۱۳۹۶/۰۷/۲۵

بەسەرهاتی ناوەکان


سەلاحەدین بایەزیدی 

سەردەمانی زۆر زوو، ئەو کاتانەی مرۆڤ لە ئەشکەوتەکان دەژیا، ڕووت دەگەڕا و بە ڕاو خۆی دەژیاند، هەموو شتێک ئەو ناوەی لەسەر نەبوو کە ئەمڕۆ لە سەریەتی. سەرەتا هەموو شتەکان بێ ناو بوون، لێڕەوار ناوی لێڕەوار نەبوو، شاخ ناوی شاخ نەبوو، ڕووبار، ڕووبار نەبوو، مرۆڤ، مرۆڤ نەبوو. دواتر مرۆڤ ئەو ناوانەی لەسەر نان و ئەمڕۆکە ئەستەمە بیر لەوە بکەیتەوە کە مرۆڤ دەکرا ناوی شتێکی دیکە بێ، ئەگەر یەکەمجار ناوی مانگا لە مرۆڤ نرابا، خۆ قەت سەیر نەدەبوو، تازە ئەو ناوەی پێوە دەنووسا و ئێمەش ئەمڕۆ دەمانگوت کۆمەڵەی مانگا، مانگایەتی، مانگادۆست، کۆمەڵەگا، مانگازاد و …
بەڵام ئەو ناوانە هەموویان بە ڕۆژێک دروست نەبوون. یانی ئاکادیمیایەکی زمان نەبوو کۆ ببێتەوە و بڕیار بدا لەمەوبەدوا فڵان شت پێی بگوترێ بەرد و فیسار شت دار. بەرە بەرە وەک چۆن مرۆڤ جلوبەرگی لەبەر خۆ کرد، ئاواش ناوی بە باڵای شتەکانی دەوروبەریدا بڕی. جا سەرەتا ناو لەو شتانە نرا کە گرنگ بوون، پێداویستی ژیانی ڕۆژانە بوون و دەبوایە بناسرێنەوە، بۆ نموونە پیاوێک دەبوایە بە هاوسەرەکەی گوتبا من هەتا ئەو دۆڵەی خوارێ دەچم بزانم ئاژەڵێک پەلەوەرێک شتێک ڕاو ناکەم. هەر وەک دەبینن دۆڵ، ئاژەڵ و پەلەوەر و ڕاو زووتر ناویان بۆ دۆزراوەتەوە.
مرۆڤ پەیوەندییەکی نەپچڕاوەی بە سرووشتەوە هەبوو و سەرەتا ناوی لە ئاژەڵ و گژ و گیا و میوە و پەلەوەرەکان نا. سێو و پڕتەقاڵ و هەرمێ و هەڵووژە. ئەخر هەر ئەو پیاوەی سەرێ ئەگەر چووبا بۆ ڕاو، هاوسەرەکەی دەبوایە تێی بگەیەنێ کە لەگەڵ خۆیدا هەندێک سێو بێنێتەوە و پێی بڵێ:
"ئادەی پیاوەکە ئەگەر گەڕایەوە ئەشکەوتێ، لەگەڵ خۆتدا پێنج شەش کیلۆ سێوی جوان دەسبژێر بکە، نەچی وەک جارەکەی دیکە بکەی، چاوتەنگی مەکە خۆ پارەی پێ نادەی. سەیری خولەی حەلاوێ (ئەودەم پیاوەکان بە ژنەکانی تایفەوە دەناسران) بکە سێوی چەند جوانی هێناون." 
ئەو شتانەیش کە هێشتا ناویان بۆ نەدۆزیبوونەوە، بە ئاماژە یان شتێکی ناو سرووشت دەیانناسینەوە.
ئەندامانی جەستەی مرۆڤ، پێکەنین و گریان و ئەوانە هێشتا ناویان لێ نەنرابوو. کەسیش بەو شێوەیە کاری پێیان نەبوو تا لە ناولێنانیاندا پەلە بکا. کەس نەدەچووە دکتۆر بۆ ئەوەی بڵێ دکتۆر گوێم دێشێ، سکم دێشێ، ددانەکانم ژان دەکەن. بەڵام دیسانیش بۆ ماوەیەکی کاتی ئەندامانی جەستەیان بە گژ و گیا، بە ئاژەڵ و پەلەوەر و میوە و بەر و بووم دەناسییەوە. بە سینگیان دەگوت پەنیر. بە کۆڵـمیان دەگوت قۆخ. بە چاویان دەگوت زەیتوون لە هەندێک زاراوەشدا پێیان دەگوت دەنکە ترێ. بە مەمکیان دەتگوت هەنار، لە هەندێک زارەوەشدا پێیان دەگوت هەرمێ. زاراوەکانی دیکەش بە ئاسانی لە هاوواتاکانی ئەندامانی لەش دەگەیشتن و کەس زاراوەیەکی بە سەر زاراوەیەکی دیکەدا نەدەسەپاند.
سەیریان دەکرد بزانن ئەو ئەندامەی لەش لە چی دەچێ و ڕێک بەو ناوە دەیانناسییەوە. دەزانن بە پرچی ژنانیان دەگوت چی؟ پێیان دەگوت ڕەشمار. لە چییەوە هاتووە؟ ئەودەم مرۆڤەکان ماریان پێ جوان بوو، وەک ئێستا نەیاندەکوشتن، لە ناو مار و مێروودا دەژیان. ماریش خۆیان لە مرۆڤ نەدەشاردەوە، کە خۆر دەردەکەوت مارەکان خۆیان لەبەر تاو هەڵدەخست، یان بە لقی دارەکاندا شۆڕ دەبوونەوە و لە ژێر تیرێژی خۆردا پێستیان بریسکەی دەهات. بەتایبەت مارە ڕەشەکان. پیاوەکان بە بینینی ئەم دیمەنانە هەستی شیعریان دەبزووت. لەو لاشەوە کە دەیانبینی پرچی ژنان (ئەودەم قژ کورت کردنەوە نەبوو و هەموو قژیان پێنج شەش مەتر بوو) وەک مار بە دوایاندا دەخوشێ و لەسەر شان و پشتی ڕووتیان لووس لووس بریقەی دێ، بڕیاریان دا بە پرچ بڵێن ڕەشمار.
ئەودەم ئاوەڵناوی کورت و بەرز بۆ بەژن بەکار نەدەهات، هەرخودی وشەی بەژن هێشتا نەهاتبووە ناو ناوان. باڵا، دار بوو، ئیتر بە گوێرەی ئەو دارە، ئاوەڵناویان پێوە دەلکاند، بۆ نموونە دارخورما، شۆڕەبی، دارچنار. کچان بە تریقەتریق لە دەوری ئاگر کۆدەبوونەوە و دەیانگوت: بەڕاستی مچەی ئایشێ شۆرەسوارێکی دارچنارە.
لە هەمووان زیاتر ئەوە ئاشقەکان بوون دەیانویست ئەو ئەندامانەی لەش بناسن و یەکەمجار ئەوان بوون ناویان لێ نان، دەنا کەس بە لای جەستەدا هەر نەدەچوو. ئاشقەکانیش بۆ ئەوە بوو لە شیعر و گۆرانییەکانیاندا باسی بکەن. یان لە ژوانا بۆ پێداهەڵگوتن پێویستیان پێ بوو.
بەداخەوە هیچ شوێنەوارێک لە بەیت و شیعر و بالۆرەکانی ئەودەم لە گۆڕی نەماون تاکوو لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەم، بەڵام بە گوێرەی ئەو ناوانەی سەرێ دەتوانن وێنا بکەن کوڕان چۆن بە باڵای کچانیاندا هەڵگوتوە:

خەزاڵەکەم!
ئاسکۆڵەکەم!
شەو دێم بۆ باغ ڕنین
دایکت بمبینێ یان نا
ئاوێزانی شۆڕەبیت دەبم
قەپاڵ لە سێوت دەگرم و
شووتی کاسم دەخەمە سەر لۆرک و پەنیری ناسکت
تا بەرەبەیان ڕەشمارەکانت دەلاوێنمەوە.

کچانیش گوتویانە:

نێرەکەری من!
پانێرەکەم!
حەیرانی گرنجی چنارت،
وا هاتوومە بەر دەرگەت
دوو هەنارم بۆ هێناوی.

ئەگەر سەرنجتان دابێ ئێستاش لە شیعردا خەزاڵ و ئاسک بۆ کچ بەکار دەهێنرێ و زۆر جاریش دایکان لە ڕووی خۆشەویستییەوە بە منداڵەکانیان دەڵێن، کەرە، کەرەگیان. ئەوە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەودەم.
ئەوە چییە؟ بۆ بزەتان لەسەر لێوە؟ بۆ سەرتان ڕادەوەشێنن؟ سەعاتێکە شێر و ڕێویتان بۆ دێنمەوە چونکە پێم وابوو ئێوە بە پێچەوانەی گەورەکان لە قسەکانم تێ دەگەن.
دەی ئەگەر بڕوام پێ ناکەن بچن گوێ لە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک بگرن.
ئەو ئاوەڵناوانە لە گۆرانییەکانیدا بەکاریان دێنێ، لەو دەمەوە دێن. زار بە زار و پەنیر بە پە… ببوورن سینگ بە سینگ هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هاتوون.

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر