۱۳۹۵/۰۴/۱۳

هۆ دزەکە، دزەکە، کامەیە ژیانی تۆ؟


ژ. م. گ. لۆ کلێزیۆ
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بێژە پێم، گشتی چلۆن دەستی پێ کرد؟

نازانم ئەز، نازانم ئیتر، زۆر زۆر لەمێژە، ئێستا چیتر بیرەوەرییم لە کات نەماوە، ئەوە ژیانی منە. من لە پورتوگال لەدایک بووم، لە ئەریسێیرا، ئەودەم گوندێکی بچووکی ماسیگرەکان بوو، نزیک لیسبۆن، سپی سپی لە سەرووی دەریا. پاشان باوکم لەبەر هۆکارگەلی سیاسی ناچار ما ئەوێ جێ بهێڵێ و، لەگەڵ دایکم و پوورم لە فەرەنسا نیشتەجێ بووین، منیش هەرگیز چاوم بە باپیرم نەکەوتەوە. ڕێک دوای جەنگ بوو، پێم وابێ ئەوکات مرد. وەلێ باش ئەوم بە بیر دێ، پیاوێکی ماسیگر بوو، هەقایەتی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام ئێستا بە گشتی چیتر بە پورتوگالی قسە ناکەم. دواتر، وەک بەردەستی بیناساز لەگەڵ باوکم کارم کرد، پاشان باوکم مرد، دایکیشم ناچار بوو مل بداتە بەر کار، منیش لە کۆمپانیایەک دامەزرام، بە نۆژەنکردنەوەی ماڵە کۆنەکان ڕادەگەیشتین، عەیبی نەبوو. ئەوکات، من وەک هەمووان بووم، کارێکم هەبوو، زەماوەندم کردبوو، دۆست و هاوڕێم هەبوون، بیرم لە بەیانی نەدەکردەوە، بیرم لە نەخۆشی نەدەکردەوە، فکرم بۆ ڕووداو و شتی وا نەدەچوو، زۆرم کار دەکرد و پارە کەم بوو، بەڵام نەمدەزانی بەخت یارمە.
پاشان لە بواری کارەبادا بوومە پسپۆڕ، من ڕەوتە کارەباییەکانم نۆژەن دەکردەوە، ئامرازەکانی ماڵەوە و ئامرازەکانی ڕووناکاییم جێگیر دەکرد، کێبڵەکانم چاک دەکرد. ئەم شتانەم بە دڵ بوو، کارێکی خۆش بوو. ئەمانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمێکی هێند دوور کە جار نا جارێ لە خۆم دەپرسم تۆ بڵێی ڕاست بووبن، بڵێی کتومت بەمجۆرە بووبن، تۆ بڵێی زیاتر خەونێک نەبن ئەودەم بۆ خۆمم هەڵبەستبن، ئەو دەمەی هەموو شتێک ئارام و ئاسایی بوو، ئەو دەمەی ئێواران سەعات حەوت دەگەڕامەوە ماڵێ و کە دەرگام دەکردەوە هەستم بە هەوای گەرمی ماڵەکە دەکرد، گوێم لە قیژەقیژی مناڵان دەبوو، دەنگی ژنەکەمم دەبیست، ئەو بەرەو پیرم دەهات، ڕایدەمووسیم، بەر لە نانی شەو لەسەر قەرەوێڵەکە ڕادەکشام، چونکە هیلاک بووم، ئینجا چاوم دەبڕییە بن میچی ژوورەکە و لەو پەڵە سێبەرانەی سەرپۆشی گڵۆپەکان چێیان دەکرد، ورد دەبوومەوە. بیرم لە هیچ نەدەکردەوە، ئەوکاتانە داهاتوو لە گۆڕێ نەبوو، ڕابردووش هەروا، نەمدەزانی بە بەختم.

ئەی ئێستا؟

ئاخ، ئێستا هەموو شتێک گۆڕاوە. کارەسات لەوە دایە ئەم گۆڕانکارییە لە چاوترووکانێکدا ڕووی دا، کاتێ بێکار مامەوە، چونکە کۆمپانیاکە هەرەسی هێنابوو. گوتیان بەرپرس تا قوڕگ چۆتە نێو قەرزان، هەموو شتێ دەگرێو نرابوو. دواجار، خاوەنکار ڕۆژێک بێ ئاگاداری پێشوەخت ڕای کرد، سێ مانگ مووچەمان پێ قەرزدار بوو و چەند ڕۆژێک بوو پێشوەخت بڕە پارەی کارێکی وەرگرتبوو. ڕۆژنامەکان لەم بارەوە دەدوان، بەڵام جارێکی تر نە چاومان بە خۆی کەوتەوە و نە بە پارە. بەمجۆرە هەموومان دەست بەتاڵ ماینەوە، دەتگوت کوونێکی گەورەیە و هەموومان کەوتووینەتە ناوی. نازانم ئەوانی تر چیان بەسەر هات، پێم وایە چوونەتە شوێنی تر، خەڵکانێکیان دەناسی کە دەیانتوانی یارمەتییان بدەن. سەرەتا پێم وابوو هەموو شتێک جێبەجێ دەبێ، پێم وابوو بە سانایی دیسان کارێک دەدۆزمەوە، لێ هیچ شتێک لە گۆڕێ نەبوو، چونکە خاوەن کۆمپانیاکان کەسانی زگورتی و بێگانەکان دادەمەزرێنن، ئاوا کەی پێیان خۆش بوو بە ئاسانی لە کۆڵ خۆیانیان دەکەنەوە. بۆ کاروباری کارەباییش، بڕوانامەی پیشەییم نەبوو، ئاواش کەس کاری پێ نەدەدام. بەمجۆرە مانگ تێپەڕین و من هەروا بەتاڵ و حەتاڵ، تێرکردنی زگی کوڕەکانم و دابینکردنی پارەی پەروەردەیان ئەستەم بوو، ژنەکەم نەیدەتوانی کار بکا، دۆخی تەندروستی نالەبار بوو، تەنانەت پارەمان شک نەدەبرد دەوا و دەرمانی پێ بکڕین. پاشان یەکێک لە هاوڕێیانم کە تازە زەماوەندی کردبوو، کارەکەی بە قەرز پێ دام، منیش چوومە بەلژیک و سێ مانگ لەوێ کارم کرد، لە کوورە بەرزەکاندا. ئەستەم بوو، نەخاسمە کە دەبوایە بە تاقی تەنیا لە هۆتێل بژیم، بەڵام پارەیەکی باشم دەست کەوت و بەم پارەیە توانیم ئۆتۆمبێلێک بکڕم، بارهەڵگرێکی بچووکی جۆری پێژۆ، ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستاش هەمە. ئەودەم، بە خۆمم دەگوت بەو بارهەڵگرە بچووکە ڕەنگە بتوانم کەلوپەلی بیناسازی بگوازمەوە، یاخود بچمە بازاڕ و سەوزە و شتی وا بێنم. بەڵام دواتر، دۆخەکە گەلەک دژوارتر بوو، چونکە هیچم بە دەستەوە نەمابۆوە، تەنانەت سەرجەم پشتیوانییە ماددییەکانم لە کیس چوو. خەریک بوو ماڵ و مناڵ لە برسان بمرن. دوای ئەمە بوو لەگەڵ خۆما بڕیارم دا. سەرەتا بە خۆمم گوت شتێکی کورتخایەنە، بەس تا ئەو کاتەی پارەیەکم دەست دەکەوێ، تا ئەو کاتەی چاوەڕوانم. ئێستا، ئەوە سێ ساڵ تێ پەڕیوە، دەزانم ئیتر ناگۆڕدرێ.
ئەگەر ژنەکەم و مناڵەکان نەبوایەن، ڕەنگە توانیبام سەرهەڵبگرم، چووزانم، ڕەنگە چووبامە کەنەدا، ئوسترالیا، هەر شوێنێ بێ، شوێن گوڕکێم کردبا، ژیانم گۆڕیبا…

ئاخۆ ئەوان دەزانن؟

مناڵەکانم؟ نا، نا، ئەوان هیچ نازانن، ناکرێ پێیان بگوترێ، هێشتا زۆر بچووکن، تێ ناگەن باوکیان بۆچی بۆتە دز. سەرەتا، نەمدەویست بە ژنەکەم بڵێم، دەمویست پێی بڵێم دواجار ئیشێکم دۆزیوەتەوە، پاسەوانی شەوانەی بیناکانم، بەڵام گشت ئەو شتانەی دەبینی کە دەیانهێنمەوە ماڵێ، تەلەفزیۆنی جۆراوجۆر، تەسجیل و ڕادیۆ، کەرەستەی ماڵەوە، کەلوپەلی ڕازاندنەوەی ماڵ، قاپ و قاچاغی زیو، چونکە هەموو ئەمانەم لە گەراج لەسەر یەک کەڵەکە دەکرد و، ئەو دواجار هەستی بە شتێک کرد. هیچی نەگوت، بەڵام باش دەمبینی لە شتێ بە گوومانە. دەیتوانی چ بڵێ؟ لەو خاڵەی پێی گەیشتبووین، هیچمان نەبوو لە کیسی بدەین. یان ئەمە یان سواڵکەری لە کووچە و کۆڵانان… هیچی نەگوت، نەخێر، بەڵام ڕۆژێک لە کاتێکدا بارەکانم لە ئۆتۆمبێلەکە دادەگرت و چاوەڕوانی کڕیار بووم، هاتە گەراجەکە. دەسبەجێ کڕیارێکم دۆزیبۆوە، دەزانی، کڕیارەکە بێ ئەوەی مەترسی بگرێتە بەر چاو، قازانجێکی باشی دەست دەکەوت. ئەو دووکانێکی کەرەستەی کارەبایی و هی ماڵەوەی لە نێو شار هەبوو، دووکانێکی تری عەنتیکەفرۆشیشی لە شوێنێکی تر هەبوو، پێم وابێ لە دەوروبەری پاریس. گشت ئەمانەی بە نرخی دەستی دوو دەکڕی. بۆ کەرەستەی عەنتیکە، پارەیەکی زیاتری دەدا، بەڵام هەموو شتێکیشی وەرنەدەگرت، دەیگوت دەبێ شایانی ئەوە بێ خۆت تووشی سەرئێشە بکەی، ئاخر مەترسیدار بوو. ڕۆژێک، ڕەتی کردەوە سەعاتێکی دیواریم لێ بکڕێ، سەعاتێکی کۆن بوو، گوتی تەنیا سێ چوار سەعاتی لەم جۆرە لە دونیادا هەن و بۆی هەیە خۆی پێوە بکا. بۆیە سەعاتەکەم دا بە خێزانەکەم، بەڵام ئەو بە دڵی نەبوو، پێم وایە چەند ڕۆژ دواتر سەعاتەکەی خستە نێو زپڵەوە. ڕەنگە لێی ترسابێ. بەڵێ، دەمگوت، ئەو ڕۆژە لە کاتێکدا بارهەڵگرەکەم بەتاڵ دەکرد، هات، سەیرێکی کردم، بزەیەکی هاتە سەر لێو، بەڵام هەستم دەکرد لە ناخەوە غەمبارە، بەس پێی گوتم، باش لە بیرمە گوتی: مایەی مەترسی نییە؟ شەرم دایگرتم، پێم گوت نا و داوام لێکرد بڕوا چونکە کڕیارەکە دەهات و حەزم نەدەکرد ژنەکەم ببینێ. نەخێر، پێم خۆش نییە مناڵەکانم بەمە بزانن، هێشتا زۆر بچووکن. پێیان وایە وەک پێشوو کار دەکەم.
ئێستا پێیان دەڵێم شەوکارم و بۆیەش دەبێ شەوانە بچمە دەرێ و بەشێکی ڕۆژ بنووم.

ئەم ژیانەت خۆش گەرەکە؟

نەخێر، سەرەتاکان بە هیچ شێوەیەک حەزم لێی نەبوو، بەڵام ئێستا، چم لە دەست دێ؟

هەموو شەوێ دەچیتە دەرەوە؟

دیار نییە. پەیوەندیی بە شوێنەکانەوە هەیە. گەڕەکی وا هەن بە درێژایی هاوین کەسیان لێ نییە، گەڕەکی واشە زستانان. جاری وایە بۆ ماوەیەکی زۆر دەرناکەوم، دەبێ چاوەڕێ بمێنمەوە، چونکە دەزانم مەترسی ئەوە هەیە خۆم بە دەستەوە بدەم. بەڵام جاری وایە لە ماڵەوە پێویستیمان بە پارە هەیە، بۆ جلوبەرگ، بۆ دەوا و دەرمان. یان دەنا دەبێ کرێ خانوو و پارەی کارەبا بدەی. دەبێ جێبەجێیان بکەم. بە دوای مردووەکاندا دەگەڕێم.

مردووەکان؟

بەڵێ، بڕوانە، ڕۆژنامە دەخوێنیتەوە و کە بینیت کەسێک مردووە، کەسێکی دەوڵەمەند، دەزانی ڕۆژی بەخاک سپاردنەکەی دەتوانی سەردانی ماڵەکەی بکەی.

بە گشتی وا دەکەی؟

دیار نییە، بێ پەیڕەو و ڕێسایە. کاری وا هەن بەس بە شەو ئەنجامیان دەدەم، ئەگەر لە گەڕەکی چەپەک هەڵکەوتبن، چونکە دەزانم سەرئێشەم نابێ. هەندێک جار دەتوانم ئەمە بە ڕۆژ بکەم، دەوروبەری سەعات یەکی پاش نیوەڕۆ. بەگشتی، حەز ناکەم بە ڕۆژ ئەم کارە بکەم، چاوەڕوانی شەو دەمێنمەوە، تەنانەت کازیوەی بەیانی، دەزانی، ئاوا دەوروبەری سەعات سێ و چوار، باشترین ساتەوەختە، چونکە هیچ کەس لە شەقامەکان بەدی ناکرێ، تەنانەت پۆلیسەکان لەو سەعاتەدا دەخەون. بەڵام هەرگیز سەر بە ماڵێک داناکەم ئەگەر کەسێکی تێدا بێ.

چۆن دەزانی کەسی لێ نییە؟

یەکسەر هەست پێ دەکرێ، هەڵبەت ئەگەر ڕاهاتبی. تەپ و تۆزی بەردەم دەرگا، یاخود گەڵای وەریو، یان دەنا ڕۆژنامەی کەڵەکەکراوی نێو سندووقی پۆست.

بە دەرگادا دەچیتە ژوورەوە؟

ئەگەر ئاسان بێ، بەڵێ، قفڵەکە دەشکێنم، یان دەنا کلیلێکی تەزویر بەکار دێنم. ئەگەر ئەمەش نەبوو، هەوڵ دەدەم لە پەنجەرەڕا بچمە ژوورێ. چوارچێوەیەکی دەبڕم و بەوێدا وە ژوور دەکەوم. بەردەوام دەستەوانە لە دەست دەکەم تاکوو شوێن پەنجەم جێ نەمێنێ، هەروەها بۆ ئەوەی خۆم بریندار نەکەم.

ئەی دەزگای ئاگادارکەرەوە؟

ئەگەر ئاڵۆز بێ، وازی لێ دێنم. بەڵام بە گشتی، کۆمەڵێ ئامرازی سادەن، هەر بە چاوخشاندنێک دەیانبینی، ئەوەندە بەسە کێبڵەکان بپچڕی.

پێت باشە چی لەگەڵ خۆتدا ببەی؟

دەزانی، کاتێک سەرت دادەخەیت و پێ دەنێیتە ماڵێکی نەناسراو، نازانی چی دەدۆزیتەوە. دەبێ پەلە بکەی، پەلە و بەس، بۆ ئەوەی نەکا کەسێک شوێن پێی هەڵگرتبی. بۆیە چ شتێک شایانی هەبێ و بێ کێشە بێ، هەڵیدەگری، تەلەڤزیۆن، تەسجیل، کەلوپەلی ماڵەوە، یان دەنا قاپ و قاچاغی زیو، کەرەستەی ڕازاندنەوەی ماڵ، تابلۆ و ئینجانە و پەیکەرە بەو مەرجەی زۆر قورس نەبن.

ئەی گەوهەر؟

نا، بەو شێوەیە نا. دیارە کاتێک خەڵک دەڕۆن، گەوهەرەکانیان لە پاش خۆیان جێ ناهێڵن. بوتڵە شەرابیش سەرنج ڕاکێشن، باش دەفرۆشرێن. بێجگە لەمەش، خەڵک زۆر گوێ بە عەمبارەکانیان نادەن، قفڵی پتەوی لێ نادەن و بەو شێوەیە چاودێری ناکەن بزانن چ ڕوو دەدا. پاشان، دەبێ هەموو شتێک خێرا بار بکەیت و بڕۆی. بەختەوەرانە من ئۆتۆمبێلێم هەیە، بێ ئەم ئۆتۆمبێلە نەمدەتوانی وەها کارێک بکەم. ئەگینا دەبوایە ببمە ئەندامی دەستەیەک و ببامە چەتەیەکی ڕاستەقینە و ئا. بەڵام حەزم لەوە نییە، چونکە پێم وایە ئەوان زیاتر بۆ خۆشی ئەم کارە دەکەن نەک لە ڕووی ئاتاجەوە، دەدزن بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بن، هەموو هەوڵیان دەخەنە گەڕ، دزی گەورە دەکەن، کەچی من بۆ بژیوی ژیانم ئەم کارە دەکەم، بۆ ئەوەی ژنەکەم و مناڵەکانم پارووە نانێک و جلوبەرگیان هەبێ، بۆ ئەوەی مناڵەکانم بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن و پیشەیەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. ئەگەر سبەی ئیشێک بدۆزمەوە، دەسبەجێ واز لە دزی دێنم، دەتوانم سەر لە نوێ بە ئارامی بگەڕێمەوە ماڵێ، ئێواران بەر لە خواردنی نانی شێوان لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕادەکشێم، سەیری پەڵە سێبەرەکانی بن میچی دەکەم، بێ ئەوەی بیر لە شتێک بکەمەوە، بێ ئەوەی بیر لە داهاتوو بکەمەوە، بێ ئەوەی لە شتێک بترسم… نووکە، هەست دەکەم ژیانم پووچەڵە، لە پشت هەموو ئەمانەوە، شتێک بەدی ناکرێ، وەک دیکۆڕێک. ماڵەکان، خەڵک، ئۆتۆمبێل، هەست دەکەم هەر هەموویان دەستکرد و تەزویرن و ڕۆژێک پێم دەڵێن گشت ئەمانە کۆمێدیایە و هی کەس نییە. ئینجا، بۆ ئەوەی بیر لەمە نەکەمەوە، پاش نیوەڕوان دەچمە سەر شەقام، هەڕەمەکی ڕێ دەبڕم، دەڕۆم، دەڕۆم، لە ژێر تیشکی خۆر و دڵۆپی باراندا، هەست دەکەم بێگانەیەکم، وەک بڵێی هەر ئێستا بە شەمەندەفەر هاتبم و لەم شارە کەس نەناسم، کەس.

ئەدی هاوڕێکانت؟

ئەها، دەزانی، کە گرفتێکت تووش بوو، کاتێ زانیان کارەکەت لەدەست داوە و چیتر پارەت نەماوە، سەرەتا زۆر دڵسۆزن، بەڵام پاشان لەوە دەترسن بچیت و داوای پارەیان لێ بکەی، ئەوکات… تۆ زۆر سەرنجی پێ نادەی و ڕۆژێک بۆت دەردەکەوێ کەسێک بە دەوروبەرتەوە نەماوە و ئیتر تۆ کەس ناناسی… هەر بە ڕاست وەک ئەوەی بێگانەیەک بی و تازە لە شەمەندەفەر دابەزیبی.

پێت وایە دۆخەکە وەک جارانی لێ بێتەوە؟

نازانم… هەندێک جار بیر لەوە دەکەمەوە کە ساتەوەختێکی ناخۆشە و تێدەپەڕێ، کە هەمدیس پیشەکەم دەست پێ دەکەمەوە، پیشەی بیناسازی بێ یاخود کارەبا، گشت ئەو کارانەی پێشتر دەمکردن… بەڵام جاری واش هەیە بە خۆم دەڵێم ئەم ڕۆژانە هەرگیز تێناپەڕن، هەرگیز، چونکە خەڵکانی دەوڵەمەند گوێیان بە هەژاران نابزوێ، گاڵتەیان پێ دەکەن، سامانەکانیان بۆ خۆیان هەڵدەگرن، لە ماڵە بەتاڵەکانیانی دەپەستێون، دەیخەنە نێو سندووقەکانیانەوە. بۆ ئەوەیش شتێکت هەبێ، لەتە نانێکت هەبێ، دەبێ بچیتە ماڵەکانیان و خۆت ئەو شتە هەڵبگری.

کە بیر لەوە دەکەیتەوە بوویتە دز، چ هەستێکت بەسەردا زاڵ دەبێ؟

جۆرێکم لێ دێ، ئەوکم دەگیردرێ و لە پێ دەکەوم، دەزانی، جارجارە، کاتی شێو دەگەڕێمەوە ماڵ و ئیتر هیچ شتێک وەک پێشوو نەماوە، بەس ساندەویچی سارد هەیە، بەدەم سەیرکردنی تەلەڤزیۆنەوە دەیخۆم، مناڵەکان متەقیان لێوە نایە. دەبینم خێزانەکەم سەیرم دەکا، ئەویش هیچ ناڵێ، بەڵام ڕووخسارێکی تا بڵێی ماندووی هەیە، چاوەکانی خۆڵەمێشی و غەمبارن، ئەمنیش بیر ئەو قسەیە دەکەومەوە کە یەکەم جار پێی گوتم، کاتێ لێی پرسیم ئاخۆ مەترسییەک لە گۆڕێ نییە. من پێم گوت نا، بەڵام وا نییە، باش دەزانم ڕۆژێک، بتەوێ و نەتەوێ، کێشەیەک دێتە ئاراوە. پێشتر، سێ یان چوار جار، خەریک بووە بقەومێ، خەڵکانێک بە تفەنگ تەقەیان لێ کردووم. سەرتاپا ڕەشم پۆشیبوو، بیجامە و چاکەتی ڕەش، بە دەستەوانە و دەمامکی ڕەشەوە، بۆیەش بەختەوەرانە نەیانتوانی من بپێکن، چونکە لە نێو تاریکیدا منیان نەدەبینی. بەڵام دواجار، بتەوێ و نەتەوێ، دڵنیام ئەمە ڕوو دەدا، ڕەنگە ئەمشەو، ڕەنگە سبەی، کێ چ دەزانێ؟ بۆی هەیە پۆلیس بمگرن و بە ساڵان لە گرتووخانە بمێنمەوە، یان دەنا لەوانەیە لە کاتی تەقەکردندا نەتوانم خێرا ڕا بکەم و بمرم، بمرم. بیر لە وی دەکەمەوە، لە ژنەکەم، نەک لە خۆم، من هیچم نە گەرەکە، گرنگییەکی ئەوتۆم نییە. بیر لەو و لە مناڵەکانم دەکەمەوە، چییان بەسەر دێ، کێ لەم سەر گوێ زەوییە لە فیکری ئەواندا دەبێ؟ ئەو دەمانەی هێشتا لە ئەریسێیرا دەژیام، باوەگەورەم باش پێم ڕادەگەیشت، شیعرێکم لە بیرە کە بەردەوام بۆی دەخوێندمەوە، لە خۆم دەپرسم بۆچی ئەم شیعرەم بە بیر دێتەوە و یەکی تر نا، تۆ بڵێی ئەمە چارەنووس بێ؟ ئاخۆ هەندێک پورتوگالی شارەزای؟ شیعرەکە بەمجۆرە بوو، گوێ بگرە: 


O  ladraõ! Ladraõ!
Que vida e tua?
Comer e beber
Passear pela rua.
Era meia noite
Quando o ladraõ veio
Bateu tres pancadas
A’porta do meio.

هۆ دزەکە! دزەکە!
کامەیە ژیانی تۆ؟
خواردن و خواردنەوە
وێڵی نێو کۆڵان
نیوەشەو بوو
دزەکە هات
سێ جار کوتای
دەرگاکەی من.

سەرچاوە:
La Ronde et autre faits divers, J. M. G. Le Clézio, Editions Gallimard, 1982.

ئەم چیرۆکە لە ژمارە ٢٣٠ی گۆڤاری (ڕامان)دا بڵاو بۆتەوە:
http://www.raman-media.net/230/r10.pdf

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر