به‌شی یه‌که‌م
سازدانی: نه‌شه دوزه‌ل
له‌تورکییه‌وه: سه‌لاحه‌دین بایه‌زیدی
وه‌ک چۆن له‌ناو تورکه‌کاندا جیاوازی بیروڕا هه‌یه، له‌ناو کورده‌کانیشدا ئه‌و که‌سایه‌تی و تاقمانه هه‌ڵده‌که‌ون که بیروڕای جیاوازیان هه‌یه. ئه‌م جیاوازییانه له‌پڕۆسه‌ی ڕیفراندۆمی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا زیاتر‌و زیاتر زه‌ق بوونه‌وه. له‌کاتێکدا که پارتی ئاشتی و دیموکراسی به‌ده‌په، ریفراندۆمی بایکۆت کرد، هاکپار، کاده‌پ، پارتی سۆسیالیستی کوردستان له تاراوگه‌و چه‌ندین که‌سایه‌تی ڕۆشنبیرو ڕێکخراوی سڤیل داوایان کرد به‌شداری بکرێت له‌و ڕیفراندۆمه‌دا. کورده‌کانیش هه‌روه‌ک تورکه‌کان، له هه‌موو بواره‌کاندا لێک جیا ده‌بنه‌وه. جیابونه‌وه‌و جیاوازی له‌ناو کورده‌کاندا شتێکی نوێ نییه. پێش ساڵانی ١٩٨٠ سیاسه‌تی کوردی زۆر زیندو و گه‌رموگوڕ بوو. سۆسیالیسته‌کان و دیموکراته‌کان حزبیان هه‌بوو. به‌ڵام کوده‌تای ١٩٨٠ پێشی به خه‌باتی سیاسی گرت و تاکه‌رێگه‌یه‌کی له‌به‌رده‌م کورده‌کان هێشته‌وه، ئه‌ویش ڕوکردن له چیاکان و هه‌ڵگرتنی چه‌ک بوو. زۆر ڕۆشنبیرو سیاسه‌تمه‌داری کوردیش که خه‌باتی چه‌کدارییان به‌لاوه په‌سند نه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خرێنه گرتوخانه‌کانه‌وه‌و نه‌کوژرێن، ڕویان له وڵاتانی ئه‌وروپی کرد. که‌ماڵ بورکای که‌سایه‌تی ناسراوی چه‌پی کورد، لایه‌نگری سیاسه‌تی دیموکراتیانه‌و دامه‌زرێنه‌ری پارتی سۆسیالیستی کوردستان، به‌هۆی کوده‌تای ١٩٨٠ په‌ڕیوه‌ی سوید بووه و ماوه‌ی سی ساڵه له‌تاراوگه ده‌ژی. هه‌رچه‌ند له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه بانگهێشت کراوه، به‌ڵام ناگه‌ڕێته‌وه بۆ تورکیا. له‌ستۆکهۆڵم چاومان به که‌ماڵ بورکای که‌وت و ئه‌م وتوێژه سه‌رنج ڕاکێشه‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا.
بۆچی تورکیاتان به‌جێهێشت؟
من سکرتێری گشتی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بووم. سه‌ره‌تاکانی ساڵی ١٩٨٠ هێشتا کوده‌تا ڕوی نه‌دابوو و به دوای منه‌وه نه‌بوون، به‌ڵام ڕوداوه‌کانم پێشبینی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ هاوڕێیان گفتوگۆمان کرد، ئه‌وان بڕیاریاندا من بچمه ده‌ره‌وه‌ی وڵات. دواجار دژی ئێمه ئۆپه‌ڕاسیۆن ده‌ستی پێکردو دوای منیش که‌وتن. مارسی ١٩٨٠ له سوریاوه هاتمه ئه‌وروپا.
چ ساڵێک له سوید نیشته‌جێ بون؟
دوو ساڵ دواتر. من ساڵانی ١٩٧٤ - ١٩٧٢یش له سوید بووم. ئه‌و کاتیش له شه‌مه‌نده‌فه‌ر بازمان دابوو و له ڕێگه‌ی سوریاوه هاتبووین. ئێمه ساڵانی ١٩٨٠ له نێوان کوردستانیان و تورکه‌کان له ئه‌وروپا ڕێکخستنێکی به‌هێزمان هه‌بوو و ده‌نگمان به‌رز بوو. کوده‌تامان بۆ ڕای گشتی ئه‌وروپا له‌قاو ده‌دا و زه‌ختمان ده‌خسته سه‌ر کوده‌تاچیه‌کان. ته‌نانه‌ت کوده‌تاچیه‌کان ده‌یانگوت "مه‌ترسی سه‌ره‌کیی په‌که‌که نییه، به‌ڵکو پارتی سۆسیالیستی کوردستان (په‌سه‌که)یه."
گه‌لۆ ئێوه ئه‌وکات له‌ناو ڕێکخراوه کوردییه‌کاندا ته‌نیا حزبی کوردی نه‌بوون که دژی به‌کارهێنانی چه‌ک بێ؟
دیاره له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌کمان به‌کار نه‌ده‌هێنا، ئێمه‌یان به‌مه‌ترسی ده‌زانی. ئێمه تێکۆشانی سیاسیمان ئه‌نجام ده‌دا. کورده‌کان له‌ڕابردودا، چه‌ندین سه‌رهه‌ڵدانی چه‌کداریان به‌رپا کردووه، به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون... پێمان وابوو هه‌لومه‌رجی دونیا گۆڕاوه‌و پێویست به تێکۆشانی سیاسی ده‌کا. ته‌نانه‌ت ئێمه به‌رده‌وام ده‌مانگوت ڕژێم پڕۆڤاکاسیۆن ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی کورده‌کان په‌نا بۆ چالاکی چه‌کداری به‌رن. چونکه رژێم له هه‌موو شته‌ک زیاتر سامی له‌تێکۆشانی سیاسی ده‌بۆوه. لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان که دانیان به‌مافه‌کانی کوردان دانه‌ناوه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ئاسانی تێکۆشانی سیاسی کوردان ڕوبه‌ڕوی قه‌یران بکه‌نه‌وه، به‌رده‌وام ویستویانه په‌نا بۆ چه‌ک ببرێ.
ئه‌ی باشه کورده‌کان بۆ ئێوه‌یان هه‌ڵنه‌بژارد، ئایا ئه‌وه چه‌که که هێز ده‌پارێزێ؟
له سه‌ره‌تادا وا نه‌بوو. بزوتنه‌وه‌ی کورد له‌ساڵانی ١٩٦٠دا به‌ره‌و سیاسی بوون ده‌ڕۆیشت. ساڵی ١٩٦٢ میتینگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات ده‌ستیان پێ‌کرد. به‌ده‌یان هه‌زار که‌س ته‌ڤلی بوون. من ڕێکخه‌ری ئه‌وه‌ی تونجه‌لی (دێرسیم) بووم. ساڵی ١٩٦٥ پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زرا. له‌هه‌فتاکاندا بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕووی جه‌ماوه‌ره‌وه گه‌شه‌ی سه‌ند. پارتی سۆسیالیستی کوردستان له‌ساڵی ١٩٧٤دا دامه‌زراو زۆر به‌هێز بوو. ئێمه ساڵی ١٩٧٨ له دیاربه‌کرو ساڵی ١٩٧٩ له ئاگری له‌هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کاندا به کاندیدی سه‌ربه‌خۆ به‌شداریمان کرد‌و سه‌رکه‌وتنمان به‌ده‌ست هێنا. له دیاربه‌کر مێهدی زانا هه‌ڵبژێردرا. ئه‌و کاتانه په‌که‌که نه‌بوو.
دواتر چ گۆڕانکارییه‌ک ڕویدا؟ کورده‌کان بۆ پشتگیریان له ئێوه نه‌کرد و ڕویان کرده په‌که‌که؟
بێگومان چه‌ک، هێز له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ. هه‌روه‌ها کوده‌تای سه‌ربازی ١٢ی ئه‌یلول به‌جارێک کورده‌کان و چه‌په‌کان، سه‌رجه‌م هێزه دیموکراتخوازه‌کان و پێکهاته‌ی ڕێکخراوه‌کانی له‌به‌ر یه‌ک هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و په‌رش و بڵاوی کردن. به‌ر به ڕه‌وتی ئاسایی ئاو گیرا. دوابه‌دوای کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول، به‌هه‌زاران مرۆڤ خرانه سیاچاڵه‌کانه‌وه، به‌ده‌یان هه‌زار که‌سیش وه‌ک ئێمه رێی هه‌نده‌رانیان گرته به‌ر. به‌گشتی له‌تورکیا و کوردستان بۆشاییه‌ک هاته‌ئاراوه. ئه‌گه‌ر ١٢ی ئه‌یلول ئه‌و قۆناغه‌ی به‌ربه‌ست نه‌کردبا....
هه‌مو شته‌کان جیاواز ده‌بوون؟
گومانی تێدا نییه. ده‌کرا له ڕێگای یاساوه رێکخراوه کوردییه‌کان پێش بکه‌ون و هه‌موو ناوچه‌که به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه بخه‌نه ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانه‌وه و سه‌رۆک شاره‌وانیه‌کان و نوێنه‌رانی په‌رله‌مان بکه‌نه هی خۆیان. به‌ڵام له‌کاتێکدا که بزوتنه‌وه‌ی کورد له ڕێگه‌ی ئاشتی و یاساییه‌وه سه‌ری هه‌ڵده‌دا، ساڵی ١٩٧٨ په‌که‌که هاته مه‌یدان و هه‌موو ڕێکخراوه کوردییه‌کانی دیکه‌ی به "دوژمن" له‌قه‌ڵه‌م دا. ساڵی ١٩٨٤ په‌نای بۆ چه‌ک برد. له‌قۆناغێکدا که ڕێکخراوه دیموکراتیکه‌کان بێده‌نگ و کپ کرابوون، ته‌قه‌ی چه‌که‌کان ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی زۆری هه‌بوو. به‌واتایه‌کی دیکه، ڕژێم به‌شێوه‌یه‌کی زۆر زانستیانه، هێزه دیموکرات و ئاشتیخوازه‌کانی له بزوتنه‌وه‌ی کورد دابڕی و بێده‌نگی کردن.
په‌که‌که بۆ ڕێکخراوه کوردییه‌کانی دیکه‌ی به‌دوژمن له‌قه‌ڵه‌م دا؟
ئه‌وکات په‌که‌که ته‌نیا بۆ تیرۆریزه‌کردنی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی کورد به‌کار نه‌ده‌هات. گروپێکی زۆر بچوک بوو. ساڵی ١٩٧٩ هێرشیان کرده‌سه‌ر هاوڕێیانمان، به‌ڵام ئێمه به‌رپه‌رچمان نه‌دانه‌وه. چونکه ده‌مانزانی له‌پشت ئه‌مانه‌وه، کوده‌تاچیه‌کان و ده‌وڵه‌تی شاراوه هه‌یه. ئه‌وان ده‌یانویست بزووتنه‌وه‌ی سیاسی کورد وه‌ک ڕوداوی تیرۆر بناسێنن و کورده‌کان به‌گژ یه‌کتریدا بچن. نامیلکه‌یه‌کم نوسی به‌ناوی "ده‌یانه‌وێ له‌تیرۆرمان بگلێنن، وەڵامی چه‌که‌کان ناده‌ینه‌وه" و له‌تیراژی ٢٠ هه‌زار نوسخه‌دا بڵاو کرایه‌وه. ساڵی ١٩٨٠ - ١٩٧٩ش، هاوشێوه‌ی پێکدادان له‌گه‌ڵ ئێمه، له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان که درێژه‌ده‌ری (کوک) بون، ده‌سته‌ویه‌خه بوون. به‌مجۆره ویستی ڕژێم هاته دی و ناوچه‌که، به‌ر له‌کوده‌تا بوو به‌دۆزه‌خ.
چی به‌سه‌ر ئه‌و کوردانه هات که دژی تێکۆشانی چه‌کداری بوون؟
سه‌رجه‌م ئه‌و دیموکراتخواز و سۆسیالیستانه‌ی له‌ڕێگه‌ی دیموکراسیانه‌وه تێکۆشانی یاساییان به‌ڕێوه ده‌برد، خرانه گرتووخانه‌وه. ده‌وڵه‌ت ڕێگه‌ی له‌به‌رده‌م په‌که‌که‌دا هه‌موار کرد. ڕژێم پیاوه‌کانی خۆی نارده ناو په‌که‌که‌و ئه‌مانه پێکدادانه‌کانیان قوڵتر کرده‌وه. ئۆجه‌لان به‌ر له‌کوده‌تای ١٩٨٠ ڕۆیشته سووریا. به‌شێک له په‌که‌که‌ییه‌کانی له‌وێ په‌روه‌رده کرد. ساڵی ١٩٨٣ په‌که‌که هێزه چه‌کداره‌کانی له فه‌له‌ستینه‌وه ڕه‌وانه‌ی کوردستان کرد. له هه‌رێمی ژێرده‌سه‌ڵاتی بارزانیدا جێگیر بوون. ساڵی ١٩٨٤ له ئه‌روح شه‌مدینلی یه‌که‌م فیشه‌که‌کانی شه‌ڕی چه‌کداری ته‌قێنران.
باشه کورده‌کان چۆن پێشوازییان له په‌که‌که کرد؟
له‌نێوان چین و توێژه‌کانی کورددا، دژی په‌که‌که کاردانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره له‌ئارا دابوو. وه‌ک ڕێکخراوێک که بێ بنه‌ما و له‌وپه‌ڕی سه‌رسوڕماندا توندوتیژی به‌کار دێنێ، سه‌یری په‌که‌که‌یان ده‌کرد و به‌هه‌ندیان وه‌رنه‌ده‌گرت. به‌ڵام دواتر هاوسه‌نگییه‌کان ورده‌ورده گۆڕانکارییان به‌سه‌ر داهات و په‌که‌که، به‌ڕێکخراوێک زانرا که له به‌رامبه‌ر کوده‌تا و ڕژێم شه‌ڕ ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی مافی کورده‌کان ده‌سته‌به‌ر بکا و کوردستان ڕزگار بکا. جه‌ماوه‌ر له ده‌وروبه‌ری په‌که‌که کۆ بوونه‌وه. له‌ڕاستیدا ڕوداوێکی هاوشێوه له‌ناو تورکه‌کانیشدا ڕوی دا.
تورکه‌کان له‌ده‌وری کێ کۆ بوونه‌وه؟
له‌گه‌ڵ لاوازبوونی هێزه دیموکراته‌کاندا، تورکه‌کانیش له ده‌وری سوپا کۆبوونه‌وه. یانی کۆمه‌ڵگە به‌کورد و تورکه‌وه، له‌ده‌وری شه‌ڕ کۆ بوونه‌وه. گۆڕانخواز‌و دیموکراتخوازه‌کان له مه‌یدان ده‌رکران. له‌ناو کورده‌کاندا په‌که‌که‌و له‌ناو تورکه‌کاندا شۆڤێنیزم به‌هێز بوون. به‌هاکان گۆڕانیان به‌سه‌ردا هات. ئه‌مه کاریگه‌ری دانایه سه‌ر ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له‌هاوڕێیانی ئێمه‌ش لایه‌نگریان له په‌که‌که کرد. په‌که‌که ناوه‌ناوه له‌ڕێگه‌ی داموده‌زگا، کۆمپانیا و میدیاکانیه‌وه هێزی چه‌کداری کرده هێزێکی ئابووری.
کورده‌کان سه‌باره‌ت به‌گۆڕانکاری له‌ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا بوونه‌ته دوو ده‌سته. هاکپار و کاده‌پ له‌گه‌ڵ ڕیفراندۆم دان و هه‌رچی به‌ده‌په‌یه ره‌تی ده‌کاته‌وه. کورده‌کان بۆ پارچه‌بوون؟
کورده‌کان یه‌که‌مجار نییه پارچه ده‌بن. هه‌مو کورده‌کان وه‌ک په‌که‌که بیر ناکه‌نه‌وه. به‌شێکی گرنگی ده‌نگ به ئاکه‌په ده‌دات.
سیاسه‌ته‌کانی پارتی ئاشتی و دیموکراتی به‌ده‌په، چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ بۆچی ڕیفراندۆم بایکۆت ده‌کات؟ ڕه‌تکردنه‌وه‌ی گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تی کورده‌کان له چ زیانێک ده‌پارێزێ؟ له ڕوانگه‌ی دیموکراسییه‌وه چ قازانجێکی بۆ ئه‌وان ده‌بێ؟
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی به‌ده‌په زۆر چه‌وته. به‌گشتی زه‌حمه‌ته له سیاسه‌ته‌کانی به‌ده‌په‌دا به‌دوای لۆژیکدا بگه‌ڕێی. له‌پڕۆسه‌ی کرانه‌وه‌شدا وه‌ک پێویست پشتگیریان نه‌کرد. هه‌ڵبه‌ت که‌موکوڕی زۆر هه‌یه له گه‌ڵاڵه‌ی گۆڕینی ده‌ستوری بنه‌ڕه‌تیدا، ده‌بوایه ده‌ستورێکی بنه‌ڕه‌تی دیموکراتیانه‌و هه‌مه‌لایه‌نه ئاماده کرابا، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش، گه‌ڵاڵه‌پێشنیاری ئاماژه‌پێکراو به‌شێک له‌ده‌ستوری به‌جێماو له‌کوده‌تا ده‌گۆڕێ. ده‌سه‌ڵاتی دادگای باڵا تا ڕاده‌یه‌ک سنوردار ده‌کا. ده‌رفه‌تی ئه‌وه ده‌ره‌خسێنێ لێپرسینه‌وه له‌کوده‌تای ١٢ی ئه‌یلول بکرێ و بیخاته ژێر پرسیاره‌وه. پشتیوانی نه‌کردن له‌م گۆڕانه هه‌ڵه‌یه. به‌ده‌په، ده‌چێته‌ریزی هێزگه‌لی کۆنه‌پارێزی وه‌ک جه‌هه‌په‌و مه‌هه‌په‌وه. ئه‌م سیاسه‌ته‌ی به‌ده‌په له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌لی کورد یه‌ک ناگرێته‌وه. بگره قازانجی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خودی ئه‌و پارته‌ش نییه. ئه‌وان ته‌نانه‌ت پشتگیریان له‌و ماده‌یه‌ش نه‌کرد که داخستنی پارته‌کان دژوار ده‌کا. ئه‌و ماده‌یه نه‌که‌وته په‌رله‌مانه‌وه. پارتی ئاشتی و دیموکراسی ته‌وره‌که‌ی له‌قاچی خۆی دا.
به‌ڕای ئێوه به‌ده‌په بۆچی سیاسه‌تێکی وه‌ها ده‌گرێته‌به‌ر؟
هێزه چه‌کداره‌که‌ی چیا زۆر کاریگه‌ر و به‌سامه‌و چاودێری توندی به‌سه‌ریاندا هه‌یه. بۆ نمونه له چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورددا، ئۆجه‌لانیان وه‌ک به‌رده‌نگ ناساند. زوو به‌زوو ئه‌م قسانه ده‌که‌ن. خۆ ئۆجه‌لان له ئیمراڵی ئازاد نییه! ئیمراڵی شوێنێکه له‌لایه‌ن سه‌رئه‌رکانه‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌م ڕاستیه، ئۆجه‌لان ناتوانێ له‌ئیمرالییه‌وه ڕێکخراوه‌که‌ی به‌رێوه به‌رێ و ڕێ و شوێنێان بۆ دابنێ. بۆیه راسپارده‌و فه‌رموده‌کانی ئه‌و له‌ئیمرالیه‌وه، مه‌حاڵه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورد و دیموکراسی و گۆڕان دا‌بێ. ئه‌و هێزانه‌ی ئۆجه‌لانیان خسته زیندانه‌وه، دیاره پلانی ئه‌وه‌یان داڕشتبوو له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌وه بزوتنه‌وه‌ی کورد و په‌که‌که به‌ڕێوه به‌رن. ئه‌و ڕۆژه‌ی ئۆجه‌لان گیرا، گوتی "ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم پێبده‌م، بۆ خزمه‌ت ئاماده‌م." ئه‌م شه‌ڕه زیان به‌هه‌ر دوو لا ده‌گه‌یه‌نێ.
کورده‌كان به‌چ شێوه‌یه‌ک ده‌نگ به‌ریفراندۆم ده‌ده‌ن؟
به‌شێکی زۆر له‌کورده‌کان لایه‌نگری به‌ده‌په نین. زۆربه‌ی کورده‌کانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ده‌په ده‌نگ به‌ریفراندۆم ده‌ده‌ن. لایه‌نگرانی به‌ده‌په‌ش له‌ژێر کاریگه‌ریی که‌مپینی بایکۆت دان. به‌شێکیان هه‌رچه‌ند بایکۆتیشیان پێ بابه‌تی نه‌بێ، له ترسی ئه‌وه‌ی مۆری خه‌یانه‌تیان پێوه بلکێ، ده‌نگ ناده‌ن. به‌شێکی دیکه‌ش سه‌رباقی هه‌موو ئه‌و شتانه، ده‌نگ ده‌دا. له‌ناو به‌ده‌په‌دا له‌ئاستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌نگی ناڕه‌زایی هه‌بوو دژی بایکۆتکردنی ده‌ستور. ئه‌حمه‌د تورک گوتی "ئه‌مه بۆ جه‌ماوه‌ر نادرکێنین". زۆر مرۆڤی وا هه‌ن. دیاره هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش به‌ده‌په بڕیاری دا ده‌ستور بایکۆت بکا.
ئه‌گه‌ر بایکۆتیان نه‌کردبا چی له مه‌سه‌له‌که ده‌گۆڕدرا؟
ئه‌سته‌مه چوونی مرۆڤه‌کان بۆ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان کۆنتڕۆڵ بکرێ. له‌وێ مرۆڤ خۆی و ویژدانی به‌ته‌نیا ده‌مێننه‌وه. به‌شێکی هه‌ره‌زۆریان گوێ له‌ده‌نگی ویژدانیان ده‌گرن و ده‌نگ ده‌ده‌ن. له‌م سۆنگه‌وه، له‌پێناو کۆنتڕۆڵکردنی جه‌ماوه‌ر بڕیاریان دا ده‌ستور بایکۆت بکه‌ن.
به‌مدواییانه په‌که‌که په‌ره‌ی به‌هێرشه‌کانی داوه. سوپا له‌به‌رامبه‌ر هێرشه‌کانی په‌که‌که‌دا، وێده‌چێ دۆش دامابێ، زیانی گه‌وره‌ی به‌رده‌که‌وێ. ئه‌م هێرشانه چۆن په‌ره‌ده‌ستێنن؟ تا چ ئاستێک به‌رز ده‌بنه‌وه؟
پێویسته ئه‌مه رون بکرێته‌وه. ئۆجه‌لان که خرایه گرتوخانه‌ی ئیمرالیه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت پێکهات. گوتی "خزمه‌تتان پێده‌که‌م" و به‌مجۆره گیانی پارێزرا و ژیانی پێبه‌خشرا. بۆ نمونه ئۆجه‌لان بۆ ماوه‌ی چوار پێنج ساڵ چه‌که‌کانی بێده‌نگ کرد. په‌که‌که به قسه‌ی کرد. ئۆجه‌لان ناوی په‌که‌که‌شی گۆڕی، کردییه کۆنگره‌ی گه‌ل. بگره به‌رنامه‌ی په‌که‌که‌شی گۆڕی. په‌که‌که لێره‌شدا وه‌ک ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وتی کرد. پێشتر داوای کوردستانی سه‌ربه‌خۆی ده‌کرد. دواتر نه‌ک هه‌ر کوردستانی سه‌ربه‌خۆ، بگره وازی له‌فیدراسیۆنیش هێنا. بوو به‌پارێزه‌ری کۆماری دیموکراتیک و که‌مالیزم. داکۆکی له‌ده‌وڵه‌تی ئۆنیته‌ر ده‌کات. په‌که‌که له‌مه‌شدا دوای که‌وت.
نه‌ک هه‌ر په‌که‌که به‌ڵکو ده‌سته‌ده‌سته جه‌ماوه‌ریش دوای ئه‌و که‌وتن. ئه‌مه‌یان چۆن لێک ده‌ده‌یه‌وه؟
ئۆجه‌لان وه‌ک شێخی لێهاتووه. پێشتر ئه‌و کاتانه‌ی له سووریا بوو، کرابووه بوت. وه‌ک چۆن خومه‌ینی و حافز ئه‌سه‌د و سه‌دام کرانه بوت، له‌ناو په‌که‌که‌شدا ئه‌وه رویدا. ئۆجه‌لان زیاتر لاسای سه‌دام و حافز ئه‌سه‌دی کرده‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ندێک دروشمی له‌وان وه‌رگرت، وه‌ک "به گیان، به‌خوێن له گه‌ڵتاین ئه‌ی سه‌رۆک". جگه له‌وانه، ده‌وڵه‌ت وای نیشان ده‌دا که له‌گه‌ڵ په‌که‌که شه‌ڕ ده‌کا.
یانی شه‌ڕی له‌گه‌ڵدا نه‌ده‌کرد؟
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ وایه. ده‌وڵه‌ت هه‌مو شتێکی کرد و ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که تاکه رێکخراوی کوردی بێ و ڕێکخراوه‌کانی دیکه ده‌نگیان کپ بکرێ و له‌گۆڕێ نه‌مێنن. هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان وه‌ک سه‌رۆکی په‌که‌که بمێنێته‌وه. چونکه ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی ئۆجه‌لانه‌وه، په‌که‌که‌و له‌ڕێگه‌ی په‌که‌که‌وه بزوتنه‌وه‌ی کورد ئاڕاسته بکات. ئه‌وانه‌ی جیاواز له‌ئۆجه‌لان و سیاسه‌ته‌کانی بیریان ده‌کرده‌وه هه‌مویان پاکتاو کران یاخود ڕایانکرد و کوژران.
له کاتی بوونی خودی ئۆجه‌لانیش ئه‌مانه روویان دا؟
نه‌ک ته‌نیا ئۆجه‌لان به‌ڵکو ده‌وڵه‌تی شاراوه‌ش ڕێگه به دروستبوونی جیاوازی و ئه‌ڵته‌رناتیڤ ناده‌ن له‌ناو په‌که‌که‌دا. چونکه ئه‌و کات کۆنتڕۆڵ ناکرێن. بۆ نمونه حیکمه‌ت فیدان ویستی دژایه‌تی بکا و ڕێکخراوێکی نوێ دابمه‌زرێنێ، به‌ڵام کوژرا. نیزامه‌دین تاش و هه‌ڤاڵانی له‌گرنگترین فه‌رمانده‌کانی په‌که‌که بوون. دژایه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی قۆناغی ئیمرالی ده‌ربڕی. گوتیان "ئه‌مانه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورددا نین" و جیا بوونه‌وه. به‌ڵام گۆشه‌گیر کران. شه‌مدین ساکیک فه‌رمانده‌ی هه‌ره به‌ناوبانگ بوو، ڕای‌کرد. بینیتان چۆن بێ کاریگه‌ر کرا.
به‌ڕای ئێوه به‌مدواییانه بۆچی په‌که‌که په‌ره‌ی به‌هێرشه‌کانی داوه؟
تۆ بڵێی هه‌مو ئه‌م هێرشانه له‌سه‌ر بڕیاری په‌که‌که‌بن. یان تۆ بڵێی له‌کام ژوره‌وه ئه‌م هێرشانه پلانیان بۆ داڕێژرابێ؟ چ له‌ڕێگه‌ی په‌که‌که‌وه بێ یان له‌رێگه‌ی ئه‌وه‌وه نه‌بێ، به‌شێکی زۆری ئه‌م چالاکیانه له‌ژێر سه‌ری ده‌وڵه‌تی شاراوه دان. هه‌ندێکجار هه‌ر خۆی ده‌یانکات و به‌سه‌ر په‌که‌که‌یان دادێنێ. بۆ نمونه چالاکی "ره‌شادیه" ڕوداوێکی له‌مجۆره‌یه.
به‌ڵام سه‌رجه‌م چالاکیه‌کان له‌لایه‌ن کورده‌کانه‌وه وه‌ئه‌ستۆ ده‌گیرێن. بۆچی قه‌ندیل هه‌موو چالاکیه‌کان ده‌گرێته ئه‌ستۆ؟
ناچاره بیانگرێته ئه‌ستۆ. هه‌ڵه‌یه ئه‌گه‌ر هه‌مو ڕوداوه‌کانی توندوتیژی وه‌ک هێرشی په‌که‌که سه‌یریان بکرێ. هه‌ندێک چالاکی هه‌یه که ته‌نانه‌ت له‌لایه‌ن ئه‌رگه‌نه‌کۆن، کۆنترگه‌ریلا و ژیته‌میشه‌وه ئه‌نجام نادرێن. بۆ نموونه، ڕوداوی وێنه‌هه‌ڵگرتنی "هێرۆن" که له رۆژنامه‌که‌تاندا بڵاو کرایه‌وه... له‌رابردوشدا زۆر ڕوداوی هاوشێوه قه‌ومین. له‌ده‌وروبه‌ری شێرناخ مینی بوسێک ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرابو و ١١ که‌س کوژرابون. ده‌رکه‌وت که په‌که‌که ئه‌م کاره‌ی ئه‌نجام نه‌داوه. بێگومان له‌ناو په‌که‌که‌شدا کۆمه‌ڵێک تۆڕ دامه‌زراون.
کۆمه‌ڵێک تۆڕی چۆن؟
ده‌وڵه‌تی شاراوه، له زۆر شوێن ئه‌ندامه‌کانی جێگیر کردوه. ئۆجه‌لان تاکه‌که‌سی ناو په‌که‌که نیه که له ئیمرالیه‌وه کۆنتڕۆڵ ده‌کرێ. زۆر که‌سی دیکه‌ش هه‌ن. هه‌رچه‌ند ناوی پڕۆپاگه‌نده‌شی لێ بنێین، به‌ڵام په‌که‌که ده‌یویست به‌یه‌کجاری واز له‌چه‌ک بێنێ، ئه‌ی بۆ وازی نه‌هێنا؟ دوای قۆڵبه‌ستکردنی ئۆجه‌لان، وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێکجار گوتی "بوارێک بره‌خسێنن با هه‌موویان له‌چیاکان دابه‌زن و چه‌که‌کانیان ڕاده‌ست بکه‌ن" و سه‌ره‌ڕای داننانی له‌لایه‌ن په‌که‌که‌وه، بۆچی جێبه‌جێ نه‌کرا؟
به‌ڕای ئێوه‌بۆچی نه‌یانکرد؟
په‌که‌که ده‌یویست به‌یه‌کجاری واز له‌چه‌که‌کانی بێنێ و له‌چیاکان بێته‌خوار. عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان گوتی: ده‌رفه‌تم پێبده‌ن با هه‌موو ئه‌وانه‌ی شاخ چه‌که‌کانیان دابنێن. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی باسی ده‌کرد، لێبوردنێکی هه‌مه‌لایه‌نه بوو. هه‌روه‌ها نه‌ده‌بوا ئه‌وانه‌ی له‌شاخ دێنه‌وه، بخرێنه گرتوخانه‌وه‌و ٢٠ بۆ ٣٠ ساڵ حوکم بدرێن. وا نییه؟ دواجار بۆ تاقیکردنه‌وه، گروپه‌کانی ئاشتییان ڕه‌وانه‌ی تورکیا کرد. به‌ڵام ئه‌وان قۆڵبه‌ست کران و سزایان به‌سه‌ردا سه‌پا. چونکه ده‌وڵه‌تی پشت په‌رده، نه‌یویست په‌که‌که واز له‌چه‌ک بێنێ. بیر بکه‌نه‌وه....
ده‌ی...
سه‌یر که‌ن.... په‌که‌که چه‌که‌کانی بێده‌نگ کردبوو. له‌گه‌ڵ ئۆجه‌لان خه‌ریکی دانوستان بوون. که‌سیش ناڵێ "با بێنه‌وه‌و ته‌سلیم بن"، به‌ڵکو ده‌ڵێن "با ئه‌و هێزانه له‌باشوور (کوردستان) جێگیر بکرێن." چونکه رژێمی ملیتاریستی له‌وێش کۆمه‌ڵێک حسابی هه‌یه. بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌هه‌رێمی ئۆتۆنۆمی کورد له‌باشوور، په‌که‌که به‌کار دێنێ. که‌واته هێرشه‌کانی په‌که‌که له ٢٠٠٤ به‌دواوه سه‌ر له‌نوێ بوژێنرانه‌وه. ئۆجه‌لان ده‌ستی کرده‌وه به‌داڕشتنی ئه‌ده‌بیاتی شه‌ڕ. جارێکی تر گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوی په‌که‌که. چونکه له قۆناغی ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌وروپا و ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئاکه‌په‌دا، ڕژێم هه‌ستی به‌مه‌ترسیی له‌ناوچوون کرد. هه‌ر وه‌ک ڕۆژی ڕوون، له‌دۆزی ئه‌رگه‌نه‌کۆنیشدا ده‌رکه‌وت که ویستراوه کوده‌تا بکرێ. له پشت په‌رده‌وه‌ش له‌رێگای ئۆجه‌لانه‌وه په‌که‌که‌یان خسته جموجوڵ. سه‌رنج بده‌ن... که‌نگێ هه‌نگاوی دیموکراتیانه به‌رز بکرێته‌وه، له‌سه‌ر سنوور هه‌ڵده‌کوتنه سه‌ر بنکه سه‌ربازییه‌کان.
ئامانج چییه؟
ئامانج ئه‌وه‌یه قۆناغی ئه‌ندامێتی له‌یه‌کێتی ئه‌وروپا لاڕێ بکرێ، ئاکه‌په بخرێته بارودۆخێکه‌وه نه‌توانێ حکومه‌ت به‌ڕێوه به‌رێ و دواجار کوده‌تا بکرێ. ده‌وڵه‌تی شاراوه، له‌ساڵی ٢٠٠٤ه‌وه په‌که‌که‌ی وه‌جموجوڵ هێنا و یارییه‌کی ده‌ست پێکردوه. چالاکی و هێرشه‌کانی ئێستا، ئه‌نجامی پاڵه‌په‌ستۆی ئه‌و سیاسه‌تانه‌ن. بۆ چه‌واشه‌کردنی ڕای گشتی پێویستیان به‌مانه هه‌یه. ئه‌وانه بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا له‌دیموکراسی ئه‌وروپا بپارێزن، درێژه به میلیتاریزم بده‌ن و پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان له‌ده‌سه‌ڵات دوور بکه‌نه‌وه، کورد و تورک ده‌که‌نه قوربانی. به‌ڵام به‌و کارانه‌یان، سوپای تورکیاش ده‌که‌نه گاڵته‌جاڕ.
ئه‌مڕۆکه ئامانجی په‌که‌که چییه؟
سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که به‌رده‌وام ئاڵۆز بوون. چونکه په‌که‌که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه سه‌ربه‌خۆ نه‌بووه. ئۆجه‌لان خۆی باس له‌وه ده‌کات که هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌وه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ئاڕاسته کراوه. ده‌ڵێ “په‌که‌که‌مان دامه‌زراند، ده‌وڵه‌ت نان و چه‌کی پێداین و ده‌وڵه‌ت نه‌یهێشت هه‌ره‌س بێنین.” که ڕۆیشته شامیش، هه‌روا ده‌وڵه‌تی شاراوه له په‌که‌که‌دا ده‌ستی هه‌بوو. بۆیه ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی په‌که‌که نییه و ئه‌وه ده‌وڵه‌تی ناو ده‌وڵه‌ته سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که‌ی ئاڕاسته کردووه. به‌ژروه‌ندی په‌که‌که‌ش له‌مه دایه. به‌گشتی ئه‌مه هه‌ڵه‌یه. ئه‌م هه‌ڵه‌یه له‌لایه‌ن ڕۆشنبیره لیبڕاڵه‌کانیشه‌وه ڕووی داوه. وه‌ک ڕێکخراوێک په‌که‌که‌یان هه‌ڵسه‌نگاندوه که گۆیا زۆر سه‌ربه‌خۆیه و پڕۆژه‌یه‌کی دیاریکراوی هه‌یه و به‌گوێره‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات. له‌کاتێکدا سیاسه‌ته‌کانی په‌که‌که به‌رده‌وام گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه.
سیاسه‌تی ئێستای په‌که‌که چییه؟
گۆیا له‌م دوو، سێ ساڵه‌ی دواییدا نه سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێ، نه‌فیدراسیۆن و نه ئۆتۆنۆمی. باس له “کۆمارێکی دیموکرات” ده‌که‌ن. دێمیرێلیش وا ده‌ڵێ. ساڵی ٢٠٠٤ کاتێک سه‌رله‌نوێ په‌که‌که که‌وته‌وه جموجوڵ، ئه‌وانه‌ی ڕێگایان نیشان ده‌دا، گوتیان “وا نابێ. ئه‌و کات ده‌ڵێن ئه‌م کابرایه داوای هیچ ناکات. ئه‌ی که‌وابێ بۆچی شه‌ڕ ده‌کات؟ له شاخه‌کان چی ده‌کات؟” گوتیان “باشتر وایه شتێک به‌ناوی ئۆتۆنۆمی دیموکراتیک بێنیه گۆڕێ.” بۆیه سه‌رده‌مێک ئۆجه‌لان داکۆکی له ئۆتۆنۆمیه‌کی دیموکراتیانه کرد. خۆ ئۆجه‌لان هه‌ر شه‌ش مانگێک، ئامانجێکی نوێ و پڕۆژه‌یه‌کی نوێ دێنێته ئاراوه و سه‌رکرده‌کانی په‌که‌که و حزبه یاساییه‌که‌شی چاوبه‌ستراوانه په‌سندی ده‌که‌ن. ئه‌مه له‌ناو کورده‌کاندا تراژیدیایه. ئه‌مه ته‌ڵه‌ی کورده‌کانه.
گه‌لۆ ته‌نیا کورده‌کان که‌وتنه ناو ئه‌م ته‌ڵه کوردیه‌وه؟
نه‌خێر. تورکه‌کانیش تێکه‌وتن. ئه‌م شه‌ڕه قڕێژه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی تورکیشدا نیه. درێژه‌پێدانی ئه‌م شه‌ڕه به‌ئه‌ده‌بیاتی شه‌هید و تیرۆر گه‌لی تورکیش ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه یارییه‌که میلتاریزم له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا درێژی ده‌کاته‌وه. ئه‌گینا کۆتایی هێنان به ڕوداووی په‌که‌که زۆر ئاسانه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی شاراوه که به‌هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه درێژه به مانه‌وه‌ی خۆی ده‌دات، هه‌روه‌ها هێزه کۆنه‌پاڕێزه‌کانی ناو جه‌هه‌په و مه‌هه‌په و بازرگانانی ماده هۆشبه‌ره‌کان و چه‌که‌کان نه‌بنه کۆسپ، په‌که‌که واز له چه‌که‌کانی دێنێ. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی ڕێگه بۆ ئۆجه‌لان دیاری ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی شه‌ڕدا هاوڕا بن، یاخود ئۆجه‌لان بخرێته گرتوخانه‌یه‌کی سڤیله‌وه و حکومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ئۆجه‌لاندا هه‌بێ و هه‌روه‌ها ئۆجه‌لان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بێ، ئه‌وا ئۆجه‌لان خوازیاره کۆتایی به شه‌ڕ بێت. ئۆجه‌لان له ژیانی خۆی ده‌ترسێ. من زۆر باش و له‌نزیکه‌وه ده‌یناسم.