۱۳۹۵/۰۵/۰۵

وتوێژێک لەگەڵ بەشی تورکی ئاژانسی فرات



نۆشاتێل/ ئاژانسی فرات – سەرکان دێمیرێل

جارجارە قەڵەم دەگریتە دەست و دەتەوێ بە ڕۆمان، هەقایەت و چیرۆک ژیانی مەنفا بگێڕیتەوە، جارجارەش ئەوە مەنفایە بۆ گواستنەوەی فەرهەنگ و وێژە جیاوازەکان بۆ وڵاتەکەی خۆت پردت بۆ ساز دەکا. سەلاحەدین بایەزیدی کە لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار بووە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بهێڵێ و لە سویس لە مەنفا دەژی، لە زمانی فەرەنسییەوە کە دواتر فێری بووە، کتێب وەردەگێڕێ.
سەلاحەدین بایەزیدی کە بە هۆی کێشەگەلی سیاسییەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی جێ هێشتووە، لە ساڵی ٢٠٠٧ بەولاوە بە ناچاری لە سوییس دەژی، لە مەنفا ناچار بووە زمانی فەرەنسی فێر بێ و لەو زمانەوە سێ کتێبی بۆ سەر زمانی دایکی واتە کوردی شێوەزاری سۆرانی وەرگێڕاوە، بەم شێوەیە دەیەوێ کەمێکیش بێ ئەدەبیاتی سوییس بۆ کوردستان بگوازێتەوە.
سەلاحەدین بایەزیدی کتێبەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ"ی نووسەرێکی سوییسی بە ڕەچەڵەک هەنگاری کە بە فەرەنسی نووسیویەتی و وەک خۆی لە مەنفا ژیاوە، کردووەتە کوردی. لەم وتوێژەدا سەبارەت بە وەرگێڕان و ژیانی مەنفا قسەمان کرد.

دەکرێ هەندێک خۆتان بناسێنن؟  

خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم، مناڵیم و بەشێک لە گەنجێتیم لەوێ تێ پەڕیوە. وەک پارچەکانی دیکەی کوردستان، ئێمەش بە ساڵان لە هەموو ڕوویەکەوە لە بن گوشاری ڕژێمی ئاخوندی ئێران دابووین و خەڵکی ڕۆژهەڵات هێشتا لەو دۆخەدا دەژین. هیچ ئاسان نەبوو هەوڵ بدەین وەک کورد لە خاک و زێدی خۆمان بژین. ئێمەش لە هەموو ڕوویەکەوە هەستمان بە ترس لە ڕژێمی ئێران کرد، ئەم ترس و خۆفە لە زمانی دایک ڕا بگرە تا پاراستنی بەها فەرهەنگییەکانمان لە زۆر بوارەوە خۆی نواند و هەروا خۆی دەنوێنێ. هەر لە تەمەنی مناڵییەوە حەزم لە خوێندنەوە بوو. ئەو کاتانەی لە مەهاباد دەمخوێند، دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کلاسیکی دونیا. کە ئەو کتێبانەم بە فارسی دەخوێندەوە بەردەوام هەستم بە کەموکوڕییەک دەکرد و ئەودەم زۆرم بیر لەوە دەکردەوە بۆچی ئەم کتێبانە بە کوردی نین. هەر لەو تەمەنەوە بیرم لەوە دەکردەوە ئەگەر ڕۆژێک لە ڕۆژان دەرفەتێکم بۆ بڕەخسێ ئەم کتێبانە بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕم. ئەوکات لە عێراقەوە گۆڤار و کتێبی کوردی بە دزی دەهاتن. هەرچەند خوێندنەوەیان قەدەغە بوو بەڵام هەرچەشنە مەترسییەکمان دەگرتە بەرچاو و ئەو کتێبانەمان دەست دەخست و دەمانخوێندنەوە. هەرچەند کوردی قسەکردن لە ئێران قەدەغە نەبوو بەڵام کەسێک ئەگەر کوردی باش بزانیبا و لە ژیانی ڕۆژانەدا زمانێکی پاراوی بەکار هێنابایە، بە جۆرێک لە جۆرەکان پەنجەی تۆمەتی بۆ ڕادەکێشرا. لە وەها فەزایەکدا ئەو شتانەی ڕژێم بەسەر تۆ و گەلەکەتیدا دەسەپێنێ، تا دێ بەرگەگرتنی بە لاتەوە ئەستەم تر دەبێ. هەلومەرجی ژیانی منیش بە هۆی ئەم چالاکییانەوە دژوار و مەحاڵ بوو.

ئەی پاشان چیتان کرد؟  

پاش تێپەڕاندنی چەند قۆناغێکی تر، ساڵی ٢٠٠٤ چوومە باشووری کوردستان و تا ساڵی ٢٠٠٧ لە ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەدا لەوێ کارم کرد. سەرەتا کە چوومە ئەوێ پێم وابوو ئاسانکارییەکی زۆرم لەبەردەمدا دەبێ. چونکە هەرچی بێ وڵاتی خۆم بوو و دەمتوانی خەیاڵی نووسینی هەواڵ و وتار بە زمانی دایک لە کردەوەدا پێک بێنم. ئەمە بە لای منەوە زۆر گرنگ بوو. لە ماوەی ئەو سێ ساڵەی کە لەوێ مامەوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاریم بۆ مانەوە و نیشتەجێبوون پێشکەش کرد، بەڵام هیچ ماف یاخود ناسنامەیەکم پێ ڕەوا نەبینرا. بە واتایەکی دیکە لە وڵاتی خۆم سێ ساڵ بە قاچاغ ژیام. لەوێ ڕاشکاوانە بۆم دەرکەوت بۆ گەشەپێدان و پێشخستنی زمانی کوردی لە لایەن دەسەڵاتەوە هەوڵ و تەقەڵڵایەکی ئەوتۆ نادرێ. هاوکات لە باشووری کوردستان زیاتر کارم لەسەر زمانی تورکی کرد کە پێشتر ئاشناییەکی باشم لەگەڵیدا هەبوو و دەستم بە وەرگێڕانی وتار و نووسینی گۆشەنووسانی تورک بە زمانی کوردی کرد، هەر لە چوارچێوەی وەرگێڕان لە زمانی تورکییەوە، دواجار کتێبێکی ییڵماز گونەی بە ناوی "چیرۆک بۆ کوڕەکەم" وەرگێڕایە سەر زمانی کوردی. دواتر، بە هۆی ئەوەی لەوێ هیچ مافێکی نیشتەجێبوونم نەبوو و نەشمدەتوانی بگەڕێمەوە بۆ ئێران، کۆتاییەکانی ٢٠٠٧ هاتمە سویسرا.

یانی بە واتایەکی تر پێتان وایە ژیانی مەنفا دەستی پێکرد؟  

بەڵێ، ژیانی مەنفا لە سویسرا دەستی پێکرد. دواجار تۆ لە خاکی خۆت ناژیت و دامەزراندنەوەی ژیان لە نێو کۆمەڵگەیەکدا کە نامۆیت و شارەزای زمان و فەرهەنگەکەی نی، بۆ من بە هیچ شێوەیەک ئاسان نەبوو. هەر کە هاتمە سویسرا، یەکسەر داوای پەنابەرێتی سیاسیم کرد، پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ پێناسی جۆری "ئێف"یان پێدام کە لە نێو خۆماندا زیاتر بە مافی نیشتەجێبوونی تیرۆر ناسراوە. سویسرا بە پێدانی ئەم جۆرە لە مافی نیشتەجێبوون بە من، هاوکات سووکایەتی بە کەسێتی و ڕامانم کە لاگرییە لە ئازادی گەلان، کردووە. ئەوەی ڕاستی بێ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخەوە جارێکی تر ئەم ڕاستییەم بۆ دەرکەوت کە ئەگەر لەسەر خاکی خۆت بە ئازادی نەگەی، گەڕان بە دوای ئازادی لە شوێنێکی دیکە هیچ واتایەکی نییە چونکە ئاریشەکان دژ بە خۆت و بیروڕامانت لە هیچ کوێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نایە. لەبەر ئەوەی جگە لە پەسندکردنی ئەم ناسنامەیە کە پێیان وابوو هەقێکە و بە من ڕەوا بینراوە، ڕێگەچارە و شانسێکی ترم نەبوو، ناڕەزایەتیم دەرنەبڕی. بڕیارم دا مادام لەم وڵاتە دەژیم و بۆ ئەوەی بەو کەسەی منی بە تیرۆریست ناسیوە بسەلمێنم تیرۆریست نیم و هەروەها بۆ ئەوەی خزمەت بە زمان و گەلەکەم بکەم، بەو دەرفەتەی سنووردارەی پێیان دام بە دوای فێربوونی زمانی فەرەنسی و وەرگێڕان لەو زمانەوە بکەوم.

کەوایە ڕێگەی وەرگێڕانتان بەمجۆرە گرتە بەر؟ 

 پاش پێدانی ئەمجۆرە لە مافی نیشتەجێبوون لە زانکۆی نۆشاتێل، بەشی زمان و شارستانیەتی فەرەنسی ناوی خۆم تۆمار کرد. پاش خوێندنی دوو تێرم، بە ئاستێک لە زمانی فەرەنسی گەیشتم و دەستم کرد بە خوێندنەوەی ڕۆمانی فەرەنسی. لە نێو ئەم ڕۆمانانەدا هەرە زێدە سێ ڕۆمانی ئاگۆتا کریستۆف ژنەنووسەری سویسریی بە ڕەگەز هەنگاری بە ناوەکانی "دەفتەری گەورە"، "بەڵگە" و "سێهەم درۆ" کاریگەرییان لەسەر دانام. وەرگێڕانی کتێبەکانی ئاگۆتا بۆ من گرنگ بوو چونکە ئەویش وەک من ئاوارە ببوو، ڕووی کردبووە سوییس و لە هەلومەرجی سەخت و دژواردا فێری فەرەنسی ببوو و دواتر بەو زمانە کتێبەکانی نووسیبوو. دواجار بڕیارم دا ئەم سێ ڕۆمانەی ئاگۆتا کریستۆف بکەمە کوردی. پاش هەوڵ و ماندووبوونێکی بێ وچان سێ کتێبەکەم وەرگێڕا و لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چاپم دان.

وەرگێرانی کتێبەکانی نووسەرێک کە خۆی لە مەنفا ژیابێ، دەبێ هەستێکی جیاوازی لای ئێوە دروست کردبێ؟

وایە، لەگەڵ ئاگۆتا کریستۆف هاوکات زۆر خاڵی هاوبەشم هەیە. ئەویش زۆر لەمەوپێش بە هۆی جەنگ لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ سوییس هێناوە و لێرە سەرباری ژیان لە کارگە، فێری زمانی فەرەنسی بووە و دواتر بۆ ئەوەی بۆچوونەکانی بێنێتە زمان، بڕیاری داوە بنووسێ. سەرەتا هیچ بایەخی پێ نەدراوە و پاش ئەوەی بۆتە نووسەر، قەدریان زانیوە و پاش مەرگی بە نووسەرێکی سوییسی لە قەڵەم دراوە. بەڵام ئاگۆتا کریستۆف، زمانی فەرەنسی کە دواتر فێری بووە بۆ ئەوەی ڕۆمانەکانی بەم زمانە بنووسێ، بە "زمانی دوژمن" لە قەڵەم دەدا و پێی وایە زمانێکە وای کردووە زمانی دایکی فەرامۆش بکا. هەبوونی زۆر خاڵی هاوبەش دوو ئەوەندە لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمەکانی پێداگریان کردم.

ئامانجی سەرەکیتان لە وەرگێڕان چییە؟ 

بەر لە هەموو شتێ بیر لە گەشەپێدانی زمانی کوردی دەکەمەوە. بە هەموو زاراوەکانییەوە. زاراوەکانی زمانی کوردی دەوڵەمەندییەکی گەورەن. دیارە بە سۆرانی کاری وەرگێڕان دەکەم، چونکە بەسەر ئەو زاراوەیەدا پتر زاڵم. ئەگەر هەست بە دەوڵەمەندیی زمانی کوردی بکەی، لەم پێناوەدا دەتوانی باشتر خزمەت بکەی. من لە ڕێگەی وەرگێرانەوە دەمەوێ بۆ گواستنەوەی ئەدەبیاتی ئەو وڵاتەی لێی دەژیم بۆ کوردستان ڕۆڵی پرد ببینم. لەوانەیە لە هەندێک ڕووەوە لە دەسپێکی ڕێگە دابم بەڵام بیر لەوە دەکەمەوە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر درێژە بەم ڕۆڵە بدەم. بۆ ئەوەی ئەم پرسیارەی من لە مناڵیدا لە خۆمم دەکرد کە بۆچی ئەم کتێبە بە کوردی نییە، چیتر دووپات نەبێتەوە، درێژە بە خەباتی وەرگێڕان دەدەم.

ئایا بێجگە لە وەرگێڕان بە خەباتی تریشەوە سەرقاڵن و وەرگێڕان چ کارتێکەرییەکی لەسەر ژیانی ئێوە لە مەنفا داناوە؟ 

بێجگە لە کاری وەرگێڕان بۆ ماڵپەڕێکی ئەنتەرنێتی دەنووسم کە بە دوو زمانی کوردی و فارسی وەشان دەکا. ئێسە خەریکی وەرگێڕانی ڕۆمانێکی حەلیم یوسفم بە ناوی "کاتێک ماسییەکان تینوو دەبن". وەرگێڕان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی من لە هەندەران داناوە. بتەوێ و نەتەوێ هەموو ڕۆژێ تاسەیەکی پتری نیشتیمان کاریگەریی لەسەر قەڵەمەکەت دادەنێ. تاسەی فەرهەنگ و وڵات لەو مرۆڤانەی لە غوربەت دەژین، پتر سەرهەڵدەدا و لەوانەشە ژانی بێ ناسنامەیی منی لە ڕێگەی وەرگێڕانەوە گەیاندبێتەوە نیشتیمان.

ئاگۆتا کریستۆف کێیە؟

ئاگۆتا کریستۆف ٣٠ی ئۆکتۆبری ١٩٣٥ لە هەنگاریا لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٦، لەگەڵ مێردەکەی و مناڵە چوار مانگەکەی لەبەر هۆکاری سیاسی لە هەنگاریا ڕایان کردووە و لە سوییس بوونەتە پەنابەر. کریستۆف لە سوییس، لە لایەکەوە لە کارگە ئیشی کردووە و لە لایەکی ترەوە خووی داوەتە فێربوونی زمانی فەرەنسی و دواتر بە زمانی فەرەنسی دەستی بە نووسین کردووە. کریستۆف بە هۆی ڕۆمانەکانییەوە ناوبانگێکی جیهانی دەرکردووە و ڕۆژی ٢٧ی ژوییەی ٢٠١١ لە شاری نۆشاتێلی سوییس کۆچی دوایی کردووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر