۱۳۹۶/۰۴/۲۳

وتوێژی "کوردستان پرێس" لەگەڵ د. قاسملوو | بەشی یەکەم


چەتین چەکۆ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چەتین چەکۆ: مانگی سێپتامبری ١٩٨٨ لە ستۆکهۆڵم، وتوێژێکی دوور و درێژم لەگەڵ  د. عەبدولڕەحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ ڕۆژنامەی "کوردستان پرێس" ئەنجام دا. وتوێژەکە بە دوو بەش لەو ڕۆژنامەیەدا بڵاو بۆوە. دە مانگ دوای دیمانەی ئاماژەپێکراو، لە ١٣ی ژوییەی ١٩٨٩، لە ڤیەننای پایتەختی ئوتریش د. قاسملوو و عەبدوڵڵا قادری نوێنەرێ حدکا لە ئەوروپا لە لایەن سیخوڕەکانی ئێرانەوە بە شێوەیەکی هۆڤانە و پلان بۆ داڕێژراو تیرۆر کران. 

                                                 ***
بەڕێز قاسملوو، ئاخۆ دەتوانن سەبارەت بە ڕەوشی سەربازی و سیاسیی ئێستای حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران زانیاریمان پێ بدەن؟
هەر وەک دەزانن، نۆ ساڵ لەمەوپێش لە ئێران هەڵبژاردن ئەنجام درا. ئەو کات ٨٠%ی دەنگەکانی کوردستانی ئێرانمان بە دەست هێنا. گەلەکەمان لە کوردستان پشتیوانیمان لێ دەکا. تارانیش ئەم ڕاستییە دەزانێ.

لەم پەیوەندییەدا، بۆچوونە سیاسییەکانی حزبەکەتان کە پشتیوانی جەماوەری لێ دەکرێ، چین؟

ئامانجی ستراتیژیی حزبی ئێمە، دیموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستانە. ئێمە خودموختاریمان دەوێ، چونکە حزبێکی واقع‌گەراین. بەڵام لایەنی واش هەیە داوای کوردستانی سەربەخۆ یان کوردستانی یەکگرتوو دەکا. ئەگەر هەلومەرجی ژیۆ-پۆلیتیکی کوردستان بگرینە بەرچاو، بۆمان دەردەکەوێ ئەمە ڕێکارێکی واقع‌بینانە نییە. چونکە سەربەخۆیی یانی گۆڕینی سنوورەکانی چوار دەوڵەت. ئەویش لە کوێ؟ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
لە بنەڕەتدا، ئێمە داکۆکی لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلان دەکەین. ئەم مافە فۆرمی جۆراوجۆر لە خۆوە دەگرێ. سەربەخۆیی و فیدرالیزمیش لە نێو ئەم فۆرمانە دان. تێکۆشانی ئێمە بریتییە لە هەوڵدان بۆ خودموختاری کە یەکێکە لەو شێوازانە. دروشمی ئێستای ئێمە لە ئێران، خودموختارییە. کە بۆ خودموختاری تێدەکۆشین، نایەتە ئەو واتایەی کوردەکان مافی سەربەخۆییان نییە! نەخێر، هەیانە. بەڵام سیاسەتی حزبەکەمان خودموختارییە، سەربەخۆیی نییە. گەلەکەشمان پشتیوانی لەو سیاسەتەی ئێمە دەکا.
لە ئێران گەلانی تریش دەژین. فارسەکان لە ئێران ٥٠% کەمترن، کەمینەن. ئازەری، کورد، عەڕەب، بەلووچ و تورکمەن پێکەوە زیاتر لە ٥٠%ی دانیشتوانی ئێران پێک دێنن. بەم پێیە، سیستەمێکی فیدڕاڵ لە ئێران، ویست و داخوازییەکانی ئێمە بەدی دێنێ.
ئەگەر بێینە سەر دۆخی سەربازی، ئەوا دەبینین ستراتیژی سەربازیمان گۆڕانی بە سەردا هاتووە. نۆ ساڵ لەمەوبەر زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران لە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا بوون. ئێستا حزبەکەمان، شەڕی پارتیزانی بەڕێوە دەبا. ئامانجەکانی شەڕی پارتیزانیش ڕوون و ئاشکران. یەکێک لەو ئامانجانە، وەدەرنانی ڕژێمی ئێران لە کوردستان یان دانیشتن لەگەڵ ئێمەیە.
ئێمە بەردەوام گوتومانە، لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ئێستادا دیموکراسی یان خودموختاری نایەتە دی. بەڵام ئێمە، وەک پێویستیەکی جەنگ، چاوپێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی ئێران قەبووڵ دەکەین. ئەمە پێداویستییەکە. دەمانەوێ لەو پێداویستییەش سوودمەند بین. ئەگەر ڕژێمی ئێران داوای وتوێژ لەگەڵ ئێمە بکا، وتوێژی لەگەڵ دەکەین. بەڵام فەلسەفەی ڕژێمی ئێران لە بەردەم خودموختاری یان دیموکراسی بەربەستە. من کاتێ لەگەڵ خومەینی قسەم کرد…

کەی؟

پێش شۆڕشی ئێران. خومەینی ئەوکات پێی گوتم "دیموکراسی" و "خودموختاری" ئەو وشانەن لە دەرێ ڕا هاتوون. گوتی: "ئێمە هەموومان موسڵمانین، هەموومان براین." بەڵام ئێمە دواتر بینیمان ئەوان چۆن موسڵمان و چۆن برایەکن. سەرانسەری کوردستانیان خەڵتانی خوێن کرد. تا ئێستا ٤٥ هەزار کەس لە خەڵکی ئێمە لە لایەن ئێرانەوە کوژراون، ٤٥٠٠ پێشمەرگەشمان شەهید بووە. سەرباری ئەوەش ئێران بە ئامانجی خۆی نەگەیشتووە.
ئێمە ئێستا لە سەرانسەری کوردستان، لە سنووری تورکیاوە تا کرماشان حزوورمان هەیە. ئەمە، مۆڕاڵی سوپای ئێران، سوپای خومەینیی ڕووخاندووە. پێشمەرگەکانمان دژ بە ئێران چالاکی بێ وێنە ئەنجام دەدەن. بە گوێرەی ئەو هەواڵەی ئەمڕۆ (٠٨ی سێپتامبری ١٩٨٨) بە دەستم گەیشتووە، پێشمەرگەکانمان دوێنێ لە شاری شنۆ هەڵمەتێکی سەرکەوتوویان بەڕێوە بردووە. بە کورتی، ڕەوشی سەربازیمان باشە. ئەزموونمان زیاتر وە سەر یەک ناوە، چەکەکانمان باشتر بوون، شەڕێکی پارتیزانی ڕاستەقینە دەکەین. بێگومان، شەڕی پارتیزانیش چەندین چەشن و جۆری هەیە. گرنگترین تایبەتمەندیی ئەوەیە، پارتیزان لە هەموو شوێنێ هەیە، هاوکات لە هیچ کوێش نییە. سوپای ئێران، تەنانەت ئەگەر هێرشێکی بەرفراوانیش پێک بێنێ، شتێکی ئەوتۆی لە دەست نایە.

کاریگەرییەکانی پەیمانی ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق لەسەر تێکۆشانی سیاسیی کوردستان چۆن لێک دەدەنەوە؟

دەتوانم بڵێم پاش ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق، سوپای ئێران گشتی ڕژاوەتە نێو کوردستانەوە. بە بۆچوونی من ئەوە نیشان دەدا کوردستانیان نەناسیوە. کوردستان هەمووی شاخ و بەردە. هیچ دەوڵەتێک، سوپایەکی یەک میلیۆنی لەوێ بەجێ ناهێڵێ. ئێستا ئێران دوو سەد هەزار سوپا و سێ هەزار پایەگای لە کوردستان هەیە. بەڵام لەوە زیاتر نابێ.
لە لایەکی ترەوە، لە نێوخۆی ئێرانیش دۆخەکە هێندە باش نییە. کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە ڕادە بەدەر زۆرن. تەنانەت لە نێو ئایەتوڵڵاکانیشدا کێشەی گەورە بەدی دەکرێ. دوو ڕۆژ لەمەوپێش، سەرۆک وەزیر دەستی لەکار کێشایەوە. دواتر دەست لەکارکێشانەوەکەی ڕەت کرایەوە. لە ئێران، میکانیزمی تاکە ناوەندێکی بڕیاردان بوونی نییە. بەتایبەت پاش خومەینی، میکانیزمەکانی بڕیاردان زێدەتر بوون. بە گەشبینییەوە لە ئێران و داهاتووی خۆمان دەڕوانم. لە ئێران ئۆپۆزۆسیۆنێکی بەرچاو هەیە. بەڵام ئۆپۆزۆسیۆنێکی ناچالاکە. پێویستە هێدی هێدی هەڵوێست بنوێنێ. بە دڵنیاییەوە ڕێکەوتێک دیاری ناکەم، بەڵام لە داهاتوودا بەتایبەت پاش خومەینی ئەم نەیارێتییە زیاتر پەرە دەستێنێ. ئەوکات ئێمەش، هەم لە ڕووی سیاسی و هەم لە ڕووی سەربازییەوە زیاتر بوارمان بۆ دەڕەخسێ.

بۆچی پاش خومەینی؟

چونکە خومەینی سێ تایبەتمەندی هەیە. یەکەم؛ ئەو ڕابەڕی شۆڕشە. دووهەم؛ خومەینی ئایەتوڵڵایەکی گەورەیە. سێهەم؛ هەرچەند لە ڕووی سیاسیەوە خاوەن فەلسەفەیەکی بەهێز نەبێ، بەڵام ئەزموونی زۆرە و مرۆڤێکی ژیرە. فەلسەفەکەی فەلسەفەی چاخی ناوینە. پاش خومەینی کەسێک نییە ڕابەرایەتی بکا. کەسێک نییە هەم ئایەتوڵڵا بێ و هەم دەسەڵات و هێزی سیاسی هەبێ. بە شێوەیەکی ڕەسمی دەبێ مونتەزەری جێگەی خومەینی بگرێتەوە. تەنانەت مونتەزەرییان کردە ئایەتوڵڵاش. بەڵام کەسێک نییە خاوەن نفووزی سیاسی بێ. بەتایبەتی زۆر ناوەندی بڕیار بەدەستی بەرچاو، لە سەرووی هەمووشیانەوە سوپا، ئایەتوڵڵا مونتەزەرییان قەبوڵ نییە.
ڕەفسەنجانی، بەهێزترین پیاوی ڕژێمە. بەڵام ئەو حوجەتولئیسلامە. ئایەتوڵڵا گەورەکان ئەویان قەبوڵ نییە. بۆ ئەوەی ڕەفسەنجانی ببێتە ئایەتوڵڵا، دەبێ پلەکەی بەرز بکرێتەوە، بەڵام هەرچی بێ ئایەتوڵڵا نییە. کەواتە پاش خومەینی کەسایەتییەک بەدی ناکرێ کە ئێران بەڕێوە ببا. ئەودەم دەبێ شۆڕا یان دەستەیەک دابمەزرێ.

کەواتە دەتوانین بڵێین پاش خومەینی گۆڕانکاریی سیاسی دەبێتە ڕۆژەڤ و حزبەکەتان لەم گۆڕانکارییانە سوودمەند دەبێ؟

سەیر کەن دوو تیۆری هەیە. بە گوێرەی یەکەم تیۆری، پاش خومەینی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڕووخێ. بەڵام ئەم تیۆرییە بڕ ناکا. بۆچی بڕ ناکا؟ چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران بەدیلی هەیە. لەم ڕوانگەوە دوایی نایە. بەڵام بۆی هەیە ڕێگە بۆ گۆڕانکاری جۆراوجۆر خۆش بکا. تیۆری دووەم پێی وایە خومەینی و ڕژێمی ئیسلامی دانی پێدا نراوە. نەخێر، قەبوڵ نەکراوە. چونکە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ پرسێکی ئابووری و سیاسی چارەسەر نەکردووە. هەموویان لە جێی خۆیان ماونەتەوە. بە کورتی، پاش خومەینی ڕێگە بۆ گۆڕانکاری خۆش دەبێ، هەڵبەت لەم پێناوەدا وزەیەکی زیاتر پێویستە، دەبێ ئۆپۆزۆسیۆن بەهێز بکرێ، شێوەی پێ بدرێ و گۆڕانکاریی گەورە چێ بن.
حزبی ئێمە، خاكەڕا و واقع‌گەرایە. کوردستانی ئێران، ٧%ی ئێران پێک دێنێ. واتە، ئێمە بە تەنیا ناتوانین ببینە ئەلتەرناتیڤ. پێویستمان بە هاوپەیمانە. یانی دەبێ هاوپەیمان بدۆزینەوە. بەهۆی ئەوەی ئامانجمان خودموختاری و دیموکراسییە، پێویستمان بە هاوپەیمانی دیموکرات هەیە. حاڵی حازر هاوپەیمانی دیموکرات بە شێوەیەکی ڕاشکاوانە نابینرێن. هەڵبەت هێز، ڕێکخراو و کەسایەتی دیکەش هەن، بەڵام بە ڕای من، پاش خومەینی، ئۆپۆزۆسیۆن لە ئێران گەشە دەستێنێ و هاوپەیمانە دیموکراتەکانیش بەدەر دەکەون. بگرە ئۆپۆزۆسیۆنی یەکگرتوو و دیموکرات دێتە ئاراوە. ئەمەش ڕەنگە سبەی ڕۆژ حکومەتێکی دیموکرات بێنێتە سەر دەسەڵات.

با بگەڕێینەوە بۆ سەر شەڕی ئێران-ئێراق، بەرای ئێوە هۆکارەکانی وەستانی ئەم شەڕە چی بوون؟

دیارە شەڕ بۆچی دەوەستێ، دوو لایەن کە لە شەڕدا بن، ئەگەر ماندوو بن، شەڕەکە ڕادەوەستێ. هەردوو لایەن ماندوو بوون. جگە لەمە، هێزە دەرەکییەکان تا ئێستا دەیانویست ئەم شەڕە درێژە بخایەنێ. لە لایەکەوە بۆ فرۆشتنی چەک‌وچۆڵ و لە لایەکی دیکەوە بۆ تاقیکردنەوەی چەکەکانیان. مەسەلە تەنیا ئێران و عێراق نییە، وڵاتانی دیکەی عەڕەبیش بە بڕی میلیار میلیار دۆلار چەکیان کڕی. وڵاتانی وەک عەڕەبستانی سعوودی، کوەیت و ...تاد لە نزیکەوە ئەم شەڕەیان دەشۆپاند. یان بۆ نموونە ئیسرائیل! ئیسرائیل هەم لەگەڵ  ئێران دوژمنە، هەم لەگەڵ  عێراق. بەڵام ئەم شەڕە بە قازانجی وی بوو. ئەم شەڕە هەروەها تا بڵێی سوودی بە ئابووری تورکیا گەیاند. بەر لە جەنگ، بارستایی بازرگانی نێوان تورکیا و ئێران دووسەد هەزار دۆلار بوو. ئێستا گەیشتۆتە سێ میلیارد دۆلار. سەیریان کرد ئەم شەڕە ڕەهەندێکی مەترسی‌دار بە خۆیەوە دەگرێ، بۆ دەوروبەر پەرە دەستێنێ، لە هەموو لایەکەوە گوشار هات. شەڕ تەواو نەبووە، بەڵام ئاگربەست کراوە. بە ڕای من لە ئاگربەستەوە تا کۆتایی جەنگ، واتە تاکوو ئاشتی، ڕێگەیەکی درێژ هەیە. چونکە کارەکتەرەکانی ئەم دوو دەوڵەتە ناکۆک و دژ بە یەکن. دەبێ حیسابی ئەمە بکرێ.

بەم پێیە لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، ئاخۆ دەتوانین بڵێین وێکچوونێک هەیە لە نێوان ساڵی ١٩٧٥ و ئەم ڕۆژانەدا؟

ئەو بۆچوونەی هەندێک کەسم پێ ڕاست نییە کە پێیان وایە مەرجەکانی ١٩٧٥ وەک خۆیان هاتوونەتە دی و ڕێککەوتنەکە بەدی هاتووە. ئێران و عێراق ئێستاکە ئەوەندە لێک دوورن کەوا سووک و سانا نییە، دوای هەشت ساڵ شەڕ هەموو کێشەکانی نێوانیان بە چەند مانگێک لە نێو ناچێ. هەروەها سرووشت و کارەکتەری ئەم ڕژێمانە جیاوازە. یەکیان حکومەتێکی عیلمانی و بەعسی، ئەوی تریان حکومەتێکی شیعەی ئیسلامی. بێگومان گشت ئەم مەسەلانە بوونە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕ و هەروا لە جێگەی خۆیانن. من پێموایە ئەمە ئاگربەستێکی کاتییە.
جیاوازییەکی دیکەی نێوان ساڵی ٧٥ و ئێستا، کە جیاوازی هەرە گەورە و بەرچاوە، دروستبوونی ڕێکخراوی کوردستانی شۆڕشگێڕە لە ئێران و عێراق. ئەمڕۆکە تەنانەت لە خراپترین هەل‌ومەرجدا، یانی ئەگەر تەنانەت عێراق و ئێران پێکەوە هێرش بکەنە سەر کورد، ئێمە دیسان درێژە بە شەڕەکەمان دەدەین. بە ڕای من، هیچ وێکچوونێک لە نێوان ٧٥ و ئێستادا بەدی ناکرێ.

باشە ئاگربەست چ کارتێکەرییەکی لەسەر بزووتنەوەی کوردی دەبێ؟

حزبی ئێمە دژی ئەم شەڕە بوو. چونکە شەڕێکی بێ‌واتا و گەمژانە بوو. ئێستاش نازانین ئامانجی ئەم شەڕە و ئامانجی خومەینی چ بوو. خومەینی گوتی: "بە کەربەلادا دەچمە قودس." نەچوو و میلیۆنێک کوژراو و بریندار هەیە. لە بنەڕەتدا کەس لەگەڵ ئەمەدا نەبوو.
ئێمە لە کۆتایی هاتنی جەنگ ناترسێین، چونکە لایەنگری ئاشتین. ئەوەی لە ئاشتی دەترسێ، ڕژێمی ئێرانە. فەلسەفەی ڕژێم لەسەر شەڕ بونیاد نراوە. ئێستا بەم فەلسەفەیە خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە. بۆیە ئاشتی هەلی زۆر بۆ ئێمە دەڕەخسێنێ. بەڵام بە پێچەوانەوە، هەندێک کەسیش هەیە دەڵێ هەل‌ومەرجی ئێستا لە داهاتوودا زیاتر گوشارمان بۆ دێنێ. لەو حاڵەتەدا تەنیا خەباتی چەکداریمان هەندێک ڕووبەڕووی زەخت دەبێتەوە و بۆ چوونە دەرەوە کێشەمان بۆ دروست دەبێ. ئەگەر ئێران، عێراق و تورکیا دژ بە جووڵانەوەی کورد هێرشێکی هەمەلایەنە دەست پێ بکەن و جووڵانەوەی کورد، وەک فاکتۆرێکی سەربەخۆ لە کوردستان خۆ بنوێنێ، ئەوا ئێمەش جێی تێدا دەگرین.
جووڵانەوەی کورد دوو ئەرکی دەکەوێتە سەر شان. یەکەم ئەوەیە خۆی وەک فاکتۆرێکی سەربەخۆ نیشان بدا. بۆ نموونە، هەموو دونیا بببینێ و قەبووڵ بکا جووڵانەوەی کورد لە ئێران جووڵانەوەیەکی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە عێراقەوە نییە. دووهەم، پێویستە کێشەی کورد بکرێتە ڕۆژەڤێکی نێونەتەوەیی. ئێستا کە من دەڵێم داوای خودموختاری دەکەم. دەڵێن ئەمە کێشەیەکی دەرەکی نییە و نێوخۆییە. دەڵێم دەمانەوێ بە کوردی قسە بکەین و خۆمان کاروباری خۆمان لە کوردستان بەڕێوە بەرین، دەڵێن شتێکی وا گەورە نییە و داخوازییەکی بچووکە. کە ئەمە بە ڕۆژنامەنووس و دیپلۆماتێکی ئەوروپی دەڵێم، سەری سووڕ دەمێنێ. دەڵێن "یانی دە ساڵە لە پێناو ئەمەدا شەڕ دەکەن؟"

بۆ ئەوەی جووڵانەوەی کورد وەک فاکتۆرێکی سەربەخۆ بێتە ئاراوە، دەبێ چ بکرێ؟ ڕای گشتیی جیهان پێی وایە بزووتنەوەی کوردی عێراق لە ئێران و بزووتنەوەی کوردی ئێران لە عێراق یارمەتی وەردەگرێ. وەک سکرتێری حدکا لەمبارە دەڵێن چی؟

زیاتر حەز دەکەم سەبارەت بە جووڵانەوەی کوردستانی ئێران قسە بکەم. وەک دەزانن، شەڕی ئێمە دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران، دەگەرێتەوە بۆ بەر لە جەنگی عێراق-ئێران. یەکەم شەڕی ئێمە دژ بە ڕژێمی ئێران، مانگێک پاش شۆڕشی ئێران لە سنە و پاشان لە نەغەدە ڕووی دا. مانگی ئووتی ١٩٧٩، خومەینی دژ بە ئێمە شەڕی ڕاگەیاند. لەم ڕوانگەوە، شەڕی ئێمە لەگەڵ جەنگی ئێران-عێراق جیاوازی هەیە. ئێران و عێراق لەسەر سنوور شەڕ دەکەن. بەڵام ئێمە لە ناوخۆ شەڕ دەکەین و شەڕێکی پارتیزانی بەڕێوە دەبەین. بێجگە لەمە، عێراق داوای ئاشتی لە ئێران کرد، بەڵام ئێمە ئاشتیمان ناوێ. لەم هەل‌ومەرجەدا، ئەگەر دەوڵەتێک یارمەتیمان بدا و ئەم یارمەتییە بێ مەرج بێ، قەبووڵی دەکەین. بەڵام ئەگەر هیچ دەوڵەتێکیش یارمەتیمان نەدا، بە دەرفەتی خۆمان درێژە بە شەڕ دەدەین. لە کوردستان هەمیشە جووڵانەوەیەک دروست بووە و ئەم جووڵانەوەیە هەمیشە سەر بە لایەن ئەوانی تر و دەوڵەتانی دیکەوە نیشان دراوە. جوڵانەوەی کورد دوژمنی زۆرن… بەڵام دەسەلمێنرێ کە جووڵانەوەی کوردی، جووڵانەوەیەکی سەربەخۆیە. بڕوام بەوە هەیە.

ئایا ڕاشکاوانە دەتوانن بڵێن کە حدکا یارمەتی لە هیچ کام لە دەوڵەتانی داگیرکەر وەرناگرێ؟

هەروەک گوتم یارمەتیی بە بێ‌مەرج قەبووڵ دەکەین. وەک حدکا، سەربەخۆیی خۆمان بە هیچ کەس نادەین. ڕەنگە هەر حزبێک و تەنانەت دەوڵەتیش پێشنیاری یارمەتی پێشکەش بکرێ. پێویستە مەرجە سیاسییەکان بگیرێنە بەرچاو و ئینجا بڕیارێک بدرێ. ئێمەش، سەرجەم مەرجەکان تاوتوێ دەکەین، لێکیان دەدەینەوە و بڕیارێک دەدەین. ڕێگە بەوەش نادەین کەسێک لە بری ئێمە بڕیار بدا، هەروەها بیر لەوە ناکەینەوە ڕێگەی پێ بدەین…

یارمەتی لە ڕژێمی بەعسی عێراق وەردەگرن؟
پرەنسیپی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ عێراق، لەسەر بنەمای سەربەخۆیی داڕێژراوە. عێراق، دەست لە کاروبارەکانمان وەرنادا.

یانی یارمەتی وەرناگرن؟
تا ئێستا، عێراق یارمەتی حزبی داوە. ئێمەش قەبوڵمان کردووە. بەڵام ئەگەر لەمەوبەدوا یارمەتی نەدا، ئەوا پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە.
...

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر