۱۳۹۹/۰۳/۰۶

یاشار کەمال



مووسا عەنتەر
لە کورمانجی ژوورینەوە: سەلاحەدین بایەزیدی 

 
ساڵی ١٨٩٥ لە نێوان عوسمانییەکان و ڕووسیادا شەڕ هاتە ئاراوە. ئەحمەدی خانی لە شیعرێکیدا دەبێژێ "کورد هەرتم لە سنووران ئارمانجی تیری دوژمنانن." یانی عەرەب، عەجەم، تورک و عرووس کەنگێ بوو بە شەڕیان، تیرەکەیان وە کوردان دەکەوێ. کوردستان بۆ ئەو زاڵمانە ببووە عەرزشۆرێک. نیوەی شەڕی ئەو نەتەوە بێگانانە لە کوردستانێ بوو. شەڕی هەرە دوایی لە ساڵی ١٩١٥دا بوو. عوسمانی، ئەرمەنییەکانیان دەکوشت و ڕووس و ئەرمەنیش تۆڵەیان لە کوردان دەکردەوە. ئێمەی کورد وەک خەڵکی تراکیا و ئەگە نەبووین. یۆنان و بولغار هەتا ئەدرنە و بوورسا هاتن. تورکێک لە ماڵەکەی دەرنەکەوت، بەم جۆرە یۆنان و بولغاریان بانگهێشت کرد، ئەمە سووکایەتی نییە، ڕاستییەکی مێژوییە. بەڵام کە ڕووس و ئەرمەنی پێیان نایە سنووری کوردستانەوە، کورد وازیان لە ماڵ و موڵکی خۆیان هێنا، خواردنی سەر ئاگردانیان بەجێ هێشت، منداڵیان وە پێش خۆیان دا و بەرەو کوردستانی خواروو ڕایانکرد. حەیف و مخابن، ئێستا لە هەر گوندێکی کوردستانی خواروو ماڵێکی ئاوارەکان بەدی دەکرێ. هەندێک لە برسان و هەندێک بە نەخۆشی مردن. دەوڵەتی عوسمانیش کە ئەودەم حکومەتەکەی بە دەست پارتی ئیتیحاد و تەرەقییەوە بووە، لە عرووس و ئەرمەنییان کەمتر دوژمنایەتیی کوردیان نەکرد. جا باوکی یاشار کەمال بەم جۆرە چووەتە ئەدرنە، بە ڕەچەڵەک لە ئاوارەکانی گەواشێیە. کەمال لە قادرلیی سەر بە قەزای ئەدرنە چاوی بە ژیان هەڵێناوە. دایک و باوکی کوردن. بەڵام بە ئاوارەیی، بە هەژاری و بە کوردایەتی لە ژێر چاودێریی تورکەکاندا گەورە بووە. من و کەمال گەلێک بیرەوەرییمان بە یەکەوە هەیە. هەم ئەو کاتانەی کە فەقیر بوو و هەمیش دواتر کە ژیانێکی تێری هەبوو.
جارێکیان، من و هاوڕێم، نەجات جەمیل پاشازادە، چووینە کەنارئاوەکانی کوچوکیالی. عەیبمان نییە، تێرین، پڕین، لە نێو دەریاکەدا بۆ خۆمان مەلەمان دەکرد، کتوپڕ دەنگێک لە کەنارئاوەکەوە هات، بە کوردی لاوکی بێماڵی بە فیتوو دەچڕی. دەنگیی بە ڕادەیەک کاری تێکردین کە بە دەم مەلەوە بۆ لای چووین، بینیمان لە دەرەوەی ئاوەکە، گەنجێکی فەقیر و کوێر، بە دەرپێیەکی سپییەوە لەسەر تاشەبەردێک دانیشتووە. گوتم: "برالە ئەتۆ کێی؟"
بە تووڕەبوونەوە: "بە تۆ چی؟"
"هەڤاڵ، بە کوردی فیتووت لێ دەدا، پێم خۆش بوو، بۆیە لێت دەپرسم."
"دەیجا چییە؟ من بە کوردی فیتوو لێدەدەم."
"بۆ تۆ کوردی؟"
"چ بم ئەوم."
"تووڕە مەبە برالە، زۆرم کەیف بە جوامێری تۆ هات، ئەگەر ناونیشانی خۆمت پێ بدەم، دەتوانی بێیتە لام؟" ئەملا و ئەولای کرد و دواجار گوتی: "بەڵێ." چوو قەڵەم و کاغەزێکی لە بێرکی خۆی هێنایە دەرێ و ناونیشانەکەی منی نووسی.
تۆمەز دوو - سێ مانگ دواتر دێ سەرێکم لێ هەڵبێنێ. لە خەوتنگەی فورات، دەرگاوانێکی کوردم دامەزراندبوو، تا بڵێی دڵڕەق بوو، لە قەدەغە بەو لاوە هیچی تری نەدەزانی. کەمال سۆراغی منی لێ دەگرێ، بەڵام عەلی لە سەر و پۆتەڵاکی دەڕوانێ، ئەقڵی نایگرێ و دەڵێ: "گیت ئوولا. مودور بەگ سەنلە کۆنوشماز." (بڕۆ هەتیو. مودیر بەگ لەگەڵ تۆدا قسە ناکا). مودیر بەگیش ئەمنم. کەمال پێ دادەگرێ. عەلی هاتە ژوورێ و ئامادەباش ڕاوەستا و بە تورکی گوتی: "مودیر بەگ پیاوێکی فەقیر هاتووە، دەیەوێ تۆ ببینێ." ساڵانی جەنگ بوو و خەڵکی هەژار زۆر دەهاتە لامان و داوای هاوکارییان دەکرد. گوتم: "کێیە؟" گوتی: "ناوی کەمال و یاشارە و چاوێکیشی کوێرە." هاتەوە بیرم، گوتم: "ئادەی گەنجۆ وەرە." یاشار کەمال هات. ئەو ڕۆژە زانیبووم ڕەگێکی جوامێری تێدایە. لەبەری هەستام، ماچم کرد و دامنیشاند و باسی جۆرەوجۆرمان وروژاند. بوو بە نیوەڕۆ، چێشتخانەیەکم هەبوو، چووین نانمان خوارد، پاشان هاتینە سەرێ و گوتی: "دەبێ بڕۆم." لە دڵی خۆمدا گوتم با هاوکارییەکی بچووکی بکەم و دە وەرەقی بدەمێ. ئەودەم دە وەرەق زۆر بوو. کردم و نەمکرد قەبووڵی نەکرد. گوتی: "نا، سەلامەت بی. من کار دەکەم و پارەم هەیە. من بۆ پارە نەهاتوومە لات." بۆم دەرکەوت کە مرۆڤێکە لە زۆر کەسی تر ناچێ. ماڵاواییم لێکرد و ڕۆیشت. ساڵ هاتن و چوون، کەمال بوو بە یاشار کەمال. بەڵام ئێمە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش دەستبەرداریی یەکتر نەبووین. ساڵی ١٩٦٩، کۆنگرەی پارتی کرێکارانی تورکیا لە بایەزید لە سەرای سپی بەسترا. ئەمن و کەمالیش چووین. فاشیستەکان پیلانیان بۆ گێڕابووین. بە دار و بە چەقۆ پەلاماری ئێمەیان دا. پێشان، عەزیز نەسینیان گرت، بە تف و بە پێلاقە بە عەرزیاندا دا، من و کەمال و دکتۆر مستەفا دیرەکچیگیل پێکەوە بووین. فاشیستەکان هێرشیان کردە سەر ئێمە و گوتیان: "کۆمۆنیستینە، بێنامووسینە، ئەوە هاتینە خزمەتتان." یاشار کەمال بەو ورگە زلەیەوە بەسەر ئەواندا گوڕاندی: ''کۆمۆنیست لە دایکتان بەن، دە وەرن." ئینجا لەبەر هەیبەتی کەمال هەموو تێیان تەقاند. دیسان ساڵ هاتن و چوون، ئەز گیرام، یاشار کەمال بوو بە حەمەدۆک، کەوتە سەر زاری بورژوازیی ئەوروپاش، بەناوبانگ بوو، چل ساڵ لەمەوپێش، پەساپۆرتیان بە من و بە ئەویش نەدەدا. بەڵام پاشان پەساپۆرتیان بە کەمال دا، ئێدی کەمالی بە ڕەچەڵەک کورد نەما. بوو بە نووسەرێکی ڕووسپیی تورکیا. بەڵام چ سوود، دونیا زانیبووی کە بە ڕەچەڵەک کوردە و بە تورکی دەنووسێ، لەبەر ئەو هەمووە بەرهەمەش نەیانکرد بە بەرئەندامی خەڵاتی نۆبێل. بە ڕای لیژنەی نۆبێل، مرۆڤێک کە نەبێتە خاوەنی ئەسڵی خۆی، جێگەی پەسند و شایانی ئەم خەڵاتە نییە. کەمال ئێستاش بەو دەردەوە دەتلێتەوە. لێ دەڵێ لەم کارەدا من دەستم نییە و بیرم بۆ ئەو ئیشانە نەدەچوو. هەڵبەت ڕەچەڵەکم کوردە، بەڵام من تاوانبار نیم. بەڵکە عوسمانییەکان، ڕووسەکان، ئەرمەنییەکان، نەزانی و کۆماریی تورکیای ئێستا تاوانبارن.
حەیف بۆ یاشار کەمال، بەڵام تەنها یاشار کەمال نییە کە جێگەی داخە. هی وەک یاشار کەماڵ پێشتریش و ئێستاش زۆرن. وەک شاعیری دیوانی نەفی، نەبی، زیا گۆکئالپ، سولەیمان نەفیز، عەلی ئەمیری و هتد. تەنانەت دەتوانم خۆیشم بە نموونە بێنمەوە، باشە ئەمن چ کارم بە تورکان داوە. نووسینەکانی من هەتا ئەمڕۆ هەموویان بە تورکین. تکام وایە، لەمڕۆ بە دواوە، لاوانی کورد پاکانەمان بۆ بکەن. ئێمە خیانەتکار نین، بەڵکە نەزان و بێدەرفەت بووین، ناچار دەماین فیتووی دوژمنان لێ بدەین.