۱۳۹۸/۰۲/۱۱

تەنانەت لە ژاپۆنیش ئاستەنگی بۆ زوانی کوردی بنێنەوە


جەلال باشلانگچ / ئارتی گەرچەک
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
عەزیز نەسین، لەگەڵ وەفدی ڕۆژنامەنووسانی هاوچەرخ دەڕۆیشتە شڕناخ.
١٤ی سێپتەمبری ساڵی ١٩٩٢ بوو. شڕناخ سووتێنرابوو، وێران کرابوو. وەفدەکە دەیویست سەبارەت بە بەرپرسیارەکانی ڕووداوەکانی ئەوێ لێکۆڵینەوە بکا. 
لە ڕێگادا، عەزیز نەسین بە تاسووقەوە گوێی بۆ بەسەرهاتێک ڕاداشتبوو:
"هەروەک دەزانن لە ئایدیۆلۆژیای فەرمیدا کورد نییە. تورکە و لە شاخ دەژی. ئەمانە 'تورکی شاخستانی'ن. بەفری چیا لە هەوای سارددا ڕەق دەبێ. بە هۆی ئەوەی ئەم 'تورکە شاخستانی'یانە پێیان لە بەفر ناوە و دەنگی 'کارت کورت'یان لێ بەرز بووەتەوە، پێیان دەگوترێ 'کورد'. ئەمە گوتاری ئایدیۆلۆژیای فەرمییە."
بە ئاستەم بزەیەک لەسەر لێوەکانی [عەزیز نەسین] نیشت:
"تەنانەت من کە ئەو هەمووە ساڵە خەریکی تەنزم، شتی ئاوام بۆ وەسەر یەک نایە."
وادەی چاوپێکەوتن لەگەڵ فەرماندەی ئەوکاتی لیوای شڕناخ، عەمید مەتە سایاریش وەرگیرابوو. 
لە چاوپێکەوتنەکەدا، ڕستەیەکی هێنایە زمان، ڕەنگە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو باسە بێنێ کە "کێ پەلاماری شڕناخی دا":
"ئەمن لێرە هەوڵ دەدەم تابلۆیەکی جوان بئافرێنم. ئەگەر هەوڵ بدرێ پەڵەیەکی بچووک بەم تابلۆیەوە بلکێنرێ، ئەم تابلۆیە بەسەر شڕناخییەکاندا دەڕووخێنم.
دواجار ڕووخاندیشم…"
عەزیز نەسین نەیتوانی وەڵامی ئەم قسەیە نەداتەوە:
"ئێوە لە دەروازەی شار نووسیوتانە 'چ بەختەوەرە ئەوەی دەڵێ تورکم'. ئەز تورکێکی پەتیم بەڵام بەختەوەر نیم. کورد چۆن بەختەوەر بێ!"
ساڵانی نەوەدەکان، دەوڵەت هێدی هێدی ئایدیۆلۆژیای "کورد نییە، تورکی شاخستانی هەیە"ی شکاندبوو. ئەمە ئیتر بۆ گوتاری "کوردەکان برامانن. ئێمە دژی پەکەکەین، دژی تیرۆرین" گۆڕدرابوو.
ئەوەی ڕاستی بێ ئەم گوتارە دەمامکێک بوو بۆ شاردنەوەی دژایەتیی کورد. چونکە لە دڵی خۆیاندا دەیانویست بڵێن "کورد هەیە بەڵان هەمووی تیرۆریستە". هەرچەندە هەوڵیشیان دابێ ئەم هەڵوێستانەیان وەستایانە حەشار بدەن، ناوە ناوە وتەبێژانی دەسەڵات قسەیان لە زار دەرپەڕیوە و نیەتی ڕاستەقینەیان "لەقاو" داوە.
بۆ نموونە، ٢٢ی ئووتی ٢٠١٦، پاش کۆبوونەوەی جڤاتی وەزیران، سەرۆک وەزیر بینالی یڵدرم ئەم لێدوانەی ڕاگەیاند:
"هێنانە ئارای قەوارەیەکی کوردی لە باشووری تورکیا، شتێک نییە ئێمە وەک تورکیا هەرگیز بتوانین پەسندی بکەین."
بینالی یڵدرم، دوو ڕۆژ دوای ئەم قسانەی، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، زمانی بە هەمان شێوە "تەتەڵە"ی کرد:
"لە سنووری باشوورمان پێکهاتەیەکی نوێی کوردی قەبوڵ ناکەین."
ماوەیەک دواتر، هەر ئەو یڵدرمە کە ڕۆیشتبووە میتینگی دیاربەکر، توانی بەم ڕاحەتییە قسە بکا:
"ئێمە لە هیچ شوێنێکی دونیا دژی کورد تێنەکۆشاوین، ئەوەی پێچەوانەی ئەمە دەڵێ با بێتە مەیدانی دیاربەکر."
ساڵانی نەوەدەکان، هاوکات لەگەڵ بەدیهاتنی هەرێمی فیدڕاڵی کوردستان لە باکووری عێراق، "ڕوانگەی فەرمی"ی دەوڵەت هەر بەم شێوەیە بوو:
"لە باکووری عێراق ڕێگە بە پێکهاتنی قەوارەیەک نادەین."
پاش ئەوەی ئاکەپەش هاتە سەر دەسەڵات، دەوڵەت ئەم هەڵوێستەی هەر پاراست.
ڕۆژی ٦ی ژوئەنی ٢٠٠٧، ئەردۆغان، سەرۆک وەزیرانی ئەوکات، لە پەخشی ڕاستەوخۆی کاناڵ ٢٤دا لەسەر ئەو ڕایە بوو کە: "بەردەنگی ئێمە سەرکردە کوردەکانی ئەوێ نین."
"بەردەنگی ئێمە حکومەتی ناوەندی عێراقە. ئەمن چاوم بە سەرۆککۆمار و سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ناوەندی کەوت. بێجگە لەمە، ئەمن لەگەڵ سەرۆک هۆزێک دانانیشم."
ئەم دۆخە لەگەڵ ڕستەیەک کە ئەردۆغان پەیتا پەیتا دەیهێنایە زمان، یەکیان دەگرتەوە؛ "لە کوێوە بۆ کوێ…"
هەر ساڵی ڕابردوو، لە میتینگی دیاربەکر، ئەردۆغان بەم جۆرە دوا:
"ئێمە بەرامبەر بەو بۆچوونەی کە خودی کوردەکان وەک کێشەیەک دەبینێ، دەڵێین 'کێشەی کورد لە گۆڕێ نییە'. تورکی، زوانی فەرمیمان کە هەرگیز ناگۆڕدرێ و هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، چەند بەنرخە، کوردی، زوانی دایکیشتان، بەو شێوەیە بەنرخە."
هەر ئەمساڵ بوو وەزیری کاروباری دەرەوە، مەولوود چاوشئۆغڵو لە ئاگری دەیگوت: "دەردی ئێمە تیرۆریستەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانن. هیچ کێشەیەکمان لە تەک برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێراندا نییە."
بەڵام ئەمە، وەک چۆن بە ساڵان پیادە کراوە، بۆ هەر دەسەڵاتێک کە لە تورکیا بێتە سەر کار، "دەمامکێکی کوردی" وازلێنەهێنراوە.
مانشێتی دوێنێی ڕۆژنامەی "یەنی یاشام" جارێکی تر ئەم دەمامکەی هەڵماڵی.
مانشێتی نووسەرانی یەنی یاشام بەم جۆرەیە:
"تەنانەت کوردیی ژاپۆنیش بووە مایەی بێزاری!"
سەردێڕی هەواڵەکەش پەیوەندیی بە وەزارەتی کاروباری دەرەوە هەیە کە ئەو چاوشئۆغڵویەی گوتبووی "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ برا کوردەکانمان نییە" بەرپرسیەتی:
"وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا داوای کرد وانەی کوردی لە زانکۆی تۆکیۆ کۆتایی پێ بهێنرێ"
بە گوێرەی هەواڵەکە، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی تورکیا، بێزاریی خۆی لەمەڕ وانەگوتنەوە بە زوانی کوردی کە لە یەکی ئاوریل بە دواوە لە زانکۆی توێژینەوەی بیانی لە ژاپۆن دەستی پێ کردبوو، بە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ژاپۆن ڕاگەیاندووە. سەرچاوەی هەواڵەکەش، مامۆستای زوانی کوردیی زانکۆکە، واکاس چۆلاکە.
پێشان، کەمێک دڕدۆنگ بووم و بە خۆمم گوت "تۆ بڵێی بە هەڵە خوێندبێتمەوە؟" شتێکی بەم جۆرە دەکرێ ڕاست بێ؟
پاشان، بەسەرهاتێکم بیر کەوتەوە کە ساڵح موسلیم ساڵی ٢٠١٣ گێڕابوویەوە…
دڕدۆنگی لە گۆڕێ نەما…
بە مەبەستی ئامادەکردنی "دۆسیەی کوردستان" بۆ گۆڤاری "تووکەنمەز"ی بزووتنەوەی ٧٨ەکان لەگەڵ نیمەت تانریکوولوو و جەلالەدین جان لە هەولێرێ بووین.
ساڵح موسلیمیش بۆ زنجیرە چاوپێکەوتنێک وەک هاوسەرۆکی پەیەدە هاتبووە هەولێر.
ئەم هەلەمان قواستەوە و وتوێژێکی دوورودرێژمان دەگەڵ ساڵح موسلیم ساز دا. موسلیم لەم وتوێژەدا "چیرۆکێک لە مێژووی" گێڕایەوە.
ئاخروئۆخری ساڵانی ١٩٥٠… سووریا و میسر خەریکی دامەزراندنی کۆماری یەکگرتووی عەرەبی بوون. ڕادیۆی قاهیرە پەخشی کوردی بەرنامەکانی دەست پێ کردبوو.
وەک دەگێڕنەوە باڵوێزی تورک لە قاهیرە بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایەتیی تورکیا بە پەلەپڕوزێ خۆی دەگەیەنێتە نووسینگەی سەرۆککۆمار جەمال عەبدولناسر. داوای چاوپێکەوتنێکی خێرا دەکا.
تەنانەت دەڵێن باڵوێزی تورک ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی بینینی عەبدولناسر بووە. دواجار ئەو پەسندی کردووە.
باڵوێزەکە داواکارییەکەی پێشکەش بە عەبدولناسر دەکا:
"ئەفەندم پێویستە کۆتایی بەم پەخشی کوردییە بێت، چونکە ئێمە لەم دۆخە بێزارین."
ناسر بە زەردەیەکەوە دەپرسێ: "بۆچی؟ چما لە لای ئێوە کورد هەن؟" باڵوێزە تورکەکە وەڵامی دەداتەوە: "نەخێر ئەفەندم، چ پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە."
ئەم قسەیە عەبدولناسر کۆتایی بە چاوپێکەوتنەکە دێنێ:
"ئەی کەواتە بۆچی بێزار دەبن؟"
ڕاستی ڕووت و قووت لەبەر چاوانە. یانی ئەو قسەیە کە دەڵێ "کوردەکان برامانن، ئێمە دژی تیرۆری پەکەکەین" و پەیتا پەیتا دووپات دەکرێتەوە، ئەوەی ڕاستی بێ، دەمامکێکە بە ڕووی ئەو بەڕێوەبەرانەی بە ساڵانە کۆماری تورکیا بەڕێوە دەبەن.
ساڵانی ١٩٥٠ کاتێک ڕادیۆی قاهیرە بە کوردی بەرنامەی بڵاو دەکردەوە، پەکەکە هەبوو؟
نابێ لە بیرمان بچێ کە ئەم هەڵوێستەی دژ بە کوردەکان و زوانی کوردی، دەرئەنجامێکی "سیاسەتی دەمامکدار''ە کە بە درێژایی ٩٠ ساڵ لە کۆماری تورکیادا پیادە کراوە.
با چاویان هەڵنەیە بە "تورکیا نوێیەکەتان"؛ گومان لەوەدا نییە لەچاو جاران خراپترە.
ساڵانی ١٩٥٠ بێزاریی خۆیان بە کوردیی قاهیرە دەردەبڕی. ئێستاش لە "تورکیای نوێ"ی ئاکەپەدا بە کوردیی تۆکیۆ ناڕەحەت دەبن.
وا دیارە ئەمانە قسەکەی حەزرەتی محەممەد بە هەڵە تێگەیشتوون کە دەڵێ: "زانست ئەگەر لە چینیش بێ، بە دوایدا بچن"، پێیان وایە گوتویەتی: "کوردی ئەگەر لە ژاپۆنیش بێ، ئاستەنگی بۆ بنێنەوە"!