۱۳۹۵/۰۴/۱۷

قاسملوو و بۆسەی ڤییەن


کریس کۆچێرا
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
ڕۆژی ١٣ی ژوییەی ١٩٨٩، لە ئاپارتمانێکی ڤییەن، دوو گولـلە لە سەری عەبدولڕەحمان قاسملوو، کوردی ئێران و نەیاری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی [ئێران] درا و لە ئاکامدا ئەو و دوو هاوڕێی دیکەی کوژران. قاسملوو، ڕێبەری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بوو. لە دە ساڵ پێشترەوە، شەڕ سوپای تارانی دەستەویەخەی پێشمەرگەکان (شەڕڤانانی کورد) کردبۆوە.
دوا بە دوای یەکەمین خولی پەیوەندییەکان لە دێسامبری ١٩٨٨ و ژانوییەی ١٩٨، قاسملوو سەر لەنوێ لەگەڵ نێردراوانی ئێران پەیوەندی بەستەوە، یەکێک لەو نێردراوانە محەمەد جەعفەر سەحراروودی، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی (دەرەکی) پاسدارانی شۆڕش لە کوردستانی ئێران بوو کە دوای تەقە کردنەکە بریندار دەبێ. پۆلیسی ئوتریش، ڕێگەی دا سەحراروودی کە برینەکانی چارەسەر کرابوون، نەخۆشخانە بەجێ بێڵێ، پاشان پەنا بباتە بەر باڵوێزخانەی ئێران و ڕۆژی ٢٢ی ژوییە خاکی ئوتریش بەجێ بێڵێ. ئێرانییەکی دی، بۆزۆرگیان ناوێک کە پاسدار بوو، ماوەیەک لە بنکەی پۆلیس ڕاگیرا، بەڵام دواجار حوکمی قۆڵبەستکردنی هەڵوەشایەوە و ئەویش توانی بگەڕێتەوە بۆ تاران. کەسی سێهەم، حاجی موستەفەوی لاجوەردیش، سەرۆکی دەزگای نهێنی (ناوخۆیی) لە کوردستان، توانی ئازادانە ئوتریش بەجێ بێڵێ.

بەڵگەیەکی ئاوارتە

ئەم گفتوگۆیانەی نێوان نێردراوانی تاران و سەرکردەکانی کورد لە لایەن بەشداربووانە تۆمار کراوە: کاسێتەکانی قاسملوو پاش ئەوەی لە لایەن پۆلیسی ئوتریشەوە دەستیان بەسەردا گیرا، ڕادەستی حدکا کران: عەبدوڵڵا حەسەن زادە، سکرتێری گشتیی حدکا، بە تایبەتی مۆڵەتی گوێگرتنی پێ داین. بەڵگەیەکی بەدەگمەنە: عەبدولڕەحمان قاسملوو لەوانەیە هەرگیز بە تێڕوانینێکی ڕاهێنەرانەی ئەوتۆ، بۆچوونی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی ئێران نەخستبێتە ڕوو. پرسیار و وەڵامەکانی ئەم لایەنە ئێرانییانە، بە دڵنیاییەوە ئاراستە دەکرێن، ئەوان پێیان وایە قسەکانیان هەرگیز لەقاو نادرێ، زۆر ڕاشکاوانە سایکۆلۆژی و شێوازی هزری بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەخەنە ڕوو کە لە نێوان چاوگەکانی چەمکگەلی سیاسی مۆدێرن و هی سەردەمی خەلافەتی عەلیدا هاتوچۆ دەکا.
ئاخۆ بکوژانی قاسملوو و هاوڕێ کوردەکانی، پاش بیستنی ئەم لێدوانانەی، بڕیاری لەناوبردنیان دان؟ یان بەر لە دەسپێکردنی قسەکانی، بڕیاری کوشتنیان دابوو؟ تەنیا شۆپاندنی پڕۆسەکە، دەتوانێ وەڵامی ئەم پرسیارانەمان بۆ ڕوون بکاتەوە. خوێندنەوەی ئەم بەڵگە ئاوارتەیە، ڕێگە بۆ ئەم سیناریۆیەی خوارەوە خۆش دەکا:
دەسەڵاتدارانی ئێران کە ئاگاداری ئەوە بوون جووڵانەوەی قاسملوو لە ئاکامی زەبرەکانی سوپای ئێران و دابەشبوونێکی نوێ (١٩٨٨) زۆر لاواز بووە و هەروەها ڕەنگە بە تێگەیشتن لە ویستی [قاسملوو] بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەک لە ڕێگەی وتوێژەوە بەوە هیوادار بووبن کە بە نیوەی داخوازییەکانی قایل بێ: یاسایی بوونی حزبەکەی. بەڵام قاسملوو پێداگری لەسەر ویستی ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان لە لایەن بەڕێوەبەرە نوێیەکانی ئێران دەکا (خومەینی ٤ی ژوئەنی ١٩٨٩ مردبوو)، شەوی ١٢ی ژوییەی ١٩٨٩، نێردراوەکانی تاران پاش یەکەم چاوپێکەوتن پەیوەندی بە بەرپرسانی خۆیانەوە دەگرن: دیارە فەرمان دراوە: "بیکوژن".
***
''سڵاوتان لێ بێ! ئێمە لەسەر ئەوە ڕێک کەوتووین ئەم دانوستانانە بە تەواوی نهێنی بمێننەوە"، سەحراروودی وا دەڵێ، چونکە "کۆمەڵێک دوژمن هەن نایانەوێ ئەم کێشانە چارەسەر بن"... سەحراروودی بە تایبەت ئاماژە بەوە دەکا: "تەنانەت لە نێوخۆی حکومەتی ئێرانیش، کەسانێک دژی ئەم دانوستانانەن؛ لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتیدا، مەحاڵە ڕاشکاوانە باس لەم کێشەیە بکەین".
عەبدولڕەحمان قاسملوو ڕاستەوخۆ دەچێتە سەر باسەکە:
"لە چاوپێکەوتنی دواییماندا، لەسەر دوو خاڵی سەرەکی قسەمان کرد:
- پەژراندنی پرسی ئۆتۆنۆمی.
- پرسی چالاکی ئازادنەی حزبەکەمان لە نێوخۆی وڵات.
ئێوە وەڵامتان دایەوە کە ئێستاکە کاربەدەستانی ڕژێم لەگەڵ پەژراندنی بنەمای ئۆتۆنۆمی دانین. سەبارەت بە خاڵی دووهەم، ئێمە بە تێروتەسەلی لە دەفتەری سیاسی قسەمان کرد: گەلۆ پێشمەرگەکان واز لە چەکەکانیان دێنن یاخود نا؟ دەفتەری سیاسی پێی وایە مەحاڵە چەکەکان ڕادەست بکرێن. ئێوە لەوە تێدەگەن کە پاش دە ساڵ شەڕ و ئەو هەموو قوربانییە، ئۆتۆنۆمی بۆتە سیمبۆلی داواکارییەکانمان. ئاخۆ پێویستە وشەیەکی تر بەکار بهێنرێ؟ ئەگەر ئێوە ناواخنی ئۆتۆنۆمیتان قەبوڵ بێ، بۆچی لەم وشەیە دەترسێن؟"
قاسملوو لەوە ناپرینگێتەوە کە خۆی وەک پیاوی ئۆتۆنۆمی پێناسە بکا - "وەچەی من، وەچەی دیموکراسی و ئۆتۆنۆمییە''- و بەردەنگەکانی بانگهێشت دەکا لەگەڵی دا درێژە بە وتوێژەکان بدا، هۆشداریشیان پێ دەدا:
"هەڵبەت، ئەگەر کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، ڕەنگە ئەمە ببێتە هۆی دابڕان لە ناوەند و جیاخوازی"...
سەحراروودی درێژە بە باسەکە دەدا: "ئەوە یەکەمجارە لە نێو خۆماندا باس لەوە دەکەین کە ئیسلام بیر لە کێشەی نەتەوەکان دەکاتەوە. لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانمان، ئێمە گوێ لە هیچ کەس ناگرین، نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژئاوا، ئێمە ئامادەین خۆمان لە پێناو بیروباوەڕمان بکەینە قوربانی."
نۆرە دەگاتەوە عەبدولڕەحمان قاسملوو: "دەمەوێ پێتان بڵێم من سەبارەت بە سەرجەم ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەردەم ڕاگەیاندنی ئۆتۆنۆمی ئاماژەتان پێدا، قایل نەبووم… ئێستا ئاغای خامنەیی و ئاغای ڕەفسەنجانی پێش‌نوێژی هەینی تارانن. ئەوان دەتوانن سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ڕوونکردنەوە بدەن".
پاشان قاسملوو بە وردی باس لە تیڕوانینی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆنۆمی دەکا:
"بۆ ئێمە چوار خاڵی سەرەکی لە ئارا دان:
- ئۆتۆنۆمی، واتە چڕنەبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەند.
- دووهەم خاڵی سەرەکی بۆ ئێمە، زمانی کوردییە. کوردی دەبێ ببێتە زمانی فەرمیی هەرێمە کوردییەکان.
- سێهەم گرفت، دەستنیشانکردنی سنوورەکانی هەرێمی ئۆتۆنۆمە. بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە فاکتەرە جوگرافی، ئابووری و لە هەمووی گرنگتر ویستی خەڵکی ئەو ناوچانەی کورد لێی دەژین، لەبەر چاو بگیرێ.
- خاڵی چوارەم بۆ گەلی کورد خاڵێکی سەرەکییە: دەبێ ئاسایشی نێوخۆیی هەرێمی کورد لە لایەن کوردەکانەوە بپارێزرێ.
ئەو چوار خاڵە گرنگەیە و ئێمە لەوە زیاترمان گەرەک نییە… ئەوەندەی پەیوەندی بە وەدیهاتنیانەوە هەبێ، ئێمە واقع‌بینین. بۆ نموونە، بۆ دیاریکردنی سنوورەکان، ناکۆکی چێ دەبێ. بەڵام کوردەکان ئامادە نین لە پێناو شتە لاوکییەکان شەڕ بکەن، ئەگەر شتە بنەڕەتییەکان پەسند بکرێن."
قاسملوو باسەکەی کۆ دەکاتەوە: "مەحاڵە وشەی "ئۆتۆنۆمی" بگۆڕدرێ. ئەم وشەیە واتایەکی سۆزداری و مێژوویی بۆ گەلی کورد هەیە. سیمبۆلێکە. وا هەست دەکەم ئێوە نێوەڕۆکەکەی دەپەژرێنن، بەڵام دەتانەوێ چاوپۆشی لە وشەکە بکرێ. کاتێک دەقێکی پیرۆزی ئیسلام دەخوێنینەوە، ناتوانین بێ گوتنی "بسم اللە الرحمن الرحیم'' دەست پێ بکەین. ئەوەش هەمان شتە، ئێوە نێوەڕۆکی ئۆتۆنۆمی پەسند دەکەن، بەڵام "بسم اللە الرحمن الرحیم'' نا."
ئێرانییەکان دەڵێن بەر لە دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان کە "هیوایەکی زۆریان ئافراندوە"، دەبێ پەیوەندی بە تارانەوە بگرن. پاشان لێک دادەبڕێن و دەڵێن بە مەبەستی دیاریکردنی سەعاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو واتە بەیانی، تەلەفۆن دەکەن.
لە دیدارەکەی تردا، ڕۆژی ١٣ی ژوییە، سەحراروودی دەڵێ پەیوەندی بە "برادەرانی" لە تارانەوە گرتووە.
"ئێوە دوێنێ گوتتان کە کاربەدەستانی ئێرانی دەتوانن لە وتاری نوێژی هەینیدا باسی ئۆتۆنۆمی بکەن… هەندێک گیروگرفت هەن کە کاربەدەستانی ئێران و ئیمامەکان دەتوانن لە بارەیانەوە بۆ خەڵک بدوێن. بەڵام پێویستە بگوترێ کە هەندێک کێشە هەن کە ئێمە بۆچوون و تێڕوانینی جیاوازمان لەسەریان هەیە."
پاشان سەحراروودی باسێکی دوور و درێژ و لاڕێ دەست پێ دەکا: "دیارە ئێمە کێشەی ترمان هەیە: ماوەی دە ساڵە مشتومڕێکی گەرم لەسەر ڕۆڵی بازاڕ لە ئارا دایە: هەندێک دەڵێن نابێ ڕێگە بدرێ ئابووری ئێران کۆنتڕۆڵ بکرێ و هەژاران وەک هاووڵاتی پلە دوو بە حیساب بێن. ئەو کات ئیمام [خومەینی] لە ژیان دابوو و دەیگوت ئیسلام لەگەڵ کاپیتالیزم و کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدا نییە، ئیسلام لە نێوەڕاستە، دەنگی سێهەمە و پەیڕەوی تایبەت بە خۆی هەیە! با ئاماژە بە نموونەی بازاڕی دەرەکی بکەم: یاساکان سێ جار لە مەجلیس خرانە ڕوو، بێ هیچ چارەسەرییەک… دواجار لە کۆتاییدا، ناچار بوون حەواڵەی جڤاتی دەست نیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی بکەن.
ئێستا با بێینەوە سەر باسی ئۆتۆنۆمی… هەر وەک مەسەلەی ئابوورییە: لەمبارەوە دوو ڕا هەن. بۆچوونێک سەردەمی حەزرەتی عەلی (جێنشینی محەمەد و چوارەم خەلیفە) بە بیر دێنێتەوە. حەزرەتی عەلی لە ناوەندی خەلافەتەوە حوکمڕانی دەکرد؛ بەڵام هەرێمی تریش هەبوون کە ناویان "ویلایەت" بوو، ''والی"ییەکان (حاکمەکان) لە چاو ئۆتۆنۆمی زۆر دەستیان ئاواڵاتر بوو. مەکتەبێکی تر هەیە کە دەڵێ ئەوە سەردەمی عەلی بوو و هەلومەرجی ئەمڕۆ جیاوازن: ئێمە بە دوژمن ئابڵۆقە دراوین، ئەو وڵاتانەی لە نێو ناتۆ دان، ڕژێمە کۆنەپارێزەکان، کە نا‌هێڵن ئۆتۆنۆمی لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا بمێنێتەوە. هەوڵ دەدەن بەرفراوانتری بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە دابڕان کۆتایی بێ. کەوابێ ئۆتۆنۆمی کێشەیەک نییە بە یەک دوو وتاری نوێژی هەینی چارەسەر بکرێ.
کێشەی دووهەم: حدکا دەیەوێ هەمان بارودۆخ بپارێزێ و لە هەمان کادا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دانوستان بکا؛ بەڵام بۆ ئەمەیان، دڵنیام کە پەسند ناکرێ."
سەحراروودی باسێکی تری ناپەیوەند دێنێتە گۆڕێ بۆ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە سیستەمی ئیسلامی چلۆن کار دەکا: "نموونەیەکی ترتان بۆ دێنمەوە: پەیوەندییە دەرەکییەکان. ئەمە بە درێژایی چەندین ساڵ، بەر لەوەی بڕیارێک بدرێ، گفتوگۆی لەسەر کرا. ئەگەر ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پچڕاندوە و نێوانمان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت خۆش کردوە، بڕیارێک نییە بە ڕۆژێک و دوان یان بە کەسێک و دوو کەس درابێ. گفتوگۆی لەسەر کراوە و دواجار، پاش زیاتر لە سێ ساڵ، دە ساڵ، یانزە ساڵ و هەروەها بە لە بەرچاو گرتنی بارودۆخی یەکێتی سۆڤیەت، بەو ئاکامە گەیشتووین لەگەڵ ئەوان ڕێککەوین. بۆچی؟ چونکە کێشەی ئەفغانستان، پاکستان، کەنداومان هەیە، چونکە لەگەڵ ڕۆژئاوا کێشەمان هەیە. کەوابێ ئۆتۆنۆمی، دەبێ بە درێژایی چەندین ساڵ گفتوگۆی لەسەر بکرێ. دڵنیام لە هەلومەرجێ ئێستادا، ئۆتۆنۆمی بەو شێوەیەی ئێوە باسی دەکەن، قەبوڵ ناکرێ." پاشان نۆرە بە حاجی مستەفەوی دەسپێرێ.
حاجی مستەفەوی: "بسم اللە الرحمن الرحیم… حزبە کۆمۆنیستەکان پشتیان بە تیۆری ناسیۆنالیزمی ستالین بەستووە. عەڕەبەکان دەڵێن: ئەمە تێڕوانینی ئێمەیە. پارتە سۆسیال دیموکراتەکان شێوازی چارەسەریی خۆیان هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێ، هێزە ئیسلامییەکان، کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا ڕاڤەیەکمان بۆ کێشەی نەتەوەکان نەبووە. ئەگەر بتوانین وا بکەین کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕوانگەی تیۆرییەوە بە شێوەیەکی جیدی بیر لەم کێشەیە بکاتەوە، ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە دەستەبەر دەبێ. هەڵبەت لە ئیسلامدا، پێغەمبەر و جێگرەوەکانی، ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆیان هەبووە. هیوادارم ڕژێم لەم کێشەیەدا قووڵ بێتەوە و لە نێوان ئەو شتەی پێی دەگوترێ نەریت و ئەوەی ئێوە داوای دەکەن، بتوانین شتێک بدۆزینەوە…
قاسملوو دەکەوێتە نێو قسەکانەوە وەک بڵێی نەتوانێ دۆخی بەردەنگەکانی پەسند بکا:
"ئێوە دەڵێن ئێستا پرسی سەرەکی ئەوە نییە کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ، بەڵکو چارەسەریی پەیوەندییەکانی نێوان حزب (حدکا) و کۆماری ئیسلامی ئێرانە: ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی داواتان لێ بکەین کێشەی ئۆتۆنۆمی چارەسەر بکرێ". پاشان قاسملوو بە تێروتەسەلی باسی ئەوە دەکا کە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ بە شێوەی جۆراوجۆر بەدی بێ: سەربەخۆیی، فیدراڵی و ئۆتۆنۆمی.
قاسملوو درێژە بە قسەکانی دەدا: "بۆ ئێمە پرسی سەرەکی ئەوەیە کە بزانین ئاخۆ کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێ بە ڕاستی کێشەی نەتەوەکان لە ئێران چارەسەر بکا. ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ بەڵێ، ئەوکات دەمانەوێ بزانین: کۆماری ئیسلامی چۆن دەیەوێ کێشەکە چارەسەر بکا؟ گەلۆ ئەو شێوازە سەربەخۆییە، فیدڕالیزمە یان ئۆتۆنۆمی؟ ئێمەی کورد، لانیکەمی داخوازییەکانمان هێناوەتە گۆڕێ. ئێمە فیدڕالیزمیشمان قەبووڵە. هەڵبەت، بە ڕای من، وەک چۆن کاتی خۆی لە ئیسلامدا جۆرێک لە فیدڕالیزم بوونی هەبوو، باشتر وایە پەیڕەوی لە فیدڕالیزم بکرێ و بۆ نموونە یەکێتی کۆمارە فیدڕاڵییەکانی ئێران پێک بهێنرێ. جا ئەگەر نە سەربەخۆیتان قەبوڵ بێ، نە فیدراڵیزم و نە ئۆتۆنۆمی، ئەوە مانای وایە چارەسەری کێشەی نەتەوەکانتان قەبوڵ نییە."
لە کۆتاییشدا دەڵێ: "رەنگە سبەی ڕۆژ بەشێکی تری ئێران داوای ئۆتۆنۆمی بکا؛ لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە نێوخۆییەکانی ئێران بە پرەنسیپ، بوێری پێویستە. یاسا دەبێ بۆ هەموان بێ، بۆ عەرەبەکان، بلووچەکان، تورکەمەنەکان و کوردەکان. ئەگەر لە ئەمڕۆوە نەتوانرێ ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێ، لە داهاتوودا دەبێتە کارەساتێک بۆ وڵاتەکەمان."
دوای باسێکی کورت، لایەنەکان بڕیاری چاوپێکەوتن بۆ سبەینێ دیاری دکەن. فازڵ ڕەسوڵ، نێوبژیوانی کوردی عێراقی، دێتە قسە بۆ ئەوەی باس لە دەرئەنجامی دۆخی دوو لایەنی بەرامبەر بکا و دەڵێ: "یان ئەوەتا دەگەنە ڕێککەوتنێک یان درێژە بە دیالۆگ دەدەن، بێ ئەوەی شەڕ بکەن. یان لەگەڵ بەردەوامبوونی شەڕ، درێژە بە دانوستانەکان بدەن، بەڵام باشتر وایە ئێستا بگەنە ڕێککەوتنێک: قۆناخەکە گونجاوە. لەوانەیە سێ ساڵی دیکە بارودۆخەکە بگۆڕدرێ، هاوسەنگی و ناهاوسەنگیی هێزەکان گۆڕانی بەسەردا دێ، هەلومەرج جیاواز دەبێ…"
ئەمانە دوایین وشەکانیانن... دەنگی جوڵانی کورسی و مێزەکان دەبیسترێ... دواتر دەنگێک وەک چوار تەقەی کپ - تەقە بە ئامرازی چەکی بێدەنگ؟.. پاشان هیچ نابیسترێ... کاتێک پۆلیس لەسەر هۆشداریی جیرانەکان کە لە لایەن سەحراروودییەوە - دیارە ئەویش بریندار ببوو -  ئاگادار کرابوونەوە، دەچنە نێو ئاپارتمانەکەوە، چاویان بە تەرمی سێ کورد دەکەوێ...

 (لۆمۆند، یەکی ژانوییەی ١٩٩٨)
(فرانکفۆرتەر ئاڵگماینێ، ١٩ی ژانوییەی ١٩٩٨)
(دێر ستاندارد، ٣٠ی ژانوییەی ١٩٩٨)

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر