۱۳۹۲/۰۸/۲۹

گـــــــــــەڕانەوە


سەلاحەدین بایەزیدی

گەڕانەوە یان گەڕاندنەوەی سیاسەتمەدار، هونەرمەند و شۆڕشگێڕانی کورد بۆ تورکیا شتێکی نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو. یەکی ئۆکتۆبری ١٩٩٩ هەشت کەس کە ناوی ''گرووپی یەکەمی ئاشتی"یان لێ نرابوو، لە سەر پێشنیاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەڕانەوە تورکیا و یەکسەر لە لایەن کاربەدەستانی تورکیاوە قۆڵبەست و ڕەوانەی گرتووخانە کران. دە ساڵ دواتر واتە مانگی ئۆکتۆبری ٢٠٠٩، هەر لە سەر پێشنیاری ئۆجەلان و بەڵام ئەمجارەیان بە ڕەزامەندی حکومەتی تورکیا، گرووپێکی تری پێکهاتوو لە ٣٤ کەس لە دەروازەی سنووری خابوور گەڕانەوە تورکیا.
لە مەودای نێوان ئەو دوو گەڕانەوەیەدا، بەردوام دوو چەمکی دژ بە یەک لە ململانێ دابوون؛ "گەڕانەوە" و "هاتنەوە ماڵ". لە لایەکەوە بزووتنەوەی سیاسیی کورد پێداگر بووە لە سەر "گەڕانەوەیەکی ئابڕومەندانە" و وەک بەشێک لە خەبات و پڕۆسەی ئاشتی سەیری ئەو ڕەوتەی کردوە و لە لایەکی دیکەشەوە حکومەتی تورکیا هەوڵی داوە وەک "تەسلیم بوون" و "بادانەوە" پێناسەی بکا.
یەکێک لە سەرەکیی ترین ئەو هۆکارانەی، ڕەوتی گەڕانەوەکانی ساڵی ٢٠٠٩ی ئاستەنگ کرد و لایەنی کوردی لە ناردنەوەی گرووپی دیکە پاشگەز کردەوە، زمان و شێوازی هەڵسوکەوتی تورکیا بوو لە بەرامبەر ئەو کەسانەی دەهاتنەوە. ئەگەر چی حکومەتی تورکیا لەچاو دەیەیەک لە مەوپێش بە کردەوە گۆڕدرابوو و لە بری ئەوەی بە چەند عەسکەرێک و لە سنوورێکی شاخاوییەوە بەرەو پیری گرووپەکە بچێ، بە شێوەیەکی سڤیل پێشوازییان لێکردن، بەڵام ئەدەبیاتی سیاسی هەمان ئەو ئەدەبیاتە بوو کە دە ساڵ پێش لە کار دەکرا.
لە یەکەم کاردانەوەدا، بەشیر ئاتالای وەزیری کاروباری نێوخۆی تورکیا، وەک "هاتنەوە بۆ ماڵ" باسی گەڕانەوەی گرووپەکەی کرد و ئەردۆغانیش ڕاشکاوانە ڕەخنەی لەوە گرت کە پێشوازییان لێکراوە و گەڕانەوەیانی بە "خۆ نواندن" لە قەڵەم دا.
ئەو توڕەبوونەی کاربەدەستانی حکومەتی تورکیا چاوەڕواننەکراو نەبوو. ئەوان دەیانویست گرووپەکە بە بێدەنگی و بە دوور لە چاوی میدیاکان و خەڵک بگەڕێتەوە و دواتریش بە هێمنی لە شارەکان دابنیشن و چاوەڕوانی هەنگاو و ئاڵوگۆڕەکانی حکومەت بکەن. دەیانویست تەنیا خۆیان مانۆڕ بەو گەڕانەوانە لێبدەن و لایەنی کوردی لەو مافە بێبەش بکەن. دەیانویست ''گەڕاوەکان" تەنیا دەستخۆشانە لە حکومەت بکەن و بە شێوەیەک هەڵسوکەوت بکەن کە لایەنی کورد هیچ ڕۆڵێکی لەم پێشهاتانەدا نەبووە. هەروەها چاوەڕوان بوون ئەو گوتارەی لە لایەن گرووپەکەوە بەکار دەهێنرێ، گوتارێک بێ دابڕاو لە "شانازیییەکانی ڕابردوو" و هاتنەوەیەکی ئاسایی بێ.
سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی دووهەم گرووپی سەر بە پەکەکە،  ١٣ی ئووتی ٢٠٠١، کەماڵ بورکای شاعیر و سیاسەتمەداری باکووری کوردستان، دوای سی و یەک ساڵ دووری لە نێو ئاپۆرای لایەنگرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "ئاتاتورک" دابەزی و بۆ هەمیشە گەڕایەوە بۆ تورکیا. حکومەتی تورکیا نەک بە هاتنەوە و پێشوازی لێکردنی توڕە نەبوو، بگرە بە گوێرەی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بورکای لە سەر بانگهێشتی وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکیا لە سویدڕا گەڕاوە.
کەماڵ بورکای لە یەکەم پەیامیدا دوای گەڕانەوەی بۆ تورکیا، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "چ حکومەت، چ جەهەپە، کێ لەپێناو چارەسەری پرسی کورددا هەنگاوی ئەرێنی بەرز بکاتەوە دەبێ پشتیوانی لێ بکرێ و هەروەها دەبێ پێش بەو کەسانە بگیرێ کە هەوڵەکانی ئاشتی بە لاڕێدا دەبەن."
کەماڵ بورکای کە ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێیانی، حزبی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیای دامەزراندبوو، ئێستا سەرۆکی گشتی پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک - پار)ە و بە یەکێک لە سەرەکی ترین ڕەخنەگران و ڕەقیبەکانی ئۆجەلان دەناسرێ.
سەرەڕای ئەوەی میدیاکانی تورکیا بایەخێکی زۆریان بە گەڕانەوەی بورکای دا بەڵام کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر شەقامی کوردی لە باکووری کوردستان دانەنا.
وێدەچێ شڕۆڤە و لێدوانەکانی بورکای بە دڵی میدیاکانی تورک بێ، چونکە لە بۆنە یان ڕووداوی تایبەت بە مەسەلەی کورددا کەم هەڵدەکەوێ بانگهێشتی نەکەن و نێرین و بۆچوونەکانی وەک پەرسپەکتیڤ نەخەنە ڕوو.
دوای ڕۆیشتنەوەی گرووپەکانی پەکەکە و کەماڵ بورکای، گەڕانەوەی هونەرمەندی ناسراوی کورد شڤان پەروەر، لەو گەڕانەوانە بوو کە مۆری خۆی لە ڕۆژەڤی باکووری کوردستان و تورکیا دا. پەروەر دوای سی و حەوت ساڵ و پاش دانوستانێکی چەند ساڵە لە ئاڵمان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دەسەڵاتدار (ئاکەپە)، گەڕایەوە بۆ تورکیا.
شڤان پەروەریش وەک کەماڵ بورکای و ئەو کەسانەی بانگهێشتی گەڕانەوە کرابوون، چەندین ساڵ لە دوودڵیدا ژیا و کات و ساتی جۆراوجۆری بۆ گەڕانەوە دیاری دەکرد، تا دواجار لەگەڵ هەڤدیتنی مەسعوود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا گەڕایەوە ئامەد. شڤان پەروەر لەگەڵ کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێی نایە خاکی باکووری کوردستان و لە لایەن ڕایەدرانی ئەمنی تورکیاوە پێشوازی لێکرا، لە ئامەدیش لە بەردەم کەسایەتییە سیاسییەکان و جەماوەری پارتی داد و گەشەپێدان ئامادە بوو و گۆرانی بۆ ئەوان چڕی.
ئەگەرچی هەندێک هەواڵ سەبارەت بە سووتاندنی سی دی و کاسێتەکانی شڤان پەروەر یان سووکایەتی کردن بەو هونەرمەندە بڵاو بوونەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە لە لایەن هیچ ئاژانس و ناوەندێکی هەواڵەوە پشت ڕاست نەکرانەوە و زیاتر قسەلۆگ و پاشملەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون.
شڤان پێشوازی لێنەکرا و بە بەراورد لەگەڵ سی و حەوت ساڵ غوربەت و دووری، تاسەی دیداری لای خەڵک دروست نەکرد. هۆکاری پێشوازی نەکردن لە شڤان، بێدەنگی و پێناخۆشبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان نەبوو، هۆکاری سەرەکی چۆنیەتی گەڕانەوەی خۆی بوو. لە ئاقاری ئەو دوو جۆرە گەڕانەوەیەی کە تورکیا و بزووتنەوەی کورد پێداگری لە سەر دەکەن، شڤان پەروەر کەناڵی "رەسمی و حکومی" هەڵبژارد، بۆیەش ئاساییە تەنیا لە لایەن کوردەکانی لایەنگری دەوڵەت و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێبکرێ.
گەڕانەوەی کەماڵ بورکای و شڤان پەروەر دوو نموونەن لەو گەڕانەوانەی لە سەر بانگهێشتی ڕەسمی حکومەت بە ئەنجام گەیشتوون و وێدەچێ تورکیا ئەمە وەک مۆدێلێک چاو لێ بکا بۆ گەڕاندنەوەی سیمبۆل و ناوە گرنگەکانی دیکەی کورد لە دەرەوەی وڵات. مۆدێلێک کە لە ڕێگەیەوە بتوانێ شێوازی گەڕاندنەوەی خۆی بسەپێنێ و ئیماژێکی جیاواز لە خۆی و لە بزووتنەوەی کورد نیشانی ڕای گشتی بدا.
جەنگیز چاندار گۆشەنووسی ناسراوی تورک لە ڕۆژنامەی 'رادیکاڵ' لە زاری تۆیتی نووسەرێکی کوردەوە سەبارەت بە گەڕانەوەی شڤان نوسیبووی ئەگەر شڤان بە تەنیا گەڕاباوە، لانیکەم سێ میلیۆن کەس بەرەو پیرییەوە دەچوون. ئەم قسەیە لەوانەیە زێدەڕەوی نەبێ و ئەگەر ئاوڕێک لە گەڕانەوەی جوان حاجۆ بدەینەوە، لەوانەیە ئێمەش بگەینە هەمان ڕا.
ئەگەرچی جوان حاجۆ هاووڵاتیی تورکیا نەبووە و نابێ وەک گەڕانەوە باس لە چوونی بۆ تورکیا بکرێ، بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆربەی لایەنگرانی لە باکووری کوردستان و تورکیا دەژین و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر خەڵک هەبووە، کوردەکانی باکوور و تەنانەت میدیاکانی تورکیاش وەک "هاووڵاتی"یەکی خەڵکی تورکیا لێی دەڕوانن. کەسایەتییەک کە بە شێوەی هونەرمەندەکانی ئەو پارچەیە و بگرە زیاتریش، پەیوەندی بە هەستی خەڵک و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ئەو بەشەی نیشتیمانەوە هەیە. ئۆکتۆبری ٢٠١٣ کاتێک جوان حاجۆ ڕۆیشتە تورکیا، زۆربەی هەرە زۆری میدیا و هەواڵنێرییەکانی تورکیا بە "هاتن و گەڕانەوە دوای ٢٣ ساڵ" باسی سەفەرەکەیان کرد.
جوان حاجۆ وەک شڤان پەروەر بە جلی کوردی و بە کاروانی ئۆتۆمبێلان نەگەڕایەوە، بەڵکو بە تاقی تەنیا و بە تیشێرتێکی سادە گەڕایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە شاری باتمان، یەکێک لە گەورەترین کۆنسێرتەکانی لە مێژووی هونەری تورکیادا تۆمار کرد. بە دەیان هەزار کەس بەشداری ئەو کۆنسێرتە بوون و بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازییان لە "گەڕانەوەی" و ئاڵبۆمی ''ڤەگەڕ" کرد.
حاجۆش وەک شڤان پەروەر لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان جار جارە نێوانی خۆش و جار جارەش ناخۆش بووە، ئەویش لەگەڵ هونەرمەندێکی تورک، لەگەڵ ژنە گۆرانیبێژی بە ڕەچەڵەک کورد "هولیا ئەفشار" دوێتی کرد، کەسێک کە لایەن بزووتنەوەی سیاسیی کوردەوە بە "لایەنگری دەوڵەت" و "مۆرەی شەڕی تایبەت" ناسرابوو. سەرباری ئەوانەش نە خەڵک، نە ئەحزابی سیاسی و لایەنگرانیان، بە دیدێکی نەرێنی لە سەفەرەکەی جوان حاجۆیان نەڕوانی و بە شێوەیەکی شکۆدار بەرەو پیری چوون.
خاڵێک کە گەڕانەوەی شڤان پەروەر لە جوان حاجۆ جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە شڤان لە سەر ویست و لە چوارچێوەی بەرنامەی حکومەتدا دەگەڕێتەوە بەڵام گەڕانەوەی جوان حاجۆ، قەناعەتێکی تاکەکەسی و پڕۆژەیەکی هونەرییە. لە لایەکی دیکەوە جوان حاجۆ نەک بە پێویستی نەبینی بە شان و باڵی دەوڵەتدا هەڵبڵێ، بەڵکو تکای لێکردن هەرچی زووتر چارەسەرییەک بۆ پرسی کورد و مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بدۆزنەوە.
شڤان پەروەر خەونی بەوەوە دەبینی لە ئامەد، لە باکوور بە ئازادی سترانە شۆڕشگێڕییەکانی بچڕێتەوە، ڕۆیشت و "ئازادانە" ستڕانەکانی گوتەوە. لە سەر سەکۆ پەیامی ئاشتی دا و داوای لە دایکان کرد "نەگرین"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژنی ئەردۆغان گریا، ئەو ژنەی پێشتر بۆ مناڵانی فەلەستین گریابوو و بۆ مناڵانی ڕۆبۆسکی نا، کەچی دایکانی تر غایب بوون، ئاخۆ ئەوان لە پشت تەلەڤزیۆنەکانیانەوە گریان یاخود هەستیان کرد ئەو ڕۆژە نزیک بۆتەوە کە نەگرین؟
شڤان ئێستا لە نێو دڵی ئەو گەلە دایە کە بە دەنگ و چریکەی ئەو فێری یاغی بوون و بەرخۆدان بوون. بۆی هەیە ئەو چریکە کێوییە لە نیو تەلار و کۆشکەکاندا ئارام نەگرێ و دیسان لە نێو خەیاڵە چڕ و دووردەستەکانی ئەواندا هێلانە بکاتەوە. تۆ بڵێی؟

۱۳۹۲/۰۸/۲۶

لۆ شڤانۆ، ''کینە ئەم؟"


عیرفان ئاکتان/ ڕۆژنامەنووس، بی بی سی تورکی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ساڵانی ١٩٨٠، شڤان پەروەر لە بەرامبەر پەیڕەوکردنی سیاسەتی لە نێوبردنی کوردان لە لایەن ڕژێمی سەدام لە عێراق و کودەتای ١٢ی سێپتامبر لە تورکیا بەو پرسیارە هاتە مەیدان: "کینە ئەم؟"
ئەو شیعرەی شاعیری مارکسیستی کورد جگەرخوێن، کە نەیتوانیبوو ساڵی ١٩٧٣ بڵاوی بکاتەوە، دواتر بە هۆی ئەوەی لە زاری سەرکردەیەکەوە نەبیسترا و لە زاری "شڤان"ێکەوە بیسترا، سەرنجی هەموو چین و توێژەکانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
دەنگی شڤان هێند سەرسوڕهێنەر بوو کە وەک چۆن ژان باپتیست، قارەمانی ڕۆمانی "عەتر" لە نووسینی پاتریک زوسکیند، بەر لە ئیعدام بە پژاندنی عەتر بە سەر خەڵکدا دەیانخاتە ژێر کاریگەرییەوە، کوردەکانیش وەها لە هۆش خۆیانەوە دەچوون.
ڕاستە یان درۆ، کەس نازانێ، بەڵام نموونە هێنانەوەی ئەم ''لە هۆش خۆ چوونە" سەبارەت بە پێشمەرگەیەک کە لە شەڕی دژ بە هێزەکانی سەدام بریندار بووە، سەلمێنەری ئەو قسەیەیە.
دکتۆر یاخود دەرمانێک نەبووە ئەو گولـلەیە لە جەستەی پێشمەرگەی بریندار بێنێتە دەرەوە. لەبەر ژان و ئازار دەناڵێنێ، داوا لە هاوڕێیانی دەکا سترانێکی شڤانی بۆ لێدەن. تەسجیلی بۆ دێنێن کە هەمیشە هەبووە و کە کاسێتەکە دەست بە سووڕان دەکا، پێشمەرگە لە هۆش خۆی دەچێ و بەمجۆرە گولـلەکە لە جەستەی دێننە دەر…

"ئەم کوردن!"

کوردەکان کە زمان و فەرهەنگیان قەدەغە بوو و تەنانەت دان بە بوونیان دانەدەنرا، ئاسایی بوو زۆر بە خێرایی لە دەوروبەری پرسیاری "ئەم کینە"، یەک بگرن.
دواجار کوردەکان کە گەیشتنە ساڵانی ١٩٨٠، لە وەڵامی پرسیاری "کینە ئەم" بە دەنگی دڵهەژێنی شڤان و جموجوڵی لەسەر شانۆ، سەرەتا بە ترس و لەرز و پاشان بە دەنگێکی بەرز وڵامیان دەدایەوە: "ئەمن ئەم کوردن!"
شیعری ''کینە ئەم؟"ی جگەرخوین، کە کوردەکانی بە مێژوویان تێكڕا وەک بەسەرهاتێکی نائاسایی پێناسە کردووە، بە هەمان دەنگی نائاسایی شڤان دەبیسترێتەوە و دەستە دەستە کوردەکانی تورکیا بەرەو یاخیبوونێکی نوێ ڕاکێش دەکا.
جگەرخوین لە شیعری ئاماژەپێکراودا، بەمجۆرە وەڵامی پرسیاری "کینە ئەم؟"ی داوەتەوە: "جوتکار و کارکەر/ گوندی و ڕەنجبەر/ هەموو پرۆلەتەر/ گەلێ کوردستان."
لە نێو کەشوهەوای ئاڵۆزی ساڵانی ١٩٨٠، "هەموو پرۆلەتەر" کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کوتلەکانی گەلی کورد دانابوو، دەنگی شڤان پەرەوەر بەر لە میلتانەکانی پەکەکە خۆی دەگەیاندە هەموو گوندێک، دیارە وەڵامی ئەو پرسیارەشیان دابۆوە کە "کینە ئەم؟".
هەڵە نابێ ئەگەر بڵێین ئەو گەنجانەی وەڵامی ئەم پرسیارەیان دایەوە، زۆربەیان بەشداری ڕیزەکانی پەکەکە بوون. لەم ڕوانگەوە، بەشێکی زۆری کاروباری ڕێکخستنی پەکەکە و شیکردنەوەی بەرنامەکانی ئەو حزبە بۆ خەڵک کەوتە ئەستۆی مۆسیقا و هونەری شڤان.
بە درێژایی ساڵانی ١٩٩٠ لایەنگرانی شڤان تەنانەت زۆر جار دەیانگوت ئەگەر شڤان ئەندامی پەکەکە بێ، کوردستان زووتر ڕزگار دەبێ. زۆربەی میلتانەکانی پەکەکە سەر بە بنەماڵە هەژارەکانی کورد بوون و خەڵکی دێهاتەکان هەر بە "کارکەر" ناویان دەهێنان.
مۆسیقای شڤانیش، بەردەوام هاوار، ئاخین و ژانی ئەو "کارکەر"ە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا کە شڤان بەردەوام هاواری ئەو چینە بوو، بەڵام نەدەچووە هەمان ڕیزی کارکەرانەوە.

گۆرانییەک، گولـلەیەک

ساڵی ١٩٩٩، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ئەو کاتەی لە ڕۆما بوو، داوای کرد شەوی ساڵی نوێ لەگەڵ شڤان پەروەر و نووسەری کورد مەحمود باکسی تێپەڕێنێ.
لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا، باکسی هۆکاری ئەمەی لە ئۆجەلان پرسی و ئۆجەلان بەمجۆرە وەڵامی دایەوە: "من ئەم ڕێگەیەم بە گۆرانی دەست پێکرد… ئارەزووی من، هونەرێکی پیشەییە. لە ڕوانگەی منەوە، کەسێک کە باش گۆرانی بڵێ، لە سەد فەرماندە گرنگترە… پەیڤێک کە لە هونەرەوە سەرچاوەی گرتبێ، وەک ئەوە وایە گوللـەیەک لە سەداسەد نیشانەی پێکابێ… شڤان لە ئەنقەرە هەم بە دەنگ و هەم بە ڕەنجی لەگەڵ ئێمە بوو. هەڵبەت وەک نینۆک و گۆشت وابووین. بەڵام 'بەکۆ'، ئێمەی لە یەکتری دابڕی. دیارە هەندێک کوردی گەمژەش ڕۆڵیان هەبوو. ئێمەش کەموکوڕیمان هەبوو… کاتێک بیستم شڤان هاتووە، بە خۆمم گوت "زۆر باش بوو''. ئێمە ئیتر یەکێتیەکی مەعنەویمان دروست کردووە. ئەگەر یەکگرتنی مەعنەوی لە ئارادا نەبێ، شەڕ ناکرێ."
ئەو 'بەکۆ'یەی ئۆجەلان پێی وابوو ئەوانی لە یەکتر جیا کردۆتەوە، لە ڕوانگەی کوردەکانەوە، خزم و خوێش لە یەک دەکا و نوێنەری کارەکتەری خراپە. لە ئەفسانەی کوردی مەم و زیندا، کەسایەتی 'بەکۆ' کە لە بەردەم پێکگەیشتنی دوو خۆشەویست دەبێتە ئاستەنگ، بە ساڵانە وەک سیفەتێک بۆ ئەو کەسانە بەکار دێ کە دەبنە هۆی دابڕانێکی سیاسی.
ئەستەمە بزانین مەبەست لەو 'بەکۆ'یە کێیە کە ئۆجەلان و شڤانی لێک دابڕی. ئۆجەلان لەم ڕوەوە ئاماژەی بە ناو/تاقمێکی دیاریکراو نەکردوە.
ئەو کاتانەی بزووتنەوەی کورد زۆر پێویستی بە دەنگی شڤان پەروەر بوو بەڵام شڤان پێی باش بوو وەک کەسایەتییەکی "بانتر لە سیاسەت" بمێنێتەوە، بە هیچ شێوەیەک پەکەکە و کوردەکانی لایەنگری ئەو حزبەی توڕە نەکرد.
بەڵام لەسەر بنەمای ئەو "کەموکوڕی"یانەی ئۆجەلان ئاماژەیان پێدەکا، وەڵامدانەوەی شیلگێڕانە و قایمی پەکەکەش بۆ پرسیاری "کینە ئەم؟"، حەز و خولیایەکی قووڵی لای شڤان دروست کردبوو.
لەم نێوانەدا پەیوەندییەکی سەیر و سەمەرە هەبوو؛ لە لایەکەوە ئەو هەوڵی دەدا کوردەکان دژ بە سیستەمی کۆیلەداری ڕابپەڕێنێ، پێداگر بوو لەسەر ئەوەی لە نێو دڵەکاندا جێ نەگرێ.
لە لایەکی دیکەوە بزووتنەوەی کوردی، وەک لێنی سمالی 'مشک و مرۆڤ'ی جۆن شتاینبەک کە چۆن کەروێشکی خۆش ویست و خنکاندی، ناوە ناوە ئەویان دەکردە ئامانج، بەیاننامەیان لە دژی بڵاو دەکردەوە و کۆنسێرتەکانیان بایکۆت دەکرد.

دوێت یان دوێلی شڤان - تاتلیسەس؟

ساڵانی ١٩٨٠ تا کۆتایی نەوەدەکان، ئەو عەسکەرانەی هەڵیاندەکوتایە سەر گوندەکان، خەڵکیان لە مەیدانەکان کۆ دەکردەوە و داوای سێ شتیان لێدەکردن: "شوێنی قاچاقچییەکان، جێگەی چەکەکان و شوێنی کاسێتەکان!". "قاچاغچییەکان" کە بە بیانووی یارمەتیدانی پەکەکە سۆراغیان دەگیرا، بۆ ئەوەی نەگیرێن، پڕیان دەدایە چەکەکانیان و ملی شاخەکانیان دەگرتە بەر، شریتی هونەرمەندە کوردەکانیش لە نێو خاکدا حەشار دەدران.
ئەگەر سەربازەکان لە ماڵێکدا دەستیان بەسەر زەبتدا گرتبایە، دەیانپرسی "ئێوە زەبتتان هەیە ئەی کوا شریتەکان؟"، خەڵک شریتی ئیبراهیم تاتلیسەسیان نیشان دەدا کە وەک تەگبیر لە ماڵەکانیان دانابوون. جگە لەوە، زۆر جار دەنگی شڤان پەروەر، بە شریتەکانی تاتلیسەس حەشار دەدرا.
ئەو شریتانەی لە سەریان نووسرابوو "بۆ من مرۆڤ نیم؟"، "ئاخ براکەم" و "منیش دەمەوێ"، بە گشتی بە گۆرانیگەلی وەک "گۆڤەندا ئازادیخوازان"، "هەڤالێ بارگرانم"، "هەرنە پێش"، "کینە ئەم؟"، "هەڵەبجە" و "گەلێ من ڕابە"ی شڤان پەروەر پڕ کرابوونەوە.
ئەگەر بمانەوێ واتایەکی سەمبۆلیک بۆ چاوپێکەوتنی مەسعود بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕەجەب تەیپ ئەردۆغان سەرۆک وەزیری تورکیا لە شاری دیاربەکر بدۆزینەوە، دەبێ لە پێک گەیشتن یان پێک گەیاندنی پەروەر و تاتلیسەسدا بە دووی ئەم واتایەدا بگەڕێین.
سەرەتا پرسیاری ڕۆژ ئەوەیە: ئاخۆ دوو هونەرمەندی خەڵکی ئورفا کە سیمبۆلی دوو هەڵسوکەوتی لێک جیاوازن، لە بەرامبەر ئورفاییەکی دی واتا ئۆجەلان پێک گەینراون؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە دیسان دەگەڕێینەوە بۆ چاوپێکەوتنی ئۆجەلان - پەروەر لە ساڵی ١٩٩٩دا. ئۆجەلان بە درێژایی ئەو چاوپێکەوتنە، باس لەوە دەکا تا کوردەکان ڕزگار نەبن، ژیانی هاوسەری پێک ناهێنێ و تا ئەو کاتەی ژن و پیاو یەکسان نەبن، هەر چەشنە ژیانی هاوسەری، دێتە واتای کویلایەتی.
"دوێتی" پەروەر و تاتلیسەس لە دیاربەکر کە بۆ ئاهەنگی نیکاحی ٣٠٠ کەس پێکهات، هەرچەند بە شێوەیەکی سەمبۆلیکیش بێ دژایەتییە لەگەڵ ئەو ئامانجەی ئۆجەلان. ئەمە، ڕوویەکی مەسەلەکەیە و بابەتێکە پێویستە بە شێوەیەکی جیاواز شی بکرێتەوە.
با بێینەوە سەر مژاری دوێتی تاتلیسەس. ڕۆژی ١٣ی نۆڤامبر تاتلیسەس لەسەر لاپەڕەی تویتێرەکەی بە ناوی "ئیمپراتۆرئیبۆ"، ئەو پەیامەی نووسی: "شڤان پەروەر پاڤارۆتیی کوردەکانە. دوێت لەگەڵ ئەودا بۆ من مایەی شەڕەف و شانازییە. خۆزگە هەلومەرج یەکسان بوایە."
هەرچەند مەبەستی تاتلیسەس لە هەلومەرجی یەکسان، ئەو تێکچوونە جەستەییە بێ کە دوای تەقەلێکردنی تووشی بوو، بەڵام ئەگەر بڕوانینە پاشخانی چل ساڵی ئەو دوو هونەرمەندە، ئەوا دەبینین لەو خۆراگرییەی پەکەکە ئافراندویەتی، تاتلیسەس نوێنەرایەتی "هونەرمەندێکی تورکی بە ڕەچەڵەک کورد" دەکا، بە گۆرانییەکانی هاتۆتە پێش و ملی بۆ دەوڵەت شۆڕ کردۆتەوە، لە بەرامبەردا دەتوانین بڵێین هونەرمەندی کوردی وەک شڤان پەروەر، بەها و هێزێکی گەورەی بەدەست هێناوە. (دیارە ئەگەر سەرچاوەی هێزی شڤان پەروەر ئەمە نەبێ، بارزانی و ئەردۆغان بۆ هەڵمەتە سیاسییەکەیان ئەویان نەدەکردە ئامراز.)

"ئەی شڤان، کینە ئەم؟"

بەڵێ، بەمجۆرە تاتلیسەس کە بە شێوەیەکی گاڵتەجاڕانە لەگەڵ دەوڵەت ماوەتەوە، لە بەرامبەر شڤان پەروەر کە لە غوربەت گەڕاوەتەوە، لە دۆخێکی لاواز دایە.
هەرچەند ''گەڕانەوە"ی پەروەر و چوونی بۆ سەر سندووقی هەڵبژاردنی ئاکەپە بەر لە هەڵبژاردنە هەرێمیەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو زەبری لە بەها و هێزی ئەو دابێ، ناڕەزایەتی دەرنەبڕینی تاتلیسەس لە بەرامبەر ئەو زوڵمەی لە کوردەکان دەکرێ، لەم دوێتەدا "هەلومەرجەکان" نایەکسان دەهێڵێتەوە.
بێجگە لەمانە، تەنانەت بە هۆی ئەوەی تاتلیسەس سەردەمانێک، لە چوارچێوەی هەلومەرجی "زیاتر یەکسان"ی دەوڵەتدا، گۆرانییە ناسیاسییەکانی شڤانی بێ ئیزن دەتورکاند، لە نێوان ئەو دوو هونەرمەندەدا جۆرێک "دوێل" دروست دەکا.
سەرباری هەموو ئەوانەش، نازانرێ داخوا شڤان لە بەرامبەر هونەرمەندی "تورکی بە ڕەچەڵەک کورد" کە پێگەی خۆی لای دەوڵەت قایم کردوە، دوو قسەی بۆ گوتن پێیە یان نا بەڵام وێدەچێ تەنانەت ئەگەر لە دیاربەکر ئەو هاوارەش بچڕێتەوە کە لە نێو دڵی کورداندا نەخشی بەستووە - کە زۆر وێناچێ - لەبەر ئەوەی بە پشتیوانی ئاکەپە و بارزانی چۆتە دیاربەکر، خەم و خەفەتێکی قووڵ بە جێ بێڵێ.
شڤان هەر چەند بیروڕامانی خۆیشی نەخستبێتە چوارچێوەی گۆرانییەکانیەوە، بەڵام ئیتر بەشێکی زۆر لەو "هەموو پرۆلەتەر"ەی کورد، بە ستایشەوە باسی ناکەن.
ئەوانەشی بیانەوێت بیر لەو ڕابردووە پڕ لە جۆش و خرۆشە بکەنەوە کە ئەو دروستی کرد، ئەو سندووقانەیان لە ژێر خاک دەردێننەوە کە ساڵانی ١٩٨٠ حەشاریان دابوو، بە دەنگە شۆڕشگێڕانە 'کۆن'ەکەی دڵی خۆیان دەدەنەوە و هەمان ئەو پرسیارەی ڕووبەڕوو دەکەنەوە "لۆ شڤانۆ، کینە ئەم؟".

حوسێن مەدەنی: هەر هەوڵێکی کورد پشت بە خەباتی چەکداری ببەستێ، سەرکەوتوو نابێ


سازدانی: سەلاحەدین بایەزیدی

 
هاتنە سەر کاری حەسەنی ڕووحانی حزبە کوردییەکانی نەیاری ئێرانی خستە دوڕیانێکەوە، سەرەتا هەڵبژاردنەکانیان بایکۆت کرد، دواتر جۆرێک گەشبینی لە ناویاندا دروست بوو و ئێستاش سەرسوڕمان و ساردبوونەوە. ئەو هەموو بەرزی و نەزمییە لە ماوەیەکی وا کورتدا سەیر نییە؟

حوسێن مەدەنی: بە ڕای من هیچ سەرسوڕمانێکی تێدا نییە. مەسەلەی ئیعدامەکانی ئەمدواییە شتێکە و کۆماری ئیسلامی ئێران شتێکی تر. دەبێ دان بەوە دابنێین کە چەند ناوەندی دەسەڵات لە ئێراندا هەیە. بەیتی ڕەهبەری، سوپای پاسداران، سەرۆکایەتی کۆمار. هەروەها لە نێو ئەو ڕژێمەدا ئیسلاح تەڵەب هەن، پاوانخوازی تێدایە و دەبێ هەموو ئەوانە لە بەرچاو بگیرێن بۆ ئەوەی بتوانین قەزاوەتی تا ڕادەیەک زانستیانە بکەین. تا ئێستاش ڕێکخراوە سیاسییەکان، چ ئێرانی و چ کوردستانی، نەیتوانیوە لە سەر کۆماری ئیسلامی شیکردنەوەیەکی ورد و زانستیانە پێشکەش بکەن. هەر تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە حکومەتی مەلایانە و پێگەی جەماوەرییان نییە و لەو قسانە. بۆ نموونە ئێمە وەک حزبی دیموکرات دروشمی ڕووخانی ڕژیممان بەرز کردۆتەوە، من ساڵەهای ساڵە ئەوەم ڕەت کردۆتەوە. ئەو قسەیەم مانای ئەوە نییە من بەشارەتێکم لە ڕژێمی ئێران وەرگرتوە، بەڵکوو ئەحزابی کوردی هەقی ئەوەیان نییە دروشمی ڕووخان بدەن، ئەوە کاری ئێمە نییە. مەسەلەی کورد شتێکی ترە. با نموونە ڕژێمی شا بێنینەوە. ئێمە پێمان وابوو ئەگەر ڕژێمی شا بڕوا، ئیدی مەسەلەی کورد چارەسەر دەبێ، شانمان وە بەر ڕووخانی ڕژێمی شا دا، ئەو کارەی کورد کردی لە هیچ کوێی ئێران نەکا، هەموو پایەگا و ناوەندە نیزامییەکان بە دەستی شۆڕشگێڕانی کورد و لەوانە حزبی دیموکرات داگیر کرا، بەڵام ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونەمان بۆ ڕووخانی ڕژێمی شا، نەتیجەکەی بوو بە چی؟ کە کۆماری ئیسلامی هاتە سەر کار، دژایەتی کردنی لەگەڵ مافە نەتەوایەتییەکان لە زەمانی شاش خراپتر بوو.

شا لە چ ڕوویەکەوە باشتر بوو؟

لانیکەم چەند وێستگەی ڕادیۆیی لە کرماشان و پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجاندا هەبوو. بۆ خۆم کەسێک بووم ئەودەم لە زانکۆی تاران، چوار واحیدم دەرس بە زمانی کوردی خوێندووە. ئێمە بەرەو دوا گەڕاوینەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێ لەو حیکایەتانە گەڕێین، پێمان وانەبێ ئاسۆی ڕزگاری لە ڕووخان دایە. دەبێ خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەمان هەبێ.

بەڵام دەڵێی حەزێک بۆ خەباتی چەکداری لە نێو حزبەکاندا چەکەرەی کردۆتەوە و پێیان خراپ نییە دیسان ئەو خەباتە دەست پێ بکەنەوە.

- لە نێو کام حزبدا؟

لە نێو هەموو حزبەکاندا. ئەگەر سەرنجتان دابێ پاش ئەو چەند پێکدادانە بچووکەی لە سەردەشت و بانە ڕوویان دا، هەموو بە جۆرێک پێیان خۆش بوو وە ئەستۆی خۆیان بگرن یان خەڵک بیخاتە ئەستۆی ئەوان. بەتایبەت لە نێو لایەنگرانی حزبەکدا ئەمە بە جوانی دەبینرا. تەنانەت سەرەتا هەندێک لە ئاماژەکان بۆ حدک چوون.

سەردەمی خەباتی چەکداری نەماوە. ئەگەر بە تەماین سیاسەت بکەین، دەبێ سیاسەت لە سەر ئەمری واقع بکەین. سیاسەت بە خەیاڵ ناکرێ. خەباتی چەکداری بەرهەمی ململانێی زلهێزەکان بوو. دوو بەرەی جیهانی هەبوو. یەکەمیان بەرەی سەرمایەداری و ئەوی تریش بەرەی کۆمۆنیستی. ئەویان ئەمریکا و ئەمیان یەکێتی سۆڤییەت. حزبە کۆمۆنیستەکان ئەو دەم خەباتی چەکدارییان لە ئەمریکای لاتین و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەست پێکردبوو. ئەوە ڕووسەکان دەیانکرد، دوایە چینەکانیش هاتن. ئەحزابی چەپ دەستیان بە شۆڕش کرد. پشت جەبهە دیارە زلهێزەکانی دونیا بوون. ئەوان هێزە چریکەکانیان دنە دەدا. هەڵبەت لە بەرەی سەرمایەداریدا، ئەمریکا ئەو کارەی نەدەکرد. کاری ئەمریکا، سەرکوت بوو. دەبێ قەبوڵ بکەین ئەو قۆناغە کۆتایی هاتووە. دوای ئەوەی چەند بەرەیی نەما، شەڕی چەکداریش باوی نەما. هەر هەوڵێکی کورد پشت بە خەباتی چەکداری ببەستێ، سەرکەوتوو نابێ. ئێمە زۆرمان کرد. بۆ خۆشم لە هەموو ڕووداوەکاندا بووم. لە هیچ قۆناغێک لە پەراوێزدا نەبووم. پێم خەباتێکی پیرۆزە بەڵام ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ئێمە هەر بەرەو پاش گەڕاینەوە. لە خەباتی چەکداریدا هیچ دەسەڵاتێک پشتی حزبی دیموکراتی نەگرت. ئەگەر زلهێزێک پشتی گرتبایەن، بێگومان ئاوامان لێ نەدەهات. بەو شێوەیە پاشەکشەمان نەدەکرد.

یانی پێتان وایە خەباتی چەکداری هیچ دەسکەوتێکی نەبووە؟

بە هیچ شێوەیەک. خەباتی چەکداری تەنیا ئەو دەسکەوتەی هەبووە کە ڕۆحی خۆڕاگری لە نێو کورددا پەروەردە و بەهێز کردوە. ئێستا کە سەیری فەزای سیاسی کوردستان دەکەی، لە چاو بەشەکانی تری ئێران، جیاوازییەکی هەیە. ئەو جیاوازییە ئەو ڕۆحەیە کە ئێمە دروستمان کردوە. لە شەڕدا ئێمە سەرکەوتوو نەبووین، بەڵام لە خۆڕاگری لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا سەرکەوتووین. خۆڕاگری لە نێو تاکە تاکەی خەڵکی کورددا بۆتە فەرهەنگێکی سیاسی. ئەو شوێنەوارەمان بە جێ هێشتووە و نابێ پێمان وابێ هەر لەو ڕێگەیەوە سەرکەوتوو دەبین. دەبێ لەو ڕۆحی خۆڕاگرییەدا، شتی دیکە ببووژێنینەوە و پەرەی پێ بدەین. ئەویش لە ڕێگەی بە ‌هێزکردنی دید و بۆچوونی سیاسیی حزبەکانەوە دێتە دی. ئێمە چەندە لە شەڕدا خۆڕاگرین بووین، ئەوەندەش لە سیاسەتدا دۆڕاوین. هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا.  

ئاخۆ ئەوە بۆچوون و بیر کردنەوەی حزبەکانیشە؟

نەخێر، ئەمە تەنیا بۆچوونی خۆمە و هەر بە تەنیا خۆشم لە قسەکانی خۆم بەرپرسیارم.

لەگەڵ باس و مشتومڕ لە سەر خەباتی چەکداری، باسی وتوێژ و دانوستان لەگەڵ ئێرانیش سەری هەڵداوە. چەند لایەنێکی کوردی لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئامادەیی خۆیان بۆ وتوێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی. پێتان وایە ئێران وڵامی ئەرێنی دەداتەوە؟

سەرەتا ئێمە دەبێ جموجوڵێک لە خۆمان نیشان بدەین کە کۆماری ئیسلامی ناچاری وتوێژ بکەین. تا ئێستا ئەوان بە زمانی حاشا لەگەڵ ئێمە هەڵسوکەوتیان کردوە و نکۆڵیان لە بوونی ئەحزابی کورد کردوە. ئێمەش لە بەرامبەردا، بە زمانێکی زبر وڵاممان داوەتەوە.

ئەو جموجوڵانە چین کە بزووتنەوەی کورد دەبێ لە خۆی نیشان بدا، جگە لە خەباتی چەکداری بە چی دەتوانێ ئێران بێنێتە سەر مێزی دیالۆگ؟

ئێمە هەمیشە گوتومانە و دەشیڵێنەوە کە خەباتی چەکداریمان ڕەت نەکردۆتەوە. حەقی خۆشمانە. خەباتی چەکداری ئێمە خەباتێکی ڕەوا و دادپەروەرانەیە. بەڵام بە داخێکی گرانەوە، هەر وەک گوتم ئەو ڕەنگدانەوە جیهانییەی نەبووە کە سەرنجی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ. دەسەڵاتەکانی دونیا لە هەموو هەلومەرجێکدا ئامادە نین دیفاع لە مافی گەلان بکەن. بەرژەوەندی ئابووری دەور دەبینێ و لە سەر ئەم بنەمایە هەڵوێست دەنوێنن. بازاڕی ئێران، بازاڕێکی زۆر زۆر گەورەیە و دونیای ئەمڕۆکانە پێویستی پێیەتی. بەڵام ئێمە ئەگەر هەلومەرجی ئەمڕۆیی هەڵبسەنگێنین و لەگەڵیدا بچینە پێشێ، دەتوانین لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە سەرنج بۆ سەر پرسی کورد ڕابکێشین.

ئێوە لەو کەسانەن بە پێچەوانەی حزبەکەتان داکۆکی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن. لە لایەکی دیکەشەوە باس لە سیاسەت لە ئەرزی واقعیدا دەکەن، سەربەخۆیی کوردستان چەندە لە ئەرزی واقعدا دەگونجێ؟

بە پێی مافی دیاریکردنی چارەنووس، کوردی حەقی خۆیەتی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێ. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر واقع بینانە سەیری بابەتەکان بکەین، پەیمانی سایکس پیکۆ کە دوای جەنگی جیهانی یەکەم و ڕووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی دروست بوو، ئەو پەیمانەی هەندێک دەوڵەتی میللی دروست کرد و کوردستانیشی دابەشکرد، ئەو چەند وڵاتانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بوون، لە سەر بنەمای دەوڵەت - نەتەوە دروست بوون، واتە پاڵپشت بە تێزی فەڕەنسی و ئینگلیزییەکان. ئەو تێزە هەر لە سەرەتاوە شکستی خواردووە. مەسەلەن ئێران وڵاتە بەڵام نەتەوە نییە. شتێک بە ناوی نەتەوەی ئێران وجودی نییە. یان تورکیا و عێراق. خۆ هەر کەس لەو وڵاتانە بژی تورک یان عێراقی نییە. تەنانەت عەرەبەکان خۆشیان نازانن عێراقیچێتی چییە. دوای قەراردادی سایکس پیکۆ هەشتا ساڵە کاری لە سەر دەکەن بەڵام هێشتا ئەو دیارە ساختانە سەریان نەگرتووە. ئەوە ئێستا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پارچەیەکی بچووکی نیشتیماندا، دەسکەوتێکی نەتەوەیی هاتۆتە گۆڕێ. 

هەندێک چالاکانی سیاسیی پارچەکانی بۆچوونێکی تا ڕادەیەک پێچەوانەیان هەیە. دەڵێن هەستی نەتەوەیی لاوازە.

من وەک خۆم قسە دەکەم و پێم وایە ڕوحی کوردایەتی و نیشتیمان پەروەری ڕۆژ بە ڕۆژ لە گەشەکردن دایە. من ئەوە دەبینم کە حکومەتی هەرێم، کاریگەری لە سەر پارچەکانی تری کوردستان هەیە. ئێمە وەک حزبی دیموکرات هەمیشە حیسابمان بۆ ئەوە کردوە کە ئاخۆ بەرژەوندی ڕێکخراوەیی گرنگترە یان بەرژەوەندی نەتەوەیی. بە ڕای ئێمە بەرژەوەندی نەتەوەیی لە هەموو بەرژەوەندییەک تەنانەت لە هی تاکەکەسی باڵاترە. من پێموانییە هەرێمی کوردستان تەنیا هەرێمێک بێ بۆ کوردی عێراق یان چەند بنەماڵەیەک. تۆ تەماشا بکە. دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان دروست بووە، پێگەی کورد لە جیهاندا چ گۆڕانێکی گەورەی بە سەردا هاتووە. هەرێمی کوردستان لە سەر خاكێکی وێران و میللەتێکی شەکەت دروست بووە. یانی نرخی گەورە، هەرێمی کوردستان داوێتی. بە دروست بوونیشی، یەک دونیا دەسکەوتی بۆ کورد هێناوە. خۆ لە خۆڕا سیاسەتی جیهانی بە نیسبەت مەسەلەی کورد نەگۆڕدراوە. ئەگەر سەیری بکەین باش دەبینین هەتا دوێنێ تورکیا کە نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرد، ئەمڕۆ دێ لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستاندا لەگەڵ ڕێبەرانی کورد کۆ دەبێتەوە. ڕوانگەی دەوڵەتانی جیران یەکە بە یەکە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەگۆڕدرێ، هی تورکیا گۆڕاوە و ئی ئێرانیش ئەوە هێدی هێدی دەگۆڕدرێ.

حکومەتی هەرێم کە ئەو هەموو دەوری هەبوو لە چەسپاندنی پێگەی کورد لە جیهاندا، بۆچی توانای ئەوەی نییە کوردەکان هاودەنگ بکا؟ بۆ نموونە بۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کە بڕیارە لە هەرێمی کوردستان ببەسترێ، ڕۆژ بە ڕۆژ دوا دەخرێ؟ کێ لەو دواخستنانە بەرپرسیارە؟

کۆنگرەی نەتەوەیی کە لە ئەوروپا ئاڵاکەی هەڵکراوە، هەر لە سەرەتاوە لە بەر پاوانخوازی هەندێک لایەنی سیاسیی پێی هەڵنەگرتوە. لە کۆنگرەی نەتەوەییدا نەتوانراوە جیاوازییەکان بخوێنرێنەوە. یەک سەرکردە و یەک حزب ناگاتە هیچ کوێ و بەو عەقڵیەتە کۆنگرە پێک نایە.

۱۳۹۲/۰۸/۲۳

ساڵح موسلیم: جیهادییەکان لاواز بوون


لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

ساڵح موسلیم سەرکردەی یەکێک لە سەرەکی ترین پارتە کوردییەکانی سووریا، لە پاریس ڕایگەیاند بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە باکووری سووریا لە ڕوانگەی سەربازییەوە لاواز بوون و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان پاشەکشە دەکەن و شوێنەکەیان بۆ کوردەکان بۆ کوردەکان بەجێ دێڵن.
موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتێرز بە بیری هێنایەوە کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئۆتۆنۆمەی لە ناوچە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە، چارەسەرییەکی 'کاتی'یە تا ئەو کاتەی شەڕی نێوخۆیی کۆتایی دێ.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتێرز، لە ململانێی نێوان جوڵانەوەی کورد و جیهادیستە عەرەبەکان، چەند مانگێکە کوردەکان سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەست هێناوە و بە تایبەتی لە سەرەتای مانگی نۆڤامبرەوە ناوچەیەکی زیاتریان خستۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە.
"نزیکەی سێ هەزار سەلەفیست کوژراون. سەرەتا ئەوان بەهێز بوون، بەڵام ئێستا لاوازن'' ئەوە قسەی ساڵح موسلیمە کە کوڕەکەی خۆیشی لە شەڕ لەگەڵ ئیسلامییەکان گیانی لەدەست داوە.
سەبارەت بەو پرسیارەی کە ئایا ئەم سەرکەوتنە سەربازییانەی بزووتنەوەکەیان دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی چاو ببڕنەوە ناوچە ناکوردییەکانیش، ساڵح موسلیم ڕادەگەیەنێ کە ئەوان بە تەما نین بڕۆنە شام بۆ ئەوەی ڕژێمی بەشار ئەسەد بڕوخێنن، بەڵام بەڵێن دەدا هاریکاری هەموو ئەو کەسانە بکەن کە لە ناوچانە تێکەڵاوەکان دژی جیهادیستەکان دەجەنگن.
موسلیم دەڵێ "ئێمە پێویست ناکا بچینە ئەو شوێنانە کە هیچ کوردێکی لێ نییە."
سەرۆکی پەیەدە ئاشکرای دەکا کە حزبەکەیان، پارە و چەکی لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان، دوو پارتی سەرەکی کوردستانی عێراق و هەروەها لە پەکەکە وەرگرتووە.
ئەسەد و هاوپەیمانەکانی، پێیان وایە ئەو ناوچانەی لە لایەن کوردەکانەوە دەستیان بە سەردا گیراوە، ئەو ناوچانەن کە دەستی شۆڕشگێڕانیان پێ ڕانەگەیشتووە، بەڵام سەرۆکی پەیەدە هەرچەشنە ڕێکەوتن و گرێدانێک لەگەڵ شام ڕەت دەکاتەوە.
موسلیم دەڵێ "هیچ پەیوەندییەکمان نییە. پێموانییە ئەسەد دان بە ئۆتۆنۆمی کوردەکان دابنێ، چونکە ئەو تا سەرئیسقان دژی ئۆتۆنۆمی کوردەکانە."
بە گوێرەی قسەکانی ساڵح موسلیم، ٣٠%ی چاڵە نەوتەکانی سووریا لە ژێر کۆنتڕۆڵی کوردەکان دایە، بەڵام ئەوان ناتوانن ئێستا بەکاریان بێنن و وێناچێ بەم زووانەش بتوانن.

۱۳۹۲/۰۸/۲۱

ئێران، بەم ئیعدامانەی دوایی پەیام بە تورکیا دەدا؟


مەحموود هامسیجی - بی بی سی
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ئەگەرچی دەگوترێ دەوڵەتێکی میانەڕەو لە ئێران هاتۆتە سەر کار، بەڵام جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەم مانگانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەندوە و لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، لانیکەم سێ گیراوی سیاسیی کورد لە سێدارە دراون.
کۆتایی مانگی ئۆکتۆبر، ئەحمەد شەهید، ڕێپۆرتەری تایبەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، ڕایگەیاند دوابەدوای هاتنە سەر کاری ڕوحانی، لە (٣)ی ئووتەوە تا ئێستا لانیکەم ٨٢ کەس لەسێدارە دراون.
بەڵام بە گوێرەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کەمپینی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەو کاتەوەی ڕوحانی هاتۆتە سەر دەسەڵات، لانیکەم ٢٠٠ کەس ئیعدام کراون.
بێجگە لە گیراوانی قەزایی، ئەم دواییانە هەرە زێدە لە سێدارەدانی گیراوانی سیاسی بەلوچ سەرنج ڕادەکێشێ.
زانراوە لەم دوو هەفتەیەی دواییدا، لەو چالاکڤانە کوردانەی لە سێدارە دراون، دوانیان ئەندامی پژاک کە نزیک بە پەکەکە ناسراوە و یەکیشیان ئەندامی ڕێکخراوی کۆمەڵەیە.
ئەگەر سەرنج بەوە بدرێت کە سزای لەسێدارەدان، لە ساڵی ٢٠١١ بە دواوە، پاش ئاگربەستی نێوان ئێران و پەژاک جێبەجێ نەکراوە، پرسیاری ئەوەی کە ئاخۆ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەوڵەت لەمەڕ کورد هاتۆتە ئاراوە، خۆی زەق دەکاتەوە.
دەگوترێ لە گرتووخانەکانی ئێران، لە پاڵ گیراوە سیاسی و جیناییەکان، دەیان گیراوی سیاسیی کورد، سزای لەسێدارەدانیان بە سەردا سەپاوە.
لەگەڵ پەرەسەندنی لەناکاوی سزای لە سێدارەدان، کاتی جێبەجێکردنی ئیعدامەکانیش دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڕوحانی سەرنج ڕادەکێشێ.
ئەو کەسانەی بی بی سی تورکی دواندنی کە لە ناویاندا ڕۆژنامەنووسانی کوردی ئێرانی و هەروەها حاجی ئەحمەدی سەرۆکی پەژاک، عەبدوڵا موهتەدی سەرۆکی کۆمەڵە و ڕەمزی کارتاڵ سەرۆکی گشتی کۆنگرا گەل هەبوون، باسی ئەوە دەکەن کە پەرەسەندنی ئیعدامەکان هەم بۆ ئێران و هەم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێتە مایەی ئاڵۆزی.
بە بۆچوونەکاندا بە تایبەتی سەرنج بۆ سەر ئەوەش ڕاکێشرا کە ئێران بەو ئیعدامانە دەیەوێ پەیام بە تورکیا بدا.

لە ڕوانگەی ئێرانەوە 'تیرۆریستەکان دەبێ سزا بدرێن' 

ئێران، سەبارەت بە لە سێدارەدانی ئەم دواییانەی گیراوانی کورد هیچ لێدوانێکی فەرمی بڵاو نەکردەوە.
گیراوانی سیاسیی کورد، لەبەر کۆمەڵێ بانگەشەی وەک موعارەبە (ئەم تۆمەتە هەڵگری ناوەڕۆکی 'شەڕ لە گەڵ دەوڵەت'ە)، تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستیدا، لە گرتووخانەکانی ئێران دان.
ئێران، گرووپە سیاسییەکانی کورد بە گشتی و پەژاک بە تایبەتی بە ڕێکخراوی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدا و پێی وایە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی.
حکومەتی ئێران، پێشووتر بانگەشەی کردبوو کە 'پەژاک و گرووپە تیرۆریستیەکانی تر لە لایەن گرووپە ڕۆژئاواییەکانەوە پشتیوانیان لێ دەکرێ'.

ئیعدامەکان کاری 'باڵە توندڕەوەکان'ن؟

 باشە ئێران کە بە گوتارێکی میانەڕەوتر هاتە ڕۆژەڤی نێونەتەوەییەوە، بۆچی لەم کات و ساتەدا پەرەی بە جێبەجێکردنی سزای ئیعدام دا؟ بە گوێرەی هەندێک کەسی شارەزا، ئەگەری ئەوە هەیە لە پشت ئیعدامەکان، ئەو تاقمانەی ناو دەوڵەت هەبن کە 'داکۆکی لە سیاسەتی توندڕەوانە' دەکەن.
رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی، سامان ڕەسوڵپور ئاماژەی بەوە کرد کە کوردەکانی ئێران لەم هەڵبژاردنانەی دواییدا پشتیوانییەکی بەرچاویان لە ڕوحانی کردوە و گوتی: "لەم هەڵبژاردنەی دواییدا، ڕوحانی دەنگێکی زۆری لە لایەن کوردەکانەوە دەستەبەر کرد. ئەو بەڵێنێکی ئەوتۆی دابوو کە بە تەواوی لەگەڵ سیاسەتەکانی پێشوو جیاواز بوو".
رەسوڵپور، لێدوانەکانی ڕوحانی سەبارەت بە گرنگیی ڕادەستکردنی هەندێک پۆستی ئیداری بە خەڵکانی ناوچەکە و سەیرنەکردنیان بە دیدێکی ئەمنییەوە دێنێتە بیر و بەمجۆرە بەردەوام دەبێ:
"بۆیە ئەو دەنگەی بە ڕوحانی درا، دەهاتە واتای 'نەخێر'گوتن بۆ سوپا و هەڵسوکەوتی ئەمنی لە مەڕ کەمینەکان."
"خەڵک، ساڵی ٢٠٠٩ش بە حکومەتی گوتبوو 'نەخێر'. وەڵامی حکومەت، فڕوفێڵ لە بژاردنی دەنگەکان و جۆرێک کودەتا بوو. ئەوەش ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان. خەڵک، 'نەخێر'ەکەی لە ساڵی ٢٠١٣دا دووپات کردەوە. بەڵام ئەمجارە کۆماری ئیسلامی بە کودەتا وەڵامی نەدایەوە.''
"سێ مانگ دوای هەڵبژاردنەکان، لەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنەکانی دۆڕاندبوو، لە پارێزگاکانی کوردستان و سیستان و بلوچستان، شەپۆلێکی بەرفراوانی لە سێدارەدانی دەست پێکرد."
بە گوێرەی قسەکانی ڕەسوڵپوور، هەندێک کەس سەبارەت بە ئیعدامەکان، ئاماژە بە باڵی توندڕەو دەکەن و هەندێک کەسی دیکەش ڕوحانی تاوانبار دەکەن کە لە دۆخێکی وەهادا نەیتوانیوە لە بەردەم ئەم سزایانە ببێتە ئاستەنگ.
رۆژنامەنووسی کوردی ئێرانی، لە سەر ئەو بڕوایەیە کە سیاسەتەکانی دەوڵەتی ئێران سەبارەت بە کەمینەکان گۆڕانی بە سەردا نەهاتووە: "روحانی باسی لەوە کردبوو کە ڕوانگەی سەبارەت بە کەمینەکان گۆڕیوە. ئیعدامەکانی ئەم دواییە، پەیامێکی ڕوون و ئاشکران: گۆڕینی دید سەبارەت بە کەمینەکان، تەنیا گاڵتەیەکە و هیچی تر."
حاسڵ داسە، نوێنەری پێشووی مەجلیس لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی کوردی NNS ROJ، ئاشکرای کردوە کە چاوی بە عەلی یۆنسی جێگری تایبەتیی ڕوحانی بۆ مەسەلەی کەمینە و گرووپە ئەتنیکەکان کەوتووە و یۆنسی وێڕای ڕەخنەگرتن لەو ئیعدامانەی دوایی، بەرپرسیارێتی ئەو کارەی خستۆتە ئەستۆی "توندڕەوەکان".
رۆژنامەنووسێکی تری کوردی ئێران، کاوە قوڕێشی سەرنج بۆ سەر ناسنامەی ڕوحانی و یونسی ڕادەکێشێ:
"چالاکڤانە سیاسییەکان ڕەخنەیان لە هەڵبژاردنی ئەو وەک یارمەتیدەر گرت. چونکە عەلی یونسی یاریدەدەری کەسێکە سەر بە دەزگای هەواڵگری بووە."
ناوبراویش پێی وایە، سیاسەتی ئێران بەرامبەر بە کەمینەکان لە گەوهەردا گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە: "چ ئەم ئیعدامانە پەیوەندی بە ڕوحانیەوە هەبێ و چ باڵی توندڕەوەکان ئەم کارەیان ئەنجام دابێ، ئەم شەپۆلە نیشان دەدا کە لە ئێران ویستی چارەسەری بۆ کێشەی کورد لە ئارادا نییە."

سەرۆکی پەژاک: ئێران پەیام بە تورکیا دەدا

پەژاک کە بەشێکە لە کەجەکە، ڕێکخراوێکی سیاسییە کە ئەندامی چەکداری هەیە.
لە نێو ڕای گشتی تورکیادا، ناوی پەژاک لەگەڵ ئەو بانگەشانە دێ کە ئەو حزبە باڵی ئێرانی پەکەکەیە.
حاجی ئەحمەدی، سکرتێری گشتی پەژاک، لە وەڵامی پرسیارەکانی بی بی سی تورکیدا دەڵێ "ئێران بە لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسیی کورد، هەم ئەو ئاگربەستە پێشێل دەکا کە ساڵی ٢٠١١ ڕاگەیەنراوە و هەمیش پەیام بە تورکیا دەدا."
بە بۆچوونی ئەحمەدی دوو هۆکار لە پشت ئەم ئیعدامانەوەن:
"یەکەم، دەیەوێ بەمجۆرە پەیام بدا بە تورکیا و پەیوەندییە ساردبووەکانی گەرموگوڕ بکاتەوە. چاوپێکەوتنی دوولایەنەی ئێران و تورکیا، دوای ئیعدامەکان و لەم ڕۆژانەی دواییدا، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە. هەرکاتێ ڕایەدارانی ئێران بیانەوێ بچنە تورکیا، سەرەتا سێدارە بۆ کوردەکانی ئێران هەڵدەواسن و پەرە بە گوشارەکانیان دەدەن. چونکە لە ڕاستیدا ئێران دەیەوێ ئەمە نیشانی تورکیا بدا: ئێمەش وەک ئێوە، سەبارەت بە مەسەلەی کورد و کێشەکانمان لەگەڵیان لێبڕاو و پێداگرین. یانی جددی بوونی خۆیان لەم ڕووەوە نیشانی تورکیا دەدەن."
هۆکاری دووهەم بە ڕای ئەحمەدی، چاوترسێن کردن و کپکردنی خەڵکە.
سەرۆکی پەژاک دەڵێ "ئێران لە چاوپێکەوتنەکانی نێوان تورکیا و سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێزارە و دەیەوێ ئەم ڕەوتە تێک بدا."
"ئەوەی ڕاستی بێ، هەر کاتێک لەو چوار ناوچەیەی کوردەکان لێی دەژین، پێشکەوتنێک پەیوەندیدار بە کوردەکانەوە بێتە گۆڕێ، ئێران هەوڵی شێواندنی دەدا، چونکە دەزانێ ئەگەر بەمجۆرە بەردەوام بێ، خۆیشی ناچار دەبێ هەنگاو بەرز بکاتەوە."

"بێ هەڵوێست نامێنینەوە"

حاجی ئەحمەدی دەڵێ یەکێک لە ماددەکانی ئاگربەستی ساڵی ٢٠١١ پەیوەندیدار بووە بە ئیعدامی گیراوە سیاسییەکانەوە و پێی وایە ئێران ئەم ئاگربەستەی پێشێل کردووە:
"دوابەدوای جەنگی قەندیل، کەم تا زۆر هەر دوو لا پابەندی ئاگربەست بوون. دوو ساڵ ئاگربەست هەیە. لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا، هەر دوو لایەن بە ئاگربەست وەفادار مانەوە هەرچەند ناوە ناوە چەند پێکدادانێکی بچووک هاتنە ئاراوە. بەڵام هەر دوو لا لە بەردەم درێژەخایاندنی پێکدادانەکان بوونە ئاستەنگ. بە پێی یەکێک لە ماددەکانی ئەم ئاگربەستە، نەدەبوو گیراوە کوردە سیاسییەکانی ناو گرتووخانەکانی ئێران لەسێدارە بدرێن. کەچی ئێستا دەبینین ئێران ئەم خاڵەی پێشێل کردووە. ئەوەش دێتە ئەو واتایەی کە ئاگربەست لە لایەن ئێرانەوە بنپێ کراوە. دیارە پەژاک وەڵامی دایەوە. لە باکووری ڕۆژئاوی ئێران لە نزیک شاری ورمێ پێکدادانێک ڕووی دا و لەو شەڕەدا پێنج پاسداری ئێران کوژران."
باشە ئەگەر بێت و ئیعدامەکان بەردەوام بن، هەڵوێستی پەژاک چی دەبێ؟
بە بۆچوونی حاجی ئەحمەدی 'لە وەها ڕەوشێکدا ئیتر ئەم ئاگربەستە نە بۆ ئەوان و نە بۆ ئێران هیچ واتایەکی نامێنێ.'
حاجی ئەحمەدی ئاشکرای کرد کە دەیانەوێ ئێران هەنگاو بنێ و چاوەڕوانییەکانیان بەدی بێ. دەڵێ "هەم ئەوان و هەم ئێمە دڵنیاین کە لە بەرامبەر هیچ چەشنە هێرش و سەرکوتێک بێدەنگ نامێنینەوە. ئەگەر شتێک بکا کە ماددەکانی ئاگربەستەکە پێشێل بن، ئەوا ئێمە هەڵوێستمان دەبێ."

سەرۆکی کۆمەڵە: دیپلۆماسی لەگەڵ ڕۆژئاوا پەرە دەستێنێ، بەڵام گوشار لە سەر کوردەکان زیاتر دەبێ

کۆمەڵە کە پاش شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩، دژی حکومەتی نوێ دەستی دایە چەک و ساڵانی دواتر، وازی لە خەباتی چەکداری دژی ئێران هێنا، ڕێکخراوێکە کە خۆی بە چەپ دەناسێنێ.
بە بۆچوونی عەبدوڵڵا موهتەدی کە بۆ بی بی سی تورکی دوا، 'لەگەڵ هاتنە سەر کاری ڕوحانی، هیچ گۆڕانێک بە سەر سیاسەتەکانی ئێران لەمەڕ کوردەکاندا نەهات.'
موهتەدی ئاماژە بە لەسێدارەدانی گیراوانی سیاسی کورد دەکا و دەڵێ "لە ماوەی ئەم سێ مانگەی دواییدا، سیاسەتێکی توندتر دژ بە کوردەکان گیراوەتە بەر."
"ئەگەرچی هیچکات سەبارەت بە کوردەکان سیاسەتێکی پۆزەتیڤ نەگیراوەتە بەر، بەڵام لەم سێ مانگەی دواییدا هەست بە سیاسەتێکی دژوارتر و گوشارێکی زیاتر لە سەر کوردەکان دەکرێ."
بە ڕای موهتەدی دەکرێ دوو هۆکار هەبن. یەکەم، دەسەڵاتی ئێران دەیەوێ پەیامی ئەوە بە خەڵک بدا کە نەرمی نواندنیان لە مەڕ پەیوەندی لەگەڵ ڕۆژئاوا بە هەڵە لێک نەدەنەوە:
"رژێمی ئێران، کوردەکانی ئێران، بلووچەکان و نەتەوەکانی تری چاوترسێن کرد، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کەوتە دانوستانەوە. نایانەوێ ئەو نەرم بوونەی سەبارەت بە سازش لەگەڵ ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە خۆیان نیشان داوە، بۆ گەلانی نێوخۆی وڵاتیش نیشانی بدەن. دەیانەوێ بڵێن کە ئەم نەرمی نواندن و سازشە بۆ ئێوە نییە و بۆ ڕۆژئاوایە، چونکە دەزانن مرۆڤەکان زۆر لەم حکومەتە و لەم ڕژێمە ناڕازین. نایانەوێ لە هەلومەرج و فەزای سیاسی وڵاتدا نەرمی بنوێنن."
دووهەم هۆکار بە بۆچوونی موهتەدی پەیوەندیی بە 'ململانێی نێوان هەندێک لایەنی نێو دەسەڵاتی ئێران'ەوە هەیە.
"سوپای پاسداران و لایەنە توندئاژۆکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەیانەوێ پەیامی ڕوحانی بۆ گەلەکەی سەرکەوتوو نەبێ. دەیانەوێ بە توندترین شێوە هەر چەشنە کەشوهەوایەکی سازشی نێوان ڕژێم یاخود سیستەم و خەڵک ئاستەنگ بکەن"، سەرۆکی کۆمەڵە وا دەڵێ.

سەرۆکی کۆنگرا گەل: ئاخۆ دەگەڕێنەوە بۆ شێوازە کلاسیکەکانی چارەسەری؟

لە ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، دژ بە ئیعدامەکان چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دران و بەدەپە و کەجەکە بە توندی ئەو ئیعدامانەیان مەحکوم کرد.
رەمزی کارتاڵ سەرۆکی کۆنگرا گەل لە وتوێژ لەگەڵ بی بی سی تورکی، ڕایگەیاند ''وێدەچێ وڵاتانی ناوچەکە سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، ڕوو لە شێوازە کۆنەکان بکەنەوە، لەم پەیوەندییەدا بۆی هەیە ئێران لە ڕێگەی ئەو ئیعدامانەی دواییەوە بیەوێ پەیام بە تورکیا بدا."
کارتاڵ دەڵێ:
"جارناجارێ، لە سەر بنەمای سیاسەتەکانی ناوچەکە، هەندێک ناکۆکی لە نێوان دەوڵەتە باڵادەستەکاندا دێتە ئاراوە، وەک ئەوەی ئەمڕۆ لە سووریا دەیبینین، بەڵام ئەگەر سەبارەت بە پرسی کورد لە ئەنجامی ئەو سیاسەتانەی پەیڕەوی دەکەن، بە ئەنجامێک نەگەن، ئەوا سەر لەنوێ پاڵ وە ڕێ و ڕێبازە کلاسیکەکان دەدەنەوە."
"لە سەر ئەم بنەمایە، جێبەجێ کردنی سزای لەسێدارەدان پەیامێکە بۆ تورکیا، دەکرێ پەیامێکی وای لێ بخوێنینەوە کە تورکیا لەمبارەوە سەبارەت بە سیاسەتەکانی لە مەڕ ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت سەبارەت بە سووریا، شان بە شانی ئێران بڕواتە پێش."
کارتاڵ سەرنج بۆ سەر ئەوە ڕادەکێشێ کە "وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆیان دەرکەوت کە پاڵپشت بە شێوازی کلاسیک، پرسی کوردیان بۆ چارەسەر نابێ، سەر لە نوێ بادانەوە بۆ ئەو شێوازانە سەرکەوتنی بە دواوە نابێ."
لە لایەکی دیکەوە کارتاڵ پێی وایە 'دەسەڵاتدارانی ئێران، لە بەرامبەر ڕای گشتی نەرمیان نواندووە و لە نێوخۆ پەرەیان بە سیاسەتی زەخت و زۆر داوە.'
وێدەچێ گفتوگۆکان سەبارەت بەوەی گیراوە سیاسییەکانی کورد لە ئێران بە دەسپێشخەری کێ و لە بەر چ هۆکارگەلێک لە سێدارە دراون، جارێ درێژەیان هەبێ. بەڵام فاکتۆر و هۆکارەکان چ دەبن، بڵا ببن، ئاشکرایە کە بەردەوامیی ئیعدامەکان کاریگەریی گرنگی هەم لە سەر پێشهاتە سیاسیەکانی ئێران و هەمیش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێ.
بە ئەگەرێکی زۆر ئەم ڕووداوە کاریگەری لە سەر جەنگی نێوخۆیی سووریا و ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوا و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەبێ.

ئێران و کوردەکان

- لە ئێرانی ٧٦ میلیۆن کەسیدا، ژمارەی کوردەکان بە دەوروبەری هەشت میلیۆن کەس مەزەندە دەکرێ.
- کوردەکان لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان، ئیلام و بەشێک لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا نیشتەجێن.
- بە گوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی 'مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگیەکانی کورد لە ئێران لە ژێر زەخت و گوشار دایە.'
- کەناڵی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی دەوڵەتی ئێران IRIB، ساڵانێکە بە کوردیش وەشان دەکا.
- دەسەڵاتی ئێران دەڵێ گرووپە سیاسییە کوردییەکان هەڕەشەن بۆ سەر یەکپارچەیی و ئاسایشی وڵات.

چەند ڕێکەوتێکی مێژوویی گرنگ سەبارەت بە کوردەکانی ئێران

- ساڵی ١٩٤٦ لە شاری مەهاباد لە ئێران، کۆماری کوردستان دامەزرا، ئەو کۆمارە نزیکەی ساڵێک بەردەوام بوو.
- گرووپە سیاسییە کوردییەکان، بە شێوەیەکی بەرچاو پشتیوانییان لە شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ کرد، بەڵام ئەو دەسەڵاتەی پاش ١٩٧٩ دامەزرا، دژ بە گرووپە سیاسییە کوردییەکان هەڵوێستی نواند.
- پاش شۆڕشی ئێران، لە نێوان ئێران و گرووپە کوردییەکان بە تایبەتی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە شەڕی چەکداری دەستی پێکرد.
- ساڵی ١٩٨٩ سەرۆکی پێشووتری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بە مەبەستی وتوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆیشتبووە ڤیەننا، لە سەر مێزی دیالۆگ تیرۆر کرا.
- مانگی فێوریەی ١٩٩٩، لە چەند شارێکی کورد دژ بە گیرانی سەرۆکی پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان خۆپیشاندان ئەنجام درا و لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکاندا چەندین کەس کوژران.
- ساڵانی ٢٠٠٠ پێکدادانی چەکداری لە نێوان ئێران و پەژاکدا ڕووی دا.
- ساڵی ٢٠٠٥، چالاکی کورد شوانە قادری لە لایەن هێزەکانی ئاسایشی ئێرانەوە کوژرا و دوای ئەم ڕووداوە ناڕەزایەتی شارە کوردییەکانی گرتەوە و پێکدادان ڕوویان دا.
- لە ساڵی ٢٠١١ بە دواوە لە نێوان پەژاک و ئێراندا ئاگربەست ڕاگەیەنراوە.

۱۳۹۲/۰۸/۱۶

"تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین"


یۆرۆ نیوز
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
"ڕۆژدا"ی تەمەن یانزە ساڵ، لە نێو تاوڵی بنەماڵە لە کەمپی پەنابەرانی سووری لە دۆمیزی کوردستانی عێراق دانیشتووە. دوایین نەقاشییەکەی دێنێ: پۆرترەیەکی کێشاوەتەوە کە فرمێسک لە سەر گۆنای کچۆڵەیەک لووزەوەیان بەستووە.

ئەم کیژۆڵەیە بەختەوەر نییە. هیچ شتێکی لە ژیاندا نەماوەتەوە"، ڕۆژدا وای بە ڕێپۆرتەرەکەمان، مۆنیکا پینا گوت.

هەندێک ئەولاوەتر، عومەری چواردە ساڵە گوتی: "ئەوەی من بینیم، هیچکەس نەیبینی. من فڕۆکەی جەنگیم بینی، بۆمب، چەک و چۆڵ و تانکم بینی. ترسێکی سامناکم بینی."

ڕۆژدا و عومەر مناڵانی جەنگن، ئەو جەنگەی ماوەی دوو ساڵە بینەقاقای سووریای گرتووە. ئەوان سەر بە کەمینەی کوردن، نزیکەی حەوت مانگ لەمەوپێش لەگەڵ بنەماڵە ناچار بوون سووریا بەجێ بهێڵن و لە کوردستانی عێراق بارگە و بنە هەڵبدەن. بەڵام شارەکان چارەی ئەم پەنابەرانەی سووریایان نەویست و بۆیەش کەمپی دۆمیز لە شوێنێکی کاکی بە کاکی و دوور لە شارستانییەت ئاوا کرا.

دۆمیز گەورەترین کەمپی پەنابەرانی سوورییە لە کوردستانی عێراق. شەست هەزار کەس لێرە دەژین کە نیوەیان مناڵن. عومەر و ڕۆژدا، وەکوو سەرجەم مناڵانی دی، زامداری جەنگێکن کە ژیانیانی گۆڕیوە. ئەوان ئاواتەخوازی ژیانێکی ئاسایین.

ڕۆژدا دەگێڕێتەوە: "من لە قوتابخانە بووم کاتێک بیناکەیان بۆردومان کرد. دایکم بەدوومدا هات بۆ ئەوەی لە چنگ سوپای سووری ڕزگارم بکا و حەشارم بدا."

"ئێمە بە جەنگ ڕاهاتبووین. ئێمە تەنانەت دەمانتوانی لە ژێر بۆردومانی تەیارەکاندا بخەوین''، عومەر وای گوت.

لە ڕوانگەی ڕۆژداوە، غوربەت سەرەتا دەهاتە واتای دابڕان لە خۆیان. دەگێڕێتەوە: "من شامم بەجێ هێشت، بەڵام کەس و کار و بنەماڵەکەم لەوێ مانەوە. لە ناخەوە، هەستم بە غەمگینیەکی یەکجار زۆر دەکرد چونکە ئەوان لەوێ بوون و من نا. لە خۆمم دەپرسی بۆچی بە دوومدا نایەن. ئەوان دەبێ پاساوێکی گونجاویان هەبێ. ئەوان لە ماڵی خۆمان بوون، ئەو ماڵەی ساڵانێکی زۆر خەریکی دروستکردنی بووین."

دایکی، هادیە ئیبراهیم حەمکۆ، دەڵێ: "ئێمە بۆ ماوەی نۆ ساڵ پارەمان کۆ کردەوە بۆ ئەوەی خانوویەک لە شام بکڕین". ئەو کە تەمەنی ٤٣ ساڵە، ئازار و کوێرەوەرییەکی زۆر لە ڕووخساریدا بەدی دەکرێ و ناتوانێ پێش بە شۆڕبوونەوەی فرمێسکەکانی بگرێ. "ئێمە تەنیا هەشت ڕۆژ لە ماڵی خۆماندا ژیاین. پاشان فڕۆکەکان، ئەوێیان بۆردومان کرد و ئێمەش ڕۆیشتین."

ڕۆژدا، عومەر و بنەماڵەکانیان نەیاندەویست سووریا بەجێ بێڵن. بەڵام توندوتیژی، ترس و برسییەتی پاڵیان پێوە نان بۆ ئەوەی ڕێگەی سنوور بەرەو کوردستانی عێراق بگرنە بەر. ڕۆژدا و عومەر، ساڵێک لە قوتابخانە دوا کەوتوون، ئەوان نەیانتوانی ئەو ساڵ بچنەوە سەر وانەکانیان، چونکە سێ قوتابخانەکەی گوند پڕ ببوونەوە و چیتر جێگەیان نەدەبۆوە. بەڵام دواجار لە لایەن بنکەیەکی تایبەتیی مناڵان و لاوان بە ناوی ئاکتێد (ئاژانسی ئالیکاری و تەکنیکی گەشەپێدان) کە ڕێخکراوێکی مەدەنیی فەڕەنسییە و مانگی ئاوریل کراوەتەوە، وەرگیران.

ئیبراهیم خەلیلیش پەنابەرە. ئەو لە حومس خوێندکاری زمان بووە. ئەو سووریای بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی ناچار نەکرێ بچێتە ناو سوپای سووریا یان ڕیزەکانی ئۆپۆزۆسیۆنەوە. پاش هاتنی بۆ دۆمیز، ویستویەتی مانایەک بە ژیانی لە کەمپ ببەخشێ. ئەو تەڤلی ئاکتێد بووە تاکوو لەپێناو پاراستنی مناڵان کار بکا.

ئەو گوتی: "ئێمە ستراتیژی جۆراوجۆرمان بۆ مناڵانی زیان لێکەوتوو هەیە. خاڵی سەرەکیی، گرنگیدانە بەو تایبەتمەندیی و خووخدە ئەرێنیانەی مناڵێک هەیەتی، بە زەقکردنەوە و کارکردن لە سەر ئەو لایەنانە، مناڵ توانای ئەوەی دەبێ بەرگەی ژیانی ئێرە بگرێ و بڕواتە پێش."

عومەر وەک سەرجەم مناڵانی ئێرە، چەندین تاقیکردنەوەی بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانە دەروونییەکانی تێپەڕاندووە. ئەو بنکەیە چالاکی فەرهەنگی، چاودێری و دەرمانی پێشکەش بەو کەسانە دەکا کە پێویستیان پێی هەبێ. عومەر زۆر سەرقاڵە: "ئێمە زمانی کوردی دەخوێنین. ئەوە زۆر گرینگە بۆ من، چونکە زمانی زگماکیمە و لە سووریا قەدەغە بوو."

ڕۆژداش، بایەخی ئەو ساتانە دەزانێ کە لە بنکەکەیە: "ئێمە یاری دەکەین، ئێمە فێری شانۆگەری دەبین، چیرۆکمان بۆ دەگێڕنەوە. زۆر باشە چونکە دەتوانین شەڕ فەرامۆش بکەین و زۆر بیری لێ نەکەینەوە."

هەر دوو ناوەندی لاوان و مناڵان، بە بودجەی خەڵاتی نۆبێل بۆ ئاشتیی یەکێتی ئەوروپا بەڕێوە دەچن. بودجەکە بە دەسپێشخەری "مناڵانی ئاشتی" کە هاریکاریی مناڵانی جەنگ دەدا، تەرخان کراوە. سەرەتا بۆ ٢٥٠ گەنج و لاو بونیاد نرابوو، بەڵام هەفتانە هەزار مناڵ وەردەگرێ. لەوانەیە ئەو ژمارەیە لە چاو سی هەزار مناڵی دانیشتووی کەمپ زیاتر بکا.

ئیبراهیم خەلیل نیگەرانیی خۆی لەم بارودۆخە دەردەبڕێ، ئەو دەڵێ: "پێموایە ئەگەر ئەم دۆخە درێژە بخایەنێ، مناڵانی کەمپ چیتر ناتوانن ژیانێکی ئاسایی بژین. هەرچەند ئەوان زۆریش خۆڕاگر بن، بەڵام ئەگەر بێت و لەو کەمپە بژین خۆڕاگرییەکەیان لە دەست دەدەن."

هەزاران مناڵ لە سەر سنوورەکانی سووریا چاوەڕێن ئاسایشێکی زیاتریان هەبێ بۆ ئەوەی ژینگەیەکیان بۆ یاری کردن هەبێ. بەڵام لە دۆمیز، هەموویان دەزانن ڕاکردن لە جەنگ یانی دوورکەوتنەوە لە ماڵ و حاڵیان.