۱۳۹۶/۰۸/۰۹

دانی لافێریێر: ناونیشان نادەین

وێنە: سەلاحەدین بایەزیدی

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی ئۆکتۆبر، دانی لافێریێر نووسەری کەنەدی بە ڕەچەڵەک هایتی لەسەر بانگهێشتی ئەنیستیتۆی زمان و شارستانییەتی فەڕەنسی (ILCF) لە زانکۆی نۆشاتێل کۆڕێکی پێشکەش کرد.

ئەم نووسەرە کێبکییە کە هاوکات ئەندامی ئاکادیمیای زمانی فەڕەنسییە، دەبوایە مانگی مەی ڕابردوو لە نۆشاتێل بوایە، بەڵام بە هۆی ئەوەی دایکی کۆچی دوایی کردبوو، نەیتوانیبوو ئەودەم ئامادە بێ و سەفەرەکەی بۆ ئێستا دوا خستبوو. 


لافێریێر، لەو ئێوارەکۆڕەدا وێڕای قسەکردن لەسەر ئەزموونی خۆی لە بواری نووسیندا، باسی لە مژارگەلی وەک پەنابەران و خوێندنەوەش کرد. 


لافێریێر کە لە ژێر ستەمی دیکتاتۆر و زەبر و زەنگ لە تەمەنێکی گەنجدا لە وڵاتەکەی ڕای کردووە و پەنای بۆ کەنەدا بردووە، گوتی: ''من بەردەوام بەرامبەر بە وشەی تاراوگە هەستیار بووم و ویستوومە سەر لەنوێ پێناسەی بکەمەوە. پەناخواز لە ڕوانگەی منەوە ئەو کەسە نییە کە دەڕوا، بەڵکوو ئەو کەسەیە وا دەمێنێتەوە. بە بۆچوونی من دیکتاتۆڕ کە دەمێنێتەوە لە مەنفایە. ئەوە ناتوانێ بە دڵی خۆی بجووڵێتەوە. بۆ ئەوەی بژی، دەبێ پارە ببەخشێتەوە. لە زۆر شت بێبەشە. ڕۆیشتن یانی جموجوڵ، یانی زیندووبوون. جاران خەڵکی دەوڵەمەند سەفەریان دەکرد، پێیان دەگوترا گەشتیار، بەڵام ئێستا هەژارەکانن سەفەر دەکەن، هەژارەکان بوونە خەڵکانی پوختە و گەڕیدە."


لافێریێر پێی وایە ئەو لە وڵاتی خۆی ماوەتەوە و بزربوونی لە مەنفا بووە. "دوای من دایکم هەروا لەو ماڵە دەژیا کە من لێی ژیابووم، هەڵبەت ئەمجارە بێ من. ئەو بزربوونە لە مەنفا بوو."


ئەو پێی وایە نووسەر سەر بە هیچ نەتەوە و زمانێک نییە، خوێنەران سەر بە نەتەوە و زمانەکانن نەک نووسەر. ئەو خۆی بە نووسەر و خەڵکی هایتی دەزانێ، بەڵام خۆی بە نووسەرێکی هایتی نازانێ.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ناوبراو سەرنجی بۆ سەر گرنگیی نووسین و خوێندنەوە ڕاکێشا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەدەبیات کردنەوەی پەنجەرەیەکی نوێیە. گوتی: "خوێندنەوە بۆ ئەوەیە لەو پەنجەرەوە باز بدەی و خۆت لە کێشەکانی دونیای ئەمڕۆ ڕزگار بکەی. بۆ ئەوەی بچێتە کوێ؟ ئێمەی نووسەر و خوێنەر دەزانین ئەو شوێنە کوێیە. بەڵام ئادرەس نادەین. نابێژین نووسەر و خوێنەر کە سیحری وشە بەسەریاندا زاڵ دەبێ، دەچنە کوێ. ئەگینا پۆلیسمان دەنێرنە سەر. سیستەمێکی ئیداری لەوێش دادەمەزرێنن و لەوێش جاڕزمان دەکەن. باج دەستێنن. ئێستاش بە پێی پێویست باجیان خستووەتە سەر خوێندنەوە، بۆ ئەوەی نەتوانین بخوێنینەوە."


لە ڕوانگەی نووسەرەوە، پێناسەکردنی کتێب مەحاڵە. وزەیەکی گەورە لە توێی کتێبێکدا شاراوەیە. نووسەر وزەیەکی بێ هاوتا دەخاتە نێو کتێبەوە. دەبێ ئەو وزەیە چ وزەیەک بێ کە سنووری سەدەکان دەرباز دەکا؟  


"خوێندنەوە بێدەنگیمان بەسەردا دەسەپێنێ. کە سۆفۆکلێس دەخوێننەوە، ئێوە بێدەنگ دەبن و ئەو دێتە گۆ. ئەو مردووە، بەڵام لە سەردەمی دەنگە دەنگدا بێدەنگی دەکاتە دیاری. ئەو بێدەنگی پێویست بووە تاوەکوو بنووسێ و دوو هەزار ساڵ دواتر ئەو بێدەنگییەت پێشکەش دەکا بۆ ئەوەی بخوێنیتەوە. کەواتە ئەوە وزەی بێدەنگییە هەزارەکان تێدەپەڕێنێ. بێننە بەرچاو ئەگەر ئەو کتێبانە نەبوایەن چ دەقەوما! دەنگ و هەرای دونیا چی لێ دەکردین؟ دوو کەس بێننە بەر چاوتان کە لە تەنیشت ئێوە لە نێو مەترۆ دانیشتوون و قسە دەکەن، یەکیان خەیاڵی لەوێ نییە و هەردووکیان زیندوون. بەڵام لەو لاتر کەسێک بە بێدەنگی دانیشتووە و لە تەک کەسێکدا دەدوێ کە چەندین سەدەیە مردووە و ئەم گوێی لێ دەگرێ."


ئەدەبیات توانای گۆڕینی هەیە، ئەدەبیات دەتوانی شەرابی خراپ بگۆڕێ و بیکاتە شەرابێکی چاک. 


"لە ڕۆمانی یەکەممدا شەراب زۆر ڕەنگی داوەتەوە. من دەمتوانی لە ڕۆمانەکەدا ئاماژە بە شەرابی باش بکەم، ئەدەبیاتە، چی تێ دەچێ؟ بەڵام شتێک هەیە لە ئەدەبیاتدا پێی دەگوترێ دەست پێوەگرتن. نووسەری وا هەن دەست پێوە ناگرن و زۆر خەرج دەکەن. من کەسێکم شەرابم پێ خۆشە. بەڵام نابێ بە چاوی هەژارانیدا بدەی. بۆیە شەرابی خراپم کڕی. بە ئەدەبیات دەتوانی ئەو شەرابە بگۆڕی. دەڵێم بوتڵێکی چاک شەرابی خەراوم لە پێش خۆم دانابوو، پڕشنگی خۆر بە پەنجەرەکەدا دەهاتە ژوور. ساڵانێک دواتر ژن و مێردێکی گەنجی فەڕەنسیم بینی، ئەوان گوتیان تۆ ژیانی ئێمەت ڕزگار کردووە. گوتم چۆن؟ گوتی ئێمە هەژارین و پارەمان نییە شەرابی چاک بکرێن، پێشتر نەماندەزانی چ بکەین، بەڵام دوای خوێندنەوەی کتێبەکەت زوو زوو بە یەکتری دەڵێین پێت چۆنە بوتڵێکی چاک شەرابی خراپ بکڕین؟"


دانی لافێریێر، ساڵی ١٩٥٣ لە هایتی لەدایک بووە، لە ساڵی ٢٠١٣ ئەندامی ئاکادیمیای فەڕەنسایە. زیاتر لە دە ڕۆمانی نووسیوە و "مەتەڵی گەڕانەوە" یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە بەناوبانگەکانی. 

۱۳۹۶/۰۸/۰۴

عەلی ئەشڕەف دەروێشیان کۆچی دوایی کرد


عەلی ئەشڕەف دەروێشیان، سیمای ناسراوی ئەدەبیاتی فارسی لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد.

شەهناز دارابیان هاوسەری عەلی ئەشڕەف دەروێشیان هەواڵی کۆچی دوایی ناوبراوی بە میدیاکانی ئێران ڕاگەیاندووە و گوتویەتی هاوسەرەکەی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

ئەم نووسەرە بە ڕەچەڵەک کوردە چەند ساڵێکە نەخۆشە و لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە.

دەروێشیان ساڵی ١٣٢٠ی هه‌تاوی له‌ كرماشان له‌دایك بووه‌. ماوه‌یه‌كی زۆر مامۆستا بووه‌، هاوینی ١٣٥٠ به‌هۆی چالاكیی سیاسی و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "از این ولایت" ده‌ستگیر كراوە و هه‌شت مانگ له‌زینداندا ماوه‌ته‌وه‌.

سێ ساڵ دواتر، له‌كاتێكدا سێ مانگ به‌سه‌ر زه‌ماوه‌نده‌كه‌یدا تێپه‌ڕیبوو، دیسان ده‌ستگیر كرایەوە و به‌ پازده‌ ساڵ زیندان حوكم درا.

دوابه‌دوای "شۆڕشی ئێران" له‌ زیندان ئازاد كرا.

به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زیاتر لە پازده‌ زمان وه‌رگێڕدراون.

هەندێک لە بەرهەمەکانی عەلی ئەشڕەف دەروێشیان لە لایەن عەبدوڵڵا حەسەن زادە و عەزیز گەردییەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراون.

دەوروبەری دە ساڵ لەمەوپێش لە شاری سلێمانی باشووری کوردستان وتوێژێکم لەگەڵ عەلی ئەشڕەف دەروێشیان ئەنجام دا کە کاتی خۆی لە گۆڤاری "هەنار"دا بڵاو بوویەوە.

۱۳۹۶/۰۷/۳۰

بەهاری کوردەواری



نیکۆلا بووڤیێ
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
بە هەنگاوی پتەو بەفری تواوەی دەشێلا
ئەو کوڕەی خوداوەندی یەکتا
بە دەم نارەناری سترانێکەوە
سواری ترۆمبێلەکە بوو
بە شەدەیەکی لارەوە
کۆنەدەمانچەیەکی قورس بە بەر پشتێنەوە و
دەستی کرد بە گۆرانی چڕین

بە بیرم دێ
ئاوی چۆمەکە زۆر ببوو
ئاسمانی ئاوس بە باران وەک ئاژەڵێک خۆی لەبەر یەک دەکێشاوە
لەسەر زەویی ڕەشی نەزۆکی بێ سنوور
کە چێرگ، حاجی لەق لەق و
سەرجەم ئەوانەی خۆشم دەویستن
پەنامەکی هێلینیان تێدا چێ کردبوو

لە ڕۆخەکەی ئەوبەر
کەسێک بە ئاماژە بەرەو ئێمە
قامکە بچکۆلانەکەی ڕاوەشاند
"مەحاڵە تێپەڕبوون!"

بارانێکی بەخوڕ دڵی پاراو کردم
بە وێنەی ئیسفەنجێک گووشی
ئینجا بەس لەبەر ئەوە مابووەوە
ئاسۆ تا لێوان دابگرێ

ئەوە ساتەوەختێکە بەعلولزبوب*
چیتر ناتوانێ دەست بکاتەوە و
شوێنەکان بە دەم جنێوەدانەوە چۆڵ دەکا
من کالیسکە ڕەشەکەیم بینی بە فانۆسی مسینەوە
لە نێو بێدەنگیی شۆڕەبییەکاندا ون بوو

بەڵام من مامەوە
قەدەرێکی زۆر لەوێ مامەوە
پۆستاڵ ڕۆچوو بە نێو گڵی زێڕیندا
وێڵ و ئەفسون
مات و حەیران
بۆ زاتکردنی هەڵنانی هەنگاوێک.

مەهاباد - ژنێڤ، ١٩٨١.

*ئیبلیس، بە گوێرەی شەیتانناسی ئایینی مەسیحی یەکێکە لە شازادەکانی دۆزەخ.

نێکۆلا بووڤێی و تیێەری ڤێرنێ زستانێک لە تەورێز دەمێننەوە و سەرێکیش لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵدێنن، ئەم سەفەرە بە تێروتەسەلی لە کتێبی "ڕێوشوێنی دونیا"دا باسی لێوە کراوە. ئەم "کوڕەی خوداوەندی یەکتا" کە بە دەم چڕینی گۆرانییەوە سواری تڕۆمبێلەکە دەبێ، ڕەنگە هەمان ئەو پیرەمێردە بێ کە لەسەر ڕێگەکەیان هەڵیدەگرن:

"لە دەوروبەری مەهاباد، پیرەپیاوێکمان سوار کرد کە قوڕ تا سەر چۆکانی داپۆشیبوو، بە هەنگاوی پتەو بەفری تواوەی دەشێلا و یەک بە خۆی گۆرانی دەچڕی. کە لەسەر کورسییەکە دانیشت، دەمانچەیەکی کۆنی لەبەر پشتێنەکەی دەرهێنا و بە ڕێزەوە پێشکەش بە تییەریی کرد. لێرە، باش نییە کە چوویتە ماڵی کەسێکەوە چەکت پێ بێ. ئەوسا جگەرەیەکی گەورەی بۆ هەر کاممان پێچایەوە و دەم بە بزە دەستی کردەوە بە گۆرانی چڕین."

۱۳۹۶/۰۷/۲۷

تاشتەکین… بروجێردی… سێلین


سەلاحەدین بایەزیدی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە پێی بڕیاری دادگایەکی تورکیا کتێبی "ڕۆژئاوا، سەردەمی کوردەکان" بە قەڵەمی فەهیم تاشتەکین کۆکرایەوە و کتێبەکە چووە نێو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی تورکیاوە. کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کتێبێک دەخاتە لیستی سوورەوە، ئەو کتێبە بە لای منەوە خۆشەویست دەبێ، ئەگەر هەمبێ، جارێکی دیکە دەیخوێنمەوە، ئەگەر نەمبێ هەوڵ دەدەم بە دەستی بێنم. ڕەنگە ئەگەر ئیسلامییەکانی کوردستان هەڕەشەیان لە مەریوان هەڵەبجەیی نەکردبایە، من لاپەڕەیەکیشم لە کتێبی "سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا" نەخوێندباوە.
دوای بیستنی ئەو بڕیارە، کتێبەکەی تاشتەکینم دەست دایە، لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە و بیرم لەوە کردەوە دەبێ ئەم کتێبە چ زەرەرێکی هەبێ و بۆچی دەسەڵاتدارانی تورکیا لێی دەسلەمێنەوە.
سەیرێکی کتێبەکانی دەوروبەریم کرد و لە خۆم پرسی ئاخۆ تاکەکانیش دەبێ لیستێک کتێبی قەدەغەکراویان هەبێ.
ڕەفەیەک ئەولاتر سێلین سەرنجی ڕاکێشام، پێشتریش یەک دوو جار بەربینگم پێ گرتبوو، دیسان پرسیم ئایا ئاساییە سێلین لە کتێبخانەکەی من بێ.
بە بیرم دێ ئەو دەمەی پانزە ساڵێکم تەمەن بوو، هەموو شتێکی کوردیم دەخوێندەوە، بەس ئەوەندە بە کوردی نووسرابا، بەیاننامە با، ڕۆژنامە با، کتێب با، گرنگ نەبوو. دوو گۆڤاری سروە و ئاوێنەم بە بەردەوامی دەکڕی. هەمیشە سێ چوار ڕۆژ پێشتر پرسیارم لە کتێبفرۆشییەکان دەکرد، جاری وا هەبوو پانزە ڕۆژ و تەنانەت مانگێک چاوەڕوانی ژمارەی نوێ دەمامەوە. ڕۆژێک چووم لە کتێبفرۆشی "موفقی" تازەترین ژمارەی "ئاوێنە" بکڕم، دیتم تایبەتە بە محەممەد بروجێردی یەکێک لە جەللادەکانی کوردستان. وێنەیەکی گەورەی بروجێردی لە لاپەڕەی یەکەم بە من پێدەکەنی. کابرایەکی پیر گۆڤارەکەی بۆ هێنابووم و چاوەڕێ بوو من پارەکەم بدەم و بڕۆم. بە بینینی ئەو وێنەیە گۆڤارەکەم دایەوە بە کتێبفرۆش و بە هەڵچوونەوە پێم گوت من ئەم گۆڤارە ناکڕم. بزەیەکی تاڵ لەسەر لێوەکانی نیشت، دەستی گرتم و بە سرتەیەک گوتی: "ئافەرین… من لەسەر ئەو کابرایە دوور خراومەتەوە." بە بێ وازی ڕۆیشتم و ئەو ڕۆژە گۆڤارەکەم نەکڕی. چەند ڕۆژ تێ پەڕین، خۆم پێ نەگیرا و ڕۆژێک لە ڕێی گەڕانەوەی قوتابخانەدا گۆڤارەکەم لە شوێنێکی تر کڕی و بردمەوە ماڵێ. لە نێو ڕیزی گۆڤارەکانی ترم دانا. گۆڤارەکە لە نێو ڕەفەیەکی کتێبخانەکەم دانرابوو، بەڵام شتێک ئازاری دەدام، شتێک بێ تاقەتی کردبووم. چاوم لەبەر کتێبخانەکەم هەڵنەدەهات. کتوپڕ ڕۆژێک گۆڤارەکەم دەست دایە و بە پێ دزە بەرەو ژێرەزەمینە تەنگ و تاریکەکەمان شۆڕ بوومەوە و گۆڤارەکەم لەوێ دانا. بە خۆمم گوت شوێنی بروجێردی لەوێیە، ڕاستە وشە کوردییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بێتە ئەم ماڵەوە، بەڵام نابێ لەسەر ڕەفەکە و لەبەر چاوان بێ. نابێ لە نێو گۆڤاری "ڕامان" و "پێشڕەو" و ڕۆژنامەی "کوردستان" و "وڵات" دابێ. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی لە "دیو"ی ئەولا ڕا هاتبوون، ئەوانەی شڕ بوون، دڕابوون، سیمای کتێبخانەکەیان ناشیرین کردبوو بەڵام بە بینینیان هەستێکی خۆش بەسەرمدا زاڵ دەبوو.
ئەودەم پرسیاری ئەوەم لە خۆم نەکردبوو کە ئاخۆ هەموو کتێبێک بۆی هەیە ڕێی بکەوێتە ژوورەکەم و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێم نەدا بروجێردی لە کتێبخانەکەم بمێنێتەوە.
ئێستاش ئەگەرچی پێم وایە دژی سانسۆڕم، بەڵام ناتوانم ڕێگە بە هەموو کتێبێک بدەم ببێتە هاوماڵم. هەرگیز ناتوانم کتێبێکی خومەینی یان ئاتاتورک لە ناو کتێبەکانی ترم دابنێم. ناتوانم کتێبی هیتلەر بکڕم و بیکەمە هاوسێی ئیگزۆپێری. پێم وایە ئەو مافەم نییە، کێ دەڵێ ئەوان ڕازی دەبن من ئەم کارە بکەم. کوا شیرکۆ بێکەس ڕازی دەبێ من کتێبی سەددام بخەمە نێو کتێبخانەکەمەوە؟ تەنانەت کتێبە ئایینییەکانیش وا بە ئاسانی ڕێیان ناکەوێتە کتێبخانەکەمەوە، مەگەر بە میوانی.
کتێبخانە ئاوێنەی مرۆڤە. کتێبەکان زیندوون. تۆ دەتوانی لەگەڵ نووسەرەکانیان دابنیشی و بەدەم چاخواردنەوە باس و خواسێکی درێژیان لەگەڵ دابمەزرێنی.
سەرباری ئەوانەش سێلین هەروا لە نێو کتێبەکانی ترمدا چاوم لێ دادەگرێ، ئاخۆ من تەنیا سەبارەت بە مێژووی نەتەوکەکەی خۆم هەستیارم؟ ئەگەر جوولەکە بوایەم سێلینم دەخوێندەوە؟ نازانم. هەرچەند ئەو کتێبەی سێلین "سەفەر بەرەو کۆتایی شەو" ڕۆمانە و من لە هیچ شوێنێکدا نەفرەت و وشەی بێزراو نابینم، بەڵام هەندێک لەو کتێبانەی بۆیان نییە لەگەڵم بژین، بە هەمان شێوە، ڕق و نەفرەتیان تێدا بەدی ناکرێ.
هەرچی بێ سێلین جارێ هەیە و نازانم تا کەنگێ دەمێنێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک ئەگەر بینیم سارتر نەخۆش کەوتووە و دڵی لە ژێڵلا دێ، هێمن نامدوێنێ و لۆرکا ڕەنگ و ڕووی پێوە نەماوە، بیخەمە ئەستۆی سێلین و لە ماڵەکەم دەری بکەم، جارێ هیچ کام لە کتێبەکان هەڵوێستیان نەنواندووە.

۱۳۹۶/۰۷/۲۵

بەسەرهاتی ناوەکان


سەلاحەدین بایەزیدی 

سەردەمانی زۆر زوو، ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان دەژیا، ڕووت دەگەڕا و بە ڕاو خۆی دەژیاند، هەموو شتێک ئەو ناوەی لەسەر نەبوو کە ئەمڕۆ لە سەریەتی. سەرەتا هەموو شتەکان بێ ناو بوون، لێڕەوار ناوی لێڕەوار نەبوو، شاخ ناوی شاخ نەبوو، ڕووبار، ڕووبار نەبوو، مرۆڤ، مرۆڤ نەبوو. دواتر مرۆڤ ئەو ناوانەی لەسەر نان و ئەمڕۆکە ئەستەمە بیر لەوە بکەیتەوە کە مرۆڤ دەکرا ناوی شتێکی دیکە بێ، ئەگەر یەکەمجار ناوی مانگا لە مرۆڤ نرابا، خۆ قەت سەیر نەدەبوو، تازە ئەو ناوەی پێوە دەنووسا و ئێمەش ئەمڕۆ دەمانگوت کۆمەڵەی مانگا، مانگایەتی، مانگادۆست، کۆمەڵەگا، مانگازاد و …
بەڵام ئەو ناوانە هەموویان بە ڕۆژێک دروست نەبوون. یانی ئاکادیمیایەکی زمان نەبوو کۆ ببێتەوە و بڕیار بدا لەمەوبەدوا فڵان شت پێی بگوترێ بەرد و فیسار شت دار. بەرە بەرە وەک چۆن مرۆڤ جلوبەرگی لەبەر خۆ کرد، ئاواش ناوی بە باڵای شتەکانی دەوروبەریدا بڕی. جا سەرەتا ناو لەو شتانە نرا کە گرنگ بوون، پێداویستی ژیانی ڕۆژانە بوون و دەبوایە بناسرێنەوە، بۆ نموونە پیاوێک دەبوایە بە هاوسەرەکەی گوتبا من هەتا ئەو دۆڵەی خوارێ دەچم بزانم ئاژەڵێک پەلەوەرێک شتێک ڕاو ناکەم. هەر وەک دەبینن دۆڵ، ئاژەڵ و پەلەوەر و ڕاو زووتر ناویان بۆ دۆزراوەتەوە.
مرۆڤ پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی بە سرووشتەوە هەبوو و سەرەتا ناوی لە ئاژەڵ و گژ و گیا و میوە و پەلەوەرەکان نا. سێو و پڕتەقاڵ و هەرمێ و هەڵووژە. ئەخر هەر ئەو پیاوەی سەرێ ئەگەر چووبا بۆ ڕاو، هاوسەرەکەی دەبوایە تێی بگەیەنێ کە لەگەڵ خۆیدا هەندێک سێو بێنێتەوە و پێی بڵێ:
"ئادەی پیاوەکە ئەگەر گەڕایەوە ئەشکەوتێ، لەگەڵ خۆتدا پێنج شەش کیلۆ سێوی جوان دەسبژێر بکە، نەچی وەک جارەکەی دیکە بکەی، چاوتەنگی مەکە خۆ پارەی پێ نادەی. سەیری خولەی حەلاوێ (ئەودەم پیاوەکان بە ژنەکانی تایفەوە دەناسران) بکە سێوی چەند جوانی هێناون." 
ئەو شتانەیش کە هێشتا ناویان بۆ نەدۆزیبوونەوە، بە ئاماژە یان شتێکی ناو سرووشت دەیانناسینەوە.
ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، پێکەنین و گریان و ئەوانە هێشتا ناویان لێ نەنرابوو. کەسیش بەو شێوەیە کاری پێیان نەبوو تا لە ناولێنانیاندا پەلە بکا. کەس نەدەچووە دکتۆر بۆ ئەوەی بڵێ دکتۆر گوێم دێشێ، سکم دێشێ، ددانەکانم ژان دەکەن. بەڵام دیسانیش بۆ ماوەیەکی کاتی ئەندامانی جەستەیان بە گژ و گیا، بە ئاژەڵ و پەلەوەر و میوە و بەر و بووم دەناسییەوە. بە سینگیان دەگوت پەنیر. بە کۆڵـمیان دەگوت قۆخ. بە چاویان دەگوت زەیتوون لە هەندێک زاراوەشدا پێیان دەگوت دەنکە ترێ. بە مەمکیان دەتگوت هەنار، لە هەندێک زارەوەشدا پێیان دەگوت هەرمێ. زاراوەکانی دیکەش بە ئاسانی لە هاوواتاکانی ئەندامانی لەش دەگەیشتن و کەس زاراوەیەکی بە سەر زاراوەیەکی دیکەدا نەدەسەپاند.
سەیریان دەکرد بزانن ئەو ئەندامەی لەش لە چی دەچێ و ڕێک بەو ناوە دەیانناسییەوە. دەزانن بە پرچی ژنانیان دەگوت چی؟ پێیان دەگوت ڕەشمار. لە چییەوە هاتووە؟ ئەودەم مرۆڤەکان ماریان پێ جوان بوو، وەک ئێستا نەیاندەکوشتن، لە ناو مار و مێروودا دەژیان. ماریش خۆیان لە مرۆڤ نەدەشاردەوە، کە خۆر دەردەکەوت مارەکان خۆیان لەبەر تاو هەڵدەخست، یان بە لقی دارەکاندا شۆڕ دەبوونەوە و لە ژێر تیرێژی خۆردا پێستیان بریسکەی دەهات. بەتایبەت مارە ڕەشەکان. پیاوەکان بە بینینی ئەم دیمەنانە هەستی شیعریان دەبزووت. لەو لاشەوە کە دەیانبینی پرچی ژنان (ئەودەم قژ کورت کردنەوە نەبوو و هەموو قژیان پێنج شەش مەتر بوو) وەک مار بە دوایاندا دەخوشێ و لەسەر شان و پشتی ڕووتیان لووس لووس بریقەی دێ، بڕیاریان دا بە پرچ بڵێن ڕەشمار.
ئەودەم ئاوەڵناوی کورت و بەرز بۆ بەژن بەکار نەدەهات، هەرخودی وشەی بەژن هێشتا نەهاتبووە ناو ناوان. باڵا، دار بوو، ئیتر بە گوێرەی ئەو دارە، ئاوەڵناویان پێوە دەلکاند، بۆ نموونە دارخورما، شۆڕەبی، دارچنار. کچان بە تریقەتریق لە دەوری ئاگر کۆدەبوونەوە و دەیانگوت: بەڕاستی مچەی ئایشێ شۆرەسوارێکی دارچنارە.
لە هەمووان زیاتر ئەوە ئاشقەکان بوون دەیانویست ئەو ئەندامانەی لەش بناسن و یەکەمجار ئەوان بوون ناویان لێ نان، دەنا کەس بە لای جەستەدا هەر نەدەچوو. ئاشقەکانیش بۆ ئەوە بوو لە شیعر و گۆرانییەکانیاندا باسی بکەن. یان لە ژوانا بۆ پێداهەڵگوتن پێویستیان پێ بوو.
بەداخەوە هیچ شوێنەوارێک لە بەیت و شیعر و بالۆرەکانی ئەودەم لە گۆڕی نەماون تاکوو لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەم، بەڵام بە گوێرەی ئەو ناوانەی سەرێ دەتوانن وێنا بکەن کوڕان چۆن بە باڵای کچانیاندا هەڵگوتوە:

خەزاڵەکەم!
ئاسکۆڵەکەم!
شەو دێم بۆ باغ ڕنین
دایکت بمبینێ یان نا
ئاوێزانی شۆڕەبیت دەبم
قەپاڵ لە سێوت دەگرم و
شووتی کاسم دەخەمە سەر لۆرک و پەنیری ناسکت
تا بەرەبەیان ڕەشمارەکانت دەلاوێنمەوە.

کچانیش گوتویانە:

نێرەکەری من!
پانێرەکەم!
حەیرانی گرنجی چنارت،
وا هاتوومە بەر دەرگەت
دوو هەنارم بۆ هێناوی.

ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێستاش لە شیعردا خەزاڵ و ئاسک بۆ کچ بەکار دەهێنرێ و زۆر جاریش دایکان لە ڕووی خۆشەویستییەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن، کەرە، کەرەگیان. ئەوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەودەم.
ئەوە چییە؟ بۆ بزەتان لەسەر لێوە؟ بۆ سەرتان ڕادەوەشێنن؟ سەعاتێکە شێر و ڕێویتان بۆ دێنمەوە چونکە پێم وابوو ئێوە بە پێچەوانەی گەورەکان لە قسەکانم تێ دەگەن.
دەی ئەگەر بڕوام پێ ناکەن بچن گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک بگرن.
ئەو ئاوەڵناوانە لە گۆرانییەکانیدا بەکاریان دێنێ، لەو دەمەوە دێن. زار بە زار و پەنیر بە پە… ببوورن سینگ بە سینگ هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هاتوون.

۱۳۹۶/۰۷/۲۰

ئۆجەلان، تورکیا و سویسرا بە گژ یەکدا دەکا


بانگەوازێک بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان لەسەر شاشەی گەورەی وێستگەی شەمەندەفەری شاری بێرنی پایتەختی سویسرا جارێکی تر ئەم دوو وڵاتە بە گژ یەکدا دەکاتەوە. 

لە نێوان ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەدا، پەیامێک کە خوازیاری ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، شێسەد جار لە شاشە گەورەکەی نێوەڕاستی وێستگەی شەمەندەفەری بێرن نیشان درا. 

ڕۆژنامەی "Berner Zeitung" ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای ئەم ڕیکلامە، باڵوێزی تورکیا لە بێرن وە جموجوڵ کەوتووە و ناڕەزایی وڵاتەکەی بە کاربەدەستانی سویسرا ڕاگەیاندووە. 

ڕۆژنامەکە دەنووسێ کە بێرن و ئەنقەرە بەتایبەت دوای خۆپیشاندانی دژ بە ئەردۆغان لە بێرن پەیوەندییەکانیان بەرتەسک بووەتەوە. 

ئەو خۆپیشاندانە کۆتایی مانگی مارس لە بەردەم پەرلەمانی سویسرا بەڕێوە چوو.

کۆمپانیای ڕێگەی ئاسنی سویسرا دەڵێ ئەوان هیچ هۆکارێکیان بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیکلامەکە بەدی نەکردووە و بە پێویستیان نەبینیوە سانسۆڕی بکەن. 

کۆمپانیاکە بە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی سویسرای گوتووە ئەوە یەکەم جار نییە وێنەی ئۆجەلان لەسەر شاشەی وێستگەی شەمەندەفەر نیشان دەدرێ، مانگی سێپتەمبەری ڕابردوو لە شاری لۆزێرینیش ئەم کارە کرابوو. 

سویسرا بە پێچەوانەی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تیرۆریست لەقەڵەم نادا.

۱۳۹۶/۰۷/۱۷

سبەی خیانەت دەکەم


ماریان کۆهن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 
سبەی خیانەت دەکەم نەک ئەمڕۆ.
ئەمڕۆ، نینۆکەکانم هەڵکێشن،
خیانەت ناکەم من. 

ئێوە نازانن ورەی من لە کوێ دوایی دێ.
من دەزانم.
ئێوە پێنج دەستی ڕەقن بە ئەڵقەوە.
ئێوە پێڵاوی بزمارڕێژتان
لە پێیە.

سبەینێ خیانەت دەکەم نەک ئیڕۆ،
سبەینێ.
شەوم دەوێ تا لەگەڵ خۆم پێک بێم،
لانیکەم شەوێک پێویستە
بۆ حاشاکردن، بۆ نکۆڵی، بۆ خیانەت.

بۆ حاشاکردن لە هاوڕێکانم،
بۆ نکۆڵی لە نان و لە شەراب،
بۆ خیانەت لە ژیان،
بۆ مردن.

سۆزی خیانەت دەکەم، ئەمڕۆ نا.
بڕبەندێک هەیە لە بن جامەکە،
بڕبەندەکە نە بۆ میلەیە،
بڕبەندەکە نە بۆ جەللادە،
بڕبەندەکە بۆ شاڕەگمە.

ئەمڕۆ هیچم بۆ گوتن پێ نییە،
سبەینێ خیانەت دەکەم.

ماریان کۆهن، ١٩٤٣.

۱۳۹۶/۰۷/۱۳

کازۆئۆ ئیشیگورۆ خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ٢٠١٧ی وەرگرت


کۆمیتەی نۆبێل، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٥ی ئۆکتۆبر) خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی ٢٠١٧ی بە نووسەری بریتانیی بە ڕەچەڵەک ژاپۆنی، کازۆئۆ ئیشیگورۆ بەخشی.

ئەمساڵ بە گشتی نیگاکان لەسەر نگووگی وا تیۆنگۆ نووسەری کینایی، فیلیپ راس نووسەری ئەمریکی، ئامۆس ئۆز نووسەر و ڕۆژنامەنووسی ئیسرائیلی و هارووکی مووراکامی نووسەری ژاپۆنی بوون، کەچی ئەکادیمیای سویدی خەڵاتی نۆبێل بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کازۆئۆی بە براوەی خەڵاتەکە ڕاگەیاند.

ئەکادیمیای نۆبێل پێی وایە ڕۆمانەکانی ئیشیگورۆ هێزێکی سۆزداریی خورتیان هەیە.

کازۆئۆ ئیشیگورۆ نووسەرێکی ناسراو و هاوچەرخی بریتانییە و ساڵی ١٩٥٤ لە ناگازاکی لەدایک بووە. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا وێڕای بنەماڵەکەی لە بریتانیا گیرساوەتەوە. لە زانکۆی کۆنت زمانی ئینگلیزی و فەلسەفەی خوێندووە. ساڵی ١٩٨٩ خەڵاتی بووکەری بۆ ڕۆمانی کۆتەڵی ڕۆژ وەرگرتووە. 

ناوبراو ٦٢ ساڵی تەمەنە و بە ڕۆمانی "کۆتەڵی ڕۆژ" ناوبانگی دەرکردووە.  ئەم ڕۆمانەی کازۆئۆ لایەن جەوهەر مەحموود داراغاوە کراوەتە کوردی.

کتێبێکی دیکەی ئەم نووسەرە بە ناوی "هەرگیز بەجێم مەهێڵە" لەلایەن سولەیمان دڵسۆزەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە.

پار، بۆب دیلان، گۆرانیبێژ و شاعیری ئەمریکی خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی وەرگرتبوو.

ساڵی ٢٠١٥یش، ئەم خەڵاتە بە سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، نووسەری بلاڕوس ڕەوا بینرابوو.

۱۳۹۶/۰۷/۱۲

نۆشاتێل میتکەی نیشانی خەڵک دەدا

© سەلاحەدین بایەزیدی


لە ژێر نەسیمی سەردی پاییزی، نۆشاتێل چەند ڕۆژێکە خۆی ڕووت کردووەتەوە و میتکەی نیشانی خەڵکی دەدا.

ئەو ڕێبوارانەی لە وێستگەی شەمەندەفەری شار دێنە دەر، یان بە پێچەوانەوە خۆ بە وێستگەکە دادەکەن، یان ژی لە قاوەخانە و چێشتخانەکانی دەوروبەری وێستگە دادەنیشن، میتکەیەکی زەبەلاح سەرنجیان ڕادەکێشێ.

ئەو قیتکە کۆچەرییە ئێوارەی ڕۆژی شەممە لە فولکەی "مەیدانی ئەوروپا" چەقێنراوە و بڕیارە سێ هەفتە میوان بێ.

ئۆرگانی چێژ کاری هونەرمەندی گەنجی ژنێڤی ماتیاس پفووندە. ماتیاس دەڵێ "ئەمە وانەیەکی ڕاستەقینەی توێکاریی لەشە بۆ ئەوانەی سەرەدەری لێ ناکەن."

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەندێک پێیان "کارەسات"ە و هەندێک پێیان خاسە و هیوا دەخوازن ئەم ئۆرگانەی لەشی ژنان باش بناسرێ.

پیاوێکیش بە دەم پاڵ پێوەنان بە گالیسکەی منداڵەکەی نێوچەوانی تێک ناوە و بە ژنەکەی گوتووە "ئێستە چ جوابی منداڵەکان بدەینەوە، پێیان بڵێین ئەوە چییە؟"

بە هەڵکەوت، ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، میتکەیەکی دوو مەتر و نیوی لە چوارچێوەی پێشەنگایەکدا لە مەیدانێکی برووکسێل داندرابوو.