نمایش پستها با برچسب ئەدەبی بیانی. نمایش همه پستها
نمایش پستها با برچسب ئەدەبی بیانی. نمایش همه پستها
۱۳۹۸/۰۴/۰۹
۱۳۹۷/۰۹/۱۴
لین، کات
ئاگۆتا کریستۆف
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
کەسایەتییەکان
لین، تەمەن دوانزە ساڵ
مارک، تەمەن بیست و دوو ساڵ
لین، تەمەن بیست و دوو ساڵ
مارک، تەمەن سی و دوو ساڵ
دیالۆگی هەر دوو بەشەکە دەکرێ ناوبڕیان بکەوێتە ناو یان دەنگی جۆراوجۆریان بخرێتە پاڵ: بۆ نموونە چلوورەفرۆشێکی دەستگێڕ هاوار بکا: "چلوورەی بە وانیل، چلوورەی بە شۆکۆڵات!"، ئۆرگ ژەنێک، هات و هاوار، قیژە و گریانی منداڵان و تاد.
بەشی یەکەم: باغی گشتی. مارک لەسەر کورسییەک دانیشتووە. لین بە هەڵاتن نزیک دەبێتەوە.
لین (بە دەنگێکی بەرز) : تا بەیانی، ڤالەنتین! (لە کن مارک ڕادەوەستێ.) مارک؟ ئەوە خەمباری؟
لین، تەمەن دوانزە ساڵ
مارک، تەمەن بیست و دوو ساڵ
لین، تەمەن بیست و دوو ساڵ
مارک، تەمەن سی و دوو ساڵ
دیالۆگی هەر دوو بەشەکە دەکرێ ناوبڕیان بکەوێتە ناو یان دەنگی جۆراوجۆریان بخرێتە پاڵ: بۆ نموونە چلوورەفرۆشێکی دەستگێڕ هاوار بکا: "چلوورەی بە وانیل، چلوورەی بە شۆکۆڵات!"، ئۆرگ ژەنێک، هات و هاوار، قیژە و گریانی منداڵان و تاد.
بەشی یەکەم: باغی گشتی. مارک لەسەر کورسییەک دانیشتووە. لین بە هەڵاتن نزیک دەبێتەوە.
لین (بە دەنگێکی بەرز) : تا بەیانی، ڤالەنتین! (لە کن مارک ڕادەوەستێ.) مارک؟ ئەوە خەمباری؟
۱۳۹۷/۰۷/۲۷
۱۳۹۷/۰۷/۲۵
۱۳۹۷/۰۷/۲۰
وەشانێن ئاریەن-ێ "میرزایێ بچووک" ب کوردی چاپ کرییە
بیانەت
وەرگێر سەلاحەدین بایەزیدی پرتووکا میرزایێ بچووک یانی یەک ژ وان پرتووکێن کو ل جیهانێ ب سەدان زمانان هاتییە وەرگەراندن، ب کوردی وەرگەراندییە. پرتووک ژ هێلا وەشانێن ئاریەنێ ڤە هاتییە چاپکرن.
نڤیسکارێ فرەنسی ئانتوان دو سانت ئێگزۆپێری پرتووکا خوە یا ب ناڤێ میرزایێ بچووک ئانگۆ ب ناڤێ وێ یێ ئۆرژینال Le Petit Prince، بەریا نها ب ٧٥ سالان نڤیساندییە. پرتووک، وەکە یەک ژ وان پرتووکێن ناڤدارترین ئێن جیهانێ تێ ناسکرن. هەتا نها نێزیکی ١٥٠ لب هاتییە فرۆتن کو ب ڤێ هەژمارێ سێیەم پرتووکا ل جیهانێ هەری زێدە هاتییە فرۆتن ە. هەر وەها ژ بۆ زێدەتری ٢٥٠ زمانان هاتییە وەرگەراندن.
یەک ژ وان زمانان ژی کوردی یە. وەرگێر سەلاحەدین بایەزیدیێ پرتووک ژ زمانێ فرانسی وەرگەراندییە ئو وەشانێن ئاریەنێ ژی ژ بۆ خوەندەڤانێن کوردی چاپ کرییە.
چیرۆکەک هم ژ بۆ زارۆکان هم ژی ژ بۆ مەزنان ە
پرتووک د سالا ١٩٤٣ێ دە ب ئینگلیزی و فرانسی هاتییە وەشاندن. هەر چقاس کو وەکە چیرۆکەکە ژ بۆ زارۆکان هاتبە نرخاندن ژی، ژ هێلا گەلەک کەسان ڤە ژی وەکە چیرۆکەکە کو ژ بۆ مەزنان تێ دیتن. هم ب ناڤەرۆک و هم ژی ب هۆناندنا خوە. میرزایێ بچووک هەر دەم ئاکتوالیتەیا خوە پاراستییە.
سانت ئێگزۆپێری، نڤیسکارێ پرتووکێ، کو پیلۆت ە، سالێن ١٩٣٠ی د ئەنجاما قەزایەکێ دە بالەفرا وی دە د ناڤبەرا لیبیا و میسرێ دە دکەڤە. ل چۆلەکێ دووس ێ رۆژان د ناڤا شەرت و مەرجێن گەلەکی خراپ دە دمینە و نامرە. ئەڤ وەکە موجیزەیەکێ تێ دیتن. ل گۆری نرخاندنان، پرتووکا میرزایێ بچووک بەرهەمەکە ئەنجاما ڤێ قەزایێ یە. یانی ل گۆری گۆتنەکە دن، سانت ئێگزۆپێری د چیرۆکا میرزایێ بچووک دە ئەو چەند رۆژێن کو ل چۆلێ بۆراندییە، هۆناندییە.
بەرییا نها ژی ب کوردی هاتییە چاپکرن
پرتووکا میرزایێ بچووک بەرییا نها ژ هێلا وەشانخانەیێن کوردی ڤە هاتبوو چاپکرن. یەک ژ وان وەشانخانەیا ئاڤێستایێ کو ب وەرگەرا فەواز حوسێنی هاتبوو وەشاندن. ئاڤێستایێ ژ بۆ ناڤێ پرتووکێ گۆتنا میرزایێ بچووک تەرجیع کربوو. بەرییا ئاڤێستایێ دیسا ب وەرگەرا فەواز حوسێنی، وەشانخانەیا نوودەمێ ل ئەوروپایێ پرتووک چاپ کربوو. وەشانێن لەتۆ-یێ ب وەرگەرا ئەحمەد یارداک ئو ب ناڤێ شەهزادەیێ بچووک، وەشانخانەیا سنرسزیێ ژی ب وەرگەرا جەلال توورپچوو ئو ب ناڤێ ''پرەنس ێ پچووک" ئەڤ پرتووک چاپ کرنە.
دیسا ئاسۆ عەبدوڵڵا حەسەنزادە ب ناڤێ شازادە چکۆلە ژ بۆ سۆرانی ئۆ ئاسمێنۆ بێوایر ژی ب ناڤێ شازادەۆ قجکەک ژ بۆ زازاکی وەرگەراندییە.
دەربارێ سەلاحەدین بایەزیدی دە
سالا ١٩٨٢یان ل مەهابادێ، ل کوردستانا ئیرانێ ژ دایک بوویە. هەتا نها زێدەیی ٢٠ رۆمان ژ زمانێ فرانسی وەرگەراندییە زاراڤەیێ کورمانجیا ناڤین. وەرگەرێن وی ل کوردستانا ئیرانێ ئو هەرێما کوردستانێ یا عێراقێ هاتنە چاپکرن. ژ سالا ٢٠٠٨ان ڤە ئەو ل سویسرایێ دژی. (ف.د)
۱۳۹۶/۱۱/۰۴
۱۳۹۶/۰۹/۱۳
خەونێک
خورخێ لویس بۆرخێس
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لە شوێنێکی شۆرەکاتی ئێران، بورجێکی بەردین دیارە، هەندێک نزمە، بێ دەرگا و بێ پەنجەرەیە. لە تاکە ژووری ئەو بورجەدا (کە عەرزەکەی داتەپاوە و شێوازێکی بازنەیی هەیە) مێزێکی دارین و کورسییەک بەدی دەکرێن. لەم ژوورە بچووکە بازنەییەدا، پیاوێک کە لە من دەچێ، بە خەتێک کە لێی تێناگەم، شیعرێکی درێژ لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا شیعرێک لە سەر پیاوێک دەنووسێ کە لە سللولێکی تری بازنەییدا… ڕەوتەکە بێ کۆتاییە و کەس ناتوانێ ئەو نووسراوە بخوێنێتەوە کە گیراوەکان دەینووسنەوە.
۱۳۹۶/۰۷/۱۷
سبەی خیانەت دەکەم
ماریان کۆهن
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
سبەی خیانەت دەکەم نەک ئەمڕۆ.
ئەمڕۆ، نینۆکەکانم هەڵکێشن،
خیانەت ناکەم من.
ئێوە نازانن ورەی من لە کوێ دوایی دێ.
من دەزانم.
ئێوە پێنج دەستی ڕەقن بە ئەڵقەوە.
ئێوە پێڵاوی بزمارڕێژتان
لە پێیە.
سبەینێ خیانەت دەکەم نەک ئیڕۆ،
سبەینێ.
شەوم دەوێ تا لەگەڵ خۆم پێک بێم،
لانیکەم شەوێک پێویستە
بۆ حاشاکردن، بۆ نکۆڵی، بۆ خیانەت.
بۆ حاشاکردن لە هاوڕێکانم،
بۆ نکۆڵی لە نان و لە شەراب،
بۆ خیانەت لە ژیان،
بۆ مردن.
سۆزی خیانەت دەکەم، ئەمڕۆ نا.
بڕبەندێک هەیە لە بن جامەکە،
بڕبەندەکە نە بۆ میلەیە،
بڕبەندەکە نە بۆ جەللادە،
بڕبەندەکە بۆ شاڕەگمە.
ئەمڕۆ هیچم بۆ گوتن پێ نییە،
سبەینێ خیانەت دەکەم.
ماریان کۆهن، ١٩٤٣.
۱۳۹۶/۰۶/۰۲
دیسانەوە بۆ نیشتیمان
نازم حیکمەت ران
وەرگێڕانی: سەلاحەدین بایەزیدی
نیشتیمانم، نیشتیمانم، نیشتیمانم،
نە کاسکێتە دروستکراوەکەی ئەوێم ما
نە ئەو سۆلەی رێگەکانی تۆی دەپێوا.
دوایین کەواکەی بەریشم
کە پارچەی ناوچەی 'شیلە' بوو
دەمێکە دڕاوە.
تۆ ئێستا تەنیا لە سپێتی پرچمدا
لە نێو جەڵتەی دڵم و
لە قرمیچۆکی نێوچەوانمدا هەی، نیشتیمانم،
نیشتیمانم،
نیشتیمانم….
___________
سۆل: پێڵاو، کەوش
شیلە: ناوچەیەکی بەشی ئاسیای ئەستەنبوڵە.
قرمیچۆک: چرچ، لۆچ، گنج
۱۳۹۵/۱۲/۳۰
۱۳۹۵/۱۲/۲۰
مارسیا
قادر عەبدوڵڵا
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
جار نا جارێ، بە هەڵکەوت، هەندێک کەس لە نادیارەوە دەکەونە نێو ژیانمەوە. ئەوان بۆ ساتێک لە لام دەمێننەوە و پاشان دەڕۆن.
ون دەبن، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ، بۆ هەتا هەتایە لەگەڵ مندا دەمێننەوە.
مارسیاش لەو کەسانە بوو کە ڕۆیشت.
رەنگە ئەو توانیبێتی بڕوا، بەڵام سەرباری ئەوەش، لە کن من ماوەتەوە.
مێزەکەی ئێستا زەوت نەکراوە، بەڵام من هێشتا لەسەر جێگەکەی خۆی دەیبینم.
ئەگەرچی ئەو ئیتر لێرە نییە، بەڵام هێشتا بۆنی عەتری قژە درێژە لوولەکەیم بۆ دێ.
مارسیا هاتبوو تاکوو بە مەبەستی تاقیکردنەوە بۆ ماوەیەک لە کتێبخانە کۆن و سەرەکییەکەی ئێرە کار بکا.
ئەو هۆڵەندی بوو، بەڵام قژە درێژە لوولەکەی، ڕەش چەشنی شەو، ڕەگە دەرەکییەکانی ئەویان لەقاو دەدا.
وەک ئێستا، لە ژێرزەمین لە پشت کۆمپیۆتەرەکەم دانیشتبووم. لەناکاو، لە داڵانەوە گوێم لە دەنگی هەنگاوێ بوو. هەنگاوەکانی ژنێک.
من تەقەی پێی پێڵاوە پاژنە بەرزەکانم دەناسییەوە. ئەو دەنگە لە گۆشەیەکی چاڵاوی زەینمدا بەند کرابوو.
تارماییەک لە پشت شووشەی لێڵی دەرگاکە بە دیار کەوت. چەند چرکەیەک دواتر، دەرگاکە بە هێمنی کرایەوە. کچێکی گەنج بە دەرگای نیوەتاکدا سەری هێنایە ژوورەوە.
"هەلەو! پێم وایە دەبێ لێرە بم. ناوم مارسیایە."
دەسرە ڕەشەکەی لەسەر مێزەکە - کە ئێستا چۆلە - دانا و لە تەنیشت زۆپاکە دانیشت.
بە ئاماژەی سەر مێزەکەی نیشان دا و گوتی: "هیوادارم ئەمە مێزی من نەبێ… چەند ناحەز و بەتاڵە!"
کۆگایەک کۆنە کتێب و دوو-سێ شریتم لەسەر مێزەکە دانا.
"ئێستا، ئیتر ناحەز نییە."
لەگەڵ سەیرکردنیدا، چاوە کەسکەکانیم بینی. بیرەوەرییەکی کۆن لە مێشکمدا بووژایەوە. بە خۆمم گوت: ئەها، ئەوەش یەکێکی تر کە نابێ هەرگیز جێم بێڵێ.
ئەو پاش نیوەڕۆیە، کاتێک دەگەڕامەوە ماڵێ، هەستم کرد بێ تاقەتم. شتێک لە ناخمدا لرفەی دەهات، وەکوو بلێسەکانی ئاگر.
بە دەم ئاوێتەبوون لەگەڵ هەستێکی پێناسەنەکراو، چووم ڕاکشام و خزامە بن لێفەکەمەوە.
یەکسەر خەو بردمیەوە و خەونم بینی. لە خەونەکەمدا شەو بوو. بایەک لە نادیارەوە هەڵیکردبوو و پارچەیەکی بەرەو من دەهێنا. کە پارچەکە نزیکتر بۆوە، لە من وابوو ئەوە چارشێوی ڕەشی خوشکمە. ئەو چارشێوەی ئێوارە سەختەکە لە خۆیەوە پێچا و ڕۆیشت. ئێستا ئیتر ئەگریجە درێژەکەیم دەناسییەوە کە دەشنایەوە. دواجار، خۆیشی بە دیار کەوت.
ماوەیەکی زۆر لە لام نەمایەوە. شەو و تاریکی سەر لە نوێ، بردیانەوە. دەتگوت با دەیەوێ لە منی بە دوور بگرێ.
تا ئەودەم، من هەرگیز خەونم بەوەوە نەبینیبوو. چاوەڕوانی هاتنی بووم، بەڵام ئەو هەر نەهاتبوو.
لە چەند ساڵ لەمەوپێشەوە ئیتر چاوم پێی نەکەوتبوو؟ نۆ ساڵ؟ سەد ساڵ؟ سێسەد و پەنجا و پێنج ساڵ؟
ئەز نازانم. تەنیا دەمزانی زۆر لەمێژ بوو خەونم پێوە نەبینیبوو و ساڵانێکی زۆر بەسەر ئەو کاتەدا تێپەڕیبوون کە بۆ دوایین جار چاوم پێی کەوتبوو.
شوێنی ئیش کردنەکەم لە ژێرزەمین، لە نێو داڵانی عەمباری ئەڕشیڤدا هەڵکەوتبوو. کتێبخانە، مەخزەنێکی گەورەی هەبوو کە چەندین کیلۆمەتر کتێبی تێدا دەپارێزرا، ئەو کتێبانەی هێشتا پۆلێنبەندی و تۆمار نەکرابوون، بە بارستاییەکی لە ژمارنەهاتوو و پێشینەیەکی کۆنەوە.
هەندێکیان ئەوەندە کۆن بوون کە قەدەغە بوو دەستیان لێ بدەی و لە نێو تەپ و تۆزدا ون ببوون.
کەس نازانێ چۆن هاتوونەتە ئێرە. بەشێکیان لە کتێبخانە کۆنەکانەوە دێن کە بە تێپەڕبوونی کات، ساڵانێکی زۆر پێش ئێستا، لەناو براون. ئەوانی دی، سەر بە کتێبخانە تاکەکەسییەکانن. هەموو ئەوانە دەبێ تۆمار بکرێن بەر لەوەی خەڵک دەستی پێیان ڕا بگا.
تەنیا کەسێک کە بەرهەمەکانی عەمبارەکە تۆمار دەکا، منم. هەموو ڕۆژێ، بە ڕەفە کۆنەکاندا دەچمەوە، کۆگایەک کتێب هەڵدەگرم و لەسەر مێزەکەمیان دادەنێم.
بە پەڕۆیەک خاوێنیان دەکەمەوە، بە قەڵەمموویەکی گەورە تۆزی نێو لاپەڕەکان دەتەکێنم؛ پاشان، دەربارەی هەر کتێبێ کورتەیەک دەنووسم و لە نێو کۆمپیۆتەرەکەدا تۆماری دەکەم.
هاوکارەکانم حەز ناکەن لەم ژێرزەمینە ئیش بکەن. بۆیەش هەمیشە لەگەڵ ئەم کەمپیۆتەرە کۆنە خاوەدا بە تەنیا دەمێنمەوە.
جار جارە، هەندێک فێرخواز دێن و یارمەتیم دەدەن. جێگاکەیان بە دڵ نابێ و ئەوانیش حەز ناکەن گۆشەگیر بمێننەوە. سەرنج ڕاکێش نییە یەکەم ئەزموونت لە ژێرزەمینێک، سەرباری ئەوەش لەگەڵ بێگانەیەک بە دەست بێنی.
بەڵام هەمیشەش هەر وا نییە. بۆ نموونە، مارسیا لەگەڵ ئەوانی تردا جیاوازی هەبوو.
دووهەم ڕۆژ، لەگەڵ مارسیا درێژایی داڵانەکەی ژێرزەمینم پێوا کە بەرەو عەمبارەکە دەچوو. دەمویست هەموو شوێنێکی پێ بناسێنم.
دەرگا کۆنە قاوەییەکەم کردەوە بۆ ئەوەی ڕێگەی نیشان بدەم و دوگمەی کارەباکە دابگرم. دوو سێ گڵۆپێک هەڵبوون، بەڵام هێشتا تاریک بوو. ئەو دەبوو ساتێک چاوەڕێ بێ تاکوو چاوی بەو تارماییە ڕابێ.
هاواری کرد: "بڕوانە، ئەو هەموو کتێبە!". ئەو چاوی بە ڕەفەکاندا خشاند و بە دەم خوێندنەوەی سەردێڕەکان دەهات و دەچوو. من چاوم لەسەر هەڵنەدەگرت.
لەودا شتێک خۆی دەنواند کە پەیوەندی بە ڕابردووی منەوە هەبوو. بەڵام چ شتێک؟
پێڵوەکانم لێک نا تاکوو بۆ ساتێک تێ بفکرم، بەڵام سەر لەنوێ دەنگی هەنگاوەکانی و تەقەی پاژنەکانیم لەسەر کاشییەکان بیستەوە. ئەم هەنگاوانەم دەناسییەوە…
ئەو هاواری کرد: "لێرە، هەناسەی ڕابردوو هەڵدەمژم."
لێی نزیک بوومەوە. بە ڕۆژنامەیەکی هەرێمی، خەریک بوو تاڵە جاڵجاڵۆکەکانی نێوان ڕەفەکانی گەسک دەدا.
گوتی: "باوەرپێکردنی ئەستەمە. خەڵک لە چەندین چاخ لەمەوپێشەوە خەریکی ڕۆژنامە دەرکردنن. لە ڕاستیدا، ئەو خەڵکانە ون بوون، لەگەڵ ئەوەشدا هەر درێژە بە بوونیان دەدەن".
ڕۆژنامەیەکی هەڵگرت و بە پارێزەوە لاپەڕەکانی هەڵدایەوە. بەسەر دەقێکدا شۆڕ بۆوە - شیعرێک بوو - و هەوڵی دا بیخوێنێتەوە.
لە سەرووی شیعرەکە، وێنەی نووسەرەکە بەدی دەکرا.
گوتی: "بڕوانە، کە ئەم دەقە دەخوێنمەوە، شاعیرەکەی دێتە لام". خۆی بێ هەست کرد، گوێی ڕاداشت.
"گوێتان لێیەتی؟ خەریکە دێ، لێم نزیک دەبێتەوە."
من نەدەجووەڵامەوە، بەڵام لە بری ئەوەی ببیسم کەسێک نزیک دەبێتەوە، دەمبیست کەسێک ڕا دەکا.
بە پێکەنینەوە گوتی: "سەیرە، وا نییە، بۆتان نادۆزرێتەوە؟"
لە ڕەفەیەکەوە بەرەو ڕەفەیەکی تر ڕۆیشت تا ئەو کاتەی تاپۆکەی ئاوێتەی تاریکی بوو.
خوشکەکەشم هەر بەم شێوەیە لە نێو تاریکیدا ون بوو.
سەبارەت بە من، شتەکە هەمیشە بەمجۆرە ڕوو دەدا.
هەر کە بوونێک لە نێو دڵمدا هەڵدەگرم، ئەو لێم دادەبڕێ. ئاوێتەی شەو دەبێ.
ئەوەی ڕاستی بێ، هەرگیز دەرفەتی ئەوەم بۆ نەڕەخسا خوشکەکەم باش بناسم. نازانم ئاخۆ چاوەکانی ئەویش هەمیشە کەسک بوون یان نا.
کاتێک بچووک بوو، بەدەگمەن دەمبینی. ئەو لە دونیا بچکۆلانەکەی خۆیدا نوقم ببوو. تەنیا خوشکە گچکەی من بوو کە لەو ماڵە دەژیا و دەڕۆیشتە قوتابخانە و هیچی تر.
هەموو جارێ کە دەگەڕامەوە ماڵی خۆمان، هەستم بەوە دەکرد هەندێک گەورە بووە. بەڵام هێشتا نەببووە خاوەنی قژێکی درێژی لوول.
بە درێژایی چەندین ساڵ، بۆ من ئەستەم بوو بگەڕێمەوە ماڵی خۆمان، لە ترسی ئەوەی نەکا بگیرێم، بکوژرێم یان خیانەتم لێ بکرێ، شتێک کە لە وڵاتی من هەموو ڕۆژێ دەقەومی.
بارودۆخ تا بڵێی مەترسیدار بوو، ئەوەندە مەترسیدار کە ناچار بووم گشت هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ ڕابردووم بەرتەسک بکەمەوە.
رۆژێک بە ڕادەیەک تاسەی بینینی کەس و کارم کرد کە چەمەدانەکەم پێچایەوە و شەو، بە دزی، بەرەو زێدی خۆم بەڕێ کەوتم.
هەموو شتێک لە ماڵێ گۆڕدرابوو. لەو مەودایەدا، دایک و باوکم پیر پیر ببوون، ڕەنگی دیوارەکان کاڵ ببۆوە، پەنجەرەکان درزیان تێ کەوتبوو، پلیکانەکان قەڵشیبوون و درەختەکان ڕزیبوون.
گشت سووچ و کەلێنێکی ماڵ، بەشێک لە ڕابردووی منی لە باوەش کردبوو.
لە حەوشە، بەسەر ئەو پەیژانەدا سەرکەوتم کە منیان دەگەیاندە ژوورە کۆنەکەم، ئەو ژوورەی ئێستا هی خوشکمە.
زۆپاکە وەک جاران هەڵکرابوو، کتێبەکانم لەسەر ڕەفەکان کە خۆم بە دیوارمەوە قایم کردبوون، هەروا بە ڕیز دانرابوون و جلەکانیشم وەک ئەودەم لە نێو دۆڵابی خۆیان دابوون.
چەمەدانەکەم لەسەر مێزە کۆنەکەم دانا و بە پەیژەکاندا هاتمەوە خوارێ بۆ ئەوەی بچمە لای ئەندامانی بنەماڵە.
بە بینینی من دڵخۆش بوون، بەڵام لە چاوەکانی ئەوانیشدا ترسێکم دەخوێندەوە. ترسی ئەوەیان هەبوو دەستەیەک لە سەربازانی مەرگ هەڵبکوتنە سەرم و قۆڵبەستم بکەن.
درەنگانی شەو، لە کاتێکدا لە نهۆمی سەرەوە، لە تەنیشت زۆپاکە خەریکی خوێندنەوە بووم، لەسەر پلیکانەکان گوێم لە تپەی پێ بوو.
کەسێک نەرم و نیان سەردەکەوت. دەنگی پاژنەیەکی ژنانەم دەهاتە گوێ.
ئەوە دەنگی هەنگاوەکانی دایکم نەبوو. ژنێکی دیکەش لە ماڵی ئێمە نەدەژیا. ئەم کەسە دەبێ کێ بێ؟
لە پشت شووشەی دەرگاکەوە تاپۆیەک بەدیار کەوت. تاپۆکە لە جێی خۆی ڕاوەستا و دەرگاکە بە هێمنی کرایەوە.
بە دەنگێکی نەرم گوتی: "ئەوە نەخەوتووی؟"
خەریک بوو نەیناسمەوە. مارسی بوو.
"تۆ تەماشا، ئەوە خۆتی، مارسی؟ ئێستا چ پرچێکی درێژت هەیە!"
هاتە ژوورێ.
گوتی: "دەزانی…"
بینیم لە ترسان زەرد هەڵگەڕاوە.
"چ بووە؟
- پێم وایە باشترە ئەمشەو لێرە نەبی.
- بۆچی؟
- پێم وایە باشترە لێرە بڕۆی.
- بڕۆم؟ مەبەستت چییە؟
- گوێ بگرە، ئەوەی ڕاستی بێ ئەمشەو… شتێک دەکەم."
کتوپڕ مووی لەشم ڕەق بوون. لە چەند چرکەیەکدا، هەستم کرد چ دەگوزەرێ. تێگەیشتم دەیەوێ شتێکی مەترسیدار ئەنجام بدا و نیگەرانی منە.
"دەبێ بڕۆم"، ئەوەی گوت و خۆی لە چارشێوێکی ڕەشەوە وەرپێچا.
هەستامە سەر پێ. هەستم کرد دەبێ شتێک بڵێم، لەو مەترسییەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئاگاداری بکەمەوە، بەڵام بێدەنگ بووم.
ئێستا لە نووکی پێ تا تەوقی سەر، لە چارشێوێکی ڕەش پێچرابۆوە. دەتگوت کچە گەنجێکی غەریب لەوێیە و من نایناسم.
تەنیا دوو چاوی کەسک، ئاشنا و تەژی لە ڕۆندک سەیری منیان دەکرد. باوەشم ئاوەڵا کرد. بەرەو لام هات، گۆنای چەپی ماچ کردم و ڕۆیشت.
لە بەردەم دەرگاکە بە پێوە وەستام و بە نیگا شۆپاندم. دەمویست بانگی بکەم بۆ ئەوەی جارێکی دی چاوم پێی بکەوێتەوە، بەڵام ددانم بە جەرگم داگرت. لەوێ مامەوە تا ئەو ساتەی لە نێو جەرگەی تاریکیدا ون بوو، پاشان چاکەتەکەم لەبەر کرد، چەمەدانەکەم دەست دایە و بە بێدەنگی بە قادرمەکاندا هاتمە خوارێ: بەم زووانە شتێک دەقەومێ. شتێک کە من ناتوانم پێشی پێ بگرم. لە کەنگێوە لە نێو جووڵانەوەی خۆڕاگری دایە؟ من چیم لە دەست دێ؟ من دەبێ چ بە ماڵێ بڵێم؟ ئاخۆ دەبێ لە خەویان هەستێنم؟ نا، لێیان دەگەڕێم ئەمشەو بە هێمنی بنوون. بەیانی، لەگەڵ دەرکەوتنی خۆردا، خۆیان بۆیان دەردەکەوێ ئەو شەوە چ شتێکی بۆ هێناون.
لە دەرەوە هەوا سارد بوو. بێدەنگییەکی سیحراوی باڵی بەسەر کۆڵانەکەماندا کێشابوو. لە ڕاستیدا، دەبوو زۆر خێرا ڕابکەم، بەڵام نەمتوانی. بڕیارم دا بە دووی بکەوم. هیچ هۆکارێک لە گۆڕێ نەبوو من خۆم بخەمە مەترسییەوە، بەڵام پێش خۆمم پێ نەدەگیرا.
ئەو دەبوایە لەم دەوروبەرانە لە شوێنێک بێ. من خۆمم لە ئیشەکانی وەرنەدەدا بەڵام ئەگەر تەنگاو بوایە، دەمتوانی یارمەتی بدەم.
بە چەمەدانەکەی دەستمەوە، بە کۆڵانەکاندا وێڵ و سەرگەردان بووم. شار کڕ و کپ بوو. دەتگوت ئارامی پێش تۆفانە.
دەبێ لە کوێ بێ؟ لە ژێر باڵی ئەم شەوە ئەنگوستەچاو و خامۆشەدا، بە نیاز بوو چ بکا؟ تۆڵە بستێنێتەوە؟ خودای من، چالاکی تۆڵە بە تۆڵە! خۆ دەخاتە گێژاوی چ ڕووداوێکەوە؟
دەیەویست بکوژ بە دوو فیشەک بکوژێ؟ تۆڵەی ئەو دوو فیشەکە بستێنێتەوە کە سەری براکەمانی پژاند؟
مات و بێدەنگ گوێم بۆ شەو ڕاداشت. لەناکاو دەنگی تەقە بەرز بۆوە. لە شوێنێک ویزەی گولـلەیەک لە حەوا بیسترا. هەناسەکانم قەتیس کرد. هەمدیس دەنگی تەقە بیسترایەوە.
بە ئاڕاستەی ئەو کۆڵانەدا ڕامکرد کە گەورەترین مزگەوتی شاری لێ هەڵکەوتبوو. ئەستەم بوو بزانی دەنگی تەقەکان لە کوێوە دێن. هەروەها نەمدەزانی ڕوو لە کوێ کەم.
لە چوارڕایەک، بە پشووسواری ڕاوەستام. لە پڕا، گوێم لێ بوو کەسێک بە نێو کۆڵانی مزگەوتدا ڕا دەکا. لە ژێر ڕووناکایی شۆقی بەردەم مزگەوتەکە ژنێکم لە چارشێوی ڕەشدا بینی. بەرەو بازار هەڵات و لە نێو تاریکیدا ون بوو.
ئاخۆ مارسی بوو؟ نەخێر، ئەو نەبوو… جگە لەوەش…
تەقە تەقی پاژنەکانی لە نێو کۆڵانە چۆلەکەدا دەنگیان دەدایەوە.
پەح، دەبێ بە چ بیرۆکەیەک ئەم پێڵاوە نەگبەتانە لە پێ کرابن؟
هەوڵم دا بیگەمێ. هێشتا نەگەیشتبوومە مزگەوتەکە، لە نێو دڵی شەودا گوێم لە دەنگی هاوارێک بوو.
دەستەیەک پیاوی ڕیشن و تفەنگ بەدەست بە دیار کەوتن. لە نێو کۆڵانێکی بەرتەسکدا خۆم حەشار دا و ئیتر هیچم نەبینی، بەڵام گوێم لە دەنگی پۆستاڵی پیاوەکان دەبوو بە ئاراستەی بازاڕدا دەڕۆیشتنە پێش.
خوشکم ئەو شەوە ڕۆیشت و، ئیتر هەرگیز نەمبینیەوە.
رەنگە ئەو وەک سەرجەم ئەوانی تر ڕۆیشتبێ، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا لە لام مایەوە. لە نێو بیرەوەرییەکانمدا، ئێستاش کە ئێستایە لە نێو کۆڵانێکی ئەنگوستەچاودا ڕادەکا.
ئەم مانگانەی دوایی، هەمدیس بیری ئەو کەوتوومەتەوە، بەڵام ئەو تەنانەت لە نێو خەونەکانیشمدا خۆیم نیشان نادا.
بێگومان لە نێو یادەوەرییەکانمدا ئەوەندە ڕای کردوە کە ئیتر نابینرێ.
ئەمە لە فیلمێک دەچێ کە هەتە بەڵام ناتوانی وە پێشی بخەی.
کاتێک مارسیا هات، مارسیش هاتەوە، بەڵام ماوەیەکی زۆر نەمایەوە. با یەکسەر لە منی دوور خستەوە.
مارسیا، هەموو ڕۆژێ کەمێک پێش من دەهات.
دەڕۆیشتە عەمبار و لەگەڵ خۆیدا باوەشێک کتێبی دێنا، لەسەر مێزەکەی دادەنا و چاوەڕوانی هاتنی من دەمایەوە.
رۆژێک کە خەریک بووین زانیارییەکانمان لە نێو کۆمپیۆتەردا تۆمار دەکرد، لەپڕ دەنگی نزم کردەوە و بە گوێچکەیدا چرپاندم:
"گوێ بگرە! لە سەرەوە گوێم لە دەنگی پێی کەسێکە. ئێوە ئەو دەنگە نابیستن؟"
من گوتم: "دەنگی پێی خەڵکە لە هۆڵی خوێندنەوە دێ."
بێ ئەوەی بجووڵێتەوە، گوێ قوڵاغ بوو.
"سەرنج ڕاکێشە! بەر لەوەی بێمە ئێرە ئیش بکەم، بیرۆکەیەکی تەواو جیاوازم سەبارەت بە کتێبخانەیەک هەبوو. پێم وابوو تەنیا لە چەند هۆڵی خوێندنەوە پێک هاتووە و هیچی تر، بەڵام ئێستا… بە ڕاستی سەرنج ڕاکێشە! ئێمە لێرە وەک پشت پەردە واین. خەڵک بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بوونی ئێمە نییە. ئێمە گوێمان لەوان دەبێ، بەڵام ئەوان دەنگی ئێمە نابیسن. گوێ بگرن! گوێ بگرن! لە سەرەوە کەسێک بە هەڵاتن دوور کەوتەوە. گوێتان لەم هەنگاوە خێرایانە بوو؟ دەنگی پێی ژنێک بوو. ئاخۆ ئێوەش گوێتان لێ بوو؟"
بە خۆمم گوت، بەڵێ، دەنگی ئەو هەنگاوانەم زۆر باش بۆ دەرکەوت، بەڵام پێویست ناکا گوێی بۆ شل بکەم. هەر چی بێ، بەردەوام گوێم لە دەنگی پێی ژنێکە کە ڕادەکا.
لە کاتێکدا نوقمی بیرکردنەوەکانی ببوو، لە نێو جانتاکەی پاکەتە جگەرەیەکی دەرهێنا، قلێکی بە لێو گرت و بە دەنکە شەمچەیەک دایگیرساند. ئەو هێشتا بە جگەرەکێشان ڕانەهاتبوو. بۆ ساتێک، دووکەڵ ڕووخساری ئەوی لە پێش چاوم ون کرد. بە خۆمم گوت: ئێستا ئەو ئیتر لێرە نییە، ئەمیش ون بوو.
دواجار مارسیا ڕۆیشت، بێ سەروشوێن بوو.
ڕۆژێک هاتە لام و پێی گوتم: "دەڕۆم… دەبێ بڕۆم."
دەمویست لێی بپرسم دەچێتە کوێ، بەڵام خۆ هیچم لە دەست نەدەهات. هەر دەمزانی ڕۆژێک دەبێ بڕوا، لەگەڵ ئەوەشدا هەواڵی ڕۆیشتنی تووشی حەپەسانی کردم.
مەنگ و تاساو، ڕاوەستام و سەیرم کرد. لێم نزیک بۆوە، ڕوومەتی ماچ کردم و ڕۆیشت.
دەمویست بە ڕێی بکەم، سەیری بکەم چۆن دوور دەکەوێتەوە، بەڵام هیچم لە دەست نەهات.
چاوەڕێ بووم دەنگی تەقە تەقی پاژنەکانی نەمێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش بەس ڕۆیشتمە داڵانەکەوە.
داڵان چۆل بوو و بۆنی مسکی زوڵفی ئەو ناوەی ئاخنیبوو.
من بڕوام بە چارەنووس نییە، بەڵام کەسێکم هەر کە ژنێکم خۆش دەوێ، وازم لێ دێنێ. لێم دادەبڕێ و جارێکی تر هەرگیز ناگەڕێتەوە لام.
پێم وایە بە تەنیا من دووچاری وەها قەدەرێک نەبووم و تەنیا من ڕابردوویەکی ئاوام بەسەر نەهاتووە.
بە ڕای من، مارسیاش ئەمەی دەزانی.
ڕۆژێک گوتی: "لە عەمبارەوە شتێکم بۆ هێناون.
- بۆ من؟"
پێداگرانە وەڵامی دایەوە: "بەڵێ، بۆ ئێوە."
کتێبێکی کۆنی لەسەر مێزەکەم دانا.
کتێبەکەم دەست دایە. تۆزاوی بوو. بە پەڕۆیەک تۆزەکەم لا دا. بە تێپەڕبوونی کات، لاپەڕەکان دڕابوون و ڕزیبوون. بە دوای ڕێکەوتێکدا دەگەڕام، بەڵام هیچم بۆ نەدۆزرایەوە. مشک، ڕێکەوتەکانیان جوتبوو.
دەقەکە بە دەست نووسرابوو و تەمرێکی کۆنی لەسەر ڕووبەرگەکە درابوو کە نیشانی دەدا کتێبەکە لە کتێبخانەیەکی تاکەکەسییەوە هاتووە.
لێرە، لەم کتێبخانەیە، فێری هۆڵەندی کۆن ببووم، بەڵام ئەم کتێبە سەر بە زەمەنێکی دوورتر و ئاڵۆزتر بوو.
"ئەم کتێبە چییە؟
- ڕۆژانەیەکی تایبەتە، پێم وابێ.
- هی کێیە؟ کێ نووسیویەتی؟
- شاعیرێکی پورتوگالی."
لاپەڕەکانیم هەڵدایەوە.
"شاعیرێکی پورتوگالی؟ بە هۆڵەندی؟"
لاپەڕەکانی کتێبەکە لەو کاغەزانە پێکهاتبوو کە بە دەست ساز کرابوون. وێنەیەکی پەیوەندیدار بە نێوەڕۆکەوە، دەسپێکی هەموو بەسەرهاتەکانی ڕازاندبۆوە. لە وێنەیەکدا پیاوێک بەدی دەکرا کە لە نێو کۆڵانێکی تەنگەبەر خۆی حەشار دابوو و لە شتێکی دەڕوانی و لە وێنەیەکی تردا، کۆمەڵێک بە دووی کەسێک یاخود شتێکەوە بوون. لە شوێنێکی تر، کچێکی گەنج خۆی قوتار دەکرد.
کتوپڕ، لە ژوور لاپەڕەکەی تر، دیمەنێکی تا بڵێی بەرچاوتری ئەم کچە گەنجەم بینی کە بە جەوهەری ڕەش و کەسک کێشرابۆوە. چینێک لە زوڵفی ڕەشی لە ژێر لەچکەکەی سەری هاتبووە دەرێ.
دڵم وە ترپە ترپ کەوت. کتێبەکەم وێک نایەوە.
"ئەم کتێبەتان لە کوێ دۆزیوەتەوە؟
- لە سووچێکی تاریکی ئەم دۆڵابە کۆنەدا.
- دەبێ ئەم شاعیرە پورتوگالییە لێرە بە دووی چیدا وێڵ بووبێ؟
- لە چنگ ئەنکیزیسیۆن ڕای کردووە."
لەمە زیاتر هیچی نەگوت.
بیانووم زۆر بوو بۆ ئەوەی جارێکی تر لاپەڕەکانی کتێبەکە هەڵبدەمەوە، بەڵام خۆم لێ بوارد، زاتم نەبوو. ترسی ئەوەم هەبوو لە لاپەڕەیەکدا چاوم بە وێنەی شاعیرەکە بکەوێ.
مارسیا ڕۆیشت و ئێستا کتێبەکە لە چەکمەجەی مێزەکەی من دایە. ئیتر لێکم نەکردەوە. دەگوترێ مێژوو، خۆی دووپاتە دەکاتەوە. من بڕوام بەمە نییە، لانیکەم پێم وایە سەبارەت بە خۆم، ڕاست نییە کە مێژوو خۆی دووبارە کردبێتەوە.
دواجار، لەوە زیاتر ناتوانم بەسەر خۆمدا زاڵ بم. لەبەر ئەوەی بڕوام بە چارەنووس نییە، هۆکارێک بەدی ناکەم بۆ ئەوەی بترسێم.
چەکمەجەی مێزەکەم دەکەمەوە و کتێبەکە دێنمە دەرێ، گڵۆپی سەر مێزەکە هەڵدەکەم و لاپەڕەکان هەڵدەدەمەوە. دەزانم وێنەی شاعیر دەبێ لەسەر یەکێک لە لاپەڕەکان بێ. دەستەکانم دەلەرزن، بەڵام بەردەوام دەبم لەسەر هەڵدانەوەی لاپەڕەکان.
لە سەرووی لاپەڕەی ٤٩، چاوم بە وێنەی شاعیر دەکەوێ، لەسەر مێزێک دانیشتووە، تەمەنی سی و هەشت ساڵ دەبێ، زەمەنی خۆڵەمێشی بوون.
کتێبێکی کۆن لە بەردەمی لێک کراوەتەوە، بە تێڕوانینی ڕا دەردەکەوێ کە بە دوای شتێکدا دەگەڕێ.
ئەم چیرۆکە لە ژمارە (٢١٣)ی گۆڤاری "ڕامان"دا بڵاو بۆتەوە.
۱۳۹۵/۱۲/۱۸
۱۳۹۵/۱۱/۲۲
۱۳۹۵/۱۰/۲۶
پێ بکەنە
کەماڵ بورکای
لە تورکییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
دە پێ بکەنە، بڵا هەورەکان بڕەون
کارکەرەکان باش کار بکەن، پێ بکەنە
دەنا من چۆن بڕوێمەوە
بەشکم فیلمێک بێتە نێو شار
لە نووسینەکاندا ببێتە لێڕەوار
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.
قامیشم هەبوون من، خودان چۆم بووم
زیخ و چەوم هەبوو
بەڵام تۆ شتێکی تری، لێم تێ دەگەی
وای دابنێ برسیم، لە دایکم تۆراوم
شار هەمووی لێم تۆراوە
پشیلەیەک چییە نیمە، لێم تێدەگەی
سەقا دەگۆڕدرێ، دەبێتە دەریای سپی، پێ بکەنە.
ژنەگۆرانیبێژی تورک سەزەن ئاکسوو ئەم شیعرەی کردۆتە گۆرانی. لێرەوە گوێ لە گۆرانییەکە بگرە.
شیعرەکە بە دەنگی شاعیر
۱۳۹۵/۱۰/۱۶
نا بۆ مردن…
ئاگۆتا کریستۆف
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
نا بۆ مردن
جارێ نا
زوویە چەقۆ
زوویە ژار، زوویە زوو
خۆمم خۆش دەوێ هێشتاش
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە جگەرە دەکێشن
کە دەنووسن
کە جگەرە دەگرن
قەڵەم دەگرن
پەرداخ دەگرن.
دەستەکانمم خۆش دەوێ کە دەلەرزن
کە هێشتاش خەریکی خاوێن کردنەوەن
کە دەبزوێن
نینۆکەکان ئێستاش دەڕوێن
دەستەکانم
چاویلکەکەم لە جێی خۆی دادەنێنەوە
تا بنووسم.
- ئەم شیعرە لە ژمارە (٢٤١)ی گۆڤاری ڕامان-دا بڵاو بۆتەوە.
۱۳۹۵/۰۹/۲۸
۱۳۹۵/۰۸/۲۱
ئەو جاشکە بۆرەی دەیویست سپی بێ
فیلیپ کلۆودێل
لە فەرەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
لە نێو لەوەڕگەیەک، جاشولکەیەک بە چواردەوری دایکیدا غاری دەدا، دایکی ماکەرێکی جوان و ژیر بوو:
"دایە، دایە، ئەوەندەم پێ خۆشە سپی بم!
- قسەی قۆڕ مەکە، ئاوا بە بۆری زۆر ژیکەڵەی.
- بەڵام من حەز دەکەم جاشولکەیەکی سپی بم دایکە!
- کەری سپیمان نییە، ئێمەمانان بۆرین و چ عەیبمان نییە!
- وا نییە، من نامەوێ بۆر بم، حەز دەکەم سپی بم!
- ڕقم هەڵدەستێنی ها، بۆ خۆشت نازانی دەڵێی چی! ئەوە شێت بووی؟ بڕۆ لە کۆڵم بەوە!"
جاشکەکە، زویر و جاڕز، لە دایکی کە دەمی لە لەوەڕێکی تەڕ و تازە نابوو، دوور کەوتەوە. وەرزی بەهار بوو. بەهارێکی دڵبزوێن. بەهارێک وەک هی کتێبە وێنەدارەکان، خۆ دەزانن باسی چی دەکەم، لەگەڵ کۆڵێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ کە عەتری بێ هاوتایان بە دەوروبەردا دەپڕژاند. خۆرەتاو، دوور دوور لە نێو ئاسماندا دەتگوت پێدەکەنێ. وەرزێڕەکان بەسەر ڕێگەکاندا هاتوچۆیان دەکرد و لە سەر تراختۆرە گەورەکان دانیشتبوون. تووشیان بە تووشی یەکتر دەبوو، ڕووخۆشانە سڵاویان لە یەکتری دەکرد و گۆنای یەکتریان ڕادەمووسی. پەلەوەرەکان هێلانەیان چێ دەکرد. ڕێوییەکان لە نێو بێشەڵاندا سەرخەویان دەشکاند. مار لێک دەهاڵان و کەروێشک سرتە سرتیان بوو. بە کورتی، ژیان هەبوو، ژیانێکی ڕاستەقینە!
بەڵام جاشکە کەرەکەی ئێمە بڕێک نەگبەت بوو. دەیویست بە هەر نرخێک بووە ببێت بە جاشکێکی چەرمگ. بە دڵزیزی لەوەڕگەی جێ هێشت و بە غاردان ملی ڕێگەی گرت. زۆری پێ نەچوو دووراودوور ئاشێکی بینی، ئاشێک کە باڵەکانی هەوا و بای تێک وەردەدا. ئاشەوان کە شەوێکی سەختی تێپەڕاندبوو، لەبەر دەرکەی ئاشەکە بە خەواڵوویی چاوەڕێ بوو. لە پەنا ئاشەوانیش، سێ تا ئاردی گەورەی ئاخنراو بەدی دەکران. جاشکەکەرەکە بیرۆکەیەکی بە مێشک گەیی. بە ئەسپایی، زۆر بە ئەسپایی ڕۆیشتە پێش، بێ ئەوەی بهێڵی دەنگی سمەکانی لە سەر عەرز، لە نێو ئاش و لای ئاشەوان ببیسترێ. پاشان، کە زۆر نزیک بۆوە، بە کەلـلەی سەری تا ئاردەکەی بەردایەوە. تا ئاردەکە ڕمبەی هات، سەرەکەی کرایەوە و ئارد بەو ناوەدا پەرژ و بڵاو بۆوە. جاشکەکە چەند جارێک خۆی تێ گەوزاند و کە هەستایە سەر پێ، بینی سپی بووە. لە خۆشیان یەک بە خۆی زەڕاندی و ئاشەوانەکەی وە خەبەر هێنا، ئاشەوان بە بینینی ئاردە ڕژاوەکە هەستا و ڕە پێی جاشکەکەی نا کە وەک شێتان پێدەکەنی. ئاشەوان گوڕاندی: "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" بەڵام وەک دەزانن ئاشەوانێک ناتوانێ بگاتەوە سەر کەرێک، با ئەو کەرە بچووکیش بێ، نەخاسمە کە مرۆڤ زووتر هەناسەسوار دەبێ. جاشکەکە لە ئاسۆی ڕوانینا ون بوو.
بەڵام قەت دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخسا چێژ لە ڕەنگە نوێیەکەی تووکی لەشی ببینێ، چونکە بارانێکی توند و بەخوڕ لە پەڵەهەورێکی ڕەش کە ماوەی چەند خولەکێک بوو وەک شەپقەیەکی گەورە بەری ئاسمانی گرتبوو، دایکرد. تووکە کوڵکنەکەی لە چاوترووکانێکا وەک پێشووی لێهاتەوە، بۆوە بە بۆرێکی نەرم و نیان.
جاشکەکە بە خۆی گوت، ئەخر ئەوەش بوو بە قسە، من بۆ ماوەیەکی زۆر سپی نەبووم! بەڵام چەندەش قۆز بووم! ئارد دەردی من چارە ناکا!
کەمێک دوورتر، لەبەردەم دەروازەی گوند، دەروازەی گوندێکی ڕاستەقینە، گوندێک بە ماڵی جوان، باغچەی ڕازاوە، دەر و دراوسێی خۆشەویست، نانەوایەکی خڕ و خەپەڵە، قەسابێکی سمێل زل، پۆستەچییەکی پاسکیل دار، کۆڵانی پاک و خاوێن و ئۆتۆمبێلی بێ دووکەڵەوە، یانی گوندێکی بە تەواو مانا کە لە نێو کتێبەکاندا نەبێ ئیتر بەدی ناکرێن، لە دەروازەی ئەم گوندە ڕاستەقینەیە بۆیەچییەکی خانووبەرە، چووبووە سەر پەیژەیەک و نمایەکی پان و پۆڕی بە ڕەنگی سپی ڕەنگڕێژ دەکرد. سەتڵە ڕەنگەکەی بە دەرنجەیەکی پەیژەکەوە هەڵواسیبوو، بەدەم چڕینی گۆرانییەکی کۆن بە فیتوو، فڵچەکەی دەخستە نێو سەتڵەکەوەوە، پێموابێ ئاوازی گۆرانییەکەی گوڵەباغە سپییەکان بوو. ئێ، گۆرانییەکەتان نەبیستووە؟ بەداخەوە، گۆرانییەکی هەندێک دڵتەزێنە بەڵام بە ڕاستی خۆشە، دەبێ گوێی لێ بگرن، دڵنیاتان دەکەمەوە پەژیوان نابنەوە.
کە جاشکۆڵەکەمان ئەو ڕەنگەی بینی، بە خۆی گوت گومانی تێدا نییە ئەو شتەی بینیوەتەوە کە پێویستی پێیەتی. بەرەو پەیژەکە غاری دا و لووشکەیەکی توندی لێ دا. بۆیەچی فەقیر تەنیا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا خۆی بە گوێسوانەوە بگرێتەوە، پەیژەکە کەوت، سەتڵە ڕەنگەکە بەسەر عەرزیدا پەرش و بڵاو بۆوە، جاشکەکە خۆی تێ گەوزاند و لە چاوتروکانێکدا وەک بەفر سپی هەڵگەڕا. بۆیەچی فەقیر بە حەواوە لینگەفڕکێی دەکرد و بەسەر کەرەکەماندا دەینەڕاند "پانێر، تاڵانچی، دز، ڕیسوا، کەری ڕووڕەش!" دیارە کەرەش دوور کەوتبۆوە.
جارجارە خەون وەڕاست دەگەڕێن، بەتایبەت لە نێو چیرۆکەکان و نێو ژیانی ڕۆژانەدا. جاشکەبۆرەکە ئیتر ببووە جاشکێکی چەرمگ و کتوپڕ ژیان، ژیانی ڕاستەقینە ها، لەبەر چاوی جوانتر دەینواند، خۆر زەردتر و لەگەوەڕگە سەوزتر و ئاسمان شین تر بوون. لەناکاو زۆر حەزی کرد ئەم ڕواڵەتە نوێیەی نیشانی دوو باشترین هاوڕێی واتە گوێلک و کاریلە بدا.
لە قەراغ چۆم گوێلکەی دۆزییەوە کە خەریکی ژماردنی گوڵە چاوێشەکان بوو. گوێلک، هێندە بە کارەکەی خۆیەوە سەرقاڵ بوو، هاتنی جاشکەکەی نەبینی.
جاشکەکە زەڕاندی: "گوێلکە، گوێلکە. سەیرم کە، سەیرم کە!"
گوێلکەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا ناحەزی، حەح ئاوا ناشیرنی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێ خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
گوێلکەکە بە دەست لە زگی خۆی دەدا و بە پێکەنین کەوتبووە سەر پشت. جاشکە بە تووڕەیی غاری دا و دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەوی جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، ڕەش و سپییە! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. بەڵام کاریلە لێم تێدەگا و پەسنم دەدا.
نەختێک دوورتر ئەویشی دۆزییەوە کە نوقمی خەیاڵ پڵاو ببوو و چاوی بەردابووە سێوەرەکانی داوێنێک.
جاشکەکە زەڕاندی: "کاریلەکە، کاریلەکە! سەیرم کە، سەیرم کە!"
کاریلەکە بە هێمنی سەری وەرسووڕاند، هاوڕێکەی بینی، زاری تەواو لێک هەڵپچڕی، چاوەکانی زەق بوون، زمانی شۆڕ بۆوە، پاشان لە قاقای پێکەنینی دا، پێکەنینێک کە بڕانەوەی بۆ نەبوو و تا دەهات پتر و پتر دەبوو.
"هە هە هە، هۆ هۆ هۆ، کوڕە خۆ نەمناسییەوە! بە خوا سەیری، حەح ئاوا سەیر و سەمەرەی، خۆ جەژن و شتیش نییە بڵێی خۆت گۆڕیوە! هە هە هە، هۆ هۆ هۆ!"
کاریلەکە بە دەم فڕکە فڕک و هەڵبەز دابەزەوە قاقا پێدەکەنی. بوغزێکی قورس ئەوکی جاشکەکەی گووشی و کتوپڕ دڵی گیرا. هەوڵی دا بەسەر ڕق و تووڕەبوونیدا زاڵ بێ. بە غاردان لەوێ دوور کەوتەوە.
لە دڵی خۆیدا گوتی "ئێرەییم پێ دەبا، بەخیلێکی پیسە و پێی خۆش نییە من لەو جوانتر بم، خۆیشی نە بۆرە و نە سپی، مەیلەو قاوەییە و هیچی تر! هاوڕێیەکی ڕاستەقینە نییە. با بچم دایکم بدۆزمەوە. هیچ نەبێ ئەو دەمناسێ و لێم تێ دەگا! تەنیا ئەوە دەتوانێ چاوی پێم هەڵبێ و پێم بێژێ تا چ ڕادە بەدەو بووم!"
ئەوسا جاشکەکە گەڕایەوە بۆ لای دایکی کە هێشتا لەوەڕگەکەی جێ نەهێشتبوو. ماکەرە قۆزەکە بە کاوەخۆ لە بێدەنگییەکی قووڵدا یۆنجەی کاوێژ دەکرد.
"دایکە! دایکە! هاتمەوە! هاتمەوە!"
ماکەرەکە نیگایەکی ساردی لە مناڵەکەی بڕی.
"ئێوە کێن؟ من ناتانناسمەوە؛ چۆن ئیزنتان بە خۆتان داوە بێنە لەوەڕگەکەمەوە بێ ئەوەی لە دەرگەی پەرژینەکە بدەن؟"
جاشکە بۆرە سپی بووەکە بە پێکەنینەوە گوتی: "دایکە، ئەزم!
- ئەز؟ کەس ناناسم ناوی ئەز بێ. بە هەڵەدا چوون. ئەم ڕووخسارەم پێشتر نەبینیوە. لە کۆڵم بنەوە!
- من کوڕی تۆم، جاشکەکەت، جاشکۆڵە ئازیزەکەت!
- پێم ڕادەبوێرن! سەیرێکی خۆتان بکەن! شێوەی هیچ نادەن، هیچ، سەرەڕای ئەوەش خۆتان بە کوڕی من دەناسێنن! شێت نەبوون!
فرمێسک لە چاوەکانی جاشکەکە شۆڕ بوونەوە: "دایکە، دایکە، من جاشکە خۆشەویستەکەی تۆم، جاشکۆڵەکەت…
- دەبێ شەرم داتانبگرێ! خۆتان لە جێی کوڕی من دادەنێن، جاشکە جوان و بۆر و نەرم و نیانەکەم، لە کاتێکدا کەس نازانێ لە چی و لە کێ دەچن! خێرا لە پێش چاوم ون بن دەنا پۆلیستان بۆ بانگ دەکەم!"
جاشکەکە بەوپەڕی پەشیمانی و چاوی پڕ لە ڕۆندکەوە لەوێ ڕۆیشت. خۆر ئاوا ببوو. ئاسمان ڕەش ڕەش هەڵگەڕابوو. مەلەکان چیتر نەیاندەجریواند. وەرزێڕەکان بە پرتە و بۆڵەوە تێدەپەڕین. گولیلک ژاکابوون. بەهار غەمبار و کەساس بوو و ڕۆژ وەک کاغەزێکی لۆچکراو پێچرابۆوە.
جاشکەکە کە خەمێکی قورس لەسەر دڵی بار ببوو، داخ و پەژارە دایگرت و لەبەر خۆیەوە دووپاتی دەکردەوە: "هاوڕێکانم گاڵتەم پێ دەکەن و، دایکم نامناسێتەوە. چەند گەمژەم کە ویستم سپی بم! چەند گەوجم، چەند گەوجم."
کوڵی گریان و فرمێسکە قەتیسماوەکانی نێو چاوی بەرەو چۆمێکیان پەلکێش کرد کە ئاوە ڕوونەکەی بەسەر بەردە خڕەکان لە خوڕین دابوو. دەستێکی خستە نێو ئاوەکەوە، پاشان دەستەکەی تری، ئینجا قاچێک و دواجار قاچەکەی تری. بەدەم بیرکردنەوە لە دایکی چووە ناو قووڵایی چۆمەکەوە. ماوەیەکی زۆر لە نێو ئاودا مایەوە، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان، هەنیسکی دەدا، دەچووە نێو فکر و خەیاڵانەوە و تا بڵێی پەشیمان بوو، پاش قەدەرێکی درێژ، دواجار ئاوەکە بە فریای گەیشت و ڕەنگی تووکەکەی وەک پێشووی لێهاتەوە.
جاشکەکە کە بینی دیسان بۆر بۆر بۆتەوە، هیوایەکی زۆری هاتەوە بەر. بازی دایە دەرەوەی ئاوەکە، زەڕاندی و چوارناڵ بەرەو ئەو لەوەڕگەیەی دایکی لێی دەلەوەڕا، غاری دا.
بە پێکەنینەوە هاواری کرد: "دایە، دایە، دایە!"
ماکەرە جوانەکە ئاوڕی دایەوە، جاشکۆڵەکەی خۆی بینی و بزەیەکی هاتێ.
"ئەوەش کوڕی خۆم، ئەوەش کوڕە جوانەکەی خۆم، خەریک بوو نیگەرانت بم. وەی کە قۆزی! تەماشا ئەو تووکەی چۆن دەبریقێتەوە!"
جاشکەکە بەدەم خۆنووساندن بە دەست و پلی دایکییەوە، پێی گوت: "بەڕاستی وایە، چەند خۆشە کە بە جاشکێتی بۆر بی، من گوێم بە قسەکانی تۆ نەدەدا، هەڵە بووم، دان بە خەتاکەمدا دەنێم! بمبوورە دایە گیان!
- خۆشم دەوێی جاشکۆڵەکەم. بەم زووانە دەبی بە پیاو، بە دونیادا دەگەڕێی، وڵاتان دەبینی، فێری ژیان دەبی… ژیان، ژیان، ژیان ئەو شتە نییە لە نێو کتێبەکاندا نووسراوە، ژیان دەکرێ خۆش و دڵڕفێن بێ، بەڵام ژیان ئەگەر جارجارە پەمەیی نییە، ڕەنگ گۆڕین نایکاتە باشترین شت.
خۆت وەک خۆت خۆش بوێ
ئەوانی ترت وەک خۆیان خۆش بوێ.
ئەوەی ڕاستی بێ کوڕە ژیکەڵانەکەم، ئەمە دەکرێ وانەکە بێ."
اشتراک در:
پستها (Atom)

















