۱۳۹۲/۱۱/۱۱

چیرۆک بۆ کوڕەکەم بە کوردی


گۆڤاری "توركیاناسی" كتێبی "چیرۆك بۆ كوڕەكەم"ی چاپ و بڵاوكردەوە، كە كۆمەڵە چیرۆكێكی نووسەر و دەرهێنەری ناسراوی كورد ییڵماز گونەیە و سەڵاحەدین بایەزیدی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی. لە بارەی کتێبەکە و لە لێدوانێکدا بۆ بەشی (ئەدەب)ی ڕۆژنامەی هەولێر، وەرگێڕ (سەڵاحەدین بایەزیدی) گوتی: "کتێبەکە سیانزە چیرۆکی کورت و دوایین وتوێژی ییڵماز گونەی لە خۆ گرتووە. هەروەک نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا باسی دەکا، بۆ یەکەمجار لە گرتووخانەدا بیری نووسینی چیرۆکەکان ختووکەی مێشکی داوە. وەک هونەرمەندێک کە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە و سەرکێشی هەیە، بە پێویستی زانیوە میراتێکی شۆڕشگێڕانەش بۆ کوڕەکەی بەجێ بێڵێ."
بایەزیدی ئەم چیرۆکانەی لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕاوە و سەبارەت بە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەو چیرۆکانە بۆ وەرگێڕان و کردنی بە کتێبێک گوتی: "هۆکارەکان زۆرن، یەکەم لەبەر ئەوەی ییڵماز گونەی فیلمساز و دەرهێنەرێکی کوردە و لە دیدێکی شۆڕشگێڕیی کوردییەوە چیرۆکەکانی نووسیوە، تەنانەت لە یەک دوو چیرۆکدا ڕاشکاوانە هەوڵی داوە ئازار و نەهامەتییەکانی کورد بێنێتە زمان. لە لایەکی دیکەشەوە بە هۆی ئەو بۆشاییەی لەم بوارەدا لە کتێبخانەی کوردی بەدی دەکرێ. بەداخەوە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە کەمتر بایەخ بە ئەدەبیاتی مناڵان دەدەن و بە تەواوی پشتگوێیان خستووە."
شۆڕش محەممەد

۱۳۹۲/۱۱/۰۴

ساڵح موسلیم: بە بێ کورد چارەسەری بەدی نایە


ساڵح موسلیم، سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بڕوا ناکا کۆنفڕانسی ژنێڤ-دوو سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست بێنێ.

ئومانیتێ، فرانسواز ژێرمێن ڕۆبین
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
چ چاوەڕوانییەکتان لە ژنێڤ دوو هەیە؟
ساڵح موسلیم:
ئەم کۆنفڕانسە ناتوانێ سەرکەوتوو بێ. ئەگەر بمانەوێ گرفتێک چارەسەر بێ، دەبێ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشدار بن و لەگەڵ یەک گفتوگۆ بکەن. سەیر بکەن چ دەقەومێ: هەر کام لەوێ نوێنەرایەتی بەرژەوەندیی یەکێک لە هێزە دەرەکییەکان دەکەن کە لە پێناو قازانجی خۆیان دەست لە کاروباری سووریا وەردەدەن. نوێنەرانی فەڕەنسا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عەرەبستانی سعوودی، قەتەر و تەنانەت ڕووسیا هەن، بەڵام نوێنەرانی گەلانی سووریا لەوێ نین. هیچ حزبێک کە نوێنەرایەتی گەلی کورد بکا، بانگهێشت نەکراوە. چۆن دەتانەوێ ئەمە کەمترین چارەسەری بە دوای خۆیدا بێنێ؟

پێگەی فەڕەنسا چۆن لێک دەدەنەوە؟

یاریی فەڕەنسا ئەوەیە بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی بپارێزێ. ماوەیەک لەمەوپێش، فەڕەنسا گرێبەستێکی سەرسووڕهێنەری واژۆ کرد بۆ ئەوەی چەکەکانی بنێرێتە لوبنان، پارەکە لە لایەن عەڕەبستانی سعودییەوە دەدرێ تەنیا بە ئامانجی ئەوەی پێکدادانەکان لە ئاراستەی خۆیاندا بپارێزن. عەڕەبستانی سعوودی سێ میلیارد دۆلاری داوە بە فەڕەنسا. هەمان شت بۆ تورکیاش ڕاستە، کە بڕیارە بەم زووانە سەرۆککۆماری فەڕەنسا سەردانی بکا و ئیتیلافێکی بازرگانی بە گومژەی ٢٢ میلیارد دۆلار بخەنە ڕێ.

ئایا لە لایەن کاربەدەستانی فەڕەنساوە پێشوازیتان لێکراوە؟

نەخێر، بە هیچ شێوەیەک. لەوەتەی سەرۆککۆمار ئۆلاند هاتۆتە سەر دەسەڵات، ئێمە هیچ چەشنە پەیوەندییەکمان لەگەڵ دەربەندی ئورسای نەماوەتەوە. هەر چەند هەندێک شتمان هەیە دەبێ قسەیان لە سەر بکرێ. بۆ نموونە، بوونی جیهادیستە فەڕەنسی و ئەوروپییەکان و بە تایبەت جیهادیستە بێلژیکییەکان لە سەر خاکی ئێمە. نزیکەی بیست گەنجی بێلژیکی لە لایەن ئێمەوە گیراون. پێیان گوتراوە کە دەچن لە دژی ڕژێمی سووریا جیهاد دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەیان بەشداری هێرشەکانی ئەلقاعیدە دژ بە کورد بوون.

ئێستا ناوچە کوردییەکان لە چ بارودۆخێک دان؟

زۆر چەتوونە. کورد ناچار مان لە هەموو بەرەکان بجەنگن. لە دەسپێکی سەرهەڵدانە جەماوەرییەکاندا، ئێمە دەبوایە ڕووبەڕووی سەرکوتی ڕژێم و هێزەکانی ببینەوە. ساڵی ٢٠١٢ توانیمان ڕاویان بنێین و ناوچەکەمان ئازاد بکەین. ئینجا هێرشی سەلەفیستەکان دەستی پێکرد کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانیان لێدەکرا. زیاتر لە سێ هەزار جیهادیست لە ناوچەی ئێمە کوژراون. ئێمە دەبوایە پێشوازی لە پێنجسەد هەزار پەنابەر بکەین کە لە شوێنەکانی تری سووریاوە دەهاتن لە کاتێکدا هیچ یارمەتییەکمان نادرێ. تەنانەت هاوکاریی مرۆییمان پێ ناگا.

چۆن سەیری داهاتوو دەکەن: ئۆتۆنۆمی؟ سەربەخۆیی؟ یان فیدڕاسیۆنی ناوچە کوردییەکان؟

ئێمە خۆبەڕێوەبەرایەتییەکی گەلمان لەو سێ ناوچەیەی خۆماندا جێگیر کردووە. لەوێ خەڵک کاروبارەکانی خۆی بە شێوەیەکی گونجاو و دیموکراتیک بەڕێوە دەبا. ئێمە هەوڵی سەربەخۆیی نادەین. دەمانەوێ کێشەکانمان لە چوارچێوەی سووریادا چارەسەر بکەین. نامانەوێ سنوورەکان هەڵبوەشێنینەوە. لەگەڵ کوردەکانی تورکیا و کوردانی عێراق، پەیوەندیمان هەیە، بەڵام مێژوو و دامودەزگا و تەنانەت کولتورێکی تەواو وەک یەکمان نییە. کوردستانی ئێمە، کە پێی دەڵێین ڕۆژئاوا، جەماوەرێکی تێکەڵ بە یەکی هەیە: کورد، عەڕەب، ئەرمەنی… ئێمە دەبێ ڕێز لەمە بگرین.

ئاخۆ لە کوردستانی ئێوە بزووتنەوەی ئیسلامی بوونی هەیە؟

ئێمە بەرامبەر کاریگەریی ئایینییەکان لە سەرانسەری کوردستان خەبات دەکەین. کەچی سەرۆک وەزیری تورک ئەردۆغان، بە میلیۆن دۆلاری خەرج کردوە تاکوو جێ پێی ئاینییەکان لەوێ قایم بکا. ئەو دامودەزگایانەی ئێمە بونیادمان ناون، عیلمانین. هەروەها ژنێکیش سەرکردایەتی حزبەکەمان، پەیەدە دەکا: ئاسیە عەبدوڵڵا لەگەڵ من هاوسەرۆکە. ئێمە دەسپێشخەری هاوسەرگیری مەدەنی و یەکسانیی نێوان پیاو و ژن بووین. ٣٠%ی خەباتگێڕانی ئێمە ژنن. من پار چوومە تورکیا، ئەو وڵاتەی ٨٤٥ کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵی هەیە، تاکوو بۆیان شی بکەمەوە کە بۆ ئەوە نابێ لە هیچ شتێک بترسن: ئێمە سووریایین، نە تورکین و نە عێراقین، ئێمە ڕێبازی خۆمان دەگرینە بەر و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەین.

ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چ شێوەیەکە؟

هەر وەک ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەمانە. ئێمە هەموومان کوردین و هەوڵ دەدەین گوێ لە یەکتر بگرین، هەرچەند مێژوو و بیروبۆچوونی جیاوازمان هەبێ. تورکیا دەیەوێ ئەو بڕوایە بچەسپێنێ کە ئێمە سەر بە پەکەکەین بۆ ئەوەی ئێمەش بخرێینە نێو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

کوردەکان دەیانەوێ کورسییەکیان لە ژنێڤ دوو پێ بدرێ


لە کاتێکدا ئەخزەر براهیمی لە نێوان نوێنەرانی حکومەتی شام و ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا لە هاتوچۆ دایە، کوردەکان ڕۆژی پێنجشەممە (٢٣ی ژانوییە) داوایان کرد لە ڕەوتی چاوپێکەوتنەکاندا کورسییەکیان پێ بدرێ.

تریبون دۆژنێڤ
وەرگێڕان لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
کوردەکان دەیانەوێ گەرەنتی دەستووری بۆ مافە دیموکراتیکەکانیان دەستەبەر بکەن.
نوێنەرانی کورد و سوریانی لە یانەی سوییس بۆ ڕاگەیاندن لە ژنێڤ کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند ئەوان بە مەبەستی بەشداری لە کۆنفڕانسی ئاشتی بۆ سووریا، هاوپەیمانێتیان پێک هێناوە. ئەوان لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە نوێنەرایەتی پێنج میلیۆن سووریایی واتە چارەگێکی دانیشتوان دەکەن، لە بەرامبەر دووپات بوونەوەی هەڵەکانی پەیمانی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣، هۆشداریان دا. لەو ساڵەدا، مافەکانی کوردان لە ناوچەکە دانی پێدا نەنرا.
سەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیکی کوردی سووریا (پەیەدە)، محەممەد ساڵح موسلیم ڕەخنەی لەوە گرت کە لە کۆنفڕانسەکەی ڕۆژی چوارشمەممە لە مۆنترۆ، کورد بێبەش کراون.
"هێزە[دەوڵەتیی]ەکان بە ڕێککەوتنێکی سیاسی، لە هەوڵی بێبەشکردنی ئێمە دان. ئێمە لێرەین تا پەیوەندی ساز بکەین، چونکە خوازیاری گەرەنتی دەستوورین بۆ بەدیهاتنی مافە دیموکراتیکەکان"، ئەو سەرکردە کوردە وای گوت.

مۆدێلی سوییس
ساڵح موسلیم بە ئەنجامەکانی ژنێڤ-دوو گەشبین نییە. بە گوێرەی ناوبراو، هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی ئاگربەستی بە دواوە نابێ، چونکە نوێنەرە بەشداربووەکانی ئۆپۆزۆسیۆن لە ژنێڤ "کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارییەکانیان لە سەر خاکی سووریاوە بە دەستەوە نییە."
"ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد نایەتە واتای دابڕان. ئێمە خوازیاری مۆدێلێکی هاوشێوەی سوییسین، یانی دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ''، ئیلهام ئەحمەد، ئەندامێکی دیکەی کۆمیتەی باڵای کورد وای گوت.
لە تەنیشت ئەوان، بەسسام ئیشاک سەرۆک و دامەزرێنەری کۆنسەی نەتەوەیی سوریانییەکان ڕایگەیاند "بە بێ داننانی هەمەلایەنە بە مافەکانی کوردان، سوریانییەکان، عەرەبەکان و سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا، چارەسەرییەکی درێژخایەن نایەتە ئاراوە".

هاتوچۆی براهیمی

مۆمال ڤانیان وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئەخزەر براهیمی، ناوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی عەرەب، ڕۆژی پێنجشەممە بە جیا لە ژنێڤ چاوی بە بەرپرسانی هەر دوو لایەنی نوێنەرایەتی سووریا کەوتوە، سەرەتا لەگەڵ ئەحمەد جەربا، سەرۆکی ئیتیلافی نیشتیمانی سووریا و پاشان وەلید موعەلیم وەزیری کاروباری دەرەوەی سووریا کۆبۆتەوە.
دوابەدوای ئەم چاوپێکەوتنانە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ئەنجام دران، لایەنەکان دەبێ لە پێناو ڕەوتی دیالۆگ، پێشنیارەکانیان پێشکەش بە ناوبژیوان بکەن. پاش سێ ساڵ ململانێ، ئەمە یەکەم هەوڵی هاوشێوەیە.
چاوەڕێ دەکرێ دانوستانەکان، ڕۆژی هەینی لە کوشکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەیەکی نادیار دەست پێ بکەن. سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕووسیا، چوارشەممە لە مۆنترۆ ڕایگەیاند کە بۆی هەیە [دانوستانەکان] هەفتەیەک بخایەنن.
ئەخزەر براهیمی ئێوارەی چوارشەممە ئاماژەی بە هەندێک "نیشانەی ڕوون" کرد کە وێدەچێ لایەنە سوورییەکان ئامادە بن لە سەر هاریکاری مرۆیی، ئاگربەستی هەرێمی و ئازادکردنی گیراوەکان گفتوگۆ بکەن. پرسی ئاڵوگۆڕی سیاسی مەگەر لە پلانی دووهەمدا تاوتوێ بکرێ.

رەنگدانەوەی پێچەوانە

ئۆپۆزۆسیۆنی سووریا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕژێمی بەشار ئەسەدیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە کۆنفڕانسەکەی دوێنێی مۆنترۆدا وەک "مافیا" هەڵسوکەوتی کردووە. ئۆپۆزۆسیۆن پێی وایە دانیشتنەکانی ڕۆژی یەکەم بە قازانجی ئەوان شکاوەتەوە و ڕەنگدانەوەی زۆر ئەرێنیی لە سەر بەرەی ئۆپۆزۆسیۆن لە سووریا هەبووە.
لە دیمەشق، بە پێچەوانەوە، میدیای ڕەسمی کۆنفڕانسیان وە بەر تۆپ دا. "لە کردنەوەی کۆنفڕانسدا، دوژمنانی حکومەت و گەلی سووریا، بە پێشەنگایەتی ئەمریکا-فەڕەنسا-سعوودیە-تورکیا، هەوڵیان دا بۆچوونی خۆیان لە مەڕ سنووردارکردنی ئەرکی کۆنفڕانس، پاڵپشت بە بەندی دەوڵەتیی کاتی پێشنیارکراو لە لایەن ژنێڤ-یەک، بسەپێنن"، ڕۆژنامە ئەلبەعس، ئۆرگانی پارتی باڵادەست وای نووسیوە.

بانگەوازی کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان

پێکدادان لە سەر خاکی سووریا بەردەوامە. سەرۆکی ئەلقاعیدە، ئەیمەن ئەلزەواهیری، لە پەیامێکی تۆمارکراودا کە ڕۆژی پێنجشەممە لە سەر ئەنتەرنێت بڵاو بۆتەوە، داوا لە جیهادییەکانی سووریا دەکا "خێرا" کۆتایی بە پێکدادانی براکوژییان بێنن.
چەند دەستەیەکی شۆڕشگێڕانی سووریا، لە خۆسەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وە زاڵە هاتوون و لە سەرەتای ژانوییەوە ڕووی چەکەکانیان لەو گرووپە کردووە کە سەر بە ئەلقاعیدەن. بە پێی لێدوانی چاودێرانی مافەکانی مرۆڤی سووریا، لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا، ١٤٠٠ کەس لە ماوەی بیست ڕۆژدا مردوون.

۱۳۹۲/۱۰/۲۵

چیرۆک بۆ کوڕەکەم


ناوی کتێب: چیرۆک بۆ کوڕەکەم (کۆمەڵە چیرۆک)
نووسەر: ییڵماز گونەی
وەرگێڕ: سەلاحەدین بایەزیدی
نۆرەی چاپ: یەکەم، 2014
تیراژ: 2000 دانە
نرخ: (3000) دينار
چاپخانە: بەردان- ئیستانبوڵ
لە بڵاوکراوەکانی گۆڤاری تورکیا ناسی - هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتییەكان
ژمارەی سپاردنی (6)ی ساڵی 2014ی دراوەتێ.