فریقی ـ ئه‌مریكی، سادقی هیدایه‌ت و غولامحسێن ساعیدی دو كه‌سایه‌تی ئه‌ده‌بیی ئێران و سه‌دان نووسه‌ر و شاعیر و كه‌سایه‌تی تر. زۆر جار هه‌ڵده‌كه‌وێ كه گه‌شتیارێک بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕی یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی خۆشی ده‌وێت چه‌ندین جار سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كات و زۆر له‌ گۆڕه به‌ناوبانگه‌كان له‌ ئاپۆرای خه‌ڵكدا ون ده‌بن.

"گۆڕستانه پیر و خه‌ماوییه‌كه‌ی پێرلاشێز"
ئه‌وه ته‌عبیرێكه كه سیاسه‌تمه‌دارێكی فارس له‌ یادی تیرۆری دكتۆر قاسملو، به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی خه‌ڵكانی تر سه‌باره‌ت به‌ پێرلاشێز ده‌ریبڕی. له‌ڕاستیدا گۆڕستانی پێرلاشێز به‌لای كوردانه‌وه، خه‌ماوی و پیره و بیرهێنه‌ره‌ی تراژیدیا و شكسته. كورده‌كان زیاتر له‌ ساڵرۆژی مه‌رگی ئه‌و كه‌سایه‌تییه كوردانه‌ی له‌وێ نێژراون، سه‌ردانی گۆڕستانه‌كه ده‌كه‌ن و له‌ ده‌وری یه‌ك كۆده‌بنه‌وه. پێرلاشێز بۆ كورده‌كان، هێمای فیلمێكی ته‌واونه‌بوو، شۆڕشێكی سه‌رنه‌گرتوو، سه‌فه‌رێكی بێ گه‌ڕانه‌وه و گۆرانییه‌كی ته‌واونه‌كراوه. به‌پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی تر ئامانجیان ته‌نها گه‌ڕان به‌گۆڕستانه‌كه و خوێندنه‌وه‌ی دێڕه فه‌لسه‌فییه‌كانی سه‌ر كێله‌كان نییه و وه‌ك هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ش به‌دڵخۆشی ناگه‌ڕێنه‌وه، به‌چه‌پكێ گوڵ ده‌چنه ژوور و فرمێسك ئه‌وكیان ده‌گرێت. كورده‌كان بۆ یه‌كه‌مجار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی كاتێک ناوی پێرلاشێزیان بیست كه سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له‌ ڤیه‌ننای پایته‌ختی ئۆتریش تیرۆر كرا و له‌گه‌ڵ بیره‌وه‌رییه‌كی تاڵدا خۆی كرد به‌یاده‌وه‌رییاندا. مه‌رگی هه‌ر یه‌كه له‌ یه‌ڵماز گۆنه‌ی، د. شه‌ره‌فكه‌ندی و ئه‌حمه‌د كایاش هه‌روه‌ک تیرۆری دكتۆر قاسملوو خه‌ماوی و دڵته‌زێنه و له‌ڕاستیدا هیچ كام له‌وانه خه‌ونه‌كانیان به‌دی نه‌هات و له‌ نه‌بوونی بستێک خاک بوو كه پێرلاشێز له‌ ئامێزی گرتن.

چوار كورده‌كه‌ی پێرلاشێز
یه‌ڵماز گۆنه‌ی؛ ساڵی ١٩٣٧ له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی هه‌ژار له‌ ئه‌ده‌نه‌ی باكوری كوردستان له‌دایک بووه. له‌ مناڵیه‌وه ناچار بووه مل بنێته كار و له‌ زانكۆی ئه‌نقه‌ره، یاسای خوێندووه. یه‌ڵماز گۆنه‌ی كه‌ به‌ باوكی سینه‌مای كوردی ده‌ناسرێت له‌ فیلمه‌كانیدا باس له‌ ده‌رد و مه‌ینه‌تی ژیانی كورد و جیاوازی ناوچه‌ك وردنشینه‌كان ده‌كات له‌گه‌ڵ باكورو باشوری توركیا. پاش كوده‌تای سوپا ده‌خرێته زیندان و پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن زیندان مۆڵه‌تێكی دیاریكراوی پێده‌درێت له‌ توركیا ڕاده‌كات و په‌نابه‌ری فه‌ره‌نسا ده‌بێت. ساڵی ١٩٨٤ له‌ ته‌مه‌نی ٤٧ ساڵیدا به‌ نەخۆشی شێرپه‌نجه له‌ پاریس كۆچی دوایی كرد. ده‌وڵه‌تی توركیا تا ئه‌مساڵیش نكۆڵی له‌ هاووڵاتی بونی گۆنه‌ی ده‌كرد و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی دواییدا ناسنامه‌ی بۆ ئه‌و ده‌رهێنه‌ره كورده گه‌ڕانده‌وه. دیوار، ڕێگا، مێگه‌ل، باوک له‌ به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌م ده‌رهێنه‌ره كورده‌ن.

د. قاسملو؛
٢٢ی دێسه‌مبه‌ری ١٩٣٠ له‌بنه‌ماڵه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌ ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایک بووه، خوێندنی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی هه‌ر له‌و شاره ته‌واو كردووه. له‌ ته‌مه‌نی لاوییه‌وه په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی حزبی دیموكراته‌وه ده‌گرێت. دكتۆر عه‌بدولره‌حمان قاسملوو ساڵی ١٩٦٢ له‌ زانكۆی پراگ دكتۆرای له‌ زانسته ئابورییه‌كان وه‌رگرتووه. له‌ كۆنفرانسی سێهه‌می حزبدا، به‌سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه و تا كاتی تیرۆركردنیشی وه‌ك سكرتێری حزب ماوه‌ته‌وه. ١٣ی ژوییه‌ی ١٩٨٩ له‌میانه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نێردراوانی كۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ڤیه‌ننا تیرۆر ده‌كرێت.

د. شه‌ره‌فكه‌ندی؛
سادق شه‌ره‌فكه‌ندی ساڵی ١٩٣٨ له‌ گوندی شه‌ره‌فكه‌ندی سه‌ر به‌ شاری بۆكان له‌دایك بووه و له‌ تاران زانكۆی ته‌واو كردووه. ساڵی ١٩٧٢ بۆ درێژه‌دان به‌خوێندن ڕووی كردۆته فه‌ره‌نسه و پاش چوار ساڵ دكتۆرای كیمیای له‌ پاریس وه‌رگرتوه. ساڵی ١٩٧٣ په‌یوه‌ندیی به‌ حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانه‌وه ده‌گرێت و دوای تیرۆری قاسملو به‌ سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت. دكتۆر شه‌ره‌فكه‌ندی ١٧ی سێپته‌مبه‌ری ١٩٩٢ له‌ ڕێستۆرانی میكۆنۆس له‌ به‌رلین درایه به‌ر ده‌ستدرێژی گولـله‌ی چه‌كدارانی ئێران و تیرۆر كرا.

ئه‌حمه‌د كایا؛
ساڵی ١٩٥٧ له‌ مالاتیه‌ی باكووری كوردستان له‌دایك بووه. به‌دامه‌زرێنه‌ری شێوازی پرۆتێست له‌ مۆسیقای توركیا دێته هه‌ژمار. تا ئێستاش زۆربه‌ی گۆرانییه‌كانی له‌توركیا قه‌ده‌غه‌یه‌ و به‌ خیانه‌ت به‌نیشتمان تاوانبار كراوه. (گۆرانیه‌كانم بۆ شاخ) له‌ به‌ناوبانگترین ئه‌ڵبۆمه‌كانیه‌تی كه نزیكه‌ی دوو ملیۆن كاسێتی لێ فرۆشرا و له‌ پڕفرۆشترین به‌رهه‌مه مۆسیقیه‌كانه له‌مێژوی توركیادا. كایا داكۆكییه‌كی زۆری له‌ناسنامه‌ی كوردایه‌تی ده‌كرد و ساڵی ٢٠٠٠ له‌ پاریس كۆچی دوایی كرد.