۱۳۹۶/۰۷/۲۷

تاشتەکین… بروجێردی… سێلین


سەلاحەدین بایەزیدی

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە پێی بڕیاری دادگایەکی تورکیا کتێبی "ڕۆژئاوا، سەردەمی کوردەکان" بە قەڵەمی فەهیم تاشتەکین کۆکرایەوە و کتێبەکە چووە نێو لیستی کتێبە قەدەغەکراوەکانی تورکیاوە. کە دەوڵەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتکەر کتێبێک دەخاتە لیستی سوورەوە، ئەو کتێبە بە لای منەوە خۆشەویست دەبێ، ئەگەر هەمبێ، جارێکی دیکە دەیخوێنمەوە، ئەگەر نەمبێ هەوڵ دەدەم بە دەستی بێنم. ڕەنگە ئەگەر ئیسلامییەکانی کوردستان هەڕەشەیان لە مەریوان هەڵەبجەیی نەکردبایە، من لاپەڕەیەکیشم لە کتێبی "سێکس و شەرع و ژن لە مێژووی ئیسلامدا" نەخوێندباوە.
دوای بیستنی ئەو بڕیارە، کتێبەکەی تاشتەکینم دەست دایە، لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە و بیرم لەوە کردەوە دەبێ ئەم کتێبە چ زەرەرێکی هەبێ و بۆچی دەسەڵاتدارانی تورکیا لێی دەسلەمێنەوە.
سەیرێکی کتێبەکانی دەوروبەریم کرد و لە خۆم پرسی ئاخۆ تاکەکانیش دەبێ لیستێک کتێبی قەدەغەکراویان هەبێ.
ڕەفەیەک ئەولاتر سێلین سەرنجی ڕاکێشام، پێشتریش یەک دوو جار بەربینگم پێ گرتبوو، دیسان پرسیم ئایا ئاساییە سێلین لە کتێبخانەکەی من بێ.
بە بیرم دێ ئەو دەمەی پانزە ساڵێکم تەمەن بوو، هەموو شتێکی کوردیم دەخوێندەوە، بەس ئەوەندە بە کوردی نووسرابا، بەیاننامە با، ڕۆژنامە با، کتێب با، گرنگ نەبوو. دوو گۆڤاری سروە و ئاوێنەم بە بەردەوامی دەکڕی. هەمیشە سێ چوار ڕۆژ پێشتر پرسیارم لە کتێبفرۆشییەکان دەکرد، جاری وا هەبوو پانزە ڕۆژ و تەنانەت مانگێک چاوەڕوانی ژمارەی نوێ دەمامەوە. ڕۆژێک چووم لە کتێبفرۆشی "موفقی" تازەترین ژمارەی "ئاوێنە" بکڕم، دیتم تایبەتە بە محەممەد بروجێردی یەکێک لە جەللادەکانی کوردستان. وێنەیەکی گەورەی بروجێردی لە لاپەڕەی یەکەم بە من پێدەکەنی. کابرایەکی پیر گۆڤارەکەی بۆ هێنابووم و چاوەڕێ بوو من پارەکەم بدەم و بڕۆم. بە بینینی ئەو وێنەیە گۆڤارەکەم دایەوە بە کتێبفرۆش و بە هەڵچوونەوە پێم گوت من ئەم گۆڤارە ناکڕم. بزەیەکی تاڵ لەسەر لێوەکانی نیشت، دەستی گرتم و بە سرتەیەک گوتی: "ئافەرین… من لەسەر ئەو کابرایە دوور خراومەتەوە." بە بێ وازی ڕۆیشتم و ئەو ڕۆژە گۆڤارەکەم نەکڕی. چەند ڕۆژ تێ پەڕین، خۆم پێ نەگیرا و ڕۆژێک لە ڕێی گەڕانەوەی قوتابخانەدا گۆڤارەکەم لە شوێنێکی تر کڕی و بردمەوە ماڵێ. لە نێو ڕیزی گۆڤارەکانی ترم دانا. گۆڤارەکە لە نێو ڕەفەیەکی کتێبخانەکەم دانرابوو، بەڵام شتێک ئازاری دەدام، شتێک بێ تاقەتی کردبووم. چاوم لەبەر کتێبخانەکەم هەڵنەدەهات. کتوپڕ ڕۆژێک گۆڤارەکەم دەست دایە و بە پێ دزە بەرەو ژێرەزەمینە تەنگ و تاریکەکەمان شۆڕ بوومەوە و گۆڤارەکەم لەوێ دانا. بە خۆمم گوت شوێنی بروجێردی لەوێیە، ڕاستە وشە کوردییەکان یارمەتیدەر بوون بۆ ئەوەی گۆڤارەکە بێتە ئەم ماڵەوە، بەڵام نابێ لەسەر ڕەفەکە و لەبەر چاوان بێ. نابێ لە نێو گۆڤاری "ڕامان" و "پێشڕەو" و ڕۆژنامەی "کوردستان" و "وڵات" دابێ. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانەی لە "دیو"ی ئەولا ڕا هاتبوون، ئەوانەی شڕ بوون، دڕابوون، سیمای کتێبخانەکەیان ناشیرین کردبوو بەڵام بە بینینیان هەستێکی خۆش بەسەرمدا زاڵ دەبوو.
ئەودەم پرسیاری ئەوەم لە خۆم نەکردبوو کە ئاخۆ هەموو کتێبێک بۆی هەیە ڕێی بکەوێتە ژوورەکەم و لەگەڵ ئەوەشدا ڕێم نەدا بروجێردی لە کتێبخانەکەم بمێنێتەوە.
ئێستاش ئەگەرچی پێم وایە دژی سانسۆڕم، بەڵام ناتوانم ڕێگە بە هەموو کتێبێک بدەم ببێتە هاوماڵم. هەرگیز ناتوانم کتێبێکی خومەینی یان ئاتاتورک لە ناو کتێبەکانی ترم دابنێم. ناتوانم کتێبی هیتلەر بکڕم و بیکەمە هاوسێی ئیگزۆپێری. پێم وایە ئەو مافەم نییە، کێ دەڵێ ئەوان ڕازی دەبن من ئەم کارە بکەم. کوا شیرکۆ بێکەس ڕازی دەبێ من کتێبی سەددام بخەمە نێو کتێبخانەکەمەوە؟ تەنانەت کتێبە ئایینییەکانیش وا بە ئاسانی ڕێیان ناکەوێتە کتێبخانەکەمەوە، مەگەر بە میوانی.
کتێبخانە ئاوێنەی مرۆڤە. کتێبەکان زیندوون. تۆ دەتوانی لەگەڵ نووسەرەکانیان دابنیشی و بەدەم چاخواردنەوە باس و خواسێکی درێژیان لەگەڵ دابمەزرێنی.
سەرباری ئەوانەش سێلین هەروا لە نێو کتێبەکانی ترمدا چاوم لێ دادەگرێ، ئاخۆ من تەنیا سەبارەت بە مێژووی نەتەوکەکەی خۆم هەستیارم؟ ئەگەر جوولەکە بوایەم سێلینم دەخوێندەوە؟ نازانم. هەرچەند ئەو کتێبەی سێلین "سەفەر بەرەو کۆتایی شەو" ڕۆمانە و من لە هیچ شوێنێکدا نەفرەت و وشەی بێزراو نابینم، بەڵام هەندێک لەو کتێبانەی بۆیان نییە لەگەڵم بژین، بە هەمان شێوە، ڕق و نەفرەتیان تێدا بەدی ناکرێ.
هەرچی بێ سێلین جارێ هەیە و نازانم تا کەنگێ دەمێنێتەوە. ڕەنگە ڕۆژێک ئەگەر بینیم سارتر نەخۆش کەوتووە و دڵی لە ژێڵلا دێ، هێمن نامدوێنێ و لۆرکا ڕەنگ و ڕووی پێوە نەماوە، بیخەمە ئەستۆی سێلین و لە ماڵەکەم دەری بکەم، جارێ هیچ کام لە کتێبەکان هەڵوێستیان نەنواندووە.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر