۱۳۹۳/۱۲/۰۴

دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

دێرێکی کۆن له‌ گوندێکی بچووکی باکووری فه‌ره‌نسا بۆتە بەشێک لە تورکیا. له‌ نزیک دێرەکە تابلۆی "گرتووخانەی ناوه‌ندی"، به‌زمانی تورکی و له‌ ته‌نیشت په‌یکه‌ره‌یه‌کی حه‌زره‌تی مه‌ریه‌م به‌دی ده‌کرێ. لە هەموو شوێنێ، تابلۆکان باس له‌ شکۆ و شانازی کەماڵیست بوون دەکەن: "چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم". له‌ ناو حەساری بیناکەدا، چەند دیوارێک بۆ چاودێری کردنی پیاسە و هاتوچۆی ڕۆژانەی گیراوان بەرز کراونەتەوە و لەوێوە ژاندەرمەیەک لە نێو بورجی پاسەوانیدا چاوی تێبڕیون. سه‌رسوڕهێنه‌ره‌ دێرێک وا بە هاسانی ببێته‌ گرتووخانە. لە بەردەم دەرگای بیناکەوە، ئۆتۆمبێلێکی جۆری کادیلاک، بە پلاکی ئانکارا، هێدی هێدی لە ئاپۆرای ژنانی لەچکە بە سەر و ئەو پیاوانە نزیک دەبێتەوە کە پانتۆڵێکی فشیان لە بەر دایە.

وێنە هەڵگرتنەوە لە "دیوار"
 لە تەنیشت کامێرا، ییڵماز گونه‌ی، خەریکە وێنە هەڵگرتنەوەیە لە چاودێری گشتی گرتووخانە - چاودێر کەسێکی فەڕەنسییە، تەنانەت ئەندامێکی کابینەی ژاک لانگی وەزیری فەرهەنگە. ییڵماز گونەی، هێمن و ئارام، وەک هەمیشە دەم بە بزە، لە نێوەڕاستی دەستەیەک ئەکتەری لاوەکیدا بەدی دەکرێ.
"با شووشەکان بشکێنن تا مه‌له‌کان ئازاد بن" ناونیشانی ئەم فیلمەی دواییە کە هێشتا بڕیاری یەکجاری لەسەر نەدراوە. فیلمەکه‌ باس لە سەربوردەی شۆڕشێک لە نێو گرتووخانەدا دەکا. شۆڕشەکە لە لایەن مناڵانەوە هەڵدەگیرسێ - ئێمە ییڵماز گونەی دەبینین، خەریکە بە ئەکتەرێکی ناشی بە ڕەچەڵەک ئۆرۆگۆیی کە ڕۆڵێ پاسەوانێک دەبینێ، دەڵێ چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدا ئەگەر یەکێک لە مناڵەکان بە چەقۆی چێشتخانەوە هەڕەشەی لێکرد. به‌ڵام شۆڕش سەرناگرێ و فیلمه‌که‌ بە سەر لە نوێ گەڕانەوەی مناڵەکان بۆ گرتووخانە کۆتایی دێ.
دروستکردنی که‌شوهه‌وایه‌کی تایبه‌ت به‌ ژووری ناوەوەی گرتووخانەیەک له‌ گه‌ڵ ئه‌کته‌ره‌ ئاماتۆڕه‌کان کارێکی زۆر دژواره‌. ییڵماز گۆنه‌ی لە ڕێگەی "ریالیزمێکی شاعیرانه‌"ەوە توانیویەتی ئەم کارە بکا.

سوپایەک لە ڕۆڵی لاوەکی و ئەکتەری ناشارەزا
ییڵماز گونەی بە بەشداری سەد مناڵێکی کورد فیلمەکەی دروست دەکا کە شەوانە لە ژووری نوستن دەخەون - هەندێک لە بەرلێنی ڕۆژئاواوە هاتوون - و هەروەها نزیکەی سەد تا دووسەد کەسی بە تەمەن؛ پاسەوانەکانی گرتووخانە، کەس و کاری گیراوان کە لە کارگەی پۆشاک یا خود کارگە پیشەییەکانی دەوربەری پاریس کار دەکەن. جگە لەمانە نزیکەی سەد تەکنیکارێکی ناشارەزاش لەگەڵ گونەی لە دێرەکە دەژین. مناڵەکان خۆشحاڵن و ئەکتەری باشن: "بیر بکەنەوە دەبێ چ ڕوداوێکی گەورە بێ بۆ ئەو مناڵانە کە لە بەرلین و ناوچە پەراوێزەکانی پاریس تەنانەت ناتوانن خەون بە ژیانێکی ئاساییەوە ببیننن. لێرەش ئەکتەری سینەمان." 
 لە کاتە ئاساییەکاندا، هۆڵەکانی دێر وەک قوتابخانەی گوند کەڵکیان لێ وەردەگیرێ. قوتابخانەیەکی تا بڵێی کەونەشۆپ؛ له‌ نێو پۆلێکی مناڵان، خوێندکاران یاساکانیان لەسەر دیوار نووسیوە، بە تایبەت ئەم یاسایە: "خه‌وتن له‌ کاتی وانە گوتنەوەدا قه‌ده‌غه‌یه‌!". لە پێناو ئازادییەکی زیاتر، گونەی پێشنیارەکانی دروستکردنی خانوویەکی گەورەی بەرهەم هێنانی فیلمی ڕەت کردۆتەوە. بەڵام ئەو بەرهەمهێنەرەی هەڵیبژاردبوو، هەلومەرجی کاری سەخت و دژواری خستبووە بەردەم. هیچ شتێک نابێ لە سیناریۆی فیلمەکەدا دەستچن بکرێ بەر لەو ڕێکەوتەی بەرهەمهێنەر بۆ وەگەڕخستن دیاری کردوە. ئەو دیمانەیەی کە ییڵماز گونەی سەرباری مژووڵبوونی دەرفەتی سازدانی بۆ ڕەخساندین، وتوێژێکی ئاوارتەیە لەو بێدەنگییەی ئەو گرتویەتیە بەر….

پ: ئەگەر ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەنەوە، فیلمی "مێگەل" و "رێگا" چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
ییڵماز گونەی: وەکوو هەموو دەرهێنەرانی تورکیا و کوردستان، له‌ سەر ڕێگاکەمان ڕووبه‌ڕووی تەنگ و چەڵەمەی ڕژێمی سەرکوتکەر بووینەوە. به‌ درێژایی ژیانی سینه‌ماییم، زۆر ڕێگه‌م بۆ ده‌ربڕینی ئه‌ندێشه‌کانم به‌تاقی کردۆته‌وه‌. ده‌بێ ڕاستگۆیانه‌ دان به‌وه‌دا بنێم که‌ هیچکام له‌به‌رهه‌مه‌کانم تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ ئه‌و شته‌یان ده‌رنه‌بڕیوه‌ که‌ خۆم ویستومه‌، نه‌ له‌قه‌واره‌ و نه‌ له‌ناوه‌ڕۆکدا. تایبەتمەندی زاڵی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ ئەوەیە کە ڕێگه‌چاره‌یه‌کن بۆ سازان.
 "مێگەل" له‌ڕاستیدا بەسەرهاتی گه‌لی کورده‌، به‌ڵام من تەنانەت نه‌متوانی له‌م فیلمه‌دا زمانی کوردی بە کار بێنم. ئه‌گه‌ر زمانی کوردیم تێدا به‌کار هێنابا، سه‌رجه‌م ئه‌و که‌سانه‌ی هاوکاری فیلمه‌که‌یان کردبوو، ده‌خرانه‌ گرتووخانەوە. سه‌باره‌ت به‌فیلمی "رێگا"ش دەبوو زیاتر لەسەر دیاربەکر، ئورفا و سیرت بوایە. هەر چەند فیلمەکە لە ئەوروپا مۆنتاژ کرا، بەڵام نەمتوانی هەمووی بە زمانی کوردی دوبلاژ بکەم. به‌جێگه‌ی ئه‌مه‌ هه‌وڵمدا ئه‌م که‌موکوڕییه‌ به‌مۆسیقا قه‌ره‌بوو بکه‌مه‌وه‌.

پ: قاره‌مانه‌ سه‌ره‌کیه‌کانی فیلمه‌کانت زۆربه‌یان کوردن و شوێنی ڕووداوه‌کانیش کوردستانه‌، چۆن ده‌توانن ئه‌م فیلمانه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتەکەتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: لێره‌ ئێمە ڕووبەڕووی کێشەیەکین: له‌ کرده‌وه‌دا ته‌نها ئه‌کته‌رێکی پڕۆفشنه‌ڵمان هه‌یه‌ ("تونجه‌ل کورتیز" که‌ لە فیلمی "مێگەل"دا ڕۆڵی باوک ده‌بینێ)؛ ئه‌وانی تر هه‌موویان ئاماتۆڕن و هه‌رگیز له‌ هیچ فیلمێکدا ڕۆڵیان نه‌بینیوه‌. هێنانی ئه‌کته‌ری شارەزا له‌تورکیایه‌وه‌ مەحاڵه‌... ئه‌وانه‌ی له‌ ئه‌وروپاشن زاتی ئه‌وه‌یان نییه‌ له‌ فیلمه‌کانمدا ڕۆڵ ببینن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئامادە نین قسه‌شم له‌گه‌ڵ بکه‌ن.

پ: چۆن شتی وا دەبێ؟ ئاخۆ ئه‌کته‌ره‌ تورکه‌کان شانازی بەوەوە ناکەن له‌ گه‌ڵ ده‌رهێنه‌رێکدا کار بکه‌ن که‌ خه‌ڵاتی خورمای زێڕینی لە ڤێنیز وه‌رگرتوه‌.
ی. گ: ئه‌وانه‌ی له‌ قۆناغە ئارامەکاندا سروودی شۆڕشگێڕانه‌ ده‌ڵێنه‌وه‌، پێیان باشه‌ له‌ ڕۆژە سەختەکاندا خۆیان لە پشت دەرگاکان حه‌شار بده‌ن…. چش. من کامێرامانی تورکم لەگەڵە به‌ڵام تەکنیک کارەکان لە بوارەکەی خۆیاندا پسپۆڕ نین. بۆ نموونە بۆ دیکۆڕ تەنانەت یەک کەسی شارەزام لەگەڵ نییە.

پ: ئێوه‌ تەنیا ئاماژه‌تان به‌و کێشه‌ ته‌کنیکییانه‌ دا که‌ له‌ کاری وێنه‌گرتن له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ڕووبەڕووی بوونەتەوە. به‌ڵام کێشه‌ سه‌ره‌کییەکان هەر لە جێی خۆیانن: ئێستا که‌ ڕەگ و ڕیشەتان له‌ تورکیا هەڵکەنراوە، چۆن ده‌توانن فیلمەکانتان دروست بکه‌ن؟
ی. گ: مژاری فیلمه‌که‌ی ترم لەسەر گرتووخانەیە. تیایدا تاریکی، خەم و خه‌فه‌ت دێنمه‌ سه‌ر په‌رده‌، ئەو شتانەی پێویستیان بە سرووشت و دیمەنەکانیەوە نییە.

پ: چما گرتووخانە؟
ی. گ: له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌میان ئه‌وه‌ی که‌ باشترین سووژەیە په‌یوه‌ندیی به‌ بارودۆخی ئێستای تورکیاوه‌ هه‌بێ، دووهه‌میان من هێشتاش ئاماده‌ نیم له‌ که‌شوهه‌وای ئه‌وروپادا وێنه‌گری بکه‌م.

پ: هەڵبەت، دیارە ئێوه‌ سیناریستێکی تورکیان که‌ له‌ هه‌موو شتێک زیاتر باس له‌ مرۆڤ و سرووشتی وڵاته‌که‌ی ده‌کا، به‌ڵام فیلمەکانت لە لایەن هاوڵاتیانی خۆتەوە نەبینراون. ئێستاش ئێوە لە مەنفا سەرقاڵی کارکردن لەسەر ئەو گەلە و ئەو سرووشتەن. چۆن ئه‌م کێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر ده‌که‌ن؟
ی. گ: بێگومان ئێمە ڕێگه‌یەک دەبینینەوە بۆ ئەوەی گەلەکەمان فیلمی (رێگا) ببینێ... به‌ڵام ناتوانم پێتان بڵێم چۆن. جگە لەمە، دوای ئه‌م فیلمه‌م که‌ ده‌رباره‌ی گرتووخانەیە، نامه‌وێ فیلمێکی تر له‌ سەر کوردستان، لە کەشوهەوایەکی دەسکرددا دروست بکه‌م.

پ: که‌ی زانیتان کوردن؟
ی. گ: ئەگەر ڕاستیتان دەوێ، من کوردێکی ئاسیمیلە کراوم: دایکم کورمانج و باوکم زازایه‌. له‌ مناڵیمه‌وه‌ تا پانزه‌ ساڵیش له‌ناو ماڵدا به‌ کورمانجی و زازاکی قسه‌مان ده‌کرد. پاشان من له‌ ژینگەی ماڵبات دابڕام، شتێک کە تەنانەت زەبری لە شوناس و خۆناسینم دا. بە درێژایی ئەم ماوەیە، به‌رده‌وام گوێم لێ دەبوو کە دەیانگوت: "کورد و زمانی کوردی بوونی نییە"، به‌ڵام من دەمبیست بە کوردی قسە دەکەن و بە کوردی گۆرانی دەڵێن، ده‌مبینی که‌ کورده‌کان له‌ دۆخێکی زۆر ناله‌بار دان. باوکم بە ئەسڵ خه‌ڵکی سیڤه‌ره‌که‌، ئه‌و شوێنه‌ی تا شانزه‌ ساڵیم نه‌مبینی. هه‌ر له‌وێ تێگەیشتنێکی ڕاستەقینەم لا دروست بوو. لەوێ توانیم په‌ی به‌ ڕه‌نج و ئازاری بنه‌ماڵه‌یه‌کی بێ ڕیشه‌ ببه‌م؛ باوکم و دایکم به‌رده‌وام ده‌یانگوت: "ئێوه‌ له‌ریشه‌ دابڕاون".. له‌ ته‌مه‌نی 34 ساڵیدا توانیم زێدی دایکم "مووش" ببینم، دایکم سه‌ر به‌ هۆزی "ژیبران" بوو. هەوێنی چیرۆکی "مێگەل"، به‌سه‌رهاتی کۆتایی هاتنی ئه‌م هۆزه‌ کۆچه‌ره‌یه‌.

پ: کوردستان له‌ فیلمه‌که‌ی داهاتوتدا چ پێگه‌یه‌کی ده‌بێ؟
ی. گ: پرسی کورد، پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، نه‌ک بە تەنیا له‌ وڵاتی تورکیا، به‌ڵکو له‌ ئێراق و ئێرانیش. بە تەمام ڕۆژێ فیلمێک لەسەر تێکۆشانی گەلێک لە پێناو هاتنە دونیا یاخود ژیانەوەدا دروست بکه‌م. ئێستا کێشەیەکی گەورەیە. پێویستە ڕێگە چارەی پرسی کورد له‌ گۆشە نیگای جیاوازه‌وه‌ تاوتوێ بکرێ. ئەستەمە بە شێوازێکی ئۆبژەکتیف بتوانی لەم کێشەیە نزیک ببیەوە. مێژووش تەنیا ئەوە نییه‌ تەژی بکەی له‌ سه‌رکه‌وتن، به‌ڵکه‌ پڕاوپڕە لە شکست، لاڕێبوون و هه‌ڵخه‌ڵه‌تان.

پ: مانەوەتان لە فەرەنسا پەرانتێزێکە لە کار و پیشەتاندا؟
ی. گ: من به‌ پێی مۆڵه‌تێکی تایبه‌ت لە فەرەنسام، ته‌نها بۆ وێنه‌گرتنی ئه‌م فیلمه‌. مۆڵه‌تیان پێداوم تا فلیمه‌که‌م ته‌واو ده‌بێ، لێره‌ بم. پاشان نازانم. نامه‌وێ ئێستا سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ قسه‌ بکه‌م…

میدل ئێست ماگازین، ژانوییەی ١٩٨٣

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر