۱۳۸۷/۰۱/۰۵

لەسەر وشەی "مەمک" سەرجەم بەرهەمەکانم سانسۆر کران


دیمانە: سەلاحەدین بایەزیدی
پرسیار زۆرن بۆ کەسێک کە نیو سەدەیە بە ئادگاری چیرۆکیی ئێرانەوە دەدرەوشێتەوە، بەڵام بەر لەوەی ئەو لە وەڵامدانەوە ماندوو بێ، تۆ خۆت لە پرسیارکردن دەدزیتەوە، چونکە هەست دەکەی ئازارەکانی هێندە زۆرن، ناتوانی بەرگەیان بگری. بە سیمایەکی ماندوو و زەردەخەنەیەکی تاڵ، بەرسڤی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە پەیوەندییان بەژیانی خۆیەوە هەیە، دەڵێ: "لەسەر وشەی مەمک، سەرجەم بەرهەمەکانیان سانسۆڕ کردم. نەمدەزانی چ لەباتی ئەو وشەیە دابنێم"، ئینجا ڕووی پرسیاری دەکاتە من: "نوسیبام منداڵەکە دەمی نا بە سینگە پڕ لە شیرەکەی دایکییەوە؟" پاشان بە پێکەنینەوە بەردەوام دەبێ: "بڕوانن لەئێراندا سانسۆڕ چ تەنزێکی تاڵە."

وەک دەزانین ئێوە بە هۆی هەندێک هەلومەرجی تایبەتەوە ماوەیەکى زۆر لە ئەدەبیات دابڕان، ئەمەش بێگومان ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئەفراندنی ئەدەبی دادەنێ، ئاخۆ ئەم دابڕانە لە ئەدەب، زەبرى لە ژیان و بەتایبەت بەرهەمەکانى ئێوە نەدا؟
بێگومان قۆناغێکى زۆر، واتە نزیکەى شانزە هەڤدە ساڵ دابڕام، تەنانەت نەمتوانى کتێبێکیش بخوێنمەوە، زەبرێکى زۆر گەورەى لەکارى چیرۆکنووسى من دا، ڕاستەوخۆ زەبرى لە ڕەوتى چیرۆکنووسین لەناوچەکە دا، نازانم چەندە ئاگادارى ئەوەن کە لەو ماوەیەدا چى ڕووی دا، بەڵام پێنج ساڵ لە گۆشەى زینداندا بووم. پێشتریش سێ ساڵ دەربەدەر ببووم، هەشت ساڵ ئاوا تێپەڕى، دواى ئازادیم لەزیندان هیچ شتێکم نەبوو، نە پشتیوانێکم هەبوو نە پیشەیەک، ناچار بووم ڕوو لە کرێکارى بکەم، بە پێچەوانەى ئەو شتەى خۆم دەمویست، ئێوەش باش دەزانن کە کرێکارێک تەنانەت کاتى بیرکردنەوەشى نییە چ جاى نوسین و خوێندنەوە، ژیانم بە فیڕۆ چوو، ڕۆژانە دوانزە سەعات کارم دەکرد.

لەبەرهەمەکانى ئێوەدا سەرتاپا دەربڕینێکى شاعیرانە دەبیندرێ، هەر چەندە ئەمە زۆربەى ڕۆماننوس و چیرۆکنووسە گەورەکانى ئێران دەگرێتەوە، ئێوە چۆن دەربڕینێکى شاعیرانە لە چیرۆکەکانتاندا بەکار دەهێنن؟
من جگە لە چیرۆک، شیعریش دەنوسم. شیعرەکانم لە گۆڤارە هەرە باشەکانى ئێراندا بڵاو دەبنەوە، بەڵام کارى سەرەکى من شیعرنووسین نییە، لە پەراوێزى کارەکانمدا شیعر هەیە، جگە لەمە ژیانى من پتر لە سروشتدا تێپەڕیوە و زۆر سەرسامم بەسروشت، من یەکەم کارە هونەرییەکانى خۆمم بە نیگارکێشى دەستپێکرد کە دواجار وازم هێنا. ئەمانە هەموویان کاریگەرییان لەسەر دەربڕینى شاعیرانە داناوە، هەروەها سەبارەت بە مەسەلەى زمان زۆر سەختگیرم و دەشزانن ئەدەبیاتى کلاسیکى ئێران پڕیەتى لە شیعرى جوان و پتەو کە من زۆر هۆگریانم و بەردەوام دەیانخوێنمەوە، بەتایبەتى شیعرەکانى نادر نادرپوور کە پڕە لە دیمەنى نایاب و سەرنجڕاکێش. ئەمانە گشتیان کاریگەرییان لەسەر تەبع و زمانى من داناوە.

باشە ئەم عەشقەى سرووشت و گوند وا ناکات کە ئێوە بێبەش بن لە ئەدەبیاتى هاوچەرخ و نەتوانن وەڵامدەرەوەی بەشێکی زۆر لە خوێنەران بن؟
ژیانى من لەشاردا تێدەپەڕێ کە هیچ سەرنجم ڕاناکێشێت، یانى ئەگەر بە دەست خۆم بوایە، دەچوومە گوند و لەوێ دەژیام، چونکە بیرکردنەوەى ئەمڕۆ جیهانییە، شارو گوندى نییە، ئەدەبیاتى داستان خوێنیش جیهانییە، هەرێمى نییە، بەڵام ئەوانە پەیوەندییان بە مەیلى تایبەتى نووسەرەوە هەیە، هەندێ کەس لەکارەکانیاندا زۆر وشک دەنوسن، من وەک خۆم هیچ حەزم لە خوێندنەوەى ئەم جۆرە چیرۆکانە نییە، پێموایە ئەگەر خوێنەرێک لە شار بژی و هەموو شتەکانى شار، کاریگەرى نێگەتیڤى لەسەر ڕۆحی ئەو هەبێ، ئەدەبیاتی شاعیرانە یاخود دێهاتیانە یارمەتى دەدات، دیارە زۆربەى خوێنەرانیش خەڵکى شارن، بۆیە کارێکى ئاگایانەیە. هیچ پێداگرییەکم لەسەر ئەم بابەتە نییە، خۆتان دەزانن کە لە چیرۆک نووسیندا، ئەوە ناوەرۆکە فۆرم دیارى دەکات و تەنانەت کاریگەرى لەسەر زمانیش دەبێت، لەوانەیە سوژەیەک لە شار ڕووی دابێت، ئەم سوژەیە زمانى تایبەتی خۆى دەوێت، دیمەنى خۆى دەوێت، بۆیە نوسەر ناچارە لەم چوارچێوەیەدا بجوڵێتەوە. زمانى وشک، دیمەنەکانى کورت و تاقەت پڕوکێنە. چونکە ژیانى شار، خۆى تاقەت پڕوکێن و بێ ڕوحە، ئەمجۆرە ژیانە کاریگەرى لەسەر زمان، دیمەنەکان و فۆرم دادەنێت.

ئاماژەتان بە ژیانى نوسەرى خۆتان و هەروەها زیندان و ژیانی کرێکارى کرد، ئایا ئەمانە وایان نەکرد ناهومێد بن و ئەم ناهومێدیەش ڕەنگدانەوەى هەبێ لەسەر بەرهەمە ئەدەبیەکانتان؟
بۆچى. ناتوانم بڵێم ناهومێد نەبووم، ئەم ژیانە، بێتاقەتى لەگەڵ خۆیدا دێنێ، ناهومێدیەک لە ناخەوە، بەڵام چونکە ژیانم هەر لە سەرەتاوە دژوار و ناخۆش بووە و ئێستاش کە ئێستایە یەخەى بەرنەداوم، گیان سەخت ڕاهاتووم. ئەمە واى لێکردووم لە بەرامبەر ئەم ناهومێدیانەدا خۆڕاگر بم. خۆڕاگرییەکى دەرونى نەک فکرى و ئایدۆلۆژى. سەرنج بدەنە ئەو گیایەى لە شۆرەکات شین دەبێ، گەڵاکانى زۆر وردن و لقەکانیشى کورت و ناسکن، ئەوە بەرهەمى هەلومەرجى شۆرەکاتە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەم گیایە بەم بچوکى و وردییەى خۆیەوە، دەیەوێ بمێنێتەوە و خۆراگرى دەکا، وەلێ فەزاکە پڕە لە ناهومێدی، شەوانى سارد، گەردەلول و تەپوتۆز. دیسان ئەم گیا بچووکە، بە هۆی ئەوەی دەیەوێ زیندوو بمێنێتەوە، خۆى لەگەڵ شۆرەکات ڕادێنێ، لە کوێستانەکانیشدا هەروایە، لەنێو دڵى زنار و بەردەکاندا گیایەکى شین ڕواوە. یەکێک لەو هۆکارانەى واى کردووە سروشتم خۆش بوێت، ئەم یاسایەى سروشتە. ئێمە وەک هونەرمەند و مرۆڤ دەتوانین زۆر وانە لە سروشتەوە فێر بین، فەزاکە ناهومێدکەرە وەلێ هیچ چارەیەکت نییە جگە لە خۆڕاگرى.

بۆ ئەوەندە پێداگر بوون لەسەر نوسین و ئیشێکی دیکەتان تاقی نەکردەوە، ئەی ''ئەوان'' بۆ وازیان لێ نەدەهێنای؟
زیندان لە تافی لاویدا مەلەفێکی گەورەی بۆ دروست کردم، هەمیشە لەژێر چاودێری دابووم. ئەوە بوو بەکۆسپێکى سەرەکیى بۆ دامەزراندنم. بگرە ڕێگەیان لە هەموو کارێکم دەگرت. دواى ئەو ڕووداوەو پاش دە ساڵ دیسان گیرامەوە، کە شۆڕشى ئێران دەستى پێکرد، ساڵێک دواى ئەوە مامۆستا بووم، دواتر دەرکرام. ئێستاش هیچ دەرفەتێکى ژیانم پێنادرێ، تەنانەت ڕێگە نادرێ بە کارێکەوە سەرقاڵ بم. ڕێگریم لێدەکەن. من دەمویست دوکانێکى بچوک بکەمەوە و چیپس بفرۆشم، ڕێگەیان پێنەدام. سەرنجڕاکێشە. بوارى ژیانم بەرتەسک دەکرێتەوە، بارودۆخەکە وەها جێگەى ناهومێدیە کە بیر لەوە دەکەمەوە بمێنمەوە یان نا. مانەوە و نەمانەوەم بۆتە کێشە، ئێستاش بێکارم و ماڵەکەم فرۆشتووە بۆ ئەوەى بژیم، ئەگەر ئەم ماڵەشم بفرۆشم چى؟ بچمە کوێ؟

لەکۆتایى دەیەکانى چل و سەرەتاکانى دەیەى پەنجا، جۆرێک لە ئەدەبى هەژارانە لە ئێران برەوى هەبوو، بە بۆچوونى ئێوە ئەمجۆرە نوسینانە یان بیرکردنەوانە زەبر لە ناوەڕۆک و پێکهاتەى چیرۆکەکان نادەن؟
بەڵێ، بەڵام ئەمجۆرە ئەدەبیاتە بەرهەمى هەلومەرجى ئەوکات بوو. بەرهەمى هەلومەرجى کۆمەڵایەتى، ئابوورى و کەلتوورى ئەو سەردەمە بوو، هەم ئەدەبیاتى هەژارانە و هەمیش ئەدەبیاتى سیاسى لە چلەکان و پەنجاکاندا برەویان هەبوو، هەردووک لەم تایبەتمەندییانە زەبریان لە ناوەرۆکى چیرۆک دا، بگرە زەبرى گەورەشیان وەشاند. بەڵام ئەمە زۆرەملێ بوو، هەلومەرج ئەوەى دەسەپاند. لێرەدا با بیرەوەرییەکى خۆمتان بۆ بگێڕمەوە، کتێبێکم بڵاو کرایەوە و تیایدا ویستومە خۆم لەو فەزایە ڕزگار بکەم کە ئاماژەت پێدا، چونکە بڕوام پێى نەبوو، ئەودەم ''ساڵى کۆرپە''م نوسى کە بەرهەمێکى تەواو هونەرى بوو. ئەو کەسانەش کە تێڕوانینى هونەرییان خورت بوو، پێشوازییان لەم کتێبە کرد، بەڵام چونکە فەزاکە زۆر سیاسى بوو و پەرەى بە ئەدەبى هەژارانە دەدا، هەندێ کەس بەتوندى ڕووبەڕووى بوونەوە و ڕەتیان کردەوە. یەکەمین بەرهەمم کۆمەڵە چیرۆکێک بوو بەناوى ''زام''، ئەم کتێبەش تا دوا ڕادە هونەرییە، چونکە هیچکات لەسەر ئەو بڕوایە نەبووم کە ئەدەبیات پەلکێشى ئەو گۆڕەپانە بکرێت. یەکەم چیرۆکم، چیرۆکێکى سوورئالیستیە و چەند چیرۆکى سیمبۆلیکیشى تیایە. تەنها یەک ــ دوو چیرۆکیان ڕیالیسین، بەڵام هەلومەرج ئەمجۆرە ئەدەبیاتەى ڕەت دەکردەوە، هەلومەرجى سیاسى زەبر لەئەدەبیات دەدا. هەڵبەت مەبەستم بیرکردنەوە نییە، بیرکردنەوە گەشە بە ئەدەبیات دەدا، بەڵام ڕەوتە سیاسییەکان کە بە گشتى تەمەنیان کورتە، ئەمانە ئەدەبیات قرێژ دەکەن و نووسەر پێویستە خۆى لەمجۆرە تێڕوانینانە بپارێزێ.

نوسینەکانتان زیاتر ڕەنگدانەوەى ژیان و گوزەرانى خەڵکى دەڤەرەکە و بەتایبەت کرماشانە، لە هەمووشیاندا ڕوحێکى کوردانە بەرجەستەیە، بۆچى هێندە گرنگى بەم تایبەتمەندییە دەدەن؟
بەڵێ وایە. ئەمەش دەگەڕێتە بۆ ژیانى تایبەتی خۆم. زیاتر لە نیو سەدەیە لە کرماشان دەژیم. کوردستان بەگشتى هێلانەى من بووە، هەر لە کرماشانەوە تاکوو مەهاباد. خۆیشم کوردم. وەکو کوردێک نەتەوەى خۆم خۆشدەوێ. حەزم لە دابونەریت و کولتورەکەیەتى. چونکە لەمبارەوە زۆر دەوڵەمەندە. وەک نووسەرێکى کورد، بەشێوەیەکی خۆڕسک، ژیانى خەڵکى کورد لە بەرهەمەکانمدا ڕەنگى داوەتەوە، نەک بڵێی بەسەرمدا سەپابێ، لەدوایین بەرهەممدا "افسانە سیرنگ" کە بەرگى یەکەمى بڵاو بۆتەوە، هەمووی گێڕانەوە و بەسەرهاتى ژیانى گەلی کوردە.

لە سەرەتادا باسى ئەوەتان کرد کەوتونەتە زیندانی ئێرانەوە، وەک دوا پرسیار دەمەوێ بزانم هۆکارەکەی چی بوو، هەڵبەت ئەگەر خۆتان بتانەوێ باسی بکەن؟
هەڵبەت، بۆچی باسی نەکەم، چیم ماوە تاکوو لێی بترسم؟ پێنج ساڵ لە زینداندا بووم. لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات بە گشتى تابشتی بیرکردنەوەى ئازادیان نییە و بەدژوارى بەرەنگاری دەبنەوە و سەرکوتى دەکەن، بە داخەوە ئەمە بەشێکە لە ژیانى نوسەر لە وڵاتانى ڕۆژهەڵات. بە هۆی ئەوەی هیچ سەندیکا و ڕێکخراو و حیزبێکیش نییە، هەموو بەرپرسیاریەتییەکان دەکەونە سەر شانى نووسەر. هەلومەرج لە وڵاتانى جیهانى سێهەم بەمجۆرەیە. جارى وایە لەپڕ لافاوێک دێ و هەموو شتێک تێک دەدا، لەوانەیە مرۆڤ نەتوانێ لە بەرامبەریدا خۆى ڕابگرێت. کاتێ دەستگیر کرام هێشتا گەنج بووم. لە زیندان، داواى دوو شتیان لێکردم، چونکە پەسەندم نەکردن، پێنج ساڵ خرامە گۆشەى زیندانەوە. گوتیان لەسەر تەلەڤزیۆن قسە بکە، بەڵام من چۆکم دانەدا، لەمە گرنگتر داوایان لێکردم ڕۆمانێک لەسەر جەنگ بنووسم، گوتم من نە فەزاى جەنگم بینیووە، نە کەرەستەکانى جەنگ دەناسم، چۆن بنووسم؟ ئەگەر بڕیاریش بێت بنووسم، دەبێ بەدڵخوازی خۆم فەزاى جەنگ ببینم، نەک بە زۆرەملێ بەڕێم بکەن. لایەنى بەرامبەر ئەمەى نەدەبیست، بەرژەوەندییەکانى وابوو کە لە من تێنەگا، ئەمە تراژیدیایە.

مەنسوورى یاقوتى:
•    ساڵى ١٣٢٧ی هەتاوی، لە گوندێکى سەر بە شارى کرماشان لەدایک بووە.
•    لە تەمەنى نۆزدە ساڵیدا لە لایەن دەزگای هەواڵگری "ساواک"ەوە گیراوە و بەهەموویەوە پێنج ساڵ لە زینداندا بووە.
•    ماوەیەک مامۆستایەتى کردووە و پاشان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بڕیارى لەسەرکارلابردنى دراوە.
•    ناچار بووە کۆچ بکات بۆ تاران و مل بنێتە بەر کرێکارى.
•    چەندین جار دەستنووس و داستان و ڕۆمانەکانى تاڵان کراون و بە چەپاو چوون.
•    هەندێک لەبەرهەمەکانى بریتین لە: گوڵخاس، زام، منداڵى من، چیرۆکەکانى ئەسکەندەر، ساڵى کۆرپە، لەژێر خۆردا، چرایەک بەسەر مادیان چیاوە، تووشاى باڵندە غەریبەکەى زاگرۆس، ئەفسانەى سیرەنگ.