۱۳۹۲/۰۶/۲۱

کوردەکان، سووریا و تورکیا لە وتوێژێکدا لەگەڵ عەبباس وەلی



ئەجە کۆچاک - بیانەت
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی


لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر عەبباس وەلی، مامۆستا لە بەشی سۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی، سەبارەت بە پرسی سووریا کە لە ڕۆژەڤی سیاسەتی دونیا دایە، قسەمان کرد. دکتۆر وەلی ئاماژەی بە گەلێک بابەتی وەک ڕەوشی ڕۆژئاوا، بڕیاری دواخستنی دەستێوەردانی سەربازیی ئۆباما و بەکارهێنانی چەکی کیمایی لە لایەن سووریاوە دا و پێی وایە تورکیا لە سیاسەتی دەرەکیدا لە مەڕ سووریا سەرکەوتوو نەبووە.
عەبباس وەلی پێی وایە پێشگرتن لە دەستێوەردانێکی سەربازی هەمەلایەنە، پەیوەندیی بە دانوستانی کاریگەر لەگەڵ ڕووسیا و ئێرانەوە هەیە. ئەگەر هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانیان و بەر لە بڕیاری یەکلایی کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەنە ئەنجامێک، ئەوا دەستێوەردانی سەربازی برەوی نامێنێ و کێشەکە چارەسەر دەبێ.

کام بەشی کێشەکانی سووریا لە بەر چاوی میدیای نێونەتەوەیی یاخود میدیای تورک ونە؟ دەبێ چ شتێک سەبارەت بە سووریا بزانین کە لە میدیادا ڕەنگ ناداتەوە و نابینرێ؟

چەند هەفتە لەمەوپێش لە لەندەن بووم و بە سەرنجێکی زیاترەوە ئەو سەرچاوانەم شۆپاند کە دەتوانین وەک میدیای نێونەتەوەیی باسیان لێوە بکەین. خاڵی هەرە سەرنج ڕاکێش بەلامەوە ئەوە بوو کە گرنگییەکی کەم بە کێشەی کورد لە سووریا دەدەن. کێشەی سووریا لە لایەن میدیای نێونەتەوەییەوە، وەک ململانێی نێوان هێزەکانی ئۆپۆزۆسیۆن و حکومەتی ئەسەد، سەیر کراوە. لە کاتێکدا ئۆپۆزۆسیۆن لە نێو خۆیدا، هەڵگری ناکۆکیی گەورەی سیاسی و ئایدیۆلۆژییە.
سەبارەت بە ویست و ڕێبازە گشتییەکانیش جیاوازی هەیە. هیچ مشتومڕێک لە سەر وردەکارییەکانی پەیوەندیی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچە کوردییەکان لە ئارادا نییە. تەنانەت دوابەدوای یەکەمین شەپۆلی توندوتیژییەکانی [بەرەی] نوسرە دژ بە گەلی کورد، سەیری هەندێک ڕۆژنامەی وەک "گاردیەن"م کرد و ئەم ڕووداوە، ڕەنگدانەوەیەکی کەمی هەبوو. هەڵاواردنی ئەتنیکی لە سووریا پشتگوێ دەخرێ؛ تەنیا داخوازی و کردەوەی سەلەفەییەکان، ئیخەوان موسلیمن و سوپای ئازادی سووریا سەرنج ڕادەکێشن. ئەوەندەی تا ئێستا سەرنجم دابێ کوردەکان لە بازنە دانین.
ئەگەر ئاوڕ لە میدیای تورکیش بدەینەوە، مخابن دەبینین کە لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە، کێشەی کورد لە سووریا شی دەکاتەوە. سنوورەکان و پارامێتری کێشەی کورد لە سووریا، بە گوێرەی کێشەی کورد لە تورکیا وێنا دەکا. پێموایە ئەوە درێژەی ئەو سیاسەتەیە کە حکومەتی تورکیا بەم دواییانە گرتویەتیە بەر.
ئەگەڕ بڕواننە هەژدە مانگی دوایی، دەبینن سیاسەتی حکومەتی تورکیا، نەخاسمە لە کۆبوونەوەی جۆراوجۆر لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو، پشتی بە دەرهاویشتنی ئۆپۆزۆسیۆنی کورد یاخود ماڕژیناڵیزە کردنی بەستووە. هەوڵێک هەبووە بۆ پێشگرتن لە دەستەبەرکردنی ستراتژی یاخود جێبەجێکردنی خۆسەریی لە لایەن کوردەکانەوە. ئەمە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بووە و پێموایە قازانجێکی ئەوتۆی نەبووە. تەنانەت بەم هۆیەش، پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە)، ڕێگەی خۆی گرتە بەر و لە هەوڵدان بۆ ئاواکردنی ناوچەیەکی بەرینی مانۆڕدان سەرکەوتنی بەدەست هێنا. کاتێک حکومەتی تورکیا هەستی بەوە کرد سیاسەتەکانی دەرئەنجامی بەراوەژووی هەیە، سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلمیان بە مەبەستی دانوستان بۆ تورکیا بانگهێشت کرد، بەڵام بە ڕای من، ئێستا ساڵح موسلیم لە چاو هەژدە مانگ لەوە پێش لە دۆخێکی زۆر بەهێزتر دایە.
سەرباری ئەزموونی سیاسیی بەرفراونی حکومەتی تورکیا لە مەڕ پەیوەندی لەگەڵ کوردستانی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و داواکارییەکانی حکومەتی هەرێم، سیاسەتەکانی دەوڵەت سەبارەت بە دانوستانی نێوان کوردستانی عێراق و تورکیا، بەردەوام لە چوارچێوەی پەیوەندیی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکەدا پێشکەوتوون. ئەم هەڵەیە لە سووریاش ڕووی دایەوە و پێموایە ئەحمەد داودئۆغڵو هەستی بەوە کرد کە هەڵەیەکی گەورەیە. وەک دەرئەنجام ئێستا حکومەت تاسەباری مەسەلەی دەستێوەردانی سەربازییە. دەتوانم بڵێم میدیای تورکیش تا ئێستە، لەسەر ئەم ڕێبازە هەواڵی داڕشتووە. زۆر لە سەر پەیوەندیی نێوان پەیەدە و پەکەکە ڕۆیشتن. لە پاڵ ئەمەدا، بایەخێکی کەمیان بە پێکهاتەکانی ئۆپۆزۆسیۆنی عەڕەبی دژ بە سووریا دا. بۆی هەیە ئیخەوان ئەلموسلمین ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشبینییە سیاسییەکانی تورک و ڕوانگەیان بۆ سووریا هەبووبێ و لەم ڕوەوە کاریگەریی دانابێ. میدیا گرنگی بە چی دابێ یان هەوڵی پەراوێزخستن و مارژیناڵ کردنی هەر شتێکی دابێ، پەیوەندیەکی چڕی بەو داهاتووەوە هەبوو کە بۆ سووریا وێنا کرابوو. بە ڕای من ئیتر ئەو وێناکردنە دەبێ بگۆڕدرێ، بگرە لەوانەیە گۆڕدرابێ. هێز و ڕەوشی نوێ دێنە ئاراوە کە بمانەوێ و نەمانەوێ سەرنجمان ڕادەکێشن.
وەک دوا خاڵ پێویستە ئەوەش بڵێم کە بە ئیرادەی دەوڵەت، تا ئێستا کێشەی سووریا، بەردەوام بە پرسگەلی مرۆڤدۆستانە بەستراوەتەوە و نیشان دراوە. ئەگەر لە پشت ئەم کێشەیە، بە پەیوەندیی هێزە سیاسیەکانیشەوە، گفتوگۆی ژیرانە، هاوسەنگ و پێواندار بەڕێوە چووبان، هەرگیز کوڕەو و قەتڵوعامی هۆڤانە نەدەبوونە سەرباسی میدیاکان. 

لە وەڵامەکەتاندا باسی ئەوەتان کرد کە کێشەی کورد لە بەر چاو نەگیراوە. ئەم پرسیارەم لەم چوارچێوەیەدا، پەیوەندی بە کوردستانی سووریا واتە ڕۆژئاواوە هەیە. لە سەرچاوەکانی میدیای ئاڵتەرناتیڤی تورکیا، هەواڵی ئەنجامدانی قەتڵوعامی سامناک لە ڕۆژئاوا بڵاو بۆوە. ڕۆژئاوا چۆن هاتە ئەو قۆناغەی ئێستا؟ بایەخی مێژوویی ڕۆژئاوا لە چوارچێوەی سووریادا بە چ شێوەیەکە و چۆن دەڕواننە پەیوەندی ڕۆژئاوا لەگەڵ ناوچەکانی تری سووریا؟ لە هەمووی گرنگتر، چۆن ئایندەیەک بۆ ڕۆژئاوا دێننە بەرچاو؟ ئاخۆ هەلومەرجی ئێستا ئیزن دەدا ڕۆژئاوا ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، چۆن ستاتوسێکی دەبێ و چارەنووسی ڕۆژئاوا، چ کاریگەرییەکی لە سەر دانیشتوانی کوردی تورکیا دەبێ؟

ئەگەر بمانەوێ بە زمانێکی سیاسی بدوێین، بە ڕای من ڕۆژئاوا شانسی دەستەبەرکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەسەڵاتداری نییە. ئەو شانسەی نییە و هەروەها بە ڕای من مەبەستیشی ئەوە نییە ئەو ڕێگەیە بگرێتە بەر؛ ئەگەر سەیری سیاسەت و ئایدیۆلۆژیای کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکەین کە پەیەدەش پارچەیەکە لەو، دەبینین باسێک لە چوارچێوەی سەربەخۆییدا نەهاتۆتە ئاراوە. بەڵام ئەگەرێکی زۆر بە هێزە لە ڕۆژئاواش ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی وەک کوردستانی عێراق دابمەزرێ.
فاکتۆرگەلی سیاسیی گرنگ هەن کە پێویستە لە بەر چاو بگیرێن. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە ئەنجامی قەیرانی سووریادا، ڕژێمی ئەسەد چی بە سەر دێ و ئەم ئەنجامانە بە گشتی بۆ سووریا چ واتایەکی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا بە سەر ناوچەی جیا جیادا دابەش دەبێ؟ ئەگەر هێزەکانی حزبوڵڵا، ئێران، برایانی موسڵمان و سعودیە ناوچەی گرێدراوی خۆیان ڕابگەیەنن، لەوانەیە کوردیش شنەی ئەم ئاڵوگۆڕانەی بەر کەوێ.
ئەگەر بڕوانینە ئەو کێشانەی لە چاوەڕوانی پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی کورد لە ناوچەکە دان، دەبینین گرنگترینیان دەوڵەتی تورکە کە بە سوپایەکی گەورەوە لە سەر سنوور چاوەڕێ دەکا و بیر لە ڕووداوەکانی مارسی ٢٠٠٣ی عێراق دەکاتەوە. ئەگەر بێت و ڕەوشێکی هاوشێوە بێتە ئاراوە، تورکیا نایەوێ هەڵەی دەستێوەرنەدانی ئەودیو سنوور دووبارە بکاتەوە. پێموایە هەڵەی ٢٠٠٣ زۆر قورس لە سەریان کەوت. هەرچەند بڕیارێک بە دڵی چالاکانی دژی شەڕ و مرۆڤە ئاشتیخوازەکانیش بووبێ، بەڵام لە ڕوانگەی واقعی سیاسییەوە بە زیانی تورکیا تەواو بوو و نایەوێ ئەمە دووپات بێتەوە.
ئەگەر تورکیا بکەوێتە سووریاوە، یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی، ئاستەنگ نانەوە بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی خۆسەر لە ڕۆژئاوا دەبێ. هەڵبەت دیارە تورکیا لە پێناو نەهێشتنی ئەم ئەگەرە، ڕێگەی جۆراوجۆر تاقی دەکاتەوە. تورکیا لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی هەیە و لە هەمووی گرنگتر، تورکیا، هەرێمی کوردستان لە سووریا وەک هێزی وەکیل بەکار دێنێ. بە بۆچوونی من، بەکارهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هێزی وەکیل، بەر لە دەستێوەردانێکی سەربازی، مەیدان بۆ چالاکیی سیاسی خۆش دەکا و لەو مەیدانەدا پەیەدە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەونە ململانێیەوە. تاکوو ئێستا پەیەدە زاڵە و ڕێگەی بە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەداوە ببێتە هێزێکی ململانێ.
لەم ڕووەوە، ئیتر زۆر شت پەیوەندیی بە وێناکردن و نەکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە وەک هێزی وەکیل. لە مەڕ ناوچەی کورد لە سووریا، فاکتۆرێکی سیاسی تر دێتە گۆڕێ کە کارتێکەری گرنگی دەبێ. پێشهاتی نوێ کە لە سیاسەتی کوردیدا زۆریش شاراوە نییە و تا دێ بەرچاوتر دەبێ، ململانێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پەکەکەیە. ئەم ململانێیە، ئەنجامی زۆر گرنگی بۆ ناوچەکە دەبێ. ئێستا تورکیا هەموو شتێک لەپێناو پاوانخوازی خۆیدا بەکار دێنێ، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بۆیە وەک هێزی وەکیل بە کار دێنێ تاکوو پێش بەوە بگرێ پەیەدە بەڕێوەبەرایەتی هەموو ناوچەکە بگرێتە دەست و هەروەها لە داهاتووی سووریادا باندۆڕی هەبێ.
کێشەکە لایەنێکی ئابووریشی هەیە. ئەگەر لە کێشەی نێوان [بەرەی] نوسرا و پەیەدە ورد بینەوە، دەبینین کە ئەم کێشەیە لە سەر کۆنتڕۆڵکردنی ناوچە نەوتییەکان چڕ بۆتەوە. پەیەدە بە شێوەیەکی جدیتر هەوڵی دەست بە سەر داگرتن و بەڕێوەبردنی کانە نەوتییەکان دەدا؛ ئەگەر ئەمە بێتە دێ، بۆ ستراتژییەکانی لایەنی تورک دەبێتە مۆتەکە. ئەو ناوچانەی چاوگەی ئابووری پێویستیان بۆ دامەزراندنی خۆسەری هەبێ، دەبنە خاوەنی پۆزۆسیۆنێکی زۆر پتەو. ئەگەر هێزی پێویستی ئابووریت نەبێ، ئەوا وابەستەی لایەنەکانی دەوروبەر دەبی. پێموایە پەیەدە تا ئێستا ئەگەر هەموو ئەو مەیدانانەشی نەگرتبێتە دەست، توانیویەتی بەشێکی زۆریان بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
ئەگەر جەنگ دەست پێ بکا و ئەمریکییەکان، نموونەی باڵکان دووبارە بکەنەوە و بە مەبەستی لاوازکردن ئەسەد 'بکوتن'، ئەوا هێزی سەربازی ئەسەد زەبری وێ دەکەوێ و بۆی هەیە ڕژێم بڕووخێ. لەم دۆخەدا، پەیەدە هێزەکانی خورت تر و سەقامگیرتر دەکا. حکومەتی ئاکەپە لە بەر ئەم هۆکارە مەیلێکی زۆری بۆ دەستێوەردانی سەربازی هەیە.
لەم ڕوانگەوە، لەوانەیە زۆربەی قسەکانم سپۆکۆلاتیڤ بن، چونکە تا ئەم ساتەش نازانین ستراتژییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەمریکا بە چ شێوەیەک دەبێ.

کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراقی داگیر کرد، پەکەکە زۆر قازانجی لەم داگیرکردنە بینی. چونکە وەک دەڵێن لە ژێر سایەی داگیرکردنی عێراقدا، لە سەر سنووری تورکیا - عێراق، ئاسانتر دەستی بە چەک و هێزی مرۆیی و ئاڵوگۆڕپێکردنیان ڕاگەیشت. ئەوەندەی من تێگەیشتنم، ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە سووریا بکرێ، پێتان وایە بە هۆی ڕۆژئاواوە هەمان ئاکام دێنە دی. ئایسەل توغڵوک، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک و نوێنەر پەرلەمانی وان-یش، لە وتاری ڕۆژی یەکی سێپتامبریدا، ئاماژەی بەوە کرد سەرۆک وەزیر ئەردۆغان دەیەوێ ڕۆژئاوا داگیر بکا و بەم هۆیە، پشتیوانیی لە دەستێوەردانی سەربازی ئەمریکا دەکا. ئێوە لەگەڵ ئەم نەرینەدا هاوڕان؟

مەسەلە هاوڕا بوون یان هاوڕا نەبوون نییە؛ بە بۆچوونی من، لە ڕوانگەی تورکیاوە ئەمە وەک ستراتژی زۆر ژیرانەیە. سیاسەتمەدار و ستراتژیستەکانی تورک ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەزانن. گومان لەوەدا نییە کە تورکیا دەیەوێ لەوێ کاریگەری هەبێ.

دەستێوەردانی سەربازی تورکیا لە سووریا، دەتوانێ چ بەرژەوەندی تری بۆ کێشەی کورد هەبێ؟

من پێموایە سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست - هەر بە تەنیا من وا ناڵێم، بەڵکوو ئەمە بۆچوونی ڕۆژنامەکانیشتانە - بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر ناسەرکەوتوو بووە. نموونەی ئەم سەرنەکەوتنەمان لە میسر و فەلەستین بینی. بینیمان دانوستانەکانی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل ڕادیکاڵ تر بوون و ڕووبەڕووی نسکۆیەکی مەزن بوونەوە. ئیسرائیلییەکان ناسازشکارانە هەڵسوکەوتیان کرد؛ حەماس و گرووپە ڕادیکاڵەکانی دی وە جموجوڵ کەوتن. لە هەلومەرجی ئێستادا، ئەم گرووپانە مەیلەو ئێرانن. یانی ڕووکردنی ئەم گرووپانە لە ئێران، دێتە ئەو واتایەی کە هیواکانی تورکیا لە مەڕ فەلەستین بە هەڵپەسێردراوی مانەوە. ئیسرائیل هیچ هاوکارییەکی نەکرد، بیناسازی لە فەلەستین ڕانەگرت و ئەمەش بوو بە کۆسپێکی گەورە لە بەردەم ئاشتی.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر تەنانەت چاوپۆشی لە کێشەی کوردیش بکەین، تورکیا دەیەوێ لە سەر شێوازی حکومەتی داهاتووی سووریا خاوەن قسە بێ. پێشبینی کردنی ئەوەی تورکیا چی گەرەکە، زۆر ئەستەم نییە؛ ڕژێمێک کە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان و سوپا و برایانی موسڵمان بەڕێوەی بەرن و لەگەڵ عەرەبستانی سعوودیش پێک بێ بۆ ئەوەی عەلەوییەکانی سووریا مارژیناڵ بکا.
ئێستا فیکری هاوبەشی تورکیا و عەرەبستانی سعوودی ئەوەیە کە سوریا نەبێتە عێراقی دووهەم. فاکتۆرێکی تر کە تورکیا و عەرەبستانی سعودی لێک گرێداوە، ئەوەیە هەر دوو لا خوازیاری پێکهاتنن لە سەر ڕێککەوتنێک کە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا لاواز و کەمڕەنگ بکاتەوە. تورکیا، عەرەبستانی سعوودی و ئۆردۆن، ئاواتەخوازی ئەوەن ئێران کاریگەریی کەم ببێتەوە. لە وەها ڕەوشێکدا، دیاردەی سووریا سەر لە نوێ شانسێکی تر بە وە گەڕ کەوتنەوەی سیاسەتەکانی تورکیا دەدا. ئەمڕۆکە بۆ وڵاتانی وەک تورکیا، عەرەبستانی سعوودی، میسر و ئۆردۆن هەلی بەرژوەندییەکی مەزن لە ئارا دایە بۆ ئەوەی لە سەر خاڵێکی دیاریکراو یەک بگرن. ئەم هەلومەرجە لەوانەیە سیاسەتە لاوازە دەرەکییەکانی تورکیا ببوژێنێتەوە.
پێموایە لە هیچ کەس شاراوە نییە کە لاساری تورکیا لە مەڕ پێشهاتەکانی میسر و داننەنان بە ئاکامەکانی ئەم پێشهاتانە، هەرچەند وەک هەڵوێستێکی ئەخلاقی جێگەی پەسند سەیر کرابێ، بە لە بەرچاوگرتنی ڕووداوەکانی ناوچەکە، سیاسەتێکی خراپ بوو. ئەوەندەی من بزانم ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکانتان، پێشنیاریان بە حکومەتی تورک کرد سنوورێک بۆ شێوازی شەڕەنگێزانە و ڕەخنە قورسەکانی بەرامبەر بە سووپا دابنێ. بەمجۆرە ئەگەر تورکیا بە هەندێک لەو ئامانجانە بگا کە بۆ سووریا دایناون ئەگەرچی ئەوە شتێک نییە لە چاوتروکانێکدا بێتە دی، بە مەبەستی گۆڕینی هەڵوێستی سیاسی خۆی، هەلێکی لەباری ڕەخساندووە.
بە گشتی دەگوترێ سیاسەتی دەرەکی، بە شێوەیەک لە شێوەکان درێژەدەری ناوەڕۆک و چییەتی سیاسەتی نێوخۆییە، ئەمە تا ڕادەیەک ڕاستە. لە تورکیادا ئەمە دەبینین. بە ڕای من هۆکاری چەقبەستوویی و ناسەرکەوتوویی سیاسەتی دەرەکیی حکومەتی تورکیا لە ڕۆژی ئەمڕۆدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاوازی نێوخۆیە. ئۆپۆزۆسیۆنی نێو مەجلیس و سەرجەم پارتەکانی تری دەرەوەی ئاکەپە، بە شێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێ کاریگەر ماونەتەوە. حکومەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی بانگهێشت نەکرد، گوشاریان بۆ نەهێنا، لە سیاسەتەکانیاندا نەیانتوانی سەر لە نوێ هاوسەنگی و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوخۆی وڵات دابڕێژنەوە. لە پێڤاژۆی سیاسی - دیموکراتیکدا، ئۆپۆزۆسیۆنی لاواز بۆ سیاسەتی دەرەکی باش نییە.

ئەگەر ڕژێمی ئەسەد بڕووخێ، جا چ بە دەستێوەردانی سەربازی بێ یان بە شێوەی تر، لە سووریا شاهیدی چۆن ڕژێمێک دەبین؟ چۆن کەشوهەوایەکی سیاسی دەبێ؟ ئاخۆ سووریا وەکوو میسر لە ناو ناسەقامگیرییەکی سیاسیدا دەچەقێ؟

بێگومان دواخستنی بڕیاری دەستێوەردانی سیاسیی لە لایەن ئۆباما و چاوەڕێکردنی بڕیاری کۆنگرە، بۆ سیاسەتی نێوخۆیی ئەمریکاش گرنگ بوو، بەڵام شکی تێدا نییە کە هۆکارگەلی تریش هەن.
پێموایە ئەم بڕیارەی ئۆباما دەرفەتێکی زەمەنی بۆ دانوستانی هەستیاریی نێوان حکومەتەکان و ئەو هێزانەی نەیار ڕەخساند کە سەبارەت بە داهاتووی سووریا قسەیان پێیە. پێش بینی دەکەم ئێستا وتوێژی گرنگ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدرێن. لەوانەیە فەڕەنسییەکان لایەنێک و هەندێک دامودەزگای یەکێتی ئەوروپا لایەنی تر بن. گومان لەوەدا نییە کە ئەمریکییەکان لایەنێکی ئەم مەسەلەیەن. بیرۆکەی سەرەکی ئەوەیە بەر لە هەر چەشنە موداخلەیەکی سەربازی ڕووسەکان و ئێرانییەکان بەوە قایل بکرێن کە ئەسەد دەبێ بڕوا. ئامانجی ئەم دیپلۆماسییە شاراوەیە بێگومان هەر ئەمەیە. فەڕەنسییەکان زۆر ڕاشکاوانە باسی دەکەن، کەچی هەڵوێستی ئەمریکییەکان هەندێک جیاوازە. بەڵام ئاخۆ پێویست بە دەستێوەردان و زەبری سەربازی دەکا ئەگەر بێت و تەنانەت ئەسەدیش بڕوا؟ دواجار گۆیا دەزگای هەواڵگری ئاڵمانیا تۆمارێکی دەنگی باڵوێزێکی ئێرانی و ئەندامێکی حزبوڵڵای دەست کەوتووە. لەم گفتوگۆیەدا، باس لەوە دەکرێ کە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە، بۆیە فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی داوە و ئەم فەرمانە هەڵەیەکی گەورە بوو. ئەمڕۆ لە هەواڵەکاندا ئەوەم خوێندەوە. ئەگەر ئەمە ڕاست بێ و ئەگەر ڕەفسەنجانی یەکێک لە کارەکتەرە گرنگەکانی ڕژێمی ئێران ڕاشکاوانە باسی ئەوەی بکا ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا نیشان دەدا ئێران سەبارەت بە سووریا، تێڕوانینێکی یەکدەست و تایبەتی نییە.
کۆنگرەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ١٠-١١ی سێپتامبر گفتوگۆ لە سەر ئەم مژارە دەکا. تا ئەوکات هەفتەیەکمان لە بەر دەمە و بە پێی سیاسەت بێ، هەفتەیەک ماوەیەکی زۆرە. ئەگەر لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، ڕووسەکان و ئیرانییەکان لە چوارچێوەیەکی سیاسیدا قایل بکرێن، بۆی هەیە دەستێوەردانی سەربازی ئاڕاستەکەی بگۆڕدرێ و ئەم بژاردەیە وە لاوە بنرێ. لەوانەیە بێ بوونی ئەسەد، ڕژێمێکی ئەڵتەرناتیف بە بەڕێوەبەرایەتی ئەو بەشە لە سوپا و هێزە ئەمنییەکان دابمەزرێ کە 'پاکژ ماونەتەوە'.
هەڵبەت لەوانەیە ئەم ڕێگەچارەیە دوابەدوای دەستێوەردانی سەربازیش بێتە گۆڕێ. پێموایە سەرکەوتنی چالاکییە سیاسییەکانی حەماس، بەر لە بڕیاری کۆنگرە، دەتوانێ هۆکارێکی گرنگ بێ. لە داهاتوودا ڕوون دەبێتەوە. بە ڕای من تورکیا ئێستا نایەوێ وەها پێشهاتێک بێتە ئاراوە، چونکە تورکیا دەیەوێ دەستێوەردانێکی سەربازی بکرێ.

ئاماژەتان بە تۆمارێکی دەنگی کرد کە گۆیا گوتراوە ئەسەد ئەقڵی لە دەست داوە ئەگینا فەرمانی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نەدەدا. دەمەوێ بیروبۆچوونی ئێوە سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بزانم. ئاخۆ بڕواتان وایە ڕژێمی ئەسەد چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی دژ بە خەڵکی سڤیل بەکار هێنابێ؟ ئاخۆ کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای سووریا لە ڕەوشێکی وا دایە وەها بڕیارێک بدا؟

بڕوانن، بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان بابەتێکە کە لە نێو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا لە مێژە بە توندی شەرمەزار کراوە. بەکارهێنانی پێشێلکردنی یاسایە. بەکارهێنانی بەرچاوی ئەم چەکانە تەنانەت لە کاتی شەڕدا، ئەنجامی حیسابی هەڵەی جددیە. لەگەڵ ئەمەشدا، بۆی هەیە سیاسەتمەدارن لە هەلومەرجی سامناکدا بڕیارگەلی سامناک بدەن.
سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی کێمیایی، نموونەی هەرە بەرچاو عێراقە. بۆ یەکەمجار هاوکات لەگەڵ پێشڤەچوونی سوپای ئێران و پاشەکشەی سوپای عێراق بۆ ناو سنووری عێراق، ئەم چەکەی دژ بە سوپای ئیران بەکار هێنا. من پێموایە ڕۆژئاوا دەیزانی حکومەتی سەددام لە هەندێک ناوچەی دیاریکراو، چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، بەڵام پشتگوێیان دەخست. ئەمجارەیان دۆخەکە زۆر جیاوازە؛ گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی شام لەگەڵ مەیدانی جەنگی خاکی ئێران یان عێراق جیاوازی هەیە.
من لەو ڕوانگەوە سەیری ئەم بابەتە ناکەم کە "ئەسەد دەتوانێ یاخود ناتوانێ ئەم کارە بکا". سەیری لایەنی مرۆیی ئەسەدیش ناکەم. بەڵکو وەک ڕووخسارێکی سیاسی لێی دەڕوانم کە بە شێوەیەکی زۆر جدی تەنگاو بووە و بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی ئەسەد پێداگرە و بۆ ئەم مەبەستە، تاقیکردنەوەی هەموو ڕێگایەک ڕەوایە. بە بۆچوونی من، چەکی کیمیاییش دەکرێ یەکێک لەم ڕێگایانە بووبێ.
من ناڵێم حەتمەن وایە، بێگومان بەڵگەی سەلمێنراوم نییە. وەک بەڵگە تەنیا دەتوانم متمانە بەو نووسراوانە بکەم کە لە میدیاکاندا دەیانخوێنمەوە. پسپۆڕە ئاڵمانییەکان دەڵێن ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، تەکنیکی پێویستیان بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی نییە، ئەمە شتێکە دەکرێ لەبەر چاو بگیردرێ. فەڕەنسییەکانیش دەڵێن بەڵگەی سەلمێنراویان لە بەر دەست دایە کە ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە.
بۆ یەکەمجار دەبینین لە ئێرانیش جیاوازی بیروڕا هەیە. سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران بەکارهێنانی چەکی کیمیایی مەحکووم دەکا، بەڵام لێدوانێکی ڕوون نادا سەبارەت بەوەی کێ ئەنجامی داوە. کارەکتەرێکی گرنگی وەک ڕەفسەنجانیش - لە دامەزرێنەرانی ڕژێمی ئیسلامی، هەڵبژێردراوی دوو خولی سەرۆککۆماری، کەسێکی کارتێکەر کە هەر لە کۆنەوە تا ئێستا پۆستی گرنگی هەبووە- ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە. دواتر کە ئەم لێدوانە ڕەت کرایەوە، تازە کاریگەری سیاسیی خۆی دانابوو.
ئەگەر سەتاسەت دڵنیاش نەبین کە ڕژێمی ئەسەد چەکی کیمیایی بەکار هێناوە، ئەوا هۆکار و بەڵگەی پێویست هەن. گرنگ نییە ئەم زانیارییانە ڕاستن یان نا، گرنگ ئەوەیە ئامانجی سیاسی ئەم زانیارییانە چ دەبێ و ئەم ئامانجانە خزمەت بە کێ دەکەن. ئەوەی ڕاستی بێ، ئێستا ڕۆژئاوا، سەبارەت بە چەکی کیمیایی لە سووریا، خاوەن بناغەیەکی ئەمن ترە لە چاو ئەوەی لە عێراق ڕووی دا. بەڵگەکانی عێراق، زۆر لاواز بوون، بەڵام ئەمریکا و بریتانیا لەمێژ بوو بڕیاری شەڕیان دابوو، تەنیا بە دووی پاساوێکدا دەگەڕان. ئێستا وەزعەکە زۆر جیاوازە.
تەنیا دەتوانم بڵێم هۆکار گەلێک زیاترە بۆ ئەوەی بڵێی ڕژێم چەکی کیمیایی بەکار هێناوە تا ئەوەی بانگەشە بکەی بە کاری نەهێناوە. نابێ تەنیا لە ڕوانگەی مرۆییەوە سەیری کەسانی وەک ئەسەد بکرێ. باسی سیاسەت و بەکارهێنانی هێزە لە پێناو بەرژەوەندی سیاسیدا.

ئێستاکە ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە سووریا ڕادەکەن و پەنا بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبەن. زۆربەیان بۆ تورکیا، لوبنان و ئوردۆن ڕادەکەن. جموجوڵی حەشیمەتی سووریا، لە درێژخایەندا چ ئەنجامێکی دەبێ؟ ناسنامەی ئەتنیکی و ئایینی پەنابەران، تا چەند کاریگەریی لە سەر ئەم کۆچانە دەبێ؟ بۆ نموونە هەواڵێک بڵاو بۆوە گۆیا بە هۆی ئەوەی نەیانویستووە کۆچبەرە عەلەوییەکان لە کەمپەکانی تورکیا بمێننەوە، ئەوان ناچار بوون لە دەرەوە بخەون.

پێموایە حەشیمەتی پەنابەران بە پێکهاتەی ئەتنیکی و ئایینیەوە، دوای ئەوەی بڕیاری دا بچێتە کوێ، کاریگەری وەردەگرێ. کوردەکان دەیانەوێ بچنە کوردستانی عێراق، عەلەوییەکان دێنە تورکیا، لەوانەشە هەندێک دەستە و گرووپ بچنە لوبنان یان ئۆردۆن. بە کورتی، دیارە ئەمە گرنگە، بەڵام من هیوادارم ئەم جێگوڕکێ کردنە کاتی بێ، چونکە هیچکام لەم وڵاتانە، نە تورکیا، نە کوردستانی عێراق، مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی نادەن بەو پەنابەرانە و ئەو هەستە بەوان نابەخشن کە لە ماڵی خۆیانن. ژیانیان هەرگیز وەک هی مەملەکەتی خۆیان نابێ.
ئەگەر سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێک بێتە ئاراوە، بێگومان پەنابەران دەگەڕێنەوە. ماڵ و حاڵی خۆیان لە چ دۆخێکدا دەبیننەوە، ئەوەیان مژارێکی ترە. ئەگەرچی سەبارەت بە پەنابەرانی کورد زۆر دڵنیا نیم. دوای ئەگەری دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن تورکیاوە، دیار نییە لە ڕۆژئاوا چ ڕوو دەدا و لە درێژخایەندا ڕەوشی ئەوان بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە.

هەرکات توندوتیژییەکی هەمەلایەنە بێتە ڕۆژەڤەوە، چاوەڕوانی ئەوە دروست دەبێ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی کاردانەوەی هەبێ و شەرمەزاری بکا. ئەم شەڕ و پێکدادانە، بە بێ دەستێوەردانی سەربازی چۆن چارەسەر دەکرێ؟ نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بەوە تاوانبار دەکرێ کە خۆی دوورەپەرێز دەگرێ. بەڕای ئێوە جموجوڵی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەبێ بە چ شێوەیەک بێ؟

کە دەڵێین نەتەوە یەکگرتووکان، لە ڕاستیدا باسی پێنج زلهێز دەکەین. لە چوارچێوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، چین و ڕووسیا لە ڕاستای حیساب و بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەجووڵێنەوە. لە هەلومەرجی دیپلۆماتیکی ئێستادا، پێموایە سەر لە نوێ چاو بەم بەرژەوەندییانەدا دەخشێنرێتەوە. ڕووسەکان دوودڵن لەوەی چۆن کاردانەوەیەک نیشان بدەن؛ بەڵام پێموایە قایلکردنی چینەکان ئاسانترە.
ئەگەرچی بۆچوونی ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا، وشک و توند دێنە بەر چاو، بەڵام ناکرێ باس لە بەرژەوەندیی ڕاستەوخۆی سەربازی یاخود ستراتژی بۆ ڕووسەکان بکرێ. زۆر کەس دەڵێن سووریا بنکەیەکی سەربازییە بۆ ڕووسەکان، لە کاتێکدا ئەم بنکە دەریاییە، مردوو و بێ بایەخە. بە ڕای من، ڕووسیا وەک کارتێک سووریا بەکار دێنێ. لە لایەکی ترەوە تا ئێستا ڕوون نییە ئەم کارتە بە چ ئامانجێک بەکار دێنێ. ئاخۆ داخوازییەکانی، قازانجێکی مادی زیاترە لەوەی سعودییەکان قەبوڵیان کردوە بیدەن یاخود شتی ترە؟
من ئاوا بیر دەکەمەوە؛ ئەگەر ڕووسەکان سەبارەت بە سووریا ڕێککەوتنێکیان پێکهێنابێ، ئەمە بۆ ئەو دانوستانە ناوکییانەی لەگەڵ ئێرانیش بەڕێوە دەچن، هەلێکی نوێ دەرەخسێنێ. بۆی هەیە ڕووسەکان بڵێن شتێکی ئاوایان گەرەکە، بەڵام دیار نییە ئەمریکییەکان ئامادەی ڕۆیشتن تا ئەو خاڵە هەن یان نا. سەبارەت بە ئێرانیش، هەڵوێستی ئەمریکا یان لە واتا گشتییەکەیدا ڕۆژئاوا و بە تایبەتی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بە ئێران دەگۆڕێ و نەرمتری دەکا. کۆدەنگییەک لە سەر مەسەلەی نزیکایەتییەکی نوێ لە هەمبەر پرسی ناوەکیی ئێران، شتێکە کە ئێران ئارەزووی دەکا. پێموایە ڕووسیاش ئەمەی گەرەکە. ئەم بابەتە لەوانەیە بەشێک لە دانوستانەکان و ڕۆژەڤی سیاسیی ئێستا پێک بێنێ و لەوانەشە نا. ڕووسیا، سووریا لە بەرژەوەندیی ستراتژییەکی درێژخایەن زیاتر، وەک کارتێک بۆ سات و سەودای گەورەکردنی هێزی خۆی بەکاری دێنێ. بەڵام نازانم بۆچی دەیەوێ سات و سەودا بکا.
هەروەک گوتم، کاتێک دەڵێین نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕاستیدا باس لە دەستەی ئاسایش دەکەین. سات و سەودا لەوێش بەردەوام دەبێ بەڵام پێموانییە ئەمریکییەکان چاوەڕێی ئەو ساتەوەختە بکەن. ئەگەر مۆڵەت لە کۆنگرە وەربگرن -هەڵبەت نابێ لە بڕیارێکی ئەرێنیدا سەرمان سووڕ بمێنێ - لەم حاڵەتەدا، پێویستە بە دوو شێوە لە دەستێوەردانی سەربازی بڕوانین؛ ئەم دەستێوەردانە یان سزادان دەبێ یان ئیفلیجکەر. ئەگەر لە پشت پەردە سیاسەتێکی کاریگەر نەبێ، دەستێوەردانی سەربازی تا هیچ کوێ بڕ ناکا، هەروەک چۆن لە شەڕی کەنداودا بینیمان.
من گومانێکی ئەوتۆم نییە سەبارەت بە وەرگرتنی بڕیارێک لە کۆنگرە چونکە کۆماریخوازانی ئەمریکا لەمێژ بوو داخوازییەکی وەهایان لەم کۆنگرەیەدا هەبوو. سێناتۆر مەککین دوێنێ شەو لە سەر ئەم بابەتە قسەی کرد و لە سەر ئەوە نەدوا تا چەند لە دەستێوەردانی سەربازی ڕازییە یان بە پێچەوانەوە بەڵکو گرنگیی ئەوەی هێنایە گۆڕێ دەبێ گورزی گەورە لە سووریا بوەشێنرێ.
ئەگەر دەستێوەردان لە سووریا، پشتیوانێکی سەربازی نەبێ و زیاتر و زیاتر یارمەتی چەک و چۆڵ پێشکەش بە نەیارەکانی سووریا بکرێ، ئەمە کاریگەرییەکی بەو شێوەیەی نابێ. ئەگەر سەرنج لە قسەی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بۆ میدیاکانی ئەو وڵاتە پاش دیداری دوێنێ شەویان لەگەڵ ئۆباما بدەین، هەموویان ئاشکرایان کرد کە دەستێوەردان دەکرێ و ئۆپۆزۆسیۆنیش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆتر یارمەتیی دەدرێ.
کێشەی سووریا لەمێژە ڕواڵەتی کێشەیەکی نێونەتەوەیی بە خۆوە گرتووە. هێزەکانی ناوچەکە نەیانتوانی کێشەکە بخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و سنوورە نەتەوەیی و ناوچەییەکانی تێپەڕاندوە. هێزە نێونەتەوەییەکانیش نەیانویست ڕاستەوخۆ ببن بە پارچەیەک لەو کێشەیە، بەڵام پێموایە هێرشی کیمیایی لەپێناو کاردانەوەیەکی بەرینی نێونەتەوەیی، بناغەیەکی پتەو دروست دەکا.

ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی بکرێ، ئەنجامەکانی ئەم دەستێوەردانە چی دەبن؟ گەلۆ دەستێوەردان شتێک چارەسەر دەکا یاخود چاکی دەکاتەوە؟

دەستێوەردانی سەربازی تەنیا ئامرازێکە. ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی پشت ئەستوور نەبێ بە سیاسەتێکی کارا، هەرگیز بە ئامانجی خۆی ناگا. ئەمە خاڵی سەرەکییە.
بە پێچەوانەوە، بەڵێ، حاشا هەڵنەگرە ئەمریکییەکان خاوەن هێزێکی سەربازیی ئەوتۆن کە زەبری گەورە لە سوپای سووریا بوەشێنن. دەگوترێ دەستێوەردانێکی سەربازی، تەنیا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بەهێزتر دەکا. من بڕوا بەوە ناکەم؛ ئێستا پۆزۆسیۆنی ئەسەد بە هیچ شێوەیەک قایم نییە. بە ڕای من، دەستێوەردانێکی سەربازی گەورە و هەمەلایەنە، دەتوانێ ئەسەد بەرەو سیاچاڵ شۆڕ بکاتەوە، بەڵام لەوانەیە ڕژێمی ئەسەد لە شوێنی خۆیشی بمێنێتەوە. لەوانەیە وەک چۆن سەدام لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ تا ٢٠٠٣ خۆی ڕاگرت، ئەویش بەرگە بگرێ. ئەگەر سیاسەتێکی کارا لە پشت دەستێوەردانی سەربازی پەیڕەو نەکرێ، بۆی هەیە ئەم ڕەوشە بەدی بێ.
دیارە ڕەوشی سووریا جیاوازترە؛ ئەو ڕۆژانەی سەدام لە ساڵی ١٩٩١دا هێرشی کرایە سەر، زۆر ئاشکرا بوو کە هێزەکانی ناوچە وەک عەرەبستانی سعوودی، تورکیا، ئۆردۆن و میسر نایانەوێ ئەو ڕژێمە بگۆڕدرێ. عەرەبستانی سعوودی وڵاتێکی تری شیعەی نەدەویست، تورکیاش تەنانەت نەیدەتوانی عێراقێکی نامەرکەزی بێنێتە بەرچاو و ترسی کێشەی کورد، ئەم وڵاتەیان لە ڕووی بیرکردنەوە ئیفلیج کردبوو.
رووداوی سووریا زیاتر بەرچاو و شیاوی تێگەیشتنە؛ ئیتر ئەو ترس و خۆفانە لە گۆڕێ نین کە بۆ عێراق لە ئارا دابوون. ئەگەر سیاسەتێکی کارا، دەستێوەردانی سەربازی بشۆپێنێ، بۆی هەیە بە گوێرەی ویستی ئەو هێزانەی خوازیاری دەستێوەردانن، بە ئەنجام بگا. بەڵام ئەگەر دەستێوەردانی سەربازی لە لایەن سیاسەتێکی کاراوە نەشۆپێنرێ، ئەوا دەستێوەردان باردودۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر پاڵ پێوە دەنێ.

ئاخۆ پێتان وایە دوابەدوای ئەگەری دەستێوەردانێکی سەربازی، سیاسەتی چالاک و کاریگەر بەڕێوە ببرێ؟

ناوچەکە بە گشتی لە دۆخێکی ئاڵۆز دایە. ڕەوشی میسر، لیبیا و تونێس ئەوە لە بر چاوە. ئۆردۆن و لوبنانیش ناسەقامگیر بوون. ئەو ڕووداوانەی لە میسر دەقەومن، بە ڕاستی جێگەی نیگەرانین؛ لەوێ دیکتاتۆرییەکی نوێ سەر هەڵدەدا. عێراق بە تەواوی مانای وشە ئاڵۆزە. بە ڕای من، عەرەبستانی سعوودی، ئۆردۆن و هێزەکانی تری ناوچەکە، گوشار بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا دێنن بۆ ئەوەی بکەوێتە گەڕ. ناوچەکە لە ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار دایە و ئەمەش ڕوون و ئاشکرایە.

پرسیارەکانی من تەواو بوون. ئەگەر دەتانەوێ شتێکی تر سەبارەت بە سیاسەتی تورکیا یاخود پێکدادانەکانی سووریا بە باسەکەوە زیاد بکەن، تکایە فەرموون.

بە شێوەیەکی گشتی باسی مەسەلەکەمان کرد، لە ڕاستیدا ئەگەر سەیر بکەن دەبینین هەتا زیاتر لەمبارەوە قسە بکەین، کەمە. شتێک کە دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە حیسابی هەڵەی سیاسەتی دەرەکیی تورکیا، لە سیاسەتی ناوخۆییدا کاریگەریی لە سەر پێشهاتە سیاسییە گرنگەکان دادەنێ. بە ڕای من خوێندنەوەی هەڵە و هەڵسوکەوتی ناڕاستی تورکیا لە مەڕ ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوا، لە سیاسەتی ناوخۆدا کاری لە سەر ئەو قۆناغە ئاشتییە دانا کە لەگەڵ پەکەکە بەڕێوە دەچێ. حکومەتی تورکیا کارەکەی نیوەچڵ هێشتەوە؛ هەرچەند دانیشی پێدا نەنێن بەڵام دەکرێ تێبگەی کە لە سەر بەردەوامبوونی قۆناغی ئاشتی سوور نین.
ئەم هەڵپەساردنە، لە خوێندنەوەی هەڵەی حکومەت بۆ داهاتووی سووریا سەرچاوە دەگرێ. هەڵبەت گومان لەوەدا نییە ڕووداوەکانی سووریا لە سەر داهاتووی پەیەدە، پەکەکە و کوردستانی عێراق، میسر و تورکیا و سەرجەم پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم ئاکتۆرانە کاریگەری دادەنێ.
ئەگەر حکومەتی تورک سیاسەتێکی دەرەکیی خوڵقێنەرانە و شەفافی لە مەڕ پێشهاتە درێژخایەنەکانی سووریا بەڕێوە بردبا، بۆی هەبوو ڕەوشی ئێستا بە قازانجی وی تەواو ببوایە. ئێستا بارودۆخەکە تەنیا بۆتە بارێک بە سەر سیاسەتی نێوخۆوە. بە ڕای من دوو فاکتۆری سەرەکیی هەیە کە پێڤاژۆی ئاشتی حکومەتی تورک لەگەڵ پەکەکەی خستۆتە ژێر باندۆڕەوە.
یەکەم، قۆناغی خۆڕاگرییەکانی پارکی گەزی، حکومەتی ئاکەپەی خستە پۆزۆسیۆنی خۆپاراستنەوە. دەبوایە بەر لە هەڵبژاردنەکان سەر لە نوێ متمانەی خۆیان بە دەست بێننەوە. ئاکەپە بەمجۆرە ویستی بیانوو نەداتە دەست ئۆپۆزۆسیۆن و بەوە تۆمەتبار نەکرێ کە نیشتیمانپەروەر و نەتەوەپەرست نییە و وڵاتی بە کوردەکان و 'تیرۆریست'ەکان فرۆشتووە. فاکتۆری دووهەمیش پەیوەندیی بە دەرئەنجامەکانی سیاسەتی سووریاوە هەیە. تورکیا بە شێوەیەک دانیشت و جگە لە هێزی وەکیلی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکی گرنگی نەبوو. هێزی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش زۆر سنووردارە.

عەبباس وەلی کێیە؟

عەبباس وەلی ساڵی ١٩٤٩ لە شاری مەهابادی کوردستانی ئێران لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە تەورێز تەواو کردوە. ساڵی ١٩٧٣، چۆتە زانکۆی میللی ئێران و زانستی سیاسی خوێندوە. پاشان ڕووی کردۆتەوە بریتانیا و ساڵی ١٩٧٦ لە زانکۆی (Keele) ماستەری لە بواری سیاسەتدا وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨٣ لە زانکۆی لەندەن دکتۆڕای سۆسیۆلۆژی وەرگرتووە.
ساڵی ١٩٨٦، وانە گوتنەوەی ئاکادیمی لە زانکۆی (Wales) دەست پێکردوە. ساڵی ٢٠٠٥ لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دامەزراندنی زانکۆی ئەربیل بانگهێشت کرا. ساڵی ٢٠٠٨ لە زانکۆی هەولێر دابڕا و لەو کاتەوە، لە بەشی سیۆسیۆلۆژی زانکۆی بۆغازیچی وەک مامۆستا کار دەکا.