۱۳۹۳/۱۲/۰۶

ئێران؛ سیاسەتی کوردی لەژێر سایەی سێدارەدا


جەرەن کەنار - ڕۆژنامەی تەڕەف
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سامان نەسیم، مانگی ژوییەی ٢٠١١ قۆڵبەست کرا. ئەو کاتەی گیرا، ١٧ ساڵی تەمەن بوو. لە ڕۆژئاوای ئێران، پاش شەڕێک لەنێوان سوپای پاسدران و پەژاک کە سەربازێک کوژرا و سیانی تریش بریندار بوون، قۆڵبەست کرا. بنەماڵەکەی لە ڕێگەی کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئێرانەوە زانیان کە کوڕەکەیان گیراوە. سامان قۆڵبەست کرا، لە مافی گرتنی پارێزەر بێ بەش کرا و لە ژێر ئەشکەنجەدا ئیفادەی لێ وەرگیرا. کاتێ تەلەڤزیۆنی دەوڵەت ئەم دانپێدانانەی خوێندبۆوە، بنەماڵەکەی تازە هەستیان بەوە کردبوو سامان قۆڵبەست کراوە.
سامان گوتویەتی لە ماوەی لێپرسینەوەکاندا لێی دراوە، نینۆکی دەست و قاچی هەڵقەنراوە، پشت و لاق و زگی هەمووی بریندار کراوە. یەکەمجار کە چۆتە بەردەم دادگا، باسی ئەوەی کردووە ئەشکەنجە کراوە، گوتویەتی لە ژێر ئەشکەنجەدا ئیعترافی کردووە و ئەو تەقەی لە سوپای پاسداران نەکردووە، بەڵکوو تەقەی لە حەوا کردووە. دادگا حوکمی لەسەر ناڕاست بوونی ئەم قسانە دا. دادگای سەربازی، مانگی ژانوییەی ٢٠١٢، سزای لەسێدارەدانی بەسەر ساماندا سەپاند، دادگای باڵا بە بیانووی ئەوەی سامان لە کاتی ڕووداوەکەدا مێرمنداڵ بووە، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. ساڵی ٢٠١٣، پڕۆسەی دادگاییەکە هەمدیس لە ژێر ئەشکەنجە و زەخت و گوشاردا بەردەوام بوو. دیسان هەمان بڕیار درا: سێدارە(١).
دەگوترێ سامان کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ دوو ئەندامی تری پەژاک لە سێدارە دراون. کاربەدەستانی ئێران لەمبارەوە تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی زانیارییان بە بنەماڵەی سامان ڕانەگەیاندووە.
لە ئێرانی ٧٦ میلیۆنیدا، مەزەندە دەکرێ ژمارەی کوردەکان نزیکەی ١٠ بۆ ١٢ میلیۆن کەس بێ. بە گوێرەی قسەکانی ئاکادیمیسیەنی کورد عەبباس وەلی "نەوەی گەنج دەوڵەتی سەربەخۆ و زۆرینەش لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتیکدا، ناوچەیەکی ئوتۆنۆمی کوردی گەرەکە." هاوکات لەگەڵ ئەمەدا، لەنێو کوردەکانی ئێراندا، کەسانێکیش هەن بە ئیلهام وەرگرتن لە ئەزموونی عێراق داوای فیدڕاڵیزم دەکەن و لە چوارچێوەی ئێراندا داکۆکی لە مۆدێلی کوردستانێکی فیدڕاڵ دەکەن.
وەک د. وەلی دەڵێ تێڕوانینی دەوڵەتی ئێران لەمەڕ پرسی کورد لەگەڵ تێڕوانینی کەمالیستیانەی تورکیا جیاواز بوو. لە کاتێکدا کەمالیزم لەسەر بنەمای نکۆڵی کردن لە کورد و پاڵپشت بە گوتاری نەتەوەپەرستی تورک دامەزرا، ئێران لە سەردەمی شادا لە بنەڕەتەوە نکۆڵی لە بوونی کوردەکان نەدەکرد. وەلی ئاماژە بەوە دەکا ناوی فڕۆکەکەی شا، کوردستان بووە و ئەم فڕۆکەیە لە سەردانێکی شادا بۆ ئەنقەرە، تەنانەت ڕێگەی لەبەردەم قەیرانێکی دیپلۆماسی خۆش کرد و ڕۆژنامەکانی ئەوکات، نووسراوەی کوردستانی سەر فڕۆکەکەیان سڕییەوە(٢).
بەڵام ڕۆژگار دەچەرخێ و دەوران دەسووڕێ. ئەمڕۆکە ئاکتۆری هەرە دوور لە دامەزراندنی کوردستانی عێراق لە ناوچەکەدا، ئێرانە.
ئەو ئاکتۆرەی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان تورکیا و کوردەکانی عێراقیش بە مەترسی دەزانێ، دیسان ئێرانە. لە ڕوانگەی ئێرانەوە، دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ لە عێراق، هەم بۆ سیاسەتی نێوخۆیی ئێران و هەم بۆ سیاسەتی پاوانخوازانەی ئێران لە ناوچەکەدا کێشەیە. ڕژێمی ئێران هاوکات لەگەڵ ئەوەی لە ویستی سەربەخۆیی کوردەکانی خۆی دەسلەمێتەوە، بە توندی دژی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردییە لە ناوچەکە کە لە میحوەری ئێراندا نەبێ.
بە پێی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، "مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکانی کوردەکانی ئێران لە ژێر زەخت و گوشار دان." ئەحمەد شەهید، هەواڵنێری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، کۆتاییەکانی مانگی ئۆکتۆبری ڕابردوو، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند پاش هاتنە سەر کاری ڕووحانی، واتە لە ٣ی ئووت بە دواوە، لانیکەم ٨٢ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. لە لایەکی دیکەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی کەمپینی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە کاتی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ڕووحانییەوە تا ئێستا، هەرە کەم ٢٠٠ کەس ئیعدام کراون. زۆرترین ڕێژەی سزادراوە سیاسییەکان لە ئێران، بەندکراوانی کوردن. لەنێو سزادراوە سیاسییەکانیشدا، هەرە زێدە کوردەکان لە سێدارە دەدرێن. لە ناویاندا کەسانی وەک سامانیش بەدی دەکرێن کە هێشتا مێرمنداڵن.
ڕووحانی لە دەسپێکی دەسەڵاتەکەیدا، بەڵێنی ڕیفۆرمی بە کوردەکان دابوو. لەچوارچێوەی ئەم ڕیفۆرمەدا، داوای کرد لە سیستەمی بەڕێوەبەرە خۆجێیەکانەوە دەست پێ بکرێ، کوردەکانی وڵات تێکەڵ بە سیستەم بکرێن، مۆدێلی بەڕێوەبەرایەتی هاوبەش پیادە بکرێ و فەرمانداری هەندێک لە شارەکان بکرێنە کورد.
بەڵام ئەم قۆناغە کە هەڵگری ڕیفۆرمی ئەوتۆ نەبوو، بە سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران ڕووبەڕووی کەند و کۆسپ دەبێتەوە.
ئێران نەک هەر دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ، بەڵکوو چارەسەری پرسی کورد لە تورکیاش بە مەترسی دادەنێ. شتێکی شاراوە نییە کە ئێران دەیەوێ لە ڕێگەی هەندێک گرووپی دەست ڕۆیشتووی ناو پەکەکە پێڤاژۆی ئاشتی لەبار بەرێ. ئەمە لە لێدوانی موراد قەرەیڵاندا دەبینرێ: "لە حاڵەتی نەپەژراندنی پێڤاژۆدا، ئێران پێشنیاری یارمەتی و هەر شتێکی پێ کردین کە حەزمان لێی بێ."
سەبارەت بە پەرەسەندنی ئیعدامەکان پاش هاتنە سەر کاری ڕووحانی، بۆچوون و مەزەندەی سەرنج ڕاکێش هەن. حاجی ئەحمەدی، سکرتێری گشتی پەژاک بانگەشە دەکا "ئێران بە لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسیی کورد ئەو ئاگربەستە پێشێل دەکا کە لە ساڵی ٢٠١١وە هەیە و ئیعدامەکانی دوایی [نۆڤامبری ٢٠١١] ناردنی پەیامی دۆستانەیە بۆ تورکیا." حاجی ئەحمەدی بانگەشەی کرد "ئێران لە چاوپێکەوتنی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان توڕەیە و دەیەوێ ئەم پڕۆسەیە تێک بدا"، هەروەها گوتی "ئەوەی ڕاستی بێ لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ئەگەر بێت و پێشهاتێکی ئەرێنی سەبارەت بە کوردەکان ڕوو بدا، ئێران هەوڵی شێواندنی دەدا، چونکە دەزانێ ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێ، خۆیشی ناچار دەبێ هەنگاو بەرز بکاتەوە.(٣)"
لە کاتێکدا مانگی مارس لە تورکیا ئامادەکاری بۆ بیستنی هەواڵی خۆش سەبارەت بە پرسی کورد دەکرێ، سەبارەت بە کوردەکانی ئێران هەواڵی ڕوون نابیسترێ.
لە بەرامبەر سوپای بەهێزی ئێران، مەحاڵە پەژاک چالاکی ئەوتۆ ئەنجام بدا کە ئامانج بپێکن. لە ڕوانگەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە کە هەرچی لە دەستی هات درێغی نەکرد بۆ ئەوەی ئێران بکاتە هاوبەشێکی متمانەپێکراو بۆ شەڕ دژی داعش، وەزعی کوردەکانی ئێران لە پێشەوە نییە.
لە کەشوهەوایەکی بەمجۆرەدا، ئێران کوردەکانی ناوچەکە بە دەستەیەکی مەحکووم بەوە دەبینێ کە جار جارە بە گێزەر، بەڵام زیاتر بە کوتک کەوی و کۆنتڕۆڵ بکرێن.

.....
سەرچاوەکان:
(1) http://www.amnesty.ie/content/execution-saman-naseem-%E2%80%98enmity-against-god%E2%80%99-looms

(2) http://dergi.aljazeera.com.tr/2014/10/15/iranin-yok-dedigi-kurt-sorunu/

(3) http://t24.com.tr/haber/iran-son-idamlarla-turkiyeye-mesaj-mi-veriyor,243619

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر