۱۳۹۶/۱۲/۰۹

لە منیشەوە دوعایەکی فەتح، ئەگەرچی درەنگ بووە


شەنەر لەڤەنت*
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
منداڵێکی بچووکە و جلی عەسکەریی لەبەر کردووە…
کچۆڵەیەکە…
شەپقەی عەسکەریشی لە سەرە بۆردۆ**…
تەیپ ئەردۆغان لە سەر ئەو سەکۆیە ڕا کە قسەی دەکرد کچەی بانگ کرد…
دەستێکی لە سەر شانی ئەو منداڵە دانا…
بە دەستی چەپیشی مایکڕۆفۆنەکەی گرتبوو… کە بینی کچەکە دەگری، ئاوا هاتە گۆ:
''ئەوەتا ئێمە بۆردۆ بەرەلیشمان هەیە. بەڵام بۆردۆ بەرەلی ناگری… ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، بە تەمای خوا لە ئاڵاکەی وەردەپێچن… بۆ هەموو شتێک ئامادەیە وا نییە؟"
***
نەخێر…
بۆچوونی خۆم لەمبارەوە دەرنابڕم…
ئێوەی خۆتان شیی بکەنەوە… بە کەیفی خۆتان…
حەز دەکەن پەسندی بکەن، پێتان خۆشە پەسندی مەکەن…
پەیوەندیی بە خۆتانەوە هەیە…
پێتان خۆشە لە چوارچێوەی بگرن و بە دیواری ماڵەکانتانییەوە هەڵواسن…
بیرەوەرییەکی بێ وێنەی ئەم ڕۆژانەیە بۆ داهاتوو!
هەندێک وێنە هەن ڕوونکردنەوەیان ناوێ…
ڕێک وەک وێنەی ئەو کچۆڵە ڕووتە ڤییەتنامییەی لە پێشەوەی سەربازە ئەمریکییەکانەوە هەڵدێ…
بەم وێنانە دەڵێن وێنەی قسەکەر…
تەیپ ئەردۆغان ئەوەی دەبێ بیڵێ گوتوویەتی…
ئیتر ئەز چ بێژم…
دەڵێ "ئاڵای تورکیاشی خستووەتە گیرفانییەوە… ئەگەر شەهید کەوت، ئینشائەڵڵا پێی دادەدەن"...
***
ئەمانە منداڵانی وەچەیەکن لەوە دەترسێن بە شەڕ بڵێن نا…
لەگەڵ بۆردۆ بەرەلەرییەکان گەورە دەبن…
خوێنی منیشی وە کوڵ هێنا…
لەخۆڕا ئەو هەمووە ساڵە داوای ئاشتیم کردبوو…
ئاشتی خێری تێدا نییە…
هەرچی هەبێ لە شەڕدا هەیە…
مستەفا کەماڵ بەو قسە بێهودەیەی کە دەڵێ "ئاشتی بۆ وڵات، ئاشتی بۆ دونیا" هەموومانی بە لاڕێدا برد…
لە خشتە براین…
هەڵخەڵەتاین…
ئیتر بۆ لەمەودوا دووپات نابێتەوە…
ئیتر ئەو قسەیە باوی نەماوە کە دەڵێ "لە قوبرس پێش بە ئاشتی ناگیردرێ"...
با خەیاڵتان ئاسوودە بێ…
لە قوبرس پێش بە شەڕ ناگیردرێ…
خۆ بۆ خۆتان بینیتان…
ئەو ئیتالییانەی زلـلەی عوسمانییان بەرکەوت چۆن بوونە تۆز…
چۆن تێیان تەقاند…
حەیف و مخابن درەنگ لەو جیهادییە قارەمانانە گەیشتم کە سەریان دەپەڕاند و ئێستا شان بە شانی سوپاکەمان لە ژێر ئاڵای تورکیا شەڕ دەکەن…
ئیتر دەبێ ئاوا بیت!
سەر ببڕیت!
لەش بە زیندوویی بسووتێنی!
سەری دوژمن پان بکەیتەوە…
کورد یانی چی؟
دوژمن!
یۆنانی یانی چی؟
دوژمن!
ئەرمەنی، عەلەوی…
هەموویان دوژمنن!
ئەگەر وڵاتەکەمان لەم دوژمنانە پاک نەکەینەوە، چۆن دەتوانین هەناسە بدەین…
***
بەختیارترین ڕۆژەکانمان ئەو ڕۆژانە نین بە ئاشتی تێپەڕ بوون…
ئەو ڕۆژانەن دوای شەڕێک سەرکەوتنمان بەدەست هێنا…
گەورەترین جەژنی ئێمە ٢٩ی تەمموز*** نییە؟
کە بیرەوەریی مووشەکەکانی ٤٤ ساڵ لەمەوپێش دێنینەوە بیر خۆمان، چ جۆشێک داماندەگرێ.
وەک ٤٤ ساڵ لەمەوپێش، هەمدیس سپێدەیەکی زوو بەرەو کەشتییە جەنگییەکان ڕادەکەین…
ئێمە تورکین…
ئایین و ڕەگەزی ئێمە بەرزە…
بێگومان هەر تورکێک وەک عەسکەر لەدایک دەبێ…
وەک کۆرپە نایەتە دونیا…
ئەوانە ڕاو بنێن کە یەژن بە کۆرپەیی چاو بە ژین هەڵدێنن…
***
پێم وایە دوای ئەو هەمووە بێعەقڵییە بۆ ئاشتی، لێرە ئیتر هەرکەس نرخی شەڕی بۆ دەرکەوتووە…
دواجار لەوەش تێگەیشتووە کە نیوەی ئەم دوورگەیەمان بە ئاشتی نا، بەڵکوو بە شەڕ و خوێن ڕشتن بەدەست هێناوە…
ئەوەنێ عەسکەری تورک بە گیان و دڵ بەشداری شەڕی عەفرین دەبێ…
لە مزگەوتەکان دوعای فەتح دەخوێندرێ…
لێرە خوێن و پارە بۆ عەسکەرە شەڕکەرەکانمان کۆ دەکرێتەوە…
هەموومان تێگەیشتن و وێدەچێ تەنیا من لە کاروان دوا کەوتبم…
گوتم "هەڵمەتێکی تری داگیرکەری"...
نەدەبوو وام گوتبا…
دەبوو سەری ڕێزم دانەواندبا...
دەبوو گوتبام "چاوەڕێمان بە عەفرین، ئەوا هاتین"...
وەک هەمووان ئەمنیش دوعایەکی فەتحم خویندبا…
باش بوو کەس هاوڕا نەبوو لەگەڵ من…
باش بوو کەس لایەنگری لە ئاشتی نەکرد و هەمووان لایەنی شەڕیان هەڵبژارد…
پێم وایە تاکە ڕێگەی چارەسەریی کێشەی ئێمە لەم دوورگەیە هەر ئەمەیە…
بەو پێیەی تەنانەت ئیتالییەکان تێیان تەقاند و هەڵاتن، کێ دەتوانێ بەرامبەرمان خۆ ڕابگرێ؟
یانکی وانەیەکی باشی پێ درا…
مامە هانسیش…
جا ئەگەر ئێستە هێزێک هەبێ خوێنی ڕەسەنی ئێمە لە دەمارەکانیدا بێت و بچێ…
ئەم ئیشە بە سەعاتێک تەواو دەکەین…
***
چما باب و باپیرانمان نەیانگوتووە "ئەی تورک ڕاچەنە و وەرەوە سەر خۆت"؟
جا منیش ڕاچەنیم و هاتمەوە سەر خۆم…
پاش ئەوەی گوێم لەو قسانە بوو کە ئەردۆغان بەو کچۆڵەیەی گوت، هاتمەوە سەر خۆ…
"ئینشائەڵڵا ئەگەر شەهید کەوت، ئاڵاکەی پێ دادەدەن"...
دەی…
با سروودی سەرکەوتن بگوترێنەوە…
لووتکەی چیاکان بە تەم و مژە…
بۆ پێشەوە هاوڕێیان…
ڕاپۆرتێکی چرووک وەرمەگرە…
تۆش تەڤلی ئێمە بە هاوڕێ…

*بەڕێوەبەری نووسینی ڕۆژنامەی ئەفریقا، چاپی قوبرس.
**بۆردۆ بەرەلەری یان شەپقە بەڵاڵووکییەکان، هێزێکی تایبەت و شاراوەی "دژەتیرۆری" تورکیایە.
***هێزە چەکدارەکانی تورکیا ٢٠ی تەمموزی ١٩٧٤ هێرشیان کردە سەر قوبرس کە وەک جەژنی ئاشتی و سەربەخۆیی یادی لێ دەکرێتەوە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر