۱۳۹۳/۱۱/۲۷

ئۆجەلانی 'نوێ' دوای شانزە ساڵ...


جەنگیز چاندار
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
١٥ی فێوریەی ئەمساڵ هاوکات بوو لەگەڵ شانزەهەمین ساڵڤەگەڕی گیرانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کینیا (ساڵی ١٩٩٩) و ڕادەستکردنەوەی بە تورکیا. لە ڕوانگەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد کە بڕبڕەی پشتی کوردەکانی تورکیا پێک دێنێ، ئەم ڕۆژە بە بۆنەیەکی تایبەت لەقەڵەم دەدرێ. لە ڕاستیدا، لە زمانی بزووتنەوەی سیاسیی کورددا وەک ''پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی فێوریە'' باسی لێوە دەکرێ.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە ڕابردوو و ئایندەی نزیکی تورکیادا کەسایەتییەکی زۆر گرنگە. شانزە ساڵ لەمەوپێش کە قۆڵبەست و ڕەوانەی تورکیا کرایەوە، لەچاو ئەمڕۆ لاوازتر بوو. لە ڕوانگەی دەوڵەت و بەشێکی زۆری ڕای گشتییەوە، سەرۆکی ڕێکخراوی پەکەکەی ''تیرۆریست'' بوو. لەمە زیاتریان پێ نەدەگوت.
کەچی ئەمڕۆ، هێزێکە زۆر واوەتر لە شانزە ساڵ لەمەوپێش. ئەندامان و لایەنگرانی ڕێکخراوەکە بە ''سەرۆکی گەلی کورد'' ناوی دەبەن. کادێرانی بەڕێوەبەری حزبەکە پێی دەڵێن "ڕێبەر ئاپۆ"، یان لەگەڵ کادیرانی تر دەستەواژەی "سەرۆکایەتی" بەکار دێنن و ئەو چالاکڤانانەی لە مەیدانێکی یاساییشدا کار و خەبات بەڕێوە دەبەن، دەستەواژەی "بەڕێز ئۆجەلان" کە بۆتە ئامرازێک بۆ جەخت کردنەوە لەسەر ناسنامەیان، بەکار دێنن.
ئۆجەلان، لە ڕابردووی نزیکی تورکیادا ڕۆڵێکی وەها گرنگی بینیوە کە هەرچەند سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، بەڵام سزاکە جێبەجێ نەکرا و هەڵوەشایەوە.
کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٩٩، لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە هێلسنکی، تورکیای کردە "ئەندامی کاندید". بۆیە هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بوو بە شتێکی زۆرەملێ. لەگەڵ ئەمەشدا، ئەوەی ڕاستی بێ پێشهاتەکانی پەیوەندیدار بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان زۆرترین پشکیان هەبوو لە هەڵوەشانەوەی سزای لەسێدارەداندا…
ڕێگەی قەرەبووکردنەوەی هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان بۆ "دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندگەرا"ی تورک، بە حوکمی زیندانیی توندی هەتا هەتاییدا تێپەڕ دەبوو. ئەم هەنگاوەش نرا. بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، لایەنە فەرمییەکان، دەوروبەرە ناسیۆنالیستەکان و تەنانەت "میدیای نێوەند"، بە مەبەستی سووکایەتی پێکردن دەستەواژەگەلی وەک "بکوژی مناڵان"، "سەرۆکی جیاخوازەکان"، "سەرکردەی تیرۆریستەکان" و ...هتدیان دایە پاڵ ئۆجەلان. ئەوەی پێشی گوتبا "بەڕێز ئۆجەلان"، ئەوا تۆمەتبار دەکرا.
ئەمڕۆکە، تورکیا لە کاتێکدا پێ دەنێتە شانزەهەمین ساڵیادی دەستگیرکردنی [ئۆجەلان] کە دەمێکی درێژە ئەم پێناسە قڕێژ و سووکانە ئیتر بەکار ناهێنرێن. بە پێچەوانەوە، ئۆجەلان لە ڕەوتی "پێڤاژۆی ئاشتی"دا کە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە دەستی پێکردووە، بۆتە یەکێک لە کۆڵەکە گرنگ و سەرەکییەکان لەپێناو مانەوە و بەردەوامبوونیدا.
"پێڤاژۆی ئاشتی" لە ڕوانگەی تەیپ ئەردۆغان و ئاکەپەوە، وەک کارتی براوەی بەردەوامبوونی دەسەڵاتەکەیان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ و یەکێک لە "جووت کلیل"ەکانیش بە دەستی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوەیە.
ئەگەر بەراوردی "ڕێژەی پێدوایستییەکان" بکرێ، وێدەچێ ئەردۆغان و ئاکەپە، زیاتر لە لایەنی بەرامبەر، پابەند و ئاتاجی "مەحکوومی زیندانی سەختی هەتا هەتایی" واتە عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە گۆیا بڕیار دراوە لە گرتووخانە گیان بسپێرێ، بن.
لەبەر ئەم هۆکارە، ماوەیەکە یارییەکی زۆر ورد دەلیزێ. بۆ لایەنەکانی دەسەڵات و دەوروبەری، ئەنجامدانی هەرچەشنە جموجوڵێک لەمەڕ HDP و قەندیل سەربەستە. سەبارەت بە پەکەکە، لە بەکارهێنانی سیفەتی "ڕێکخراوی تیرۆریستی"دا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ نەهاتۆتە ئاراوە، بەڵام کە باس لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکرێ، لە ڕێزگرتن لێی درێغی ناکرێ. بگرە کە دەسەڵات تەنگاو بوو، هیواکان بەو دەبەسترێنەوە؛ ئەو دەهێنرێتە مەیدانەوە. هەوڵ دەدرێ لە سایەی ئەوە ''نەزمی ڕای گشتی" سەقامگیر بکرێ.
ئەمە گەیشتۆتە ئاستێک کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی تێپەڕاندوە، وەک بڵێی بووبێتە "کارتێک" بە دەستی ئاکەپەوە کە وەک "جۆکەر" بەکاری دەهێنێ.
لەم چوارچێوەیەدا، لە گۆشەی هەفتەی ڕابردوومدا، ئەم لێدوانەی سەرچاوەیەکی دیاربەکرم بڵاو کردبۆوە: "دەسەڵات بە شێوەیەکی زۆر سووک کارتی ئۆجەلان بەکار دێنێ… وەک بڵێی قەندیل و هەدەپە دوو ڕۆڵەی بەدفەڕ بن و ئۆجەلانیش وەک مامۆستایەک بهێنرێتە مەیدانەوە بۆ ئەوەی جارناجارێ گوێیان بکێشێ."
لەگەڵ ١٥ی فێوریە، لە کاتێکدا لە ٢١ی مارس واتە نەورۆز نزیک دەبینەوە کە هەم لایەنەکانی دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرەیان بە وەها مەیلێک داوە و هەم لە لایەکی دیکەوە چالاکییەکی توندوتۆڵ لە گۆڕێیە. مەودای نێوان ١٥ی فێوریە - ٢١ی مارس، دەتوانێ ڕۆڵێکی 'دیاریکەر'ی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ٧ی ژوئەندا هەبێ.
بە گوێرەی زانیارییەک کە ماوەیەک لەمەوپێش لە سەرچاوەیەکی ''متمانەپێکراو" بە دەستم گەیشتووە، لەسەر ڕەزامەندی تەیپ ئەردۆغان، چاوەڕێ دەکرێ هەندێک ئاڵۆگۆڕ لە دەستووری بنەڕەتیدا بکرێ و پشت ئەستوور بە پابەندیی دوولایەنە، ''لێژنەیەک" لە قەندیل بە بەشداری سەبری ئۆک و موزەفەر ئایاتا دروست بکرێ و دانوستانەکان دەست پێ بکەن، لە ئیمراڵیش سکرتاریایەک بۆ ئۆجەلان دابمەزرێنرێ و ببێتە جۆرێک "حەپسی نێو ماڵ" کە لە دەرەوە هاتن و چوون ڕاشکاوانە بێ.
لەم چوارچێوەیەدا، یەکێک لە ناوەکانی نزیک بە دەسەڵات کە گۆیا بەردەوام لە لایەن دەزگای هەواڵگری میتەوە زانیاری پێ دەدرێ و دوو ساڵ ئیشی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی بەڕێوە دەبا، چەند ڕۆژ لەمەوپێش کاتێک گوتی "لە وادەی ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک پێشهات کە لە سی ساڵی ڕابردوودا وێنەیان نەبووە، نزیک بووینەتەوە. هەندێک هەنگاوی ڕادیکاڵ دەنرێن کە تا ئێستا نموونەیان نەبووە"، ئەم پرسیارە لە مێشکمدا وروژا: "ئاخۆ ئەو شتانەی من دەیانبیسم، بە ڕاستی ڕوو دەدەن؟"
لەم نێوانەدا، ڕۆژنامەی 'حورییەت' هەواڵێکی بە سەردێڕێکی سەرنج ڕاکێش بڵاو کردەوە: "دەقی چارەسەری ڕەوانەی قەندیل کرا. ئەگەر ئەردۆغان پەسندی بکا، دەقەکە ئاشکرا دەکرێ". تەنانەت، دەقی ئاماژەپێکراو، دەبوایە لە ١٥ی فێوریەدا ئاشکرا کرابا بەڵام گوتراوە ''با سەردانی قەندیلیش بکرێ"، بۆیە فریای ١٥ی فێوریە نەکەوتووە. حکومەت، دەبوایە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا "دەقی هاوبەش''ی ڕاگەیاندبا کە ئاکەپەییەکان و هەدەپەییەکان لەسەری پێکهاتوون.
بە گوێرەی نووسراوەیەکی دیکە کە لە ڕۆژنامەی 'خەبەرتورک'دا بڵاو بۆتەوە و پشتی بە "سەرچاوەیەکی دەوڵەت" بەستووە، چاوەڕێ دەکرێ ئۆجەلان، لە تەنیشت هەندێک کاربەدەستی دەوڵەت، خۆی ڕاگەیەندراوێکی دەنگ و ڕەنگ لە پێناو "پتەوکردنی ئاگربەست" و بگرە "بێدەنگ کردنی چەکەکان دژ بە تورکیا" بڵاو بکاتەوە.
بە پێی نووسراوی ئاماژەپێکراو، "لەم لێدوانەدا، ئۆجەلان گەرەنتی بێدەنگ کردنی چەکەکان دژ بە تورکیا ڕادەگەیەنێ و لەبەرامبەردا لایەنی دەوڵەتیش ڕادەگەیەنێ کە بەشێوەیەکی فەرمی دانوستانەکان دەستیان پێکردووە. لەم پەیوەندییەدا، دەگوترێ دەوڵەت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕەوتی دانوستانەکان دەبێ و بەڵگەنامەیەک بە ڕەزامەندی هەر دوولا واژۆ دەکرێ کە کۆمەڵێک هەنگاوی بەرچاوی وەک ئاڵوگۆڕ لە بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیەکان، ئاسانکاری یاسایی بۆ گەڕانەوەی ماڵێ، ئازادکردنی گیراوە نەخۆشەکان، دامەزراندنی دەزگایەکی چاودێری، ناردنی سزادراوی نوێ بۆ ئیمڕالی بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئۆجەلان دەگرێتە خۆ."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە لە کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن یاخود ڕۆژنامەکانەوە، سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە گوتی: "نە ئیمڕاڵی و نە ئەنقەرە لەسەر بڵاوبوونەوەی پەیامی نەورۆانەی ئۆجەلان گفتوگۆیان نەکردووە. نازانم ئەم هەواڵە چۆناوچۆن بڵاو بۆتەوە." لە لایەکی ترەوە، سەبارەت بە "پاکێجی ئاسایشی نێوخۆ"، دەمیرتاش هۆشداری دا: "پاکێجی ئاسایشی نێوخۆ، بەربەستی گەورە لەبەردەم قۆناغی دانوستانەکان دروست دەکا. نایکەینە مژاری سات‌وسەودا، بەڵام بەقەد دینامیت‌ڕێژکردنی پێڤاژۆی دانوستان و ئاشتی مەترسیدارە."
ئەگەر لە حکومەت بپرسین لەو "ئاستەی پێی گەیشتووین"، ئەوا "تۆپەکە لە مەیدانی لایەنی بەرامبەر دایە'؛ لە ڕوانگەی حکومەتەوە، "لایەنی بەرامبەر"، ئیمڕالی نییە، بەڵکوو هەدەپە و قەندیلە. ئەگەر لە سەلاحەدین دەمیرتاشیش بپرسی، "تاکە بەربەرستە لە بەردەم ئەو دانوستانانەی حکومەت دەستی پێکردوون…"
کامیان دروستن؟ یان بە واتایەکی دیکە، لە کوێین؟ لە کوێ ڕاوەستاوین؟
لە دەسەڵاتەوە تا لێژنەی هەدەپە، لەوێش ڕا بگرە تا میت و کەسانی بەڕێوەبەری، خەڵک و لایەنی جۆراوجۆر لەسەر ناوی ئۆجەلان قسە دەکەن، کۆمەڵێک هەواڵ و شڕۆڤە بڵاو دەبنەوە کە فڕیان بە سەر یەکترییەوە نییە.
تەنیا خودی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەتوانی وەڵامی دروستی ئەو پرسیارە بداتەوە کە لە کوێین؟ ئەوەش ئەو خاڵەی تورکیا لە ١٥ی فێوریەدا پاش شانزە ساڵ پێی گەیشتووە…

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر