۱۳۹۶/۰۴/۲۴

وتوێژی "کوردستان پرێس" لەگەڵ د. قاسملوو | بەشی دووهەم و کۆتایی


چەتین چەکۆ
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

هەندێک بانگەشە هەن سەبارەت بەوەی کێشەی کوردستان لە پلانی نێونەتەوەییدا بە پڕۆگرامێکەوە پەیوەند بدرێ. دەخوازرێ لەسەر بنەمای خودموختاریی فەرهەنگی، لە ئاستی مافە تاکەکەسییەکان پرسەکە چارەسەر بکرێ. لەمبارەوە ڕای ئێوە چییە؟

پێم وایە ئەمە پەیوەندیی بە دۆخی ژیۆ پۆلتیکی کوردستانەوە هەیە. چونکە ئێمە تەنیا لە نێو دەوڵەتێکدا ناژین، بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەش کراوین. ئەم پارچەبوونە کۆمەڵێک گیروگرفتی هێناوەتە گۆڕێ. بۆ نموونە، ئێمە ئەگەر بەس لە تورکیا ژیاباین، تا ئێستا بە سەربەخۆیی خۆمان گەیشتبووین. گەلی کورد لە تورکیایە… ڕۆژئاوا یارمەتیی نادا! گەلی کورد لە سووریا و لە عێراقە… یەکێتی سۆڤیەت، وڵاتانی سۆسیالیست یارمەتی نادەن! سوریا و عێراق پەیوەندیی باشیان لەگەڵ وڵاتانی سۆسیالیست هەیە. وڵاتانی سۆسیالیست لەبەر ئەم هۆکارە، بۆ ئەوەی پەیوەندییان لە تەک ئەم وڵاتانە تێک نەچێ، یارمەتیی ئێمە نادەن. هەمان شت بۆ وڵاتانی عەڕەبیش ڕاستە. وڵاتانی عەڕەب زۆر دەوڵەمەندن و لەگەڵ دونیا بە گشتی پەیوەندیی گرنگ و تۆکمەیان هەیە. دونیاش لە نێوان ئێمە و ئەواندا، ئەوان هەڵدەبژێرێ. لەم ڕووەوە، دەست و پێمان بەستراوەتەوە.
خاڵێکی تری گرنگ ئەمەیە؛ با وای دابنێین ئێمە، وەک ئەفغانستان، دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت شەڕمان بکردایە، ئەوا ئەودەم ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیی دەداین. یان دەنا وەک نیکاراگوا، دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە شەڕ دابوایەین، ئەمجارەیان یەکێتیی سۆڤیەت ئالیکاریی دەکردین. ئێمە چونکە نە دژ بە یەکێتیی سۆڤیەت و نە دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕ دەکەین، کەس یارمەتیمان ناکا. ئەمە لە دۆخی ژیۆ پۆلتیکی ئێمەوە سەرچاوە دەگرێ. سەرکردە و بزووتنەوەکانی کورد دەبێ زۆر باش ئەم بابەتە شیی بکەنەوە و بە پێی ئەمە بڕیار بدەن.
ئەگینا بەرزکردنەوەی دروشمی قەبە گەلێ ئاسانە. بەڵام بەجێهێنانی ئەم دروشمانە شتێکی دیکەیە. با ئەم نموونەیە بێنینەوە. حەوت ساڵ لەمەوبەر کە چوومە ئۆسلۆ، خوێندکارێکی کورد منی بانگهێشتی بیرۆکەیان کرد. دروشمێکیان بە دیوارەوە هەڵواسیبوو "بژی کوردستانی سەربەخۆ و سۆسیالیست!" پرسیان ئەم دروشمەتان پێ چۆنە؟ گوتم دروشمێکی زۆر جوانە. گوتیان "کەوایە بۆچی حزبەکەی ئێوە ددان بەم دروشمە دانانێ؟" لە وەڵامدا ئەم قسانەم پێ گوتن: "لەوانەیە لە ئۆسلۆ ١٢ کەس ئەم دروشمە بەرز بکەنەوە. ئێمە ١٢ هەزار پێشمەرگەمان هەیە. بە ١٢ هەزار پێشمەرگەوە ناتوانین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەم دروشمە بەدی بێنین. بۆیەش ناچارین واقعگەرا بین. ئەو ناوچەیەی لەسەری پارچە پارچە بووین، گۆڕەپانی نەوتە و لە ڕوانگەی ستراتژییەوە دەڤەرێکی فرە گرنگە. ناچارین گشت ئەمانە لەبەر چاو بگرین و پاشان سیاسەت و دروشمەکانمان دیاری بکەین.

باسی ئەوەتان کرد لە ئێران هێزێکی هاوپەیمانی حدکا بەدی ناکەن. کەچی حاڵی حازر لە ئێران گرووپ و لایەنی جۆراوجۆر هەن. پەیوەندییەکانی حدکا لەگەڵ ئەم ڕێکخراوانە لە چ ئاستێک دایە؟

ئێمە دەمانەوێ لە ئێران لە تەک سەرجەم گرووپە دیموکراتیکەکاندا هاوکاریمان هەبێ. بەڵام دەزانن چۆنە. هەندێک گرووپ هەن ڕەوشی ئێران دەرک ناکەن. لە ڕووی کاغەز و لە کتێبی بچووک بچووکدا هەندێک شت فێر بوون و خۆیان پێ مارکسسیت - لێنینیستە. لێ زۆربەیان تەنانەت کتێبەکانی مارکسیان نەخوێندووەتەوە. هاتوونەتە کوردستان و خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکاران دەناسێنن.
ئاسان نییە هاوکاریکردن لەگەڵ ئەمجۆرە گرووپانە. بەڵام ئێمە لەگەڵ هاوکاری داین. بۆ نموونە لە ئێران ڕێکخراوێک هەیە بە ناوی کۆمەڵە. کۆمەڵە لقی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێرانە. گفتوگۆ لەگەڵ ڕێبەرایەتیی کۆمەڵە زۆر دژوارە، بە تۆبزی دەیانەوێ چینی کرێکار بئافرێنن. ئێمەش دەمانەوێ چینی کرێکار لە کوردستانی ئێران دروست بێ، بەڵام نییە. ئەوان دۆخی کوردستانی ئێران ناپەژرێنن. بە زۆر دەیانەوێ ئەم تیۆرییە بۆ دۆخی ئێستا بەکار بێنن. لەکاتێکدا ڕەوشی ئێستا شتێکی ترە..
چەند ساڵێک لەمەوپێش لە نێوان ئێمە و کۆمەڵەدا شەڕ و پێکدادان ڕووی دا. نامانەوێ جارێکی تر ئەم شەڕە ڕوو بداتەوە. چونکە ئێمە پارتێکی فرەخوازین. ئەوانیش دەتوانن بێ ئەوەی پەنا بۆ چەک بەرن، دژ بە ئێمە کار بکەن. لەگەڵ گەلێک لایەن و گرووپ پەیوەندیمان هەیە.
هەروەک پێشتریش گوتم نەیارێتی بەرچاو دوای خومەینی لە نێوخۆی ئێران دێتە ئاراوە. لە لایەکی ترەوە، ئێمە لە خۆمان دڵنیاین و درێژەدانی خەبات شانازیمان پێ دەبەخشێ. چونکە ئێمە لە کوردستان بەرەنگاری دەکەین. ئەمە بۆ ئێمە شەڕەفێکی گەورەیە. بەڵام بە تەنیا مانەوەش ئەستەمە. لە ئێراندا ناتوانین بە تاقی تەنیا ئەلتەرناتیڤ بین. لە داهاتوودا، هاوپەیمانی ئێمە گەلە چەوساوەکانی ئێران دەبن. لە نێو ئازەرییەکان، عەڕەبەکان، تورکمەنەکان و بلووچەکان هاوپەیمانمان بۆ دروست دەبێ.

بلووچەکان لە چ بارودۆخێک دان؟

لە بلووچستان جوڵانەوەیەک هەیە، بەڵام جووڵانەوەیەکی هێندە ڕێکخراو نییە. هیوادارین زیاتر ڕێک بخرێ.

بەڕێز قاسملوو، هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە پارچەبوون و ئینشقاق لە نێو حدکا لە ئارا دان. دەتوانن لەمبارەوە زانیارییمان پێ بدەن؟

ئەم بابەتە لە ئەوروپا، گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر دەکرێ، حزبەکەمان نە لەت بووە و نە ئینشقاقی تێ کەوتووە، بەپێچەوانەوە بەهێزتر بووە. وەک دەزانن لە هەلومەرجێکی دژوار داین. دە ساڵ تێکۆشان بەو هەلومەرجەی ئێمە ئەستەمە، بە تایبەت بۆ کەسانی ڕۆشنبیر. ئەو کەسانە چاوەڕوانی شتی تر بوون. بۆ نموونە، یەکێک دەیویست ببێ بە سەرۆکی شارەوانی، یەک دەیویست ببێ بە پارێزگار و یەک پەرلەمانتار. ئەمە ڕووی نەدا… دە ساڵە لە چیاکان دەژین. بەرگەگرتن هەروا ئاسان نییە، زۆر کەس نەیانتوانی بەرگە بگرن و لەو دۆخەدا بژین. هۆکاری سەرەکی ئەوەیە. بەڵام ئەو هاوڕێیانە جورئەتیان نییە بڵێن "من ماندوو بووم، بەسە." لە بری ئەمە دەڵێن: "من کە لەگەڵ تۆ کەوتمە ڕێ، تۆ نانت پێ نەدام. تۆ، نازانم فڵان شتت گوت. تۆ، وات کرد. لە ڕێگە لات داوە. تۆ پێشکەوتوو نیت. زۆر سۆسیالیست نی…"، لە لایەکی دیکەشەوە لەگەڵ "موجاهدین" هاوکاری دەکەن. دونیا دەزانێ موجاهدین دژی سۆسیالیزمە.

ئەم مرۆڤانەی ئەو قسانە دەکەن ڕێکخراون؟

ئەمانە کۆمەڵێک مرۆڤی ماندوون. هەر لە پێشترەوە ماندوو بوون، کۆمەڵێک مرۆڤن لە شارەکانی عێراق دانیشتوون و گرووپێکیان پێک هێناوە. لەبەر ئەوەی لە کوردستان تەنیا ئێمە هەین، موجاهدین ئێمەی خۆش ناوێ. ئەوان خۆیان خۆش دەوێ و بەس. پێشتر لە نێوان ئێمە و موجاهدیندا هاوپەیمانێتی هەبوو. بەڵام بینیمان ئەوان نە دیموکراسیان بۆ ئێران دەوێ و نە هیچ شتێکی تر. ئەو شتانەی ئەوان دەیڵێن، خومەینی کردوونی. هەموو خەباتی ئەوان ئەوەیە خومەینی بڕوا و ڕەجەوی بێ. جا ئێستا بۆ هاتنە سەر کاری ڕەجەوی شۆڕش بکەین؟ بە پارە و دەرفەتی موجاهدین، گرووپێکی ئاوایان دژ بە ئێمە ساز کردووە. پاشان دەستیان کرد بە ناردنەوەی پێشمەرگە بۆ نێوخۆی ئێران. پێشمەرگەیان ناردەوە بەڵام چەند ڕۆژ دواتر هەموو پێشمەرگەکان گەڕانەوە. ئەوان لە ئێران کەسیان نییە. وێڕای موجاهیدەکان لە عێراق دانیشتوون و خەریکی ژیانی خۆیانن. ئەوان هەرچەند ناویان حدک-ئێرانیش بێ، بەڵام هیچ پەیوەندییەکیان بە ئێمەوە نییە. ئەوان دەیانەوێ ناوی حزبەکەی ئێمە بە موجاهیدینەکان بفرۆشن. لەکاتێکدا، ئێمە کۆنگرەیەکی دیموکراتیکمان بەڕێوە بردووە. هەموو ئەو کەسانە لە کۆنگرەکەدا بەشدار بوون. گشتیان دەنگیان بە بڕیارەکانی کۆنگرە داوە. هیچکام لەوان ناتوانن بڵێن کۆنگرە یاسایی نییە. لەم چوارچێوەیەدا، لەمەڕ ئەوان نە دەتوانین باسی حزبێک بکەین و نە پێکهاتەی دیموکراتیکی ئەو حزبە.

دوای ئاگربەستی ئێران - عێراق، وڵاتی عێراق بە هەموو هێزەوە پەلاماری باشووری کوردستانی دا. ئاخۆ دەتوانین بڵێین ئەمە ئاماژەیەکە کە لەمەوبەدوا ئامانجی ئەم هێرشە جووڵانەوەی کوردی باشووری کوردستان دەبێ؟

دوای ڕووداوی هەڵەبجە چاوەڕێ بووم. چونکە ڕووداوی هەڵەبجە دیوێکی تری ڕووداوەکانی عێراقە. سەرەتا کوردەکانی عێراق هەڵەبجەیان گرت. پاشان سوپای ئێران کەوتە ئەوێوە. عێراق کاردانەوەیەکی گەورەی بەرامبەر بەم هاوکارییە نیشان دا. ئێستا عێراق لێبوردنی ڕاگەیاندووە. دەزانن ئەم مێتۆدانە لەمێژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن. پاش لێبوردن، دەرفەتی سازدانی چاوپێکەوتن دەڕەخسێن.

لە نێوان کێدا و چۆن؟

لە نێوان کوردەکانی عێراق و حکومەتی عێراقدا. بە ڕای من، بەر لە دانیشتنەکان سەرەتا عێراق دەیویست بکەوێتە دۆخێکەوە کە ئیمتیازی زیاتر بێ و لەبەر ئەمە ئەو هێرشەی ئەنجام دا. دەبێ چاوەڕێ بکەین، من ڕووداوەکە بەمجۆرە دەبینم.

هەروەک دەزانن بە هۆی ئەم هێرشانەی عێراقەوە سەدان هەزار هاووڵاتیی مەدەنی کورد پەنایان بۆ تورکیا برد. ڕەوشی تورکیا سەیرە. وەک دێ زانین ساڵی ١٩٧٥، تورکیا سنوورەکانی بە ڕووی کورداندا داخستبوو. ئێستاش قەبوڵ دەکا کوردەکان داڵدە بدا. ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە داڵدەیان بدا. بە بۆچوونی ئێوە، تورکیا چما سنوورەکانی کردەوە؟

من پێم وایە لە هەموو لایەکەوە گوشار بۆ تورکیا هات. پێویستە بگوترێ تورکیا لە نێو ئەو وڵاتانەی کوردی تێدا دەژی، لە نێو کەوانەدا، هەرە "دیموکراتیک"ەکەیانە. بۆ نموونە لە پێکدادانێکدا سەدان کەس لە سوپای ئێران یان لە ئێمە دەمرێ یان دەنا پێشمەرگەکانمان دەکەونە شارێکەوە و ئۆپەڕاسیۆنێکی گەورە ئەنجام دەدەن، بەڵام ڕۆژنامەکان تەنانەت وشەیەکیش نانووسن. لە کاتێکدا لە تورکیا دەنووسن. تورکیا، دەیەوێ خۆی وەک وڵاتێکی ئەوروپی نیشان بدا. دەرفەتە ئابوورییەکانی تورکیا زۆر بەرتەسکن. لەم دواییانەدا خوێندمەوە کە ژمارەی ٥٠ میلیۆن دانیشتووانی تورکیا لە کۆتایی ئەم سەدەیەدا بۆ ٧٠ میلیۆن بەرز دەبێتەوە. پێویستە تورکیا لەگەڵ ئەوروپا ببێتە یەک. ئەگەر بیەوێ شان بە شانی ئەوروپا درێژە بە ڕێگە بدا، هەرچەند وەک فەڕەنسا و بێلژیکیش نەبێ، بەڵام پێویستە هەندێک دیموکراتیک بێ. پێم وایە گوشار بۆ تورکیا هێنرا و تورکیاش ئەمەی پەسند کرد. لە لایەکی ترەوە ڕاکردنی ئەم هەمووە کوردە و هاتنیان بۆ تورکیا، بۆ تورکیا کێشەیە. جگە لەمە ئەمڕۆ چەند سەد هەزار پەنابەری ئێرانی هەن. تورکیاش، وەک پاکستان و ئەفغانستان، بۆ ئێرانییەکانی وڵاتەکەی پارە لە دامودەزگا نێونەتەوەییەکان وەردەگرێ. ئێستاش لەسەر حیسابی کوردەکان سوودمەند دەبێ. ئەگەر لێبوردنێکی ڕاستەقینە هەبێ، زۆربەی هەرە زۆری ئەو عێراقیانەی ڕۆیشتوون بۆی هەیە بگەڕێنەوە و لە تورکیا نامێننەوە. چونکە تورکیا دەرفەتێکی ئەوتۆیان بۆ ناڕەخسێنێ.

ئەگەر بێینە سەر کوردستانی باکوور، ئێوە بزووتنەوەی کورد لە تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

لە کوردستانی ئێران ئێمە حەز لە دەستێوەردانی ئەوانی تر ناکەین. بەڵام لێوەفێربوون شتێکی زۆر باشە. گەلێک شتی چاک لە مێژووی بزووتنەوەی کوردەکانی تورکیاوە فێر بووین. بە هەمان شێوە، زۆر شت لە جووڵانەوەی کوردەکانی عێراقیش فێر بووین. تورکیا، هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد لە نێو ئەم وڵاتانەدا تا ڕادەیەک "دیموکراتیک"ە و هەلومەرجی یاسایی پڕن. پێویستە سوود لەم دەرفەتانە وەربگیرێ. دوێنێ لە منیان پرسی ئاخۆ ئەم دەرفەتانە لە ئێران و عێراق هەن؟ من گوتم نا.
بزووتنەوەی فەلەستین پاش چەند ساڵ باش تێگەیشت کە تەنیا بە تێکۆشانی چەکداری شتێک بە شتێک ناکا. ئێستە بە ڕاپەڕین و ڕێبازگەلی دیموکراتیک گەلێک شت بەدەست دێنێ. پێم وایە لە کوردستانی تورکیا ئەو سەرکردانەی هەست بە بەرپرسیارێتی سیاسی دەکەن دەبێ بە ئاریشەیەکی ورد و لەبار سوود لەم پڕۆسە "دیموکراتیک"ەی تورکیا وەربگرن. ئێستا لە تورکیا، سەرکردە تورکەکان، سەرکردە سۆسیال دیموکراتەکان، سەرکردەی وەک ئەجەویت، ددان بەوە دادەنێن پرسی کورد لە ڕۆژەڤ دایە.
هەروەها لە ئێران حزبەکەمان سەرجەم میتۆدە تیرۆریستییەکانی مەحکووم کردووە. هیچکات خەڵک بە بارمتە ناگرین، دژ بە خەڵکی مەدەنی چالاکی تیرۆریستی ئەنجام نادەین، فڕۆکە نافڕێنین. چونکە ئەمجۆرە چالاکییانە لەوانەیە ببێتە هەوێنی پڕوپاگەندەیەکی چەند ڕۆژە، بەڵام تۆ بە شێوەیەکی دیکە دەناسێنێ. بۆیە حزبەکەمان لە زۆر وڵاتان، لە ئەوروپا وەک حزبێکی سیاسیی بەرپرسیار دێتە ناسین.
بێجگە لەمە، دەمەوێ ئاوڕێک لە لایەنێکی مێژووی خۆمان بدەمەوە. باب و باپیرانمان لە سیاسەتدا هەموو شتێکیان ڕەش و سپی بینیوە. لە سیاسەتدا ڕەش و سپی بوونی نییە. لە سیاسەتدا تۆ شتێک وەردەگری و پاشان لەپێناو وەرگرتنی شتێکی تردا خەبات دەکەی. نیوەی کوردەکان لە تورکیا دەژین و پرسی کورد لە تورکیا بە چارەسەریی دەگا. ئەمە بۆ پارچەکانی دیکەش دەبێتە نموونەیەک. بەڵام لەپێناو ئەمەدا پێویستە هەوڵێکی زۆر بدرێ، واز لە دروشمی بێ کاکڵ بهێنرێ و تێلۆرانس لەبەر چاو بگیردرێ. من چاوەڕوانییەکی زۆرم لە کوردەکانی تورکیا هەیە. وەک حزبی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی لە سەرجەم جووڵانەوە ڕزگاریخوازەکانی دونیا دەکەین. بێگومان، پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕزگاریخوازیی بزووتنەوەی کورد لە تورکیاش دەکەین. ئەوە مافی ئێمەیە. ئەمە نایەتە ئەو واتایەی کە بمانەوێ دەست لە کاروبارە نێوخۆییەکانی تورکیا وەربدەین. لە ڕوانگەی نەتەوەیی و مرۆییەوە، ئەوە هەم ماف و هەم ئەرکی ئێمەیە.

سەبارەت بە کەوتنی سوپای تورکیا بۆ ناو کەرکووک، هەم لە میدیاکان و هەم لە ناوەندە سیاسییەکاندا مشتومڕ هاتە ئاراوە. ئەگەر هەلومەرجی ئێستا بگرینە بەر چاو، گەلۆ سوپای تورکیا دەتوانێ بکەوێتە کەرکووکەوە؟

لە کاتێکدا سوپای ئێران هەوڵی دەدا بکەوێتە هەڵەبجە و کەرکووکەوە، ڕۆژنامە تورکەکان ڕاشکاوانە باسی داگیرکردنی کەرکووکیان دەکرد. تورکیا تا ڕۆژی ئەمڕۆش کەرکووک بە شارێکی تورک لە قەڵەم دەدا. هەڵبەت، ئەگەر ئێران کەوتبایە کەرکووک و لەوێ ماباوە، تورکیا پێش ئێران دەکەوتە ناو ئەو شارەوە. بەڵام ئیستا تورکیا بیانوویەکی بە دەستەوە نەماوە. دیارە عێراقیش ئێستا ئەمە قەبوڵ ناکا.

بەڕێز قاسملوو، چ پەیامێکتان هەیە بۆ خەباتی هاوبەشیی بەرە و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ئەوروپا؟

من هەموو کوردستان لە نێو چوارچێوەیەی بەرەیەکدا نابینم. چونکە هەلومەرج، لە هەر پارچەیەک جیاوازە. هەروەها ئەو شتانەی داواشیان دەکەین، جیاوازن. مەسەلەن ئێمە لە ئێران داوای ئۆتۆنۆمی دەکەین، کوردەکانی عێراق خوازیاری ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینەن. لە تورکیا، بوون، زمان و فەرهەنگی گەلی کورد لە ڕۆژەڤ دایە. لەبەر ئەمانەش، من بەرەی کوردستانی بە پرسی ڕۆژ نابینم. ڕەنگە لە داهاتوودا لە گۆڕێ بێ، بەڵام ئێستا نا.
سەبارەت بە دەرەوەی وڵاتیش، دۆخەکە جیاوازترە. لە هەندێک وڵاتی وەک ئاڵمانیا، سوید و فەڕەنسا هاوکاریی چێ دەبن. جووڵانەوە کوردییەکان و ئەو دامودەزگە نێونەتەوەییانەی یارمەتیمان دەدەن، دەتوانین بە مەبەستی دوو ئامانج هاوکاری و هاوپەیمانیمان هەبێ. یەکەم؛ سەبارەت بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد، دەبێ هەموو ڕێکخراوە کوردییەکان پێک بێن. دووهەم؛ دەکرێ سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بێ. دەکرێ بە مەبەستی بەدیهێنانی ئەم دوو ئامانجە لە سەرجەم وڵاتەکان کۆمەڵێک کۆمیتە دابمەزرێن و خەباتی هاوبەش بەڕێوە ببرێ. دەبێ ئەم ڕێکخراوانە پەیوەندییەکی دیموکراتیک و هاوسەنگیان پێکەوە هەبێ. بۆ نموونە، ڕێکخراوە مرۆییەکان هاریکاری ئێمە دەکەن. مێدیکاڵ ئەنتەرناسیۆناڵ و مێدیکاڵ لۆ مۆند دکتۆر و پەرستارمان بۆ دەنێرن. ئەوان نەخۆشخانەکانی ئێمە بەڕێوە دەبەن. دەکرێ ئەم جۆرە یارمەتییانە هەبن. ئەگەر بزووتنەوەی کورد بەرفراوانتر بوو، مومکینە یارمەتیی دیکەش وەربگیردرێ.

باشە بۆ ئەوەی پرسی کوردستان ببێتە ڕۆژەڤێکی نێونەتەوەیی، ئەو بزووتنەوە کوردییانەی لە عێراق، تورکیا و ئێران خەبات دەکەن، دەتوانن هەڵوێستی هاوبەش بگرن؟هەڵبەت. ڕەوشی ئێران، تورکیا و عێراق جیاوازە، بەڵام دەکرێ لە دەرەوە لەسەر ئامانجەکانی ئێستا ڕاوێژیان هەبێ و پێکەوە بجووڵێنەوە. دیارە ئەم مەسەلەیە تەنیا مەسەلەی ڕێکخراوە سیاسییەکان نییە، مەسەلەی سەرجەم نەتەوەی کوردە. بە بۆچوونی من، تەنانەت ئەو کوردانەی سەر بە هیچ ڕێکخراوێکیش نین، دەتوانن کار بکەن.

ئاخۆ دەتوانین بۆچوونتان سەبارەت بە کوردستان پرێس وەربگرین؟
یەکەمجارە گۆڤاری کوردستان پرێسم بە دەست دەگا. پێشتر نەمبینیوە. گۆڤارەکە ددان بە زۆرینە و تلۆڕانسدا دەنێ. خۆی بە ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو و ڕێکخراوێکەوە نەبەستۆتەوە… گۆڤارێکی ئاوا، ئەگەر لەو ئاستەدا بڕواتە پێش، دەبێتە دەزگایەکی گرنگ. بەتایبەت کە لە ستۆکهۆڵم ئیمتیازەکان زۆرن. ئیمتیازێکی دیکەی ئەوەیە هەم بە تورکی و هەم بە کوردی وەشان دەکا… من لەوە تێدەگەم. کەسێکی تر لەوانەیە بڵێ بۆچی تەنیا بە کوردی شت نانووسن. من دەزانم کە هاوڕێ کوردەکانمان ناتوانن کوردی بخوێننەوە. دیارە نالۆژیک نییە. چونکە تورکیا قوتابخانەی کوردی لێ نییە. کوردستان پرێس، بە ناساندنی فەرهەنگ، دیرۆک، داخوازییەکانمان و شەڕی نەتەوەی کورد بە کوردەکانی تورکیا و تورکەکان، ئەرکێکی گەورە ڕادەپەڕێنێ. هیوادارم گۆڤارەکەتان، گۆڤاری هەموومان، لەم تێکۆشانەدا سەرکەوتوو بێ.

زۆر سپاس بەڕێز د. قاسملوو.
٨ی ٩ی ١٩٨٨ - ستۆکهۆڵم، چەتین چەکۆ، کوردستان پرێس.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر