۱۳۹۹/۰۲/۱۱

لیستە


بێرنار فریۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
دوێنێ، دایکم نینۆکەکانیی ڕەنگاند. ئەو ڕەنگێکی نوێی تاقی کردەوە، پەمەییەکی زێوین. وەی کە ناحەز بوو.
دیارە ڕێک لەو کاتەدا بوو کە دەمانویست بچینە ماڕکێت. وەنەبوو کاتێکی زۆریشمان بە دەستەوە بێ. خۆ ڕەنگەکەش وشک نەدەبوویەوە. بۆیە دایکم لێی پرسیم:
"ئادەی، چاکەیەکم بۆ بکە و لیستەی کەلوپەلەکان بنووسە. کاغەزێک و قەڵەمێک دەست بدەیە، من ناوەکانت پێ دەڵێم."
گوتم:
"باشە، بەڵام تووڕە مەبە ئەگەر هەڵەی ڕێنووسیان تێدا بوو."
دایکم دەستی پێکرد:
"کەلەرمی بروکسێل، کیلۆ و نیوێک."
ڕەنگێکی کەسکم هێنا و برد. کەلەرمی بڕوکسێل، تیاح! ئەگەر وایە، بۆچی ئەسپەناخ نەبێ!
هیچم نەگوت. نووسیم: شۆکۆلات، کیلۆ و نیوێک.
هەرچی بێ، "شۆکۆلات" و "کەلەرمی بروکسێل" هەردووکیان "ک"یان تێدایە.
پاشان بیرم کردەوە: کیلۆ و نیوێک ڕەنگە فرە بێ. زۆریش ڕوون نییە.
بۆیە گۆڕیم: زەرفێک شۆکۆلاتی بە شیر، زەرفێک شۆکۆلاتی فندقدار و زەرفێکیش شۆکۆلاتی سپی.
"نووسیت؟" دایکم لێی پرسیم.
وەڵامم دایەوە:
"تەواوە. دەتوانی بەردەوام بی."
گوتی:
"نیسک."
نیسک؟ قەت شتی وا نابێ.
نووسیم: لیترێک چلوورەی بە وانیل.
پاشان گوتم:
"تەواوە، دایە."
فوویەکی لە نینۆکەکانی کرد. درێژەی پێ دا:
"هەروەها سێ قوتوو تۆنی سرووشتیش بنووسە."
لێم پرسی:
"ئینجا تۆن چۆنچۆنی دەنووسرێ؟"
دایکم بۆی حونجە کردم.
"ئەها، سوپاس…"
ئەوجا نووسیم: سێ قوتوو ڕاڤیۆلی بە ساسیی تەماتەوە.
من ڕایڤۆلی ناو قوتووم زۆر پێ خۆشە. بێجگە لەوەش، برا بچووکەکەم ڕقی لێیەتی… ئەها، تەنها لەبەر ئەو، قوتوویەکی دیکەشم پێوە زیاد کرد.
"ئەرێ زۆر خێرا نایانڵێم؟" دایکم پرسی.
وەڵامم دایەوە:
"نا، نا. تەواوە. پێم خۆشە لیستی کەلوپەکان بنووسم. سرنجڕاکێشە."
دایکم گوتی:
"بەڕاست؟ بنووسە:  کاغەزی ئاودەست، دوانزە دانە."
نووسیم: کاغەزی ئاودەست، دوانزە دانە. 
هەرچی بێ، ئەمە دەکرێ بەکەڵک بێ.
پاشان دایکم بەردەوام بوو: "جەرگی گوێلپار" (هەرچەند پشیلەشمان نییە)، "ماستی ئاسایی، کەدوو، پەتاتە، خەردەل، فافێک، شەش بوتڵ ئاو."
ئەمنیش لە کاتێکدا ئاگادار بووم کە کاغەزەکە پەڵاوی نەبێ، نووسیم: ماستی بە تووتڕک، پسکیتی عەسرانە، پەتاتەی سوورکراوەی بەستوو، مووسی شۆکۆلات، شەش بوتڵ کۆکا، نوقڵی بە شاتوو، قوتوویەک پۆڵکە، قوتوویەک گەنمەشامی، دە بەستە جاجک، شیرینی سمارتیز، کولیچە، شەکرە و مژمژە. 
دایکم گوتی:
"پێم وایە هیچمان لە بیر نەچووە. ئەتۆ هیچی دیکەت پێ شک دێ؟"
گوتم:
"نەخێر، پێم وایە هەموو شتێکمان نووسیوە. دەتوانین بڕۆین."
دایکم هەستا بۆ ئەوەی چاکەتەکەی لەبەر بکا. لەپڕێکا، ڕووی تێ کردم و گوتی:
"ئەتۆش چیت پێ خۆش بوو، بینووسە، هەقی خۆتە، بنووسە… چووزانم، بۆ نموونە زەرفێک شۆکۆلات، دەزانم تۆ شۆکۆلاتی فندقدارت پێ خۆشە. دەی، بینووسە…"
لەناکاو، خۆمم هەندێک گێل هاتە بەر چاو. شۆکۆلاتی فندقدار، خۆ ئەمەیان لە ناو لیستەکەمدا هەبوو. بەڵام دەبوایە شتێک بنووسم.
ئەمنیش نووسیم: کەلەرمی بروکسێل، کیلۆ و نیوێک. 

۱۳۹۹/۰۱/۲۵

باغچەی ئاژەڵان


بێرنار فریۆ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
لەگەڵ خوشکە بچووکەکەمدا چوومە باغچەی ئاژەڵان. ژنێکم بینی کە خواردنی دەدا بە مراوییەکان. ئەو لەتە نانی بۆ فڕێ دەدان و مراوییەکانیش بە پەلە بۆ لای ژنەکە مەلەیان دەکرد بۆ ئەوەی پڕ بدەنە لەتە نانەکان.
پاشان، بە بەردەم قەفەزی مەیموونەکاندا تێپەڕین. کوڕیژگەیەک بە نێو میلەکاندا مۆزێکی فڕێ دا. دوو بەچکە مەیموون لەسەر دارەکانیان ڕا بازیان دا بۆ ئەوەی بیگرنەوە.
ئەمە بیرۆکەیەکی پێ دام. دەستی خوشکە بچووکەکەمم گرت و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بینینی تیمساحەکان. شتێکی ئەوتۆ بەدی نەدەکرا. تیمساحەکان لە نێو ئەستێرەکانی خۆیاندا بوون و نووستبوون، تەنها چاویان لە ئاوەکە هاتبووە دەرێ. من لەپڕێکا خوشکە بچووکەکەم بەرز کردەوە و بەسەر پەرژینەکەدا فڕێم دا و شڵپ! کەوتە نێوەڕاستی ئەستێرەکەوە. ئەوجا تیمساحەکان خەبەریان بۆوە و بۆ داقورتاندنی لێیان بوو بە شەڕ…

نا، وا نەبوو، گاڵتە دەکەم، شتەکە وا ڕووی نەدا.
ئەوەی ڕاستی بێ، لە تەک خوشکە بچووکەکەمدا ڕۆیشتمە باغچەی ئاژەڵان. ژنێکم بینی کە...، هتد. پاشان، بە بەردەم قەفەزی مەیموونەکاندا تێپەڕین... ، هتد.
ئەمە بیرۆکەیەکی پێ دام. دەستی خوشکە بچووکەکەمم گرت و لەگەڵ خۆمدا بردم بۆ بینینی تیمساحەکان.
ئەو لێی پرسیم:
"ئەرێ تیمساحەکان دلۆڤانن؟"
لە سۆنگەی منەوە ڕواڵەتێکی دلۆڤانیان هەبوو. تیمساحەکان لە نێو ئەستێرەکانی خۆیاندا بوون و نووستبوون، تەنها چاویان لە ئاوەکە هاتبووە دەرێ. بۆیە، وەڵامم دایەوە:
"ئۆ، بەڵێ، زۆر دلۆڤانن."
"دەمەوێ بیانلاوێنمەوە!" خوشکەکەم وای گوت.
ئەمن خوشکە بچووکەکەمم زۆر خۆش دەوێ، بۆیە یارمەتیم دا پەرژینەکە ببەزێنێ. ئەو لە حەوزەکە نزیک بۆوە، دەستی درێژ کرد، تیمساحێک قەپۆزی لێک هەڵپچڕی و پڕی دایە دەستی خوشکە بچووکەکەم و کررررت، کررررت! بە ساغی قووتی دا.

نا، وا نەبوو، گاڵتە دەکەم، شتەکە وا ڕووی نەدا.
ئەوەی ڕاستی بێ، من خوشکی بچووکم نییە. من تەنها برایەکی بچووکم هەیە. ناوی بێنوایە. ئەم پاشنیوەڕۆیە دەبێ پیاسەی پێ بکەم. دایکم داوای لێ کردم.
دەیبەمە باغچەی ئاژەڵان.
"بێنوا، دێیت؟"