۱۳۹۶/۱۱/۱۶

«دوێنێ»* ئاڵقه‌ڕێزی گێڕانه‌وه‌


نووسه‌ر: سه‌عید سلێمانی

«دوێنێ» چیرۆکی عەشقێکی بڤە و حەرام، دواجاریش ناکام! چیرۆکی ھەوڵێک بۆ باوک کوشتن و دیسان ناکام! چیرۆکی سڕینەوەی ڕابردوو بەڵام وەک زۆربەی ھەوڵەکانی دی، دیسان و دیسان ناکام! چیرۆکی ڕاکردن لە دەست چارەنووس بەڵام ئەمجارەیان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو!

زمانی گێڕانەوەی ئاگۆتا کریستۆف لەم ڕۆمانەدا، بە پێچەوانەی بەسەرھاتی ڕەش و زبر و تاڵی پاڵەوانی سەرەکی چیرۆکەکە، زمانێکی نەرم و نیان و شیرینە. زمانێکی ھێندە ھەستیار کە لە زۆر شوێندا خوێنەر تا سنووری ھەنیسک و فرمێسک دەبات.

ڕەنگە بۆ ئێمەی کورد، بەسەرھاتی پەنابەری و کۆچ، ھیچ کە داستانێکی نامۆ نەبێ بەڵکوو بەشێکی دانەبڕاوە بێت لە چارەنووسمان و بەو پێیە کەسانێکی زۆری کۆمەڵگای ئێمە، بە شێوەیەک، غوربەت و ئاوارەیی و کۆچ و لە ھەمووشیان گرینگتر، پەنابەریەتیان تاقی کردبێتەوە. بەسەرھاتێک کە لە ھەر دۆخ و ھەلومەرجێکدا بەسەرھاتێکی دڵخواز نیە بەڵکو ھەمیشە دۆخێکی نەخوازراو و داسەپاوە کە مرۆڤی پەنابەر ناچارە بە خۆڕاگری لە ھەمبەر مەینەتی و ئەگەر و پێشھاتەکانیدا. کەم نین ئەو کەسانەی کە لە ژێر باری قورسی پەنابەریەتیدا خۆ ناگرن و بۆ ھەمیشە تێک دەشکێن. «دوێنێ» تێکەڵەیەکە لە چیرۆکی ھەر دوو تاقمی خۆڕاگر و خۆڕانەگر. چ ئەوانەی ماونەوە و چ ئەوانەی لە ھەمبەر دۆخی نەخوازراودا ملکەچ بوون و ڕێگای مەرگ یان گەڕانەوەیان ھەڵبژاردوە.

ھەربۆیەش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە سەرەڕای چێژی ھونەری و ئەدەبی، بۆ ھەریەک لە ئێمەی کورد دەکرێ زیندووکەرەوەی چرکەساتێکی دەگمەنی ژیانمان بێ.

«دوێنێ» بەسەرھاتی ناکامی ھەمیشەیی مرۆڤە. چیرۆکی ژیانێکە کە ھەمیشە وەک ڕابردوو واتە وەک «دوێنێ» دەبێ سەیری بکرێت. چونکە زەمان بەردەوام لە خوڕین‌دایە و چرکەکان ھیچ کات ناوەستن. ھەربۆیەش ژیان ھەمیشە «دوێنێ»یەکە کە تەنیا شیاوی بیرەوەری و گێڕانەوەیە. لێرەدایە کە دەست پێڕاگەیشتن پێی، تەنیا خولیایەکە و بەس. بەڵام ھیچ سەیر نیە پێوەندییەکانی ژیانی ھەر کەسێک دیسان شکڵ بگرنەوە و دووپات ببنەوە. «دوێنێ» ھەوڵێکە بۆ فەرامۆشی ڕابردوو و قوتاربوون لە دەست مۆتەکەکەی. یان ئەگە ناچار بیت، ھەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی بەڵام بە شێوەیەکی دڵخواز. ھەربۆیە سەرەڕای ھەوڵی فەرامۆش کردن، ئاڵقەڕێزیکە بۆ گێڕانەوە و بۆ پێناسە کردنی خود واتە بۆ واتابەخشین بەو «من»ـەی کە ئێستا ھەیە و خەریکی بیرکردنەوە لە «دوێنێ»یە. چونکە ئەگەر «دوێنێ»یەک لە ئارادا نەبێت، «من»ێکی ئەمڕۆییش بوونی نیە. واتە بوونی منی ئەمڕۆیی پەیوەستە بە گێڕانەوەی دوێنێ. ھەربۆیە تۆ کاتێک دەتوانی ئەمڕۆ بوونی خۆت بسەلمێنی کە توانایی گێڕانەوەی «دوێنێ»ی خۆت ھەبێ. لێرەدایە کە گرینگایەتی و بایەخی گێڕانەوە زەق و بەرچاو دەبێتەوە و ھەموو جومگە ھەستیارەکانی قۆناغەکانی ژیانی تاکێکی مرۆڤانە دادەگرێت. بۆیە «دوێنێ» ھەستانەوەی دوای نغرۆبوونێکی دڵتەزێنە تەنیا بە مەبەستی گێڕانەوە و مسۆگەر کردنی بوونی خود لە نێو کۆی ئەم بوون و ژیانەدا.

کاتێ لین لە تۆبیاس دەپرسی: «بۆچی ناوی خۆتت گۆڕیوە؟» وەڵام دەداتەوە: «چونکە ژیانی خۆمم گۆڕی.» یەکەمین ھەنگاوی ئەم گۆڕینە پچڕانی پێوەندییە لەگەڵ ڕابردوو و ھەڵاتنە لە دەست چارەنووس. تۆبیاس لە زێد و نیشتمان و بنەماڵە و کەسە نزیک و ھاوخوێنەکانی خۆی ڕادەکات. لە بیرمان نەچێ لە سەردەمی نوێدا ڕەنگی غەریزە ھەرچی زیاتر لە ژیانی کۆمەڵایەتی و پێوەندییەکاندا کاڵ دەبێتەوە و دەوری ژینگەی کۆمەڵایەتی و پەروەردە و ئەندێشەی مرۆڤانە لە بیچم گرتنی کەسایەتی و پێوەندی مرۆڤایەتیدا تۆختر دەنوێنێ. ھەربۆیە لەم سەردەمەدا بنەمای پێوەندییەکان لەسەر ھاوفکرییە نەک لەسەر ھاوخوێنی. واتە لەم سەردەمەدا ھاوخوێنی جێی خۆی دەدات بە ھاوبیری. ھەربۆیەش ئێستاکە، ئەوەی کە پێوەندییەکی تۆکمە و پتەوی لەگەڵماندا ھەیە، ھاوبیرەکانمانن نەک ھاوخوێنەکانمان. ئەوەش بە مانای لێژبوونی پێگەی غەریزە و خێڵ و بنەماڵەیە لە ناو کۆی پێوەندی کۆمەڵایەتی نوێدا. واتە کاڵ بوونەوەی پێوەندی لەسەر بنەمای خێڵایەتی و خزمایەتی و ڕەگەز و ھاوخوێنی. لەولاشەوە بە واتای گەشە سەندنی دەوری شارستانییەت و ئەندێشەیە لەم بوارەدا. بەڵام سه‌ره‌ڕای ته‌واوی ئه‌مانه‌، دابڕانی یه‌کجاره‌کی لە ڕابردوو کارێکی نەکردە و ئەستەمە. چونکە شتێک بە ناوی مێژوو لە پشت سەرمانە و لە ھەناوی «دوێنێ»دا بوونی ھەیە. چونکە ھەوێنی «دوێنێ» و مێژوو بە گشتی، چەمکێکە بە ناوی یادەوەری کە بە پێی ھەر گەز و پێوانەیەک دواجار دەبێتە ھەوێنی ھەموو گێڕانەوەکان و ناسینەوەکان. ھەربۆیەشە کە پێوەندییە ئینسانییەکان ئاوا ساکار جارێکی دی شکڵ دەگرنەوە و ڕایەڵی ڕابردوو دەکێشرێتە ناو چرکەساتی ئێستاوە. بەڵام ڕایەڵی پێوەندی ھێندە دەوامەی نابێت چونکە دەرەنجامێکی حەرام و درکاندنی نھێنییەکی تابۆشکێنی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش واتە ڕووخاندنی ھەموو کۆڵەکەکانی پێوەندی مرۆڤانە و خاپوور کردنی بنەمای ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەم ڕووخان و خاپووربوونەش دەبێتە ھۆی ئەوەی مرۆڤ لە ژێریدا نغرۆ بێت و ئیتر توانایەک بۆ گێڕانەوە نەمێنێت و ھەربۆیەش دەقێک لە ئارادا نەمێنێ کە منی خوێنەر و پاڵەوانی گێڕەرەوە بە یەکەوە ببەستێتەوە.

چرکەساتی درکاندنی «دوێنێ» بە ھەموو وردەکارییەکانییەوە، چرکەساتێکی ھەستیارە کە ڕەنگە سەرجەم داھاتوو بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه‌. بۆیە پاڵەوانی چیرۆکەکە نایھەوێت ئازارەکانی دووقات ببنەوە و ھەر بەوە واز دێنێت کە من لە «دوێنێ»دا بوونم ھەبووە و ئێستاش بۆ تۆی خوێنەری دەگێڕمەوە؛ دوێنێ نەک وەک مێژوو بەڵکو وەک یادەوەری، وەک گێڕانەوە!

*- ئاگۆتا کریستۆف، دوێنێ، وەرگێڕ سەلاحەدین بایەزیدی، چاپەمەنی مانگ، ١٣٩٤.
 
سەرچاوە:
گۆڤاری ڕامان، ژ (٢٤٩)، ٢٠١٨/٢/٥، ل ١٤٩ - ١٤٨.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر